تراژیدیای شەهوەت
وتووێژ لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار دیاکۆ حەسەن نەژاد
دیاکۆ حەسەن نەژاد لەساڵی ١٩٩١ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە پانزە شانزە ساڵییەوە سەرقاڵی هونەری شێوەکاری بووە. لەساڵی ٢٠٠٩ دەچێتە زانکۆ و لە کولیژی هونەر دەخوێنێ و بەڵام دوای دوو ساڵ واز لە زانکۆ دەهێنێ و وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات بەشێوەیەکی جیدی خۆی بۆ هونەری شێوەکاری تەرخان دەکات. لەم ساڵانەدا لە چەندین پیشانگای هاوبەشدا بەشداری کردووە و لە شاری تاران و سنە دوو پیشانگای تایبەتیشی کردووەتەوە.
لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە خۆی و تابلۆکانی دەناسم. ساڵی ٢٠١٧ لە کاتی کردنەوەی یەکێ لە پیشانگەکانیدا ڕۆیشتم بۆ تاران، بەڵام کە پێوەندیم پێوە کرد خۆی لە تاران نەبوو و ئادرێسی گەلەرییەکەی بۆ ناردم، بەڵام کە چووم وتیان داخراوە. دەمویست لە نزیکەوە بیبینم و بۆ هەفتەنامەی (هیچ) دیمانەیەکی کورتی لەگەڵدا ساز بدەم. ساڵی ٢٠١٨ زانیم کە لە سنە خانوویەکی گرتووە و سەرقاڵی پرۆژەیەکی هونەرییە، بەڵام کە چوومە سنە دوو سێ رۆژ هەواڵپرسین و پێوەندی گرتن، پێیان ڕاگەیاندم کە چەند رۆژێکە بە یەکجاری لە سنە نەماوە. سەرەتای ئەمساڵ قسەم لەگەڵ کرد، وا ڕێککەوتین کە بە زوویی من بچمە ئێران و لەو شارەی کە ئەو بە نیاز بوو ماڵی بۆ ئەوێ بگوازێتەوە یەک ببینین. بەڵام کەرەنتینە و کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ وای کرد نە من توانیم بچمە ئێران و نە ئەویش ماڵی گواستەوە.
لە کاتی دیزاین کردنی ئەم ماڵپەڕەدا بۆ دەستپێکی باشی ماڵپەڕەکە لە مشووری بابەت بووم بۆ سەرجەم بەشەکان، “دیاکۆ”م بیرکەوتەوە و پەیامێکم بۆ نارد کە با ڕێگەیەک بدۆزینەوە وتووێژێک ساز بدەین. دواجار گەیشتین بەوەی کە سێ چوار ڕۆژ بەسەر یەوەکەوە لە کاتێکی دیاریکراودا لە ڕێگەی ڤۆیس(دەنگەنامە)ەوە من پرسیارەکانمم دەکرد و ئەو وەڵامەکابی دەدایەوە. ئەمەی بەر دەستان پوختەی ئەو وتووێژەیە کە بە شیوازی پرسیار و وەڵام دانەڕێژراوە، بەڵکو کۆکراوەی چەندین وەڵام و ڕوونکردنەوەکانی دیاکۆ لە ژێر تایتڵێکدا داڕێژراونەتەوە. (هەڵبەت بە گوێرەی وەڵامەکان هەر کەسێک دەتوانێ بزانێ پرسیارەکان چی بوون). هەر لە یەکەم ڕۆژ بڕیارمان دا کە بەم شێوازە دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر بێزار نەبێ لەو هەموو پرسیار و وەڵامە و دووبارە بوونەوەیان (هەرچەندە لە هەندێ بڕگەدا دووبارەبوونەوەی تیایە، بەڵام ئەمانە وەک پێویستی دەربڕینن).
ئەوەش ناشارینەوە کە بە گوێرەی داڕشتنەوە و ڕێکخستنی دیمانەکە وەڵام و ڕوونکردنەوەکان پێش و پاش خراون، بۆ نموونە ئەم دەستپێکە یەکێ لە دوایین پرسیارەکان بوو.
دیاکۆ لە یەکێ لە قۆناغەکانی کارکردنیدا بڕیار لەسەر خەلق کردنی کۆمەڵەبەرهەم دەدات، هەر کۆمەڵەبەرهەمیکیش لەژێر ناوێک و نزیکە پانزە تا بیست تابلۆ دەبن. لەنێو دیمانەکەدا زۆرجار بە ناوی مەجمووعە ناو دەبرێن. مەجمووعەکانیش ئەمانەن: (هار٢٠١٦، ژێر٢٠١٩، ئاڵۆز٢٠٢٠، بێدەرەتان٢٠٢٠)
لەم وتووێژەدا دیاکۆ حەسەن حەسەن نەژاد لەسەر دەستپێک و سەرەتای کارکردنی لە شێوەکاری و پاشان خۆ تەرخان کردنی بۆ شێوەکاری و قۆناغی کارکردنی لە کۆمەڵەبەرهەم و هەر یەک لەو مەجموعانەدا بە گوێرەی پێویست ڕوونکردنەوەی داوە. هەروەها تێڕوانینی خۆی لەسەر فۆرم و مانا لە بەرهەمی شێوەکاری و لە بەرهەمەکانی خۆیدا خستووەتەڕوو. بە ڕاشکاویش ڕوانینی خۆی وەک هونەرمەندێکی شێوەکار لەبارەی هونەر لە قۆناغی مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم و بەرپرسیاریەتی و هونەر و سیاسەت باس کردووە. جگە لە چەند پرسێکی تر، لەسەر هونەرمەند، بەردەنگ و ڕەخنەگر و ئەو دیوە تراژیک و تاریکەی نێو بەرهەمەکانی هەڵوەستەی کردووە.
دەستپێکی
خۆتەرخانکردن بۆ شێوەکاری
دیارە وەک دەستپێک و سەرەتا هەر کەسێک کە دەیەوێ بێتە نێوە گۆڕەپانی هونەری شێوەکارییەوە، کۆمەڵێ مەسەلەی وەک تەراحی و شتی سەرەتایی هەیە کە دەبێ بیزانێ، ئیتر لە زانکۆ فێری دەبێ یان لە دەرەوە یان خۆی فێر دەبێ، گرنگ نییە، بۆیە بە پێویستی نازانم لەسەر ئەمە بڕۆم. من ئەمانە فێر ببووم.
لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١ کاتێ لە زانکۆی هونەر بە یەکجاری هاتمە دەرەوە، یان ڕاستییەکەی (دووسەرە و دوولایەنە بوو) دەریانکردم، دەستم کرد بە کاری جیدی. نە زانکۆ ئەوە بوو من دەمویست و داخوازی بووم، نە سوودێکی ئەوتۆی بۆ من هەبوو، نە بە کاری ئەو ژینگەیە دەهاتم. چوونم بۆ زانکۆ بە وزە و توانا و خولیایەکی زۆرەوە بوو. بەڵام زوو هەستم بەوە کرد کە ئەوێ ژینگەی من نییە. بۆیە کەم دەچوومە سەر کلاس، بەڵام لە ژوورەکەم هەمیشە خەریکی تەمرین و کارکردن بووم. بەکورتی لەگەڵ ئەو ژینگەیە نەگونجام، ئیتر ماڵئاواییمان لەگەڵ یەکتر کرد. دوای ئەوە ئیتر خۆم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن و کارکردن لە هونەر و داهێنان و خەلقکردن؛ لەگەڵ ئەم جۆرە لە بڕیارانەشدا هەڵبەتە کۆمەڵی ڕێگە دێنە بەردەمت، بۆ منیش وابوو، کۆمەڵی کەسایەتی و گروپ و کۆڕ و کۆبوونەوە، ئەمانەش لەم جوگرافیایەی ئێمە تیاییدا نیشتەجێین جۆرێک بانگەشە و خۆهەڵکێشان و نمایش دەکەن. من بە هیچ یەک لەو ڕێگانەدا نەڕۆیشتم و دوور کەوتمەوە. پێموابوو کە ئینسان بە دروستی و باشی و بە دیدێکی ڕوونەوە بیەوێ لەم مەسەلە بە وردی و ڕاستەخۆ تێبگات و لەگەڵیدا دەرگیر بێت، بە سەدان سەرچاوە و هەوڵ و ڕێگەی دیکە هەیە. ئەمەش بە کارکردنی بەردەوام و خوێندنەوە و هەر شتێکی تر بێت. بەهەر حاڵ ئەمە ئەرکێکە دەکەوێتە سەرشانت، ئەمە باشترە نەک هەموو ئەرکەکە یان هەوڵەکان بسپێری بە کەسی تر کە ئەرکەکەت لە کۆڵ بکاتەوە، کە ئاسان نییە و لەکۆڵ نابێتەوە، چونکە مامۆستا یان هەر فێرکارێکی تر تەنیا دەتوانێ ئاشنات بکات. وەک خۆم هیچ ڕێگەیەکم لەوە پێ باشتر نەبوو کە بێوچان خەریکی کارکردن و ئەزموون کردن بم، ئیتر ئەمە بووە تەعەهودیک لەگەڵ هونەردا و پست بەستن بە ڕاستی و هەقیقەت. نەک لەبەر کۆمەڵێ بەرژەوەندی هەندێ کەس و ناچاربوون بە پەسندکردنی هەندێ شت ڕێگەکەی تر هەڵبژێرم. پێموابوو دەبێ کارمان لەگەڵ چەمکەکان و مەفاهیمەکان بێت نەک کەسەکان و ڕەوتەکان و گروپەکان و ناوەکان و مۆدەکان.
