ئایا دەبێت كافكا بسووتێنین؟
هاوار محه‌مه‌د کردوویە بە کوردی
ماوه‌یەکی كورت دوای ته‌واوبوونی جه‌نگ، هه‌فته‌نامه‌ی كۆمۆنیستیی “کردار” Action، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ده‌ست پێكرد ده‌رباره‌ی بابه‌تێكی كتوپڕى پێشبینینهكراو. دەستەى نووسه‌رانی گۆڤاره‌كه پرسیبوویان: ئایا ده‌بێت كافكا بسووتێنین؟[1] ئه‌مه یه‌كێكه له‌و پرسیارانه‌ی كه هه‌رگیز له جێی خۆیدا نییه، چونكه هیچ پێشینه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نییه كه بشێت زه‌مینه‌سازییه‌كی له‌م جۆره بكات یان ببیته مایه‌ی ئه‌م كاره: ئایا ده‌بێت كتێبه‌كان بسووتێنین؟ یان، ده‌بێت چ جۆره كتێبێك بسووتێنین؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕه‌نگه هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دەستەى نووسه‌ران مه‌كربازانه و ورده‌كار بووبێت. وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن نووسه‌ری “دادگایی”: ”یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین بلیمه‌ته‌كانی سه‌رده‌می ئێمه”. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ژماره‌یه‌كی زۆر له وەڵامەکان ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه وه‌ختی چنینه‌وه‌ی ڕوون و ڕۆشنیی [به‌رهه‌مه‌كانی] هاتووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی داڕشتنى پرسیار و وەڵامەکان تەواو بووبێت، وه‌ڵامێك له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا هه‌بوو كه سه‌رنووسه‌ره‌كان لایانبرد و بڵاویان نه‌كرده‌وه -وه‌ڵامی كافكا خۆی. چونكه كافكا له‌ماوه‌ی ژیانیدا هه‌تاكو مرد، هه‌ر به‌ده‌ست ئاره‌زووی سووتاندنی كتێبه‌كانییه‌وه ده‌تلایه‌وه.
به بۆچوونی من، كافكا تا كۆتایی هه‌ر دوودڵ و ڕاڕا بوو. له سه‌ره‌تادا، كتێبه‌كانی نووسی، ده‌بێت خه‌یاڵی ئه‌و ماوه زهمهنییهیش بكه‌ین كه ده‌كه‌وێته نێوان ئه‌و ڕۆژه‌وه كه كه‌سێك ده‌ست ده‌كات به نووسینی شتێك هه‌تاوه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ی كه بڕیار ده‌دات ئه‌وه بسووتێنێت كه نووسیویه‌تی. له‌گه‌ڵ ئهوهیهشدا بڕیاره‌كه‌ی هه‌ر به ناڕوونی و هه‌ڵواسراوی ده‌مێنێته‌وه و مه‌سه‌له‌كه یه‌كلایی ناكاته‌وه: كافكا ئه‌ركی سووتاندنی كتێبه‌كانی سپارد به‌و تاكه هاوڕێیه‌ی كه هه‌ر به ڕاشكاوی به كافكای وت هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌و كاره بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا و به‌ر له مردنی، هه‌ر به ڕاستی ئاره‌زوویه‌كی ته‌واوی بۆ ئه‌وه ده‌ربڕی كه ده‌بێت هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له دوای به‌جێ دهمێنێنن بخرێنه نێو کڵپەى ئاگره‌وه.
به هه‌رحاڵ، ئایدیای سووتاندنی كافكا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بێت جگه له هاندان و دنه‌دان، لای كۆمۆنیستەکان هه‌مان لۆژیكی هه‌یه. ئه‌و ئاگره خهیاڵكراوهی كۆمۆنیستهكانیش (هه‌ر وه‌ك ئاگره‌كه‌ی كافكا خۆی)، كه ته‌نیا وه‌ك فانتازیا ده‌مێنێته‌وه، به‌شداریی ده‌كات له تێگه‌یشتن و حاڵی‌بوون له كتێبه‌كانی. ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك كتێبن كه له چاره‌یان نووسراوه و مه‌حكومن به‌وه‌ی ده‌رخواردی نێڵەى ئاگر بدرێن: ئه‌و كتێبانه له‌وێدا هه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه هه‌ن ون ببن، وه‌ك بڵێی هه‌ر به ڕاستی نابووتكراون.
كافكای زه‌مینی به‌ڵێنپێدراو و كۆمه‌ڵگه‌ی شۆڕشگێڕی:
ڕه‌نگه كافكا له هه‌موو نووسهرکان مهكربازتر[2] بێت: لایه‌نیكه‌م ئه‌و هه‌رگیز ساویلکە نه‌بوو! به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له نووسه‌ره هاوچه‌رخه‌كانه‌وه، له سه‌ره‌تادا ویستی ببێته نووسه‌ر. ده‌ركی به‌وه كرد كه ئه‌ده‌ب، هەمان بوارە دڵخوازەکەى خۆى، به‌و جۆره‌ی كه ئه‌و چاوه‌ڕوانیی لێی هه‌بوو تاسه‌ی نه‌شكاند و ڕازیى نەدەکرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌رگیز وازی له نووسین نه‌هێنا. ته‌نانه‌ت ناتوانین بڵێین ئه‌ده‌ب تووشی نائومێدی كردووه، ئه‌ده‌ب تووشی نائومێدیی نه‌كرد –به هه‌رحاڵ به‌راورد به ئامانجه‌كانی تر كه ده‌شیا هه‌بن، تووشی نائومێدی نه‌بوو. به‌لای ئه‌وه‌وه، ئه‌ده‌ب وه‌ك زه‌مینی به‌ڵێندراو[3] به مو‌سا وابوو. «ڕاستییه‌كه‌ی، ماقووڵ نییه مو‌سا ته‌نیا ساتێک پێش مردنەکەى، ده‌توانێت زه‌مینی به‌ڵێنپێدراو ببینێت»، كافكا له یاداشته‌كانیدا ده‌رباره‌ی مو‌سا ئه‌مه‌ی نوسیووه، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌یش «تاكه واتای ئه‌م بینین و نیگاكردنهی كۆتایی، ده‌رخستنی ئه‌وه‌یه كه تا چ ڕاده‌یه‌ك ژیانی مرۆڤ ناکامڵ و نوقسانه[4]– نوقسانه چونكه ئه‌م لایه‌نه‌ی ژیان (پێشبینیكردنی زه‌مینی بەڵێنپێدراو) ده‌شێت به بی سنوور به‌رده‌وام بێت، گه‌ر ده‌ریش بكه‌وێت ساتێك زیاتر ناخایه‌نێت. مو‌سا شكستی هێنا له‌وه‌ی بگاته كه‌نعان، ئه‌مه بەو هۆیە نه‌بوو كه ژیانی زۆر كورت بوو، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه بوو ژیانەکەى ژیانى مرۆڤێک بوو»[5]. ئه‌مه ته‌نیا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پووچی یان به‌تاڵیی “یه‌ك لایەنیى ژیان” نییه، به‌ڵكو به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پووچێتی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و ڕهنجانهیه كه له‌هه‌مان كاتدا واتایان نییه: هه‌وڵی بێئومێدانه، چ زوو چ دره‌نگ، وه‌كو ماسییه‌ك له ئاودا. ئه‌وه ته‌نیا خاڵێكه له جوڵه‌ی گه‌ردووندا، چونكه ئێمه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژیانی مرۆڤدا ده‌كه‌ین.
ئایا هیچ شتێك هه‌یه لێكدژتر له پێگە و هه‌ڵوێستی كۆمۆنیسته‌كان؟ كۆمۆنیزم كرده‌یه‌كه گرنگی به پێرفێکت دەدات و مەیلى لە کامڵێتییە[6]، كرده‌یه‌ك كه جیهان ده‌گۆڕێت. لە كۆمۆنیزمدا ئامانجەکە، کە جیهانێکى دیکەى [جێگرەوەى ئەم جیهانەیە]، کەوتۆتە نێو زهمهنەوە، یان له داهاتوودایە، دەکەوێتە پێش و سەرووى بوون، یان چالاكی و ئه‌كتی ئێستایه، ئەم چالاکییەیش ته‌نیا هێندە مانای هه‌یه کە به‌ره‌و ئه‌م ئامانجه بڕوات: “زه‌روره‌تی گۆڕینی جیهان”. كۆمۆنیزم كێشه‌ی پره‌نسیپ[7] ناورووژێنێت. هه‌موو مرۆڤایه‌تیی ئاماده و له‌سه‌ر پێیه تاوه‌كو ئهمساتهی ئێستا و كاتی هه‌نووكه ملكه‌چی هێزێكی ناچاركهرانهی ئامانجه‌كه بكات. هیچ كه‌سێكیش گومانی له به‌های ئه‌كت نییه، یان دڵی كرمێ نییه له ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ئه‌كت.
هەرچییەکى تر کە لەوە دەمێنێتەوە تەنیا دوودڵییەکى بێ مانایە: به خۆمان ده‌ڵێین كرده (ئه‌كت) هه‌رگیز ژیانی له هیچ كه‌سێك زه‌وت نه‌كردووه… له‌به‌رئه‌مه، جیهانی كرده هەقى هیچى دیكه‌ی نییه و دەربەستى شته‌كانی تر نییە جگه له ئامانجه‌كه‌ی خۆی. ئامانجه‌كان به گوێره‌ی نیازه‌كان[8] جیاواز ده‌بن، به‌ڵام ههمهجۆرییهكەیان و بگره لێكدژییهكهیشیان، هه‌میشه ئه‌وه‌یه كه شوێنێك بۆ ئاسوودەیى تاكه‌كه‌سی ده‌هێڵنه‌وه. ته‌نیا مرۆڤی شێواو، به‌جۆرێك له جۆره‌كان شێت، ئامانج له‌پێناو شتێكی تری جگه له‌و ئامانجه‌ی كه هێشتایش زیاتر ڕه‌وایه، ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. كافكا خۆى به‌و شاراوه‌یی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه مو‌سا ته‌نیا بۆ گاڵته‌پێكردن باشه، چونكه به گوێره‌ی پێشبینییه‌كه ده‌بوو هه‌ر كه گه‌یشته ئامانجه‌كه‌ی، بمرێت. به‌ڵام له‌ڕووی لۆژیكییه‌وه ئه‌وه‌یش زیاد ده‌كات كه هۆكاری سه‌ره‌كی شكسته‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو وا “ژیانه‌كه‌ی مرۆڤانه بوو”. ئامانجه‌كه له زه‌مه‌ندا دواخرا و زه‌مه‌نیش (ته‌مه‌نی مرۆڤ) سنوورداره: ڕێك ئا ئه‌مه كافكا به‌ره‌و ئه‌وه ده‌بات كه وه‌ك جۆرێك له ته‌ڵه یان دانى ڕۆکراوى فریودەر[9]، له ئامانجه‌كه له‌خۆیدا بڕوانێت. ئه‌مه زۆر لێكدژه و زۆریش ناكۆكه له‌گه‌ڵ عه‌قڵی كۆمۆنیستیدا (نه‌ك ته‌نیا ئه‌و باوه‌ڕه سیاسییه‌ی كه شۆڕشی بۆ گرنگه و هیچیتر). بۆیه ده‌بێت کەمێک بە وردتر هه‌ڵوێستی كافكا بپشكنین.
