دیاردەی ‘تەكفیر’ لە فیكری ئیسلامی ھاوچەرخدا
سیمینارێکی دەروونشیکار ئیقبال غەربی
ئەمە سیمینارێکی ئیقبال غەربی دەروونشیکار و ئەنترۆپۆلۆژیستی تونسییە لە دەزگای باوەڕدارانی بێسنوور لە تونس پێشکەش کراوە.
لەم وتارەدا دەچینە جیھانی ئەقڵی نائاگاوە، جیھانی نەست (لاشعور)، فانتازیا و پاڵنەرەكان، ئەم وتارە نزیك بوونەوەیەكە لە دیاردەی تەكفیر(بە کافردانان) لە ڕەھەندە نەستییەكەیەوە و، تیشك خستنیشە سەر كێشەی ئازادی و دیموكراسی كە لە بابەتە قەیراناوییەكانی ئەم سەردەمەن لە جیھانی ئیسلامیدا..
یەكەم قەیران كە ڕووبەڕووی ببینەوە قەیرانی ئازادی تاك و ئازادی بیروباوەڕ و ویژدانە.
لەم كاتەی ئێستادا سەرەتا وای دەبینین كە دیاردەی تەكفیر بەپێی دۆركایم زیاتر دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە، یان لەڕوویەكی ترەوە وای دەبینین دیاردەكە پەیوەندی بە تەفسیری ھەڵەی چەند دەقێكی ئایینییەوە ھەبێت و یان لادانە لە ئامۆژگارییەكانی ئایین كە ھەمووی بۆ خۆشەویستی و برایەتی و پێكەوە ژیان بێت…
بەڵام وانییە بەڵكو دیاردەكە زۆر لەوە قوڵترە كە تەنھا تەفسیری ھەڵەی دەقی ئایینی بێت یان كورتھێنانێكی مەعریفی چەند گروپ و تاقمێك بێت، لە مەبەستە ئایینی و شەرعییەكان.
ئێستا تەكفیر كردن بووەتە لەمپەرێكی گەورە لەبەردەم زۆربەی بوارەكانی ژیان، چونكە لەلایەكەوە تەكفیر دەبێتە ھۆی وەستانی توێژینەوەی زانستی و خوێندنەوەی ڕەخنەییانە بۆ دەقە ئایینییەكان لەبەر ئەوەی گوتاری ئایینی بەردەوام كۆمەڵێك تابۆ و حەرامكراو دادەنێت كە كەسی توێژەر ناتوانێت دەستیان بۆ بەرێت كە ھەر ئەمەشە دەبێتە هۆی چاكسازی نەکردنە دینییە چاوەڕوانكراوە.
لەلایەكی ترەوە كێشەی تەكفیر كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر سیاسەتە گشتییەكانیش ھەیە، وەك ئاسایشی ناو كۆمەڵ و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.
زەقترین نموونەش بۆ ئەم دیاردەیە دەركەوتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوو كە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لەم ھەزارەی سێھەمەدا لەسەر خاكی دێرینترین شارستانییەكانی جیھان كە دەستوری حامورابی و باخچە ھەڵواسراوەكانی تیابوو لە عێراق و سوریا ڕاگەیاند.
ئەمە ئەو پرسیارەمان بیردەخاتەوە، كە قوتابخانەی فرانكفۆرت پێی شۆك بوو؛ پرسیارەكەش ئەمەبوو:« چۆن لە وڵاتێكی پێشكەوتوودا جەماوەر بیری فاشیستی و نازی ھەڵدەگرن و تەبەنی دەكەن و چۆن سەردەمی ڕۆشنگەری نەیتوانی ڕێگری لە بیری فاشیستی بكات و وا لە جەماوەر بكات باوەڕی فاشیستیی نازییەت ھەڵنەگرن؟»
قوتابخانەی فرانكفۆرت دەڵێت: چۆن بەربەرێتیی لە دوای شۆرشی زانستی و تەكنەلۆژی و ڕۆشنبیری ئەم سەردەمە مۆدێرنەدا سەرھەڵدەداتەوە؟ كەواتە دەتوانین بپرسین: چۆن تەكفیر و گرووپە تەكفیرییەكان لەم سەردەمی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەدا و لە سایەی ئەم ھەموو شۆڕشی زانیاری و تەكنەلۆژی و دیجیتاڵەدا دەگەڕێنەوە؟
لەم سۆنگەیەوە درك دەكەین كە دوو تەفسیر(لێکدانەوە)مان ھەیە بۆ ھەڵسوكەوتی ئادەمیزاد.
