زەوییەکەیان بە ئێمە دا
پاش بە ڕێکردنێکی چەندین کاتژمێر بە پێیان، بەبێ ئەوەی بەر سێبەری درەختێک بکەوین، نەکەوتن بەسەر تۆو و بەری دارێک یان بینینی ڕەگ و ڕیشەی هیچ جۆرە شتێکیش، دەنگی وەڕینی سەگ دێنە بەرگوێ.
هەندێک جار ئەشێت، لە ناوەڕاستی ئەم ڕێگە بێکۆتاییەدا، وابێت بە بیرتدا کە لەوێ بەدواوە هیچ شتێکی تر نییە. لەبەری ئەوبەرەوە، لە پاش کۆتاییهاتنی ئەم دەشتە خاک شەقبردووە بە قڵیشی پاش وشکەوەبوونی جۆگەلەکان، هیچ شتێک نادۆزیتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە، شتێک لەم ناوەدا هەیە. لەوێ گوندێک هەیە. وەڕینی سەگەکان دێنە بەرگوێ و بۆنی دووکەڵ لە هەوادا و چێژبینین لەو بۆنوبەرامەی خەڵکی هەروەکو ئەوەی بڵێیت هیوایەک بێت.
بەڵام گوندەکە هێشتا هەر دووردەستە. بەتەنیا (با)یە کە لێمانی نزیک دەکاتەوە.
لە خۆرکەوتنەوە ئێمە بەڕێگەوەین. ئێستاکە کات وا نزیکەی چواری پاش نیوەڕۆیە. یەکێک ڕوو دەکاتە ئاسمان، چاو دەبڕێتە ئەو شوێنەی خۆری پێوەیە، و دەڵێ:
“نزیکی چواری پاشنیوەڕۆیە.”
ئەو کەسە مێلیتۆن-ە. لەگەڵ ئەودا فاوستینۆ و ئێستێبان ڕێ دەکەن و منیش. ئێمە چوار کەسین. ئەیانژمێرم: دووان لە پێشەوە، دووانەکەی تر لە دواوەن. ڕوو وەردەگێرمە دواوەوە و هیچ کەسی تر نابینم. ئەوسا بە خۆم ئەڵێم: “ئێمە چوار کەسین.” دەمێک لەمەوبەر، دەوروبەری سەعات یازدە، زیاتر لە بیست کەس بووین. بەڵام کەم کەم پەرتەوازە بووین، تاوەکو لە کۆتاییدا تەنیا ئەم دەستە بچووکەی ئێمەی لێ مایەوە..
فاوستینۆ دەڵێ:
“ڕەنگە باران ببارێت.”
هەموان ڕوو دەکەینە ئاسمان و هەورێکی ڕەشی قورس دەبینین کە بەسەر سەرماندا تێدەپەڕێت. و پێمان وایە: “ڕەنگە باران ببارێت…”
ئەوەی بیری لێ دەکەینەوە، نایدرکێنین. دەمێکە مەیلی قسەکردنمان لەدەست داوە. بەهۆی گەرماکەوە ئەو ئارەزووەمان نەما. وەکیتر خۆشحاڵ دەبووین کە لەبری ئێرە لە جێیەکی تر قسە بکەین، بەڵام لێرەدا سەختە. لێرە قسە دەکەیت و وشەکان بەهۆی گەرمای دەرەوە لەسەر زارت گەرم دادێن، لەسەر زمانت وشک دەبنەوە و تاوکو لە کۆتاییدا بێ هەناسە دەبیت.
شتەکان لێرەدا بەم جۆرەن. هەربۆیە کەس نایەوێت قسە بکات.
دڵۆپەبارانێک، گەورە و قورس بەر دەبێتەوە، چاڵێکی بچووک دەکاتە زەوییەکەوە و دەبێتە تۆپەڵێک لیتە، هەروەکو ئەوەی هۆقەیەک تف بێت. بەتەنیا تاقەدڵۆپێکە. لە چاوەڕوانیداین، دڵۆپەبارانی تری بەدوادا بێت، چاو ئەگێڕین بۆیان. بەڵام چیتر هیچ نایەت. چیتر باران نابارێت. ئەگەر چاوێک بە ئاسماندا بخشێنیت، هەورێکی باراناوی دەبینرێت کە لە دوورەوە بەخێراییەکی زۆر بەڕێوەیە. با کە لە گوندەکەوە دێت، لەپشتیەوە خۆی لێ گیر دەکات و بە ئاڕاستەی سێبەری شینی چیاکاندا دەیبات. ئەو دڵۆپانەی، کە بە هەڵە باریون، لەلایەن زەوییەکەوە قووت دەدرێن، تینووێتییەکەی هەڵیاندەمژێت.
