لە وێڵگەی دەروونەوە بۆ زیندانی کۆمەڵگە: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “وێڵی”ـی “دلاوەر ڕەحیمی”
سەرەتای هەموو زانست و زانیارییەک تێگەیشتنە لەو ئازارە بەژانەی کە مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە دەیچێژێت. ڕۆمانی “وێڵی” بە قەڵەمی “دلاوەر ڕەحیمی” تەنیا دەقێکی گێڕانەوەیی نییە، بەڵکو هاوارێکی بێدەنگ و بوومەلەرزەیەکە کە بنەماکانی دەروون و کۆمەڵگە دەلەرزێنێت. نووسەر لەم دەقەدا کەسایەتییەکی وێڵ و سەرگەردانمان نیشان دەدات کە لەناو زەمینێکی قاقڕ و بێبەردا بە دوای ترووسکەیەکی ئۆقرە و ئارامیدا دەگەڕێت. ئەم دەقە ئاوێنەیەکە سۆمای دیتنمان پێ دەدات تا بئەزمووین چۆن تاک لە بەردەم نەریت و یاساکاندا دەبێتە نێچیری ئاژەڵێکی دڕندە و، چۆن چێکردنی “وێڵگە” یان “داڵان”ـی دەروون دەبێتە تەنیا بژیو و پەناگە بۆ ڕزگاربوون لەو تەوس و لاقرتێیەی کۆمەڵگەی بێبەزەیی بەسەریدا دەیسەپێنێت. لێرەدا دەروونی تاک بەبێ هیچ کۆڵەکەیەک دەمێنێتەوە و دادەڕمێت و بەرەو دوورەپەرێزی دەخلیسکێت.
وێڵگە وەک پەناگەیەک لە بەرانبەر ترۆما و تێکشکانی کەسایەتیدا
دەقی “وێڵی” تابلۆیەکی ئاڵۆزە لە شیزۆفرینیا و دووفاقیی کەسایەتی. گێڕانەوەکە لەسەر ململانێی نێوان “من” و “تۆ” دامەزراوە. ئەم “تۆ”یە کەسێکی دەرەکی نییە، بەڵکو دەنگدانەوە و سێبەری خودی گێڕەڕەوە خۆیەتی کە لە ئەنجامی تێکشکانی دەروونییەوە لە جەستەی جیا بووەتەوە. کاتێک مرۆڤ تووشی ئازارێکی بەژان و ترۆمایەکی بەردەوام دەبێت، دەروونی ناتوانێت بەرگەی ئەو قورسایییە بگرێت، بۆیە خۆی دەکات بە دوو کەرتەوە؛ یەکێکیان قوربانییەکە و ئەوی تریان چاودێر یان ڕەخنەگرەکە. لێرەدا نووسەر زۆر وەستایانە چەمکی “داڵان” یان “وێڵگە”ی چێ کردووە. ئەم وێڵگەیە بریتییە لە “ڕێکاری بەرگری”. کاتێک کەتوار (واقیع) هێندە قاقڕ و پڕ لە تەوس و دڕندەیییە، عیززەتی نەفسی مرۆڤ بۆ پاراستنی خۆی لە لەناوچوون، جیهانێکی خەیاڵی و زیندانێکی دەروونی دروست دەکات. وێڵگە ئەو شوێنەیە کە کارەکتەرەکە تێیدا ملکەچی هیچ یاسایەکی دەرەکی نابێت، بەڵکو خۆی بە تەنیا لەگەڵ “تۆ”یە خەیاڵییەکەیدا دەدوێت. ئەمەیش هەڵاتنە لە کەتوار بەرەو ناوەوەی خود. کاتێک عیززەتی نەفس لە بەردەم مەترسیی دەرەکیدا هەست بە داڕمان دەکات، پەنا دەباتە بەر دروستکردنی کەتوارێکی جێگرەوە یان گۆشەگیریی دەروونی وەک ڕێکارێکی بەرگری بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و ئازار.[1]
کاتێک مرۆڤ تووشی ئازارێکی بەژان و ترۆمایەکی بەردەوام دەبێت، دەروونی ناتوانێت بەرگەی ئەو قورسایییە بگرێت، بۆیە خۆی دەکات بە دوو کەرتەوە؛ یەکێکیان قوربانییەکە و ئەوی تریان چاودێر یان ڕەخنەگرەکە.
لە دەقەکەدا دەبینین کە “من” بەردەوام لۆمەی “تۆ” دەکات، وەک ئەوەی بیەوێت بڵێت: “تۆ بوویتە هۆی ئەوەی ئێمە بگەینە ئەم سەرئەنجامە”. ئەمە خستنەپاڵە؛ کەسەکە شکستی خۆی لە بەرانبەر نەریت و کۆمەڵگەدا هەڵدەگرێت و دەیخاتە پاڵ بەشەکەی تری کەسایەتییەکەی. کارەکتەرەکە توانای ئەوەی نییە ڕووبەڕووی مامۆستا، پزیشک، یان باوک ببێتەوە، بۆیە ڕووبەڕووی خودی خۆی دەبێتەوە لەناو وێڵگە تاریکەکەدا. ئەم وێڵگەیە هیچ ترووسکەیەکی هیوای تێدا نییە، شوێنێکە کە تێیدا کات دەوەستێت و زەمین دەبێتە زەمینێکی تر بەبێ هەست و خوست. هەروەها دەقەکە پڕە لە ئاماژەی خەمۆکیی قووڵ و بیرکردنەوە لە خۆکوشتن. خەمۆکی لێرەدا تەنیا دڵتەنگییەک نییە، بەڵکو “هەڵهاتن”ـە، هەستکردنە بە بێماناییی هەموو شتێک. ئەو کاتەی کە کارەکتەرەکە لەناو وێڵگەدا گوێ لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک یان عەلی مەردان دەگرێت، مۆسیقا نابێتە هۆی ئاسوودەیی، بەڵکو دەبێتە زەنگێک بۆ بەبیرهێنانەوەی یادەوەرییە بریندارەکان و ئەو خوێنەی کە لە ڕۆحی دەچۆڕێت. ڕۆناڵد لەینگ، دەروونناسی بەناوبانگ، ئەم دۆخە بە باشی وەسف دەکات کاتێک باس لە “خودێکی دابەشکراو” دەکات کە ناتوانێت لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا کارلێک بکات بەبێ ئەوەی هەست بە هەڕەشەی لەناوچوون بکات.[2] لەینگ باس لەوە دەکات کە شیزۆفرینیا و دابەشبوونی خود زۆر جار کاردانەوەیەکی لۆگیکییە بەرانبەر بە جیهانێک کە لە بنەڕەتدا شێت و چەوسێنەرە. ئەو تاکەی شیزۆفرینیای هەیە بۆ پاراستنی ڕۆحی خۆی جەستەی وەک قاوغێک بە جێ دەهێڵێت و لەناو مێشکیدا جیهانێکی تری وەک وێڵگەکەی کابرای ئەم ڕۆمانەی دلاوەر ڕەحیمی ئاوەدان دەکاتەوە. کەواتە شکستی کارەکتەرەکە لەوەدا نییە کە شێت بووە، بەڵکو لەوەدایە کە هێندە هۆشیارە بەو چۆڵییەی دەوروبەری کە ئیتر ناتوانێت درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات. ئەو نایەوێت وەک ئاژەڵەکانی دەوروبەری بژی، بۆیە بڕیار دەدات لەناو وێڵگەیەکدا ون ببێت کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە خۆکوشتنی دەروونی پێش خۆکوشتنی جەستەیی.

زیندانی کۆمەڵگە و پاسەوانەکانی مەرگی خەون
ئێستا دەڕوانینە ئەو زەوییەی کە ئەم دەروونەی تێدا هاڕدراوە. مرۆڤ لە بۆشاییدا تووشی هەڵهاتن نابێت، بەڵکو ئەوە گرۆی مەردم و ئەو سیستەمە چەوسێنەرەوەیە کە وەک ئاشێکی فرەخێو ڕۆح و خەونەکانی تاک دەهاڕێت. لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردەوارییە دەڵێن: “کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە”، کۆمەڵگەیش هەرگیز دان بەو دڕندەیییەدا نانێت کە بەرانبەر بە تاکەکانی خۆی دەیکات. لە ڕۆمانی “وێڵی”دا کۆمەڵگە تەنیا پاشخانێک یان شوێنێک نییە بۆ ژیان، بەڵکو زیندانێکی گەورەیە، پانتایییەکە کە تێیدا هیچ کۆڵەکەیەک بۆ ئازادی و داهێنان نەماوەتەوە. نووسەر زۆر بەوردی نیشانمان دەدات کە چۆن یاسا و نەریت و کەسانی دەوروبەر دەبنە پاسەوانی ئەم زیندانە و بە تەوس و لاقرتێوە سەیری هەر تاکێک دەکەن کە بیەوێت لەم زەوییەدا جیاواز بفرێت. دەبینین ئەو کەسانەی کە دەبوو ببنە دهەندە و بەخشەری هیوای ژیان (وەک مامۆستا، پزیشک، باوک و خزم)، لەم دەقەدا گۆڕاون بۆ ئامڕازی سەرکوتکردن. مامۆستا لە بری ئەوەی چرای زانست بێت، دەبێتە ئەو کەسەی کە دەیەوێت تاکەکان وەک یەک لە قاڵب بدات و بیانکاتە ئاژەڵێکی کەوی و ملکەچ بۆ سیستمەکە. پزیشک لە بری ئەوەی برینەکانی دەروون ساڕێژ بکات، دەیەوێت بە دەرمان یاخیبوونی کارەکتەرەکە سڕ بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو مێگەلەکە. خزم و کەسوکاريش بە چاوی تەوس و سەرکۆنەوە دەڕواننە کارەکتەرەکە، چونکە ئەو ئامادە نییە بژیو و نانی خۆی بە درۆ و دووڕوویی پەیدا بکات. میشێل فوکۆ، کۆمەڵناسی فەڕەنسایی، لە شیکردنەوەی چەمکی دەسەڵات و زینداندا زۆر بە جوانی ئەم دۆخە ڕوون دەکاتەوە. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی مۆدێرن وەک زیندانێکی “پاناپتیکۆن” کار دەکات کە تێیدا هەموو کەسێک چاودێریی کەسێکی تر دەکات تا ئەو ڕادەیەی تاک خۆی دەبێتە پۆلیس بەسەر خودی خۆیەوە. فوکۆ لەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە چۆن دامەزراوەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە و خێزان هەمان تەکنیکی زیندان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و دەروونی تاکەکان بە کار دەهێنن، بۆ ئەوەی بیانکەنە بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ و بێمەترسی بۆ سەر سیستمەکە. جا زیندانی پاناپتیکۆن لە بنەڕەتدا بیرۆکەی فەیلەسووفێکی ئینگلیزە بە ناوی “جێرمی بێنتام” (لە سەدەی هەژدەیەمدا). ئەو کەسە نەخشەی زیندانێکی چێ کرد کە شێوەکەی بازنەیییە. لە ناوەڕاستی ئەم بازنەیەدا قوللەیەک هەیە کە پاسەوانەکەی تێدایە و، لە دەوری قوللەکەیشدا ژووری زیندانییەکان هەیە. فێڵ و کارزانیی ئەم زیندانە لەوەدایە: ئەو پاسەوانەی لە ناوەڕاستدایە چاوی دەکەوێتە سەر هەموو ژوورەکان و هەموو زیندانییەکان دەبینێت، بەڵام زیندانییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن پاسەوانەکە ببینن. واتە زیندانییەکە هەرگیز نازانێت ئاخۆ لەم چرکەیەدا پاسەوانەکە سەیری دەکات یان نا! جا چونکە زیندانییەکە نازانێت کەی چاودێری دەکرێت، هەمیشە وای دێتە بەرچاو کە لە هەموو چرکەیەکدا چاوێکی بێبەزەیی لەسەریەتی. بۆیە لە ترساندا هەمیشە ئاکاری خۆی چاک دەکات و دەبێتە ئاژەڵێکی کەوی و ملکەچ. لێرەدا زیندانییەکە ئیتر پێویستی بەوە نییە کەسێک بە دار و کوتەکەوە بە سەریەوە بێت، بەڵکو خۆی دەبێتە پاسەوان بەسەر خودی خۆیەوە! دواتر “میشێل فوکۆ” هات و ئەمەی کردە پەندێک بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن. فوکۆ گوتی: کۆمەڵگەی ئێمەیش ڕێک بووەتە پاناپتیکۆن! گرۆی مەردم لە قوتابخانە، لە نەخۆشخانە، لە کۆمپانیا، لە کارگە و لەناو خێزاندا هەمیشە هەست دەکەن چاوێک چاودێرییان دەکات (چاوی کۆمەڵگە، چاوی یاسا، چاوی خەڵک). بۆیە مرۆڤەکان لە ترسی قسەی خەڵک و سزای کۆمەڵگە خۆیان ئارەزووەکانی خۆیان خەساندووە و بوونەتە مەخلووقێکی دەستەمۆ. ئەوان خۆیان زیندانی و خۆیشیان پاسەوانن![3]
لەم دۆخەدا کارەکتەری “من/تۆ” تووشی قووڵترین ئاستی “نامۆبوون”دەبێت. شار بەو هەموو جەنجاڵییەیەوە دەبێتە بیابانێکی وشکارۆ و قاقڕ کە تێیدا مرۆڤەکان وەک ئامێر دێن و دەچن. کارەکتەرەکە هەست دەکات کە ئەو سەر بەم گرۆ و و پێڕ و هۆزە نییە؛ زمانەکەیان تێ ناگات و ئەوانیش لە ئازارەکەی ناگەن. ئەم دۆخەی نامۆبوون لە ئەنجامی دابڕانی مرۆڤ لە جەوهەری خۆی چەکەرە دەکات. هەندێک لە دەروونناسان نامۆبوون بۆ چەند لایەنێک دابەش دەکەن: هەستکردن بە بێدەسەڵاتی، بێمانایی، بێپێوەری، گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و، نامۆبوون لە خود. کارەکتەری ڕۆمانی “وێڵی” تەواوی ئەم پێنج لایەنەی تێدا بەرجەستە بووە، بە تایبەتی گۆشەگیری و نامۆبوون لە خود کە پاڵی پێوە دەنێت بەرەو ناو وێڵگەکەی.[4] کەواتە زیندانەکەی ناو ڕۆمانەکە تەنیا چوار دیوار نییە، بەڵکو ئەو چاوانەن کە بێبەزەیییانە خوێنی تاک دەمژن و ئۆقرەی لێ دەبڕن. کۆمەڵگە بە یاسا و نەریتەکانیەوە گەورەترین بکوژی داهێنانە و، هەر تاکێک بیەوێت لەم ڕێسایە لا بدات یان دەبێت شێت ببێت، یان خۆی لەناو هەڵهاتن و دوورەپەرێزیدا ون بکات.
