لێکدانەوەی دیلبەرا ئانی، شاکاری مەحموود نەجمەدین
مانگی ئۆکتۆبەری پارساڵ (٢٠٢٥)، چیرۆکنووس و رۆماننووس مەحموود نەجمەدین و فورات سەیدۆ، کتێبێکی (٣٠٦) لاپەڕەییان بڵاو کردەوە. ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە. من پێم وایە ئەم کتێبە شاکاری مەحموود نەجمەدینە، لەم نووسینەدا دەمەوێت وەکوو خوێنەرێک لە چەند لایەنێکی جیاوازەوە قسە لەسەر ئەم کتێبە بکەم و شی بکەمەوە.
*ئیرەیی لای نووسەری کورد بۆ؟
جۆرێک لە ئیرەیی لای ژمارەیەک لە نووسەری کورد هەیە. کاتێک نووسەرێکی گەنج کتێبێک دەنووسێت، ئەگەر یەکەم کتێبیشی نەبێت و باشیش بێت نایخوێننەوە و پێیان ناخۆشە جگە لە خۆیان بۆ نموونە کەس رۆمان بنووسێت. جاری وایە نووسەرە گەنجەکە کتێبەکەی خۆی دەکات بە دیاری بۆیان و داوای ڕا و بۆچوونیشیان لێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا نایخوێننەوە و فەرامۆشی دەکەن. چونکە خۆیان لەوە پێ گەورەترە کە بەرهەمی گەنجێک بخوێننەوە، بەڵام گەورەییی ڕاستەقینە ئەوە نییە، بەڵکوو گەورەییی راستەقینە ئەوەیە بوار بە کەسانی بچووکتر بدات بۆ ئەوەی خۆیان نیشان بدەن، لێکدانەوەی دێڕە شیعرێکی مەولانای رۆمی لە دیوانی شەمسدا بەم جۆرەیە “خۆر بۆ ئەوەی مانگ بتوانێت بدرەوشێتەوە، شەوان خۆی ون دەکات، بۆ ئەوەی بوار بدات، مانگ خۆی نیشان بدات.” جۆرێکی تری ئیرەیی ئەوەیە هەندێک نووسەر لەسەر نووسەرە باشەکان دەنووسن و هەمیشە لە بۆسەدان بۆیان، تەنانەت ئەگەر بوارەکەشیان جیاواز بێت. سەیر لەوەدایە خۆیان باش دەزانن کۆمەڵێک نووسەری تر هەن و خراپ دەنووسن و بەردەوامیشن، بەڵام لەسەر ئەوان نانووسن و هەر بە نووسەرە باشەکانەوە گرتوویانە. لەمەشدا دوو مەبەستیان هەیە، یەکەمیان ئەوەیە دەیانەوێت ئەو نووسەرە بشکێنن و لەبەرچاوی خوێنەری بخەن. دووەمیشیان ئەوەیە دەیانەوێت خەڵک وا بزانن بلیمەتن و لەو رێگەیەوە بیانخوێننەوە. ئێستا با ئەو پرسیارە بکەین: ئیرەیی لای نووسەری کورد بۆ؟ من لەو باوەڕەدام باخچەی ئەدەبی کوردی هەتا فرەدەنگ و فرەڕەنگ بێت، جوانتر و رازاوەتر دەبێت، بۆیە هەتا سەرئێسقان دژی ئەو ئیرەیییەم و پشتیوانی هەموو نووسەرێکی نوێ و داهێنەر دەکەم. چونکە هیچ نووسەرێکی نوێ و داهێنەر نابێتە هۆی سڕینەوەی نووسەرێکی تر. رۆماننووسی بە ئەزموونی ئێرانی مەحمودی دەوڵەت ئابادی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: “هەر مرۆڤێک بە شێوازی خۆی دەڕوات بەڕێوە، کەواتە هەر نووسەرێکی داهێنەریش بە شێوازی خۆی دەنووسێت و لاسایی کەسی تر ناکاتەوە”.
مەحموود نەجمەدین نزیکەی پانزە ساڵە هاوڕێمە و ئاگام لە نووسینەکانێتی، زیاتر لە دە ساڵیش پێکەوە ئیشمان کردووە. دەزانم لەو نووسەرانەیە ماندووبوون نازانێت و بە خوێندنەوە و خۆماندووکردن بەردەوام گەشە دەکات. جگە لەوەش ئاسۆی خەیاڵی بێسنوور و شێتانەیە، دەزانم مەحموودی ئەمساڵ چ لە رووی گەشەکردن و زمانی نووسینی و چ وەکوو دەق مەحموودی دوو ساڵ پێش ئێستا نییە. من نەک هەر ئیرەیی پێ نابەم بگرە پڕ بە دڵیش پێم خۆشە. نووسەر ئەگەر بیەوێت ببێتە نووسەرێکی داهێنەر و گەشە بکات، تەنیا یەک رێگای لەبەردەمدایە ئەویش خوێندنەوە و خۆماندووکردنە.
ولیام فۆکنەر دەڵێت: “هەتا دەتوانی بخوێنەرەوە، بخوێنەرەوە، بخوێنەرەوە، بخوێنەرەوە. هەموو شتێک بخوێنەرەوە، کتێبە بێکەڵکەکان، کلاسیکەکان، باش، خراپ، هەر هەموویان بخوێنەرەوە، بۆ ئەوەی تێبگەیت ئەوان چۆن رۆمانەکانیان نووسیوە. چۆن کۆتایییان پێ هێناوە، کاتێک یەکێک دەیەوێت فێری دارتاشی بێت، دەبێت ببێتە شاگرد و سەیری دەستی وەستایەک بکات، بەو شێوەیە فێر دەبێت، خوێندنەوە شێوازی سەیرکردنی دەستی نووسەرە. بنووسە، ئەگەر باش بێت، خۆت هەستی پێدەکەی، ئەگەر باشیش نەبوو، لە پەنجەرەی ژوورەکەتەوە فڕێی بدەرە دەرەوە”.[1]
عەباسی مەعروفی رۆماننووسی داهێنەری ئێرانیش لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ سەدای ئەمریکا بەرنامەی (پرترە) دەڵێت: “کاتێک دەستم کرد بە چیرۆکنووسین چیرۆکێکم نووسی و تەلەفۆنم کرد بۆ هۆشەنگی گوڵشیری کە لە ماڵەوە بوو، بە تووڕەیییەوە وتی: تۆ کێیت بۆچی تەلەفۆن دەکەیت؟ وتم: من عەباسی مەعروفیم چیرۆکێکم نووسیوە دەمەوێت پیشانت بدەم بزانم رات چییە؟ وتی: باشە بەیانی وەرە بۆ زانکۆ، مامۆستای زانکۆ بوو، بەیانی چووم، چیرۆکەکەم بۆ خوێندەوە، وتی: بڕۆ بەلای کارتەوە تۆ نابیت بە نووسەر تۆ نەخوێندەواریت. ئەو دەڕۆیشت و من بە دوایەوە بووم، وتم باشە چی بکەم؟ چۆن ببەم بە نووسەر، وتی دەتەوێت ببیت بە چی، وتم دەمەوێت وەکو تۆ بم و ببم بە تۆ، وتی تازە من بووم بە خۆم، تۆ ئەگەر بتەوێت ببیت بە نووسەر دەبێت ببیت بە خۆت، وتم ئاخر چۆن ببم بە نووسەر، چۆن دەبم بە خۆم، وتی تۆ نەخوێندەواریت، بڕۆ دوو هەزار کتێب بخوێنەرەوە ئینجا بنووسە.
نەخشەی دیلبەرا ئانی چۆن داڕێژراوە؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ داستانی شیعری (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی، دەبینین داستانێکی راستەقینەیە و پێشان لەسەر زمانی خەڵک بووە. ئەحمەدی خانی جارێکی تر بە شێوازی خۆی بە داستانێکی شیعری دایڕۆشتۆتەوە و کۆمەڵێک خاڵ و بابەتی بۆ زیاد کردووە و کردوێتی بە داستانێکی شیعری کامڵ، کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراوە، جگە لەوەی تەرجەمە کراوە بۆ زمانەکانی تر چەندان لێکۆڵینەوەشی لەسەر نووسراوە و فیلمێکیشی لەسەر دروست کراوە بە ناوی مەمی ئالان.
مەحموود نەجمەدین لە دیلبەرا ئانی-دا یان وردتر لە (بەیتی زادینا) یان لە (داستانی زادینا)دا رێک بە پێچەوانەی ئەحمەدی خانییەوە ئیشی کردووە، یانی لە واقیعدا شتێک نییە بە ناوی بەیتی زادینا یان داستانی زادینا، بەیتی زادینا زادەی خەیاڵی نووسەرە و دەقی بەیتەکەش هەر خۆی نووسیوێتی. ئەوەتا گێڕەرەوە سەبارەت بە کارەکتەری زادینا دەڵێت: “کارەکتەری چیرۆکێکی کلاسیکی نییە، تاکو پێتان بڵێم ساڵی ئەوەندە لەدایک بووە و ساڵی ئەوەندە مردووە. نەخێر ئەم زادینا نازدارەی دڵی فورات سەیدۆی بردووە، ساڵ و تەمەنی نادیارە، خانم خاسی ناو حیکایەتە و نامرێ و پیر نابێت”. ل ٢٢٣ بۆیە پێم وایە ئەمە شێوازێکی نوێی نووسینی بەیت یان داستانە و دەتوانم پێشی بڵێم شێوازێکە لە داهێنان. ئەگەر کورتترین پێناسەی فەنتازیاش وەربگرین کە دەڵێت: “فەنتازیا ئەوەیە خەیاڵ بکەیت بە واقیع یان واقیع بکەیت بە خەیاڵ.” شێوازەکەی مەحموود نەجمەدین ئەوەیە خەیاڵی کردووە بە واقیع، ئەمەش شێوازێکی راست و دروستە و جێگای دەستخۆشییە.