هه‌رزه‌یی ته‌واوەتی كافكا:
ئه‌ركه‌كه هه‌رگیز ئاسان نییه. هه‌ر كاتێك كافكا (له یاداشته‌كانیدا یان له تێبینییه جۆراوجۆرهكانیدا) گوزارشت له ئایدیاكانی ده‌كات، ته‌ڵه‌یه‌ك (داوێك) له هه‌ر وشه‌یه‌كدا داده‌نێت. ئه‌و كۆمه‌ڵێك قه‌ڵای قاییمى هەڵچنى كه پڕ بوون له مه‌ترسی، تێیدا وشه‌كان هیچ ڕێكخستنێكی لۆژیكییان نییه، به‌ڵكو زۆر به ساده‌یی له‌سه‌ر یه‌كتر كه‌ڵه‌كه كراون، وه‌ك بڵێی ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه بوونیان هه‌یه كه ببنه مایه‌ی سه‌رسوڕمان و سەرلێشێوان[10]، یان وه‌ك بڵێی ئاماژەن لەسەر خودی نووسه‌ر و ئەومان پیشان دەدەن، كه وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌رگیز ماندوو نه‌بووه له‌وه‌ی له سه‌رسوڕمانه‌وه بگوازێته‌وه بۆ سەرلێشێوان.
ئه‌وه‌ی ناتوانین بیكه‌ین ئه‌وه‌یه كه واتایه‌كی ورد و پڕ به پێست بده‌ینه پاڵ (یان بیگه‌ڕێنینه‌وه بۆ) كتێبه‌كانی كافكا. به شێوه‌یه‌كی دووباره و به‌رده‌وام ئه‌وه ده‌یبینین كه له‌وێدا بوونی نییه، یاخود، له باشترین حاڵه‌تدا، شتێك ده‌بینین كه له‌وێدا هه‌یه، به‌ڵام ته‌نیا ده‌توانین ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین و هیچیتر[11]. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌توانین له‌م ته‌ڵه‌یه‌دا، له‌م پێچینەیەدا (لابیرنت)[12]، به‌دواداچوون و تێبینیی ئاراسته‌یه‌كی گشتی بكه‌ین كه ته‌نیا ئه‌و كاته له به‌رده‌مماندا ڕوون ده‌بێته‌وه كه خۆمان ده‌ره‌تانێكی تێداببینینهوه. پێموایه له‌باره‌ی ئه‌م خاڵه‌وه، زۆر به ساده‌یی ده‌توانین بڵێین به‌رهه‌مه‌كانی كافكا هه‌ڵوێستێكی ته‌واو منداڵانه [هەرزەکارانە] ده‌رده‌خه‌ن.
پێموایه لاوازی [و نوقسانى]ى ئه‌و جیهانه‌ی كه تێیدا ده‌ژین، به‌و هۆیه‌یه كه واده‌زانین منداڵێتی جیهانێكه یان بوارێكی دابڕاوه كه ئەگەرچى له ئێمه نامۆ و نائاشنا نییه، هه‌ر له ده‌ره‌وه ده‌مێنێته‌وه و هه‌میشه ناتوانێت حه‌قیقه‌تی خۆی–واته چ واقیعێکى هەیە ئەوە- بنوێنێتەوە یان نیگار بكات. هه‌روه‌ها و به هه‌مان به‌دحاڵیبوونه‌وه، هیچ كه‌سێك لە هه‌ڵه‌كه وەها ناڕوانێت کە نواندنه‌وه‌ى حه‌قیقه‌تە. ئه‌وه هه‌ڵوێستێكی “منداڵانه” یان “نا-جددی”[13]ـیه، كه هه‌ردووكیان هەمان مەسەلەن یان دوو دۆزن به یه‌ك واتا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئێمه هه‌موومان به ته‌واوه‌تی “منداڵانه”ین، ده‌بێت به بێ دوودڵی و ئه‌ملاولا بڵێین به ڕێگایه‌كی هه‌ره سه‌رسوڕهێنه‌ر منداڵانه‌ین. به‌م هۆیه “منداڵێتی” مرۆڤایه‌تی له‌حاڵه‌تی له‌دایكبوون و تازه په‌یدابوونیدا ده‌رده‌خات، واته له سروشته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خۆیدا. به‌و واتایه‌ی كه ئاژه‌ڵ منداڵانه نییه، به‌ڵام مرۆڤ هه‌ندێ كات –ته‌نانه‌ت له ڕێگه‌ی عاتیفهیشهوه- ئه‌و هەست و سۆزانەى كه له‌لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه پێیدەدرێت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هه‌ست و سۆزى تردا پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، واته له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ست و سۆزانهدا كه ناتوانێت بیانبه‌ستێته‌وه به هیچ شتێكی دیكه‌وه. وه‌ها جیهانێك كه پێیه‌وه لكاوین و ته‌نیا به‌وه‌ی به بێتاوانی و پاكژییهكهی خۆی سەرمهستمان بكات –جیهانێكه كه تێیدا هه‌موو شتێك بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ڕه‌تكراوه و قهبوڵنهكراوه، تاوه‌كو ده‌بێته شتێك له‌نێو نه‌زمی گه‌وره‌كاندا.
كافكا ئه‌و شته‌ی جێهێشتووه كه بڵاوكهرهوهكهی ناوی ناوه “هێڵه گشتییه‌كانی سه‌ربورده‌ی كه‌سی”[14]. فراگمێنتهكان به ته‌نیا خۆیان ئاماژه به منداڵێتییه‌كه‌ی و یه‌ك خاسیه‌تی تایبه‌تی كافكا ده‌كه‌ن. “كاتێك ده‌بینیت لاوێك له خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكێكی سه‌رسوڕهێنه‌ردا ڕۆچووه، مه‌حاڵه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی لا دروست بكه‌یت كه بچێته سه‌ر ته‌خته‌خه‌وه‌كه‌ی و بخه‌وێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌یت ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه بۆ دروست بكه‌یت كه ئه‌م كاره له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وه”. كافكا له‌مه‌یش دوورتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: “له هه‌موو ئه‌مانه‌دا گرنگترین شتێك كه هه‌بێت ئه‌وه‌یه من خۆى تووشى ئەو سه‌رزه‌نشت و دەردەسەرییە زیاترە کرد كه زیادە خوێندنەوە [خوێندنه‌وه‌ی زیاده‌ڕه‌وانه] بۆى دروست ده‌كردم، به جۆرێك كه ئه‌م زێدەڕەوییە شكسته نهێنییهكهیشمی له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌مدا گرتبوویه‌وه، له‌به‌رئه‌مه سه‌رزه‌نشته‌كه گه‌یشته كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی ڕووخێنه‌رتر”.
خوێنه‌ری “دادگایی” یان “كۆشك” هیچ بۆی سه‌خت نییه ده‌رك به كه‌شه ڕۆمانسییهکەی به‌رهه‌مه‌كانی كافكا بكات، یان ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به ڕوونی ببینێت.
نووسه‌ره باڵغبووهكه پێداگری له‌سه‌ر ئەو حەقیقەتە دەکات کە سهرزهنشتهکە دژ به‌و زهوقانه ئاراسته‌ی کرابوو کە “خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی منداڵ”ـیان لێ پێكهاتبوو. نه‌زمی منداڵ به‌وه كۆتوبه‌ند ده‌بێت كه یان وای لێبكه‌یت “ڕقی له‌و گه‌ورانه بێت كه سته‌می لێ ده‌گه‌ن” یانیش ئه‌و خاسییه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه منداڵەکە به‌رگرییان لێده‌كات به شتی پووچ و بێ‌مانا دابنرێن [تاوەکو لەبەرچاوى بکەون]. كافكا نووسیویه‌تی: “ئه‌گه‌ر خاسیهتێكم بشارمه‌وه، ئه‌وا له‌دواییدا ڕقم له خۆم و چاره‌نووسیشم ده‌بێته‌وه، خۆم به دزێو و نه‌فره‌تلێكراو داده‌نێم”.
خوێنه‌ری “دادگایی” یان “كۆشك” هیچ بۆی سه‌خت نییه ده‌رك به كه‌شه ڕۆمانسییهکەی به‌رهه‌مه‌كانی كافكا بكات، یان ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به ڕوونی ببینێت. جا وەختێک کەمێک تەمەنى چووە سەرێ و گه‌وره‌تر بوو، تاوانی نووسینیش چووە سەر تاوانی خوێندنه‌وه. كاتێك كافكا به‌ره‌و ئه‌ده‌ب هات، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه له دەوروبهری بوون، پێش هه‌موو كه‌سیش باوكی، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و كاته‌ی كه به‌ربه‌ستیان بۆ خوێندنه‌وه‌ی دانا، گاڵته‌یان به نووسینه‌كانیشی دەكرد. به‌هه‌مان شیوه كافكا خۆیشی بێ ئومێد بوو، میشێل كارۆجیز[15] دروست بۆی چووه كاتێك وتوویه‌تی: “ئه‌وه‌ی تاڕاده‌یه‌كی زۆر كافكای نا‌ئومێد ده‌كرد ئه‌و گاڵته‌پێكردن و به‌سووك سهیركردنه بوو كه بۆ كاره هه‌ره گرنگ و پڕ بایەخەکانى هه‌بوو…”. كافكا وه‌سفی دیمه‌نێكی دڵڕەقانەى كردووه كه ڕقوكینه‌ی خێزانه‌كه‌ى تێیدا ڕوون و ئاشكرایه، ئه‌و ده‌ڵیت: “هه‌ر وه‌كوو ئه‌وه‌ی پێشتر ده‌مكرد، له‌نێو خێزانه‌كه‌مدا مامه‌وه و مه‌یلم بۆی هه‌بوو، به‌ڵام له ڕاستیدا من به یه‌كجار له كۆمه‌ڵگه دهركرابووم”[16].
