سێ چیرۆک

وەرگێڕانی: قەندیل بێستون

١

باوکێک و کچەکەی

“ناتاشا” دوو نوقڵی پێبوو. دواتر دانەیەکیانی خوارد، یەک دانەیشی بۆ مایەوە.

ناتاشا نوقڵەکەی تری لە بەرانبەری خۆی، لەسەر مێزەکە دانا و دەستی کرد بە گریان.

لەناکاو تەماشای کرد! بینیی لەسەر مێزەکەی بەرانبەری دووبارە دوو نوقڵی لێیە.

ناتاشا نوقڵێکی تری خوارد و دووبارە دایەوە پڕمەی گریان.

ناتاشا دەگریی و بە دزەچاوێکەوە تەماشای سەر مێزەکە دەکا تا بزانێ نوقڵەکە دەرکەوتەوە یان نا.

بەڵام نوقڵی دووەم دەرنەکەوتەوە،

ناتاشا وازی لە گریان هێنا و دەستی بۆ گۆرانی گوتن کرد.

هێندەی گۆرانی گوت و گوت، تا لەناکاو مرد.

باوکی ناتاشا هات و هەڵیگرت و بردی بۆ لای موختاری گەڕەک.

باوکی ناتاشا گوتی: ها .. بەڵگەنامەی مردنەکەم بدەرێ.

ماڵپارێزەکە فووی کردە بە مۆرەکەدا و دای بە ناوچەوانی “ناتاشا”دا.

– سپاس. (باوکی ناتاشا گوتی) و، “ناتاشا”ی برد بۆ گۆڕستان.

گۆڕستانەکە زێوانێکی هەبوو، ناوی “ماتیڤیی” بوو، هەمیشە لای دەرگاکە دەوەستا و ڕێگەی بە کەس نەدەدا بچێتە نێو گۆڕستانەکە، لەبەر ئەوەیش دەبوو مردووەکان لەسەر شەقام بنێژرێن.

باوکی “ناتاشا”ی لەسەر شەقام ناشت، شەپقەکەی لە سەری لابرد و خستییە سەر ئەو شوێنەی کچەکەی لێیە و گەڕایەوە بۆ ماڵ.

کاتێ گەیشتەوە ماڵەوە، بینیی ناتاشا لەوێ دانیشتووە.

– چۆن؟ … چۆن؟

سووکوسادە: لەژێر زەوییەوە دەرچوو و ڕایکرد.

چ گاڵتەیەکە!

باوکەکە بە ڕادەیەک سەری سوڕما؛ دەستبەجێ مرد.

“ناتاشا” بانگی موختارەکەی کرد:

– بەڵگەنامەی مردنەکەم بدەرێ.

موختارەکە فوویەکی کردە سەر مۆرەکە و لە کاغەزێکی دا و، دواتر لەسەر کاغەزەکەی نووسیی: “بەمە دڵنیا دەبینەوە کە بە ڕاستی مرد”.

ناتاشا کاغەزەکەی هەڵگرت و بردی بۆ گۆڕستان.

بەڵام “ماتیڤیی” پاسەوان بە “ناتاشا”ی گوت:

– بەهیچ جۆرێک، رێگەت نادەم.

ناتاشا گوتی:

– تەنها دەمەوێ ئەم کاغەزە بنێژم!

بەڵام پاسەوانەکە گوتی:

– وا باشترە داوای هیچ نەکەی.

“ناتاشا” کاغەزەکەی لەسەر شەقام ناشت و گۆرەوییەکانی خۆی لە شوێنەکە دانا و گەڕایەوە ماڵ.

گەیشتەوە ماڵ و، بینیی باوکی لەوێ دانیشتووە و سەرقاڵی یاری کردنە بە تۆپە ئاسنینەکەی سەر بلیاردە بچووکەکە.

“ناتاشا” سەراسیمە بوو، بەڵام هیچی نەگوت و، ڕۆیشتە ژوورەکەی خۆی تا گەورە ببێت.

ناتاشا گەورە و گەورەتر بوو و، پاش چوار ساڵ بووە ژنێکی پێگەیشتوو. لێ باوکی “ناتاشا” پیر و پەککەوتە ببوو. بەڵام هەر کە بیریان دەکەوتەوە چۆن هەردووکیان وایاندەزانی ئەوی دی مردووە، لەسەر قەرەوێڵەکە قاقا پێدەکەنین.

