خاتوو لازاروس

لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

پێشتریش هەوڵم بۆی داوە

جارێک لە هەر دە ساڵدا

دەیکەم

جۆرە پەرجووێکی زیندووە،

 پێستم

درەوشاوە چەشنی سەیوانی گڕسۆزی نازییەکان

لاقی راستم

سوکەڵە

رووخساری بێ رەنگم،

قوماشی جووە

پەچە لە رووم لادە

ئای دوژمنم

بڵێی تۆقیبم؟

لوتم، چاڵی چاوم، تاقمی تەواوی ددانم؟

بۆگەنی هەناسەم

لە رۆژێکدا لەبەرچاو ون دەبن

بە زوویی، بە زوویی ئەو گۆشتەی

چاڵی گۆڕ هەڵیلوشی بوو

لەگەڵم دێتەوە ماڵێ

منیش ژنێکی دەم بە خەندە

تەنیا سی ساڵم.

وەک پشیلە دەتوانم نۆ جار گیان بدەم

ئەمە سێیەم جارە

چ قەشمەرییە

دە ساڵ جارێک لەناوبچی

ملیۆنان تاڵ و چین

قەرەباڵخی دەم پڕ لە قرچە قرچی باوی

خۆیان بە ژووردا دەکەن تا ببینن

دەست و قاچی ڕووتم

خانمان و پیاوانی بەرێز

سەماکاری ورووژێنەری مەزن ببینن

ئەمانە دەست و ئەژنۆی منن

ڕەنگە تەنیا پێست و ئێسک بم

لەگەڵ ئەوەشدا، هەر هەمانم، ژنی بێوێنە.

یەکەمجار کە ڕوویدا دە ساڵ بووم

ڕووداوێکی نابەخۆ بوو

دووەم جار مەبەستم بوو

لەنێو بچم و هەرگیز نەگەڕێمەوە

لە هۆش خۆ چووم

وەک گوێچکە ماسی

دەبوایە هەر هاوار بکەن و

چەشنی مرواری لکاو کرمم لێ بکەنەوە

مردن

هونەرە، وەک هەموو شتێکی دی

من تابڵێی لێی شارەزام

جۆرێ دەیکەم هەست دەکەی دۆزەخە

جۆرێ دەیکەم هەست دەکەی ڕاستەقینەیە

پێموایە دەکرێ بڵێی وابەستەییم

هێندە ئاسانە دەتوانی لە ژوورێکدا بیکەی

هێندە ئاسانە دەتوانی بیکەی و هەر وەک خۆت بمێنی

چ شانۆیەک،

گەڕانەوە بە ڕۆژی رووناک

بۆ هەمان شوێن، هەمان ڕووخسار، هەمان دڕندەیی

هاوارێکی سەرسام:

”پەڕجوو”

لێمدەدا و دەمخا

کرێی خۆی هەیە

بۆ بینینی برینانم، کرێ دەدەی

بۆ گوێهەڵخستن بۆ دڵم، کرێ دەدەی

کە ترپەی دێ

کرێ هەیە، کرێی گران

بۆ وشەیەک، بۆ دەستلێدانێک

یان دڵۆپێ خوێن

یان تاڵە مووێکی سەر جلانم

ئاوایە ئاوا جەنابی دکتۆر

ئاوایە جەنابی دوژمن

من شاکاری تۆم

من پڕبەهاترینی تۆم

من ئەو خنجیلە زێڕینەی تۆم

کە شین و ڕۆڕۆی لێوە دێ

دەسووڕێم و دەسووتێم

وانەزانن نیگەرانی ئێوەم لەبەرچاو نەگرتووە

.

سوتماک، سوتماک

دەستی تێ دەخەی و تێکی دەدەی

گۆشت، ئێسک، هیچی لێ نییە هیچ

پارچە سابوونێک و

ئەڵقەی هاوژینی و

ددانێکی زێڕین

جەنابی یەزدان، جەنابی ئیبلیس

ئاگادار بن

ئاگادار بن

لە خۆڵەمێشەوە

بە پرچی سوورەوە هەڵدەستمەوە و

پیاوان وەک هەوا هەڵدەلووشم

پەراوێز:

لازاروس؛ ئەو کەسە بوو کە عیسای مەسیح زیندووی کردەوە.

ماڵەکەی سیلڤیا، کە خۆی تێدا کوشت
pp

سەرنجێک بنوسن