هاووڵاتیی ساد
ڕاڤەیەک دەربارەی ئەدەب و هزری "مارکیز دۆ ساد"
((ئەم ٢٦ بڕگه‌یه، هه‌وڵێكی سه‌ره‌تاییه بۆ تێگه‌یشتن له ئه‌ده‌ب و ئه‌ندێشه‌ی مارکیز دۆ ساد، كه له ڕاستیدا به‌شێكه له توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاونه‌كراوه به ناونیشانی «ئیلیا: بلانشۆ و لێڤیناس». له‌م بڕگانه‌دا دیدگای بلانشۆ به تایبه‌ت له‌سه‌ر فیكری ساد خراوه‌ته ڕوو و؛ به كۆمه‌ك وه‌رگرتن له فه‌لسه‌فه‌ی كلۆسۆڤسكی، هیگڵ، لاكان، بۆڤوار و هتد هه‌وڵ دراوه تا ئاستێك ئه‌ندێشه‌ی ساد ڕاڤه بكرێت)).
- ماركیز دۆ ساد[1]، نووسه‌رێك كه 32 ساڵی ڕه‌به‌ق ژیانی له زیندانه ترسناكه‌كانی فه‌ڕه‌نسادا بەسه‌ر برد و سه‌رده‌مێك به «شهڕهنگێزترینی جانه‌وه‌ران» ده‌ناسرا و ژیانی بۆ «كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان» ترسناك، به جۆرێك كه ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و كڵێسا زیاتر له ده به‌رگی ده‌ستنووس، یاداشت و گێڕانه‌وه وێنهییهكانیان سووتاند و، خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ته‌نانه‌ت تا دره‌نگانێك قه‌ده‌غه بوو. ئه‌م جانه‌وه‌ره ترسناكه‌ی كۆمه‌ڵگه، كه‌مێك پاش ڕوودانی شۆڕشی مه‌زنی فه‌ڕه‌نسا له زیندان ئازاد كرا؛ به‌ڵام ئه‌م ئازادییه درێژه‌ی نه‌كێشا و دووباره ساد ڕێی زیندانی گرته به‌ر تا ترسناكترین خه‌یاڵی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌م بهێنێته‌وه. ڕه‌نگه له سه‌ره‌تادا وا بكه‌وێته به‌رچاو كه نووسینه‌كانی ساد، وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی زیندانیكراو، په‌رچه‌كردارێك بێت به‌رامبه‌ر به دۆخی زیندان، به‌ڵام ئایدیای نووسین بۆ ئه‌و ئه‌وه‌نده نوێ نه‌بوو. ئه‌و ده‌یویست به ئه‌شكه‌نجه‌دانی خۆی، تۆڵه له خۆی بكاته‌وه. له ده‌روونی ساددا، لاوازییه‌ك هه‌بوو كه غروره‌كه‌ی ده‌یشارده‌وه. ئه‌و له زینداندا ئامڕاز و كاتی نه‌بوو تا مرۆڤ، جیهان، خودی خۆی بخوڵقێنێته‌وه. ساد، له نووسیندا، خوازیاری دۆزینه‌وه‌ی ویژدانێكی ڕووناك بوو، ویژدانێك كه بتوانێت له ڕێگه‌یه‌وه خه‌ڵكی پێ ناچار بكات تا بیبه‌خشن. كۆمه‌ڵگه له دڵی ساددا، وه‌ك ده‌مامكی گوناە نیشته‌جێ بووبوو. ساد له هه‌موو شتێك و له هه‌موو كه‌س به گومان بوو. به‌بێ هیچ هۆكارێك تووڕه ده‌بوو، به‌ڵام له ساتی هه‌ڵه‌دا به ته‌واوه‌تی گوێڕایه‌ڵ ده‌بوو. ته‌واوی بوونی ته‌رخان كردبوو بۆ شه‌هوه‌تڕانی، چون باوه‌ڕی وابوو كه شه‌هوه‌ت و شه‌هوه‌تڕانی ته‌نها كامڵێتیی بوونی ئه‌وه. ئه‌و، له‌جیاتیی ده‌مامك و هه‌ڕه‌شه‌كردن له جیهان، خه‌یاڵی هه‌ڵبژارد.
- توێژینه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ساد وهسوهیهكی درێژخایه‌نه؛ ئه‌م وه‌سوه‌سه‌یه تا ڕاده‌یه‌ك بیرمه‌نده گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوای به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه. فرۆید، باتای، كلۆسۆڤسكی، دۆلوز، بلانشۆ، دۆ بۆڤوار، لاكان، فوكۆ، بارت، دی بۆر، ئادۆرنۆ، لیۆتار، هۆركهایمه‌ر، سانتاگ، شتێرنه‌ر، كارته‌ر و هتد[2]. گرنگیی ساد بۆ بیركردنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا، به وتارێكی زۆر گرنگی باتای به ناونیشانی «به‌های به‌كارخستنی ماركی دۆ ساد[3]»، قووڵتر ده‌بێته‌وه. جگه له باتای، بلانشۆ له كتێبی لۆتۆیامۆن و ساددا[4]، خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز ده‌خاته ڕوو. بلانشۆ، له‌و به‌شه‌دا كه تایبه‌ته به ساد، به ناونیشانی «عه‌قڵی ساد[5]» هه‌وڵ ده‌دات جۆرێك عه‌قڵانییه‌تی تایبه‌ت له ئه‌ندێشه‌ی ساددا بدۆزێته‌وه، عه‌قڵانییه‌تێك كه له ڕێگه‌یه‌وه خودی ساد ڕه‌خنه ده‌كات. بۆ ساد، هیچ چه‌كێك به ئه‌ندازه‌ی عه‌قڵ گه‌وره‌تر و به‌هێزتر نه‌بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ كرد، له وتاری ئه‌ده‌بیات و مافیمهرگدا، دوو ده‌نگ له «داوێن»ـی یه‌كه‌می ئه‌ده‌بیاتدا ده‌بیسترێن: هیگڵ و ساد. ئه‌ڵبه‌ته ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه بلانشۆ سێ تێگه‌ی گرنگ له به‌رهه‌مه‌كانی ساددا ده‌دۆزێته‌وه و له‌به‌ر ئه‌م تێگانهیه كه ئه‌ندێشه‌ی ساد بۆ بلانشۆ ده‌بێته فه‌زای بیركردنه‌وه: ڕه‌تدانه‌وه، مه‌رگ و دژه-ئه‌ده‌بیات. پییه‌ر كلۆسۆڤسكی[6]، به چه‌مكگه‌لێكی وه‌ك ئه‌خلاق، ئه‌خلاقییات، خودا، فه‌نتازیا، خۆنوێن، چێژ و سه‌رپێچی، له كتێبی ساد، دراوسێی من[7]، ئه‌ندێشه‌ی ساد به قووڵی ڕاڤه ده‌كات. دۆلوز له كتێبی مازۆخیزم: ساردیی و دڵڕه‌قی[8]، قسه له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی تاقانه‌ی ساد و مازۆخ ده‌كات. به‌پێی ڕوانگه‌ی دۆلوز، ساد و مازۆخ، دوو هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ن كه فۆرمی نوێی ده‌ربڕین، ڕێگه‌ی نوێی بیركردنه‌وه و هه‌ستكردن و زمانێكی ته‌واو ڕه‌سه‌ن ده‌دۆزنه‌وه. سیمۆن دی بۆڤواریش له كتێبی ئایا ده‌بێت ساد بسووتێنین؟ به‌پێی بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی ئه‌زموونی سادیی توێژینه‌وه ده‌كات؛ به‌ڵام، گرفتی گه‌وره‌ی بۆڤوار، ئه‌وه‌یه كه هێشتا له بازنه‌ی به‌رته‌سكی دووچاوگیی چاكه و خراپه‌دا ده‌مێنێته‌وه. جگه له‌م هه‌موو تێز و توێژینه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه، كۆمه‌ڵێك كتێبی تر هه‌ن كه ئه‌ندێشه‌ی ساد ده‌خوێننه‌وه؛ بارت له كتێبی ساد، فۆریه، لۆیۆلا[9]؛ شتێرنه‌ر له كتێبی ئیگۆ و ئه‌وه‌ی له ئیگۆدایه؛ باتای له نووسراوی ئه‌ده‌بیات و خراپه[10]؛ و ئه‌نجێلا كارته‌ر له كتێبی ژنیسادیوئایدیۆلۆژیای پۆرنۆگرافی[11]. به‌ڵام توێژینه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی فیكری ساد به‌م كتێبانه كۆتایی نایێت. ساد، «برین»ێك به جه‌سته‌ی ڕۆشنگه‌رییه‌وه.
- له ئه‌ده‌بیات و مافی مه‌رگ و هه‌روه‌ها له لۆتریامۆن و ساددا، «باڵاترین» نووسه‌ر ماركیز دۆ ساده، یا به‌و جۆره‌ی كه دواتر ناو له خۆی ده‌نێت، «هاووڵاتی ساد»: كاتێك كه له باستیلدا زیندانی بوو، وه‌ك میرابۆی وتاربێژی ناوداری شۆڕش، (به یه‌ك ڕه‌حه‌تی میزه‌وه)، هاواری له جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێر ده‌كرد كه زیندانییه‌كان له گرتووخانه‌دا خه‌ریكه له سێداره ده‌درێن. نووسراوی ساد، ڕاهێنانی «ئازادیی ڕه‌ها»یه، ئازادیی ڕه‌ها وه‌ك ڕه‌تدانه‌وه‌ی گشت: ڕه‌تدانه‌وه‌ی خودا، خه‌ڵك و سروشت؛ ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌ك كه به خوێن، دڵڕه‌قی، سته‌مكاریی و تۆقاندن، تۆقاندن وه‌ك وه‌فادارترین ڕاگه‌یاندنی ئازادیی ڕه‌ها، كۆتایی دێت. ئه‌خلاقی ساد، ئه‌خلاقی ئازادیی ڕه‌های مرۆڤه. به ڕوانگه‌ی ساد، ئاره‌زووی سته‌مكردن له هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌یه و، ئه‌و وه‌ك «یه‌كه‌مین ئاره‌زوو» ناوی ده‌بات كه سروشت له مرۆڤدا جێگیری كردووه. له شۆڕشدا، ئه‌مڕۆ له پێناو به‌یانی، كه‌مینه له پێناو زۆرینه، ئازادیی تاكی له پێناو سه‌ركه‌وتنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرێته قوربانی. برایه‌تیی ڕواڵه‌تی له ده‌مامكی فه‌زیله‌تی دهرهههستدا به تاوان كۆتایی دێت. زیندان و گیوتین، ئه‌نجامی لۆجیكیی ئه‌م جۆره فهزیلهتهن. بلانشۆ سه‌باره‌ت به ساد ده‌ڵێت: «له ساڵی ١٧٩٣دا، كه‌سێك هه‌یه كه به ته‌واوه‌تی خۆی به هاوتای شۆڕش و سه‌رده‌می تۆقاندن ده‌زانێت. ئهرستۆكراتێكه وابه‌سته به جه‌نگی قه‌ڵاكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی خۆیه‌وه، مرۆڤێكی لێبورده و له ڕاستیدا شه‌رمن و خاوه‌نی نه‌ریتێكی ڕووبین: به‌ڵام ده‌نووسێت، ته‌نها شتێك كه ده‌یكات نووسینه، و هه‌رچه‌نده ئازادی ئه‌وی گه‌ڕاندبێته‌وه بۆ زیندانی باستیل كه خۆی پێشتر له‌وێ ڕزگاری كردبوو، به‌ڵام ئه‌و كه‌سێكه كه له هه‌مووان زیاتر له ئازادی تێده‌گات، تێده‌گات كه ئازادی ئه‌و چركه‌ساته‌یه كه بێماناترین تامه‌زرۆییه‌كان، خواسته‌كان و خولیاكان ده‌شێت بگۆڕدرێن بۆ واقیعییه‌تی سیاسی و مافی بوونیان هه‌یه و خۆیان یاسان.»[1] هه‌موو سزادانێك هه‌میشه هاوڕێژه‌یه له‌گه‌ڵ تاوان و تاوان هه‌میشه هاوڕێژه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ندازه‌ی مه‌عریفه‌ی تاوانكاردا؛ كه‌واته، لێره‌دا جۆرێك په‌یوه‌ندیی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له نێوان تاوان/مه‌عریفه‌دا؛ ئه‌م ئایدیایه له ئه‌ندێشه‌ی ساد و به جۆرێكی گرنگتر، له ئه‌ندێشه‌ی هه‌ندێك له پاڵهواكانیدا نوێنراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌عریفه له كۆتاییدا به یه‌ك تاوان كۆتایی دێت، كه‌واته ئه‌وه‌ی كه ئێمه پێی ده‌ڵێین تاوان ده‌بێت هه‌ڵگری كلیلی مه‌عریفه بێت. ته‌نها به فراوانتركردنی زیاتر و زیاتری بازنه‌ی تاوانه كه سوژه، مه‌عریفه‌ی له‌ده‌ستچووی ده‌دۆزێته‌وه، مه‌عریفه‌یه‌ك كه ئێجگار گه‌وره‌تره له‌وه‌ی كه هه‌یه‌تی[2]. هاوكێشه‌یه‌كی ئه‌فڵاتوونی-سادیی: مه‌عریفه (فه‌زیله‌ت)/تاوان (مه‌رگ).
- ساد له نامه‌یه‌كیدا بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌نووسێت: «قووڵترین ئۆرگازم هه‌میشه له مه‌رگدایه.»[3] بێگومان كه‌ڵكه‌ڵه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ساد بریتین له: چێژ، مه‌رگ، سه‌رپێچی. چێژ مرۆڤ فڕێ ده‌داتە ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه؛ به‌ڵام بۆ مرۆڤی سادیی، «ده‌ره‌وه» گه‌یشتن نییه به ئه‌ویتر، به‌ڵكه نووشتانه‌وه‌ی «خود»ـه به‌سه‌ر خۆیدا؛ ئه‌ویتر هیچ مانایه‌كی نییه كه بیه‌وێت بیسڕێته‌وه. بوونی ئه‌ویتر، جا هه‌ر چییه‌ك بێت (خودا، باوك، ئایین، یاسا، مه‌عشوقه/ئۆبژه‌ی چێژ، كۆمه‌ڵگه و خود)، و ئه‌وه‌ی كه بیه‌وێت میتافیزیكی خود/ئه‌ویتر دروست بكات، له بنه‌ڕه‌تدا كاره‌كه‌ی بریتییه له شكڵ‌پێدانی تابۆ ئه‌خلاقییه‌كان. بۆ ساد، ئه‌خلاق، ته‌نیایی ڕه‌های مرۆڤه. هه‌موو قه‌ده‌غه‌یه‌كی ئه‌خلاقی، سه‌رپێچی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، چون قەدغهكردن په‌یوه‌سته به‌و شته‌وه كه كۆنترۆڵ و ڕێساداری ده‌كات، په‌یوه‌سته به هه‌مان ئه‌و شوێنه‌وه كه ده‌بێت سه‌رپێچی ڕووبدات. تاوان، ڕۆحی سروشته؛ به وته‌ی ساد، «تاكه شانازیی مرۆڤ تاوانكردنه.» بۆ ساد، ئه‌مه ساتێكه كه سه‌رپێچی ئیرۆتیكی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت و نه‌ك پۆرنۆگرافی. به‌ڵام هه‌روه‌ها ئه‌وه ئاگایی مرۆڤه كه ڕێسای ئه‌خلاقی جێگیر ده‌كات، ئه‌وه ئاگایی مرۆڤه كه له مه‌رگ تێده‌گات. له‌م ڕووه‌وه‌یه كه وته‌كه‌ی ساد مانای هه‌یه: باڵاترین ئۆرگازم مه‌رگه. مه‌رگ ته‌نها به مانای له‌ناوچوونی ڕه‌ها نییه، به‌ڵكه له مه‌رگدا خود، ئه‌ویتر و زمان له‌ناو ده‌چن. مه‌رگ ساتێكه كه خود ده‌گاته ئۆرگازم؛ به ده‌ربڕینێكی تر، خود له ئۆرگازمدا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. ئۆرگازم، ساتی وێرانكردنی خوده و؛ وێرانكردنی خود، چركه‌ساتێكه كه مه‌رگ و ژیان تێیدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن. مه‌رگ ته‌نها ده‌رگایه‌كه كه دۆخی بوون له شتێكی تر جیا ده‌كاته‌وه و ده‌یگۆڕێت بۆ فۆرمێكی جیاوازی خوڵقاندن. مه‌رگ سنووری جه‌سته‌یه؛ سنوورێك كه هه‌م خود به جه‌سته له‌ناو ده‌بات و هه‌م ئه‌خلاق به جه‌سته له‌ناو ده‌بات. ڕوودانی مه‌رگ و به‌رهه‌مهێنانی چێژ كاركردێكی یه‌كسانیان هه‌یه؛ له كوێدا چێژ هه‌بوو، مه‌رگ ڕووده‌دات. به كورتی، مرۆڤ له ساتی ئه‌زموونكردنی مه‌رگدا به‌ئاگا دێته‌وه؛ ئۆرگازم به‌ئاگاهاتنه‌وه‌یه: ساتی ته‌نیایی ڕه‌های مرۆڤ[12].