کام نەفرەتیە ئەم دەشتە کاکیبەکاکییەی خوڵقاندووە؟
ئاخر بەکەڵکی چی دێت؟
دووبارە دەستمان کردەوە بەڕێکردن. پێشتر لە وچانێکدا بووین، تاوەکو باران بارینەکە ببینین. بەڵام باران نەباری. ئێستا دووبارە دەست دەکەینەوە بە ڕۆیشتن. و وا هەست دەکەم کە ئێمە زۆر زیاتر لەو زەوییەی کە بڕیومانە بە پێیان ڕۆیشتووین. وا هەستەکەم، گەر باران بباریایە، ڕەنگە شتی تریشم بەبیردا بهاتایە. بەڵام ئەوەی لەم دەشتەدا باران باری بێت، ئەوەی پێی دەوترێت باران، ئەوەم هەرگیز بەهیچ جۆرێک نەبینیوە. نا، ئەم دەشتە کەڵکی هیچی نییە. نە کەروێشکی لێیە نە باڵندە. هیچ شتێکی لێ نییە.
بێجگە لە چەند دەوەنێکی دڕکاوی و یەک دوو پەڵەگیای لیمۆ لێرەولەوێ کە گەڵاکانیان لوولی خواردووە. بەدەر لەمانە هیچ شتێکی تر بوونی نییە. لێرەدا ئێمە هەر چوارمان، بە پێیان ڕێ دەکەین. پێشتر ئێمە بەسەر ئەسپەوە بووین و تاقم و تفەنگیشمان لە خۆمان بەستبوو. ئێستا ئێمە چیتر تفەنگمان پێ نییە.
هەمیشە پێم وابووە کە لێسەندنی تفەنگەکان لێمان کارێکی باش بووە. لێرە هەڵگرتنی چەک کارێکی مەترسیدارە. ئەشێت بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشتر بکوژرێیت، ئەگەر تفەنگ بە شانتەوە ببینرێت. بەڵام سەبارەت بە ئەسپ ئەمەیان بابەتێکی ترە. ئەگەر بە ئەسپەوە هاتباین، ئەوە ئێستا ئاوی سەوزی ڕووبارەکەمان خواردبۆوە و ورگمان بەناو کۆڵانەکانی گوندا دەگێڕا تاوەکو خواردنەکە لە ورگماندا شوێنی خۆی بگرێت.
ئەوەمان دەکرد، ئەگەر ئەو ئەسپانەی هەمانبوو، بمابانایە، ئێستا هەموو ئەمانەمان کردبوو. بەڵام لەگەڵ تفەنگەکاندا ئەسپەکانیشیان بردین.
بە هەموولایەکی خۆمدا چاو دەگێڕم و لە دەشتەکە ورد دەبمەوە. خاکێکی گەورە و گران، پارچە خاکێکی وا فراوان و بێکەڵک و هیچی لێ شین نابێت. چاوەکان لەو دەشتەدا بەسەر هەموو شتێکدا دەخلیسکێن بەبێ ئەوەی هیچ شتێک هەبێت، تاوەکو خۆیانی پێوەبگرن. بەتەنها چەند مارمێلکەیەک نەبێت کە سەریان لە کونەکانیانەوە دەردەهێنن، و هەر کاتێک هەست بە تینی گەرمی خۆرەکە دەکەن، بەخێرایی خۆیان دەخلیسکێننە ژێر سێبەری بەردێک. بەڵام ئەی ئێمە، لە دوور خۆر داڵدەیەک لە کوێ بدۆزینەوە، لە کاتیکدا دەبێت لێرە کار بکەین؟ چونکە ئەم خاکە ڕەقە بەردینەییە، کە هیچی لەسەر سەوز نابێت، پێمان دراوە تاوەکو لەسەری چاندن بکەین.