لەگەڵ ئەوەی کە بە کردەیی دیدارم لەگەڵ هیچ کەسێکی هونەرمەند نەبووە کە سوودێکی بۆم هەبووبیت، بەڵام درۆیە گەر بڵێم هیچ کەس کاریگەری لەسەر من نەبووە، زۆر شت و کار کاریگەرییان لەسەر من داناوە، تەنانەت دەکرێ بڵیین تێکستێک، نووسراوەیەک، بەرهەمێک، بەڵام شەخسێکی تایبەت نەبووە. ئەو کات و ئێستاش لەو بروایەدام کە هونەرمەند دەبێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێ؛ کار بکات بۆ هەرچی زیاتر بەتواناتر و بە وزەتر بوونی لە هونەردا، ئەوەشی لە خۆیدا دەروونی کردبێتەوە. بۆ نموونە کەسێک ئاگاداری مێژوو و کاری ڕەوت و جەریاناتەکانی لە پێش مۆدێرنیستەکانەوە تا مۆدێرنیستەکان و مینیمالیستەکان و پۆست مۆدێرنیستەکان لەگەڵیان بووە و هەزمی کردوون و تێر بووبێ لێیان و دەستکەوت و شکستەکانیان بناسیت، دەزانێ پۆست مۆدێرنیستان خەریکی چین، تا بگاتە ئەو قۆناغەی کە ئیتر خۆی بڕیار بدات کە دەبێ چی بکات، ئەو جوانییەی بە پێی بنەماکانی خۆی و زەرورەتە زاتی و دەروونییەکانییەوە لە ژێر دەستی ئەم لەدایک دەبێت. جگە لەمە و توانا و زانین و ئاگادارییەکانی، بە بوێرییەکی زۆر و بەرگەگرتن و خاکەڕاییەوە پێویستی بەسەر لە نوێ پێداچوونەوەی ئەمانە هەیە تا خۆی ڕاستییەکە ببینێ و هەستی پێبکات. دیارە کە ئەمەش پرۆسەیەکی درێژخایەنە، کە دەڵێم پێویستی بە بوێرییەکی زۆر و تەحەمول هەیە، چونکە ڕەنگە ئەمە ئینسان ئازار بدات. ئەمە ڕێگەیەکە من ئەزموونم کردووە و پێموایە بۆ ئەوەی ببیتە خاوەن بەرهەمێکی خۆت، دەبێ ئەم ڕێگەیە ببڕی. چونکە من پێموایە ڕێگەکانی تر رێگەی بەلارێدا براوە و ئەمەش خەسارێکی گەورەیە. لەو ڕێگە بەلارێدا براوانەدا ڕەنگە کەسێک بە شێوەیەکی کاتی هەست بە ئارامییەک بکات. بۆ کەسێک کە کەڵکەڵەی ناوی هەیە بە پشت بەستن بە بیستن و فێرکار و کۆڕ و مەحفەل و ئەو ڕێگە ئاسانانە ڕەنگە بگات بە هەندێ شت. یەکێ لە خەسارەکانی تری ئەمەیە کە بۆ نموونە لەناو ئەم رەوت و مامۆستا و مەحفەلانەدا پەرتەوازەیی هەیە، تۆ چووی بۆ لای فڵانی، ئیتر لەگەڵ فلان کەسی تردا دوژمنی، ئەمە یانی لەگەل مەفاهیمدا سەروکارمان نییە، بەڵکوو لەگەڵ کۆمەڵێ کەس و تیپ و بەرژەوەندییەکانیاندا مامەڵە دەکەین. ئیتر هەقیقەت و مەسەلە بنەڕەتییەکە ون دەبێ. لێرەوە دەردەکەوێ ئەمە کۆمەڵی گروپن کە بەرژەوەندی خۆیان نەبێت هیچی تریان ناوێت. ئەم دوو ڕێگایە، یەكێکیان رێگەیەکی سەختە بەڵام ڕاستەقینەیە، ئەویتریان ڕێگەیەکی ئاسانە بەڵام لارەڕێیە، کە دەتوانم بڵێم یان دوای بەرژەوەندییەک بۆ ناو و نان دەکەوی، یان خولیایەکی سەودایانەت لەسەردایە. کەڵکەڵەی ناو لای من کەڵکەیەکی بچووک و نزمە، ئێستاش بە ئاشکرا هەموو کارەکان بۆ ئەم کەڵکەڵەیە و بە ئاشکراش باسی دەکەن. ئەو کەڵکەڵەی ناوە نەک ناتوانێ دروستکەر و بونیاتنەر بێت و هەرگیز ناشتوانێ مەیلێکی دەروونی و جوانیناسانەی لە ئینساندا دروست بکات بۆ خوڵقاندنی بەرهەم. ئەو کەسەی ڕێگە دروستەکە هەڵدەبژێرێ، سازش و مامەڵە لەسەر خولیا و سەوداکانیدا ناکات و چونکە ڕێی راستەقینەی خۆی دۆزیوەتەوە.
قۆناخی کارکردن لە کۆمەڵەبەرهەم(مەجموعە)دا
“کەمکاری یانی خەیانەت”
لە شێواز و لە فۆرم و لە تەکنیک و لە ناوەڕۆکدا مەجموعە بە مەجموعە جیاوازی هەیە، بەڵام ئەگەر وردتر تەماشا بکرێت دەتوانرێ نزیکایەتی و پێوەندنی لەناو هەموو کارەکاندا ببینرێ.
بە گشتی لەسەر مەجموعە یان کۆمەڵە بەرهەم ئەوە بڵێم دیارە لە هەر مەجموعەیەکدا سیالیەتێک (سازگاری و هەماهەنگی) هەیە. جاری وایە بەلای منەوە یەک تابلۆیە، ڕەنگە بە پانزە تابلۆ یان بیست دانە بەرهەم بێت و تەواو ببێت، یانی هەر بەو جۆرەی کە هەست بکەیت لە یەک تابلۆدا ئەو کارە تەواو بووە، بۆ یەک کۆمەڵە پانزە بیست تابلۆیی کاری تیاکردووە پێی وابێ ئاوا تەواو ببێ.
لە سەرەتاوە کارکردنم بە مەجموعە نەبوو، سەرەتا سەدان ڕێگەی تر ڕۆیشتم، ڕێگەگەلێک و کارهایەک بوون دەبوایە بکرایەن (وەک لە سەرەتاش هەندێکم باس کرد). دەبوایە ئەوانەم بکردایە تا بزاوتێک بە خۆم بدەم. ئینجا لە قۆناخێکدا بڕیارم دا بە کۆمەڵە کار بکەم، چونکە داخوازی و ویستێکی دەروونی هەبوو. ئینسان ئیتر دەگات بە شوێنێک، قاعیدە و ڕێوشوێک (نەک قاعیدەیەکی داسەپاو) بۆ خۆی دروست بکات هەڵبەتە لەسەر بنەمای مەعریفەیەکی شەخسی، نەک لەڕووی تیۆری و شتێکی داسەپاوەوە. کەسێک کە دەیەوێ فوول تایم کار بکات، یان هونەر و شێوەکاری ببێ بە ژیانی، پێویستی بەوە هەیە. لەوێدا دەتوانێ گەشە بکا و زۆرترین بەرهەم و دەستکەوتی هەبێ. دەستکەوت بەو مانایەی کە بتوانێ ڕوو بە بەرهەم و خەڵقکردن بڕوات.
من نەک بۆ هونەر و شێوەکاری، بۆ ژیانیش لەگەڵ دووپات بوونەوەدا نیم، هەر شتێ کە دووپات دەبێتەوە دیارە کە ئەسووێ و هیچ تامێکی نامێنێ، یانی بە جۆرێک گەندەڵ دەبێت
ئەوەشی کە یەکێک خۆی دووپات دەکاتەوە، ڕەنگە گەیشتبێت بە ئیدیاڵێک، بە سەقف یان جێگەیەک، یان دروستر بیڵێم کەوتبێتە ئەو داوەوە، کە بەلای منەوە زۆر ترسناکە. من نەک بۆ هونەر و شێوەکاری، بۆ ژیانیش لەگەڵ دووپات بوونەوەدا نیم، هەر شتێ کە دووپات دەبێتەوە دیارە کە ئەسووێ و هیچ تامێکی نامێنێ، یانی بە جۆرێک گەندەڵ دەبێت، جا وای بە حاڵی ئەو کەسەی کە کاری هونەر دەکا. ئەسڵەن هونەر بۆ هەمیشە تازەبوونەوەیە، هونەر یانی خەڵق کردن، یانی نوێکردنەوە و داهێنان، گەر دووپات ببێتەوە ئەوە ئیتر دەردە.
سەرەتاکان و بەر لەوەی دەست بکەم بە کاری مەجموعە ڕۆژانە سێ تابلۆم دەکێشا، ئێستاش بەو ئەندازەیە کار دەکەم، دانەبڕاوم، لەوەتەی من تابلۆ دەکێشم تا بە ئەمڕۆ لەو ئاستە لە کارکردن دانەبڕاوم، پێموانییە تا هەم داببڕێم. هەڵبەتە من لە پاڵ ئەم ئیدە و بیرۆکەی کۆمەڵەبەرهەمانەدا کار لە تابلۆی دیکەشدا دەکەم.