به باوه‌ڕی ساد، كرده‌ی توندوتیژی، هه‌مان كرده‌ی یاسایه؛ چون توندوتیژی یاسا داده‌نێت؛ به ده‌ربڕینێكی تر، له ده‌ره‌وه‌ی توندوتیژییه‌وه هیچ یاسایه‌ك بوونی نییه.
- ساد ده‌ڵێت: «ده‌بێت توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ئۆبژه‌ی ئاره‌زووی خۆت بنوێنیت، كاتێك كه خۆی به ده‌سته‌وه ده‌دات، چێژ زیاتر ده‌بێت.» سه‌پاندنی چێژ، شتێكه كه ساد سه‌ده‌ونیوێك به‌ر له ده‌روونشیكاری ده‌ركی كردبوو و به‌رهه‌مه‌كانی پڕن له‌و قوربانیانه‌ی كه به‌ر له ئه‌شكه‌نجه دران، ملكه‌چی چێژ ده‌بن و ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ر له چێژێكی قووڵدا، هاوڕێ له‌گه‌ڵ سته‌مكاریی میهره‌بانی، ده‌بێته عاشقێك كه چێژ له بینینی مه‌عشوقه به‌زیوه‌كه‌ی ده‌بات. ڕۆنیشاندنهوهی تینی ئاره‌زوو، له ڕێگه‌ی له‌ناوبردنی ئۆبژه‌ی چێژه‌وه. چێژ نه پێویستی به ئاڵوگۆڕ، نه به به‌خشین و نه به هیچ به‌زه‌ییه‌ك هه‌یه، سته‌مكاریی چێژ له بهرچاوتهنگییهكهوه دێت كه ئه‌و بوونه‌ی كه له توخمی ئه‌و نییه له‌ناو ده‌بات. به باوه‌ڕی ساد، كرده‌ی توندوتیژی، هه‌مان كرده‌ی یاسایه؛ چون توندوتیژی یاسا داده‌نێت؛ به ده‌ربڕینێكی تر، له ده‌ره‌وه‌ی توندوتیژییه‌وه هیچ یاسایه‌ك بوونی نییه. بلانشۆ ده‌ڵێت: «هیچ شتێك جڵه‌وگری یاسا نییه، چون شتێكی سه‌رتر له یاسا بوونی نییه و له‌به‌ر ئه‌مه یاسا هه‌میشه سه‌رتره له من. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یاسا خزمه‌ت به من بكات، له ڕاستیدا من سه‌ركوت ده‌كات.[13]»[4] ساد ده‌یه‌وێت بێبه‌زه‌یی و شێتی بكاته بنه‌مایه‌كی جیهانی؛ و شوناسی سه‌رسه‌ختی ساد، هه‌مان دڵڕه‌قییه: «هیچ هه‌ستێك توندتر و چالاكتر نییه له هه‌ستی ئه‌شكه‌نجه.[14]» تاكی سادیی ده‌زانێت هیچ چێژێك ناگاته چێژی كوشتنی قوربانییه‌كانی، به‌ڵام هه‌مان چێژ خودی خۆشی له‌ناو ده‌بات. وه‌ك بلانشۆ ده‌ڵێت: «دڵڕه‌قی جگه له ڕه‌تدانه‌وه‌ی خود هیچ نییه.»[5] بۆ ساد، هه‌ر شتێك چه‌په‌ڵتر بێت، چێژی زیاتره؛ نۆشینی خوێن، خواردنی منداڵ و هه‌ڵدڕینی ئۆبژه و هتد. ته‌نها غه‌ریزه نائهخلاقییهكان به كه‌ڵكی مرۆڤ دێن. به‌خته‌وه‌ربوون واته شه‌ڕانگێزبوون و ته‌نها مرۆڤێك خاوه‌نی به‌خته‌وه‌رییه كه هه‌موو شه‌ڕانگێزییه‌كانی هه‌بێت. ساد ده‌ڵێت: «تاوان، ڕۆحی شه‌هوه‌ته، چێژ چییه ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌بێت له‌گه‌ڵ تاواندا؟» ته‌نها تاوانه كه ده‌رگاكانی ژیان به ڕووی مرۆڤدا ده‌كاته‌وه؛ و «تاكه تاوانێكی ڕاسته‌قینه سه‌رپێچی كردنه له سروشت.» بلانشۆ ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر تاوان ڕۆحی سروشته، كه‌واته هیچ تاوانێك دژی سروشت بوونی نییه و به‌م پێیه، هیچ تاوانێك ڕه‌خساو نییه… هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه ڕه‌تدانه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری تاوان مۆڵه‌ت به ساد ده‌دات كه ئه‌خلاق و خودا و ته‌واوی به‌ها مرۆییهكات ڕه‌ت بداته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه په‌سه‌ند بكه‌ین كه خودی ئه‌م ڕهتدانهوهیهش ده‌شێت ڕه‌ت بدرێته‌وه، ئه‌وا نكۆڵیكردنی تاوان له هه‌مان كاتدا پێویستی به ده‌ستبه‌ردانه له ڕۆحی ڕه‌تدانه‌وه‌ش.»[6] بێگومان ساد تاكه كه‌سێك بوو كه خۆپه‌رستی، سته‌مكاری و تاوانی له كرده‌ی سێكسی‌دا دۆزییه‌وه. ئه‌و، له ئاره‌زووی سێكسیی خۆی، ئه‌خلاق دروست ده‌كات. ئه‌و ده‌یویست شه‌هوه‌ت بكاته بنه‌مایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی. به ڕوانگه‌ی ساد، پاكداوێنی هیچ به‌هایه‌كی نییه، چون سنووری چاكه و خراپه ده‌ستنیشان ده‌كات. ساد، له دوالیزمی دووپاته‌ی چاكه و خراپه‌دا نامێنێته‌وه و له بنه‌ڕه‌تدا، بۆ ساد، هیچ چاكه‌یه‌ك بوونی نییه. چاكه زیاتر له خراپه خاوه‌نی بوون نییه و بوون ده‌كه‌وێته‌وه سه‌رووی چاكه و خراپه‌وه. ساد له ڕۆمانی ژوستین[15]دا ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر چاكه نه‌بووایه شه‌یتانیش بوونی نه‌ده‌بوو.» به‌ڵام، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، سه‌رتاسه‌ری جیهان به ململانێی نێوان دوو جۆر خراپه ده‌زانێت: خراپه‌ی سادیی/خراپه‌ی سروشت. ڕێگه‌چاره‌ی كێشه‌ی خراپه، شهڕانگێزبوونه. به یه‌ك مانا، بۆ له‌ناوبردنی خراپه، پێویستمان به تاوانی خراپه هه‌یه. به ڕوانگه‌ی ساد، گوناهـ سه‌رچاوه‌ی شادیی مرۆڤه: «شادی ته‌نها له شتێكدایه كه من ده‌ورووژێنێت و تاكه شتێك كه ده‌مورووژێنێت گوناهه.» ئه‌و ده‌یه‌وێت پاكداوێنی بكاته هاوده‌ست و خزمه‌تكاری گوناهـ. شادیی مرۆڤ، به بوون به ده‌ست دێت، و نه‌ك به چاكه و خراپه. گوناهـ، شتێك كه ده‌كه‌وێته بازنه‌ی بوونه‌وه. هیچ به‌هێزكه‌رێكی سێكسی، به ئه‌ندازه‌ی وێرانكردنی چاكه به‌هێز نییه.
- ساد، له ڕۆمانی ژوستیندا، ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر ئاته‌ئیزم شه‌هیدی بوێت، ئه‌وه‌نده به‌سه كه لێو ته‌ڕ بكات؛ خوێنی من ئاماده‌ی له‌به‌ر ڕۆشتنه.» سه‌رپێچیی سادیی، سه‌رپێچییه‌كی ته‌واو فیكرییه، سه‌رپێچییه‌ك كه هه‌مان توغیانی گشتیی جه‌ماوه‌ره له شه‌وی شۆڕشدا. به‌م پێیه، خودی سادیزم، ده‌گۆڕێت بۆ ته‌نها یه‌ك ئایدیۆلۆژیای یۆتۆپی له‌ناو ئایدیۆلۆژیاكانی تردا. له‌لایه‌كی تره‌وه، زه‌رووره‌تی جه‌وهه‌ریی ئه‌م دیارده‌یه، واته هه‌مان ئایدیۆلۆژیای یۆتۆپی، پێویست ده‌كات كه له كاری ساددا، سه‌رپێچی زاڵ ببێت به‌سه‌ر مه‌رجی بنچینه‌یی خۆیدا؛ مه‌رجێك كه به لۆژیك له گوته‌ی ئاتهئیستیی ساده‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت[7]. بلانشۆ ده‌ڵێت: «[ساد] خودی ڕه‌تدانه‌وه‌یه: به‌رهه‌مه‌كه‌ی جگه له كاری ڕه‌تدانه‌وه هیچ نییه، ئه‌زموونه‌كه‌ی جگه له جووڵه‌ی ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌كی دڵڕه‌قانه و فیداكارانه، كه ئه‌وانیتر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، خودا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، سروشت ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و، له‌م بازنه‌یه‌دا كه بێ بڕانه‌وه له‌ناویدا ده‌جووڵێت، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها چێژ له ڕه‌تدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بات.»[8] به باوه‌ڕی بۆڤوار، ئایدیایه‌ك هه‌یه كه ساد هیچ كات ناتوانێت په‌سه‌ندی بكات: گوێڕایه‌ڵی[9]. گوێڕایه‌ڵی، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی گه‌مژانه‌یه له به‌رامبه‌ر یاسای خراپه‌دا كه كۆمه‌ڵگه سه‌رله‌نوێ ده‌خوڵقێنێته‌وه. مرۆڤ به گوێڕایه‌ڵی، نكۆڵی له ده‌سه‌ڵات و ئازادیی خۆی ده‌كات. به ڕوانگه‌ی كلۆسۆڤسكی، ویژدانی مرۆڤی سادیی، به شێوه‌یه‌كی بێبه‌زه‌ییانه ئاته‌ئیستی نییه؛ به‌ڵكه ئه‌م ئاته‌ئیزمه ئه‌نجامی سهرشاربوون له ژیان و نه‌فره‌ته؛ ئاته‌ئیزمی ساد ته‌نها چه‌شنێك كوفركردنه. ته‌نها بێڕێزیكردن به سیمبوڵه ئایینییه‌كان ده‌توانێت ئاته‌ئیزمه ڕواڵه‌تییه‌كه‌ی بكاته شتێكی په‌سه‌ندكراو و له‌به‌ر ئه‌مه، ئاته‌ئیزمی ئه‌و به ئاشكرا ده‌توانرێت له فه‌یله‌سوفی ئاته‌ئیستی جیا بكرێته‌وه، فه‌یله‌سوفێك كه بۆ ئه‌و كوفركردن، سه‌ره‌ڕای ئاشكراكردنی لاوازیی تاكێك كه له‌م كاره چێژ ده‌بات، هیچ گرنگییه‌كی نییه[10]. ئاته‌ئیزمی ساد، بانگهێشتی خودای غایبه؛ وه‌ك بڵێی كه ده‌یه‌وێت خودا ناچار به ئاشكراكردنی بوونی خۆی بكات؛ وه‌ك ساد ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر خودایه‌ك بوونی ده‌بوو و ئه‌گه‌ر ئه‌و خودایه ده‌سه‌ڵاتی داگیر ده‌كرد، ئایا مۆڵه‌تی به قوربانی بوونی فه‌زیله‌ت و ته‌قوای ده‌دا، كه مایه‌ی شه‌ره‌ف و شانازیی ئه‌وه، به‌و جۆره‌ی كه ئێوه پێتان خۆشه به‌م جۆره بێت؟ ئایا ئه‌م خودای قادری ڕه‌هایه به یه‌ك مه‌خلوقی لاوازی وه‌ك من، كه به به‌راورد به ئه‌و وه‌ك كرمێكی بچووكم له به‌رامبه‌ر فیلێكدا، مۆڵه‌ت ده‌دات؛ ده‌پرسم، ئایا ئه‌و مۆڵه‌ت به‌م مه‌خلوقه كه‌نه‌فته ده‌دات تا دژوێنی پێ بدات، سووكایه‌تی پێ بكات، له به‌رامبه‌ریدا بووه‌ستێت، و ئازاری بدات، به‌م شێوه‌یه كه من له هه‌ر چركه‌ساتێكی ڕۆژدا له‌م كاره چێژ ببه‌م.»[11] ئاته‌ئیستی ڕاسته‌قینه، ئه‌گه‌ر بوونی هه‌بێت، خۆی په‌یوه‌ست ناكات به هیچ ئۆبژهیهكهوه؛ ئه‌و به گیرۆده‌بوون له جووڵه‌ی هه‌میشه‌یی سروشتدا، ته‌نها گوێڕایه‌ڵی له پاڵنه‌ره‌كانی ده‌كات، و ئه‌وانیتر جگه له «خڵته‌ی سروشت» به هیچ نازانێت. ئاته‌ئیستی سادیی، ناتوانێت ده‌ست له ئاره‌زووه زێده مرۆڤانه‌كه‌ی به‌ربدات؛ ڕه‌نگه ته‌نها ئاته‌ئیستی ڕه‌واقی بتوانێت ئه‌م كاره بكات. ئه‌و ناتوانێت ده‌ست له ئومێدی تاقانه‌ی ئایینده و ژیانی دۆزه‌خی به‌ربدات؛ واته، ناتوانێت له‌ناوچوونی «جه‌سته‌ی گوناهكار»ـی خۆی په‌سه‌ند بكات، ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌ر ئاره‌زووه بێماناكه‌ی، ئاره‌زوویه‌ك كه بریتییه له پیاده‌كردنی تووڕه‌یی خۆی به‌سه‌ر یه‌ك قوربانیدا تا ئه‌به‌د[12].
- ئایدیای خودا، یا به ده‌ربڕینی ساد، «ده‌سه‌ڵاتی باڵا»، به مانایه‌ك، هه‌ڵه‌ی بێبه‌زه‌ییانه‌ی مرۆڤ، گوناهی یه‌كه‌مینی مرۆڤ، سه‌لماندنی «نه‌بوون»ـی مرۆڤ، و هه‌مان شتێكه كه پاساو بۆ تاوان ده‌هێنێته‌وه و به ڕێپێدراو هه‌ژماری ده‌كات. ساد ده‌ڵێت: «ئایدیای بوونی ده‌سه‌ڵاتی باڵا تاكه هه‌ڵه‌یه‌كه كه ناتوانم به هۆیه‌وه مرۆڤ ببه‌خشم.» ئه‌م وته‌یه، یه‌كێكه له كلیله‌كانی تێگه‌یشتنی سیسته‌می ئه‌ندێشه‌ی ساد[13]. كاتێك كه فه‌لسه‌فه‌ی ماتریاڵیستیی دی لا مێتری[16]، هێلڤیتیوس[17] و هۆڵباخ[18] ده‌كه‌ونه به‌رده‌م ئه‌ندێشه‌ی ساد، تووشی گۆڕانێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو ده‌بن. بۆ ساد، جێگرتنه‌وه‌ی خودا به سروشت، سروشتێك كه له دۆخی جووڵه‌ی هه‌میشه‌ییدایه، نه‌ك ته‌نها ئاماژه نییه بۆ گه‌یشتنی سه‌رده‌مێكی باشتر بۆ مرۆڤایه‌تی، به‌ڵكه ده‌ستپێكی تراژیدیا ڕاده‌گه‌یێنێت. لێره‌دا ده‌توانین تێگه‌ی ناسراوی نیچه هه‌ست پێ بكه‌ین كه جۆرێك ئاگایی له به‌رامبه‌ر ئازاره‌كانی تاكی بێ گوناهـ جێ ده‌گرێت، ئاگاییه‌ك كه هاوڕایه له‌گه‌ڵ به‌رگه‌گرتنی ئازاری خۆی، چون ئه‌م گوناهه به به‌های زیندووبوون ده‌زانێت. ئه‌مه هه‌ستی شاراوه‌ی ئاته‌ئیزمه كه ساد به ڕوونی جیا ده‌كاته‌وه له هاوچه‌رخه‌كانی. سه‌لماندی ماده وه‌ك جووڵه‌ی هه‌میشه‌یی و وه‌ك تاكه هۆكاری گشتی و گه‌ردوونی، هاوتایه به په‌سه‌ندكردنی ژیانكردن وه‌ك یه‌ك تاك له دۆخی جووڵه‌ی هه‌میشه‌ییدا. ساد، له سروشتدا خه‌سڵه‌تی ئه‌و خودایه ده‌دۆزێته‌وه كه زۆرترین ژماره‌ی مرۆڤه‌كانی خستووه‌ته به‌رده‌م ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌به‌دییه‌وه. «به‌ڵێ، من له سروشت بێزارم، چون باش ده‌یناسم. به‌ئاگا بن له نهێنییه ترسناكه‌كانی سروشت، من گه‌ڕاومه‌ته‌وه ناو خۆم و هه‌ستم به نهێنییه ترسناكانه كردووه. خراپه، سه‌رگه‌رمیی سروشته. ئایا ده‌بێت ئه‌م جۆره دایكه‌م خۆش بوێت؟ نه‌خێر.»
