پەیامی ڕۆمان و ڕۆمانی پەیام

نیتشە لە کتێبی (ئەوەیە مرۆڤ)دا دەنووسێت: (گۆڕینی مرۆڤایەتی، دوایین شتە، بە خەیاڵمدا دێت. وەک چۆن من بتی نوێ دروست ناکەم).

ئەو بیرۆکەیە بۆ چەمکی (حەقیقەت)مان دەباتەوە، کە تا ئەو تێک نەشکێت، ژیان دەرناکەوێت. حەقیقەت، کە بریتییە (لەو هەڵەیەی، هەندێک بوونەوەر ناتوانن بەبێ ئەو هەبن)، ژیانی کردووەتە دوو لەت، لەتی (چاکە) و لەتی (خراپە). ئەو بە تایبەت لە کتێبی (لەودیو چاکە و خراپەوە)دا حەقیقەت بە بت دەچووێنێت، کە دەبێت بە کوتەک لێی بدرێت. ئەو تێگەیشتنەی نیتشە بەر لە هەرچی زمان دەگرێتەوە، بەوەی ناکرێت زمان ئەو شتانە دەرببڕێت، کە حەقیقەت شێواندوونی، بگرە لە پشت (چاکە و خراپە)دا شاردوونیەتیەوە، بەڵکوو خودی زمان بۆ تێکشکاندنی حەقیقەتە، کە ئەمەیش وا دەکات لە گۆشەیەکی دیاریکراو و بەپێی هەلومەرجێکی دیاریکراو حەقیقەت دەرنەبڕێت. لێرەدا هێرمۆنتیکا لە دایک دەبێت، بەو مانایەی هیچ چەمکێک، هیچ مانایەک، هیچ ئاڕاستەیەک ناتوانێت وەک حەقیقەتی چەسپاو بمێنێتەوە وا خۆی دەربخات، نەمرە، بەڵکوو لەگەڵ هەر بینینێکی تر و خوێندنەوەیەکی تردا دەگۆڕێت و بێژمار مانا و ئاڕاستەی دیکەی لێ بەرهەم دێن. لەم نێوەدا بەهای ئەبەدی، چەمکی نەمر، وێنەی بێکۆتایی، گیانی لەناونەچوو و هیی دیکە خۆیان ناگرن، کاتێ خودی ئەو حەقیقەتەی ڕایگرتوون، تێک دەشکێت. ئەو عەقڵەی حەقیقەتی لەسەر دامەزراوە، (لە پیرێک دەچێت، تای گەرم لەرزی لێ هێنابێت).