بە شێوەیەکی ئاسایی ساڵی دوو مەجموعە یان یەک مەجموعە یان پێشهاتووە کە سێ ساڵی پێچووە تا کارم لە یەک مەجموعەدا تەواو بووە. یانی لەو سێ ساڵەدا دوو ساڵ و نیوەی هەموو ئەوەی کارم تێدا کردووە، وەلاناوە، ئینجا گەیشتووم بەوەی کە بڕیارە چی بکەم. ئەمەش بەسەرهاتی زۆرە، مێژوویەکە، ئەزموونێکە، ڕەوت و بزاوتێکە، زیندووبوونێکە و مەرگێکە، سەختییەکە، خۆشی و چێژێکە، ژیانێکە.
ئەوەش ڕوون بکەمەوە کە من بە هیچ شیوەیەک تووشی ئەو وەهمە نەبووم کە بڵێم هەر کاتێ دەستم کرد بە کار، کارەکەشم شاکار دەردەچێت، بێزاریشم لەو جۆرە تێڕوانینە عیرفانییە بیتامە، کە لەم جوگرافیایە ئەوەی باسی هونەر دەکا دەرگیری ئەم قۆریاتەیە. وادادەنین گوایە وزەیەکی خوایانەیان لە پشتە، تا ئاستێک کە ئیجازە بە خۆیان نادەن کارەکەیان ئیمزا بکەن و بە کارێکی خواوەندی دەدەنە قەڵەم.
کەمکاری یانی خەیانەت، یانی مەسخەرەکردنی زەمان، تەوهینە بە کات، بۆیە ئەمە بزانی ئیتر پڕکاری شتێکی عەجیب نییە. ئەسڵەن لێرە مەبەستم لە کەمکاری و پڕکاری، زۆر بەرهەمی و کەم بەرهەمی نییە، مەبەستم لە گەڕان و زۆر هەوڵدانە لە بەرهەمێکی باش و ڕەسەن، نەک بەرهەمەکانی زۆر بن
جاری وایە بە هەفتە بە مانگ سەرقاڵی گەڕانم و خۆم مەڵاس داوە بۆ دۆزینەوەی ئەو شتەی کە جوانە، یان خودی جوانی، ئەوەی کە خۆم دەزانم تا دێتە دەستم. ئەمە بە شەو و ڕۆژ کارکردن دێتە دی. پیم وایە هەر هونەرمەندێک کە دەیەوێت کارێکی ڕەسەن بکات، دەبێ بەو پنتە بگات کە خۆی دەیەوێ، ناتوانێ بە چاوی دیتران سەیری (بووم-کانڤاس)ی خۆی بکات، ناتوانێ لەگەڵ خۆی درۆ بکات. هەر هونەرمەندێک بەم پنتە بگات و یەکجاریش بینیبێتی و هەستی پێکردبێت ئیتر بەو ڕاستییە دەگات، شتەکانی تر کە دەمێننەوە چیژ و کایەیە، تام و بۆیە. بۆ من شێوەکاری هەرگیز جۆرە گەمە یان کایەیەک نییە کە بەس بۆ سەرگەرمی و چێژ، بەڵکوو پرۆسەیەکی لە حاڵی گەشەدایە و پرۆسەیەکی زیندووە کە هەمیشە دەبێ بجووڵی و ببزووێ.
ئینجا ڕاستییەکیش بڵێم پڕکاری لای من فەزیلەت و شایەنی شانازیکردن نییە، بەڵام کەمکاری یانی خەیانەت، یانی مەسخەرەکردنی زەمان، تەوهینە بە کات، بۆیە ئەمە بزانی ئیتر پڕکاری شتێکی عەجیب نییە. ئەسڵەن لێرە مەبەستم لە کەمکاری و پڕکاری، زۆر بەرهەمی و کەم بەرهەمی نییە، مەبەستم لە گەڕان و زۆر هەوڵدانە لە بەرهەمێکی باش و ڕەسەن، نەک بەرهەمەکانی زۆر بن، ئەمەیان گاڵتەجاڕییە کابرا لە پەسا چوار پیشانگا دەکاتەوە لەساڵێکدا.
بەڵام فۆڕم ڕوانگەیە، چاوگە، فۆرم ئەو شتەیە کە لە تابلۆیەکدا لە ڕەهەندێکی دیاریکراودا گشت بەشەکانی دەردەخات، نیشانی ئەدات، بە مانایەکی تەواو دەرخستنە، جێگرکردنییەتی بۆ هەتاهەتایە، فۆرم جاویدانگییە، ئەو شتەیە کە قەت نامرێ
بۆ ناونانی هەر کۆمەڵەیەک لەگەڵ ئەوەشدا کە هەر وا بە ئاسانی ناویان لێنانێم، بەڵام پێمخۆشە هەمیشە ناوەکان سادە بن.
فۆرم یان مانا
“فۆرم مۆنتاژکردنێکی ئینسانییە”
بێ مانایە گەر من باسی مانا بکەم، یان تۆزێ بێ مانایە من بڵێم مانا چییە. هەرچەند ئێستا بیرۆکەیەی ئەبستڕاکت هەیە لە ناوەندەکە، کابرا پێی وایە مانایەکی قووڵی لەناو تابلۆکەی بەکاربردووە، بەس خۆ ئەم مانایە دەبێ وجودێکی هەبێ. بەڵام فۆڕم ڕوانگەیە، چاوگە، فۆرم ئەو شتەیە کە لە تابلۆیەکدا لە ڕەهەندێکی دیاریکراودا گشت بەشەکانی دەردەخات، نیشانی ئەدات، بە مانایەکی تەواو دەرخستنە، جێگرکردنییەتی بۆ هەتاهەتایە، فۆرم جاویدانگییە، ئەو شتەیە کە قەت نامرێ، ئەو دەسەڵاتە نوێیەیە کە یەک دانە ئەجزا دەتوانێ تیایدا خانووی ببێ، بوونی ببێ. لەمەشدا مەبەستم فۆرمێکی بەهێز و ڕەسەنە. فۆڕم دەسەڵاتێکی ئینسانییە کە ئەعمالی دەکات، بۆ نموونە کەسێک کە چاوی بە شتێک، بابەتێکی خۆش یان ناخۆش دەکەوێت و ئەو شتەی دەریدەبڕێ و چۆنیەتی دربڕینی ئەو شتە پێی دەڵێن فۆرم. فۆرم مۆنتاژکردنێکی ئینسانییە. لەناو فۆرمدا من بڕوام بە سەرتربوونی سروشتیش نییە.
بە گوێرەی چوار مەجموعە کارکردنی ئەزموونەکانی خۆم کەمێ روونی دەکەمەوە. سەرەتا پێمخۆشە باسی ئەوە بکەم کە ئێستا هونەر بۆ من چییە، یان من بە بۆنە و لەڕێگەی هونەرەوە چی دەکەم، یان من لەگەڵ هونەردا خەریکی چ سەروسڕێکم. ئەوەی ئێستا بۆ من ئەولەویەتە کۆمەڵی هەستی نەناسراون و بووژانەوە و دەوڵەمەند کردنی ئەو کۆمەڵە هەستن. هەرچەندە بەداخەوە لای ئێمە کە ناوی هەست دەبەیت، کۆمەڵێ شتی مناڵانە و کڵێشەیی و دووپاتەیی دەچێتە ناو مێشکیان کە ئەمەش خەسارێکی زۆر قووڵە. بە بەدسەلیقەیەکی زۆر سەیری ئەم شتە دەکەن. وەکبڵێی ئیتر نوێبوونەوەیەک، هونەرێک نەمابێت، وا سەیری هەستەکان دەکەن تەنانەت ئەو کەسەی کە هەستێکی نوێی هەیە بۆ کارێک، کە تەماشای دەکەی، زۆر شتێکی کڵێشەیی دێتە بەرچاو، زۆر ئاشنایە، یەکیک لە خواستەکانی من ئەو ئاشناییزداییە(دێفامیلیاریزاسیۆن)یە، یانی ئیتر ئاشنا نییە بۆ هەمیشە.
ئەو مەجمووعەیە نزیکەی پێنج شەش مانگ سەرلەنوێ هەموو ئەناتۆمی فیزیکی ئینسانم تاوتوێ کرد، لە دەست و قاچ و لە کەلە و لە مل و سینگ و سکی و لە ئەندامی زاوزێ… بەگشتی هاوئەهەنگی ئەو بەش و ئەندامانە کە یەک ئینسانە، کە ئەم ڕوانگانەی هەیە.
من ئەم هەستە نوێیە کە خودی تاک لە ناو ئەو بەرهەمەدا خۆی هەست بە خۆی دەکات و هەستێکی بە تەواوی نوێی هەیە، کە پێشتر نەیبووە، بوونی خۆی بە شێوازێکی تەواو نوێ کە خۆیشی لەگەڵی نوێ دەبیتەوە، بەو جۆرە هەست دەکات، دەتوانم وەک خاڵی هاوبەشی هەموو کارەکانم (لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازیانەی کە هەیانە) پێناسە بکەم.