لایەنی ئەدەبی و هونەریی ڕۆمانەکە
ئەگەر بمانەوێت بزانین نووسەر چلۆن ئەم بارە گرانەی خستووتە سەر قاقەز، دەبێت بڕوانینە تەکنیکەکانی گێڕانەوە. “دلاوەر ڕەحیمی” لەم دەقەدا پەیڕەوی لە گێڕانەوەی کلاسیک و هێڵی ڕاستەوخۆ نەکردووە، بەڵکو تەکنیکی “تەوژمی هۆش” و خۆدوێنیی ناوەکیی بە کار هێناوە. ئەم شێوازەیش بۆ خۆی بۆ خوێنەر قورسە و ڕەنگە بگاتە ئاستی ئازاردانی خوێندنەوەیی. واتە خوێنەر بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە ئازار بدرێت. بیرکردنەوەکانی کارەکتەرەکە پچڕپچڕن، باز دەدەن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر، لە یادەوەرییەکی مناڵییەوە بۆ ئازارێکی هەنووکەیی. ئەمەیش زۆر بە وردی وێنەی دەروونێکی پارچەپارچەبوومان بۆ دەکێشێت. مێشکی کارەکتەرەکە ئۆقرەی لێ بڕاوە و، وشەکان وەک خوێنی برینێکی کراوە دەچۆڕێنە سەر پەڕەکان. ویلیام جەیمس کە یەکەم جار چەمکی “تەوژمی هۆش”ـی لە دەروونناسیدا بە کار هێنا و، دواتر ڕۆبێرت هەمفری لە ڕەخنەی ئەدەبیدا پەرەی پێ دا، پێیان وایە ئەم تەکنیکە تاکە ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی ئەو ئاژاوە و جەنجاڵییەی وا لە ناخ و نائاگاییی مرۆڤدا هەیە. هەمفری ڕوونی دەکاتەوە کە تەکنیکی تەوژمی هۆش لۆگیکی کات و شوێن تێک دەشکێنێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ڕەوتی بیرکردنەوەی خاوی کارەکتەرەکەوە پێش ئەوەی لە لایەن لۆگیک یان سانسۆری کۆمەڵایەتییەوە ڕێک بخرێتەوە.[5] ئەمەیش ڕێک ئەو کارەیە کە دلاوەر ڕەحیمی لە “وێڵی”ـدا دەیکات.
ئەم تەکنیکە تاکە ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی ئەو ئاژاوە و جەنجاڵییەی وا لە ناخ و نائاگاییی مرۆڤدا هەیە.
لە پاڵ ئەم تەکنیکەدا یەکێک لە بەهێزترین کۆڵەکەکانی ئەم ڕۆمانە بەکارهێنانی “دەقئاوێزان”ـە. نووسەر دیوەخانێکی گەورەی لەناو دەقەکەیدا چێ کردووە کە تێیدا دەنگەکان و ئازارەکان تێکەڵ بە یەکتر دەبن. لە لایەکەوە گۆرانیی ڕەسەنی کوردی (دەنگی حەسەن زیرەک و عەلی مەردان و قادر دیلان) وەک ئامڕازێک بۆ دەربڕینی ئەو حەسرەت و دوورەپەرێزییە بە کار دەهێنێت. گۆرانییەکانی زیرەک لێرەدا تەنیا بۆ کاتبەسەربردن نین، بەڵکو ئەوانیش بەشێکن لە لاواندنەوەیەک بۆ نەتەوەیەک و تاکێکی وێڵ. ئەو کاتەی کارەکتەرەکە گوێ لەو دەنگانە دەگرێت، دەیەوێت ئەو ئازارەی بە زمان ناگەیەنرێت، لە ڕێگەی ئاوازەوە وەگوێزێت بۆ ناوەوەی خۆی. لە لایەکی ترەوە نووسەر زۆر وەستایانە ئاماژە بە گەورەنووسەرانی جیهان دەکات. وەک ئەوەی بیەوێت بڵێت ئازاری مرۆڤ لە هەر کوێیەک بێت یەک شتە. کاتێک ئاماژە بە “کافکا” دەکرێت، ڕاستەوخۆ نامۆبوون و گۆڕان بۆ مێروویەک (لە ڕۆمانی گۆڕان) یان دادگاییکردنێکی بێهۆکار (لە ڕۆمانی دادگا)مان دێتەوە یاد. کاتێک ناوی “دۆستۆیڤسکی” دەهێنرێت، مرۆڤی ژێرزەمین (لە ڕۆمانی یاداشتە ژێرزەمینییەکان) و ئەو ئازارە دەروونییە قووڵەمان بۆ بەرجەستە دەبێت کە تاک لە ململانێی نێوان تاوان و سزادا (لە ڕۆمانی تاوان و سزادا) دەیچێژێت. “ڤێرجینیا وۆڵف”ـیش هێمایە بۆ ئەو شەپۆلە بێ ئۆقرەیەی ناخ و ئەو مەرگە تراجیدییەی کە لە ئەنجامی بەرگەنەگرتنی قورساییی ژیانەوە دێتە ئاراوە. جولیا کريستێڤا پێی وایە هیچ دەقێک بە تەنیا لە ئارادا نییە، بەڵکو هەموو دەقێک مۆزایکێکە لە وەرگرتن و گۆڕینی دەقەکانی تر. کریستێڤا دەیسەلمێنێت کە دەقئاوێزان تەنیا ئاماژەپێدان نییە، بەڵکو چۆنیەتیی کارلێکی دەقەکانە لەگەڵ یەکتر.[6] لە “وێڵی”دا دەقەکانی کافکا و گۆرانییەکانی زیرەک لەناو یەکتردا دەتوێنەوە و دەبنە یەک هاواری هاوبەش دژی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تاکەکانی دەچەوسێنێتەوە. بەم شێوەیە، “وێڵی” تەنیا چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو کارگەیەکی گەورەی هونەرییە کە تێیدا وشەکان، ئاوازەکان و، یادەوەرییەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز تێکەڵ کراون تا تابلۆیەکی ڕاستەقینەی ئەو وێڵگەیەمان بۆ بکێشن کە مرۆڤ تێیدا گیری خواردووە.