تەفسیری یەكەم: پێی وایە تاك مرۆڤێكی ژیر و لەسەرخۆیە (عاقڵ)ە و لە ھەڵسوكەوت و كاردانەوەكانیدا پشت بە لۆژیك و ئەقڵ دەبەستێت.
تەفسیری دووەم: پێی وایە ئادەمیزاد بوونەوەرێكی زۆر جەنجاڵ و ئاڵۆزە و ژیری و ناژیری تیادا دەژی، ئەقڵانی و نائەقڵانی تیادا دەژی، زۆربەی جارەكانیش ھەڵسوكەوتی دینی و سیاسی ئەم مرۆڤە مەحكومە بە ھەڵچوونە دەروونییەكانی و حەز و ئارەزووەكانییەوە. ئەمەش كە فەیلەسوفی گریکی (ئەریستۆ) لە كتێبی (پۆڵێنكردنی دەروونیدا) دركی پێ كردووە كاتێك كە دەڵێت: “مرۆڤ ناتوانێت بێ خەیاڵ و فانتازیا بیر بكاتەوە”.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە چەندە پێویستە دیاردە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان بخەینە ژێر لێكۆڵینەوەی دەروونشیكارییەوە. لێرەوە وای دەبینین كە دیاردەی تەكفیركردن دیاردەیەكی كۆنە لە قوڵایی دەروونی مرۆڤدا و ڕەگ داكوتاویشە لە كولتووری گشتی ئێمەدا و بەرگری مانەوشی كردووە لەبەردەم ھەموو ھەوڵ و بیرە چاكسازییەكانیشدا.
كەواتە لێرەدا و بە پێی گڕیمانەی بنەڕەتی خۆمان بۆمان دەردەكەوێت كە تەكفیر تەنھا لادانێكی عەقیدەیی نییە لە بیر و باوەڕدا بەڵكو ئامرازێكە وەڵامی چەند پێداویستییەكی مرۆییانە دەداتەوە كە لە قوڵایی دەروونی تاكدا خۆی شاردۆتەوە و پاڵنەرە شاراوەكان لە لاشعور یان نەستی كۆدا بەیان دەكات.
لە ڕووی میتۆدیشەوە دەكرێت پرسیاری ئەوە بكەین كە تاچەند مەشروعە بۆمان لە سایكۆلۆژیای تاكەوە بڕۆین بەرەو سایكۆلۆژیای كۆمەڵگە و تاچەند بۆ ئێمە مەشروعە كە پراكتیكی دەروونشیكاری لەسەر دیاردە دینی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان بكەین؟
لێرەدا دەبینین كە خاڵی سەرەكی لای فرۆید لە دەروونشیكاریدا بریتییە لە دابەشكردنی ژیانی دەروونی بەسەر دوو لایەنی ئاگا و نائاگادا.
فرۆید دەڵێت: كرۆكی كێشە و گرێ دەروونییەكان چ لای تاك و چ لای كۆمەڵگە لە ئەقلی نائاگادایە نەك ئەقڵی ئاگا.
فرۆید پێی وایە كە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان سایكۆلۆژیەتی تاك و كۆمەڵگەدا نییە. وەك لە پێشەكی كێێنەكەیدا بەناوی (سایكۆلۆژیای جەماوەر و ئازادكردنی مندا) دەڵێت: “سەرەتا جیوازی لەنێوان سایكۆلۆژیای تاك و كۆدا زۆر قوڵ دەردەكەوێت بەڵام، كاتێك سەرنجی زیاتری لێ دەدەین، دەبینین ئەو جیاوازییە كاڵ دەبێتەوە چونكە، مرۆڤێكی جیا و گۆشەگیر بوونی نییە، چونكە، بەردەوام ئەویدی ڕۆڵێكی جەوھەری دەبینێت لە ژیانی مندا وەك نموونە و بابەت و شەریك یان وەك دژە منێك، چونكە سایكۆلۆژی تاك بە مانا فراوانەكەی ھەمان سایكۆلۆژی كۆمەڵگەشە”.
