لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە)

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە وەڵامی (کاروان عومەر کاکەسوور)ی نووسەر و ڕۆمانووسە بۆ پرسیارێکی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.

لانی کەم لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، هەر جارێ پرسیار لەبارەی چەمکی ڕەخنەوە دەکرێت، چەند گوتەیەک هەن، خێرا لە دەمی هەندێک نووسەرەوە دەردەچن، کە گەلێجار بەپێی ژمارەیش ڕیزبەند دەکرێن. دەتوانم بڵێم ئەمانەن: نەبوونی هۆشیارییەکی گەورە، هەبوونی هەستی شارچێتی و ناوچەگەری، دابەشبوونی نووسەران بەسەر ئایدیۆلۆجیای جیاوازدا، زاڵبوونی فیکری دۆگمایییانەی نووسەر و هیی دیکەی لەم بابەتە. گوتنەوەی ئەو گوتانە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا پێوەندیی بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە هەر لە سەرەتاوە بە سادەیی سەری هەڵداوە و بەردەوام درێژەی پێ دراوە. بە مانایەکی تر، ئەو پێناسەیەی بۆ چەمکی ڕەخنە کراوە، لە وەسفەوە هاتووە، نەوەک لە قووڵبوونەوەوە. بەوەدا لای ئێمە تا ئەم ساتەیش وەسف شوێنی ڕەخنەی گرتووەتەوە، ئەوە بە ناچاری دەبێت هەردوو چەمکەکە پێکەوە باس بکرێن، بگرە دەڵێم کاتێ چەمکی وەسف بە لاوە دەنێین و وردی ناکەینەوە، دیسان درێژە بە هەمان تێگەیشتن دەدەینەوە. پێشتریش لە بەرهەمەکانمدا کەموزۆر خۆم لە قەرەی ئەو باسە داوە، بەڵام ئێستا پرسیارەکانی ئێوە هەلی ترم بۆ دەڕەخسێنن، تا لە گۆشەی دیکەیشەوە لێی بڕوانم. گرنگە هەر لە سەرەتایشەوە ئەوە بڵێم، کە ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانتان دەداتەوە، نووسەری ئەدەبی گێڕانەوەیە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕەخنەی نەکردووەتە بابەتی سەرەکیی خۆی. هەر جارێ وشەی (ڕەخنەگر)یش بە کار دەهێنم، مەبەستم لەو ڕەخنەگرە میلـلییەیە، بە پێوەری (چاکە و خراپە) کار دەکات و بەپێی ڕوانینی خۆی نووسەران دەخاتە یەکێ لەو دوو خانەیەوە، کە لای من لە (ڕەخنەدۆز) جودایە، بەوەی ئەوەی دوایییان هەوڵی لێکدانەوەی تێکست دەدات. لە ڕێی دایەڵۆگ لەگەڵ فیکری ڕەخنەییی دەرەوەی خۆیدا بووەتە خاوەنی دیدگەی ڕەخنەیی و ئەو هۆشیارییەی بەردەوام بە دەستی دەهێنێت، لە ڕێگەی خوێندنەوەی تێکستەکانەوە دەیسووتێنێت، بەو مەبەستەی شتی نوێیان لێ بەرهەم بهێنێت. ماوەتەوە بڵێم مەبەستم لە چەمکی وەسف ئەوە نییە، کە لە ئەدەب، بە تایبەتی لە ئەدەبی گێڕانەوە لە پاڵ چەمکی (گێڕانەوە)دا بە کار دێت، بەڵکوو مەبەستم ئەو وەسفەیە، کە سەرچاوەکەی پێوەری (چاکە و خراپە)یە. واتە ئەو ڕەخنەگرە هەموو شتێک بەو پێوەرە دەخوێنێتەوە و وەسفی دەکات، چ کاتێک بەرهەمی ئەدەبی دەنووسێت و چ کاتێ لەبارەی بەرهەمی ئەدەبییەوە دەدوێت، تەنانەت لە ئەدەبی نوێدا وەسف ئەو هێزەی جارانی نەماوە، بەوەی وەسف نەجووڵانە و جووڵەی گێڕانەوە ڕادەگرێت. بۆ نموونە وەسف لای (ئالان ڕۆب گرێ) تەواو لە وەسفی (بەلزاک) و (فلۆبێر) جیاوازە.

هەر خودی ئەو دابەشکارییە، واتە ئەوەی کێ خاوەنی هۆشیاریی گەورەیە و کێ لێی بێبەشە؟ کێ شارچێتی دەکات و کێ نایکات؟ کێ دۆگماتیستە و کێ دۆگماتیست نییە؟ پێوەندیی بەو سیستەمی وەسفییەوە هەیە، کە هەمیشە چەمکەکان ئاسان دەکاتەوە و دەیانخاتە ئاستی زمانی میلـلییەوە، تا ئەنجامێکی ڕوون بە دەست بهێنێت.

لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، (ڕەخنە) کراوەتە هاوواتای (هەڵسەنگاندن). هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن.

لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، (ڕەخنە) کراوەتە هاوواتای (هەڵسەنگاندن). هەڵسەنگاندن بریتییە لە گۆڕینی نووسەر لە سەبجەیکتەوە بۆ ئۆبجەیکت. واتە نووسەر بە هۆی بەرهەمەکەیەوە دەکرێتە بابەتێک بۆ هەڵسەنگاندن. هەموو تواناکانی لێ دەسەنرێنەوە و لەم ساتەوە خاوەنی زمان نییە. ئەوەی بڕیاری لەسەر دەدات، ڕەخنەگرە. ئەو ڕەخنەگرە ڕەوایەتیی خۆی لە هێزە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ، حیزب، دامودەستگەی کولتووری و شتی هاوشێوەی ئەمانە وەردەگرێت. هەتا پایەی کۆمەڵایەتیی ئەو ڕەخنەگرە بەرزتر بێت، زیاتر مافی ئەوە بە خۆی دەدات، بگرە مافی پێ دەدرێت وەک هەڵسەنگێنەر نەک هەر تێکست، بەڵکوو نووسەریش لە شوێنی تێکستەکەی هەڵبسەنگێنێت. بە مانایەکی دیکە، دادگاییی بکات. ئەمە بە دەربڕینی (پیر بۆردیۆ) بووەتە (هەبیتووس) و بەشێکی زۆری نووسەران، لە شاعیر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووس وا لایان چەسپیوە، کە ڕەخنە بریتییە لەوەی ئەوان بنووسن و وەک دەفتەری تاقیکردنەوەی قوتابخانە بیاندەنە ڕەخنەگر، تا هەڵیانبسەنگێنێت، ئاخۆ چەندیان پێ دەدات! کاتێ لای ئەو ڕەخنەگرە نمرەی بەرز دەهێنن، خۆیان لێ دەبێتە داهێنەر و پەلاماری هەر نووسەرێکی تر دەدەن، کە هەمان ڕەخنەگر نمرەی نزمی بۆ داناوە. فیلۆسۆفانی ئێکزێستەنشالیزم شەڕی گەورەیان لە دژی ئەو تێگەیشتنەدا کردووە، کە مرۆڤ بۆ بابەت دەگۆڕێت، چونکە هەر کاتێ دەکرێتە بابەت، ئەوە وەک شت، نەک وەک بوون حیسابی لەگەڵدا دەکرێت. لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەدا کۆمەڵێک ڕێبازی ڕەخنەیی هاتوون و بە شێوازی خۆیان چەمکی ڕەخنەیان لێک داوەتەوە، کەچی ئەو تێگەیشتنەی لەگەڵ بەیانی یانزدەی ئاداری حەفتادا لەلایەن هەندێک ڕەخنەگری سادەوە سەری هەڵداوە، گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بگرە لە ڕێگەی وەسفەوە تۆختر کراوەتەوە، کە لە میانەی وەڵامەکەمدا لەسەری دەوەستم. ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم بە گشتی جووڵەی ڕەخنەی حەفتاکان و هەشتاکان لە ڕەخنەی نەوەدەکانەوە بۆ ئەمڕۆ گەورەتر بوو، کە نووسەرانی ئەودەم بە هەموو سادەییی خۆیان نەک دڵی زۆرینەیان ڕازی نەدەکرد، بەڵکوو ئەو زۆرینەیەیان دەتۆراند، پێچەوانەی ڕەخنەی ئەو سی ساڵەی ڕابردوو، کە تا هاتووە زیاتر سیمای کۆمپرۆمایەسانەی بە خۆیەوە گرتووە، بەو مانایەی ڕەخنەگران ویستوویانە بە هەموو ڕێگەیەک سۆزی ئەو زۆرینەیە بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، بۆیە خزاونەتە ناو ئەو دوو بوارەی زۆرینەی تێدان، بواری ئایینیی فەرمی و سیاسەت. هەر کاتێ مایکرۆفۆنی ئۆپۆزیسۆن هێزی لە دەست داوە، بۆ ناو مێدیای حیزبەکانی دەستەڵات گەڕاونەتەوە. من ئەو ڕەخنەگرەم بە جاگلەر چوواندووە، کە جاگلەر کەسێکە لە هونەری هەڵدان و گرتنەوەی شتدا شارەزایە. دەتوانێت بە جارێ چەند شتێک هەڵبدات و بیانگرێتەوە. واتە ئەوەی لێرەدا گرنگە هەڵدانی شتە، نەوەک خودی شتەکە، بۆیە گۆڕینی سێوێک بە بەردێک، یان دانانی کەروێشکێک لە شوێنی تۆپێکدا، هیچ لە پرۆسەسی هەڵدانەکە ناگۆڕێت، تەنانەت بایەخی شوێنیش لەوەدایە، چەند جەماوەری تەماشاکەر لە خۆی دەگرێت. لای جاگلەر گرنگە لە ڕێی جاگلینگەوە خۆی پێشانی زۆرترین کەس بدات. ڕێک دەکەوێت ڕەخنەگرێک لە ماوەی ساڵێکدا مێدیای چوار پێنج حیزب بگۆڕێت و بەپێی دۆخەکە قسەکانی بکات. هەر لێرەدا پێویستە بزانیت مەبەستم لە ڕەخنە، فیکری ڕەخنەیییە. واتە چ ئەوەی لە شێوەی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و هیی ترەوە دەردەبڕرێت، چ ئەوەی لە شێوەی خوێندنەوەی تێکستەوە دەنووسرێت. دواتر لەسەر ئەوە دەوەستم، کە ڕەخنەی ئەدەبی لە فیکری ڕەخنەیییەوە دەست پێ دەکات، بۆیە شاعیر، چیرۆکنووس، ڕۆماننووس و ئەوانەی تریش وەک ڕەخنەدۆز کاری ڕەخنەیی دەکەن.

بەوەدا ڕەخنە بووەتە هاوواتای هەڵسەنگاندن، پرۆسەسی نووسین ئاسان کراوەتەوە، کە هەر یەکێ لەو ڕەخنەگرانە دەتوانێت هەر بابەتێکی بێتە بەر دەم، وەسفی بکات. چاکە، یان خراپ؟ ڕەخنەگر(مەبەستم هەم نووسەری ئەدەبی و هەم هەڵسەنگێنەری تێکستی ئەدەبییە)، بە زیادبوونی ژمارەی بەرهەمەکانی، پایەی کۆمەڵایەتیی بۆ سەرەوە هەڵدەکشێت، کە بە گشتی دامودەستگە چاپەمەنییەکان، چ هیی حیزبی و چ هیی ناحیزبی بایەخی پتری پێ دەدەن. ژۆرنالیستی حیزبی و ناحیزبی بە گشتی لە کەناڵەکاندا دەکەونە پێداهەڵگوتنی، کە ئەو ڕەواجپێدانە بە (بەڵگەی کۆمەڵایەتی: Social Proof) ناسراوە. واتە فیکری ئەو نووسەرە جەماوەرییە دەبرێتە ئاستی مارکێتینگەوە و خەڵک زیاتر ناچار دەکرێت بەرهەمەکانی بکڕن، بگرە گۆرانیی بەسەردا هەڵبڵێن. واتە دەیانەوێت هێزێکی کۆمەڵایەتیی بۆ مسۆگەر بکەن، تا زیاتر ڕەوایەتی پەیدا بکات و بڵێن جەماوەر گەواهیی داوە ئەو بەرهەمە چاکە. لێرەدا مەرجە فیکری ئەو نووسەرەی ڕەواجی پێ دەدرێت، لە هیی جەماوەرەوە نزیک بێت، بگرە هەر هەمان شت بێت، دەنا ئەو پرۆسەسە سەر ناگرێت. بۆ نموونە ناکرێت ڕۆمانێکی (گوینتەر گراس)، یان یەکێکی (هێرتا میولەر)، یان کتێبێكی تیۆریی (پۆول ڕیکۆر) بخەیتە ناو ئەو پرۆسەسەوە، چونکە ئاستی زمانیان لە ئاستی زمانی جەماوەردا نییە. پێشتر لە بابەتی زۆرینە و کەمینەوە دواین، کە بووەتە پێوەری داهێنان. پێت دەڵێن ئەگەر ئەو نووسەرەی ئێمە گەلێ گەورە نییە، چۆن ئەو هەموو خەڵکە دەیناسن؟ ئایا هەر ئەو هەموو خەڵکە بۆ نموونە نەک هەر فیلۆسۆفێکی وەک (جۆرج باتای) دەناسن، بەڵکوو ناویشیان بیستووە؟ ئایا ئەوە هەڵەیەکی لۆژیکی نییە، کە بە (جەختکردنەوەی لایەنگرانە: Confirmation Bias) ناسراوە؟ واتە هەڵبژاردنی ئەو نووسەرە گەورەیە لەلایەن جەماوەرەوە، پێوەندیی بەوەوە نییە، کە هاوزمان، هاوشار، هاوخوێن، هاوبیر و هاودەردیانە، بگرە لە ئاستی تێگەیشتنی ئەواندا دەنووسێت؟ ئایا هەر بە ڕاستی ئەوانە بە دوای نووسەری داهێنەردا دەگەڕێن؟ هەر ئەوانە نین سیاسەتمەدارەکانیشیان بە هەمان پێوەر وەک ڕزگارکەر هەڵبژاردووە؟