بەخێوکردن لە دۆخی منداڵییدا:
ئه‌و شته‌ی لای كافكا سه‌یر و نامۆیه ئه‌وه‌یه كه ویستویەتى باوكی لێی تێبگات و لەگەڵ ئەو منداڵییەدا منداڵ بێت کە منداڵێتى بابەتى خوێندنەوەکانی و، دواتریش بابەتى نووسینەکانى بوو. كافكا نه‌یده‌ویست باوكی له كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وران ده‌ری بكات، كه ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه تاكه شتێك بوو بۆ وه‌لانان و وێرانكردن نه‌ده‌شیا، ئه‌وه تاكه شتێكی ڕاسته‌قینه بوو كه هه‌ر له سه‌رده‌می منداڵییه‌وه، وه‌ك ڕواڵه‌تی سه‌ره‌كی كه‌سییانه‌ی خۆی ناسیبووی. به‌لای ئه‌وه‌وه، باوكی ئەو ڕوخسارەى ده‌سه‌ڵاتدارێتى[17] بوو كه تەنیا لە سنوورى به‌هاكانی کردارى كاریگه‌ردا ویست و خولیاى خۆى قەتیس کردبوو. باوكی سیمبولی باڵاده‌ستیی ئامانج بوو، ئەمەیش ژیانی ئێستاكه ملكه‌چی ئه‌و ئامانجه ده‌كات كه زۆرینه‌ی گه‌وره‌كان ڕێزی لێ ده‌گرن. كافكایش وه‌ك هه‌ر نووسه‌رێكی ڕاسته‌قینه، به‌شێوه‌یه‌كی منداڵانه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئامانجه‌كه‌یدا ده‌ژیا، وه‌ك دژەبەرێک بۆ ئاره‌زووی ئێستایی. ئه‌و خۆی خسته ئازار و ڕه‌نجێكی بێ چه‌ندوچوونی كاری نووسینگهییهوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گله‌یی له به‌ختی خۆی نه‌بوو، گله‌یی له‌و كه‌سانه‌یش نه‌بوو كه ناچار به كاركردنیان كردبوو. ئه‌و هه‌میشه وا هه‌ستی ده‌كرد له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه دوور خراوه‌ته‌وه و سه‌ركوتكراوه كه خۆی خزمه‌تی پێده‌كرد. به‌ڵام سه‌یری هه‌مان ئه‌و شته ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كرد كه تێیدا گوزارشتی له خۆی ده‌كرد، شتێک کە وه‌ك پووچی و منداڵێتی لێیده‌ڕوانی. وەڵامى باوكی ده‌رباره‌ی تێنه‌گه‌یشتنى ئەو له جیهانی كردار، ڕوون و ئاشكرا بوو.
له‌ساڵی ١٩١٩دا كافكا وتارێك (نامه‌یه‌ك) بۆ باوكی ده‌نووسێت، بێگومان به‌خۆشحاڵییه‌وه هه‌رگیز ئه‌م نامه‌یه‌ی نه‌نارد، ئه‌وه‌ی له‌م نامه‌یه بۆ ئیمه ماوه‌ته‌وه ته‌نیا چه‌ند فراگمێنتێكه. له‌وێدا ده‌ڵێت:
منداڵێكی ترسنۆك بووم، به‌ڵام وه‌ك هه‌موو منداڵانیتر كه‌لله‌ڕه‌ق بووم. بێگومان دایكم دای به‌ده‌ممه‌وه و عه‌جولی كردم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێموانییه منداڵێكی ئه‌وه‌نده لاسار بووبم كه به زه‌حمه‌ت ته‌واو كۆنترۆڵ بكرێت، چونکە هەر کەسێک بە وشه‌یه‌كی شیرین، بە دەستگرتنێکم، بە نیگایه‌كی میهره‌بانانه، دەیتوانى وام لێ بکات هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌ست بكه‌وێت كه لێى ده‌ویستم. تۆ ده‌توانێت ته‌نیا به گوێره‌ی سروشتی تایبه‌تی خۆت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵدا بكه‌یت، ئه‌وه واتای به‌كارهێنانی هێز و تووندوتیژیشه… تۆ به هه‌وڵی خۆت تا ئه‌م پێگه به‌رزه ههڵكشاویت، له‌ڕێگه‌ی هێزی تایبه‌تی خۆته‌وه، چونكه باوه‌ڕێكی بێ سنوورت به بۆچوونه‌كانی خۆت هه‌یه.. لە حزورى تۆدا زمانم دەگیرێ… كاتێك له به‌رده‌متدا ده‌وه‌ستم هه‌موو متمانه‌یه‌ك به خۆم له ده‌ست ده‌ده‌م و له‌بری ئه‌وه وا ده‌زانم به ڕه‌هایی هه‌ست به تاوان ده‌كه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ستكردنه ڕه‌هایه‌دا به تاوان كه له زه‌ینمدا جێگیر بووه، جارێكیان بۆ كه‌سێكم نووسی[18] “ئه‌و له‌وه ده‌ترسێت له ژیانیدا و له دوای مردنیش شوورەییەکى پێكه‌وه بلكێت…”، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نووسیومن ده‌رباره‌ی تۆ بوون، ده‌متوانی چی بکەم جگە له دەرپەڕاندنى ناڵە و زەناکانم، كه نه‌مده‌توانی له بەردەم تۆدا دەریانبڕم؟ هه‌موو شتێك كۆچ بوو بۆ دووركه‌وتنه‌وه له تۆ، من به خواستی خۆم و ئاره‌زوومه‌ندانه ئه‌م كاره ده‌كه‌م و هه‌رچه‌ند بتوانم له تۆ دوورده‌كه‌ومه‌وه.
ئه‌و هه‌ڵهاتنه‌ی كه كافكا خه‌ونی پێوه ده‌بینی هه‌ر له بنچینه‌وه جیاوازه له‌و فۆڕمه ته‌قلیدییه‌ی هه‌ڵهاتنی ئه‌ده‌بی، له‌وه‌دا جیاوازه كه شكستی هێناوه -ده‌بوو شكست بهێنێت و ده‌یویست شكست بهێنێت.
كافكا ده‌یویست كۆبهرههمهكهی ناوبنێت “هه‌وڵێك بۆ هه‌ڵهاتن له دنیاى باوكانه”[19]. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك دره‌باره‌ی ئه‌م دنیا باوكانه‌یه لە گۆڕێ‌دا نییە: كافكا نه‌یده‌ویست به واقیعى له‌و جیهانه هه‌ڵبێت. به كرده‌یی ئاره‌زووی له‌وه بوو له‌نێو سنووره‌كانی ئه‌و دنیا باوكانهیهدا بژی –به‌ڵام وه‌ك دەرکراوێک. وەک ڕەزاگرانێک كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌زانێت فڕێ دراوەتە دەرێ. ناتوانین دەقیق بڵێین کێ ئەوى دەرکردووە: ئاخۆ لەلایەن ئه‌وانیتره‌وه یان لەلایەن خۆیه‌وه. ئه‌و هەر به ساده‌یی به‌م ڕێگایه مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی لە جیهانى سوودى پیشه‌سازی و بازرگانییدا دزێو و بێفه‌ڕ بێت: ده‌یویست له‌نێو فەزاى هەرزەییانەى خه‌ونێکدا بمێنێته‌وه.
ئه‌و هه‌ڵهاتنه‌ی كه كافكا خه‌ونی پێوه ده‌بینی هه‌ر له بنچینه‌وه جیاوازه له‌و فۆڕمه ته‌قلیدییه‌ی هه‌ڵهاتنی ئه‌ده‌بی، له‌وه‌دا جیاوازه كه شكستی هێناوه -ده‌بوو شكست بهێنێت و ده‌یویست شكست بهێنێت. هه‌ڵهاتنی باو و ته‌قلیدی نوقسانە و به‌هۆی ئەم نوقسانەییەشەوە [کە پێوێستی به شتێكه] پابه‌نده به چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندییه‌وه، واته به “دووڕوویی”[20]ـیه‌وه- ئەمە هه‌ستكردنێكی قووڵه به تاوان، به پێشێلكردنی ئه‌و یاسایه‌ی کە بۆ ئەوە نییە خاپوور بكرێت یان له‌نێو ببرێت، به ڕوونیی بێبه‌زه‌ییانه‌ی خۆ-ناسین[21]. ئه‌و مرۆڤه‌ی كه له ئه‌ده‌بدا هه‌ڵدێت ئه‌و ئاواتەخوازەیە كه ده‌زانێت خۆی سه‌رگه‌رم ده‌كات. ئه‌و هێشتایش ئازاد نییه -به واتای ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌كه ئازاد نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادی ئازادبوونه له كۆتوبه‌نده‌كان. بۆیه ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بێت ده‌بێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی باڵاده‌سته‌وه به جۆرێك دانی پێدابنرێت كه وایه.