مەجمووعەی (هار)
کاتێ من کارم لە کۆمەڵەی هاردا دەکرد ساڵی ٢٠١٥، ٢٠١٦، (کارەکان فیگۆراتیڤن) پێشتر بۆ ئەوەی دەست بدەمە ئەو مەجمووعەیە نزیکەی پێنج شەش مانگ سەرلەنوێ هەموو ئەناتۆمی فیزیکی ئینسانم تاوتوێ کرد، لە دەست و قاچ و لە کەلە و لە مل و سینگ و سکی و لە ئەندامی زاوزێ… بەگشتی هاوئەهەنگی ئەو بەش و ئەندامانە کە یەک ئینسانە، کە ئەم ڕوانگانەی هەیە. دوابەدوای ئەوە جووڵەیەکم بۆ داڕشت، ئەو جووڵەیەی کە پێم جوان بوو، جووڵەیەک کە هەستێکی نوێ بوو، جووڵەیەکم بۆ دەستەکانی، بۆ قاچەکانی، بۆ ئەندامەکانی داڕشت، ئەو بزاوتەم لە ناو بەستەرێکدا کە دەبێتە یەک دانە (بووم_کانڤاس) چەندین جار لەسەریەک تەجروبە کرد، تا بتوانم جووڵەیەک پەسند بکەم، یانی هەر فیگۆرێک جووڵەیەکی تایبەت و گونجاوی خۆی هەبێ. کاتێ خەریکی کار لەسەر ئەو فیگۆرە دەکەی، خەریکی دەسەڵاتێکی نوێی بۆ دادەڕێژی، ئەمە ئەو جووڵەیەیە کە من بۆم داڕشتووە. لەناو مەجمووعەی هاردا ئەو ڕووداوە ڕووی دا، ئەمە شتێکی بەتەواوی ئەزموونییە کە ئینسان دەبێ بە ئەزموون پەیدای بکا ئینجا بتوانی دایبڕێژێ.
ئەوەی دوای ئەو قۆناغە دەمویست، کۆمەڵێ (پێکهێن-موئەلەفە)ی تەواو شەخسی بوون، لەگەڵ بوونی کۆمەڵی بنەما کە پێشتر هەمبوو بۆ فۆرمەکان و جووڵە و بزاوتەکانی فیگۆرێک. بەڵام هێشتا کۆمەڵی موئەلفەی شەخسی ترم دەویست.
مەجموعەی ژێر
دوای هار، من کارم لە مەجموعەی ژێردا کرد، بەڵام بە سێ ساڵ مەوداوە، ئەوەی دوای ئەو قۆناغە دەمویست، کۆمەڵێ (پێکهێن-موئەلەفە)ی تەواو شەخسی بوون، لەگەڵ بوونی کۆمەڵی بنەما کە پێشتر هەمبوو بۆ فۆرمەکان و جووڵە و بزاوتەکانی فیگۆرێک. بەڵام هێشتا کۆمەڵی موئەلفەی شەخسی ترم دەویست. ئەمە وای کرد کە درێژە بکێشێ، چونکە ئەمە شتێک نییە کە بە ئاسانی بەدەست بێت. یەکێ لە موئەلفەکانی کاری من، جۆرە سەرخۆشییەکە کە لە بەرانبەر بەرهەمێکدا دەوەستی کە ئیعمال دەبێ بەسەر ماسولکەکانت و بەسەر هەستەکانت و بەسەر ڕوانینت و تێگەیشتنت و جۆرە تواناییەک کە لە لەمسی ئەو کارەدا پێت دەست دەدا، ئەمە خواستی منە. یەکێ لە خواستەکانم ئەوە بوو موئەلفەیەکی ڕاستەقینە، ڕوانینێکی ڕاستەقینە، شتێک کە ئینسان بە تەجروبە دێتە دەستییەوە بەدەست بهێنم. ئەمە بەلای منەوە ڕزگارییەکی سەیرە. ئەو کارانەی موئەلفەیان هەیە، هیچ خیانەتت پێ ناکەن، ئەمانە ناسنامەیان هەیە، کەسایەتیان هەیە.
ئینجا کەلکەڵەی تازەش بۆم پێش هات، لە جووڵەکاندا و لە فیگۆرەکاندا کە دەبزوان، لێرەوە ئیتر مەسەلەی ڕەنگ هاتە پێش و ویستم بە ڕەنگ ئەو تازەگەرییە بکەم، گەر بە ڕاشکاوی بیڵێم دەمویست تاقانە بێت و ببێتە مۆرکی یەک کەس. ئەم خواستە بەرەوە موتالیعەی ڕەنگەکانی بردمەوە و ئیتر گەیشتمە ئەوێ کە لەو شوێنەی نووری لێدراوە جۆرە تاریکییەکە، بەڵام لەو شوێنەی کە سێبەری بەرکەوتووە درەوشانەوەیە. زۆر بە ئاگاییەوە ئەو پارادۆکسم جێبەجێ کرد. هەوڵم دا ڕەنگی خۆم بە دەست بهێنم ئیتر مەسەلەی هەماهەنگی نێوان جووڵەکان و ڕەنگەکان هاتەئارا.
یەکەمین شتێ کە منی هاندا بۆ ئەم کارانە، مەحکومیەتێک بوو، تەنگ پێهەڵچنینێک بوو لەهەموو لایەکەوە. ئەمە هاتە ناو فیکر و ئەندێشەمەوە و لە کۆڵم نەدەبوویەوە، دەبوایە بە جۆرێک نیشانم بدایە، مەجموعەی ژێر ئاوا دەستی پی کرد، وەک حەپس بوونێک.
بۆ نموونە لە مەجمووعەی ژێردا ناوەڕۆکێک، بیرۆکەیەکم هەبوو دەمویست وردە وردە فۆرمێکی بۆ داڕێژم، ئەو ناوەڕۆکە (فشار) بوو، فشارێک بوو ئینسان بەرگەی دەگرت، ئینجا هاتم فۆرمێکی بۆ بدۆزمەوە و لەناو ئەو فۆرمەدا بەکاری ببەم.
یەکەمین شتێ کە منی هاندا بۆ ئەم کارانە، مەحکومیەتێک بوو، تەنگ پێهەڵچنینێک بوو لەهەموو لایەکەوە. ئەمە هاتە ناو فیکر و ئەندێشەمەوە و لە کۆڵم نەدەبوویەوە، دەبوایە بە جۆرێک نیشانم بدایە، مەجموعەی ژێر ئاوا دەستی پی کرد، وەک حەپس بوونێک. دەبوایە بە ئامرازەکانی خۆم دەریببڕم، بێ ئەوەی بمەوێ بانگەشەیەکم هەبی، لەگەڵ هەموو ئەو پڕەنسیپانەی وەک هونەر لەبەرچاومە بمەوێ لەناو ئەو کارانەدا بەکاری ببەم، ئەمە دەرببڕم وەک خۆم، نەک وەک شتێکی پەلە و ئاشکرا و کڵێشەیی و دووپاتەیی، بەڵکوو وەک شێوەکارێ، وەک ئاڕت، ئەمە یەکەمین هەستێک بوو کە بۆ مەجمووعەی ژێر تاووم دایێ.
بەرهەم یانی جیهانێکی نوێ، ئینسان بتوانێ لەو جیهانەدا بژی، نەک ئەوەی بەس لە دوورەوە سەیری بکەی. بەرهەم یانی کاتێ تۆ لەو شتە تازانەدا ئاشکرات کردووەتە سەر تابلۆ، بتوانی ڕازی بیت و سازگار بیت لەگەڵیدا، نەک تەنیا بۆ ئەوەی بڵێی کارێکی تازەم هەیە.
ئەوەی خۆم هەستی پێدەکەم مەحکومیەتێکە، فشارێکی یەکجار زۆرە. ئەوەی بە ئاشکرا دەمبینی، دەمویست ئەمە داڕێژمە سەر کانڤاسێک. هەر لەو مەجمووعەیەدا کۆمەڵێ ئێلێمانتی شەخسی خۆمم پەیدا کرد. بەلای منەوە بەرهەم یانی ئەو شتە تازەیەی کە خودی هونەرمەند بەدەستی هێناوە و تاڕادەیەکی زۆریش بۆ خودی هونەرمەندەکە قایلکەر بێت. بەرهەم یانی جیهانێکی نوێ، ئینسان بتوانێ لەو جیهانەدا بژی، نەک ئەوەی بەس لە دوورەوە سەیری بکەی. بەرهەم یانی کاتێ تۆ لەو شتە تازانەدا ئاشکرات کردووەتە سەر تابلۆ، بتوانی ڕازی بیت و سازگار بیت لەگەڵیدا، نەک تەنیا بۆ ئەوەی بڵێی کارێکی تازەم هەیە. ئینجا ئەو شتەی لەبەرچاوم گرتبوو ئەو ئێلێمانتانە، ئەو نیشانە و هێمایانە بە جۆرێک هەماهەنگ کردنەوەیان بوو، یانی تاوتوێکردن و شیکاری ئەو شتانە و لەپاڵ یەک داننانیان بوو. تەنانەت بە ئەنجام گەیشتن و نەگەیشتنی لەپاڵ یەکدا بوو. ئەمە کاری من بوو بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر. ئێستاش ئەو پرۆسەیە نەوەستاوە، من هەردەم ئاواتەخوازی ئەوەم کە کارێکی بەو جۆرە بکەم کە یەکپارچەییەکی ئەوتۆی تیا بێت.
