هونەری سەما، سەماکار، کۆریۆگراف و سەما پێداگۆک

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ (کاروان عومەر) سەماکاری کورد

کاروان عومەر؛ سەماکاری کورد

“سەما گفتوگۆیە پێش وتن، بەیەکگەشتنە پێش بەرکەوتن، سەما گوزارشتی وزەیە لە پانتاییە سپیەکاندا، یاری جەستەیە بە خەونە جاویدانەکان. لە یەکەم ساتەوەختی سەما و فڕیندا ئێمە بە ڕاستی دەژین، ئەو ژیانەی کە لێی بەهرەمەند نەبووین و درکمان بە نهێنییەکانی نەکرد.

جەستەیەکی ئازاد و ڕۆحێکی سەرکێش ڕێگە دەگرێت لە وەستان و خەفەبوون و تاریکی، لە ترس لە خەون و گوتارەکانی جەستە، لە سازکردن و ئامادەگی جەستە بۆ داڕزانی ناو کوشتارگا و جەنگە نەبڕاوەکان، کە ئەوەندەی دیکە پاڵپێوەنەری جەستەن بەرەو بێ واتایی، بەتاڵی، نائامادەیی، مردووی، بێخەون و فرمان و داواکاری.

لە کوێ، چۆن و کەی لە دەسپێکردن و پێکدادانی قاچەکاندا، بۆ هەمیشە لەوێدا خۆڵی لە دایکبوونێکی نوێ دادەبارێت و هەڵدەقوڵێت بە واتای بزواندن و زیندەگی”.

ڕۆژی ٢٩/٤ ڕۆژی جیهانی سەمایە، کە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن کۆمیتەی نێونەتەوەیی سەما و پەیمانگای نێونەتەوەیی شانۆ، کە ڕۆژی لەدایک بوونی یەکێک لە مەزنترین ڕیفۆرمیستەکانی سەمای کلاسیکە، جان جۆرێس نۆڤێرا (١٧٢٧-١٨١٠) دیاریکراوە. بەم بۆنەیەوە و لەبارەی هونەری سەما، هونەرمەندی سەماکار، کۆریۆگراف و سەما پێداگۆک، ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ کاروان عومەر (سەما پێداگۆگ، کۆریۆگراف، سەماکار)ی کورد ساز کرد؛ کاروان لەدایک بووی شاری سلێمانییە و ئێستا لە وڵاتی سویسرا دەژی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری سەما پێداگۆگ لە خوێندنی باڵای هونەر لە شاری زیوریخ لە سویسرا.

ڕۆزا: کاروان ئەگەرچی لە بواری فیلم و شانۆ و سەمادا کار دەکەیت، بەڵام ئەم گفتوگۆیە لەبارەی هونەری سەمایە و لەگەڵ ئەوەی کە سەماکارێکی پیشەگەری، هەست دەکەم ئەشقی تۆ لە هونەری سەمادا گەشتووە بە لوتکە. بۆیە لە سەرەتاوە بە پێشەکییەکی تۆ دەستم پێکردووە دەربارەی سەما و پەروەردەی سەما. بە هۆی کەمی سەرچاوە لە کتێبخانەی کوردی دەربارەی سەما بە پرسیارە زۆر سادەکان دەست پیدەکەین، ئەگەر بەم گفتوگۆیە نەگەشتین بە زۆر دەرئەنجام، ئەوا زنجیرەی گفتوگۆکەمان درێژ دەکەینەوە. سەماکار کێیە؟

کاروان: سەماکار ئەو کەسەیە کە سەما وەکو منداڵێک لەناو خۆیدا گەورە و پەروەردە دەکات، ئەو کەسەیە کە سەما وەکو منداڵێک سەیر دەکات، دەستی دەگرێت، پلە بە پلە فێری دەکات چۆن هەنگاو بنێ بەرەو سەرەوە، پێویستە سەماکار پشوودرێژ بێت لە بونیادنانی جەستەی ئەو مناڵە بۆ گەیاندنی بە دواڕۆژێک ئەو دواڕۆژە کە هیچکات پێی ناگات، چونکە سەما پرۆسەیەکی بەردەوامی خەونبینینە بە جەستە.