جیهانی كۆنی ده‌ره‌به‌گایه‌تی نه‌مسایی، تاكه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بوو كه دانی به گه‌نجه ئیسرائیلییەکەدا ده‌نا، ئه‌وه‌یش نه‌ك له‌به‌ر له ئاستبه‌رزیی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكو له‌به‌ر كۆمه‌ڵه هۆكارێكی دیكه، له سه‌روو هه‌موویانه‌وه جیهانی كار و بسنزه تایبه‌تیه‌كانی باوكی بوو. ئه‌و جیهانه‌ی كه تێیدا باوكی كافكا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ستڕۆیشتوو بوو، سیمبولێكی كێبه‌ركێی كار بوو كه له‌پێناو ههواوههوهسدا سازش لە هیچ شتێ ناكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌م جیهانه، له سنوورێكی دیاریكراودا، لەگەڵ منداڵێتیدا لێبووردەیى هەبوو و بگرە خۆشیشیدەویست، به‌ڵام لەبنهمادا سه‌ركۆنه‌ى ده‌كرد و له چوارچێوه‌ی ته‌مه‌نی منداڵی‌دا كورتی كرده‌وه. ئه‌مه وامان لێده‌كات ئاوڕ له تووندڕه‌ویی و په‌ڕگیریی كافكا بده‌ینه‌وه. ئه‌و ده‌یویست له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه كه‌مترین دانی پێدابنرێت، ئه‌مه‌یش له ناخیدا بڕیاری لێ درابوو، هاوتا به بڕیاری بنجبڕی ته‌سلیمنه‌بوون و سازشكردن. له‌هه‌مان كاتدا، ئەو هەرگیز مەبەستى لەنێوبردن و قڵپکردنەوەى ئەم دەسەڵاتە نەبوو، بگرە نەیدەویست تەنانەت دژایەتیشی بکات. ئەو نه‌یده‌ویست دژ بە باوکى بوەستێتەوە كه ته‌نانه‌ت تواناى ژیانیشى لێ وەرگرتبوو. ئه‌و لای خۆیه‌وه، هه‌رگیز نه‌یده‌ویست پێگه‌یشتوو بێت یان ببێت به باوك. به هه‌موو ته‌مه‌نی و به ڕێگای تایبه‌تی خۆی، به به‌كارهێنانی ته‌واوه‌تی هه‌موو مافه‌كانی، هه‌وڵیدا بۆ ئه‌وه‌دا بچێته نێو كۆمه‌ڵگه‌ی باوكییه‌وه -به‌ڵام ته‌نیا به یه‌ك مه‌رج بەم چوونە ناوەوەیە ڕازیى دەبوو – ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه منداڵه گاڵتهپێكراوه نابهرپرسیارهكه هه‌ر به‌و جۆره بمێنێته‌وه كه هه‌یه.
ئه‌م له‌وپه‌ڕی تووندیدا ئه‌م ململانێ نائومێدكهرهی درێژه پێده‌دا. هه‌رگیز هیچ ئومێدێكی نه‌بوو: تاكه ده‌روازه‌ی ئه‌وه بوو كه له‌ڕێگه‌ی مه‌رگه‌وه بچێته نێو جیهانه‌كه‌ی باوكییه‌وه، به‌و واتایه‌ی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی و ئاره‌زووه‌كانی و منداڵێتییه‌كه‌ی فه‌رامۆش بكات. ئه‌و خۆی له سالی ١٩١٧دا ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ی داڕشتووه و به‌رده‌وامیش له ڕۆمانه‌كانیدا دووباره ده‌بێته‌وه: “متمانه‌م به مردن هەیە”، ده‌ڵێت: “پاشماوه‌ی ئیمان، گه‌ڕانه‌وه بۆ باوك، ڕۆژی گه‌وره‌ی ئاشته‌وایی”[22]. به‌لای ئه‌وه‌وه تاكه رێگا بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به باوك هاوسه‌رگیری بوو، به‌ڵام وازی له‌م بیرۆكه‌یه هێنا و ئه‌م كاره‌ی نه‌كرد، ئه‌گه‌رچی هۆكار و هه‌لی باشی هاوسه‌رگیریی بۆ هه‌ڵكه‌وت: دووجار دهستگیرانییهكهی هه‌ڵوه‌شایه‌وه. “دوور له نه‌وه‌كانی پێشتر ده‌ژیا” و “هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ڕوو له نه‌وه هاوسه‌رده‌مه‌كانی خۆی بكات”[23].
“له نامه‌كه‌یدا بۆ باوكی نووسیویه‌تی: “کۆسپى گه‌وره له‌ڕێگای هاوسه‌رگیریمدا قه‌ناعه‌ته بنجبڕهکەمە به‌وه‌ی كه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی بوونی خێزان، به‌ر له‌هه‌ر شتێكیش ئیدارەدانى، مرۆڤ پێویستی بۆ كۆمه‌ڵێك خاسیه‌ته كه ده‌زانم له تۆدا هه‌ن…”[24]. به ده‌ربڕینێكی دیكه، بۆ ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیریی مرۆڤ پێویستی به‌وه‌یه به‌و جۆره بێت كه تۆ هه‌یت و خیانه‌ت له‌و جۆره بوونه بكات كه من هه‌م.
كافكا ده‌یتوانی یه‌كێك له‌م دووانه هه‌ڵبژێرێت: بێئابڕوویى هەرزەکارانە به‌ڵام پێ‌داگر و نەرمەبڕ، یاخود گاڵتهجاڕێتی ده‌سه‌ڵاتگه‌رانه. ئه‌و دووانه هیچیان بایه‌خ به هیچ شتێك ناده‌ن، هیچ شتێكیش ملكه‌چی به‌خته‌وه‌رییه‌كی به‌ڵێنپێدراو، یان گه‌ڕان به‌دوای ئه‌م به‌خته‌وه‌رییه‌دا ناكه‌ن، به‌خته‌وه‌رییه‌ك كه وه‌ك پاداشتی چالاكی ماندووكه‌ر و ڕه‌نج و ده‌سه‌ڵاتی پیاوانه، پێشبینیكراوه. ئه‌و هه‌ڵبژاردنێكی هه‌بوو: ئه‌مه‌یشی سه‌لماند. ئه‌و ده‌یزانی، ئه‌گه‌ر نه‌زانێت چۆن نكوڵی له بوونی خۆی بكات و خۆی له ئامرازگەرایى كارێكدا له ده‌ست بدات كه جێگای ڕێز نییه، ئه‌ی چۆن ده‌توانێت به دڵسۆزییه‌وه ئه‌نجامی بدات. ئاره‌زوویه‌كی بێ كۆتوبه‌ندی بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌مه هه‌ڵبژارد، منداڵێتییان و بێباكییان، ڕه‌فتاره نه‌شیاوه‌كانیان و درۆ ئاشكراكانیان. به كورتی خوازیاری جیهانێكی نالۆژیكی بوو كه له پۆلێن‌كردن بترازێت تاوەکو بە بڵندى بمێنێتەوە و بوونێکى هەبێت کە دەشێت تەنیا تا ئەو ڕادەیە مومکین بێ کە داوەتى مەرگ بکرێت.
ئه‌و به ته‌واوه‌تی و به سه‌رسه‌ختییه‌وه ئه‌مه‌ی ده‌ویست، ڕەتى کردەوە هیچ دەرفەتێکى شاردنەوە و نکوڵیکردن لەو بەهاى سەربەستییە کە هەڵیبژاردبوو، بۆ خۆى بهێڵێتەوە. ئه‌و كه داوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد بایه‌خی تایبه‌ت به شتێك بدرێت كه توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو به‌رزی بكاته‌وه، تووشی لادان و سنوورداریی نه‌بوو. داخۆ هیوایەتە سهرپشككراوهكان له‌لایه‌ن یاسا و ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌و ئه‌ركانه زیاترن كه له باخچه‌ی ئاژه‌ڵاندا خراونه‌ته ئه‌ستۆی ئاژه‌ڵه كێوییه‌كانه‌وه؟ ئه‌و پێیوابوو ڕاستگۆیی، كه واتای دروستیی و ڕه‌سه‌نی هیواتهكانه، پێویستی به نه‌خۆشی و شڵه‌ژانه. وه‌ك مۆریس بلانشۆ[25] ده‌ڵێت: جیاوكهكان (ئیمتیازه‌كان) پهیوهستنبهكردهوه، “له‌هونه‌ر (هیوایه‌ت)دا هیچ ئیمتیازێك نییە دژ بە كرده بێ”. جیهان به زەرورهت موڵكی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه زه‌مینی بهڵێنپێدراویان بۆ ته‌رخان كراوه، ئه‌وانه كه ئه‌گه‌ر پێویست بێت به هه‌موو هێزێكییانهوه یه‌كده‌گرن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی تێده‌كۆشن. نه‌ده‌بوو هێزی بێده‌نگ و نائومێدی كافكا دادگایی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته یان گومان له‌و ده‌سه‌ڵاته بكات كه ده‌یویست ژیانی لێ زه‌وت بكات، یان نەدەبوو خۆى لە هه‌ڵه باوەکەى كێبهركێکردن له‌ژێر گوشاری ده‌سه‌ڵاتدا ببوێرێت.
ئه‌گه‌ر ئەو پیاوە بیباتەوە کە بە جارێک سه‌ركوتكردن و كۆتوبه‌ند ڕه‌تده‌كاته‌وه، ئەوا بۆ خۆی و بۆ ئەوانیتریش، وه‌كو ئه‌و کەسانەى لێ دێت کە ڕۆژێك له ڕۆژان دژایه‌تی ده‌كردن و ئه‌وانه‌ی كه كۆتوبه‌ندیان كردبوو. لاوێتی و هه‌رزه‌كاری، یان سه‌ربه‌ستی و ڕزگاربوون، هیوایه‌تی بێ هه‌ژمار، هه‌ر هه‌موویان شتانێكن كه ناتوانن هه‌ر له سه‌ركه‌وتندا بمێننه‌وه. ده‌شێت ژیانێكی سه‌رفرازانه هه‌بێت ته‌نیا به‌و مه‌رجه‌ی كه نابێت به هێز (كه كرده‌یه) ]و زۆرەملێ[ له‌پێشترێتی ئایینده به‌سه‌ر كاتی ئێستادا، له‌پێشترێتی زه‌مینی به‌ڵێنپێدراو بسه‌پێنرێت. ئه‌سته‌مه خه‌بات بۆ ڕووخاندنی دوژمنێكی دڵڕه‌ق نەکرێت، ئه‌مه‌یش واتە ژیانی مرۆڤ بكرێته دیاریی بۆ مه‌رگ. ڕزگاربوونی مرۆڤ به بێ ئه‌وه‌ی خیانه‌ت له خۆی بكات، پێویستی به تێكۆشان و خه‌باتێكی سه‌خت، شێلگیرانه، ئازارده‌ر هه‌یه: ئه‌مه تاكه هه‌لێكه بۆ جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر پاکژیى وڕێنە[26] كه هه‌رگیز په‌یوه‌ست نییه به لۆژیكه‌وه و به لۆژیك له قاڵب نادرێت، هه‌رگیزیش ناتوانێت له‌گه‌ڵ میكانیزمی كرده‌دا بگونجێت –کە پاكژێتیى ئەمەیان هەمیشە پاڵه‌وانه‌كانی ڕاده‌كێشێت بۆ نێو زه‌لكاوی گه‌وره‌بوونی تاوان. ئاخۆ کەس هەیە له “ك”ـی “كۆشك”، یان له “جۆزێف ك”ـى “دادگایی” منداڵانه‌تر و بێدەنگانەتر ناکۆک و ناتەبا بن [لەگەڵ دەوروبەردا]؟ ئه‌م جووت کارەکتەرە “کە له هه‌ردوو كتێبه‌كه‌دا هه‌مان کەسە، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسه‌ختانه و ناعه‌قڵانییانه و بێ هه‌ژمار دوژمنكارە، به‌هۆی هەوا و هیوایه‌ته‌وه، به‌هۆی عینادیی كوێرانه‌ی مرۆڤه‌وه له‌ده‌ست ده‌رده‌چێت. ئه‌و چاوه‌ڕوانی هه‌موو شتێكى چاک و ڕێزدارانە لە ده‌سه‌ڵاته دڵڕه‌قه‌كان ده‌كات. وه‌كو بوێرترین له‌شفرۆش له هۆڵی گشتیی تیاترۆدا (له‌وه‌یش خراپتر، له تیاترۆی تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاته‌كاندا)، له ناوه‌ندی قوتابخانه‌دا، له حزورى پارێزه‌ره‌كه‌یدا… له دادگای دادی باڵادا، هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات”[27].