دەبێت ئاماژەش بەوە بدەین كە زۆربەی كتێبەكانی فرۆید خەسڵەتێكی سۆسیۆلۆژی و ئەنسرۆپۆلۆژیشیان ھەیە وەك (تەوتەم و تابۆ، سایكۆلۆژیای جەماوەر و ئازادكردنی من، شارستانیتی و نیگەرانییەکاندا، ئایندەی وەھم، موسا و یەكتاپەرستی).
لە ھەموو ئەو كتبانەی سەرەوەدا فرۆید لەو كۆنسێپتەوە دەست پێدەكات كە دەڵێت: “تاك چ بە تەنھا بێت یان لەناو كۆمەڵدا بێت تەنھا ئامێرێكە و (لیبیدۆ) بەڕێوەی دەبات”.
لیبیدۆ واتە پاڵنەری خۆشەویستی كە لە ھەمان كاتدا ھەردوو ھەستی شەڕانگێزی و دۆستایەتی تیایە. ھەروەھا دەبینین كە فرۆید ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدا بووە كەلێنەكانی نێوان سایكۆلۆژی تاك و سایكۆلۆژی كۆمەڵ پڕ بكاتەوە. ھەروەھا لەپاڵ فرۆیدیشدا دەبینین كتێبی زۆرێك لە شوێنكەوتوانی و ھاوسەردەمانی فرۆید زۆر جەخت لەسەر تایبەتمەندی سایكۆلۆژیای كۆمەڵگە دەكەنەوە لەوانە زانای دەروونزانی ( ماكدۆكال) لە كتێبەكەیدا بەناوی (ڕۆڵی غەریزە لە ھەڵسوكەوتی كۆمەڵدا) و زانای دەروونزانی (گوستاف لۆبۆن) لە كتێبەكەیدا سایكۆلۆژیای جەماوەر كە بە مانیفێستی سایكۆلۆژیای كۆمەڵ دادەنرێت و تیایدا (لۆبۆن) دەڵێت كە: جەماوەر مەغۆل و بەربەری ئەم سەردەمەن و چارەی جەماوەر تەنھا لەڕێی ھەڵوەشاندنەوەی بونیادی دەروونی دەبێت لەڕێی زانستەوە و دەڵێت: دەست وەردانی جەماوەر و چینە میللییەكان بۆ ناو سیاسەت و دەزگاكانی حوكم خەسڵەتی سەرەكی ئەم سەردەمەن.
ھەروەھا كتێبەكانی زانای دەروونی ولیەم ڕاێش كە دیاردەی فاشی و نازییەت و پۆپۆلیستی خستۆتە ژێر توێژینەوە. بە پێچەوانەی ئەو ڕایەی كە دەڵێت، فاشیەت و نازیەت و پۆپۆلیستی كاردانەوەی باری ئابووری كۆمەڵگەكانن (ڕایش) دەڵێت: پەیوەندیەكی قوڵ و پتەو لەنێوان فاشیەت و نازیەت و حەزە شاراوەكانی جەماوەردا ھەیە.
ھەروەھا زانای ناوداری دەروونشیكاری ئەریك فرۆم ساڵی ١٩٤١ كتێبی (ڕاكردن لە ئازادی) نووسی و تیایدا دەڵێت: كۆبوونەوەی زۆرینەی گەلی ئەڵمانی لە ھێتلەر سەرەڕای ئەوەی دەشیان زانی ھێتلەر ڕاسیست و نازییە و دژی ئازادییەكانە كەچی دەنگیان بە ھێتلەر دا و پشتیان گرت.
ئەوە ھەمووی لەبەر ئەوەیە كە لە ئەقڵی نائاگای گەلاندا مەیلێك ھەیە بۆ تێكدان و وێرانكاری و راسیست بوون. لێرەدا ئێمەش ھەمان پرسیار دەكەین، كە بۆچی گەلانی وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەكاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەنگ دەدەن بە حیزبە ئیسلامییەكان كە ئەو حیزبە ئیسلامیانە بە ئاشكرا دژی ئازادییە گشتی و تایبەتەكانیشن دژی بەرژەوەندی تاكن لە ئێستا و داھاتووشدا؟ بۆ چی ژنانیش بە ھەمان شێوە دەنگ دەدەن بەو حیزبانە كە دژی مافەكانی ژنانن و دەڵێن: “دەبێت ژن ھەر لە مەتبەخی ماڵەوەدا بێت”.
