بێ ئابڕوویی شاعیران
ئه‌گه‌ر به‌دوای ئه‌و مانا سه‌ره‌كییه‌ی شیعردا بگه‌ڕێین كه ئه‌مڕۆ له‌ژێر هه‌زاران بریق و باقی كۆمه‌ڵگادایه، سه‌رنج ده‌ده‌ین كه هه‌ناسه‌ی راسته‌قینه‌ی مرۆڤه، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو مه‌عریفه‌كان و ئه‌م مه‌عریفه‌یه خۆیشی له بێخه‌وشترین حاڵهتیدایه. شیعر به نێو هه‌موو ژیانێكی ڕۆحی مرۆڤدا له‌و كاته‌وه‌ی كه مه‌عریفه‌ی له‌سه‌ر سرووشتی خۆی وه‌رگرتووه، چڕبووه‌ته‌وه. ئه‌مێستاش باڵاترین ئافراندنه‌كانی مرۆڤ له‌نێو دڵی شیعردا خورپه‌ی دێت و، شیعر، ئه‌م زه‌وییه به پیته، بلوره بێڕهنگهكان و خهرمانهكانی بۆ سبه‌ی به به‌رده‌وامی هه‌ڵده‌گرێت. خواوه‌ندێكی پارێزه‌ر به هه‌زار ده‌موچاوه‌وه، كه له شوینێك ناوی لێده‌نێن عه‌شق، له شوێنێكی تریش ئازادی، له شوینێكی تریشدا زانست. ئه‌م خوایه هه‌ر به توانایی و موته‌عالی ده‌مێنێته‌وه، له‌نێو حیكایه‌تی ئۆستووره‌یی ئهسكیمۆدا ده‌كوڵێت، له‌نێو نامه‌ی عاشقانه‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه، گروپێكی ڕهمیكهر به‌ر ده‌ستڕێژی گوله ده‌دات كه خه‌ریكن كرێكارێك ڕه‌می ده‌كه‌ن كه دواهه‌ناسه‌ی شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، واته ئازادی ده‌داته‌وه، له كه‌شفی زانایهكدا كڵپه ده‌كات، له كاڵفامانهترین ئه‌و بهرهمهێنانهی كه بانگه‌شه‌ی شیعر و بیره‌وه‌رییه‌كی بۆ خۆیان ده‌كه‌ن له هۆش ده‌چێت و كه‌م خوێن ده‌بێت، واته ئه‌و ستایشه‌ی ده‌یه‌وێت ببێت به تازیه‌باری، هه‌روه‌ها خۆی ده‌خزێنێته نێو وته مۆمیاییكراوهكانی قه‌شه، واته بكوژه‌كه‌ی خۆی[بكوژی شیعر]، قه‌شه‌یه‌ك كه ئیماندارێكی كه‌ڕ و كوێر گوێی لێده‌گرێت تاوه‌كوو له‌نێو گۆڕی ئه‌و دۆگمایه به‌دوای شیعردا بگه‌ڕێت كه له‌وێدا شیعر جگه له ته‌پ و تۆزی ته‌ڵه‌كه‌بازی هیچی تر نییه.
پیتكگره[1] لهههژمارهنههاتووهكانی شیعر، قه‌شه ڕاسته‌قینه‌كان و درۆزنه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه زۆر ڕیاكارترن له كه‌سه پیرۆزه‌كانی هه‌موو كه‌نیسه‌كان، شایه‌ته درۆزنه‌كانی هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان، شیعر به كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ هه‌ڵاتن، هه‌ڵاتن به‌رامبه‌ر به واقیع تاوانبار ده‌كه‌ن، وه‌كوو ئه‌وه‌ی شیعر خۆی واقیع و زات و ته‌وژمی نه‌بووبێت. به‌ڵام بێتوانان له تێگه‌یشتنی واقیع له‌نێو كۆیه‌كی و پێكهوهبهستراوهیی په‌یوه‌ندییه‌كانیدا، ئه‌وان نایانه‌وێت واقیع به‌بێ نێوانگری و له‌ژێر باری شهرمهزاربووندا نه‌بێت، ببینین. ئه‌وان هه‌ر له شه‌رواڵپیسی تێده‌گه‌ن بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز عه‌شقیان ئه‌زموون كردبێت، تێده‌گه‌ن له فرۆكه‌یه‌كی بۆمبهاوێژ به‌بێ بیرهێنانه‌وه‌ی ئیكار[2]، ڕۆمانی سه‌ركێشانه[3] ده‌بینن به‌بێ هه‌ستكردن و تێگه‌یشتن له جۆش و خرۆشێكی شاعیرانه‌ی هه‌میشه‌یی و سه‌ره‌تایی و قووڵی ئه‌م ڕۆمانه كه خواستێكی بێ مانا و پووچی بۆ به‌دیهێنانی ئه‌مانه هه‌بووه. سه‌ركۆنه‌ی خه‌ون ده‌كه‌ن له پێناو واقیعی خۆیاندا وه‌كوو بڵێی خه‌ون یه‌كێك نه‌بێت له‌و لایه‌نانه‌ی واقیع و له هه‌مان كاتدا ههژێنهرترینیان، ستایشی ئه‌كت ده‌كه‌ن له كاتی ئیهمالكردنی تێڕاماندا وه‌كوو ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان به‌بێ دووه‌م هاوشێوه‌ی وه‌رزشێك به واتای بێ مانایی هه‌موو وه‌رزشێك نایه‌ت. له كۆندا، ئه‌وان ڕۆحیان به‌رامبه‌ر به ماده داده‌نا، خواكه‌یان به‌رامبه‌ر به مرۆڤ. له ئه‌مڕۆدا، داكۆكی له ماده ده‌كه‌ن دژ به ڕۆح. له ڕاستیدا، دژ به ئیلهام له پێناو عه‌قڵدا ده‌وستنه‌وه، به بێ بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م عه‌قڵه له كوێوه فیشقه ده‌كات.
