سەردەمی ماسى و پشیلەکان

وەرگێڕان و ئا: شۆڕش غەفوورى
پۆستەری فیلمی “ماسی و پشیلە” نووسین و دەرهێنانی شەهرام موکری ٢٠١٣

ئەمە نووسینێکی «محەمەد مەهدى ئەردەبیلی»یە، کە هەڵدانەوەى سەرقەپاغى پەیوەندییەکانى نێوان فیلمى «ماسی و پشیلە» و چەمک و واتاى «زمەن»ە لەسەر بنەما فەلسەفییەکەى، تا نیوەی باسەکە لێکدانەوەىەک لەمەڕ واتاى زەمەن بەدەستەوە دەدات و دواتر هەوڵى دۆزینەوەى وەڵامى ئەم پرسیارە دەدات: «ئەرێ گەلۆ بەڕاست، ماسى و پشیلە چ دەڵێت؟!»

 فیلمى «ماسى و پشیلە» لە نووسین و دەرهێنانى دەرهێنەرى کورد «شەهرام موکری»یە کە بەرهەمى ساڵی ٢٠١٣ە و زیاد لە دە خەڵاتی جیهانی وەرگرتووە.

لێکدانەوەى ڕاستەڕێی زەمەن

لێکدانەوەى باوى زەمەن هەر لە کۆنەوە بەسەر فیزیک زاڵ بووە و زەمەنى وەک «قەرەواش»ى شوێن هەژمار کردووە، یا ڕوونتر بێژین حەقیقەت شوێنە، بوون شوێنە و هەر شتێکیش شوێنمەند بێت، بەهرەیەکى لە شوێنەوەیە. جیاوازى حەقیقەت و خەیاڵ نەک لە زەمەن، بەڵکو لە شوێنە. هەر شتێک شوێن داگیر بکات، بوونى هەیە. جەوهەرى دونیا، «ماددە»یە و دیکارت حەقیقەتى ماددەش بە «بەردەوامییەت» لەقەڵەم دەدات. واتە بەردەوامیەتى شوێنى، بەڵام زەمەن هیچ نییە جگە لە حیکایەتى ڕاستەڕێی شوێن.

زەمەن، گێڕەرەوەى بزاوتى توخمى شوێنمەندە و دواجار ئەو شتەى کە حەقیقەتە، شوێنە. ئەرەستۆ لە قسەکردنى لەسەر فیزیک، هەوڵ دەدات پەیوەندى دروستى نێوان جووڵە و زەمەن لێک جیا بکاتەوە. «زەمەن خودى جووڵە نییە، بەڵکو بریتییە لە جووڵەیەک کە شیاوى هەژمارکردنە»، بەڵام سەرنج لەوەدایە ئەرەستۆ سەبارەت بە فەزای ڕیالیستیی زاڵ بەسەر ئەو سەردەمە، ڕەهاییانە زەمەن بە ئۆبژێکتیڤ شڕۆڤە ناکات، بەڵکو بەشێک لە قورساییەکە دەخاتە سەر شانى سوژە، بە کورتى و بە پووختى «ئەگەر ژمێرەرێک نەبێت، ئەوا ژمێردراوێکیش نابێت.. کەوایە ئەوەى هەیە زەمەن نییە، بەڵکو بابەتى جووڵەیە» و لێرەشدا ئەرەستۆ تەنیا حەقانیەتى ئۆبژێکتیڤى سەربەخۆ بە شوێنەوە گرێ دەدات و زەمەن بە بەشێک لەو دەزانێت. ئەم ڕوانگەیە بۆ چەندین سەدە لەسەر فیزیا و میتافیزیک (بان سروشت) حاکم بوون، تا ئەوەى بە گەشە و بەهێزبوونى مەسیحیەت و هێنانەگۆڕێی پرس و باسى ئەفڕاندن، واتاى زەمەنیش گۆڕانى بەسەردا هات.

 لە سەردەمىى مۆدێڕنەدا، هەرچەندە دیکارتیش تێڕوانینى کلاسیکیانەى ئەرەستۆی بۆ زەمەن خستە ژێر پرسیارەوە و وەک شوێنگەراکان (بەتایبەت مالبرانش) زەمەنى بە کۆمەڵەى پێکەوەنەبەستراو، بەڵام نێزیک لە ساتەکان دەزانێت کە تەنیا بە یارمەتى ئیرادەى ئیلاهى لە تەنیشت یەکترییەوە دانراون، بەڵام ئەوە سپێنۆنزا بوو کە لە ناخى ئاوەزگەرایی سەدەى حەڤدەیەم، بە شێوەیەکى نوێ لە دوالیزمى ئەفلاتوونییەوە گەڕایەوە. ئەو لەگەڵ دوو جۆرە زەمەنبەندی بوو:

یەکیان زەمەن لە پانتایی حاڵەتەکەدا کە لە ڕەگەزى بەردەوامیەتە.

 ئەوى تریان زەمەن لە پانتایی جەوهەر کە لە ڕەگەزى هەمیشەییدایە.

«هەمیشەیی، خودى وجوودە و لەم ڕووەوە وێنا کراوە کە وەک پێویست لە پێناسى ئامرازێکى هەمیشەییەوە سەرچاوە دەگرێت». ئیتر لێرەوە بوو کە مشتومڕ لە نێوان (لایبنیتس) و (نیوتن) دروست بوو. نیتس پێى وایە «بوونى ڕەهاى گریمانەکردنى زەمەن، شتێک نییە جگە لە خەیاڵپڵاو»، بەڵام بەلاى نیوتنیشەوە «زەمەنى ڕەها و حەقیقى و ماتماتیکیانە، خۆى لە خۆیدا، بێ هیچ ڕایەڵکە و پەیوەستبوونێک بە هیچ شتێکەوە، لە ڕەوتدایە و هەیە».

