سەرچاوەکانی خوێندنەوەی ڕۆماننووس

ئەگەر بۆ ساتێ ئەو تێگەیشتنە باوە لە بەرچاو بگرین، کە ڕۆمان بۆ کارەکتەر، زمان، ڕووداو، کات و شوێن دابەش دەکات، ئەوە هێشتا بوار بۆ ئەوە دەمێنێتەوە بڵێین هەر یەکێ لەو چەمکانە ڕایەڵیان لەناو بوارەکانی فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، ئەنترۆپۆلۆجیا، ئابووریناسی، کەلتوور و هیی دیکەدا هەیە. ئایا ڕۆماننووس پێویستی بەوە دەبێت بۆ نووسینی هەر ڕۆمانێکی، لەو بوارانەدا قووڵ ببێتەوە؟ دیارە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی لەم شێوەیە ئاسان نییە. سەرەتا پێویستە پرسیارەکە بە ئاقارێکی دیکەدا ببەین و ئاوای لێ بکەین: مەبەستمان لە کام ڕۆماننووسەیە و چ ڕۆمانێک ئەوە بەسەر نووسەرەکەیدا دەسەپێنێت ئەو بوارانە بخوێنێتەوە؟

لێرەدا لانی کەم دوو جۆر ڕۆمان هەن: یەکەم، ئەو ڕۆمانەی بۆ جەماوەر دەنووسرێت. واتە تێگەیشتنی ڕۆماننووس هەمان تێگەیشتنی جەماوەرە و زمانی دەربڕینیشی هەر لەو ئاستەدایە، بەوەی پێوەندییەکی دایەلێکتیکی لەنێوان فیکر و زماندا هەیە. هەتا ئەو وێنانەی ڕۆماننووس مەبەستیەتی لە خەیاڵی خۆیدا پێکیان بهێنێت و بیانگەیەنێت، قووڵتر بن، زمانەکەیشی هەر بە سروشتی خۆی قوڵتر دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەیشەوە وێنەی سادە، ئەو وێنەیەی هەم لای ڕۆماننووس و هەم لای جەماوەر ناسراوە و نوێ نییە، زمانی سادە دەخوازێت. لێرەدا ڕۆماننووس و جەماوەر هاوبیر و هاوئاستی یەکترن. هێندە هەیە یەکەمیان دەنووسێت، بەڵام دووەمیان دەخوێنێتەوە و نانووسێت، ئەگەرچی دەتوانێت وەک ڕۆماننووسەکە بنووسێت. لەم جۆرە ڕۆمانەدا تەکنیکەکان سادەن و شێوازی گێڕانەوە زنجیرەیییە. ڕۆماننووس پەیامی دیاریکراو و ناسراوی هەیە، کە بە ئاسانی دەگاتە خوێنەر. ئەم جۆرە ڕۆماننووسە پێویستی بە خوێندنەوەی ئەو بوارانە نییە، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، چونکە ئەو زانیارییانەی لە ڕێی هەستەکانەوە بە دەستی هێناون، بەشی دروستکردنی ئەو وێنانە دەکەن و لە ئاستی جەماوەریشدا کێشەی گەیاندنی نییە، بگرە هەندێجار بەرهەمەکانی لە بازاڕدا ڕەواجی زۆریان هەیە. ڕەخنەگریش، (هەمیشە مەبەستم ڕەخنەگری میلـلییە)، بایەخی زۆری پێ دەدات، بەوەی خودی ڕەخنەگر لە هەمان ئاستی تێگەیشتنی ڕۆماننووسەکەدایە.

جۆری دووەمی ڕۆماننووس بۆ خوێنەرێکی گریمانی دەنووسێت، ئەو خوێنەرەیش هیی ناوەوەی خۆیەتی، بگرە هەر خۆیەتی، بەو مانایەی ڕۆماننووس بەو ئەندازەیەی نووسەرە، خوێنەریشە. لای ئەو ڕۆماننووسە خوێندنەوە و نووسین یەک پرۆسێسن و جودا ناکرێنەوە. هەر خوێندنەوەیەکی نوێ ئاستێکی دیکەی نووسین بەرهەم دەهێنێت و هەر ئاستێکی نوێی نووسینیش ئەوە بەسەر ڕۆماننووسدا دەسەپێنێت، سنووری تێگەیشتنی فرەوانتر بکات. ئەمە تەنیا لە ڕێگەی ئەو بوارانەوە دەکرێت، کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا. لێرەدا مەبەست دایەڵۆگە لەگەڵ فیکری ئەوانەی تردا، نەوەک گواستنەوەیان، کە هەر پرۆسێسی نووسینی ڕۆمان خۆی دایەڵۆگییە.

