په‌یكه‌ر بۆ ستالین؟
هیتله‌ر و ستالین دوو دیكتاتۆری دڕنده بوون، كه له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان تاوانی كوشتن‌یان ئه‌نجامداوه. به‌ڵام، له كاتێكدا مه‌حاڵه خه‌یاڵی ئه‌وه بكه‌ین كه په‌یكه‌رێك بۆ هیتله‌ر له به‌رلین، یان هه‌ر شوێنێكی تری ئه‌ڵمانیا دابنرێت، به‌ڵام په‌یكه‌ره‌كانی ستالین دووباره له زۆر جێگای جۆرجیا (شوێنی له‌دایكبوونی) دانرانه‌وه، واش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت وه‌ك به‌شێك له كاری وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی سۆڤیه‌ت، په‌یكه‌رێكی دیكه‌ی له مۆسكۆش بۆ دابنرێت.
ئه‌م جیاوازیانه له هه‌ڵوێستدا به‌رامبه‌ر ئه‌م دوو پیاوه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه ئه‌م دووانه فه‌رمانڕه‌وای بوون. له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا، نیوه په‌یكه‌رێكی ستالین له مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی D-DAY له فێرجینیا هه‌یه. به‌م دوایانه له نیویۆرك له چێشتخانه‌یه‌كی ڕووسی شێوه سۆڤیه‌تیدا شێوێكم كرد، كه خانمه خزمه‌تكاره‌كانی جلوبه‌رگی سۆڤیه‌تییان له بهركردبوو، هه‌روابێته‌وه تابلۆیه‌كی سه‌ركرده سۆڤیهتییهكانیش هه‌ڵواسرابوو كه به ئاشكرا وێنه‌ی ستالینی تێدا بهدهركهوتبوو. هه‌روه‌ك له نیویۆرك باڕێكی تێدایه به ناوی (كه‌ی جی بی)یه‌وه”KGB Bar”. تا ئه‌و شوێنه‌ی من زانیاریم هه‌بێت، هیچ چێشتخانه‌یه‌ك له‌سه‌ر شێوه‌ی نازییه‌كان و، هیچ یانه‌یه‌كی گۆستابۆ یاخود هێزه‌كانی ئێس ئێسیش له نیویۆركدا نییه.
به‌ڵام تۆ بێژیی بۆچی تا ڕاده‌یه‌ك ستالین له هیتله‌ر پهسهندكراوتره؟
مانگی ڕابردوو[1] له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا، فلادیمێر پۆتینی سه‌رۆكی ڕوسیا هه‌وڵیدا پاساوێك بۆ ئه‌وه بێنێته‌وه. كاتێك له‌باره‌ی پلانی مۆسكۆ بۆ دانانی په‌یكه‌رێك بۆ ستالین پرسیاری لێكرا، پۆتین ئاماژه‌ی به ئۆلیڤه‌ر كرۆموێڵ سه‌رۆكی به‌ره‌ی په‌رله‌مانی ئینگلیزی كرد له جه‌نگی نێوخۆی به‌ریتانی له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌دا، ئه‌و پرسیاری كرد و گوتی: “چ جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری له نێوان كرۆموێڵ و ستالین‌دا هه‌یه؟”، هه‌ر خۆشی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی خۆی دایه‌وه و گوتی: “هیچ جیاوازییه‌كیان نییه”، ئه‌و وا وه‌سفی كرۆموێڵی كرد كه “هاوتایه‌كی فێڵبازبووه” كه ڕۆڵێكی گه‌لێك ئاڵۆز‌و ته‌مومژاوی بینیوه له مێژووی به‌ریتانیادا”. (له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی گشتی “House of Commons” له له‌نده‌ن په‌یكه‌رێكی كرۆموێڵ دانراوه).
ته‌مومژاوی و ئاڵۆزی وه‌سفێكی ماقوڵه بۆ لایه‌نی ڕه‌وشتی كرده‌وه‌كانی كرۆموێڵ. ئه‌و له كاتێكدا بره‌وی به ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی ده‌دا له ئینگلته‌را و، كۆتایی به شه‌ڕی نێوخۆی هێنا و. ڕێگه به ئاستێك له لێبوردنی ئایینی دا، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا پشتگیری دادگاییكردن و له سێداره‌دانی چارلسی یه‌كه‌می كرد وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له‌هه‌مبه‌ر ئه‌گه‌ری هاوپه‌یمانی نێوان كاسۆلیكه ئیرله‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پاشاخوازه ئینگلیزه‌كاندا، به شێوه‌یه‌كی دڕندانه په‌لاماری ئیرله‌ندای دا.