 لێرەدا (کانت) لایەنى نیوتن دەگرێت و بە جۆرێک لەگەڵ زەمەنى گشتیدایە و پاش ڕەخنەگرتن لە لایبنیتس و ڕوانگەى ڕیالیستى زەمەن، هەروەک پێشینانى خۆى،]ڕەهابوونى زەمەن[لە نیوتن و]زەینیبوون[ـەکەشى لە لایبنیتس بە میرات وەردەگرێت.

سەرەڕاى هەموو جیاوازییەکانى سەرەوە، ئەوەى کە لاى هەمووان و تەنانەت (ئاگۆستینۆس) هاوبەشە، ڕوانگەیەکى ڕاستەڕێیانەیە بۆ زەمەن و بنەماى ڕازیبوون بە شوێن. بە کورتى، حەقیقەت شوێنە و زەمەن چ نییە جگە لە گێڕانەوەیەکى ڕاستەڕێیانە لە شوێن. ئەم ڕوانگەیە سەرەتا لە ساڵى (١٨٠٧) و لە کتێبی “دیاردەناسیی ڕۆح”ی (هیگڵ) دەخرێتە ژێر پرسیارەوە و گەڵاڵەیەکى نوێ لە واتاى زەمەن دەدرێت بە دەستەوە کە دەکرێت بە پێشگۆیی گریمانەیانە لە زەمەن هەژمارى بکەین و نزیکەى سەدەیەک دواتر لە]فیزیکى کوانتۆم[ئاشکرا بوو.

زەمەن لە دیاردەناسىیی ڕۆح

هەر لە یەکەم بەشى کتێبەکەوە، زەمەن سەرنجى گەورەى دەخرێتە سەر و هیگڵ گەرەکیەتى فەردانیەتى شاراوەى پشت بانگەشەى (یەقینى هەستى]حسى[) بخاتە بەر نەشتەر و بە خەیاڵێکى پۆزەتیڤیستى نیشانى بدات، تا دەگاتە ئەنجامگیرى کە ئەگەر یەقینى هەستى بەهرەیەک بێت لە حەقیقەت، ئەو بەهرە کەمە نەک بە هۆى فەردانیەتە خەیاڵییەکەی، بەڵکو بە هۆى گشتییەتى مەڵاسدراوى پشتى ئەوەوەیە. ئیتر هیگڵ زەمەن بە گشتییەتەوە پەیوەست دەکات و وا پێدەچێت هێشتا لە فەزاى خوێندنەوەى ئەرەستۆیی بۆ زەمەن ماوەتەوە و لە بەشى کۆتایی هۆشیاریدا، خوێندنەوەى کلاسیکیانەی بە ڕاست زانیوە و لە گەرمەى باسەکەی ددانى ناوە بە هێزى بنیاتنانى زەمەن لەسەر شوێن لە پلەى ڕووکارى ئۆبژێکتیڤى وەڕاستگەڕانى زەمەن. «لە یاساى هێزدا، جووڵە بۆ زەمەن و شوێن و یا دوورى و خێرایی دابەش دەبێت،… بەڵام ئەم بەشە، واتە زەمەن و شوێن یا دوورى و خێرایی، وەک شتێکى یەکانگیر باسى ئەم سەرچاوەیە لە خۆیاندا ناکەن، ئەوانە گوێ نادەنە یەکترى، گومانى ئەوە هەیە کە شوێن دەتوانێت بێ زەمەن بێت (یان) زەمەن بێ شوێن، (یان) بەلانى کەمەوە دوورى بێ خێرایی». هەر چەندە هیگڵ دەکەوێتە شەنوکەوکردن و ڕەخنەگرتن لە ڕوانگەى نەریتیانەى زەمەن و شوێن، بەڵام هێشتا لە دونیا فیزیکى یۆنانیدا دەمێنێتەوە و تەنانەت بە ئاشکرا بانگەشەى ئەوە دەکات کە «زاتى سادەى زەمەن، لە یەکسانى لەگەڵ خۆى، خاوەن چوارچێوەیەکى جێگیرە لە زەمەن».

هیگڵ لە کتێبەکەیدا هەوڵى داوە پێشکەوتنى هۆشیارى بگێڕێتەوە، بەڵام نەک گێڕانەوەیەکى لەمەڕ بابەتى دانایی گشتى، بەڵکو گێڕانەوەیەکى دەرووندارى هەمیشەیی و لە دڵى خودى کاردا، بەڵام دیارە ئەگەر بە دواى تێگەیشتنى ڕوانگەى هیگڵەوە لە بابەتێکى تایبەتبین، دەبێت بچینە زگ بەشەکانى دیکەى کتێبەکە. لە دواهەمین بەشى دیاردەناسیی ڕۆحدا واتە بەشى (زانینی ڕەها) دەنووسێت: «زەمەن، خودى واتایەکە کە لەوێدایە و خۆى لە ئاست بینین و ئامادەیی بێگەرد یا بەتاڵ واتە زەمەنى هێشتا پووچەڵ نەبووەوە دەردەخات. لەم ڕووەوە، ڕۆح لە زەمەندا دەردەکەوێت و تەنیا ئەو دەمەش لە زەمەندا دەردەکەوێت کە واتا تەواوەکەى وەدەست نەخستووە، واتە زەمەنى (بە تەواوى) پووچەڵ نەکردووەتەوە… زەمەن وەک چارەنووس و زەروورەتى ڕۆحێک دەردەکەوێت کە هێشتا لە ناخى خۆیدا بە کەماڵ نەگەیشتووە». بەم شێوەیە تێدەگەین هیگڵ لە هەموو نەریتى فیزیکى ئەرەستۆیی ــ نیوتنى واوەتر چووە و شۆ ڕشی لە واتاى زەمەن خوڵقاندووە.