به ڕوانگه‌ی ساد، مرۆڤ به هه‌ڵبژاردنی خودا، نكۆڵی له خۆی ده‌كات؛ و ئه‌مه گوناهی نه‌به‌خشراوی مرۆڤه. له ڕاستیدا، مرۆڤ ناكه‌وێته ژێر هیچ دادوه‌رییه‌كی باڵاوه، هیچ دادگایه‌كی ئاسمانی بوونی نییه.
- خراپه، به شێوه‌یه‌ك تاكی سادیی غافڵگیر ده‌كات كه وه‌ك بڵێی تاكه توخمی سروشته، كه وه‌ك بڵێی تاكه توخمی خودایه، توخمێك كه تاكی سادیی ناتوانێت بیبینێت. چاكه و خراپه له جه‌نگێكی هه‌میشه‌ییدا كڵۆم دراون؛ به‌ڵام چاره‌نووسی سه‌ركه‌وتن به ناوی خراپه‌وه‌یه. ویژدانی تاكی سادیی، له خوادا بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌گه‌ڕێت؛ به‌ڵام هه‌ر كه خودا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، جه‌نگه‌كه‌ی دژی خودا، به تێگه‌یشتن له جووڵه‌ی هه‌میشه‌یی سروشت، نه‌زۆك و ناته‌واو ده‌مێنێته‌وه. مرۆڤ ئیتر به سه‌رپێچیكردن ناتوانێت وه‌ڵامی ئه‌و شته بداته‌وه كه خۆی به سه‌رپێچیی سروشت ده‌زانێت؛ مرۆڤ هه‌ست ده‌كات كه تۆڵه‌ی نه‌كردووه‌ته‌وه[14]. به ڕوانگه‌ی ساد، مرۆڤ به هه‌ڵبژاردنی خودا، نكۆڵی له خۆی ده‌كات؛ و ئه‌مه گوناهی نه‌به‌خشراوی مرۆڤه. له ڕاستیدا، مرۆڤ ناكه‌وێته ژێر هیچ دادوه‌رییه‌كی باڵاوه، هیچ دادگایه‌كی ئاسمانی بوونی نییه. ساد ده‌زانێت كه ئایدیای دۆزه‌خ و ئه‌به‌دییه‌ت ده‌توانێت گڕی سته‌م و بێبه‌زه‌یی دابگیرسێنێت. ئامانجی ساد له پێشكه‌شكردنی تاوانی ڕه‌ها، وێرانكردنی سروشته نه‌ك ته‌نها لێدان له خودا. به‌هه‌ر حاڵ، ڕاستگۆیی ساد، شتێكی ڕه‌تكراوه نییه؛ و سروشتی ساد، به ته‌واوه‌تی نائایینییه. هیچ شوێنه‌وارێكی نیگه‌رانیی میتافیزیكی له ساددا بوونی نییه؛ به ده‌ربڕینێك، ترس له جیهانی ئه‌ودیو، به هیچ شێوه‌یه‌ك له ئه‌ندێشه‌ی ساددا نابینرێت. ساد ده‌یه‌وێت ته‌نها له‌گه‌ڵ مرۆڤدا سه‌روكاری هه‌بێت و نامۆیه به هه‌ر شتێكی نامرۆیی. ئه‌و له بازنه‌ی عهقڵێكدا ژیانی ده‌كرد كه ده‌یوست له‌لایه‌كه‌وه، پادشایه‌تیی خودا له زه‌میندا بپێچێته‌وه و له‌لایه‌كی تره‌وه، بوتێكی تر له شوێنی خوادا دا‌نێت: سروشت[15]. ژیانی دڵته‌زێنانه‌ی ساد، نادرووستیی ئه‌م ئایینه تازه‌یه (عه‌قڵ) ده‌سه‌لمێنێت. عه‌قڵ، دادگاییه‌ك كه به‌هاكانی له زه‌مینه‌وه وه‌رده‌گرێت. ئایدیای تاوانی ساد شێتییه‌كی ئه‌زموونی نه‌بوو، به‌ڵكه شێتیی هه‌مان عه‌قڵێك بوو كه به نیشاندانی ئاره‌زووی سه‌رپه‌ڕی مرۆڤ بۆ ڕه‌ها و ڕه‌هاگه‌رایی، پێشوه‌خت فهلاكهتی مرۆڤ و له‌ناوچوونی مرۆڤایه‌تی پێشبینی كردبوو. به ده‌ربڕینێكی تر، ئایدیای تاوانی سادیی، ئایدیای تاوانی هه‌مان عه‌قڵه، عه‌قڵێك كه به‌رپرسی تهریكخستنی مرۆڤه له مرۆڤبوون.
بلانشۆ وه‌ك «تیۆریسێن و ڕه‌مزی ئازادیی ڕه‌ها» ده‌ڕوانێته ساد.
- ساد خۆی له پێوه‌ند به شۆڕشه‌وه ده‌بینێت؛ ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م بینینه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێڕوانینی ئه‌و سه‌باره‌ت به یاسا. شۆڕش، به ڕوانگه‌ی ساد، «ڕژێمی بێیاسایی» ده‌نوێنێته‌وه. ساد سه‌رنجی زیاتر له‌سه‌ر جووڵه‌ی یاسایه له ڕژێمی پادشایه‌تیی یاساییه‌وه بۆ ڕژێمی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌نارشی. ئه‌و به ده‌ربڕینێكی قووڵ ده‌ڵێت: «حكومه‌تی یاسا له حكومه‌تی ئه‌نارشی [بێیاسایی] زه‌بوونتره: ڕوونترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و شته‌ی كه ده‌یڵێم ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌یه كه هه‌ر كاتێك كه حكومه‌ت بیه‌وێت یاسا بنچینه‌ییه‌كه‌ی هه‌موار بكاته‌وه، ناچاره خۆی له ئه‌نارشیزمدا ڕۆ ببات. حكومه‌ت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاساكانی ڕابردووی، ناچاره یه‌ك ڕژێمی شۆڕشگێڕانه دابمه‌زرێنێت كه تێیدا هیچ یاسایه‌ك بوونی نییه: له‌م ڕژێمه‌دا دواجار یاساگه‌لێكی نوێ دێنه كایه‌وه، به‌ڵام ئه‌م ده‌وڵه‌ته نوێیه به‌پێی پێویست به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ته‌ی كه لێیه‌وه ده‌رهات، دڵسۆزییه‌كی كه‌متری هه‌یه.»[16] بێگومان بلانشۆ وه‌ك «تیۆریسێن و ڕه‌مزی ئازادیی ڕه‌ها» ده‌ڕوانێته ساد. ئه‌و ده‌ڵێت: «[ساد] كه‌سێكه كه مه‌رگ بۆ ئه‌و گه‌وره‌ترین تامه‌زرۆییه و دواهه‌مین پووچی، كه به جۆرێك سه‌ر ده‌په‌ڕێنێت وه‌ك بڵێی كه‌له‌رم لێ ده‌كاته‌وه و به وه‌ها بێباكییهكهوه كه هیچ شتێك به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و مه‌رگه‌ی كه ده‌یسه‌پێنێت ناواقیعیتر نییه؛ و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هیچ كه‌س وردتر له ئه‌و هه‌ستی نه‌كرد كه ده‌سه‌ڵات [و حاكمییه‌ت] له مه‌رگدایه و ئازادی مه‌رگه.»[17] وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ كرد، بلانشۆ ته‌نها له‌به‌ر سێ تێگه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌ندێشه‌ی ساد ده‌خوێنێته‌وه: ڕه‌تدانه‌وه، مه‌رگ، و دژه-ئه‌ده‌بیات. له ڕاستیدا، ئه‌وه‌ی كه جیهانی ساد ده‌ناسێنێت، واقیعییه‌تێكی ته‌واو واقیعی نییه كه نا-واقیعییه‌ت له باڵاترین فۆرمیدا به‌رجه‌سته بكات، به‌ڵكه به پێچه‌وانه‌وه، توخمی بنچینه‌یی دنیای ساد ده‌سه‌ڵاتێكه كه به ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌كی مه‌زن خۆی ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌م ڕه‌تدانه‌وه‌یه كه له پێوه‌رێكی ئێجگار باڵادا به‌دی دێت، له بنچینه‌دا بۆ تێپه‌ڕاندنی ئاستی ژیانی مرۆیی ڕه‌چاو كراوه. ئه‌زموونی ساد، بێگومان له ئه‌زموونی ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌كی دڵڕه‌قی مێژووییه‌وه هاتووه، ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌ك كه، خودی ساد، له‌ناو بازنه‌ی ئه‌م ڕه‌تدانه‌وه‌دا، به وته‌ی بلانشۆ، «به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های خۆی، چێژ له ڕه‌تدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بات»[18]. هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی كۆتادار پێویستی به ڕه‌تدانه‌وه‌یه. ساد، وه‌ك نووسه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت، ده‌بێت خۆی ڕه‌ت بداته‌وه. به یه‌ك مانا، نووسراو، به‌رهه‌می خودڕهتدانهوهیه: هێزێكی ناكه‌سی.
- ویستی گشتی، به پشتبه‌ستن به پره‌نسیپه‌كانی عه‌قڵی گه‌ردوونی، پنتی هه‌سته‌كیی به‌شه‌كان (تاكه‌كان) ده‌سڕێته‌وه؛ و هه‌ڵه‌ی هه‌موو جۆره ههستهكییهكی به‌شه‌كی ئاشكرا ده‌كات. ویستی گشتی، به‌م ڕێگه‌یه، جه‌ماوه‌ر توانادار ده‌كات به‌وه‌ی كه وه‌ك حاكمێكی باڵاده‌ست شكڵ بگرێت و له پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی بنوێنێته‌وه. ویستی گشتی له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما ئه‌خلاقییه دامه‌زراوه كه ده‌ڵێت تاك له سنووری خۆیدا ناتوانێت ته‌واوی چه‌شنی مرۆیی بنوێنێته‌وه. له ویستی گشتیدا، ته‌نها كه‌سێك بوونی پشتڕاست ده‌كرێته‌وه، كه‌سێك كه خۆی تا سنووری یه‌ك ویستی ده‌ستنیشانكراو كورت بكاته‌وه و له‌گه‌ڵ تاكگه‌لێكی له‌م جۆره‌دا خۆی بكاته زۆرینه‌یه‌كی هاوویست. ویستی گشتی، كاتێك كه ده‌یه‌وێت ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵه بسڕێته‌وه، ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ستیارێتیی بهشهكیش ده‌سڕێته‌وه. به‌م شێوه‌یه، په‌یوه‌ندیی نێوان تاك و حاكمییه‌تی خه‌ڵك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. برایه‌تی ئیتر ئه‌زموون ناكرێت، چون برایه‌تی ته‌نها له پنتی هه‌سته‌كیی تاكه‌كاندا تاقی ده‌كرێته‌وه. له‌م دۆخه‌دا، ته‌نها تاكگهلێك ده‌مێننه‌وه كه له پێوه‌ند به یه‌كتره‌وه بێده‌ربه‌ست و غه‌ریبه‌ن، تاكگهلێك به‌بێ ئه‌رك له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا و كۆتكراو به ویستی گشتی. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه له ڕژێمی ویستی گشتیدا، برایه‌تی هیچ نییه جگه له میتافۆرێكی فریوده‌ر؛ ته‌نانه‌ت ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی كه له ڕێگه‌ی ویستی گشتییه‌وه خۆی ده‌رده‌خات، له برایه‌تیی شۆڕشگێڕانه داماڵراوه. ئه‌زموونی فه‌زیله‌ت له شۆڕشدا، ئه‌زموونی كوشتنی باوكه. له بنچینه‌دا، حاكمییه‌تی خه‌ڵك، له باوككوژییهوه هاتووه؛ كرده‌ی بنیاتنه‌ری حاكمییه‌ت، كوشتنی پادشایه، پادشایه‌ك كه نوێنه‌ری خودا بوو له ڕژێمی پێشوودا. برایه‌تیی شۆڕشگێڕانه له‌م ڕووه‌وه واقیعی بوو، چون به‌هۆی باوككوژیی پادشاوه گه‌ره‌نتی ده‌كرا. ئه‌مه شتێك بوو كه ئاگایی ساد به قووڵی ئه‌زموونی كردبوو، كاتێك كه به باوه‌ڕێكی پته‌وه‌وه داوای له كۆماری كرد كه له‌جیاتیی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی سیاسیی تاوان، گوناهی ئه‌خلاقیی خۆی له ئه‌ستۆ بگرێت و خۆی به تاوانكار بناسێت.
- بلانشۆ، له كتێبی لۆتریامۆن و ساددا، تا ڕاده‌یه‌ك خه‌سڵه‌تی «مرۆڤی سادیی» ده‌ستنیشان ده‌كات[19]. ئه‌و ده‌ڵێت: «مرۆڤی سادیی بوونی له مهرگێكهوه دهردهكێشێت كه خۆی پیاده‌ی ده‌كات و هه‌ندێكجار، درووست كاتێك كه ئاره‌زوومه‌ندی جاویدانه‌گیی ژیانه، خه‌ونی مه‌رگێكی له سه‌ردا هه‌یه كه بتوانێت بێ‌وچان پیاده‌ی بكات، به جۆرێك كه جه‌لاد و قوربانی به شێوه‌یه‌كی جاویدان له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا جێ بگرن و به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌هره‌مه‌ند له خه‌سڵه‌تی خودایی جاویدانه‌گی یه‌كتری ببینن.»[19] بۆ مرۆڤی سادیی، قوربانی، به خودی خود، بوونی نییه و یه‌ك بوونه‌وه‌ری جیاواز و تاكانه نییه، به‌ڵكه توخمێكی ساده‌یه كه له په‌یوه‌ندییه‌كی مه‌زنی ئیرۆتیكیدا چه‌ندین جار شیاوی جێگرتنه‌وه و گۆڕینه: «هیچ شتێك وه‌ك ژماره‌ی زۆری بوونه‌وه‌ره‌كان من سه‌رگه‌رم ناكات و نامخاته هه‌یه‌جانه‌وه.»[20] مه‌رگ و هه‌ستیارێتی، به ڕوانگه‌ی باتای، دوو دۆخی جیانه‌كراوه‌ن كه هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ره‌و ئه‌ویتر له جووڵه‌دان: یه‌ك مرۆڤ هیچ نییه جگه له ئاژه‌ڵێك كه سه‌باره‌ت به تێگه‌ی مه‌رگ ئاگایی په‌یدا كردووه. ئه‌م ئاگاییه هه‌مان به‌ڵگه‌یه‌كه كه مرۆڤ ده‌توانێت له ڕێگه‌ی داهێنانی تابۆكانه‌وه خۆی جیا بكاته‌وه له ئاژه‌ڵێتیی؛ ئه‌ڵبه‌ته به ئاوارتهكردنی توندوتیژیی مه‌رگ: باڵاترین ئۆرگازم مه‌رگه. دڵڕه‌قی، له ئۆرگازمدا ته‌واو نابێت؛ و بریتییه له وزه‌یه‌ك كه هێشتا شارستانییه‌ت به ته‌واوه‌تی ئاشكرای نه‌كردووه و به‌م پێیه، دڵڕه‌قی، چاكه‌یه و نه‌ك خراپه. مرۆڤی سادیی، مرۆڤه‌كان ڕه‌ت ده‌داته‌وه، و ئه‌م ڕه‌تدانه‌وه‌یه، وه‌ك بلانشۆ ده‌ڵێت، به هۆی چه‌مكی ده‌سه‌ڵاتی باڵاوه به‌دی دێت. مرۆڤی سادیی، به وه‌همی خۆی، ده‌بێته خودی ده‌سه‌ڵاتی باڵا و له به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره مرۆڤه‌دا، ته‌واوی مرۆڤه‌كانی تر بێبه‌ها ده‌بن و هه‌ست به نه‌بوونی خۆیان ده‌كه‌ن له به‌رامبه‌ر خوادا. یه‌كێك له پاڵه‌وانی ساد ده‌ڵێت: «ئێمه خوداین.» له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه، به باوه‌ڕی بلانشۆ، مرۆڤی سادیی ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسیارێتییه‌كی سه‌رتر له مرۆڤ له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌م مرۆڤانه‌وه به شێوه‌یه‌كی گه‌مژانه به‌خشرابووه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها. به‌ڵام، بۆ مرۆڤی سادیی، بوون له شوێنی ده‌سه‌ڵاتی باڵادا، ته‌نها یه‌ك مانای هه‌یه: مرۆڤه‌كان وردوخاش ده‌كات و خوڵقاندن له‌ناو ده‌بات[21]. به‌ڵام، بۆ ساد، له‌ناوبردنی هه‌موو شتێك، له‌ناوبردنی دنیا نییه؛ چون دنیا نه‌ك ته‌نها جۆرێك سه‌لماندنی گه‌ردوونییه، به‌ڵكه جۆرێك وێرانكردنی گشتگیریشه. به ده‌ربڕینێكی تر، ته‌واوێتیی بوون و ته‌واوێتیی نه‌بوون، به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان دنیا ئاشكرا ده‌كه‌ن[22]. پاڵه‌وانی ساد ده‌ڵێت: «من كارێك ده‌كه‌م كه پێم خۆشه، جگه له چێژی خۆم هیچ شتێك ناناسم، و بۆ پاراستن و ده‌ستگه‌یشتن به چێژ، ئه‌وانیتر ئه‌شكه‌نجه ده‌ده‌م و ده‌كوژم.»[23]
هه‌ستی مرۆڤی سادیی، نه‌ك به‌هۆی جوانیی یه‌ك ژنه‌وه، به‌ڵكه به‌هۆی ئه‌و تاوانه‌وه كه به‌رامبه‌ر ژن ده‌یكات، ده‌ورووژێت.
