سەرهەڵدانی ڕۆژی جیهانی ژن

وەرگێڕانی: کازیوە. ک

ڕۆژی جیهانی ژن، لە سەرەتادا بۆنەیەک بووە بۆ بەرزنرخاندنی ژنانی کرێکار و خەبات لە دژی سەرمایەداری.

کلارا زێتکین (١٨٥٧-١٩٣٣) لە گوتارنێژییەکدا

ساڵی ١٨٩٤ کلارا زێتکین چەند لاپەڕەیەکی لە ڕۆژنامەی ژنانی سوسیال-دیموکرت بە ناوی “بەرابەری”، کە سێ ساڵ لەوەوپێش دایمەزراندبوو، تایبەت کرد بە بابەتی مشتومڕ لە دژی ڕەوتی سەرەکی فیمینیزمی ئەڵمانی. زێتکین نووسی “فیمینیزمی بۆرژوا و بزووتنەوەی ژنانی پرۆلیتاریا دوو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە بنەڕەتدا جیاوازن”.

بە گوتەی زێتکین فیمینیستە بۆرژواکان لەمیانەی کێشمەکێشی نێوان ڕەگەزەکان و لە دژ پیاوانی چینی خۆیان، بەدووی ڕیفۆرمدان بەبێ ئەوەی کە بوونی سەرمایەداری ببەنە ژێر پرسیارەوە. لە بەرانبەردا ژنانی کرێکار بە هۆی کێشمەکێشی چین لە دژی چین و تێکۆشانێکی هاوبەش لەگەڵ پیاوانی چینی خۆیان بە دووی سەرتر بوونن لە سەرمایەداری.

تا ساڵی ١٩٠٠ ژنان لە حیزبی سۆسیال-دیموکراتی ئەڵمانیا (ئێس.پێ.دێ)  کۆنفڕانسی شەش مانگ یەکجاری خۆیان ڕێک بەر لە کۆنفڕانسی حیزب بەڕێوە دەبرد؛ کە تیایاندا باسوخواسیان لەبارەی هەموو مەسەلە و بابەتە گەرمەکانی بزووتنەوەی ژنانی کرێکار دەکرد. ئەم توانا ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوە، بزووتنەوەی ژنانی کرێکاری سۆسیالیستی ئەڵمانیای کردبوویە بڕبڕەی سەرەکی بزووتنەوەی ژنانی سوسیالیستی جیهانی.

لە ساڵی ١٩٠٧ کۆنفرانسی جیهانی ژنانی سۆسیالیست یەکەمین گردبوونەوەی خۆی لە شاری شتۆتگارتی ئاڵمانیا بەڕێوەبرد و گرنگترن خواستی بەم شێوەیە خستەڕوو: “مافی دەنگدانی ژنانی جیهان بەدەر لە لەبەرچاگرتنی دارایی، باج، ڕادەی خوێندەواری یان هەر جۆرە بەربەستێکی تر کە دەشێ ببێتە بەربەستی ڕێگەی ژنانی چینی کرێکار بۆ بەهرەمەندبوون لە مافە سیاسییەکانیان”. نوێنەرەکان پێداگریان کرد کە تێکۆشان بۆ بە دەستهێنانی مافی دەنگدان “نە لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی بۆرژوا بەڵکو لەگەڵ بەشداریکردنی حیزبە سۆسیالیستەکان” بکرێت.

دەورەی پاشتری کۆنفرانسی جیهانی ژنانی سۆسیالیست، کە سێ ساڵ پاشتر لە کۆپنهاگن بەڕێو چوو، هەمان وەفاداری بۆ خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا خرایە ڕوو: “ئێمە هەموو حیزبە سۆسیالیستەکان و ڕێکخراونی ژنانی سۆسیالیست و هەروەها ڕێکخراوانی ژنانی کرێکار کە لەسەر بنەما و پرەنسیپی خەباتی چینایەتی داوەت دەکەین کە نوێنەرەکانیان لەم کۆنفرانسەدا بەشداری بکەن”.