ئەو تێگەیشتنە باوە وای کردووە بەشێکی زۆری نووسەرانمان وا بزانن، بگرە باوەڕیان وا بێت، ڕەخنە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە بەرهەمەکەیان بڵاو دەکەنەوە و دەکەوێتە بەر دەستی ڕەخنەگرەوە. ئێمە پێویستە بەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە ببینەوە، کە پەنجا مۆمی تەمەنی کوژاندووەتەوە: (ڕەخنە کەی دەست پێ دەکات؟). ئەم پرسیارە لانی کەم پرسیارێکی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت: (ڕەخنە چییە؟)، نەوەک (ڕەخنەگر کێیە؟). ئەو دوو پرسیارە بەسەرماندا دەسەپێنن پشت لەو تێگەیشتنە بکەین، هەتا ئەگەر ئێستا نەتوانین هیچ شتێکی نوێیش بڵێین. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم هەوڵ دەدەم لەو بارەیەوە هەندێک شت بۆ تۆ هەر دەرببڕم. لە بەرهەمەکانی پێشوویشمدا هەوڵی وەڵامدانەوەی، دروستتر بڵێم هەوڵی قووڵکردنەوەی ئەو پرسیارانەم داوە، بە تایبەتی لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا، بەڵام وەک گوتم ئەمەیش دەرفەتێکی ترە بۆ قووڵکردنەوەی بۆچوونەکانم.

ئایا ڕەخنەگرمان دەوێت، یان ڕەخنە؟ ئێمە فۆکەسمان لەسەر ڕەخنەیە، کە گوترا ڕەخنە دەنگی تاکە. ئەو تاکە وەک ڕەخنەدۆز هاتووەتە ناو بواری نووسینەوە، چونکە تینووی دەربڕینی خۆیەتی، نەوەک بیەوێت لاساییی بەرهەمی ئەوانەی تر بکاتەوە. تاک هەر بە سروشتی خۆی لاساییکەرەوە نییە، چونکە ئازارەکانی خۆی دەردەبڕێت، نەوەک هیی ئەوانەی تر.

پێم وایە ڕەخنە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، کە جیاواز بیر دەکەینەوە، نەوەک کاتێ دەنووسین، بەوەی ڕەخنە لەناو زماندایە، نەوەک لە دەرەوەیدا. نووسین کاتێ دەتوانێت جیاوازی لە خۆی بگرێت، کە بیرۆکەی جیاوازی بەر دەکەوێت. (ڕۆلان بارت) لە کتێبی (پلەی سفری نووسین)دا وا پێناسەی ئەو نووسینە دەکات، کە لە کۆت و (پێوەند)ی سەرجەم بۆچوون و باوەڕە باوەکان ڕزگاری بووە. بە مانایەکی تر، بووەتە تاک. مرۆڤی تاک بە سروشتی خۆی ڕەخنەدۆزە، ئینجا بنووسێت، یان نەنووسێت، چونکە تەنیا لە ڕێگەی ڕەخنەوە تاک دروست دەبێت، بەوەی لەو ڕێگەیەوە خۆی لە فیکری کۆمەڵگە جودا دەکاتەوە. مرۆڤ کاتێ وەک تاک خۆی دادەمەزرێنێت، لە پرۆسەسێکی ڕەخنەییدایە. ئەو تاکە دەبێتە سەرچاوەیەکی، یان جیهانێکی سەربەخۆ بۆ زمان، کە نووسین یەکێکە لە کەناڵەکانی زمان. گرنگیی نووسین لەوەدایە، کە زمان هەیە و شتی بۆ گوتن پێیە. (هایدیگەر) لە کتێبی (سەرچاوەی کاری هونەری)دا دەڵێت (بوون بە هۆی زمانەوە لە ڕێگەی مرۆڤەوە دەدوێت. مرۆڤ بە زمان نادوێت، بەڵکوو ئەوە زمانە دەیدوێنێت). ئەو تاکە زمانی خۆی هەیە بەر لەوەی یەک دێڕی نووسیبێت، بەڵام کاتێ ڕوو لە بواری هونەر، یان ئەدەب، یان لە هەر بوارێکی تر دەکات، وەک ڕەخنەدۆز دێتە ناوی، نەوەک بە پێچەوانەوە. زۆرن ئەوانەی دوای نووسینی کۆمەڵێک کتێبی ڕەخنەیی، هێشتا نەبوونەتە ڕەخنەدۆز. لەبەر ئەوەیشە پرسیاری (ڕەخنە چییە؟)، نەوەک (ڕەخنەگر کێیە؟) وامان لێ دەکات گومان لە هەموو ئەو ڕەخنەگرانەی پەنجا ساڵی ڕابردوو بکەین، بگرە خودی چەمکەکە، واتە چەمکی (ڕەخنەگر) بخەینە ژێر گومانی گەورەوە. هەروەها بۆ چەمکی (ڕەخنە) بگەڕێینەوە و بە شێوەی جیاواز لە پێشوو لێکی بدەینەوە. تا ئێستا (ڕەخنەگر) لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بووە و بەو گوتانەی چ بە شێوەی زارەکی و چ بە نووسین دەریبڕیون، گوتراوە (ڕەخنە). واتە ئەو (ڕەخنەگر)ـە بە پاڵپشتی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ، حیزب، ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی شار و هیی دیکە بووەتە ناوێک و گوتەکانی وەک (ڕەخنە) وەرگیراون، بەڵام کاتێ ئاڕاستەکە پێچەوانەوە دەکەینەوە و ئەمجارە لە (ڕەخنە)وە هەنگاو دەنێین، ئەوە دەبینین زمانی مرۆڤی تاکە و ئەوەی پێوەی خەریکە، (ڕەخنەدۆز)ـە، کە نەک هەر پشتیوانیی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە دەست ناهێنێت، بەڵکوو دەکەوێتە بەر شاڵاویشیان، بەوەی ئاڕاستەیە بۆ تێگەیشتنی ئەوان، تا پایەکانیان تێک بشکێنێت و کەناڵی دیکەی جیاواز لەو تێکشکاندنەدا بکاتەوە. دواتر لەسەر ئەوە دەوەستین، کە ڕەخنە دەنگی (تاک)ـە بۆ ڕووبەڕووبوونەی (کۆ)، پێچەوانەی (ڕەخنەگر)، کە مەبەست (ڕەخنەگری میلـلییە) دەنگی (کۆ)یە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سەرکوتکردنی ئارەزووی (تاک). (ڕەخنەگر) هەمیشە زۆرینە پەسەندی کردووە. نووسەرە دیارەکانمان ڕەخنەگری ناسراون و ژمارەیەکی زۆر خوێنەریان هەن، کتێبەکانیان بەر لەوەی چاپ بکرێن، دەبنە مایەی خۆشحاڵیی بۆ زۆرینە، لە کاتێکدا (ڕەخنەدۆز) هەتا ئەگەر بیشناسرێت، خاوەنی خوێنەری کەمە. (مێشێل فۆکۆ) و (ژیل دولووز: Gilles Deleuze) لەناو فرەنسادا هێندەی نووسەرێکی سادەنووس خوێنەریان نەبووە. خوێنەری ئێمە بەگشتی (پاولۆ کۆیلۆ)ی ناسیوە، بەڵام ئایا شتێکی ئەوتۆ لەبارەی (ئومبێرتۆ ئیکۆ)وە دەزانێت؟ لە کاتێکدا هەم ڕۆماننووسێکی داهێنەر و هەم ڕەخنەدۆزێکی قووڵیشە. ئێستا ئەم پرسیارە خۆی دەسەپێنێت: ئایا ڕەخنەگرمان دەوێت، یان ڕەخنە؟ ئێمە فۆکەسمان لەسەر ڕەخنەیە، کە گوترا ڕەخنە دەنگی تاکە. ئەو تاکە وەک ڕەخنەدۆز هاتووەتە ناو بواری نووسینەوە، چونکە تینووی دەربڕینی خۆیەتی، نەوەک بیەوێت لاساییی بەرهەمی ئەوانەی تر بکاتەوە. تاک هەر بە سروشتی خۆی لاساییکەرەوە نییە، چونکە ئازارەکانی خۆی دەردەبڕێت، نەوەک هیی ئەوانەی تر. بە دەربڕینی (نیتشە) دروستبوونی ئەو تاکە پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە وەک چۆن منداڵ خۆی لە شیری دایک دەبڕێتەوە، ئاوا خۆی لە شیری مژدەدەرەکان بڕیوەتەوە و متمانەی بە هیچ هێزێکی دەرەوەی نییە. هیچ دامودەستگەیەکی کۆمەڵایەتی لە چەشنی خێزان، قوتابخانە، حیزب، پەرستگە و هیی تر هەڵیناسووڕێنن. دەگەینە ئەوەی بڵێین ڕەخنە ئەو ڕەگەزەیە، کە جوداکردنەوەی لە تاک مەحاڵە، بەوەی ئەو تاکە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدایە، کە وەک (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف ئەو دڵەڕاوکێیە بە جەوهەری ئازادیی تاک دەزانێت. بۆچی دڵەڕاوکێی هەیە؟ چونکە لە بەردەم هەڵبژاردەکاندا حەپەساوە. بۆچی حەپەساوە؟ چونکە توانای هەڵبژاردنی هەیە. دڵەڕاوکێ ئەوی خستووەتە بەردەم ئەوەی چی هەڵببژێرێت. هەر بۆیە (کیەرکەگۆرد) پێی وایە مرۆڤی تاک خۆیی هەڵبژاردووە. ئەو مرۆڤەی لە ڕووی بیرکردنەوەوە خۆی لە کۆمەڵ جودا نەکردووەتەوە، لە پرۆسەسی هەڵبژاردن، واتە لەوەی چی هەڵببژێرێت و چی نا، دوورە، مادام پێشتر بۆی هەڵبژێردراوە. ڕەخنەگر (بێگومان ڕەخنەگری میلـلیم مەبەستە) لە ڕێگەی وەسفەوە بەرگری لەو بەهایانە دەکات، کە بۆی ماونەتەوە. مرۆڤی پابەندی کۆمەڵ، دەستی بە حەقیقەتی چەسپاوەوە گرتووە، لە کاتێکدا مرۆڤی تاک بە دوای حەقیقەتی تردا دەگەڕێت. لانی کەم لە (نیتشە)وە، کە پێی وایە حەقیقەت وەستاو نییە، بەڵکوو بەردەوام پێویستمان بە حەقیقەتی تر هەیە، گەڕان بە دوای حەقیقەتی نوێ بووەتە ڕەگەزێکی گرنگ و خۆی خزاندووەتە ناو دنیای فیکری فەلسەفییەوە، بە ڕادەیەک ئەمە بووەتە جەوهەری فەلسەفەکانی پۆستمۆدێنیزم، کە ڕەخنەدۆزان بە پلەی یەکەم ڕەخنەیان لە سێنترالیزم گرت، بەوەی هەموو ئەو شتانەی بە لاوەناوە، گوایە لەگەڵ حەقیقەتی زانست و ڕۆشنگەریدا ناگونجێن. (نیتشە) بە تایبەت لە کتێبی (لە پشت چاکە و خراپەدا)دا حەقیقەت بە بت دەچووێنێت، کە دەبێت بە کوتەک لێی بدرێت. پێی وایە ژیان لە پێش حەقیقەتەوەیە، بۆیە پێویستە ژیان فەرمانڕەوای حەقیقەت بێت، بڕیاری هەموو کردار و فیکرێک بدات، نەوەک بە پێچەوانەوە. بنەمای حەقیقەت بۆشە، بەوەی تا ئەو کاتە درێژەی دەبێت، کە سوود بە ژیان دەگەیەنێت. کاتێ حەقیقەت بە ژیانەوە پێوەست دەکەین، ئەوە ئەو حەقیقەتە لە پێناوی خۆیدا حەقیقەتە، نەوەک لە پێناوی شتی تردا، کە سوود خۆی دەخزێنێتە ناویەوە. بەم شێوەیە هەر شتێک، چ مەتێریاڵی و چ مۆراڵی، بکەوێتە بەرچاو و بە زمان بگوترێت، دەبێتە حەقیقەت، بەڵام حەقیقەتی تەواو نا. کاتێ چاو کۆمەڵێک بەرد دەبینێت، زمان دەڵێت ئەو هەموو بەردە جوانە! ئایا بەردەکان هەموویان یەک قەبارە، یەک کێش، یەک ڕەنگ و یەک پێکهاتەیان هەیە؟ ئەو بیرۆکانە چەند وردن! ئایا هەموو بیرۆکەکان وەک یەک وان؟ ئایا هەر لەبارەی بەردەکان و بیرۆکەکانەوە پێویستمان بە بینینی تر و گوتنی تریش نییە؟ ئایا ئەو وەسفانە دروستن؟ ئەرێ کاتێ (پرسیار) شوێنی ئەو (وەسف)ـانە دەگرێتەوە، چی ڕوو دەدات؟ حەقیقەتی دوو گوتەکە وەک خۆیان دەمێننەوە؟ ئەو تێگەیشتنە لە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیدا ڕەنگی داوەتەوە، کە خاڵی هاوبەشی ڕێبازە ڕەخنەیییەکان دۆزینەوەی حەقیقەتی تری مرۆڤ و شتەکانیشە. لێرەوە فرەشێواز، فرەدەنگ، فرەڕەهەند، فرەلۆژیک شوێنی تاکشێواز، تاکدەنگ، تاکڕەهەند، تاکلۆژیکیان گرتەوە. (ژیل دولووز) وەک یەکێ لە ڕەخنەدۆزانی مۆدێرنیزم لە کتێبی (جیاوازی و دووبارە: Difference and Repetition)دا دەنووسێت ئەمڕۆ مەحاڵە بتوانین کتێبێکی فەلسەفی بەو شێوەیە بنووسین، کە کتێبی فەلسەفیی پێشووی پێ دەنووسرا، بۆیە هەوڵ دەدات فەلسەفەیەک دابمەزرێنێت، دوور لە کۆت و پێوەندی دەستەڵاتی ئۆفیشەڵ. (مارکیز) لە ڕۆمانی (پاییزی پەیتریارک)دا دەڵێت (هەر حەقیقەتێک حەقیقەتێکی تر دەشارێتەوە). لە دنیای فرەڕەنگدا هیچ حەقیقەتێک نە تەواوە و نە دەشتوانێت خۆی بگرێت. پرسیار ئەوەیە شێوازی نوێ، یان شێوازی تر لە کوێوە دێن؟ دیسان بۆ ڕەخنە دەگەڕێینەوە، کە زمانی تاکە، نەوەک هیی کۆ. دیسان پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە، کە هیچ حەقیقەتێک ناتوانێت بمێنێتەوە، تا فۆرمی کۆتایی وەربگرێت. هەر شێوازێک بەرهەمی قووڵبوونەوەیە لە پرسیاردا. کەواتە هێشتا لە دڵەڕاوکێ دوور نەکەوتووینەتەوە، کە وەک گوترا جەوهەری ئازادیی تاکە. تەنیا تاک مێژوو و زمانی هەن، بۆیە هەر ئەویش خاوەنی بەرهەمی جیاوازە، کە لێرەدا شێواز لە دایک دەبێت. ڕەخنەگر ناوەناوە دەنووسێت فڵان توانیویەتی شێوازێکی نوێ بهێنێت، بەڵام پێمان ناڵێت ئەو شێوازە نوێیە لە کوێوە هات، لە کاتێکدا ئەو نووسەرەی، گوایە شێوازی نوێی هێناوە، هەمان بیرکردنەوە و زمانی ئەوانەی تری هەن. لە گوتار و گفتوگۆکانیدا هەمان ئەو گوتانە دەڵێتەوە، کە لەم پەنجا ساڵەی ڕابردوودا بەردەوام گوتراون. خەمی یەکەمی ئەوەیە بەرهەمەکانی بگەنە جەماوەر و زۆرترین کەس بیانخوێننەوە، بگرە نەیانخوێننەوە، بەڵکوو بگەنە ماڵەکانیان. دەستی بەو حەقیقەتەوە گرتووە و لە دژی هەر دەنگێکی دیکەدا دەوەستێتەوە، کە دەیەوێت تێکی بشکێنێت. ئەو ڕەخنەگرە لە ژیان و حەقیقەت، دووەمیانی هەڵبژاردووە و پەلاماری هەر جوانییەک دەدات، کە یەکەمیان لە خۆی دەگرێت. شتێکی سەیر نییە ئەو ڕەخنەگرە نەبێتە خاوەنی مێتۆدێکی سەربەخۆ و تۆکمە، تا تێکستی پێ بخوێنێتەوە و ڕاڤەی بکات، بەڵکوو هەر جارێ شتێک دەڵێت، لەوەی پێشووی جودایە، تەنیا لەوەدا وەک یەک وان، کە وەسفن و چەند بڵێی سادەن. لە هەشتاکاندا لەبارەی ڕەخنەی خۆمانەوە دەمانگوت ڕەخنەگر لە چەرچی دەچێت. کاتێ شتێک لە کەسێک دەکڕێت، دەیشکێنێت، بەڵام کاتێ بە کەسێکی تری دەفرۆشێتەوە، پێیدا هەڵدەدات. ئەگەر ئەمڕۆ جووتێ پێڵاوی وەرزش بفرۆشێتەوە، باسی سوودی ڕۆیشتن دەکات. سبەی کاتێ کورسی دەفرۆشێت، سوودەکانی دانیشتن و زیانەکانی ڕۆیشتن دەژمێرێت، بە مەرجێ ئەو دەمەی جووتە پێڵاوەکەی کڕیوەتەوە، بە دانیشتنیدا هەڵداوە و ساتێ کورسییەکەی لە ژێر دەستی کڕیار دەرهێناوە، باسی چاکیی ڕۆیشتنی کردووە. وەسف لەو ڕەخنەگرە بستێنیتەوە، شتێکی وای بۆ گوتن پێ نامێنێت.