دوژمنه‌كانی شیعر له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا خه‌یاڵی ئه‌وه‌یان هه‌بووه شیعر بخه‌نه ژێر ئامانجه بێ یهكودووهكانی خۆیانه‌وه، له ژێر خواوه‌نده‌كانیان بیشێلن، یان له ئێستادا له كاتی ڕاگه‌یاندنی خواوه‌نده نوێیه قاوهییهكانیان یان «سووره‌كه‌یان» كۆت و به‌ندی بكه‌ن، سوور ـ قاوه‌یی له خوینێكی وشكبوو، خوێناویتر له خواوه‌نده كۆنه‌كه‌یان. بۆ ئه‌وان، ژیان و كولتوور له به‌سوودی و بێ سوودیدا كورت ده‌بێته‌وه، له‌ژێر ئه‌و مه‌به‌سته‌ی كه به‌سووده فۆرمی قوڵنگێكی ده‌ستی وه‌رده‌گرێت بۆ قازانجه‌كانیان. بۆ ئه‌وان شیعر، هیچ نییه جگه له ڕیفاه و خۆشگوزه‌رانی بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و ئهرهستۆكراتهكان و بانكدارهكان، ئه‌گه‌ریش شیعر بیه‌وێت وه‌كوو «به‌سوودی» خۆی بداته ده‌ست چین و توێژه‌كانی خه‌ڵك، ئه‌وا ده‌بێت مل بدات بۆ جۆره هونه‌ره‌كانی تری وه‌كوو «به‌كارهێنان»، «دێكۆراسیۆن»، «ماڵ ڕێكخستن» و هتد.
به شێوه‌یه‌كی لائیرادی ئه‌و هه‌سته‌یان هه‌یه كه شیعر هه‌مان كۆڵه‌كه‌یه كه ئه‌رخه‌میدس ڕایگه‌یاندبوو و ده‌ترسن نه‌كا به به‌رزركردنه‌وه‌ی دونیا بڕووخێت به‌سه‌ر سه‌ریاندا. هه‌ر لێره‌وه سه‌ركۆنه‌كردنیان بۆ سووككردنی شیعر سه‌رچاوه ده‌گرێت، سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو كاراییه‌ك لێی، سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو به‌هایه‌كی ستایشكراو و پێدانی ڕۆڵیكی ڕیاكارانهی هێوركه‌ره‌وه‌ی خوشكێكی خێرخواز پێی. به‌ڵام شاعیر ئیشی پاراستنی هیوایه‌كی به‌تاڵی مرۆیی یان ئاسمانی نییه لای كه‌سانی تر، نه ئیشی چه‌ككردنی رۆحه‌كانیانه له ڕێگای فووپیاكردنی متمانه‌یه‌كی بێ سنوور به ئه‌وان بۆ باوكێك یان سه‌رۆكێك كه هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك دژ به ئه‌وان ده‌بێته سووكایه‌تیكردن به پیرۆزییه‌كان. به‌ڵكو ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه، ئیشی سووكایه‌تیكردن به پیرۆزییه‌كان و كوفركردنێكی به‌رده‌وامه. سه‌ره‌تا ده‌بێت شاعیر سه‌باره‌ت به سرووشتی خۆی و پێگه‌كه‌ی له دونیا مه‌عریفه وه‌ربگرێت. ئه‌و وه‌كوو ئافرێنهرێك كه هه‌ر كه‌شفێك بۆی هیچ نه‌بێت جگه له كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی كه‌شفێكی نوێ، ده‌بێت به‌رده‌وام له جه‌نگدا بێت به‌رامبه‌ر به خودا ئیفلیجكهرهكان كه به شێوه‌یه‌كی شهڕهئهنگێزانه مرۆڤ له‌نێو كۆیلایه‌تی ده‌سه‌ڵاته كۆمه‌لایه‌تییه‌كان و ئه‌و خواوه‌ندییه كه ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، بهێڵنه‌وه. كه‌واته شاعیر ده‌بێته شۆرشگێڕ، به‌ڵام نه‌ك له‌و شۆڕشگێڕانه‌ی كه به‌ره‌نگاری دیكتاتۆری ئه‌مڕۆ دەبنه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له پێش چاویان نه‌گریس ده‌نوێنن چونكه بهرژهوندییهكان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، به‌ڵكو ده‌كه‌ونه پیاهه‌ڵدان به شان و باڵی دیكتاتۆری سبه‌ینێ، كه له ئێستاوه ئه‌م شاعیرانه به‌شێكن له به‌كرێگیراوه‌كانی ئه‌وان.