وڵاتانێک لە سەرتاسەری زەریای ئەتڵەسی لەم کۆنفرانسە بەشداریان کرد. ساڵێک پێشتر ژنانی کرێکاری سۆسیالیستی ئەمریکا ۲٨ی فێبرییەر “ڕۆژی ژن” ناودێر کردبوو و ساڵی پاشتر کۆنفرانسی کۆپنهاگن بە ڕووداوێک ناساندی کە “سەرنجی دوژمنانی ئێمەی بۆ خۆی ڕاکێشاوە”.

لە دوای ئەزموونی هاوڕێی ئەمریکییەکان، لویس زێیتس نوێنەری وڵاتی ئاڵمانیا پێشنیاری کرد ڕۆژێک بۆ “ڕۆژی جیهانی ژن” دیاری بکرێ و ساڵانە جەژن بگێڕدرێ. زێتکین و سەد نوێنەری ژن لە هەفتا وڵاتی دیکە ئەم پێشنیارەیان پەسندیان کرد.

بڕیارنامەی ڕۆژی جیهانی ژن بەم شێوەیە خوێندرایەوە:

لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئۆرگانە سەندیکاییە سیاسی و چینایەتیی چینی کرێکاری وڵاتە هاوپەیمانەکان، ژنانی سۆسیالیست لە هەموو نەتەوەکان دەبێ ڕۆژی جیهانی ژن ئۆرگانیزە بکەن و لەم ڕۆژە بەر لە هەر شتێ برەو بە مافی دەنگدانی ژنان بدەن. ئەم خواستە دەبێ لە پەیوەند بە پرسەکانی ژنان و لەسەر بنەمای وێنا و تێگەیشتنی سۆسیالیستی بخرێتە بەر باس.

مەبەستی نوێنەرانی ئەم کۆنفرانسە لە دەربڕینی “وێنا و تێگەیشتنی سۆسیالیستی” ئەمە بوو کە نەک تەنیا مافی دەنگدانی ژنان بەرەو پێ بدەن، بەڵکو یاسای کار بۆ ژنانی کرێکار، پارێزگاری کۆمەڵایەتی بۆ دایکان و منداڵان، ڕەفتاری بەرابەر لەگەڵ دایکانی تەنیا، دەستەبەرکردنی باخچەی ساوایان، خۆراکی خۆڕایی و پێداویستیە پەروەردەییەکان لە خوێندگاکان و هاوپێوەندی جیهانیش لە بەرنامەی کار دابنێن.

بەدەربڕینێکی سادە، ڕۆژی جیهانی ژن لە سەرەتادا ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار بوو. لەگەڵ ئەوەی کە ئامانجی یەکەمی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بوو بۆ ژنانی جیهان، بەڵام ئایدیاکانی زۆر بەرزتر بوون: ڕووخاندنی سەرمایەداری و سەرکەوتنی سۆسیالیزم، هەڵوەشانەوەی کۆیلەداری کرێی کرێکاران و کوێلەداری کابانی ژنان لە ڕێگەی بە کۆمەڵایەتی کردنی کاری پەروەردە و سەرپەرشتی.

یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژن

یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژن، نەک لە ٨ی مارس بەڵکو لە ١٩ی مارسی ۱۹۱۱ بەڕێوە برا. ئەم مێژووە بە یادی شۆڕشی ١٨٤٨ی بەرلین هەڵبژێردرا بوو. ڕۆژی پێش لەمە یانی ١٨ی مارس تایبەت دەکرا بە “شەهیدانی پاڵەوانی مارس”.

blank
رۆژنامەی بەرابەری کە داوای مەراسیمی رۆژی جیهانی ژن دەکات لە ١٩ی مارسی ١٩١١

لە ئەڵمانیا دوو ملیۆن و نیو بەیاننامە بۆ بەشداری لە ڕۆژی جیهانی ژن ئامادە و بڵاودەکرایەوە. ڕۆژنامەی “بەرابەری” لەمەڕ ئەم ڕۆژە وەهای نووسی: “هاوڕێیان! ژنان و کچانی کرێکار! ١٩ی مارس ڕۆژی ئێوەیە. مافی ئێوەیە. لە پشتی خواستەکانتان سۆسیال-دیموکراسی و کاری ڕێکخراوەیی هەیە. ژنانی سۆسیالیستی هەموو وڵاتان لەگەڵتاندا هاوپەیمانن. ۱۹ی مارس دەبێ ڕۆژی شکۆی ئێوە بێت”..