زایەڵەی دەقەکە
لە باسەکانی پێشوودا چون ڕێبوارێک بەناو داڵانە تاریکەکانی دەروون و زیندانە پاناپتیکۆنەکەی کۆمەڵگەدا گوزەرمان کرد. دیتمان کە چلۆن تاوان و تەوس و لاقرتێی کۆمەڵگە تاکیان بەرەو دوورەپەرێزی و هەڵهاتن لە خەڵک پاڵ ناوە. لێرەدا دەڕوانینە ئەو قوتابخانە هزری و ئەدەبییەی کە ڕۆمانی “وێڵی” تێیدا لە دایک بووە و، ئەو بەهایەی کە ئەم دەقە بۆ خەرمانەی ئەدەبیاتی کوردی چێی کردووە. ئەگەر بە وردی سەرنجمان بخەینە سەر ڕۆمانی “وێڵی”، دەبینین کە ئەم دەقە لە یەک کاتدا هەڵگری تایبەتمەندییەکانی هەبوونگەرایی (ئێگزیستانشیاڵیزم)/بێمانایی و پۆستمۆدێرنیزمە. لە ڕوانگەی هەبوونگەرایییەوە دەقەکە هاوارێکە لە دژی “بێمانایی”. کارەکتەری ڕۆمانەکە وەک پاڵەوانەکانی ئەلبێر کاموو و ژان پۆل سارتر لە پڕێکدا خۆی لەناو جیهانێکدا دەبینێتەوە کە هیچ پاساوێکی لۆگیکی بۆ هەبوونی نییە. ئەو دەبینێت کە ژیان لەسەر ئەم زەویە تەنیا پاتەوپاتبوونەوەیەکی بێمانایە، وەک سیزیف کە بەردێک دەباتە سەر کێو و دواتر بەردەبێتەوە خوارێ و دیسانەوە هەمان کار. کۆمەڵگە و ئەو گرۆ و پێڕەی کە دەوروبەری کارەکتەرەکەیان داوە، لە گوێن ئاژەڵێکی دەسەمۆ تەنیا بە دوای بژیوی ڕۆژانە و نانپەیداکردندا وێڵن، بەبێ ئەوەی یەک پرسیاری قووڵ لەسەر هەبوون و مەرگ بکەن. کارەکتەرەکە کە ناتوانێت ئەم بێمانایییە قبووڵ بکات، تووشی دڵتێکەڵهاتنێکی هزری دەبێت و وێڵگەیەک بۆ خۆی ساز دەکات تا لەوێدا مانایەک بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە. لە “وێڵی”دا دروستکردنی وێڵگە/داڵان و قسەکردن لەگەڵ “تۆ”دا ڕێک ئەو یاخیبوونەیە کە کارەکتەرەکە لە دژی وشکی و قاقڕیی دەروونی خەڵکی کۆمەڵگە دەینەخشێنێت. لە لایەکی ترەوە، دەقەکە بە تەواوی سەر بە قوتابخانەی پۆستمۆدێرنیزمە. لە ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرندا هیچ هەقیقەتێکی ڕەها، هیچ پاڵەوانێکی تەواو و، هیچ گێڕانەوەیەکی هێڵی و ڕێکخراو لە ئارادا نییە. ژان فرانسوا لیۆتار دەڵێت پۆستمۆدێرنیزم بریتییە لە “نەمانی متمانە بە گێڕانەوە گەورەکان”. لەم ڕۆمانەدا گێڕانەوە گەورەکانی وەک (ئایین، نەریت، خێزان، زانستی پزیشکی) هەموویان داڕماون و شکستیان هێناوە لەوەی ئاسوودەیی و ئارامی بە تاک ببەخشن. هەروەها، دابەشبوونی کەسایەتی بۆ “من” و “تۆ” و، بەکارهێنانی دەقئاوێزان (تێکەڵکردنی کافکا، ڤێرجینیا وۆڵف، حەسەن زیرەک)، تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە. لیۆتار دەسەلمێنێت کە لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا زانست و نەریت ناتوانن ئیتر مرۆڤ ڕزگار بکەن، بۆیە تاک پەنا دەباتە بەر یارییە زمانەوانییەکان و دروستکردنی گێڕانەوەی بچووک و کەسی. وێڵگەکەی دلاوەر ڕەحیمی ڕێک نموونەی ئەو گێڕانەوە بچووکەیە کە تاک لەسەر وێرانەی گێڕانەوە گەورەکانی کۆمەڵگە دروستی کردووە.[7]
ڕۆمانی “وێڵی” هەوڵێکی گەورەی دەروونییە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە گەورەترین شەڕ ئەو شەڕەیە کە لەناو داڵانەکانی مێشکی تاکدا ڕوو دەدات.