یان چۆن ئەو ھەموو ژنەمان دی كە پەیوەندیان بە داعشەوە كرد و بوون بە ئەندام تیایدا لەكاتێكدا داعش بە ئاشكرا بانگەشەی سەركوتكردنی ژنانی دەكرد.؟
پەیوەندییەكی قوڵ و ئاڵۆز لەنێوان ناوەرۆكی بریقەداری ئایدۆلۆژیا و پاڵنەرە دەروونییەكانی كەسایەتی تاكدا ھەیە.
كەواتە ئەمە شتێكە لۆژیك قبوڵی ناكات و دەچینەوە سەر ڕاكەی (ئەریك فرۆم) كە پێی وایە ئەوە لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی كۆمەڵگەیە بۆ ئەقڵی نائاگای خۆی وەڵامەكەمان لە قوڵایی لاشعوردا دەست دەكەوێت. ھەروەھا (تیۆدۆر ئەدۆرنۆ)ش لەكتێبەكەیدا بەناوی (كەسایەتی خۆسەپێن)دا دەڵێت: پەیوەندییەكی قوڵ و ئاڵۆز لەنێوان ناوەرۆكی بریقەداری ئایدۆلۆژیا و پاڵنەرە دەروونییەكانی كەسایەتی تاكدا ھەیە.
ھەروەھا (پێر ئانسار) لە كتێبەكەیدا بە ناوی (حەزە سیاسییەكان) دەڵێت: “ژیانی سیاسی كۆمەڵگەكان ھەمان شانۆی ھەڵچوونەكانی مرۆڤە لەھەر شوێنێكدا كە ھەستەكانی سەرسامی و خۆشەویستی و توڕەیی و تۆڵەسەندنەوە سەرھەڵبدەن”.. ھتد.
كەواتە بە پشت بەستن بەم چوارچێوە تیۆرییە دەتوانین بپرسین كە ئەو وەزیفانەی تەكفیر چین لە كۆنەستماندا واتە لە ئەقڵێ نائاگایی كۆمەڵدا سەر ھەڵدەدەن؟
دەتوانین بڵێین تەكفیر چەند پرۆسە و وەزیفەیەك لە ئەقڵی نائاگاماندا جێبەجێ دەكات، لەوانە:
پرۆسەی یەكەم؛ یەقین و دڵنیایی:
دروست كردنی یەقین و وەھمی خاوەندارێتی حەقیقەت. لێرەدا ھەمو تەكفیرییەكان بەدەست نیگەرانی و خەمۆكییەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەھۆی ئەو پەرەسەندنە خێرایەی جیھان و ئەو ھەموو ترسەیان لە دروست بوونی جیاوازییەكان ھەر لە جیاوازی بیروڕا و مەزھەبەكان و حەقیقەتە زانستیی و مێژوویی و ئەنسرۆپۆلیژییەكان كە بەردەوام دەدۆزرێنەوە. ئەمەش كە ئاسایشی ڕۆحی تەكفیرییەكان دەلەرزێنێت و تێكی دەدات. بۆ ئەوەشی بەسەر ئەو نیگەرانییە سایكۆلۆژیەیان زاڵ بن پەنا دەبەنە بەر نەھێشتنی جیاوازییە ڕەمزی و ماددییەكان. بە شێوەیەكی نەخۆشانە و نائاسایی لە دەوری یەك بیر و باوەڕ كۆدەبنەوە كە قبوڵی گومان لێكردن ناكات و، ھەتا نیگەرانییەكەشیان زیاد بێت ئەوا توندوتیژییان زیاتر دەبێت بەرامبەر بە ھەموو شێوەكانی جیاوازی و جیاخوازی و ئیدی تەكفیر وەك چەكێك بەكاردەھێنن بۆ دیفاع كردن لە خۆیان.
پرۆسەی دووەم؛ زەینی نەگۆڕ:
كەسی تەكفیری تووشی بەستنی زەینی بووە یان وەستانی فیكری یان نەگۆڕی زەینی بووە، ئەمەش واتە كەسەكە ناتوانێت گۆشەنیگای خۆی بگۆڕێت و خۆی بخاتە شوێنی بەرامبەرەكەی كە جیاوازە لێی تا لێی تێبگات. ئەم كەسانە كە تووشی نەگۆڕی زەینی بوون نەرمی فیكرییان نییە و ھەرتاكێك لەو گرووپانە ڕا و مەبدەئی جێگیر و چەسپیوی نەگۆڕی خۆی ھەیە و بەڵگەكانی بەرامبەر ڕەتدەكاتەوە و خۆی دادەخات لە بەرامبەر بەڵگەكانی ئەویتر چونكە خودسێنتراڵییەكەی ناھێڵێت خۆی بخاتە جێی ئەویتر یان بەرامبەرەكەی كە جیاوازە لەم.
