تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان Archives - ژنەفتن

هەڵوێستی ئینتەرنێتی
سەرەتایەکی دێرینتر

هەڵوێست بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی مرۆییی ئێمە دەرهەق بەو جیهانەی کە تێیدا دەژین و پەرچەکرداری ئێمەیە لە هەمبەر ڕووداوەکانی نێو بوون، دەزانم پێناسەیەکی وەها کەمێک بوونخوازانە دەردەکەوێت و ڕەنگە لەگەڵ دەربڕینیدا خوێنەر بیری بۆ لای فەیلەسووفێکی وەکوو سارتەر بچێت و بیداتە پاڵ وی، بەڵام لە ڕاستیدا خودی ئەم پێناسەیە ڕەهەندێکی مێژوویی زۆر قووڵتر و دێرینتری هەیە و ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش پەیدابوونی نەک بە تەنها فەلسەفە؛ بەڵکوو بۆ سەردەمی پێش پەیدابوونی نووسینیش.

میتۆلۆژیای دوو ئاوان و دۆڵی نیل، پڕن لەو مرۆڤانەی کە ژیانیان بریتی بووە لە هەڵوێستیەلی گەورە دەرهەق بە شتەکان و ڕووداوەکانی نێو بوون. مرۆڤ ناتوانێت لە جێیەکدا بژێت و بمرێت، بەبێ ئەوەی لەو نێوانەدا هیچ هەڵوێستێک نەنوێنێت، هەر ئەمەشە وای کردووە مرۆڤ زیاتر وەک بوونەوەرێک بناسرێت کە خودان هەڵوێستی خۆیەتی، ئەم بە هەڵوێستبوونەشی زادەی هەستکردنێتی بە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر ئەو جیهانەی کە تێیدا دەژێت و دەمرێت. هەڵبەت کە دەڵێین خاوەنی هەڵوێستی خۆیەتی، مەبەستمان ڕەسەنێتیی ئەو خۆبوونە نییە، چونکە زۆر جار هەڵوێست بەرئەنجامی کارکردە کۆمەڵایەتی و دەرەکییەکانە، بەڵکوو مەبەستمان ئەو بەستێنە گشتییەیە کە مرۆڤ و هەڵوێستی کردووەتە دووانەیەکی لێکدانەبڕاو و پێکەوەگرێدراو.

پێشتر نواندنی هەڵوێست ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی تاک و خێزانەوە هەبوو، خەڵکی لەنێو گوندە کشتوکاڵییە بچووکەکان و نێو ئەشکەوتەکاندا، هەڵوێستی تاقانەییی خۆیانیان هەبوو. زاگرۆس نشینانی دێرین بەتایبەتی سۆمەرییەکان1، کە دەچوونە جێیەک و کارێکی نەخوازراویان دەدیت، خێرا هەڵوێستی خۆیانیان دەردەبڕی. بنەمای سەرەکیی ئەم هەڵوێست نواندنەشیان خۆپارێزی بوو، خۆپارێزییەکی یەکانەیی و یەک پێوەر. مرۆڤ لەو سەردەمانەدا کە هەڵوێستێکی دەنواند ئامانجی پاراستنی خۆی بوو لە هەر پێشهاتێکی ترسناک و ناجۆر بە ژینگە و ژیانی وی. ئایا ئەمە لە قۆناغەکانی دواتردا بەم شێوەیە مایەوە؟ ژیانی زاگرۆس نشینان تا دەهات سەختتر دەبوو، دەبووایە لە دوای دۆزینەوەی کشتوکاڵ و فراوانبوونی پیشەی ئاژەڵداری بگوازنەوە بۆ پێدەشتێکی پان و بەرین و بەراو. باشترین جێیەکیش کە دەکرا لەو سەردەمانەدا بۆی بچن، دۆڵی دووئاوان بوو. ئەمە سەرەتاکانی شکڵگرتنی هەڵوێستی دەستەجەمعی بوو، بەڵام سەرەتایەکی ناکامڵ و خۆنەگرتوو. سۆمەرییەکان کە کوردستانیان بەجێ هێشت و گەیشتنە دۆڵی دووئاوان، ناچاربوون پەرە بە دۆخی ژیارییانەی خۆیان بدەن و لەگەڵ ژینگەی نوێدا، ڕەوتی ژیانیشیان بە ئاڕاستەیەکی نوێتر و جیاوازتردا ببەن. هەر بۆیە ساڵی ٥٤٠٠ پێش زایین، شاری “ئەریدۆ” لەلایەن سۆمەرییەکانەوە بنیاتنرا و بوو بە یەکەم شار لە مێژووی جیهاندا، ئەریدۆییەکان یەکەمین کەسانی سەرزەوی بوون توانییان گوزارشت لە هەڵوێستی دەستەجەمعییان بکەن و پێوەرگەلێکی ئاشکرا بۆ چۆنێتیی هەڵوێست وەرگرتن لە ئاستی شتەکان دابڕێژن2، هەرچەندە داڕشتنی ئەم پێوەرانە زارەکی بوون و تا ماوەیەکی زۆریش هەروا مایەوە، بە هۆکاری ئەوەی کە هێشتا سۆمەرییەکان نووسینیان دانەهێنابوو، بەڵام ئەم پێوەرانە بوون بە بەشێک لە نەریتی سۆمەرییانە و لە چاخەکانی دواتردا و دوای پەیدابوونی نووسین، ڕێگە بە نووسینەوەیان درا و لەو ڕێیەشەوە گواسترانەوە بۆ گەلانی دیکەی ناوچەکە و جیهان3. واتا لە سەرەتادا تەنها پێوەرێکی زاتی هەبوو، بە گەڕانەوەش بۆ ئەو پێوەرە زاتییە هەڵوێستەکان دەردەبڕان، بەڵام دوای دروستبوونی شارەکان و کۆمەڵگە گەورە مرۆییەکان پێوەرگەلی گشتی دانران و بە پشت بەستن بەو پێوەرانە مرۆڤەکان هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕی.

بەم جۆرە لە “داناییی خۆرهەڵات”ەوە دوو شێوازی جودای هەڵوێست نواندن جێی خۆیان گرت، ئێمە هێشتا لە پێش زایینداین و کۆمەڵگەکان ڕووەو هزرینی کۆگەلییانە چوون و تاک خراوەتە پەراوێزەوە. شارستانیەت گەیشتووەتە ئەسینا و لەگەڵیشیاندا ئەم دانایییە خۆرهەڵاتییە دەیەوێت جێی خۆی بکاتەوە، میتۆلۆژیای یۆنانی چونکە ڕیشەیەکی ئایینی قووڵی هەیە و خوازیاری داناییەکی لەو چەشنەیه، بۆیە زۆر بە ئاسانی جێی بۆ دەکاتەوە و دەیکاتە بەشێک لە چیرۆک و گێڕانەوە ئەفسانەیییەکانی خۆی، ژیانی خواوەندان و پاڵەوانانی یۆنان پڕن لەو ڕووداوانەی کە بەرمەبنای هەڵوێست وەرگرتن بوون لە ئاستی ڕووداوەکانی دەوروبەر4. دواتر کە فەلسەفە دێتە بوون، ئیدی حیکمەتە خۆرهەڵاتییەکانیش جێلەق و بێهێز دەبن، چونکە ئەو دانایییە خۆرهەڵاتییە ناڕێک و پرژوبڵاوه واتا و دەلالەتەکانی کۆک و ڕوون نەبوون و پڕ بوون لە دژیەکی، فەلسەفەش لەگەڵ ڕێکی و لۆژیکدا مامەڵەی دەکرد و لە ئەسڵی شتەکانی دەکۆڵییەوە. لێرەوە جارێکی دی هەڵوێست پێناسە کرایەوە و واتا و پێوەرگەلی دیکەی بۆ پەیدابوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە هیچ سەردەمێکی مێژووییدا هەڵوێست دانەبڕێنراوە لە بەرپرسیارێتی، جا چ ئەو بەرپرسیارێتییە پەیوەست بێ بە بەرپرسیارێتیی کەسییەوە یاخود لکێندرابێتە بەرپرسیارێتییەکی کۆگەلییانەوە. مرۆڤ لە سەرەتاوە مەحکوم بووە بە هەڵوێست وەرگرتن لەبارەی ئەو پێشهاتانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بۆ ئەمەش ناچار بووه چەندین پێوەری گشتی و تایبەتی دابنێت و لە سۆنگەیانەوە چۆنێتیی هەڵوێست دەربڕینەکەی دیاری بکات.

هەڵوێستی ئینتەرنێتی

تۆڕەکانی پەیوەندی، بەتایبەتی ئەوەی کە ئەمڕۆ بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نێو دەبرێن، دواجار و دوای هەزاران ساڵ توانی پێناسەیەکی زۆر جیاوازتر بۆ هەڵوێست و بەرپرسیارێتییە مرۆیییەکان بخاتە ڕوو. ئەم پێناسەیە بە شێوەیەک جیاواز و دابڕێنەرە لە پێناسەکانی دیکە کە ئەگەر ئەم تۆڕانە نەبوونایە، زۆر ئەستەم بوو هیچ کەسێک بیتوانیبا مەزەندەی هەبوونی هیچ ئەگەرێکی بکردایە بۆ ناساندنێکی لەم چەشنەی هەڵوێست. دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دونیایەکی تەواو جیاواز و دابڕێنراوە لە دونیای پێش پەیدابوونی ئەم تۆڕانە، بارتەقای ئەم جیاوازییەشی ناچاری کردووین پێناسەگەلی دیکە بۆ پێناسەکراوەکانی پێشووتر بدۆزینەوە و جارێکی دیکە سەرلەبەری شتەکان پێناسە بکەینەوە. لەم سۆنگەیەشەوە هەڵوێست لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شیاوی هیچ گوزارەیەکی تر نییە جگە لە گوزارەی “هەڵوێستی ئینتەرنێتی”، چونکە بە ئەستەم نەبێت ناچێتەوە سەر شێوازەکانی هەڵوێست دەربڕینی پێش پەیدابوونی تۆڕەکان.

وادیارە ئەم گوزارەیە “هەڵوێستی ئینتەرنێتی” وێڕای نامۆبوونەکەی بڕێک کێشەسازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرخەری وێنا ڕاستەقینەکەیە و ناچارین وەکو خۆی بەکاری بهێنین. هەڵوێستی ئینتەرنێتی هەڵوێستێکی چەماوەیی و خۆمەڵاسدەرە، هەر ئەمەش وای لێ دەکات نەتوانرێت بەئاسانی دەستنیشان بکرێت و بناسرێتەوە، هەرچەندە بە ڕووکەش زۆر سانا و بێ کێشەش خۆی دەربخات. هەڵوێستی ئینتەرنێتی لێدانە لە تەواوی هەڵوێستە دەرەنێتیەکانی تر و بە کەم سەیرکردنی کاریگەرییەکانیانە، هەڵگەڕانەوەیە لە نەریتی بنەچە سۆمەری و بیرکردنەوەی فەلسەفییانەی پێشین. لە دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مرۆڤ ناتوانێت بێ هەڵوێست بێت و هەموو هەواڵێک کە بەری دەکەوێت ناچار بە کاردانەوەی دەکات، جا چ کاردانەوەیەکی ئەرێنییانە بێت یاخود نەرێنییانە، تەنانەت ئەوانەشی کە وەها خۆیان دەردەخەن بێلایەنانە دەڕواننە هەواڵی نێو تۆڕەکان، ناچاری هەڵوێست وەرگرتنن دژ بە هەردوو ڕەوتی لایەنگر و دژکار. لە دەستپێکی ئەم پەرەگرافەوە گوتمان گوزارەی “هەڵوێستی ئینتەرنێتی” گوزارەیەکی کێشەسازە، دەبێت ئەمە ڕوون بکەینەوە و بزانین کە بۆچی و لە کوێدا ئەم گوزارەیە کێشەسازە؟ یەکەمین شتێک کە دەبێت دەرهەق بە هەڵوێستی ئینتەرنێتی بیزانین، ئەوەیە کە ئەم هەڵوێستە لەنێو خاکێکی ڕووتەن و بێ پێشینەدا نەڕواوە، هەرچەندە خۆی دەیەوێت وا بە دیار بکەوێت، ڕەگ و ڕیشەی ئەم هەڵوێستە دەگەڕێتەوە سەر سێ پایە سەرەکییەکەی هەڵوێستی دونیای پێش خۆی و پێیەکی لەنێو واقیعدایە. کۆمەڵگە و تاک و تێڕوانینە فیکرییەکانی نێو واقیع سێ فاکتەری سەرەکیی پێکهاتنی هەڵوێستی ئینتەرنێتین و دواتر لە ڕێی ئینتەرنێتەوە بەتەواوی هەوڵی چێکردنی هەڵوێستێکی دابڕاو لەو سێ فاکتەرە دەدرێت و بە تەونێکی چڕ دادەپۆشرێن و دەشاردرێنەوە، بەمەش هەڵوێستی ئینتەرنێتیی خۆی وەک هەقیقەتێکی ڕەها و تاقانە دەناسێنێت و لە بایەخ و گەورەیی هەموو جۆرە هەڵوێست وەرگرتنێکی دەرە ئینتەرنێتی کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، کەسێک کە دەشێت ئەدمینی پەیجێک بێت، بە هەڵوێست وەرگرتنێک دەرهەق بە ڕووداوێکی واقیعی پۆستێک دەکات، خەڵکانێکی زۆر ئەم پۆستە دەبینن و لەسەری هەڵوەستە دەکەن، بڕێکیان بێ هیچ وردبوونەوە و تێڕامانێک وەک هەقیقەت وەریدەگرن و هاوڕای دەبن، لە بەرانبەریشدا بڕێکی تر هێرش دەکەنە سەری و دژهەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن، کەسانێکیش کە نە دەتوانن لایەنگر بن و نە دەشتوانن دژ بن و ڕەنگە هەر لە بنەڕەتیشەوە بڕوایان بە ڕاستی ڕووداوێکی لەو چەشنە نەبێت، یاخود بە گرنگی نەزانن هیچی لەبارەوە بڵێن، دەکەونە ئەو نێوانەوە. لەنێوان ئەم سێ هەڵوەستەکردنەدا؛ خاڵێکی هاوبەش هەیە کە ئەویش هەڵوێست وەرگرتنە؛ هەڵوێستی ئینتەرنێتی. هەڵوێستێک کە بنەماکەی لە پۆستێکەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبێت بە بابەتێک بۆ گەنگەشەکردن و ڕادەربڕینی جیاواز.