سەماکار نە لەسەر زەوییە نە لە ئاسمانە بەڵکو لەو نێوەندەدایە، نە دەکەوێتە خوارەوە نە دەچێت بۆ سەرەوە بەڵام تەواوی ڕووبەر یاخود ئەوەی پێی دەوترێت قوڵایی ئاسمان لەبەردەم سەماکاردایە

سەماکار ئەو کەسەیە کە خاڵێکی تەواوبوون نییە لە جیهانەکەیدا، تەنها کاتێک وزە لە جەستەیدا نامێنێت جەستەی لە کار دەکەوێت ئەو خاڵەیە کە ئەتوانم ناوی بنێم خاڵی کۆتایی سەما.

پێویستە سەماکار خەونی فڕینی هەبێت، فڕین بە واتای بەردەوام ئەم لەسەر گومان ئیش دەکات پرسیاری هەیە، بەردەوام دەربڕینەکانی قووڵترو پڕ واتاتر و بە جوانترین شێوە ئەنجام دەدات. خەونی فڕین بەو واتایەی ئەم نامێنێتەوە لەناو پێستێکدا، لەناو دۆخ و بابەتێکدا، بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت وەکو چۆن گۆڕانکاری بەسەر تەمەندا دێت، ئەمڕۆ ئێمە بەتەمنترین لە دوێنێمان، دوێنێ گەنجتر بووین. کەواتە دەبێت سەماکار  جوڵەکانی خۆی لەگەڵ  جوڵەی گەردووندا ڕێکبخات، وە لەگەڵ جوڵەی هەموو ئەو بوونەوەرانەی لە چواردەوری گوزەر دەکەن، سەماکار نە لەسەر زەوییە نە لە ئاسمانە بەڵکو لەو نێوەندەدایە، نە دەکەوێتە خوارەوە نە دەچێت بۆ سەرەوە بەڵام تەواوی ڕووبەر یاخود ئەوەی پێی دەوترێت قوڵایی ئاسمان لەبەردەم سەماکاردایە و، کار بە هەموو ئەو وزە و توانا و هێزە مرۆییە دەکات کە لە جەستەی هەموو مرۆڤێکدا هەیە، لە کرۆکی خۆیەوە  جوڵەکان دەکات و چیرۆکێکی هەیە بۆ گێرانەوە، سەماکار نرخ و بەهای  جوڵە لە خۆیدا دەدۆزێتەوە بەڵام بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە ئازادی و ئازایەتی هەیە تا کار بکات بۆ گوزارشت کردن لە خۆی. کار بە هەست و نەست و سۆز دەکات، پەی بەو توانا و وزانە دەبات کە لەسەرو وزە و توانای مرۆڤی ئاسایین. سەماکارکات و شوێن و جوڵە بۆ دەستپێکردنی سەمایەک سانسۆری ناکات، بەڵکو لەهەر شوێن وکاتێکدا وزە ناوەکییەکەی پاڵنەری بوو دەست دەکات بە سەما، جا لە کەنار دەریا بێت یان لەسەر شۆستەیەک یاخود لە تەنیشت پردێک، لەناو مۆڵێک، لە قەراخ شار، لە تەنیشت دارێک… لەهەر کات و ساتێکدا ئەو وزەیە هات دەست دەکات بە سەما، سەما شتێک نییە بوەستێنرێت.