پێمان وترا:
“لە گوندەکەوە تاوەکو ئێرەکانێ هی ئێوەیە.”
پرسیمان:
“ئەم دەشتە؟”
“بەڵێ، ئەم دەشتە، تەواوی ئەم زەوییە فراوانە.”
دەم و لێومان لار کردەوە و وتمان ئێمە ئەم زەوییەمان ناوێت، بەڵکو ئەو زەوییەی دەم ڕووبارەکەمان دەوێت. لە ڕووبارەکەوە تاوەکو ئەو پشتە، ئەو گوێدەریا بەپیتە، لەو جێگەیەی کە درەختە سنەوبەرەکانی تێدا وەستاوە، وەک ئەوەی کە خەڵکی ناوی دەبەن، لەگەڵ ئەو مێرگەی کە گیانی شین و زەوییەکەی بەپیتە. نەوەکو ئەم زەوییە، کە بە چەشنی چەرمی گا ڕەقە.
بەڵام ئێمە ڕێمان پێ نەدرا شتێکی لەو جۆرە بڵێین. لێپرسراوەکەی دەوڵەت نەهاتبوە ئەوێندەرێ، تاوەکو لەگەڵماندا بدوێت. ئەو تەنها بەڵگەنامەکانی پێداین و پێی گوتین: “وە بەهیچ شێوەیەک دوودڵ مەبن، کە ئەم هەموو زەوییە بەتەنها بۆ ئێوەیە!”
“بەڵام بەڕێز جەنابی کۆمیسار، ئەم زەوییە…”
“ئەمە زەوییەکی فراوانی هەزار بە هەزارە.”
“بەڵام لەوێندەرێ هیچ ئاوێکی لێ نییە. نە بەشی ئەوەی زمانیشی پێ تەڕ بکرێت.”
“ئەی وەرزی باران بارین؟ هیچ کەسێک پێی نەوتن، کە ئێوە زەوییەکی بەراوتان بەردەکەوێت. هەرکاتێک لەوێ باران ببارێت، گەنمەشامییەکان وا دەردەپەڕن، وەکو ئەوەی کەسێک بەهێز ڕایکێشابێتنە دەرەوە.”
“بەڵام بەڕێز جەنابی کۆمیسار، خاکی ئەم دەشتە لەپێکەوتوو و ماندووە، ڕەقە. بڕوا ناکەین، کە گاسن بتوانێت ئەم زەوییە ببڕێت، کە لە شێوەی خاکێکی بەردینە. بۆ تۆوچاندن، ئەبێت بە پاچ چاڵەکان هەڵقەنین. لەگەڵ ئەمەشدا هیچ دڵنیاییەک نیە، کە هیچیان هەڵدەتۆقن. لەوێدا نە گەنمەشامی نە هیچ شتێکی تر گەورە نابێت.”
“ئێوە ئەبێت ئەم گلەییانە بکەنە نووسراوێك. و ئێستا دوور بکەونەوە! ڕووی دەمی گلەییەکەتان بکەنە خاوەن زەوییەکە، نەوەکو دەوڵەت، کە ئەم زەوییەی بێبەرانبەر پێ بەخشیوون.”
یەک چرکە بەڕێز جەنابی کۆمیسار، ئێمە خۆ هیچمان لە دژی لێپرسراوانی دەوڵەت نەوتووە. بەتەنها لە دژی زەوییەکەیە.
شتێک لە دەستماندا نەبێت، ناکرێت. ئەمەمان هەر لە سەرەتاوە پێ ڕاگەیاندن…
بەتەنها یەک چرکە، بە ئەرک نەبێت، ئەمانەوێت بۆت ڕوون بکەینەوە، تەماشا بکە، ئەمانەوێت هەر لەوێوە دەست پێ بکەین، کە هەر لە سەرەتاوە وتمان…
بەلام ئەو نەیئەویست گوێمان بۆ هەڵخات.
هەر بەم شێوەیە ئەم زەوییەیان پێداین. و ئەبێت لەسەر ئەم ساجە داغانە تۆوی شتێک بچێنین، و ببینین کە ئاخۆ شتێک ڕەگ دەگرێت و گەشە دەکات. بەڵام هیچ شتێک لێرەدا گەورەنابێت.