شاعیر دژ به هه‌موو سته‌مكارییه‌ك خه‌بات ده‌كات: سه‌ره‌تا خه‌بات دژ به سته‌مكاری مرۆڤ به‌رانبه‌ر به مرۆڤ و پاشان به‌رانبه‌ر به سه‌ركوتكردنی بیری خۆی له لایه‌ن دۆگما ئایینی و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
نه‌خێر، شاعیر دژ به هه‌موو سته‌مكارییه‌ك خه‌بات ده‌كات: سه‌ره‌تا خه‌بات دژ به سته‌مكاری مرۆڤ به‌رانبه‌ر به مرۆڤ و پاشان به‌رانبه‌ر به سه‌ركوتكردنی بیری خۆی له لایه‌ن دۆگما ئایینی و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. ئه‌و ده‌جه‌نگێت بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ تا ئه‌به‌د مه‌عریفه‌یه‌كی باشتر له سه‌ر خۆی و دونیاش به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت كه شاعیر ده‌یه‌وێت شیعر بخاته خزمه‌ت كردهیهكیی سیاسی، ته‌نانه‌ت شۆڕشگێڕانه‌ش. به‌ڵام سیفه‌تی شاعیری، شۆڕشگێڕێكی لێ ساز ده‌كات كه ده‌بێت له هه‌موو بواره‌كاندا بجه‌نگێت: له بواری شیعردا له ڕێگای كه‌ره‌سته‌كانی تایبه‌ت به شیعر و له بواری ئه‌كتی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌م دوو گۆڕه‌پانه كرده‌ییه تێكه‌ڵ بكات و تووشی هه‌ڵه بێت، ئه‌گینا هه‌مان ئه‌و سه‌رلێشێواوییه‌ی كه بڕیاره بیسڕێته‌وه دروستی ده‌كاته‌وه و له ئه‌نجامدا، چیتر شاعیر، شۆڕشگێڕ نابێت.
ئه‌و جه‌نگانه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ی كه ئێمه تووشی هاتووین ته‌نیا به یارمه‌تی تێكه‌ڵكردنی هه‌موو هێزه بهرهوپاشههڵگهڕاوهكان[4] مومكین ده‌بێت و به مانای وه‌ستانی پێشكه‌وتنی كولتووری دێن كه له لایه‌ن ئه‌م هێزه بهرهوپاشههڵگهڕاوانه كه كولتوور هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردوون تووشی شكست دێن. ئه‌م شته زۆر له‌وه ئاشكراتره كه پێویستی به پێداگری هه‌بێت. ئه‌م شكسته ساتییهی كولتوور، سه‌رچاوه‌ی زاڵبوونێكی حه‌تمی زه‌ینێكی دواكووتووه، پێش هه‌موو شتێكیش زه‌ینێكی كۆنه‌پارێزی ئاینییه كه به شێوه‌یه‌كی پێویست له‌سه‌ر هه‌موو دواكهوتووییهكان گیرساوه‌ته‌وه. ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی زۆر دووری مێژوویی، سه‌رده‌مێك كه له‌وێدا خودا، خاوه‌ن هه‌موو ـ هێزه‌كان، خواوه‌ندی و ئولوهیه‌ت هتد، به‌م شه‌پۆلانه‌وه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی دهوڵەتان، به‌پێی به‌رژوه‌ندییه‌كان، هانای بۆ براوه. چهرچێل به‌بێ ناوهێنانی خودا وه‌كوو پارێزه‌ری خۆی تاراده‌یه‌ك هیچ وتارێك پێشكه‌ش ناكات، ڕۆزڤێڵتیش به‌م شێوه‌یه‌یه، دۆگۆل خۆی له‌ژێر په‌نای خاچه‌كه‌ی لۆرێن Lorraine ده‌زانێت، هیتله‌ر هه‌موو ڕۆژێك هانا بۆ خواوه‌ندی ده‌بات و پیاوانی ئایینی كه‌نیسه‌ی ئه‌رته‌دۆكس له هه‌ر جۆرێكیان بێت به‌یانی تا ئێواره له‌به‌ر چاكه‌كاری ستالین شوكرانه‌ی خودا ده‌كه‌ن. ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی ئه‌وان نه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ده‌ركه‌وته‌یه‌كی نامۆ نییه به‌ڵكو به‌پیرۆزكردنی ڕه‌وتێكی سه‌رتاپاگیری بهرهوپاشههڵگهڕانهوهیه و له هه‌مان كاتدا ترسی ئه‌وان پیشان ده‌دات. له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی پێشوودا، قه‌شه‌كانی فره‌نسا به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕایانگه‌یاند كه خودا ئه‌ڵمانی نییه، له كاتێكدا له‌وبه‌ری ڕووباری ڕاین هاوتاكانیان ڕایانگه‌یاند كه نه‌ته‌وه‌ی خودا ژێرمه‌نییه و هه‌رگیز كه‌نیسه‌كانی فره‌نسا، تا پێش ئه‌م ململانێیانه‌ی هه‌نووكه ئه‌م هه‌موو ئیمانداره مهسیحییهیان بهخۆوهنهبینی بوو.