*چۆن لەگەڵ مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە و فوئاد سەیدۆ مامەڵە بکەین؟
میشیل بۆتۆر لە بابەتی “رۆمان وەکو لێکۆڵینەوە”دا دەڵێت: “… تەنیا بە پشتبەستن بە قسەی رۆماننووس دەبێت کارەکتەرەکانی قبووڵ بکرێن و بژین، ئەگەرچی لە واقیعیشدا وجودیان هەبێت. گریمان ئێمە نامەی کەسێکمان دەست بکەوێت کە جێگای باوەڕە و لە سەدەی نۆزدەیەمدا ژیاوە، لە نامەکەیدا بۆ بەرامبەرەکەی نووسیوە ئەو زۆر چاک (بابە گۆریۆ)ی ناسیوە و ئەو کەسێتییە بەهیچ جۆرێک وا نەبووە کە بەلزاک بۆی وەسف کردووین، بۆ نموونە لە فڵان و فڵان لاپەڕەدا چەند هەڵەیەکی گەورە هەن. بێگومان ئەم ئیدیعایە بەلای ئێمەوە بچووکترین بایەخی نابێت. بابە گۆریۆ هەر ئەو کەسەیە کە بەلزاک بۆمان وەسف دەکات و هەر ئەو کەسەیە کە بە سەرنجدان لە بەرهەمەکەی بەلزاک دەتوانرێت لەبارەیەوە بنووسرێت و قسەی لەسەر بکرێت”[2]
بەم پێیە دەبێت تەنیا وەکو گێڕەرەوەیەکی هەمووشتزان مامەڵە لەگەڵ مەحموود نەجمەدین بکەین، چونکە مەحموود لەم کتێبەدا گێڕەوەیەکی هەمووشتزانە و جووڵە و گەڕانەکانیشی بە شارەکاندا تەنیا بە مەبەستی گێڕانەوەیە، کاتێک هەوڵدەدات بە راناوی کەسی یەکەم باسی رووداوەکان بکات، مەبەستی ئەوەیە خوێنەر بەلای رووداوەکاندا رابکێشێت و ئەم مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوەیە تەنیا لەناو دەقەکەدا هەیە و پەیوەندی بە مەحموود نەجمەدینی راستەقینەوە نییە و هەڵسوکەوتی بەپێی خواستی دەقە، نەک بەپێی خواستی خۆی و کارەکتەری راستەقینەی خۆی. ئەگەر ئاوا مامەڵەی لەگەڵ نەکەین دەکەوینە هەڵەی زەقەوە. بۆ نموونە لەلاپەڕە (34) دەڵێت: “هەڵاڵە خاتوون بەلەباریکێکی سپیکەلانە بوو، ئەوەندە سپی بوو مێوژەڕەشکەی بخواردایە وەک خاڵ لەسەر سینەی دەبینرا..” تەنیا مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە ئەو ئازادییەی هەیە ئاوا وەسفی ژنی هاوڕێکەی بکات، دەنا بۆ مەحموود نەجمەدینی راستەقینە جوان نییە بەو شێوەیە لە ژنی هاوڕێکەی ورد بێتەوە. هەروەها لە لاپەڕە (100)دا کە دەچنە ماڵەکەی عەقاری ئاوا باسی ژنی پیاوەکە دەکات: “ئەویش سپیپێست بوو، بەفری کەلیخان بوو…” لە لاپەڕە (132)شدا رۆژێ دوای ئەوەی لە قزلەر دەگەڕێنەوە لە سەعەتاکۆیی خاوەن ماڵەکەی قزلەر دەبینێت کە میوانداری کردوون و خزمەتی کردوون، پێی دەڵێت: “حاجی گیان من تۆ ناناسم، نازانم باسی کێ دەکەیت، کاکەڕەش کێیە؟ برام لێت تێکچووە. من بە کەسێکی تر تێگەیشتووی.” ئەم خۆگێلکردنە تەنیا لە کاتێکدا ئاساییە و دەگونجێت کە مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە لەگەڵ مەحموود نەجمەدینی راستەقینەدا تێکەڵ نەکەین. پاشان گریمان مەحموود نەجمەدین وەکو گێڕەرەوە ناوی خۆی نەنووسیایە و هەروەکو کارەکتەری کەسی یەکەمی تاک قسەی بکردایە و شتەکانی بگێڕایەتەوە، یان ناوێکی تری بەکار بهێنایە. ئەوسا کەس هەبوو بڵێت گێڕەرەوە خۆیەتی؟
ئەم شێوازەی کە نووسەر ناوی خۆی وەکو گێڕەرەوەیەک بەکار دێنێت، دەشێت زۆر نووسەری تر بەو شێوازە بەکاریان هێنابێت. بۆ نموونە مارسیل پروست لە رۆمانی (گەڕان بەدوای زەمەنی لەدەستچوودا) ناوی خۆی و هەندێ سیفاتی خۆشی بەکار دەهێنێت و رۆمانەکەش بە شێوازی بیرەوەری نووسراوە، بەڵام کەس بەو شێوەیە قسەی لەسەر رۆمانەکەی پروست نەکردووە کە بڵێت ئەوە پروست خۆیەتی و بیرەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە. لەبەر ئەوەی بۆچوونێکی ئاوا هەر زوو کورت دەهێنێت و هیچی لێ شین نابێت. چونکە پروست باسی عەشقی سوان و ئۆدێت دەکات و وردەکاری ئەو عەشقە بە شێوازێکی ئەوەندە جوان دەخاتەڕوو کە خوێنەر سەرسام دەبێت. ئەم عەشقەش هی سەردەمێکە پروستی گێڕەرەوە هێشتا لەدایک نەبووە.
هەروەها میلان کۆندێراش لە رۆمانی (نەمری)دا ئەم شێوازەی بەکار هێناوە. میلان کۆندێرا لە رۆمانی (نەمری)دا بە ناوی خۆیەوە وەکو کارەکتەرێک بەشداری لە گێڕانەوەی رۆمانەکەیدا دەکات و هەندێک رووداوی ناو رۆمانەکەی دەگێڕێتەوە، بەڵام وەکو مەحموود نەجمەدین لە (دیلبەرا ئانی)دا گێڕەرەوەی هەمووشتزان نییە. کەسیش بەو شێوازە باسی رۆمانی نەمری نەکردووە کە میلان کۆندێرای گێڕەرەوە و راستەقینە تێکەڵ بکات.
فورات سەیدۆ یان حەمدی بەگ:
فورات سەیدۆ یان حەمدی بەگ، گێڕەرەوەی هەمووشتزانی سنوورداری رووداوەکانە و کارەکتەری سەرەکیی دەقەکەشە. ئەم گێڕەرەوە و کارەکتەرە لە ئەسڵدا وجودی نییە و زادەی خەیاڵی نووسەرە، نووسەر بۆ ئەوەی مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە وەکو هەندێک رۆمانی تەقلیدی بە تەنیا خۆی رووداوەکان نەگێڕێتەوە، شێوازێکی نوێی بەکار هێناوە ئەویش ئەوەیە لە خەیاڵی خۆیدا هاوکارێکی بۆ مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە دروست کردووە و وەکو نووسەرێکی هاوبەشی دەقەکەش نەک هەر وێنای کردووە، بەڵکو ناویشی لەسەر کتێبەکە نووسیوە، ئەوەتا حەمدی بەگ دەڵێت: “ساڵانێکە ماڵم بەجێهێشتووە، گەڕیدەئاسا بەدوای حیکایەتەوەم، ئەوینی زادینا بۆ دونیای خەیاڵی بردووم و سەرقاڵی کۆکردنەوەی حیکایەتەکانم، ئێستاش دەمەوێت من و تۆ، بەیەکەوە کتێبێک بنووسین، دەمەوێت بەیەکەوە گەشتێک بەنێو کۆمەڵێک رووداوی سەیر و سەمەرەدا بکەین.ل 218” مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوەش دەڵێت: “زۆرم پێخۆش بوو، ئەگەرچی قەت ئەم جۆرە کارانەم جەڕب نەکردبوو، لەگەڵ هیچ چیرۆکنووسێکدا بە دوو قۆڵی کتێبم نەنووسیوە و حەزیشم بەکاری هاوبەش نەکردووە.” ل218 و 219 پاشان لە کۆتاییی کارەکەدا دەڵێت: “من و فورات دوای ئەوەی چیرۆکەکانمان کۆکردەوە، پێیدا چووینەوە و ئامادەمان کرد بۆ چاپ. چەلێک من پێیداچوومەوە بە تێلگرام بۆم نارد و ئینجا ئەو پێیداچووەوە…” ل238 لە لایەکی تریشەوە گێڕەرەوە سەبارەت بە فورات سەیدۆ یان حەمدی بەگ دەڵێت: “پیاوی ناو چیرۆکە، لە خەیاڵدا دەژی، ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ژیانی راستەقینە … ل242” ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە وتم فورات سەدیدۆ یان حەمدی بەگ زادەی خەیاڵی نووسەرە. لەگەڵ ئەوەشدا حەمدی بەگ کارەکتەری سەرەکیی دەقەکەیە و دەتوانین حسابی شادەماری دەقەکەی بۆ بکەین و دەقەکە بەبێ حەمدی بەگ نەدەبووە ئەو دەقەی ئێستا لەبەردەستماندایە. لەلایەکەوە یەکێکە لە عاشقە سەرسەختەکانی زادینا یان دیلبەرا ئانی کە ئەویش کارەکتەرێکی تر سەرەکیی دەقەکەیە و لەلایەکی تریشەوە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ کارەکتەرەکانی تردا هەیە وەکو ژنە بە تەمەنەکەی بەشی کاکەجوان ئەوەتا وەکو دڵداری خۆی باسی دەکات: “ئاخ حەمدی بەگ لە کەیەوە رۆیشتووی؟! ساڵیانی ساڵە رۆیشتووی. حەمیدت تەرەکرد و بۆ خۆشت ون بووی، ئێستێ تەشریفت هێناوەتەوە، هەر باشە هێشتا زووە، درەنگ نییە، یاخوا بەخێر بێیتەوە…” ل189 هەروەها بەشداری رووداوەکانی دەقەکەیە و ئەڵقەی پێکەوەگرێدانی بەشەکانی دەقەکەشە.