- مرۆڤی سادیی، هیچ كاره‌سات و خراپه‌یه‌كی تووش نایێت، چون خۆی بووه به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها؛ و مرۆڤی هه‌موو جۆره ئیرۆتیزم، هه‌یه‌جان و هه‌ستێكی سه‌رپه‌ڕه و له ڕێگه‌یانه‌وه چێژ ده‌بینێت. هه‌رچی زیاتر كرده‌ی مرۆڤی سادیی شایسته‌ی سزادان بێت، به‌های تاوان زیاتر ده‌بێت. ویژدانی مرۆڤی سادیی هه‌میشه به په‌شیمانی چالاك ده‌بێت. له ڕاستیدا، په‌شیمانی، وزه‌ی تاوانی مرۆڤی سادیی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. په‌شیمانی خۆی یه‌ك ڕووبه‌ری چێژه. ئه‌و شته‌ی كه ئه‌و بۆ تاوان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، خراپه‌یه؛ كهوتنهشوێن خراپه بۆ فراوانكردنی سنووری چێژی ئه‌م مرۆڤه زه‌روورییه: «ئه‌وه‌ی كه گیانمان پێ ده‌به‌خشێت، ئۆبژه‌ی مرۆڤی سادیی نییه، به‌ڵكه ئایدیای خراپه‌یه.»[24] سه‌ره‌نجام، ئۆبژه‌ی مرۆڤی سادیی هیچ چێژێك وه‌رناگرێت مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجامی خراپه‌یه‌كی گه‌وره‌تری لێ بكه‌وێته‌وه. به‌پێی وه‌سفی ساد، ویژدانی نائه‌خلاقیی مرۆڤی سادیی، نه‌ك ته‌نها ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر ئاته‌ئیزم، به‌ڵكه په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی هه‌یه له‌گه‌ڵ شیكاریی خراپه‌دا، شیكاریی خراپه ته‌نها له‌به‌ر خودی خراپه. هه‌ستی مرۆڤی سادیی، نه‌ك به‌هۆی جوانیی یه‌ك ژنه‌وه، به‌ڵكه به‌هۆی ئه‌و تاوانه‌وه كه به‌رامبه‌ر ژن ده‌یكات، ده‌ورووژێت. كۆتایی مرۆڤی سادیی، چێژه؛ و له چێژدا هیچ جۆره نهێنییه‌ك ناهێڵێته‌وه. مرۆڤی سادیی، له بنچینه‌دا حورمه‌تی نهێنی له‌كه‌دار ده‌كات. له ساتی ئۆرگازمدا، خودی سادیی[20]، نائومێدانه به‌دوای ڕێگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت كه ببێته شتێك به‌ده‌ر له خۆی؛ به‌ڵام ناتوانێت و سه‌ره‌نجام، دنیا له‌گه‌ڵ خۆیدا زیندانی ده‌كات. ئه‌م خوده سادییه كه سته‌مكارێكه له زیندانه‌كه‌یدا، ناتوانێت به‌رگه‌ی چێژ له كه‌سێكی تردا بگرێت. ته‌واوی ئایدیاكانی ساد به ده‌وری شتێك‌دا ده‌سووڕێنه‌وه: درووستكردنی یه‌ك بۆشایی ئه‌خلاقیی ڕه‌ها، بۆشاییه‌ك كه خودی ساد دواتر به ئاگایی غروورئاسای پڕی ده‌كاته‌وه.
- مرۆڤی سادیی، گورگی دۆخی سروشتیی هۆبز نییه؛ له دۆخی سروشتیی هۆبزدا، به‌ره‌وڕووی غیابی خودا ده‌بینه‌وه. غیابی خودا، ئه‌گه‌رێك نابه‌خشێته مرۆڤ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك كه خۆی ده‌یه‌وێت؛ واته، له دۆخی نه‌بوونی خودادا، هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ ئه‌نجامدانی هیچ كارێك بوونی نییه. مرۆڤ پاش پێكهێنانی «لیڤیاتان» یا ده‌وڵه‌ت، تێده‌گات كه ئه‌گه‌ری هه‌بوو له دۆخی سروشتی‌دا به ده‌ست یه‌كێك له مرۆڤه‌كان بكوژرایه. ئه‌مه به‌م مانایه‌یه كه مه‌رگ، له دۆخی سروشتیی هۆبزییدا، ئه‌گه‌رێكه كه پاش پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت ده‌گوازرێته‌وه بۆ دۆخی پێش-ده‌وڵه‌ت. به‌م پێیه، نه مرۆڤی سادیی گورگی دۆخی سروشتیی هۆبزه و نه جیهانی سادیی جیهانی سروشتییه. له دۆخی سروشتی‌دا، له غیابی خوادا، ته‌نانه‌ت شته‌كان بوونیان نییه؛ ماف شتێكه كه په‌یوه‌سته به جیهانی پاش «په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی»یه‌وه. له دۆخی سروشتیی هۆبزدا، ته‌نها یه‌ك شت ئاماده‌یه: ئه‌گه‌ری هه‌میشه كوژرانی تاك له‌لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه. مرۆڤی سادیی، حاكمی ده‌ره‌وه‌ی یاسا نییه؛ ئه‌و ناتوانێت حاكمی «دۆخی ئاوارته» بێت. له دۆخی ئاوارته‌ی شمیت[21]دا، حاكم له ده‌ره‌وه‌ی یاساوه نییه؛ ئه‌و خودی یاسایه. حاكم بڕیار نادات، به‌ڵكه كه‌سێك كه بڕیار ده‌دات حاكمه. له ڕاستیدا، حاكمی دۆخی ئاوارته، به هه‌ڵپه‌ساردن و نه‌ك به سه‌رترچوون له یاسا، ده‌بێته خودی یاسا. ئه‌و ده‌ره‌وه‌ی یاسا نییه، به‌ڵكه خودی یاسایه. له كاتێكدا كه مرۆڤی سادیی تاوانكاره و به‌ئاگایه له‌م دۆخه‌ی خۆی. مرۆڤی سادیی له‌ناو یه‌ك دۆخدا، یه‌ك سیسته‌می نه‌ریتی، سیسته‌می یاسا ده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسا ئایینییه‌كاندا جێی گرتووه، و هه‌موو ئه‌م یاسایانه به باشی ده‌ناسێت و به‌ره‌نگاریان ده‌كات. كه‌واته، مرۆڤی سادیی مرۆڤێك نییه له دۆخی سروشتی‌دا كه ته‌نها به‌ره‌وڕووی مه‌رگ ببێته‌وه، به‌ڵكه مرۆڤێكه له چه‌قی لیڤیاتان یان ده‌وڵه‌تدا كه ڕووبه‌ڕووی سته‌مێكی فره‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌وه. ئه‌و سه‌مپتۆمی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه؛ درزێك له شتێك‌دا كه ڕێكی به ژیان ده‌به‌خشێت. دۆخی ئاوارته نه بۆ شمیت و نه بۆ ئاگامبێن و نه له هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تردا، سه‌رترچوون نییه له یاسا؛ به‌ڵكه هه‌ڵپه‌ساردنی یاسایه. له دۆخی ئاوارته‌دا حاكم، كه‌سێك كه بڕیار ده‌دات، له یاسا سه‌رتر ناچێت؛ چونكه یاسا پێشوه‌خت هه‌ڵپه‌سێردراوه و، ئه‌مه تاكه به‌ڵگه‌یه‌كه كه حاكم له‌به‌ر بڕیاره‌كانی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكرێت. له ڕاستیدا، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی حاكم كه سه‌رتره له یاسا، به‌ڵكه هه‌ڵپه‌ساردنی یاسایه كه هه‌موو كارێك به ڕێپێدراو هه‌ژمار ده‌كات. به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه‌یه كه مرۆڤی سادیی، زیاتر له هه‌ر تاكێك له‌ناو ده‌وڵه‌تدا جێ ده‌گرێت؛ زیاتر له هه‌ر كه‌سێك بووه به شت؛ له كاتێكدا كه ئه‌و ده‌یه‌وێت ببێته خودی لیڤیاتان: «به‌ڵێ، تاكه مافی من هه‌میشه مافی ده‌سه‌ڵاته.» هه‌موو تاوانێك، بۆ مرۆڤی سادیی، كارێكی هیگڵییه؛ «به‌ش»ێك كه له سنووری «گشت» سه‌رتر ده‌چێت؛ ڕه‌تدانه‌وه‌ی ڕه‌های ته‌واوێتی؛ به‌شێك كه هێشتا نه‌بووه به كه‌س. سوژه وه‌فاداره بۆ ئاره‌زوویه‌ك كه تاكێتییه‌كه‌ی نه‌ك له شوێنێكدا كه له ته‌واوێتیدا داگیری ده‌كات، به‌ڵكه له سه‌رترچوون له ته‌واوێتی ده‌یبینێت. سوژه وه‌فاداره بۆ سه‌مپتۆمێك كه تاكێتییه‌كه‌ی له ئاشكراكردنی پارادۆكسه‌كان، له درزی فانتازیا و له ته‌واوێتیی حاكمدا بۆی ده‌گه‌ڕێت.
- به‌پێی ئه‌م ڕاڤه‌یه، ده‌گه‌ینه ئه‌م پرسیاره: ئایا له ئه‌ندێشه‌ی ساددا توندوتیژی یاسا دروست ده‌كات؟ له ڕاستیدا، به‌پێی ڕاڤه و خوێندنه‌وه‌ی بلانشۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره نه‌رێیه. له ئه‌ندێشه‌ی ساددا، ئه‌وه توندوتیژی نییه كه یاسا داده‌مه‌زرێنێت به‌ڵكه توندوتیژی خودی یاسایه. به ده‌ربڕینێكی تر، یاسا توندوتیژییه و له جیهانی ده‌وڵه‌ته مۆدێرنه‌كاندا ده‌بێت بگوترێت توندووتیژی یاسایه. له ئه‌ندێشه‌ی ساددا، توندوتیژی كرده‌یه‌كی سروشتی نییه، به‌ڵكه له ڕاستیدا هه‌وڵێكه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرسه‌كان بۆ (دۆخی سروشتی)یان. مرۆڤی سادیی ته‌نها سه‌باره‌ت به شته‌كان توندوتیژی ده‌نوێنێت؛ بۆ ئه‌و، تاكێك كه نه‌خێر به به‌های یه‌ك پرسی ده‌ره‌كی و ئاره‌زووی خۆی ده‌ڵێت، له سنووری مرۆڤه‌كان ده‌چێته ده‌ره‌وه و ده‌بێته شت. مرۆڤێك ده‌توانێت له شتێتی ڕزگاری بێت كه به‌ڵێ به ئاره‌زوو، ده‌سه‌ڵات و تاكێتیی خۆی بڵێت. ته‌نها تاوان ده‌توانێت مرۆڤی به‌شتبوو بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ پێگه مرۆییه‌كه‌ی؛ و تاوان، له بنچینه‌دا، شه‌ڕانگێزیی پاداشتی مرۆڤی سادییه. هه‌ر كرده‌یه‌كی تاوانكارانه له‌لایه‌ن مرۆڤی سادییه‌وه، ڕاگه‌یاندنی وه‌فادارییه بۆ به‌ها شۆڕشگێڕییه‌كان كه له عه‌قڵی ڕۆشنگه‌رییه‌وه هاتوون.
- ساد پاڵه‌وانه‌كانی ناو ده‌نێت «لیبێرتین-Libertine»؛ لیبێرتین به كه‌سێك ده‌گوترێت كه هیچ سنوورێك بۆ ئاره‌زوو دانانێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه، به ڕوانگه‌ی ساد، ئازادی واته سه‌رپێچی له یاسا و سه‌رترچوون له سنووره‌كان. لیبێرتین، له چێژدۆستی یا له دۆزینه‌وه‌ی چێژدا، به وردبیینییهكی ته‌واوه‌وه، ده‌یه‌وێت ڕه‌گه‌زی ژن بشارێته‌وه. ئه‌م شاردنه‌وه‌یه، له سێ لایه‌نه‌وه گرنگه. یه‌كه‌م؛ بۆ لیبێرتین ئه‌م كاره وه‌ك لاساییه‌كی گاڵته‌جاڕ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌خلاق پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه؛ لیبێرتین سوود له هه‌مان ئه‌و ڕسته‌یه وه‌رده‌گرێت كه پیاوانی ئایینی به‌كاری ده‌هێنن: «خانمه‌كان، زێتان داپۆشن!». ئه‌مه هه‌مان ڕسته‌یه‌كه ژێرناندی ده‌مارگیر به ژۆستین و دۆرۆتهی ده‌ڵێت. به هه‌مان ئاواز تارتۆڤ به دۆرین ده‌ڵێت: «سنگت به شێوه‌یه‌ك دابپۆشه كه من نه‌توانم بیبینم.» لێره‌دا، وه‌ك ده‌بینین هه‌مان مانا هه‌یه، به‌ڵام به دوو ئامانجی جیاواز؛ بۆ پیاوی ئایینی، داوێنپاكیی ڕیاكارانه و بۆ لیبێرتین، پۆرنۆگرافی بێ‌سنوور. دووه‌م؛ ژن پارچه پارچه و وردوخاش كراوه؛ ده‌یبه‌ستن، ده‌یپێچنه‌وه، ڕواڵه‌تی ده‌گۆڕن، ده‌یشارنه‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه هیچ یه‌ك له ڕاكێشه‌رییه‌كانی پێشووی (به‌ژن، سنگ، ڕه‌گه‌ز) نامێنێته‌وه؛ یه‌ك چه‌شن بووكه‌ڵه‌ی نهشتهركراو و به‌كارهێنراو به‌رهه‌م ده‌هێنن، جه‌سته‌یه‌ك كه پێشه‌وه‌ی نییه (جۆرێك تۆقاندن و سووكایه‌تیی پێكهاته‌یی)، برینپێچییهكی هیولائاسا، یه‌ك «شت». سێیه‌م؛ لیبێرتین له ڕێگه‌ی فه‌رمانی داپۆشرانی ژنه‌وه، دژایه‌تیی دژهئهخلاقگهرایی باو ده‌كات. لیبێرتین دژی ئه‌و پۆرنۆگرافییه كار ده‌كات كه له ڕووتكردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی ژن‌دا ئازایه‌تی و بێپهرواییهكی سه‌رسه‌خت دروست ده‌كات. ئه‌خلاقی لیبێرتینی له‌سه‌ر له‌ناوبردن دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵكه له‌سه‌ر گومڕاكردن وه‌ستاوه؛ ئه‌م ئه‌خلاقه ئۆبژه، وشه و ئه‌ندامی جه‌سته له كاركرده باوه‌كه‌ی به‌لاڕێدا ده‌بات. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره به‌دی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه سیسته‌می لیبێرتینی به به‌های له‌ده‌ستچوونی ئه‌خلاقی باو درێخی بكات، مانا ده‌بێت پێداگری بكات، ژن ده‌بێت به شوێن نواندنه‌وه‌ی یه‌ك فه‌زای جێگره‌وه بێت، فه‌زایه‌ك كه به‌هره‌مه‌ند بێت له دوو شوێن كه لیبێرتین، وه‌ك زمانناسێك كه ڕێز بۆ نیشانه داده‌نێت، نیشانه له‌سه‌ر یه‌كێك له شوێنه‌كان دابنێت و ئه‌ویتریش بێ كاریگه‌ر بكات. به‌م پێیه، لیبێرتین به شاردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی ژن و له هه‌مان كاتدا به ڕووتكردنه‌وه‌ی كه‌فه‌ڵی، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ژن ده‌گۆڕێت بۆ یه‌ك كوڕ و؛ له ژن‌دا به‌دوای شتێك‌دا ده‌گه‌ڕێت كه ژن نییه؛ به‌ڵام تێدابردنی وه‌سوه‌سه‌ئاسای جیاوازی، له فێڵێك زیاتر نییه. ژنێك كه به‌ده‌ره له ڕه‌گه‌ز، یه‌ك ئه‌ویتری ژن (واته كوڕ) نییه؛ له‌ناو ئۆبژه‌كانی پۆرنۆگرافی بێ‌سنووردا، ژن به جیاواز ده‌مێنێته‌وه. درووست له‌م شوێنه‌دایه كه پرۆسه‌ی جێگرتنه‌وه كار ده‌كات، ته‌نها ژنه كه هه‌ڵبژاردنی دوو پانتایی بۆ تێبردن به ده‌سته‌وه ده‌دات. لیبێرتین به هه‌ڵبژاردنی یه‌كێك له‌م پانتاییانه له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا، له هه‌رێمی هه‌مان جه‌سته‌دا، مانایه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێت و په‌سه‌ند ده‌كات: سه‌رپێچی. چون جه‌سته‌ی كوڕ هیچ ئه‌گه‌رێك نابه‌خشێته لیبێرتین تاوه‌كو قسه له‌سه‌ر جێگرتنه‌وه‌ی پانتاییه‌كان بكات (چون جه‌سته‌ی ته‌نها یه‌ك پانتایی پێشكه‌ش ده‌كات)، قه‌ده‌غه‌یی كوڕ له جه‌سته‌ی ژن كه‌متره، سه‌ره‌نجام به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراوتر، كه‌متر سه‌رنج بۆ خۆی ڕاده‌كێشێت[25].