سەماکار ژیان بەرەو پێشەوە دەبات چونکە سەما خۆی ژیان کردنە، لەگەڵ جەستە و لەگەڵ ئەوانیتر. هەر وەکوو مارتاگراهام جەخت دەکاتەوە کە سەماکار کەسێکە کە لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە سنوورەکانی جەستە فراوان دەکات، واتە لەناو سنوورێکا نامێنێتەوە و دەکرێت مارتا گراهام مەبەستی ئەوەشبێ سنووری ئەناتۆمی سرووشتی لە مرۆڤی ئاسایی جیاوازتر ئەبێت، واتە تێپەڕاندنی ئەو سنوورانەشە(سنووری سرووشتی ئەناتۆمی). 

پێوێستە سەماکار زۆر بە شێوەیەکی تۆکمە جەستەی دەوڵەمەند بێت بە تەکنیک و میتۆدەکانی جوڵە و سەما

سەماکار ئەو کەسەیە کە وەکوو پاڵەوان دەرئەکەوێت لە کاتی سەمادا بە هێز و توانا و پڕ سەرکێشییەوە بەرامبەر ژیان و ئەو بابەتەی کە سەمای دەکات، هەر وەک چۆن بە هێزێکی گەورەی خەیاڵ و ئەندێشەی ئیش کردنەوە بەردەوام ئامادەیە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لە کاتی سەماکاندا دێتە ئاراوە لە کاری ڕاگوزەریدا.

پێوێستە سەماکار زۆر بە شێوەیەکی تۆکمە جەستەی دەوڵەمەند بێت بە تەکنیک و میتۆدەکانی جوڵە و سەما و ئاگاداری هەموو جۆرە تەوژمەکانی سەما بێت. چونکە ئەمە تەمەنی هونەرەکەی درێژتر دەکات. هەموو سبەینێیەکی سەماکار تێپەڕاندنی ئەمڕۆیە.

 ڕۆزا: پێش وتن و نووسین سەمامان هەیە ئەمە سەما دەکات بە دێرینترین هونەر؟

کاروان: ئەم گەردوونەی ئێمە لە ئەنجامی  جوڵە و وزە پەیدا بووە کەواتە پێش ئەوەی سەمامان هەبێت  جوڵە و وزە هەن،  جوڵەی با جوڵەی گەردوون خۆی سەمایە، ئینجا دەگەڕێمەوە سەر مرۆڤ، مرۆڤ لە سکی دایکیدا دەست دەکا بە  جوڵە، هەموو  جوڵەیەکیش خۆی سەمایە، مناڵ دەگەڕیت بە دوای  جوڵەکانیدا هەوڵدان بۆ فێربوونی  جوڵە هەوڵدانە بۆ ژیان، گەر ئێمە نەجووڵێین فێری ژیان نابین.  جوڵە هەوڵدانە بۆ نەمانەوە لەسەر یەک دۆخ و، پێویستییەکان هاندەرن بۆ  جوڵە هەر وەک ئەو منداڵەی هەوڵ دەدات بە ئاستە باڵاکان بگات لە پێناوی ئەمەدا جۆرەها جوڵە فێر دەبیت، کەواتە خەونی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ڕووبەرەکانی تر بە ئاستەکانی تری ژیان دروستکەری جوڵە بە گشتی و سەمایە بە تایبەتی. کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین لە زەمەنی مرۆڤی کۆندا مرۆڤ هەموو جوڵەکانی بینیوە و، لەگەل دەنگا هارمۆنی دروست کردووە و دەنگەکان دەنگی وشە نەبوون کەواتە سەما پێش وتن کەوتووە چونکە  بینین چاو داگیر دەکات ئێمە تەنها بە کردنەوەی چاوەکانمان هەموو جیهان دێتە بەردەممان، هەر لەم بۆچوونەوە کە من زۆر جەختی لیدەکەمەوە بۆ سەما هەستی چاو هەستێکی زۆر داگیرکارە بە بەراورد بە هەستەکانی تر، چونکە جوڵەش سەرنجڕاکێشە و هۆکاری دروستبوونی بینینە، لێرەوە سەما دەبێت بە دێرینترین هونەر، و مادام وێنە پێش هونەرەکانی تریش کەوتوە و وێنەکان لەسەر ئەشکەوتەکان کە هەڵکۆڵراون هەموویان وێنەی جوڵاو بوون، کەواتە مرۆڤەکان سەمایان کردووە و وێنەیان کێشاوەتەوە بەمەش سەما دەبێت بە دێرینترین هونەر. 