ژیل دۆلووز (١٩٢٥-١٩٩٤) فەیلەسوفی فەڕەنسی

لە ئەدەبی ڕوانگەوە تا ئەمڕۆ، چەمکی (ڕاستگۆیی) بە چەمکی (حەقیقەت)ـەوە گرێ دراوە. هەر جارێ ڕەخنەگر شتێکی نەبووە بۆ گوتن، خێرا پەلاماری ئەو گوتە بەستەزمانەی داوە: (ئەدەب دەبێت ڕاستگۆ بێت). لە نووسینی ساڵی حەفتاوە تا نووسینی ساڵی (٢٠١٦) ئەو ڕستەیەم دەقاودەق خوێندووەتەوە. هەمان شتە، کاتێ قوتابی ناچار دەکرێت داڕشتن بۆ مامۆستا بنووسێت، کۆمەڵێک گوتەی سواوی وەک (هەموو لە پێناوی نیشتماندا گیانمان فیدا دەکەین)، (ئەگەر گوڵ نییت، دڕکیش مەبە!)، (داری ئازادی بە خوێن ئاو دەدرێت) و هیی دیکە بە دوای یەکدا ڕیز دەکات، تا ژمارەی وشەکان بگاتە ئەو ئاستەی، مامۆستا دەیەوێت. لانی کەم من جارێک لە ساڵی (٢٠١٧)دا داوام لە نووسەرێک کردووە لەبارەی ئەو گوتەیەوە چەند دێڕێکم بۆ بنووسێت، بەڵام نەیتوانیوە، ئەگەرچی خۆم پێشەکی لەو بارەیەوە بۆچوونمم دەربڕیوە. ناتوانێت، چونکوو کۆنسێپتەکە خۆی هەر لەو ڕستە سادەیە پێک هاتووە، کە بەردەوام گوتراوەتەوە و گوتراوەتەوە. وەسفێکە، لە فۆلکلۆر وەرگیراوە و لانی کەم پەنجا ساڵە نووسراوەتەوە، بەڵام وەک خۆی ماوەتەوە. دارەبازەیە و لە مزگەوت دانراوە. لە کاتی ناشتنی مردوودا، دەیهێنن و دوایی بۆ شوێنی خۆیی دەگەڕێننەوە، چونکە کەسانی تریش پێویستیان پێی دەبێت. دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم بۆ ئەوەی بە چەمکی ڕەخنەدا بچینەوە، هاوکات بەسەرماندا دەسەپێت چاو بە چەمکی (حەقیقەت)دا بخشێنینەوە. (فۆکۆ) له‌ (سیسته‌می چه‌مک)دا پێی وایه‌ چه‌مکه‌کان به‌ ده‌سته‌ڵا‌ته‌وه ‌پێوه‌ستن، بگره‌ هه‌ر خۆیان ده‌سته‌ڵاتن‌، بۆیه‌ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر چه‌مکێک ملکه‌چی یاساکانی چاودێری، هه‌ڵبژاردن (Selection) و ڕێکخستنه‌. که‌واته‌ پێوه‌سته‌ به‌ سه‌رچاوه‌کانی ئایین، سیاسه‌ت، کولتوور، دابونه‌ریت و شتی له‌م بابه‌ته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر چه‌مکێک ده‌یه‌وێت ببێته‌ حه‌قیقه‌ت و بمێنێته‌وه‌. (فۆکۆ) هه‌ر له‌و نووسراوه‌دا ده‌ڵێت چاک ده‌ز‌انین بۆمان نییه‌ هه‌موو شتێک بڵێین و له‌باره‌ی هه‌ر بابه‌تێکه‌وه‌ و له‌ هه‌ر بۆنه‌یه‌کدا قسه‌ی خۆمان بکه‌ین، به‌وه‌ی بابه‌ته‌کان پیرۆزن. واته‌ ده‌بێت گوێ بدرێته‌ ئه‌وه‌ی، ئاخۆ ڕیچوه‌ڵی بۆ ساز کراوه‌. هه‌روه‌ها مافی گوتن له‌ به‌ر چاو گیراوه‌، که‌ به‌م شێوه‌یه ‌قسه‌که‌ر مافێکی تایبه‌تی گوتنی هه‌یه‌.هه‌موو بۆیان نییه ‌ببنه ‌خاوه‌نی ئه‌و مافه‌. لەمەوە ‌گوتن قه‌ده‌غه ‌ده‌کرێت، به‌وه‌ی ده‌چێته ‌ناو سیسته‌مەوە ‌و ده‌سته‌ڵات به‌ هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت. بۆ نموونه‌ بۆمان نییه‌ له‌باره‌ی سێکسواڵیتییه‌وه ‌قسه‌ بکه‌ین. ڕێگه‌مان نادرێت له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ بدوێین. پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت، کاتێ خۆمان له‌ناو چه‌مکێکی دیاریکراودا قه‌تیس ده‌که‌ین، ئه‌و میراته‌ دابه‌شکراوه‌مان له‌ به‌رده‌مدا قوت ده‌بێته‌وه‌، که‌ له‌نێوان ڕاستگۆیی و درۆدایه‌.‌ له‌ ڕوواڵه‌تدا وا خۆی ده‌نوێنێت نه‌ سته‌مگه‌رانه‌یه‌ و نه‌ به ‌شێوه‌ی یاساییشه‌، به‌ڵام کاتێ له‌باره‌ی ویستی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ ده‌پرسین، یان به‌ مانایه‌کی تر، کاتێ له‌ ڕێگه‌ی چه‌مکی خۆمانه‌وه‌ ده‌پرسین نموونه‌ی ئه‌و میراته‌ شاراوه‌یه‌ی ڕاستگۆیی و درۆ له‌ شێوه‌ گشتییه‌که‌یدا چییه‌، ئه‌وده‌م ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌م سیسته‌می به‌لاوه‌نان. مه‌به‌ستی (فۆکۆ) ئه‌وه‌یه چه‌مکی‌ ڕاستگۆیی و درۆ به‌و کو‌لتووره‌وه‌ پێوه‌ست کراون، که ‌هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌و دووانه‌ی لێک جودا کردوونه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت، یان ڕێ بدات قسه‌ی تریان لێوه‌ بکرێت. ئینجا به‌ وردی باس له‌وه‌ ده‌کات بۆ نموونه‌ لای یۆنانییه‌کان ڕاستگۆیی چۆن بۆ حه‌قیقه‌ت گۆڕاوه‌. ئەو نووسەرەی ئێمە، ئەو ڕەخنەگرە لە حەفتاوە تا ئەمڕۆ ده‌ڵێت نووسین ده‌بێت ڕاستگۆ بێت. ئایا ئەگەر نووسین بیه‌وێت ڕاستگۆ بێت، ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ ناگوێزێته‌وه‌، که‌ هه‌ن؟ ئایا مانای وا نییە ئەرکی نووسەر لەناو وەسفدا قەتیس دەکرێت؟ ئەوە جەختکردنەوە نییە لەسەر حەقیقەتی ڕەهای ئەو شتانە؟ کاتێ ده‌رەبه‌گێک ده‌ڵێت (پێویسته و کارێکی باشە ‌زه‌وی بکێڵرێت)، ئه‌وه‌ ڕاستگۆیییه‌ و زۆر پێویسته‌ زه‌وی بکێڵرێت. کارێکی چاکیشە، به‌ڵام بێگومان ئه‌و ده‌ره‌به‌گه‌ ده‌یه‌وێت زه‌وی بۆ خۆی بکێڵرێت و به‌و شێوه‌یه‌ش بکێڵرێت، که‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت. لێره‌دایه‌ وه‌ک (فۆکۆ) ده‌ڵێت و پێشتریش (نیتشه‌) گوتوویه‌تی نابێت به‌و حه‌قیقه‌ته‌ ڕازی ببین. ئه‌گه‌ر (نیتشه‌) پێی وایه‌ پێویستە به‌رده‌وام حه‌قیقه‌تی نوێ به‌رهه‌م بهێنین، ئه‌وه‌ (فۆکۆ) پێ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی به‌رده‌وامی چه‌مک داده‌گرێت. به‌ هه‌مان شێوه‌ (دولووز) لە کتێبی (فەلسەفە چییە؟)دا وا پێناسه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ده‌کات، که‌ بریتییه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی چه‌مکی تازه، بەو مانایەی فەلسەفە هونەری داهێنانی چەمکی نوێیە‌. مامۆستا کاتێ داوا له‌ قوتابییه‌کانی ده‌کات داڕشتن له‌باره‌ی (دڵسۆزی)یه‌وه‌ بنووسن، ئه‌وه‌ مه‌به‌ستیه‌تی ده‌وڵه‌ت، حیزب، ئایین، دابونه‌ریت و ‌هیی دیکە له‌ به‌رچاو بگیرێن. واته‌ دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئه‌وانه‌ دووپات بکه‌نه‌وه‌. ئەو نووسەرەی ئێمە، ئەو ڕەخنەگرە ده‌یه‌وێت بڵێت پێویستە ئه‌ده‌ب وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، ڕاستگۆ بێت. واته‌ خۆی له‌ ڕێگه‌ی زمانه‌وه‌ چه‌مکی (ڕاستگۆیی)ی فڕێ داوه‌ و کردوویه‌تیه‌ حه‌قیقه‌ت. به‌ مانا‌یەکی تر، بووه‌ته‌ ده‌سته‌ڵات. ئه‌و نووسه‌ره‌ی وه‌ک ئه‌و نانووسێت، ناڕاستگۆیه‌ و به‌ لاوه‌ ده‌نرێت. ڕەخنەدۆز، کە ڕەخنەگر نییە و جودایە به‌گژ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌دا ده‌چێته‌وه‌. واته‌ له‌ هه‌مان کۆنتێکستدا، نه‌وه‌ک هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دژی ڕاستگۆیییە. ئینجا په‌نا بۆ پرسیار دەبات‌، تا هه‌مان حه‌قیقه‌ت به‌رهه‌م نه‌هێنێتەوە‌. کاتێ دەپرسیت چۆن دەبێت ئەدەب ڕاستگۆ بێت، بەوە تۆمەتبار دەکرێیت، گوایە دەتەوێت ئەدەب درۆ، نەوەک ڕاستی لە خۆی بگرێت، لە کاتێکدا شتەکە پێوەندیی بە ڕاستی و درۆوە نییە، بەڵکوو پرسیار، پێچەوانەی وەسف ڕێنادات هیچ چەمکێک وەک حەقیقەتی ئەزەلی خۆی دەربخات و ئەدەبیش تەنیا بە لۆژیکی ناوەوەی، نەک هیی دەرەوەی، دەخوێنرێتەوە. ئەدەب نە درۆزنە و نە ڕاستگۆیشە، بەڵکوو ئەدەبە. ئەدەب خۆیەتی و هیچ بوونێکی تر نییە. ئەدەب ئەو ڕووبەرە سیحرییەیە، کە هەر شتێکی بخرێتە سەر، ماناکەی لێ دەستێنێت و بێژمار مانای تری دەداتێ. لەوێدا نە درۆ دەناسیتەوە و نە ڕاستییش. ئەدەب شتی دەخرێتە سەر، بەڵام ناخرێتە سەر شت، چونکە دنیایەکی دامەزراوی تەواو و بێسنوورە. وەک پێشتر گوترا تێکست زەوییە. دیارە مەبەستم لەو ئەدەبە نییە، کە لەسەر داخوازیی جەماوەر نووسراوە. لەو ئەدەبەدا دەتوانیت ئاسان شتەکان بناسیتەوە، مادام بە پرۆسەسی گۆڕاندا تێ ناپەڕن.