له “حوكم”ـدا باوك ده‌بێته بابەتى سووکایەتى و قینى كوڕه‌كه‌ی، به‌ڵام هه‌میشه له‌وه دڵنیایه كه قووڵایی، بێ بڕستیى، چاره‌نووس، نابوودبوونی ناچارییانه و خۆنه‌ویستانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، سزای خۆی وه‌رده‌گرێت. ئه‌و پیاوه‌ی كه فه‌وزا بڵاو ده‌كاته‌وه، سه‌گی ڕاوه‌كانی به‌ره‌ڵا ده‌كات به بێ ئه‌وه‌ی پەناگەیەک بۆ خۆشاردنه‌وه بدۆزێته‌وه، بۆیه خۆی دەبێتە یه‌كه‌م قوربانی ئه‌م كاره‌ی خۆی و له تاریكی‌دا پارچه‌پارچه ده‌كرێت. بێگومان ئه‌مه چاره‌نووسی هه‌موو سەروەرییە مرۆییەكانە. سەروەرێتى[28] ]حاکمییەت [به‌وه سەرفراز دەردەچێ كه یان نكوڵی له خۆی بكات (ته‌نانه‌ت بچووكترین حیسابکارى له‌سه‌ر ئاستی زه‌مینی: ته‌نیا شوێنكه‌وته‌یی لێ دەمێنێتەوە، له‌پێشترێتی شتی گریمانەکراوى به‌سه‌ر ئێستادا لێ دەمێنێتەوە)، یانیش له ساته‌وه‌ختیی هه‌میشه‌یی مردن‌دا بێت. مه‌رگ تاكه ئامرازه بۆ خۆلادان لە سازشكردن له‌سه‌ر سەروەرى، لێره‌دا هیچ زهلیلییهك له مه‌رگدا نییه؛ له مه‌رگدا هیچ شتێك نییه.
جیهانی كەیفخۆشانەى كافكا:
كافكا ژیانی سەروەرانە (حاکمانە) بۆ خۆى چێ ناکات: به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌و دایده‌هێنێت ته‌نانه‌ت له‌و ساته‌یشدا كه وه‌ك هیوایه‌تێك دێته دی، به‌به‌رده‌وامی غه‌مگینانه‌یه. ئیرۆتیزم له دادگایی یانله كۆشكدا ئیرۆتیزمێكه به بێ عه‌شق و ئاره‌زوو یان هێز، ئیرۆتیكێكی ساردوسر و بێتام، كه ده‌بێت به هه‌ر نرخێك بوه مرۆڤ لێی هه‌ڵبێت. به‌ڵام هه‌موو شتێك جێگای سه‌رسوڕمانه. له 1922[29]دا، كافكا له یاداشته‌كانیدا ئه‌مه تۆمار ده‌كات:
«هه‌ر چه‌نده زیاتر ڕه‌زامه‌ند [تێر]بم[30] ده‌مه‌وێت ڕه‌زامه‌ند نه‌بم. به هه‌موو ئەو ئامرازانەی كات و نەریت كه له‌به‌ر ده‌ستمدایه به‌دوای ناڕازیبووندا ده‌گه‌رێم: ئینجا ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌م. له‌به‌رئه‌وه منیش هه‌میشه ناڕازیم، ته‌نانه‌ت ناڕازیم له ناڕازیبوونهكهم. سه‌یره كه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكخستنه ته‌واوه‌دا ده‌بوو هه‌ندێك حه‌قیقه‌ت له‌م دۆخه سه‌خیفه‌وه به‌رهه‌م هێنرابان. په‌شۆكانه عهقڵییهكهم وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی منداڵانه سه‌ریهه‌ڵداوه، وێڕای ئه‌وه‌ی كه به جۆرێك له جۆره‌كان ناتوانین نكوڵی له‌وه بكه‌ین كه ئه‌وه گه‌مه‌یه‌كی به‌رده‌وامی منداڵانه‌یه، بۆ نموونه وا خۆم ده‌رخست كه خه‌ریكه جه‌ڵته‌ی ده‌ماغ لێم ده‌دا. به‌ملاوبه‌ولادا ده‌ڕۆیشتم و ده‌ستم له پشته‌سه‌رم تووندكردبوو، شتێكی قۆڕ و ناشیرینی منداڵانه، به‌ڵام شتێكی سه‌ركه‌وتوو بوو. هه‌مان شت بۆ په‌ره‌دان به نووسینه‌كانیشم ڕاسته، ئه‌و په‌ره‌پێدانه‌ی كه به داخه‌وه دواتر وەستا. ئه‌گه‌ر بشیایه نائومێدی به شێوه‌ی پیشه‌یی دروست بكرایه، ئه‌وا هه‌ر به‌م شێوه‌یه دروست ده‌كرا».
به‌ڵام له شوێنێكی تردا فراگمێنتێكی بێ بهروار ده‌بینین[31]: “ئومێدم به سه‌ركه‌وتن نییه، چێژ نابینم له خەبات له پێناو خەباتدا خۆیدا، ته‌نیا به‌و هۆیه ئه‌توانم چێژی لێوه‌ربگرم كه تاكه شتێكه بتوانم بیكه‌م. تێكۆشان خۆی پڕم ده‌كات له شادى، كه ئه‌مه به ڕاستی ئه‌وپه‌ڕی ئه‌و شته‌یه كه بتوانم به‌كرده‌یی چێژی لێ ببینم، ئه‌و شته‌یه كه بتوانم بیبه‌خشم، ڕه‌نگه له دواجاردا خۆم بدەمە دەست شادى [دڵخۆشى]، نه‌ك خەبات”.
هه‌رگیز نه‌متوانیووه له‌وه تێبگه‌م كه هه‌ر كه‌سێك بنووسێت به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌شێت ئازار له پێناو ئازاردا ئوبێکتیڤ بکاتەوە. بۆ نموونه، له خەفەتى تایبه‌تی خۆمدا، به‌م کەللەسەرەمەوە كه هێشتایش له خەفەتتدا ده‌سووتێت، ده‌توانم دانیشم و بۆ كه‌سێك بنووسم: من خەفەتبارم.
ئه‌و ده‌یویست له ڕازیبوونی خۆی خەفەتبار[32] بێت: به‌شه هه‌ره نهێنییه‌كه‌ی ئه‌م خەفەتبارییە ئه‌و فۆڕمه هه‌ره زه‌قه‌ی دڵخۆشییه كه له‌پێناویدا قسه‌ی له مه‌رگ كردووه. “سه‌ری خۆی خوار كرده‌وه، قوڕگی ده‌رخست كه برین له گۆشتی هەڵقرچاوى سوتاو و خوێنه‌وه هەڵدەتۆقى، هۆی ئه‌مه ئیشراقێکى ڕۆشناییبەخشە هێشتایش به‌رده‌وامه”[33]. گومان له‌وه‌دا نییه كه ئیشراقى ڕۆشناییبەخش –ڕۆشنایی به‌رده‌وام- واتاكه‌ی له‌و خه‌مۆكییه گه‌وره‌تره كه له پێشییه‌وه باسكراوه. ئه‌م بڕگه قه‌شه‌نگه‌ی دواتر، له یاداشته‌كانی كافكادا ده‌بینین و هی ساڵی 1917[34]یه:
هه‌رگیز نه‌متوانیووه له‌وه تێبگه‌م كه هه‌ر كه‌سێك بنووسێت به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌شێت ئازار له پێناو ئازاردا ئوبێکتیڤ بکاتەوە. بۆ نموونه، له خەفەتى تایبه‌تی خۆمدا، به‌م کەللەسەرەمەوە كه هێشتایش له خەفەتتدا ده‌سووتێت، ده‌توانم دانیشم و بۆ كه‌سێك بنووسم: من خەفەتبارم. ده‌توانم له زه‌خره‌فه و گوزاره ڕه‌وانبێژییه جیاوازه‌كانمدا، به گوێره‌ی توانستەکانى خۆم، كه له هیچ شتێك‌دا له خەفەتەکەم ناچن ته‌نانه‌ت له‌وه‌یش دوورتر بڕۆم، ده‌توانم له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌ی دژیه‌كی (طباق)ـی ڕه‌وانبێژانه، یان به ئۆركسترای ته‌واوی پێشهاته‌كانی واتا و بیرۆكه و هزره‌كان، به ڕێگایه‌كی ساده سه‌رپێیی و ڕاگوزه‌ر بم. ئه‌مه درۆیه‌ك نییه، ئه‌مه ئازار كه‌مناكاته‌وه و نایشكێنێت: ئه‌وه هێزێكه زێده‌ڕه‌ویی تێدا كراوه، له ساتێك له ساته‌كاندا هاوه‌ڵی فه‌زیله‌ته، ئه‌و كاته‌ی كه ئازار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌موو وزه‌ی من، تا ئه‌وپه‌ڕی قوڵایی بوونم، هه‌ڵده‌مژێت و به‌رده‌وام كه‌وڵم ده‌كات. ئه‌م زێده‌ڕه‌وییه چییه؟
لێگه‌ڕێن با گرنگی به‌م پرسیاره بده‌ین: ئه‌م زێده‌ڕه‌وییه چییه؟ له هه‌موو چیرۆكه‌كانی كافكادا، چه‌ند دانه‌یه‌كیان به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی “حوكم” چێژبه‌خشن. له یاداشته‌كانی ٢٣ی سێپتێمبه‌ری ١٩١٣[35]دا ده‌خوێنینه‌وه:
ئه‌م چیرۆكه‌م به بێ پچران له شه‌وی ٢٢ و ٢٣دا نووسیوه، له سه‌عات ده‌ی ئێواره‌وه بۆ شه‌شی به‌یانی. قاچەکانم له ژێر مێزه‌كه‌وه سڕ بووبوون بۆیه زه‌حمه‌ت ده‌متوانی ڕایانبكێشم. هه‌وڵی ترسێنه‌ر و دڵخۆشكه‌ر بۆ ته‌واوكردن و بینینی كۆی چیرۆكه‌كه له‌پێش خۆم تادەهات لە مندا زیادیان ده‌كرد، -چۆن لە ئاودا ڕێگاى خۆم بکەمەوە؟ چه‌ندینجار له وه‌ختی شه‌ودا، هه‌موو قورسایی له‌شم ئه‌خسته سه‌ر سمتم. چۆن ده‌كرێت هه‌موو شتێك بگوترێت، چۆن هه‌موو ئایدیایه‌ك به زه‌ینمدا بێت، ته‌نانه‌ت ئایدیا هه‌ره سه‌یره‌كانیش، ئینجا ئاگرێكی گه‌وره چاوه‌ڕێیان بێت تاوەکو لەنێو بچن و سه‌رله‌نوێ زیندووبێته‌وه؟ چیرۆكه‌كه وه‌ڵامی ئه‌مانه بوو.