ڕۆزا: ‘پۆل ڤیریلیۆ’ی فەیلەسوف دەڵێت من کەسێکی ماتریاڵیستیم، ماتریاڵیستی جەستەیی چونکە جەستە کۆڵەکەی هەموو کارەکانمە. ئەمە بۆ سەماکاریش هەمان شت نییە؟

کاروان: سەرەتا دەمەوێت کورتەیەک لەسەر ماتریالیزم بڵێم؛ ماتریاڵیزم دیدگایەکی فەلسەفییە کە هەموو بناغە و بنچینەیەکی ئەو شتەی پێی دەڵێن ڕۆح ڕەت دەکاتەوە تەنها دان بە کەرەستە و مادەدا دەنێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم زاراوەیە تاوەکو سەدەی هەژدە دەرنەکەوت، بەڵام زۆربەی بۆچوونەکان دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفەکانی ئەنتیک کە بە کەرەستەخواز دەستنیشانیان کردووە.

بۆ نموونە ئەتۆمیستەکان کە لۆکیۆس و دیمۆکریتن و ئەبیقۆریەکان کە ڕەوان لەلایان ماددە بوو و ڕەواقییەکان کە پێیان وابوو کە هەموو شتێکی ڕاستی دەکرێت ماددە بێت، بە پێچەوانەشەوە واتە هەموو ماددەیەک ڕاستییە، پاشان پێشکەوتنی کەرەستەخوازی لە سەدەی ڕۆشنگەریدا سەرهەڵدەدات و پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. پەرەسەندنی ماددیەتی جەدەلی و مێژوو لای مارکس و گریدانەوەی بەململانیی چینایەتیەوە، دواجار لەسەدەی بیستدا بەڵام ئاشکراکردنی ماتریالیزم لەڕێگای زانستی زیندەوەرناسی و دەروونناسییەوە، لێرەدا بە تەواوەتی هەموو شتەکان قڵپ بووەوە، ئاشکراکردنی ماتریالیزم لە ڕێگای زانستی زیندەورناسی و دەروونناسی و پێشکەوتنی نۆرۆلۆگی، جەخت دەکاتە سەر گرێدانی دەروون و ڕەوانی مرۆڤ بە چالاکییەکانی مێشکەوە و گەڕاندنەوەی ڕەهایەتی ژیان بوونی ماددە و کەرەستەیەک کە ناوی جەستەیە.

بە نسبەتی سەماکارەوە بێگومان سەماکار کە دەست پێدەکات، ئامێرێکی لەبەردەستدایە، کە ئەویش جەستەیەتی، گەر مۆسیقارەکان ئامێری مۆسیقایان هەبێت شێوەکارەکان ڕەنگ و فڵچەیان هەبێت، گەر شانۆکارەکان تێکستیان لەبەردەستدا بێت ئەوا سەماکار ڕاستەوخۆ جەستەی ئامێرەکەیەتی یەکسەر لە ڕێگەی ئەوەوە وتارەکانی پەخش دەکات یاخود هەموو دەربڕینەکانی ئاماژەکانی پەخش دەکات بەبێ ئەوەی پەنا ببات بۆ شتێکی تر. بە بۆچونی من، بۆ من ڕۆح بوونی نییە بەڵکو وزە بوونی هەیە، وەک چۆن لە سەردەمی میسرییە کۆنەکاندا ڕۆحیان بە وزە ناو بردووە.