مێژووی فەلسەفە مێژووی ڕەخنەیە، چونکە پرسیار هەر لە سەرەتاوە بزووێنەری فەلسەفە بووە، لە کاتێکدا وەسف بەلاوەنانی خودی پرسیارە. بە مانایەکی تر، ڕەخنە لەگەڵ فەلسەفەدا سەری هەڵداوە. هەر لە ڕێی ڕەخنەوە ئاڕاستە فیکرییە جیاوازەکان دروست بوون.

مێژووی فەلسەفە مێژووی ڕەخنەیە، چونکە پرسیار هەر لە سەرەتاوە بزووێنەری فەلسەفە بووە، لە کاتێکدا وەسف بەلاوەنانی خودی پرسیارە. بە مانایەکی تر، ڕەخنە لەگەڵ فەلسەفەدا سەری هەڵداوە. هەر لە ڕێی ڕەخنەوە ئاڕاستە فیکرییە جیاوازەکان دروست بوون. (پلاتۆن) لە ڕێگەی ڕەخنەوە پێوەندیی لەنێوان فەلسەفە و هونەردا دۆزییەوە. (ئەریستۆ) لە ڕێگەی ڕەخنەوە (پلاتۆن) تێ دەپەڕێنێت. ڕەخنەدۆزان بەرهەمەکانی (ئەریستۆ) بە قۆناغی دامەزراندنی ڕەخنە دادەنێن، کە لە کۆمەڵێک چەمکی وەک هونەری شیعر، ڕێتۆریک، مێتافۆر و هیی دیکەی کۆڵیوەتەوە. (دێکارت) لە سەدەی حەڤدەدا ڕەخنە لە میراتی (ئەریستۆ) و تێکڕای ڕێبازە فەلسەفییەکانی پێشوو دەگرێت، تا مێتۆدێکی دیکەی جیاواز لەسەر گومان دادەمەزرێنێت و هەموو شتێک لە خەونەوە بۆ هەست، لە یادەوەرییەوە بۆ خەیاڵ، بگرە سەرتاپێی جیهانی دەرەوە دەخاتە ناو ئەو گومانەوە. لە سەدەی هەژدەدا (کانت) بە شێوەیەک بایەخ بە ڕەخنە دەدات، دەگاتە ئەوەی سەردەمەکەی بە سەردەمی ڕەخنە بناسرێتەوە و کتێبە گرنگەکەی ناو بنێت (ڕەخنە لە عەقڵی پەتی)، لە کاتێکدا ئەو ڕەخنەیە بۆ ناوەوە ئاڕاستەیە، بەو مانایەی ڕووبەڕووی خودی عەقڵی فەلسەفی دەبێتەوە. (هیگڵ) شێوازێکی تری ڕەخنە دەهێنێت و بەگژ میراتی (کانت)دا دەچێتەوە، بەڵام لەگەڵ (نیتشە)دا ڕەخنە دەچێتە ئاستێکی تری تەواو جیاوازەوە. سەدەی نۆزدەم، کە بە (هیگڵ) دەست پێ دەکات، سەدەی ڕەخنەیە. بە خۆڕایی نییە (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی لە ژێر ناونیشانی (نیتشە، فرۆید و مارکس)دا بۆ کتێبی (فەلسەفە لە سەردەمی تراجیدیای گریکیدا)ی (نیتشە)ی نووسیوە، ئەو سێ ڕەخنەدۆزەی کردووەتە ناونیشان، کە هەتا ئەمڕۆیش بەهێزەوە لەناو فیکری ڕەخنەییدا ئامادەن. قوتابخانەی فرانکفۆرت وەک قوتابخانەیەکی ڕەخنەیی لە کۆتاییی دەیەکانی سەدەی بیستەم دادەمەزرێت. (تیۆریی ڕەخنەیی) دەبێتە هاوواتای ئەو قوتابخانەیە، کە لە سەرەتاوە بۆ ئەوە هاتووە ڕەخنە لە میراتی (کانت)، ئایدیالیزمی (هیگڵ)، دیالەکتیکی (مارکس) بگرێت، بەو ئامانجەی تیۆرییەکی کۆمەڵایەتیی فرە سەرچاوە لە خۆیدا بەرجەستە بکات، کە لەم ڕووەوە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە پەنایان بۆ مارکسیزم، تیۆریی دەروونشیکاری و لێکۆڵینەوەی ئیمپریکەڵ بردووە. (هۆرکایمەر)، وەک قوتابییەکی ئەم قوتابخانەیە بەر لە شەڕی دووەمی گێتی کتێبی (تیۆریی ترادیشناڵ و تیۆریی ڕەخنەیی) دەنووسێت، کە دەیەوێت دوو جۆر ڕەخنە لە یەک جودا بکاتەوە: ئەو ڕەخنەیەی بە مێتۆدی پۆزیتیڤیزمەوە پێوەستە، لە ژێر کاریگەریی مێتۆدی زانستیی سروشتیدایە، لە کاتێکدا تیۆریی ڕەخنەیی پێ لەسەر ڕەخنە دادەگرێت، بە مەبەستی ڕزگارکردنی لە کۆت و پێوەندەکان. لەبەر ئەوەیە فۆکەس لەسەر مارکسیزم و فرۆیدیزم دەکات، تا بە شێوەی تر بیانخوێنێتەوە و لە ژێر دەستەڵاتی ئایدیۆلۆجیایان ڕزگار بکات.

blank
پۆرترێتی کاروان عومەر کاکەسوور، نووسەر و ڕۆماننووسی کورد… شێوەکار گەیلان عەبدوڵلا

کاتێ ئەم چەند نموونەیە بە شێوەی کرۆنۆلۆجی دەهێنمەوە، مەبەستم نییە باس لە مێژووی گەشەکردنی ڕەخنە بکەم، لە کاتێکدا خودی مێژووەکە لەوە قووڵتر و هەمەلایەنەترە، کە هەر بۆ نموونە لەناو جیهانی ئیسلامیدا مێژوویەکی تری ڕەخنەمان هەیە، بە ڕادەیەک کۆمەڵێک ڕەخنەدۆز بە هۆی ڕەخنەوە گیانیان لە دەست داوە و کتێبەکانیان سووتێنراون. بۆ نموونە بەرهەمە ڕەخنەیییەکانی (ئیبن خەلدوون) لە بواری مێژوو و سۆسیۆلۆجیاداتا ئەمڕۆیش هێزی خۆیان پاراستووە. ئەوەی مەبەستمە لەم شوێنەوە پێی بگەم، ئەوەیە، ئایا ئێمە ڕەخنەمان هەیە؟ پێم وایە ئەو پرسیارە ئەگەر بە ڕوواڵەت ئاسان بێتە بەر چاو، ئەوە لە جەوهەردا پرۆبلەماتیکەڵ و ئاڵۆزە، بەوەی دەبێت بپرسم ئایا تەنیا ئەوانە بە ڕەخنەی من دادەنرێن، کە بە زمانەکەم دەنووسرێن؟ ئایا بەرهەمەکانی (بارت) بۆ نموونە هیی منیش نین؟ ئایا ئەوانەی (عەلی حەرب) پێوەندییان بە منەوە نییە؟ هەتا ئەگەر مەبەست لەو تێکستە ڕەخنەیییانە بن، کە بە کوردی دەنووسرێن، دیسان وەڵامدانەوەی سەختە، بەوەی ناکرێت بە شێوەی ڕەها بڵێم ڕەخنەمان نییە، وەک چۆن ناتوانم بە شێوەی ڕەها بڵێم هەمانە. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم ئەگەر هەندێک هەوڵی کەمی لێ دەربکەین، کە ئەو هەوڵانە هەندێکیان لەناو زانکۆ و هەندێکیان لە دەرەوەیدان، ئەوە ئێمە تا ئەم ساتەیش نەک هەر لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیکری ڕەخنەییدا نیین، بەڵکوو نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بمانەوێت لە فیکری ڕەخنەییی دەرەوەی خۆیشمان بگەین، بۆیە پێم وایە قسەکردن لەبارەی ڕەخنەی خۆمانەوە (ئەو ڕەخنەیەی کوردزمان نووسیویەتی) بۆ ئێستا سەختە، بەڵام وەک گوتم دەکرێت ئەو ڕوانینە دەربخەین، کە بە گشتی نووسەرانی ئێمە بۆ چەمکی ڕەخنەیان هەیە، کە ئەمە بۆ ئەوەمان دەباتەوە چۆن لە چەمکی وەسف بدوێین، بەوەی وەک گوترا وەسف دەستەڵاتی گەورەی بەسەر بیرکردنەوەی ئێمەدا هەیە.

blank
ئۆمبێرتۆ ئیکۆ (١٩٣٢-٢٠١٦) فەیلەسوف و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری ئیتالیایی

ڕەخنەی ئەدەبی لە ڕەخنەی فەلسەفی جودا ناکرێتەوە، بەوەی هەمیشە فەلسەفە چوارچێوەی ئەدەب بووە، وەک چۆن ئەدەب بەردەوام پەناگەی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانە. بە گشتی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابردوو هەوڵی زۆریان داوە دیواری نێوان ژانرەکان بڕووخێنن، کە مۆدێرنیتی هەڵیچنیبوون، بەو مەبەستەی دوای ڕووخانیان، ئەو کرانەوەیییە بێتە دی و ڕەگەزەکان بتوانن کۆمەکی یەکتر بکەن. ڕۆمان لە شێوەی شیعر، شیعر لە شێوەی چیرۆک، چیرۆک لە شێوەی فەلسەفە، فەلسەفە لە شێوەی ئەدەبی گێڕانەوە و هیی دیکە پەرەیان پێ درا. ئەمە باسێکی سەربەخۆیە و پێشتریش لەسەری وەستاوم، کە ئێستا لەوە زیاتری پێویست نییە. ئەگەر تەنیا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەمەوە دەست پێ بکەین، کە چۆن ڕەخنەی ئەدەبی گەشەی کردووە و چەند قوتابخانەی ڕەخنەییی لێ کەوتووەتەوە، لە ئێمپرێشینیزمەوە هەنگاو دەنێین تا دەگەینە سترەکچرالیزم، پۆستسترەکچرالیزم، گێنەتیکسترەکچرالیزم، تیۆریی خوێنەر، یان وەرگر (Reader Response Theory) و کۆمەڵێکی دیکە. هاوکات چەند ناوی وەک (ئەناتۆل فرانس)، (ئەندرێ جید)، (جۆرج لۆکاچ)، (لۆسیان گۆڵدمان)، (باختین)، (جاکۆبسۆن)، (ڕۆلان بارت)، (تۆدۆرۆڤ)، (ئۆمبیرتۆ ئیکۆ)، (ولفگانگ ئایزەر) و زۆری ترمان دەکەونە بەر چاو. خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانە ڕەخنەیە لەوەی تا ئێستا بەرهەم هاتووە. واتە پرسیار، نەوەک وەسف، بۆیە کۆمەڵێک چەمکی وەک ڕاڤە، هەڵوەشاندنەوە، ئیستاتیکای وەرگر، کۆنتێکست، شیعریەت، سێمیۆتیکا، خوێندنەوە، خوێنەری ناواخن (TheImplied Reader) و هیی دیکە لە دایک بوون. وەسف تەنیا لە نەبوونی پرسیاردا دەتوانێت دەربکەوێت. هەر کاتێ وەسف هەیە، خوێندنەوە و وردبوونەوە گومن. کاتێ سەرنج لە تیۆرییە ڕەخنەیییەکانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابردوو دەدەین، دەبینین چەمکی تێکست خاڵی هاوبەشی هەموویانە. (نیتشە) لەسەر زمانی (زەردەشت)دا مرۆڤی باڵا بە (زەوی) دەچووێنێت، بەو مانایەی ‌پێوەندیی بەتین لەنێوان مرۆڤی باڵا و ژیاندا هەیە، کە ژیان شتێکی واقیعییە. من پێوەندییەک لەنێوان ئەو تێگەیشتنەی (نیتشە) و سەرجەم تیۆریی ئەو ڕەخنەدۆزانەدا دەبینم، کە بایەخی گەورە بە تێکست دەدەن، وەک بڵێی تێکست زەوی بێت، بە مانایەکی تر ژیان بێت، تەنانەت ئەو ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنەیان لەوە گرتووە، کە تێکست مافی زۆری پێ دراوە و فۆکەسیان لەسەر چەمکی خوێنەر کردووە، وەک تیۆریی وەرگری (ئایزەر) و ئەوانەی تر، هێشتا مانای وا نییە تێکستیان بە لاوە ناوە، بگرە لای ئەوانیش هەمان قورساییی هەیە. ئەگەر لە دیدی (نیتشە)دا ژیان هێزێکە، بە شێوەی ڕەمەکی (ڕاندەملی) ڕێ دەکات، بێ ئەوەی هیچ ئامانج و مەبەستێکی دەرەکی هەڵیبسووڕێنێت، ئەوە تێکستیش وایە. ڕەخنەدۆزانی سترەکچرالیزم پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی تێکستەوە، بەڵکوو تێکست دنیایەکی سەربەخۆیە و بە کەرەستەکانی خۆیشی دەخوێنرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە لای ئەو ڕەخنەدۆزانەیشدا ماوە، کە هێندەی تێکست بایەخ بە چەمکی خوێنەریش دەدەن. ئایا لای (ئیکۆ) لە پاڵ چەمکی خوێنەردا، چەمکی تێکست بایەخی گەورەی نییە؟ تۆخکردنەوەی ڕۆڵی خوێنەر بەو مانایەیە، ئەرکی ڕاڤە لە ئەستۆ بگرێت و مانا شاراوەکانی تێکست بدۆزێتەوە، بەوەی ئەو مانایانە فرەڕەهەندن. ئەمە پێچەوانەی وەسفە، کە لە دوورەوە شتە زانراوەکان دەڵێتەوە، بە ڕادەیەک ئەو شتانە دەکرێت لەبارەی هەر تێکستێکی ترەوە بگوترێن. دیارە ئێمە لێرەدا بواری ئەوەمان نییە باس لەوە بکەین هەر یەک لەو تیۆرییانە چۆن لەو چەمکە دەڕوانێت، بەڵام دەڵێین ئەوە تێکستە بووەتە جێگەی ڕامان. هەر بە ڕاستی تێکست زەوییە، بەوەی هەم دەکرێت بە کەرەستەکانی خۆی خانوو و تەلاری لەسەر هەڵبچنیت، هەمیش دەکرێت هەڵیبکۆڵیت و بە دوای نهێنییەکانیدا بگەڕێیت. بۆ ئەوەی لە تێکست بگەین، بەسەرماندا دەسەپێت پێی بگەین، کە ئەوەی پێمانی دەگەیەنێت، پرسیارە، بەوەی تەنیا لە ڕێگەی پرسیارەوە دەتوانین بنەماکانی تێک بشکێنین و بە دەربڕینی (دێریدا) دایبمەزرێنینەوە، بەو مەبەستەی هەم پرۆسەسی تێکشکاندن و هەم پرۆسەسی دامەزراندنەوەیش بەردەوام ببن، لە کاتێکدا وەسف نەک ناگاتە قووڵاییی تێکست، بەڵکوو ناگاتە سەر ڕوویشی. ناگات و هەر لە دووریەوە دەوەستێت. ڕەخنەگر بەو زمانە میلـلییەی چۆن لە خەڵکی وەرگرتووە، ئاوا هێناویەتی و دەستکاریی نەکردووە؛ لە بارەیەوە دەدوێت، ئینجا یان پێیدا هەڵدەڵێت، یانیش دەیشکێنێت. لە هەردوو بارەکەیشدا پشتی بەو تێگەیشتنە باوە بەستووە، کە لە نەوەکانی ترەوە بۆی ماوەتەوە. بۆ نموونە ئەو دەزانێت لە ڕوانینی خەڵکدا ڕەنگی سپی و فریشتە جوانن. چینێکی تر دەخاتە سەر ئەو ڕوانینە و دەڵێت (لە سپی سپیترە)، (لە فریشتەی تێپەڕاندووە)، (گیانێکی فریشتەیییانەی سپیی هەیە)، (دڵی وەک شووشە وایە) و هیی دیکەی لەم چەشنە. بە لاکەی تریشدا ڕەنگی ڕەش و ئیبلیس بەپێی هەمان ڕوانین، ناشیرین و قێزەونن. هەردووکیان بە نەفرەت دەکات. واتە کاری ئەو ڕەخنەیە، چ لە شێوەی نووسینی ئەدەبدا و چ لە شێوەی قسەکردن لەبارەی ئەو ئەدەبەوە، تۆخکردنەوەی ئەو ڕوانینە میلـلییەیە. لای ڕەخنەگر ئەو تێکستانەی هەمان تێگەیشتنی ئەویان هەیە و لە ئاستی چاوەڕوانیی خۆیدان، گرنگن و ئەوانەی تر بێبایەخن. (ئومبێرتۆ ئیکۆ) لە کتێبی (خوێنەر لە ئەفسانەدا)دا چوار ئاستی بۆ بەریەککەوتنی خوێنەر و تێکست دەستنیشان کردوون، کە لە ڕووی فۆرمەوە (گرەوی پاسکال: Pascal’s Wager)م بە بیر دەهێنێتەوە. ئاستەکان ئەمانەن: یەکەم، تێکستی کراوە و خوێندنەوەی کراوە. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵە و بە وردی دەخوێنرێتەوە. دووەم، تێکستی کراوە و خوێندنەوەی داخراو. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵە، بەڵام بە سادەیی دەخوێنرێتەوە.سێیەم، تێکستی داخراو و خوێندنەوەی داخراو. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵنییە و خوێندنەوەکەیشی سادەیە. چوارەم، تێکستی داخراو و خوێندنەوەی کراوە. واتە ئەو تێکستەی هەڵگری مانای قووڵ نییە، بەڵام لە ئاستیدا خوێندنەوەی ورد ئامادەیە. ئامادەیە، ئەگەرچی هیچی شاراوەی لێ دەست ناکەوێت، تا لێکیان بداتەوە. ڕەخنەگری ئێمە (ڕەخنەگری میلـلی) پێوەندیی بە دووەم و سێیەمەوە هەیە. هەر کاتێ خۆی لە ئاستی تێکستی کراوەدا دەبینێتەوە، بەو خوێندنەوە ساکارەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەڵێت هیچ نییە، بەڵام کاتێتێکستی سادە دەخوێنێتەوە، کە هەمان ئەو شتانەی گوتوون، خۆیشی دەیانزانێت و لەگەڵیاندا گەورە بووە؛ گەشکە دەیگرێت و بەو زمانە وەسفییەی دەڵێت داهێنانە. ئەگەر بۆ ئەو تێگەیشتنە بگەڕێینەوە، وا لە کتێبی (پلەی سفری نووسین)ی (بارت)ـەوە هەڵمانهێنجاوە، کە پێی وایە نووسینی پلەسفر لە کۆت و پێوەندی سەرجەم بۆچوون و باوەڕە باوەکان ڕزگاری بووە و بووەتە تاک، مانای وایە شتی نوێ و نەزانراو لەو نووسینەدا هەن، بۆیە کردوویانەتە تاک. بەم شێوەیە خوێندنەوەی ڕەخنەگر بە زمانی کۆ، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی بە ئامڕازی وەسف، جۆرێکە لە شێروخەت. باشە، یان خراپە؟ بە ڕوونی هەرنووسینێکی تاک بەتێگەیشتنی کۆ جۆرێکە لە لادان، بۆیە لەو شێروخەتەدا، دووەمیان دەهێنێت، پێچەوانەوەی ئەو نووسینەی هەمان تێگەیشتنی کۆی دووپات کردووەتەوە، کە ئۆڵرەدی یەکەمیانی بەر کەوتووە. بێبایەخکردنی تێکست و ڕاڤەنەکردنی، بێبایەخکردنی ژیانە. ئەو چێژەیە بۆ ژیان وامان لێ دەکات، پێوەی بلکێین و قووڵاییی ئەو ژیانە ببینین. (پۆول ڕیکۆر) لە کتێبی (لە تێکستەوە بۆ کردار)دا پێی وایە تێکست دیسکۆرسێکە، نووسین سەپاندوویەتی، بەو مانایەی چەمکێکە، دەکرا بە دڵنیایییەوە بیڵێین، بەڵام دەینووسین، چونکە نایڵێین. بەم شێوەیە نووسین شوێنی قسە دەگرێتەوە. لە دیدی (ڕیکۆر)دا بەهای نووسین لەوەدایە بخوێنرێتەوە و لێک بدرێتەوە. هەر ئەو پێی وایە کۆنتێکستی زمان شاراوەیە و لە دەرەوەی کاتدایە. ئەوەی ئامادەیە، نووسینە. وەک گوترا وەسف دوورمان دەخاتەوە ئێمە بەو نووسینە بگەین، تا لێکی بدەینەوە و مانا شاراوەکانی دەربخەین. تێکستی سادە، یان بە دەربڕینی (ئیکۆ) تێکستی داخراو ماناکانی ئاشکران و بۆ دەرەوەن، بەوەی ئاڕاستەن بۆ شتێکی زانراو، کە کراوەتە ئامانج، بەڵام تێکستی قووڵ، واتە تێکستی کراوە ماناکانی هەم بۆ ناوەوە و هەم بۆ دەرەوەن، چونکە ناوەوە دنیایەکی دامەزراوە و لە ڕێی زمانەوە هاتووەتە بوون، بۆیە توانای ئەوەی هەیە دایەڵۆگ لەگەڵ دەرەوەیدا بکات، بەو مانایەی بگاتە خوێنەر، کە (ڕیکۆر) لە کتێبی (ململانێی ڕاڤەکان)دا بە تەقاندنەوەی زمانی دەچووێنێت، بەو مانایەی دەکرێتەوە و ڕوو لە دەرەوەی خۆی دەکات.