ئه‌م سه‌رله‌نوێ لهدایكبوونهی ئیمانی مه‌سیحییه له كوێوه دێت؟ سه‌ره‌تا له‌و بێ هیواییه‌ی كه له ئه‌نجامی جه‌نگه‌وه هات و هه‌روه‌ها داماوی و هه‌ژاری گشتی: مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌م بارودۆخه ترسناكه‌ی خۆی چیتر هیچ ڕێگایه‌كی ده‌ربازبوون به‌دیناكات یان هێشتا نایبینێت و له ئاسمانێكی ئه‌فسانه‌یی به‌دوای دڵدانه‌وه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێت بۆ نه‌هامه‌تییه مادییه‌كانی كه له‌به‌ر هۆكاری جه‌نگ به چه‌ند شێوازێكی نوێ تووشی كاولكاری هاتوون. له گه‌ڵ ئه‌مه‌دا، له‌و سه‌رده‌مه ناسه‌قامگیره‌ی كه به سه‌رده‌می ئاشتی ناوزه‌د ده‌كرێت، هه‌لومه‌رجی ماددی مرۆڤ، كه سه‌رده‌مێك ببووه هۆكارێكی وه‌همی دڵدانه‌وه‌ی ئایینی، هێشتا، ئه‌گه‌رچی به شێوه‌یه‌كی كه‌متریش، به‌رده‌وام بوو و به‌دوای تێركردن و وه‌ڵامێكدا بوو. كۆمه‌ڵگا چاودێری ئه‌و چاره‌سه‌ره له‌سه‌رخۆیه‌ی ئۆستووره‌ی ئایینی ده‌كرد و ته‌نیا توانی ئه‌و شته ده‌م شیرینكه‌ره مهدهنیایه بكاته به‌دیل بۆی: نه‌ته‌وه یان سه‌ركرده.
نیشتمان و سه‌ركرده هاوشێوه‌ی ئایین، ئه‌وانیش له یه‌ك كاتدا هه‌م بران و هه‌م نه‌یاری یه‌ك، چونكه بۆ فرمانڕه‌وایی به‌سه‌ر زهینهكاندا هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی تریان جگه له سه‌پاندن و گوشار له‌به‌رده‌ستدا نییه.
زۆرێك له خه‌ڵكی به‌رامبه‌ر به‌م به‌دیلانه[5]، به هۆی كه‌ره‌می جه‌نگ و هه‌لومه‌رجه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی، به دهستدهودامانی ده‌مێننه‌وه، بێ هیچ ڕێگا چاره‌یه‌ك جگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیمانێكی ئایینی ساده نه‌بێت. هه‌ندێكی تر كه ئه‌م به‌دیلانه به كه‌م و له‌كاركه‌وتوو ده‌زانن، به‌دوای ئه‌وه‌دابوون یان به‌رهه‌مێكی ئۆستووره‌یی نوێ بدۆزنه‌وه یان ئه‌وه‌ی ئۆستووره كۆنه‌كان زیندوو بكه‌نه‌وه. لێره‌دایه كه ستایشێكی له‌ڕاده‌به‌ری گشتی له ته‌واوی دونیا له مه‌سیحیه‌ت له لایه‌ك و له نیشتمان و سه‌ركرده‌ش له لایه‌كی تر دروست ده‌بێت. به‌ڵام نیشتمان و سه‌ركرده هاوشێوه‌ی ئایین، ئه‌وانیش له یه‌ك كاتدا هه‌م بران و هه‌م نه‌یاری یه‌ك، چونكه بۆ فرمانڕه‌وایی به‌سه‌ر زهینهكاندا هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی تریان جگه له سه‌پاندن و گوشار له‌به‌رده‌ستدا نییه. ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئێستایان، كه له ئه‌نجامی كاردانه‌وه‌یه‌كی نهعامهئاسایه [سه‌ربردنه ژێر خاك]، و هیچ كاتێك به مانای سه‌رله‌نوێ له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌كی پرشنگداریان نییه به‌ڵكو ئاماژه بۆ كۆتاییه‌كی زۆر نزیكیان ده‌كات.
ئه‌م زیندووبوونه‌وه‌ی خودا و نیشتمان و سه‌ركرده‌یه له ئه‌نجامی ژاوه‌ژاوێكی زۆری زهینهكانهوهیه كه لایه‌ن جه‌نگه‌وه دروستبووه و له لایه‌ن سوودمهنبووهكانی ئه‌م جه‌نگه‌وه پارێزگاری لێده‌كرێت.
پاشان، ئه‌و خرۆش و هه‌ڵچوونه ڕۆشنبیرییه‌ی كه له ئه‌نجامی ئه‌م بارودۆخه‌وه دروستبووه، له ئاستی ئه‌وه‌ی كه ته‌سلیمی ئه‌م ڕه‌وته ده‌بن، به ته‌واوه‌تی به هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یی و به‌ره‌و دواوه ده‌بێت و په‌یوه‌ست ده‌بێت به ئاستێكی نێگه‌تیڤه‌وه. به‌رهه‌مه‌كانیشی هه‌ر به دواكه‌وتوویی ده‌مێننه‌وه، ئیتر “شیعر” بریتی ده‌بێت له پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی فاشیستی یان ئه‌نتی فاشیستی یان ئه‌وه‌ی كه له‌نێو ستایشێكی مه‌زهه‌بیدا ده‌مێنێته‌وه. شه‌هوه‌ت و ئاره‌زووه سێكسییه‌كانی پیری، هێز و گوڕێكی كاتی به كۆمه‌ڵگا ده‌به‌خشن بۆ ئه‌وه‌ی باشتر و كتوپڕتر بیكوژن.