له یاسای ئه‌خلاقیدا، ته‌نها شتێك غیابی هه‌یه: چێژ. بۆ لیبێرتین، ئازادی و دادپه‌روه‌ری ڕه‌مزی چێژن؛ له كوێدا چێژ هه‌بێت، ئازادی و دادپه‌روه‌ری هه‌یه.
- لیبێرتین، له بنه‌ڕه‌تدا دژهنهریته و ده‌یه‌وێت «پرسی موقه‌ده‌س» بگۆڕێت بۆ پرسی ئاسایی. ئامانجی لیبێرتین بریتییه له گۆڕینی «پرسی قه‌ده‌غه» بۆ «پرسی ڕیپێدراو». له یاسای پیاوی ئایینی‌دا یا له یاسای ئه‌خلاقیی كۆمه‌ڵگه‌دا، زێ و چووك قه‌ده‌غه‌یه و جه‌سته به داپۆشران سنووردار كراوه. هیچ شتێك ناتوانێت سته‌می ئه‌خلاق كۆنترۆڵ بكات، و له بنچینه‌دا كه‌سێك جڵه‌وگری ئه‌م یاسایه ئه‌خلاقییه نییه. یاسای ئه‌خلاقی، سه‌رتر له «من»ـی مرۆیی ده‌جووڵێت، هه‌میشه و له ساتی فه‌رماندایه. له ڕاستیدا، ئه‌م یاسا ئه‌خلاقییه نه‌ك خزمه‌ت به لیبێرتین ناكات، به‌ڵكه به‌رده‌وام سه‌ركوتی ده‌كات. ته‌نها به ده‌ركه‌وتنی لیبێرتینه كه یاسای ئه‌خلاقی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ئه‌خلاقی مرۆیی به‌رهه‌م دێت. بێگومان ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی زێ و چووك ده‌توانێت یاسای ئه‌خلاقی یا ئه‌خلاقی پیاوی ئایینی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه. نیچه قسه له‌سه‌ر مرۆڤی باڵا ده‌كات و ساد (ڕابه‌ری نیچه) له‌سه‌ر لیبێرتین. له ڕاستیدا، مرۆڤی باڵای نیچه هه‌مان لیبێرتینی سادییه. لیبێرتین واته ئازادی، ئازادیی جهستهدۆستی و جه‌سته‌گه‌رایی شۆڕش. ئێمه چ شتێك ده‌رباره‌ی «عه‌قڵ»ـی ساد ده‌زانین؟ چۆن ده‌توانین لیبێرتینی سادیی پێناسه بكه‌ین؟ له بنچینه‌دا چۆن ده‌توانین لیبێرتینی ساد ڕاڤه بكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه تێگه‌یشتنێكمان بۆ مرۆڤی باڵای نیچه هه‌بێت؟ ته‌واوی ئه‌م چه‌مكانه له جۆرێك «پۆرن»دا ڕوو ده‌ده‌ن. ئێمه هه‌ندێكجار به‌ره‌وڕووی ئه‌ندێشه‌ی پۆرن ده‌بینه‌وه و هه‌ندێكجار، له‌گه‌ڵ خودی پۆرن و هه‌ندێكجاریش له‌گه‌ڵ جه‌سته‌گه‌رایی، هه‌مان جه‌سته‌گه‌رایی كه له پشت ئه‌ندێشه‌وه شاراوه‌ته‌وه. وشه چۆن ده‌توانێت له ڕێگه‌ی سه‌ماوه خۆی ڕووت بكاته‌وه؟ پۆرن لێره‌دا به مانای ئاشكرابوون، ده‌ركه‌وتن، خۆمانیفێست كردن و دواجار به مانای دژی ڕیاكاری و داپۆشران و خۆشاردنه‌وه‌یه. ئه‌مه ئه‌و سه‌رپێچییه‌یه كه ساد له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا بۆ یه‌كه‌مین جار تیۆریزه‌ی كرد. سه‌رپێچی له دوالیزمی ڕیاساز! ڕیاكاری له دوالیزمی چاكه و خراپه‌وه هاتووه، لایه‌نێكی ڕیا چاكه‌یه و ئه‌ویتری خراپه. لیبێرتین، به داماڵینی ڕیاكاری، وشه‌كانیش ڕووت ده‌كاته‌وه و له ڕاستیدا، له ڕیا پاكیان ده‌كاته‌وه. چه‌كی یه‌ك لیبێرتین چووك یا زێیهتی[22]. چووك چه‌كێكه دژ به ڕیاكاری. چركه‌ساتی ده‌ركه‌وتنی چووكی لیبێرتین، چركه‌ساتی هه‌ڵپه‌ساردنی یاسای ئه‌خلاقییه و به‌م پێیه، بوونی خودی ئهخلاقگەراش یا پیاوی ئایینی هه‌ڵده‌په‌سێردرێت. جه‌نگی ڕاسته‌قینه، جه‌نگی نێوان خراپه و چاكه نییه، به‌ڵكه شه‌ڕانگێزیی تاك و شه‌ڕانگێزیی سیسته‌مه. به ڕوانگه‌ی ساد، كێشه سه‌ركه‌وتنی چاكه نییه به‌سه‌ر خراپه‌دا. خراپه یاخود شه‌ڕانگێزی به‌شێكه له بوونی مرۆڤ. داڕووخانی مرۆڤ ئه‌و كاته ده‌ست پێ ده‌كات كه تاوان داوه‌ریكردن بێت. به وته‌ی ساد، «له یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی تاوانكاردا، تاك ده‌بێت ببێته تاوانكار.» تاوان، به‌هه‌رحاڵ، ته‌نها یه‌ك سیاسه‌تی لیبێرتینه، سیاسه‌تێك بۆ ئازادیی مرۆڤایه‌تی. ئه‌مه وانه‌یه‌كه كه كتێبی فه‌لسه‌فه له ژووری خه‌ودا(1795) پێشكه‌شی ده‌كات. ئه‌م كتێبه له ڕاستیدا جاڕنامه‌یه‌كه كه زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی تا سه‌ده‌كانی دواتر درێژ ده‌بێته‌وه: ئه‌ی شههوهتڕانانی جیهان یه‌كگرن. كه‌واته، پێویسته لیبێرتین، به شێوه‌یه‌كی چالاك، په‌یوه‌ست بێت به خراپه‌وه. هه‌ستانی لیبێرتین دژ به یاسا نه‌ریتییه‌كان، یاسا ئه‌خلاقییه‌كان، یاسا ده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسا ئایینییه‌كان، ههستانێكه ته‌نها له‌پێناو خودی هه‌ستاندا و؛ ته‌نها یه‌ك چه‌ك وه‌ك نه‌خێری گه‌وره به‌كار ده‌خات: چووك. بێگومان ئه‌م هه‌ستانه، حزووری یه‌ك لیبێرتین، لیبێرتینێك كه ڕه‌مزی چێژه، نمایش ده‌كات. له یاسای ئه‌خلاقیدا، ته‌نها شتێك غیابی هه‌یه: چێژ. بۆ لیبێرتین، ئازادی و دادپه‌روه‌ری ڕه‌مزی چێژن؛ له كوێدا چێژ هه‌بێت، ئازادی و دادپه‌روه‌ری هه‌یه. شتێك كه بۆ یاسای ئه‌خلاقی چێژ بێت، لیبێرتین ته‌واوی جیهانی یاسای ئه‌خلاقی ده‌گۆڕێت بۆ چێژ. چێژ، هه‌ڵپه‌ساردنی یاسا و ئه‌خلاقه. چێژ: ساتی ڕووتبوونه‌وه‌ی هه‌موو شتێك؛ ساتی كه‌وتنی ده‌مامكی ڕیاكاریی یاسای ئه‌خلاق. ساتی چێژبردن، ساتی به‌رهه‌مهێنانی «چه‌شنی مرۆڤ» نییه، به‌ڵكه ساتی جه‌نگكردنه دژ به ڕیاكاریی دوالیزمی خراپه و چاكه. لیبێرتین، به چالاكیی چووك، ئۆرگازمی فیكریی پیاده ده‌كات. چالاكیی سیاسیی چووك، سێكسی فه‌لسه‌فییه. له ڕاستیدا، په‌یامبه‌ری جه‌سته‌گه‌رایی و فیمینیزم، ماركی ساده؛ و هێلین سیكسۆ[23] و ژولیا كریستیڤا[24]، به‌رهه‌می ئه‌ندێشه‌ی سادن.
- نووسین ئه‌گه‌ر چێژ به‌رهه‌م نه‌هێنێت هیچ نییه؛ نووسین سێكسه له‌گه‌ڵ كاغه‌زدا كه ئه‌گه‌ر به‌رده‌نگێك هه‌بێت- تۆ یا ئه‌وێك له‌كاردا بێت- یه‌ك سێكسی دوولایه‌نه‌یه و ئه‌گه‌ر هیچ به‌رده‌نگێك نه‌بێت- یا به ڕاناوی یه‌كه‌م كه‌س بنووسرێت- جگه له یه‌ك ده‌ستپه‌ڕ هیچ نییه. به ده‌ربڕینێكی تر، نووسینی فره‌ده‌نگ و دیالۆگئاسا، سێكسی نووسه‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌ویتری خوێنه‌ردا و نووسینی سوژهتهوهر، ده‌ستپه‌ڕی نووسه‌ره. هێلین ده‌ڵێت: «خانمه‌كان سه‌باره‌ت به زێتان بنووسن.» نووسین، هاوڕێبوونه له‌گه‌ڵ جه‌سته‌دا و به یه‌ك مانا، نووسین، جهستهنووسینه[25]: جه‌سته‌ی زیاتر… نووسراوی زیاتر… جه‌سته، سنوورێك ده‌نوێنێته‌وه كه تیپه‌ڕاندنی مه‌حاڵه. نووسه‌ر ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی خۆیه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی «من»ـی خۆیه‌وه بنووسێت. وشه، له جه‌سته‌وه دێت و ته‌نانه‌ت «جه‌سته»ـی نووسین، خۆی شتێكه له جه‌سته. ڕه‌نگه، جه‌سته و «من»ـی نووسه‌ر، له نووسیندا به‌یه‌ك بگه‌ن و ببنه به‌رهه‌م. پارچه‌بوونی جه‌سته و خوێنڕێژی، نمایشیترین سیمای جه‌سته‌یه. نمایشكردنی جه‌سته، بۆ ساد، ئومێدی ده‌ستگه‌یشتنه به خود و بۆ ئه‌وه‌ی خود ببینێت، ده‌بێت خۆی ببینرێت و؛ كاتێك كه ئۆبژه‌ی چێژ ئه‌شكه‌نجه ده‌دات، خۆی ده‌بێته ئۆبژه‌یه‌كی بینراو. هیچ تاوانێك ناتوانێت سروشتی شههوهتگهرای ساد تێر بكات؛ ئه‌مه ئه‌ده‌بیات، یا نووسین بوو، كه توانیی ئه‌م شه‌هوه‌ته دابمركێنێته‌وه. ساد ده‌ڵێت: «تاوانێكی ئه‌خلاقی تاقی بكه‌ره‌وه كه ته‌نها به نووسین به‌دی دێت.»[26] په‌یوه‌ندیی سێكسی هاوشێوه‌ی گه‌ڕانێكی خه‌یاڵییه، ڕێگه‌یه‌كی تر بۆ بردنی نووسه‌ر بۆ ئه‌ودیوی جیهان و به‌ره‌و ئایدیاڵی خوازراو، یا هه‌مان پرسی ڕه‌ها.
- به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی ساد، هه‌وڵێكی ناڕوونه بۆ پێشبردنی تاوان تا ئاستێك كه گوناهی ئه‌و پاك بكاته‌وه. هیچ كه‌سێك به ئه‌ندازه‌ی ساد جه‌ختی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌یاڵ و گوناهـ نه‌كردووه‌ته‌وه و؛ هه‌ندێكجار بینینێكی سه‌رسوڕهێنه‌رمان پێ ده‌به‌خشێت ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی ئاره‌زووی سێكسی له‌گه‌ڵ «بوون»دا. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م پرسه به شێوه‌یه‌كی تر بخه‌ینه ڕوو، ده‌بێت بڵێین كه سادیزم، قڵپكراوهی دیالێكتیكی هیگڵیی نێوان-سوبێكتیڤیتهیه [intersubjectivity] و تێیدا ناسین له ڕێگه‌ی باڵاده‌ستیی سێكسییه‌وه ده‌سه‌پێنرێت و تێیدا هاوشوناسی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا له ڕێگه‌ی بێنرخكردنی ئه‌ویتره‌وه به ده‌ست دێت. لێره‌دا ئه‌ده‌بیات ده‌بێته یه‌ك باخۆسی حاكمییه‌تی[26] ڕه‌ها و نووسین ده‌بێته یه‌ك ده‌ستپه‌ڕی تاكی، ده‌ستپه‌ڕێك كه واقیعییه‌ت ڕه‌ت ده‌داته‌وه و واقیعییه‌تێكی خه‌یاڵی ده‌خاته شوێنی. قڵپكردنه‌وه‌ی نێوان-سوبێكتیڤیته له ته‌نیاییدا و وه‌ك ته‌نیایی ڕوو ده‌دات. له ڕاستیدا ساد پاش زیندانی بوون ده‌ست به نووسین ده‌كات، كاتێك كه چیژه سێكسییه‌كانی چێژی تاكین و؛ له زینداندا نووسین- وه‌ك حاڵه‌تی ڕۆسۆ و، دانپێدانهرهكانی ده‌ستپه‌ڕ- شوێنی نه‌مانی واقیعییه‌ت ده‌گرێته‌وه. لێره‌دا ده‌كرێت خانمی گوڵه‌كانی ژان ژینێ و وهسفكردنهكهی سارته‌ر بۆ ئه‌م به‌رهه‌مه وه‌ك «حه‌ماسه‌ی ده‌ستپه‌ڕ[27]» به‌بیر بهێنینه‌وه. بێگومان هه‌م ساد و هه‌م ژینێ، خه‌ونی یه‌ك فه‌نتازیای توندوتیژیان هه‌یه كه به سه‌رسوڕمانێكی زۆره‌وه، به قووڵی دژه‌ژنه و، چهقهكهی بریتییه له دیمه‌نی تێبردنی كۆمی [anal]، چ ئاره‌زوو بۆ تێبردن بێت (ساد) و چ ئاره‌زوو بۆ تێبران بێت (ژینێ)، دیمه‌نێك كه له ڕێگه‌ی دووباره‌بوونه‌وه ناكۆتاكان و پێڕستكردنی ماندووكه‌ری ڕه‌فتاره سێكسییه‌كانه‌وه خۆی بێ‌نرخ ده‌كات[27]. ساد ده‌ڵێت: «من چه‌ندین جار پێم گوتویت: تاكه ڕێگه‌ی گه‌یشتن به دڵی ژنان، ڕێگه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌یه، دڵنیا نیم له هیچ ڕێگه‌یه‌كی تر.»
ڕۆحی ڕاسته‌قینه‌ی خودی سادیی، چووكته‌وه‌ریی و نكۆڵیكردنی به‌رده‌وامه. ئه‌م نكۆڵیكردنه هه‌میشه‌ییه، ته‌نانه‌ت وا له‌و خوده سادییه ده‌كات كه نكۆڵی له خۆشی بكات.