ڕۆماننووسی داهێنەر خوێنەرێکی چالاکی سەرجەم بوارەکانە و خاوەنی هەستێکی دایەڵۆگییانەیشە.

پێویستە بڵێین سنووری کۆنکرێتبەند لەنێوان ئەو دوو جۆرەدا نییە، بۆیە لێرەدا پێویستە دوو خاڵ لە بەر چاو بگرین: یەکەم، لەنێوان هەردوو جۆرەکەدا چەند ئاستی جیاواز هەن. دووەم، دەشێ ڕۆماننووس سەرەتا لە ئاستی جەماوەر بنووسێت و دواتر ئەزموون پەیدا بکات، تا دەبێتە خاوەنی دەنگی خۆی و کەناڵێکی جیاواز. ئەوەی لێرەدا گرنگە، خوێندنەوەیە، کە خوێندنەوە تەنیا تیپ، یاخود وشە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ڕوانینێکی جیاواز چ بۆ خود و چ بۆ دەرەوە، خوێندنەوەیە، بەڵام وشە هێزێکی گەورە و کاریگەری لە دروستکردنی دایەڵۆگدا هەیە، کە ئەو دایەڵۆگە جارێک لەنێوان خود و خوددایە و جارێک لەنێوان خود و بابەتدا. سروشتی دایەڵۆگ وایە هەستی تینووێتیی زانین دەورووژێنێت، کە هەر ئەو تینووێتییەیشە درێژە بەو پرۆسێسە دەدات و ناهێڵێت لە خاڵێکدا بوەستێت، بۆیە ڕۆماننووسی داهێنەر خوێنەرێکی چالاکی سەرجەم بوارەکانە و خاوەنی هەستێکی دایەڵۆگییانەیشە.