blank
کاروان عومەر؛ بۆ من ڕۆح بوونی نییە بەڵکو وزە بوونی هەیە

ڕۆزا: لە کاتی ئامادە کردنی ئەم گفتوگۆیە ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو لە سلێمانی ڕوویدا، کە سەما کردنی دوو گەنج بوو لە سەرەکی ترین شەقامی شار ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کاردانەوەکان لە ئاستێکی زۆر توندا بوون، کاریگەری کاردانەوەکان لەسەر تۆ چی بوو؟ 

کاروان: بەڵێ ڕووداوی ئەو نمایشە سەمایەی کە دوو سەماکار پێشکەشیان کرد، ڕووداوێک بوو لەو ڕووداوانەی کە دەگمەن ڕوودەدەن و خۆیان دەخزێننە ناو مێژووی کولتووری و کۆمەڵایەتی ئێمەوە. 

سەرەتا دەمەوێت لەو ڕەگوڕیشەی ئەم کاردانەوەیە قسە بکەم کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی دەوارنشینانی بیابان. بۆ ئەم بابەتەش ‘سەلامە موسا’ لە کتێبی ئازادی هزر و پاڵەوانەکانی لە مێژوودا لە بەشی ئیسلام وهونەرەکان دەکەمە دەستپێکێک کە کۆمەکمان دەکات بۆ ئەوەی تێ بگەین ئەو کاردانەوانە لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە. 

سەلامە موسا وەک لە کتێبەکەیدا بە وردی دەستنیشانی دەکات، ڕۆحی دەوارنشینی بیابان بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە هونەرەجوانەکان دابڕاندووە، چونکە سرووشتی ژیانی دەوارنشینانی بیابان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ شارستانیەت و کولتووردا نایەتەوە تا ئاستێکی فراوان ڕق و کینەیان هەبووە بەرامبەر کولتوور و شارستانیەتەکان، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی گەواهیدانی هونەرمەندان و لەبەردەم دادوەردا قەدەغەکراوە. هەر بۆیە سەما و گۆرانی و مۆسیقا تەنها وەک بابەتی سەرگەرمکردنی سەرخۆشان بووە لای کۆمەڵگای دەوارنشینان، هەربۆیە سەما تەنها بە شێوەیەک لە بەدڕەوشتی و ڕووتبوونەوە و ورووژاندنی سێکس  بینراوە و هەر پیاوێک بینەری سەماکاران بووبێت وەک کەسێکی بێ شکۆ سەیریانکردووە و خۆ گەر پیاوێک سەمای کردبێت ئەوە تەواو ترسناک بووە لێرەدا دەبێت بڵێین ئەی ژنانی سەماکار دەبێت چۆن سەیرکرابن؟  بەڵام وەک دەزانین سرووشتی جەستە وەهایە هەروەک دەریا شەپۆل دەدات و هیچ کەس ناتوانێت ڕێگری لە سووڕی خوێن بگرێت لە جەستەدا، وەک چۆن ناتوانرێت جوڵەی خوێنبەر و خوێنهێنەر بگۆڕن یان بوەستێنن و کەسیش ناتوانێت خۆی لە سیستەمی سرووشتی وزەی بەرهەمهاتووی سووڕی خوێن و جوڵە و جەستە بدات و جەستەی سەماکارانیش بە جوانی و بەهێزیەکەی بەوە  بەناوبانگە کە تەواو ڕێک و پڕ وزە و شکۆیە.

گۆرانی (وەکو دەریا)ی خانمە گۆرانیبێژ (بیشۆپ بریگس) لە جیهاندا بە شێوەیەکی فراوان ناوبانگی دەرکردووە و بڵاو بۆتەوە و سەماکارن لە وڵاتی جیاواز و بە شێوەی تایبەت کۆریۆگرافیان بۆ کردووە، من لێرەوە سوپاسی ئەو دوو سەماکارە جوان و بەتوانایە دەکەم کە توانیان بە کۆریۆگرافیەک کە بۆ سەر شەقام ئەگونجێ زۆر بە جوانی سەما بکەن. بە ئاستێکی باڵای تەکنیکی جەستە. 