ئەزموونی ئەوەی دوو کەس پێکەوە دەقێک بنووسن رۆمانی (عالم بلا خرائگ- جیهانێکی بێ نەخشە)ی جەبرا ئیبراهیم جەبرا و عەبدولڕەحمان مونیف-مان بیر دەخاتەوە کە ساڵی 1982 چاپ کراوە. خاڵی هاوبەشی ئەم دوو دەقە ئەوەیە هەموو بەشەکانیان بە هاوبەشی نووسراوە، واتە ئەوە نییە بەشێک نووسەرێک نووسیبێتی و بەشێکی تر نووسەرەکەی دیکە. بەڵام جیاوازیی سەرەکیی ئەم رۆمانە لەگەڵ دیلبەرا ئانی-دا لەوەدایە دەقی یەکەم دوو نووسەری راستەقینە نووسیویانە و دەقی دووەم نووسەرێکی راستەقینە و نووسەرێکی خەیاڵی نووسیویانە. لە ئەدەبی فارسیدا رۆمانێک هەیە تەقریبەن هاوشێوەی دیلبەرا ئانی نووسراوە ئەویش رۆمانی (هلال پنهان- کەوانەی شاراوە)ی نووسەری ئێرانی (عەلی ئەسغەر شیرزادی)یە. ئەم رۆمانە سەبارەت بە جەنگی هەشت ساڵەی (عیراق- ئێران) نووسراوە. رۆمانەکە لە رێگەی دوو گێڕەرەوەی نووسەرەوە بە راناوی کەسی یەکەمی تاک گێڕدراوەتەوە. گێڕەرەوەی یەکەم (نووسەری کتێبەکە) دەست بە گێڕانەوەی رۆمانەکە دەکات و بەرەو پێشەوەی دەبات هەتا دەگاتە سەر (یونس بەشیران)، (ملازمی دووەمی پێشوو) کە ئێستا وەکو نووسەرێک خەریکی نووسینی رۆمانێکە لەسەر بیرەوەرییەکانی خۆی لە ناوچەیەکی شەڕ لە باشووری ئێران. لە راستیدا هەردوو نووسەر چیرۆکی یەک رۆمان دەگێڕنەوە. رووداو و بەسەرهاتەکان لە کۆڕێکی خوێندنەوەی دەقدا بە ئامادەبوونی نووسەرێکی تر بە ناوی (مەسیح بەرۆشکی) بەش بەش و بەهاوبەشی لە فەزایەکی تەمومژاوی و نهێنیئامێزدا رێک دەخرێن و دەقی کۆتایی لەدایک دەبێت کە رۆمانەکەیە. (سەرچاوە: مجلە پگاە حوزە، 18خرداد 1381، شمارە 52).
دیارە لە ئەدەبی جیهانی و ئەدەبی فارسیشدا ئەگەر بۆ ئەو رۆمانانە بگەڕێین کە دوو رۆماننووس یان زیاتر نووسیویانە هەندێ نموونەمان بەرچاو دەکەوێت، لەوانە رۆمانی (Good Omens) ئاماژە باشەکان-ی تێری پارچێت و نیل گیمەن. رۆمانی (Watchmen) پاسەوانان-ی ئەلەن مۆر و دەیڤ گیبۆنس. لە ئەدەبی فارسیشدا رۆمانی (بی مرز بی مرز) بێسنوور بێسنوور-ی محەمەد رەحیم ئەخوەت و سەحەر موهەندیسی نمین. هەروەها رۆمانی (علایم حیاتی یک زن)، نیشانە ژیانییەکانی ژنێک- سێ ژن نووسیویانە کە ئەمانەن: فەرزانە کەرەم پور، لادن نیک نام، میهناز رەونەقی.
شایانی باسە نووسینی ئەم جۆرە رۆمانانە لە رۆمانی مۆدێرن و رۆمانی خەیاڵی زانستیدا لای رۆماننووسان رەواجی پەیدا کردووە.

دیلبەرا ئانی چ جۆرە ژانرێکە؟
وەکو دەبینن لە سەرەتاوە کە ناوی ئەم دەقەم هێناوە، خۆم لەوە بواردووە ژانرەکەی دیاری بکەم، چونکە دیاریکردنی ژانرەکەی پێویستی بە شرۆڤە و هێنانەوەی بەڵگە هەیە بۆ سەلماندنی. بۆیە هەر وتوومە ئەم کتێبە یان ئەم دەقە. لەسەر بەرگی کتێبەکەش نووسراوە چیرۆک. واتە نووسەر بە راشکاوی ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە ئەم کتێبە چ جۆرە ژانرێکە، تەنیا نووسیویەتی چیرۆک. بۆیە لێرەدا بەپێی ئەو بەڵگانەی دەیهێنمەوە دەمەوێت بیسەلمێنم ئەم کتێبە چ جۆرە ژانرێکە. بەڕای من ئەم کتێبە رۆمانە، بەڵام ئەو جۆرە رۆمانانە نا کە هەتا ئێستا لای خۆمان دیومانن، هەروەها لەو نۆڤڵێتانەش نییە کە هەتا ئێستا لای خۆمان دیومانن، بەڵکو جۆرە رۆمانێکی ترە کە پێم وانییە لای خۆمان هەبێت یان بەلای کەمەوە من نموونەیەکی لەم شێوەیەم نەدیوە یان لەبەردەستمدا نییە.
ئەم جۆرە رۆمانە پێی دەگوترێت (رۆمان کورتەچیرۆک)، نووسەر و توێژەری بواری چیرۆک و رۆمان جەمال میرسادقی لە کتێبی (راهنمای رمان نویسی، چاپ اول 1390 ) لە لاپەڕە (547)دا باسی رۆمان کورتەچیرۆکی کردووە و دەڵێت: “رۆمان کورتەچیرۆک یان چیرۆک رۆمان کۆمەڵەچیرۆکێکی پێکەوە گرێدراوە کە هەر یەکەیان لە هەمان کاتدا کە سەربەخۆن وەکو بەشێکی رۆمان رۆڵ دەبینن، لەم رووەوە، رۆمان کورتەچیرۆک هەم چەند خاسیەتێکی دیاریکراوی رۆمانی تێدایە هەم چەند خاسیەتێکی کورتەچیرۆکیشی تێدایە. ئەم جۆرە ژانرە لە کۆنەوە لە ئەدەبی خۆرئاوادا هەیە و باکگراوندی هەیە، نووسەرانی وەکو شیروود ئەندرسۆن (1876-1941)، جەیمس جۆیس، (1882-1941)، ولیام فۆکنەر (1897-1962)، ئەرنێست هەمەنگوای (1899-1961) لەم جۆرە ژانرەدا کۆمەڵێک ئەزموون و دەقیان هەیە. رۆمان کورتەچیرۆکی (وایسنبورگ ئۆهایۆ)ی شیروود ئەندرسۆن و (ئاڵاکان لەناو تەپوتۆزدا)ی ولیام فۆکنەر نموونەیەکی کۆنتر و (رێبەری کچان بۆ راو و راوەماسی) مەلیسا بەنک (1960ز) نووسەری ئەمریکی نموونەیەکی تازەترە. نموونەی لە ئەدەبی فارسیشدا (گۆرانی بۆ ژیان بڵێ)ی جەمال میرسادقییە (1933ز).
ئەگەر سەرنج بدەین هەر دە کورتەچیرۆکەکەی ئەم چیرۆک رۆمانە و بەشی یانزەش واتە حەمدی بەگ یان راستتر هەر یانزە بەشەکەی ئەم رۆمان کورتەچیرۆکە، بەشێوەیەک لە شێوەکان پێکەوە گرێدراون، یان دەتوانین بڵێین زنجیرەن و یەکتری تەواو دەکەن. ئەگەرچی گێڕەرەوە بەشێوەیەکی خەتی (واتە یەک لە دوای یەک لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی) چیرۆکەکان یان بەشەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو بەشێوەی مونتاجی سینەمایی پێش و پاش بە چیرۆکەکان یاخود بەشەکان دەکات، بەڵام لە دواجاردا هەموویان پێکەوە خەتی درامی دەقەکە بەرەو لووتکە دەبەن و چیرۆکی رۆمان کورتەچیرۆکەکە تەواو دەکەن، کاتێک دەگەینە کۆتایی ئەوسا لە رۆمان کورتەچیرۆکەکە تێدەگەین. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر یەک دوو کورتەچیرۆک لەگەڵ کورتەچیرۆکەکانی تردا زۆر پێکەوە پەیوەست نەبن، لەبەر ئەوەی پەیوەستن بە گێڕەرەوە و کارەکتەری سەرەکیی دەقەکەوە کە حەمدی بەگە، هەردووکیشیان لەناو رۆمان کورتەچیرۆکەکەدا رۆڵی گرنگیان هەیە، پێکەوە گرێیان دەدەن و دەبنە پردی پەیوەندی پێکەوەبەستنی خەتی درامی دەقەکە و چیرۆکی رۆمان چیرۆکەکە. وەکو (بەشی سێیەم کاکەسێ ل66-91، هەروەها بەشی شەشەم کاکەباوە ل134-149). ئەگەر لەلای خۆمان بۆ نموونەی هاوشێوەی دیلبەرا ئانی بگەڕێین دەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵەچیرۆکی (لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا)ی دانا فایەق بکەین، کە پێنج چیرۆکی پێکەوە گرێدراون و هێڵی درامیان یەکە بەڵام دەقەکە رۆمان نییە.
لەلایەکی تریشەوە ئەگەر سەرنجی رۆمان کورتەچیرۆکی دیلبەرا ئانی بدەین، گێڕەرەوە وەکو رۆمان دەستی پێ کردووە. (دەستپێکردنی رۆمان، بەپێچەوانەی کورتەچیرۆکەوە، پێویستی بە زەمینەخۆشکردنە بۆ درێژەدان و بەرەوپێشبردنی دواتری رووداوەکان. لە زەمینەخۆشکردندا رۆماننووس دەبێت کات و شوێنی چیرۆکی رۆمانەکە ئاشکرا بکات، کارەکتەر یان کارەکتەرە سەرەکییەکان بە خوێنەر بناسێنێت، پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکان لەگەڵ یەکتردا دەستنیشان بکات).[3]
من کاتێک دەستم کرد بە خوێندنەوەی رۆمان کورتەچیرۆکەکە، ئاسایی لە کورتەچیرۆکی یەکەمەوە یان لە بەشی یەکەمەوە بە ناوی (کاکەشەکر) چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد دوای تەواوکردنی کۆتایی بە چیرۆکەکە بێت و لە بەشی دووەم و بەشەکانی دیکەدا درێژەی چیرۆکی رۆمان کورتەچیرۆکەکە نەخوێنمەوە. کەواتە گێڕەرەوە هەر لە سەرەتاوە زەمینە خۆش دەکات بۆ گێڕانەوەی رۆمانێک و دەیەوێت بەش بەش درێژە بە چیرۆکی رۆمانەکە بدات. بەم پێیە وردە چیرۆکی ناو تەکسییەکەی رێگای پێنجوێن شتێکی ئاسایییە و زیادە نییە. چونکە (رۆماننووس ناچار نییە دەقەکەی کورت بکاتەوە). دیارە گێڕەرەوە هەر لەم بەشی یەکەمەدا کارەکتەری سەرەکیی رۆمان کورتەچیرۆکەکەمان پێ دەناسێنێت و دەڵێت: “حەمدی بەگ هەر وەختێ باسی زادینای دەکرد هۆش و گۆشی لای خۆی نەدەما، دین و دەهری دەبوو بۆ ئەو شۆخە نازدارە. هەروا قسانی دەکرد و جوان جوان دڵیم دەبینی چۆن دەسووتا. وابزانم لە دووماهیدا شێتی دەکات و نایەت”. ل22. هەروەها گێڕەرەوە هەر لەم بەشەدا زادینای ئێزدیشمان پێ دەناسێنێت کە کارەکتەری سەرەکیی دووەمە لە دوای حەمدی بەگ و لایەنێکی سەرەکیی چیرۆکی رۆمانی کورتەچیرۆکەکەیە، ئەوەتا دەڵێت: “زادینا دیلبەرا ئانی، کەڤۆکێکی ئەفسانەیی دەشتی قەرسە یان کچی قەڵای کەونارای شاری ئانی هەر جارە بەجۆرێک خۆی نیشانی حەمدی بەگ دەدا، سەری لێ شێواندووە، سەرگەردانی کردووە. ل23”.