لە ئەڵمانیا زیاد لە ملیۆنێک ژن، کە زۆرینەیان لە لایەن حیزبی سۆسیال-دیموکرانی ئەڵمانیا و یەکێتی و ڕێکخراوەکانەوە ڕێکخرابوون، لە شەقامەکان هاواری “بۆ پێشەوە بەرەو مافی دەنگدانی ژنان”یان دەکرد و خوازیاری بەرابەری و یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون. ئەوان “گردبوونەوەگەلێکی سیاسی گشتی بەناوبانگیان” ڕێکخست -چلودوو گردبوونەوە تەنیا لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو- باسەکانیان لەمەڕ بابەتگەلێک بوو کە کاریگەری دەکردە سەر ژیانی ڕۆژانەیان.

ساڵی ۱۹۱٤ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژن لە ٨ی مارس بە شێوەی بزاوتێکی جیهانی بەڕێوەچوو. سیمبولی ئەم بۆنەیە پۆستەرێک بوو بە درووشمی “ڕۆژی ژن/٨ی مارس ١٩١٤-بۆ پێشەوە بەرەو مافی دەنگدانی ژنان” و وێنەی ژنێک کە جلی ڕەشی لەبەر بوو و ئاڵای سووری ڕادەوەشاند. لە ئەڵمانیا -کە خەریکی زاڵ بوون بوو بەسەر پەرێشانییەکانی جەنگی جیهانی یەکەم- پۆلیس داکوتین و بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکانی قەدەغە کردبوو. چوارەمین ڕۆژی جیهانی ژن جووڵانەوەیەکی تێکڕایی بوو لە دژی جەنگێکی ئیمپریالیستی کە سێ مانگ دواتر ڕوویدا.

blank
پۆستەری ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی ژن ١٩١٤

سێ ساڵ دواتر کاتێ کە شۆڕشی فێبرییەری ڕوسیای لەرزاند، ٨ی مارس بایەخێکی نوێ درایە (٢٣ی فێبرییەر لە ڕۆژمێری جولین هاوکاتە لەگەڵ ٨ی مارس لە ڕۆژمێری زایینی). ژنانی کرێکار ڕووسیا ڕۆڵێکی شایستە و کارایان لەو شۆڕشەدا هەبوو. لەگەڵ دژایەتی کردنی حیزبەکان لەوانە بەلشەفیکەکان، بەڵام ئەوان خۆپیشاندانی ڕۆژی جیهانی ژنیان کردە مانگرتنێکی فراوان کە هەموو چینی کرێکاری پترۆگراد خستە ژێر کاریگەرییەوە و شۆڕشی ڕووسیا لە هەناوی ئەودا لە دایک بوو.

شەڕ دەستی پێکرد

ئاگۆستی ١٩١٤ شەڕی جیهانی یەکەم دەستی پێکرد و بووە سەردەمێکی نوێی گەشە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی جیهانی ژنانی سۆسیالیست. هەموو ئەنتەرناسیۆناڵی دووەم -بەم پێیەش بزووتنەوەی جیهانی ژنانی سۆسیالیست- لە ئاقاری دەمارگیرانەی نیشتمانپەرستی دابەش بووە سەر لەقگەلێکی  نەتەوەیی. حیزبی سۆسیال -دیموکراتی ئاڵمانیا (هەروەها کۆمیسیۆنی گشتی سەندیکاکانیش کە لایەنگری حیزب بوون) لەگەڵ قەدەغەکردنی خۆپیشاندانی ڕەخنەگرانەی سیاسەت، بڕیاڕنامەی “ئاشتی کۆمەڵایەتی” پەسەند کرد. ئەوانەی کە ئەم قەدەغەیەیان شکاند و ڕۆژی جیهانی ژنیان بەکۆمەڵ جەژنیان گێڕا لەلایەن دەوڵەت و پۆلیسەوە سەرکوت کران.