لەم دۆخەشدا كەسی تەكفیری ئەویتر كە جیاوازە لە خۆی وەك بوونەوەرێكی ئازاربەخش و وێرانكەر دەبینێت كە وادەزانێت ئەویتر ھەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی
كەسی زەین بەستوو یان زەین نەگۆڕ پشت بە ڕای نەگۆڕ و فیكری جێگیری خۆی دەبەستێت كە ئەو ڕا و فیكرانە بەھیچ جۆرێك جێی گفتوگۆ نین و نابێت موناقشەیان لەسەر بكات. چونكە پێشوەختە بیروڕای خۆی بە هۆکاری ویژدانی و بارگەی نەستی سواغ داوە و یەكلایی كردۆتەوە كە ھەموو موناقەشەیەك لەبارەیانەوە دەكات بە موناقەشەی ژیان و مردن، لەبەر ئەوە گفتوگۆ و موناقەشە لەسەر بیروڕاكانی بە مەترسی و سەركێشی دادەنێت بۆ سەر دڵخۆشی و ئاسودەییە وەھمییەكەی و بە ھەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر باوەڕبوونی بە خۆی. كاتێكیش كە موناقەشەی لەگەڵدا بكەیت وادەزانێت تۆ دەتەوێت بیكوژیت. لەم دۆخەشدا كەسی تەكفیری ئەویتر كە جیاوازە لە خۆی وەك بوونەوەرێكی ئازاربەخش و وێرانكەر دەبینێت كە وادەزانێت ئەویتر ھەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی، ئیدی ئەم تووشی واھیمەی نیگەرانی و چەوساندنەوە دەبێت و نایەوێت بەھیچ جۆرێك گوێ بۆ كەسی بەرامبەری بگرێت ئەگەرچی كەسی بەرامبەر بەڵگەكانیشی زانستی و بابەتیانە بن، چونكە ئەم پێشوەختە پێی وایە كە كەسی بەرامبەر فێڵباز و ژەھراوییە.
پرۆسەی سێھەم؛ فۆبیای جیاوازی:
ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە كەسەكە پێی وایە جەستە كامڵ و یەكانگیرە و لە فۆرمێكی باڵاتر و میتافیزیكیدا و گەر جەستە تەنھا بە مرۆڤەوە ببەسترێتەوە ئەوا ئەو جەستەیە پیسە و وەك خەسینێكی ڕەمزی تەماشای دەكات.
كەسی تەكفیری گەر توانی ئەوانیتر بخاتە سەر ڕای خۆی ئەوا بە شێوەیەكی ڕەمزی ئەوانەی لەسەر ڕای ئەون وەك ناو سكی دایكی خۆی دەبینێتەوە و خۆیشی وەك كۆرپەلەیەك دەبینێتەوە كە گەڕاوەتەوە ناو سكی دایكی.
بەپێی ژنە زانای دەروونشیكاری ئینگلیزی (میلانی كلاین) كەسی تەكفیری بەردەوام بە دوای وێنەی خۆیدا دەگەڕێت لەوانیتردا چونكە ئەوانیتر وەك باوەشی دایك دەبینێت بۆ خۆی، چونكە مرۆڤ لە باوەشی دایكدا ھەست بە ئارامی و دڵنیایی دەكات.
كەسی تەكفیری ئەوانیتر وەك پرۆژەیەك دەبینێت بۆ بونیاتنانی ئێمەیەكی كۆ بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو ئێمەیەوە دیسان خۆی لە جەستەی دایكیدا بتوێنێتەوە، واتە كەسی تەكفیری گەر توانی ئەوانیتر بخاتە سەر ڕای خۆی ئەوا بە شێوەیەكی ڕەمزی ئەوانەی لەسەر ڕای ئەون وەك ناو سكی دایكی خۆی دەبینێتەوە و خۆیشی وەك كۆرپەلەیەك دەبینێتەوە كە گەڕاوەتەوە ناو سكی دایكی. ئیدی چی ھەیە لەو ھەستە زیاتر ئارامی و ئاسودەیی بداتێ و دووربێت لەو نیگەرانییە وەھمیەی كە بەردەوام مێشكی دەخوات. كە تەكفیرییەكان خۆیان پێی دەڵێن: (الولاء والبراء) یان پاكی و بێگەردی. ئەمەش ھەستكردنیان بە بیروباوڕی دینی زیاتر دەكات و زیاتر چێژ لەو ھێزە دەبینن كە لەو ئینتیمایەوە دەیبینن.