ڕێگەکانی ژهر، ڕۆمانی کاروان عومەر کاکەسوور

ڕۆمانی ئەمڕۆ بە پلەی یەکەم بایەخ بە خود دەدات و کەمتر بە لای دەرەوەدا دەچێت. واتە بواری ئۆنتۆلۆجی، نەوەک بواری ئەپستیمۆلۆجی دەکاتە شوێنی بایەخ، کە یەکەمیان بواری مێتافیزیکایە و تێیدا (بوون) دەبێتە پرسیار. ڕیشەی بۆ فەلسەفەی یۆنانی دەگەڕێتەوە، بەڵام بە درێژاییی مێژووی فەلسەفە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تا لای (هۆسێرڵ)، (هایدیگەر)، (دێریدا) و ئەوانەی تر مانای دیکەی بە خۆیەوە گرتووە، لە کاتێکدا بواری دووەمیان ئاڕاستەیە بۆ پرسیاری زانین (مەعریفە)، کە بریتییە لە زانین چییە؟ چۆن بە دەستی دەهێنین؟ سەرچاوەکانی چین؟ و هیی دیکەی لەم بابەتە. ڕۆمان لەو ڕێگەیەوە دنیای تایبەتی خۆی لەناو دنیای گشتیدا پێک دەهێنێت. ئەو دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەی ڕۆماننووس ڕێی نادەن بە چارەسەری دەرەوە ڕازی ببێت، بەڵکوو لە دنیای خۆیدا بە دوای مانای جیاوازی شتەکاندا دەگەڕێت. دڵەڕاوکێ و نیگەرانی وا دەکەن خودی ڕۆماننووس لەسەر یەک مانا و یەک چارەسەردا نەوەستێت، بەڵکوو لەم ماناوە بۆ ئەو مانا، لەو چارەسەرەوە بۆ ئەو چارەسەر باز هەڵبدات، کە ئەو ناجێگیری (Instability)یە ئاسمان (Space)ی ڕۆمان فرەوانتر دەکات، بەوەی دنیای ناوەوە لاساییکردنەوەی دنیای دەرەوە نییە وەک ئەوەی (ئەریستۆ) بانگەشەی بۆ کردووە، بەڵکوو دروستکردنی فۆرمێکی دیکەیە، وەک ڕەخنەدۆزی کەنەدی (لیندا هۆتچیۆن) لە هەردوو کتێبی (شیعریەتی پۆستمۆدێرنیزم: A Poetics of Postmodernism) و (سیاسەتی پۆستمۆدێرنیزم: The Politics of Postmodernism)دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە پۆستمۆدێرنیزم ڕووبەڕووی ئەو حەقیقەتانە دەبێتەوە، کە ئایدیۆلۆجیا چوارچێوەی بۆ کێشاون، بۆیە گریمانەکانی وێناندن (Representation) دەداتە دواوە، کە لێرەدا و بەپێی ئەو ڕوانینە ڕۆمان لاساییی دنیای دەرەوە ناکاتەوە، ئەو دنیایەی وەک حەقیقەت خۆی ناساندووە، چونکە لە لایەک وێناندن واقیعێکی شێواو دەگوازێتەوە و لە لایەکی دیکەیش لە پشت هەر وێناندنێکی واقیعی دەرەوەدا دەستەڵات ئامادەیە، بۆیە ناکرێت شتەکانی دەرەوە و نیشانەکانی ناوەوە هاوواتا و یەکسان بن، بەڵکوو پێویستە ئەو پێوەندییە تێک بشکێنرێت، تا مانای نوێ و جیاواز بەرهەم بێن، بۆیە زمانەکەی پشت بە مێتافۆر دەبەستێت و بە سروشتی خۆی لەوە دەردەچێت ڕاستەوخۆ خۆی دەرببڕێت، پێچەوانەی ڕۆمانی باو، کە پێشتر چارەسەری ئامادە کردووە، بەوەی خاڵی کۆتاییی هەیە و لەوێوە پەیام دەگەیەنێت. خۆیشی پێشتر پەیامەکەی پێ گەیشتووە و ئێستا ئەرکی گەیاندنی لە ئەستۆ دەگرێت، کە لەو ڕێگەیەوە زیاتر ڕەوایەتیی بە حەقیقەت دەدات، بەوەی پەیامەکە هەڕەمییە و بەردەوام لە سەرەوە بۆ خوارەوە دادەبەزێت، کە بێگومان پەیامی دەستەڵاتە بە سەرجەم فۆرمەکانیەوە. (هۆتچیۆن) جەخت لەسەر چەمکی (Historiographic Metafiction) دەکاتەوە، کە بە مانای (ئەودیوگێڕانەوەی مێژوو) دێت، بریتییە لە چاوگێڕانەوە بە ڕابردوو و بینینی بە شێوەی جیاواز، بەوەی ناکرێت وا لە ڕووداوەکان بڕوانین، حەقیقەتن، بەڵکوو دەبێت بزانین ڕەوتی مێژوو لە سروشتی خۆی دادەماڵرێت و دیوێکی تری پێشان دەدرێت. بەم شێوەیە ڕۆماننووسی فرەدەنگ ئەو حەقیەتانە تێک دەشکێنێت و حەقیقەتی شیعریی خۆی دادەمەزرێنێت.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنیزم سڕینەوەی سنووری نێوان خەیاڵ و واقیعە، کە لێرەدا ڕەخنەدۆزانی وەک (ژان بۆدریار)، (مێشێل فۆکۆ)، (لیندا هۆتچیۆن) و هیی دیکە چەمکی (ئەودیوی گێڕانەوە)، یان (مێتاگێڕانەوە: Métafiction)یان داهێناوە،