بەداخەوە؛ دەبوو ئەم سەمایە ئەو گروپە سەمایانەی لە ژێر ناوی سەمادا ئەژین و ئەخۆن و بەردەوامیش ئەکڕوزێنەوە، دەبوو ئەوان بەم سەما و نمایشە لەم ئاستە باڵایەدا خۆیان نمایش بکردایە. ئاسودەم ئەم دوو مرۆڤە جوانە بە سەما ڕووداوێکیان درووستکرد نەک بەناو هونەرمەند و سەماکارەکان.

وەک دەبینین لە کوردستان تا ئێستا هۆڵێکی سەما لە ڕووی پێوانە بە هەموو پێداویستییەکانی ڕاهێنان و تەختی زەوییەکەیەوە کە گرنگە لەرینەوەی تێدا بێت کە نەرمیەک دروست دەکات، یارمەتیدەری باز و نیشتنەوە بێت، بوونی نییە ئەڵێن لە هەولێر هەیە بەس دڵنیا نیم.

سەمایەک بەرپا بکە و مرۆڤی کۆنەپەرست ئاشکرا بکە.

کەچی لەدوای بوونی نزیکەی پێنج هەزار مزگەوت ئەم هەژارانە شوێنیان نییە نوێژی تێدا بکەن بێلانە و بێ کولانە تەنها ئەو شەقامە شک ئەبەن کە ئەو دوو سەماکارە بە جوڵەیان بە جەستەیان ڕەنگڕێژ و گوڵاو پرژێنیان کرد، ئەمەش یەکێکی ترە لە کۆمیدیای ئایین لە کوردستان.

من لێرەوە دەڵێم سەمایەک بەرپا بکە و مرۆڤی کۆنەپەرست ئاشکرا بکە. لە پڕۆژە سەما توێژینەوەی: (بە سەما کرۆکی خۆت ئاشکرا بکە) جەختم ئەکردە سەر فراوان کردن و بە‌هێزکردنی هەست، ورە و بیرکردنەوە لە جەستەدا بۆ ئاشکراکردنی کرۆکی مرۆڤ بە سەماکردن. بەڵام لەدوای ئەو ڕووداوە دەڵێم بە سەما کردن دەتوانین کرۆکی بینەریش ئاشکرا بکەین، بۆ نموونە جوان بین جوان بیر، مرۆڤ دۆستەکان و بە پێچەوانەشەوە.

پێداگۆگ ئەگەر مرۆڤناس نەبێت مرۆڤەکانی تر نەناسێت و بەر لەوە خۆشی نەناسێت(خودناسی)، ئەوا دروست بوونی نەرگسییەتێک لە ڕۆحیدا پەیدا دەبێت

ڕۆزا: وەک دەزانین سەماکار گرنگی تایبەت بە ڕۆح و جەستە دەدات، ئەمە وا دەکات ببێت بە کاسایەتییەکی خودئەڤین؟ یاخوود خودئەڤینی ئەبێت بە خاڵی نەرێنی هونەری سەما؟

کاروان: بیرمان نەچێت سەماکار مرۆڤە، بەر لەوەی سەماکار بێت بەڵام با سەماکار دابەشبکەین بەسەر پەروەردەکار و کۆریۆگراف یان ئەوەی گروپێکی سەما بەڕێوە دەبات. بە ڕاستی پێداگۆگ ئەگەر مرۆڤناس نەبێت مرۆڤەکانی تر نەناسێت و بەرلەوە خۆشی نەناسێت(خودناسی)، ئەوا دروست بوونی نەرگسیەتێک لە ڕۆحیدا پەیدا دەبێت کە خۆی وەکوو تەوتەمێک دەبینێت، کۆمەڵێک تابوو بۆ کەسەکانی تر دیاری دەکات، کە ئەمە بە ڕاستی ترسناکە، کەواتە نەرگسیەت لەم دۆخەیاندا نەشیاو و مەترسیدارە، بە تایبەت بۆ ئەو گروپەی کار لەگەڵ ئەو پێداگۆگە نەرگسیەدا دەکەن.