لە کتێبی (ویستی هێز: Will to Power)دا جەخت لەسەر ئەو بێسنوورییەی ڕاڤە دەکاتەوە، کە (گێتی بۆ ئێمە سەرلەنوێ بووەتە بێکۆتایی، بەو مانایەی ناتوانین لێی قەدەغە بکەین هێزی ئەوەی هەبێت ڕێ بە بێسنووریی ڕاڤە بدات)، بۆیە بەگژ سەرجەم ئەو فەلسەفانەدا دەچێتەوە، کە عەقڵیان بە حەقیقەتەوە بەستووەتەوە و جەستەیان بە لاوە ناوە. بەم شێوەیە لە (سۆکرات) و (پلاتۆن)ـەوە تا (دێکارت)، لە (کانت)ـەوە تا (هیگڵ) دەکەونە بەر ڕەخنەی ئەو. بەوەدا عەقڵ جەستەی شاردووەتەوە، بووەتە ئامێرێک بۆ سەرکوتکردنی ئارەزوو، کە دواتر ئەو چەمکە، (چەمکی ئارەزوو)، لای ئەو فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزانەی ڕەخنە لە سێنتراڵیزمەکان دەگرن، لەوانە (دولووز)، فرەوانتر دەبێت و زۆر بواری تر دەگرێتەوە. ڕەخنەی (نیتشە) لە عەقڵ و دۆمەنەنسی عەقڵ لە پێناوی دەرکەوتنی ژیانی ڕاستییە، ژیانێک، کە لە (چاکە و خراپە) خاڵییە. بۆ ڕزگارکردنی جەستەیە لە زیندانی ڕۆحدا. وەک گوترا ئەم تێگەیشتنە پێش هەموو شتێک زمان دەگرێتەوە، کە زمان لەژێر دەستەڵاتی عەقڵ دێنێتە دەرێ و لە جەستەدا ئازادی دەکات، بەوەی خاوەنی ویستی هێزە. لێرەوەیە پەنا بۆ مێتافۆر دەبات، بەوەی زمان لە بەردەوامیدایە و بە هۆی هێزی بەردەوامییەوە مانای نوێ دێنە بەرهەم، کە هەر وشەیەک توانای هەیە تێک بشکێت و دەنگی تری لێ دروست ببێت، تا بە پێوەری (چاکە و خراپە) نەخوێنرێتەوە. واتە نەک هەر زمان، بەڵکوو فیکریش مێتافۆرییە و بە ئاڕاستەی جۆراوجۆری مانادا دەجووڵێت، کە ئەو جووڵەیە خوێندنەوە و لێکدانەوەی جیاواز دەسەپێنێت. لە یەکێک لە (پڕیشکەکان: Fragments)یدا دەڵێت: (ئاییندە لە ڕێی بێژمار نیشانەوە دەماندوێنێت)، کە دەکرێت وای بخوێنینەوە مانای زمان لە چوارچێوەی وشەدا قەتیس نابێت، بەڵکوو ماناکان لە تەقینەوەی بەردەوامدان و لە ڕێی نیشانەوە دەماندوێنن. (نیتشە) بەم تێگەیشتنە سیمای فەلسەفەیش دەگۆڕێت، بە ڕادەیەک لە هیچ شێوازێکی تری پێش خۆی نەچێت، کە هەر لێرەدا ئەدەب و فەلسەفە یەک دەگرن، بێ ئەوەی شوێنەواری پێشوویان دیار بێت. واتە بێ ئەوەی بزانرێت چ ڕووبەرێک پێشتر فەلسەفە و چ ڕووبەرێک ئەدەب بووە. لە سەرجەم ئەوانەوە دەگەینە ئەوەی (نیتشە) ڕەخنەگری یەکەمی مۆدێرنیتییە، کە ئەو پیرۆزییەی عەقڵ تێک دەشکێنێت، مادام بەو پیرۆزییەی کەناڵی ماناکانی داخستوون. پەنهانیی مۆدێرنیتی لە پەنهانیی تێکستی هایرۆگلێفیک دەچێت. لە پشت هەر ئەشکەوتێکەوە ئەشکەوتێکی تاریکتر دەبینیت. بەو شێوەیە دەکەوێتە بەر چاوی، بۆیە بە ڕەخنە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

لە (نیتشە)وە فیکری فەلسەفی، کە ئەدەبیش دەگرێتەوە، دەچێتە قۆناغێکی تەواو جیاوازەوە و ڕەخنەدۆزانی وەک (هایدیگەر)، (ژان فرانسوا لیوتار)، (فۆکۆ)، (هۆرکهایمەر)، (ئەدۆرنۆ)، (بارت)، (دێریدا) و زۆری دیکە، تەنانەت (دولووز)یش (ئەگەرچی ئەو هەمیشە شەڕی ئەوەی کردووە نەخرێتە ناو هیچ پۆلێنکارییەکەوە)، ڕەخنە لە سێنتراڵیزم دەگرن و لە هەوڵی کردنەوەی هەموو ئەو کەناڵانەن، کە سێنتراڵیزمی عەقڵ دایخستوون.

ڕەخنە لە سێنتراڵیزم ڕێی بۆ لەدایکبوونی ئەدەبێک خۆش کرد، تاکمانا، تاکلۆژیک، تاکدەنگ، تاکئاڕاستەی تێدا گوم ببن و فرەمانا، فرەلۆژیک، فرەدەنگ، فرەئاڕاستە شوێنیان بگرنەوە.