ئێستا دەگەینە دەرئەنجامى بوونناسانەى باسەکە. کەوایە هەموو شتێک زەمەنمەندە، جگە لە خودى زەمەن نەبێت. ئەم دەربڕینە، خێرا دەمانخاتە بیرى دەربڕینێکى دیکە: «هەموو شتێک بوونى هەیە، جگە لە خودى بوون نەبێت». (کۆژۆ) لە کتێبەکەیدا “پێشەکییەک لەسەر خوێندنەوەکەى هیگڵ” ئاماژە بەوە دەکات کە «ئیزن بدەن لە (واتا) و (وجوود) قسە بکەین. وجود لە خودى خۆیدا دەگۆڕێت، بە واتایەکى دیکە بوونێکى زەمەنمەندە. لەلایەکى دیکەوە، تەنیا لە ناخى وجوددایە کە گۆڕان بوونى دەبێت ـ ئەمەیش بەو مانایە دێت کە وجود تەواو زەمەنمەند نییە، بەڵکو خودى زەمەنە».

کەوایە بوون، زەمەنە. لە سنوورى نێوان خودى زەمەنى نازەمەنمەند و زەمەنى زەمەنمەند میانجیگەرێک هەیە کە هەم لە زەمەندایە و هەمیش لە دەرەوەى زەمەن کە ئەویش دواهەمین سات لە مێژوو، واتە (زانستى ڕەها)یە. «هەرچەندە ئەڵقەى بەردەوامیەتى زانستى ڕەها لە زەمەندایە، بەڵام پەیوەندییەکى بە زەمەنەوە نییە». بەڵام ئەم زەمەنى نازەمەنمەندە نەک لە دەرەوەى زەمەن، بەڵکو لە خودى زەمەن، لە خوودى بوون، لە سات بە ساتى مێژوودا ئامادەیی هەیە. هەر چۆنێک بێت، “سەرەڕاى ڕێزى هیگڵ بۆ ئەفلاتوون، ئەو هەر جۆرە ڕوانگەیەکى دوو دونیایی ڕەت دەکاتەوە».

لە ڕاستیدا، هەروەک چۆن کە ڕۆحى هیگڵ، کۆکەرەوە و یەکانگیرى دیالیکتیکى جووتەکانى وەک سوژە/ئۆبژە، من/دونیا، کۆتا/ناکۆتا و هى ترە، زەمەنى هیگڵىیش دەبێت کۆکەرەوە و یەکانگیرى کارى زەمەنمەند و نازەمەنمەند بێت. هیگڵ، ئامانجى فەلسەفە هەر ئەم ئاشتبوونەى ڕۆح و شوێن دەزانێت.  (هیپۆلیت) سەبارەت بە دیاردەناسیی ڕۆح زۆر جوان ئاماژەى پێ دەکات: «ئەرکى فەلسەفە ئاشتکردنەوەى ڕۆح و زەمەنە، هەروەک چۆن سەدەى حەڤدەیەم شوێن و ڕۆحى ئاشت کردنەوە».

هەروەک لە سەرەتاى وتارەکە ئاماژەمان پێى دا، لە نەریتى فیزیکى ــ میتافیزیکى ڕۆژئاوا، زەمەن بەردەوام پشتى بە شوێن بەستووە و بە کورتى هیچ شتێک نەبووە جگە لە چارەنووس و حیکایەتى شوێن، بەڵام هیگڵ لەبرى شوێن، زیاتر پێداگرى لەسەر زەمەن دەکاتەوە و تەنانەت لە ڕێگەى نەفى و ڕەتکردنەوەى شوێن، دەیهەوێت بگاتە زەمەن. هەروەک چۆن فەیلەسووف و هیگڵناسى هاوچەرخ (سلاڤۆى ژیژەک) بانگەشەى ئەوە دەکات، «بە بڕواى هیگڵ، زەمەن وەلانانى (نەفى نەفى) شوێنە». لە ڕاستیدا هیگڵ بە نەفیکردنەوەى وێناى ڕیالیستى لە دونیا و لەگەڵیشدا زەمەن، هەوڵ دەدات زەمەن لە پەیوەستبوونى گریمانەیی ڕاستەڕێیانەى پۆزەتیڤیستى بکاتە دەرەوە و شوێنگەیەکى تەوەرى لە زاتى حەقیقەتى پێ ببەخشێت. وەها ڕوانگەیەک بۆ زەمەن، ڕەنگە سەرەتا بمانخاتەوە بیرى فیزیکى کوانتۆم، چونکە هەم غافڵگیرکەرانە نییە ئەگەر ژیژەک بانگەشەى ئەوە بکات کە «گەڕانەوە بۆ هیگڵ دەتوانێت یارمەتى شرۆڤەى دەرئەنجامى هەستیناسانەى فیزیکى کوانتۆم بدات».

زەمەن لاى هیگڵ ئیتر نەک زەمەنێکى تەواو ڕاستەڕێیانەی پشتئەستوورە بە شوێنى ئۆبژێکتیڤ، بێلایەن، ستاندارد و سەربەخۆ لە سووژە، بەڵکو زەمەنێکە ڕاستەڕێیی ـ خوولاوەیی (یا بە دربڕینێکى وردتر مارپێچ)، پشتبەستوو بە واتا و سوبژێکتیڤە.