كارۆجیز[36] ده‌ڵێت: ئه‌م حیكایه‌ته نوێیه چیرۆكی گه‌نجێك ده‌گێڕێته‌وه كه له‌سه‌ر حزورى یه‌كێك له هاوڕێكانی، له‌گه‌ڵ باوكی‌دا ده‌بێته ده‌مه‌قاڵێی و به خۆكوشتن كۆتایی پێدێت. له چه‌ند دێڕێكی كه‌مدا، كورت به‌ئه‌ندازه‌ی وه‌سفكردنی دهمهقاڵێكه، ده‌زانین كه گه‌نجه‌كه چۆن خۆی ده‌كوژێت:
بەهەڵەداوان به‌ره‌و ده‌ره‌وه ته‌كانی دا، له ده‌رگاكه و لە هێڵى شەمەندەفەرەکە تێپه‌ڕی، وەها به‌ره‌و ئاوه‌كه ڕۆیشت كه نه‌ده‌كرا به‌ری پێبگیرێت. خۆى بە پهرژینهكهوە نووساند وه‌ك چۆن پیاوێكی برسی له خواردن ده‌نیشێت. به‌سه‌ر په‌رژینی سه‌لامه‌تیدا بازیدا، وه‌كو وه‌رزشه‌وانێكی پیشه‌گه‌ر كه له گه‌نجیدا به‌و جۆره بووه و جێی شانازی باوك و دایكی بووه. بۆ ساتێك خۆى بە جێدەستێکى باریکەوە ڕاگرت، سه‌یری ئه‌و پاسانەى ده‌كرد كه له به‌ینی هێڵى قەراغەکانەوە تێده‌په‌ڕین، ڤڕەڤڕێک کە دروستیان دەکرد بە ئاسانى ده‌نگی بەربوونەوەکەى ئەویان دەشاردهوه، به هێواشی گریا: “دایك و باوكی ئازیزم، هه‌میشه خۆشم ویستوون”، ئینجا خۆی شل كرد تاوه‌كو بكه‌وێت. له‌و ساته‌دا ئیدى لەسەر پردەکە بوو بە قەرەباڵغى و هاتوچۆ بە ماناى وشە ناڕەحەت بوو.
میشێل كارۆجیز له‌سه‌ر هه‌قه كاتێك جه‌خت له‌سه‌ر به‌های شیعری ئه‌و بڕگه‌ی پێشوو ده‌كاته‌وه. كافكا خۆی له‌لای “ماكس برود”ی خوداناس تهفسیرێكی دیكه‌ی بۆ كردووه؛ لێیپرسیووه: “ده‌زانیت ئه‌و گوزاره‌یه‌ی كۆتایی واتای چییه؟ له‌و ساته‌دا كه ده‌منووسی بیرم له بازێكی بەگوژم ده‌كرده‌وه”[37]. داخۆ “ئه‌م لێدوانه نائاساییه” شتێكمان له باره‌ی “بنەوانێکى ئیرۆتیكی”ـیه‌وه پێده‌ڵێت؟ تۆبڵێى واتای ئه‌وه بێت كه “له كرده‌ی نووسیندا جۆرێك له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی به‌زین له‌به‌رده‌م باوكدا و قەرەبووکردنەوەى شكستی خه‌ونی ژیانى گوێڕایەڵانە هه‌یه”؟[38]. نازانم، به‌ڵام له ژێر ڕۆشنایی ئه‌م “لێدوان”ـه‌دا، دەربڕینەکە گوزارشت له سەروەریى دڵخۆشی ده‌كات، به‌ربوونه‌وه یان كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی باڵاترین بوونه‌وه‌ر بۆ نێو ئەو عه‌ده‌مه‌ى كه لەوانیتر پێكهاتووه.
فاکتى ڕووتى مردن شتێكه وه‌كو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی دڵخۆشی[39]. ئازار به‌ر له دڵخۆشی دێت، وه‌كو هۆشیارى لە نەشەمەى شوومى مەسەلەیەک، وه‌ك بڵێی بە کردەنى تێگەیشتن بووە لە ساتی مه‌ستییدا، کە تێیدا بێتاقەتیى شڵەژانى ساتى لەدایکبوون-یان مه‌رگى تێدا ڕوودەدات. به‌ڵام خەفەت به ته‌واوی مانا ئازار نییه. لای كافكا، مه‌رگی “جۆرج بێندمان”ـی هاوه‌ڵی، واتای به‌خته‌وه‌ریی هه‌بوو: بێتاقەتیى خۆویستانە زیاد لە ڕادەى خایاند، به‌ڵام ئازاره‌كه بۆیه نه‌ما چونكه بۆ باوکەکە خۆشه‌ویستییه‌كی ڕوون و ئاشكرا و ڕێزێكی ئاشكرا بوو. هیچ ڕێگه‌یه‌كی دیكه نه‌بوو بۆ یه‌كخستن و ته‌باكردنی نێوان ڕێزێكی قووڵ و نه‌قسێكی ئه‌نقه‌ست له ڕێزدا. ئا ئه‌مه باجی سەروەرییە: تاکە مافێک کە تێیدابێ مردنە: نە دەتوانین بە جارێک بیکەین نه دەتوانین داوای سەرپشکبوونى لێ بکەین کە تەنیا پەیوەستە بە کردەکەوە، ئه‌و كرده‌یه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن سەروەرانە نییه به‌هۆی ئه‌و چۆنیەتییە كۆیلایەتییەوە كه لە قووڵایى هەر گەڕانێک بەدوای ده‌ره‌نجامه‌كاندا هەیە، ئه‌و كرده‌یه‌ی كه هه‌میشه شوێنكهوتەیە. ئایا هیچ شتێكی نامۆ و چاوەڕواننەکراو له‌م پێکەوەسازانەى مه‌رگ و چێژدا هه‌یه؟ چێژ –ئه‌و شته‌ی كه هەرچۆن هەژمار بکرێت هەر بێ هه‌ژمار مایه‌ی دڵخۆشییه- سیفه‌تى تایبه‌تى یان دروشمی بوونه‌وه‌ری خۆسهروهرە، مه‌رگ وەک سزاکەى بەرۆکى دەگرێت، لەگەڵ ئەمەیشدا مەرگ ئامرازەکەیشیەتى.
ئه‌وه‌ی ده‌توانین بیڵێین هه‌ر ئه‌مه‌یه. “ئیشراق و شادی” به‌ره‌نجامی ساته ئیرۆتیكییه‌كان نین. ئه‌گه‌ر ئیرۆتیكایه‌ك هه‌بێت، ئه‌وا بۆ ئەوە هەیە فه‌وزا بنێتەوە، وه‌كو كرژبوونی درۆیینه‌ی شانهدهمارهكانی مێشك، هەر ئەو شتەى كافكا ده‌یویست وا بنوێنى جه‌ڵته‌ی مێشك لێیداوه تاوه‌كو له‌و ڕێگه‌یه‌وه “خەفەت بەرهەم بهێنێ”. ته‌نیا بەدبەختیى زیاتر و شێوازی ژیانێكى ناماقوڵى پاساوهەڵنەگر زه‌روره‌تی خەبات دێننە کایە و ئه‌م ئازاره‌یش كه‌ده‌ست ده‌نێته بینمان ئه‌گه‌ر بوونی نه‌بێت نه باڵایه‌تی هەیە و نه فه‌زیله‌ت. خەفەت و گوناهـ به كرده‌یی له خۆیاندا خەباتن. خەبات، كه فەزیلەت واتا قووڵهكهیهتی، تێکۆشانێکە به ده‌ره‌نجامه‌كانی ناپێورێت و خۆی ناخاته مه‌حه‌كی ئاكامه‌كانییه‌وه. ئه‌گه‌ر پێویستمان به ئازاره ئه‌وا خەبات “تاکە شتێ نییە کە ئەو له توانایدا هه‌یه بیكات”. ته‌نیا ئه‌و كاته‌ی كافكا له حاڵه‌تی خەفەتدایە و به هۆی ئه‌و خەفەتەوە هەست دەکات پڕ ده‌بێت له “شادییه‌ك کە له‌وه زیاتره (ئه‌و) بتوانێت به‌ڕاستى چێژی لێ ببینێت، له‌وه زیاتره (ئه‌و) بتوانێت بیبه‌خشێت”. ئینجا تەوژمى شادییەکە بە ڕادەیەک تووند دەبێ كه وای لێدێت ئەو لە شادییەوە نه‌ك له خەباتەوە، چاو بۆ مردن ده‌گێڕێت.
سه‌رزیندوویی منداڵە دڵخۆشەکە:
(بهرجهستهبوونەوەى ئازادیی کەسى سەربەست له مه‌رگدا)
یه‌كێك له بڕگه‌كانی كافكا له “مندڵان لەسەر ڕێگای شار[40]“دا، ڕواڵه‌تێكی پارادۆكسیكاڵی زیندووێتییه بهختهوهرانهكهی پیشان ده‌دات. وه‌كو هه‌موو ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی دیكه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كه وه‌سفمان كردن، له‌م بهرههمهیشدا هیچ شتێك به تووندی په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیدار نییه به نه‌زمێكی پته‌وه‌وه یان په‌یوه‌ست نییه به كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیی دیاریكراوی پێناسهكراوهوه. هه‌میشه هه‌مان پارچەپارچەبوونى بێ فۆڕم هەیە، هەمان تەمى تەنک کە بەهۆى ڕه‌شه‌باوه، هه‌ندێجار به‌هێواشی و هه‌ندێجار به خێرایی، پەڵە پەڵە بووە. ئه‌و ئامانجێكی ڕوونی بۆ خۆی دیاریی نه‌كرد، چاوی له ئامانجێك نه‌بڕی كه به ئاشكرایی پشتیوانی لێ كردبێت تاوه‌كو ئه‌م ئامانجه دەلالەتێک به‌و بێ سنورییە بدات كه زۆر بە پاسیڤى بەسەر کەسى سەروەردا زاڵ دەبێت. ئه‌و كاته‌ی كافكا منداڵ بوو چووه تیپێكی یارییه‌وه:
«له ئێواره‌دا ڕامانده‌كرد و سه‌رمان دانه‌واندبوو. شه‌و و ڕۆژ چیتر بوونیان نه‌مابوو. زنجیری پاڵتۆكانمان وه‌كو ددانه‌كان چەقوچۆقیان بوو، هه‌ر یه‌كێكمان به جێپێی ئه‌ویتردا ده‌ڕۆیشتین، ده‌ممان وه‌كو ئاژه‌ڵه گەرمەسێرییەکان گڕی گرتبوو. وه‌كو سوارچاكه زرێپۆشه‌كان له جه‌نگه كۆنه‌كاندا خۆمان هه‌ڵده‌دا بۆ ئاسمان و به‌رزده‌بووینه‌وه، هه‌ر یه‌كێكمان ئه‌وانیترمان ده‌برد بۆ كۆتایی گه‌ڕه‌كه بچووكه‌كه و بۆ سه‌ره‌وه به‌ره‌و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كه. ئه‌و كه‌سانه‌ی له یه‌ك جیابوونه‌وه بازیان دایە نێو خەرەندەکەوە، به‌ڵام به زه‌حمه‌ت له تاریكیی پرده‌كه‌دا ونبوون، ئینجا دواتر له ڕێگه‌كه‌وه له قه‌راغی كێلگهكانهوه دهردهكهوتنهوه، هه‌ر وه‌كو غه‌ریبه‌كان گرنگییان به ئێمه نه‌ده‌دا…».
ئه‌م لێكدژییه (هه‌ر ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌تاو دژی ته‌مێكه كه ناڕه‌وێته‌وه، حه‌قیقه‌تیش به‌و جۆره شاراوه‌یه) یارمه‌تیمان ده‌دات تاوه‌كو له‌و كاره‌ی كافكا تێبگه‌ین كه به ڕواڵه‌ت غه‌مگین ده‌رده‌كه‌وێت. له دواتردا، برینه سه‌خته‌كه‌ی منداڵییەکەى و گریانی تێكه‌ڵ به پێكهنینەکەى له لایەن مهرگەوە قووت دەدرێن. ته‌نیا مه‌رگ خۆی به ئه‌ندازه‌ی پێویست فراوانه و مه‌وداكه‌ی به‌رینه، به ته‌واوی خۆى له “كرده – شوێنكه‌وتن – ئامانج”، له ورووژاندنی نهێنییانه‌ی شادی شه‌یتانییانه‌ی كافكا، دەشارێتەوە. به واتایه‌كی دیكه، كافكا له قبوڵكردنی مردن‌دا، له‌نێو سنوروه‌كانی مه‌رگدا، له‌نێو ملكه‌چی بۆ ئامانجدا، ئه‌وه‌ی بینی هه‌ڵوێستی سەروەر كه چاوی له هیچ نه‌بڕیوه و خوازیاری هیچ شتێك نییه، له یه‌ك چاوتروكاندا لە پڕێتییهكهی و تینوێتییه‌كه‌ی تێهه‌ڵده‌چێته‌وه. كاتێك بێندمان به‌سه‌ر په‌رژینه‌كه‌دا بازی دا پاڵنه‌ره‌كه‌ی هی منداڵییه‌كی ده‌ربه‌ده‌ر بوو. هه‌ڵوێستی کەسى سەروەر گوناهبارانەیە و قه‌رزداره، به ئه‌ندازه‌ی هه‌وڵدانی بۆ هه‌ڵهاتن له مه‌رگ خەفەتبارە، به‌ڵام ڕێك ئه‌و كاته‌ی ئه‌م هه‌ڵوێستی سەروەرییە ده‌گیرێته به‌ر، جارێكی دیكه هه‌ستكردن به تینوێتیی منداڵێتی له ده‌ریای ئازادییه‌كی بێ سووددا ده‌كه‌وێته‌وه مه‌له‌كردن. ژیان، ژیانێك كه بۆ كه‌مكردنه‌وه و كورتكردنه‌وه و نوقسانكردن ناشێت، ئه‌و شته ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه مه‌رگ پێشكه‌شی كردووه. مه‌رگ به ته‌نها خۆی به ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی تەواوەتى كردارەوه ده‌دات، به‌ڵام به ده‌ستییه‌وه ئازار ناكێشیت.
ده‌توانین له كاره‌كانی كافكادا ڕه‌هه‌ندێك یان ڕواڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریی بكه‌ین. لایه‌نێكی سێكسی و لایه‌نێكی خێزانی و دواجار لایه‌نێكی ئایینی. به‌ڵام به‌لای منه‌وه ئه‌م جۆره دابهشكارییانه زیاده و ناپێویستن
پاساودانی دژایه‌تیی كۆمۆنیزم:
ده‌توانین له كاره‌كانی كافكادا ڕه‌هه‌ندێك یان ڕواڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریی بكه‌ین. لایه‌نێكی سێكسی و لایه‌نێكی خێزانی و دواجار لایه‌نێكی ئایینی. به‌ڵام به‌لای منه‌وه ئه‌م جۆره دابهشكارییانه زیاده و ناپێویستن: هه‌تا ئێستا هه‌وڵمدا ڕوانگه‌یه‌ك له هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه‌وه بخه‌مه‌ڕوو. بێگومان له چیرۆكه‌كانی كافكادا، ته‌نیا ده‌كرێت له كۆنتێكستی گشتیی ده‌قه‌كاندا له كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی تێبگه‌ین. ده‌توانیت “داستانی بێکاران” ببینیت، یاخود “یه‌هودییه سته‌ملێكراوه‌كان” له كۆشكـدا ببینیت، دەتوانیت “داستانی سكاڵا لێكراوێك له سه‌رده‌می بیرۆكراسییه‌تدا” له دادگاییـدا بدۆزییەوە، ئینجا ده‌توانین ئه‌م حیكایه‌تانه یان ئه‌م وه‌سوه‌سه سهرقاڵكهرانه له‌گه‌ڵ جیهانی زۆر ورده‌كار و چڕی “پروست”دا به‌راورد بكه‌ین، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌مه پاساوێك نادات به ده‌سته‌وه. به‌ڵكو كارۆجیز بانگه‌شه‌ی شیكاركردنی دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم ده‌كات؛ ئه‌و پێمان ده‌ڵێت كه ڕه‌نگه به‌رگریكردن له كافكا ئاسان بێت: “ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت وه‌ك ئه‌وانیتر به دژایه‌تیكردنی شۆڕش تۆمه‌تباری بكات، ئه‌وا دژ به هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه له‌م باره‌یه‌وه ده‌درێنه پاڵی، ئه‌و خۆی له وێنه‌گرتن یان له وه‌سفكردنی دۆزه‌خی سه‌رمایه‌داریدا قه‌تیس كردبوو”[41]. “خۆ ئه‌گه‌ر وا دەریشبکەوێت هه‌ڵوێستی كافكا “بۆ زۆر شۆڕشگێڕ جێگاى ڕق و بەغزاندنە”، ئه‌وا خۆی ده‌ڵێت “له‌به‌رئه‌وه نییه به ڕوون و ڕاشكاوی ته‌نیا هێرش ده‌كاته سه‌ر بیرۆكراتییه‌تی بۆرژوازی و دادپه‌روه‌ری بۆرژوازی –هێرشێك كه ده‌شێت ئه‌وانیش له‌مه‌دا هاوڕای بن-، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه كه هێرشی كردۆته سه‌ر هه‌موو جۆره‌كانی بیرۆكراسییه‌ت و دادپه‌روه‌ریی ساخته‌یش”[42]. داخۆ كافكا ویستوویه‌تی ڕه‌خنه‌ی خودی ئه‌و دامه‌زراوانه بكات كه ده‌بێت بیانگۆڕین به دامه‌زراوه‌ی نه‌رمتر و كه‌متر وه‌حشی؟ دیسانیش كارۆجیز ده‌نووسێت: “تۆبڵێی له شۆڕش ئاگاداری كردبینهوه؟ یان هیچ كه‌س وه‌كو ئه‌و هانده‌ری شۆڕش نه‌بووه. ئه‌و ته‌نیا جه‌ختی له‌سه‌ر داڕمانی مرۆڤ ده‌كرده‌وه: ئایا هه‌موو خوێنه‌رێك ده‌توانێت له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه هه‌ندێك بڕیار له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه بدات؟ ئه‌ی چۆن مرۆڤ ناتوانێت به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته قێزه‌ونه‌دا یاخی ببێت كه ناهێڵێت زەوىپێوەکە [ڕووپێوى زەوى “جۆزێف ک” بۆ نموونە] کار بکات؟”، له‌لایه‌كی دیكه‌وه من پێموایه خودی ئایدیای شۆڕش به ئه‌نقه‌ست له كۆشك كراوه‌ته ده‌ره‌وه. كارۆجیزیش ئه‌مه ده‌زانێت، شتێكی كه‌مێك له‌مه زیاتریش ده‌ڵێت[43]: “تاكه ڕه‌خنه‌یه‌ك كه مرۆڤ بتوانێت ئاراسته‌ی كافكای بكات ڕه‌خنه‌كردنی گومانی ئه‌وه له هه‌وڵی شۆڕش، چونكه ئه‌و باس له‌و كێشانه ده‌كات كه كێشه‌ى سیاسی نین، به‌ڵكو كێشه‌ی مرۆڤن، كێشه‌ی مرۆڤ لە ئێستا و دوای شۆڕش و بۆ ئه‌به‌دیش”. به‌ڵام قسه‌كردن ده‌رباره‌ی گومانی كافكا، هه‌روه‌ها پێدانی واتایه‌كی په‌یوه‌ست به وشه و كرداره مرۆییه سیاسییه‌كان به‌و كێشانه‌ی كافكا باسی كردوون، به ئه‌ندازه‌ی پێویست له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ یه‌كێك له لایه‌نه‌كان ناشكێته‌وه.