ئێستا بە گرنگی نازانم لەسەر فیکری ئەوانەدا هەڵوێستە بکەم، لە کاتێکدا پێشتر کردوومە و ئەگەر پێویستیش بکات، بۆیان دەگەڕێمەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە پێی لەسەر دابگرمەوە، ئەوەیە، کە ڕەخنە لە سێنتراڵیزم ڕێی بۆ لەدایکبوونی ئەدەبێک خۆش کرد، تاکمانا، تاکلۆژیک، تاکدەنگ، تاکئاڕاستەی تێدا گوم ببن و فرەمانا، فرەلۆژیک، فرەدەنگ، فرەئاڕاستە شوێنیان بگرنەوە. زمان لەوە دەرچوو ئامێرێک بێت و لە پێناوی مانایەکی دیاریکراودا هەڵبسووڕێت، بەڵکوو بووە کانگەی مانا جیاواز و بێسنوورەکان. ئەم گۆڕانکارییە بە تایبەتی لە ڕۆماندا ڕەنگی دایەوە، بە ڕادەیەک شێوازی فرەدەنگی (پۆلیفۆنی) لە دایک بوو، کە هیچ دەنگێک ناتوانێت ببێتە سێنتراڵ و دەنگەکانی دیکە بشارێتەوە، بەڵکوو دەنگەکان هەن و بەردەوام دەنگی تر بەرهەم دەهێنن. بەم شێوەیە دەنگی سەرجەم چین و توێژەکان لەناو ئەو ڕووبەرەدا دەبیسرێن.

ئێستا دەپرسین ئایا ڕۆمان پەیامی هەیە؟ ئەگەر ڕۆمان بێسنوور و بێکۆتا دەنگ لە خۆی بگرێت، ئەو پەیامە هیی کام دەنگەیانە؟ پەیام واتە کۆتایی. ئایا لە ڕۆمانی فرەدەنگدا سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی هەن، تا ڕۆماننووس بگاتە ئەوەی پەیام بگەیەنێت؟ ئەو ڕۆمانانە چین، کە پەیامیان هەیە و جەماوەر، نەوەک خوێنەر دەتوانێت بە ڕوونی پەیامەکەیان وەربگرێت؟

ئەوە جەماوەرە بە دوای پەیامدا دەگەڕێت، نەوەک خوێنەر، کە جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە، بەوەی یەکەمیان دەیەوێت هەموو شتێکی بە ئامادەکراوی بێتە بەر دەست، بەڵام خوێنەر لە ڕێی پرسیار و ڕاڤەوە پێوەندی بە تێکستەوە دەکات، تا خۆیشی ببێتە بەرهەمهێنەری مانای دیکەی جیاواز. جەماوەر وەک پێشتر لە بەرهەمەکانی ترمدا ئاماژەی پێ کراوە ئەو زۆرایەتییە دەگرێتەوە، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان لە شێوەی حیزب، خێڵ، قوتابخانە، پەرستگە و هیی دیکەی لەم بابەتە بۆ مەبەستی دیاریکراو ئاڕاستەی دەکەن، لە کاتێکدا خوێنەر ئاڕاستەی ناوەوەی خۆی هەیە و لەو ڕێگەیەوە دەخوێنێتەوە، کە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت دوو جەمسەری جیاوازن، بەڵکوو ئەو ئاڕاستەیە خوێنەر لە جەماوەر دادەبڕێت و دەیکاتە خاوەنی دەنگی خۆی. بەم شێوەیە لە (گشت)ـەوە بۆ (تایبەت) هەنگاو دەنێت.

فریدریش نیتشە (١٨٤٤-١٩٠٠)

پەیام بەشێکە لە پرۆسێسی خوێندنەوە، نەوەک لە پرۆسێسی نووسین، بەو مانایەی ئەوە خوێنەرە لە ڕێی خوێندنەوەی جیاوازەوە پەیام لە مانا شاراوەکانی تێکست دەدۆزێتەوە، کە دەشێت ئەو پەیامە خودی نووسەر پێی نەزانێت و لەگەڵ پەیامی خوێنەرێکی دیکەیش جیاواز بێت، کە لە هەمان تێکستدا دۆزیویەتیەوە.

ڕۆمانی داهێنەرانە، پێچەوانەی ڕۆمانی تەقلیدی نە کورت دەکرێتەوە و نە دەگێڕدرێتەوە.