هەر لەم بەشەدا گێڕەرەوە سەبارەت بە کات و شوێنی رووداوەکانی رۆمان کورتەچیرۆکەکە زانیاریمان دەداتێ و دەگەینە ئەو باوەڕەی کات و شوێنی رووداوەکانی ئەم رۆمان کورتەچیرۆکە دیاریکراو نییە. بۆ نموونە لە مانگێک چەند مانگێک یان ساڵێکدا لە ژوورێک یان گەڕەکێک یان شارێکدا روو بدەن. بەڵکو کات و شوێن و فەزا بەردەوام لە گۆڕاندایە و نازانین لە کوێ کۆتایی دێت. ئەوەی لە بەشی یەکەمدا لێی تێدەگەین ئەوەیە لە سلێمانییەوە بەرەو کانی دینار لە مەریوان و لەوێشەوە بەرەو سنە دەچین. کەواتە چ گێڕەرەوە و چ کارەکتەری سەرەکیی دەقەکە وەکو دوو گەڕیدە شارە و شارمان پێ دەکەن و هێدی هێدی بەشەکانی داستانی زادینا و شەیداکانیمان بۆ دەگێڕنەوە. ئەم دەسپێک و ئامادەکارییەی هەر لە بەشی یەکەمدا دەرکی پێ دەکەین، دەمانگەیەننە ئەو باوەڕەی لەبەردەم دەقی رۆمانێکداین و وردە وردە حیکایەتەکەی لەتەک خۆیدا دەمانبات.
دواجار ئەگەر لەناو واقیعی دەقی رۆمان کورتەچیرۆکەکەدا سەیری کات و شوێنی رووداوەکان بکەین و ساڵ و شوێنی رووداوەکان حساب بکەین، دەبینین چیرۆکی رۆمان کورتەچیرۆکەکە ساڵانێکی زۆری پێچووە و لە چەندین شوێنی جیاوازدا رووی داوە. ئەگەر لە سەرەتای عەشقی حەمدی بەگەوە بۆ زادینا دەست پێ بکەین و کاتەکەی حساب بکەین کە پێی دەگوترێت کاتی زیندوو یان کاتی رووداوەکان: (ئەمەش ئەو کاتەیە کە تیایدا رووداوەکانی رۆمان چیرۆکەکە روویان داوە و بەسەر کارەکتەری سەرەکی هاتوون)، هەرچەندە سەرەتای عەشقی حەمدی بەگ و زادینا دیار نییە، بەڵام هەتا کۆتاییی دەقەکەش کە تەمەنی پەنجا و پێنج ساڵە هەر عاشقی زادینایە، ئەگەر تەمەنی دوای بیست ساڵیش حساب بکەین، کاتی دەقەکە زیاتر لە سی ساڵە، ئەم کاتەش بەپێی زۆر پێودانگ کاتی رۆمانە نەک کورتەچیرۆک.
دیارە جگەلەم چیرۆکە چیرۆکی عەشقی حەمدی بەگی شاعیر و زادیناشمان هەیە:” سەرەتای ناسینی زادینا و حەمدی بەگی شاعیر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1928، زستانی ئەو ساڵە حەمدی بەگی شاعیر بە نهێنی گەشتێکی بۆ ئیستەنبووڵ کردووە. ل223″. هەروەها چیرۆکی عەشقی دربۆی ئێزدی و زادینای ئێزدیشمان هەیە: “رۆژێکی هاوینی 1958 بوو کیژەک بە ناوی زادینا لە پێش عەمارەت موشیر دیوان دەرکەتییە. کیژەکی خڕیلەی سپیکەلانە و خین شیرین بووە. کچە سەمای دەکرد و دەگریا و هاواری دەکرد دربۆ، هۆ دربۆ … دربۆیە ئەز، لە کودەرێی؟ ل57 “. بەڵام ئەم دوو چیرۆکە دەکەونە کاتی مردووەوە لەگەڵ کاتی رۆمان کورتەچیرۆکەکە حساب ناکرێن. (کاتی مردوو ئەو کاتەیە کە دەکەوێتە پێش کاتی زیندووەوە “رابردوو” یان دەکەوێتە دوای کاتی زیندووەوە “داهاتوو”). چیرۆکی یەکەمیان لە رێگەی حەمدی بەگەوە دەزانین کە بیستوویەتی. چیرۆکی دووەمیشیان لە رێگەی مەغدیدەوە دەزانین کە ئەویش بیستوویەتی. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بۆ کاتێکی تریش بکەم ئەویش کاتی گێڕانەوەیە، کە بریتییە لە کاتی گەشتە خەیاڵییەکەی گێڕەرەوە و کارەکتەری سەرەکی حەمدی بەگ کە نازانین چەندە.
زمان لە دیلبەرا ئانی-دا:
زمان بەردی بناغەی هەموو ژانرەکانی ئەدەبە، لە دەرەوەی زمان هیچ ژانرێکی ئەدەبی وجودی نییە. زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی نووسەر و ئەدیبی گەورە و داهێنەر بوون، ئەو راستییە دەزانن کە مەحاڵە بەبێ زمانێکی ئەدەبی تۆکمە و جوان دەقێکی داهێنەرانە بنووسرێت. هەر زمانزانین و زمانپاراوییە وادەکات هەر نووسەر و ئەدیبێکی داهێنەر بتوانێت ببێتە خاوەنی ستایلی تایبەتی خۆی لە نووسینی دەقدا. دیارە نووسەر و ئەدیب هەیە بە زمانێکی ئاڵۆز و تەمومژاوی دەنووسێت، نووسەر و ئەدیبیش هەیە بە زمانێکی سادە و قووڵ دەنووسێت. دەشێت نووسەر و ئەدیبیش هەبێت زۆر گوێ بە زمان نەدات و بە زمانی ئاسایی رۆژانە بنووسێت.
رەزا قاسمی رۆماننووس و شانۆنامەنووس و مۆسیقارێکی ئێرانییە، لە کۆڕێکدا لە لۆس ئەنجلۆس کە باسی رۆمان دەکات باس لە گرنگی زمان دەکات و دەڵێت: “زمان یەکێکە لە گرنگترین رەگەزەکانی هەر رۆمانێکی باش” هەروەها دەڵێت: “لە ئەدەبدا هەر کەسێک دەبێت زمانی تایبەتی خۆی بدۆزێتەوە، ئەگەرنا هیچی نەکردووە.” لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت: “ئیشی زمان ئەوەیە کە بۆ وەسفی هەر دیمەنێک زمانی وەسفی ئەو دیمەنە دروست بکات.” سەبارەت بە کورتی و درێژی رستە و شوێنیش دەڵێت: “زمان هەم ملکەچ و هەم خوڵقێنەری شوێنە، درێژی یان کورتیی رستەکان دەبێت لەگەڵ کار و کردەوەی کارەکتەرەکاندا نزیکایەتی هەبێت و بگونجێت. لە شوێنێکی ئارامدا زیاتر ئەو وشانە بەکار دێن کە دەنگدانەوەی نەرم و نیانیان تێدا زۆر بێت، لە کاتی شەڕ و پێکداداندا ئەو وشانە بەکار دێن کە لەو پیتانە دروست بوون زەنگی توندوتیژی و شەڕ لێ دەدەن “.[4]
مەحموود نەجمەدین رۆمان کورتەچیرۆکی دیلبەرا ئانی بە کوردییەکی رەوان و جوان نووسیوە، ئەمەش پێش هەموو شتێک نیشانەی هەوڵ و ماندووبوونێکی تاقەتپڕوکێنە و کاتێکی زۆری دەوێت. ئەمەش لە نووسەرێکی دڵسۆز بۆ زمانی کوردی و ماندوونەناسی وەکو مەحموود نەجمەدین دەوەشێتەوە. ئەگەرچی لەم دەقەدا سەدان وشە و رستەی شێوەزارەکانی تر جێگەیان بۆتەوە و ئاوێتەی شێوەزاری کرمانجی خواروو یان سۆرانی کراون، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆی ئەوەی خوێنەر ماندوو بێت و دەقەکە بەلایەوە ئاڵۆز بێت و نەتوانێت لەسەر خوێندنەوەی رۆمان کورتەچیرۆکەکە بەردەوام بێت. بەڵکو ئەم زمانە جوان و شیرینە زیاتر هانی خوێنەر دەدات بۆ ئەوەی لەسەر خوێندنەوەی دەقەکە بەردەوام بێت.
لەلایەکی تریشەوە دەبینین ژمارەیەک لە کارەکتەرەکان بە وشە و زاراوەی ناوچەی خۆیان قسە دەکەن، بەڵام ئەمەش نەبۆتە هۆی ئەوەی خوێنەر ماندوو بکات و لە خوێندنەوەی رۆمان کورتەچیرۆکەکە دووری بخاتەوە، بەڵکو زیاتر هانی دەدات لەسەر خوێندنەوەی دەقەکە بەردەوام بێت، چونکە گێڕەرەوە زۆر شارەزایانە لە زمانی کارەکتەرەکانەوە لەسەر گێڕانەوەی رۆمان کورتەچیرۆکەکە بەردەوام دەبێت، بەڵام گێڕەرەوە نەهاتووە هەموو دەقەکە بە زاراوە و وشەی ناوچەیی یان بە شێوازی قسەکردنی ناوچەیی بگێڕێتەوە. چونکە نووسەر دەزانێت رۆماننووس نابێت رۆمانەکەی بە شێوازی قسەکردنی ناوچەیی بنووسێت، بەڵام دەکرێت چەند کارەکتەرێکی دیاریکراوی هەبێت و بە شێوازی قسەکردنی ناوچەکەی خۆیان قسە بکەن. ئەگەر نووسەر بە شێوازی قسەکردنی ناوچەیی بنووسێت ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر تووشی سەرئێشە بێت و دەقە نەخوێنێتەوە.