ڕۆمانی “وێڵی” هەوڵێکی گەورەی دەروونییە لەناو ئەدەبیاتی ئێمەدا. ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە گەورەترین شەڕ ئەو شەڕەیە کە لەناو داڵانەکانی مێشکی تاکدا ڕوو دەدات. ئەم ڕۆمانە نیشانی دەدات کە تاکی کورد لەناو شارەکانی خۆیدا، لەژێر دەستی خزم و مامۆستا و و پارێزەر و پزیشک و سیاسییەکانی خۆیدا، چۆن دەچەوسێتەوە و چۆن خوێنی لێ دەچۆڕێت. نووسەر بە زمانێکی بەژان ئەو پەردەیە لا دەدات کە ئەدەبیاتی کلاسیک بەسەر برینە دەروونییەکانی تاکدا کێشابووی. بە بڕوای من ئەوەی لەم دەقەدا ڕوو دەدات و لە کۆمەڵگەی کوردیدایە، لە کۆمەڵگەکانی دیکەی جیهاندا هەیە، چونکە ئازارەکەی ئازارێکی جیهانییە؛ ئازاری مرۆڤی هاوچەرخە لە بەردەم مەکینەی بێبەزەییی ژیاندا. لە ڕۆمانی “وێڵی”دا ململانێی نێوان “من” و “تۆ” بەرجەستەبوونی فرەدەنگییەکە کە تێیدا هیچ کام لە دەنگەکان ناتوانن بەسەر ئەوی تردا زاڵ ببن. میخائیل باختین کاتێک باس لە فرەدەنگی دۆستۆیڤسکی دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پاڵەوانی مۆدێرن پاڵەوانێکە هەمیشە لەگەڵ خۆیدا لە گفتوگۆ و ململانێدایە و، هەرگیز کۆتاییی نایەت. باختین پێی وایە کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا نووسەر دەسەڵاتی ڕەهای بەسەر کارەکتەرەکاندا نییە، بەڵکو کارەکتەرەکان خۆیان خاوەنی دەنگ و بیروباوەڕیای خۆیانن.[8]
عەلائەدین سەجادی لە ڕشتەی مرواریدا دەگێڕێتەوە دەڵێت: “کابرایەکی کورد گایەکی بۆ قوربانی کڕیبووەوە، سەیری کرد گاکە زۆر لەڕە. گوتی: ئەم گایە لەسەر ئەم جادە پانە ناڕوات، ئەی لەسەر پردی سیڕات چۆن دەڕوات؟” حاڵی کارەکتەری ڕۆمانی “وێڵی”ـیش ڕێک وایە. ئەو تاکەی کە لەسەر ئەم زەمینە پان و بەرینە لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا جێگەی نابێتەوە و ناتوانێت بڕوات، چۆن دەتوانێت لەسەر پردی سیڕاتی مێشک و دەروونی خۆی بە بێوەیی تێ بپەڕێت؟ ڕۆمانی “وێڵی” لە نووسینی “دلاوەر ڕەحیمی”، تەنیا کتێبێک نییە بیخوێنینەوە و بیخەینە سەر ڕەفەی بیرچوونەوە، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە هەموومان وێنەی خۆمانی تێدا دەبینین. نووسەر توانیویەتی بە زمانێکی ڕەوان و پڕ لە کارزانی ئەو خوێنە بنووسێتەوە کە لە دڵی تاکێکی یاخییەوە دەڵێت. کارەکتەر لەم دەقەدا وەک لە تاریکیدا وێڵە، بڕوای نەهێنا بەو درۆیانەی کە جیهان پێی دەفرۆشتن، بۆیە هەڵیبژارد لەناو داڵانی خۆیدا ون ببێت، نەک ببێتە ئاژەڵێک لەناو مێگەلی زۆرینەدا.
قەیرانی کات و شوێن
عەلائەدین سەجادی دەگێڕێتەوە دەڵێت: “ساڵێک بوومەلەرزەیەک لە پێنجوێنی دا، کابرایەکی ترسنۆک بە پیاوێکی گەورەی گوت: ‘ڕەنگە لە بوومەلەرزەکە زۆر ترسابێتی و لەرزیبێتی؟’ کابرا گوتی: ‘بەڵێ، بەڵام زەوییەکە لە منیش و لە تۆیش زیاتر ترسا و لەرزی.’ ئەم نەزیلەیە ڕێک گوزارشتە لە حاڵی کارەکتەری “من/تۆ” لە ڕۆمانی “وێڵی”دا. ئێمە لە بەشەکانی پێشوودا باسی لەرزینی کارەکتەرەکەمان کرد لە بەردەم کۆمەڵگەدا، وەلێ باسمان لەوە نەکرد کە چۆن خودی ئەو “زەمینە”، ئەو “کاتە” و، ئەو “زمانە”ی کە کارەکتەرەکەی تێدا دەژی لە بنەڕەتەوە لەرزيوە و داڕماوە. کاتێک مرۆڤ تووشی ئازارێکی بەسوێ دەبێت، تەنیا مێشکی تێک ناشکێت، بەڵکو هەموو پێوەرەکانی گەردوون لە چاویدا وێران دەبن.