مەجموعەی ئاڵۆز
دوابەدوای ئەوە هەر بەو نیەتە کارم لە مەجمووعەی ئاڵۆزدا کرد، هەر بەو نیەتەی کە بتوانم یەکپارچەی بکەم، هەماهەنگی و خۆشی بکەم، هەر بەو زەینییەتەوە تاووم دایێ، هەر هەمان شت کە لە مەجمووعەی هاردا تاڕادەیەکی باش خۆم بە سەرکەوتوو زانی، بزاوت و جووڵەکان و دەزووەکان، ئەو هێڵانە بوون کە دەبوایە وەکوو بنەما و پێکهاتە تێم بهاوێشتایە.
هەماهەنگ کردنی نێوان جووڵەکان و بزاوتەکان و شێوەی دەرەوەی فیگۆرەکان لەگەڵ ئەو ڕەنگە تازەیەی کە لە مەجموعەی ژێردا بەدەستم هێنابوو و یەکپارچەکردنیان خواستی سەرەکی من بوو لەم مەجمووعەیەدا. بۆیە دەبوایە ناکۆک نەبوونایە. لە ئاڵۆزدا جگە لەوانە کۆمەڵێ چالاکیشم ساز کرد.
مەجمووعەی ژێر وەک تایبەتمەندییەکانی، وەکوو بەش و پاژەکانی بەلای منەوە لەدایکبوونێک بوو، هەر لەوێش نەوەستا، پێم وانییە ئەسڵەن بیەوێ بوەستێ، داهاتووی هەیە. ئێستاش بەردەوامیم بەو پرۆسەیە داوە. ئێستا کۆمەڵێ فیگۆرم هەیە کە حەرەکەتێکی ترم بۆ داڕشتوون، لەنێو بەش و پاژەکانیدا دەسەڵاتێکی نوێترم بۆ داڕشتوون لەگەڵ فەزای باکگراوند و لەگەڵ فەزای خۆی.
بێدەرەتان
ئێستا کە لە مەجمووعەی بێدەرەتاندا خەریکی خاوێن کردنەوە و پاککردنەوە، بە جۆرێ کە هەندێ شت لابردن و هێنانی هەندێکی تازەتر بەو شێوەیەی کە خۆی داوای دەکات، شتێ کە ئەم جیهانە نوێیە دەیەوێ. بەو فاکتۆرانەی پێشتر باسم کرد خواستی من گەیشتن بە جیهانبینییەکی هونەری ئەوتۆ بوو کە وەختێ چاوم بە هەر شتێ دەکەوێ و پێموایە ئەو شتە بێتە سەر (بووم-کانڤاس)، بە تەواوی لە هەموو ئەجزاکانییەوە بەسەریدا زاڵ بم، بۆ نموونە ئەو شتە ماڵێک بێت، حەیوان بێت یان هەر شتانێکی تر. چوونکە لەم قۆناغە تازەیەدا دەمەوێ لەگەڵ شکڵ و فۆرم و جووڵەکانی فیگۆر، هەندێ نزیکایەتی و دۆستایەتی دروست بکەم. ئیتر لەگەڵ حەیوان بێت یان شتانێکی تر بێت کە لەگەڵ فیگۆردا دەچنە نێو خانەیەکی بنەماڵەییەوە، هاوماڵی.
ئەم مەجمووعەیە ڕەوانە، لە هاتووچۆ و بزاوتی بەردەوامدایە، بۆ هەر شوێنێ بڕۆم لەگەڵ خۆم دەیبەم، ئەم ژووری خەوە دەبەم. جیا لەمەش پوتانسیەلی زیندووبوونەم پێداوە، هەردەم دەکرێ کاری لەسەر بکرێ.
مەبەستم لەو بزاوان و جووڵەیە چییە؟ ئەم مەجمووعەیە لە پارساڵەوە لە مێشکما بوو، بەهار عەمەلی کرا، بە کۆمەڵێ درەخت دەستم پێکرد، هەموو بەیانییەک بەر لە خۆرهەڵاتن درەختێکم دەکێشا. ئینجا لە پایز و زستانیشی پێ زیاد دەکەم . ئەمە ئەو حاڵەتی جووڵە و تەکانخواردەیە کە باسی دەکەم. بڕیاری تازە ئەمەیە کە هەر چوار دەوری ئەم ژوورە پرە لە کار و وردە وردە وای لێدێ کە سەقف و ڕووبەری ژوورەکەش پڕەوە ببێ. هەروەها ئەو کارانەی لەسەر عەرزن یان لەسەر دیواریشن دیسان دەکرێ تەکان بخۆن لەسەر بنەمای زەرورەتێک کە خۆم پێم وایە دەبێ ببێ. بۆ نموونە (ئەمە ژووری خەوە و ناوی بە خۆیەوەیەتی) بۆ هەر شەوێک لە شوێنێک بخەوم، کارەکان دەجووڵینم. بۆ دەڵێم دەبێ بگۆڕێن و دەجووڵێن، کۆی فەزاکە و جۆری چنینەکانی ڕیتمێکە، بوونێکی هەماهەنگن. شوێنەکانیان دەگۆڕدرێن لە شوێنێکەوە دێت بۆ شوێنکی تر، لەسەر بنەمای ئەو هەماهەنگییە کە پێویستە بەرهەمێک هەیبێت.
دەتونم بڵێم خۆیشم یەکێکم لەوان، کاتێ خۆیشم لەوێم. خۆم پڕی دەکەمەوە، بوونی خۆم وەک خەوتن و وەک لەوێ بوون.
ئێستا من یەک دنیا ڕەگەز و توخم و شکڵ فۆرمم لەبەر دەستە بێ گوێدانە ئەوەی کە چین، ئەمەش جۆرە مەشقێکە بۆ بەدەستهێنانی ئەو نەزمە دەروونییە، ئەو بوونە چواچێوەمەندە بەهێزە. ئەوانە لەسەر بنەمای زەرورەتی جوانیناسی لەپاڵ یەکدا بە شێوەیەکی ڕیتمیک ڕیکیان دەخەم، ئەمە هەردەم ئەزموونە، قەتیس نەبوونە. یەکێ لە جیاوازییەکانی ئەم مەجمووعەیە (لەگەڵ ئەوەی کە سوورم لەسەر ئەوەی وەک مەجمووعەیەک پێناسەی بکەم، جیاوازییەکی نەبێ لەگەڵ ئەوانی تر) بەڵام ئەمیان وەک ئەوانی تر ناکرێ بچنە دەرەوە و نمایش بدرێن، ئەم ئەو پوتانسیەلەی نییە. ئەمیش جیهانی خۆی هەیە، بەلاشمەوە گرنگ نییە کە ئەو ڕێگە و ڕێرەوە بگوزەرێنێ بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت کە ئەمە بەرهەمێکی هونەرییە، یانی نمایش بدرێت کەسانێک بێن بیبینن و ڕەخنەی لێ بگرن و بنووسن و ڕابدەن لەسەری، بۆ ئەوەی خەڵکی باوەڕ بکەن کە ئەمە ئەسرێکی هونەرییە. با جارێک ئەو ڕێرەوە نەڕوات و بە گوێرەی پوتانسیەلەکانی بە ڕێڕەویکدا بڕوات کە هی خۆیەتی.
با بوعدێکی تریشی باس بکەم، لەو حاڵەتەی کە هەموو وەخت و تەمەرکوزت لەسەر مەجموعەیەکە بە مانگان و ڕۆژان. ڕەنگە وەخت و زەمانێک بێتە پێشەوە کە بە ویستی خۆت یان بێ ویستی خۆت لێی دوور کەویتەوە، من ئەوەم دانابوو بۆ ئەم تاییمە. هەر لەسەرەتاوە وەها کەڵکەڵەیەکم هەبوو، جاروبار هەستم بە هەندێ ئەزیەت بوون دەکرد. ئەمە یەکێ لە پێویستییەکانی ئەم شوێنە بوو. بە تایبەت بۆ کەسێک بە ماوەیەیکی درێژ تەنیا دەمێنێتەوە. مەبەستم تەنیامانەوە شتێکی داسەپاو نییە، هەڵبەت کارکردن هەر بە تەنیایی دەکرێ. رەنگە هەندێ کێشە و ئەستەمی بێنە رێیت، بۆیە تەنیایی هەڵدەبژێری کە خەریکی کار بیت. ئەگەر کار نەکەی ڕەنگە زیاتر ئەزیەت ببی و خۆشت تەحمول نەکەی. وەک خۆم ناچار بووم ئەو تەنیاییە هەڵبژێرم و دەرفەتێک بدەم بە خۆم کە سەرقاڵی ئەو بیرکردنەوە و ئەو کارانە بم کە کەڵکەڵەی سەرەکی منن. ڕەنگە ئەمە کێشە و دەردەسەری خۆیشی ببێ، بە باشترم زانی بەم شێوەیە چارەی بکەم. ئەمەش بەشێکیەتی، دیسان من هەر پێم هونەر و بەرهەمە بە هەموو ڕەگەز و ئێلێمانتانەی کە بەرهەمێک دەکات بە هونەر و بەرهەم.