هەڵوێستی ئینتەرنێتی و پاڵەوانە فشۆڵەکان

هەڵوێستی ئینتەرنێتی تەنها بەوەوە ناوەستێت کە ڕێ بە هەموو تاکێک بدات ببێتە خاوەنی، بەڵکوو کەسایەتی و ڤیگەری نوێ دێنیتە بوون، لە دونیای ئەمڕۆدا هەڵوێستی ئینتەرنێتیی کەسانێکی خوڵقاندووە و کردوونی بە ڤیگەری دیار و بەناوبانگ، کە هەرگیز لە دەرەوەی ئەم دونیایه نەیاندەتوانی بگەن بە چارەگی ئەو ناوبانگ و پێگەیە. بەتایبەتی کەسانێک کە بێ هیچ بنەمایەکی فیکری و پاشخانێکی ڕۆشنبیری و شارەزایییەکی ئەوتۆ، تاوتوێی پرسە ڕۆژانەیییەکان و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی دەکەن و ڕەخنە لە دەسەڵات و ڕووداوە ڕۆژانەیییەکان دەگرن، بەمەش جەماوەر لە دەوریان کۆ دەبێتەوە و وەک چالاکوانێکی بوێر و بە هەڵوێست ناویان دەهێنێت. هەر لە ڕێی ئەمەشەوە ڕەوتە سیاسییە جوداکان چ بەرهەڵستکار بن و چ داکۆکیکار لە حکوومەت، دەکەونە ململانێوە بۆ دروستکردن و برەودان به جۆرە پۆپۆلیزمێکی ترسناک. مەترسیی ئەم جۆرە هەڵوێستە، تەنها لەوەدا نییە کە کەسانی ئاست نزم لە ڕووی ڕۆشبیری و فەرهەنگییەوە دەبنە خاوەنی، لەوەشدایە کە چیدی هیچ واتایەک بۆ هەڵوێستی ڕاستەقینە نامێنێتەوە. ئیدی ئەو ململانێ سیاسییە ڕاستەقینەی کە دەبێت لەنێو واقیعدا ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتە ستەمکارەکە بکەوێتە بەر مەترسی، دەگۆڕدرێتەوە بە یارییەک لە دونیای مەجازیدا. یارییەک کە دژبەرەکان چ لە ئۆپۆسزیۆندا بن و چ لە دەسەڵات حەزیان پێیەتی و هەر یەکە و بەدووی پشت و پەنای وەهمیدا دەگەڕێت. بەم شێوەیەش تۆڕەکان دەبنە شوێنی نواندنی هەڵوێست و واقیع دەخرێتە لاوە، تەنانەت مەترسیی ئەم جۆرە لە هەڵوێست دەگاتە ئاستێکی وەها کە هەڵوێستە واقیعییەکانیش دەکرێنە هەڵوێستگەلی ساختە و تەنها لەپێناوی پەخشکردنەوەیدا لەنێو تۆڕەکان، ئەنجام دەدرێن.

ئایا ئەمە بەو واتایە دێت کە چیدی ئێمە لە ڕێی تۆڕەکانەوە هەڵوێست دەرنەبڕین؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارەت بە بەڵێ وەرگرتەوە دیارە بەدحاڵیبوونێک هەیە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیڵێین خستنەڕووی ئەو شێوە موزەیەفەی هەڵوێستە لە دونیای مەجازیدا، کە خاوەنەکانی بێ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەیان لە واقیعدا داکوتابێت و وەک کارلێکی دونیا واقیعییەکە هاتبێتنە نێو دونیا مەجازییەکەوە، دەیانەوێت وێنایەکی پاڵەوانسازییانە بدەنە خۆیان و ئێمەش وەک نموونەی هەرە بەرزی هەڵوێست نواندن لێیان بڕوانین. دەبێت هەڵوێست لەنێوان دونیای واقیعی و دونیای مەجازیدا هاوسەنگ بێت و تەواوکاریی یەکدی بن، واتا دواجار هەڵوێست بڕێک لە ڕاستەقینەبوون و جدیبوونی خۆی بپارێزێت و لەدەستی نەدات.

هەڵوێستی ئینتەرنێتی و  پشت و پەنا وەهمییەکان

ئەوە چییە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵوێستی ئینتەرنێتی؟ کێ لە پشتی برەودانە بەم تایپە لە هەڵوێست؟ ڕەگ و ڕیشە واقیعییەکانی ئەم پشتگیرییە چین؟ بۆچی دەبێت ناو لەم جۆرە پشتگیرییە بنێین پشت و پەنای وەهمی؟ هەڵبەت یەکەمین شتێک کە دەبێت لێرەدا ڕوونی بکەینەوە، پۆستکردنە. (پۆست) بڵاوکردنەوەی ئەو شتەیە کە کەسێک دەیەوێت بیڵێت، واتا پەیامێکە و لەلایەن کەسێکی نێو واقیعەوە کە هەیە و ئینتەرنێتی لەبەردەستە و ئەپێک بەکار دەهێنێت، ئامادە دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە، گرنگ نییە ئەم کەسە سەر بە چ ئایدیا و بیرکردنەوە و تەوژمێکی فیکرییە؛ سەر بە چ ئایین و ئایینزا و نەتەوە و حیزبێکە؛ سەر بە چ چینێکی کۆمەڵایەتییە و کێیە و چ کارەیە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیه ئەمە کەسێکە دەتوانێت پۆست بکات و یار و نەیار بۆ بۆچوونەکەی خۆی دروست بکات؛ کەسێکە دەتوانێت بەو پۆستەی دەوروبەر ناچار بکات هەڵوەستە لە سەر بۆچوونەکەی بکەن و ببنە یەکێک لەو بەشانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد. واتا ئەو کەسەی کە لە توانایدایە پۆست بکات هەمان ئەو کەسەیە کە دەتوانێت هەڵوێستی ئینتەرنێتی دروست بکات و خەڵکی بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات و ئاڕاستەیان بکات.
پۆست بە سروشتی خۆی لەگەڵ دابەشکاریدایە و کێشە خوڵقێنە، چونکە پەخشکردنی ڕایەکی نێو واقیعە، کە لە بنەڕەتدا کێشەدار و دابەشکار بووە و دواتر هێنراوەتە نێو ئەم فەزا مەجازییەوە و هەڵوێستی ئینتەرنێتی ئافراندووە. لێرەوە دەگەین بەوەی کە پۆست خۆی بە تەنها ناتوانێت هیچ هەڵوێستێک بئافرێنێت ئەگەر کەسانێک نەبن لایەنگری بکەن و هاوسۆزی ئەو جۆرە پۆستکردنە نەبن و ڕیشەیەکی واقیعی نەبێت، ئەم کەسانە دەبنە پشت و پەنا بۆ خاوەنی پۆستەکە؛ لێ پشت و پەنایەکی وەهمی. بۆچی ناکرێت ئەمانە وەک پشتگیرێکی ڕاستەقینە ببینین و بە وەهمی نەیانناسێنین؟ چونکە ئەم پشتگیرییانە لەناو دونیایەکی مەجازیدا و لە پشتی شاشەیەکەوەن، کەسانێکی نێو ئەم دونیایە دێن و پشتگیرییەکانیان دەردەبڕن و بە دەگمەن نەبێت لەوە زیاتر لەگەڵی ناچنە پێش. ئەوان یان لە ڕێی کۆمێنتێکەوە هاوڕا دەبن و پشتی خاوەن پۆست دەگرن، یان بە لایک و ئیمۆجی دەبنە هاندەر و پاڵپشتیکاری، هەر ئەوەی زۆرجار به زاراوە عامیەکە پێی دەڵێن “دەفع کردن” و دنەدانی زیاتری خاوەن پۆست. کێشەی هەرە گەورەی ئەم هاوسۆزە وەهمییانە ئەوەیە کە ناتوانن بێنە ناو واقیعەوە و لەوێوە بە هەمان گڕوتینی ئینتەرنێتییەوە پاڵپشت و هاوکاری بن، نەک بڵێی ئەمانە کەسانی خراپ و بێوەفا بن و هیچیان پێ نەکرێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتەوە خۆیشیان دەزانن ئەوان پشتیوانی پۆستێکی وەهمییان کردووە لە دونیایەکی پڕ لە وەهم و نمایشدا، ئەوان دەزانن خاوەنی پۆستەکەش تەنها هەر ئەوەی لێیان دەوێت کە هەڵوێستی ئینتەرنێتی بنوێنن و لەوێوە هاوسۆز و هاوڕا و پشتیوانی بن، نەک لەنێو واقیعدا. ئاخر گەر ئەو ویستبای لە واقیعدا هەڵوێستێکی جیا و ڕادیکاڵانە بنوێنێت، چاوەڕێی هەڵوێستی ئینتەرنێتی نەدەکرد. بە مانایەکی تر جۆرە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەنراو لەنێوان خاوەن پۆستەکە و پشت و پەنا وەهمییەکانیدا هەیە و هەردوولا تەبا و کۆکن لەوەدا کە تەنها لە دونیای مەجازیدا بێن بە هانای یەکەوە. هەرچەندە جاروبار جۆرێک لە بەدحاڵیبوون دروست دەبێت و خاوەنی پۆستەکە دەست دەکات بە گلەیی، کە گوایە هەمووان لە پشتی شاشەوە هاوهەڵوێستین و کەس لە واقیعدا دەرناکەوێت و بە تەنیا جێی دەهێڵن. ئەمە لە حاڵەتی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا زۆر بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، کاتێک یەکێک پۆستێک دەکات و داوای خۆپیشاندان دەکات، هەمووان دەکەونە پشتیوانی لێکردنی، تا دەگات بەوەی کات و شوێن دیاری دەکەن و بە سەدان کەس بەڵێن دەدەن ئامادە بن، کەچی کاتێک خۆپیشاندانەکە دەست پێ دەکا و دەڕۆنە جێگاکە تووشی شۆک دەبن کە دەبینن چەند کەسێکی کەم هاتوون و زۆرینەی ئەوانەی بەڵێنی ئامادەبوونیان دابوو، نە دەنگێکیان هەیە و نە ڕەنگ!

ئیمۆجی؛ لایک و کۆمێنت و شێر

ئیمۆجی وێنەدانەوەی هەستەکانە لە دونیای ئینتەرنێتیدا، مرۆڤ چۆن هەست دەکات و شێوەی چی بەسەر دێت لە کاتی کاردانەوەدا، هەمووی لەوێدا جێی بۆ کراوەتەوە و زیاتر لەوەی کە هەیە هەقی دراوەتێ. ئەم هەقپێدانە زیادەیە هێندەی دی دۆخەکەی گۆڕیوە بۆ دۆخێکی سەرلێشێوێنەر و لەگەڵیشیدا هەڵوێستێکی فریودەرانە. ئاخر ئەم زێدەڕەویکردنە لە وێناکردن وا دەکات کە هەم ئەوەی ئیمۆجییەکە دادەنێت بڕوای بەوە نەبێت کە ئەمە هەستە ڕاستەقینەکەی ئەوە، هەمیش ئەوەی ئیمۆجییەکە دەبینێت سەری سوڕبمێنێت لەوەی چۆن بەرانبەرەکەی بەو ڕادەیە کاریگەر بووە پێی! بۆ نموونە: کاتێک هەواڵێکی ناخۆش پۆست دەکرێت ئیمۆجی دەبێتە نوێنەری ئێمە بۆ دەربڕینی هەڵوێستەکانمان، نەریتە دیجیتاڵییەکە پێمان دەڵێت ئیمۆجیی گریان دابنێین، چونکە تەبایە لەگەڵ پێوەرە گشتییەکانی ئەخلاق و هەڵوێستی شیاوی ئێمەدا دەرهەق بە ڕووداوە ناخۆش و غەمگینەکان. لێرەدا ئیمۆجی جگە لەوەی نوێنەری هەڵوێستی غەمگینانەی ئێمەیە، دەبێتە نوێنەری ئەخلاقییانەی ئێمەش، چونکە ئەوە ئیمۆجییەکەیە ئاستی ئەخلاق و سۆزی مرۆییمان دەخاتە ڕوو بۆ ئەوانی دی. خۆ ئەگەر لە دۆخێکی غەمگینانەدا دەستت بەر ئیمۆجیی پێکەنین بکەوێت، ئەوا تۆ دەکەویتە بەر تانە و پەلاماری ئەوانی دی و وەک کەسێکی بێ هەست و سۆز و نابەرپرسیار سەیر دەکرێیت. ئیمۆجی بەتەنها لە هەردوو دۆخی پرسە و ئاهەنگێڕاندا ڕۆڵ نابینێت، بەڵکوو لە تەواوی دۆخە جیاوازەکانی دیکەشدا دەبێتە نوێنەری ئێمە. بۆ نموونە لە دۆخی خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕێکدا، ئیمۆجی دەبێتە زمانێک بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و زیزبوون و ئاشتبوونەوە و نیگەرانی و دڵشکانەکان، تەنانەت جێگرەوەی ماچ و باوەش پێداکردنەکانیش. لە هەمبەر وتەی سەرکردەیەکدا ئیمۆجی دەتوانێت نوێنەری ئێمە بێت بۆ دەربڕینی هەڵوێستەکانمان؛ تۆ دەتوانیت تەنها بە ئیمۆجییەک پاڵپشتی وتەکەی بکەیت یان گاڵتەت پێی بێت و سووکایەتی پێ بکەیت! ئیمۆجی زمانێکی دیجیتاڵییە و تەواوی کایەکانی ژیانی مەجازی لەخۆیدا کۆ کردووەتەوە.