هەر بە گشتی ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرنیزم پێ لەسەر هۆشیاریی خودیی ڕۆماننووس دادەگرن، نەوەک ئەو هۆشیارییەی لە واقیعدا هەیە، بەوەی ئەو هۆشیارییەی واقیع هیی ئاڕاستەیەکی دیاریکراوە، نەوەک هیی سەرجەم واقیع، بەڵام هۆشیاریی خود شتێکی دیکەی جیاوازە، بێ ئەوەی تەواو لێی دابڕاو بێت، بەڵکوو تەنیا فرەوانتر و بەرزترە، کە وەک (هایدیگەر) لە کتێبی (سەرچاوەکانی کاری هونەری)دا پێی لەسەر دادەگرێت، شتەکان لە هونەردا زیاتر لە هیی واقیع ڕاستین، بەوەی هونەر حەقیقەتی شت دروست دەکات و شتبوون (Thinghood)ی شت دەردەخات. یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنیزم سڕینەوەی سنووری نێوان خەیاڵ و واقیعە، کە لێرەدا ڕەخنەدۆزانی وەک (ژان بۆدریار: Jean Baudrillard)، (مێشێل فۆکۆ)، (لیندا هۆتچیۆن) و هیی دیکە چەمکی (ئەودیوی گێڕانەوە)، یان (مێتاگێڕانەوە: Métafiction)یان داهێناوە، بەوەی خەیاڵ سنووری نییە و دەکرێت هەر لەوێدا ئاستی دیکە، یان چین (Layer)ی دیکە دەربکەون. بە مانایەکی تر، تێکشکاندنی دواڵیزمی واقیع/خەیاڵ، کە خەیاڵ دژی واقیع نییە، بەڵکوو ڕووبەرێکی تری جیاوازە و لەناو ئەو ڕووبەرەدا کارەکتەرەکان ئازادن لە گێڕانەوە و چۆنیەتیی گێڕانەوەی چیرۆکی خۆیان، کە ماناکان لە ڕەها (Certainty)وە بۆ ناڕەها (Uncertainty) دەگۆڕێن، ئاڕاستەکان دێنە کایەوە و دەنگەکان دەکرێنەوە. مێتاگێڕانەوە دەستی ڕۆماننووس ئاوەڵا دەکات ناوەناوە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، تەکنیکی جۆراوجۆر بە کار بهێنێت، کارەکتەر و ڕووداوە مێژوویییەکان بهێنێتە ئاستی ئەمڕۆ و تێکەڵی دنیای نوێیان بکات. کاتێ ڕۆماننووس پابەندی ئەو قاڵب و کڵێشانەی دەرەوە نییە، زیاتر پشت بە دنیای ناوەوەی خۆی دەبەستێت و پتر نهێنییەکانی ئاشکرا دەکات، کە هاوکات ئەو ئازادییە بۆ خوێنەریش دەپەڕێتەوە، بۆیە هەم ئازادانە دەیخوێنێتەوە و هەم بواری ئەوەیشی بۆ دەڕەخسێت بچێتە ناو کونوکەلەبەری تێکستەکەوە. هەروەها (کۆلاج) تەکنیكێکی دیکەی ئەم شێوازی فرەدەنگییەیە، کە بریتییە لە لکاندنی کۆمەڵێک وێنەی جۆراوجۆر پێکەوە. یەکێکی دیکە لەو خەسڵەتانەی ڕۆمانی نوێ، یان ڕۆمانی پۆلیفۆنییان پێ دەناسرێنەوە، دەقئاوێزان، یاخود تێکستواڵیتیە، کە چەمکەکە لای (باختین) دەردەکەوێت و لای (جۆلیا کریستیڤا) پتر بایەخی پێ دەدرێت، بگرە ڕەخنەدۆزانی وەک (بارت)، (جیرار جینێت)، (تۆدۆرۆڤ)، (ڕیفاتێر) و زۆری دیکە خۆیانی پێوە خەریک دەکەن. چەمکێکی دایەڵۆگییە و ئەو دایەڵۆگەیش هیی نێوان چەمکەکانە. هەر کارەکتەرێک خاوەنی دەنگی خۆیەتی، کە جیاوازە لە دەنگی ڕۆماننووس. بوونی دەنگی جیاواز واتە بوونی هۆشیاریی جیاواز، کە (باختین) پێی وایە لە ڕۆمانەکانی (دۆستۆیەڤسکی)دا هۆشیاریی جۆراوجۆر هەن. لەو شێوازەی ڕۆماندا دەستەڵاتی گێڕەوەری هەمووشتزان تێک دەشکێنرێت، کە دەنگی کارەکتەرەکانی سەرکوت کردووە، تا ئازادیی دەربڕین و جووڵەیان هەبێت. بایەخی (باختین) بۆ فرەدەنگی بایەخە بە خودی زمان، کە پێی وایە زمان ئەو ڕوانگەیەیە، لێیەوە دەڕوانینە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە و هەر ئەویشە دەتوانێت ململانێی کۆمەڵایەتی دەرببڕێت. لێرەدا چه‌مکی شوێنکات (کۆرۆنۆتوپ Coronotup ) به‌کار ده‌هێنێت، که‌ له‌ناویدا شته‌کان له‌سه‌ر ئاستی ڕه‌گه‌ز، جۆر، شێوه‌، قه‌باره و زۆری دیکه‌‌دا پێکه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌. واته‌ ئایدیۆلۆجیاکان، نیشانه‌کان، شێوازه‌کانی ژیان و زۆری دیکه‌ لە ئاسمانی تێکستدا دەردەکەون. (باختین) پێی وایه‌ فره‌ده‌نگی له‌ناو تێکستی گێڕانه‌وه‌دا وه‌کو بوونی کۆمه‌ڵێک ئاوێنه‌ وایه‌، که‌ له‌ به‌رانبه‌ر یه‌کتر دانرابن، به‌وه‌ی‌ هه‌ر یه‌که‌یان لایه‌کی بچووکی ئه‌م دنیایه‌ ده‌رده‌خات. ئەمە بە چه‌مکی کەرنەڤاڵ (Carnival)ـەوە پێوەست دەکات، به‌وه‌ی ڕۆمان ڕووبه‌رێکه‌ بۆ دایەڵۆگی جۆراوجۆر، که‌ سه‌رچاوه‌کانیان جیاوازن له‌ یه‌کتره‌وه، چونکه‌ کەرنەڤاڵ‌ هه‌ڵگری به‌های دوولایه‌نه‌یه‌ و له‌ ڕووسیای سه‌رده‌می تزاردا جۆرێک بووه‌ له‌ پڕۆتێستی خه‌ڵک به‌رانبه‌ر ده‌ستەڵات. له‌ کەرنەڤاڵدا گوتاری دەستەڵات له‌ ڕێگەی گێڕانه‌وه‌وه‌ به‌ر واقیع ده‌که‌وێت و بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌کی دیکه‌ دابه‌ش ده‌بێت.‌ له‌ کەرنەڤاڵدا پله‌وپایه‌ی کۆمەڵایه‌تی تێکده‌شکێت و هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌رده‌که‌ون، که له‌لایه‌ن‌ تاکه‌ده‌نگه‌وه‌ سه‌رکوت کرابوون. ئینجا دایەڵۆگ هه‌موویان پێکه‌وه‌ گرێ ده‌داته‌وه‌. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ هه‌ر ده‌نگێک چ وه‌کوو بۆچوون و چ وه‌کوو زمان سه‌ربه‌خۆییی خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌ ژێرده‌سته‌یی ڕزگاری ده‌بێت.وەک (کریستیڤا) پێی وایە لە ئاسمانی هەر تێکستێکدا دەنگی جۆراوجۆر هەن، کە لە تێکستی تر بڕاون، بەو مانایەی تێکستەکان کار لە یەک دەکەن و پێوەندییان پێکەوە هەیە، بگرە هەندێکیان هاوئاستی یەکن، بەوەی خەسڵەتی بونیاد و ئەرکی مانا (The Function of Connotation)یان لە یەکەوە نزیکن. چەمکی لەتلەتی، یان فراگمێنتەیشن (Fragmentation)یش هەر دەچێتە ناو بازنەی فرەدەنگییەوە، کە ڕۆماننووس هەر جارێ پارچەیەکی وێنەکان دەردەخات، بەو مانایەی هیچ وێنەیەک لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا جێگیر نییە، بەڵکوو لە کات و شوێنی تردا درێژبوونەوەیان هەیە، بەڵام هەموویان لە بونیادی ڕۆماندا ڕێک دەخرێنەوە، بەو مانایەی پێوەندیی هاوبەشیان پێکەوە هەیە. وێنەکان بە هۆی پارچەپارچەبوونیانەوە مانای تر لە خۆیان دەگرن، بەوەی پێوەندیی بە کۆمەڵێک وێنەی ترەوە دەکەن. لێرەدا چەمکی فرەڕەگی (Hybridization) سەر هەڵدەدات، کە بەوەدا ئەو وێنانە بەر یەک دەکەون و کار لە یەک دەکەن، بەردەوام ناسنامەی خۆیان دادەڕێژنەوە. بە مانایەکی دیکە، فرەڕەگیپێکدادانی دەنگی کەلتوورەکانە لە شێوەی دایەڵۆگدا. واتە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک نیشانەی وەک جلوبەرگ، زمانی ئاخاوتن، خانووبەرە، خواردەمەنی و هیی دیکە لە بونیادی تێکستی ڕۆماندا.

