لایسیتێ لە فەرەنسا لە شۆڕشی ١٧٨٩ تا ١٩٠٥

ئاوەڕدانەوەیەکیش لەسەر چارشێوی ئیسلامی لە فەرەنسا

وەرگێڕانی: فازڵ مەحموود

لەم بەشەدا خوێندنەوەی پرۆسەی لایسیزاسیۆنە لە فەرەنسا، کە بە ھەڵبەز و دابەزێکی زۆرەوە لەماوەی سێ قۆناغی مێژووییدا بەدی دێت. یاسای جیاکردنەوەی دەوڵەت و کەنیسەکان، لە سەدەی بیستەمدا لە ئەنجامی ئەو ناکۆکیانەوەیە کە لەگەڵ شۆڕشی گەورەی فەرەنسا لەساڵی ١٧٨٩دا دەستپێدەکات. بەڵام ھاوکات لایسیتێ لەم وڵاتەدا ڕووبەڕووی کێشەی نوێ بووەتەوە، کە کێشەی چارشێوی ئیسلامی لە قوتابخانە دەوڵەتییەکان بە یەکێک لەوانە ھەژمار دەکرێت. لەکۆتایی ئەم باسە چەند سەرنجێکمان لەم بارەیەوە ھەیە و ھەروەھا ھەڵویستی خۆمانیش لەسەر ئەم بابەتە دەردەبڕین. لەم بەشەدا ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا ((نموونە))ی لاییکی فەرەنسا شی دەکەینەوە. دەڵێین ((نموونە)) چونکە لەم وڵاتەیە کە لایسیتێ بە ھەمان شێوە کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، وەک وشه‌ دەخولقێنرێت و وەک واقیعێكیش، تاڕادەیەک بە شێوەیەکی تەواو بەدی دێت، چونکە بە ھەمان شێوە کە ئاماژەی بۆ دەکەین فەرەنسا تەنیا وڵاتێکی ئەوروپاییە کە دەستوورەکەی باس لە ((کۆماری لاییک)) دەکات. بەڵام لە فەرەنسا لایسیتێ بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دروست دەبێت کە چەند ھۆکارێکی جۆراوجۆر بوونەتە ھۆی ئەم ڕاشکاوییە، کە تیایاندا چوار ھۆکاریان چارەنووسساز بووە. سەرەتا دەبێت باس لە دەسەڵاتی بەھێزی کەنیسە و ئایینسالاری کەنیسە بکەین، كه‌ لە مێژووی فەرەنسادا ته‌وقی خستبووە ملی تەواوی بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ئەم وڵاتە. دەتوانین ھۆکاری دووەم بە گۆڕانکاری لە سەرخۆی کاتۆلیسیزم بزانین بە بەراورد لەگەڵ پرۆتستانتیزم کە ڕیگای ((ڕیفۆرم)) و پێڕەوی نەکردنی لە دامەزراوەیەکی چەقبەستووی ئایینی گرتەبەر. کەنیسەی کاتۆلیک یا پاپایی، دامەزراوەیەکی چەقبەستوو و ھیرارکییەتی و دەسەڵاتداری لەخۆ گرتبوو کە بە ناوی ڕزگاری مرۆڤ، بانگەشەی بۆ ڕێنوێنی مرۆڤەکان دەکرد لەسەر ڕووی زەویدا و مافی فەرمانڕەوای وڵات و دەوڵەتی بوو. ھەر بۆیە بەرامبەر بە سێکولاریزاسیۆن یا ((بە دونیایی بوون))ی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان زۆر بە توندی خۆڕاگری دەکرد. ھۆکاری سێیەم بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییە درێژخایەن و لەبن نەھاتووە مەزھەبییەکانی فەرەنسا (وەک کوشتنی سێ ھەزار پرۆتستانت لە شەوی ٢٣ی ئابی ١٥١٢، کە بە کوشتاری سه‌ن بارتێلمی[1]  بە ناوبانگە و یان سەرکوتکردنی پرۆتستانتەکان لە ساڵی ١٦٨٥دا کە بووە ھۆی ھەڵھاتنی دوو سەد ھەزار کەس لەم کەمینە مەزھەبییە لە فەرەنسا دا). شەڕە مەزھەبییەکان داوای بە پێویستی جیاکردنەوەی دەوڵەتیان لە کەنیسە دەکرد.


[1]Saint-Barthelemy