خاڵێکى دیکە کە لێرەدا جێگەى باسە، ڕوانگەى هیگڵە سەبارەت بە پەیوەندى لەگەڵ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو. هەندێک لە شرۆڤەکاران کە زەمەنى هیگڵیان پەیوەست کردووە بە هێڵى ئۆبژێکتیڤ و پێیان وایە «هیگڵ هیچ بەها و ئەولەویەتێک بۆ داهاتوو دانانێت. فەلسەفە لە زاتى خۆیدا دووبارە تێهزرینەوەیە و بە تێگەیشتنى ڕابردوو و ئێستا سنووردارە». بەڵام هەروەک چۆن هەندێک لە شرۆڤەکەرانى دیاردەناسى نەک هێڵێک، بەڵکو بە سەردەمێک جیای دەکەنەوە، دەتوانرێت بانگەشەى ئەوە بکرێت وەک بڵێى داهاتوو هەر پێشتر لە نێواخنى ڕابردوودا ئامادەیی هەیە. بە دەربڕینێکى دیکە، شێوەى ڕاستەقینەى شرۆڤەى هیگڵ لە دیاردەناسیی ڕۆح، نەک بەو شێوەیەى کە وا پێدەچێت لە ڕابردوووە بۆ داهاتوو، بەڵکو بە جۆرێک بارگاوى و دڵدارییە بە ڕابردوو، کە لە داهاتووەوە بەرەو ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

لە ئەنجامدا وا پێدەچێت زەمەن لاى هیگڵ ئیتر نەک زەمەنێکى تەواو ڕاستەڕێیانەی پشتئەستوورە بە شوێنى ئۆبژێکتیڤ، بێلایەن، ستاندارد و سەربەخۆ لە سووژە، بەڵکو زەمەنێکە ڕاستەڕێیی ـ خوولاوەیی (یا بە دربڕینێکى وردتر مارپێچ)، پشتبەستوو بە واتا و سوبژێکتیڤە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم دەربڕین و دەستەواژانە هەمووى پەیوەندى بە سەردەمى ناتەواوى ئێمەوە، ئەم زەمەنە، زەمەنى هێشتا بە کامڵ نەگەیشتوو و دژە دوورە زەمەنیەوە هەیە، زەمەنى سەردەمى دابەزین، سەردەمى (هێشتا نا)، واتە پانتایی مێژووى مرۆیی.‎

blank
گرتەیەک لە فیلمی “ماسی و پشیلە”

(ماسى و پشیلە) و (دیاردەناسیى ڕۆح)

فیلمى «ماسى و پشیلە» لە نووسین و دەرهێنانى دەرهێنەرى کورد «شەهرام موکری»یە کە بەرهەمى ساڵی ٢٠١٣ی سینەماى ئێرانە و چیرۆکەکەى باسى خواردنگەیەکى سەرجادەیی نێوان دوو شارە کە بۆ ئامادەکردنى خواردن سوود لە گۆشتى مرۆڤ وەردەگرن و هەر لەو دەوروبەرەش کە چەند جەحێڵێک بۆ بەشداریی کێبەرکێى کۆلارەفڕین لە دارستانەکە خێمەیان هەڵداوە، دەبنە قوربانى دەستى ڕاوچییەکانى مرۆڤ. بەدەر لە تووخم و واتاى سینەمایی و ڕەوابوونى کارەکە لە فیلمەکەدا و پشتبەستن بەو پێشەکییە درێژە، بەدەر لە مامەڵەکردن بە ڕەهەندى ڕەونەقدان و تەکنیکى کارەکە، ئەم بەرهەمە تاوتوێکردنى واتاى زەمەنە. بۆیە ئەم نووسینە لەسەر دوو بنەما و تووخمى سەرەکى شایستەبوونى فیلمەکە هەڵچنراوە کە هەر کامەیان بە تەنیایی ناتوانێت فیلمى ماسى و پشیلە بکاتە شاکارێکى مەزنى سینەمایی، بەڵکو پێکەوە دەتوانن ڕوانگەیەکى تایبەتى نووسەر بۆ زەمەن شرۆڤە بکەن و فیلمەکە بکەنە نمونەیەکى مەزنى مێژووى سینەما:

یەکەم: تاک ڕەهەندى فیلمەکە.

دووەم: تێڕوانینی (زەمەنى خوولاوە [بازنەیی[)