ولیام فۆکنەر لەبارەی وشە و زاراوەی ناوچەیییەوە دەڵێت: “باشترین شت ئەوەیە نووسەر لە کاتی نووسینی دەقدا کەمترین وشە و زاراوەی ناوچەیی بەکار بهێنێت، چونکە ئەو خەڵکەی ئاشنای ئەو جۆرە وشە و زاراوانە نین، گێژ دەبن. نووسەر نابێت رێگە بدات کارەکتەرەکانی بەتەواوی بە زاراوەی ناوچەیی قسە بکەن و زاراوەی ناوچەیی بەکار بهێنن. باشتر وایە بە چەند ئاماژەیەکی سادە و کورت کە بە باشی لە درێژەی رۆمانەکەدا باس دەکرێت، شێوەزاری کارەکتەرەکان نیشان بدرێت”.[5]
نووسەری دیلبەرا ئانی جگەلەوەی بە جوانی پەیڕەوی ئەم رێنمایییەی ولیام فۆکنەری کردووە، لە کۆتاییی رۆمان کورتەچیرۆکەکەدا فەرهەنگۆکێکی 15 لاپەڕەیی دروست کردووە و زۆربەی ئەو وشە و زاراوانەی لێکداوەتەوە کە دەشێت بەلای خوێنەرەوە قورس بن یان قابیلی تێگەیشتن نەبن.
ئەگەرچی لە سەراپای دەقەکەدا چەندان وشە و زاراوەی کرمانجی ژووروو دەبینین کە ئاوێتەی دەقەکە کراون، بەڵام تەنیا دوو کارەکتەر چەند لاپەڕەیەک بە شێوازی قسەکردنی شارەکەی خۆیان قسە دەکەن و شتەکان دەگێڕنەوە، ئەوانیش لە بەشی کاکەدربۆ کامەران ئەحمەدی و هەڵاڵە خانمی ژنی بە شێوازی قسەکردنی سنە قسە دەکەن و شتەکان دەگێڕنەوە. “کامەران ئەحمەدی دەستی بە گێڕانەوەی ئەو بەشەی دیکەی چیرۆکەکە کرد: پیرە پیاگێک هەس لە ئاوایی قوڵغەتەی لای بۆکان، حافزە، ساڵانێکە ها لەویا کەس نازانێ چ کارەیە، بێکەسە و لەو دێیە ماڵێکیان بۆ دروس کردە، ناوی برایمە، بە بلەکوێر مەنشوورە، ئەو پیاگە بەیتبێژە، چەن ساڵە هەر یەک بەیت ئەڵێتەوە، بەیتی زادینا، ئەڵێن هەر وەختێ دڵی تون بێ ئەچێتە حەوشەی ماڵەکەی، روو بە میرقاز بە دەنگێکی غەمگین ئەو بەیتە ئەڵێتەوە. چەند پرسیاریان لێ کردە، زادینا کێ هەس. بەحس و ماجەرای چە؟ … ل38-39”.
هەر لەم بەشەدا مەغدید لە هەولێر بە شێوازی قسەکردنی هەولێر شتەکان دەگێڕێتەوە: “مەغدید: ئەها، ئەو تابلۆیە بەو قسانەی بە دەستی من کەتییە، ئەوەی دەیزانم لۆتان دەگێڕمەوە، هەمووی وەکی خۆی، نوقتەی لێ قوت نادەم. ئەو وێنەیەی مامۆستا محەمەد نیک پەی کە بە خۆم کتێبەکم لەسەری نووسیوە، وا لە چاپخانەیە، لەوانەیە سبیانێ چاپی خلاس ببی. هەر ئەو قسانەی بەنگۆی دەرێم لەو کتێبەشدا هەیە … ل56-57 “
هەروەها لەبەشی دوای ئەوەشدا بە ناوی کاکەسێ جارجار رستەی شێوازی قسەکردنی سنە دەبینین. بەڵام نووسەر لەمەشدا جوان توانیویەتی بە شێوازی قسەکردنی ئەو دوو شارە لە زمانی کارەکتەرەکانییەوە شتەکان بگێڕێتەوە. ئەمەش خۆماندووکردن و کاتێکی زۆری دەوێت. بۆیە پێی دەڵێم دەستخۆش و ماندوو نەبیت.
گەشتێکی خەیاڵیی قورس:
گێڕەرەوەی رۆمان کورتەچیرۆکی دیلبەرا ئانی لەگەڵ هاوکارەکەیدا حەمدی بەگ بە دوای داستانی زادینا و دڵدارەکانیدا، شارە و شار و گوندا و گوند و گەلێک کوچە و کۆڵان دەمانبات و گەشتێکی خەیاڵیی دوورودرێژمان پێدەکات، لە سلێمانییەوە بۆ مەریوان، کانی دینار، زۆربەی کوچە و کۆڵانەکانی سنە، کۆمەڵێک گوند و گەڕەک و بانی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دیسانەوە بۆ سلێمانی، ئینجا بۆ هەولێر و کۆمەڵێک شار و شارۆچکە و گەلێ ناوچەی باکووری کوردستان، دیسانەوە گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێک، واتە شارە حەیاتەکە و دوای جێهێشتنی کۆمەڵێک پرسیار لای خوێنەر کۆتایی بە گەشتەکە دەهێنن.
دیارە گێڕانەوەی ئەم گەشتە لەم دەقەدا بە شێوەی گێڕانەوەی ئاسایی نییە، واتە لە سەرەتاوە بۆ ناوەڕاست و بۆ کۆتایی، بەڵکو بەشێوەی کامێرای سینەمایی هەر جارەی تیشک دەخاتە سەر جێگایەک و لەوێ بەشێک لە داستانەکە باس دەکات و دوایی دەگوێزێتەوە بۆ جێگایەکی تر. کەواتە خوێنەر بۆ ئەوەی لە تەواوی داستانەکە تێبگات دەبێت دەقەکە تەواو بکات، ئینجا لێی رابمێنێت بزانێت چی رووی داوە.
ئەوەی لێرەدا مایەی سەرنجە ئەوەیە، گێڕەرەوە و هاوکارەکەی بە شێوەیەکی فیزیکی ئەم گەشتەیان نەکردووە، دەشێت گێڕەرەوە کە گێڕەرەوەیەکی هەمووشتزانە لە ژوورەکەی خۆی جووڵەی نەکردبێ و هەر لەوێوە بەسەرهاتی ئەم گەشتە خەیاڵییەی گێڕابێتەوە، راستتر نووسیبێتەوە، چونکە گێڕەرەوە سەرەڕای ئەو هەموو وردەکارییەی سەبارەت بە شەقام و کۆڵان و گەڕەک و گەرماو و چایخانە و شوێنە جۆراو جۆرەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆمان باس دەکات، نەک یەک شار یەک گەڕەک یان یەک گوندی رۆژهەڵاتی کوردستانی نەدیوە. بە هەمان شێوە هیچ جێگایەکی باکووری کوردستانیشی نەدیوە و ئەو هەموو وردەکارییەمان بۆ باس دەکات.
کەواتە مەحمود نەجمەدینی نووسەر بەرلەوەی دەست بە نووسینی دەقەکەی بکات، ماوەیەکی زۆر خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی ورد بووە سەبارەت بەو شوێنانەی ویستوویەتی بیکات بە شوێنی روودانی بەشەکانی چیرۆکی عەشقی زادینا ئەمەش لە رێگەی گێڕەرەوەیەکی هەمووشتزان و هاوکارەکەیەوە. تەنیا مەحموود نەجمەدین و ئەو نووسەرانەی تر کە دەیانەوێ بەم شێوازە رۆمان بنووسن دەزانن ئەم شێوازە چەند قورسە و چەندە پێویستی بە دیقەت و وردەکارییە. دەڵێن جەیمس جۆیس بۆ ئەوەی هەندێ شوێنی روودانی یۆلیسیس بەوردی لێک بداتەوە، زۆر لە هەندێ دیواری شاری دبلن ورد بۆتەوە، بەوەش دڵی ئاوی نەخواردۆتەوە و مەتری بردووە و هەندێ دیواری پێواوە. بەڵام ئەم شێوازەی مەحموود نەجمەدین دەقی دیبلەرا ئانی پێ نووسیوە شێوازێکی ترە و جگە لەوەی پێویستی بەخوێندنەوەی سروشتی خەڵکی ئەو شوێنەیە، پێویستی بە گۆگڵ ماپ و بەرنامەی لۆکەیشنە بۆ ئەوەی بتوانیت بەوردی و بەبێ هیچ هەڵەیەک شوێنەکە دەستنیشان بکەیت، ئەمەش بەڕاستی تاقەتپڕوکێنە.
ئەوەی ئێستا لێرەدا وەکو نموونەیەکی ئەم دەقەی مەحموود نەجمەدین بتوانین ئاماژەی بۆ بکەین لەناو رۆمانی کوردیدا بریتییە لە رۆمانی داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی و لە رۆمانی جیهانیشدا بریتییە لە رۆمانی ئەمریکای فرانس کافکا. دەشێت دەیان نموونەی تریش هەبن، بەڵام پێم وایە ئەم دوو نموونەیە بۆ روونکردنەوەی ئەم شێوازە بەس بێت. دیارە زۆربەی خوێنەری کورد رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”یان خوێندۆتەوە، بۆیە تەنیا کەمێک باسی رۆمانی ئەمریکای کافکا دەکەم.