لایک و کۆمێنت و شێر، سێینەیەکی دیکەی هەڵوێستی ئینتەرنێتین، هەرچەندە ئەم سێینەیە ڕۆڵیان لە ئیمۆجی جیاوازترە و لە بنەمادا وەک یەک بەشی وابەستە سەیر دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر جودان لە یەکتری و هەریەکە و وەزیفەیەکی سەربەخۆی خۆیان هەیە، کە ڕادە و شێوازی هەڵوێست وەرگرتنەکان ڕوون دەکەنەوە. لایککردن سادەترین جۆری هەڵوێستە، ئەوەیە کە تەنها لە ئاستێکی سەرەتاییدا هاوهەڵوێستی دەردەبڕیت، بەڵام بە کەمێک ناجدییەتەوە و ناتەوێت زۆری لەسەر بڕۆیت. لایکێک دەتوانێت ئەوە دەربخات کە تۆ پشتیوانی پۆستێکیت، بەڵام ئەم پشتیوانییە زۆر سادەیە و هیچ بەڵگەیەکی ڕوونی لەسەر نییە و سەر بە خاکێکی ڕووتەنە. بە پێچەوانەی کۆمێنتەوە کە خستنەڕووی بەڵگەیە لەسەر شێوازی هەڵوێست وەرگرتنەکەت. هەڵوێستی ئەلیکترۆنی لە کۆمێنتدا دەگاتە لووتکە، چونکە بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە خۆت یەکلا دەکەیتەوە و بۆچوونەکەت بەدیار دەخەیت لەسەر پرسێک، جا چ بە لایەنگری بێت یان بە دژایەتی یانیش بە ڕاگرتنی هاوسەنگی. لە دوای هەڵوێستی یەکەمی ئینتەرنێتی کە پۆستکردنە، کۆمێنت بە پلەی دووەم دێت لە ئاستی کاریگەرییدا. کۆمێنت پوختەکردنە؛ گەنگەشە و ڕادەربڕینە؛ دەشێت کۆمێنت زۆر بە ئاگایییەوە بنوسرێت و ببێتە بگۆڕی هەڵوێستە بنەڕەتییەکەش، کە کرۆکی پۆستەکەیە. بڕێک جاریش کۆمێنت دەشێت جنێو و قسەفڕێدان و توانجێکی هەرزەییانە بێت و هیچ مەرامێک نەپێکێت. دەکرێت کۆمێنت خۆی ببێتە پۆستێک لەناو پۆستێکی تردا، واتا هەڵوێست لەناو هەڵوێست بەڵام بڕێک بە سەربەخۆیییەوە، ئەمەش کاتێک دەبێت که خودان کۆمێنت قسەی دڵی کەسانی دیکە بکات، ئەوکات لایککردنەکان دەبنە هاوهەڵوێستی بۆی و دەچنە بەرەیەکی دژەوە لەگەڵ هەڵوێستە بنەڕەتییەکە. کۆمێنت لەباریدایە ڕای گشتی دروست بکات، هەڵبەت بە پلەی یەک لەنێو ئەو دونیا مەجازییەدا. لە دوای لایک و کۆمێنت، شێرکردن بەشه گرنگەکەی هەڵوێستی ئینتەرنێتییە، نەک لە ڕووی نەیارییەوە؛ بەڵکوو لە ڕووی هاوهەڵوێستی و تەباییی تەواوەتییەوە. زۆربەی جار کەسێک کە پۆستێک شێر دەکات، خۆی دەبێتە بەشێک لەو پۆستە و وەک هەڵوێستی ئەو دەرهەق بەو پۆستە و پشتگیرییەک لێک دەدرێتەوە. لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت کە تێیدا ڕوونکردنەوە و ڕەتکردنەوەی لەگەڵ دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەردوو بارەکەدا دەبێتە گوێزەرەوەی هەڵوێستی یەکەم و برەوپێدەری.

ئەنجام

هەموو ئەمانەی ڕوو دەدەن؛ هەموو ئەو هەڵوێستانەی لە دونیای ئینتەرنێتدا بەرچاو دەکەون؛ ڕۆڵیان لە پێکهێنان و گەشەدان بەو وەهمانەدا هەیە کە وا تێیانگەیاندوین ئێمە ئەرکی خۆمان بە جێهێناوە و کەسانی بە هەڵوێستین، بێئاگا لەوەی کە ئەمانە جێگرەوەی هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئێمەن و خودی هەڵوێستە ڕاستەقینەکە نین. ئەگەر کەسێکی نزیکت مردووە و تۆی بەڕاستی غەمگین کردووە، ئیمۆجییەکی گریان ناتوانێت جێگای گریانە ڕاستەقینەکە پڕ بکاتەوە، دەبێت لەوەش بەئاگا بیت بەشی هەرە زۆری ئەوانەی ئیمۆجیی گریان و غەمگینانە دادەنێن، لە کاتی دانانیدا ڕوخساری ڕاستەقینەیان زۆر دوورە لەو وێنەدانە ئیمۆجییەوە، چونکە هەر لە پۆستی خوارووتردا گرتەیەکی کۆمیدی دەکەوێتە بەرچاویان و ئیمۆجیی پێکەنینی بۆ دادەنێن؛ لە خوارووتر مامۆستایەک دەبینن زلەیەکی داوە لە خوێندکارەکەی و ئیمۆجیی تووڕەیی پێوە دەنێن؛ زۆری پێناچێت شاشەکەیان لار دەکەنەوە و ڤیدیۆی کەسێکی کۆمیدی لە تیکتۆک دەبینن و دیسانەوە تێر پێدەکەنن! کە گوتمان هەڵوێستی ئینتەرنێتی هەڵوێستێکی فریودەرانەیە، لەبەر ئەم ئاڵوگۆڕە هەستەکییە خێرایانەی پشتەوەی شاشەکەیە، تۆ کە ئیمۆجیی گریان بۆ پۆستەکەت هاتووە، وا هەست دەکەیت ئەو کەسە بەڕاستی ئێستا دانیشتووە و بۆ کۆستەکەی تۆ دەگری، کەچی ئەو لەنێو ئاڵوگۆڕە هەستەکییەکانی خۆیدا نقوم بووە و شاشەیەک ئاڕاستەی دەکات. تۆ بەئاسانی فریوی ئەو دەخۆیت، ئەویش بەسانایی فریوی ئەپەکان دەخوات و یاری بە هەستەکانی دەکرێت و جێگۆڕکێ بە هەڵوێست و ڕاکانی دەکرێت.
ئەم خۆ لەدەستدانە بەرهەمی دونیا دیجیتاڵییەکەیە، ئەم هەڵوێستە ساختەیە بەرمەبنای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام ئایا ئەمە دوا ڤێرژنی بەکارهێنانی ئەپەکانە؟ ئایا ئینسان ناتوانێت لە دونیای دیجیتاڵیدا خاوەنی هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆی بێت و بەڕاستی غەمگین و دڵخۆش و پشت و پەنای ڕاستەقینەی ئەوی دی بێت؟ بێگومان ئاستی هوشیاری و خودئاگاییی تاک زامنی سەرەکی هێشتنەوەیەتی بە ڕەسەنێتی لەنێو ژاوەژاوی ئەپەکاندا. تۆ دەتوانیت ئەپەکان بەکار بهێنیت و نەهێڵیت یاری بە هەڵوێست و هەست و هزرت بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەڵام ئەوەت لەیاد بێت بۆ بەکارهێنەری ئینتەرنێت ئەمە کارێکی وا ئاسان نییە و قورسە، بە هوشیارییەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تێهەڵکێشیەی نێو فەزای ڕاستەقینە و فەزای مەجازی پێویستی بە خۆگریی و زیرەکییەکی زۆرە، چێکردنی هەڵوێستی خۆت لەسەر بنەمای پێوەرە لۆژیکی و خودییەکان و بە بەرپرسیارێتییەکی تەواوەتییەوە دەرهەق بەو جیهانەی کە تێیدای و ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن و ئەو کەسانەی لە چواردەورتن، تاکە ڕێگای هێشتنەوەی هەڵوێست و هەستکردن و تێهزرینەکانتە بە ئازادی و سەربەستییەکی خۆویستانەوە، لە جیهانێکدا کە هەڵوێستەکان زیاتر ژێستێکی نمایشکارانەیان وەرگرتووە و کەمتر لەپێناوی خودی هەڵوێست خۆیدا دەردەبڕدرێن، بەڵکوو زیاتر لە خزمەتی مەرامی دی و خواستی نەگوتراوی دیکەدان. ئێمە لێرەدا نامانەوێت لە بایەخی هەڵوێستی ئینتەرنێتی کەم بکەینەوە، بەڵام گرنگیشە نەهێڵین هەڵوێستی ئینتەرنێتی ببێتە جێگرەوەی هەڵوێستە ڕاستەقینەکانمان و فریومان بدات و بمانباتە نێو دونیا مەجازییەکەوە و هەر لەوێدا خاڵی کۆتایی دابنێت؛ گرنکە درک بەوە بکەین هەڵوێستی ئینتەرنێتی سەرباری ئەو کۆڕاییەی لە ئینتەرنێتدا دەیخوڵقێنێت، هێشتاش شتێکی زۆر کەمە بۆ برەودان بە جۆرێک لە هاوهەڵوێستی وەها لە دونیای واقیعیدا.

پەراوێزەکان

1    زۆر بۆچوونی جودا هەن لەبارەی ڕەچەڵەکی سۆمەرییەکان، وەک خاوەنی یەکەمین شارستانیەت و داهێنەری نووسین و دروستکەری شارەکان، کە زۆر جار بە مەبەست یان لە نەزانییەوە بە سامی و هیندی نێوزەد دەکرێن. لە ڕاستیدا بەپێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکان، سۆمەریەکان لە دێرینترین ئەو گەلانەن کە لە کوردستانی دێرین ژیاون و لە شاخەکانەوە کۆچیان کردووە بۆ دۆڵی دووئاوان، بەو مانایەی بنەچەی هەڵوێستی مرۆییانە بنەچەیەکی زاگرۆسیانەیە و ڕیشەیەکی خۆرهەڵاتی هەیە. بڕوانە: ( هاوڕێ باخەوان: کوردستان نیشتمانی یەکەمینی سۆمەرییەکانە، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئاراس، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ۲۰۰۳)

2    سەبارەت بە یاسا زارەکی و دواتر نووسراوەکانی سۆمەرییەکان، بڕوانە: جیا فخري الجاف: القوانين السومرية والقوانین البابلية القديمة، تموز للطباعة والنشر، بغداد، ۲۰۱۷.

3    سەبارەت بەم کاریگەرییە و گواستنەوەی شارستانیەت لە سۆمەرییەکانەوە بۆ گەلانی دیکەی جیهان، بڕوانە:( آ. وادل: الآصول السومرية للحضارة المصرية، ت: زهير رمضان، الآهلية للنشر والتوزیع، ۱۹۹۹.)هەروەها دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوەیە:( د.جمعة الطلبي: العراقة وآلاصالة/ تآثیر حضارة بلاد الرافدین علی الحضارة الیونانية، ص ۱۳۳، بغداد، ۲۰۲۱)

4    حسن نعمة: موسوعة میثولوجيا واساطير الشعوب القديمة و معجم آهم المعبودات القديمة، دار الفكر اللبناني، بيروت، ۱۹۹٤.

The post هەڵوێستی ئینتەرنێتی appeared first on ژنەفتن.