لە ڕوانگەی هزری و ئەدەبییەوە یەکێک لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کە دەبێت لەسەر ڕۆمانی “وێڵی” باس بکرێت، تێکشکانی چەمکی “کات” و “شوێن”ـە. خوای بێنیاز کاتێک ئەم زەوییەی ئافراند، شەوی بەسەر ڕۆژدا هەڵکێشا و خۆر و هەیڤی خستە کار تا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێن و بچن، بەڵام لەناو “وێڵگە”کەی دلاوەر ڕەحیمیدا ئەم سیستمە یەزدانییە نییە. شوێنەکە (وێڵگە/داڵان) شوێنێکی بەرجەستە نییە کە بتوانیت بە هەنگاو بیپێویت، هەروەها کاتیش لەوێدا هێڵێکی ڕاست نییە کە لە ڕابردووەوە بڕوات بەرەو داهاتوو. لەناو مێشکی کارەکتەرە شیزۆفرینییەکەدا کات وەک بازنەیەک دەسووڕێتەوە. یادەوەرییەکی تاڵی منداڵی ڕێک لە هەمان چرکەدا ڕوو دەدات کە ئازارێکی هەنووکەیی دڵی دەگوشێت. باختین پێی وایە لە هەر دەقێکی ئەدەبیدا کات و شوێن پێکەوە گرێ دراون و “کات-شوێن”ـێک پێک دەهێنن کە بڕیار لەسەر جۆری گێڕانەوەکە دەدات. لە دەقە دەروونییەکانی وەک “وێڵی”دا کات-شوێنەکە “داخراو و چەقبەستووە”، واتە کارەکتەرەکە لە زیندانێکی کات و شوێندایە کە تێیدا هیچ پێشکەوتنێک ڕوو نادات و هەموو چرکەکان تەنیا پاتەوپاتبوونەوەی یەک ئازارن.[9] ئەم تێکشکانی کاتە دەبێتە هۆی ئەوەی کارەکتەرەکە هەست بە ئاسوودەیی نەکات. ئەو ناتوانێت بڵێت “سبەینێ باشتر دەبێ”، چونکە لەناو وێڵگەدا “سبەینێ” لە ئارادا نییە. هەر بۆیە کاتێک گوێ لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک دەگرێت، ئەو دەنگە لە ڕابردووەوە نایەت، بەڵکو لەناو خودی ئێستای کارەکتەرەکەدا دەزێت و دەبێتە بەشێک لەو سەرەنجامەی کە تێیدا دەژی. شوێنەکانی دەرەوەیش (وەک شەقامەکان، نەخۆشخانە، ماڵ) هەموویان دەبنە زەمینێکی قاقڕ کە هیچ پشت و پەنایەکیان بۆ ئارامی تێدا نەماوەتەوە.
قەیرانی زمان و بێدەنگی وەک یاخیبوون
بابەتێکی تری زۆر گرنگ کە لەم ڕۆمانەدا پێویستە بە قووڵی شی بکرێتەوە، ململانێی کارەکتەرەکەیە لەگەڵ “زمان”ـدا. گوتراوە: “قسە بیگێژە، بیبێژە، بیوێژە!” بەڵام چی ڕوو دەدات کاتێک وشەکان توانای گوزارشتکردنیان لە دەست دەدەن؟ کاتێک زمان دەبێتە ئامڕازێک بە دەست گرۆ و خەڵکەوە بۆ تەوس و سەرکوتکردن؟ لە ڕۆمانی “وێڵی”ـدا کارەکتەری “من” وردەوردە متمانەی بە زمان نامێنێت. ئەو دەبینێت کە پزیشکەکە، مامۆستاکە و، خزمەکان هەموویان بە زمانێک قسە دەکەن کە پڕە لە درۆ و دووڕوویی. زمانی کۆمەڵگە زمانێکە بۆ دەستەمۆکردنی وڵسات و مرۆڤە گوێڕایەڵەکان چێ کراوە، نەک بۆ دەربڕینی ئەو دوورەپەرێزییەی کە لە ناخی کەسێکی یاخیدا هەیە. بۆیە کارەکتەرەکە پەنا دەباتە بەر “بێدەنگی/کڕبوون” یان قسەکردن لەگەڵ “تۆ”یە خەیاڵییەکەیدا لەناو وێڵگەدا. ئاخر ئەو لە کۆمەڵگە دوور کەوتووەتەوە بۆ ئەوەی مل بە یاساکانیان نەدات، چونکە زمان بەشێکە لە یاسای کۆمەڵگە بۆیە وازی لە زمانی ئەوان هێناوە و زمانێکی تایبەت بە خۆی (وەک مۆنۆلۆگەکانی ناو وێڵگە) دروست دەکات کە بۆ کۆمەڵگە بێمانایە، بەڵام بۆ خودی کەسەکە تەنیا ڕێگەی مانەوەیە. بۆیە، ئەو تەوژمی هۆشەی کە نووسەر لە دەقەکەدا بە کاری هێناوە، تەنیا تەکنیکێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی شکستی زمانە. ڕستەکان پچڕپچڕن، خاڵبەندییەکان تێک دەشکێن و، وشەکان وەک خوێنی برینێک بەسەر پەڕەکاندا دەڕژێن. کارەکتەرەکە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم زمانە تێکشکاوەوە ئەو زیندانە بڕووخێنێت کە پێی دەگوترێت “لۆگیک”. بێدەنگیی ئەو لە ئاست دەرەوە و، هاوارەکانی لە ناوەوە گەورەترین یاخیبوونە دژی ئەو کۆمەڵگەیەی کە دەیەوێت بە زۆر بیهێنێتە قسە و بیخاتە سەر ڕێگەی ڕاستەڕێی مێگەلەکە.