رۆمانی ئەمریکا رۆمانێکی واقیعی ئەڵمانییە، یەکێکە لە بەرهەمە سەرەتایییەکانی نووسینی فرانس کافکا کە ساڵانی (1911 بۆ 1914) نووسیویەتی و تەواوی نەکردووە، دوای مردنی خۆی لە ساڵی 1927 دا چاپ کراوە. رۆمانەکە باسی گەشتی گەنجێکی ئەوروپی دەکات بۆ ئەمریکا کە ناوی کارل رۆسمانە و تەمەنی شانزە ساڵە، دوای ئەوەی کارەکەرێک لە خشتەی بردووە و ئابڕووچوونێکی لەدەست قەوماوە بە ناچاری رێگای ئەمریکای گرتۆتەبەر و گەیشتۆتە نیویۆرک. کافکا لەم رۆمانەیدا لە رێگەی کارەکتەری سەرەکییەوە کە کارل رۆسمانە باسی کۆمەڵگای ئەمریکی دەکات کە لێوان لێوە لە بیرۆکراسی، دەسەڵات، فرت و فێڵ و دادۆشین، بێسەروبەرەیی و پاشاگەردانی. بۆیە کارل رۆسمان هەست بە غوربەتێک دەکات کە خۆشی و دنیاشی لەبیر بردۆتەوە و رزگاربوونیشی نییە. هەمیشە لە ململانێی نێوان خەون و ئاواتەکانی و واقیعی دڵڕەقدا دەژی. کافکا لەم رۆمانەیدا بە شێوەیەک باسی سروشتی کۆمەڵگای ئەمریکا و دڵڕەقی بەرامبەر خەڵکی غەریب دەکات وەک ئەوەی خۆی ساڵانێکی زۆر لەناو کۆمەڵگای ئەمریکادا ژیابێت. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کافکا پێی نەخسۆتە سەر خاکی ئەمریکا و رۆمانی ئەمریکای تەنیا لە رێگەی خوێندنەوە و کۆکردنەوەی زانیارییەوە نووسیوە، هەروەکو چۆن مەحموود نەجمەدین پێی نەخستۆتە سەر خاکی رۆژهەڵات و باکووری کوردستان و دیلبەرا ئانی نووسیوە. تاکە جیاوازیی سەرنجڕاکێش لە نێوان ئەم دوو دەقەدا ئەوەیە دەقەکەی کافکا (111) ساڵ پێش دەقەکەی مەحموود نەجمەدین نووسراوە. ئەمەش یەک شتمان بۆ ئاشکرا دەکات ئەو کاتەی کافکا رۆمانەکەی نووسیوە وەکو ئێستا ئینتەرنێت نەبووە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر چەند ناوچەیەکی دیاریکراو و خەڵکەکەی وەکو رۆژگاری ئەمڕۆ ئاسان نەبووە و ئەو هەموو سەرچاوەیەی ئێستا لەبەردەستدا نەبووە.
ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی بۆ بکرێت ئەوەیە، چەندان جار لە چەندان نووسەری ناودارەوە ئەوەمان بەرگوێ کەوتووە، پێویستە رۆماننووس لەبارەی ئەو رووداو و شوێنانەوە بنووسێت کە خۆی تیایاندا ژیاوە و ئەزموونی کردوون. ئەوەتا گابریل گارسیا مارکیز دەڵێت: “ئەگەر داوام لێ بکەن رێنماییی نووسەرە گەنجەکان بکەم، پێیان دەڵێم ئەوە بنووسنەوە کە سەروەختێ بەسەر خۆتان هاتووە.”[6] هەمەنگوایش دەڵێت: “رۆمانەکانت دەبێ دەربارەی ئەو کەسانە بن کە دەیانناسی، کە عاشقیانی، یان رقت لێیانە، نەک دەربارەی ئەو کەسانەی لێیان دەکۆڵیتەوە”.[7]
بەڵام ولیام فۆکنەر رای جیاوازە لە هەمەنگوای و مارکیز، دەڵێت: “ئەو شتەی نووسەر دەیەوێ بینووسێت، نابێت سنووردار بێت. نووسەر دەبێت بەو شێوەیەی لە شتێک دەزانێت و شارەزایە لێی، بینووسێت، بەڵام دەشێت لە دەرەوەی ئەزموونی تایبەتی خۆشییەوە بنووسێت، هەموو ئەو شتانەی نووسەر دەیانزانێت، لە رێگەی بینین و ئەزموونەکانی ژینگەکەیەوە بەدەستیان دەهێنێت، بەڵام دیسان نابێت هەوڵەکانی سنووردار بن. باشتر وایە ئامانجی باڵاتر و گەورەتر لەبەرچاو بگرێت”.[8]
بەم پێیە بۆچوونەکەی مارکیز و هەموو ئەو بۆچوونانەی باس لەوە دەکەن پێویستە رۆماننووس باسی ئەو رووداو و شوێنانە بکات کە خۆی تیایاندا ژیاوە، راستی رەها و یەکلاییکەرەوە نین، بەڵکو راستی تریش هەیە و دەکرێت نووسەر لە رێگەی کۆکردنەوەی زانیاری و خوێندنەوەی قووڵیی سروشتی کارەکتەر و کۆمەڵگاکانەوە دەقی جوان و سەرکەوتوو بنووسێت، وەکو رۆمانەکەی کافکا و رۆمان کورتەچیرۆکەکەی مەحموود نەجمەدین.
لە کۆتاییی ئەم بەشەدا بە پێویستی دەزانم قسەیەک لەسەر رۆمانی بەندەر فەیلی بەختیار عەلی بکەم. دوای خوێندنەوەی رۆمانی بەندەر فەیلی ئەوەی بەلای منەوە مایەی سەرسامی بوو، ئەو هەموو زانیارییە وردە بوو لەسەر بەشی سێدارەی ئەبوغرێب، شێوازی لە سێدارەدان، رەفتاری دڕندانەی بەعسییە جەللادەکان، خوڵقاندنی ئەو فەزا ترسناکەی بەشی سێدارە و رەنگدانەوەی لە زەینی خوێنەردا، ئەگەر لە گێڕانەوەی ئەوانەی لەو بەشەدا ژیاون و دواتر دەرباز بوون زیاتر نەبووبێت کەمتر نەبووە، لە کاتێکدا بەختیار عەلی هەموو زانیارییەکانی لە رێگەی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەوە بەدەست هێناوە و تیایدا نەژیاوە.
چیرۆکی رۆمان چیرۆکەکە:
لە راستیدا چیرۆکی رۆمان کورتەچیرۆکی زادینا دیلبەرا ئانی یەک چیرۆک نییە، بەڵکو سێ چیرۆکی پێکەوە گرێدراوە و هەرسێکیان پێکەوە یەکتری تەواو دەکەن و دەبنە یەک چیرۆک، ئەویش چیرۆکی عەشقی زادینا و سێ دڵدارە جیاوازەکەیەتی کە چیرۆکی سێ عەشقی ناکامە یانی چیرۆکی ئەو عاشقانەیە کە بە یەک ناگەن و عەشقەکەیان بە نەمری دەمێنێتەوە. تەنیا ئەو عەشقانەش بە نەمری دەمێننەوە کە عاشقانیان بە یەک ناگەن و بە ناکامی سەردەنێنەوە، یان دەژین و بۆ هەمیشە حەسرەتی ئەو عەشقە لە دڵیاندا دەمێنێتەوە. بۆیە ئەلبێر کامۆ لە ئەفسانەی سیزیفدا دەڵێت: “هیچ عەشقێکی ئەبەدی وجودی نییە، ئەو عەشقە نەبێت کە کۆسپی لەبەردەمدایە” واتە ئەو عەشقەی عاشقانی بەیەک ناگەن. لەلایەکی ترەوە ئەم سێ چیرۆکەی یەکتری تەواو دەکەن و دەبنە یەک چیرۆکی ناو دەقەکە، لەڕووی کاریگەری و داگیرکردنی رووبەری ناو دەقەکەوە جیاوازن. ئەگەر بەپێی زەمەنی چیرۆکی عەشقەکە لە چیرۆکی یەکەمەوە دەست پێ بکەین، واتە لە چیرۆکی عەشقی حەمدی شاعیر و زادیناوە، دەبینین ئەم چیرۆکە زیاتر چیرۆکی عەشقێکی راگوزەرە و بریتییە لە عەشقی رێبوارێک بۆ کچێک کە بەڕێکەوت یەک دەبینن و رووبەرێکی کەمی دەقەکەی داگیر کردووە. چیرۆکی دووەم بریتییە لە چیرۆکی عەشقی زادینا و دربۆی ئێزدی، ئەو دربۆیەی دوای هەڵاتن لەگەڵ زادینای عاشقیدا لە هەولێر دەگیرسێنەوە، بەڵام ئەفسووس دربۆ بە دەستی غەدر بە دەستی خەڵەف لەسەر عەشقی زادینا دەکوژرێ و عومری جوانی بە عەشقی زادینا دەبەخشێت، لە سۆنگەی ئەمەشەوە زادینا بۆ هەمیشە بە خەم و حەسرەتەوە دەژی و هەمیشە چاوەڕێیە دربۆکەی بێتەوە و ئاهو ناڵە و سەمای غەمگینی هەر چارەنووسە غەمگینەکەی ئەوە. بەیتی زادیناش زیاتر باسی ئەو غەدرە دەکات کە لە دربۆی ئێزدی کراوە و لاواندنەوەی ئەو عاشقە غەمگینە ناکامەیە. “زادینا بە سێ دەنگان گازی خوڵای دەکات- بەو خوێنەی لە دڵی کاکەدربۆوە هەڵدەقوڵێ …ل48”.
چیرۆکی سێیەم چیرۆکی عەشقی حەمدی بەگ و زادینایە، ئەگەرچی هێندەی چیرۆکی یەکەم بەسوێ و کاریگەر نییە، بەڵام رووبەڕێکی فراوانی لەناو دەقەکەدا داگیر کردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین چیرۆکی سێیەم چیرۆکی سەرەکی دەقەکەیە، ئەسڵەن ئەگەر چیرۆکی سێیەم و کارەکتەری حەمدی بەگ نەبێت، چیرۆکی یەکەم و دووەم هەر نابن و لە پەراوێزی چیرۆکی سێیەمدا چیرۆکی یەکەم و دووەمیش دەگێڕدرێنەوە و دەقەکە بە ئاراستەی کۆتایی دەڕوات. هەرچەندە هەرسێ چیرۆکەکە زیاتر لە چیرۆکی پەریان دەچن و زادینا زیاتر وەکو کارەکتەرێکی ئەفسانەیی دەردەکەوێت، بەڵام پەرییەکی هێندە بێ هەست و دڵ نییە، لە هەر سێ دڵدارەکەی نزیک دەکەوێتەوە و باوەشیان بۆ دەکاتەوە و ماچ و رامووسانیشی تێدەکەوێت، بۆیە هەر سێ چیرۆکەکە هێندە لە واقیع دوور نین، هیچ نەبێت لەو واقیعەدا روودەدەن کە پێی دەگوترێت واقیعی دەق. ئەرنێست هەمەنگوای جوان گوزارشت لەمە دەکات کاتێ دەڵێت: “هەموو رۆمانەکان خاسیەتێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە چیرۆکەکەیان زۆر راستەقینەترە لەوەی کە بە راستی روو دەدات، دوای خوێندنەوەیان هەست دەکەیت هەرچیت خوێندۆتەوە، بەسەر خۆت هاتووە و لەوە بەدواوە رووداوەکان پەیوەندییان بەخۆتەوە هەیە”.[9]
ئەگەر باسی بابەتی رۆمان کورتەچیرۆکەکەش بکەین دەتوانین بڵێین بابەتی دەقەکە بریتییە لە عەشق، عەشقیش ئەو بابەتەیە کە هەرگیز کۆن نابێت و هەمیشە تازە دەبێتەوە و بابەتێکی ئینسانی نەمرە. بەڵام نووسەری دیلبەرا ئانی بە شێوەیەکی تر مامەڵە لەگەڵ بابەتی عەشق دەکات و نزیکی دەکاتەوە و لە ئەفسانە و بە تەواویش قاچی لە واقیع نابڕێت.