ڕۆمانی فرەدەنگ دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو زمانە مێتافۆری و تەکنیکانەوە باز بەسەر حەقیقەتی ئێستادا هەڵبدات و دەیان حەقیقەتی دیکە بدۆزێتەوە، بێ ئەوەی دەست بە هیچیانەوە بگرێت، یان حەقیقەتی یەکێکیان بەسەر هیی ئەوەی تریاندا زاڵ بکات. لەو ڕێگەیەوە پرۆسێسی دایەڵۆگ بەردەوامی وەردەگرێت و ناگاتە خاڵی کۆتایی، کە پێویستە هەمیشە بەردەمی دایەڵۆگ کراوە بێت، تا ئەوەی بە دەستی دەهێنێت، بیخاتە ئاسمانی تێکستەوە. بە مانایەکی دیکە، کاتێ پرۆسێسی دایەڵۆگ بۆ نەزانراو ئاڕاستەیە و مەبەستی دیاریکراو و پێشوەختەی نییە، بیرۆکەی نوێ و وێنەی نوێ لە دایک دەبن. هەر لێرەدا یاسای (کات، شوێن، ڕووداو) تێک دەشكێت. واتە لە ڕاستەهێڵی کات (linear time)ـەوە بۆ ناڕاستەهێڵی کات (Non-linear time) دەگۆڕێت، کە ڕووداوەکان بە شێوەی کاتی دەرەکی، یان کاتی ماتماتیکی ناچنە پێشەوە، بەڵکوو بە شێوەی ئۆتۆماتیکی و لەخۆڕایی (Indiscriminate) بە هەموو لایەکدا دەجووڵێن. ئەمە گواستنەوەیە لە یادەوەرییەوە بۆ (دژەیادەوەری: Counter – Memory)، کە ئەمەیان بە دەربڕینی (فۆکۆ) هیی ئەو چین و توێژانەیە، پەراوێز خراون و سەر بە دەستەی حوکـمڕان نین. ئەوەی ئەوانە دەیگێڕنەوە، جیاوازە لە گێڕانەوەی فۆرماڵ. ڕۆمانی فرەدەنگ دەنگی ئەوانە دەکاتەوە، کە لەو ڕێگەیەوە سیمای جیاواز بە ئاسمانی تێکست دەدات، بەوەی نیشانەکانی ئەوانە، کە بە هۆی سێنترالیزمەوە شاردراونەتەوە، لێرەدا دەردەکەونەوە و جۆرێک جوانکاری دەبەخشن.