وەسف ڕێگەیەکە بۆ کوشتنی ئارەزوو (Desire)، بەوەی لە جیاتیی ئەوەی ئاڕاستەکە بۆ خودی تێکست بێت، بۆ دەرەوەیەتی و لەوێوە هەموو ئەو شتە سواوانە دووبارە دەکرێنەوە، کە لە زووەوە لەسەر ئاستی میلـلیدا ناسراون و گوتراون. بە مانایەکی تر، بوونەتە دەستەڵات.

وەسف ڕێگەیەکە بۆ کوشتنی ئارەزوو (Desire)، بەوەی لە جیاتیی ئەوەی ئاڕاستەکە بۆ خودی تێکست بێت، بۆ دەرەوەیەتی و لەوێوە هەموو ئەو شتە سواوانە دووبارە دەکرێنەوە، کە لە زووەوە لەسەر ئاستی میلـلیدا ناسراون و گوتراون. بە مانایەکی تر، بوونەتە دەستەڵات. (دولووز) و (گاتاری) بە تایبەتی لە کتێبی (سکیزۆفرینا و کاپیتالیزم)، بە هەردوو بەشی (ئەنتی ئۆدیپ) و (هەزار بان)دا بایەخی گەورە بە چەمکی (ئارەزوو) دەدەن، بەوەی ئارەزوو ئەوە نییە (فرۆید) لە چوارچێوەی خێزان و لەناو سێگۆشەی (کوڕ، دایک و باوک)دا قەتیسی کردووە، بەڵکوو زۆر لەوە گەورەترە، بە ڕادەیەک پەل بۆ بوارەکانی کۆمەڵایەتی، پۆلیتیکس، ئابووری و هیی دیکەیش دەهاوێت. (ئارەزوو) بوونێکی تەواوە، بۆیە لە خاڵێکدا ناوەستێت، بگرە دەبێتە ئامڕازی بەرهەمهێنان، مادام نەست پێچەوانەی بۆچوونی (فرۆید) شانۆی بەرهەمهێنانە و سنووری نییە. ئارەزوو هێزی هەیە بەگژ هەموو سەرکوتکردن و پەلاماردانێکی دەرەوەدا بچێتەوە، بۆیە ئارەزوو بە پلەی یەکەم دژی دەستەڵاتە. بە مانایەکی دیکە، دەستەڵات بە هەموو فۆرمەکانیەوە بەردەوام ویستوویەتی (ئارەزوو) کپ بکات و سنووری بۆ دابنێت. ئەو تێگەیەشتنە، کە (دولووز) لە ئەنجامی خوێندنەوەی ڕەخنەیییانەی (سپینۆزا)، (مارکس)، (نیتشە)، (بێرگسۆن)ـەوە هەڵیهێنجاوە، هەمیشە لەناو ئەدەبدا هەبووە و گەشەی کردووە. ڕاستییەکەی چەمکی (ئارەزوو) لە (پلاتۆن)ـەوە بۆ (سپینۆزا)، بۆ (کانت) و بۆ (هیگڵ) بۆ (سارتەر) و تا (لاکان) و دواتریش بەردەوام بە بزووێنەری داهێنان دانراوە، لە کاتێکدا ڕەخنەگری ئێمە لە ڕێگەی وەسفەوە هەوڵی سەرکوتکردنی دەدات. بەگشتی ڕەخنەی کوردی لە ڕوانگەوە بۆ ئەمڕۆ، لە دژی (ئارەزوو) وەستاوەتەوە و ویستوویەتی ملکەچی هەندێ حوکم و بڕیاری دەستەڵاتدارانەی بکات. بەسەریەوە بووەتە چاودێر و مەبەستیەتی دووری بخاتەوە. سەرجەم ئەو نووسەرانەی لە دنیای ئێمەدا بایەخیان بە (ئارەزوو) داوە و دەیدەن، بە لاوە نراون و خراونەتە پەراوێزەوە، بگرە گوم کراون.

 ئەمڕۆ بەشێکی ڕۆماننووسە دیارەکانمان لەسەر داواکاریی خوێنەر بایەخی یەکەم بە وەسف دەدەن. ئەگەر وەسف لەو ڕۆمانە قەبانە بستێنیتەوە، چەند لاپەڕەیەکی کەمیان لێ دەمێنێتەوە. وەسف هەر بە سروشتی خۆی درێژدادڕە، کە (نیتشە) لە دژی وەستاوەتەوە، بۆیە لە زۆرینەی بەرهەمەکانیدا پەنای بۆ شێوازی ئەفۆریسم (Aphorism) بردووە، بگرە گاڵتەی بەو نووسەرانە کردووە، کە قەبارەی فیکریان بچووکە، بەڵام وا تێگەیشتوون قووڵاییی شت لە درێژی و مەزنییەکەی لە فرەوانیدایە. پێی وایە ئەو شتەی بە کورتی دەگوترێت، بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی درێژە. ئەمڕۆ هۆکاری بەشێکی درێژبوونەوەی هەندێک لەو کتێبانەی ئێمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە نووسەرەکانیان زمانی نووسین نازانن و لە یارییەکانی گراماتیک بێئاگان. لە تەکنیکەکانی گێڕانەوە قووڵ نەبوونەتەوە، بەوەی وەسف هەمیشە پێویستی بە دەربڕینی ڕاستەوخۆیانە هەیە. ئەوان بایەخ بە ڕازاندنەوەی مانای ناسراوی ئەو چەمکانە دەدەن، کە زۆرینە پەسەندی کردوون. فریشتەیەکی بدەرێ و دوای ماوەیەکی کورت لەگەڵ کتێبێکی قەبەدا بۆتی دەگەڕێنێتەوە. ئینجا نۆرەی ڕەخنەگر دێت، تا بە زمانی میلـلی وەسفی بکات. ئەرکی هەندێک مێدیای حیزبی و ناحیزبییش، ئەوەیە، پێیدا هەڵبڵێن و مژدە بە جەماوەر بدەن، کە هەزاران دانەی لێفرۆشراوە. (نیتشە) بەشی یەکەمی کتێبی (زەردەشت ئاوا دوا)ی لە ماوەی دە ساڵدا نووسی. هەندێک لەو نووسەرانە ساڵانە لە پاڵ کۆمەڵێک گفتوگۆ و کۆڕدا، لە پاڵ چەند گوتارێکی وەسفاویدا، کتێبێک دووانیش هەر دەنووسن، چونکە وەسف ئاسانکارییان بۆ دەکات لە ماوەیەکی کورتدا سەدان لاپەڕەڕەش بکەنەوە. هەیە بە سواری وەسف دەگاتە ئەوروپا و دەیان کەس کۆ دەکاتەوە، تا ئەو گوتانەیان بۆ بڵێتەوە، کەسی ساڵە دەیانجووێتەوە و لێیان بێزار نابێت. وەک (نیتشە) دەڵێت ئەوانە نەک تەنیا شتەکانی خۆیان، بەڵکوو هیی ئەوانەی تریش دەگوێزنەوە. ئەو نووسەرانە لەسەر بەرهەمی ئەوانەی تر دەژین، بەوەی بیرۆکەکانیان وەردەگرن و دەیانخەنە ئاستی میلـلییەوە، تا جەماوەر ئاسان لێیان تێ بگات. شتێکی سەیر نییە، کە ئەو خوێنەرانەی هەمان ڕوانینیان هەیە، لەو ڕۆمانانەدا بە دوای گوتەی نەستەقدا دەگەڕێن، تا لە سۆشیالمێدیادا بڵاویان بکەنەوە. هاوڕێکانم جاروبار هەندێک لەو گوتانەم بۆ دەنێرن، کە هەمان قسەی ناو دڵی جەماوەرن. (مۆریس بلانشۆ) لە کتێبی (پرسیاری نووسین)دا نووسیویەتی پرسیار توێژینەوەیە، توێژینەوەیش توێژینەوەی ڕەگەکانە، لێکۆڵینەوە و ڕۆچوونە بۆ قووڵایی، هەڵکۆڵینی بناغە و دۆزینەوەی بنەماکانە. هەر ئەو لە هەمان کتێبدا دەڵێت پرسیار ئارەزووی فیکرە. دوو ڕستە بە نموونە دەهێنێتەوە. یەکەمیان، (ئاسمان شینە) و دووەمیان، (ئایا ئاسمان شینە؟)یە. دەڵێت پرسیار وا دەکات (شیناییی ئاسمان) شوێنی چۆڵ ببێت، بە مەرجێ (شیناییی ئاسمان) لە ناو نەچووە و نەسڕاوەتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەڵکشاوە، تا ئەوەی تواناکەی پێگەیشتووە، کە پێشتر (شینایی) ئەو توانایەی نەبوو. ئێستا پێوەندییەکەی لەگەڵ ئاسمان بەهێزترە. ئەو ڕەخنەگرەی ئێمە دەزانێت لای خەڵک ئاسمانی شین جوانە، بۆیە چینێکی تری دەخاتە سەر و دەنووسێت (ئاسمان زۆر شینە، لەوە شینترە، کە تۆ دەیهێنیتە بەر چاو. شینایییەکەی لەڕادەبەدەرە. وای ئەو شینایییە چەند جوانە! ئەو شینایییە مەگەر… هەر ئەو شینایییەیە، کە وا دەکات… ئای شینایی، بتخۆم…). ئەمە لە تێکستی ئەدەبیدا، بەڵام بە هەمان شێوە لە ڕەخنەدا ڕەخنەگر دەنووسێت: (بە ڕاستی جوان باسی شیناییی ئاسمانی کردووە. نووسەر یان ئاوا باسی شیناییی ئاسمان بکات، یان ئەگەر بۆی ناکرێت، با دەمی دابخات. داخستنی دەم لە ئاستی شیناییی ئاسماندا، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. ئاخر شیناییی لەم شێوەیە هەر بۆ ئەوە باشە… ئەوانەی نازانن باسی شیناییی ئاسمان بکەن، پێویستە خۆیان و…). بەم شێوەیە وەسف مانا زانراوەکانی تێکست نەک هەر دەپارێزێت، بەڵکوو تۆختریان دەکاتەوە، لە کاتێکدا پرسیار ئەو مانا زانراوانە تێک دەشکێنێت و هیی دیکە دەدۆزێتەوە. چەمکی (ترس) لە ئاستی میلـلیدا بە نەگەتیڤ سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا لە فەلسەفەی (کیەرکەگۆرد)دا دەبێتە بزووێنەری ئازادی. (خەم) لای (شۆپێنهاوێر) و (نیتشە) ئەو مانایەی نامێنێت، کە پێشتر هەیبووە. نووسەری شەیدای وەسف هەمیشە لای (چاکە)یە، چونکە زۆرینە (چاکە)ی پەسەند کردووە و ماناکانی دەرکەوتوون، پێچەوانەی (خراپە)، کە بە لاوە نراوە و ماناکانی شاراوەن. ئەوەتە (جۆرج باتای)ی فیلۆسۆفی فرانسی لە کتێبی (ئەدەب و خراپە)دا بۆ ئەو نووسەرانە دەگەڕێتەوە، کە لە ڕێگەی (خراپە)وە داهێنانیان کردووە. (ئیمیلی برۆنتێ)، (بۆدلێر)، (ولیام بلێک)، (کافکا)، (پرۆست) و هیی دیکەی بە نموونە هێناونەتەوە و لە بەرهەمەکانیاندا بە دوای ئەو چەمکەدا گەڕاوە. واتە (خراپە) لە ئەدەبدا ئەو مانایەی لە دەست دەدات، کە جەماوەر ناسیویەتی. (باتای) پێی وایە ئەدەب بێوەی نییە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری نووسەری ئێمە کردوویانەتە ڕێگەی لاواندنەوەی ئەو جەماوەرە. بە گشتی ڕەخنەدۆزان لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕێی پرسیارەوە مانای تر لە هەر شتێکدا بدۆزنەوە، چونکە ئەو مانایە بووەتە دەستەڵات، تەنانەت دەستەڵاتی سیاسی لە مانەوەی ئەو مانایەدا ڕەوایەتی وەردەگرێت و لەوێوە هەر مانایەکی تر سەرکوت دەکات، کە جیاوازە. دیکتاتۆرەکان ڕۆڵەی ڕاستەقینەی تاکمانان و پارێزگاریی لێ دەکەن. نووسەرانی وەک (دۆیستۆیڤسکی)، (نیتشە)، (فرۆید) و زۆری تر نەخۆشییە دەروونییەکانی خۆیان کردووەتە سەرچاوەی داهێنانی گەورە، کەچی ئەمڕۆ ڕەخنەگر هێرش دەکاتە سەر نووسەرانی خۆمان، گوایە نەخۆشن و بە دەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەتلێنەوە. هەر بەو زمانە وەسفییەیشی ناوی دەیان لەو داهێنەرە نەخۆشانەی هێناون و پێیدا هەڵگوتوون.