شتیکی تریش پێوەندی بە مەسەلەی زاڵ بوونەوە هەیە، زاڵبوون بەسەر زەمانی ڕۆژانەت و ژیانت و هەموو ئەو مەسەلانەی کە پێوەندی بە خۆتەوە هەیە، بە جۆرێک وەستانە لەبەرانبەر جەبرێک، ئیتر بە هەر ڕیگەیەک یان شتێک بێت. جا بۆ ئەم مەبەستە ڕوو دەکەیتە مەعریفە و لۆژیکێکی شەخسی، بە جۆرێکی تر بەها و مانا دەدەیتەوە بە شتەکان، بەو جۆرەی کە لای تۆ ڕاستەقینەترە، نەک بەو جۆرەی داسەپاوە بەسەر مرۆڤدا.
هەم دەزانم چی دەکەم هەم نازانم چی دەکەم، ئەمە یەکێ لە خەسڵەتی منە.
لەنێوان مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزمدا
لەنێو شێوەکاری پۆست مۆدێڕندا (لەگەڵئەوەی کە هەندێ شتی هاوبەشم هەیە لەگەڵ پۆست مۆدێڕنیستەکان بەڵام من خۆم بە شێوەکارێکی پۆست مودێرن دانانێم، زۆریش کێشەم هەیە لەگەڵیاندا) پۆست مودێرنیستەکان دێن لە مانا و ناوەڕۆکەوە دەست پێدەکەن بە پێچەوانەی مۆدێڕنیستەکان، هۆنەرمەندی مۆدێرن سەرەتا دێت لە هیچەوە دەست پێدەکات، یانی لە تابلۆیەکی سپییەوە دەگەڕێ دەگەڕێ تا لە فۆرمەوە ئەگات بە مانا، بەڵام کاری پۆست مۆدێرنەکان لە ماناوە بەرەو فۆرمە، بۆیە من پێشتر دەزانم چی دەکەم کۆمەڵێ تەرحم هەیە و بۆ هەر کارێکیش کۆمەڵێ تەرح لیدەدەم، یانی گەر پانزە کار بێت دیارە زۆرم تەرح بۆ لێداوە، یان جاری وایە یەک کارم دوو سێ جار کردووە، پێش ئەوەی بێمە سەر تابلۆ دەزانم چیم دەوێ، زۆرجاریش لە کاتی کارکردندا شتێکم دەستکەوتووە کە زۆر لەو شتەی کە خۆم لە بیرمدا بووە دەستکەوتێکی زۆرتری هەبووە. زۆرجار ئەوەم بۆ پێشهاتووە، بۆیە دەکرێ بڵێم هەم دەزانم چی دەکەم هەم نازانم چی دەکەم، ئەمە یەکێ لە خەسڵەتی منە.
کاتێ دەڵێم دەزانم چی دەکەم مەبەستم لە تەرحەکانە، لەچوارچێوەکەیە کە مومکینە دواییش تێک بچێ، ئەوەش کە دەڵێم نازانم بۆ چی وای لێدێت مانای ئەوە نییە کە لەگەڵیدا سازگار نیم. مەبەستم ئەوەیە کە لەگەڵ ئەو غەریزانەدا هەماهەنگم. زۆرتر ئەجزاکانە کە ڕەنگە وەلابنرێن و شتی تری پێ زیاد بکرێ.
پۆست مودێرنەکان دێن بەیانییە دەنووسن و لەسەر ئەو شتە قسە دەکەن کە بۆچی ئەو کارە دەکەن. کێشەم هەیە لەگەڵ ئەو کارانەی کە کراوە، دەبێ بڵێم جیاوازییەک لە بەینی خۆم و ئەوانەدا دەبینم. لە زۆربەی ئەو کارە پۆست مۆدێرنانەی بینیومن، جۆرێک بوونی ساختەییەکی ئەنقەستانەیە، یانی بە ئەنقەست مەسنووعیان کردووەتەوە، من ناتوانم بەو جۆرە کار بکەم ئەسڵەن یەکی لە پێکهێنەرەکانی کاری من ئەوەیە، ئەو ڕەگە هەستەوەریانەیە و تەنانەت دەتوانم بڵیم جادوویی و مەستانە. ئەمە یەکێ لەو جیاوازیانەیە کە هەرگیز ناتوانم لەگەڵی بگونجێنم، تەنانەت لە تارانیش کە زۆرینەی بەدەست پۆست مۆدێرنیستەکانە، دێن قسەیەک دەکەن و پاشان دێن کۆمەڵێ کار دەکەن بە ئامراز و شیوەی جیاواز لەسەر بوومدا یان لەسەر جەستەی خۆیاندا یان بە ڤیدیۆ یان هەر شتێ کە لەگەڵ ماناکەیاندا هەماهەنگە دەیکەن، ئەم ستایلی خۆیانە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ کەسم بینیوە فاکت و مانیفێست لەپاڵ یەکدا ڕیز دەکات بۆ نموونە یەکێکیان تەنزە یەکێکیان نەبوونی ستراکتۆرە، یەکێکیان تەسەنووعە و ئەم شتانە لەسەر بووم بەکار دەهێنێ، ئەمە بەلای منەوە هەمان سفارشی کارکردن نەبێ هیچی تر نییە.
وەکوو ستایلی کارکردن بۆ خۆم هەڵمبژاردووە، وەکوو ڕووتبوونەوەیەکی بێ ئەملاوئەولا، وەکوو دەرخستن و ئاشکراکردنی لایەنەکان لە بوونی خۆم.
مۆدێرنیزم کە خۆی بەردەوام تازەبوونەوەی وای لێکرد کاری گەیشت بە مینیمالیزمێکی زیادەڕوانە، مینیمالیزم لەناو پەیکەرتاشی و شێوەکاری و… جێی هەموو شتێکی گرتەوە و ئینجا پۆست مۆدێرنیزم هەر لەسەر ئەساسی ئەو تازە بوونەوەیە هات کۆمەڵی ڕەهەندی تری بۆ کاری هونەر داڕشت. لەگەڵئەوەشدا کە ئەو دەورە مێژووییە وەک شێوەکاری مۆدێرن تەواو بووە، بەڵام ناتوانین مۆدێرنیزم وەک بازنەیەکی زەمانی، مێژوویی لەبەرچاو بگرین، کە کەی لەدایک بووە و کەی تەواو بووە. ڕەوت و ڕێرەوەکەی لەبیر و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان لەبیر بکەین. ناکرێ بە تیۆری تەماشای بکەین و بڵێین تەواو بووە، بۆ نموونەی ئەوەی من زۆر جەختی لەسەر دەکەمەوە بەردەوام دەوڵەمەند کردنەوە و کارکردن لەسەر هەستەکان و ئەو شتەی زۆر پێداگری لەسەر دەکەم، مەگەر بۆ نموونە کارکردن لەسەر ئەو جۆرە هەستەکان تەنیا دەکرێ بڵێین ئەم هەستانە شتێ بووە بۆ سەردەمانێک بۆ دەوارانێک کە شەست هەفتا ساڵێک لەمەوەبەر جەماعەتێک بە ناوی هونەرمەندی مۆدێرن ئەوە لە وجودیاندا بووە، بۆ مەگەر هەر ئەوان ئیحساسیان هەبووە و کاری پێبکەن. ئێ منیش وەک پێشتریش وتم یەکێ لە توخمە سەرکییەکانی کاری من ئەو ڕەگە جادوویی و هەستەوەریانەیە، دواجار نواندنێکی مۆدێرن بە کارەکەی من دەدات، یانی وەک کارێکی مۆدیرن دەردەکەوێ. وەک وتم سوورم لەسەر ئەمە.
تراژیدیای شەهوەت
لێرە دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی پێشتر باسم کرد کە وەکوو ستایلی کارکردن بۆ خۆم هەڵمبژاردووە، وەکوو ڕووتبوونەوەیەکی بێ ئەملاوئەولا، وەکوو دەرخستن و ئاشکراکردنی لایەنەکان لە بوونی خۆم. دیارە ئەم بەشە تراژیکەش کە دەردەکەوێ یان با بڵێین بەو جۆرە کە خۆی لەسەر پانتایی کانڤاسەکە پیشان ئەدات. دەتوانم بڵێم تەنیا بەم شێوەیە دەتوانم ڕازی و قایل بم و سووکناییم بشکێ. شێوازی کارکردنی تریشم تاقی کردوەتەوە، تەنانەت لەسەر فیگۆر و چوونە نێو سروست و کەژ و کێو، یان نیشاندانی فەزا و کەشێکی شادیبەخشیشم ئەزموون کردووە، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە تەنیا بەم جۆرەیە کە دەتوانم رازی بم لە خۆم و لە بەرهەمەکە. ئاماژە بەوەش بکەم کە چەندین جار لەلایەن بەردەنگەکانەوە ئاماژەی پێکراوە، ئاگادارکراومەتەوە، ڕەخنەی لێگیراوە، یان بیستوومەتەوە کە وتراوە ئەمە بانگەوازێکی مەنفییە بۆ ژیان. بەڵام من لەمەدا جۆرێک لە داوەریکردنێکی ئەخلاقی دەبینم کە زۆر نابابەتیی و نەشیاوە. خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرهەمێکی هونەریدا دەبێ ئەو پیوەرە پۆزەتیڤ و نیگەتیڤە وەلا بنرێ. دەبێ کەمێ سەرتر بڕۆی و جوانی و تێروتەسەل بوون و پڕچیژبوون و کەیفووربوونی بەرهەمەکە پێوەر بێت.