کاتێکیش کارەکتەر بۆ هیی سەرەکی و هیی لاوەکی دابەش نابێت، ئەوە ڕۆماننووس بایەخی گەورە بە هەر کارەکتەرێک دەدات،

 لەم پەنجا شەست ساڵەی ڕابردوودا ڕەخنەدۆزان هەوڵیان داوە سنووری نێوان ژانر و بوارەکان بسڕنەوە، کە ئەمە وای کردووە ئەو وێنانەی ڕۆماننووس دەیانگەیەنێت، لە کۆمەڵێک شتی جیاواز پێک بێن. بە مانایەکی دیکە، کاتێ بەردەمی پرۆسێسی دایەڵۆگ کراوەیە، ئەوە ئازادانە پەل بۆ ناو سەرجەم بوارەکان دەهاوێت و دەتوانێت وێنەکان لە ڕەگەزی جۆراوجۆر دروست بکات. کاتێکیش کارەکتەر بۆ هیی سەرەکی و هیی لاوەکی دابەش نابێت، ئەوە ڕۆماننووس بایەخی گەورە بە هەر کارەکتەرێک دەدات، کە پڕۆسێسی لەخۆڕایییانە (Indiscriminately)ی گێڕانەوە پێویستی کردووە بێنە ئاسمانی تێکستەوە. هەتا ئەگەر ئەو کارەکتەرە تەنیا یەک جاریش دەربکەوێت، مافی کەمتر نییە لەو کارەکتەرەی دەیان جار دەرکەوتووە، چونکە ئەو بایەخە وا دەکات سێنترالیتیی کارەکتەری سەرەکی دروست نەبێت و مانای ئەوانەی تر نەشارێتەوە. هەر لێرەدا بایەخدان بە مەل و ئاژەڵ دەبێتە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرنیزم، کە ئەمە پاڵ بە ڕۆماننووسەوە دەنێت بچێتە ناو دنیای سروشت و زانیارییەکانی فرەوان بکات، کە ئەوانە لە ئاسمانی ڕۆماندا دەردەکەون و فرەڕەنگی پێک دەهێنن.