لە سەرەتاکانی نۆڤەمبەری ١٩١٤ کلارا زێتکین گوتاربێژییەکی لە دژی شەڕ و لە پشتیوانی لە جووڵانەوەیەکی جەمعی بەرەو ئاشتی پێشکەش کرد و تیایدا ڕووی قسەی لە “ژنانی سۆسیالیستی هەموو وڵاتەکان” بوو. کلارا لە دژایەتی لەگەڵ ئیمپریالیزم، سێیەم و دوایەمین کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیستی لە ئاپریلی ١٩١٥ ڕێک خست. (لینین بە هاوڕێیەتی دەستەیەکی بەلشەفی لەوانە کروپسکایای هاوسەری و لیلینا زینۆڤیڤ لەم کۆنفرانسە بەشداری کرد).

لە هەمان کات ک شەڕی ئیمپریالیستی لە دەوروبەریاندا لە ئارادا بوو، ئەم کۆنفرانسە هاواری شەڕی جیهانی “شەڕ لە دژی شەر” بەرز کردەوە. ێیتکین پاش گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا بە تاوانی دابەشکردنی مانیفێست کە پەڕاوێکی نایاسایی بوو دەستگیرکرا.

یادکردنەوەی ساڵانە

پاش هەڵوەشانەوەی دووەمین ئیمپراتۆری ئەڵمانیا و پێکهێنانی شوراکانی کرێکاران و سەربازان لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە لە نۆڤەمبەری ١٩١٨، بۆرژوازی دژە شۆڕشێکی دیموکراتی دروست کرد. ئەوان مافی دەنگدانیان بە ژنان دا بەڵام لە وایمار، پەرلەمان و جەڤاتی دامەزرێنەرانی پێکهاتوو لە نوێنەرانی شوراکانی کرێکاران دامەزرا.

حوکم و پێشنیارەکانی بۆرژوازی، فریدریک ئێبێرت یەکەمین سەرۆک کۆماری وایمار جێبەجێی دەکردن. لەلایەن ئەو – و بۆرۆکراسی یەکێتییەکانەوە- خواستی مافی دەنگدانی ژنانی جیهان کە لە لایەن بزووتنەوی شۆڕشی کرێکارییەوە وەک خواستێکی کاتی پەسند کرابوو وەک لەمپەرێک لەسەر ڕێی شۆڕشی سۆسیالیستی لێکدرایەوە.

لەوێوە کە ڕۆژی جیهانی ژن لە باڵی چەپی بزووتنەوەی ژنانی کرێکار سەرچاوای گرتبوو ڕابەری حیزبی سۆسیال-دیموکراتی ئەڵمانیا مەراسیمی بەرزڕاگرتنی ٨ۍ مارس لە بەرنامەی کار وەلانا..

حیزبی کۆمونیست لەبەر ئەوەی بایەخ و ئیعتباری لەکەدار نەبێت، ڕۆژی جیهانی ژنی بە دروشمی “بە هەموو هێزەوە بەرەو شوراکان! بە هەموو هێزەوە بەرەو سۆسیالیزم!” جەژنی گێرا و ئەم ڕۆژە لە جوونی ۱۹۲۱ بە هەوڵی کلارا زێتکین بە فەرمی ناسێنرا. دووەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنانی کۆمونیست بە سەرۆکایەتی زێتکین و لە مۆسکۆ بەڕێوە چوو و لەوێ ڕاگەیەندرا کە لەمەودوا ڕۆژی جیهانی ژن لە هەموو دنیا لە ٨ی مارس جەژن دەکرێ.

لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ژن لە هەموو وڵاتان جەژن دەگێڕدرێ وەک یادکردنەوەی ساڵانەی توانای شۆڕشی ژنانی کرێکار.

سەرچاوە:

www.jacobinmag.com تێبینی: ناوونیشانەکەم گۆڕێوە.