لێرەدا داڵەکەرخۆرەش بوونی نییە. جار نا جار نەبێت دەیانبینین، زۆر بە بەرزی، بەخێرایی دەفڕن، تاوەکو لەم پەڵە سپیە بەردینەییە فراوانە دوور بکەونەوە، کە هیچ شتێک تیایدا نابزوێت، کە لە ڕێکردندا مرۆڤ هەست دەکات هەروەکو ئەوەی ڕووەو دواوەوە بگەڕێتەوە.
مێلیتۆن دەڵێت:
“ئەمە ئەم زەوییەیە کە پێییان داوین.”
فاوستینۆ دەڵێت: “چی؟”
من هیچ ناڵێم. پێم وایە: مێلیتۆن هۆشی لەلای خۆی نییە. بێشک کاریگەریی تینی گەرماکەی لەسەرە، کە وای لێ دەکات شتێکی وابڵێت. تینی گەرماکە لە شەپقەکەیەوە بەتوندی لە کەلەسەری داوە. گەر وانەبێت چۆن دەکرێت شتێکی وا بڵێت؟ چ جۆرە خاکێکە کە بە ئێمەیان داوە، مێلیتۆن؟ ئەوەندە خۆڵ نابینرێت، تاوەکو ئەگەر بایەکە بیویستایە، بەدەم کەمێک یاریکردنەوە بیکردایەتە غوبار.
مێلیتۆن لە قسەکردن بەردەوام دەبێت:
“بۆ هەر شتێک بێت هەر بەکەڵک دێت. ڕەنگە بۆ ئەوەی ماینەکان بە دەوریدا غار پێ بدەن.”
“بۆ چ جۆرە ماینێک؟” ئێستێبان پرسیاری کرد.
پێشتر زۆر سەرنجی ئیستێبانم نەدابوو.
ئێستاکە، لە کاتێکدا کە قسە دەکات. دەسماڵێکی (پۆنچۆ)ی پۆشیوە کە دریژییەکەی دەگاتە سەر ناوکی، لەژێر دەسماڵەکەیدا شتێک سەری دەرهێناوە، پێدەچێت مریشکێک بێت.
بێشک، ئەوەی ئێستێبان لەژێر دەسماڵەکەیدا حەشاریداوە، مریشکێکی سوورە. چاوە خەواڵووەکانی دەبینرێت و دەمی، کە کراوەتەوە، هەروەکو ئەوەی بیەوێت باوێشک بدات.
“تۆ، ئێستێبان، ئەم مریشکەت لە کوێ هەڵگرتەوە؟”
لە وەڵامدا گوتی: “ئەوە هی خۆمە”.
“بەڵام پێشتر پێت نەبوو. لە کوێ کڕیت؟ دانیپێدابنێ!”
“نەمکڕیوە. مریشکی حەوشەی ماڵەوەیە.”
“ئەی خۆ لەگەڵ خۆتدا نەتهێناوە تاوەکو بیخۆێن؟”
“نەخێر، لەگەڵ خۆمدا هێناومە، تاوەکو ئاگاداری ببم. لە ماڵەوە بە تەنهایە، کەس لە ماڵەوە نییە تاوەکو دانی بداتێ. بەردەوام، کە بۆ دوور بڕۆم، لەگەڵ خۆمدا دەیبەم.”
“شوینەکەی تەسکە، لەوێدا دەخنکێت، چاکترە دەریبهێنیتە دەرێ تاوەکو کەمێک هەوای دەرەوە لێی بدات!”
ئەیخاتە ژێر باڵەکانیەوە و لە دەمیەوە بۆنی هەناسەیەکی گەرمی لێوەدێت. پاشان دەڵێت:
“لە لێژگانیەکە نزیک بووینەتەوە.”
چیتر تێناگەم ئیستێبان چی دەڵێت، ئەو لەپێشی پێشەوەی ئەو ڕیزەیە، کە ئێمە بەدوای یەکدا بەستوومانە، تاوەکو بە لێژگانیەکەدا دابەزینە خوارەوە. و دەبینرێت کە هەردوو قاچی مریشکەکەی گرتووە و بەملدا شۆڕی کردوونەتەوە و جارجارە بە جۆلانێکردنەوە بەرزی دەکاتەوە، تاوەکو سەری بەر زەوییە بەردینە نەکەوێت.