blank
منارەی ئاوەدانی، کۆمەڵەچیرۆکێکی کاروان عومەر کاکەسووە

ڕۆمانی فرەدەنگ، فرەمانا و فرەئاڕاستە بە سروشتی خۆی دەبێتە ئەو ئاسمانەی بواری جیاواز لە خۆی دەگرێت، بگرە لەوێدا هەموویان تێکەڵی یەکتر دەبن، بۆیە خوێندنەوەی ڕۆماننووس لە بوارێکدا قەتیس نابێت، بەڵکوو سەرجەم بوارەکان دەگرێتەوە، کە ئەو هەستی تینووێتییەی پاڵی پێوە دەنێت پتر بخوێنێتەوە و بەردەوام دیدگەی فرەوان بکات. کەواتە هەتا نووسەر زیاتر لە هەوڵی قووڵکردنەوە و ڕەنگاوڕەنگکردنی وێنەکانی بێت، پتر خوێندنەوە خۆی دەسپێنێت و زیاتریش دەچێتە ناو بوارە جۆراوجۆرەکانەوە، بەوەی هەر لەو پرۆسێسەدا سنووری کۆنکرێتبەندیی نێوان ژانر و بوارەکان تێک دەشکێت. (دولووز) و (گاتەری) لە کتێبی (فەلسەفە چییە؟)دا دەنووسن: چەمکەکان لەسەر هەمان ئاستدا پێوەندییان پێکەوە هەیە. لێرەدا چەمکەکان بە یەک دەگەن، کۆمەکی یەکتر دەکەن، سیمای یەکتر ڕێک دەخەن، دەچنەوە سەر هەمان فەلسەفە (belong to the same philosophy)، هەتا ئەگەر مێژوویشیان جیاواز بێت. واتە بەپێی تێگەیشتنی ئەوان دەشێ چەمکێکی فەلسەفی و یەکێکی سایکۆلۆجی، یان چەمکێکی ئەدەبی و یەکێکی سۆسیۆلۆجی بە شێوەیەک لە شێوەکان بە یەک بگەنەوە، با لە کاتی جیاوازیشدا دەرکەوتبێتن، کە بۆ تێگەیشتنیان پێویستمان بەوە دەبێت لە هەموو کایەکاندا بۆیان بگەڕێین و لێیان بکۆڵینەوە. وەک گوترا خوێندنەوە لە بواری جۆراوجۆردا وێنەی ڕەنگاوڕەنگ بەرهەم دەهێنێت، کە جیاوازە لەو وێنەیەی ڕۆماننووس تەنیا لە یەک سەرچاوەوە وەریدەگرێت. ئەو وێنەیەی لە یەک سەرچاوەوە وەردەگیرێت، وێنەیەکی ناسراوە و لە کۆخەیاڵ (Collective Imagination)ی جەماوەردا بە زەقی ئامادەیە. بووەتە حەقیقەتی چەسپاو و ئەرکی ڕۆماننووسی باو تەنیا تۆخکردنەوەیەتی. ڕۆماننووسی داهێنەر ئەو وێنەیە تێک دەشکێنێت، چونکە وێنەیەکە، دەستەڵات پاڵپشتیەتی و بێژمار وێنەی تری شاردوونەتەوە.ئەمە خاڵی جودابوونەوەی ڕۆماننووسی داهێنەرە لە ڕۆماننووسی باودا، کە هەر لێرەیشەوەیە دەبێتە خاوەنی ئەزموون و دەتوانێت بە شێوەی جیاواز باس لەو ئەزموونەی بکات، پێچەوانەی ڕۆماننووسی باو، کە تەنیا لە ئاستی میللیدا هەندێک گوتەی سادەیئامادەکراو دەڵێتەوە.ئەزموونەکەی هاوشانی ئەزموونی جەماوەرە. خوێندنەوەی ڕۆماننووسی باو ئاسۆییە، بەو مانایەی ئەو شتانە دەخوێنێتەوە، کە هاوئاستین، لە کاتێکدا هیی ڕۆماننووسی ئەزموونگەر شاقووڵی، بگرە فرەئاڕاستەیە. تێکست ئەو ڕووبەرەیە، کە چالاکیی خوێندنەوە و نووسینی بە جارێ تێدا دەردەکەوێت. لە گوتار و گفتوگۆکاندا ڕۆماننووسی باو ڕوونتر دەردەکەوێت، کە بە هەمان زمانی جەماوەر وەسفی ئەو چەمکانە دەکات، ڕەخنەدۆزان بەشێکی تەمەنیان بۆ لێکدانەوەیان تەرخان کردووە.