ئه‌م «شاعیرانه» به هیچ شێوه‌یه‌ك نه به‌شدارییان له داهێنانه شۆڕشگێڕییه‌كانی شۆڕشی فره‌نسا و نه له شۆڕشی 1917ی روسیادا كرد، بۆ نموونه، نه به‌شداری له عیرفان یان مولحیدییهكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، پاشان ئه‌وان ئیشیان جووڵاندن و هاندانی ستایشی فاشیسته له‌نێو توێژه‌كانی خه‌ڵكدا، له كاتێكدا ئه‌و شۆڕشگێڕ و عاریفانه به‌رهه‌می ستایشكردن و خرۆشێكی جه‌معی ڕیاڵ و واقیعی و قووڵه كه وه‌رگێڕانی وتهكانیانه.
كه‌واته ئه‌وان بیر و هیوای ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵكانه كه تێكه‌ڵه به هه‌مان ئوستووره یان به‌جووڵه‌خستنی هه‌مان جۆش و خرۆشه‌وه، ده‌رده‌بڕن، له كاتێكدا «شیعری» پڕوپاگه‌نده‌یی له هه‌وڵی پێدانی ژیانێكی كه‌مه به ئۆستوورهیهك له سه‌ره‌مه‌رگدا. سرووده مه‌زهه‌بییه مه‌ده‌نییه‌كان، ئه‌مانیش هه‌مان فه‌زیله‌تی سستكهریان هه‌یه كه سه‌ركرده ئایینییه‌كانیان هه‌یانه و میراتگه‌ری ڕاسته‌وخۆی كردارێكی كۆنهزهرڤاتیڤانهن، چونكه ئه‌گه‌ر شیعری ئۆستووره‌یی و ئینجا عیرفانی ئافرێنه‌ری خواوه‌ندی بن، ئه‌وا سرووده ئایینییه‌كان هه‌ر سوود له‌م خواوه‌ندییه ده‌بینین. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، شۆڕشی فره‌نسی و یان شۆڕشی 1917 كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێیان ئافراند كه نیشتمان په‌روه‌ره‌ی و ستالینی ئه‌مڕۆ سوودی لێده‌بینین. بهرامبهركردنی شۆڕشه‌كانی فره‌نسا و 1917 له‌گه‌ڵ عیرفانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا به هیچ شێوه‌یه‌ك به مانای دانانیان نییه له یه‌ك ئاستدا، به‌ڵام، هه‌وڵدان بۆ دابه‌زاندنی به‌هه‌شتێكی وه‌همی ئایینی بۆ سه‌ر زه‌وی له لایه‌ن شۆڕشه‌كانی یه‌كه‌م هاوشێوه‌ی پیشاندانی ئه‌و پرۆسه سایكۆلۆژیانهیه كه له لایه‌ن دووهمهكانیشهوه هه‌یه، به بێ ئه‌وه‌ی پیشان بدرێت. به‌ڵام ده‌بێت جیاكاری بكرێت له‌نێوان ئه‌و عاریفانه‌ی كه به ویستی خۆیان هه‌وڵی پته‌وكردنی كۆڵه‌كه‌كانی ئۆستوورهیان داوه و به شێوه‌یه‌كی ناویستانه هه‌لومه‌رجێكیان ڕه‌خساندووه كه وایكردووه له دۆگمه ئایینییه‌كاندا كورت بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و مولحیدانه‌ی كه ڕۆڵه فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان به‌رده‌وام شۆڕشگێڕانه‌یه چونكه ئه‌و پره‌نسیپانه ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه كه ئۆستووره له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وانه وه‌كوو دۆگمایه‌ك مۆمیایی ده‌كرێت[6]. له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر عیرفانی ئۆرتۆدتۆكسی (به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێـتو بتوانین قسه له‌سه‌ر عارفی ئۆرتۆدۆكس؟) وه‌رگێڕانی جۆرێكی ڕێژه‌یی له هاوشێوه بوونی په‌یوه‌ندیدار بێت له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا، ئه‌وا له به‌رامبه‌ردا مولحیدی، ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رانبه‌ر به‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌رده‌بڕێت كه تێیدا ده‌ژێت. كه‌واته قه‌شه‌كان ته‌نیا كه‌سێكن كه ده‌بێت به چاوی لایه‌نگرای هه‌نووكه‌ی نیشتمان و سه‌رۆك سه‌ره‌نجیان بدرێتێ، چونكه ئه‌وانیش هه‌مان كرداری مشه‌خۆرانه‌یان[7] هه‌یه به‌رامبه‌ر به ئۆستووره. بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه پێشتر باسكرا ته‌نیا یه‌ك نموونه‌ی بچووك له‌و نامیلكه‌یه ده‌هێنمه‌وه كه ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له Rio de Janeiro بڵاوكراوه‌ته‌وه : ئابڕووی شاعیران[8]، كه هه‌ڵگری هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌و شیعرانه‌یه كه له سه‌رده‌می داگیركردنی پاریس له‌لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه به دزییه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه. ته‌نیا یه‌ك شیعر له‌م «شیعرانه»ش له ئاستی لیریكێكی ڕیكلامی ده‌رمانسازیدا تێناپه‌ڕێت و به ڕێكکهوتیش نییه كه نووسه‌ره‌كانیان بڕوایان وه‌هابووه كه ئه‌ركیان، هه‌ڵبه‌ت زۆرینه‌یان، گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ كێش و سه‌روای كلاسیك. فۆرم و ناوهڕۆك به شێوه‌یه‌كی ناچاری په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر به‌رته‌سك له‌نێوان خۆیان ڕاده‌گرن و، له‌نێوان ئه‌م «به‌یتانه» و هه‌ركامه‌یان له‌نێو پێشبڕكێیه‌كی ئه‌سته‌مدا له‌نێو خراپترین جۆری كاردانه‌وه‌دا كاریگه‌ری ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌ك. له ڕاستیدا ئه‌مه واتای خۆی هه‌یه كه زۆربه‌ی ئه‌م تێكستانه به شێوه‌یه‌كی به‌رته‌سك به‌ستراوه‌نه‌ته‌وه به مه‌سیحیه‌ت و ناسیۆنالیزم وه‌كوو ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت ئه‌وه پیشان بده‌ن كه دۆگمای ئایینی و دۆگمای ناسیۆنالیزم یه‌ك سه‌رچاوه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه و یه‌ك به‌كارهێنانی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه. ئه‌م ناونیشانی نامیلكه‌یه‌ش واته ئابڕووی شاعیران به سه‌رنجدان بۆ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، یه‌ك مانای نامۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره شیعرێكدا له‌خۆده‌گرێت. به شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه، ئابڕووی ئه‌م «شاعیرانه» هه‌ڵگری وازهێنانی ئه‌وانه له شاعیربوون بۆ ئه‌وه‌ی ببن به نوێنه‌ره‌كانی ڕیكلام[9].
لای لویس ماسۆن[10] له كۆی ئایین ـ ناسیونالیزم قبوڵكردنێكی زۆری ئیمانی مه‌زهه‌بی ده‌بینرێت تاكوو نیشتمانپه‌ره‌ستی. له ڕاستیدا، خۆی ده‌به‌ستێته‌وه به په‌ره‌پێدانی بنه‌ماكانی ئایینی مه‌سیحییه‌ت:
كریس، له ڕه‌گه قووڵهكانهوه
هێز ببه‌خشه به نیزاكانم
شیاویه‌تی رووناكی ژنه‌كه‌مم
له ته‌نیشت خۆمه‌وه پێببەخشه
كه بتوانم به بێ لاوزابوون به‌ره‌و ئه‌م خه‌ڵكه
زیندانییه بڕۆم
كه ئه‌و وه‌كوو مریه‌م له‌نێو پرچهكانیدا مه‌له‌وانی ده‌كات.
ده‌زانم كه له پشته‌وه‌ی گرده‌كاندا
هه‌نگاوی گه‌وره‌ت بۆ پێشه‌وه دێ.
گوێم له یوسفی ئهلمایره[11] كه گه‌نمه له هۆش چووه‌كان
له‌سه‌ر گۆڕ ده‌كوترێن
هه‌روه‌ها گۆرانی دارمێو له‌نێو باسكه شه‌كه‌ت و كوتراوهكانی
دزێكی له خاچدراو.
ده‌تبینم: وه‌ك چۆن ئه‌و ده‌ست له داربییهكه و
گوڵه عیناقیهكه[12] ده‌خشێنێ.
به‌هار خۆی له‌سه‌ر دڕكهكانی
تاجه‌كه داده‌نێت.
دڕكه‌كان گڕ ده‌گرن:
تۆپهڵهگڕی ڕزگاربوون، تۆپه‌ڵه گڕی
گه‌ڕیده
ئاه! كه كرا به نێو ئێمه‌دا تێپه‌ڕن
و ئێمه له په‌ل و پۆ بخه‌ن
ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌مه رێگایه‌یان به‌ره‌و زیندان بێت.
به ڕێژه‌یه‌كی زۆر ڵێكچوو هاوشێوه‌ی ئه‌مه لای پیه‌ر ئیمانۆئێل به‌دی ده‌كرێت:
هۆ فره‌نسا ڕۆبی نهدووراوی ئیمان
په‌ڵه‌دار له تف و پێیه‌كانی سه‌ربازان[13]
هۆ ڕۆبی ناسكی هه‌ناسه كه به ده‌نگێكی وه‌حشیانه‌ی
جنێوفرۆشهكان ههڵدهدڕێی
هۆ بێخه‌وشترین ڕۆبی كه‌تانی هیوا
تۆ به‌رده‌وام تاقه جلوبه‌رگی ئه‌و كه‌سانه‌ی
كه به‌ها و نرخی ڕووتبوون به‌رامبه‌ر به خودا
ده‌زانن
له‌گه‌ڵ ڕاهاتن بۆ ئامین كردنه‌كان و بخوڕ داگیرساندنێكی ستالینی، ئاراگۆن ناتوانێت وه‌كوو ئه‌و نموونانه‌ی پێش ئێستا له یه‌كگرتنی خودا و نیشتماندا سه‌ركه‌وتوو بێت. هیچ به‌دی ناكات له نموونه‌ی یه‌كه‌م نه‌بێت، ئه‌گه‌ر بوێر بم ئه‌وه بڵێم، ڕاسته‌وڕاست ده‌ستكه‌وتی ئه‌و ته‌نیا ده‌قێكه كه له ڕێگایه‌وه قسه ته‌واو نه‌كراوه‌كانی نووسه‌ری ڕادیۆ فره‌نسییه‌كه تووشی ئیره‌یی ده‌كات: «قه‌نه‌فه‌كه‌ی لێڤیتان زه‌مانه‌تی درێژخایه‌نی هه‌یه.«
كاتی ئازاره
ئه‌و كاته‌ی ژاندارك هات بۆ ڤۆكولۆر[14]
ئاه! فره‌نسا پارچه پارچه كه‌ن
ڕۆژ ئه‌م ڕهنگزهردییهی هه‌بوو
من به پاشای ئازاره‌كانم ده‌مێنمه‌وه
به‌ڵام له كۆی نووسه‌ره‌كانی ئه‌و نامیلكه‌یه، پۆل ئێلوار به ته‌نیا ته‌واوترین جۆری سروودبێژه ئایینییه مه‌ده‌نییه‌كانه:
له‌سه‌ر سه‌گه چڵێس و ناسكۆڵهكهم
له‌سه‌ر گوێ ڕهپهكانی
له‌سه‌ر ده‌سته ناشییهكانی
ناوی تۆ ده‌نووسم
له‌سه‌ر سه‌كۆی لای ده‌رگاكه‌م
له‌سه‌ر شتوومه‌كه ناسراوه‌كان
له‌سه‌ر شه‌پۆلی ئاگری پیرۆز
ناوی تۆ ده‌نووسم.
پێویسته لێره‌دا به شێوه‌یه‌كی لاوه‌كی سه‌رنج بده‌ین له ده‌ركه‌وتنی فۆرمی سرووده ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كان له زۆربه‌ی ئه‌م «شیعرانه«دا، بێگومان له‌به‌ر هۆكاری ئایدیای شیعری و ئه‌و ئاه و ناڵه‌یه‌ی كه هه‌ڵگریه‌تی و ئه‌و زه‌وقه له ڕێلادهره چارهڕهشییهی كه سروودی ئایینی مه‌سیحیه‌ت به مه‌به‌ستی شیاویه‌تی به‌خته‌وه‌ری ئاسمانی په‌ره‌ی پێده‌دات. ته‌نانه‌ت ئاراگۆن و ئێلوار، كه له كۆنیشدا مولحید بوون، بڕوایان به‌و وهفاداربوونهیه، كه یه‌كێكیان له به‌رهه‌مه‌كانی یادێك له كه‌سه «پیرۆزه‌كان و پێغه‌مبه‌ره‌كان» و «گڵكۆی لازار[15]» بكاته‌وه و ئه‌ویتریان خۆی په‌یوه‌ست بكات به هۆنینه‌وه‌ی سرووده ئایینییه‌كان، ئه‌ویش بێگومان له‌به‌ر گوێڕایه‌ڵی بۆ ئه‌م دروشمه به‌ناوبانگه‌یه «قه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن».
شیعر نیشتمانی نییه چونكه شیعر هی هه‌موو كاته‌كان و هه‌موو شوێنه‌كانه.
له ڕاستیدا، هه‌موو نووسه‌ره‌كانی ئه‌م نامیله‌كه‌یه بێ ئه‌وه‌ی دانیپێدابنێن یان خۆیان وا ده‌ربخه‌ن، هه‌ڵه‌كه‌ی گیۆم ئاپۆلێنهری [شاعیریان] هه‌یه و زیاتریش په‌ره‌یان پێدا. ئاپۆلێنهر ویستبووی وه‌كوو بابه‌تێكی شیعری سه‌رنج له جه‌نگ بدات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر جه‌نگ، وه‌كوو خه‌باتێك و به‌ده‌ر له هه‌موو ڕۆحیه‌تێكی ناسیۆنالیستی، بتوانێت لانیكه‌م وه‌كوو بابه‌تێكی شیعری بمێنێته‌وه، ئه‌وا وه‌كوو دروشمێكی ناسیۆنالیستی نییه، ته‌نانه‌ت داشیبنێین ئه‌و نه‌ته‌وه‌ی كه ده‌بێت له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا بێت، وه‌كوو فره‌نسا، له‌ژێر دڕه‌نده‌یی سته‌مكاری نازییه‌كانیش بێت. كردنه ده‌ره‌وه‌ی سته‌مكار و پڕوپاگانده بۆی به‌م واتایه، په‌یوه‌ندی به ئه‌كتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازییه‌وه هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌م كردنه ده‌ره‌وه‌یه به‌م شێواز یان ئه‌و شێواز سه‌رنجی لێبدرێت. به هه‌ر حاڵ، شیعر به كرده‌ی تایبه‌تی خۆی نه‌بێت ده‌ستوه‌رناداته ئه‌م ململانێیه‌وه یان به هه‌مان دهلاتی كولتووری خۆیه‌وه، بۆیه ده‌بێت له شاعیران وه‌كوو شۆڕشگێڕێك بۆ ته‌فروتوناكردنی ئه‌م نه‌یار و دوژمنه نازیانه له رێگای میتۆدی شۆڕشگێڕانه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌وه له بیر بكه‌ن كه ئه‌م سته‌مكارییه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ خواست یان خواسته دانپیانهنكراوهكانی هه‌موو دوژمنانی شیعر ـ سه‌ره‌تا دوژمنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئینجا بیانییه‌كان ــ ئه‌گه‌ر بێتوو وه‌كوو ئازادكرنێكی گشتی ڕۆحی ئینسانی له شیعر تێبگه‌ین، چونكه به‌پێی وته‌یه‌كی ماركس، شیعر نیشتمانی نییه چونكه شیعر هی هه‌موو كاته‌كان و هه‌موو شوێنه‌كانه.
هه‌روه‌ها شتی زۆر سه‌باره‌ت به ئازادی له‌م په‌ڕانه‌دا وتراوه. سه‌ره‌تا ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ست كام ئازادییه؟ ئازادی بۆ ژماره‌كی كه‌م بۆ دادۆشینی كۆی دانیشتوان یان ئازادی بۆ ئه‌م دانیشتوانه بۆ هێنانه سه‌ر عه‌قڵی ژماره‌یه‌كی كه‌می ئه‌م چینه خاوه‌ن ئیمتیاز و ده‌وڵه‌مه‌نده؟ ئازادی بۆ ئیمانداران بۆ سه‌پاندنی خوداكانیان و مۆراڵیان به سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگادا یان ئازادی بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خودا و فه‌لسه‌فه و مۆراڵیان؟ ئازادی وه‌كوو «په‌نابردنه به‌ر هه‌وایه [16]» كه ئاندرێ برۆتۆن باسی ده‌كات، ئه‌م پهنابردنهش بۆ هه‌وا بۆ ته‌واوكردنی ڕۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌موو ئه‌و هه‌ڵمانه‌ی كه ئه‌م نامیلكه‌یه هه‌ڵگریه‌تی ڕابماڵێت. تاوه‌كوو تارماییه نه‌گریسه‌كانی ئایین و نیشتمان له‌ژێر هه‌ر دهمامكێكدا خۆیان حه‌شار دابێت، ئه‌وا زیان له فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری ده‌ده‌ن و هیچ ئازادییهكیش وێنا ناكرێت: ئه‌م ده‌ركردن و ڕاوه‌دوونانه پێشمهرجهیان یه‌كێكه له هه‌لومه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانیان بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئازادی. هه‌ر«شیعرێك» كه ستایشی «ئازادییه‌كی» خۆبه‌خشانه‌ی نادیار بكات، ئه‌گه‌ر له په‌یوه‌ندی به ئایین و یان ناسیۆنالیستیش نهڕازاندرابێتهوه، هه‌ر له سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌یه كه چیتر ئه‌وه نابێت به شیعر و دووه‌م ئه‌وه‌یه كه له‌مپه‌ڕێك له به‌رامبه‌ر ئازادییه‌كی گشتی مرۆڤدا دروست ده‌كات، چونكه ئه‌و له كاتی پیشاندانی «ئازادییه‌ك» كه كۆت و زنجیره نوێیه‌كانی شاردراوه‌ته‌وه مرۆڤ فریو ده‌دات. به پێچه‌وانه‌وه، له هه‌موو شیعرێكی بڕواپێكراو، هه‌وایه‌كی ئازادی ته‌واو و چالاك ده‌رده‌چێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ئازادییه له ڕه‌هه‌نده سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شی نه‌خرابێته ڕوو و، هه‌ر له‌م لایه‌نه‌وه به‌شداره له ئازادییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤدا.
پەراوێزەکان:
[1]Détracteurپیتكگر واته كه‌سێك به‌رده‌وام پیتك (عه‌یبه) له شتێك ده‌دۆزێته‌وه و نوقسانییه‌كانی پیشان ده‌دات.
[2]ئیكار له ئوستووره‌كانی یۆنانیدا دوو باڵی پێوه‌یه كه له‌گه‌ڵ باوكی به یارمه‌تی باڵه‌كانی توانی له زیندانی تیمۆس هه‌ڵبێت و باوكی پێی وت كه له فڕینی زۆر به‌ره‌و ئاسمان خۆی بپارێزێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێی به باوكی نه‌دا و له خۆر نزیك كه‌وته‌وه و باڵه‌كانی توایه‌وه و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه و كه‌وته نێو ده‌ریاوه.
[3]le roman d’aventures
[4]les forces de régression
[5]Erastaz .
[6]Se momifier
[7]Parasitaire
[8]L’Honneur des poètes
[9]La publicité
[10]Loÿs Masson
[11]Joseph d’Arimathie
[12]La pervenche/ Vinca
[13]Taransfugeبه مانای په‌نابه‌ر دێت له زمانی فره‌نسیدا، به‌ڵام له‌كاتی جه‌نگدا ئاماژه‌یه بۆ سه‌رباز. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه ئاماژه‌یه بۆ سه‌رده‌می جه‌نگ و داگیركردنی فره‌نسا له لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه بۆیه من سه‌ربازم به گونجاوتر زانی بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م وشه‌یه لێره‌دا.
[14]Vaucouleurs
[15]tombeau de Lazare
[16]un appeld’airئه‌م ده‌ربڕینه زیاتر له كاتی ئاگركردنه‌وه به كار دێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وایه‌ك بێت و نههێێڵت ئه‌و ئاگره بكوژێتتهوه .
سەرچاوە: Benjamin PERET, Le déshonneur des poètes, Mexico, février 1945.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ژماره‌ی 3ی گۆڤاری شیعر له مانگی ئازاری 2017 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.