ڕوانینی دزەپێکراو
دەستپێک

لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش هەیە دەربارەی ناشیرینی. کاتێک “زیووس” لەگەڵ “هێرا”دا جووت دەبێت کوڕێکیان دەبێت بە ناوی “هێفایستۆس”، دوای ئەوەی “هێرا” دڵنیا دەکرێتەوە لەوەی کوڕەکەی زۆر ناشیرین و ڕموزنە، ڕقی لێی دەبێتەوە و لە ئۆڵیمپنەوە فڕێی دەداتە خوارێ. هێرا وەها تەماشای ناشیرینیی کوڕەکەی دەکات کە بارێکە بە سەریەوە و دەبێت تا زووە لە کۆڵی خۆی بکاتەوە1. نەک بە تەنها لای یۆنانیانی کۆن، بەڵکوو لای تەواوی گەلانی دیکەی جیهان لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ناشیرینی وەک بارێکی قورس و گران تەماشا کراوە و هەمیشەش هەوڵ دراوە بەزوویی ئەو بارە لە کۆڵ بکرێتەوە و فڕێ بدرێت. بۆچی ناشیرینی ئەوەندە بارێکی گران و قورسە؟ “هندرسن” لە پێشەنگی ئەو نووسەرانەیە کە بەوردی و ڕاڤەکارییەکی مەزنەوە دەربارەی “ناشرینی” دواوە و هەوڵی داوە دادگایی چێژبینی و پێوەرەکانمان بکات بۆ جوانی و ناشرینی، وەڵامی ئەو پرسانەش بداتەوە کە مرۆڤایەتی دەترسێت خۆی لە قەرەیان بدات. لای هندرسن ناشرینی بۆیە وەک بارێکی قورس و گران دەبینرێت؛ چونکە زۆر بە توندی بەستراوەتەوە بە جوانییەوە. ئێمە کاتێک بە شتێک دەڵێین جوان، کە سەرنجمان ڕابکێشێت و چێژمان بداتێ، دواییش لەسەر بنەمای ئەو سەرنجڕاکێشان و چێژبینینە پێوەرێک بۆ جوانیی دادەنێین. تەواوی ئەو شتانەی دیکەش کە دواتر دەیانبینین بەراوردیان دەکەین بە جوانیی شتی یەکەم. لێرەدا هندرسن پرسیارێکی زۆر پتەو و گرنگمان بیر دەخاتەوە و دەپرسێت: ئایا پێویستە ناشرینی هەمیشە دژی جوانی بێت؟2. واتا بۆ دەبێت ئێمە بۆ ناسینی ناشرینی پەنا ببەینە بەر بەراوردکاری و پێوەری شتێک کە بە لامانەوە جوانە، بەسەر شتێکی تەواو جیاوازی دیکەدا بیسەپێنین؟ لە ڕاستیدا ئەو شتەی ئێمە بە جوانی دادەنێین، دەرئەنجامی دیتنە ناوەکییەکانی ئێمە نییە؛ ڕادانێکی ئاساییانە و سروشتییانەی ئێمە نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی کاریگەرییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانە لە زەینی گشتیدا. دەرئەنجامی کاریگەرییە ژینگەییەکان و ئەو دۆخە تایبەتەیە کە تێیدا ژیاوین.

ناشیرینی پەیوەندییەکی گەورەی بە دونیابینیی مرۆڤەوە هەیە، ئەو دونیابینیەی کە کاریگەرە بە کولتوور و ئاین و زمان و چێژی گشتی؛ کە پەیوەستە بە کۆنەستی میللییانەی خەڵکییەوە، کە گرێ دراوە بە نەریت و خووە دێرینەکانی مرۆوە. کاتێک هەموو ئەمانە پێکەوە هاوڕا دەبن لەوەدا شتێک ناشیرین بێت و شتێکی دی جوان، ئەستەمە بتوانرێت وا بەئاسانی جوانی و ناشرینیی ڕاستەقینە لە یەکدی جوێ بکرێتەوە و دەست بۆ پێوەرە دروستەکان ببرێت. دەبێت لەوەش بە ئاگا بین چ چێژبینین و چ پێوەرەکانیش بۆ جوانی و ناشرینی، بەو ئەندازەیە سەربەخۆ نین کە توانای بڕیاردان و چێژبینینی سەربەخۆیانە ببەخشنە مرۆڤ. ئایا ئەمە ئەنجامگیرییەکی نائومێدانە نییە؟ بۆ ئەوەی هەڵە تێگەیشتنێکی وەها ڕوو نەدات، دەبێت بڵێین ئەنجامگیرییەکی وەها هەرگیز دژ وەستانەوە نییە بەرامبەر بەو ڕاستییەی کە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێی بە دەستهێنانی هوشیارییەکی باڵاوە بگاتە دیتنی شتەکان وەکو خۆی. بەڵام بەو مەرجەی لە توانایدا بێت ڕووبەڕووی ڕوانین و بینینە دزەپێکراوەکانی نێو ناخی خۆی ببێتەوە.

هێفایستۆس لە میتۆلۆژیای یۆنانی کوڕی زیووس و هێرایە

ڕوانینی دزەپێکراو چییە و  چۆن دروست دەبێت؟

مەبەست لە “ڕوانینی دزە پێکراو” ئەو ڕوانینە دەرەکییانەیە کە بە هۆی کاریگەرییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و ئاینییەکانەوە دزە دەکەنە نێو ناخی مرۆڤ و تێکەڵ بە ڕوانینە ڕەسەنەکانی دەبن. ئیشی مرۆڤی هوشیار بەرگرتنە لەم تێکەڵاوییە و وەلانانی ڕوانینە دزەپێکراوەکانە؛ لەگەڵیشیدا کارکردن بە ڕوانین و دیدگا ڕەسەنەکانی خۆی. ڕوانینی دزەپێکراو ڕوانینێکی ئێجگار مەترسیدارە، چونکە بەربەست دەخاتە بەردەم بینینی ڕاستەقینە. وەهمێک دەخوڵقێنێت کە پێمان وا بێت ئەوە ڕوانینی ئێمەیە بۆ شتەکان، لە کاتێکدا کۆمەڵە فاکتەرێکی دەرەکی پێوەر و ڕوانینێکی تایبەتیان ئافراندووە و دزەیان پێ کردووەتە نێومان و دەستیان بەسەر بینینماندا گرتووە.
لە فیلم کارتۆنی “کچە وردیلە”دا، قاڵۆنچەێک دڵی دەچێتە سەر جوانییەکەی کچە وردیلە و لە یەکەم بینیندا عاشقی دەبێت و یەکسەر دەیکاتە خۆشەویستی خۆی. دواتر لەگەڵ خۆی دەیباتە ئاهەنگێکەوە و دەیەوێت بە ئامادەبووانی بناسێنێت، بەڵام تووشی شۆک دەبێت کاتێک تیر و تانەی ئامادەبووان و چواردەورەکەی دەبینێت، کە چۆن لە هەموو لایەکەوە گاڵتە بە کچە وردیلە دەکەن و پێیان سەیرە قالۆنچەێک بەو هەموو قۆزێتیی و جوانییەی خۆیەوە سەرسامی ئەم شتە ناشیرینە بووبێت! ناچار قالۆنچەی لاو دەستی کچە ڕادەکێشێت و دەیباتە دەرێ، زۆر بە ڕاشکاوی پێی دەڵێت: “ببوورە چیدی من و تۆ ناتوانین بەردەوام بین، چونکە تۆ تەنها لە لای من جوانیت و لای ئەوانی دی ناشرینیت”.

ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە قالۆنچەکە لە یەکەم بینینیدا، چونکە خاوەنی ڕوانینی ڕەسەنانەی خۆیەتی و کچە وردیلە وەکو خۆی دەبینێت، بە لایەوە شتێکی سەرنجڕاکێش و جوانە. کەچی هەر ئەوەندەی دەڕواتە ئاهەنگەکەوە، ئیدی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕوانینە دەرەکییەکانەوە. ئەو ڕوانینانە دزە دەکەنە نێو ناخی قالۆنچکە و تێکەڵی ڕوانینە ڕەسەن و پاکەکەی دەبن. لەبەر ئەوەی ڕوانینی دزەپێکراو ڕوانینێکی هەژموونخوازانە و بەهێزە، زۆر بەئاسانی دەست بەسەر چێژ و ڕوانینە ڕەسەنەکاندا دەگرێت و کاریگەری دەخاتە سەریان.
لێرەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا ڕوانینی دزەپێکراو دەتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە بێتە نێومانەوە و دەست بەسەر بینینماندا بگرێت؟ بە دڵنیایییەوە کەس هێندەی فەیلەسوفە بوونگەراکان بە ڕژدییەوە بە دووی وەڵامی ئەم پرسیارەدا نەگەڕاون و کەسیش وەک ئەوان ناتوانێت یاریدەمان بدات لە دۆزینەوەی وەڵامێکی قایلکەردا. ڕستەیەکی زۆر بەناوبانگی “ژان پۆل سارتەر” هەیە و لە زۆر جێدا وەک کۆجیتۆیەک بەکار دەهێنرێت: “مرۆڤ ئازادە، چونکە بەرپرسە”. ئەم ڕستەیە لەپاڵ مانا فراوان و فرە ڕەهەندەکانی دیکەیدا، بەو مانایەش دێت کە ئێمە بەرپرسین لە هەمبەر ڕەسەنێتی و بە پاکی هێشتنەوەی ڕوانین و بۆچوونەکانی خۆمان. نکوڵی لەوە ناکرێت کە ڕوانینە دەرەکییەکان بەهێز و کاریگەرن، بەڵام تاوەکوو ئێمە ڕێگایان پێ نەدەین ئەوان ناتوانن بێنە ناومانەوه و تێکەڵی ڕوانینە ڕەسەنەکانمان بن. بە واتایەکی تر ڕەسەنێتیی ڕوانین پەیوەستە بە ئیرادە و هێزی بڕیاردانی مرۆوە، ئەو ئیرادەیەی کە لە بەرانبەر شتەکاندا؛ لە بەرانبەر ئەوانی دیدا ئازاد و بەرپرسیاری کردووین. ڕوانینی دزەپێکراو لە توانایدا نییە بێ مۆڵەتی ئێمە؛ بێ ڕێگەپێدانی ئێمە بێته نێومانەوە و دەست بەسەر چێژ و دونیابینینەکانماندا بگرێت. ئەوە ئێمەین ڕێگا دەدەین هەژموونی خۆی بەسەر ڕوانینە ڕەسەنەکانماندا بسەپێنێت و بۆ دیتنی شتەکانی چواردەورمان دەیکەینە مەرجەع.

لەودیوی ناشیرینی و جوانییەوە

لەنێو خەیاڵدانی ئەدەبی ئێمەدا، هەمیشە جوانی ڕووە گەش و پەسندراوەکە بووە و ناشیرینیش ڕووە تاریک و قێزەونەکە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەدەبی ئێمە بەردەوام یەک پێناسەی بۆ جوانی و یەک پێناسەشی بۆ ناشیرینی هەبووبێت. لەنێو ئەدەبی کوردیدا ناشیرینی هاوتەریبی نەبووە و بە زۆری پەیوەستکراوەتە خەسڵەتە دەرەکییەکانی مرۆوە، نەک گەڕانەوە بۆ خەسڵەتە ناوەکییەکان. جێی داخە کە ئەدەبی کوردی بەگشتی ئەدەبێکە نەیتوانیوە خۆی لەو ژینگە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە شێواوە دابڕێت و جیاوازتر بیر بکاتەوە و بدوێت. نەیتوانیوە پێناسەی جیاوازتر و وردبینانەتری هەبێت بۆ هەر دوو بابەتی جوانی و ناشیرینی. بۆ نموونە ئێمە لە شیعری داشۆرین و پرۆسەی بە ناشیرینکردنی ئەوی دیکەدا  “شێخ ڕەزای تاڵەبانی”مان هەیە. شێخ ڕەزا نموونەی بەرچاوی ئەم دانەبڕانە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەیە لە نێو ئەدەبیاتی ئێمەدا، تەرجومەکردنی دونیابینی و ڕوئیای خەڵکە سادەکەیە لە هەمبەر ناشیرینیدا بۆ نێو دونیای ئەدەبیات. شێخ ڕەزا بە هەمان ڕوانینی خەڵکییەوە سەیری کەم و کوڕییە جەستەییەکانی ئینسانی کردووە و سیفاتە کەسییەکانی داوەتە بەر پلار و توانجی کۆگەلانە. لەگەڵ ئەوەشدا لای هەندێکی دیکە لە شاعیرانی کورد، ڕەخنە لەو دیدە شێواوەی کۆمەڵگەی کوردی گیراوە و هێرشی کراوەتە سەر. “فایەق بێکەس” یەکێکە لە دەگمەنترین ئەو شاعیرانەی کورد لە زۆر جێدا ڕەخنەی لەو دیدە ڕواڵتپەڕستییە گرتووە کە زاڵ بووە بەسەر کۆێ دونیابینیی کۆمەڵگەی کوردیدا، لەگەڵ ئەوەشدا هانی داون لە دیوە شاردراوەکانی مرۆڤدا بە دووی جوانی و ناشرینی بگەڕێن و بە ڕووکەشخوازیی کۆگەلی فریو نەدرێن، بەڵام ئەمە بەشە کەمینەکەی نێو ئەدەبیاتی ئێمەیە و نەیتوانیوە ببێتە ناسنامەیەکی گشتی بۆ ئەدەبیاتەکەمان.
هێمن کە جوانیناسێکی دیکەی نێو دونیای ئێمەیە، تا ڕادەیەکی زۆر جوانبینییەکەی گرێدراوی ڕواڵەتە دەرەکییەکانە و بە هەمان شێوەی شاعیرانی پێش خۆی لە بۆتەی ڕواڵتگەراییدا تواوەتەوە. بە لای “هێمن”ەوە ناشرینی و دزێوی ڕوخسار شیاوێتی پەسندان لە مرۆ دەسەننەوە و ئەو هەقە بە تەنها دەبێت بدرێتە کەسی ڕوخسار جوان. هەرچەندە لە چەند دەقێکی کەمدا نەبێت کە جۆرە هەڵاواردنێکی تێیاندا کردووه و هەوڵی داوە چەند پنتێکی ڕامنەکراو بهێڵێتەوە بۆ شێوەکانی دیکەی جوانی و گرێدانەوەی بە خەسڵەتە ناوەکییەکان. ئەم هەڵاواردنە سەرەتای دیتنێکی نوێ بوو بۆ جوانی لەنێو ئەدەبی کوردیدا، لێ سەرەتایەکی ناکامڵ و شکڵنەگرتوو، کە ئەگەر بکرابا و هێمن لەو ڕووەوە هێندەی جوانپەرستییە ڕووکەشانەکەی لەسەر خەسڵەتە ناوەکییەکانی جوانیش بووەستایە، بێگومان دیدێکی فراوانتر و گشتگیرتری بۆ جوانی پەرە پێ دەدا. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین دیتنی ڕووکەشویستانە بۆ جوانی و ناشرینی زیانی زۆری بە دیتنە ڕاستەقینەکان گەیاندووە و نەیهێشتووە وەکو خۆی شتەکان ببینرێن.