جارێکی تریش بیست خولەک پێکەنین. تا ئەوکاتەی دراوسێکان گوێیان لە پێکەنین دەبێ و، بەخێرایی جلوبەرگیان لەبەر دەکەن و دەڕۆنە سینەما. هەروەتر جارێکیان چوونە دەرەوە و نەهاتنەوە..

وابزانم کەوتنە ژێر تایەی ماشینێکی تیژڕەو.

١/٩/١٩٣٦

***

٢

کاتژمێر دوو لە شەقامی نیڤسکی

کاتژمێر دوو لە نیڤسکی، یان ڕوونتر، ٢٥ـی ئۆکتۆبەر، هیچ شتێکی تایبەت ڕووی نەدا.

هیچ – هیچ، بە ڕێککەوت ئەو کەسە وەستا لە نزیک کلۆزیۆم. لەوانەیە قەیتانی پێڵاوەکەی گرێ بداتەوە، یان دەیەوێت جگەرە بکێشێ. یان، هیچ، هیچیان! ئەو تەنیا ڕێبوارێکە نازانێ بۆ کوێ دەڕوات.

بەڵام، ئەی شمەکەکانی کوان؟ یان، بۆستە، ئەوەتا وا بە هۆکارێک سەری بەرز دەکاتەوە، وەک بڵێی دەیەوێ تەماشای نهۆمی سێیەم بکات، نا، بەڵکو چوارەم، نا، بەڵکو پێنجەم.

هیچ، تەماشا بکەن، زۆر بە سادەیی پژمیی و بە ڕێ کەوتەوە. کەمێک ماتە، شانەکانی بەرز ڕادەگرێت.

با-یش فوو دەکاتە پاڵتۆ سەوزەکەی. ئەوەتا خەریکە دەسووڕێتەوە بۆ شەقامی “نادیژدینسکایا” و لە پشت پاڵتۆکەوە ون دەبێت.

چاوی کوڕە بۆیاخچییەکە بەدووی دەکەوێت، سیما ڕۆژهەڵاتیی، دواتر دەستی دا لە سمێڵە ڕەش و پڕەکەی.

پاڵتۆکەی درێژ بوو، ئەستوور، مۆر، چوارگۆشەیی نییە، خەتخەتییش نییە، تەنانەت… – بەنەفرەت بێ -… خاڵخاڵە.

١٩٣١

***

٣

چوار نموونەی ڕوونکردنەوەیی: دەربارەی ئەو کاریگەرییەی بکوژی بیرۆکە نوێیەکان لەسەر ئەوانەی هێشتا ئامادەی قبوڵکردنیی نین

‏I

ئەدیب: من ئەدیبم!

خوێنەر: بە تێگەیشتنی من، تەنها گوویەکیت!

(ئەدیب چەند خولەکێک قیت دەبێتەوە و سڕ دەبێت، سەراسیمە لەم بیرۆکە نوێیە، دواتر بێ‌جوڵە دەکەوێت. دەیبەنە دەرەوە.)

‏II

وێنەکێش: من وێنەکێشم!

کرێکار: بە تێگەیشتنی من، تەنها گوویەکیت!

(وێنەکێش یەکسەر زەرد هەڵگەڕا، وەکوو بەهێ، وەکوو پەڕی باڵێکیش جوڵایەوە و مرد. دەیبەنە دەرەوە.)

‏III

مۆسیقاڕ: من مۆسیقاڕم!

بانیا ڕوبلیۆڤ: بە تێگەیشتنی من، تەنها گوویەکیت!

(مۆسیقاڕەکە هەناسەبڕکێی بوو، دواتر مرد. لەپڕێکا دەیبەنە دەرەوە.)

‏IV

کیمیاگەر: من کیمیاگەرم!

فیزیکزان: بە تێگەیشتنی من، تەنها گوویەکیت!

(پاش ئەوە، کیمیاگەرەکە تەنانەت پیتێکیشی نەگوت، بە هەموو قورساییەکەیەوە کەوتە سەر زەوی.)