ئەگەر خۆم بتوانم جیاوازییەک بڵێم لەگەڵ ئەم جۆرە کارە لەگەڵ بەرهەمەکانی تر کە لەم شێوە نیین، یەکێ لە ڕەهەندەکانی جۆرە وزە بەخشینێکی ترە بۆ خۆم.
ئێستا گەر بێم گەڵایەک یان درەختێک هەڵبژێرم و بیهێنمە نێوە کارێکەوە، پێموایە بەو شێوەیە تاریکە و بەو ڕەگەزە تراژیدییە بێتە سەر کانڤاسەکە.
من کاری فیگۆراتیڤ دەکەم، بۆ فیگۆرەکە مەوقعیەتێک هەڵدەبژێرم، یان ژیستێکی پێدەدەم، وەک پێشتریش وتم بۆ مەجموعەی هار جووڵەیەکم بۆ داڕشت، جووڵەیەک لەسەر بنەمای ئەو ژێستەی کە خۆم پێم باشترین جووڵەیەک بوو کە بە زەینی مندا هات و هات بە دەستمەوە، بەکارم برد. بۆچی و چۆن ئاوا گرمۆڵە دەبن و بە جۆرێک مڵۆچە دەبن، یان چ جۆرە پالنەرێکیان لە پشتە. بەشێکی زۆری شەهوەتە، کاری من شەهوەتە. بەڵام نەوەکوو کارێکی فیگۆراڵی ئاسایی، یان کارێکی پڕنۆگرافی، بە هیچ شێوەیەک لەو شتانە نییە. لەم گرمۆڵەکردن و پێچەوانەکردنی فیگۆرەکان و وەلانانی کۆمەڵێ شت لە خودی فیگۆرەکە و داڕشتنی دەسەڵاتێکی تایبەت بۆ خودی فیگۆرەکان، کە زۆرتر ڕەنگ و بۆی تراژیک بە خۆیەوە دەگرێ (هەرچەندە من یەکەم کەس نیم کە ئەو کارە دەکەم)، بەڵام من هەوڵم داوە بە شێوەی خۆم ئەوە بکەم.
من هیچ حەزم بە کاری ئیگزاژێرێ (زیادەڕەوی و گەورەکردنەوە)نییە، بۆ نموونە سەڕبڕان و خوێن ڕژان و ئەوانە، من ئەو کارانە ناکەم. هەروەها لەگەڵ تەغەزولی (شەیدایی) کردنی دارک و موسیبەتەکاندا نیم. بەڵکوو لەگەڵ جۆرە هەستیارییەکی فیگۆرەکاندام.
بەرهەم و بەرپرسیارییەتی
“هونەر ناتوانێ سیاسی نەبێت”
هەموو ئەو مەسەلە و رووداوانەی بەسەر کورددا هاتووە و بووەنەتە شوناسی، منیش وەک تاکیک لەمسم کردوون و لەگەڵیان ژیاوم، هەم وەک شوێن کە تیای لەدایک بووم و تیای دەژیم، هەم لەگەڵ خەڵکەکەی کە لەناویاندا و لەگەڵیاندا گەورە بووم. شێوەکاری وەک گۆڕەپانێک وایە، وەکوو ژوورێک وایە، با لێرە نموونەیەکی بهێنمەوە جارێک تماشای فیلمی ستالکێریی تارکۆڤسکیم دەکرد، بەدوای ژوورێک دەگەڕان بە هۆی ئەو ستالکێرەوە، کە ڕێنوێنیکەریان بوو، دەگەنە بەردەم دەرگەی ژوورەکە ئینجا بە نووسەرەکە دەڵێ ئێستا بڕۆرە ژوورەوە، با ئاوات و ئارەزوو و خواستەکانت و ئەوەی لەناو دەروونتایە ڕاستی بێتەڕوو، نووسەرەکە دەڵێ من بە گومانم و دەترسم کارەساتێک ڕووبدا. ئەو فیلمەم کە بینی بیری شێوەکاری کەوتمەوە هەستم کرد شێوەکاری بۆ من وەک ئەو ژوورەیە، کاتێ دەڕۆیتە ژوورەوە ئیتر قووڵترین و غەریزیترین و هەموو ویست و مەیلەکان و هەموو ترسەکان و خواستەکان بەیەکەوە وەک بڵێی لێرەدا دەرفەت و مەجالی دەرکەوتنییان و ئاشکرابوونیان هەیە، من ئاوا بۆی دەچم، باوەڕێکی پتەوم هەیە بەوەیە لەگەڵ ئەوەشدا هونەر درۆیەکە لە ژیاندا، بەڵام کاری هونەر دەبێ بەتەواوی ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینانە بێ لەهەمبەر خواستەکان و ئەمیالەکان و غەریزەکانی خودی کەسی هونەرمەند.
ئەوەشی ئەگەر باسی بەرپرسیاریەتی بێت بەرانبەر بارودۆخی کورد یان هەر شتێکی تر، ئەلبێر کامۆ وتەیەکی هەیە سەبارەت بە بەرپرسیاریەتی نووسەر و هونەرمەندان دەڵێ “من پێموایە نووسەرەکان لە ژیانی ئاساییاندا بەرپرسیاریەتییان زۆرتر بێت و داوای هەڵوێستیان لێ بکەری، بەڵام لەکارە هونەرییەکانیاندا ئازاد بن. واشی لێهاتووە گەر شاعیرێک شیعرێک بەسەر بەهاردا بهۆنێتەوە پێیان وایە کە ئەوە نەوکەری سەرمایەدارییە.”
ناکرێ ئێمە ئەخلاقی لە شتەکان بڕوانین و بڵیین مادەم کابرا لەسەر بۆ نموونە کارەساتەکانی کۆڵبەران کارێکی هونەری نەکردووە، کەواتە ئەمە چی و چی نییە، ئەمە زۆر مەترسیدارە. بە زۆر شێوەی دیکە دەکرێ کار بکرێ لەسەری، ئینجا لەمەدا بەهیچ شێوەیەک نامەوێ بڵیم نابێ کاری لەسەر بکرێ، بەهیچ شێوەیەک مەبەستم ئەوە نییە. بەس باسی جۆرە هەڵەتێگەیشتنێک دەکەم کە بە ئاشکرا دەیبینم. هونەر و سیاسەت و پێوەندی ئەم دوانە، سیاسییە دەسەڵاتدارەکان گەوجاندن و کۆیلەکردنی خەڵکەکەیان دەوێت، بەڵام لێرەدا هونەر ئازادی دەخوڵقێنێ و ئەوان ناتوان ئاراستەی بکەن. ئێستا لە دنیای ئەمرۆی چەواشەکارییەکان و لە میدیا و تەلەفزیۆن و هتد کە لە هەموو لایەکەوە دەوری ئینسانی داوە و خواستی بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکانە، هونەر ڕێی ڕاستەقینەی خۆی بڕوات هەم بەرنگارییە هەم سەرهەڵدانە. من ئامادەم لە ژیانی واقیعیدا گەر مەسەلەیەکی ویژدانی هەیە حەتمەن لە بەرەی هەق و راستیدام، بەڵام بە مافی خۆم دەزانم کە ناچار نەکرێم ئەمە ببەمە نێو هونەرەکەمەوە.
لێرە دەبێ ئامرازیش لەبەرچاو بگرین، سینەماکارێک لەڕێگەی سینەماوە کۆمەڵێک شت بەیان دەکات، ڕاستە لە شێوەکاریشدا ئێمە کەسێکی وەک پیکاسۆمان هەیە کە قۆناغی زۆری بڕی، یەکێ لەو قۆناغانە سوور بوو لەسەر هەندێ هەڵوێستگرتنی سەخت بەرانبەر هەندێ دیکتاتۆر. بەڵام من پێموایە ئەمە بە تەنیا کافی نییە. کاتێ دێینە نێو ئەم بازنەیەوە کۆمەڵێ ڕەفتاری پۆپۆلیستی دەبینین، هەندێ سواری شەپۆلەکان دەبن. هونەرمەند دەبێ ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆیدا، بەڵام ئەمە بەلاڕیدابردنێکی ترسناکە.
بۆ جۆرێکی تر لێی نەڕوانین بۆ سەیرێکی ئەو کارانەی خۆم کردوومن، نەکەین. بۆ نموونە مەجمووعەی ژێر کە قوورساییەکی زۆری لەسەرم بوو، نەشمویستایە نەمدەتوانی ڕەچاوی نەکەم، کاتێ دەڵێم ڕاستگۆیی مەبەستم ئەمەیە نەمدەتوانی خۆمی لێ دەرباز بکەم ئیتر بەم ستایل و فۆرمە بەرهەم هات. بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە سەختگیریانەدا نیم، ئەسڵەن ناتوانم مەرج و شتانیکی وا قبووڵ بکەم، دەگەڕێمەوە سەر وتەکەی کامۆ ئێمە دەکرێ چاوەڕوانی بەرپرسیاریەتی و هەڵوێستمان لە خودی کەسەکان ببێ، کە دەوروبەری و خەڵکەکە و خۆی دووچاری قەیرانێک بووە، لێرە بەرپرسی وەک خۆت، بەڵام ئەوەیکە حەتمەن بێی لەسەر ئەم دۆخ و قەیرانانەدا کاری هونەری بکەی یان هونەرەکەت لە خزمەت ئەوانەدا بێت ئەوە ئیتر حوکم و مەرجێکی بێ مانایە و من قبووڵم نییە. ئێستا لە ئێرانیشدا ئەو ڕوانینە زۆر زاڵە، من ئەمەم قبوڵ نییە و هەستیش ناکەم هیچ جۆرە تاوانێک یان خۆدزینەوە و ئیهمالییەک بێت. بە پوختی من دژی ئەو بۆچوونە زۆردارانەیەم، باشترە ئەو مەجالە ئەو ئازادییە بدەین بە خۆمان و بەوانی تریش، با ئەو جوانییە وەک خۆی گەشە بکات، مەسەلەکە دەوڵەمەند بوون و گەشە و بواژانەوەی سەلیقەکانە، ئەمەش لای من یەکێ لە ئەولەویتە ڕەسەنەکانە. بەڵام ئەوانی تر کە بۆ هونەر ئەم بەرپرسیارییەتییەیان قبووڵە، کێشەم نییە، بەڵام بۆ هونەری نەکەنە مەرج، ئەمە ترسناکە. چونکە بە راستی بەس بەم مەرج و ڕوانگەیەوە کەس نابیتە هونەرمەند.