بێگومان لەناو ئەم گرووپی (الولاء والبراء)ەدا كە لەیەك دەچن بەردەوام بە دوای ئارامی و ئاسایشی زەینی خۆیان دەگەڕێن و ھەمیشە دەیانەوێت لە باوەشی ڕەمزی دایكدا بمێننەوە دەبینین ھەموویان ھاوشێوەی یەكن و ھەست دەكەن بوونەتە نوێنەری سیستمی سرووشتی شتەكان و هەركەسێك ئەو سیستمە سرووشتییە تێك بدات وەك غەوارەیك دەبینرێت (دخیل)ە و كافرە. لێرەدا گرووپی تەكفیری وەك ھەڕەشەیەكی نێرگزی سەیری ئەو كەسانە دەكات كە دەیانەوێت موناقشە لەسەر قەناعەت و خاڵە لاوازەكانیان بكات كە تەنانەت ئەو خاڵە لاوازانەش لە خۆشیان دەشارنەوە و گەر كەسێك ئەو موناقەشەیەیان لەگەڵ بكات ئەوا بە كافری دەزانن و ئیدی گرووپەكە زیاتر كەللەڕەق دەبن لەسەر بیروڕاكانی خۆیان، كە ئەمە لە دەروونشیكاریدا بە پرۆسەی (تەوزیفی نێرگزی و بەرگری نێرگزی) ناو دەبرێت، كە دەرونشیكاری ئەو دوو پرۆسەیە بە گرنگترین پێكھاتەكانی گرووپە تەكفیرییەكان دادەنێت.
پرۆسەی چوارھەم؛ گەڕان بەدوای باوكێكی كۆمەڵایەتیدا:
گرێدانەوەی تەكفیر بە باوكێكی كۆمەڵایەتی و گەڕانێكی منداڵانە بەدوای ئارامی و ئاسودەیی سۆزداریدا.
زۆربەی توێژەران باس لە كۆمەڵگە بێ باوكەكان دەكەن لەم سەردەمەی خۆماندا، ھەرلە كۆنەوە پێگەی مرۆڤ لەسەر زەوی بریتی بووە لە عەھد و پەیمانی ئازادی و بەرپرسیارێتی. كە زۆربەی مرۆڤەكان لەم ئازادی و بەرپرسیارێتییە دەترسن و تەحەمولی ناكەن، ناچنە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە لەبەر ئەوە بە دوای فێڵی دەروونی و كۆمەڵایەتیدا دەگەڕێن تا خۆیان لەو بەرپرسیارێتی و ئازادییە بدزنەوە. زانای دەروونشیكاری (پێردیكۆ) لە كتێبەكەی بە ناوی (سەركەوتنەكانی دەروونشیكاری) دەڵێت: «كەسی پێگەیشتوو ھەموو چركەیەك لە ژیانیدا ڕووبەڕووی ھەڵبژاردن دەبێتەوە، ھەڵبژاردن لەنێوان سانایی و سەختیدا، چونكە ھەڵبژاردنی سەختی واتە كە مرۆڤ دەبێت ڕۆڵی كەسێكی كامڵ و تێگەیشتوو و پێگەیوو ببینێت و بەردەوام بەرەو پێش بڕوات و دوور بكەوێتەوە لە ڕەحمی دایك، ھەڵبژاردنی سانایی یان ئاسان واتە گەڕانەوە بۆ دواوە و گەڕان بە دوای پاراستن و گەڕانەوە بۆ ناو ڕەحمی دایك).
كەواتە كەسی تەكفیری كە سانایی ھەڵبژاردووە و بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێت لەو نیگەرانییە وجودییە و ئەو ساناییەی خۆی لەدەست نەدات ئەوا بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدات كە لەگەڵ گرووپەكەی خۆی یەك بگرێتەوە بۆ ئەوەی دیسانەوە ھەست بە ھێز و توانایی بكات لە ناو گرووپەكەیدا و بێ بەری بێت لەو كەسانەی كە جیاوازن و سەر بە گرووپەكەی ئەو نین.