بەڵام نەرگسیەت با لەگەڵ کاریزمایا تێکەڵ نەکەین، کەسێک کاریزمایەکی هەیە کاریزما بەو واتایەی کە توانایەکی ئەکادیمی و شارەزایەکی باشی هەیە، لەم دۆخەیا نەرگسیەت نییە کە تۆ جەخت دەکەیتەوە لەسەر لایەنە ئەکادیمییەکان پێداگری دەکەیت لەسەر بۆچوونەکان و ئیکسپیریەنسەکەت بۆ فێرخوازەکانت، وە لێرەدا پێویستییە کە تۆ جەخت بکەیتە سەر زانستی پیشەیی کارەکەت.

بەردەوام خودئەڤینی هەوڵ دەدات پردێک دروست بکات لەگەڵ چواردەوریدا، تاکوو لە ئاستێکی باڵاتر بمێنێتەوە و بە هیچ جۆرێ بەرگەی ڕەخنە ناگرێت تەنانەت ناتوانرێت پرسیاریشی لێبکرێت.

بەڵام لایەنێکی تر هەیە کاتێک تۆ خۆت دەپارێزیت لە وزەی نەرێنی لە سەرلێشێواندن لە کەسانی ترەوە، کاتێک ئاگاداری خۆتی و کاتێک سەرکێشی ناکەی بە ژیانی خۆتەوە ئەمە لایەنێکی ئەرێنی خودئەڤینیە، کاتێک تۆ هەست دەکەی لێرە مانەوەت گرنگە و، بوونت بۆ کۆمەڵگاکەت گرنگە ئەوا لێرەدا خودئەڤینی گرنگە. وەک چۆن دەڵێن گەر من خۆم خۆش نەوێت چۆن بتوانم تۆم خۆش بوێت.

رؤزا: بەکێ بڵێین کۆریۆگراف؟ کۆریۆگراف کێیە؟

کاروان: سەرەتا ئەوەی گرنگە بیزانین کۆریۆ گرافی کردن هونەرە و بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی دەخوێنرێت و چەندەها سەمای ئەکادیمی لە جیهاندا هەن کە بڕوانامەی دیبلۆم و ماستەری لە بواری کۆریۆگرفیدا تێدا وەردەگیرێت.

کەواتە کۆریۆگراف کێیە؟ ئەو کەسەیە کە ساڵانێک سەرقاڵی فێربوونی کردەیی کۆریۆگرافییە بە پلانێکی تۆکمە لەژێر دەستی کەسانی شارەزا و بە ئەزموون  لە بواری سەما بە گشتی و کۆریۆگرافیدا.

گەر بۆ ڕیشەی وشەیی زاراوەی کۆریۆگرافی بگەڕێینەوە، لە دوو بەش پێک دێت، کۆرییا بەواتای سەما و گرافی بە واتای دەستنووس، کەواتە کۆریۆگرافی بە واتای سەمانووسینەوە یان تێکستە سەما دێت.

لە ساڵی ١٧٦٧دا سەما پێداگۆک، کارڵ جۆزێف لە فێڵدشتاین هەستا بە بڵاوکردنەوە و چاپکردنی کتێبەکەی بە ناوی (سەما لە پاش نووسینەوەی کۆریۆگرافی هونەری سەماکردنە).  

چەمکی کۆریۆگرافی لە ئێستاشدا وەک نووسینەوەی هونەری سەماکردنە و کۆریۆگرافی تێکستە سەماکان چوونیەکن بەڵام شێوازی بەکاربردن هەمیشە لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچووندایە.