تاوەکو زیاتر شۆڕ دەبینەوە، خاکەکە لە چۆنایەتیدا باشتر دەردەکەوێت. تەپوتۆز لەژێر پێمانەوە بەرز دەبێتەوە، هەروەکو ئەوەی ڕەوەئاژەڵێکی شیردارین و دادەبەزینەخوارێ.
بەڵام خۆشحاڵین، کە تۆزاوی دەبین. خۆشحاڵین، کە لەپاش ئەوەی بە درێژایی یانزە کاتژمێر ڕەقایی ئەم دەشتەمان لەژێر پێکانماندا هەست پێ کردووە، هەستێکی چێژبەخشە، کە بەم شتە دەوردرابین کە بەسەرماندا دێت و تامی خۆڵ دەدات. بەسەر ڕووبارەوە، بەسەر بەرزایی درەختی سەوزی سنەوبەرەکاندا، پۆلێک باڵندەی کاچاکالاکاس دەفڕن. ئەمەش خۆشحاڵمان دەکات.
وەڕینی سەگەکان زۆر لە نزیکەوە دێتە بەرگوێمان، چونکە ئەو بایەی کە لە گوندەکەوە هەڵدەکات، بەر دەربەندەکە دەکەوێت و بەتەواوی پڕی دەکات لە ژاوەژاو.
ئێستیبان دووبارە مریشکەکەی لەژێر باڵەکاندایە، کاتێک ئێمە لە یەکەمین ماڵ نزیک دەبینەوە. ئەو گوریسەکە لە قاچەکانی دەکاتەوە، تاوەکو هۆشی بە خۆیدا بێتەوە، دەستبەجێ خۆی و مریشکەکەی لەپشت پەرژینێکی دڕکاوی بزردەبن.
“لێرە لێتان جیا دەبمەوە”، بە ئێمە دەڵێت.
ئێمەی کە ماوینەتەوە، ڕووەو قووڵایی گوندەکە مل دەنێین.
ئەو زەوییەی کە پێیان داوین، وا بەو سەرەوەیە.
پەراوێز:
باڵندەی کاچاکالاکاس جۆرە مریشكێکە کە دەفڕێت و لەسەر درەختەکان دەنیشێتەوە و دەخەوێت.
سەرچاوە:
Juan Rulfo
Der Llano in Flammen
Biblotek Suhrakamp
شتێک دەربارەی ئەم چیرۆکە و دنیای ئەدەبیی ڕۆڵفۆ!
یادداشتی وەرگێڕ
چیرۆکی (زەوییەکەیان بە ئێمە دا) یەکێکە لە بەرهەمەکانی نووسەری مەکسیکی خوان ڕۆڵفۆ. لە ساڵی ١٩٥٣ لە کۆمەڵەچیرۆکێکدا بە ناوی (خاکی سووتاو)ەوە بڵاو کراوەتەوە.
دەربارەی سەرچاوە و پاشخانی پشت بیرۆکەی ئەم چیرۆکە و ئەو دۆخە مێژوویییەی کە لە پشت ئەم چیرۆکەیە و ڕۆڵفۆ هەوڵدەدات کە ڕەخنەی بکات، ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی مەکسیکە (١٩١٠-١٩٢٠) کە ڕوو دەدەن. کە گوایە ئامانجێکی سەرەکیی شۆڕشەکە “چاکسازیی کشتوکاڵی” بووە. کە تیایدا جووتیارانی مەکسیک لەژێر دروشمی “زەوی و ئازادی” خەباتیان کرد، بەو هیوایەی زەوی لە دەستی دەرەبەگ و خاوەن زەوییەکان وەربگرنەوە و بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێت کە تا ئەو کاتە خۆیان کاریان لەسەر کردووە.
ئەوەی ئەم چیرۆکە تیشک دەخاتە سەری و بە ناڕاستەوخۆیی ڕەخنەی دەکات، خیانەتی دەوڵەتە لە بنەما و بەهاکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕەکانیەتی. حکومەت بە ڕواڵەت بەڵێنەکەی بردە سەر: زەوییان بە جووتیارەکان دا، بەڵام، ئەو زەوییەی پێیاندان، بریتی بوو لە دەشتێکی شێوەبیابانی، وشک، گەرم و ڕەق کە هیچی تێیدا ناڕوێت. لە هەمان کاتدا زەوییە بە پیتەکانی نزیک ڕووبارەکان بۆ دەرەبەگەکان و بەرپرسانی دەوڵەت مانەوە.