- وێناكردن یا «وێنه‌سازیی تاوان» له ئه‌ندێشه‌ی ساددا، ئێجگار بێ وێنه‌یه؛ ساد یه‌كێكه له‌و یه‌كه‌مین بیرمه‌ندانه‌ی ڕۆژئاوا كه په‌یوه‌ندیی سێكس و توندووتیژی، به شێوه‌یه‌كی ئێجگار قووڵ و ڕاچڵه‌كێن وێنا ده‌كات. مه‌ودای نێوان توندووتیژی و سێكس، مه‌ودای نێوان بۆنی ئۆرگازم و بۆنی خوێن نییه. قامچییه‌ك كه له جه‌سته‌ی كۆیله‌ی میسری ده‌درێت و ناچار به گوێڕایه‌ڵی ده‌كات، هه‌مان قامچییه‌كه كه له گه‌ردنی ژنی ڕووت له‌سه‌ر پێخه‌فی خه‌و ده‌درێت و ناچار به ئۆرگازمی ده‌كات. به ده‌ربڕینێكی تر، ڕیشه‌ی ئازادی و كۆیله‌یی مرۆڤ له یه‌ك ئاخێزگه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن: ئاره‌زووی جه‌سته‌یی-سێكسی[28]. وێنه‌سازیی تاوان له‌م ڕوانگه‌دا، هه‌ستی داپۆشراو و ناوه‌كیی مرۆڤ ههڵدهكۆلێت، چون ته‌واوی هێزه‌كه‌ی له سنووربهزاندندا به‌كار ده‌خات. ئه‌و ده‌لێت: «شادیی [مرۆڤ] نه‌ك له‌سه‌ر چێژ، به‌ڵكه له‌سه‌ر خواستی ڕزگاربوون له‌و شته وه‌ستاوه كه ئاره‌زوو سنووردار ده‌كات.» به ڕوانگه‌ی ساد، كاتێك كه شه‌هوه‌ت هه‌یه نابێت سنووردار بكرێت، به‌ڵكه، به پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێت به‌كار بخرێت. چاكه له خۆیدا بریتییه له به‌گه‌ڕخستنی خراپه و؛ خراپه، چاكه بانگهێشت ده‌كات بۆ له‌ڕووداوه‌ستان و، شه‌یتان له به‌رامبه‌ر خودادا ڕاده‌وه‌ستێت. ساد، به ته‌واوی هێزه‌وه، نكۆڵی له خودا ده‌كات و دواجار، خۆی به قادری ڕه‌ها هاوتا ده‌كات. دیالێكتیكی سنووربه‌زاندن به‌ره‌و پنتی ناكۆتا پێش ده‌ڕوات. وه‌ك چۆن بلانشۆ ده‌ڵێت: «وێناكردنی خودایه‌كی دۆزه‌خی هیچ نییه جگه له وێستگه‌یه‌ك له دیالێكتیكدا كه به‌پێی ئه‌م وێستگه‌یه مرۆڤی باڵای ساد، پاش نكۆڵی‌كردن له مرۆڤ له قاڵبی خوادا، ئه‌و كات پێش ده‌ڕوات تا ڕووبه‌ڕووی خودا ببێته‌وه و به ناوی سروشته‌وه نكۆڵی له خودا‌ش ده‌كات تاوه‌كو، سه‌ره‌نجام نكۆڵی له خودی سروشتیش ده‌كات له ڕێگه‌ی هاوتاكردنییهوه له‌گه‌ڵ ڕۆحی ڕه‌تدانه‌وه‌دا.»[28] له ڕاستیدا، ڕۆحی ڕاسته‌قینه‌ی خودی سادیی، چووكته‌وه‌ریی [priapic] و نكۆڵیكردنی به‌رده‌وامه. ئه‌م نكۆڵیكردنه هه‌میشه‌ییه، ته‌نانه‌ت وا له‌و خوده سادییه ده‌كات كه نكۆڵی له خۆشی بكات. ئاگایی ساد، كاتێك كه بۆ باڵاترین ئاست سه‌رتر ده‌چێت، ده‌بێته دژهئاگایی، درووست وه‌ك چۆن ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و دژهئهدهبیاته. ده‌روون و زمانی ساد، گیرۆده له قاوغی نه‌فره‌تدا، به‌دوای ڕێگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن تا له فۆرمه‌كانی خۆیان ڕزگار بن و بچنه ناو بێده‌نگییه‌كه‌وه كه هاوڕێژه بێت له‌گه‌ڵ بینینی ترسناك. له نووسراوی ساددا، هه‌میشه پارادۆكسگه‌لێك هه‌ن؛ به‌ڵام ئه‌م پارادۆكسانه زیاتر سنووردارییه‌كانی لۆجیك ئاشكرا ده‌كه‌ن تا سنووردارییه‌كانی واقیع.
- لاكان[29]، له وتاره ناوداره‌كه‌یدا به ناونیشانی «كانت له‌گه‌ڵ ساد»دا، خوێندنه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به كتێبی ساد، واته «فه‌لسه‌فه له ژووری خه‌و»دا، پێشكه‌ش ده‌كات. پرسیار ئه‌مه‌یه: له چ پنتێكدا ساد و كانت به‌یه‌ك ده‌گه‌ن؟ سوژه‌ی ترانسێندێتاڵی و ئۆتۆنۆمی كانتی چ په‌یوه‌ندییه‌كی به مرۆڤی تاقانه و سادییه‌وه هه‌یه؟ سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه به‌بیر بهێنمه‌وه، وه‌ك له په‌یوه‌ندیی پرسی «فه‌رمانی ڕه‌ها»ـی كانتی و شۆڕشدا خرایه ڕوو، كه: چاكه‌ی ڕه‌ها به ئه‌ندازه‌ی خراپه‌ی ڕه‌ها مه‌ترسیداره. سوژه‌ی سه‌ربه‌خۆی كانت، به په‌یڕه‌ویكردن له ویستی ئه‌خلاقیی خۆی، یاسا داده‌نێت و؛ ئه‌م یاسایه پاك كراوه‌ته‌وه له هه‌ر جۆره ئاره‌زوویه‌كی شه‌ڕانگێز. یاسای ئه‌خلاقیی كانتی، یاسایه‌كی گه‌ردوونییه و به‌م پێیه، پێویستی به توندوتیژییه تا جێبه‌جێ بكرێت. له‌لایه‌كی تره‌وه، سادیش به پشتبه‌ستن به پره‌نسیپی سه‌ربه‌خۆیی مرۆڤ، یا هه‌مان ئۆتۆنۆمیی كانتی، بنه‌ماكانی خۆی به‌پێی عه‌قڵی سادیی داده‌مه‌زرێنێت: به‌رابه‌ریی ڕه‌ها، به‌خته‌وه‌ریی مرۆیی، مافه تاكییه‌كان، خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تی، یاسای عه‌قڵیی مرۆیی به‌رامبه‌ر یاسای سته‌مكارانه‌ی كڵێسا، باڵاده‌ستیی مرۆڤ به‌سه‌ر سرووشتدا و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های مرۆڤ. كه‌واته، به یه‌ك مانا، ڕه‌هاگه‌رایی ئه‌خلاقیی كانتی هه‌مان ڕه‌هاگه‌رایی ئه‌خلاقیی سادییه؛ یا به ده‌ربڕینی لاكان، سته‌مكاری ئه‌خلاقگه‌رای كانتی هه‌مان مرۆڤی دژه‌نۆرمی بێ ئه‌خلاقی سادییه[29]. به باوه‌ڕی لاكان، سوژه‌ی سادیی، به ڕه‌تدانه‌وه‌ی مه‌عشوقه و ڕه‌تدانه‌وه‌ی ئه‌ویتر، خوازیاری گه‌یشتنه به پێگه‌ی سوژه‌ی ڕه‌ها و «ئه‌ویتری گه‌وره». سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، بۆ ساد، چێژ له‌گه‌ڵ ڕیزبه‌ندیی جیهاندا هاوده‌قه. به‌م پێیه، یه‌ك فه‌رمانی ڕه‌ها له بنچینه‌دا له پێوه‌ند به چێژی ڕه‌هاوه ئاشكرا ده‌بێت.
- ئادۆرنۆ و هۆركهایمه‌ر[30] ده‌ڵێن مرۆڤی سادیی به‌رهه‌می لۆجیكی ڕۆشنگه‌رییه، لۆجیكێك كه ئه‌ویتر سه‌ركوت و په‌راوێز ده‌خات. به‌ڵام، ئایا ئه‌م ڕاڤه لاكانییه له‌گه‌ڵ ڕاڤه‌ی بلانشۆدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه؟ بلانشۆ شتێكی پێچه‌وانه ده‌ڵێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دڵنیا نییه كه خودی ساد به‌ئاگا بووبێت له‌م پرسه. بلانشۆ ده‌ڵێت: ئاغای من بوون، به مانای ئاغای ئه‌ویتر بوونه. كاتێك كه سه‌ربه‌خۆیی من له ئۆتۆنۆمیی منه‌وه نایەت، به‌ڵكه له وابه‌سته‌یی ئه‌وانیتره‌وه بۆ من سه‌رچاوه ده‌گرێت، شتێكی ئاشكرایه كه من تا ئه‌به‌د به‌ستراوم به ئه‌وانیتره‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ی كه پێویستیم به ئه‌وانیتره ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نها پێویستیم به له‌ناوبردنیان بێت[30]. له‌م پنته‌دایه كه ساد هه‌م له ده‌روونشیكاری و هه‌م له دیكارت دوور ده‌كه‌وێته‌وه. دۆلوز له‌و سیمینارانه‌دا كه پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی «دژهئۆدیپ» پێشكه‌شیان ده‌كات، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه ده‌روونشیكاری به دابه‌شكردنی سوژه بۆ «سوژه‌ی گوزاره» و «سوژه‌ی ده‌ربڕین» به ته‌واوه‌تی دیكارتییانه كار ده‌كات: «هیچ سوژه‌یه‌كی تاكیمان نییه كه گوزاره‌یه‌كی تاكی ده‌رببڕێت و به‌رهه‌م بهێنێت، ئێمه به‌رامبه‌ر هۆكاره كۆییه‌كانی ده‌ربڕین وه‌ستاوین كه ئه‌نجامی كۆبه‌ندی ماشێنییه.» هاوده‌ستیی هۆكاره كۆییه‌كانی ئه‌دای شانۆ له فیكری ساددا هاوته‌ریب ده‌بێت به هۆكاره كۆییه‌كانی ده‌ربڕین كه بێگومان هه‌ردووكیان كۆمه‌ڵێك هێڵن له یه‌ك كۆبه‌ندی ماشینیدا. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه دۆڵۆز، لاكان وه‌ك «دواهه‌مین دیكارتی» ده‌بینێت، دیكارتییهك كه ده‌یه‌وێت بیر له ئاره‌زوو بكاته‌وه، و به یه‌ك مانا، جیای ده‌كاته‌وه له بیركردنه‌وه. به‌ڵام دۆلوز، ده‌ڵێت بیركردنه‌وه هه‌مان ئاره‌زووكردنه.
- كلۆسۆڤسكی له یاداشتێكی گرنگدا ده‌رباره‌ی ساد ده‌نووسێت: «سیاسه‌تی نووسراو نا-زمانه. نا-زمانێك كه له پرسی نۆرمه‌كی و زاڵ مه‌ودا ده‌گرێت و هیچ كات له به‌دیهاتنی مه‌وداگرتن له پرسی نۆرمه‌كی ڕاناوه‌ستێت و به دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته، خۆی وه‌ك گومناویی خۆی ده‌ناسێته‌وه: واته خاڵی بوون له هه‌ر فۆرم و ناوه‌ڕۆكێكی پێناسه‌كراو و ده‌ستنیشانكراو، و پێكهێنانی جیاوازی له پێوه‌ند به خۆیه‌وه. به‌كارخستنی ئه‌م نا-زمانه به وردیی له دڵی خودی زماندایه.[31]» ساد، زمان دژی خودی زمان ده‌جووڵێنێت. ساد، حضوری نا-زمان، له زماندا هه‌ڵده‌كۆڵێت؛ ئه‌مه زمانێكه كه مافی داواكردنه‌وه‌ی له خۆی وه‌رگرتووه‌ته‌وه. نه‌مانی مافی داواكردنه‌وه، به‌م مانایه‌یه كه شتێك له ده‌ره‌وه[32]ـی زمانه‌وه ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی كه له ده‌ره‌وه ده‌مێنێته‌وه، یه‌ك جاری تر، كرده‌یه‌كه كه ده‌بێت ئه‌نجام بدرێت. هه‌رچی ئه‌م كرده‌یه ئه‌نجام بدرێت، زیاتر له ده‌رگا ده‌دات: له ده‌رگای بۆشایی ئه‌ده‌بی. ده‌ره‌وه هه‌مان شتێكه كه سه‌رپێچی له هه‌ر ڕاڤه‌یه‌ك ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه داهێنانێكی شێوێنه‌ر به ده‌قی ساد ده‌به‌خشێت، ئه‌مه‌یه كه له ڕێگه‌ی ساده‌وه ئه‌م ده‌ره‌وه‌یه، وه‌ك شتێك كه له‌ناو ئه‌ندێشه‌دا به‌رهه‌م هێنراوه، شرۆڤه و ڕاڤه ده‌كرێت[31]. كلۆسۆڤسكی، ساد به یه‌كێك له‌م جۆره نموونانه‌ی سیاسه‌تی نووسراو داده‌نێت؛ به تایبه‌ت له‌و ڕووه‌وه كه هیچ كات له به‌دیهاتنی مه‌وداگرتن واته سه‌رپێچی له پرسی نۆرمه‌كی و زاڵ ڕاناوه‌ستێت. له‌م دۆخه‌دا، هه‌م خود و هه‌م ئه‌ویتر ده‌مرن، و هه‌م فۆرم و ناوه‌ڕۆكی په‌تیی. كه‌واته، له ئه‌ندێشه‌ی ساددا، نه دوالیزمی خود/ئه‌ویتر ده‌بینین نه دوالیزمی فۆرم/ناوهڕۆك. له ئه‌ندێشه‌ی ساددا، ئه‌ویتر له بنچینه‌دا مانای نییه كه بیه‌وێت ڕه‌ت بدرێته‌وه. حزووری ئه‌ویتر ته‌نها به مانای جێگرتنه وه‌ك به‌رده‌نگ. له بنچینه‌دا ڕه‌تدانه‌وه‌ی ئه‌ویتر واته به‌رهه‌مهێنانی مانا و سه‌رهه‌ڵدانی پرسی ئه‌خلاق: «نووسین، نووسین به ئه‌ویتره و نه‌ك بۆ ئه‌ویتر.» ئه‌ویتر بۆ ساد، ده‌توانێت هه‌رچییه‌ك بێت: خودا، مه‌عشوقه، باوك، كڵێسا، ئایین، خود، باوكی موقه‌ده‌س، كۆمه‌ڵگه، یاسا، سیسته‌می خێزان، حاكم و هه‌رشتێك كه بیه‌وێت میتافیزیكی خود/ئه‌ویتر دروست بكات.
- له ئه‌ندێشه‌ی ساد و باتایدا، هه‌ر ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌ك به مانای به فه‌رمی ناسینی یه‌ك ئه‌ویتره له ده‌ره‌وه‌دا؛ ڕه‌تدانه‌وه، واته دانپێدانان به ئه‌ویتردا له فه‌زای ده‌ره‌وه. له ڕێگه‌ی ڕه‌تدانه‌وه و پێكهێنانی سیسته‌می ئاڵوگۆڕه‌وه، شتێك به‌رهه‌م دێت: مانا. مانا به‌رهه‌می دیالێكتیكی هیگڵییه. به پێچه‌وانه‌وه، سوژه‌ی سادیی كه دروستكراوی ئه‌زموونی سادییه- واته یه‌ك جووڵه به‌ره‌و تاقیكردنه‌وه، یه‌ك سه‌رپێچی له پرسی نۆرمه‌كی- به‌ڵێ به هێزه ئه‌رێنی و ناونشینه‌كانی خۆی ده‌ڵێت تا ئه‌مه‌ی كه بیه‌وێت بیر له پرسی ترانسێندێتاڵی و نه‌رێنی بكاته‌وه. له سیسته‌می هیگڵیی ئاغا/كۆیله‌دا، ئه‌مه كۆیله‌یه كه له پێگه‌ی ژێرده‌ستدا جێی گرتووه و ئاغا له پێگه‌ی باڵاده‌ست. ئه‌گه‌ر هه‌موو گرفته‌كه له‌سه‌ر ئه‌مه بێت كه ئۆبژه‌ی زیاده یا زیاده‌ی جه‌سته‌ی ئاغا، واته پیسایی ئاغا، به چ كه‌سێك ده‌گات، ئه‌وا ئه‌مه كۆیله‌یه كه هه‌میشه چاو ده‌بڕێته كۆمی ئاغا. سوژه‌ی ژێرده‌ست ده‌یه‌وێت، له ڕێگه‌ی یه‌ك په‌یوه‌ندیی لیبیدۆییهوه، ده‌ستی بگاته كۆمی ئاغا و ئۆبژه‌ی زیاده‌ی ئاغا به ده‌ست بهێنێت. فرۆید ده‌ڵێت ئاغا به‌هۆی ته‌كنیكی ڕێگرییه‌وه ناهێڵێت كه كۆیله ده‌ستی بگاته ئۆبژه‌ی زیاده‌ی ئاغا، واته ئۆبژه‌ی ئاره‌زووی كۆیله، و به‌م پێیه، مه‌ودای دیاریكراوی نێوان ئاغا/كۆیله هێشتا ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام ساد پرسێكی نوێ ده‌خاته ڕوو: ئاغا له نێوان دوو كاردا به‌گومانه: ئه‌مه‌ی كه كۆمی پێشكه‌ش به كۆیله بكات و بگاته چێژی كۆمی و دواجار پێگه ڕه‌مزییه‌كه‌ی له ده‌ست بدات؛ یاخود، به ته‌كنیكی ڕێگریی فرۆیدی پیسایی نه‌كات، و كۆمی نه‌به‌خشێت و دواجار بێبه‌ش ببێت له چێژی كۆمی. ساد له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: «ئاغا یه‌ك بوونه‌وه‌ری لاده‌ری كۆمییه، ئه‌و به دڵنیاییه‌وه پیسایی ده‌كات و له ململانێی نێوان پێگه‌ی ڕه‌مزیی و چێژی كۆمیدا، دواجار، بۆ چێژی كۆمی ملكه‌چ ده‌كات.» سه‌ره‌نجام، هه‌م كۆیله ده‌ستی ده‌گاته ئۆبژه‌ی زیاده‌ی ئاغا واته ئۆبژه‌ی ئاره‌زووی خۆی، و هه‌م ئاغا چێژی سوبێكتیڤ ده‌بات. كه‌واته، به كرده‌وه، ده‌بینین كه سیسته‌می دیالێكتیكیی هیگڵی له‌لایه‌ن ساده‌وه قڵپ ده‌كرێته‌وه. له‌مه به‌دواوه، گرفته‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ پیسایی ده‌كات و كێ نایكات؟ بۆ ساد، ئه‌م گرفته به‌ستراوه به كۆنترۆڵی پیسایی ناو جه‌سته‌وه. ئه‌مه‌ی كه ئاغا (چ خودی ئاغای سه‌ره‌تایی بێت و چ كۆیله‌یه‌ك كه گه‌یشتووه به پێگه‌ی ئاغایه‌ك) تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك، به وته‌ی باتای، وه‌ك «میر» مامه‌ڵه ده‌كات. میرێتیی ئاغا له‌م شوێنه‌دا ده‌به‌سترێت به پێگه سوبێكتیڤهكهیهوه و نه‌ك پێگه ڕه‌مزییه‌كه‌ی. میرێتی له دۆخی ئاغابووندا نییه، به‌ڵكه ئاغاشێوه ژیانكردنه؛ له دۆخی ده‌سه‌ڵات بوون یا ده‌سه‌ڵاتدار بوون نییه، به‌ڵكه چاوبڕینه له ویستی په‌یوه‌ست به ده‌سه‌ڵاتی ژیانكردن. واته مرۆڤێك كه به‌ڵێ به هێزه ناونشینه‌كانی خۆی ده‌ڵێت. میر، یا مرۆڤی سادیی، به ڕاستی هه‌مان سوژه‌ی فه‌رمانده‌ر و بهڵێگۆ به خودی نیچه‌ییه؛ واته، ڕوو وه‌رگێڕان له ئه‌خلاقی كۆیله‌كان و چوون به‌ره‌و ئه‌خلاقی سه‌روه‌ران؛ واته كه‌سێك كه وه‌ك قومار ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بێته‌وه و دڵه‌ڕاوكێی بوون به زیاتر ده‌زانێت تا دڵه‌ڕاوكێی مه‌رگ. په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و خودا هاوتایه به په‌یوه‌ندیی نێوان ئاغا و كۆیله له هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. هه‌ستانی ئاغا دژ به خودا، په‌یوه‌ندیی دێرینی نێوان ئاغا و كۆیله داده‌مه‌زرێنێته‌وه و به شۆڕشی كۆیله دژ به ئاغا ته‌واو ده‌بێت. مه‌رگی خودا كه خواستی ئاغا بووه، مۆدێلێك بۆ كوشتنی ئاغا له‌لایه‌ن كۆیله‌وه پێشكه‌ش ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئاغا ته‌نها ده‌توانێت خودا له خه‌ونه‌كانیدا بكوژێت: خه‌ونگه‌لێك كه خودی خودا بۆی ناردووه؛ ئه‌و ته‌نها ده‌توانێت به ورووژاندنی كۆیله دژ به خۆی، خودا هان بدات تا به‌شداریی له ته‌نها یه‌ك ململانێدا بكات و؛ كۆیله كه به‌م ڕێگه‌یه ورووژاوه، ده‌بێته مه‌ستی ئازادی، گۆڕراو به یه‌ك خودا، ساتێكی شادمان، به‌ڵام لاواز له گومانكردن له‌وه‌ی كه ئه‌و ته‌نها ئامڕازێك بووه بۆ ویستی خودایی.