كەواتە گرووپ یان تیمی ڕزگار بوو (الفرقە الناجیە) فێڵێكی لاشعوری و ئەقڵی نائاگایە بۆ ئەوەی كەسەكە لە ڕێگەیەوە دیسان ئێمەی كۆ دروست بكاتەوە، ئێمەیەكی پتەو وەك (البنیان المرصوص) بۆ ئەوەی لە وەھمی خۆیدا دیسان لە جەستەی دایكیدا بتوێتەوە و بە شێوەیكی ڕەمزی بچێتەوە ناو ڕەحمی دایكی بۆ ئەوەی ھەست بە ئاسودەیی و ئارامییەكی بێ كۆتا بكاتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھەست بە لاوازی و كەموكوڕی و بێدەسەڵاتی مرۆڤانەی خۆی نەكات.
پرۆسەی پێنجەم: تەكفیركردن و بەشەیتان كردنی ئەویدی و دۆزینەوەی قوربانی.
یەكێكیتر لە خەسڵەتەكانی گوتاری تەكفیری ئەوەیە كە ھەوەس و ئارەزوویەكی بێ سنووری ھەیە بۆ ئەوەی ھەموو شتە خراپ و گەندەلەكان بدات بەئەستۆی ئەویدیدا كە لێی جیاوازە.
مرۆڤ ئامادەگییەكی غەریزی تیایە بۆ شەڕانگێزی و دوژمنكاری، كە سەرچاوەكەی نازانین لەكوێوەیە.
ھەروەھا گوتاری تەكفیری لەسەر فێڵێكی تری نەستی بەندە كە ئەویش پرۆجێكشنە واتە (اسقاط) ئەمەش مەیلێكی مرۆییە بۆ ئەوەی ھەموو ئەو پاڵنەر و ھەڵچوونە دەروونیانەی كە لەناخماندایە و حەزمان لێیان نییە بدەینە ئەستۆی ئەویتر یان ئەوانی تردا. یان بیدەین بەسەر ئەوانی تردا واتە بۆیە من ئەو ھەستە ناخۆشەم ھەیە یان ئەو حەزە پیسەم ھەیە خەتای ئەویترە. بە تایبەتی مەیل و حەزە سێكسی و شەڕانگێزییەكان.
فرۆید لە كتێبەكەی (لەودیو پرەنسیپی چێژ)ەوە دەڵێت: مرۆڤ ئامادەگییەكی غەریزی تیایە بۆ شەڕانگێزی و دوژمنكاری، كە سەرچاوەكەی نازانین لەكوێوەیە. ئێمەش بەرپرسیارێتی ھەموو بەڵا و گەندەڵی و موسیبەتەكان دەخەینە ئەستۆی قوربانییەوە و فرۆید دەڵێت: ئەمە فێڵێكی بەرگریكارانەیە(حيلة دفاعية) لە ڕێگەیەوە تاك دەتوانێت بارگە چەپێنراوەكانی ناخی خۆی بەسەر كەسی بەرامبەردا بەتاڵ بكاتەوە بە بیانووی ئەوەی كە ئەمە تەنھا كاردانەوەیەكە بەرامبەر بە نیازی گڵاوی ئەویتر.
لەم حاڵەتەدا كەسی تەكفیری یان گرووپی تەكفیری ئەویتر لە بازنەی مرۆڤ بوون دادەبڕن و وەك ئاژەڵێك سەیری دەكەن، بۆیە دەبینین كە لە گوتاری گرووپە تەكفیرییەكاندا ئەویتر وەك میكرۆب و ڤایرۆس و ئاژەڵ سەیر دەكەن و بە شێرپەنجەیەكی دادەنێن كە وەك خۆرە كەوتۆتە جەستەی ئومەتی ئیسلامییەوە و لێرەدا وشەی (أمة) وەك ئاماژەیەك بۆ جەستەی دایك و ئەویتر جەستەی دایك پیس دەكات.ھتد
ئێمەی مرۆڤ بە درێژایی ژیانمان بەدەست جەنگی نێوان ڕق و خۆشەویستییەوە دەناڵێنین. وەك میلانی كلاین دەڵێت: ئێمە لە قۆناغی سەرەتایی منداڵیماندا ئەو ھەستی ڕق و خۆشەویستییەمان بۆ دایك لەلا دروست دەبێت. واتە كاتێك دایك حەزی منداڵەكە تێر دەكات ئەوا خۆشەویستە و كاتێك دایكەكە دوادەكەوێت لە تێركردنی حەزەكانی منداڵەكەی ئەوا لێرەدا دایك بۆ ڕق لێ بوونەوە.