ناتوانرێت بە سانایی، چیرۆکى ماسى و پشیلە بۆ کەسێک بگێڕدرێتەوە، چونکە ئەم فیلمە پشت نابەستێت بە گێڕانەوەیەکى ڕاستەڕێیانەى نەریتیانە (هێڵى ـ عورفى). کۆمەڵێک ڕووداو لە فیلمەکەدا چەندین جار دووبارە و دووبارە دەبنەوە، بەڵام جیاوازى سەرەکى فیلمەکە لەگەڵ فیلمەکانى «شەمەندەفەرى ڕازدارى جیم جارموش، فیلى گاس وێن سانت، بابلى ئەلیخاندرۆ و گۆنزالێس ئیناریتۆ و …»، هەمان (تەک ڕەهەند)ى فیلمەکە یا نیشاندانى گێڕانەوەیەکى هێڵى و بێ کەت یا فلاشبەکە. بە دەربڕینێکى دیکە، تاک ڕەهەندی بوونى بەرهەمەکە، توخمێکى گرنگە بۆ ئەم شرۆڤەیە، بۆیە ئەگەر دەرهێنەرەکە فیلمەکەى دابەش کردبایە سەر چەند ڕەهەندى درێژ، ئەوا ئەم شرۆڤەیە پێویست نەبوو. لە ڕاستیدا، بینەر بە جۆرێکى هاودژانە، گێڕانەوەیەکى ڕاستەڕێیانەى هێڵئاسا دەبینێت کە لەهەمانکات و چەندینجار و بە چەند ڕوانگەیەکى جیا، دووبارە دەبێتەوە. هەموومان وا هەست دەکەین کە لە ژیانماندا چەندین جار ئەزموونى دووبارەکراوەمان هەبووە، بەڵام گەر وردتر بڕوانین، تێدەگەیشت کە ئەم ڕووداوانە نەک “دووبارە”، بەڵکو “هاوشێوە” بوونە. ماسى و پشیلە لە ڕووکاردا چیرۆکى “دووپاتە”بووەکانە، دووپاتەبوونەوەى ڕێک هەمان ڕووداو لەهەمان کات و زەمەندا و ئەم پرسە بۆ زەینى بینەر زۆر غەریبە کە چۆن دەکرێت بێ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو یا وەستان لە گێڕانەوە، ئەزموونێک دووبارە بکرێتەوە؟

تایبەتمەندى سەرەکى ماسى و پشیلە لە چاو فیلمە تاک ڕەهەندییەکانى هاوشێوەى (وەک کەشتى ڕووسى)، تەنیا ئەم ڕووکارە تەکنیکییە نییە، بەڵکو ئەم حەقیقەتەیە کە ئەم شێوە ڕاستەڕێیی و هێڵییە بێ وەستان و هاتووچۆیە، لێوڕێژە لە دووبارەبوونەوەى حەقیقى، بە کورتى بازنەییەیە.

ڕێگەیەکى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هاودژییە زاتییەى کە بینەران زۆرجار پەناى بۆ دەبەن و لە کاردانەوە باسکراوەکان و ڕەخنە نووسەراوەکانى سەر ئەم فیلمە بڵاو دەبنەوە، کەمکردنەوەى بە “گێڕانەوەیەکەى سەیر و سەمەرە”، “ترسناک” و “سوریال”ـە لە چیرۆکێکى “تاوانکارى!” یا “سینەماى ترس”. ئەم شێوە ڕووبەڕووبوونەوەیە دواجار ناگاتە شتێکى باڵاتر لە جۆرە “ئیحساسێکى سەیر” یا ئیگزۆتیک، بەڵام شێوەیەکى دیکەى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هاودژییە زاتییە (واتە هاودژى نێوان گێڕانەوەى ڕاستەڕێیانە و دووبارە)، خوێندنەوەى دووبارەیەتى لە داوێنى شکاندنى خودى واتاى هێڵى ـ عورفى زەمەن. لەڕاستیدا بینەر یا بیسەر بە هۆى فۆڕمەکەوە ڕووبەڕووى گێڕانەوەیەکى ڕاستەڕێیانە و هێڵییە لە زەمەن کە لە سەرەتاوە تا کۆتاییەکەى و بێ هیچ وەستان و ماندووبوون و دەستکارییەک، لە سەیرکردن بەردەوام دەبێت. لە زۆرێک لەو شرۆڤانەى کە لەبارەى ئەم فیلمەوە نووسراون، پێداگرى و ددان بەم ڕووکارە تەکنیکییە داهێنەر و قورسەى فیلمەکە نراوە، بەڵام تایبەتمەندى سەرەکى ماسى و پشیلە لە چاو فیلمە تاک ڕەهەندییەکانى هاوشێوەى (وەک کەشتى ڕووسى)، تەنیا ئەم ڕووکارە تەکنیکییە نییە، بەڵکو ئەم حەقیقەتەیە کە ئەم شێوە ڕاستەڕێیی و هێڵییە بێ وەستان و هاتووچۆیە، لێوڕێژە لە دووبارەبوونەوەى حەقیقى، بە کورتى بازنەییەیە. دەتوانرێت بە کورتى بانگەشەى ئەوە بکرێت کە لەم ڕووەوە، ڕووکارى درەوشاوە و بەهێزى ئەم فیلمە، تێکەڵکردنى ئەم دوو واتایەى “گێڕانەوەى ڕاستەڕێی و هێڵى” و “زەمەنى خوولاوە یا بازنەیی”ـەیە.

بەلانى کەمەوە لە مێژووى فەلسەفەدا، ئەم شێوە گێڕانەوەیە یەکەم جار، لە کتێبی (دیاردەناسیی ڕۆح)ـى هیگڵ بینراوە. ئەم کتێبە پڕۆسەیەکى ڕاستەڕێیانەى کامڵبوونى “ڕۆح” لە یەکەمین و دابەزێنراوترین زێدى خۆى، واتە (یەقینى هەستى) تا باڵاترین ساتى واتە (زانستى ڕەها) دەگێڕێتەوە. بە قەولى هیگڵ، هەر قۆناغێک (هەر پاڕ و بەشێکى کتێبەکە) بە پێى پێویست و بە شێوەیەکى دیالێکتیکى لە هەناوى قۆناغى پێشوو دێتە دەرەوە. تا ئێرە سەروکارمان لەگەڵ گێڕانەوەیەکى ڕاست و پێکهاتەیەک لە پڕۆسەى کامڵبوونى دیالێکتیکى ڕۆحى هەیە، بەڵام ئەم کتێبە کە لە ڕاستیدا گێڕانەوەى هەموو مێژووى تێهزرین (بەتایبەت ڕۆژئاوا)یە، لە ڕاستیدا گێڕانەوەیەکى هێڵى نییە، بەڵکو بە جۆرێک خوولانەوەیە و خۆى دووبارە دەکاتەوە، بەڵام هەر دووبارەبوونەویەک لە ڕووییەکەوە جیا و ئەنجامێکى جیاوازى هەیە.