ئەوەی کە دەبێت ئاماژەی پێ بدرێت، خودی ناونیشانی چیرۆکەکەیە کە لە بنەڕەتدا تەواو گاڵتەجاڕانە و تاڵە. “زەوییەکەیان بە ئێمە دا” وەک سەرکەوتنێک بۆ جووتیاران دێتە بەرگوێ، بەڵام لە ڕاستیدا هەر خۆیان بوونە قوربانیی شۆڕشەکە. وەک دەڵێن: شۆڕشەکە سەری خودی شۆڕشگێڕەکانی خۆی خوارد…
سیمبوڵ لەم چیرۆکەدا
گرووپێک لە پیاو (سەرەتا زیاتر لە بیست کەس بوون، ئێستا بوونەتە چوار) بەم دەشتە گەرمەدا تێدەپەڕن، بە ڕێگەوەن بۆ وەرگرتنی ئەو زەوییەی حکومەت لەسەری تاپۆ کردوون.
لە فلاشباکێکدا، کە تیایدا بەرپرسێکی دەوڵەت پێیان دەڵێت: “تەواوی ئەم دەشتە هی ئێوەیە.” کاتێک جووتیارەکان دەڵێن زەوییەکە ڕەق و وشکە، بەرپرسەکە گوێیان پێ نادات و دەڵێت “با باران ببارێت” یان باسی گەورەیی ڕووبەری زەوییەکەیان بۆ دەکات نەک چۆنایەتیی زەوییەکە.
..
ڕێکردن بە پێیان: ئەو ماندووبوونە جەستەیییەی باسی دەکرێت (گەرمایەکی پڕووکێنەر، بێدەنگییەکی قووڵ، سەختیی ڕێگاکە) ئاوێنەی جاڕسبوون و ماندووبوونێکی سیاسییانەیە. ئەوان بۆ شۆڕشێک جەنگان و خەباتیان کرد، بەڵام دواجار شۆڕش بەرپاکراوە هیچ بەرهەمێکی بۆ جووتیارەکان لێ شین نەبوو، بێجگە لەم دەشتە وشک و برینگ..
تفەنگ و ئەسپ: وەک لە چیرۆکەکەدا هاتووە، ئەسپ و تفەنگەکانیان لەدەست داوە. ئەمە هێمایە بۆ لەدەستدانی دەسەڵات. لە کاتی شۆڕشدا، ئەوان جەنگاوەری سوارچاک و چەکدار بوون؛ ئێستا بوونەتە جووتیاری پیادە و بێچەک لە بەرانبەر بیرۆکراسیی حکومەتدا و تەواویش بێدەسەڵاتن لە بەرانبەر نادادییەکانیدا.
واقعی ژیانی تایبەتی ڕوڵفۆ و سروشتی ناوچەکە
ڕۆڵفۆ لە ویلایەتی خالیسکۆ لەدایک بووە، ناوچەیەک کە زۆر لە کەش و هەڵکەوتەی جوگرافی ئەو سروشتە دەچێت کە لە چیرۆکەکەدا هەیە و وەسف کراوە.
دیمەنەکە: للانۆ گراندە (دەشتە فراوانەکە) شوێنێکی ڕاستەقینەیە. وشک و سەختە. ڕۆڵفۆ وەسفی سروشتی منداڵیی خۆی دەکات؛ گەرماکە، زەوییە قڵیشبردووەکان، “پەرژینە دڕکاوییەکان”.
چۆڵی دەشتودەر: ڕۆڵفۆ بە چاوی خۆی بینیویەتی کە ناوچەکەی چۆن دەمرێت. دوای شۆڕش و جەنگەکانی دواتر، زۆرێک لە پیاوان کوژران یان کۆچیان کرد، چونکە زەویی ناوچەکە نەیدەتوانی لە خۆیان بگرێت و بژێوییان دابین بکات. ئەو چۆڵییەی کە گێڕەوە بە چاوەکانی خۆی دەیبینێت (ئاوڕ دەدەمەوە و کەس نابینم) ڕەنگدانەوەی چۆڵبوونی گوندەکانی مەکسیکە لەو سەردەمەدا..