- هیگڵ ده‌ڵێت: «كۆیله‌یی جۆرێكه له خودئاگایی، خودئاگاییه‌كی ناشاد.»[32] كۆیله‌یی، ئاگاییه‌كه كه له ڕێگه‌ی ناشادییه‌وه خۆی به ده‌ست ده‌هێنێت؛ له ڕێگه‌ی دۆزه‌خه‌وه به‌هه‌شت، و له ڕێگه‌ی خراپه‌وه چاكه، و له ڕێگه‌ی «نه‌بوون»ـه‌وه «بوون» به ده‌ست ده‌هێنێت. كۆیله، مه‌خلوقێك كه هه‌میشه خوداكانی ده‌گۆڕێت. ئاگایی ناشاد، واته هێزێكی فاوستی، كه له غیابی عه‌قڵدا ئازار ده‌كێشێت؛ هێزێكی چاكه‌خواز، كه هه‌میشه خراپه‌ی لێ ده‌وه‌شێته‌وه. مرۆڤی ناشاد، هه‌میشه له به‌رامبه‌ر سته‌مكاردا وه‌ك كۆیله ڕه‌فتار ده‌كات و له به‌رامبه‌ر كۆیله‌دا وه‌ك سته‌مكار. خودای كۆیله، خودای ئاره‌زووه؛ ئاره‌زوویه‌ك كه ئۆبژه‌كه‌ی ئاره‌زوویه‌كی تره؛ به ده‌ربڕینێك، ئاره‌زووی ئارهزوولێكراوه. «من»ـی ئاره‌زوو، یه‌ك بۆشاییه، «نه‌بوون»ێكی ڕووته كه هیچ خودایه‌كی ئاره‌زوو پڕی ناكاته‌وه، چون ئاره‌زوو وه‌ك ئاره‌زوو، ته‌نها دۆخی ئاژه‌ڵبوون ده‌رده‌خات، چون بوون به كۆیله‌ی خود خراپتره له بوون به كۆیله‌ی ئه‌ویتر. به كورتی، خود-ئاگایی ناشاد وه‌ك چییه‌تیی كۆیله‌یی، خوداكان له شوێنكاتی جیاوازدا به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، چون بۆ ئه‌و «مه‌رگی خودا» واته له‌دایكبوونه‌وه‌ی خودا.
هاوكێشه‌ی ترسناكی ساد ده‌بینین: مرۆڤ ئۆرگازمه، ئۆرگازمیش مه‌رگه.
- كامڵیی ویستی سادیی له مه‌رگدایه؛ سنوورداریی یه‌ك مرۆڤی سادیی، كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایه، تاوان و خۆكوژییه. له‌م ڕووه‌وه، نابێت مایه‌ی سه‌رسوڕمان بێت كه پاڵه‌وانه‌كانی ساد پاڵنه‌ری تاناتۆس[33] به‌گه‌ڕ ده‌خه‌ن. كۆنت دوگیرناند، ورگپهرستێكی هیولائاسا، به چووكی یه‌ك منداڵ، ته‌نها كاتێك ده‌گاته ترۆپكی چێژی سێكسی كه له به‌رامبه‌ر ئه‌و منداڵه‌دا، خوێن له جه‌سته‌ی ژنه‌كه‌ی بهێنێت. ڕۆلان په‌یكه‌رێكی مه‌رگ، له قووڵایی زه‌میندا ده‌پارێزێت، ته‌نانه‌ت سوود له‌و گوریسه وه‌رده‌گرێت كه قوربانییه‌كانی خۆی پێ ده‌خنكێنێت. بێگومان، هیچ ده‌سه‌ڵاتێك ڕه‌هاتر نییه له كرده‌ی وێرانكردنی ئاگایی مرۆیی، مه‌گه‌ر ته‌نها كرده‌ی خه‌ڵقكردنی ئاگاییه‌كی تر، كه ساد وه‌ك شتێكی به‌رگه‌نه‌گیراو ده‌یبینێت. باڵاترین تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی مرۆڤ كه نه ده‌توانێت خودا بكوژێت و نه ده‌توانێت، وه‌ك خودا، خه‌ڵق بكات، ئه‌مه‌یه كه مه‌خلوقه‌كانی خودا بكوژێت. به‌م هۆیه‌یه كه، ساد، له كۆتایی به‌رهه‌مه‌كانیدا، ده‌بێت پاڵه‌وانه خه‌یاڵییه‌كانی سته‌مكارانه بكوژێت و له‌ناو ببات. ئه‌گه‌ر مرۆڤه شه‌ڕانگێزه‌كانی ساد ڕووبه‌ڕووی شكست ده‌بنه‌وه، ئه‌وا خودی ساد سه‌ركه‌وتن به ده‌ست ده‌هێنێت: ئه‌و ژوستین ده‌كوژێت. خودی سادیی، وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد، له مه‌رگدا ده‌گاته پنتی كامڵی. له‌ناوبردن، دواهه‌مین ئامانجه. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه ساد ده‌نووسێت: «لیبێرتینێك نادۆزرێته‌وه كه به لایه‌نی كه‌مه‌وه كه‌مێك له خراپه‌دا ڕۆنه‌چووبێت و نه‌زانێت تاوان چ كاریگه‌رییه‌كی ترسناك له‌سه‌ر هه‌سته‌كان پیاده ده‌كات.» مه‌رگ زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا. ڕه‌تدانه‌وه‌ی ئه‌وانیتر، نه‌ك له سه‌لماندن به‌ڵكه له ڕه‌تدانه‌وه‌ی خوددا، ده‌گاته دوا پنت. باتای ده‌پرسێت: «چ شتێك دڵهڕاوكێهێنهرتره له ئایدیای خودتهوهرییهك كه ده‌گۆڕدرێت بۆ ویستی په‌یوه‌ست به تێداچوون له كورهیهكدا كه ئاگره‌كه‌ی خودێتی[34]دایگیرساندووه؟» سه‌ره‌نجام، هاوكێشه‌ی ترسناكی ساد ده‌بینین: مرۆڤ ئۆرگازمه، ئۆرگازمیش مه‌رگه. ساد كه زیندانی ئاگاییه، هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی ده‌ستپه‌ڕی مه‌رگباره‌وه هه‌ڵبێت. بینینه‌كانی مایه‌ی زووخاو و ئازارن، جه‌سته وشك و په‌ژموورده ده‌كه‌ن و له جه‌سته‌دا تهنگهڵانێك ده‌كه‌نه‌وه كه تێیدا ئاگایی هه‌ڵده‌درێت. خودی سادیی، له كاتێكدا كه نائومێدانه به‌دوای ڕێگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێت تا ببێته ئه‌ویتر، دیسان له خۆیدا ڕۆده‌چێت. تاكه ڕێگه‌ی ڕزگاربوونی ئه‌م خوده له مه‌رگدایه. ساد ده‌زانێت كه توندوتیژی مه‌رجی هه‌یه‌جانی ژیانه، و وێرانكردن، ده‌بێته مایه‌ی چالاكیی سروشت؛ چه‌په‌ڵی به ئه‌ندازه‌ی چاكه بۆ سرووشت پێویسته. ئه‌وه‌ی كه مه‌زنه، هه‌میشه ڕۆحی وێرانكردن و له‌ناوبردنه. ساد ڕۆشنگه‌ری ده‌گه‌یێنێته كۆتایی. به‌ڵام هیچ كات ئه‌م خاڵه له‌بیر ناكات كه عیشق هه‌میشه له شوێنێكدا هه‌یه كه مه‌رگ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات. ویستی مه‌رگ له خودی سادییدا، پنتی كامڵیی ئیرۆتیزمی ترسناكی ئه‌وه. به ڕوانگه‌ی ساد «بنه‌ڕه‌تی ژیانی ته‌واوی بوونه‌وه‌ره‌كان مه‌رگه. ئه‌م مه‌رگه ته‌نها ده‌ستكه‌وتی خه‌یاڵه.»[32] ته‌نها مرۆڤ وابه‌سته‌یه به به‌های بوونه‌وه‌رێتیی خۆیه‌وه؛ به‌ڵام ئه‌و ده‌توانێت چه‌شنی خۆی به ته‌واوه‌تی ڕێشه‌كێش بكات، بێ ئه‌وه‌ی كه بچووكترین گرنگی بۆ گه‌ردوون هه‌بێت. مرۆڤ بانگه‌شه‌ی به‌هره‌مه‌ندبوون له كه‌سایه‌تیی موقه‌ده‌س ده‌كات، شتێك كه ئه‌و ده‌كاته بوونه‌وه‌رێكی نه‌گیراو و به‌رگه‌نه‌گیراو، به‌ڵام ئه‌و ته‌نها ئاژه‌ڵێكه له‌ناو ئاژه‌ڵه‌كانی تردا. مرۆڤ، ئاژه‌ڵێكی زێده ئاژه‌ڵ: «تاكه شانازیی مرۆڤ ئه‌نجامدانی تاوانه»[33].
***
- ڕه‌نگه ساد، تووڕه‌ترین نووسه‌ر بێت له مێژووی نووسیندا؛ تووڕه‌یی ساد، به جۆرێكه كه هه‌موو شتێك به‌ر نه‌فره‌ت ده‌دات، له خوداوه بۆ مرۆڤ، له سروشته‌وه بۆ مێژوو، به‌ڵام نه‌فره‌تێكی خوڵقێنه‌ر. له ڕاستیدا، په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌یر هه‌یه له نێوان تووڕه‌یی و نووسیندا: هیچ نووسه‌رێكی گه‌وره، به‌بێ تووڕه‌یی، ناتوانێت بنووسێت و به‌بێ نووسین، ناتوانێت له پشت تووڕه‌یی خۆیه‌وه ده‌ركه‌وێت. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه بێت كه فرۆید، له كتێبی «شارستانییه‌ت و نیگه‌رانییه‌كانی»دا، ده‌ڵێت شارستانییه‌ت یه‌كه‌مین جار له‌و شوێنه‌دا ده‌ستی پێكرد كه مرۆڤی تووڕه له‌جیاتیی به‌رد «وشه»ـی هاویشت. كتێبه‌كان، ئه‌رشیفی تووڕه‌ییه دامركاوهكانی نووسهرهكانیانن. هه‌رچه‌نده، هه‌ندێكجار نووسین ڕێگایه‌كه بۆ پاراستنی خود له تووڕه‌یی، به‌ڵام ڕێگایه‌كی باش نییه بۆ دامرداندنهوهی. كتێب یاخود نووسراو، كاتێك ده‌خه‌سێنرێت كه نووسین و خوێندنه‌وه‌ی بگۆڕدرێت به ڕێگه‌یه‌ك بۆ دامركاندنه‌وه‌ی تووڕه‌یی. ده‌بێت بنووسین تا تووڕه‌یی بگۆڕین بۆ «ماڵ»ـی خۆمان، ده‌بێت بنووسین تا له تووڕه‌ییدا نیشته‌جێ بین؛ ئه‌وه‌ی كه ماڵێكی نییه یا ده‌بێت له تووڕه‌ییدا بژی یا له نووسین ده‌رباره‌ی تووڕه‌یی. نهێنیی جاویدانه‌گیی كتێبی كه‌سانێكی وه‌ك ساد، نیچه، كافكا، كامۆ، ئادۆرنۆ، بلانشۆ و هتد، ته‌نانه‌ت هیگڵ و ماركسیش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نووسرانه، نووسینیان بۆ جه‌نگكردن له‌گه‌ڵ تووڕه‌یی به‌كار نه‌هێناوه، به‌ڵكه جۆرێك تووڕه‌یی ناته‌بایان سه‌باره‌ت به مرۆڤ په‌ره پێداوه، تووڕهییهك بۆ په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی ترسناك به‌ره‌و نووسین. له‌م ڕووه‌وه، كتێبی خراپ، ئه‌و كتێبه‌یه كه مرۆڤ ئارام ده‌كاته‌وه و؛ كتێبی بێ‌نرخ، مرۆڤ له تووڕه‌یی ده‌خات یا ڕێگه‌ی ژیان نیشان ده‌دات. به‌ڵام كتێب و به‌رهه‌مه گه‌وره‌كان، نه‌ریتێك ده‌چێنن كه مرۆڤ له‌پاڵ ئاگری تووڕه‌یی نووسه‌ردا نیشته‌جێ ببێت و؛ نه‌ك ته‌نها چێژ و جوانی، به‌ڵكه تووڕه‌یی نووسه‌ر به مرۆڤ ده‌به‌خشن. به كورتی، كتێب، له خۆیدا، ڕێگه‌یه‌كه به‌ره‌و وێرانه‌یی و تووڕه‌یی: تووڕه‌یی ئۆنتۆلۆجیی، پاڵنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی نووسین.
یاداشت و پەراوێزەکان:
[1]. Donatien Alphonse Francois marquis de sade (1740-1814).
[2]. ده‌توانرێت پانتایی كاریگه‌ریی ئه‌ندێشه‌ی ساد درێژ بكرێته‌وه بۆ هه‌رێمی ئه‌ده‌بیاتیش: بریتۆن، بۆدلێر، ئاپۆلۆنێر، بێكت، ژان ژینێ، لۆتریامۆن و ته‌نانه‌ت كه‌سێكی وه‌ك پازۆلینی. ئه‌ڵبه‌ته ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه ئه‌ندێشه‌ی ساد له‌ژێر كاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆسۆ، دیدرۆ، سپینۆزا و ڤۆڵتێردا بووه. ئه‌و خۆی به فه‌یله‌سوف ناو ده‌بات و ئاته‌ئیزم و ناخوداباوه‌ڕیی ئه‌و، وه‌ك زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كانی ڕۆشنگه‌ری، ماتریاڵیستییه و بوونی «ده‌سه‌ڵاتی باڵا» ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خودا، له ئه‌ندێشه‌ی ساددا، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سرووشتیشی به‌دوادا دێت…
[3]. Georges Bataille, The Use Value of D.A.F. de Sade, Visions of Excess: Selected Writings (1927-1939).
[4]. M. Blanchot (1949), Lautreamont et Sade.