به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی كرۆموێڵهوه، ستالین به‌رپرسه له كوشتنی ژماره‌یه‌كی بێ‌شومار له خه‌ڵكانی سیڤیل، ئه‌مه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی هیچ جه‌نگ یاخود هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی. به پێی تیمۆسی سنایده‌ر، نووسه‌ری كتێبی “Bloodlands”، دوو بۆ سێ ملیۆن مرۆڤ له سه‌ربازگه‌كانی كاری زۆره‌ملێ(بێگاری) له گۆلاك(Gulag)دا مردوون، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی ملیۆنێك مرۆڤ له ماوه‌ی تیرۆری مه‌زنی كۆتایی سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستهمدابه گولهبارانكردن و كوژراون. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای مردنی ٥ ملیۆن كه‌سی دیكه له برساندا له قاتوقڕی ساڵانی ١٩٣٠-١٩٣٣، له نێویاندا ٣.٣ملیۆن له‌و ئۆكرانیانه‌ی تێدابوو كه به‌هۆی نه‌ژادیان و به‌هۆی پێگه‌ی جوتیارانه‌ی تا ڕاده‌یه‌ك گهشهكردویان به ئامانج گیرابوون، كه به كۆلاك (kulaks) ناسراون.
خه‌مڵاندنه‌كانی سنایده‌ر بۆ كۆی گشتی قوربانیه‌كانی ستالینی ئه‌وانه‌ی له خۆی نهگرتووهكه توانیویانه دوای چه‌شتنی تاڵاوێكی زۆر ڕزگاریان بێت له كاری زۆره ملێ یاخود نه‌فیكردنی ناوخۆیی. ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش ههژماربكرێن ئه‌وا ئه‌وانه‌ی به توندی گیرۆده‌ی سیاسه‌ته سته‌مكارانه‌كانی ستالین بوونه‌ته‌وه بۆ زیاتر له ٢٥ ملیۆن كهسبهرزدهبێتهوه. به‌ڵام ژماره‌ی تێكڕای ئه‌وانه‌ی له سه‌رده‌می ستالین‌دا گیانیان له ده‌ستداوه زۆر زیاتر له‌وه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت كه سنایده‌ر باسی كردووه، واته ٢٠ ملیۆن، ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی مێژوونووسه‌كان ده‌ستیان بگات به ئه‌رشیفه‌كانی سۆڤیه‌ت مه‌زه‌نده‌ی ئه‌و ژماره‌یه كرابوو، به‌ڵام كۆی گشتی هه‌ر شتێكی ترسناكه- كه هاوتای قه‌باره‌ی پرۆسه‌كانی كوشتنی نازییه‌كانه (كه له‌ماوه‌یه‌كی كورتتردا ڕوویاندا).
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، ئه‌رشیفی سۆڤیه‌تی ئاشكرای ده‌كات كه ناتوانین بڵێین پرۆسه‌كانی كوشت و بڕی نازییه‌كان خراپتر بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كانی ده‌ستی نازییه‌ت له‌سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ژاد و نه‌ته‌وه به ئامانج گیراون. ستالینیش هه‌ندێك له قوربانییه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه هه‌ڵبژاردووه- ئه‌مه‌ش ته‌نها ئۆكرانییه‌كان ناگرێته‌وه، به‌ڵكو كه‌سانێكی دیكه‌شی گرتبووه‌وه كه سه‌ر به‌و كه‌مینه نه‌ژادیانه بوون كه هاوسنووری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوون. هه‌روه‌ك ستالین له ستهمكارییهكانیدا ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی جولهكهكانیشی به ئامانج گرت.
هه‌رچه‌نده ژووره‌كانی غاز له‌وێ بوونیان نه‌بووه، هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین كه پاڵنه‌ره‌كانی ستالین بۆ سته‌مكارییه‌كانی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ نه‌بووه، به‌ڵكو پاڵنه‌ری ئه‌و ترساندن و سه‌ركوتكردنی به‌رهه‌ڵستكاره ڕاسته‌قینه و وههمیهكانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بووه. به‌ڵام ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك پاساو نییه بۆ ئه‌و كوشتن و زیندانیكردنانهی كه ئه‌نجامی ده‌دا.
بۆیه ئه‌گه‌ر ئاڵۆزی و ته‌مومژاوییه‌ك له تۆماری ئه‌خلاقی ستالین‌دا هه‌بێت، ده‌شێت له‌به‌ر ئه‌وه بێت كه كۆمۆنیزم له وه‌ته‌رێكی هه‌ستیاری هه‌ندێك له پاڵنه‌ره جوامێرییهكانمان ده‌دات، چونكه كۆمۆنیزم هه‌وڵ بۆ یه‌كسانی نێوان هه‌مووان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژاری له‌ناو بدات. له كاتێكدا ئه‌م ئامانجه جیهانیه لای نازییه‌كان نه‌بووه، ئه‌وان له ڕووكهشیشدا هیچ گرنگییه‌كیان به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ده‌دا، به‌ڵكو گرنگی پێدانی نازییه‌كان ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌گه‌زێكی گریمانه‌كراو بوو، ئه‌مه‌ش به ئاشكرا هاوشان بوو به ڕق و كینه و بێڕێزیكردن به گروپه نه‌ژاده‌كانی تر.
به‌ڵام كۆمۆنیزم له سه‌رده‌می ستالین‌دا پێچه‌وانه‌ی یه‌كسانی بوو، چونكه ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های دابوو به كه‌مینه‌یه‌ك له خه‌ڵكی و، زۆرینه‌شی له ته‌واوی مافه‌كانیان بێبه‌ش كردبوو. ئه‌وانه‌ی به‌رگری له ستالین ده‌كه‌ن، ڕزگاركردنی ملیۆنه‌ها خه‌ڵكی له برسێتی بۆ ئه‌و ده‌گێڕنه‌وه، به‌ڵام ستالین له توانایدا بوو كه ملیۆنه‌ها خه‌ڵكی له برسێتی ڕزگار بكات به بێ كوشتن و زیندانیكردنی ملیۆنه‌های دیكه.
خه‌ڵكانی دیكه‌ش هه‌ن كه به‌رگری له ستالین ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ستالین ڕۆڵی هه‌بووه له ڕاگرتنی داگیركاری نازییه‌كان و له كۆتایشدا شكستپێهێنانی هیتله‌ر. به‌ڵام پاكسازییهكانی ستالین له‌ناو سوپای سوەردا له ماوه‌ی ساڵانی تیرۆری مه‌زندا، به شێوه‌یه‌كی گه‌وره بوو به هۆكاری لاوازكردنی سوپای سوور، به ئیمزاكردنی په‌یماننامه‌ی ده‌ستدرێژی نه‌كردنه سه‌ر یه‌كتری نێوان نازیی-سۆڤیه‌ت له ساڵی ١٩٣٩دا ڕێگای خۆشكرد بۆ ده‌ستپێكردنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، هه‌روه‌ها فه‌رامۆشكردنی مه‌ترسی نازییه‌كان بۆ سه‌ر سۆڤیه‌ت وای كرد ستالین ئاماده و ته‌یار نه‌بێت بۆ به‌رگرتن له هێرشی هیتله‌ر له ساڵی ١٩٤١دا.
ئه‌وه ڕاسته كه ستالین وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌ركه‌وتن له شه‌ڕدا ئاراسته كرد، هه‌روه‌ها پێگهیهكیشی بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا وه‌ك هێزێكی جیهانی كه نه له‌وه‌وپێش و نه له دواتریشدا به‌خۆیه‌وه نه‌یدیوه. به‌ڵام هیتله‌ر، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه، وڵاته‌كه‌ی به تێكشكاوی و داگیركراوی و، دابه‌شبوو به‌جێهێشت.
له ڕاستیدا خه‌ڵكی هاوسۆزن له‌گه‌ڵ وڵاته‌كانیاندا و به ڕێزه‌و ده‌ڕواننه ئه‌وانه‌ی كه پێشڕه‌وی وڵاته‌كانیان بوون له كاتێكدا له‌وپه‌ڕی هێزی خۆییدا بووه. هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری ئاره‌زووی دانیشتوانی مۆسكۆ شیده‌كاته‌وه بۆ په‌سه‌ندكردنی بوونی په‌یكه‌ری ستالین، به به‌راورد به دانیشتوانی به‌رلین بۆ دانانی په‌یكه‌رێك بۆ هیتله‌ر.
به‌ڵام ئه‌مه زیاتر نییه له به‌شێك له هۆكاره‌كانی جیاوازی هه‌ڵسوكه‌وتكردن له هه‌مبه‌ر ئه‌و دوو خوێنڕێژه‌دا. هێشتاكه من سه‌رم سووڕ ده‌مێنێت له به‌رامبه‌ر بوونی چێشتخانه‌یه‌كی شێوه سۆڤیه‌تی و یانه‌یه‌كی كه‌ی جی بی له نیویۆركدا.
سه‌رچاوه:
بيتر سينغر، أخلاقيات عالمنا الواقعي، ت:أحمد رضا، 86 مقالاً موجزاً عن أشياء تهمنا.
[1] كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره بۆ یه‌كه‌مجار له پرۆجێكت سیندیكهییت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ٩/١/٢٠١٤.