لە ڕۆمانی تەقلیدیدا، ئەو ڕۆمانەی ڕۆماننووس هۆشیارییەکی گەورەی تێدا نەسووتاندووە و ڕوانینەکەی هەمان ڕوانینی جەماوەرە، پەیام هەیە و ئاسانیش دەدۆزرێتەوە، بەوەی زمانەکەی سادەیە و دەستی بەو حەقیقەتانەوە گرتووە، کە جەماوەر پێیان ئاشنان، بۆیە قەبارەی ڕۆمانەکە چەندیش گەورە بێت، هیچ زەحمەتێک لەوەدا نابینن کورتی بکەنەوە و بەسەرهاتەکانی بگێڕنەوە، مادام بە شێوەی زنجیرەیی هاتوون، لە کاتێکدا (کات) لە ڕۆمانی داهێنەرانەدا تێک دەشکێنرێت و بێژمار کاتی بچووکتری لێ دەبێتەوە، بە ڕادەیەک ناکرێت لە خاڵێکی دیاریکراودا کۆیان بکەیتەوە، بە مەرجێ هەر خۆیان لە دژی ئەو سێنتراڵیزمە تێک شکاون. بە کورتی ڕۆمانی داهێنەرانە، پێچەوانەی ڕۆمانی تەقلیدی نە کورت دەکرێتەوە و نە دەگێڕدرێتەوە.

بەشێکی زۆری، (ناڵێم سەرجەم) ڕۆمانی کوردی پەیامیان هەڵگرتووە و بە ئاسانی دەیگەیەنن، تەنانەت جەماوەر لە ناونیشانیانەوە بەشێکی پەیامەکەیان دەست دەکەوێت، بەوەی ڕۆماننووس هەر لە سەرەتاوە مژدەی پێ داون، کە قسەی ناو دڵی ئەوانی پێیە. بەشێکی زۆری ئەو گوتانەی جەماوەر لەو جۆرە ڕۆمانەیان وەردەگرن و لە سۆشیالمێدیادا بڵاویان دەکەنەوە، بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن، کە پەیامی خۆیان پێ گەیشتووە و ئەوەیان دەست کەوتووە، پێشتر زانیویانە و چاوەڕێی بوون. ئەو ڕۆماننووسە هەموو شتێکی کردووەتە دوو بەش، کە لایەنگری ئەوەیانە، جەماوەر پەسەندی کردووە و دەنگی زۆرایەتیی بە دەست هێناوە، دژی ئەوەیانە، کە جەماوەر دژیەتی و دەنگی کەمینەیە. لێرەدا ئایدیۆلۆجیای زاڵی کۆمەڵگە ڕۆڵی بەرچاوی لەو دابەشکارییەدا هەیە. لە هەر دابەشکردنێکدا کۆمەڵێک مانا دەمرن، کە ڕۆماننووسی داهێنەر زیندوویان دەکاتەوە. ڕۆمانی پۆلیفۆنی کەناڵی ئەو دەنگانە دەکاتەوە، کە لە ئەنجامی دابەشکارییەوە داخراون.

لای ڕۆماننووسی داهێنەر پرۆسێسی نووسین بریتی نییە لە گوتنەوەی زانراو، بەڵکوو بریتییە لە گەڕان بە دوای نەزانراودا.

لای ڕۆماننووسی داهێنەر پرۆسێسی نووسین بریتی نییە لە گوتنەوەی زانراو (Familiar)، بەڵکوو بریتییە لە گەڕان بە دوای نەزانراو(Unfamiliar)دا. واتە نووسین ئەو ڕووبەرانە دەردەخات، کە نەناسراون، نەوەک ئەوانە پێشان بداتەوە، کە ناسراون. زمان کاتێ دەتوانێت بچێتە قووڵایییەوە، کە خۆی لە نەزانراو دەدات، دەنا تا ئەو کاتەی لە ئاستی زانراودا وەستاوە، تەنیا ئەو شتانە دەگوازێتەوە، کە دیارن و مانایان ئاشکرایە. نەزانراو وا دەکات ڕۆماننووس لە کاتی نووسیندا بخوێنێتەوە، بگرە هەر نەزانراوێک ئەوە بەسەر ڕۆماننووسدا دەسەپێنێت لە بواری جۆراوجۆردا بۆ کۆدەکانی بگەڕێت، تا ئەو مانا شاراوانە دەربخات و بە ڕێگەی جیاوازیش دەریانببڕێت، کە ئەم وێنانە لای خوێنەر نەناسراون، وەک چۆن پێشتر لای نووسەر نەناسراو بوون، بۆیە پرۆسێسی خوێندنەوە سەخت دەبێت، بەڵام هەر ئەو سەختییەیە لای خوێنەر ڕاڤەی جیاواز دێنێتە کایەوە. بەم شێوەیە هەتا پرۆسێسی دۆزینەوە، پێکهێنان و گەیاندنی وێنە لای نووسەر قورس بێت، لێکدانەوەیان لای خوێنەریش قورس دەبێت، بەڵام بەرهەمی ئەو خوێندنەوەیە دەرکەوتنی ڕاڤەی نوێیە. بۆ نموونە ئەگەر ڕۆماننووسێک بیەوێت لەبارەی شۆڕشەوە بنووسێت، ئەوە دوو ڕێگەی لە بەردەمدان: یەکەم، پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە ڕێی بیستن و بینینەوە لەبارەی شۆڕشەوە دەستی کەوتوون، کە ئەمە وا دەکات تەنیا ئەو شتانە بڵێتەوە، جەماوەریش هێندەی ئەو دەیانزانێت. بەوەدا وێنەی دەرەوەی شتەکان دەگرێت و پێشانیان دەداتەوە، جەماوەر ئاسان لە زمانەکەی دەگات. هەروەها تەکنیکەکانیشی هەر لەو ئاستەدا دەمێننەوە، چونکە باسی لە دیوی دەرەوەی شتەکان کردووە و بۆ قووڵایییان ڕۆ نەچووە. ڕێگەی دووەم: ڕۆماننووس لە بوارەکانی وەک فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا و ئەوانەی تردا بە دوای چەمکی شۆڕشدا دەگەڕێت، کە ئەودەم شتێکی نوێ دەدۆزێتەوە. ڕەنگە لەم گەڕانەیدا (ئەریستۆ)، (ڕۆسۆ)، (کانت)، (هیگڵ)، (مارکس)، (نیتشە) و (کامیۆ) بدۆزێتەوە، کە هەر یەکەیان بە شێوەی جیاواز باسی لەو چەمکە کردووە. ئەو جیاوازییە سەرەتا لە فیکری خۆی و دواتر لە تێکستەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە، کە هەم قووڵتر دەنووسێت و هەم خۆی لەناو چوارچێوەیەکی تەسکدا قەتیس ناکات. بۆ نموونە لای (کامیۆ)، بە تایبەتی لە هەردوو کتێبی (ئەفسانەی سیزیڤ) و (مرۆڤی یاخی)دا بۆی دەردەکەوێت ئەو فیلۆسۆفە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان چەمکی شۆڕش و چەمکی یاخیبووندا دەبینێت، کە ئەوەی دووەمیان زۆر لەوەی یەکەمیان فرەوانتر و گەورەترە، بگرە یەکەمیان ڕووکەشە و لە پێناوی خاڵێکی دیارکراودا هەیە. بە هۆی (گەڕان)ـەوە دیدگەی ڕۆماننووس دەگۆڕێت و تێگەیشتنی دەچێتە ئاستێکی باڵاترەوە، کە بەم شێوەیە زمان و تەکنیکەکانی گێڕانەوەیش گۆڕانیان بەسەردا دێت، چونکە سێنتراڵیزمی دەرەوە تێک دەشكێت و هیی ناوەوە دەکرێتەوە، کە لەوێدا ئاڕاستەکان بێسنوور و بێژمارن. ئەمجارە ئەو سەرسامییەی لە ئاستی شتە باوەکاندا نامێنێت و لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا نهێنیی تر دەدۆزێتەوە. بێگومان جۆر و ژمارەی خوێنەرەکانیشی دەگۆڕێن. بە کورتی خوێندنەوەی ئەوانە چاوی ڕۆماننووس دەکاتەوە، کە بزانێت جگە لەم تێگەیشتنە باوە، تێگەیشتنی دیکەیش هەن. بەم شێوەیە دەکرێت لە پێکهێنانی تێگەیشتنی سەربەخۆی خۆیدا سوودیان لێ وەربگرێت. ئەم پرۆسێسە لای (گادامێر) بەشێکە لە دایەڵۆگ.

کەواتە ڕۆماننووس لە ڕێگەی یەکەمدا شتە بچووکەکان زەق دەکاتەوە و تەنیا لە ڕووی مۆرفۆلۆجییەوە دەیانبینێت، واتە هەر لە دەرەوەیان دەڕوانێت، بەڵام لە دووەمیاندا شتە زەقەکان بچووک دەکاتەوە و بایەخ بە شتە وردەکان دەدات، چونکە ئەوە شتە وردەکانن، چاوی ئاسایی بە لاوەی ناون.

یەکێ لە ڕەخنەکانی ڕەخنەدۆزان لە (نیتشە)وە تا ئەمڕۆ، ئاڕاستەیە بۆ دواڵیزم، کە وەک بینیمان (نیتشە) چۆن بەگژ پێوەری (چاکە و خراپە)دا دەچێتەوە. (دێریدا) پێی وایە هەمیشە لە ئاستی تێکستەکاندا ڕووبەڕووی دواڵیزمە دژەکان (Binary Oppositions) دەبینەوە، وەک ڕۆح/ جەستە، عەقڵ/ ناعەقڵ، قسە/ نووسین، گەرم/ سارد، ڕەش/ سپی، ژیان/ مردن، چاک/ خراپ، جوان/ ناشیرین و زۆری تر، کە مێتافیزیکا لەو ڕێگەیەوە مانای پێشوەختی خۆی دەسەپێنێت، مانایەک، وا خۆی دەردەخات قەوارەیەکی یەکگرتوو (Coherent) و هاوڕێک (Homogeneous)ی هەیە و بووەتە سێنتراڵی عەقڵ، دواجار لە شێوەی حەقیقەتێکی نەگۆڕدا دەردەکەوێت، بۆیە دەیەوێت شتە دژبەیەکەکانی ناویان (Contradictions) دەربخات. دیارە مەرج نییە ئەو دواڵیزمانە بە یەکەوە هاتبن، بەڵکوو مەسەلەکە پێوەندیی بە ئامەدەگی(Present)یەوە هەیە، بەوەی هەر کاتێ یەکەممان هەیە، ئەوە دووەمیشمان وە بیر دێتەوە، بەڵام بە هێزێکی کەمتر، یان بە پلەیەکی نزمتر. بۆ نموونە لە ڕێی (ڕووناکی)یەوە (تاریکی)مان بە بیر دێتەوە، بەڵام ئەوەی دووەمیان بە هێزێکی کەمتر. ئەو فیلۆسۆفە بۆ بەگژداچوونەوەی ئەم دواڵیزمانە، پەنا بۆ نووسین دەبات، تا لەو ڕێگەیەوە دەستەڵاتی (دەنگ) تێک بشکێنێت. لە لایەک ئەو بونیادە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە دال (Signifier) و مەدلوول (Signified) لە خۆی دەگرێت، بەو مەبەستەی پێوەندیی نێوان ئەو دووانە نەهێڵێت و ئیتر دال هیچ ئاماژەیەک بە مەدلوول نەکات و لە لایەکی دیکەوە ڕایەڵی نێوان تێکست و واقیعیش ناهێڵێت. بە بڕوای (دێریدا) نووسین گۆڕینی تێکستە لە ئاستی مێتافیزیکەوە بۆ ئاستی فیزیک، بەو مانایەی نووسین تێکست دەگۆڕێت و لە خۆیدا بەرجەستەی دەکات، مادام نووسین پشت بە هەندێک مەتێریاڵی وەک پیت، کاغەز و شتی دیکە دەبەستێت و لە ڕێگەی ئەوانەوە درێژە بەو مانایانە دەدات، کە بە دەستی هێناون. لەمەوە (جیاوازی) دێتە کایەوە و گریمان و لێکدانەوەی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەمی خوێنەر.

با لەم بۆچوونەی (دێریدا)وە بڕوانینە بەشی زۆری ڕۆمانی خۆمان، کە هەمیشە لای (چاکە) و دژی (خراپە)ن، لایەنی (ڕووناکی) دەگرن و بەگژ (تاریکی)دا دەچنەوە، حەزیان لە ڕەنگی (سپی)یە و ڕقیان لە ڕەنگی (ڕەش)ـە، کە ئەمە هەمان ڕوانینی جەماوەرە، بۆیە ئاسان لە پەیامەکانی دەگەن. وەک گوترا ناونیشانی هەندێک ڕۆمان بە ڕوونی ئاماژە بەو لایەنگرییە پێشوەختییە دەکەن. سێ ناونیشانی گریمانی دەهێنمەوە، کە نزیکن لەو ناونیشانانەی بەو جەماوەرە ئاشنان: (سەرکەوتنی ڕووناکی و ڕووخانی تاریکی)، (دڵێکی سپی و دەروونێکی ڕەش)، (پاکیی فریشتە و قێزەونیی ئیبلیس). بەم شێوەیە هەموو ماناکانی (تاریکی)، (ڕەش) و (ئیبلیس) دەشاردرێنەوە، بێ ئەوەی مانای نوێ لە (ڕووناکی)، (سپی) و (فریشتە)دا بدۆزرێتەوە، بەڵکوو زۆر بە سادەیی پەیامی سەرکەوتنی یەکەم بەسەر دووەمدا ڕادەگەیەنرێت، بۆیە وەسف بڕبڕەی پشتی ئەو جۆرە ڕۆمانەیە، بەوەی دیوی دەرەوەی شتەکان کراونەتە ئامانج. بێگومان جەماوەر بە ئاسانی لەو پەیامە دەگات. لێرەوە هەر ڕۆمانێک بە لاوە دەنرێت، کە بەو سادەیییە نەنووسراوە و پەیامی ڕوونی نەگەیاندووە.

هەندێجار تەنیا خوێندنەوەی گوتاری ڕۆماننووسێک، یان گفتوگۆیەکی بەسە، تا بزانیت ئەو ڕۆماننووسە هەمان ئاستی جەماوەری هەیە و هەر جەماوەریشە بە بەرهەمەکانی شاگەشکەیە.

هەندێجار تەنیا خوێندنەوەی گوتاری ڕۆماننووسێک، یان گفتوگۆیەکی بەسە، تا بزانیت ئەو ڕۆماننووسە هەمان ئاستی جەماوەری هەیە و هەر جەماوەریشە بە بەرهەمەکانی شاگەشکەیە. ئێمە لە سەرەوەدا پێمان لەسەر چەمکی زماندا گرت، کە گەوهەری نووسینە. ڕوانینی ئەو ڕۆماننووسە بۆ ئەو چەمکە پێت دەڵێت لە چ ئاستێکدا دەنووسێت. هەندێک ڕۆماننووسی ئێمە شتی وا سادەیان لەبارەی زمانەوە گوتووە، کە بۆ یەکێک ئاگای لەوە بێت زمانناسی (لینگویستیک) لەناو فەلسەفەدا چاوی هەڵهێناوە، دەزانێت ئەو ڕۆماننووسانە لە چ ئاستێکدا ڕۆمان دەنووسن.

کاتێ ڕۆماننووس پەیامی هەیە، ئەوە سێ شتی دیاری کردوون و نایەوێت بە هیچ شێوەیەک لێیان لا بدات:

یەکەم، ئەوەی دەیگۆڕێت. دووەم، ئەوەی پێی دەگۆڕێت و سێیەم، ئەوەی دەیکاتە سەرچاوەی ئەو گۆڕینەی. یەکەمیان، جەماوەرە، دووەمیان، ئەو پەیامەیە، هەڵیگرتووە و سێیەم، ئەو ئایدیۆلۆجیایەیە، باوەڕی پێیەتی، کە مەرج نییە ئایدیۆلۆجیای حیزب بێت، بەڵام ئایدۆلۆجیای باوی کۆمەڵگەیە. مانای وایە قاڵبێکی دیاریکراوی هەیە و ئەرکەکەی تەنیا بەکارهێنانی ئەو قاڵبەیە.

blank
گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام، کتێبێکی هزری و ڕەخنەیی کاروان عومەر کاکەسوورە، ساڵی ٢٠١٩ مالی وەفایی چاپی کردووە.

* ئەگەر مەبەستتە زیاتر لەبارەی ئەم چەمکانەوە بخوێنیتەوە، دەکرێت بۆ ئەم بەرهەمانەم بگەڕێیتەوە:

_ گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام.

_ منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە.

_ ئەردەڵان عەبدولڵا و من لە کازینۆی منداڵاندا.

_ لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). بۆ تەوەرەی (ڕەخنە)ی (ژنەفتن) نووسراوە.

_ کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا. (گێڕانەوەی ئەزموونی خۆمە لەبارەی چەمکی کاتەوە، کە لەم نزیکانە گۆڤاری گێڕانەوە بڵاوی دەکاتەوە).

_ ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا.

_ (هەولێر) و (هەولێری) لە کۆنکرێتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە. {پێشتر لە شێوەی گوتاردا بڵاو کراوەتەوە و ئەمساڵ پڕۆژی (ڕێ) لە شێوەی کتێبی گیرفاندا چاپی دەکات}.