لە ڕوویەکی ترەوە لەنێو دونیابینی کۆگەلانەی کوردیدا، هەمیشە جۆرە ڕەگەزپەرستییەکی خۆمەڵاسدەر هەبووە  کە ئامانجی جیاکردنەوەی ئینسانەکان بووە لە یەکدی، لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست و کەموکوڕییە جەستەییەکان و بیروباوەڕی ئاینی و بنەچەی مرۆییانە. دیتنی جوانی و ناشیرینی بەم چەشنە تەنها لەوەدا مەترسیدار نییە کە زیان بە دیتنە ڕاستەقینەکان دەگەیەنێت، بەڵکوو لەوەشدایە کە لەودیوی ناشرینی و جوانییەوە یەک دونیا لە جوانی و ناشیرینی نەدیتراوی دیکە هەن، کەچی بۆ شاردنەوەیان چەند خاسیەتێکی ڕووکەشانە و تێپەڕ کراونەتە پێوەر و ڕێگە بەوە نادرێت دەستمان بگاتە کرۆکی شتەکان. هەمیشە لەودیوی ناشیرینی و جوانییەوە یەک دونیا لە نهێنی و ڕوانینی ڕەگەزپەرستانە و کەمکردنەوەی بەهای ئینسان ئامادەگی هەبووە، کە ئیشی لە مرۆڤخستنی بەشێک لە تاکەکان و بە شەیتانکردنیان بووە و لە بەرانبەریشدا بەرزکردنەوەی بەها و پێگەی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵ. واتا پرۆسێسی بە شەیتانکردنی ئەوی دی، لەوەوە دەستی پێ کردووە کە ڕوانینە دەرەکییەکان بۆ جوانیی و ناشرینی کراونەتە تاکە پێوەر و لێیەوە ئەم حوکمانە دراون، نەک بنکۆڵکاری و  بینینی ڕاستەقینە. لێرەوە ئەوەی گرنگە ئێمە بیبینین دیوە دەرخراوەکە نییە؛ دیوە هەڵخەڵەتێنەرەکەی جوانی و ناشرینی نییە؛ بەڵکوو ئەو پنت و بۆشاییە ڕامنەکراوانەی دیکەن کە کەوتوونەتە ئەودیوی ئەم دووەوە و لە ئێمە شاردراونەتەوە؛ ئەو پنت و بۆشاییانەی کە پارچە شکاوەکانی دیکەی هەقیقەتن و بۆ بینینی کۆی وێنە دروستەکە وەک خۆی، ناچارین بە دوویاندا بگەڕێین و بیاندۆزینەوە.

جوانی تا مەرگ

هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی وەها لە بەردەستدا نییە کە بیسەلمێنیت یەکەمین مرۆڤ کێ بووە ویستبێتی دەستکاریی ڕوخساری خۆی بکات و هەوڵی دابێت بە شێوەیەک دەربکەوێت کە بە دڵی دەوروبەرەکەی بووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەڵگەی شوێنەواری و مێژوویی هەن دەربارەی ئەوەی کە مرۆڤ هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە و لە چاخە بەراییەکاندا، بە دووی جوانییەکی پەسەندکراودا گەڕاوە و بۆ ئەمەش زۆرێک لە بابەتەکانی جوانکاری و خۆڕازاندنەوەی داهێناوە. وەک داهێنانی کل بۆ ڕەشکردنی چاو و کرێمی جۆراوجۆر بۆ سپیکردنەوە و لابردنی پەڵە و ڕەونەقدارکردنی ڕوخسار لای میسرییە کۆنەکان، لە هەزارەی شەشەمی پێش زایین. یاخود داهێنانی سووراو بۆ ڕەنگکردنی لێوەکان لەلایەن دانیشتوانی دۆڵی دووئاوانەوە لە هەزارەی پێنجەمی پێش زایین، دواتریش دۆزینەوەی بۆیەی نینۆک لە چین و خنە بۆ ڕەنگکردنی قژ لە هیند و چەندین داهێنانی جوانکارییانەی دی لە تەواوی ژیارەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا3.
ئەم گرنگیدانە زۆرەی مرۆڤ بە جوانکردنی ڕوخسار و ڕواڵەتە دەرەکییەکەی، دەرخەری ئەو هەوڵە بێشومارانەی مرۆڤن بۆ هەڵهاتن لە ناشیرینیی ڕوخسار و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ملکەچبوونی بە ڕوانینە دەرەکییەکانی کۆمەڵ. ئەوەی کە یەکەمین مرۆڤ کێ بووە ماکیاژی بەکار هێناوە، تا ئێستا یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە گومانی تێدا نییە کە هۆکاری سەرەکیی پەیدابوونی ماکیاژ و کەرەستەکانی دیکەی جوانکاری، بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:

یەک/ بە کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ:

چونکە مرۆڤ لە قۆناغی تاکژیانیدا و دووربوونی لەوانی دی پێویستی بەوە نەبووە بیر لە جوانی و ناشیرینیی خۆی بکاتەوە وبیسەلمێنێت بۆ ئەوانی دی کە جوانە و ناشیرین نییە، بۆیە بیری لە خۆجوانکردن و ماکیاژ نەکردووەتەوە. بەڵام کە کۆمەڵگە دروست دەبێت و تاک دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵێکی گەورەتر، ئیدی دیدگا و ڕوانینە دەرەکییەکان (واتا چۆنێتیی سەیرکردنی دەوروبەر بۆ جوانی و ناشیرینی) دەبێتە جێی گرنگی پێدانی تاک و ناچار دەبێت بەردەوام بەو شێوازە خۆی دەربخات کە ئەوانی دی دەیخوازن، لەم پێناوەشدا ماکیاژ دەبێتە ئەو وەسیلەیەی کە تاک دەگەیەنێتە ئامانجی خۆی، ئامانجی پەسەندکراوێتی لەلایەن کۆمەڵگاوە.

دوو/ بەدەستهێنانی هێز و نمایشکردنی لە ڕێی ماکیاژەوە:

دەستپێکی داهێنانی ماکیاژ دەستپێکێکە بەستراوە بە هێز و دەسەڵاتەوە، یەکەمین بەکارهێنەرانی ماکیاژ چینی دەسەڵاتدار و پایەبەرزەکانی نێو کۆمەڵگا بوون، کە دەیانویست لە ڕێی ماکیاژکردنەوە خۆیان لەوانی دی جیا بکەنەوە و خۆیان بە باشتر و جوانتر لەوانی دی دابنێن. تەنانەت ماکیاژ لە تەواوی قۆناغە مێژووییەکاندا نیشانەیەک بووە بۆ پلەپەندیی کۆمەڵایەتی و جیاکردنەوەی چینەکان لە یەکدی. شێوازی ماکیاژ و جوانکاریی چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و بەهێزەکان جیاواز بووە لە ماکیاژ و جوانکارییەک کە چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە کردوویانە.
لەو دوو هۆکارەوە لەوە تێدەگەین کە پەیوەندییەکی قووڵ و مێژوویی لەنێوان هێز و جوانیدا هەبووە، بگرە لە هەندێک قۆناغی مێژوویشدا جوانی بە تەنها خۆی هێز بووە، هێزێکی وەها کە کەس نەیتوانیوە فەرمانەکانی ڕەت بکاتەوە. لەوەش تێدەگەین کە ناشیرینی چەندە بێزراو بووە و چۆن بەوپەڕی تواناوە مرۆڤ هەوڵی داوە خۆی لێ بەری بکات و دووری بخاتەوە لە خۆی. ژوورەکانی جوانکاری و کەرەستە جوانکارییەکان دوو داهێنراوی گەورەی مرۆڤن بۆ تەبەڕاکردنی خۆی لە ناشیرینی و بە نەفرەتکردنیشی. لە بەراییەکانی مێژوودا ژوورەکانی جوانکاری لەنێو ماڵ و لە کونجێکی کۆشکەکاندا بوون، لێ دواتر هاتنە نێو بازاڕەوە و بوون بە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاو لە ژیانی گشتی، بە شێوەیەک کە ئەستەمە لەمڕۆدا کەسێک بدۆزیتەوە ڕۆژێک سەری بە یەکێک لەو شوێنانەدا نەکردبێت. هەر ئەوەندەش نا، بگرە ئێستا لە زۆرێک لە زانکۆکانی جیهاندا جوانکاری وەک زانستێک دەخوێنرێت و بڕوانامە دەبەخشێتەوە و پسپۆڕی تایبەتیی خۆی هەیە. هەمووشیان لەوەدا کۆک و هاوڕان کە جوانیی ڕوخسار گرنگترین بەشی مرۆڤە و دەبێت بەردەوام هەوڵ بدەین بە جوانترین ڕوخسارەوە (بەپێی پێوەرە گشتییەکانی کۆمەڵگە) دەربکەوین، نەک بە پێوەرە زاتییەکان و ڕوانینی خۆمان بۆ جوانی. باڵادەستی ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە لە دونیای نوێدا، وای لە هەزاران کەس کردووە کە ڕوخساری خۆیان بخەنە ژێر ڕەحمی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە و پەنا بۆ چەندین جۆری مەترسیداری نەشتەرگەریی جوانکاری ببەن کە ڕەنگە بە مردنی کەسەکه کۆتایی بێت، نەک لەبەر ئەوەی ئەمانە نەخۆش بن و پێویستیان بەو نەشتەرگەرییە بێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بەشێکی ڕوخساریان یان ئەندامێکی جەستەیان بە دڵی ئەوانی تر نییە و بە ناشیرین دەبینرێن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری. ڕوانینە دەرەکییەکان ئەوەندە مەترسیدارانە دزەیان کردووەتە نێو ناخی ئینسانی ئەم سەردەمەوە، کە ناچار بن بە تەواوی دەستبەرداری ڕوانینە ناوەکییەکانی خۆیان بن و بڵێن: کێشه نیە ژیانمان بکەوێتە مەترسییەوە، یان ڕووبەڕووی مردن ببینەوە، گرنگ ئەوەیە لە چاوی ئەوانی دیکەوە ناشیرین نەبینرێین و بە جوانمان بزانن. بۆ ئەم مردنە تراژیدییە چ ناوێک هەڵبژێرین جگە لە مردنێکی کاڵفامانە لە پێناوی جوانیدا؟!
فێڵێک لە ئارادایە، ساڵۆن دەیگێڕێتەوە

ساڵۆن زاراوەیەکە لە مێژووی نووسینی ئێمەدا کەمترین ئیشی لەسەر کراوه، لە کاتێکدا لە ژیانی گشتیدا و لەنێو خەڵکە سادەکەدا زۆر بە فراوانی بەکار هێنراوە و هەمیشەش لەگەڵ ناوهێنانیدا بۆچوونێکی ڕەخنەیی توند و ئامادە دەبێنین، کە پێی وایە ساڵۆن شوێنێکە بۆ لە خشتەبردنی ژن و لە ڕێ دەرکردنی؛ شوێنێکە بۆ نەهێشتنی پاکێتی و بڵاوکردنەوەی فەساد و خراپەکاری، ئەوانەشی کە لەوێ کار دەکەن کەسانی ناوبانگ خراپ و دوور لە نەریتن. کێشەی ئەم بۆچوونە باوە ئەوەیە نەک تەنها لەگەڵ ساڵۆندا، بگرە زۆر جار لەگەڵ خۆیشیدا دەکەوێتە کێشەوە و دژی خۆی دەوەستێتەوە. ئاخر ئەو کاتێک پێویستی بە جوانکارییە پەنا دەباتە بەر ساڵۆن و پارەیەکی باشی دەداتێ، لێ هەر ئەوەندەی لەوێ دێتە دەر دیسانەوە دەکەوێتە پەلاماردان و بە سووک سەیرکردنی. ئەم دژ وەستانەوەیە بەتایبەتی لە کاتی بۆنە و ئاهەنگەکاندا دەردەکەوێت، لەوێ بەربەستێکی گەورەی لە ماکیاژ چێکراو دەبینین، کەس ئەوی دی ناناسێتەوە و هەموو ڕوخسارەکان گۆڕاون، هەمووان دەزانن کەس لێرە ڕاستەقینە نییە و ڕووپۆشکراوه بە بەربەستێکی لە ماکیاژ چێکراو، هەمووان هەوڵ دەدەن دان بە شێوە گۆڕاوەکەی یەکدیدا بنێن وەک شێوەیەکی ڕەسەن، ساڵۆن سەربازی ونی پشت ئاهەنگ و کۆبوونەوە گشتییەکانە.
بووک بۆ پێویستی بە جوانکارییە؟ چونکە چەن بەشێک لە ڕوخساری هەن دەبێت لە زاوا و لە خەڵکیش بشاردرێنەوە و بگۆڕدرێن، زاوا بەمە دەزانێت و بە ئاسایی وەریدەگرێت، خۆی لە ساڵۆن دەیهێنێتە دەر و هەوڵ دەدات ڕوخسارە گۆڕدراوەکەی بووکەکە وەک ڕوخساری ڕاستەقینە بناسێنێت. واتا لە بابەتی ساڵۆندا درۆیەکی گەورە هەیە، درۆیەک بۆ فریودان، لێ سەیرەکە لەوەدایە هەمووان کۆکن لە بە درۆنەخستنەوەیدا و بینینی وەکوو ڕاستییەکی تەواو. من دەزانم فێڵێک هەیه، تۆیش دەزانیت فێڵێک لە ئارادایە، بەڵام وا خۆمان دەردەخەین کە هیچ شتێک نازانین. چونکە لە بنەڕەتدا کۆڕاییەک چێکراوە بۆ شاردنەوەی ناشیرینی و دەستکاریکردنی ڕووە ڕاستەقینەکە، شتێکی سەیرە کە دەبینین کەس لاری لەم کۆڕاییە نییە!