جەستە وەک زەمینێکی قاقڕ و گۆڕەپانی ئازار
لایەنێکی دیکەی ڕۆمانەکە کە زۆر گرنگە تیشکی بخرێتە سەر، پەیوەندیی کارەکتەرەکەیە بە “جەستە”ی خۆیەوە. لە ڕۆمانی “وێڵی”ـدا جەستە ئامادەیییەکی تۆقێنەری هەیە. مرۆڤ کاتێک تووشی ئازاری دەروونی دەبێت، ئازارەکە تەنیا لە مێشکیدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەگوێزرێتەوە بۆ ناو خانە بە خانەی جەستەی. لە دەقەکەدا دەبینین کە جەستەی کارەکتەرەکە وەک زەمینێکی قاقڕ و بێبەرهەمی لێ هاتووە. ئەو هەست بە قورساییی لەش، سڕبوون و، ماندووێتییەکی ئەزەلی دەکات کە هیچ خەو و حەسانەوەیەک ناتوانێت ساڕێژی بکات. کۆمەڵگە دەیەوێت جەستەی ئەم تاکە چون ئامێرێک بۆ بەرهەمهێنان و پەیداکردنی بژیو بە کار بهێنێت، ڕێک وەک ئەو ئاژەڵانەی کە بار دەکێشن و دەچەوسێنرێنەوە، لێ کارەکتەرەکە بە نەخۆشکەوتنی دەروونی و جەستەیی ڕەتی دەکاتەوە ببێتە ئەو ئامێرە. جەستە هەر قەپاغێک نییە کە گیانی تێدا بێت، کاتێک کۆمەڵگە و دەوروبەر دەبێتە مایەی هەڕەشە و تەوس، جەستە خۆی دادەخات و دەبێتە قەڵغانێک یان زیندانێک. لە حاڵەتی ترۆما و خەمۆکیدا جەستە هەستەکانی لە دەست دەدات و دەبێتە تەنێکی قورس و بێمانا و خاوەنەکی هەست بە بوونی ناکات. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو کاتەی کارەکتەرەکە لەناو وێڵگەدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت یان بیر لە مەرگ دەکاتەوە، ئەو دەیەوێت لەو جەستە چۆڵ و قاقڕە ڕزگاری ببێت. گەرەکیەتی ببێتە گیانێکی پەتی، یان ببێتە شەپۆلێکی دەنگ کە لەناو هەوادا بڵاو دەبێتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ پاڵپشتێکی گۆشت و ئێسقان هەبێت. ئەم ململانێیە لەگەڵ جەستەدا ڕۆمانەکە دەباتە ئاستێکی بەرزی هزری کە تێیدا مەرگ تەنیا کۆتایی نییە، بەڵکو تاکە دەریچەیە بۆ ڕزگاربوون لەو قورسایییەی کە کەوتووەتە سەر شانی مرۆڤ.
عەلائەدین سەجادی دەڵێت: “ئەدەب پەردەی ژیانی کۆمەڵە کە شانبەشانی هاتووەتە خوارەوە، ژیری و زەینی پیشان دەدات، ڕابواردن و هەڵسووکەوتیان دەخاتە ڕوو.” دلاوەر ڕەحیمی لەم ڕۆمانەدا تەنیا پەردەی لەسەر ژیانی کۆمەڵ لا نەداوە، بەڵکو ئەو پەردەیەی دڕاندووە. ئەو پێمان دەڵێت کە ئەم کۆمەڵگەیە بەم هەموو فیز و لووتبەرزییەیەوە لەسەر چ زەمینێکی بوور و بێبەر و پڕ لە تاوان دامەزراوە. کارەکتەری “من/تۆ” گەرچی لە چاوی گرۆی مەردمەوە کەسێکی وێڵ و تێکشکاوە، وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەو تەنیا کەسە کە خاوەنی دیتنێکی ڕاستەقینەیە. ئەو ئامادە نییە بژیو و نانی خۆی بە خواردنەوەی ئەو ئاوە لێڵە پەیدا بکات وا کۆمەڵگە بۆی ڕشتووە. ئەو دەزانێت کە “ئاو بتبات لە پردی نامەرد مەپەڕێرەوە”، بۆیە پێی باشترە لەناو گۆمە قووڵەکەی وێڵگەی دەروونیدا بخنکێت، نەک لەسەر پردی درۆ و دووڕووییی کۆمەڵگە بپەڕێتەوە.
[1] Freud, Anna, The Ego and the Mechanisms of Defense, London: Karnac Books, 1993, p. 45
[2] Laing, R.D., The Divided Self: An Existential Study in Sanity and Madness, London: Penguin Books, 1965, p. 82
[3] فوکو، میشل، مراقبت و تنبیه: تولد زندان، ترجمه نیکو سرخوش و افشین جهاندیده. تهران: نشر نی، ١٤٠١
[4] شاخت، ريتشارد، الاغتراب، ترجمة كامل يوسف حسين، بيروت: المؤسسة العربية للدراسات والنشر، 1980.
[5] بۆ زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:
بیات، حسین، انتشارات علمی و فرهنگی، ١٣٨٧
[6] بۆ زانیاریی زیاتر سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:
نامور مطلق، بهمن، درآمدی بر بینامتنیت: نظریهها و کاربردها، تهران: انتشارات سخن، ۱۳٩٤
[7] بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرنەوە بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
ليوتار، جان فرانسوا، الوضع ما بعد الحداثي: تقرير عن المعرفة، ترجمة أحمد حسان، القاهرة: دار شرقیات للنشر والتوزيع، ١٩٩٤.
[8] Bakhtin, Mikhail, Problems of Dostoevsky’s Poetics, translated by Caryl Emerson, Minneapolis: University of Minnesota Press, 1984
[9] هەمان سەرچاوەی پێشوو.