هیگڵ لە کۆتایی بەشى ئاوەز، سەفەرەکەى خۆى ناوەستێنێت تا فلاشبەکێک بۆ یونان لێدات، بەڵکو لە درێژەى باسى دیالێکتیکى کامڵبوونى ڕۆح، دەگەڕێتەوە بۆ یونان و هەر ئەم پاراستنى گێڕانەوە ڕاستەڕێ و گرنگەى ڕەوتى کامڵبوونى ڕۆح و خوولانەوەى زەمەنە کە شاکارەکەى هیگڵ دیارى دەکات. پاش ئەم قۆناغە، ڕۆح دووبارە بە تێپەڕینى قۆناغى یۆنانى، پێ دەنێتە نێو “دۆخى یاسایی” لە ڕۆمى کۆن و دەچێتە سەردەمى مۆدێڕنە و پاش تێپەڕین بە ڕۆشنگەرى و شۆڕشى گەورەى فەڕەنسا، دەگاتەوە سەردەمى خودى هیگڵ خۆى، بەڵام لە کۆتایی قۆناغى ڕۆح، شاهیدى ئەوە دەبین کە ڕۆح لە کاتى پاراستنى ڕەوتى پێشڤەچوونە ڕاستەڕێیانەکەى، خۆى لەنێوان دینە سەرەتاییەکان دەبینێتەوە و پاش تێپەڕین لە فۆرمە سەرەتاییەکانى پەرەستن، دووبارە دەچێنەوە نێو دینەکانى یونان یا بە دەربڕینى هیگڵ (دین لە قالبی هونەر) و تراژیدى، حەماسە و کۆمیدیاى یۆنانى و هتد.

ئەم شێوەى گێڕانەوەى هێڵى/ بازنەییە، ڕووکارى هاوبەشى فیلمى (ماسى و پشیلە) و (دیاردەناسیی ڕۆح)ـە. لە ماسى و پشیلەدا مێژوو چەندین جار دووبارە و دووبارە دەبێتەوە، بەڵام هەر جارەى لە ڕوویەکى دیکە و لە ئاستێکى جیاواز، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم دووبارەبوونەوانە، دووبارەبوونەوەى تەواو وەک یەک و ڕووت بن، چونکە ئەوە بینەرە کە دواجار لە زەینى خۆیدا ئە دووبارەبوونەوانە دەوڵەمەند دەدات و دەگاتە جۆرێک لە خودئاگایی . لە ڕاستیدا، حەقیقەتى فیلمەکە نە لە خودى خۆى و نە لە بەش و دیالۆگێکی تایبەتیدا، نە لە سکانسە باوەکانى کۆتایی کەشفکردنى حەقیقەت لە چیرۆکە پۆلیسییەکان، بەڵکو ڕێک پاش ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ (گشتییەت)ـى فیلمەکە، لە (زەینى بینەر) فۆرموولە دەبێت. بەدەر لە دۆخى هەندێک لە کەسایەتی و گێڕانەوەکان (بۆ نموونە جمکە یەک دەستەکان) و سوودوەرگرتنى ناپێویست لە گێڕانەوە ئەفسانەیی و بان سروشتییەکانى  (وەک پەراوێزى ئەفسانەکانى حەمامى ماڵى داپیرە) کە دەبنە هۆى بەهێزبوونى لێکدانەوەیەکى سادە و سەرەتایی فیلمەکە، شێوەى بەرەوپێشبردنى فیلمەکە، (بینەر) لە داوێنى ڕەتکردنەوەى دیالێکتیکى هەموو ئەم تاکڕەهەندییە دووپاتە و وەلاوەنانە لە حەقیقەتى چیرۆکەکە دادەنیشێنێت.

ئاشکرایە کە مێژووى ئێمە، مێژووى دووبارەبوونەوەکانە، مێژووى زاڵم و مەزڵوومەکان، مێژووى حەز و بەدبەختییەکان، مێژووى ترس و هیواکان، مێژووى پشیلە و ماسییەکان. هیگڵ فێرى کردووین کە هۆکارى دووبارەبوونەوەى مێژوو، هۆکارى دووبارەبوونەوەى ئەزموونى شکست و بەردەوامیەتى کێشە و نەبوونى ناڕەزایەتییەکانى دۆخێکە.

(ماسى و پشیلە) چ دەڵێت؟

سەرەڕاى ئەو باسەى سەرەوە، نها دەکرێت پرسیارە سەرەکییەکە بهێنینە گۆڕێ: «ئەرێ گەلۆ بەڕاست، ماسى و پشیلە چ دەڵێت؟!» لەنێوان هەموو کارەکتەرەکانى فیلمەکە، کارەکتەرێکى تایبەت هەیە کە پابەند نییە بە فۆڕم و شێوەى هێڵى ـ عورفى زەمەنەوە. ئەو، پێچەوانەى هەموومان تووشى سنوورداریەتییەکانى گێڕانەوەى تاک ڕەهەندى زەمەن نییە. ئەو (ڕۆح)ـێکە]هەر وەک ئەو ڕۆحانەى دیکە کە لە فیلمەکان دەنگیان دەبیستین[و هەڵبەت ڕۆحى (ڕۆژنامەنووسێک) کە سەر بە هەموو شوێنێکدا دەکات. هەرچەندە ڕەنگە بشێت بە هۆى ئەم کەس و وێنایەوە، خوێندنەوە بۆ ماسى و پشیلە لە داوێنى مێژووى ئێمەدا بکرێت، بەڵام لەوێدا وا پێدەچێت لەگەڵ جۆرە سازانێکى گێڕانەوەیی سەروکارمان هەبێت. بە بوونى ڕۆحى ڕۆژنامەنووسەکە، گێڕانەوەکە ڕووکارێکى سیاسى بە خۆیەوە دەگرێت و دواجار کوشتن و بڕینەکانى کۆتایی فیلمەکەیش بە گۆرانییەکى گرووپى (پاڵت) دووماهى دێت کە ئەم ڕوانگە سیاسى ـــ مێژووییە بە هەموو گێڕانەوەى فیلمەکە وەڕاست دەگەڕێنێت:

“گوێگرە ئەمەیش چ نییە/ جگە لەمە چارەیەکى دیکە نییە/ گوێگرە ئەمەیش تێدەپەڕێت/ بیرەوەرییەکەى با دەیبا/ سەماکردوو دەوەرێت دواهەمین گەڵاى دار/ دەپێچێتەوە و دەڕوات لە شار، بەخت ڕەش/ دەمى شووشە شکا/ کەچى ئێمە دەست لەسەر دەست/ دواهەمین ماسى مرد/ دواهەمین لق ژاکا/ با لەگەڵ خۆى دەمانبا/ یادى ئێمە لە خۆیدا هەڵدەگرێت/ ئاو دەمانتوێنێتەوە/ شارەکەمان دەباوەش دەگرێت”.

(گۆرانی کۆتایی فیلمەکە کە لەلایەن گرووپى پاڵتەوە ئەنجام دراوە.)

هەرچەندە فیلمەکە پاش تێپەڕینى ماوەیەکى درێژ (١٣٠ خولەک) کۆتایی دێت، بەڵام ئاشکرایە کە ماسى و پشیلە هیچ کۆتاییەکى نییە، دەرهێنەرەکە دەیتوانى چەندین سەعات و لە ڕوانگەیلى جیاواز و لە ڕەهەندى جیاوازەوە درێژە بە گێڕانەوەکەى بدات.

ئاشکرایە کە مێژووى ئێمە، مێژووى دووبارەبوونەوەکانە، مێژووى زاڵم و مەزڵوومەکان، مێژووى حەز و بەدبەختییەکان، مێژووى ترس و هیواکان، مێژووى پشیلە و ماسییەکان. هیگڵ فێرى کردووین کە هۆکارى دووبارەبوونەوەى مێژوو، هۆکارى دووبارەبوونەوەى ئەزموونى شکست و بەردەوامیەتى کێشە و نەبوونى ناڕەزایەتییەکانى دۆخێکە. ئەگەر ناڕەزایەتییەکان لەسەر بنەماى دووبارەناسییەوە لانەبرێن، دووبارە خۆى لە فۆڕمى جیاوازتر نیشان دەداتەوە و لەنێوان ئەم هەموو دووبارەبوونەوانە، ئێمە هەر جارەى لە لەرینەوەیەکى نێوان هیوا و بێهیوایی داین، مەحکوم بە دووبارەبوونەوەى مێژوویەکى پڕ لە شکست و ترس. بەم پێیە، ماسى و پشیلە گێڕانەوەى هەموومانە، گێڕانەوەى مێژووى ئێمەیە.

بەڵام ماسى و پشیلە ئەم پێکەوەبەسترانەى نێوان سیاسەت و مێژوو (زەمەن) بێ هیچ میانگیرێکى واتایی پێویست ئەنجام دەدرێت و لە ئەنجامدا “شتێک تیایدا دەلەنگێت” و هەر ئەم لەنگییەشە کە دواجار دەبێتە هۆى دۆگمایی و هەڵچوونى سیاسى. لێرە، وەک بڵێى فیلمسازەکە یەکهۆ لە جۆرە گێڕانەوەیەکى هیگڵى لە زەمەن و دووبارەبوونەوەى دیالێکتیکى لە ئاستى جیاواز، دەچێتە زگ جۆرە گێڕانەوەیەکى بازنەیی ئوستوورەیی لە دووبارەبوونەوە زەمەنییەکان. ئەم واتایە کاتێک جدیتر دەبێت کە لە ڕێکلامەکەى فیلمەکە ئەم ڕستەیە بەر چاو دەکەوێت کە “زەمەن بازنەیە، دەربازبوون لەم بازنەیە مەحاڵە؟”. لێرەدا باسەکە تەنیا لەسەر خوولانەوەى زەمەن نییە، بەڵکو پرسیارەکە لە جۆرە پەیوەستبوونێکەوە، پرسیارێک کە گۆرانییەکەى سەرەوە وەڵامەکەى هەر پێشاوپێش داوەتەوە. ئەم بیرۆکەیە کە دەتوانرێت تا خوێندنەوەیەکى ساویلکانە لە واتاى “گەڕانەوەى جاویدان”ـى نیچە شوێنهەڵگر بکرێ، دواجار دەبێتە هۆى ڕەتکردنەوەى هەر جۆرە بوارێک لە سۆبژێکتیڤ.