کارەکتەر و کارەکتەرسازی لە دیلبەرا ئانیدا:
یەکێک لە رەگەزە هەرە گرنگ و چارەنووسسازەکانی رۆمان بریتییە لە کارەکتەر، چونکە کارەکتەر ئەو رەگەزەیە کە رووداوەکانی ناو رۆمان بەسەر ئەو دێن و دواتر خۆی راستەوخۆ دەیانگێڕێتەوە یان گێڕەرەوەیەکی تر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رووداوەکانی رۆمانەکە دەگێڕێتەوە. گرنگ نییە جۆری کارەکتەرەکە چییە؟ مرۆڤە، ئاژەڵە، ئامێرە، جن و پەرییە، بەڵام بوونی لەناو رۆمانەکەدا گرنگە و بەبێ کارەکتەر شتێک نییە پێی بگوترێت رۆمان و ئەسڵەن تەسەور ناکرێت. گرنگی کارەکتەر لەوەدایە زۆرجار خۆشەویستیی کارەکتەر و جوان و لۆجیکی هەڵسوکەوتکردن و هەڵسوڕانی لەناو رۆمانەکەدا دەبێتە هۆی ئەوەی رۆمانەکە لای خوێنەر خۆشەویست بێت، ببێتە پاڵنەرێکی باش بۆ خوێندنەوەی رۆمانەکە و وابکات رۆمانەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە یادەوەریی خوێنەردا بمێنێتەوە. زۆرجاریش خوێنەر بەسەرهاتەکانی رۆمانەکەی لەبیر نامێنێت، کەچی ناو و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکەی هەر لەبیر دەمێنێت. ئەوەش گرنگ نییە کارەکتەرەکە کارەکتەری خێرە یان شەڕ، بەڵکو ئەوە گرنگە تاچەند بە شێوەیەکی جوان و لۆجیکی هەڵسوکەوت دەکات و خۆشەویستی و متمانە لای خوێنەر دروست دەکات.
دروستکردنی کارەکتەر و هەڵسوڕاندنی لەناو رۆماندا بە شێوەیەکی وا کە ببێتە جێگای متمانەی خوێنەر و لای خوێنەر خۆشەویست بێت پێی دەگوترێت کارەکتەرسازی. رۆماننووسی زیرەک و شارەزا ئەو رۆماننووسەیە بتوانێت بە شێوەیەکی ژیرانە و لۆجێکی لە رۆمانەکەیدا کارەکتەرسازی بکات، وابکات خوێنەر کاتێک دەست دەداتە رۆمانەکەی هەتا تەواوی دەکات نەتوانێت لێی داببڕێت. کارەکتەرسازیش بە دوو شێوەیە کارەکتەرسازیی راستەوخۆ، ئەو شێوازەیە کارەکتەرەکە لەناو رۆمانەکەدا هەڵسوکەوت دەکات و هەڵدەسوڕێت و خوێنەر لە رێگەی هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانییەوە دەیناسێت و لێی شارەزا دەبێت، خۆشی دەوێت یان رقی لێی دەبێتەوە، دوور نییە لاساییی هەڵسوکەوتەکانیشی بکاتەوە. کارەکتەرسازیی ناڕاستەوخۆش ئەو شێوازەیە گێڕەرەوە وەسفی کارەکتەر بۆ خوێنەر دەکات، کێیە و چییە و چۆنە و چۆن رەفتار دەکات و سیفەتەکانی چین، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە گێڕەرەوە نابێت کارەکتەرەکە بکاتە دەسکەلای خۆی و وەکو سەربازی شەترەنج بیدات بە داروبەردا، بەڵکو دەبێت دەرفەتێکیشی بداتێ بۆ هەناسەدان و جووڵە و رەفتارکردن.
ئەگەر بەم پێیە لە رۆمان کورتەچیرۆکی دیلبەرا ئانیدا سەیری کارەکتەرسازی بکەین، لەبەر ئەوەی مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە، گێڕەرەوەیەکی هەمووشتزانە، وەها باسی گێڕەرەوەی هەمووشتزان دەکرێت کە وەکو خودا وایە و هەموو شتێک لەبارەی کارەکتەرەکانییەوە دەزانێت. کەواتە کارەکتەرسازی لەم دەقەدا زۆربەی هەرە زۆری ناڕاستەوخۆیە، واتە لەجیاتی ئەوەی خۆمان لە رێگەی هەڵسوڕان و هەڵسوکەوتیانەوە کارەکتەرەکان بناسین، مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە خۆی بۆمان باس دەکات، بەڵام هیچ دەقێکیش نییە کارەکتەرسازی تیایدا سەراپا ناڕاستەوخۆ بێت، چونکە لەو کاتەدا کارەکتەرەکان بەدەست گێڕەرەوەوە وەکو رۆبۆتیان لێدێت و ئاست و چێژی دەقەکە دادەبەزێت. بۆیە رەنگە ئەم قسەیە تاڕادەیەکی زۆر راست بێت کە هەموو دەقێکی رۆمان ئاوێتەیەکە لە کارەکتەرسازیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئیتر کامیان لە کامیان زیاترە ئەوە گرنگ نییە و بەپێی پێداویستیی دەقەکەیە.
لە رۆمان کورتەچیرۆکی دیلبەرا ئانیدا زیاتر لە سی کارەکتەر هەن، بەپێی گرنگی و دەرکەوتنیان دەتوانین ئەم سی کارەکتەرە بکەین بە چوار بەشی سەرەکییەوە:
یەکەم: ئەو کارەکتەرانەی لە سەرەتاوە هەتا کۆتاییی دەقەکە وجودیان هەیە و رۆڵ دەگێڕن. وەکو (حەمدی بەگ، مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە، زادینا) دووەم: ئەو کارەکتەرانەی لە چەند بەشێکدا هەن رۆڵ دەگێڕن. وەکو (کەڕە سایەقی حەمدی بەگ، دربۆ، خەڵەف، حەمدی شاعیر …هتد. ). سێیەم: ئەو کارەکتەرانەی لە بەشێکدا هەن و رۆڵ دەگێڕن و نامێنن، ئەمانە زۆرن (وەکو کامەران ئەحمەدی، رەسوڵ، بلەکوێر، مەغدید، کاکەسێ، کاکەوەلی …هتد.) چوارەم: ئەو کارەکتەرانەی تەواو راگوزەرن و لە دیمەنێکدا هەن و ئیتر نامێنن. وەکو (کوڕ و ژنەکەی ناو تەکسییەکەی رێگای پێنجوێن، چایچییەکەی کانی دینار، ژنەکەی رەسوڵَ … هتد.).
لێرەدا نامەوێت باسی هەموو ئەو کارەکتەرانە بکەم، بەڵکو قسە لەسەر هەندێکیان دەکەم:
یەکەم: مەحموود نەجمەدینی گێڕەرەوە:
گێڕەرەوەیەکی هەمووشتزانی ورد و بە سەلیقەیە کە هیچی لەبیر ناچێت و دەچێتە قووڵاییی وردەکارییەکانەوە. زۆرجار سەیری فیلمێک دەکەین و سوور دەزانین ئەوە سینەمایە و کارێکی هونەریی رووتە، کەچی لەگەڵ ئەکتەرەکاندا دەبینە شەریکی رووداوەکان و خۆمان دەخەینە شوێنی کارەکتەرەکە و بە سەرکەوتنەکانی دڵخۆش دەبین و بە شکستەکانی غەمگین. لە راستیدا ئەوە کامێرا و جۆرەها هونەری سینەماییە کە وامان لێ دەکات ببینە شەریک شعوری کارەکتەرەکان و خۆمان بخەینە شوێنی ئەوان. لەم دەقەشدا ئەگەرچی سوور دەزانین ئەمە گەشتێکی خەیاڵییە و گەشتێکی فیزیکی نییە، بەڵام سەلیقە و وردەکاریی گێڕەرەوە، کە دەڵێی بە کامێرا شتەکانمان پیشان دەدات دەمانخاتە سەر ئەو خەیاڵەی هەست بکەین گەشتێکی راستەقینەیە. لەگەڵ باسکردنی نانخواردنەکاندا حەز بە خواردنەکان دەکەین، لەگەڵ باسکردنی سەرماوسۆڵەدا هەست بە سەرما دەکەین لەگەڵ باسکردنی کارەکتەرە بێزارکەرەکاندا وەڕس و بێزار دەبین. مەحمودی دەوڵەت ئابادی لە رۆمانی (کلیدەر)دا کە رۆمانێکی درێژی پێنج بەرگییە، کاتێک گوڵ محەمەدی کارەکتەری سەرەکیی رۆمانەکە و سوارەکانی هاوڕێی دەچنە هەر گوندێک، ئەوەی لەبیر ناچێت کە سوارەکان نان دەخۆن و دەحەوێنەوە، ئەسپەکانیشیان پێویستیان بە تاقەتکردنە، یانی دەبێت کا و جۆ و ئاویان بدرێتێ و ببەسترێنەوە و بحەوێنەوە. وردەکارییەکانی گێڕەرەوەش لە دیلبەرا ئانیدا بە شێوەیەکە هیچی لەبیر ناچێت، دوای نانخواردن باسی چوونە سەر ئاویش دەکات. کاتی خەوتن وێنە و دیمەنی دیوارەکانی بیر ناچێت، کاتێک سواری ئوتومبیل دەبن شێوازی هەڵسوکەوت و قسەکردنی سایەقەکەی بیر ناچێت.