دیسان بۆ ئەو خاڵە دەگەڕێمەوە، کە تێیدا گوترا پرۆسێسی خوێندنەوە و نووسین هاوکاتن و لە یەک جودا ناکرێنەوە، بۆیە خوێندنەوەیش وەک نووسین لای ڕۆماننووسی فرەدەنگ مەبەستدار نییە، بەڵکوو دایەڵۆگییە و بەردەمی کراوەیە، بۆیە هەموو ئەو قاڵب و کڵێشانەی هەندێک ڕەخنەگری میلـلی دایاندەنێن، کە نووسەر چۆن بنووسێت و خوێنەر چۆن بخوێنێتەوە، لە بەردەم ئەو پرۆسێسەدا خۆیان ناگرن و تیۆرییەکانی ڕەخنەی وەڵامدانەوەی خوێنەر(Reader-response criticism) لەم پەنجا شەست ساڵەی رابردوودا شەڕیان لە دژی ئەو تێگەیشتنە ڕووکەشەدا کردووە. هەر بە گشتی فەلسەفە لە (نیتشە)وە تا (دولووز) و دواتر لە دژی ئەو قاڵب و کڵێشانە وەستاوەتەوە، کە مەبەستیانە ڕێ لە (ئارەزوو: Desire) بگرن.پرۆسێسی خوێندنەوە هەم لای نووسەر و هەم لای خوێنەر ئازادانەیە، مەبەستدار نییە وبە هەموو ئاڕاستەیەکدا دەجووڵێت، تا بەو مانایانە نەگاتەوە، کە ناسراون و پێشتر هەبوون، بەڵکوو لەو گەڕانەدا مانای نوێ و چاوەڕواننەکراو دەردەکەون، بێ ئەوەی وا لێیان بڕوانرێت کۆتاییین و چوارچێوەیان هەیە. ئەو چەمکانە لە ناوەوە پاڵ بە ڕۆماننووسەوە دەنێن لە بواری جۆراوجۆردا بۆیان بگەڕێت، کە ئەمە لە شێوازی گێڕانەوەیشدا دەردەکەوێت، بەوەی دەتوانێت زانیارییەکانی ڕەنگاوڕەنگ بکات و بۆ هەر دەنگێک سەربەخۆیی بێنێتە دی. لە ڕۆمانی باودا یەک دەنگ زاڵە، کە دەنگی نووسەرە. نووسەری ڕۆمانی باو وەک ئەوە وایە لە پشت مایکرۆفۆنەوە دانیشتبێت و بە ناوی کارەکتەرەکانیەوە بدوێت، دروستتر وەسفیان بکات.

ئایا هەموو ڕۆماننووسێک پێویستی بە خوێندنەوەی بواری جۆراوجۆرە؟ ئایا ئەوانەی لە بواری جۆراوجۆدا دەخوێننەوە، وەک ئەوانەی تر دەنووسن؟ چ جۆرە ڕۆمانێک پاڵ بە ڕۆماننووسەوە دەنێت لە بواری جۆراوجۆدا بخوێنێتەوە؟

* ئەگەر مەبەستتە زیاتر لەبارەی ئەم چەمکانەوە بخوێنیتەوە، دەکرێت بۆ ئەم بەرهەمانەم بگەڕێیتەوە:

_ گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام.

_ منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە.

_ ئەردەڵان عەبدولڵا و من لە کازینۆی منداڵاندا.

_ لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە). بۆ تەوەرەی (ڕەخنە)ی (ژنەفتن) نووسراوە.

_ کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا. (گێڕانەوەی ئەزموونی خۆمە لەبارەی چەمکی کاتەوە، کە لەم نزیکانە گۆڤاری گێڕانەوە بڵاوی دەکاتەوە).

_ ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا.

_ پەیامی ڕۆمان و ڕۆمانی پەیام.