سناپچات؛ ناشیرینەکانی بۆ کوێ برد؟

دونیای نوێ دونیای ئەپەکانە، ئەم ئەپانە بە قەبارە و ئاستی خۆیان کاریگەرییان خستووەتە سەر کۆمەڵگە و دیاردە بەرچاوەکانی. بەو پێیەش کە سناپچات ئەپێکە بە پلەی یەک بۆ خستنە ڕووی لێکدژییەکانی جوانی و ناشیرینی بەکار دەهێنرێت، ناتوانین لە بابەتێکی وەهادا نەگەڕێینەوە بۆی. سناپچات دوو بابەتی گرنگ دەورووژێنێت و ڕەواجی پێ دەدات:

یەک: ئێمە دەتوانین جوانی لەو مۆنۆپۆڵکردنەی پێشوو ڕزگار بکەین و مافی هەموو کەسێکە ببێتە خاوەنی ڕوخسارێکی جوان، بۆ ئەمەش دەیان و سەدان فلتەری جیاوازمان بۆ بەردەست خستوون.

دوو: ناشیرینی دەشێت بکرێتە بابەتێکی کۆمیدی و هەمووان بگرێتەوە و بە ناشیرینی خۆیان پێبکەنن، بۆ ئەمەش دەیان و سەدان فلتەری جیا جیامان بۆ خستوونەتە ڕوو.

لە خاڵی یەکەمدا بانگەشەیەک دەبینین کە دەیەوێت پێمان بڵێت ئێوە جوان نین، بۆیە وا باشترە لە گرتنی وێنەکانتانا فلتەرەکانی من هەڵبژێرن، واتا جوانیی سروشتییانەی مرۆڤ بە تەنها بەس نییە بۆ ڕەواییدان پێی، بەڵکوو پێویستی بە تێپەڕین هەیە بە نێو کۆمەڵێک فلتەری دیکەدا. بەو مانایەی کە کاتێک تۆ فلتەرێک هەڵدەبژێریت، لەگەڵیدا دەستبەرداری جوانییە سروشتییەکەت دەبیت و بڕوات بە جوانییە مەجازییەکەی سناپچات زیاتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەدا کە دڵنیایت ئەوەی لە وێنەکەدایە تۆ نیت و فلتەرەکەی سناپچاتە، کەچیی هەر باوەڕی پێ دەکەیت و به وێنا ڕاستەقینەکەی خۆتی دەزانیت. ئەمە بە تەنها خۆفریودان نییە؛ خەڵک فریودانیشە. بەڵام چ خەڵکێک؟ خەڵکی نێو کۆمەڵگایەکی مەجازی؛ خەڵکی سناپچات. ئایا لە واقیعدا دەتوانیت بە هۆی هەمان فلتەرەوە خەڵکی بە جوانییە ساختەکەت فریو بدەیت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە سناپچات حەز ناکات وەڵامەکەیت دەست بکەوێت!

خاڵی دووەمی ڕەواجپێدڕاوی سناپچات، شتێکی نوێ و سەرنجڕاکێشی تێدایە، کە وای کردووە خەڵکێکی زۆر لە دەوری کۆببنەوە و بەکاری بهێنن، ئەو شتەش کردنی ناشیرینییە بە بابەتێکی کۆمیدی؛ بینینی ناشیرینییە زۆر و زەبەندەکانی دیکەیە لە ڕێی چەندین فلتەری کۆمیدییەوە. ئیشی ئەم فلتەرانە ئەوەیە پێت بڵێن ڕاستە تۆ جوان نیت و بۆ جوانبوونت پێویستیت بە فلتەرەکانی سناپە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵت لە خۆت دانەمێنێت و غەمبار مەبە، زۆر لە تۆش خراپتر و ناشیرینتر هەیە، ئەها تەماشایان بکە! بەکارهێنەر کە خۆی لەنێو ئەم فلتەرانەدا دەبینێتەوە، جگە لەوەی کە تێر بە خۆی پێدەکەنێت و هەست دەکات تا ئەوپەڕی ناشیرینی ڕۆیشتووە، لەگەڵیشیدا هەست بە شانازییەکی گەورە دەکات کە ئەو ئێجگار بەو شێوەیە ناشیرین نییه و سوپاسگوزارە کە خاوەنی ڕوخسارێکی ئەوەندەش بێزراو نییە. لە دونیای سناپچاتدا ناشیرینی و جوانی بە شێوەیەک لێک نزیک کراونەتەوە، کە بەکارهێنەر بەردەوام لە بەرکەوتندا بێت لەگەڵیان. لێ جیاوازییەکە ئەوەیە ناشیرینییەکان لە سناپچاتدا خراونەتە چوارچێوەیەکی ئێجگار کۆمیدی و خەیاڵییانەوە و کەس بڕوای بەو ناشیرینیانە نییە، ئەوەی لە سناپچاتدا باڵادەسته جوانییەکی گشتییە و هەمووان وەک یەک بەشدارن تێیدا. وەک بڵێی ڕێککەوتنێکی پێشوەختە هەبێت بۆ لە کونجخستنی ناشیرینی و وەلانانی و برەودان بە درۆیەکی شیرین، لەبریی دیتنی ڕاستییەکی تاڵ. سناپچات ساڵۆنێکی مەجازییە، بەکارهێنەرانی دەڕازێنێتەوە، ئەوانیش هەرچەندە دەزانن ئەو وێنانە خۆیان نین، بەڵام مادامەکێ هاوشێوەی ئاهەنگە واقیعیەکان کۆڕاییەکی چێ کردووە، قەیدی چییە، با باوەڕی پێبکەین.

هەڵێنجاندن

ئەم سەرقاڵکردنەی ئینسان بە بابەتی جوانی و ناشیرینی زۆر بەقووڵی بەستراوەتە بابەتی بزنس و بازرگانییەوە. لەمڕۆدا بازرگانی بە کەرەستەکانی جوانکاری یەکێکە لە بەناوبانگترین و سەرکەوتووترین بزنسەکانی جیهان. پارە لەم نێوەندەدا ڕۆڵی لە فلتەرەکانی سناپچاتیش زیاترە، لە یەک کاتدا هەم لە توانایدایە جوانی ببەخشێتەوە و هەمیش ناشیرینی. پارە هێزی ئەوەی تێدایە جوانی بداتە کەسەکان و ببێتە ڕووپۆشێک بۆ بەدکاری و کردە خراپەکانیشیان. کۆمپانیا جیهانییەکان لە پێشبڕکێیەکی بەردەوامدان بۆ خستنەڕووی کەرەستەی جوانکاری زیاتر و جیاوازتر، هەموویشیان ئەو بۆشاییە گەورەیەیان قۆستووەتەوە کە لە ناخی مرۆڤدا دروستبووە بە هۆی کاریگەربوونی بە ڕوانینە دەرەکییەکان بۆ جوانی و ناشیرینی. هەتاوەکوو کۆششی مرۆڤەکان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی ئەوانی دی بە جوانییەکەیان بەردەوام بێت، کۆمپانیاکانیش لە هەوڵ و کۆششی خۆیان بەردەوام دەبن بۆ بەدەستخستنی داهاتی زیاتر لە ڕێی بەرهەم هێنان و فرۆشتنی کەرەستە جوانکارییەکانەوە، چ لە واقیعدا بێت و چ لە دونیای مەجازییدا. دواجار گرنگە بزانین مرۆڤ پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ بینینە ڕەسەنەکانی لە هەمبەر جوانیی و ناشیرینیدا، وەک چۆن پێویستی بە لابردنی کاریگەری ڕوانینە دەرەکیەکانیشە لەسەر خۆی. کە ئەمە ڕوویدا، جارێکی دی پێناسەکان نوێ دەبنەوە و واتا و دەلالەتەکانی جوانی و ناشیرینیش گۆڕانیان بەسەردا دێت.

پەراوێزەکان

1    آمين سلامة: معجم الاعلام في الاساطر الیونانیة والرومانية، مؤسسة العروبة للطباعة والنشر، الطبعة الثانية، 1988. هەروەها بڕوانە: آمین سلامة/ الاساطير اليونانية والرومانية، دار الثقافة العربية للطباعة والنشر، ط1، 1988.

2    غريتشن آي هندرسن: التآريخ الثقافي للقباحة، ترجمة: د. رشا صادق، ط1، 2020

3    مارتين تاردي: تآريخ المكیاج من عهد الفراعنة وحتی الیوم، ترجمة: حسناء بو حرفوش، ط1،‌ 2015.

The post ڕوانینی دزەپێکراو appeared first on ژنەفتن.

مێتا-فەیسبووک و ئازارەکەی پرۆمیسێیا
پێش ئەوەی بگەڕێن بۆ زانین دەربارەی ئەوەی مێتا- فەیسبووک چییە؟ سەرەتا پێویستە ڕشەی وشەی )مێتا) شی بکەینەوە، چونکە هاوکارمان دەبێ بۆ زانین دەربارەی ماناکانی مێتا-فەیسبووک کە دڵی دەرکەوتەکانی نێو تەکنەلۆجیایە.کاتێ دەڵێین مێتا مەبەستمان سەرجەم هۆکارەکانی سوشیاڵ میدیای و بەدەستهێنانی زانیارییە، مێتا پێشگر یان وشەیەکی یۆنانییە واتای پاش یان سەروو دەگەینێ، مێتا بەگوێرەی تێپەڕبوونی بەنێو زمان و بیرکردنەوەی یۆنانیدا وەک چەمکیش بەکار دێت. مێتا وەک چەمک بۆ تەعبیرکردن لە بوونی فەزایەک بەکار دێت کە لەو فەزایەدا بوار و هەلی بەردەوام دەرەخسێ بۆ بنیادنانی شتی نوێ. لەگەڵ ئەوەدا ئەو چەمکە زیاتر جێێ خۆی گرت پاش ناونانی کتێبە گرنگەکەی ئەریستۆ بە ناوی مێتافیزیک[1]. لێرەدا نامانەوێ پەیوەندی مێتا-فەیسبووک و مێتافیزیک باس بکەین، بەڵکوو تەنها مەبەستمان ئاماژەدانە بە بەها و گرنگی بەکارهێنانی وشەکە لەنیو مێژووی بیرکردنەوەی مرۆییدا.

مێتا-فەیسبووک بەم شێوە ڕوون دەکەینەوە کۆکردنەوەی شتەکانە لەنێو یەک فەزادا، هەروەها هەلرەخساندن بۆ بنیادنانی پێکەوەبوون لە سەروو پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی زانیاریی مرۆڤەکان بە خۆیان و دەوروبەر و دنیا لە سەروو ئەو بوونەی ئێستا تێیدا دەژین، بەڵام تەنها ڕاڤەکردنی وشەکە بەو شێوەیە (ژیانکردن لە سەروو ژیانکردنی ئەم شێوەی ئێستا) بەس نییە بۆ ناسینی جەوهەری مێتا-فەیسبووک، بەڵکوو پێویستە بنەڕەتی بیرکردنەوە لە مێتا فەیسبووک ڕوون بکەینەوە کاتێک بنەڕەتەکەمان ئاشکرا کرد ئیتر ڕێگامان بۆ ڕووناک دەکاتەوە بۆ زانین و تێگەیشتن و مشتومڕکردن لە بارەیەوە.

– بنەڕەتی بیرکردنەوەی مێتا-فەیسبووک

بنەڕەتی مێتا – فەیسبووک بریتییە لە کردنی گشت بە یەک، هەوڵە بۆ پێکەوەبەستن و پێکەوە گرێدانەوەی گشت بە یەکەوە بە مەبەستی جووڵە پێ کردن و گواستنەوەی بۆ سەروو ئەو شێوە ژیانکردنەی ئێستا، واتە دەرکەوتنی شێوازێکی نوێی ژیانکردن لە سەروو ئەو شێوە ژیانەی کە ئێستا تێیدا دەژین و بوونی هەیە، ئەمە تەنها ناونانێکی ڕووت نییە، بەڵکوو تیۆریزەکردنی (گشت بە یەک). بیرۆکەی ئەم هەوڵە تازەیەی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوە قووڵەکەی پارمێنیزیس [٢]کە پێی وابوو یەک گشتە واتە هەموو ئەوەی کە هەیە لە یەکەوە هاتووەتە ئاراوە تێڕامانەکەی پارمێنیزیس بوون ناسیییە، تێڕامانە سەبارەت بە بوون و پەیدابوون، بەڵام مێتا فەیسبووک کردنی هەموومانە بە یەک واتە نەک “یەک گشتە” وەک ئاماژەمان پێدا بەڵکوو “گشت دەکات بە یەک” هەموو کۆ دەکاتەوە لە یەک یەکەدا لە ڕێگای هۆکاری پێکەوەبەستن و گرێدانەوەوە. کاتێ گشت دەبێ بە یەک واتە پرۆسەی هەموومان دەبین بە یەک لە ڕێگای مێتا-فەیسبوکەوە  قۆناغی سەروو لەم جۆرە لە ژیان  دێتە ئاراوە، کە لەپاڵ خۆیدا نەک شێوەکەی واتە شێوەی ئەو ژیانەی ئێستا هەیە و تێیدا دەژین دەگۆڕێ، بەڵکوو (ئەگەر)ی گۆڕینی جەوهەرەکەشی لێ دەکرێت، چونکە کاتێ گشت دەبێ بە یەک ئیتر پێویستە هۆکارەکانی هەموو ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن ببن بە یەک. لەبەر ئەوە ئەم قۆناغە پێویستی بە تێڕامانی قووڵ و دانەبڕوا و لە بیرکردنەوەی دەوێ.

بوون بە خودا لە ڕێگای بوون بە یەک

کاتێک هۆکارەکانی هەموو ئەو ڕووداوانە دەبن بەیەک ئیتر هەمومان دەبین بە یەک کەس و پرۆسەی  بەخودابوونی مرۆڤ لەم ڕێگایەوە خۆی بەرجەستە دەکات، ئەمەش بەگەڕانەوە بۆ ئەو هەوڵانەی پێشتری مرۆڤ کە تاقی کراونەتەوە دووبارە تاقی دەکرێتەوە و هەموو ئەو تێڕامانانە بەگەڕ دەخرێن تا بە یەکجار ئەو وێنەیە بەرجەستە بێ کە مرۆڤ دەبێ بە یەک، کاتێ بوو بە یەک دەبێ بە خودا. لێرەوە مرۆڤ هەم دەبێ بە خودای خۆی هەم خودای دەوروبەری خۆی (دەوروبەر مەبەستمان ئاژەڵەکان و درەخت و سەوزی و دەریا و زەریاکان…) بەڵام ڕەنگە دووبارە هەوڵەکانی بە خودای کردنی مرۆڤ لە ڕێگای پرۆسەی گواستنەوەی (گشت بە یەک) لە ڕێگای مێتافەیسبووک مرۆڤ بەرەو چارەنووسێکی پڕ ئازار ببات، هەر وەک چارەنووسی پرۆمیسێیا، چونکە هەوڵی پرۆمێسێیا جارێکی دیکە بە شێوەی نوێ لە ڕێگای تەکنیکەوە خۆی نمایش دەکاتەوە.

پرۆمیسێیا: “لە میسۆلۆجیای یۆنانییدا خودای ئاگر بوو، ئەو عاشقی ئەسینای کچی زیۆس بوو، زیۆس هەموو شتێکیدایە کە بیداتە مرۆڤ جگە لە ئاگر، بەڵام ئەو ئاگر بەبێ ئاگاداری زیۆسی خوداوەند  دەداتە مرۆڤ، زیۆسی خوداوەند پێی دەزانێت و سزایەکی سەختی دەدات دووری دەخاتەوە و لە لوتکەی چیایەک هەڵیدەواسێ هەموو ڕۆژێک باڵندەیەک دێت بەشێک لە جگەری پرۆمیسێیا دەخوات و بە شەو چاک دەبێتەوە “لێرەوە پرۆمیسێیا ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ئەو لەپێناو خۆشبەختی مرۆڤدا ئاگرەکە لە خودا دەبات تا گەرمی و ڕووناکی بۆ بهێنێت و دووری بخاتەوە لە ئازار بەڵام پرۆمیسێیا خۆی دەکەوێتە نێو ئازارێکی قووڵەوە، بە هەمان شێوە مێتا وەک مژدەیەکی نوێی بۆ مرۆڤ هاتۆتە ئاراوە لەپێناو بەدیهێنانی شێوازێکی نوێی ژیانکردن لە سەروو ئەو شێوە ژیانەی کە ئێستا تێیدا دەژین و بوونی هەیە، بەڵام ڕەنگە مێتا بە هەمان شێوەی پرۆمێسیا هەمان ئازاری پرۆمیسێیا لەگەڵ خۆیا بهێنی ئەو یەک بوونە لە گشتدا (مێتا) بە ڕۆژ پارچەیەک لە جگەری مرۆڤ بخوات و بە شەو چاک ببێتەوە.

٢٧/ ١/٢٠٢٢

تێبینی:

لە زمانی یۆنانییدا پیتێکمان هەیە پێی دەگوترێت (زێلتا) کە پیتی چوارەمە لە پیتەکانی زمانی یۆنانی ئەو پیتە نە پیتی (ز )کوردی یان پیتی (زیتا) ئینگلیزی یان پیتی (ذ)ی عەرەبییە هەر بۆیە من لە ناوەکاندا (ز) لە جیاتی (زێلتا) بەکار دەهێنم، چونکە لەکاتی بەکارهێنانی ناودا پێویستە ناوەکان بەو شیوەیەی گۆ دەکرێن و دەنووسرێن لە زمانی یەکەمدا بەکار بهێنین، مەگەر ئەو  پیتانەی کە ناوەکە پێکدێنن لە زمانی دووەمدا نەبن. بەهەمان شێوە پێویستە ناو بە زمانی یۆنانی چۆن دەخوێنرێنەوە و گۆ دەکرێن بەو شێوەیە بەکاریان بێنین یان( نزیک لە زمانی یۆنانی) هەر بۆیە لیرەدا ناوی پارمێنیزیس بەو شێوەیەی کە نزیکە لە زمانی یۆنانی  بەکارم هێناوە و ناگەڕێمەوە سەر ئەو شێوە بەکارهێنانە کە لە زمانەکانی دیکەدا بۆ ناوی ئەو فەیلەسوفە کەجێیان گرتووە.

پەراوێزەکان:

[1] کتێبەکە گرنگەکەی ئەریستۆتالیس ” مێتافیزیک” لە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا ناو نرا، هەروەها مێتافیزیک وەک وشە لە هیچ دەقێک لە دەقەکانی ئەریستۆتالیسدا نەهاتووە. لەگەڵ ئەوەدا ڕەچەڵەکی وشەکە وشەیەکی ئەرستۆییە، هەروەها لە تێڕامانەکانی فەلسەفەی دێرینی یۆنانی وشەی وەها بوونی نییە بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ڕەچەڵەک وشەکە و بەکارهێنانیدا لەنیو مێژووی فەلسەفە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوەیە:

Αριστοτέλης, Μετά τα φυσικά -Βιβλίο Α, Εισαγωγή, μετάφραση, σχολεία,Βασίλης Κάλφας ,Εκδόσεις ΖΗΤΡΟΣ,2014.

[٢] پارمێنیزیس لەنێوان ساڵانی ٤٧٠-٣٤٠ پێش زایین لە ناوچەی ئیلێیا کە دەکەوێتە باشووری ئیتالیای ئێستا ژیاوە، فەیلەسوفی پێش سوکراتییە و یەکێکە لە فەیلەسوفە گرنگەکانی نێو مێژووی فەلسەفە. ئەو تەنیا یەک بەرهەمی لەدوای خۆی بۆ بەجێ هێشتووین کە بە شێوەی شیعر نووسیویەتی هەر لەبەر ئەوە هەندێک کەس ناونیشانی شیعریان بۆ بەرهەمەی بەکار هێناوە، هەندێکیش ناونیشانی بەرهەمەکەی بە دەربارەی بوون یان دەربارەی سروشت  ناوی دەنێن.

پارمێنیزیس یەکەم کەسە کە ڕایگەیاند زەوی خڕە و دەکەوێتە ناوەڕاستی گەردوونەوە هەروەها دوو پێکهاتە هەن ئەوانیش: گەرمی و شێ. پێکهاتەی یەکەم بەدیهێنەرە و پێکهاتەی دووەم ماددەیە. ئەو پێی وابوو مروڤ لە خۆرەوە پەیدا بووە چونکە هۆکاری یەکەمە، هەروەها هەریەک لە گەرمی و شێ ئەو دوو پێکهاتەن کە هەموو هەبووەکانیان لێ پەیدا دەبێ، لە لایەکی ترەوە ئەو  پێی وابوو دەروون و عەقڵ یەک شتن.

بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بەو پەراوێزە بڕوانە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە:

– Βασίλης Κάλφας και Γιώργος  Ζωγραφίδης, Αρχαίοι Έλληνες Φιλόσοφοι, Το ΒΗΜΑ – ΙΝΣ,2013.

– Διογένης Λαέρτιος, Εισαγωγή, μετάφραση, σχολεία, Θεόδωρος Γ. Μαυροπούλος, Εκδόσεις ΖΗΤΡΟΣ,2012.

The post مێتا-فەیسبووک و ئازارەکەی پرۆمیسێیا appeared first on ژنەفتن.

هابەرماس و دیموکراسیی 2.0
لە ٩٢ساڵیدا یۆرگن هابەرماس بە تیشک خستنەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێداچوونەوە بە تیۆرییەکەی، فەزای گشتیی سیاسی دەکات. لەوانەیە ئەو ئەوانە [تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان] زۆر ڕەشبینانە ببینێت – بەڵام ئێمە دەبێت لەبەرانبەریاندا زۆر هۆشیار بین.

لەنێوان ئەوانی تردا، بەدڵنیاییەوە [لەبەر] کاروبار و هەواڵە گرنگە کۆمەڵایەتییەکان ڕاپۆرتێکی گرنگ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرچاو نەکەوتووە. لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، هەرچۆنێک بێت، ئەمانە شتی بەرچاون، بۆیە دەمەوێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بدەم.

لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا فەیلەسوف و کۆمەڵناس یۆرگن هابەرماس لێکۆڵینەوەکەی “گۆڕانی پێکهاتەی فەزای گشتی” لەسەر بنەمای فەزای گشتیی بەمیدیاکراو و دیجیتاڵکراودا هەمووار کردەوە. ئەو کارەی کە لە ساڵی ١٩٦٢دا بڵاو کراوەتەوە، لەمێژە وەک تێڕوانینێکی نموونەیی(paradigmatisch) بۆ کۆمەڵگای دیموکراسیی ئێمە دادەنرێت.

پێداچونەوە تیۆرییەکەی لە شێوەی وتارێکدا بەناونیشانی “ڕەنگدانەوە و گریمانەکان لەسەر گۆڕانێکی بونیادی نوێکراوەی فەزای گشتیی سیاسی” لە ژۆرناڵی زانستی “Leviathan” بڵاو کرایەوە. دوایین ژمارەی ژۆرناڵەکە بەناونیشانی “گۆڕانێکی نوێ لە بونیادی فەزای گشتیدا؟” لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران، تەرخان کراوە بۆ پێداچوونەوەیەکی ڕاشکاوانە بە تێڕوانینەکەی هابرماسدا. تا چ ڕادەیەک ئەم سەرنج و گریمانانە سەرلەنوێ پەیامی تێزەکانی پێشوو دەگەیەنن، ئەمە لەلایەن زانستکاری دیموکراسی و ڕۆژنامەنووس ئۆلیڤەر ڤێبەر (Oliver Weber) لە دەقێکدا کە شایەنی خوێندنەوەیە، خراوەتە ڕوو.

گەیشتن بەڕاگەیاندنەکانی ئێستا

بە شێوەیەکی ڕوون و زۆر بەکورتی لێکۆڵینەوە بەناوبانگەکەی هابەرماس مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسیارە دەکات، کە تا چ ڕادەیەک دانوستاندنە عەقڵانییەکان لە فەزای گشتیی سیاسی و میدیاییدا گونجاون، کە یارمەتی پاراستنی دانوستانە دیموکراسییە بنەڕەتی و پێویستەکان دەدەن. بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان وادیارە هێشتا ڕوون نییە، کە کۆمەڵگەیەک چۆن کار دەکات، کە لەناویدا پەیوەندیی سیاسی – هەروەها پڕوپاگەندە، ڕق و هەواڵی ساختە(Fake News) – زۆرینەی لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوودەدات.

یۆرگن هابەرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی، لەدایکبووی ١٩٢٩

هابەرماس کە لە تەمەنێکی زۆردایە بە شێوەیەکی ڕوون هەڵسوکەت لەگەڵ فەیسبوک و تویتەر دەکات و بە ئەنجامێکی هۆشیارکەر دەگات. ئەو تێبینی ئەوە دەکات کە یارییە دیجیتاڵییە نوێیەکان، کە لە ڕاستیدا دەبێت لە ڕێگەی پەیوەندیی زیاتر، ئاڵوگۆڕی زیاتر و نووسەرە تاکەکانەوە ببێتە هۆی دێموکراسی زیاتر، بەڵام نیمچە فەزایەکی گشتیی ئەنارکی و خێڵەکیی دروست دەکەن، کە کەمتر پێشکەوتنی دێموکراسیی عەقڵانییە. ئەوەی لە ڕوانگەی پەیوەندی یان زانستی میدیاوە لە دۆزینەوەیەکی تا ڕادەیەک ئەناکرۆنی (درەنگە بۆ ئاهەنگەکە late to the party)<meta charset="utf-8">1 دەچێت، دەکرێت لە ڕوانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەک بەخێرهاتنی گەیشتن بە میدیای ئێستا لێک بدرێتەوە.