دووەم: حەمدی بەگ، کارەکتەری سەرەکی:
حەمدی بەگ جگەلەوەی کارەکتەری سەرەکیی رۆمان کورتەچیرۆکەکەیە، گێڕەرەوەی هەمووشتزانی سنووردارە، هاوکاری گێڕەرەوەیە لە گێڕانەوەی دەقەکەدا و هاوسەفەری گێڕەرەوەشە لە گەشتە خەیاڵییەکەیدا. یەکێکیشە لە دڵدارەکانی زادینا، هەمیشە لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی زادینا و هەرگیز لە هەوڵەکانی ماندوو نابێت و کۆڵ نادات. گێڕەرەوە هەر لە سەرەتاوە وەکو عاشقێکی سەوداسەر وەسفی حەمدی بەگمان بۆ دەکات و دەڵێت: “حەمدی بەگ هەر وەختێ باسی زادینای دەکرد هۆش و گۆشی لای خۆی نەدەما …ل22 “. هەروەها لە رووی قەد و باڵا و سەر و سیماشەوە ئاوا وەسفی حەمدی بەگ دەکات و دەڵێت: “پیاوێکی کەڵەگەتی سوور و سپی راوەستا بوو. سەراپا رەشی پۆشی بوو …ل84” حەمدی بەگ کەسێکی خەمخۆریشە و دەستی یارمەتی بۆ لێقەوماو درێژ دەکات، گێڕەرەوە دەڵێت: “چیرۆکی کاکەسێی بۆ گێڕامەوە، پاشان داوای لێکردم منیش یارمەتی بدەم و بە یەکەوە کارێکی بۆ بدۆزینەوە…ل78” بیرۆکەی نووسینی دەقەکەش هی حەمدی بەگە و داوای هاوکاری لە گێڕەرەوە دەکات بۆ نووسینی: “ئەوینی زادینا بۆ دنیای خەیاڵی بردووم و سەرقاڵی کۆکردنەوەی حیکایەتەکانم، ئێستاش دەمەوێت من و تۆ، بەیەکەوە کتێبێک بنووسین…ل218 “. حیکایەتی عەشقی حەمدی شاعیر و زادیناش هەر لە رێگەی حەمدی بەگەوە دەزانین. حەمدی بەگ رۆژێک زادینا دەبینێت و ئاوێزانی یەکدی دەبن و کەمێک کەف و کوڵی دڵی دادەمرکێتەوە: “زادینا یەکڕاست هەستاوەتە سەرپێ و باوەشیان بەیەکدا کردووە، دەمیان خستۆتە نێو دەمی یەکەوە. یەکتریان رامووسیوە …ل234” حەمدی بەگ سەرەڕای هەموو شتێک مرۆڤێکی دڵناسکە و بە مردنی دایکی تێکدەشکێ و رەنگی پیری لێ دەنیشێت: “وەها گۆڕابوو، هیچ شوێنێکی لەو حەمدی بەگەی پێشتر نەدەچوو. گوتم: ئەوە چیتە؟ بۆ وات لێهاتووە؟ بە خەمبارییەوە گوتی: دایک مردن گاڵتە نییە. فرمێسک لە چاوەکانییەوە دابارین…ل240 “.
کەواتە گێڕەرەوە زۆر بەجوانی لە هەر سێ رەهەندەکەوە رەسمی کارەکتەری سەرەکیی دەقەکەی بۆ کردووین، کە بۆ ناساندنی هەر کارەکتەرێکی سەرەکیی دەق پێویستن ئەوانیش رەهەندی فیزیکی “ناساندنی سیما و قەد و باڵای کارەکتەر”، رەهەندی کۆمەڵایەتی “کارەکتەر سەر بە کام چین و توێژی کۆمەڵایەتییە”، رەهەندی دەروونی “حاڵەتی دەروونی کارەکتەر”. رەسمکردنی ئەم رەهەندانەش دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکتەری حەمدی بەگ هەتا ماوەیەکی زۆر لە یادەوەریماندا بمێنێتەوە.
سێیەم: زادینای ئێزدی، دووەم کارەکتەری سەرەکی:
“زادینا کچێکی بەلەباریک و سپیکەلانە بووە، دێم قەمەر بووە. دایکی کوردی دەریا دیتوو بووە و باوکی لە کوردانی ئێزدی بووە. خەڵکی شاری قەرس بووە، کچی بەفر بووە و چەشنی بەفر سپیوسۆڵ بووە…ل222 “
ئەگەرچی زادینا کارەکتەرێکی خەیاڵی و ئەفسانەیییە، بەڵام لەناو واقیعی دەقدا دەبێتە کارەکتەرێکی واقیعیش، بە پێچەوانەی داستانی دڵداریی مەم و زین و قەیس و لەیلاوە کە زین و لەیلا هەتا مردن وەفادارن بۆ دڵدارەکانیان و دڵ بە کەسی تر نادەن، زادینا سەرەتا دڵی بۆ حەمدی شاعیر لێ دەدات و سەمای بۆ دەکات، دواتر عاشقی دربۆی ئێزدی هاودینی دەبێت لەگەڵی هەڵدێت، دوای کوژرانی دربۆ ماوەیەک بەدوایدا وێڵ دەبێت. دواتر عاشقی حەمدی بەگ دەبێت و دوای ماچ و رامووسان وەکو ماسییەکی سرک فرتەی بۆ دەکات و لە دەستی ئەویش هەڵدێت. کەواتە زادینا هێندەی کارەکتەرێکی خەیاڵی و ئەفسانەیییە، هێندەش کارەکتەرێکی واقعییە و دەیەوێت بژی و سەما دەکات و نایەوێت پشت لە ژیان بکات. بۆیە زادینا کارەکتەرێکی سەرەکیی دەقەکەیە، چونکە ئەڵقەی پێکەوە بەستنی هەموو چیرۆکەکانە و چیرۆکی سەرەکیی دەقەکەش چیرۆکی ئەوە. زادیناش ئەو کارەکتەرەیە بە جوانی رەسم کراوە و خوێنەر نەک خۆشی دەوێت عاشقیشی دەبێت. زادینا بزوێنەری نووسینی دەقەکەیە و بەبێ زادینا رۆمان کورتەچیرۆکەکە لەدایک نەدەبوو.
چوارەم: دربۆی ئێزدی، دڵدارێکی ناکام:
دربۆی ئێزدی ئەو کارەکتەرەیە کە بەڕاستی عاشقی زادینا بووە و گیانی خۆی لەپێناوی عەشقی ئەودا بەخت کردووە. عەشقی راستەقینەی زادیناش هەر بۆ دربۆ بووە، بۆیە ئامادە بووە لەگەڵی هەڵبێت و گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە و سڵ لە مەترسییەکان نەکاتەوە. ناکامی دربۆ لە بەیتەکەشدا رەنگی داوەتەوە کە چۆن بەدەستی خەڵەف بووە بە قوربانی عەشقەکەی.”ئەو خەڵەفە پیسە کوی زانی کاکەدربۆ لە چایخانەی مام خەلیل ئیش دەکات؟ ئیدی زانیتی و لۆی هاتییە. نێڕوانێک چایخانە چۆڵ و هۆڵ بووە، خەڵەف ئامبازی بووە و خەنجەری لەسەر دری چەقاندییە… ل60″. دربۆ هاوشێوەی ئەو عاشقانەی لە چیرۆکی رەدووکەوتندا بەسەرهاتەکانیان دەزانین عاشقێکی گەنجی کەم ئەزموونە و بە ئاسانی دەکەوێتە داوی دوژمنەکەیەوە و سەری تیا دەچێت. دربۆ وەکو کارەکتەری دەقەکە زیاتر کارەکتەرێکی تەمومژاوییە و لە بەشێکدا دەیبنین و لە بەشێکی تردا تارمایییەکەی دەبینین، بەڵام خەمی دربۆ وەکو عاشقێکی بەمراد نەگەیشتوو، ئەو خەمەیە کە لە دڵی خوێنەردا دەمێنێتەوە.
پێنجەم: برایم، بلەکوێر، بەیتبێژێکی هونەرمەند:
بلەکوێر لەناو دەقەکەدا کارەکتەرێکی لاوەکییە، بەڵام گێڕەرەوە ئەرکێکی گرنگی پێ سپاردووە ئەویش گێڕانەوەی حیکایەتی زادینا و دربۆی ئێزدییە بەشێوەی بەیتێکی جوان و غەمگین، کە نووسەر دوای چەندان جار خوێندنەوەی بەیتەکانی توحفەی موزەفەرییە و گوێگرتن لە حەیرانی عاشقانەی حەیرانبێژە ناودارەکان توانیویەتی بەشێوەیەکی جوان و ناسک بەیتی زادینا بنووسێت. “بەخوای یەک کەلیمە چییە لە زاری ناترازێ، ئەگەر بەتەمای ئەوەی بن، ئەوە چەند ساڵە ئەم پیرە غەوارەیە لەم گوندەی ئێمەیە، بەهۆی ئەوە وا هیچ ناڵێ. کەس نازانێ خەڵکی کوێیە و لە کوێوە هاتووە. تەنێ ئەو گۆرانییە دەڵێ وا باسی ژنێکە بە نێوی زادینا…ل42” ئەگەرچی بلەکوێر بەیتبێژێکی ئاسایییە و گێڕەرەوە راگوزەر وەسفی دەکات، بەڵام هەڵگری سیفاتی هونەرمەندی راستەقینە و بەهەڵوێستە کە تەنیا بۆ هونەرەکەی دەژی و هیچ کەسێک ناتوانێت ناچاری بکات شتێک بڵێت کە خۆی حەزی لێ نەکات و لەگەڵ چڕینی گۆرانییەکەیدا ئاوێتەی ئاوازەکەی خۆی نەبێت و نەهەژێت. بۆیە بلەکوێر رۆحی کردووە بە بەری بەیتی زادینادا و بەیتەکەی بە نەمری هێشتۆتەوە.
ماوەتەوە بڵێم، ئەوەی لێرەدا نووسیومە شیکردنەوە و لێکدانەوەی خۆمە وەکو خوێنەرێکی ئەم دەقە، دەشێت کەسێکی تر بەشێوەیەکی تر دەقەکە بخوێنێتەوە و بیروبۆچوونی جیاوازی هەبێت. ئەمەش شتێکی ئاساییە و دەقەکە دەوڵەمەند دەکات، گرنگ ئەوەیە خوێنەری زیرەک ئەو خاڵانە روون بکاتەوە کە رەنگە لەلای خوێنەرێکی ئاسایی روون نەبن. من پێم وایە ئەم دەقە شاکاری مەحموود نەجمەدینە و لووتکەی کاری ئەدەبی ئەوە، بۆیە دیسان پیرۆزبایی لێ دەکەم و هیوادارم بەردەوام بێت و هەمیشە بگەشێتەوە.
*دیلبەرا ئانی، مەحموود نەجمەدین و فورات سەیدۆ، چیرۆک، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، 2025.
[1] رۆمان چییە؟ ئەوەی پێویستە رۆماننووس بیزانێت، زنجیرەی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 73. چاپی یەکەم، 2012، ل123-124.
[2] هەمان سەرچاوە، ل50.
[3] هەمان سەرچاوە، ل26.
[4] ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ ژمارە (1090). (29-5-2019)
[5] رۆمان چییە؟ ئەوەی پێویستە رۆماننووس بیزانێت، زنجیرەی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم 73. چاپی یەکەم، 2012، ل116.
[6] هەمان سەرچاوە، ل99 و ل108.
[7] هەمان سەرچاوە، ل99 و ل108.
[8] هەمان سەرچاوە، ل121.
[9] هەمان سەرچاوە، ل106.