كەواتە توانایی زاڵبوون بەسەر ھەستی ڕق و تۆڵەسەندنەوە و كۆنترۆڵكردنی ھەستی تێكدەرانە و وێرانخوازی و ھەستكردن بە گوناھە لای كەسی تەكفیری كارێكی سەختە و ناتوانێت ئەو ھەستانەی خۆی كۆنترۆڵ بكات.
پرۆسەی شەشەم؛ تەكفیر و خولیای پاكبوونەوە و پاكژی و پەرۆشی بێگەردی:
ئەم پرۆسەی بێگەرد بوونە لە دەروونشیكاریدا لەسەر دوو بنەمای نەستی (لاشعوری) بەندە یەكەمیان بنەمای لادان (الازاحة) و دووەمیان بنەمای بەرپرچدانەوە.
گوتاری تەكفیری بەردەوام كەڵكەڵەی پێناسێكی ڕووكەشیانە تاودەدات، واتە پێناسێكی داخراو بەسەر خۆیدا و ناكۆك لەگەڵ ئەویتردا دەردەخات.
بۆیە ھەمیشە دەبینین كە تەكفیرییەكان بەردەوام داوای یەكتاپەرستی، یەكێتی دین، یەكبوونی موقەدەسەكان، یەكێتی كتێبی پیرۆز(قورئان) یەكێتی ئومەت یەكێتی گوتار و یەكێتی وەھم. ھەرشتێكیش كە ھەڕەشە لە وەھمی ئەو یەكێتییانە بكات دەبێت تەكفیر بكرێت و لە ناو ببرێت.
گومانی تیانییە كە سەركوتكردنی جەستە و چەپاندنی حەزەكانی جەستە و داھێنان لە بە تاوانباركردنی جەستە لە ڕێی فەتوادان كە ئەو فەتوایانە ھەموو حەز و ئارەزووەكانی ژیان ڕەت دەكاتەوە ھەر لە ڕەتكردنەوەی ھونەر و شانۆ و سینەما و ئارایشت و تێكەڵبوون..ھتد دەبنە ھۆی بەرھەمھێنانی كەسایەتی لادەر و ناتەندروست، چونكە پەنگ خواردنەوەی حەزەكان كە لەگەڵ ئارەزووە سێكسییە چەپێنراوەكان یەك دەگرنەوە دەبنە ھۆی ئەوەی كە فیكر و وزەی داھێنان زیندان بكەن و كەڵكەڵەی تەكفیركردن زیاد بكەن و ئیدی ھەریەك لە جێی خۆیەوە خەریكی سانسۆركردن و پەراوێزخستنی فیكر و داھێنان و جەستە دەبێت.
چارەسەر چییە؟
لەكاتێكدا تەكفیركردن وەك لەسەرەوە ڕوونمان كردەوە لە قوڵایی ئەقڵی نائاگاوە ھەڵدەقوڵێت، ئیدی ئێمە چۆن بتوانین بەرەنگاری كەڵكەڵەی تەكفیركردن ببینەوە؟
ئایا بە تەنھا گوتاری عەقڵانی بەسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی؟ ئایا بە تەنیا بەڵگەی زانستی بەسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە دینیە كۆمەڵایەتییە؟
لە ڕاستیدا ئێمە دەبێت بە گوتاری ئەقڵانی موخاتەبەی نەستی كەسی تەكفیری بكەین نەك خودی كەسەكە. موخاتەبەی لاشعوری لاوان بكەین.
ئەمەش بەوە دەبێت كە ھانی غەریزەی خۆشەویستی ژیان بدەین لەلای ئەو كەسانە لە ڕێی پەروەردەوە، لە ڕێی قوتابخانەوە، لە ڕێی شانۆوە، سینەماوە، لە ڕێی زانست و خوێندنەوەوە و ڕۆمانەوە ، لە ڕێی میدیا و ھەر شتێكەوە كە غەریزەی ژیان سەربخات و غەریزەی مەرگ پەراوێز بخات..ھتد لە كۆمەڵگەكەماندا.