دواجار چیرۆکەکە ڕەخنەیە لە (سیاسەتمەداران کە بەڵێنی درۆیان داوە). خەڵەتاندنی خەڵک و جووتیاران، هەروەکو حکومەت دەڵێت “زەویمان بە هەژاران دا”، بەڵام ڕاستییەکەی جۆرە زەوییەکیان پێدان کە لەسەری برسیکردن.
کاتێک گێڕەوە لە جێگەیەکدا دەڵێت: “وا هەستەکەم زیاتر لەو زەوییەی کە بڕیومانە، بە پێیان ڕۆیشتووین“، دان بەوەدا دەنێت کە خەباتەکەیان (شۆڕشەکە) بە فیڕۆ چوو، چونکە لە ڕاستیدا هیچ بەرەوپێشووچوونێک و باشبوونێک لە دۆخی ژیانیان ڕووینەدا.
سەبارەت بە زمان و کەشی ئەدەبیی ڕۆڵفۆ
بەگشتی لە دنیای ئەدەبدا شێوازێک هەیە، کە تیایدا چیرۆکنووس دێت ڕووداوە گەورە و گرنگەکان لە ڕێی پشت بەخستنەگەڕی هێزی هاودەردیی و هاوسۆزیی پیشان دەدات، لە ڕێگەی تێگەیشتن و هەستیاری ئینسانیانەی خۆیەوە، لەپاڵ هێزی خەیاڵ و سیمبوڵەوە. مەزندەکردن (حەدەس) و هەڵسەنگاندنی دۆخی مرۆڤەکانەوە ئازارەکانیان پیشان دەدات. چۆنیەتیی پیشاندانی سەختی ژیانیان بە شێوەیەک کە بە هیچ جۆرێک لە شکۆ و باڵایی ئینسانیان کەم نەکاتەوە، ئەویش لە ڕێی خۆبەدوورگرتن لە گواستنەوەی واقیع و بەسەرهاتە سەختەکانیان دەقاودەق وەکو خۆی. بەڵکوو پیشاندانی دۆخەکەیان لە شێوەی توحفەیەکی ئەدەبی و باڵا، ئەمەش لە ڕێی دەستگرتن بە وشە و دەربڕینەکانەوە، دووبارە داڕشتنەوەی ڕووداوە واقیعییەکان و بەرجەستەکردنیان بە زمانێکی جیاواز. دەبێت بێدەنگیش لەبیرنەکەین کە وەکو ئەو ڕەگەزە گرنگەی کە لە ڕێیەوە شوێن بۆ نەوتراوەکان فراوان دەکات، کات بە خوێنەر دەدات خەیاڵی بخاتەگەڕ. نەوتراو لەلایەک ئەشێت جارێک هەموو ئەو پرتەوبۆڵانەبێت کە مرۆڤەکان لەدەست سەختی دۆخی نەخوازراوی ژیانی واقعی خۆیان دەیکەن. لەلایەکی تر کە لە ڕێی ڕستەیەکی ناڕوونی وەکو (ئاوڕ دەدەمەوە و کەس نابینم) گرنگترین و سەختترین ڕاستی حەشاردراومان پیشان بدات.
وەک وتم، هەبوونی هاوسۆزی و هاودەردی کە وادەکات چیرۆکەکانی ڕۆڵفۆ وا ناوازە و جیاوازبن، ئەویش لە ڕێی شیوازی پیشاندانی دنیای کەسەکان و توانای زمانی گێڕانەوە لە ڕێی (شاردنەوەی قووڵی، لەپشت زمانێکی سادە، بەڵام تۆکمە)، کە ئەویش شێوازێکە لە گێڕانەوەی ڕەسەنانە دوور لە زمانی شیعرنووسی (زمانێکی نزمی شاعیرانە).
دواجار وای دەبینم کە ڕۆڵفۆ لە ڕێی شێوازی گێڕانەوەکانی جوانییەکانمان لێ بشارێتەوە، تاوەکو خوێنەر بتوانێت لە ڕێی گەمەی خەیاڵ و چێژەوە کەشفکردنیان وەکو دەستکەوتێک بۆخۆی تۆمار بکات.