ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

ددانپێدانان

نووسەر چاڕلز بوکۆوسکی
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: ژیارئەسوەد

چاوەڕێی مەرگ دەکەم

وەک پشیلەیەک

کە خۆی ھەڵدەداتە سەر 

چرپاکە.


گەلێ بەداخم بۆ

ھاوسەرەکەم.

ئەم دیمەنە دەبینێ:

جەستەیەکی 

سپیھەڵگەڕاوی

بێجووڵە.

جارێک ڕایدەوەشێنێ

ڕەنگە جارێکی دیش.


“ھانک!”


ھانک وەڵام ناداتەوە.


ئەوە مردن نییە 

نیگەرانم دەکا،

بەڵکو ھاوژینەکەمە

تۆپەڵێ پووچیی

بۆ جێ دەمێنێ.


دەمەوێ 

ئێستا تێی بگەیەنم

ھەموو ئەو شەوانەی

لە پاڵی دەنووستم

تەنانەت

مشتومڕە بێماناکان

جوانییەکی تایبەتیان ھەبووە.

وشە سەختەکان

ئەوانەی ھەردەم

ترسم ھەبووە لە

دەربڕینیان

ئێستا دەتوانم

بیاندرکێنم:

تۆم

خۆشدەوێ.

blank
دەربارەی نووسەر
چاڕلز بوکۆوسکی

چاڕلز بوکۆڤسکی؛ساڵی ١٩٢٠ لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە دایکێکی ئەڵمانی و باوکێکی سەربازی ئەمەریکی-ئەڵمانی هاتووەتە دنیا. پاش دوو ساڵ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچ دەکەن. بوکۆفسکی زیاتر لە سۆنگەی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام هاوکات کە لەسەر نووسینی ڕۆمان خورت بووەتەوە، شیعر و کورتەچیرۆکیشی نووسیوە. پتر لە ٥٣٠٠ شیعر و کورتەچیرۆکی نووسیوە. حاڵ و هەوای فەزای شاری لۆس ئەنجڵس لەنووسراوەکانی بوکۆفسکیدا بە ڕوونی دیارە. ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ باربارا فیریی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری کردووە، بەڵام دوو ساڵ دواتر لێک جوێ بوونەتەوە. ئەم ڕووداوە بوکۆفسکی بەرەو شەرابخۆریی پتر ڕاکێشاوە. منداڵێکی بە ناوی فرانس سمیت لە مارینا لوییس بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ لیندا لی بەیلی ئاشنا دەبێت و پاشان هاوسەرگیری دەکەن. بوکۆفسکی پاش ئەوەی لەلایەن ناوەندی چاپی "بلەک سپەررۆ"وە پێشنیاری مووچەی مانگێ 100 دۆلار تا کۆتایی ژیانی پێ دەدرێت، دەست لە کاری ئیدارەی پۆست هەڵدەگرێت و لەوەبەدواوە سەرقاڵی نووسینی شیعر و چیرۆک دەبێت. ساڵی ١٩٩٤ لە سەند پێدرۆی کەلی فۆرنیا بە هۆی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی دەکات. ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی لەلایەن ڕاهیبێکی بووداییەوە بەڕێوەدەچێ. لەسەر کێلەکەی نووسراوە "هەوڵ مەدە!" کە بە وتەی لیندای ژنی بوکۆفسکی، واتە: لە بری ئەوەی هەوڵ بدەیت، دەست پێ بکە و کارەکە ئەنجام بدە''.

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە