ددانپێدانانی ویتگێنشتاین
“هاتووم تا ئیعتراف بکەم”
ساڵی ١٩٣٧ بوو و لۆدویک ویتگێنشتاین تازە گەیشتبووە ماڵی “فانیا پاسکاڵ”، ماۆستا ڕووسییەکەی لە کامبرێج. ئەو هاتبوو تا ددان بە ڕۆڵی لە ڕووداوێکدا بنێت کە پتر لە دەیەیەک ویژدانی عەزاب دەدا.
زۆرینەمان دەزانین کە ددانپێدانان بوێری دەوێت، بە تایبەت کاتێ کە ددانپێدانان دەربڕی ڕەفتارێکی کەسەربار یان ڕەوشتێکی نابەدڵ بێت. ددانپێدانان ناچارمان دەکات لەگەڵ شتگەلێک ڕووبەڕوو بینەوە کە لە خۆمان و ئەوانی تر شاراوەن. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆفریودان هەروەها پێویستی بە گۆڕانی شەخسیش هەیە.
ویتگێنشتاین، کە بە بڕوای زۆرێک کە بە گەورەترین فەیلەسوفی سەدەی بیستەمی دەزانن، کەسێک بوو بە قوڵی ڕاستگۆ، کە بێدرێخی ڕەخنەی لە خۆی دەگرت، کەسێک کە زۆرترینی تەمەنی سەرقاڵی خۆگۆڕان بوو. بەم پێیە سەیر نییە کە ناوبراو ددانپێدانانی بە ڕێگەیەک و شێوازێک بۆ هەڵهاتن لە خۆفریودان دەزانی.
سەرەڕای هەموو ڕێزێک کە ویتگێنشتاین لە مێژووی هزردا بە دەستی هێنابوو، کەسایەتییەکەی تەمومژێکە لە ڕەمز و ڕاز. لەگەڵ ئەوەشدا چەند سەرەداوێکی بیۆگرافیانە لێرەدا ڕێخۆشکەرە. ئەو کە دەرچووی پەروەردەکاری بۆ قۆناغی سەرەتایی بوو، لە ساڵی ١٩١٩ یەکسەر لە سوپای ئوتریش-مەجارێستان چوو بۆ ئوتریش و لەساڵی ١٩٢٠ تا ١٩٢٦ لەوێ وانەی گوتەوە. ئەو کە لەو بڕوایەدا بوو هەموو مەسەلە فەلسەفییەکانی لە کتێبی بە ناوی نامەی لۆژیکی فەلسەفی(Tractatus Logico-philosophicus) (١٩٢١) لێکداوەتەوە، هەموو سەرنجی خستە سەر باشبوونی خۆی(خودسازی). ئەو بە ئیلهام لە دیدێکی ڕۆمانتیکی خۆفێرکردن، کە تۆلستۆی لەنێو کار و ژیانی لەنێوان جوتیاران پێی گەیشتبوو، دەستی بە وانەبێژی لە ناوچە گوندییه هەژارەکان کرد.
ویتگێنشتاین لە دۆخ و هەلومەرجی جیاوازدا لەساڵی ١٩٣٠ بۆ هاوڕێیان و ئەندامانی بنەماڵەکەی ئیعترافی کرد، ددانپێدانانێک کە هەندێ جار بە نووسراو و هەندێ جار ڕووبەڕوو بوون. بەر لەوەی ئەو ڕۆژەی ساڵی ١٩٣٧ بڕواتە سەردانی “پاسکاڵ”، پێوەندی پێوە کرد و وتی دەبێ بەپەلە بیبینێ. ویتگێنشتاین بە ئاماژەدان بە ددانپێدانانی ژان ژاک ڕۆسۆ لەبارەی دزین، ئیعترافی کرد کە لە ماوەی مانەوەی لە ئۆتێرتال، دوایین لادێیەک کە تیایدا وانەی وتەوە، بەهۆی بەدڕەفتاری کچۆڵەیەکی تەمێ کردووە. کاتێ کە بەڕێوەبەری خوێندنگەکە -بە ئامادەبوونی کچۆڵەکە- لە ئەمی پرسیوەتەوە، ویتگێنشتاین ئینکاری کردووە.
ئەمە ئەو شتەیە کە پاسکاڵ دەیڵێ، بەڵام “ڕای مۆنک”، نووسەری کتێبی جێی باسی (ویتگێنشتاین: ئەرکی لێهاتوو- Wittgenstein: The duty of genius، گومانێکی جیدی لە گێڕانەوەکەی پاسکال هەیە. ئەو سەرنجی خوێنەران بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتی باسکراو، بەڵام جیاواز، لە زمانی “ڕۆڵاند هوت” یەکێ لە هاوڕێیانی ویتگێنشتاین ڕادەکێشێ، گێڕانەوەیەک کە ئەو پێیوایە باوەڕپێکراوترە.
هوت لە بیریەتی کە ویتگێنشتاین بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی لە دادگاییەکەی (ڕووداوی هیدبایر Haidbauer incident) شایەتی درۆی دا. لە ساڵی ١٩٢٦ کوڕێکی یانزە ساڵە بە ناوی “یوزف هیدبایر” پاش ئەوەی کە ویتگێنشتاین لێی دا، بوورایەوە و لە هۆش چوو. ویتگێنشتاین کۆتایی بە دەرسەکە هێنا، کوڕەکەی بردە ژووری بەڕێوەبەری خوێندگەکە تا پزیشک پشکنینی بۆ بکات و، پاشان هەڵهات. ئەوەی کە ئایا ئەو چاوەڕێی پزیشکی کرد یان یەکسەر ڕایکرد جێی مشتومڕە. ویتگێنشتاین بێتاوان دەرچوو، هاوکارەکانی بەرگرییان لێکرد و تەنانەت داواشیان لێکرد کە لە وانەبێژی بەردەوام بێت. بەڵام ئەم ڕووداوە بووە پنتی کۆتایی پیشەیی مامۆستایەتی. وەک بڵێی هەستی نەدەکرد ئیتر بتوانێ بگەڕێتەوە. جیا لەوەیکە ویتگێنشتاین ددانی بە کام یەک لەم گێڕانەوانەدا ناوە، وا دێتە بەرچاو ئەوەی کە پتر ویژدانی ئەزیەت داوە توندوتیژییەکەی نەبووە، بەڵکو ناڕاستگۆییەکەی بوو.
ویتگێنشتاین کاتی قووڵبوونەوە لە ددانپێدانانەکەیدا لە ساڵی ١٩٣٧ نووسی:
“ساڵی ڕابردوو… خۆم کۆکردەوە و ئیعترافێکم کرد. ئەم کارە منی گەیاندە ئاوە زوڵاڵترینەکان… بەڵام ئێستاکانێ… من مەودایەکم لەگەڵ ئەو جێیەی کە پێشتر بووم، نییە. لە ڕادەبەدەر ترسنۆکم. ئەگەر نەتوانم ئەمە چارەسەر بکەم، دەبێ دیسان خۆم سەرتاپا لەو ئاوانە نوقم بکەم”.
لە یەکێ لە کتێبەکانی یادەوەری شەخسی ویتگێنشتاین، کە یادەوری پاسکاڵ و کەسە نزیکەکانی تریەتی، “ڕاش ڕێز” یەکێ لە خاوەندارەکانی میراتە فیکرییەکانی ویتگێنشتاین، دەربڕینی “لەڕادەبەدەر ترسنۆک” وەها ڕاڤە دەکات: ئەم دەربڕینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەختیانەیە کە ویتگێنشتاین لە دیاریکردنی خۆفریودانەکانی خۆی بینیویەتی. خۆفریودانێک(self-deception) کە سەرچاوەکەی لە “سستی ئیرادە”ی بووە و “تەنیا بە یاریدەی بوێری چارە دەکرا”. شەهامەت و بوێری پێویست، کۆمەک دەکات تا ددانپێدانانەکانی ویتگێنشتاین بە کەڵک وەرگرتن لە خوازەی مۆنک(Monk)، وەک نەشتەرگەری خۆی بۆ زاڵ بوون بەسەر ترسدا ببینین. ویتگێنشتاین ناڕاستگۆیی لەگەڵ ئەوانیتردا بە ناڕاستگۆیی لەگەڵ خۆی دادەنا.
“ڕێز” هەروەها لەو بیرەوەریانەدا بە بیری دێتەوە کە ویتگێنشتاین، بە شێوەیەکی ئاسایی لەو ڕەخنە لە خۆگرتنانە توندانەدا، نیگەران بوو نەوەک جۆرێک “دێوەزمە” بێت. ئەم ڕەخنەیە زایەڵەی باسێکی ئەفلاتون لەبارەی ڕەسەنایەتی فەیلەسوف لە فایدۆرسە. سوکرات دەڵێ لە پەیڕەوی لە فەرمانێک کە لەسەر دیواری پەرستگای دێلفی لەسەر بنەمای ناسینی خود نووسراوە، بە هەڵەداچوو. ئەو ددانی پێدادەنێ: “بێهودەیە، کاتێک کە سەبارەت بە سرووشتی خۆم نەزانم، خەریکی مەسەلەکانی دیکەی بوونەوەرەکانی تر بم”. بەم شێوەیە سوکرات جەخت دەکاتەوە سەر کۆڵینەوە “نەک لەسەر ئەم شتانە، بەڵکو لە خۆم، تا بزانم من دێوەزمەم یان نا”. ڕووبەڕووبوونەوی ویتگێنشتاین لەگەڵ ناڕاستگۆیی خۆی، ڕێک وەک پەیدۆزی دێلفی بۆ خودناسی، پەیدۆزییەک بوو بۆ ڕەسەنایەتی.
“دژواری فەلسەفە “پتر لەوەیکە پێوەندی بە بیرەوە هەبێت، پێوەندیدارە بە ئیرادەوەیە”
فەلسەفە لای ویتگێنشتاین وەک سوکرات، هێندەی کە هەوڵێکی فیکری وو، مەشقێکیش بوو بۆ ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆی. ویتگێنشتاین لە دەربڕینێکیدا لەنێۆ ئەو یاداشتانەی کە پاش مەرگی بە ناونیشانی کولتوور و بەها چاپ(culture and value) بوو، دەڵێت “دژواری فەلسەفە “پتر لەوەیکە پێوەندی بە بیرەوە هەبێت، پێوەندیدارە بە ئیرادەوەیە”. لەبارەی ددانپێدانیش وەها شتێک ڕاستە.
ویتگێنشتاین بێبەش نەبوو لە ڕوانگەیەک بۆ دیاریکردن و ناسینی کەمایەسییەکانی خۆی. بەڵکو هەروەک ڕێز دەڵێ، بۆی دژوار بوو قبوڵ بکات “وەک کەسێکی ناڕەسەن هەڵسوکەوتی کردووە… لەبەر ئەوەی پێیوابوو کە ئیرادەی نەبووە.” ویتگێنشتاین بۆ هەڵهاتن لە خۆفریودان پێویست بوو “کارێک بکات کە پێویستی بە بوێرییە”، یانی ددانپێدانان.
قبوڵکردنی تاوان و داوای بەخشین، کەڵکەڵەی ویتگێنشتاین نەبوون، کەڵکەڵەکانی ئەو ڕزگاری لە خۆفریودان و گۆڕینی خۆی بوو. ددانپێدانان وەها ڕۆڵێک دەگێڕێ، لەبەر ئەوەی پێویستی بە بوێری و ڕەنج کێشانە، یانی دیسیپلینکردنی خود(self-discipline). ویتگێنشتاین چاوەڕوانی زۆری لە خۆی هەبوو: پاسکال کاتی ددانپێدانان لێی پرسی: “ئەمانە یانی چی؟ یانی دەتەوێ بگەیتە کەماڵ؟” ئەویش مەغرورانە وەڵامی دایەوە: “بە دڵنیاییەوە دەمەوێ بگەمە کەماڵ”.
“فەلسەفاندن بەر لە هەر شتێ، کارکردنە لەسەر خۆ”.
ویتگێنشتاین فەلسەفەشی هەر بەم شێوەیە بە پاقژکردنەوەی خود و نەفس دەزانی. ئەو لە ساڵی ١٩٣١ نووسی: “فەلسەفاندن بەر لە هەر شتێ، کارکردنە لەسەر خۆ”. ڕێز دەنووسێ ویتگێنشتاین لە زۆرێک لە نامەکان و یاداشتە شەخسییەکانیدا دەریخستووە کە دەیەوێ “بە سەرنجدان لە لاوازییەکانی لە دەست خۆفریودان ڕزگاری ببێ و بەم شێوەیه ژیانێکی نوێ بگرێتە بەر”. ئامانجی ئەوە بوو ببێتە مرۆڤێکی تر. ویتگێنشتاین لە ساڵی ١٩٣١ دەنووسێ: “دەبێ ددانپێدانان ببێتە بەشێک لە ژیانی نوێتان”.
باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە ددانپێدانانەکانی ویتگێنشتاین، لەبەرچاوگرتنیانە وەک شێوازێکی مانەوی و دەروونییە بۆ خودسازی. دوو بیرمەندێک کە ئەو بە قووڵی ستایشی دەکردن، ڕەنگە کاریگەریان لەسەر تێڕوانینیدا هەبووبێ، سەنت ئاگۆستین و تۆلستۆی کە هەر دووکیان لە ئۆتۆبیۆگرافییەکانیان وێنایەکی هاوشێوەیان لە ددانپێدانانەکانیان خستووەتەڕوو. ئامانجی ددانپێدانانەکانی سەنت ئاگۆستین و تۆلستۆی ڕێک وەک ویتگێنشتاین، پاقژکردنەوەی خود و نەفس بووە، یانی خودسازی(self-improvement) لە ڕێگەی پاقژبوونەوە و ڕەنجکێشانێک کە لە ددانپێدانان بەرهەم .
خواستی ویتگێنشتایان بۆ خودسازی بۆ ساڵانی بەر لە مامۆستایەتی ئەو دەگەڕێتەو. ڕێز باس لەوە دەکا کە ویتگێنشتیان بەدووی ئاسانکاری گۆڕانی کەسایەتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە چالاکیانێک بوو کە “شێوەی دیدی ئەو بۆ ژیان و بۆ خۆی بگۆڕن”، لەوانە نمایشی گشتی بوێری کە مومکینە ببێتە هوێ وروژانی خودسازی، بۆ نموونە “کەوتنە نێو ئەو دۆخ و هەلومەرجانەی کە هەردەم ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە”. ویتگێنشتاین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، لە ساڵی ١٩١٦ داوای یەکێ لە ترسناکترین پێگەکانی سوپای کرد. دوایین پاسەوانی کەشیک لە ناوچەی قەدەغەکراو(no man’s land). ئەم کارە دوو پێوەر لە خۆگرتبوو کە وەک کەرەسەیەک بۆ هەڵاتن لە خۆفریودان لێیدەڕوانی: بوێری و ڕەنجکێشانێ کە ئەم ئەزموونە دەبووە هۆی.
ئەم هۆکارانە بوون کە ویتگێنشتاین خوشحاڵ دەبوو کاتێ دەیزانی کە هەموو شەوێک بە ئەگەری مەرگ ڕۆژ دەکاتەوە. ئەو لە ساڵی ١٩١٦ وەهای نووسی: “دوێنێ کرامە ئامانجی گولڵە. ترسا بووم، لە مەرگ ترسا بووم. ئێستا ئارەزوویەکی زۆرم بۆ ژیان هەیە”. لەبەر ئەوەی کە “تەنیا مەرگ مانای تەواو دەدات بە ژیان”. ئەگەرچی ئەو لەسەر بنەمای پێوەرە بەرزەکانی خۆی ترسنۆک بوو، بەڵام گەر پێوەری باوتر لەبەرچاو بگرین، هیچی کەمتر نەبوو لە پاڵەوانێک، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمەش ئەو مێدالیای شانازیانەن کە بۆ ئازایەتی وەریگرتن.
کەسایەتی ویتگێنشتاین ڕێک وەک فەلسەفەکەی ئاڵۆزە. “ئێلزابێت ئانسکۆم” کە بە بۆچوونی زۆرێک دیارترین فەیلەسوفی سەردەمی خۆی و یەکێکی تر لە نوێنەرانی فیکری ویتگێنشتاین و ڕەنگە باشترین خوێندکاری بووە، لەبارەی “بە قوڵی گومانی هەیە لەسەر هەر ئیدعایەک لەلایەن هەر کەسێکەوە لەسەر تێگەیشتن لە ویتگێنشتاین”. بەڵام ئەو شتەی لەبارەیەوە دەتوانین تێبگەین، ئەو بە دوای گۆڕینی خۆی بووە و، ددانپێدانانی بە هۆکار و شێوازێک بۆ وەدیهێنانی بەو ئامانجە دەزانی.
“هیچ شتێ دژوارتر لە فریونەدانی خۆت نییە”.
ویتگێنشتاین لە ساڵی ١٩٣٨ دەنووسێ: “هیچ شتێ دژوارتر لە فریونەدانی خۆت نییە”. ڕوانگەی ئەو لەبارەی خودی ڕەسەن ڕەنگە بەرزتر بێت لە دەستپێگەیشتنی، وەک نموونەکانی ڕەسەنایەتی کە لە ڕێگەی نووسینەکانی نیچە و کیرکەگاردەوە لەگەڵیان ئاشنابوو.
ڕەسەنایەتی لە مێژووی فەلسەفەدا بە زۆری وەک ئایدیاڵێک وێنا کراوە کە دەبێ ئارەزووی بکەین، بەڵام ئەمە نابێتە بەربەست بۆ گۆڕینی بۆ شێوازێکی کارا بۆ خودسازی. ددانپێدانان دەتوانێ ببێتە یاریدەیەک زاڵ بین بەسەر ئەو بەربەستانەی کە لەسەر ڕێگەی گۆڕانمان بۆ خودە ڕەسەنەکان وەستاون.
ئەگەر ددانپێدانان وەها ڕۆڵێکی بۆ ویتگێنشتاین گێڕاوە، ڕەنگە بۆ ئێمەش بکرێت.
سەرچاوە: https://www.nytimes.com/