[5]. »La raison de Sade«
[6]. Pierre Klossowski (1905-2001)
[7]. Sade mon Prochain= Sade my Neighbor
[8]. Gilles Deleuze, Masochism: coldness and Cruelty (1989).
[9]. Roland Barthes, Sade, Forurier, Loyola, Translated by Richard Miller, New York (1976).
[10]. G. Bataille, Literature and Evil, Trans: Alastair Hamilton, New York (1985).
[11]. Angela Carter, The Sadeian Woman and the Ideology of Pornography, New York (1979).
[12]. به ڕوانگه‌ی ساد، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ته‌نیایه له دنیادا. ته‌واوی بوونه‌وه‌ره‌كان به گۆشه‌گیری له‌دایك ده‌بن و پێویستیان به یه‌كتر نییه. به‌ڵام مرۆڤ ته‌نها مه‌حكووم به ته‌نیایی نییه، به‌ڵكه دژ به هه‌مووان، خوازریاری ته‌نیاییه. بلانشۆ ده‌ڵێت: «ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه ]فه‌لسه‌فه‌ی ساد[، یه‌كه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌كه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كان دامه‌زراوه و دووه‌م فه‌لسه‌فه‌ی خودخوازیی كامڵه. هه‌ر كه‌س ده‌بێت كارێك ئه‌نجام بدات كه پێی خۆشه. هیچ كه‌س جگه له چێژی خۆی یاسایه‌كی تری نییه. پێشگریمانه‌ی ئه‌م ئه‌خلاقه جگه له ته‌نیایی ڕه‌ها هیچ نییه. ساد ئه‌م بابه‌ته‌ی گوتووه و به ناونیشانگه‌لێكی جیاوازه‌وه دووباره‌ی كردوه‌ته‌وه: سروشت ئێمه‌ی ته‌نیا خوڵقاندووه.» (بلانشو، عقل ساد: 1395:90).
[13]. ساد ده‌ڵێت: «هه‌یه‌جان و تامه‌زرۆیی دراوسێی من زۆر كه‌متر من ده‌ترسێنێت تا نادادپه‌روه‌ریی یاسا، چون هه‌یه‌جان و تامه‌زرۆیی ئه‌م دراوسێیه، هه‌مان هه‌یه‌جان و تامه‌زرۆیی قوتدراوهی منه، له كاتێكدا كه له یاسادا هیچ شتێك سنووردار نابێت، هیچ شتێك نادادپه‌روه‌ریی یاسا كۆنترۆڵ ناكات.»
[14]. بلانشۆ وته‌ی یه‌كێك له ژنه پاڵه‌وانه‌كانی ساد ده‌گێڕێته‌وه: «شكۆی ئێوه له حوكمی مهرگتاندایه. ترسناكترین نه‌ریتێك كه من هه‌مه ئه‌وه‌یه كه پیاوانی دڵخوازم بكه‌مه قوربانی، له ڕاستیدا سه‌رچاوه‌ی حوكمی مه‌رگی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕاگه‌یاندنی عیشقی من ]بۆ ئێوه[.» (بلانشو، عقل ساد، 1395: 107).
[15]. ڕۆمانی ژوستین Justine، یه‌كێكه له شاكاره‌كانی ساد؛ ژوستین و ژولیت، وه‌ك دوو خوشك، كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ن. ساد له ساڵی 1791ز ئه‌م ڕۆمانه بڵاو ده‌كاته‌وه. و دواتر ناوێكی تری بۆ زیاد ده‌كات «به‌دبه‌ختییه‌كانی فه‌زیله‌ت» یا «نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌خلاق». ژوستین كه‌سێكی ئه‌خلاقی و ته‌قواداره، درووست به پێچه‌وانه‌ی ژولیتهوه، كه مرۆڤێكی گه‌نده‌ڵ و چێژپه‌رسته. ژوستین تا كۆتایی ته‌مه‌نی ئه‌خلاق و ته‌قوای خۆی ده‌پارێزێت و ژولیتیش ده‌بێته كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌خته‌وه‌ر. ژولیت سهگڕهفتارێكی سه‌رسه‌خته و له هه‌موو شتێك‌دا به‌دوای چێژدا ده‌گه‌ڕێت. بێبه‌زه‌یی، توندوتیژیی جه‌سته‌یی و ده‌ستدرێژی ناوكی ئه‌م ڕۆمانه پێك ده‌هێنن. بلانشۆ سه‌باره‌ت به‌م ڕۆمانه ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر دۆزه‌خێك له كتێبخانه‌كاندا هه‌بێت ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌م كتێبه‌یه.»
[16]. Julien Offray de La Mettrie (1709-1751).
[17]. Claude Adrien Helvetius (1715-1771).
[18]. Baron Holbach (1723-1789).
[19]. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه مرۆڤی سادیی هه‌مان مرۆڤی سادیست نییه؛ مرۆڤی سادیی به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی خودی ساده، به‌ڵام سادیست به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی ده‌روونناسییه. مرۆڤی سادیی، سوژه‌یه‌كی «سه‌ربه‌خۆ» و ئۆتۆنۆمه كه له پووچیی چێژه باوه‌كان هه‌ڵدێت و هه‌میشه خوازیاری سهرترچوونه له «پره‌نسیپی چێژ»؛ مرۆڤێك كه له یاساكان سه‌رتر ده‌ڕوات و ئازاری چێژ و ژویسانس به نرخی ژیان به ده‌ست ده‌هێنێت. مرۆڤێك كه ملكه‌چی هیچ جۆره سنوورێك نابێت و له به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕێگرێك، پره‌نسیپی سه‌رپێچی ده‌كاته ڕێنوێنی خۆی. مرۆڤی سادیی به‌رجه‌سته‌بووی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌هایه؛ و بۆ ده‌ستگه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها نه‌ك ته‌نها ئایین، یاسا و كۆمه‌ڵگه ڕه‌ت ده‌داته‌وه، به‌ڵكه بۆ به‌زاندنی ئه‌و سنووره‌ی كه بۆ سروشتی دانراوه، سروشتیش ڕه‌ت ده‌داته‌وه. ساد ڕێگه‌یه‌ك نیشان ده‌دات كه به‌پێی ئه‌م ڕێگه‌یه هه‌موو مرۆڤێك ده‌توانێت ببێته مرۆڤی باڵا یا «مرۆڤی تاقانه». مرۆڤی تاقانه، مرۆڤێكه كه بۆ گه‌یشتن به ئه‌ودیوی پره‌نسیپی چێژ، چاوپۆشی له هیچ جۆره ئاره‌زوویه‌كی ڕه‌ها ناكات… (بلانشو، عقل ساد: 1395: 43-44).
[20]. Sadian Self
[21]. Carl Schmitt (1888-1985)
[22]. دی بۆڤوار وته‌یه‌ك له ساد ده‌گێڕێته‌وه زۆر سه‌رنجڕاكێشه: «چ مهتهلێكه مرۆڤ! به‌ڵێ دۆستی من ئه‌مه هه‌مان شتێكه كه گاڵته‌جاڕێك ده‌ڵێت: ئیغتسابكردنی یه‌ك مرۆڤ باشتره له ده‌رككردنی. بۆ مرۆڤ چووك كورتترین ڕێگه‌ی نێوان دوو دڵه.»
[23]. Helen Cixous (1937-?)
[24]. Julia Kristiva (1941-?)
[25]. هه‌قیقه‌ت كه‌سایه‌تی هه‌یه؛ هه‌قیقه‌ت جه‌سته‌ی هه‌یه؛ هه‌قیقه‌ت ڕووگر و په‌رده‌ی نییه؛ هه‌قیقه‌ت ڕووته! كاری فه‌لسه‌فه داپۆشینی هه‌قیقه‌ته؛ و كاری فه‌یله‌سوفی تازه‌ش، هیچ نییه جگه له گۆڕینی پۆشاكی هه‌قیقه‌ت! ته‌فسیر و ته‌ئویل، هه‌قیقه‌تی ڕووت و ساده‌ی ئاڵۆز كردووه. ساد له زینداندا به ڕووتی ده‌ژیا. جه‌سته‌ی داپۆشراو سروشتی نییه. پۆشاك زیندانی جه‌سته‌یه. ساد نایه‌وێت سته‌می پۆشاك قه‌بووڵ بكات. پۆشاك، كارخانه‌ی هاوشێوه‌سازیی مرۆڤی جیاوازه.
[26]. Sovereignty:باڵاده‌ستی
[27]. »The epic of masturbation«
[28]. له دوای ساد، كۆمه‌ڵێك بیرمه‌ندی تر بۆ نموونه فوكۆ، دۆلوز، گواتاری و هتد، قسه‌یان له‌سه‌ر ئاخێزگه‌ی ئاره‌زوو كردووه. به باوه‌ڕی ئه‌م بیرمه‌ندانه، نهێنیی مانه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نه‌ك به‌رهه‌مهێنانی كاڵا، به‌ڵكه به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئاره‌زووه، به تایبه‌تی ئاره‌زووی سێكسی. ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی ساد، دواتر ده‌بێته یه‌كێك له پایه تیۆریكییه‌كانی فرۆید. به‌رمه‌بنای ئه‌مه، یه‌كێك له گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كانی ساد، نیشاندانی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و جه‌سته و په‌یوه‌ندیی توندوتیژی و ئاره‌زووی سێكسییه. دۆلوز له‌م باره‌وه ده‌ڵێت: «ئاره‌زوو هه‌رگیز وزه‌یه‌كی غه‌ریزیی سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵكه به‌رهه‌می بونیادێكی زۆر پێشكه‌وتوو و به‌رنامه بۆ داڕێژراوه، بونیادێك كه خاوه‌نی چه‌ندین كارلێكی فره‌جه‌مسه‌ره. ئاره‌زوو به شێوه‌ی هێزه‌كی ]بالقوه[ ده‌بێته هۆكاری جه‌بری فاشیزم.» (Deleuze, Nomad Thought, p. 99)؛ ئه‌م وته‌یه‌ی دۆلوز سه‌باره‌ت به ئاره‌زوو، به وردیی پێناسه‌كه‌ی فوكۆیه بۆ ده‌سه‌ڵات؛ ده‌سه‌ڵات مرۆڤ سه‌ركوت ناكات، به‌ڵكه به‌رهه‌می ده‌هێنێت؛ به هه‌مان شێوه، ئاره‌زوو غه‌ریزه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نییه، وه‌ڵامێكی په‌رچه‌كردارانه نییه بۆ نیازێكی كه‌پتكراو، به‌ڵكه هێزێكی كرده‌ییه و ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی په‌یوه‌ندیی، مرۆڤ و شوناسه تاكی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات. ئاره‌زوو، «واقیع» به‌رهه‌م ده‌هێنێت و، له‌گه‌ڵ چێژدا مرۆڤ فڕێ ده‌داته ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه. ئاره‌زوو، خودی ده‌سه‌ڵاته؛ ده‌سه‌ڵاتێك كه پرۆسه‌ی شكڵگیریی سوژه پێك ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر وا دابنێین كه ته‌واوی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌پێی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاره‌زوو داڕێژرابن، كه‌واته ده‌توانین هه‌موو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌م به ده‌زگایه‌كی ده‌سه‌ڵات و هه‌م به خولگه‌یه‌كی ئاڵۆزی ئاره‌زوو بزانین. زیندانه ڕاسته‌قینه‌كان، خولگه ئاڵۆزه‌كانی ئاره‌زوو و ده‌سه‌ڵاتن؛ به‌م پێیه، دیارده‌ی فاشیزم ڕیشه‌یه‌كی له ئاره‌زوودا هه‌یه. فاشیزم ته‌نها به ئایدیۆلۆژیا ته‌فسیر ناكرێت، چون ئاره‌زوو له «مونتاژی ماشێنی» كه، تێگه‌یشتن، ڕوانگه و فۆرمه‌كانی گوتار پێك ده‌هێنێت، جیانه‌كراوه‌یه. بۆ دۆلوز، پرسی ئاره‌زوو، پرسی بنه‌ڕه‌تیی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه. ئاره‌زوو تڵیشی مرۆڤ نییه، به‌ڵكه، له سه‌رێكه‌وه، هه‌وێنی شكڵگیریی مرۆڤ و له سه‌رێكی تریشه‌وه، ئاخێزگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی فاشیزمی مرۆڤه.
[29]. Jacques Lacan (1901-1981)
[30]. ئادۆرنۆ و هۆركهایمه‌ر، له كتێبی دیالێكتیكی ڕۆشنگه‌ریدا، له باسی مرۆڤی باڵای ساددا ده‌ڵێن: «سه‌لماندنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك پره‌نسیپی زاڵ به‌سه‌ر هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كاندا به به‌های بێداریی سوژه‌یه. به به‌راورد به یه‌كێتیی ئه‌م عه‌قڵه جیاوازیی مرۆڤ و خودا ده‌بێته پرسێكی زۆر لاوه‌كی و بێ‌مانا… خودای خه‌لاق و ئه‌ندێشه یا ڕۆحی سیستماتیك، هه‌ردووكیان زاڵ به‌سه‌ر سروشتدا چه‌شنی یه‌كترن. وه‌كیه‌كیی مرۆڤ و خودا واته: حاكمییه‌ت و سه‌روه‌ری به‌سه‌ر بووندا، نیگای ئاغایانه و دانیشتن له‌سه‌ر كورسی فه‌رمانده‌رێتی.» (أدورنو و هوركهایمر، دیالتیك روشنگری، ص38-39).
[31]. هه‌روه‌ها باتای ده‌رباره‌ی ساد ده‌ڵێت: «ئه‌مه زمانێكه كه هه‌ر چه‌شنه په‌یوه‌ندییه‌كی نێوان قسه‌كه‌ر و به‌رده‌نگ پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه.» ئه‌م زمانه، به‌دیهاتنی باڵای كاركرده‌كانی خۆیه‌تی، كاركردگهلێك كه له په‌یوه‌ندیی نێوان توندووتیژی و سێكس یا شه‌هوه‌تدا ده‌دۆزرێنه‌وه. له بنچینه‌دا، توندووتیژی شتێكه كه قسه ناكات، له‌كاتێكدا كه سێكس شتێكه كه‌متر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت. ئه‌ده‌بیاتی پۆرنۆگرافی، به‌ر له هه‌ر شتێك په‌یوه‌سته به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زمان له‌گه‌ڵ سنووری تایبه‌تی خۆیدا، به مانایه‌ك، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌دا كه جۆرێك «نا-زمان»ـه. ئه‌م په‌یامه ته‌نها به جۆرێك درز یا دووپارچه‌بوونی ناوه‌كیی زمان به ده‌ست دێت: توخمی كه‌سی به تێڕامان له‌سه‌ر خۆی بگۆڕدرێت بۆ توخمی ناكه‌سی. واته، به ده‌ربڕینی بلانشۆ، زمان له هێزێكی كه‌سییه‌وه ببێته هێزێكی گشتی و ناكه‌سی.
[32]. outside
[33]. thanatos
[34]. selfishness
سەرچاوەكان:
- بلانشو، از كافكا تا كافكا، ص 32-33.
- Pierre Klossowsky, Sade My Neighbor, trans: Alphonso Lingis, Northwestern University Press, Evanston, Illinois 1991, p. 102-104.
- وته‌كانی سادم له‌م به‌رهه‌مانه‌ی ساده‌وه وه‌رگرتووه:
The Marquis de Sade, The Comolete Justine, Philosophy in the Bedroom and other writings, compiled and translated by Richard Seaver and Austryn Wainhous, Grove press, New York, 1965.
Sade, The Libertine Novels, John Phillips, Plutu Press, London 2001.
- موریس بلانشو، عقل ساد، ت: سمیرا رشیدپور، نشر بیدگل، چاپ اول تهران 1394، ص 101.
- همان، ص 146.
- همان، ص 138.
- Pierre Klossowsky, Sade My Neighbor, p. 56.
- بلانشو، از كافكا تا كافكا، ص 33.
- سیموم دوبوأر، أیا باید ساد را بسوزانیم، ت: امین قضایی، چاپ اول 1378، ص 53.
- Pierre Klossowsky, Sade My Neighbor, p. 94.
- Ibd, p. 97.
- Ibd, p. 99.
- بلانشو، عقل ساد، ص 128-129.
- P. Klossowsky, Sade My Neighbor, p. 103.
- دوبوأر، اێا باید ساد را بسوزانیم؟ ص 45.
- بلانشو، عقل ساد، ص 101.
- بلانشو، از كافكا تا كافكا، ص 33.
- همان، ص 33.
- بلانشو، عقل ساد، ص 118.
- همان، ص 119.
- همان، ص 130.
- همان، ص 137.
- همان، ص 98.
- P. Klossowsky, Sade My Neighbor, p. 104.
- Roland Barthes, Sade Fourier Loyola, trans: Richard Miller, New York, University of California 1989, p. 35.
- بلانشو، عقل ساد، ص 124.
- S. Critchly, Very Little…Almost Nothing, p. 60-61.
- بلانشو، عقل ساد، ص 119.
- Jacques Lacan, Sade with Kant, trans: James B. Swenson.
- بلانشو، عقل ساد، ص 116-117.
- P. Klossowsky, Sade My Neighbor, p. 72.
- هگل، خدایگان و بنده (با تفسیر كوژو)، ت: خمید عنایت، ص 60.
- دوبوأر، أیا باید سادرا بسوزانیم؟ ص 59.