لەلایەکى دیکەشەوە، هەرچەندە فیلمەکە پاش تێپەڕینى ماوەیەکى درێژ (١٣٠ خولەک) کۆتایی دێت، بەڵام ئاشکرایە کە ماسى و پشیلە هیچ کۆتاییەکى نییە، دەرهێنەرەکە دەیتوانى چەندین سەعات و لە ڕوانگەیلى جیاواز و لە ڕەهەندى جیاوازەوە درێژە بە گێڕانەوەکەى بدات. دەشتوانرێت ئەم “کۆتانەهاتنە” بە لێکدانەوەیەکى بازنەیی لە زەمەن گرێ بدرێتەوە. زەمەن، دەسپێک وکۆتایی بۆ نییە. پێشینان ئەمەیان لە ئێمە باشتر دەزانى کە زەمەن لە خودى خۆیدا ناتوانێت “دەسپێک” یا “کۆتایی” هەبێت، بەڵکو تەنیا دەتوانێت بە شێوەى بازنەیی بخولێتەوە. دەسپێک و کۆتایی، واتایەکى ڕێژەیی و دروستکراوى وێناى سادەى مرۆڤە لە واتاى “گۆڕان”. لەوەش گرنگتر ماسى و پشیلە کۆتایی نییە، چونکە مێژوو کۆتایی نییە. هەڵبەت بە پێچەوانەى (دیاردەناسى ڕۆح)ـى هیگڵ، ماسى و پشیلە وەها خۆشبینانە دووماهى پێ نایێت. پاش کۆتاییهاتنى گێڕانەوەیەکى خوێناویانە کە قەت کۆتایی قبوڵ ناکات و بە قەولى هیگڵ “کۆتاییەکەى، هەر دەسپێکەکەیەتى”، ئێمە ڕووبەڕووى جەبرى مێژوویی جێگیر دەبینەوە. بە شکستە یەک لە دووى یەکەکان و هیوا وەدینەهاتووەکان. هیوا بە ڕزگاربوونێک کە هیچ ڕێگەیەک بۆ هاتنەدى نییە. ئایا ئەو ڕەشبینییە جەبەڕووتەى ماسى و پشیلە کە ڕەنگە لە ئەنجامى بێهێزى ڕەتکردنەوەى دیالێکتیکى زەمەن و دووبارەبوونەوە بێکۆتاکان هەژمار بکرێت، وامان لێ ناکات بەرەو جۆرە هەڵچوونێکى سیاسى و قبوڵکردنى چارەنووسێکى چەقبەستوو بڕۆین؟ جیاوازى لە تێگەیشتنى بازنەیی ـ هێڵى (مارپێچى) دیالێکتیکى لە زەمەن و تێگەیشتنى سادەبینانەى زەمەنى بازنەیی، وەک (خوولانەوەى پووچ) وایە.

هەڵبەت دواجار ڕەنگە بتوانرێت دژى ئەم نووسینە، ئەو بانگەشەیە بکرێت کە نووسینەکە لە هەوڵى ئەوەدایە تا لەو شوێنەى فیلمەکە هیگڵى نییە، شرۆڤەیەکى هیگڵانەى بۆ بکات و هەر لەبەر ئەمەیش هەر شوێنێک کە خوێندنەوەکە لەگەڵ شرۆڤەکە وێک نەیێتەوە، ئەوا بە هەڵەیەک لە بیرۆکە سەرەکییەکە تاوانبارى دەکات. بەدەر لەو حەقیقەتەى کە لەم بانگەشەیەدایە و لە ڕاستیدا دەتوانرێت گشتگیر بکرێت لەسەر گشت شرۆڤە و ڕەخنەکانى بەرهەمە هونەرییەکان، بەڵام پرسى سەرەکى ئەمەیە کە لۆژیکى بەرەوپێشبردنى زەمەنى فیلمەکە، ژیرییەکى ڕوونى هیگڵیانەیە. هەر بۆیەشە هەرچەندە ئەم شێوەى گێڕانەوەیە بۆ ڕەخنەگران ـ یا ڕەنگە بۆ خوى دەرهێنەرەکەش ـ شتێک نەبێت جگە لە ئەفراندنێکى تەکنیکیانە، بەڵام لەم شرۆڤەیەى بەردەستتان، ئەم کارە وەک توخمێکى گرنگ شرۆڤە دەکرێت. لە دیاردەناسیی ڕۆحیشدا، وەک ماسى و پشیلە، ڕۆح بێ پچڕان و یا وەستانێک (هەمات کەتى سینەمایی) هەبێت، لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە. جیاوازى یا هەڵە لە لۆژیکی فیلمەکە لەو شوێنە ڕوو دەدات، کە ئەم دووبارەبوونەوانە (کە هەر کامەیان هەڵبەت لە ڕوانگە و تایبمەندى جیاوە ڕوو دەدەن) نەک بە جۆرێک هاوزیادەیی دیالێکتیکى و خودئاگایی گشتى، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ دووبارەبوونەوەیەکى بێبەرهەم کە ڕێگەى دەربازبوون لێى وێنا ناکرێت.

بە کورتى، وا پێدەچێت کە ئەم فیلمە لەبرى بیرۆکەى بنیامینى ـ هیگڵى “بەردەوام ـ هێشتا ـ نا”، چووەتە ڕێگەى بیرۆکەى (هەرگیز ـ نا ـ هەرگیز). ئایا سوژەى خودهۆشیاربووەوە، یا بە دەربڕینێکى سادەتر، بینەرى سنووردراو بە ڕواگەیلى جیاواز، دواجار دەیتوانى بگاتە شتێک جگە لە هۆشیارى لە مەحاڵبوونى هەر جۆرە گۆڕان، ڕزگاربوون و یا ئازادى؟ ئایا چارەنووسى چەقبەستووى ماسییەکان، نەک دەریا، بەڵکو پارچە پارچەبوونیانە لەلایەن پشیلەکانەوە؟

إ

سەرچاوە:

www.problematicaa.com