دوور له ئاخاوتن ده‌رباره‌ی ناكۆكی، ده‌بینین دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌سته به تێگه‌یشتنێكی دیاریكراوه‌وه له كافكا و لە هزره‌كانی. من ده‌مه‌وێت له‌مه‌یش زیاتر بڕۆم؛ هه‌ڵوێستی كافكا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باوكی ئاماژه‌یه بۆ دژایه‌تیی به‌رامبه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك كه له چالاكیی كاراوە په‌یدا ببێت. چالاكیی كارا، كه تا ئاستی دیسپلینى عەقڵى وەک سیسته‌مێك لەوانەى كۆمۆنیسته‌كان باسى دەکەن دەڕوات، ئەوەیە کە به ڕوونی وه‌ك چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌یه‌ك دەخرێتە ڕوو. له‌گه‌ل ئه‌وه‌یشدا بە گشتى هەڵویستى ئەو نە پشتگیریی بووە لە شۆڕش و نە سەزەنشتى سەربەستیى ڕاسته‌قینه‌یشی کردووە، سەربەستییەک کە ئەم ساته‌وه‌ختانه‌ی ئێستا ده‌به‌ستێته‌وه به ساته‌وه‌خته‌كانی دواتریانه‌وه. ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی سه‌خت و قورسه بۆ حزبێك كه ته‌نیا ڕێز له عه‌قل ده‌گرێت و پێیوایه ئه‌و به‌ها نالۆژیكیانه‌ی له “بەفیڕۆدان” و “بێ ئامانجی” و “منداڵێتی”ـدا خۆی ده‌نوێنێت، كۆمه‌ڵێك ماسكن به‌سه‌ر ڕووی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و كه‌سییانه‌وه. تاكه هه‌ڵوێستێكی سەربەستى كه له‌لایه‌ن كۆمۆنیسته‌كانه‌وه ڕێگای پێدراوه سەربەستییە بۆ منداڵ به‌ڵام له فۆڕمە چکۆلەکەیدا. ئه‌وه بۆ ئه‌و منداڵانه ڕه‌وایه كه ناتوانن بگه‌نە ئاستى جددییه‌تی كه‌سانی پێگه‌یشتوو، یان توانایان نییه ئه‌م ئامانجه به‌دی بهێنن. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی پێگه‌یشتوو واتایه‌كی گه‌وره به منداڵێتییهوه ده‌لكێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستیكرد به نووسین و وا هه‌ستی كرد كه به‌های سەربەستیى گه‌وره‌تر ده‌كات، ئه‌وا هه‌رگیز له كۆمه‌ڵگه‌ی كۆمۆنیستیدا جێی نابێته‌وه. له جیهانێكدا كه بۆرژوازییه‌تی تاكه‌كه‌سی نەفى کراوە ناتوانین به‌رگری له شادیی هه‌رزه‌كارانه‌ی كافكای پێگه‌یشتوو بكه‌ین یان ته‌فسیری بكه‌ین یان پاساوی بۆ بهێنینه‌وه. كۆمۆنیزم له بنه‌ڕه‌تدا نكوڵیكردن و نهفیكردنهوهیهكی ته‌واوه و سه‌راپاگیره، پێچه‌وانه‌یه‌كی ڕیشه‌یی مه‌به‌ست و خواسته‌كانی كافكایه.
به‌ڵام كافكا خۆی ڕازییه:
هیچ شتێك نییه كه بشێت كافكا خۆی ساغی بكاته‌وه، یان شتێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه به ناوی ئه‌وه‌وه بووترێت. ئه‌وه‌ی كافكا ویستوویه‌تی، كه له ڕاستیدا هیچ شتێكی نه‌ویستووه، ته‌نیا ئاماده‌بوونه له‌و پنته‌دا كه لێیه‌وه “ئه‌كتی کاریگەر”ی سه‌رزه‌نشت كردووه. ئه‌وه‌یش هیچ نییه جگه له پووچه‌ڵكردنه‌وه و جێبه‌جێكردنی ئه‌كتی کاریگەر پێکەوە و له یه‌ك كاتدا. ئه‌مه ئه‌و هۆكاره بوو كه وای لێ‌كرد له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتێكدا بچه‌مێته‌وه كه خۆی سه‌ركۆنه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام شێوازی نوشتانه‌وه‌ی ئه‌و زۆر له هاتوهاوار توند‌وتیژتر بوو. ئه‌و ده‌نووشتایه‌وه، به‌ڵام له كاتی نووشتانهوهدا ئه‌وینداریی ده‌كرد و ده‌مرد، ئه‌و بێده‌نگیی عه‌شق و مه‌رگى دەخستە بەرامبەر یەکترییەوە، كه هه‌رگیز نه‌یانده‌توانی وای لێ بکەن ته‌سلیم ببێت [بە جیهانى گەورەکان و باوکى]، چونكه ئه‌و عه‌ده‌مه‌ی كه هەرگیز ناتوانێت ته‌سلیم ببێت ئەگەرچى عه‌شق و مه‌رگیش لەوێدا هەن، سەربەستیى ئەوەیە کە هەیە[44].
ئەم وتارە لەم دوو سەرچاوەوە كراوە بە كوردى:
جورج باتاي، هل يجب احراق كافكا؟ ترجمة: محمد هاشم عبدالسلام، مجلة (انتهاكات) “أقواس: نصوص أيروسية”، دورية عربية في الفكر و الإبداع, العدد 2, 2015، ص102-117.
Georges Bataille: SHOULD KAFKA BE BURNT? Literature And Evil, London, Marion Boyars, 1985.
www.sauer-thompson.com/essays/Kafka.doc
په‌راوێزه‌كان:
[1] Should Kafka be burnt? وەک دەردەکەوێت پرسیارەکە لە فۆرمولە ئینگلیزییەکەدا بکەر نادیارە “ئایا دەبێت کافکا بسووتێنرێت؟” ئەم بکەرە کە دەشێت بەهۆى ناڕوونى دەقەکانى کافکاوە هەر یەکە لە ئێمە بین بە ڕاست و چەپ، کۆمۆنیست و لیبراڵ، نووسەر و هونەرمەند بۆیە ئێمە بۆ ئەوەى فۆرمولى پرسیارەکە بە کوردییەکەى نەرمتر بێت دەیکەین بە بکەر دیار: “ئایا دەبێت کافکا بسووتێنین؟”.(و. كوردى)
[2] the most cunning
[3] the promised land
[4] imperfect
[5] Kafka, Tagebticher 1910-1932, Fischer Verlag 1951- Heinemann, 1948-1949.
[6] par excellence
[7] problem of principle
[8] intention
[9] lure
[10] to astonish and disorientate
[11]ناتوانم وه‌ڵامێكی دیكه‌ی ژۆزێف گابل بده‌مه‌وه كه ئه‌م تیۆره‌ی بۆ من وروژاند. (ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه، ژماره 87، نۆفێمبه‌ر 1953). سیرك ئۆكلاهوما به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌یه‌كی مێژووییمان ده‌باره‌ی كافكا پێبدات.
[12] labyrinth
[13] ‘it’s not serious’
[14] Franz Kafka, Hochzeitsvorberitungen auf dem Lande und andere Prosa uas dem Nachlass, Fischer Verlag, 1953.
[15] Michel Carrouges
[16] Michel Carrouges, Franza Kafka, Labergerir, 1949.
[17] the figure of authority
[18] Of Joseph K., the hero of The Trial, who was clearly the author’s double.
[19] Carrouges, op. cit.
[20] sham
[21] self-knowledge
[22] F. Kafka, Tagebticher, My italics.
[23] Carrouges, op. Cit.
[24] Kafka, Hochzeitsvorberitungen.
[25] Du Feu, Gallimard, 1949, La Part.
[26] delirious purity
[27] Carrouges, op. Cit.
[28] Sovereignty
[29] Tagebticher.F. Kafka,
[30] satisfied
[31] F. Kafka, Hochzeitsvorberitungen.
[32] miserable
33 هەمان سه‌رچاوه.
[34] Kafka, Tagebucher.
35 هه‌مان سه‌رچاوه.
[36] Carrouges, op. cit.
37هه‌مان سه‌رچاوه.
38هه‌مان سه‌رچاوه.
39 پێموایه لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به بڕگه‌یه‌ك بده‌م كه بۆ كتێبێكی دیكه نووسیومه: ئیمه هه‌ڵه‌ین كه بایه‌خێكی زۆر به گۆڕانی بوونه‌وه‌ر له فۆڕمێكه‌وه بۆ فۆڕمێكی دیكه ده‌ده‌ین. نه‌خۆشییه‌كه‌مان ناسینی ئه‌وانیتره به‌و پێیه‌ی گوایه له دهرهوهماندان، ئه‌گه‌رچی له ناوه‌وه شتێك ده‌رباره‌ی خۆمان ناڵێن. ئه‌گه‌ر خه‌یاڵی مه‌رگ بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و بۆشاییه‌ی كه مه‌رگ له‌دوای خۆی جێیده‌هێڵێت، به‌هۆی نیگه‌رانی له گیانی خۆمان تووشی وه‌سوه‌سه‌مان ده‌كات، ئه‌گه‌رچی جیهان له پڕێتییهكانیش پێكهاتووه. به‌ڵام مه‌رگی ناڕاسته‌قینه ئه‌و مه‌رگه‌یه كه وامان لێده‌كات هه‌ست به بۆشایی بكه‌ین، له یه‌ك كاتدا هه‌م سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت و هه‌میش بێزارمان ده‌كات، چونكه ئه‌م بۆشاییه په‌یوه‌ندیداره به پڕێتی بوونه‌وه‌ره‌وه. عه‌ده‌م، یان بۆشایی، یان ئه‌وانیتر، وه‌كو یه‌ك شێوازی جۆراوجۆری پڕێتی نا-كهسییانهن كه ناتوانین ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرین.
[40] Kinder auf der Landstrasse
[41] Carrouges, op. cit.
42 هه‌مان سه‌رچاوه
43 هه‌مان سه‌رچاوه
44 بڕوانه سه‌ره‌وه.