بەڵام لە دەرەوەی ئەم شەرت و مەرجەدا بڵیم، بێ هیچ گومانێک هونەر ناتوانێ سیاسی نەبێت، دەوڵەت، دەسەڵات و دامودەزگاکانی و میدیا و ڕاگەیاندنەکانی مەحکومیەتێک و داسەپاندنێک هەیە ئەسڵەن مەگەر هونەر دەتوانێ خۆی دەرباز بکات. دیارە یان دەبێتە پروپاگەندە بۆ ئەو فۆرماسیۆنە زاڵە و بارودۆخە داسەپاوەکە دەکات و یان لەگەلی نییە، ئیتر ئەم فۆرماسیۆنە زاڵە هەوڵی لەناو بردنی دەدات، تەنانەت ئەم کاری بە سیاسەتیش نەبێ، هەر لێیناگەڕێن، وردە وردە لە فیکر و بەرچاوی مرۆڤەکان مەحوی دەکاتەوە. هەمیشە هونەر بە تەواوی پێچەوانەی بارودۆخەکانە.
ئەم فۆرماسیۆنە زاڵە هەمیشە مەیمونی دەوێ و خەریکی بێبەها کردنی شتەکانە، ئەمانە هەمووی نالەبار و زۆر خراپن. هێندە زەلکاوە گەر شتێکی باش و جوانیش بکرێ لەنێو خۆیدا ونی دەکات. بە کورتی هونەر دەبێ خۆی بێت بە هەموو پێوەرە جوانیناسییەکانی و کارێکە بۆ بوژانەوە و زیندووکردنەوە. هەر کەسێک بیەوێ کاری هونەری بکات و کارێکی نوێ بکات بۆ یەکەم جار ئەو ژەنگە لە خۆی نەکاتەوە کە بە هەزار شێوە بەسەریدا سەپێنراوە و بێ دوودڵی و هیچ گومانێک نەفرەت لەو زبڵدانە لەو هەموو ئیبتزالە نەکات، هەنگاوی یەکەمی بۆ داهێنەر بوون هەڵنەگرتووە. ئەمە هەر باسی هەنگاوەکە، ئینجا نەوەستان و دانەبڕان. هونەر سیاسی دەبێتەوە کاتێ تۆ ناتەوێ ئەو کڵێشانە و ئەو قۆڕیاتانە نەکەی و ساز نەبی لەگەڵیاندا. بۆیە دەبێ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە لە خۆتا بکەی، ئەمەش خۆی لە زاتی خۆیدا سیاسییە. هونەرمەند نابێ لەگەڵ بارودۆخی زاڵدا بێت.
هونەرمەندبوون ستایل و شێوازێکی ژیانکردنە، بەو جۆرەی کە لەسەرەتاوە هەموو تەمرکوز و سەرنج و فیکر و خەیاڵی لای دەربڕینی ئەو شتانە، ئیتر هەموو ژیانی تێکەڵی ئەوە دەبێ، زۆرتر بەرەو ئەو شتانەی کە سەرنجی دەبەن، دەڕوا. ئەمەش جۆرە سەوداییەکە تا ئاستێک کە هونەرمەند جاری وایە تەنانەت ژیانی و خۆی بیر دەچێتەوە.
بەردەنگ هونەرمەندە
بەردەنگ یان بینەر ئەو کەسەیە کە بە باشی و جوانی ئاگاداری بەها و گرنگی جوانیناسی هونەرە.
ئینسان کاتێ دێتە نێو پانتایی جوانییەوە، دەرگیری هەستکردن بە خۆی دەبێت. یان با بڵێم خۆی ئیحساس دەکات. کاتێ ئینسان لەناو ئەم قەڵەمڕەوەدایە، لەناو ئەو ڕەهەندە لە ژیاندایە یانی لەناو جۆرێک لە سەرخۆشی و ئیحساسی هەستەوەرانەدایە. لەو ساتەوەختەدا بەردەنگ دەبێتە هونەرمەند.
بینەر و بەردەنگی بەرهەمەکانی من، لەڕاستیدا ڕەنگە ئەسڵەن ڕا و هەستی خۆی دەرنەبڕێت یان نەشڵێت کە کاری تۆم دەیوە، بەڵام ڕەنگە لە بەرکەوتنی لەگەڵ تابلۆیەکدا ئەو فیعل و ئینفعالە لە ناویدا ڕوویدابێت. یان دەکرێ لەگەڵ بەرهەمەکەی مندا نەسازابێ و نەیتوانی بێت پێوەندی لەگەڵ ببەستێ.
بەگشتی بەردەنگ دەتوانێ هێز و وزەیەکی وەرگرتبێت، ئەم هێزەش ژیان بەخشە، بۆیە دەڵێم بینەر یان بەردەنگ هونەرمەندە. ئەمەش بەهادانە هەم بە بەرهەم هەم بە بەردەنگ هەم بە هونەرمەند. بۆیە پێموانییە بەردەنگ کەسێک بێت لەو خوارەوە و هونەرمەند لەو سەرەوە. مەبەستم ئەوە بە بێواستەترین شێوە بتوانێ پێوەندی لەگەل ئەو بەرهەمە ببەستێ.
خاڵێک لەمەدا گرنگە ئەوەیە کە ئیتر بەم شیوەیە بێمانایە بەردەنگ بڵێ من ئەو چاوەڕوانییەم هەیە لە هونەرمەند. دیاردەیەکی مەترسیدار هەیە ئەویش ئەوەیە دەڵین بزانین بەردەنگ چی دەوێ. یانی بەرهەم بۆ خواستی بەردەنگەکانە، ئەم کەی مەعریفەیە، ئەمە ترسناکە.
بەردەنگێکمان هەیە کە ڕەخنەگرە، ڕەخنەگریش لەناو بازنەی بەردەنگ بووندایە، بەڵام کاری ئەو وردتر بینین و هەڵسەنگاندنی ئەو بەهایانەیە کە لەنیو بەرهەمەکەدا خراوەتەروو، خوێندنەوە و تەحلیلیان بۆ دەکات، مەبەستیشی خودی بەرهەمە. هەڵبەت یان بە ڕەگەزێکی بەرهەمە دەگەشێنەوە و وەک ماهیەتی بەرهەمەکەی دەناسێنن یان ئەو بەشەی لە بەرهەمەکەدا سەرکەوتوو نەبووە و ڕەخنەی دەکەن. بۆ من هەر دوو لایەنەکەم بۆ گرنگە و ئەمەش ڕەنگە ببیتە هۆی گوتارێکی هونەری و ڕێکەرەوە بێت.
دیارە لەسەردەمی پۆست مۆدێرندا گۆڕا، بۆیە جێی خۆیەتی ئەمەش بڵێم کە من هێشتا نەمتوانیوە ئەو شەهوەتە سەیر و سەمەرەیەی بەشێکی زۆری پۆست مۆدێرن درک بکەم بۆ نزیک بوونەوەی هەرچی زۆرتری جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵکە لە بەرهەمی هونەری. کەسێک بە سەعات لە بەرهەمێکی هونەری ڕادەمێنێ، کەسێکیش بە ئاسانی لە پەنایدا ڕەت دەبێ. یەكێک بەرهەم بەلایەوە پرس و مەسەلەیە، یەکێکیش نییە. بەو جۆرەی لێیان تێگەیشتم وەک خۆیان دەڵێن ئەو مەودا و دابڕانەی کەوتووتە نێوان هونەرمەند و کۆمەڵانی خەڵک نەهێڵن، ئەمەش ڕوانگەیەکی سوسیالیستی کۆمەڵناسانەیە. بەڵام نەک هەر کۆمەڵانی خەڵک زەوق و سەلیقە و پێوەری جوانیناسانەیان نەهاتە سەرەوە، بەڵکوو ئەو خەڵکە زیاتر کشانەوە لەم هونەرە(هونەری پۆست مۆدێرن)بەنیسبەت هونەری مۆدێرنەوە. دەتوانم بڵێم کە نەک ئەوان نەهاتنە سەرەوە، بەڵکوو ئەمان هونەرەکەی خۆیان هێنایە خوارەوە.
بۆیە هەر پێداچوونەوەیەک لەبارەی بەردەنگ و هونەردا هەبووە، تەنیا لەسەر کاغەز مایەوە و لە واقیعدا ڕووی نەدا.