دەکرێت ئەمڕۆ بۆ زۆرێک لە ڕوانگەیەکی کرداریی تەواوەوە ڕوون بووبێتەوە، کە خەونە کۆنە یۆتۆپییەکەی ئینتەرنێت-یەکسانخوازی، یەکسانبوونی هەموو بەکارهێنەران، پەیوەندیکردن لەسەر ئاستی چاو –  لەناو سەرنجدانی ئابوورییەکی نادیار، مەرج نییە ببێتە هۆی بایەخدانی زیاتر بۆ هەموو بەشداربووان یان تەنانەت بۆ دیموکراسی زیاتر. هەروەها “هابەرماس” بەم شێوەیە دەیناسێنێت:

“ئەم بەڵێنە گەورە ڕزگارکەرە ئەمڕۆ لە لایەن دەنگە بیابانیی[نامۆ]کانەوە پارچەپارچە دەکرێت، کە لەناویدا خۆی دەنگدانەوە بازنەییەکان دەخنکێنێت.”

تێڕوانینی من ئەوەیە کە کۆمەڵناسەکەمان[هابرماس] لێرەدا بە تەواوی ناکەوێتە ناو ڕەشبینییەکی میدیایی. [بەڵکو] زیاتر ناساندنێکی ئاشتیخوازانەی توانایەکی نوێیە لە لایەن هاوکات ڕامانی ئەگەرەکانی خراپ بەکارهێنانەوە.

“هەروەها ئەو توانا ڕێکخراوە جیهانییەی کە لەلایەن میدیا نوێیەکانەوە پێشکەش کراوە، خزمەت بە تۆڕە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان و هەروەها ژنانی ئازای بیلاروسی دەکات لە ناڕەزایەتی بەردەوامیاندا دژی لوکاشینکۆ. خۆتوانایی بەکارهێنەرانی میدیا کاریگەرییەکە کە بۆ ئەوانی تر ئەو نرخەیەکە کە بۆ دەربازبوون لە بەرپرسیارێتی سەرنووسەری میدیای کۆن دەیدەن، تا ئەو کاتەی ئەوان هێشتا بە تەواوی فێر نەبوون چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیای نوێ بکەن. هەر وەک چۆن چاپەمەنی هەموو کەسی کردووە بە خوێنەرێکی شاراوە، ئەمڕۆ دیجیتاڵکردن هەمووان دەکات بە نووسەری شاراوە. بەڵام ئایا چەندی خایان تا هەمووان فێری خوێندنەوە بوون؟”

لەگەڵ هەموو مەترسییەکانی ئینتەرنێت و نەخوێندەواریی ئێمە، دواجار ئەو دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێت وەڵامێک بۆ سەرلێشێواوی نائەقڵانی، مەترسی دیموکراسییانە و ئەنارشیانەی نیمچە فەزای گشتیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەناو چۆنیەتی کۆنترۆڵی سەرنجی میدیایەکی گشتیی تایبەتمەندی(کۆن) بخاتە ڕوو، کە لەناویدا هێزی پاڵێوراوی کوالیتی ڕۆژنامەگەری، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هەواڵی ساختە.

“سیستەمی دیموکراسیی هەموو زیانەکان لەئەستۆ دەگرێت، کاتێک ژێرخانی فەزای گشتی ناتوانێت سەرنجی هاووڵاتییان بخاتە سەر بابەتە گرنگ و چارەنووسسازەکان، هەروەها ڕاهێنانی گشتیی ڕکابەر، ئەمە واتە: چیتر ناتوانرێت ڕای فیلتەرکراو دەستەبەر بکات.

کۆمەڵگەی سەرنووسەرانە

ئەوەندەی ئەم تێڕوانینە ئێستا ئاشنا دیارە، لە ڕاستیدا من ناتوانم وەک ستووننووسێکی شپیگل SPIEGEL 2زۆرتر لەهەمبەر ئەم جۆرە دۆزینەوەیە بوەستمەوە. ئەرکی کۆمەڵگایەکی دیموکرات ئەوەیە خەمی ژێرخانی میدیایی بخوات، کە لە ڕێگەیەوە ڕای سیاسیی عەقڵانی و بڕیاردان مسۆگەر دەبێت.

لەگەڵ ئەو هەموو خۆشەویستییەی بۆ ڕۆژنامەگەریی کوالێتی هەمە، من نکۆڵی لە بەشێکی دیاریکراوی بواری نیمچە فەزای ئینتەرنێت ناکەم، کە جۆرایەتی هاوشێوەی عەقڵانییەتی سیاسی هەیە. من دەمەوێت جەخت لەسەر دەسەڵاتی ڕۆژنامەوانی زۆرێک لەم بەشداربووانەی فەزای گشتیی سیاسیی “نوێ” بکەمەوە – هەرچەندە ئەمە تەنیا سەبارەت بە نووسەری نییە.

لە ساڵی ٢٠٠٩دا زانستکاری میدیایی بێرنارد پیۆرکسن لە کۆنفرانسی re:publica دا باسی لە یۆتۆپیای کۆمەڵگەیەکی سەرنووسەری کرد: ” کۆمەڵگەی سەرنووسەری، کۆمەڵگەیەکە کە لەناویدا زۆرینە و نموونەیی ڕۆژنامەگەریی باش بووە بە توخمێکی پەروەردەی گشتی. بۆ نموونە: سەرەتا بیپشکنە، پاشان بڵاوی بکەرەوە، هەروەها گوێ لە لایەنەکەی تر بگرە، ڕووداوێک گەورە مەکەرەوە، وەک ئەوەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتدا گوماناوی بێت، نادادپەروەری پیشانی جیهان بدە.”

کاتێک هابەرماس باسی ئەوە دەکات، کە ئێمە هەموومان لە ڕێگەی سەکۆ دیجیتاڵییەکانەوە بووین بە نووسەری بەتوانا، ڕەنگە بانگەشەی کۆمەڵگە بەتەواوی ئەوە بێت، کە دەبێت هەموومان ببین بە سەرنووسەر. لەبەرئەوە تەکنینکێکی سادەی وەک جریواندنەوە (retweet) یان سەرنج(comment)نووسین دواتر دەبێتە بواری بەرجەستەکردنی لێهاتوویی میدیایی خۆی و ئەخلاقی میدیایی – دەبێت ئێمە لە هەر مامەڵەیەکی پەیوەندیکردن لەناو فەزای گشتیی دیجیتاڵی، پرسیار لە خۆمان بکەین، ئایا ئێمە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بابەتێک ڕەخنەگرتن بەرهەم دەهێنینەوە یان دەستنیشانی دەکەین، ناوەڕۆکەکان بە بەرهەمی نەرێنیانە گەورە دەکەین یان سەرەتا بیخەینە ڕوو، کونجاوانە خزمەت بکەین یان  ناڕەزایەتییەکان هەڵبوەشێنینەوە، خۆپەرستەکان بەهێزبکرێن، ئەوانەی کە بەهۆی پشتگوێخستنەوە دەبوو لاواز بکرێن، یاخود لەڕێگەی ڕەخنەیەکی گشتییەوە پاوەن بکرێن.

لە ماوەی ڕابردوودا ئێمە ئەم پڕۆسە سەختانەی دانوستانی گرنگیی ئابووریمان لە چەند حاڵەتێکی جیاوازدا بەراورد کرد، لای ترامپ و ئائێف دی  AFD 3– یاخود دواجار ئێمە باسی ئەوانەمان لە پەیوەندی بە توندڕەوە ڕاستڕاوەکان لە پێشەنگای کتێبی فرانکفۆرت کرد.

دیموکراتیزەکردنی تۆڕ[ئینتەرنێت] بە پەیوەستبوون لەگەڵ کاریگەریی ئابوورییانەی پاداشتکراو، لەناویدا سەکۆکان زیاتر لە هەڵوەشاندنەوە، تووڕەیی و گاڵتەجاڕیی سوود وەردەگرن، هەروەکوو نەبوونی یاسادانان لەلایەک و نەبوونی ئەخلاقی میدیایی لەلایەکی ترەوە دەبنە هۆی کەڵکئاوەژوو و نامرۆڤبوونی سیستماتیک، وەک جۆن ئێمە دەتوانین لای راینەر ڤینکلە Rainer Winkler بیبینین.

لێرەدا هێزی جوڵێنراو و توڕی خودکاری کۆمەڵگەیەک لە کاردان کە خۆیان نەک تەنها لەناو نوێنەرایەتی هەمیشەیی ئەخلاقی تاک و گرێدراویدا(ئینتیما) نابیننەوە، بەڵکوو ئەمە دەخرێتە ژێر چاودێرییەکی دیجیتاڵی و هەمیشەیی.  تێڕوانینی هەمیشەیی دوولایەنە کە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی ڕەفتارەکان و وتراوەکان ئاوەژوو دەکاتەوە، زیاتر لەناو فەزای دیجیتاڵدا ئابووری و کۆمەڵایەتیی پاداشت دەکرێت و پشتیوانی دەکرێت. کرداری ڕەخنەی گشتی بەم شێوەیە دەبێتە مامەڵەیەکی زۆر پڕ قازانج بۆ پلاتفۆرمەکان و بەم شێوەیە ڕەفتارەکانی هێزی پارێزگار دەگۆڕێت، ئەوەی مایکڵ سیمان لە کتێبەکەیدا بە وردی نیشانی دەدات “هێزی پلاتفۆرمەکان: سیاسەت لە کاتی زەبەلاحەکانی ئینتەرنێتدا”.

کولتووری کاڵ و جیدی (E- und U-Kultur)

کەواتە دەبێت ئاگاییەکی زۆر تایبەت پەرەپێبدرێت، “هاوڵاتییان لە فەزای دیجیتاڵدا تەنها نەبنە بەکارهێنەر”. بۆ ئەم کارە دەبێت هۆکارەکانی خۆت بۆ بەکارهێنانی میدیا ڕاست و هەڵە لە یەکتر جیا بکەیتەوە، خۆئازادکردن لە کاریگەرییە ئابوورییەکان یان بەرەنگاربوونەوەی ئەخلاقی ڕەفتار و قسەی دیجیتاڵی، هاوڕێی نووسەر فریدەمان کاریگ (Friedemann Karig)پێی دەڵێت ئەخلاقی هاوبەشکردن. لە ڕێگەی ڕەفتارەکانی پەیوەندییەوە بەهاکانم بۆ ئەوانی تربە ئاسانی دەخەمە ڕوو هەوەها ئەوان بەهێز دەکەم –  یاخود خۆم بەهێز دەکەم لە ڕێگەی ئەوەی ئەوانی تر بێ بەها دەکەم؟ ئایا من تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕاستکەرەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەزانم یان پێویستییەکی کۆمەڵبوون؟

“تێڕامان و گریمانەکانی هابرماس لەسەر گۆڕانێکی بونیادیی نوێکراوەی فەزای سیاسی” لە باشترین کاتدا هەنگاوێکی نوێن بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تۆمارێکی ڕاستتر لە واقیعی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا. جیابوونەوەیەک لە کولتووری کاڵ و جیدی (E- und U-Kultur)، لە میدیایەکی ئەنارکی و کۆنترۆڵنەکراو هەروەها میدیای گشتی و پرۆفیشناڵ، هیوایەک پەیوەست بەمەوە کە یارمەتیدەر بێت، کەمتر دەبینم.

ئێمە دەبێت زیاتر وەک کۆمەڵگایەک بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن دەتوانین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ فەزای گشتیی عەقڵانی مسۆگەر بکەین، نەک تەنیا میدیای پرۆفیشناڵ بە بەرپرسیار بزانین، بەڵکوو کارپێکەرانی پلاتفۆرمەکان ڕێکتر بخرێن.

تێبینی: 2.0 واتە وەشانی دووەمی تێڕوانییەکان و بۆچوونەکانی هابەرماس. ئەم ژمارەیە زیاتر لە پرۆژە و کاری تەکنەلۆژیدا بەکار دێت، لەبەر ئەوەی تێڕوانینە نوێیەکانی هابەرماسیش لەبارەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوەیە، نووسەر ئەم ژمارەی وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بوارە بەکار هێناوە. وەرگێڕ

سەرچاوە

پەراوێزەکان

1    درەنگە بۆ ئاهەنگەکە late to the party: ئەم دەستەواژەیە بەو مانایە بەکاردێت کە کارێک درەنگتر لەو کاتەی چاوەڕوان دەکرا، ئەنجام ئەدرێت. وەرگێڕ

2    مەبەست لە ڕۆژنامەی شپیگلی ئەڵمانییە، کە ئەم وتارەش لە ماڵپەڕی هەمان ڕۆژنامەوە وەرگیراوە.

3    AFD: Alternativ für Deutschland جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. پارتێکی ڕاستڕەوی ئەڵمانییە.

The post هابەرماس و دیموکراسیی 2.0 appeared first on ژنەفتن.