شتێکی سەیر نییە هەموو ئەوانەی بایەخی یەکەم بە وەسف دەدەن، هەر ئەوانیش بن بڵێین زمان گرنگ نییە، لە کاتێکدا زمان پرسیاری فەلسەفە بووە لە (پلاتۆن)ـەوە تا ئەمڕۆ، کە لە بەرهەمەکانی پێشوومدا هەوڵم داوە لەسەر ئەو بابەتە بوەستم.

blank
جۆرج باتای (١٨٩٧-١٩٦٢) ڕەخنەگر و فەیلەسوفی فەڕەنسی

وەک دەبینین ڕەخنە لەناو فەلسەفەدا چاوی هەڵهێناوە، لە کاتێکدا ڕەخنەی ئێمە لەناو حوجرەدا لە دایک بووە و لەوێوە چووەتە قوتابخانە، کە ئەو سەرەتایە بایەخی هەیە، بەڵام بەوەدا پرسیار نەبووەتە بەشێکی گرنگی ئەو ڕەخنەیە، لە گەشە کەوتووە و تا ئەمڕۆ درێژە بە وەسف دەدات. لە کولتووری ئایینیدا پرسیار قەدەغەیە، بەوەی شتەکان و حوکمەکان چەسپاون، کە ئەمە هاتووەتە ناو قوتابخانەی فەرمییشەوە. قوتابی بۆی نییە بە پرسیار ڕووبەڕووی مامۆستای ببێتەوە، مادام بابەتەکان بۆ ئەوەن لە بەر بکرێن. لە ڕەخنەی کوردیدا ئەو تێگەیشتنە هەمیشە زاڵ بووە. سەرجەم ئەو شەڕە جنێوەی لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کراون، پێوەندییان بەو وەسفەوە هەبووە. بە مانایەکی تر، وەسف یارمەتیدەری ڕەخنەگرە، تا لە جیاتیی ئەوەی لەسەر چەمکەکاندا بوەستێت و لێکیان بداتەوە، وەک چەکێکی فیزیکی لە دژی نەیارەکانیدا بە کاریان بهێنێت. چەند ساڵ لەمەوبەر ڕەخنەگرێک لە ڕێگەی وەسفەوە پەلاماری نووسەرێکی دیاری ئێمەی دا. ئەو نووسەرە دیارەمان بە هەمان زمان ڕووبەڕووی بووەوەوە، کە لە نووسینەکەیدا گوتەیەک سەرنجی خوێنەری ڕاکێشا: (گیرفانی خوێنەرەکانم لە ناو سەری تۆی زیاتر مەعریفە تێدایە). ڕەنگە گوتەکەم دەقاودەق، بە هەمان ڕێنووسی خۆی دانەڕشتبێتەوە، بەڵام دڵنیام وای پێگوت. ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی (مەعریفە)، کە لانی کەم لە (نیتشە)وە تا ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە تێرمە ئاڵۆزەکان و کۆمەڵێک شەڕی گەورەی فیکریی لێ کەوتووەتەوە. هەردوو ئاڕاستەی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزمی بە دوای خۆیدا هێناون. هەر بۆ نموونە لای (فۆکۆ) پێوەست دەکرێت بە دەستەڵاتەوە، بەوەی دەستەڵات هاوشێوەی حەقیقەت، مەعریفەیش بەرهەم دەهێنێت. ئەو چەمکە شەڕانگێزەی سەرجەم فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانی بە خۆیەوە خەریک کردووە، لای ئەو نووسەرە ناسراوەی ئێمەدا دەبێتە چەمکێکی پاسیڤ، بە ڕادەیەک وەسفەکە (گیرفانی خوێنەرەکانم لە ناو سەری تۆی زیاتر…تێدایە) لە خودی چەمکەکە گەورەترە. کاتێ ئەوە لە بەر چاو دەگرین، کە هەر چەمکێک لەسەر کۆمەڵێک دژایەتی دامەزراوە و ڕەخنە ئەو پایانەی تێک دەشکێنێت، تا هیچی دیکە وەک حەقیقەت نەمێنێتەوە، بەو مانایەی دەستەڵاتی نەهێڵێت، ئەوە وەسف بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئەو حەقیقەتە بمێنێت و دەستەڵاتی لێنەسەنرێتەوە. ئایا ئەگەر ئەو نووسەرە دیارە بۆ ساتێک دەستی لە وەسف هەڵبگرتایە و لەسەر پرسیار بوەستایە، بەو شێوازە ئەو شەڕەی دەکرد و پەنای بۆ ئەو زمانە میلـلییە دەبرد؟ نەخێر، بەڵام بەشێکی زۆری خوێنەرەکانی لە دەست دەدا، چونکە هەتا ئاستی زمان پتر بۆ سەرەوە هەڵبکشێت، ژمارەی خوێنەر کەمتر دەبێتەوە. من خۆم چەند جارێک بە هەمان شێوە، بگرە توندتر پەلامار دراوم. چەمکەکانم هەڵگرتوونەتەوە و لەسەریان وەستاوم. کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی)م بۆ ئەو شەڕە فیکرییە تەرخانە. ئەو نووسەرە دیارە بە پێوەری (چاکە و خراپە) چەمکی مەعریفەی هەڵسەنگاندووە. بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا (مەعریفە) دژی (نەزانی)یە و شتێکی باشە، لای بووەتە حەقیقەت و بە بێ هیچ دوودڵییەک بە کاری هێناوە، بگرە وەک جەنگاوەرێک شەڕی لە پێناودا کردووە. ئەوە زمانی بەشێکی زۆری نووسەرە دیارەکانمانە، کەهەمیشە لە نووسینداپەنایان بۆ کولتووری میلـلی بردووە. سەیر نییە وشەی (زبڵ) و هاوشێوەکانی، کە لە زمانی خەڵکەوە بیستوومانن؛ ڕووبەری فرەوانیان لە نووسینی ئەوانە داگیر کردبێت. ئەو وەسفە بۆ هەموو شتێک بە کار دەهێنن. ئایا (زبڵ) تەنیا ئەو مانایەی هەیە، کە جەماوەر وەک شتی خراپ دیویانە و لە شێوەی جوێندا بە کاریانهێناوە؟ ئەرێ ئەو چەمکە داخراوە و هیچ مانایەکی تری تێدا نادۆزرێتەوە؟ ئایا (خراپ) تاکە خەسڵەتی زبڵە؟ ئایا حەقیقەت بنەمای هەیە، یان وەک (نیتشە) پێی وایە بێبنەمایە؟ ئەو گوتانەی، کە لە دەمی ئەو نووسەرانەوە دەرچوون و سەرنجی جەماوەریان ڕاکێشاوە، کاتێ لەسەریان دەوەستیت، لایەکی تری تەواو جیاوازیان دەبینیت. چەند ساڵ لەمەوبەر گوتاری نووسەرێکی دیکەی دیاری خۆمانم لەبارەی (فاشیزم)ـەوە خوێندەوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم لە سەرەتای هەشتاکاندا ئەگەر داوات لە هەر لاوێک لەو لاوە خوێنگەرمانە بکردایە لەبارەی ئەو چەمکەوە بنووسن، وردتر دەیاننووسی. چۆن خوێندنەوەی (فۆکۆ) و ئەوانەی دیکە، کە ئەو نووسەرە دیارە بەردەوام ناوی هێناون، نەیانتوانیوە زمانی لەو ئاستە میلـلییە ڕزگار بکەن؟ ئایا ئەو زمانە لە هیی (ئەدۆرنۆ)، (فۆکۆ)، (هانا ئەرنێت)، (دولووز) و ئەوانەی ترەوە (نزیک!)ـە، کە باسیان لە فاشیزم کردووە، یان لە هیی ئەو سەرکردانەی ئیسلامی سیاسی، کە نەیشاردووەتەوە پێیان سەرسامە؟ (فۆکۆ) لەو پێشەکییەی بۆ چاپی ئینگلیزیی کتێبی (ئەنتی ئۆدیپ)ی نووسیوە، دەڵێت (ئەنتی ئۆدیپ) ڕاگەیاندنێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە، بەرەنگاری سەرجەم شێوازەکانی فاشیزم دەبێتەوە، بەوەی ئەوەیان دوژمنی سەرەکی و دژێکی سترەیتیجیکی ئارەزووە. شتەکە پێوەندیی بە فاشیزمی مێژوویییەوە نییە، وەک ئەوەی ناسیومانە، کە لە (هێتلەر)، (مۆسۆلینی) و ئەوانەی تردا بەرجەستەیە، بەڵکوو بەو فاشیزمەی ناوەوەی خۆمانەوە پێوەستە، کە لە عەقڵ و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەماندایە. ئەو فاشیزمەیە، کە وامان لێ دەکات دەستەڵاتمان خۆش بوێت، ئارەزوو دەکەین دەستمان بەسەردا بگرێت و بمانچەوسێنێتەوە… نووسەرە دیارەکەی ئێمە بە سەرکردەکانی ئیسلامی سیاسی سەرسامە و بە زمانی میلـلییش باس لە فاشیزم دەکات.

نەبوونی پرسیار وای کردووە هۆشیاریی ڕەخنەییی ئێمە دروست نەبێت و نەچێتە ئاستی دایەڵۆگەوە، دایەڵۆگ هەم لەگەڵ خۆی و هەم لەگەڵ دەرەوەیدا. پرسیار بزووێنەری ململانێیە، کە تەنیا لە ململانێدا هۆشیاری دەسووتێت، تا هۆشیاریی گەورەتری لێ بێتە دی.

نەبوونی پرسیار وای کردووە هۆشیاریی ڕەخنەییی ئێمە دروست نەبێت و نەچێتە ئاستی دایەڵۆگەوە، دایەڵۆگ هەم لەگەڵ خۆی و هەم لەگەڵ دەرەوەیدا. پرسیار بزووێنەری ململانێیە، کە تەنیا لە ململانێدا هۆشیاری دەسووتێت، تا هۆشیاریی گەورەتری لێ بێتە دی. بەشێکی زۆری نووسەری کورد، تەنانەت لەبارەی ژانرەکەی خۆیانەوە ناتوانن چوار دێڕی تۆکمە بنووسن. کاتێکیش نووسییان، دەبنە مایەی پێکەنین. ئەگەر گوتار و گفتوگۆی هەندێک لەو نووسەرانە بۆ قوتابییانی قوتابخانەیەکی سەرەتاییی یەکێ لەو وڵاتانەی، تێیاندا ڕەخنە بایەخی هەیە، بخوێنیتەوە و بڵێی ئەوانە نووسەر نووسیونی، وا دەزانن گاڵتە دەکەیت. ئەدی ئەگەر بڵێیت هەر یەکەیان خاوەنی چەند کتێبێکی قەبەیە؟

ڕەخنەی کوردی بە گشتی سادە بووە، بەڵام لە هەندێک قۆناغی تەمەنیدا ویستوویەتی بەگژ ئەو بەها سواوانەدا بچێتەوە. وەک گوترا لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر پارێزگاریی لەو بەهایانە کراوە. (ژیل دولووز) لە کتێبی (نیتشە و فەلسەفە)دا دەڵێت (نیتشە) ڕۆژێک نەترسا بڵێت فەلسەفەی (مانا و بەها) دەبێت ڕەخنەیی بێت، لە کاتێکدا (کانت) بە ڕاستی ڕەخنەی نەگرت، چونکە نەیدەزانی کێشەکەی لە شێوەی بەهادا دەرببڕێت. (دولووز) پێی وایە فەلسەفەی بەها، کە (نیتشە) دایمەزراندووە و هێناویەتیە بەر چاو، دەستکەوتی ڕاستەقینەی ڕەخنەیە. تاکە ڕێگەی ڕەخنەی هەمەلایەنەیە. واتە دروستکردنی فەلسەفە بە کوتەکوەشاندن. بە گشتی ڕەخنەی کوردی نەک هەر بە کوتەک لە بەهاکانی نەداوە، بەڵکوو دەستی پێوەگرتوون و لە پێناوی بەدەستهێنانی سۆزی زۆرینەدا پێیدا هەڵداون.

blank
ئالان ڕۆب گرێ (١٩٢٢-٢٠٠٨) ڕۆماننووسی فەڕەنسی

لە پێشەوە گوترا ڕەخنە زمانی تاکە و لە دژی کۆ دەوەستێتەوە. نموونەی ڕەخنەدۆزانمان هێنایەوە، کە خوێنەریان کەمە و لە بەرانبەردا نووسەری سادەنووس خاوەنی جەماوەری فرەوانە. ئەگەر وایە، کاریگەریی ڕەخنە چۆن دەردەکەوێت؟ کاتێ لە (نیتشە)وە بۆ ئەمڕۆ دەگرین، دەبینین ڕەخنەدۆزان لە ڕۆژگاری خۆیاندا لە ئاستی فرەواندا نەناسراون، ئەوە نووسەری ئەدەبییش دەگرێتەوە، کە لە (سێرڤانتس)ـەوە بۆ (جۆیس)، لەوێوە بۆ (ئالان ڕۆب گرێ) و دواتریش، جەماوەر ئەگەر ناسیبێتیشنی، چارەی نەویستوون، بگرە دامودەستگە چاپەمەنییەکان بە لاوەیان ناون، بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوەندێکەوە بۆ یەکێکی ترهەیە. بۆ نموونە لە دنیای کوردیدا ڕەخنەدۆز کەمتر لە دنیایەکی وەک هیی پاریس، یان هیی ئەسکەندەرییە دەناسرێت و بەرهەمەکانی دەخوێنرێتەوە. دواجار ئەوەی کاریگەریی هەیە، فیکری ڕەخنەدۆزە، نەوەک هیی ڕەخنەگر، چونکە وەک گوترا فیکری تاک، فیکرێکی دامەزراوە، دروست بووە و خاوەنی هێز (Power).ـە، پێچەوانەی کولتووری کۆ، کە بەوەدا لە ڕێی وەسفەوە هاتووە و ئەوانەی پێش خۆی دووپات کردووەتەوە، ئەوە لەگەڵ نەمانی فاکتەرە دەرەکییەکان، دەپووکێتەوە. ئەگەر لە ساڵانی پێش سەدەی بیستەم، لەو ڕۆژگارەی (نیتشە) دەژیا، لە دەوروبەرەکەیدا بتپرسیایە ئێوە ڕەخنەدۆزێک بەو ناوە دەناسن، بێگومان دەیانگوت نەخێر، بەڵام ئەوە فیکری ئەو ڕەخنەدۆزەیە دنیای ئەمڕۆمانی هەژاندووە. هەمان شت بۆ (کافکا) و زۆری تر دروستە. هەموو ئەوانەی لە یەک دەچن، وەک یەکیش لە ناو دەچن، بگرە هاوکاتی یەکتریش گوم دەبن. کەم نین ئەو شیعرانەی لە حەفتاکان و هەشتاکاندا زۆرترین چەپڵەیان بۆ لێ دراوە و دەیان ملیان گەیاندووەتە پەتی سێدارە، کە ئەمڕۆ لای خودی ئەو جەماوەرە دەنگدانەوەی ناخۆشیان هەیە. ئێمە لە هەشتاکاندا دەیان کتێب و نامیلکەی شاخمان بە دەست دەنووسینەوە، کە ئەمڕۆ ئەگەر بە جوانترین شێوە چاپ بکرێنەوە و بۆمانیان بهێننەوە، زۆرینەیان ناخوێنینەوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا بەشێکم بۆ ئەوە تەرخان کردووە. جەماوەر خاوەنی یادەوەرییەکی زۆر کورتە، چونکە ئەوانەی لەو یادەوەرییەیدا شوێنی کردوونەتەوە، شتی کاتی و ڕووکەشن. ئەوەی دەتوانێت یادەوەریی تاک بپارێزێت، ئازارە. ئەو شتانەی لە ڕێگەی ئازارەوە پێمان گەیشتوون، هێزی مانەوەیان هەیە. دیسان بۆ پرسیار دەگەڕێینەوە، کە پێچەوانەی وەسف، ئازاراوییە.

ڕەخنەی کوردی هێشتا بیرۆکەی (ڕووخاندن)ی نەناسیوە، یان لانی کەم چاکی نەناسیوە. ڕووخاندن پێچەوانەی دامەزراندن پرۆسەسێکی تاکانەیە، واتە ئێمە کاتێ دەڕووخێنین، پێویستمان بە هیچ پلان و نەخشەیەک نییە، ڕەچاویان بکەین، بەڵکوو بە ناچاری شێوازی خۆمان دەگرین، لە کاتێکدا (دامەزراندن) پێویستی بە نەخشەیە. بە مانایەکی تر ڕووخاندنی هیچ تاکێک لە هیی ئەوەی دیکە ناچێت.

پێشتریش گوتوومە ڕەخنە بەرهەمی نووسینە، بۆیە پرۆسەسێکی هێمنە و بەو هێمنییەی نهێنییەکانی تێکست دەدۆزێتەوە، تاکوو لێکدانەوەی جیاواز لەوەی نووسەر مەبەستی بووە، بکات. لەبەر ئەوەیە ڕەخنە هەمیشە سەرسامی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. دیارە سەرسامی لە شتی نوێوە دێت، کە هیچ نوێیەک بەبێ ئازار نایەتە کایەوە، بۆیە هێزێکی گەورەی هەیە. چەند ڕۆژێ لەمەوبەر هاوڕێیەکم ئەو بۆچوونەی منی بە مەبەستی گفتوگۆ لە فەیسبوکدا ورووژاند. هاوکات پێی خۆش بوو چەند وشەیەکی تری لەو بارەیەوە پێ بڵێم. ڕاستییەکەی هەر کاتێ ئێمە بەو تێگەیشتنە ڕازی نین، کە هەتا ئێستا بۆ هەر بابەتێک کراوە و دەمانەوێت لێکدانەوەی تری بۆ بکەین، ئەوە مەبەستمانە ئەو بابەتەتێک بشکێنین، کە لە هەر تێکشکاندنێکدا شتی نوێ دێتە کایەوە. ڕەخنەی کوردی هێشتا بیرۆکەی (ڕووخاندن)ی نەناسیوە، یان لانی کەم چاکی نەناسیوە. ڕووخاندن پێچەوانەی دامەزراندن پرۆسەسێکی تاکانەیە، واتە ئێمە کاتێ دەڕووخێنین، پێویستمان بە هیچ پلان و نەخشەیەک نییە، ڕەچاویان بکەین، بەڵکوو بە ناچاری شێوازی خۆمان دەگرین، لە کاتێکدا (دامەزراندن) پێویستی بە نەخشەیە. بە مانایەکی تر ڕووخاندنی هیچ تاکێک لە هیی ئەوەی دیکە ناچێت. من بە شێوازی خۆم و تۆیش بە شێوازی خۆت دەڕووخێنیت، بەڵام دەکرێت دامەرزاندنەکانمان ئەگەر کتومتیش لە یەک نەچن، لە زۆر ڕووەوە پێک بگەنەوە. (دێریدا) کاتێ پێ لەسەر چەمکی (تێکشکاندن) دادەگرێت، وەک ئەوە وایە خودی (دامەزراندن)یش لەگەڵ (ڕووخاندن)دا یەکسان بکات، بۆیە وەک پێشتر گوترا لەگەڵ بەردەوامیی ئەو پرۆسەسەدایە. تێکشکاندن و دامەزراندنەوە، تێکشکاندن و دامەزراندنەوە، تێکشکاندن و…

پرسیاری من ئەوەیە، ئایا کاتێ ئاستی ڕەخنەی خۆمان بەو شێوەیە دەبینین، ناکرێت گومان لە تێکڕای مێژووی ئەو پەنجا ساڵە بکەین؟ ئایا ئەو ڕەخنەیەی هەندێک ناوی زەق کردوونەتەوە و هەندێکی بەلاوە ناون، حوکمەکانی لە شوێنی خۆیاندان؟

پرسیاری من ئەوەیە، ئایا کاتێ ئاستی ڕەخنەی خۆمان بەو شێوەیە دەبینین، ناکرێت گومان لە تێکڕای مێژووی ئەو پەنجا ساڵە بکەین؟ ئایا ئەو ڕەخنەیەی هەندێک ناوی زەق کردوونەتەوە و هەندێکی بەلاوە ناون، حوکمەکانی لە شوێنی خۆیاندان؟ ئایا نووسینی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و هەر ژانرەیەکی تر بەرهەمی ئەو تێگەیشتنەی نووسەر نین؟ ئایا ڕاستە ئەو نووسەرەی بایەخی یەکەمی بە وەسف داوە، داهێنەری گەورەیە؟ ئایا بەبێ بواری فەلسەفە لە تواناماندا هەیە بەرهەمی گەورە بنووسین؟ ئایا ئەو نووسەرانەی جەماوەر بە ڕووناکبیر، بگرە بە فیلۆسۆفی داناون، کاتێ بە چاوی ڕەخنەگرانە دەیانخوێنینەوە، بە هەمان ئەنجامی ئەو جەماوەرە دەگەینەوە؟ ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری تر بە کراوەیی جێ دەهێڵم. ئەوەیش دەڵێم، کە هەر کاتێ نموونەم لە نووسەرە دیارەکانی خۆمان هێناوەتەوە، ناویم نەهێناون، لەبەر ئەوەیە وەک دیاردە باسم کردوون. هەست دەکەم ناوهێنان لە شوێنێکی ئاوادا جۆرێک چوارچێوە دروست دەکات، کە پێم وا نییە نووسینی ئەو نووسەرانە تەنیا هێندەن. لە گوتارەکانمدا ناوی نووسەرانم هێناون، کاتێ دەستم خستووەتە سەر بەرهەمیان و بۆچوونی خۆمم لەبارەیانەوە دەربڕیوە. ئەوەی من هەوڵم داوە لەو نووسەرانەی تێک بشكێنم، ئەو وێنانەن، کە جەماوەر بۆی دروست کردوون، تا بە شێوازی خۆم ئەو وێنانەیان بکێشمەوە. بەوەدا ڕەخنە هیی تاکە، ئەو وێنەیەی، کە بە دەستیشی دەهێنێت، تاکە و تایبەتە بە خۆی. هیچ وێنەیەک ناخرێتە ناو چوارچێوەوە، چونکە هیچ وێنەیەک تەواو نەبووە. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە دایەڵۆگم بە ڕێی خۆم زانیوە و دەیزانم. لە ناوەڕاستی هەشتاکانیشەوە بۆم دەرکەوتووە، کاتێ هاوار دەکەیت: ئێوە زۆر گەورەن، داهێنەری مەزنن، داوات لێ ناکرێت یەک بەڵگە بۆ گوتەکانت بهێنیتەوە، بگرە پێویست نییە چوار دێڕت لە کتێبێکی گرنگ خوێندبێتەوە، بەڵام کاتێ بە پرسیار ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، هەر پێش نووسەرە دیارەکان، لایەنگرانیان بەوە تۆمەتبارت دەکەن، گوایە کەسێکی بێئاگایت. واتە لەسەرتە دەیان کتێبی گەورەت لە کۆمەڵێک بواردا خوێندبێتەوە، ئینجا لەبارەی نووسینەکانیانەوە بپرسیت. ئایا لایەنگرانی ئەو نووسەرە دیارانە هەمان پێوەریان بۆ ئەو نووسەرانەیان هەیە؟ ئایا کاتێ ڕەخنەگرانی میلـلی بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک لەبارەیانەوە دەنووسن و پێیاندا هەڵدەدەن، بەوە تۆمەتباریان دەکەن، گوایە کەسانی بێئاگان؟

ئەوەی من قسەم لێوە کردووە، ڕەخنەی زاڵی ئێمەیە، دەنا وەک گوتم لێرە و لەوێ هەوڵی گرنگمان هەن، کە بە گشتی هیی ئەو نووسەرانە نین، ناوی ناسراون و خاوەنی جەماوەرن. نەخێر، نووسەرانی ترن. ئەو لاوانەیشن، خەریکی وەرگێڕانی کتێبی فیکریی ڕەخنەییی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەکانن. ئەوانەن، گوتاری تۆکمە لەبارەی کۆمەڵێک چەمکەوە دەنووسن. بە داخەوە هەندێکیان هێشتا نەیانتوانیوە خۆیان لە ژێر دەستەڵاتی ئەو نووسەرانە ڕزگار بکەن، کە لە ڕێی وەسف و بە پاڵپشتی جەماوەر گەورە کراون، بەڵام هەندێکیان ئەو هەنگاوەیشیان ناوە. چەند ساڵ لەمەوبەر نووسەرێکی لاو نامەیەکی ئاڕاستەی نووسەرێکی دیار کرد، کە بۆ من ئەو نامەیە زەنگێک بوو، پێی گوتم بە مێژووی نووسینی ئەم پەنجا ساڵەدا بچووەرەوە! هەڵوێستی نووسەرە دیارە کە هێندەی تر دەنگدانەوەی ئەو زەنگەی لە ناو سەرمدا گەورە کرد.