هەتا ئەمڕۆش کە چەمکی کۆریۆگرافی زۆر بەرەو پێش چووەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە کۆنستانتین تساکالیدیس لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا سەبارەت بە کۆریۆگرافی دەڵێت کۆریۆگرافی ئیشی دەست و خەونە، هەروەها گابرییلا کلاین لە کتێبە نوێیەکەیدا کۆریۆگرافی لە سەمای هاوچەرخدا بە پاکێجی بونیادنان ناو دەبات، پاکێجێک کە پێکهاتووە لە پێکەوە کارکردن، ئاوازدانان، شێوازی گەمەکردن و شێوەکاری.

 کەواتە چەمکی کۆریۆگرافی لە ئێستاشدا وەک نووسینەوەی هونەری سەماکردنە و کۆریۆگرافی تێکستە سەماکان چوونیەکن بەڵام شێوازی بەکاربردن هەمیشە لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچووندایە.

کۆریۆگراف دەبێت سەماکار بێت، سەمای لە ئەکادیمیایەک تایبەت بە سەما خوێندبێت، دەبێت زۆر فراوانتر لە شارەزایی میوزیککارێک لە میوزیکدا شارەزا بێت.

لە کوردستان لێرەو لەوێ دەبیستین و دەبینین دەنووسرێت کۆریۆگرافی فڵانە کەس، پرسیارەکە ئەوەیە هیچ پەیمانگایەک لە کوردستان بوونی هەیە وەک هەر پەیمانگایەکی تری هونەری تا چۆن شانۆکار پێدەگەیەنێت ئاوهاش کۆریۆگراف پێبگەیەنێت؟

چونکە بە ڕاستی کاری کۆریۆگراف کاری ناسینی ئاناتۆمی جەستە و ئۆرگانیشە پاشان گەر لە ژێر دەستی مامۆستای شارەزادا فێر نەبووبیت، تەنها سەیر کردن و خوێندنەوە لەو بوارەدا ناتکات بە کۆریۆگراف. دەی گەر دوای خوێندنیش شاگردی بەردەستی کۆریۆگرافییەکی جیهانیت نەکردبێت ئەزموونی فێربوونت هەرس نەکردبێت؛ ئەوا تەنها دەبیتە کۆپیکارێکی ئەوەی دەیبینیت لە بواری سەمادا و بە هیچ شێوەیەک باسی کۆپیەکەش ناکەیت.

ئێمە دەزانین چەندەها پەیمانگای هونەرە جوانەکان هەیە بەڵام وەک دەبینن زۆربەیان بە کادری هونەری زۆر ئاست نزم بەڕێوەدەچێت.

بەڵام ئەمە بۆ کۆریۆگرافی نابێت، ناکرێت تەنها کە بووی بە مامۆستا بە خۆت بڵیی کۆریۆگراف، وەک چۆن پێویستە جوڵەی ڕاگوزەری خۆڕسکانەی کتوپڕی ڕاگوزەری نەکەیت، ئەوانەی ئەوە دەکەن دوای ئەزموونێکی درێژخایەن کە ڕۆژانەی ژیانیان بوەتە سەما ئەوکات ڕێگادەدەن بڵێن ئێمە کۆریۆگرافی سەمای ڕاگوزەرین.

سەماکردن تەنها گرێدانی کۆمەڵێک جوڵەی یەک لەدوای یەکی بێ واتا، بیرۆکە، مۆتیڤ و بێکارەکتەر نییە. تکایە تکایە لەبەردەم ئاوێنەی دامەزراندنت لە دامەزراوەیەکی هونەری، مەبە بەو پشیلەیەی کە خۆی وەک پڵنگ دەبینێت.

نووسینەوەی کۆریۆگرافی هونەری سەماکردنە. هەتا ئەمڕۆکەش کۆریۆگرافی و تێکستە سەماکان چوونیەکن. 

لینکی کەناڵی یوتیوبی کاروان عومەر: