بودلێر و شەقامەكانی پاریس

دەربارەى فلانور، میترۆپۆلیس و بودلێری بنیامین

پوختە

هەر كاتێك ناوی واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠) دەهێنرێت، ڕاستەوخۆ مێشكمان بەلای ئەم پرسانەدا دەچن: ڕەخنەگرى كولتووریی، ڕەخنەگرى ئەدەبیی، تیۆریزەكاری میترۆپۆلیس (شارەگەورەكان)، پێگەى بەرهەمی هونەریی و دواجار فەلسەفەى مێژوو (ئەگەرچی بنیامین هەرگیز ئەم چەمكەى بەكار نەهێناوە). بەناوبانگترین بەشدارییەكانی بنیامینیش لە بواری سیاسییدا دەگەڕێتەوە بۆ تێزەكانی دەربارەى چەمكی مێژوو، تیۆرەكانی فاشیزم و هەروەها دیارترین داهێنانەكانیشی لە بواری هونەردا لە تێگەیشتن و شیكاریی ئەو بۆ بەرهەمی هونەریی لە سەردەمی دووبارە بەرهەمهێنانەوە تەكنیكییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام بە گەڕانەوە بۆ نووسراوەكانی دەربارەى بودلێر، وەك خۆى ناویدەنێت: شاعیری لیریكیی سەردەمی باڵای سەرمایەداریی، تێدەگەین كە بنچینەییترین تێزەكانی دەربارەى سیاسەت و مێژوو و هونەر و تەنانەت تیۆر و ئایدیای شارنشینیی و میترۆپۆلیس، ڕیشەیان لەنێو لێكۆڵینەوەكانی ئەو دەربارەى بودلێر دایە. ئەم نووسراوەیە، هەڵوەستە لەسەر بودلێری بنیامین، چەمكەكانی فلانور، شەقامەكانی پاریس، قەرەباڵغیی، مۆدێرنیتە و سەرمایەداریی، دواجار چەمكی مێژوو دەكات. ئەگەرچی ئەم لێكۆڵینەوەیە تەرخانكراوە بۆ لێكدانەوەى بنیامین بۆ بودلێر، بەڵام خوێنەر بەتەنها شاعیرەكە ناناسێت، بەڵكو هەروەها ئاشنایەتیی لەگەڵ ئایدیا و چەمكەكانی بنیامینیش پەیدا دەكات.

وشە كلیلییەكان: بنیامین، بودلێر، فلانور، ئەلیگۆری، مالیخولیا، مۆدێرنیتە، بازاڕ، سەرمایەداریی

شاڕل بودلێر (١٨٢١-١٨٦٧) شاعیر و نووسەری فەڕەنسایی

دەروازە

نزیكیی بنیامین بە بودلێرەوە، ناگەڕێتەوە بۆ دەیەى ١٩٣٠، بە تایبەت، سەردەمی نووسینی سەرەكیترین نووسراوەكانی دەربارەى شاعیرەكە بە ناوەكانی: “١. ئیمپراتۆریای دووەم لای بودلێر، ٢. سەنتڕاڵ پارك؛ و ٣. دەربارەى چەند تێما و ناوەڕۆكێكی شیعری بودلێر”، كە پاشان بەناوونیشانی “شاڕڵ بودلێر: شاعیری لیریكیی سەردەمی باڵای سەرمایەداریی”[1] چاپ دەبێت. هەروەها هەردوو “ئێكسپۆزێ”ی ساڵی ١٩٣٥ بەناوی “پاریس، پایتەختی سەدەى نۆزدە” و “ئێكسپۆزێ”ی ساڵی ١٩٣٩ بە ناوی “پاریس، پایتەختی سەدەى نۆزدە” كە پاشان دەبنە بەشی یەكەمی كتێبی “پڕۆژەى پاساژەكان“، و هەروەها بەشێكی بەرفراوانی هەمان كتێب، كۆنڤولتی J، بۆ بودلێر و بە ناوی ئەوەوە تەرخانكراوە[2]. بنیامین خۆی لە سەرەتای سەدەى بیست و بە دیاریكراوی لە سەرەتای دەیەى ١٩٢٠دا دەستدەكات بە وەرگێڕانی شیعرە پەخشانییەكانی بودلێر، بە ناوی “تابلۆ پاریسییەكان” و پێشەكییە بەناوبانگەكەشی بۆ شیعرە وەرگێڕدراوەكانی شاعیر، بە ناوی “ئەركی وەرگێڕ” دەنووسێت، كە تا ئەمڕۆ مشتومڕسازترین دەقێكە نووسرابێت. پێویستە ئاماژە بەوە بكەم، ڕاستە ئەم دەقە وەك پێشەكیی بۆ تابلۆ پاریسییەكانی بودلێر نووسراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك دەستوپەنجە لەگەڵ شیعری شاعیردا نەرم ناكات، بەڵكو دەكرێت جورئەت بكەین و بڵێین لە بنچینەدا ئەم دەقە پەیوەندیی بە بودلێرەوە نییە؛ لە بەرانبەردا، ئەم نووسراوە پوخت، كورت، ئاڵۆز و ناڕوونە، پاشان دەبێتە دامەزرێنەری تێزی وەرگێڕان وەك تیۆر و پراكسیسی مۆدێرنیتە[3]، ئەم دەقە لە ئۆكتۆبەری ساڵی ١٩٢٣ بە زمانی ئەڵمانیی چاپ و بڵاو دەبێتەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٣٤دا، لە نامەیەكیدا بۆ ئەلفرێد كوهن، باس لە پڕۆژەیەكی گەورە دەكات دەربارەى پاریس و پاساژەكانی، كە لە ڕێگای بودلێرەوە دەست بۆ ئەم كارە دەبات[4].

بنیامین هاوكات دەستیكردبوو بە دەستنیشانكردنی پڕۆژەكەى دەربارەى بودلێر لە سێ بڕگەدا، “بودلێر وەك ئەلیگۆریست”، “پاریس وەك ئیمپراتۆری دووەم لای بودلێر” و دواجار و گرنگتر لە هەموویان، “كاڵا وەك بكەرێكی شیعریی”. ئەگەرچی ناوونیشانی یەكەم و سێیەم، هەرگیز وەك لێكۆڵینەوەى سەربەخۆ تەواو نەكران، جگە لە بەجێمانی كێوێك لە تێبینیی كە كۆمەكمان پێدەكەن، دوای خۆی، ئەم پڕۆژەیە تەواو بكەین، بەڵام ناوونیشانی دووەم، وەك پڕۆژەیەكی سەربەخۆ و پاشان بەشێك لە كتێبی “پڕۆژەى پاساژەكان” و بەشێكی كتێبەكەى دیكەی، “شاڕڵ بودلێر: شاعیری لیریكیی سەردەمی باڵای سەرمایەداریی” لە فۆرمی لێكۆڵینەوەى تەواوكراودا، بەدەستمان گەیشتوون. سەرەڕای ئەوە، بۆ تێگەیشتنی زیاتر دەربارەى ئەلیگۆریزم (تەمسیلنووسیی)، كتێبی “سەرچاوەى درامای ماتەمی ئەڵمانیی” (Ursprung des deutschen Trauerspiels)[5] یارمەتیمان دەدات وردتر لەم پرسە تێبگەین؛ ئەگەرچی بنیامین لەم كتێبەدا هەڵوەستە لەسەر بودلێر ناكات.

ئەڵبەتە شیكارییەكانی بنیامین بۆ بودلێر، جیاوازە لە سەرجەمی ئەو شیكارییانەی پێش خۆی و دوای خۆی ئەنجامدراون و زۆرجار ئاماژە بە چەمكی “بودلێری بنیامین” دەكرێت، نەك شیكاریی و تەفسیری بنیامین بۆ بودلێر؛ بە مانایەكی دیكە، ئەو بودلێرەى لە ڕێگای بنیامینەوە دەیناسین، مەرج نییە هەمان ئەو بودلێرە بێت كە لە سەدەى نۆزدەدا هەبووە. سەرەڕای ئەمە، زیادەڕۆیی لەم بۆچوونەدا هەیە، چونكە بنیامین لە ڕاستیدا نەیویستووە بودلێرێكی دیكە دروست بكات، بەڵكو بە سادەیی ویستوویەتی لە ڕێگای بودلێرەوە و دانانی وەك ئەلیگۆریست، لە خەسڵەتی سەرمایەداریی سەدەى نۆزدە تێبگات، لە خەسڵەتی پارادۆكس و ناكۆكیی چینی ناوەڕاست و بۆرژوازیی فەڕەنسیی، ئەو چینە ناوەڕاستە (واتا لە زاراوە ماركسییەكەیدا وردەبۆرژوازییەى) جارێك دژی ڕژێم، جارێك لایەنگری ڕژێم، پاشان بۆهیمیای سەرگەردان، ماوەیەك ئاڤانت گاردیست و دواجار لە سەدەى بیستدا، دەچێتە باوەشی فاشیزمەوە. بنیامین دەیەوێت كۆد و ڕەمزەكانی ئەم ناكۆكییە كەشف بكات.

بنیامین هاوكات، نەك تەنها بە بودلێر، بەڵكو گرنگییەكی زۆرتری بە هاوچەرخەكانی شاعیرەكە، كۆمەڵگای فەڕەنسیی ئەو ڕۆژگارە، بیرە شۆڕشگێڕییەكان، كە مێشك و زەینی شارنشینەكانی داگیركردبوو، پاڵەوانە تازەكانی بەها گۆڕاوەكان دەدا، واتا: “لە كاتێكدا لە كۆمەڵگای باڵادا ببوو بە مۆدێل كە بەدگومان بیت، كەچی لەلاكەى دیكەوە، چینەكانی خوارەوەى كۆمەڵگا بەهایەكی زیاتریان بۆ یاخیبوون و ڕاپەڕین و شۆڕش دادەنا”. باریكاد، سەنگەرەكانی شەقامەكان، شۆڕشەكان، كە وەك كەرنەڤاڵ دەبینران، ئەو تێما و ناوەرۆكانەن، سەرجەمی كتێبی “پڕۆژەى پاساژەكان”یان بۆ تەرخانكراوە.

فلانور، كەسێكی ناو شارە گەورەكان كە بە چێژ و خۆشیی و هاوكات تەمەڵییەوە دەسوڕێتەوە، لە ژیانی ڕۆژانە ڕادەمێنێت، بە فزوڵییەوە هەڵسەنگاندن بۆ قەرەباڵغییەكان و پەنجەرەى دووكانەكان دەكات،

هەروەها بنیامین لێكۆڵینەوەى لە سەرهەڵدانی دیاردەى نوێی قەرەباڵغیی (Menge) دەكرد، كە لە سەدەى نۆزدە، لە شارە گەورەكاندا، دەركەوتبوو: “جەماوەرێكی بێكۆتایی خەڵك، كە هیچ كەس بە ڕوونی هاوسێكەى نابینێت، بەڵام لە هەمانكاتدا هیچ كەسیش نادیار نییە، بەڵكو دەبینرێت”. ئەمە ئەو شوێنەیە چەمكی فلانور (flâneur) تیایدا دەردەكەوێت. فلانور، كەسێكی ناو شارە گەورەكان كە بە چێژ و خۆشیی و هاوكات تەمەڵییەوە دەسوڕێتەوە، لە ژیانی ڕۆژانە ڕادەمێنێت، بە فزوڵییەوە هەڵسەنگاندن بۆ قەرەباڵغییەكان و پەنجەرەى دووكانەكان دەكات، كە دواتر باسی دەكەم. بودلێر خۆشی فلانورێك بوو، بە فزوڵییەكی گەورەوە ڕووبەڕووی ئەو جیهانە تازەیەى دەوروبەری دەبووەوە، كە لەسەر فۆرمی قەرەباڵغیی، پاساژەكان، فیستیڤاڵەكان و هتد دەركەوتبوو. بودلێر كۆمەڵە كەرەستەیەك دەخاتە بەردەستی بنیامین، تا لە كتێبەكەیدا بە ناوی “پڕۆژەی پاساژەكان” بەوردیی، لە ڕوانگەى ماتریالیزمی مێژووییەوە، لێكۆڵینەوە و شیكاریی بۆ ژینگەى نوێی شارنشینیی و ناكۆكیی و دژبەرییەكانی، ڕووداوەكان و شۆڕشەكان و هتد بكات. هاوكات كتێبەكە بە تەنها باسی بودلێر ناكات، وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد، بەڵكو هاوچەرخەكانی دیكەش لەئارادان: ئۆنۆرە دو بەلزاك، ئەلێكساندەر دوما، ئەدگار ئالن پۆ، ڤالێری، ڤیكتۆر هوگۆ و هتد، و لەسەرووی هەموویانەوە: كاڕڵ ماركس.

ئەگەرچی، تەفسیركارانی دیكەى بودلێر، بە گشتیی شاعیرەكەیان بە “سیمبولیست” لەقەڵەم داوە و شیعرەكەشی بە ناوی “پەیوەندییەكان” وەك نموونەیەكی دەقی سیمبولیستیی بینراوە. ئەلیگۆریزم (تەمسیلنووسیی) لێكدانەوەى زەینی داهێنەرانەى بنیامینە و بۆ ئەم مەبەستەش، شیعری “سوان: بۆ ڤیكتۆر هوگۆ”(Le Cygne)ی بودلێر بە نموونە وەردەگرێت. بودلێر، لە ڕاستیدا، لەم شیعرەدا، دەستدەكات بە ئەلیگۆریزەكردنی پاریس، كە بنیامین دەیكاتە ناوەند و سەنتەری سەدەى نۆزدە. ئەم دیمەنە شارنشینییە لەژێر هەیمەنەى دووبارە دیزاینكردنەوەى بارۆن هاوزماندا، هەمان ئەو شتەیە كە ماركس لە تێگەیشتنیدا بۆ سەرمایەداریی، لە “مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست“دا ئاماژەى پێدەكات: “هەرشتێك ڕەق و بەستوو بێت، دەبێتە دووكەڵ و بەهەوادا دەچێت”[5]. بودلێر تەماشای ڕووخاندنی شارەكە و دووبارە بونیادنانەوەى دەكرد. ئەزموونی شارنشینیی، ببووە ئەزموونێكی تێپەڕ و ئینتیقالیی، شارێك دەیویست لە دەستی شۆڕش و یاخیبوون، بە كورتیی، لە دەستی چینی كرێكار و باریكاد و سەنگەری شەقامەكانی، ڕزگاری ببێت. شارێك لەژێر دەستی بۆرژوازیی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ناپۆلیۆنی سێیەمدا. بودلێر، فلانور و بینەری ئەم ڕووداوانە بوو. وەك بنیامین لە “ئێكسپزێ”ی ساڵی ١٩٣٥دا بە ناوی: “پاریس، پایتەختی سەدەى نۆزدە”دا، كە پاشان دەبێتە بەشی یەكەمی كتێبی “پڕۆژەى پاساژەكان” باسی دەكات:

“چالاكییەكانی هاوزمان بەسترابوونەوە بە ئیمپریالیزمی ناپۆلیۆنییەوە. لوویی ناپۆلیۆن گەشەى بە سەرمایەى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی دەدا، و پاریسیش ئەزموونی جوڵەیەكی خێرا و توندی قۆرخكاریی دەكات، بازرگانییكردن بە ئاڵوگۆڕی پشكەكانەوە شوێنی فۆرمەكانی قوماركردن دەگرێتەوە كە لەبەرەبەیانی كۆمەڵگای فیودالیدا هەبوون. فەنتاسماگۆریای شوێن، كە فلانور خۆى پێوە سەرقاڵ دەكات و تیایدا دێت و دەچێت، شوێنی خۆى لەنێو فەنتاسماگۆریای زەمەندا دەبینێتەوە، كە قومارباز ئالودە و مودمینی ببوو”[6].

خوێنەری ڕۆمان تەنهایە و لە گۆشەیەكی ماڵەكەیدا، لەبەر چرا و بە تەنهایی ئەزموونێكی گۆشەگیركراو كۆدەكاتەوە، كە خۆی تیایدا بەشدار نییە و پاڵەوانی ڕۆمان بەسەریدا دەسەپێنێت، بەڵام خوێنەر/بیسەری شیعر، لە ڕابردوودا و تا ئێستاش، دەكرێت وەك ئەزموونێكی كۆیی و دەستەجەمعیی ببینرێت.

لەنێو ئەم هەلومەرجە تازەیەدا، بودلێر تێبینیی ئەوە دەكات كە شاری مۆدێرن بە جۆرێك دیزاینكراوە تا ئاسانكاریی بۆ دەرككردن و ئەو تێگەیشتنە زووتێپەڕ و خێرایانە بكات كە هەرگیز لە توانای شۆك و هەژانەكانیاندا دووبارە نابنەوە. لەنێو ئەم ساتە خێرایانەدا، واتا زەمەنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی، لەنێو میترۆپۆلیس و شارە گەورەكاندا، بكەرێكی دیكە سەرهەڵدەدات، كە بودلێر بە وردیی تێبینیی دەكات: ژن. ئەم بكەرە چیتر وەك بكەرێكی ماڵەوە نامێنێتەوە، بەڵكو ڕۆڵی مۆدێل و فاشیۆن دەگێڕێت. جوانییەكەى، كە لە ڕێگای مۆدێلەوە لەسەر چێژ و سەلیقەى بۆرژوازیی دادەمەزرێنرێت، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سیستەمی بەرهەمهێنانی قازانجەوە دەكات. لێرەوەیە لەنێو ئەم شارانەدا جۆرێكی دیكەى ئەزموون سەرهەڵدەدات، كە بنیامین ناوی دەنێت: ئەزموونی گۆشەگیر و دابەشكراو (Erlebnis). ئەم ئەزموونە ڕاستەوخۆ لە ئەزموونی ڕاستەقینەى مرۆڤەوە (Erfahrung) سەریهەڵداوە. ئەزموونی یەكەم، دابەشكراو، گۆشەگیركراوە؛ ڕاستە لەنێو شارە گەورەكاندا دەرفەتی گەڕان و هاتوچۆی هەیە، بەڵام ناچالاكە. لە كاتێكدا ئەزموونی دووەم، ئەزموونێكی پڕ لە جوڵە بووە، تەنانەت خودی وشە ئەڵمانییەكەش، كە بنیامین بەكاریهێناوە، لە چەمكی گەشت و سەفەر و جوڵەوە سەرچاوەى گرتووە: (Fahren) واتا گەشتكردن و (Erfahrung) واتا ئەو كەسەى گەشت دەكات، و ئەزموون كۆدەكاتەوە و پاشان لەگەڵ خەڵكانی دیكەدا هاوبەشی دەكات. نموونەیەكی سادە بۆ ئەم دوو جۆرە ئەزموونە: مەرگ. لە ئەزموونی ڕاستەقینەدا، مرۆڤ، پێشتر لەساتی سەرەمەرگدا، هەرگیز بە تەنها نەدەبوو، بەڵام لە ئەزموونی گۆشەگیركراودا، مرۆڤ لە قاوشێكی نەخۆشخانەدا بە تەنها دەمرێت. ئەگەر نموونەیەكی دیكە بهێنینەوە، كە دەكرێت ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەبێت: خوێنەری ڕۆمان و خوێنەری شیعر. خوێنەری ڕۆمان تەنهایە و لە گۆشەیەكی ماڵەكەیدا، لەبەر چرا و بە تەنهایی ئەزموونێكی گۆشەگیركراو كۆدەكاتەوە، كە خۆی تیایدا بەشدار نییە و پاڵەوانی ڕۆمان بەسەریدا دەسەپێنێت، بەڵام خوێنەر/بیسەری شیعر، لە ڕابردوودا و تا ئێستاش، دەكرێت وەك ئەزموونێكی كۆیی و دەستەجەمعیی ببینرێت. ئایا نەتانبینیوە و نەتانبیستووە شاعیران لە مەیدانە گشتییەكاندا شیعریان دەخوێندەوە و زۆرجار شیعرەكانیان دەبووە هەڵگیرسێنەری مەشخەڵی ڕاپەڕین؟ بنیامین لە تیۆری “حیكایەتخوانیی”دا بە وردیی باسی ئەم دوو جۆرە ئەزموونە دەكات، كە لێرەدا دەرفەتمان نییە باسی بكەین و لە كاتی دیكە و شوێنی دیكەدا دەگەڕێینەوە سەری.

یەك: بودلێر وەك ئەلیگۆریست

شیعری “سوان”، یاخود باڵندەى دەریا، كە بودلێر پێشكەشی ڤیكتۆر هوگۆی كردووە، دیارترین نموونەیە بۆ دانانی شاعیر وەك ئەلیگۆریست لەلایەن بنیامینەوە:

پاریس دەگۆڕێت، بەڵام هیچی لە ڕەشبینییم نەگۆڕی

کۆشکە نوێیەکان، دار و ئاسنەبەستراوەکان،

هەرچی کەڵەکەبووە، گەڕەکە کۆنەکان

هەمووی بۆمن بوون بە ئەلیگۆریی

ئازیزترین یادەوەرییەکانیشم لە بەرد قورسترن

بودلێر لەم شیعرەدا دەڵێت: “هەموو شتێك بۆ من دەبێتە ئەلیگۆریی” (tout pour moi devient allégorie)، یاخود “هەموو شتێك لە مندا دەبێت بە ئەلیگۆریی”. هەروەها بەكارهێنانی ئەلیگۆرییش لای بودلێر، “بەشداریكردنییەتی لە مۆدێرنیتەدا”. بەكورتیی لە نووسراوەكانی دانتێ ئەلیگیرێ (نموونەى دەقی ئەلیگۆریی)دا ئێمە مانایەكی حەرفییمان هەیە؛ پاشان مانای ئەخلاقیی، كە تاكەكان لە ژیانی فەردیی خۆیاندا هەڵیدەبژێرن و دەكرێت لە ڕەنگدانەوەى باڵادەستیی كۆمەڵگادا ببینرێتەوە؛ ئینجا مانای ئەلیگۆرییمان هەیە، كە دەكرێت لەلایەن بكەرە تاكەكانەوە لەنێو گێڕانەوەدا ببینرێتەوە؛ دواجار مانای هاوشێوەیی (ئەنالۆژیی)، كە تیایدا چارەنووسی دواجارەكیی ڕۆح یان دەروون، بانگ دەكرێتەوە. بەڵام ئەو مانایەى بنیامین بۆ ئەلیگۆریی بەكاری دەهێنێت و بودلێری پێ شەرح دەكات، مانایەكی فراوانی هەیە؛ ئەم چەمكە شێوازێكە بۆ بینینی هەر ئۆبژێكت (بابەت)، وێنە یاخود دەقێك وەك شتێكی فرەبنەما، فرەڕووخسار و دواجار فرەمانا. جیهانی ماناكان تاكڕەهەند نین، وەك سیستەمی پۆزەتیڤیستیی بانگەشەى بۆ دەكرد. بنیامین یادەوەریی (چەمكێكی ڕادیكاڵ لە فیكری ئەودا) وەك ئەلیگۆرییەكی سیاسیی دەخوێنێتەوە. نووسراوە ئەلیگۆرییەكانی بودلێر، بە ڕۆشنییەكی تەواو و بێكۆتاییەوە ناسەقامگیریی بەرەى مۆدێلپەرستیی سەرمایەدارییان پیشان دەدا. لەبەر ئەوەیە، بنیامین ناو لە بودلێر دەنێت شاعیرێكی نامۆبوون و بەشتبوون، لێكدەرەوەیەكی كۆمەڵگای بەرهەمهێنانی كاڵایی، واتا كۆمەڵگایەك تیایدا شتی نوێ وەك گەڕانەوەی ئەبەدیی و هەمیشە یەكسان (ever-same) پیشان دەدرێت، فراوانییەك كە فلانوری تاق و تەنها لەخشتە دەبات[7].

بنیامین پێیوابوو فەلسەفە توانای گۆڕینی جیهانی نییە، تەنها كارێك شیكاریی دروستی فەلسەفیی بتوانێت بیكات، ئەوەیە كۆمەكمان بكات كە وێنەیەكی دروستترمان بۆ واقیع هەبێت

بنیامین لە كتێبی “سەرچاوەى درامای ماتەمی ئەڵمانیی“دا، كە بۆ یەكەمجار چەمكی ئەلیگۆریی بەكاردەهێنێت، باس لەوە دەكات، ئەلیگۆریست، لە ڕێگای لێكۆڵینەوە لە شتە مردوو و بێ گیانەكانەوە لەسەر سەكۆ بە مانای شاراوەیانەوە، ئەو مانایانەى دەبێت ڕزگار بكرێن، دەستدەكات بە كەشفكردنی دیوە ڕاستەقینەكانی كۆمەڵگای سەرمایەداریی. واتا ئەو ئۆبژێكت و بابەتانەى لە كۆمەڵگای بەرهەمهێنانی كاڵاییدا ڕەهەندی قودسییان پێدراوە، لە موقەدەس دادەماڵرێن. بەڵام، بە ئاشكراكردنی ئەم دیوە شاراوانەى ئۆبژێكتەكان، واتا ئەم كردەیە، هاوكات وێرانكردن و لەناوبردنی جیهانی خاڵیی و بەتاڵیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لێرەدا، لای بنیامین چەمكی ئەلیگۆریی، بەتەنها ڕەهەندێكی تیۆریی نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ماتریالیزمی مێژوویی و پرۆلیتاریاوە دەكات. بە وشیاربوونەوە بەرانبەر بە تێزی یانزەهەمی كاڕڵ ماركس دەربارەى لودڤیگ فۆیەرباخ: “فەیلەسوفان تا ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆر تەنها تەفسیری جیهانیان كردووە، بەڵام خاڵەكە بریتییە لە گۆڕینی جیهان”، بنیامین دەستی كردبوو بە داڕشتنی تیۆرەیەكی ڕادیكاڵ دەربارەى ئەلیگۆریزم وەك ئاشكراكردن و هێنانەوەى مێژووی ڕابردوو. لەبەرئەوە وەك شتێكی بێلایەن سەیری مێژووی نەدەكرد، بەڵكو نووسین دەربارەى ڕابردوو بۆ ئەو فۆرمێكی تۆڵەكردنەوە بوو. جگە لەوە، بنیامین پێیوابوو فەلسەفە توانای گۆڕینی جیهانی نییە، تەنها كارێك شیكاریی دروستی فەلسەفیی بتوانێت بیكات، ئەوەیە كۆمەكمان بكات كە وێنەیەكی دروستترمان بۆ واقیع هەبێت.

لەسەر سەكۆی درامای ماتەم(Trauerspiel)دا، ئۆبژێكت و بابەتە بە ئەلیگۆرییكراوەكان وەك وێرانە یاخود كەلاوە كەڵەكەبووەكان دەردەكەون – و ئەمەش دەرفەتێك لەبەردەم بینەر/خوێنەر/بیسەردا دەكاتەوە قوڵببێتەوە ناو مێژووەوە كە هەموو وشیارییە ساختە و فۆرمە موقەدەسكراوەكان ئاشكرا بكات و ببینێت. كاتێك سەرمایەداریی حەز دەكات جیهان وەك شتێكی چوونییەك، زەمەن وەك شتێكی بەتاڵ و هۆمۆژێن و چوونییەك، كۆمەڵگا وەك نەتەوەیەكی وەك یەك پیشان بدات تا هەلومەرجی ئێستای دەسەڵاتدارێتیی خۆی بسەپێنێت، ئەوا، وەك بنیامین ئاماژەى بۆ دەكات: “لە ڕوانینی ئەلیگۆرییانەدا، وێنەكە نەك یەكگرتوو، بەڵكو كەرت كەرت دەردەكەوێت، وێران… [نەك ئەوەى كۆمەڵگای بەرهەمهێنانی كاڵایی دەیەوێت وەك فیستیڤاڵ پیشانی بدات]… دەركەوتەى ساختەى ئەم گشتێتییە[ی سەرمایەداریی] لەناو ڕوانینی [ئەلیگۆرییدا] بە تەواویی لەیەك جیادەكرێنەوە. لەبەرئەوە ئایدۆس دەردەكەوێت، چوونییەك یان لەیەكچوون لە بوون دەكەوێت” و ئەو جیهانە ساختەیەى كۆمەڵگای كاڵایی، كە ئینسانەكان نامۆ دەكات، دەیەوێت وەك كۆمەڵگایەكی یەكسانیخواز و ئەبەدیی پیشانی بدات، لەناو سیستەمی دەرككردنی ئەلیگۆرییدا، دیوە تاریكەكەى ناو ڕۆشناییە ساختەكەى ئاوەڵا دەكرێت و ئیتر بە ڕووتیی دەبینرێت[8]. لێرەوەیە بنیامین دەیەوێت بودلێر وەك شاعیری ئەلیگۆریست، سەرەڕای ناكۆكیی و دژبەرییەكانی، بەكاربهێنێت. ئەم چەمكە لە كۆتاییەكانی سەدەى بیستدا، بۆ یەكەمجار لەلایەن تێری ئیگڵتۆنەوە لەكتێبەكەیدا دەربارەى بنیامین (1981)، دژ بە ئەدەبیاتی ئینگلیزیی بەكاردەهێنرێت. ئیگڵتۆن دەیەوێت لە ڕێگای ئەم چەمكەوە ئەوە ئاشكرا بكات كە ئەدەبیاتی ئینگلیزیی، ئەگەر بە تەواویی لەپشتی نەزمی باڵادەست و چینی حاكمەوە نەبووبێت، هەرگیز دژیشی نەبووە[9].

“دەبێت ڕێگای خۆمان لە ڕێگای گوڵەكانی خراپەوە بەو مانایەوە بدۆزینەوە كە چۆن شتەكان دەبن بە ئەلیگۆریی. بەكارهێنانی پیتە گەورەكان دەبێت بە وریاییەوە بگیرێنەبەر”

شیعری بودلێر، بەنموونەییكردنی فرەڕەهەندیی ماناییە لە ئاستێكی بەرچاودا، وەك بنیامین تێبینییكردووە؛ هەر هەلومەرجێك لە ئێستادا، بە شێوەیەكی دیالەكتیكیی پەیوەندیی بە هەلومەرجێك لە ڕابردوودا دەكات. هەروەها بەئەلیگۆرییكردن (Allegorization) ڕێگاخۆشكردنە بۆ بەكەسییكردنی هێزەكان، كە لەبەرەى پێچەوانەدا دەكرێت وەك شتی ئەبستراكت و سەروو كەسیی ببینرێن. بیرلەوە بكەنەوە، بەخوداییكردنی سیستەمی حوكمڕانیی، لە سەردەمی پاشایەتییدا. واتا ئەو مافە خواییەى بە پاشا دەبەخشرێت، نەخێر بەئەلیگۆرییكردن ئاشكرای دەكات: مرۆڤەكان. هەروەها بەئەلیگۆرییكردن ڕابردووی بێ ناوان و سەركوتكراو و قوربانییانیش ئاشكرا دەكات: ڕابردوو وەك ئۆبژێكت و شتێكی مێژووگەرییانە لێرە نییە تا ڕەهەندی جوانیناسیی لە نووسینەوەیدا پێ ببەخشرێت، بەڵكو لێرەیە، تا ئێستای پێ قەیراناویی بكرێت؛ ئێستای چینە باڵادەستەكان. لەبەر ئەوە بنیامین ئەم فیگورە بەكەسییكراوە لە پیاسەى بەردەوام لەگەڵ و لەدەرەوەى شیعرەكانی بودلێرەوە دەدۆزێتەوە. لێرەوەیە كە لە یەكێك لە كۆنڤولتەكانی كتێبی “پڕۆژەىپاساژەكان“دا دەڵێت: “دەبێت ڕێگای خۆمان لە ڕێگای گوڵەكانی خراپەوە بەو مانایەوە بدۆزینەوە كە چۆن شتەكان دەبن بە ئەلیگۆریی. بەكارهێنانی پیتە گەورەكان دەبێت بە وریاییەوە بگیرێنەبەر”[10].

وێنەى دیالەكتیكیی (dialektische Bild) ڕابردوو بە ساتی ئێستاوە دەبەستێتەوە؛ ڕابردوو بۆ ڕۆشنایی خستنەسەر لە دەقیقترین ساتی خۆیدا لێرەیە، كە ئێستا، ئەگەر بیەوێت ڕزگار بكرێت، پێویستی پێی دەبێت – بە پێچەوانەوە، ئەگەرنا، هیچ جۆرە ئینتیقال، گواستنەوە و پاشان ڕزگاربوونێك ڕوونادات. ئەگەر ئەمەش ڕووبدات، وەك فلاشێكی خێرا، ساتێكی بێ زەمەن، كە دیالەكتیك دەوەستێنێت، دەبێتە ئامرازێك كە زەمەنی ئێستا، یاخود ئەوەى بنیامین ناوی دەنێت: بەردەوامیی مێژووی چینە باڵادەستەكان، دەتەقێنێتەوە. ئەم ساتانە لای بودلێر بە بەردەوامیی ڕوودەدەن. فلانور دەستدەكات بە بەئەلیگۆرییكردنی سەرجەمی ئەو شتانەى لەبەردەمیدا قوت دەبنەوە، لە كاتێكدا خۆى لە هەموو چالاكییەك بە دوور دەگرێت، بەڵكو تەنها بە ئەبڵەقیی و بە زەقییەوە دەڕوانێتە شتەكان؛ و بە جۆرە ڕوانینێكی وەهای ڕۆشنبیرییانە (ئێوە ناوی بنێن تەمەڵانە)، تێگەیشتن لە وێرانەكانی شاری مۆدێرن دەباتە ناو ئەلیگۆرییەوە.

دوو: ئەلیگۆری و مالیخولیا

بنیامین لە وتاری “سەنتڕاڵ پارك“دا دەربارەى بودلێر، بە وردیی هەڵوەستە لەسەر چەمكی مالخولیا دەكات و دەڵێت: “دەستەواژەكەى میلانكتۆن، ئەومالیخولیاپاڵەوانییە، بە شێوەیەكی باڵا بلیمەتیی بودلێر وەسف دەكات. بەڵام مالیخولیای سەدەى نۆزدە، خەسڵەتێكی نامالیخولیای سەدەى حەڤدەى هەبوو”[11]. دی ئەنیمای فیلیپ میلانكتۆن (١٥٤٨) بەرهەمێكی هیومانیستیی كۆتاییەكانی سەدەكانی ناوەڕاست بوو كە ڕۆڵێكی بنچینەیی لە ستایشكردن و زەقكردنەوەى ئایدیای مالیخولیا یاخود میلانكۆلی (melancholy)دا هەبوو. لە كاتێكدا زانا و لێكۆڵەرە یەكەمینەكانی سەدەكانی ناوەڕاست مالیخولیایان تەنها وەك ئازار، ڕەنج، یان ئەشكەنجەیەك دەبینی، كەچی بەرهەمەكەى میلانكتۆن پرۆسەیەك دادەمەزرێنێت كە بەهۆیەوە مالیخولیا بەشداریی لەگەڵ شێتیی داهێنەرانە، یاخود مەستیی بلیمەتییانەدا دەكات كە لەلایەن ئەفڵاتونەوە باسكرابوو. مالیخولیا چیتر هێزێكی جوڵێنەر نییە لەپشتی شەیدایی لێكۆڵەرانی ناو جیهانی كتێبەكانەوە، بەڵكو هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەكی بەرهەمدار بۆ پاڵنەر و ئیلهامە هونەرییەكانیش. بەرهەمەكەى بنیامین دەربارەى درامای ماتەمی سەردەمی بارۆك، لێكۆڵینەوە لە شاكارە هونەرییەكەى ئەلبرێشت دورەر بە ناوی مالیخولیا دەكات. پیشاندان و شیكاركردنی ئەلیگۆرییانەى ئەم شاكارە هونەرییەى دورەر، چەمكی ئەلیگۆریی لای بنیامین و بودلێر ڕوونتر دەكاتەوە.

blank
مالیخولیا، بەرهەمێکی هەڵکۆلراوی ساڵی ١٥١٤ هونەرمەندی ئەڵمانی (ئەلبرێشت دورەر)ە.

لە ڕێگای دووانە نیشانەى ئەلیگۆری و مالیخولیاوە، بودلێر دەستدەكات بە تێبینییكردن و تەماشاكردنی ئەم جیهانە و ئێمەش دەبێت لە هەمان كاتدا بە وردییەوە تێبینیی ئەم كاتیگۆرییانەى قۆناغی پێش مۆدێرن بكەین. دەیڤد هارڤەى لە كتێبە ناوازەكەیدا بە ناوی: “پاریس، پایتەختی مۆدێرنیتە” (كە بە ئیلهام وەرگرتن لە بنیامین نووسیویەتی) باس لە هەبوونی ڕێبازێكی چوار میزاج یان حاڵەت دەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی جەستەى مرۆیی و لەم ڕووەوە لەژێر نیشانە ئەستێرەییەكانی چارەنووسمانەوە ئاماژە بەم حاڵەتانە دەكات. و مێژوونووسانی هونەر ئاماژەیان بە بەرهەمە هونەرییە ئەلیگۆرییەكەى دێلاكروا بە ناوی ئازادیی لە سەنگەرەكاندا (١٨٣٠) كردووە. دوای ئەمە، مۆدێل و شێوازی ئەلیگۆریی تەنها دەبێتە شتێكی ئەكادیمیی و بێزاركەر، و لەلایەن ئەكادیمییە خاوەن ئیمتیازەكانەوە تەنها وەك پڕۆژەیەكی سەر بە مێژووی كولتووریی، لێكۆڵینەوەى لەسەر دەكرێت. و هەوڵی بنیامین بۆ لێكدانەوەى مالیخولیا و ئەلیگۆریی، هەوڵێك بوو بە ئاراستەى ڕزگاركردنی لە چنگی ئەكادیمییەكان، بە كورتی: هەوڵێك بوو بۆ نووسینەوەى مێژووی هونەر نەك وەك ئۆبژێكت و بابەتێكی مێژوویی سەر بەڕابردوو، بەڵكو هێنانی بۆ ئێستا و، دواجار نووسینەوەى مێژووی هونەر لە ڕوانگەى چەوساوانەوە. تێزی ئاوێتەكردنی ئەلیگۆری و مالیخولیا ئەم دەرفەتەى بە بنیامین بەخشیبوو. خۆ ئەگەرچی بودلێر دەكرا هەردوو مۆدێلەكە دەرك بكرێت و نیشان بدرێت. وەك ئەمڕۆ ئەكادیمیا ئەم پێگەیەى بە بنیامین بەخشیوە كە خۆى هەم نەیویستووە و هەم هەرگیزیش پێینەگەیشتووە. مێژوو لە ئەكادیمیادا دەبێتە مێژووگەرایی (historicism)، واتا هاوسۆزییكردن لەگەڵ چینە باڵادەستەكان، لە شەقامیشدا دەبێتە مێژوو لە سەنگەرەكاندا، واتا خەباتی چینایەتیی و جەنگی پارتیزانی. ئایا ناونیشانی بودلێر و شەقامەكانی پاریس چ شتێك ئاشكرا دەكات؟

ئێمە نازانین ئەگەر بودلێر ئاگای لە بەرهەمی فریشتەى مالیخولیای ئەلبرێشت دورەر بووبێت؛ بەڵام بنیامین بە وردیی لێكۆڵینەوەى لەسەر كردووە. هاوشێوەى فریشتەى نوێ، فریشتەى مالیخولیاش بۆ بنیامین دەبێتە دەرفەتێكی گەورە بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو و هاوكات لە ئەمڕۆ. وێنەى فریشتەى مالیخولیا، فریشتەیەك لەنێو تاریكیی و پەرێشانییدا پیشان دەدات، ئیفلیج، لەپەلوپۆ كەوتوو، كە پێدەچێت بەهۆی مالیخولیاوە بەسەریهاتبێت، چاودەبڕێتە مەودایەكی دوور، كە بەكەرەستەگەلێكی زۆری تازە دەورە دراوە. هەموویان لەو ناوە بڵاوكراونەتەوە و بەكاریش نەهێنراون. ئەم كەرەستانەش بریتین لەدەستاڕ یان بەردئاش (grindstone)، ڕەندەى دارتاشی (a plane)، چەند بزمارێك، چەكوش، چوارچێوەبڕ (framing square)، جوتەگاز (a pair of pincers) و مشار. دەموچاوی جوانی فریشتەكە سێبەری بەسەرەوەیە؛ ڕۆشنایی تەنها بەهۆى كراسە درێژەكەی و تۆپە خڕەكەى بەر پێیەوە دەدرەوشێتەوە. لەپشتە سەریدا سەعاتێكی لمی (كە لمەكانی خەریكن دەڕژێن)، زەنگێك، دەستێكی تەرازوو و چوارگۆشەیەكی جادوویی دەبینین، و پاشان، لەسەروی دەریاكەوە، لە دیمەنەكەوە، ئەستێرەیەكی كلكلدار بەبێ هیچ ڕووناكییەك، دەدرەوشێتەوە. هەروەها گۆشەیەكی سیحریی و جادووییش هەیە، تیایدا مەلۆتكەیەكی ترسناك دەردەكەوێت. كەسایەتیی و فیگوری كینایە و نیشانەیی دانیشتنی دۆخی مالیخولییانە، بەهۆى سستییەكەى، لاوازییە ڕۆحییەكەیەوە دەردەكەوێت كە بەهۆی تیشكی ئەستێرەیەكی كلكدارەوە ڕۆشنایی دەكەوێتە سەر، تیشكێك كە وادەردەكەوێت پێشبینیی شتی باش ناكات. شەمشەمەكوێرەیەك دەردەكەوێت جیڕەجیڕ دەكات. فیگورە ئەلیگۆرییەكە تەنها بەدەست مالیخولیاوە ناناڵێنێت؛ چونكە ئێستا ئەو لە كەسایەتیی خۆیدا بەرجەستە بووەتەوە.

blank
تابلۆی (فریشتەی نوێ)ی بەرهەمی هونەرمەند (پاول کلێ) ١٩٢٠

جۆرجیۆ ئاگامبێن لە تەفسیرەكەیدا بۆ ئەم تابلۆیە پێیوایە ئەگەر فریشتەى مێژوویاخود فریشتەى نوێفریشتەى زەمەن بێت، ئەوا فریشتەى مالیخولیا، كە ناوی دەنێت فریشتەى هونەر، فریشتەى بێ زەمەنییە. فریشتەى نوێ لە ڕابردوو دەڕوانێت، بەڵام فریشتەى هونەر دەڕوانێتە داهاتوو. فریشتەى نوێ لە تێزی نۆی بنیامیندا دەڕوانێتە ئەو وێرانكارییانەى لەبەردەمیدا وەك كێوێك كەڵەكە كراون، لە كاتێكدا فریشتەى هونەر كۆمەڵە ئامرازێكی ژیانی چالاكی لەبەردەستدایە، كە بەگوێرەى ئاگامبێن، ئەو بەها و ئیعتبارەیان لەدەستداوە كە بەكارهێنانی ڕۆژانەیان پێی بەخشیون، چونكە كۆمەڵە نامۆبوونێكیان لێ باركراوە و ئەمەش ئەو شتانەى بەرەو ڕەمزی شتێكی تەواو تێپەڕ و خێرا بردووە. وەك ئاگامبێن دەڵێت، ئەو شتەى چووەتە دەرەوەى توانای تێگەیشتنی فریشتەى نوێ یاخود مێژووەوە، سەرلەنوێ فۆرمی خۆی لە بەرانبەر فریشتەى هونەردا دادەمەزرێنێتەوە؛ ئەگەرچی ئەم فۆرمە لە ڕاستیدا وێنەیەكی نامۆبووە، كە ڕابردوو چیتر ناتوانێت خۆی ڕزگار بكات ئەگەر لە ئەزەلەوە خۆى نەفی نەكاتەوە و ناسینی شتی تازەش تەنها لە ناڕاستەقینەیی و ساختەیی شتی كۆندا دەڕەخسێت[12]. كەواتە، فریشتەى هونەر دەكرێت دەركی ئەوە بكات كە ئەو شتەى ئەمڕۆ لە مۆدێل و فۆرمی شتی نوێ وەك فاشیۆن و مۆدی ڕۆژ دەردەكەوێت، تەنها شتە كۆنەكەى ڕابردووە و ئەم حاڵەتەش لە ڕێگای دەرككردنی جەوهەری شتەكانەوە، فریشتەكە دووچاری مالیخولیا دەكات، ئەم مالیخولیایەش لە ڕێگای بەئەلیگۆریزەكردنی شتەكانەوە، جەوهەرە ڕاستەقینەكەیان دەردەخات. كەواتە ئەگەر شتە تازەكان لە فۆرمی مۆدێلدا وەك شتی زیندوو و چالاك دەربكەون، ئەوا بە شیكاركردنی ئەم شتانە لە ڕێگای ئەلیگۆرییەوە دەگەین بەو دەرەنجامەى، وەك بنیامین لە بەشی تایبەت بە “مۆدێل” لە كتێبی “پڕۆژەى پاساژەكان”دا باسی دەكات، كە: “هەر مۆدێلێك دژی شتی ئۆرگانیی و زیندوو دەوەستێتەوە. هەموو مۆدێلێك (فاشن) جەستەى زیندوو بە جیهانی نائۆرگانیی و نازیندووەوە گرێدەداتەوە. لای زیندووان، مۆدێل بەرگریی لە مافەكانی خۆى بەسەر جەستە و لاشەكاندا دەكات”[13]. گیاكۆمۆ لیۆپاردی لە وتاری “دیالۆگی نێوان مۆدێل و مەرگ“دا دەڵێت: “ئەى مۆدێل: خانمی مەرگ! خانمی مەرگ!”[14]. بنیامین لە شەرحی ئەم ڕستەیەدا دەڵێت: “مۆدێل عادەت و ڕیتواڵ (ڕێوڕەسم) بەگوێرەى خواستی فیتیشیزمی كاڵایی دەستنیشان دەكات، كە دەبێت بپەرسترێت”[15].

blank
گراندڤیل یاخود پێشانگای جیهانیی: “خەڵكی مۆدێلپەرست لە مەیدانی گشتییدا یاخود نیگای زەقی مۆدێل” (1844). سەرچاوە: پڕۆژەی پاساژەكان، واڵتەر بنیامین

لەنێو ئەم ئامرازە پەرتەوازانەدا ئێمە گریمانەیەكی فەلسەفیی دەبینینەوە كە بودلێر و بنیامین، هەردووكیان، باسیانكردووە: ڕقێكی توند لە چەمكی پێشكەوتن وەك سەركەوتوویەكی گشتیی و پێدراوی ژیانی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی. واتا ئەو تێگەیشتنەى كە هەموو شتێك بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیك بەرەو پێشەوە دەچێت و چەندە تەكنیك و ئامرازە زانستییەكان گەشە بكەن، مرۆڤایەتیی زیاتر و زیاتر بەرەو ئاشتیی، یەكسانیی، كۆمەڵگای كراوە و پێكەوەیی دەچێت؛ بێ ئاگا لەوەى ئەو ڕووداوانەى لەم پێشكەوتنەی ئامرازەكانەوە سەریانهەڵدا، وێنەیان لە مێژووی مرۆڤایەتییدا نەبووە، بۆ نموونە هەردوو جەنگی یەكەم و دووەمی جیهان، بە پێشكەوتووترین ئامرازە زانستییەكان ئەنجام دران. بە مانایەكی دیكە، بەبێ پێشكەوتنی زانستیی، هیتلەر و مۆسۆلینی و سەرجەمی فاشیستە گەورەكانی سەدەى بیست، نەیاندەتوانی ئەم سەركەوتنە بەسەر ئازادیخواز و خەباتگێڕاندا بەدەست بهێنن. مێژوو سەلماندوویەتی، لەپشتی هەر سەركەوتنێكی كارەساتی فاشیزمەوە، زانستێكی تازە داهێنراو وەستاوە. ئایا لە مێژوودا قڕكردن و وێرانكردنێكی هاوشێوەى هیرۆشیما و ناكازاكیی بە چەكی ئەتۆمیی، بوونی هەبووە؟ بێگومان نەخێر.

لە ڕاستیدا بودلێر لە سەرجەمی ژیانیدا، گاڵتەى بە چەمكی پێشكەوتن دەهات، ئەگەرچی خۆی لەنێو دڵی پێشكەوتووترین بەرهەمە زانستییەكاندا دەژیا. لە ڕێگای بەئەلیگۆریكردنی شتە تازەكانی بەردەمی، دەستیكردبوو بە ئاشكراكردنی ئەو هێزە تاریكانەى كە وەك تیشكی خۆر، بە ڕووناكیی دەبینران. بنیامین لەم ڕێگایەوە دەیەوێت ئەم شتە تازانە ئاشكرا بكات. دوایین نووسراوی بنیامین، بە ناوی “تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژوو” پەردە لەسەر ئەم باوەڕبوونە ترسناكە بەپێشكەوتن لەلایەن سۆسیال دیموكراسییەوە (گەورەترین هێزی باڵادەست هاوشانی كۆمۆنیستەكان كە خاوەن گەورەترین چینی كرێكاری ڕێكخراو بوون لە جیهاندا)، وەك بنیامین دەڵێت، خیانەتیان لە پرۆلیتاریای ئەڵمانیی كرد و ڕێگایان بۆ فاشیزم خۆشكرد دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

سێ: سەرهەڵدانی فلانور

“فلانور ڕۆڵی پێشەنگایەتیی لە بازاڕدا دەبینێت. بە گشتیی، ئەو هەروەها لێكدەرەوەی قەرەباڵغییشە”. (واڵتەر بنیامین، پاریس، پایتەختی سەدەى نۆزدە)[16].

فلانور وەك فیگورێكی خۆیەكسانكەر بۆ شاعیر یان ڕۆژنامەنووس شوێنێكی گرنگ وەردەگرێت كە بە نائومێدییەوە بۆی دەردەكەوێت ئەوە بازاڕە هەلومەرجەكان بۆ بەرهەمهێنانی وشەكان دیاریدەكات. لەم ڕووەوە پێگەى فلانور هەمیشەناجێگیرە، ئەو قەیرانە پیشان دەدات كە لەلایەن ڕێكخستنی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەریهەڵداوە. فلانور، كە حەز دەكات ببێتە ڕۆشنبیرێك ئازاد بێت لە هاتن و چوون، دەبێتە بەندە و غوڵامی بازاڕ. فلانور حەزی لە تەنبەڵییە. تەنبەڵیی، نابەرهەمهێنەریی، داندییزم، فلانورێتیی – ئەو شتانەن بنیامین شەیدا دەكەن. لە كتێبی پڕۆژەى پاساژەكاندا بنیامین فایلێك بۆ تەنبەڵیی – Müßiggang– (idleness) تەرخان دەكات. ماركسیش باس لەوە دەكات كە تەنبەڵیی، زیاتر لە هەر شتێكی دیكە، كاریگەرترین فۆرم و شێوازی بەرەنگاریی بووە لە سەدەی مانیفاكتۆردا.[17] بنیامین دەست دەكات بە لێكۆڵینەوە لە تەنبەڵیی و فلانورێتیی، پیاسەكەر (كات بەفیڕۆدەر) كە وادەردەكەوێت توانای ناڕەزایەتیی هەبێت لە ڕێگای سستیی خۆیەوە دژی هەنگاو و زەمەنیی ئەبەدیی، چوونییەكی بەرهەمهێنان لە سەدەى نۆزدەدا. خەسڵەتی دوانەى فلانور، كە هەم حەزدەكات خۆى لەناو قەرەباڵغییدا بزر بكات و هەم وەك بنیامین باسی دەكات، لە بنەڕەتدا بەدوای كڕیار لە بازاڕدا دەگەڕێت، لە مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەى گرتووە. فلانور (ئێوە بڵێن ڕۆشنبیر)، هەم دژی سیستەمەكەیە، هەم بەشێكیشە لە سیستەم. واتا هەم حەز دەكات بزر بێت بەڵام هاوكات ئارەزووی فرۆشتنی مەعریفەكەشی دەكات. فلانور، كە لە فۆرمی بۆهیمیاشدا دەردەكەوێت، جارێك دژی دیكتاتۆرییەتە، كەچی بەرەیەكی ئەم توێژە، دەچێتە پاڵ فاشیزمیشەوە.

blank
واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠)

بنیامین لە سەرجەمی نووسراوەكانیدا دەربارەى پاساژەكانی پاریسی سەدەى نۆزدە، وێنە و نیگاری بودلێر بۆ فلانور وەك پیاسەكەرێكی ناو گەورەشار، كڕیاری بەر پەنجەرەكان و بیركەرەوەى مۆدێرنیتە دەهێنێت و ڕۆشناییەكی تازەی دەخاتە سەر. لەلایەكی دیكەوە بودلێر فلانور بە تەنها وەك پیاسەكەرێكی نێو نەشونمای پڕشنگداری مۆدێرنیتە پێناسە ناكات، بەڵكو ئاگای لە وەهمەكانی كارەكتەرەكەش هەیە. ئەوەی لای بنیامین، سەرەڕای ڕەهەندە فیكرییە قوڵەكەى، شتێكی تازە و داهێنەرانەیە، هەڵوەستەكردنە لەسەر ڕەهەند و سیاقی ئابووریی فلانور. لێرەوە، ئەو فلانور دەهێنێت و لەنێو سیاقی مێژوویی و كۆمەڵایەتییدا جێكەوتی دەكات. لەبەرئەوە، دەنووسێت:

“ئینتیلیجێنتسیا (ڕۆشنبیرەكان) وەك فلانورەكان، هاتنە مەیدانی بازاڕەوە. وابیریان دەكردەوە كە سەیر و تێبینیی بازاڕ دەكەن – بەڵام لەڕاستیدا بەدوای پەیداكردنی كڕیارێكدا دەگەڕان”[18].

بنیامین ئەو ئەم واقیعە ڕوون دەكاتەوە كە شاعیر دەنگدانەوەى ڕۆحییەتی یاخیی بۆهیمیایە، ڕۆحییەتێكی یاخیی كە ئەگەرچی بە ناچاری دژەبۆرژوازییە، بەڵام ئامانجەكەى لەپێشەوە نەك تەنها ڕوون نییە بەڵكو دەكرێت بگۆڕێت یان ئاراستەكەى گۆڕانی بەسەردا بێت، دەكرێت بزر ببێت یان بەلاڕێدا ببرێت. ئەو باس لەوە دەكات چۆن نووسەری كتێبی “گوڵەكانی خراپە” كە بەشداریی لە ڕووداوەكانی شوباتی ١٨٤٨دا كردووە، لە كاتێكدا خۆپیشاندانەكان شەقامەكانی پاریس دەتەننەوە، ئەو هاوار دەكات: “بمرێ ژەنەڕاڵ ئەپیك!” (زڕباوكەكەى خۆى) و پاشان پشت بە بەشێكی دیكە دەبەستێت كە ئەمجارە واپێدەچێت شاعیر پەردە لەسەر سرووشتی یاخییانەى خۆی هەڵماڵێت:

هاوار دەكەم                                 

“بژی شۆڕش!”

 ئەگەرچی دەمتوانی بڵێم:

“بژی وێرانە! بژی تەمێكردن! بژی سزادان! بژی مەرگ!”

خۆشحاڵ دەبووم

نەك تەنها وەك قوربانییەك

هەروەها ناڕازیی نەدەبووم

لە پیادەكردنی ڕۆڵی جەلادێك – ئەى ئەوە نییە لە هەردوو لایەوە هەستم بە شۆڕش دەكرد!

لە خوێندا

هەموومان ڕۆحییەتێكی كۆماریخوازیمان هەیە

هەروەها سفلیس

لە ئێسقانەكانماندا

ئێمە بە دیموكراسیی و سفلیس ئالودە بووین[19].

بنیامین دەڵێت لە واقیعدا فلانورێتیی لە ژۆرنالیزم (ڕۆژنامەگەریی)ـەوە دێتە دەرەوە و سەرهەڵدەدات – نووسەر وەك وشەڕیزكەر، هونەرمەندیش وەك ڕۆشنكەرەوە و نەخشەكار دەردەكەوێت. ڕۆچوونە نێو فیكرەوە لەسەر قەرەباڵغیی و لەناو قەرەباڵغییدا و ڕامان دەربارەى فریودانەكانی شارنشینیی دەبوو وەربگێڕدرێتە سەر پارەى نەقد. ئەمە نائومێدیی بودلێر بوو: مەحاڵێتیی دابەشبوون، خواست بۆ نیوەڕۆخوانێكی ئازادانە. پێویست بوو فلانورەكان كات بەسەربردنەكانیان دووبارە لە ئینجی ستوونەكان یان سندووقەكاندا دابەش بكەنەوە. ئەوەى دەبوو ببێتە هونەر بۆ ئەبەدییەت، دەگۆڕێت بۆ نوسخەیەكی كۆپی لە پێناوی بابەتی سبەینێدا. بنیامین دەربارەى فلانور وەك پاڵەوانی مۆدێرنیتە دەنووسێت: “ئەو شانازیی و خۆنواندن بە خودی چەمكی قابیلییەتی كڕینەوە دەكات”. فلانور وەك هێزی كاری ڕۆشنبیریی سەیردەكات و سەیردەكرێت، كڕین دەباتە نێو بواری نمایش و ئەمەش دەبێتە كاڵایەك بۆ هەڕاجكردن[20]. سەقامگیربوونی فلانور لە ڕوانگەى ئابوورییەوە ڕێگا بە بنیامین دەدات باس لە لەیەكچوونی نێوان فلانورەكان، سۆزانییەكان و كرێكاران بكات: مێشك بۆ فرۆشتن هاوتای جەستەیە بۆ فرۆشتن و هەڕاجكردن. لای بنیامین ئەوە ڕوون و ئاشكرایە كە فلانورەكان و هونەرمەندان، هاوشێوەى كرێكارانی دەستی و زەینیی، دەكەونە نێو ناكۆكییەكانی سەرمایەوە. وەك چۆن دەستفرۆشان هەوڵدەدەن خۆیان سەقامگیر بكەن، فلانورەكانیش بە وریاییەوە ئەم هەوڵە دەدەن، هەمیشە بابەتێك بۆ ڕەتكردنەوەى بازاڕ. و ئەو ژینگە یاخییەى ئەوان لێیەوە سەرهەڵدەدەن و تیایدا ترس و نادڵنیایی خۆیان سەبارەت بە مۆدێرنیزاسیۆن و فەنتازیاكانیان بۆ سەربەخۆیی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی دەهێننەئاراوە، بریتییە لە ماڵێكی پڕ لە كێشمەكێش. ئەمەش ڕیزبەستنی كێبڕكێی تاكەكان جێگیر دەكات، خۆیان لەبەردەم بازاڕدا تووشی سوكایەتیی و ڕسوایی دەكەن. بنیامین باس لەوە دەكات كە ژیانی دەلاقەداری فلانور سنووردارە: دەبێت لەگەڵ كاتدا ژیانی پاكبكاتەوە و وەهمەكانی لەناو ببات[21]. ئەگەر فلانور بیەوێت پێگەى ئابووریی خۆى سەقامگیر بكات، دەبێت سازش لەسەر سیاسەت بكات.

كاڕڵ ماركس لە كتێبی هەژدەهەمی برومەری لوویی بۆناپارت (١٨٥١)دا باس لە دووركەوتنەوەى بۆرژوازیی كۆماریی لە كولتوور و سیاسەت دەكات. باس لەوە دەكات كە چۆن بۆرژوازیی دامەزراوە و بەهاكانی خۆی و هەروەها دیارترین و بەرچاوترین فۆرمەكانی خۆى لەناو دەبات. لە ڕێگای ماستاوكردنی بۆ سەرۆك، جوێندانی بە پەرلەمان، وەستاندنی چاپەمەنیی خۆى، بۆرژوازیی بانگهێشتی بۆناپارتی كرد باڵادەستیی پەیدا بكات و هەروەها بانگهێشتی كرد تا خودی خۆی بێدەنگ بكات و دەست بكات بە دامركاندنەوەى نووسینی ئەو چینە، لەسیاستخستنی و ئەدەبیاتـەكەى، لەناو بردنی سەكۆ و چاپەمەنییەكەى. لەگەڵ سەركوتكردنی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی ١٨٤٨دا، ئێستا بە تەواویی، بەرەى سەركەوتوو و براوەى بۆرژوازیی، پشتیوانی “پارتی نەزم” (party of order)، هەوڵیدا باری قورسی خۆی لەلایەن بەرچاوترین هونەرمەندانەوە سووكتر بكات. بۆیە بانگی ناپلیۆنی سێیەمیان كرد:

“دەست بكات بە بێدەنگكردنیان و قەدەغەكردنیان لە نووسین، لە سیاسەت دایانبماڵێت و لە ئەدەبیات دووریان بخاتەوە، لەبەر ئەوە ئەوان بەشێوەیەكی دڵگەرم كاروبارە تایبەتەكانی خۆیان لەژێر پارێزبەندیی حكومەتێكی بەهێز و ناپابەند بەڕێوە دەبەن”[22].

بۆرژوازیی لە ڕێگای ئەم سازشكردنەیەوە، دەمی خۆی لەڕووی سیاسییەوە دادەخات، بەڵام كاروبارە تایبەتییەكانی خۆى (ئابووریی) بەڕێوە دەبات، چونكە تەواو لەوە دڵنیایە حكومەتێكی بەهێز و بێسنوور و موتڵەق ئەم كاروبارە تایبەتانەى ئەو دەپارێزێت. بە هەمان شێوەى سەدەى بیست چۆن بۆرژوازیی ئەڵمانیی، سازشی سیاسیی بۆ هیتلەر كرد، لە بەرانبەردا ڕژێمی نازیش، بەڵێنی پاراستنی سامان و سەرمایەى بۆرژوازیی دا. چەندە دەسەڵاتی دەوڵەتیی بەهێزتر بێت، ئەگەرەكانی پاراستنی كاروبارە تایبەتەكانی بۆرژوازیی، زیاتر دەبێت. بێ هۆ نەبوو ماركس دەیگوت: دەسەڵاتی دەوڵەتیی مۆدێرن، هیچێك نییە جگە لە كۆمیتەیەكی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی بۆرژوازیی.

لێكۆڵینەوەكانی بنیامین لە بودلێر ئاشكراكردن و كەشفكردنی هەلومەرجەكانی سەرهەڵدانی ئاڤانت-گاردە. كات بەفیڕۆدان لە شەقامەكان، سەیركردنی نمایش دەبێتە فۆرم و شێوازەكانی ناڕەزایەتیی دژی كەرت كەرتكردن و دابەشكردنە قێزەون و هەرزەییەكانی ئەو چینەى كە چیتر داوای ئازایەتیی ڕێسا سازییەكان و گوتاربێژییەكان ناكات.

لە پاشكۆی میتۆدۆلۆژییدا بۆ وتاری “پاریس ئیمپراتۆری دووەم لای بودلێر”، بنیامین باس لەوە دەكات كە تیۆری هونەر بۆ هونەر l’art pour l’art [die Kunst um der Kunst willen] گرنگییەكی یەكاڵاكەرەوە لە دەوروبەری ١٨٥٢دا بەخۆیەوە دەگرێت، واتا لەو كاتەدا كە بۆرژوازیی بەدوای چارەسەری خۆیدا دەگەڕا لەنێو دەستەكانی نووسەران و شاعیراندا. ئەدەبیات دەبێتە شتێكی زیادە، چیتر قسەكەر دەربارەى عەدالەت و چینی خاوەن فەزیلەت بوونی نامێنێت. بنیامین ئیقتباس لە پیشاندان و وەسفەكەى ماركس دەكات دەربارەى خۆكوشتنی بۆرژوازیی و ئەم سیاقەش بۆ باسكردن لە سەرهەڵدانی ستایل و شێوازی بۆرژوازیی بۆهیمیایی ڕەخنەیی بەكاردەهێنێت كە ئازار بەدەست بەكاربردنخوازیی، شارنشینێتیی و هەستیارێتیی باڵاییەوە دەچێژێت. مۆدێرنیزم لەم قۆناغەدا دەست دەكات بە بەپەراوێزبوونی ناچارییانە(coerced marginalization)[23]. لێكۆڵینەوەكانی بنیامین لە بودلێر ئاشكراكردن و كەشفكردنی هەلومەرجەكانی سەرهەڵدانی ئاڤانت-گاردە. كات بەفیڕۆدان لە شەقامەكان، سەیركردنی نمایش دەبێتە فۆرم و شێوازەكانی ناڕەزایەتیی دژی كەرت كەرتكردن و دابەشكردنە قێزەون و هەرزەییەكانی ئەو چینەى كە چیتر داوای ئازایەتیی ڕێسا سازییەكان و گوتاربێژییەكان ناكات. ئەمە نیشانەیەكی نهێنیشە كە ئەم هونەرمەندە بۆرژوازییانە خۆیان لە دەسەڵاتی واقیعیی دادەبڕن یان گۆڕان و داهێنانی كۆمەڵایەتیی كاتێكی گونجاویان بۆ سەرلێتێكچوون و تەنها سەیركردن هەیە. لەم ڕووەوە بەرهەمهێنانەوەى شێوەكارییانە و ئەدەبیانەى فەزا و بۆشاییەكانی كاتی بەتاڵ و بەكاربردن، وەك پاركەكان و دەریاچەكان، قاوەخانەكان و بولڤاردەكان هەڵدەبژێرن.

بنیامین دەڵێت دواجار فلانور دەبێتە كۆیلەى كرێ، دوایین دەركەوتەى بوونە بە لەفەفرۆش، كە بە شێوەیەكی بێكۆتایی مەحكومە بە كەوتنە سەر شەقام و سەرگەردانبوونەوە

وەك لەسەرەوە باسكرا، فلانور شوێنێكی گرنگ لە ڕوونكردنەوەى سیستەمی بازاڕ لە سەدەى نۆزدەدا وەردەگرێت. بەو جۆرەى بنیامین ئاماژەى بۆ دەكات، هەر لەبەر ئەوەشە، فلانور دواجار دەبێتە بەندە و غوڵامی بازاڕ. ئەم ناسەقامیگیریی و ناجێگیرییەى پێگەى فلانور لە كۆتایی سەدەى نۆزدەدا – لانیكەم بەو شێوەیەى لە پڕۆژەكەى بنیامیندا هاتووە – لەو گۆڕانكارییانەوە سەرچاوە دەگرێت كە سەرمایەداریی پیشەسازیی هێناونی. شێوازی ژیانی (فلانور)، چەندە كات بەڕێكەرانەیە، هێندەش لەلایەن بەشارنشینیكردنەوە بە شێوەیەكی گشتیی و تایلەریزم بە شێوەیەكی تایبەت، بە سیستەمە كارگەییەكەى بۆ بەرهەمهێنانی بەرفراوان كە داوای خێرایی گشتیی و بەستانداركردن لە سەرجەمی ناوچەكانی ژیان دەكات، هەڕەشەى لەسەرە. بنیامین باس لەوە دەكات كە چۆن “تایلەر دروشمی ‘بمرێ تەنبەڵیی’ كردە باو” و ئەم دروشمە دەبێتە بەشێك لە جەنگێكی كولتووریی گشتیی دژی تەنبەڵیی و سستیی. فلانور بەرەى خۆى لە خەباتی چینایەتییدا بۆ شوێنپێی ژیان و سەربەخۆیی كردە لەدەستدەدات. ئامرازی بژێوییەكەى – لای بنیامین فلانور ئەم بژێوییە لە ڕێگای بوون بە پیاوی نامەكان یان جۆرنالیست، شاعیرێكی ژیانی ڕۆژانە كە پارچەى ئەدەبیی بۆ چاپەمەنییەكان دەنێرێت، دابین دەكات – بە بەردەوامیی هەڕەشەى لەسەرە چونكە بەهۆى پەیوەندییە مەراییكەر و پاشكۆیەتییەكەى بۆ بازاڕی پڕ لە ئاژاوە و هەڵبژاردە بەم ڕۆژە گەیشتووە. هەركە بازاڕ تووشی هەڵاسان بوو، فلانور (ڕۆشنبیران بە گشتیی) تووشی قەیران دەبن. بنیامین دەڵێت دواجار فلانور دەبێتە كۆیلەى كرێ، دوایین دەركەوتەى بوونە بە لەفەفرۆش (Sandwich Man)، كە بە شێوەیەكی بێكۆتایی مەحكومە بە كەوتنە سەر شەقام و سەرگەردانبوونەوە[24]. ئەم پیاسەكەرانەى سەر شەقام لە تاكایەتیی خۆیان دادەماڵڕێن، كورتدەكرێنەوە بۆ یەكەم پیتی نەك تەنها ناوەكانیان، بەڵكو دەبێت دەستبكەن بە گۆكردن و ئیملاكردنی لانەى كاڵاكان. سنوورداركردنێكی وەهای كەسایەتیی بۆ نیشانەیەكی ئەلفابێتى ڕووت و قوت دەبەسترێتەوە بە وێنەیەكی دیكەى نێو كتێبی پڕۆژەى پاساژەكانـەوە. بنیامین لە ١٩٣٥دا دەڵێت مۆدێل (فاشن)ێكی ژنانە هەبوو بۆ هەڵگرتنی نیشانەكانی یەكەم پیت بە كانزا، بە بلوزەوە یاخود چاكەتەوە هەڵدەواسرا. بنیامین ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەمە سنوورداركردنێكی ڕوولەزیادی بواری تایبەت و بەكاڵاییكردنی خود، وەك بەشێك لە خۆشەویستیی ڕیتوال و عادەت پیشان دەدات. هەر كەسێك نرخێكی هەیە. هەر كەسێك مۆركێكی پێوەیە. هەموو كەسێك بۆ فرۆشتنە.

فلانور نیگا و خەونی هەموو ئەو كەسانەیە كە خۆیان دەفرۆشن، ئەویش ئاماژەیە لەسەر هەموو ڕووخسارەكانی گەردوونییەتی ئاڵوگۆڕ لە كۆمەڵگای كاڵاییدا. فلانور، هاوشێوەى كرێكار، دەبێتە سوبژێكت و بابەتێك بۆ چوونە ناو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە لە ڕێگای بازاڕەوە. قەیرانی فلانور، هاوشێوەى قەیرانی هەموو ئەوانەى هێزی كاری خۆیان دەفرۆشن، بریتییە لە بازاڕكردنی تاكایەتیی خۆى. لە سەرمایەدارییدا، هەموو كرێكاران هێزی كاری خۆیان وەك كاڵا دەفرۆشن. بە تەسلیمبوون بە پرۆسەى فیتیشیزمی كاڵایی، بە مانایەكی تەواو ماركسیستیی، هەر كەسێك دەگۆڕێت بۆ شتێك. بنیامین دەڵێت:

“ماركس دەربارەى خەسڵەتی فیتیشیی كاڵاكان دەدوێت. ‘ئەم خەسڵەتە فیتیشییەى جیهانی كاڵایی لە خەسڵەتی تایبەتی كۆمەڵایەتیی كارەوە سەرچاوە دەگرێت كە كاڵاكان بەرهەم دەهێنێت… ئەوە تەنها پەیوەندیی تایبەتی كۆمەڵایەتیی خەڵكە كە لێرەدا فۆرمی فەنتاسماگۆریانەى پەیوەندییەكی نێوان شتەكان بەخۆوە دەگرێت”.

سیحری فریودەرانەى زیندووی كاڵاكان لەلایەن بەشتبوونی پەیوەندییەكانی نێوان خەڵكەوە دێتەئاراوە. ئەو ڕوانگەیەى كە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەنێو سەرمایەدارییدا خەڵك ناچاردەكان خۆیان وەك ئۆبژێكتەكان لەقەڵەم بدەن و شتەكان وەك ڕوحلەبەر ببینن، دەبێتە پانتایی ڕەخنەى بنیامین لە سەرمایەداریی كاڵایی.

چوار: بودلێر یاخود شەقامەكانی پاریس

بنیامین لە “ئێكسپۆزێ“ی ١٩٣٩دا، بە تایبەت لە كەرتی “بودلێر، یاخود شەقامەكانی پاریس“دا دەڵێت: “ئەوە لەگەڵ بودلێر دایە كە پاریس بۆ یەكەمجار دەبێتە بابەتی شیعری لیریكیی. ئەم شیعرییەى شوێن دژی هەموو جۆرە شیعرییەتەكانی دیكەى خاكو زەوییە. ئەم بلیمەتییە ئەلیگۆرییە ڕوو وەردەگێڕێتە سەر شار، نەك نامۆبوونێكی قووڵ. ئەمە نیگای زەقی فلانورە كە شێوازی ژیانەكەى، بەرژەوەندییەكی خەیاڵیی لەپشتی نیگەرانبوون بۆ داهاتووی دانیشتووانی میترۆپۆلیسەكەمانەوە دەشارێتەوە. فلانور بەدوای پەناگایەك لەنێو قەرەباڵغییدا دەگەڕێت. قەرەباڵیی ئەو سەرپۆش و ماسكەیە كە بەهۆیەوە شارە ئاشناكە بۆ فلانور، دەبێتە فەنتاسماگۆریا و وێنەیەكی خەیاڵیی و وەهمیی. ئەم فەنتاسماگۆریایە، كە تیایدا شارەكە دەردەكەوێت، ئێستا وەك دیمەنێك، وەك ژوورێك لە دواتردا دەبینرێت كە بووەتە هۆى دیكۆری بەشی كۆگاكان، ئەو شوێنەى فلانور لە پێناوی قازانجدا كاری تێدا دەكات. هەرچۆنێك بێت، بەشی كۆگاكان دوایین دەركەوتەى فلانورێتیین”[25]. بنیامین لە شوێنێكی دیكەدا ئەم گەڕانە بەراورد دەكات بە “میرزا” یاخود قەڵەمفرۆشان، ئەوانەى دەنووسن تا لە بازاڕدا بەهایەك بۆ نووسینەكانیان پەیدا بكەن و لێرەشەوە پاساژەكان دەبنە پەرستگای سەرمایەى كاڵایی. هەر لەبەر ئەوەش، بنیامین پەنجە بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە: “كاریگەریی كاروبارە بازرگانییەكان لەسەر لۆتەریامون و ئارسەر ڕامبۆ، پێویستی بە لێكۆڵینەوەی نزیك هەیە”[26].

بە پێچەوانەى لوویی فیلیپ، واتا دەركەوتە و بەرجەستەبوونی سەرەكیی تاكگەرایی بۆرژوازیی، بودلێر دەبێتە فیگورێكی بە گشتیی وێنەى هەڵگەڕاوەى دیالەكتیكیی لای بنیامین. كەرتبوونی شیعر و پەخشانی ئەو لەنێوان دوو بەشدا، كە وەك ئایدیاڵ و وەڕەسیی ئاماژەى بۆ دەكات، بودلێر دەست دەكات بە بانگكردنەوە و كۆكردنەوەى ئەو خەون و فەنتاسماگۆرییانەى لە شەقامەكانی شاری گەورە (میترۆپۆلیس)دا سەرگەردان دێن و دەچن، ئەمەش لەپێناوی شیكردنەوەى ئەو نامۆبوون و بەڕەمزیبوونەى بناغەكەیان پێكدەهێنێت. بودلێر ئەم شتانە ناودەنێت كاتیی یاخود زووتێپەڕ، وەك لە دوایین شیعری دیوانی “گوڵەكانی خراپە” بە “تازەیی” ناوی دەبات. و بنیامینیش ئەم ڕەهەندەى بودلێر وەك كاریگەرییەكی پرۆسە ئابوورییەكانی سەرمایەداریی دەخوێنێتەوە كە ئامانجەكەى بریتییە لە بەرهەمهێنانی زیادەبەها(surplus value).

بودلێر، هاوشێوەى فلانورەكەى، لە هەڵبەز و دابەز دایە، جارێك خیانەت لە چینەكەى دەكات، جارێك لوتبەرزانە دەڕوانێتە هونەرەكەى،

ئەوەى ئایا بودلێر ئارەزووی فلانور بۆ ژنێكی زووتێپەڕ و خێرا لە شەقامەكاندا دەستنیشان دەكات، كە هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی، یاخود ئەو گەشتە دەگرێتەبەر كە دواجار لە بازنەیەكی شەیتانیی حەز و خۆشیی هەمیشە ڕوولەسەر، دەبێتە هۆی مردنی، لەبەرانبەرا بێڕەحمانە دەستدەكات بە دەستنیشانكردنی ئەوەى هەموو ئەمانە هەڵە و ساختەیەكن لەنێو چێژ و خۆشیی سەردەمی نوێدا بۆ شتی تازە یاخود تازەیەتیی(novelty). زۆر دوور لە تازەكردنەوە و نوێكردنەوەى جیهان، شتی نوێ بەشداریی لەو كاتێتیی و زووتێپەڕییەدا دەكات كە بودلێر وەك شتێكی دۆزەخیی لەقەڵەمی دەدات، واتا هەر ساتێك بەشێوەیەكی بنچینەیی دەیەوێت لە ساتی دواتر بچێت؛ سەركەوتن تەنها بەڵێنێك بۆ گۆڕان بەدەستەوە دەدات، چونكە هەموو ساتێك ساتێكی بەتاڵە، خاڵی لە هەرمانایەك لە خۆیدا و بۆ خودی خۆى[27]. بنیامین لە شەرحی بودلێردا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە “ئەم لێكچوون و دەركەوتەیەى شتی تازە، هاوشێوەى وێنەدانەوەی یەكێك لە ئاوێنەدا، ڕەنگدانەوەی دەركەوتە و شتی هەمیشە یەكسان و كۆنە. بەرهەمی ئەم ڕەنگادنەوەیە بریتییە لە فەنتاسماگۆریا [وێنەى وەهمیی]ی ‘مێژووی كولتووریی’ كە تیایدا بۆرژوازیی چێژ لەوە وەردەگرێت وشیارییە ساختەكەى خۆی بەدیبهێنێت و پڕی بكات”[28]. بەڵام تەنانەت بودلێر، لەگەڵ ئەوەشدا كە بە ڕاشكاویی چەمكی پێشكەوتن لە سیحر دادەماڵێت، بەهۆی لوتبەرزیی و تەكەبووری خۆیەوە، تەسلیمی ئەم چەمكە دەبێت، وەك بنیامین بە شێوەیەكی بلیمەتانە ئاماژەى پێدەكات هاوشێوەى حەزی داندیزم بۆ مۆدێل، ئەمە دەركەوتەى حەز و مەیلی بودلێرە بۆ هونەر. بودلێر، هاوشێوەى فلانورەكەى، لە هەڵبەز و دابەز دایە، جارێك خیانەت لە چینەكەى دەكات، وەك لەو شیعرەى لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد، جارێك لوتبەرزانە دەڕوانێتە هونەرەكەى، كە خەسڵەتی بۆرژوازیی سەدەى نۆزدە بووە. بنیامین ئەم هەڵبەز و دابەزەى بودلێر دژی چینەكەى خۆی، واتا توێژی ڕۆشنبیران و چینی وردەبۆرژوازیی، وەك پرۆسەیەكی بەپرۆلیتاریزەبوون دەخوێنێتەوە. ئەم چینە دەركەوتەى جەوهەرییانەى خۆی لەنێو بۆهیمیای بەرچاوی سەدەى نۆزدەدا دەبینێتەوە، ئەو توێژینەى لەنێوان چینی پرۆلیتاریا و بۆرژوازییدا دێت و دەچێت، هەمان ئەو چەمكەى بنیامین لە ماركسی قەرز دەكات و دەڵێت: لومپەن پرۆلیتاریا.[29]

دەرەنجام

لە ڕەوتی ئەم لێكۆڵینەوەیەدا هەوڵمداوە شیكاریی بنیامین بۆ بودلێر بخەمەڕوو، هەروەها باس لەوەش بكەم بودلێر چ شتێكە بۆ بنیامین و چ شتێك نییە. هەروەها باسكردن لەوەى فلانور بۆ هەڕەشەى لەسەرە، ئەم هەڕەشەیە لەكوێوە دێت؟ مادام فلانور وەك دیاردەیەكی تازەى ناو گەورە شارەكان و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، بەستراوەتەوە بە سەرهەڵدانی بازاڕەوە، ئەوا بازاڕ هاوكات دەتوانێت هەڕەشەیەكی گەورەش بێت لەسەری. لەلایەكی دیكەوە، هەڵبەز و دابەزی بودلێر لەنێوان بۆرژوازیی و پرۆلیتاریادا، پێگەكەى ناجێگیر دەكات. جارێك دەچێتە پاڵ هەموو ئەو شۆڕشانەوە كە دژی بۆرژوازیین، كەچی جارێكی دیكە، بەهۆی هونەرەكەیەوە، تووشی جۆرە لوتبەرزییەك دەبێت، كە خیانەت هەم لە چینەكەى و هەم لە ئەفكارە سیاسییەكانی دەكات، ئەمەش وەك بنیامین ئاماژەى بۆ دەكات، لە پرۆسەى پرۆلیتاریزەبووندا، بودلێر دەخاتە ناو پێگەى بۆهیمیا و لومپەن پرۆلیتاریاوە. لەلایەكی دیكەوە، بەپێچەوانەى زۆربەى تەفسیرەكانی دیكەوە، بنیامین بە دانانی بودلێر وەك شاعیری ئەلیگۆریست، لەبۆرژوازییبوون، واتا سیمبولیزم، ڕزگاری دەكات، بەڵام هێشتا بنیامین ناتوانێت بودلێر لە بۆهیمیبوون ڕزگاربكات. لێكدانەوە بۆ سەدەى نۆزدە، پاریس، میترۆپۆلیس، پاساژەكان و پەیوەندیی بودلێر بەم هەلومەرجە تازانەوە و تەفسیرە بلیمەتانە و داهێنراوەكانی بنیامین، پێویستیان بە لێكۆڵینەوەى دوور و درێژتر هەیە، كە لەم لێكۆڵینەوەیەدا بواری ئەوەم نەبوو بچمە ناو سەرجەمی وردەكارییەكانەوە. بەتایبەت پرسی ژنان و پەیوەندیی فلانور، فلانورێتیی و هتد، كە پۆستمۆدێرنیستەكان بنیامین تۆمەتبار دەكەن بەوەى فلانور تەنها پیاوە و شوێنی ژنی تێدا نابێتەوە، ئەم بابەتەش پێویستی بە لێكۆڵینەوەى ورد هەیە، كە لە دەرفەتی دیكەدا دەگەڕێمەوە سەری.

پەراوێز و سەرچاوەکان


  1. Walter Benjamin, Charles Baudelaire – Ein Lyriker im Zeitalter des Hochkapitalismus, Herausgegeben und mit einem Nachwort von Rolf Tiedemann, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1974.

تێبینیی: لە چاپی ئینگلیزیی چاپەمەنی ڤێرۆس، ڕاستەوخۆ وەك ناوونیشانە ئەڵمانییەكە چاپ بووە، بەڵام لە چاپی زانكۆى هارڤارد بووە بە “شاڕڵ بودلێر: نووسەری ژیانی مۆدێرن”، بڕوانن:

Walter Benjamin, Charles Baudelaire: A writer of Modern Life, Essays on Charles Baudelaire, translated by Edmund Jephcott, Rodney Livingstone and Harry Zohn, edited by Howard Eiland, The Belknap Press, 2006

[2] Walter Benjamin, The Arcades Project, translated by Howard Eiland and Kevin McLaughlin, Harvard University Press, 2002.

[3] بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر تیۆر و پراكسیسی وەرگێڕان و چەمكی وەرگێڕان لای بنیامین، خوێنەر دەتوانێت بۆ دوو كتێبی من بگەڕێتەوە:

یەك: پێشڕەو محەمەد: وەرگێڕان وەك ئەكتی سیاسیی، دەربارەى پەیامی وەرگێڕانی بنیامینیی و سیاسەتی هاوچەرخ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانیی، 2014.

دوو: پێشڕەو محەمەد: تۆفانێك لە بەهەشتەوە هەڵدەكات، دەروازەیەك بۆ واڵتەر بنیامین، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، 2019.

[4] Walter Benjamin, Gesammelte Schriften, 7 Bänder, T. W. Adorno and Gershom Scholem, ed. Rolf Tiedemann and Hermann Schweppenhäuser (Frankfurt am Main: Suhrkamp, 1972–89), s.509.

[5] كاڕڵ ماركس و فریدریش ئەنگڵس: مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، 2016، ل24.

[6] Walter Benjamin, The Arcades Projects, ob.cit, p.12.

[7] Esther Leslie, Walter Benjamin (Critical Lives), Reaktion Publications, London, 2007, p.185.

[8] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانن:

Walter Benjamin, Origin of the German Trauerspiel, translated by Howard Eiland, Harvard University Press, 2019.

[9] Terry Eagleton, Walter Benjamin, or Towards a Revolutionary Criticism, Verso, London, 2009.

[10] Walter Benjamin, The Arcades Projects, ob.cit, pp.203-211.

[11] بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ:

واڵتەر بنیامین، سەنتڕاڵ پارك، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، گۆڤاری شیعر، ژمارە 2، سلێمانیی، 2016.

[12] Giorgio Agamben, ‘The Melancholy Angel’, The Man Without Content, Stanford University Press, 1999, pp. 104-115.

[13] Walter Benjamin, The Arcades Projects, ob.cit, p.79.

[14] Giacomo Leopardi, Essays and Dialogues, translated Giovanni Cechetti, University of California Press, Berkeley, 1982, p.67. Quoted in Walter Benjamin, The Arcades Projects, ob.cit, p.18. 

[15] Walter Benjamin, The Arcades Projects, ibid, p.18.

[16] Walter Benjamin, ibid, p.21.

[17] Karl Marx, ‘Teilung der Arbeit und Manufaktur’, in Das Kapital; Vol. 1, Marx – Engels Werke, Dietz Verlag, Berlin 1969 p. 390.

[18] Walter Benjamin, The Arcades Projects, ob.cit, p.21. Or Walter Benjamin, Charles Baudelaire: A writer of Modern Life, Essays on Charles Baudelaire, translated by Edmund Jephcott, Rodney Livingstone and Harry Zohn, edited by Howard Eiland, The Belknap Press, 2006, p.40.

[19] بڕوانە: ئێنزۆ تراڤێرسۆ، بۆهیمیا، نەفیكردن و شۆڕش: چەند تێبینییەك دەربارەى ماركس، بنیامین و ترۆتسكی، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، 2017، لل49-51.

[20] Beatrice Hanssen (ed.), Walter Benjamin and the Arcades Projects, Continuum, London and New York, 206, p.94.

[21] Beatrice Hanssen (ed.), Walter Benjamin and the Arcades Projects, Continuum, London and New York, 206, p.94.

[22] Karl Marx, The Eighteenth Brumaire of Louis Napoleon, New York Labour News, Socialist Labour Party, 2003, p.90.

[23] Esther Leslie, Walter Benjamin: Overpowering Conformism, Pluto Press, London, 2000, p.184.

[24] Walter Benjamin, The Arcades Projects, ob.cit, p.425.

[25] Walter Benjamin, ibid, p.21.

[26] Ibid, p.37.

[27] Margaret Cohen, Benjamin’s phantasmagoria: the Arcades Projects, in David Ferris, the Cambridge Companion to Walter Benjamin, Cambridge University Press, 2006, p.216.

[28] Walter Benjamin, the Arcades Projects, ob.cit, p.11.

[29] خوێنەر بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر سەرهەڵدانی بۆهیمیا، دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كتێبەكەى تراڤێرسۆ بەناوی بۆهیمیا، نەفیكردن و شۆڕش: چەند تێبینییەك دەربارەى ماركس، بنیامین و ترۆتسكی، وەرگێڕانی: پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، 2017.