ڕەخنەی سووکایەتیکەر و، شیعر و زمانی کوردی

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بیلال ئەمینی

بیلال ئەمینی؛ نووسەر و ڕەخنەگرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و نزیکەی دوو سالە لە ڕێگەی پۆستە[زۆرتر لە ئینستاگرام] ڕەخنەییەکانی لەسەر نووسەران و شاعیرانی ڕۆژهەڵات و هەروەها بڵاوکردنەوەی سێ کتێب بە شێوەی (pdf) [لە کەناڵی تێلێگرام] کە درێژەی بەو شێوازە ڕەخنەییە دا کە لە پۆستەکانیدا بە کورتی کاری لەسەر کردبوون، ناسراوە. هەروەها ئەو شێوازەی کە ناوبراو کاری لەسەر دەکرد، لە لایەکەوە بووە هۆی برینداربوونی هەستی چەندین نووسەر و ڕەخنەگر، لەلایەکی دیکەشەوە بووە جێی مقۆمقۆی نێو کۆڕی نووسەران (لە ڕۆژهەڵات). هەندێک کەس و لایەن کارەکانی “ئەمینی”یان دەدایە پاڵ هەندێ نووسەر و بەرەی دیکە. ئێستا وا دەردەکەوێ کە ڕێککەوتنێکی بێدەنگ و دەستەجەمعی دروست بووە لەسەر پشتگوێ خستنی نووسین و ڕەخنەکانی ئەمینی. جگە لەم جۆرە مقۆمقۆیانە، کار گەیشتە ئەوەی کە هەندێ کەس هەوڵەکانی ناوبراویان وەک هەوڵ و کاری سیاسی (دوژمنان) بۆ لەکەدار کردنی نووسەرانی کورد، لە قەڵەم دا.

ماڵپەڕی ژنەفتن لەبارەی ئەو دەنگۆیانە و هەڵبژاردنی ئەو شێوازە توندەی! نووسین و ڕەخنە بە گشتی و، بە تایبەتی و بە شێوەیەکی سەرەکیش لەبارەی چەمکگەلی وەک زمان، زمانی کوردی، ئەدەبی کوردی، شیعر، شیعری نوێ، ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەگر ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ‘بیلال ئەمینی’دا ساز دا.

ماڵپەڕی ژنەفتن وەک پێگە و ماڵی هەموو نووسەران، ڕەخنەگران، هونەرمەندان و وەرگێڕانی کورد و؛ هەروەها وەک بڕوابوون بە مافی ئازادی ڕادەبرێن، جگە لە گەیاندنی دەنگی نووسەرێک (کە لەبەر توندی نووسین و ڕەخنەکانی، هیچ ماڵپەر و بڵاوکراوەیەکی کولتووری دەق و ڕەخنەکانی بڵاو نەکردوەتەوە)؛ بۆ ئەوەی ببێتە هۆی یەکتر خوێندنەوە و دیالۆگ لەنێوان دەنگە جیاوازەکانی ناوەندە ئەدەبییەکە و ڕەخنەگران، ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ‘بیلال ئەمینی’دا ئەنجام داوە. بە هیواین کە هەموو نووسەران و ڕەخنەگران ئەم هەڤپەیڤینە وەک مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی ماڵپەڕەکە بخوێننەوە.

بیلال ئەمینی

ژنەفتن: لە پەرەگڕافی دووەمی نووسین (کتێب)ێکتدا بە ناوی (ئیماژ)؛ سێ خاڵ دەخەیتە ڕوو؛ خاڵی یەکەم (پێوەرێکی زانستی بۆ هیچ لایەنێکی شیعر بوونی نییە…. ئەمە وادەکات باسەکان بڕێک سەلیقەیی بن)؛ خاڵی دووەم (لە ڕەخنەی ئەدەبیدا سەلماندن بوونی نییە، ئەوەی هەیە قایل کردنە؛ واتە من ناتوانم بە تۆی بسەلمێنم فڵان ئیماژ جوانە یان نییە، تەنیا دەکرێت شی بکەمەوە بۆت، تا لەم ڕێگەوە قایل دەبیت یان نابیت. ڕەخنەی ئەدەبی ئەم هەوڵدانانەیە بۆ قایلکردن)؛ خاڵی سێیەم (ئەگەر خوێندنەوەیەکی زانستی نوێنیش هەبێت، شتێک وەک یان نزیک لە خوێندنەوەیەکی فۆرمالیستی، هەرگیز پێی ناکرێت بە ڕەهایی باش و بەد لەیەک بکاتەوە.).

بڕگەی دووەمی خاڵی یەکەم دەڵیی؛ ئەمە وادەکات (واتە نەبوونی پێوەرێکی زانستی بۆ هیچ لایەنێکی شیعر) باسەکان بڕێک سەلیقەیی بن، پێت وانییە هەر بە گەڕانەوە بۆ ئەم وتەیەی خۆت لانیکەمی نیوەی خودی ئەم کتێبەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش سەپاندنی سەلیقەی شەخسی خۆتە؛ لە خاڵی دووەمیشدا وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە دەنووسی (لە ڕەخنەی ئەدەبیدا سەلماندن بوونی نییە، ئەوەی هەیە قایل کردنە… ڕەخنەی ئەدەبی ئەم هەوڵدانانەیە بۆ قایلکردن)، ئایا قایلکردن هەر خستنەڕووی سەلیقەیەک لە بەرانبەر سەلیقەیەکی دیکە نییە؟ (ئینجا هەندێکجار بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە و بە زمانێکی زبر سەلیقەکانت فەرز دەکەی)، ئایا هەڵبژاردنی ئەو شێوازە لە ڕەخنەگرتنت ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بێ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە بەردەنگ ڕازی بکەیت و هەر ئەو فەرزکردنەی سەلیقەیە نییە کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا؟ لە خاڵی سێیەمیش کە باسی هەڵسەنگاندنی دەقە بە باش و خراپ، بەڵام هەر لەم کتێبەتدا و لە چەندین شوێنی دیکەش تۆ دوو دەق بەراورد دەکەی و (هەڵبەتە لە زۆربەی جارەکان یەکێکیان بەد و خراپە و بۆ سەلماندنی ئەو خراپییە دەقێکی دیکە دەهێنی و ناوی دەنێی باش)، ڕاستە دەڵێی بە ڕەهایی ناکرێت، بەڵام هەست ناکەی ئەو شێوازەی تۆ هەڵتبژاردووە هیچی بۆ رێژەیی بوون نەهێشتووەتەوە؟ لەگەڵ ئەمانەشدا من پێم وایە کە لە هەندێ شوێندا لە ڕەخنەکانت لە کۆپلە یان وێنەی شیعری شاعیرێکدا هەوڵەکانت بۆ قایلکردن نییە هێندەی بۆ سەلماندنە.

ئەمینی: ١. ئاخۆ من سەلیقەی خۆم فەرز کردووە؟ من پێم وایە وەڵامەکەی نەخێرە. من لەو وتارەدا باسی کۆمەڵێک مەرج دەکەم کە ڕەزا بەراهەنی بۆ ئیماژێکی هونەری دیاری کردوون. هاتووم بۆچوونی خۆمم لەسەر مەرجەکان دەربڕیوە و هەوڵم داوە مەرجەکان بەپێی بۆچوونی خۆم ڕاست بکەمەوە. لەو وتارەدا هەوڵم داوە لە بەرواردی ئیماژەکاندا ئەو مەرجانە بکەمە پێوەر. بە تایبەت مەرجی پێنجەم کە دەڵێت؛ “ئیماژ دەبێت ورد و گەیەنەر و پڕ بێت؛ نەک بەهەڵکەوت و بێمانا و جوان و ڕازاوە بەڵام بۆش”. ئەم مەرجەم لە بەرانبەر ئەو شتە داناوە کە پێی دەڵێم وشەلەوشەدان. بە بڕوای من ڕەخنەگەلێکی جیددی کە دێتە سەر ئەو وتارە ئەمانەن: ئەو مەرجانە چەند شیاوی پشت پێ بەستنن؟ ئاخۆ ئەو مەرجانە بۆ هەموو دەقێک دەست دەدەن؟ سەبارەت بە خاڵی دووهەم دەبێت بڵێم:

دەستدان یان دەستنەدانی ئەو مەرجانە بۆ دەقێک، لەسەر ئەوە دەوەستێت کە ئەو دەقە سەر بە چ قۆناخێکی شیعرییە و ڕەوایی خۆی لە چ چۆر بوتیقایەک وەردەگرێ.

ئەو وتارەی جەنابت باسی دەکەی بەشێکە لە بەرگی “لەگەڵ حەپۆلەکانی شیعری کوریدا” کە پێش ئەو وتارە، وتارێک هەیە بە ناوی “شیعرایەتی”. بە داخەوە تا ئەنجامدانی ئەم وتووێژە هیچکامیان بڵاو نەکراونەتەوە تا خوێنەر ئاگاداریان بێت. من لە وتاری “شیعرایەتی”دا باسی دوو ڕوانگەی جیاواز بۆ شیعر و دوو جۆر مامەڵەکردن لەگەڵ زماندا دەکەم.

لەو وتارەدا من سێ قۆناغ لە شیعری کوردیدا دیاری دەکەم. لە قۆناخێکدا بە زۆری شیعر وەک بەکارهێنانی زمان لە پێناو گواستنەوەی مانایەک دەبینێرت. لە قۆناخێکی تردا بە زۆری شیعر وەک ڕێگەدان بە زمان بۆ دەرخستنی شیعرایەتیی خۆی دەبینرێت.

دوای لێککردنەوەی ئەو دوو ڕوانگەیە، بەو بوتیقایەی خۆم بڕوام پێی هەبوو، خوێندنەوەی خۆمم بۆ ئەو دەقانە هەبوو. ڕەنگە بپرسی بۆچی تەنیا لە ڕونگەی خۆتەوە سەیری ئەو دەقانەت کرد؟ چونکە خاوەنی ئەو دەقانە لە دوای بیست ساڵ، نووسینێکی ڕوون و تێگەیەنیان لەسەر شیعری خۆیان و جیاوازیی شیعریان لەگەڵ پێش خۆیاندا نەبوو. بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەو نووسینانەی ئەوان هەمووی “گڵمەگڵم”ـە و شتێکی ڕوون و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنیان نییە، من چەندین وتاری ئەوانم لە پرۆژەکەمدا ڕستە بە ڕستە خوێندووەتەوە و هیچ پێ نەبوونی ئەو وتارانەم نیشان داوە. ئەوپەڕی کارێک کردوویانە ئەمەیە؛ کۆپلەیەک لە دەقێکی خۆیان هێناوە، لە ژێریدا نووسیویانە؛ وەک دەبینن هەموو یاساکانی شیعری پێشوو گۆڕانیان بەسەردا هاتووە! جا ئیتر خۆ ناڵێن “یاساکانی شیعری پێشوو” چین و ئێستا بوون بە چی.

نووسینێکم خستە ئەو چۆڵەوانییەوە بۆ ئەوەی باسێک بێتە گۆڕێ، کە ئەگەر هاتەگۆڕێ دەکرێ وردتر لەسەر شیعر قسە بکەین.

 یەکێکیان دەڵێ؛ ناکرێ شیعری من بەو بوتیقایەی شیعری شاملوی پێ دەخوێنرایەوە، بخوێنرێتەوە. پرسیار ئەوەیە ئەم کابرا بۆ کارێک بۆ ناساندنی ئەو بوتیقایەی گوایە شیعرەکەی لەسەری وەستاوە ناکات؟ ئاخۆ ئەرکی نوێخواز و پێشەنگ نییە، نوێخوازیی خۆی ڕوون بکاتەوە؟ ئاخۆ گۆران و سوارە نەیان کردووە؟ ئاخۆ وتاری “بۆچی من ئیتر شاعیری نیمایی نیم”ی ڕەزا بەراهەنی، قسەکردن نییە لەسەر نوێخوازیی خۆی؟ ئاخۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بوتیقایە نییە کە ئەو بە دڵیە؟ ئاخۆ بەیانیەی سووریالیزم، ڕوونکردنەوەی ئەندرێ برێتۆن نییە؟ دیارە مەبەستم لە ڕوونکردنەوە، ڕوونکردنەوە بەرهەمێک نییە، بەڵکوو ڕوونکرنەوەی دنیای شیعری شاعیرەکەیە.

بوارەکە چۆڵەوانییە، هیچی تێدا نییە. ئەوان هیچیان نەبوو، من لە ڕوانگەی خۆمەوە دەقەکانم خوێندەوە. نووسینێکم خستە ئەو چۆڵەوانییەوە بۆ ئەوەی باسێک بێتە گۆڕێ، کە ئەگەر هاتەگۆڕێ دەکرێ وردتر لەسەر شیعر قسە بکەین. 

ئەگەر شیعری ئەوان خاوەنی بوتیقایەکی تایبەتە، با بیخەنە ڕوو؛ تا ئێمە هەم بتوانین بە وردی باسی بوتیقاکە بکەین، هەم بتوانین بەپێی ئەو بوتیقایە شیعرەکە بخوێنینەوە. من هەوڵم داوە لە ڕوانگەی خۆمەوە، کە ئەو ڕوانگەیە لەو وتارەدا خۆی لە بڕێک پێوەردا دەبینێتەوە، تەماشای ئەو دەقانە بکەم. پێم وانییە لە بەراوردی دەقەکاندا لەو پێوەرانە لام دابێ.

ئەگەر لە شوێنێکدا من تەنیا ئەو نموونەیەی بەدڵم بووبێت هێنابێتەوە و بەڵگەم بۆ سەلماندنی نەهێنابێتەوە، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە نەمویستووە  بڕێک قسە دووبارە بکەمەوە.

٢. ئاخۆ قاییلکردن خستنەڕووی سەلیقەیەکە لە هەمبەر سەلیقەیەکی تردا؟

بە ڕای من هەوڵدان بۆ قاییلکردن، هەوڵدانە بۆ هێنانەوەی بەڵگە بۆ ڕوانگەکەی خۆت. لێرەدا جارێتر دووبارەی دەکەمەوە ئەوەی من خستوومەتە ڕوو سەلیقەی ڕووتی خۆم نییە. ئەگەر سەرنج بدەی من بەپێی کۆمەڵێک پێوەر خەریکم ئەو کۆپلانە هەڵدەسەنگێنم. وە وەک دەبینی ئەو کۆپلانە لەو مەرجانە دەرناچن. من پێشوازی دەکەم لەوەی ئەو دەقانە ڕوانگەیەکی تۆکمەیان بۆ شیعر لە پشتەوە بێت و خاوەنەکانیان بیخەنە ڕوو. پێشوازی دەکەم لەوەی ئەوانیش کۆمەڵێک پێوەریان هەبێت. ئەگەر هەیان بێت و بیخەنە ڕوو، ئەوکات دەکرێ، هەم بەپێی پێوەرەکانی خۆیان دەقەکانیان هەڵبسەنگێنین، هەم لەسەر ڕەوایی خودی پێوەرەکان قسە بکەین.

٣. ئاخۆ ڕاوێژی لاقرتی پێ کردن و زمانی زبری وتارەکە ڕاکردنی منە لە شرۆڤە و شیکردنەوە؟

نازانم! ڕەنگه! بەڵام لەسەر زمان و ڕاوێژی نووسینەکە دەڵێم: لەنێوان چەندین ڕاوێژی وەک “گلەییکەر”، “سووکایەتیکەر”، “لاقرتیکەر”، “بێلایەن”، ڕاوێژی نووسینەکانی من تێکەڵێکە لە “لاقرتیکەر” و “سووکایەتیکەر”. من ڕقێکی زۆرم لە ڕاوێژی “گلەییکەر”ـە. زۆر نووسینی ڕەخنەیی و بەناو ڕەخنەییمان هەن، کە ئەو ڕاوێژەیان هەیە. کۆمەڵێکی زۆر خەڵک دەبینی گلەیی دەکەن، بەبێ ئەوەی شتێکی ئەوتۆ بگۆڕدرێت. هەموو باقیارکەرن. هەموو کەسانێکی نادیار بە تاوانبار دەزانن. لەبەر ئەو هەموو گلەییە بێناوەڕۆکە، بێکاریگەرییەیە کە ڕقمە لە گلەیی.

٤. ئاخۆ ئەو شێوەیەی من هەڵمبژاردووە، شوێنی بۆ ڕێژەیی بینینی بابەتەکان هێشتووەتەوە یان نا؟ منیش دەڵێم نەیهێشتووەتەوە! چون لە بنەڕەتدا ڕێژەییبوون لە هەڵبژاردنی نموونەکاندا نایەتە گۆڕێ. من کە ئەو نموونانەم هەڵبژاردووە، لانیکەم لای خۆمەوە پێم وابووە، نموونەکانی ئەو شاعیرانە وشەلەوشەدانن و مەرجەکانیان تێدا نییە. لەو لاوە پێم وابووە، ئەوانەی من لە هەمبەریاندا قووتم کردوونەتەوە مەرجەکانیان تێدایە. ڕەنگە دروستتر بێت لەوەدا بۆ ڕێژەیی‌نەبینینی من بگەڕێین کە بۆچی من نموونەگەلێکم هەر لەو شاعیرانە نەهێناوەتەوە کە ئەو مەرجانەی تێدا بێ؟ چون نموونەی لەو جۆرە، لەو دەقانەدا کەم دەست دەکەوت. پێم وایه ئەگەر بینیبێتم چاوم لێ نەنووقاندووە. کەسێک دەتوانێ ئەو دەقانە بگەڕێت، بزانێ من لامسەرلاییانە سەیرم کردوون و چاوم لێ نووقاندوون یان نا.

ژنەفتن: هەموو ڕەخنەیەک ئەم ئیدعایە لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ کە (دەیەوێ دیالۆگێک بهێنێتە ئارا بۆ ئەوەی ببێتە هۆی گۆڕانکاری)، خۆیشت لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ددانی پێدا دەنێی کە (ڕاوێژی نووسینەکانت تێکەڵێکە لە “لاقرتیکەر” و “سووکایەتیکەر”)ە، تەنانەت ناڵێی تەنز، ئاخۆ تۆیش پێتوانییە کە سووکایەتی پێکردن، لە فەزاکە هێندە دوور دەکەونەوە کە ئەسڵەن نابێتە هۆی دروستکردنی دیالۆگ؟ پێتوانییە گەر ڕەخنەیەک، دیالۆگ دروست نەکات، جێ ناگرێ و هیچ گۆڕانکارییەکیش دروست ناکات؟

ئەمینی: ١. ئاخۆ لاقرتی و سووکایەتی وتووێژی ڕەخنەیی دروست دەکات یان نا؟

بە بڕوای من وتووێژی بەبەر و سوودبەخش پێویستی بە دوولایەن هەیە کە دەیانەوێت و توانایی ئەوەیان هەیە، ئاستی وردبوونەوە لە بابەتەکان بەرزتر بکەنەوە. ئەمە یانی من پێم وایە ڕاوێژی نووسینەکان دیاریکەر نین. ئەوەی دیاریکەرە، ویست و تواناییی کەسەکانە. زمانی زبر و هەستڕووشێن کاریگەریی نەرێنی لەسەر هیچکام لەو فاکتەرانە نییە. بە پێچەوانەوە، بۆ کەسی بەرپرسیار و ڕووناسک(بەرانبەری ڕووقایم!) دەتوانێت هاندەر بێت کە خۆی باشتر تەیار بکات و بێت لە ڕوانگە و بەڵگە و بەرهەمی خۆی بەرگری بکات. خراپیی ڕەخنەیەک کە زمانێکی زبری هەیە ئەوەیە بڕێک دەتوانن بیکەنە بیانوو بۆ بەرگرینەکردن لە خۆیان.

لاقرتییکردن، تەنانەت سووکایەتیش لە مێژووی بیر و فەلسەفەدا هەیە. دەتوانی سەیری کتێبی “کۆمەڵگای کراوە و دژمنەکانی” بکەیت. لەوێدا پووپێر ئەوەی بێڕێزی و لاقرتییە بە هیگڵی دەکات. پێت وایە بیرمەندێک ویست و تواناییی وەڵامدانەوە بە قسەکانی پووپێری هەبێت، لاقرتیکردنی پووپێر دەکاتە بیانوو بۆ وەڵامنەدانەوە؟ ئاخۆ لە کەسێکی ژیر دەبیستین؛ مادام پووپێر گاڵتەی بە هیگڵ کردووە، شایانی خوێندنەوە نییە و هەڵناگرێ مشتومڕی لەگەڵدا بکەیت؟

ئەوەی وەک باقیی لایەنەکانی تری کارەکەی من، کەس خۆی تێ نەگەیاند ئەو کۆڵە داهێنانە بوو کە من لەو پرۆژەیەدا خستمە ڕوو.

لە سەرەوە باسی خراپیی زمانی لەو جۆرەی خۆمم کرد، با باسی باشییەکانیشی بکەم. ئەوەی وەک باقیی لایەنەکانی تری کارەکەی من، کەس خۆی تێ نەگەیاند ئەو کۆڵە داهێنانە بوو کە من لەو پرۆژەیەدا خستمە ڕوو. داهێنانگەلێک کە هەم زمان، هەم ئەدەبی کوردیی دەوڵەمەند کردووە. دەمەوێ بە خۆهەڵکێشانەوە بڵێم پێم وایە ئەو پرۆژە بە قەد شیعری بیست ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵات، داهێنانی پێشکەشی خوێنەر کردووە و دەیکات. تۆ دەتوانی چاوێک بە ناوی وتارەکانی مندا بخشێنی و لەگەڵ ناوی وتار و شیعر و ڕۆمانی کوردیدا بەرواردی بکەی تا بەو داهێنانانە بحەسی. سەیری بڕێکیان بکە:

کارێز دەریایی.

لە ئەرازلا ئەو باشەکەیانە.

بە قسەی سووک “ڕەزا” قورس دەکەن.

زانستی گابەگونناسی.

دەست بە ئاوی ڕوو گەیاندن.

جوێنجوێن.

کوردبەکەرزانین.

پیاز لە کەلانە بژنین.

لە بیرمان نەچێ، باسی باشیی ئەو ڕاوێژەمان دەکرد. من وای دەبینم ئەو ڕاوێژە زەمینەی بۆ هاتنەئارای ئەو داهێنانانە خۆش کردووە.

٢. ئاخۆ ڕەخنەیەک دیالۆگ دروست نەکات، جێ ناگرێت و گۆڕانکاری دروست ناکات؟

لای من هاتنەئارای دیالۆگی جیددی و بەبەر گرنگە، نە کۆبوونەوەی بێبەرهەم. تۆ دەتوانی لە شاعیرانی بەناو نوێخواز بپرسیت لە بیست ساڵی ڕابردوودا چیتان کردووە؟ ئەوان پتر لە کتێب و وتار باسی سەدان کۆڕ و کۆبوونەوەت بۆ دەکەن. بەردەوام کۆ بوونەتەوە و بەڕواڵەت دیالۆگیان هەبووە، بەڵام کامەیە ئەنجام و کۆی دیالۆگەکەیان؟ کامەیە ئەنجامی مشتوومڕەکەیان؟ بۆ میراتێک لەوانەوە بۆ بەرەی ئێمە نەماوەتەوە؟ هەموو دەزانین مێژووی فەلسەفە بە جۆرێک لە دیالۆگ هاتووەتە پێشەوە. با فیلسووفەکان هاوسەردەم نەبووگن، بەڵام ئەوانەی دواتر هاتوون، خۆیان لە قسەی پێشینەکان گەیاندووە و بە جۆرێک ویستوویانە وەڵامی ئەوان بدەنەوە. لای من گرنگە مرۆ هەڵوێست و ڕوانگە و بەڵگەی خۆی، بە زمانێکی ڕێک و ڕوون و ڕەوان بخاتە ڕوو. ئەو کات گەر کەسێک ویست و تواناییی هەبوو، خۆی تێ دەگەیەنێ. بەمجورە ئەو دیالۆگە دروست دەبێت کە لە جێی خۆدا کوتان نییە و لە ڕووی بیرکردنەوەوە بڕێک بەرەو پێش دەچین.

لاقرتی ڕاوێژی ڕەخنەکان دروست دەکات. تۆ لە نووسینەکانی مندا کۆمەڵێکی زۆر لێکدانەوە و شرۆڤە و پێکگرتنی دەق دەبینی کە لاقرتییەکە لە چاو ئەودا یەک لەسەر بیستیش نییە.

ژنەفتن: لە هەمان کاتدا کە ڕەخنە دەگری، خودبەخود مەحکووم دەبی بەوەی کە ڕەخنەت لێ بگێرێ. ئەمە پەرە بەو زەمینە و بوارە دەدات کە خەریکی تیایدا ڕەخنی دەگری و ڕەخنەت لێدەگیرێ. بەڵام لە هەمان کاتدا کە “سووکایەتی” دەکەی، دیسان خودبەخود مەحکوومی بەوەی “سووکایەتیت” پێ بکرێ. دیارە ئەمەش پەرە بە هیچ شتێک نادات، جگە لە سووکایەتی کردن بە یەکدی. سووکایەتییەکان باز دەدەن بۆ شتی شەخسی و تەنانەت تۆمەتی شەخسی و سەنگەر گرتن لە یەکدی بە هەموو جۆرە چەکێک جگە لە ڕەخنە، ئەو خۆ تەیارکردنەی تۆ باسی دەکەی دەچێتە ئاستێکی تر . کە دیارە بۆ ئێوەش ڕوویداوە، کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە تا ئاستی پاساوهێنانەوە بۆ تۆمەت داتاشین.

ئەمینی: لاقرتی ڕاوێژی ڕەخنەکان دروست دەکات. تۆ لە نووسینەکانی مندا کۆمەڵێکی زۆر لێکدانەوە و شرۆڤە و پێکگرتنی دەق دەبینی کە لاقرتییەکە لە چاو ئەودا یەک لەسەر بیستیش نییە. لە زۆر شوێندا کە بابەتەکە پێویستی بە وردبوونەوە هەیە، گاڵتەکردن هەر نابینی. با باسی هۆکارێکی تر بۆ گاڵتەکردن بکەم. لە زۆر جێدا من گاڵتەکردن و گێڕانەوەی جۆک، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر بە کار دەهێنم. دەمەوێ خوێنەر لە ئاستی نووسینی ئەو کۆمەڵە کەسە – کە من پێم وایە نابێ بهێڵین نموونەیان زۆر بێت- ئاگادار ببێت. من نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە. یەکێکیان لە باسی داکاردا دەڵێ، یەکێک لەو خاڵانەی داکارییەکان داوایان دەکرد؛ ناسینی مەدلوولە زەینیەکان بوو! منیش دوای ڕوونکردنەوەی دال و مەدلوول، نووسیم: بە کابرا دەڵێن مەلە دەزانی؟ ئەویش یەکسەر دەپرسێ: لە ناو ئاوا؟ کارکردی ئەو جۆکە ئەوەیە خوێنەر لە ئاستی ئەو نووسینە باشتر تێ بگات و پتر لەسەری بوەستێت. گێڕانەوەی ئەو جۆکە نەبووەتە هۆی ئەوەی من بابەتەکە بۆ خوێنەر ڕوون نەکەمەوە و بە گاڵتەکردن یەکسەر تێی بپەڕێنم. ئەگەر سەرنجت دابێت یان ئاگادار بیت، خودی ئەو کۆمەڵە کەسە، بڕێکی زۆر گاڵتەیان بە یەکتر و بە کەسانی تر کردووە. نموونەکان ئەمانەن: بە کەسانێک کە لەگەڵ ئەو بێسەرووبەرییەی کە ئەوان بە نرخی داهێنان و نوێخوازی بە خوێنەریان دەفرۆشت، نەبوون، دەیانگوت: سەلەفی. بە ناو وتاریان هەیە ناوی “نوێخوازی و سەلەفییەتی سووپرمۆدێڕن”ـە. بەناو وتاریان هەیە ناوی “ئێمە و سەلەفییەتی چەقەخانە”یە. خوا دەزانێ ئەو ساڵانە لە سروەدا چییان بە یەک و کەسانی تر نەکردووە.

کاردانەوەی ڕەخنە لێ گیراوەکان بێدەنگیی لە ڕواڵەت و پیلانگێڕی لە ژێرەوە بوو. ئەوەی کە دەتوانین بە یەک وشە پێی بڵێین “نهێندڕی”. تا ئێستا کەسیان – بە ناوی خۆیانەوە – شتێکی ڕاشکاویان لەسەر ڕەخنەکان نەوتووە. کۆمەڵێک پەیجی ئینستاگرامی فەیکیان بۆ لێدانی پرۆژەکە دروستکرد. بەوەدا کە ڕەخنەلێگیراوەکان، تاقم و باندن، هەر تاقم و باندێک وەک تیر بە تاریکییەوە نان، پرۆژەکەیان دەدایە پاڵی تاقم و باندی بەرانبەر. ئەمە لەوەوە دەهات کە هیچیان پێی ڕازی نەبوون و بە زەرەری پێگەی ئەدەبیی خۆیانیان دەزانی. تەنانەت هەبوو، هیچی بۆ وەڵامدانەوە نەبوو دەیگوت، بیلال خەریکی هەورامیچێتییە و گوایە بە گوتەی جەنابیان گوتارێکی هەورامی لە پشت ڕەخنەکانی منەوەیە. وەڵامی من ئەوە بوو، تیر بە تاریکییەوە مەنێ! من هەورام نیم، دایک و باوکم جافن و خۆم کوردم!

پەستتانەترین کاردانەوە، کاردانەوەی کۆلکەشاعیرێکیان بوو. لە ڕێی چەند هاوڕێیەکییەوە – کە پێشتر هاوئەنجومەنی بوون – له ماڵپەڕی یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا، هەواڵێکی شپرزەیان بڵاو کردەوە کە گوایە کەسێک خەریکی بێڕێزیکردن بە نووسەرانی ڕۆژهەڵاتە و ئەمە پیلانی کۆماری ئیسلامییە. هەر هاوئەنجومەنییەکان، بەناوی حیزبەوە، پەیامێکیان هەنارد بۆم کە مەبەستی ئەو هەواڵە تۆی. سەیر ئەوە بوو، هاوئەنجومەنییەکان نووسیبوویان چەند دانە چاودێری ورد، نووسینەکانی تۆیان خوێندەتەوە. من پێم وانییە کەسێک خوێندبێتیەوە، چون ئەگەر کەسێک وتارەکانی من بخوێنێتەوە، ناگاتە ئەوەی ئەمە پیلانە، بەڵکو دەگاتە ئەوەی ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەدەبی کوردی لە فیشقیات ڕزگار بکات. دەکرێ بەلاقرتییەوە! بپرسین، ڕەخنەلێگیراوان، چ هەڕەشەیەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی بووە، تا ناچار ببێ بیانکوتێ ؟

من ڕەخنەم گرتووە. بەو ڕاوێژەیەش گرتوومە کە خۆم باسی دەکەم. ئەو ڕاوێژە بەو باشییانە کە هەڵمدا بۆتان. ئەوانە دەبوو بە پلەی یەک وەڵام بدەنەوە، هەڵبژاردنی تۆنی نووسینەکەشیان بە دەستی خۆیان بوو.

ئەم هەمگەم گوت کە ڕاستییەکی گرنگ بە ئێوە و خوێنەرانی ئەم دیمانەیە بڵێم: وەک لە سەرەوەدا ئاماژەم دا، گاڵتە و تەنانەت بێڕێزی، بۆ ئەو ئەدبیبانە شتێکی تازە نییە. ئەوەی بۆ ئەوان تازەیە؛ ڕەخنەیەکی جیددیە کە دەتوانێ پێگە درۆینەکەیان بڕووخێنێت. ئەگەر ڕەخنەکانی من وەک ئەوانەی ئەم بیست ساڵەی ڕۆژهەڵات، پیاهەڵدان و ماستاوچێتی بوایە، ئەگەر وەک هی ئەوان باسی وتیوتی و دەنگۆی دەرەوەی دەق بوایە، پێوستی نەدەکرد کۆلکەشاعیرێک حیزبێک بکاتە قەڵغانی پێگە درۆینەکەی. ڕاستییەکەی من دوای ئەو کارەی ئەو کۆلکەشاعیرە، بڕوام بە ڕەخنەکانی خۆم پتر بوو. باشتر تێ گەیشتم کە ئیدعای فەیکبوونیان ڕاستە. دڵنیا بووم تواناییی وەڵامدانەوەیان نییە. پێم وایە ئەو کارە خۆی سەلمێنەری فەیکبوونیانە.

باسی ناکۆکیی نێوان خودی ڕەخنەلێگیراوەکانم کرد. دەبێ بزانی ئەوانە ئەگەر جار جار ڕەخنەشیان لە یەک گرتبێت، هێندەی باسی وتیوتیان کردووە، هێنده باسی دەقیان نەکردووە. بەڵام تۆ لە کارەکەی مندا وتیوتی نابینی. ئەوەی هەیە ڕەخنەیه لەسەر دەق، لەگەڵ ڕاوێژێکی گاڵتەکەر. پێش نایەت من باسی دەرەوەی دەق بکەم. نموونەی ئەو وتویوتییانە کە بە ناوی دایالۆگ و ڕەخنەوە بڵاو کراوەتەوە: هەیە دەڵێ فڵان لێم پاڕایەوە لە فڵان وتارمدا ناوی بهێنم. بەڵام ئەو باسانە لە پرۆژەکەی مندا نابینی.

ژنەفتن: با لەم پرسیارەدا، بۆچوونی تۆ لەسەر ڕەخنە (کریتیک) وەک چەمک و پێناسە و ناساندن بزانین؟ ئەوەی پێی دەڵێن ڕەخنە، چییە؟ ڕەخنەگر کێیە؟ هەڵبەت لای هەموو خاوەن ڕا و ئەدیبێک نەبوونی ڕەخنە لە ئەدەبی کوردیدا بووە بە یەکێ لە باسە هەمیشەییەکان و وەک کەموکوڕییەکی ترسناک لەسەری قسە کراوە، بە بۆچوونی تۆ نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبی (هەڵبەت لە باشووریش، نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵات) بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئەمینی: وشەی critique لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە لە زمانی فەرەنسییەوە هاتووە ناو ئینگلیزی. ئەو وشەیە لە بەکارهێنانە سەرەتاییەکانیدا ئاماژەی بە نووسینێک کردووە کە پەرژاوەتە سەر وەسفکردن و دادوەریکردنی بەرهەمێکی هونەری یان ئەدەبی. دوای دروستبوونی کاری to critique لە ناوی critique ـیشەوە، هەر پەیوەندیی ئەو وشەیە بە نووسین لەسەر ئەدەبیات ماوەتەوە.

ئەم وشەیه لە ئینگلیزیدا لە سەردەمێکدا کە شێوەیەکی نوێی کولتووری ئەدەبی دەردەکەوێ، فرەتر بەکار دەچێ. سەردەمێک کە گۆڤارگەلی وەک سپکتاتۆر دەردەکەون. لەوێدا کە تاوتوێ و وردبوونەوە لە بەرهەمەکان پێویستتر دەبێت. لەوێدا کە هەست دەکرێت؛ خوێنەرانی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە ڕووی سەلیقە و بڕیاردان لەسەر بەهەمەکان، پێویستییان بە ڕێبەرە.

لێرەدا ئەدەبیات دەبێ بە دوو ڕەوت. ڕەوتێک بەرهەمهێنانی ڕۆمان و شانۆنامە و شیعر و بەهەرمی فەلسەفی و مێژوویی لە خۆ دەگرێت. ڕەوتێک خەریکی لێدوان و لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی ئەو بەرهەمانەیە لە شێوەی وتار و خوێندنەوەدا. ئیتر critique بوو بە وشەیەکی بەکەڵک بۆ ئاماژەکردن بە جۆرێکی تا ڕادەیەک نوێی نووسین؛ ئەدەبیاتێک لەسەر ئەدەبیات. ئەدەبیاتێک کە بە بابەتگەلی وەک سەلیقە و دادوەریکردن و هۆشیاری و زانیاری پێدانەوە خەریکە. جۆرێکی نوێی خستنەڕوو و ڕانانی بۆچوونەکان.

گەشە فیکری و فەلسەفییەکانی دەرەوەی ئینگلتەرا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا، مانایەکی نوێیان بە critique دا. لە کۆتاییی سەدەی هەژدەهەمدا بوو کە کانت کارەکانی بڵاو کردەوە. ئەو بەرهەمانەی کانت وەک ڕەخنەکان critiques وەرگێڕدرانە سەر ئینگلیزی. ئەو وشەیە کە کاتی خۆی لە فەرەنسییەوە هاتبووە ناوی ئینگلیزی ئێستا وەک هاوتای kritik ی ئەڵمانی بەکار دەچوو. لێرەدا کە critique لە ئەدەبەوە چوو بۆ فەلسەفە، ئاماژەی بە شێوازێک لە پرسین دەکرد کە دانرابوو بۆ ئاشکراکردنی مەرجەکانی پەیدابوونی ئایدیا یان چەمکێکی تایبەت.

کریتیکی کانتی خەریکی دۆزینەوەی سرووشت و سنوورەکانی تێگەیشتنی مرۆڤ بوو. دۆزینەوەی ستراکچری بناغەییی مێشکی مرۆڤ.

مارکس ئەو ستراکچرە بناغەیییانەی نە لە مێشکی مرۆڤدا، لە دامەزراوە ئابوورییەکانی کۆمەڵگادا دەبینی و بەمە ئاراستەی کریتیکی گۆڕی.

ڕەخنەی ئەدەبی لەگەڵ هەموو شێوازەکانی critique پەیوەندیی خۆی پەرە پێداوە. دەکرێ یەکەمین پەیوەندییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بە کریتیکی کانتییەوە، لە بۆچوونی ڕۆمانتیکەکان سەربارەت بە ئەندێشە imagination دا ببینرێتەوە کە سەرچاوەی ئەدەبیاتیان بە بەهرەیەک دەزانی که لەنێوان مێشکی مرۆڤ و مێشکی یەزدانیدا جێی گرتووە.

لەو کاتە بەدواوە، شێوازە جیاوازەکانی ڕەخنە – مارکسیزم، فێمێنیزم، ستراکچرالیزم، دەروونشیکاری، زمانناسی – چ لەگەڵ یەک، چ بە جیا، تیۆریگەلێکی ڕەخنەییان بەرهەم هێناوە کە کەڵکەڵەی ئەوەیە تاوتوێ و شیکاریی وردی بەرهەمە ئەدەبییەکان بکات. بێجگە ئەوە ئەو تیۆرییە ڕەخنەییانە دەپەرژێنە سەر ئەو دۆخەی ئەو بەرهەمانەی تێدا پەیدابووگن. شتانێکی وەک ستراکچری کولتوور و زمان، یاساکانی گێڕانەوە یان ئەو ئایدۆلۆژییانەی لە کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا بەرهەم دێن.

لای من ڕەخنە ئەو خوێیەیە ناهێڵێ کۆمەڵگا بگەنێت. بەر بە گەندەڵبوون دەگرێ.

ئەوەی لە سەرەوەدا هات، کورتەیەک بوو لەسەر مێژووی وشەی critique وەختێ لە کەسێک سەبارەت بە پێناسەی چەمکێک لە ڕوانگەی ئەوە دەپرسی، بە زۆری دەبێ چاوەڕێ بی، پێناسەکەی ئەو کەسە چەمکەکە سنووردار بکاتەوە. لای من ڕەخنە ئەو خوێیەیە ناهێڵێ کۆمەڵگا بگەنێت. بەر بە گەندەڵبوون دەگرێ. ئاشکرا دیارە ئەم پێناسەیەی من ڕەخنە زۆر سنووردار دەکاتەوە، بە جۆرێک کە زۆرێک لەو مانایانەی کریتیک هەیبوو ناگەیەنێت. باشتر ئەوە بوو بە جێی ئەوەی بڵێم پێناسەی من بۆ ڕەخنە ئەمەیە، بڵێم من چاوەڕێ دەکەم ڕەخنە ئەم کارکردەی هەبێ. لای من کە گەندەڵی و نەخۆشی هەبوو، پێویست دەکا ڕەخنە سەر هەڵبدا. لای من ڕەخنە بە پلەی یەک دەبێ ئەو نەخۆشییە دەستنیشان بکات، بیناسێنێت، ناوی بنێت. زۆرجار ناکرێت چاوڕێ بی، ڕەخنە خۆی چارەسەری نەخۆشییەکە بکات. زۆرتر ئەرکی ئەوەیە بەڵگە بۆ بوونی نەخۆشییەکە بدۆزێتەوە. بیسەلمێنێ نەخۆشییەکە هەیە. دواتر ئەگەر توانی تەواوی نیشانەکان و تایبەتمەندییەکانی نەخۆشییەکە بدۆزێتەوە، دەبێ بە ڕەخنەیەکی تەواو. کە توانی چارەسەریش بدۆزێتەوە ئەوە نوری عەلا نورە. ئەم پێناسەیە لەنێوان کردەیەکی شۆڕشگێڕانە و کردەیەکی چاکسازانەدا، ڕەخنە بە کردەیەکی شۆڕشگێڕانە و هەڵتەکێن دەزانێت. لای من ئەوە ڕەخنە نییە بە کابرا بڵێی: خۆزگە کاک فڵانکەس بە جێی لەکلەک بتنووسایە لەقلەق!

هەر لەم ڕوانگەیەوە لای من ڕەخنەگر ئەو تاکە زیرەکەیە کە بە نەخۆشییەکە دەحەسێ و هەوڵ بۆ ناساندن و ناونان و دەستنیشانکردنی دەدات. ڕەخنە لە حەسین بە نەخۆشییەکەوە دەست پێ دەکات. ئەگەر کەسەکە تواناییی ناساندن و دەستنیشانکردنی هەبوو، دەکرێ ناوی ڕەخنەگری لێ بنێی.

پرسیوتە نەبوونی ڕەخنە بۆ چی دەگەڕێتەوە. نەتەوەی کورد بە هۆی ئەو هەلومەرجە سیاسی، جوگرافیایی، خەڵکناسییەی هەیەتی، لە هەر بوارێکدا تۆ بیگری شارەزای کەمە. دابەشبوونی بە سەر وڵات و شێوەزاری جیاجیادا، ڕێگرە لەوەی بەهرەکانی کۆ ببنەوە. ئەمە بێجگە ئەوەی بەشێک لە بەهرەکانی خراونەتە خزمەت بە زمان و ئەدەبێکی تر. من دەڵێم ڕەخنەی کوردیمان هەیە. ڕێک بە قەد ئەوەی خوێندەوار و لێزانمان هەیە، ڕەخنەمان هەیە. کێشەکە لە ئەدەبی کوردیدا، من دەخاتەوە بیری خانی دەڵێ: خانی ژ کەمالێ بیکەمالی، مەیدانێ کەماڵێ دیت خالی. خانییەکە هەڵگرە، شاعیر و ڕەخنەگری کورد، بخەرە شوێنەکەی. زۆربەی کەسەکان لەبەر چۆڵبوونی مەیدانەکە خەریکی تەڕاتێنن. تۆ لە باشووردا دوو شار دەبینی کە وڵاتێکیان پێکهێناوە. ئاساییە کە لەو وڵاتەدا هەرکەسێ هەڵسێت دەبێت بە شتێک. من چارەسەری باش بۆ ئەم دۆخە لەوەدا دەبینم کە ئێمە ئەدەبی شێوەزارەکان، بکەین بە ئەدەبی هەموو کورد. ئەمەیش بەوە دەبێ کە خوێنەر و نووسەری کورد شێوەزارەکان فێر ببن. دەبێ کتێبخانەی سۆرانی و کرمانجی، کتێبخانەی کوردی بن. دەبێ وەرگێڕانی نێوان شێوەزارەکان نەمێنێ و جێی خۆی بدا بە فێربوونی شێوەزارەکان. نموونەی باش لەم بوارەدا بادینانە. من ڕەخنەگری بادینیم بینیووە، لە کتێبەکەیدا بە قەد دەقی کرمانجی، دەقی سۆرانی خوێندووەتەوە. من وای دەبینم ئەمە مەیدان بۆ تەڕاتێنی فەیکەکان تەنگ دەکات. تەڕاتێنی فەیکەکان، وای کردووە؛ کەسەکان بۆ دەکەوتن بەجێی خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن و داهێنان بە شوێن دۆزینەوەی پەیوەندییەوە بن.

من پرۆژەیەکی وەک پرۆژەکەی خۆمیشم بە چارەسەر دەزانی. بۆیە دەستم دایە و ئەنجامم دا.

هۆکاری کەمتر بینرانی پرۆژەکە، بە پلەی یەکەم بۆ خودی پرۆژەکە دەگەڕێتەوە. بەوەدا کە پرۆژەکە هەڕەشەیە بۆ سەر پێگەی ئەدەبیی زۆر کەس،

ژنەفتن: بەر لەوەی درێژە بدەین بە قسەکردن لەسەر ڕەخنە و ڕەخنەگر؛ دەمەوێ بپرسم چۆن هەوڵەکانی خۆت بە پرۆژە ناودەبەی؟ لە کاتێکدا هێشتا ئەوەشی کردووتە، نەبینراوە و ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانیمان[دەڵێم ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان، چونکە پرۆژەی جیدی لەگەڵ خۆیدا چەندین ئەنجامی چاوەڕوانکراو هەڵدەگرێ] نەبینیوە. هەموو پرۆژەیەکیش لێکەوت و کاریگەری دادەنێ، ئەو لێکەوت و کاریگەریانەش تا ئێستا بینراون و لە مقۆمقۆی نێو دەنیای مەجازی تێنەپەڕیوە؟ جێی خۆیەتی لێرە یەکێ لەو پرسیارانەی کە بۆمان هاتبوو، دابڕێژمەوە؛ لە بنەڕەتدا بە جۆرێک بۆ جێی خۆ کردنەوە و ناو دەرکردن سەرەتاکان دەستت داوەتە ئەم جۆرە لە ڕەخنەگرتن، نەک وەک ئەوەی ئیدعای دەکەی لە خەمخۆریت بۆ ئەدەب و زمانی کوردی بێت. بەپێی ئەم دوو خاڵە بێت، ناکرێت لانیکەم جارێک ناوی پرۆژەی لێبنرێ.

 نووسیوتە: “من پرۆژەیەکی وەک پرۆژەکەی خۆیشم بە چارەسەر دەزانی. بۆیە دەستم دایە و ئەنجامم دا.” بە چارەسەرت زانیوە! ئایا ئێستاش هەر پێتوایە کە جۆری کارکردنی وەک ئەمەی ئێوە، چارەسەرە؟  

ئەمینی: ١. ئەوەی من پێی دەڵێم پرۆژەی “با نموونەیان زۆر نەبێت”، کۆمەڵێک وتارن لەسەر زمان و شیعر و ڕەخنەی شاعیرانی بەناو نوێخوازی ڕۆژهەڵات. جێی ئاماژەپێدانە کە تا ئێستا تەنیا پێنج فایل لەو پرۆژەیە کە نزیکەی سی فایلە، بڵاو کراوەتەوە. من پێی دەڵێم پرۆژە؛ چون ئەو کۆمەڵە وتارە، لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراودا نووسراون و بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا دەڕۆن.

ئەوەی کە نووسینەکانی من بینرابن یان نا، لە پرۆژەبوون نایانخات. هۆکاری کەمتر بینرانی پرۆژەکە، بە پلەی یەکەم بۆ خودی پرۆژەکە دەگەڕێتەوە. بەوەدا کە پرۆژەکە هەڕەشەیە بۆ سەر پێگەی ئەدەبیی زۆر کەس، چاوەڕوانکراوە لە لایەن زۆر کەسەوە دژایەتی بکرێت و هەوڵ بۆ نەبینرانی بدرێت. بە پلەی دووهەم بڵاوکەرەوە و ماڵپەڕەکان دێن، کە خۆیان لەو پرۆژەیە کەڕ کرد، ئەویش لە پێناو ڕاگرتنی دڵی ڕەخنەلێگیراوەکان بوو. وەک هاوڕێیەک گوتی: هیچکەس نایەوێت کتێبێک بڵاو بکاتەوە کە دژی زۆربەی کتێبەکانیەتی! هۆکارێتر بۆ کەمتر بینران و بڵاونەبوونەوەی کتێبەکە بۆ ئاکاری خۆم دەگەڕێتەوە. ڕاستییەکەی لای من ئەدەب و ڕەخنە و کوردی و لەوانیش گەورەتر ناهێنێ ڕوو بنێم لە کەسێ! کە زانیم کەس خۆی لێ تێ ناگەیەنێ بڕیارم دا بە پی.دی.ئێف بڵاوی بکەمەوە کە پێویستم بە یارمەتیی کەس نەبێ. سەیر ئەوەیە بۆ بڵاوکردنەوەی پی.دی.ئێفیش هەر کێشە هەبوو. ماڵپەڕێک هەیە کاری کتێب و کوردی و ئەو شتانەیە و پی.دی.ئێفی بڵاونەکراوە بڵاو دەکاتەوە. بەر لە دەستکردن بە بڵاوکردنەوەی بابەتەکان – ئەو کاتەی هێشتا نەیدەزانی پرۆژەکە چۆنە – بەڕێوەبەرەکەیم بینی. خۆی گوتی: ئەگەر زانیت کارێکم لە دەست دێت پێم بڵێ. زەنگم بۆ دا، ڕاشکاوانە نەیگوت ناوێرم بڵاوی بکەمەوە، بڕێک بڕ و بیانووی هێنایەوە. من لەسەری نەچووم، نەیشمدا بە چاویدا کە ناوێری بڵاوی بکەیتەوە. ئامانەم گوت که ئەگەر باوەڕت بە قسەی من هەیە، بتوانی بە چاوێکی سووک سەیری پانتاییەکە بکەی. کێشەکانی بەردەم بڵاوکردنەوەی کتێبەکە خۆی نیشاندەری کاریگەری کتێبەکەیە.

٢. حەز بە ناودەرکردن، بابەتێکی سرووشتییە. لە هەموو کەسێکدا هەیە. ئەوەی کە مرۆ دەیەوێ لە چ  ڕێگەیەکەوە ناو دەر بکات، دەبێت لەسەری بوەستین. ئەگەر پاڵنەری من بۆ نووسینی ئەو کتێبە تەنیا ناودەرکردن بوایە؛ نەدەبوو کتێبیکی وا بنووسرێت. بۆچی؟ چون حاشا هەڵناگرێت لەناو کورددا ئەوەندەی بە پەیوەندی و پیاهەڵدان، دەتوانی ناو دەربکەیت، نیوی‌نیو هێندە بە بیرکردنەوە و ژیری و زیرەکی و لە لاوە مەڕتاندن و ڕووشاندن، ناتوانی ناو دەربکەیت. من دەڵێم ناڕێکی و نەخۆشییەک هەبووە کە من پێی حەسیوم و ئازاری داوم. ویستوومە بیناسێنم. حەز بە ناودەرکردنیش هەبووە، هەڵبەت نەک بە شێوە نادروست و باوەکەی. لەناو ئەدەبی کوردیدا ناودەرکردن زۆرتر لە ڕێگەی نانبەقەرزدان و پیاهەڵدان و ئامادەییە لە ناو پانتاییەکەدا. من بەو کارەی خۆم بەو ڕێگەیەدا چووم کە پێچەوانەی گاڕێ، سەخت و کەمڕێبوارە و من ناوی دەنێم کەڵەڕێ.

بیر لەوە بکەرەوە ئەگەر من ئەو توانایی و کاتەم بخستایەتە خزمەت ناساندن و هەڵدانی فەیکەکان، ئێستە باکسر و کلۆڤەر، ناوبانگی مامۆستا بیلالیان پێ نەدەکێشرا. کە بیر لە کار و ژیانی خۆم دەکەمەوە، دەکەومە بیری شاملوو کە گوتبووی:

هرگز کسی اینگونه فجیع به کشتنِ خود برنخاست

که من به زندگی نشستم!

(قەد کەس ئاوا دڵڕەقانە، بۆ کوشتنی خۆی ڕانەپەڕی، بەمجۆرەی کە من ژیام).

٣. پێم وایە ئەگەر دڵسۆزییەک هەبێت، پتر بۆ گەنجانی کوردیخوێنە. بەر لە نووسینی کتێبەکە گەنجانێکی هەژدە ـ نۆزدە ساڵانم دەهاتە بەر چاو کە وتارێک وەک ئەوەی من لە “کوردبەکەرزانین”دا تاوتوێم کردووە، دەخوێننەوە. بیرم دەکردەوە ئەو وتارە دەخۆێننەوە و هیچی لێ تێ ناگەن. جا وا دەزانن ئەوە دەرەنجامی گێلی و نەخوێندەواری خۆیانە و بەمە باوەڕیان بە خۆیان نامێنێت و نووسەرەکەیان لێ دەبێت بە دێو. یان بیرم دەکردەوە هەر ئەو نووسینەی کە – لە ڕووی زمانەوە – پڕە لە هەڵە، دەبێ بە سەرچاوە بۆ کوردی فێربوونی کۆمەڵێک گەنج. پێم وایە کتێبەکەی من ئەگەریش بۆ ئەمانەی کە خوازیارم نموونەیان زۆر نەبێت، سوودی نەبێت و چاکیان نەکاتەوە، دەتوانێ لانیکەم نەهێڵێت نموونەیان زۆر بێت. دەتوانێ وا بکات بەرەی داهاتوو جیددیتر بێت.

من پێم وایە ئەو گرفتانەی من دۆزیبوونمەوە، هەڵوێستی ڕادیکاڵیان دەخواست. هەر پێویستیی ڕەتکردنەوەی جیددی بوو کە ئەو شێوە نووسینەشی فەرز کرد.

ژنەفتن: وەک دەڵێن تۆ کارەکەت یان وەک خۆت دەڵیی پرۆژەکەت بە کارێك و هەوڵێکی ڕادیکاڵ ناو دەبەی؟ لە کوێدا ڕادیکاڵە؟ وەک دەزانین کە هەموو کارێک پێویستی بەوە نییە رادیکاڵانە بێت، تۆ چۆن پاساو بۆ پێویستی ڕادیکاڵبوونی هەوڵ و پرۆژەکەت دەهێنیتەوە؟ ڕەخنەی ڕادیکاڵ و ناڕادیکاڵ چۆن جیا دەکەیتەوە؟ لەلایەکی تریشەوە ئەو نەوەیەی کە تۆ ڕەخنەیان لێدەگری، هەر لەسەرەتاوە ئا ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆرینەیان هەوڵەکانی خۆیان بە ڕادیکاڵ دەزانن لەنێو ئەدەب و ڕەخنەی کوردیدا؛ جگە لەمەش هەر لەو پانتاییەدا ئەوانیش بەربەستیان بۆ دروست دەکرا، خوێندنەوەت بۆ ئەمە چییە؟

ئەمینی: من وشەی ڕادیکاڵم، وەک ئاوەڵناوێک بۆ پرۆژەکەی خۆم، بەکار نەهێناوە. بەڵام ئەگەر مەبەست لە ڕادیکاڵ، ڕەتکەرەوە و هەڵتەکێن بێت، پێم وایە پرۆژەکە ڕادیکاڵە. ئەگەر سەرنجی ناوی پرۆژەکە بدەی؛ دەبینی ڕادیکاڵ ئاوەڵناوێکی گونجاوە بۆ پرۆژەکە. من پێم وایە ئەو گرفتانەی من دۆزیبوونمەوە، هەڵوێستی ڕادیکاڵیان دەخواست. هەر پێویستیی ڕەتکردنەوەی جیددی بوو کە ئەو شێوە نووسینەشی فەرز کرد. بێجگە ئەو شێوەیەی خۆم(خوێندنەوەی ڕستە بە ڕستەی وتاری ئەو ئەدیبانە)، وەک بژاردە شێوەیەکی ترم لەبەردەم بوو. دەکرا من پرۆژەکە بەپێی بابەت پۆلێن بکەم. بۆ نموونە دەمتوانی بابەتی کوردینووسین جیا بکەمەوە و تێیدا هەموو جۆرەکانی هەڵە دەستنیشان بکەم و نموونەی بۆ ببینمەوە. دەکرا هەموو خەسارەکانی وتاری ڕەخنەیی ئەو کۆمەڵه ئەدیبە بدۆزمەوە و بۆ ئەویش نموونە ببینمەوە. من ئەو شێوەیەم بە دڵ نەبوو. چون پێم وابوو ئەو شێوەیە کارەساتەکە باش دەرناخات. ئەگەر بڕێک هەڵەی زمانی دەستنیشان بکەی، خوێنەر دێت دەڵێ: ئاساییە! هەموو کەس هەڵە دەکات. بەڵام ئەگەر نووسینێک ڕستە بە ڕستە بخوێنیتەوە و خوێنەر ببینێ نووسینەکە سەرلەبەری هەڵەیە ئەو کات لە کارەساتەکە تێ دەگات. ئەگەر وتارێکی ڕەخنەیی ڕستە بە ڕستە بخوێنیتەوە و بە خوێنەر نیشان بدەی کە لە هەر پاراگرافێکدا، دەکرێ چەندین خەساری گەورە ببینی؛ تێ دەگات ئەو کەسانه چ کارەساتێکیان بەسەر زمان و ئەدەبدا هێناوە. ئینجا خوێنەر قبووڵی دەکا کە ڕەتکردنەوە هەڵوێستێکی هەڕەمەکی نییە.

پێشتر باسی کریتیکمان کرد و گوتمان، هەڵسەنگاندن، لێکدانەوە، ڕوونکردنەوە، دادوەریکردن، زانیاری و هۆشیاری پێدانی… لە خۆ دەگرت.

من پێم وایە ڕەخنەی ڕادیکاڵ کە دەکرێت وەک بەرانبەری ڕەخنەی چاکساز چاوی لێ بکرێت، کاتێک پێوست بە گرتنی دەبێت کە کەسێکی زیرەکی خاوەن بیرێکی ڕەخنەیی، بەوە دەحەسێ کە ناڕێکی، نەخۆشی، ناهەقییەک هەیە. ئەم ناڕێکی، نەخۆشی، ناهەقییە، لە بوارێکی وەک ئەدەبیاتدا دەکرێ خۆی لە گەورەکردنی بەرهەمێکی بێبایەخ، نەبینران یان سووککردنی بەرهەمێکی بەرز، دابەزاندنی سەلیقە خوێنەر یان گڵمەگڵمدا ببینێتەوە.

بەرهەمی ئەدەبی بە زۆری و شیعر بە تایبەتی، پێچەوانەی بەرهەمی زانستی ناڕوونی بەشێکە لە تایبەتمەندییەکانیان. سەیر بکە تەنانەت لە بەرهەمێشکدا کە پێی سەرسامی، بەشکانێک هەن کە ناڕوونن بۆت. هەست دەکەی بەرهەمەکە تەواو بۆت دەستەمۆ نابێ. من وای دەبینم ئەمە ئەو تایبەتمەندییەی ئەدەبیاتە کە زەمینە بۆ شەیادی بڕێک کەس خۆش دەکات. کابرا شیعرێک دەنووسێ، تۆ دەزانی فڕی بە سەر شیعرەوە نییە، بەڵام کۆڵکە شاعیرەکەی دەتوانێ بڵێت تۆ ئەگەر ناتوانی پەیوەندیی لەگەڵ بگری کێشەی خۆتە. بۆ بەرهەمێکی زانستی دۆخێکی لەم جۆرە پێش نایەت. گەرەکمە بڵێم ئەو کۆمەڵە ئەدیبەی من ڕەخنەم لێ گرتوون، ئەو تایبەتمەندییەی ئەدەبیاتیان قۆزتووەتەوە. ئەوان ناڕوونییان بۆ شاردنەوەی ناشارەزایی خۆیان بەکارهێناوە. نایشارمەوە نەمهێشتووە بەسەریانەو بچێت.

جا کە تۆ دەڵێی ئەمانە کاتی خۆی، خۆیان بە ڕادیکاڵ ناساندووە، ڕێک وایە. ئەو نەخۆشییەی من پێی حەسیم ئەوە بوو؛ کۆمەڵێک ناشارەزا و هیچ لێنەزان خەریکن خۆیان وەک شارەزا و ئاڤانگارد ڕادەنێن. ئێستە دەزانی من پێش نووسین لە چ دۆخێکدا بووم؟ لای من ئەو گەندەڵی و کوردبەکەرزانینە، هەڵوێستی ڕادیکاڵی دەویست. پێیشم وابوو گەندەڵی و کوردبەکەرزانینەکە تەنیا ڕەهەندی ئەدەبی نییە، بەڵکو ڕەهەندی ئەخلاقیشی هەیە.

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە کاتی خۆی ئەوانیش بەربەستیان بۆ دروست کراوە. دەبێ بڵێم: ئەوەی ئەوان تووشی بوون، بەربەست بەو مانایەی بۆ من پێش هاتووە، نەبووە. ئەوەی ڕەنگە ئەوان پێی بڵێن بەربەست، ڕەتکردنەوەی بەرهەمە شیعری و ڕەخنەییەکانیانە لە لایەن خوێنەرەوە. بەربەست ئەوەیە ئەوان بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان تووشی کێشە بووبن. شتی وا نەبووە. بەڵام ڕەتکردنەوەی خوێنەر، هێشتاش بەردەوامە. پێچەوانەی ئەوەی دەیانگوت داهاتوو لە بەرژەوەندیی نوێخوازانە! دوای بیست ساڵ، دۆخیان خراپتر نەبووبێ، باشتر نەبووە. لانیکەم بیست ساڵ پێش، پووچیی ژستەکانیان دەرنەخرابوو!

لە کۆتاییدا بڵێم من نووسینەکانی خۆم، نەک پێشوازینەکردنی خوێنەر بە سەلمێنەری فەیکێتیی ئەوان دەزانم. چون بەرهەمی وا هەیە خوێنەر باوەشی بۆ گرتووەتەوە، بەڵام لای من لە بەرهەمی نوێخوازان سووکترە.

ناهەقیی گەوره لای من ئەوەیە؛ ناوی سووسێر و دریدا و ویتگنشتاین و ئاگامبن بهێنی، کەچی سەرەتاییترین شتەکان سەبارەت بەو بیرمەندانە نەزانیت. هێشتا لە لێککردنەوەی دال و مەدلوول و متۆنیمی و مێتافۆردا مابیتەوە،

ژنەفتن: خۆیشت پێتوانییە کە ڕەتکردنەوەی بیست ساڵی ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر بێویژدانانەیە. لە بێویژدانیش گەڕێین؛ ڕەخنە تەنیا گەڕان نییە بە دوای کەموکوڕی و هەڵەکانی نێو دەق، یان سەلماندنی خراپی دەقێک. پێتوانییە بە ڕەخنەگرێکی بۆ نموونە فەڕەنسی بڵێی “من لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بیست ساڵی ئەدەبێ وڵاتێک، پرۆژەیەکیشم دەست پێکردووە بۆ ئەوەی بە ڕەخنەکانم بیسەلمێنم کە لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا ئەم ئەدیبانە هیچیان نەکردووە شایەنی خوێندنەوە و ڕاڤە و ڕەخنە بێت”؛ ئەویش گەر گاڵتەجاڕانە سەیرت نەکات، ئەوا وەک بێویژدانێک سەیرت دەکات.

بە جۆرێکی تر بڵێم، پێت وانییە گەڕان بە دوای هەڵە و کەموکوڕی لەنێو هەر شتێکدا کارێکی ئاسانە، بە تایبەت چاوت لە ئاست باشییەکانی نێو ئەو شتە دابخەی؟

ئەوەش بڵێم من پێموایە پرۆژەکەی تۆ خزمەت بەو دیدگایە دەکات کە ڕەخنە تەنیا لە هەڵسەنگاندنی خراپ و باشی دەقدا کورت دەکاتەوە (بە جیاوازی ئەوەی تۆ هەوڵ دەدەی بیسەلمێنی کە بۆ خراپە!)، ئەمەش یەکێکە لە کێشە زۆر قووڵەکانی ئەدەبی کوردی.

ئەمینی: “خۆیشم” نا، “من” پێم وایە ڕەتکردنەوەی ئەدەبی کوردی بیست ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵات، بێویژدانییە. دەمەوێ بڵێم من ئەو کارەم نەکردووە. ئەگەر بە جێی وشەی “ئەدەب” وشەی شیعرت بەکاربهێنایە ئەو کات بڕێک ڕاستیترم سەبارەت بە شیعر دەگوت. ئەوەی من لەسەری نووسیوومە – پرۆژەی “با نموونەیان زۆر نەبێت” – لەسەر شیعرە، نەک ئەدەب بە گشتی. لەسەر شیعر و ئەو ڕەخنە و نووسینانەیە کە بە دەوری شیعری بەناو نوێخوازی ڕۆژهەڵاتەوە بوو. یانی پرۆژەکە تەنانەت لەسەر هەموو شیعرنووسانی ڕۆژهەڵاتیش نییە. با لێرەدا بڵێم: بۆچی تەنیا لەسەر شیعری بەناو نوێخوازە. چون ئەو ناهەقی و نەخۆشییەی پێشتر باسم کردووە و من هەڵدەنێت بۆ نووسین؛ زەقتر لە کاری ئەو بەناو نوێخوازانەدا دەبینرا. زۆرێکی تر شیعرنووس هەن کە خەڵکی شیعریان زۆرتر دەخوێنێتەوە. ئەو شاعیرانە ئاستیان لەمانەی من ڕەخنەم لێ گرتوون، نزمترە. لەگەڵ ئەوەشدا من باسم نەکردن. چون ئەو شیعرنووسانە، هەڵوێستیان بەرگریکارانەیە تا هێرشبەرانە. ئەوانە لافی ئەوە لێ نادەن شارەزای فەلسەفە و فیکری نوێن. خۆیان بە ناوی فەیلەسووفانەوە نانوێنن. زۆربەیان کە ناوی فەیلەسووفەکان دەهێنی، ددانیان هاڵ دەبێ، پێستیان لیر دەردەکا! ئەمانە لای من بۆ ڕەخنە نابن. ناهەقیی گەوره لای من ئەوەیە؛ ناوی سووسێر و دریدا و ویتگنشتاین و ئاگامبن بهێنی، کەچی سەرەتاییترین شتەکان سەبارەت بەو بیرمەندانە نەزانیت. هێشتا لە لێککردنەوەی دال و مەدلوول و متۆنیمی و مێتافۆردا مابیتەوە، لەو لاوە لافی ئەوە لێ بدەی کە شارەزای ئەدەب و ڕەخنەی ڕۆژئاوایت. کارەسات ئەوەیە لە دەستنیشانکردنی پارۆدییەکدا کێشەت هەبێ، پێت وابێ پێشەنگی. ئەوەش بڵێم تەنانەت لە باسکردن لەو کۆمەڵە بەناو نوێخوازەیشدا، من هەموویانم لە یەک ئاستدا نەبینیووە. ئەگەر سەرنجت دابێ؛ ناوی یەکێک لە فایلەکان “لە ئەرازلا ئەو باشەکەیانە”یە. من ڕێز لە بچووکترین داهێنانیش دەگرم. کارەکەی من هەڵتەکێن و ڕەتکەرەوەیە، بەڵام وردە و هەڕەمەکی نییە. من قەد ئەدەبێک کە “بیربا” و “پادشای تەنیایی” و “گابۆڕ” و “تۆقی عەزازیل” و “مەرگەژین” و “گرەوی بەختی هەڵاڵە” و “کڕاکە” و ئاڵبوومە شیعرییەکانی “ڕۆجیاروو وەرمەکام” و “یانەو هەناسەکام”ی تێدا بێت، ڕەت ناکەمەوە.

٢. لەسەرەوەدا باسی ئەوەم کرد کە ڕەخنە لای من کەی پێویست دەبێ. گوتیشم ناهەقی تەنیا گەورەکردنی بەرهەمێکی بێبایەخ نییە(تەنەکە بە تەڵا کردن). ناهەقی دەتوانێ لە نەبینران و سووککردنی بەرهەمێکی باشیش دا بێ. هەروەها دەکرێ ڕەخنە لەسەر دەقێکی دیاریکراویش نەبێت و کاریگەر و بەرز و ڕێکوپێک بێت. ڕەنگە بەرزتر و بڵاوتر لە دەقێک، ڕەخنە لەسەر دیاردەیەک و ڕەوتێک بێت وەک ئەمەی من ئەنجامم داوە. دواجار ئەویش هەر دەبێت بێتەوە سەر دەق. با دەقێک نەبێ، دەقگەلێک بێت. با دەقەکە شیعر نەبێ، ڕەخنە بێت. گرنگە ئەوەیە ڕەخنەکە بە حەواوە نەبێ.

٣. من ئەگەر لەگەڵ ئەو ڕەخنەگرە گریمانەکراوە فەڕەنسییە قسە بکەم؛ باسی شتانێکی بۆ دەکەم تێر و پڕ بە کورد بکەنێت! پێی دەڵێم کوردمان هەیە کتێبی لەسەر نالی و ڕەخنەی نوێ نووسیووە. وتارەکەی لەسەر ستراکچرالیزم بە ڕستەی “بنەچەکی بنەماخوازی، زمانناسی نوێیە” دەست پێ دەکات. دوو لاپەڕە دواتر لە فرانسیس پۆنز دەگێڕێتەوە کە “وشەکانتان لە نزیکەوە بینیووە؟ وشەیەک هەڵگرن. باش وەیسووڕێنن. لە چەند لاوە باش لێی بڕوانن تا بۆ خۆی دەبێتە ناوەڕۆکەکەی”. ئینجا دەڵێ پۆنژ وشەی کرۆش  cruche(گۆزە)ی دایە بەر سەرنج و دیعایەی ئەوەی کرد هەموو پیتەکانی کرۆش شوێنێکی گۆزەکە پیشان دەدا. کابرای فەڕەنسیش دەڵێ: کوردی حەنەکچی! پێمان ڕادەبوێری! یەکێک لە گەورەترین قسەکانی سووسێر ئەوە بوو کە لەنێوان وشه و ماناکەیدا هیچ پەیوەندییەکی سرووشتی نییە. ئەوەی هەیە وشەکان بە پێی ڕێکەوتن دانراون.

دەکرێ بە کابرای فەڕەنسی بڵێم هەمان بوو، ئاوەڵناوی کاڵفامی بەسەر خەڵکدا دەبەشییەوە، کەچی بە دکانسترەکشنی دەگوت: دفۆرمەیشن. دەکرێ پێی بڵێم: وەرگێڕمان هەبوو ئەشکەوتی شانەدەری نەبیستبوو؛ شیعر کوردی وەردەگێڕا. دەکرێ باسی ئەوەی بۆ بکەم کە لە کوردستان، ئەندامانی پۆلیتبیرۆی پارتەکان، هێنده شەیدای ئەدەبیاتن لەبەر سەرقاڵی بە خوێندنەوەی ڕەخنەی ئەدەبی نایانپەرژێ ڕووداوە سیاسییەکان بخوێننەوە.

٣. نا! من پێم وا نییە گەڕان بۆ هەڵە کارێکی ئاسان بێت. بە ساڵان ئەو هەموو هەڵە و پەڵە هەبووە کەس لێی نەپرسیوەتەوە. گەر ئاسان بوایە دەبوو کەسانێک لێی خوەدی دەرکەون. جا ئەوەش بڵێم: ئەوەی من کردوومە هەڵەچنی و هەڵەدۆزی نییە. ئەوەی من کردوومە ناساندنی کوردبەکەرزانینە. کوردبەکەرزانین لەگەڵ هەڵە و نەزانین فەرقیان هەیە. هەڵە ئاساییە. هەموو کەس هەڵە دەکات. تەنانەت هیتلەریش هەڵە دەکات! نموونەیەکت پێ دەڵێم. وای دانێ کابرا لەبەر ڕواڵەتی وشەکە؛ بەهەڵە لە ناتوراڵیسم تێ گەیبێ و بە شتێک نزیک لە پاستوراڵیزم و حەزکردن لە سرووشت تێی گەیشتبێ. ئەمە هەڵەیە و دەتوانی ڕاستی بکەیتەوە بۆ کەسەکە و تەواو. بەڵام ئەگەر کابرا وتاری لەسەر فۆرمالیسم نووسی و بە نووسینی ناوی سەرچاوە و دانانی ڕفرێنسی فەرموودەکانی بنووسێت: کۆمەڵێک شاعیر هەبوون؛ کۆمەڵێک فۆرمی نوێیان هێنا! ئەوەبوو پێیان گوتن: فۆرمالیست. ئەمە ئیتر هەڵە نییە. ئەمە بێمنەتییە بە کوردی. بێمنەتییە بە خوێنەر. کوردبەکەرزانینە. نووسینە بەم چاوەڕوانییەوە کە ئەم وتارە ناخوێنرێتەوە و تەنیا دەژمێردرێت.

من بە هیچ کلوجێک چاوم لە باشیی ئەو بەرهەمانە نەنووقاندووە. پێنج ساڵ پێش، دە ساڵ پێش، هەڵوێستی من لە هەمبەر ئەو دەقانەدا ئەمە نەبوو. خۆم جارێک لە منداڵی و بێپەزموونیی خۆمدا بە هاوڕێیەکی کوردینەزانم گوت دەڵێن لە کوردیدا شیعرێک داهاتووە، قۆناغێک لە پێش شیعری جیهانەوەیە! منی بێچارەش بیستبووم! من قەد پەیوەندییم لەگەڵ ئەو دەقە بەرزانەدا کە دەستی ئەدەبی جیهانیان لە پشتەوە بەستبووەوە نەگرت! من لە خوام بوو کەسێک هەبێ باسی باشیی ئەو دەقانەم بۆ بکات. بۆیە هەمیشە بە شوێن وتارگەلێکەوە بووم، باسی باشیی ئەو دەقانە بکات. خوا دەزانێ چەنێک گەڕام تا ئەو ژمارەیەی گۆڤاری زرێبارم پەیدا کرد کە تایبەت بوو بە شیعری برایان! لای خۆمەوە دەمگوت هەر کات ئەو گۆڤارە دەست بخەم سەردەمی جاهیلیەتم بەسەر دەچێت! کاتێ بینیم، چ ببینم؟ تەڕاتێنی گۆڕهەڵکەنە و کەمتیاری کورد! وەک گوتم هەر شەیدایی بۆ بینینی باشیی ئەو دەقانە منی کردە وتارخوێن. کە وتارەکانم خوێندەوە، تازه گومان لەو دەقانە لە مندا چەکەرەی کرد. کە من دوو بەرگی کتێبەکەم بە درۆخستنەوەی پیاهەڵدانی بەناو ڕەخنەگران بووبێت، ڕێی هەیە ئەو دەقانە باشیشیان هەبووبێت؟

٤. من لەسەرەوەدا هەم باسی ڕەخنە بە گشتی، هەم باسی کارەکەی خۆمم کردووە. کارەکەم لەو پرۆژەیەدا دەیخواست بە شوێن هەڵە و لێنەزانینەوە بم. لە پرۆژەکەدا فایلیش هەیە کە من هەوڵ دەدەم باشییەکانی دەقێک نیشانی خوێنەر بدەم. باشییەکانی دەقێک کە قەد کەس نەیتوانیبوو نیشانی بدات. کە وەک گوتم نەبینرانی دەقێکی بەرزیش هەر ناهەقییە و من پێم قووت ناچێت. پێویست ناکات و تەنانەت ناکرێ و هەڵەیشە کە ڕەخنەیەک هەموو جۆرەکانی کارکردی ڕەخنە لە خۆیدا کۆ بکاتەوە. لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا گوتم:

“لەو کاتە بەدواوە، شێوازە جیاوازەکانی ڕەخنە – مارکسیزم، فێمێنیزم، ستراکچرالیزم، دەروونشیکاری، زمانناسی – چ لەگەڵ یەک، چ بە جیا، تیۆریگەلێکی ڕەخنەییان بەرهەم هێناوە کە کەڵکەڵەی ئەوەیە تاوتوێ و شیکاریی وردی بەرهەمە ئەدەبییەکان بکات. بێجگە ئەوە ئەو تیۆرییە ڕەخنەییانە دەپەرژێنە سەر ئەو دۆخەی ئەو بەرهەمانەی تێدا پەیدابووگن. شتانێکی وەک ستراکچری کولتوور و زمان، یاساکانی گێڕانەوە یان ئەو ئایدۆلۆژییانەی لە کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا بەرهەم دێن”.

لە هەموو ئەو قۆناغانەدا کە چەمکی کریتیک پێیاندا تێ پەڕیوە، هەڵسەنگاندن و دادوەریکردن بەشێک بووە لە ماناکانی. کارەکەی من بە زۆری هەڵسەنگاندنە

دەپرسم: دەکرێ لە خوێندنەوەکی فۆرمالیستیی دەقێکدا؛ بپەرژێیتە سەر ئەو دۆخەی بەرهەمەکەی تێدا پەیدابووگە؟ ئەوەیە دەڵێم ناکرێ هاوکات هەموو کارکردەکانی ڕەخنە لە نووسینێکدا کۆ بکەیتەوە. ئەوەی کە ئێمە ڕەخنەیەکمان نەبێت باسی کانتێکستی پەیدابوونی دەقەکان بکات – وەک ئەوەی مارف خەزنەدار لە مێژووی ئەدەبەکەیدا دەیکات – کەموکوڕییە. بەڵام ڕەخنەیەک که بە بەڵگەوە باسی باشی و بەدی بابەتێک دەکات کێشەی نییە. وەک باسکرا لە هەموو ئەو قۆناغانەدا کە چەمکی کریتیک پێیاندا تێ پەڕیوە، هەڵسەنگاندن و دادوەریکردن بەشێک بووە لە ماناکانی. کارەکەی من بە زۆری هەڵسەنگاندنە. بەڵام ئەوە نییە کە بە چاوی سووک تەماشای کارکردەکانی تری ڕەخنە بکەم. بە پێچەوانەوە لای من نووسینێک کە بپەرژێتە سەر کانتێکست و لایەنە فیکرییەکانی دەقەکان، زۆر بەرزە. لای من ئەو دەقانە ئەگەر تەواو بن، لە ڕەخنەوە تا ئاستی بیردۆزی هەڵدەکشێن. حەز دەکەم کارەکانم لە داهاتوودا لەو جۆرە بن. ئەو کارانە وەک گوتم ئەگەر تەواو بن، ئاستیان بەرزترە لەمەی من کردوومە. نایشارمەوە ئەو کارەی من کردوومە، کارکردن نییە لە ئاستێکی بەرزی بیرکردنەوەدا. ئەوەش بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە بەرهەمی ئەو کۆمەڵە نووسەرە ئاستیان زۆر نزم بوو. من وا دەزانم بە نووسین لە سەر ئەو دەقانە خۆم لە نووسینی جیددیتر بێبەش کردووە و بەوە غەدرم لە خۆم کردووە.

لەو دەقانەدا کە دەکرا بێنە ناو پرۆژەکەوە من گرنگترین و جیددیترینیانم هەڵبژارد. ئەوە کێشەی من نییە کە جیددیترینی ئەو دەقانە، دەقانێکی بەرز نین.

ژنەفتن: کۆتایی قسەکانت ئیعترافێکی تیایە؛ تۆ دەڵێی؛ ئەوەی تۆ کردووتە لە ئاستێکی بەرزی بیرکردنەوەدا نییە، پاساوەکەش ئاستی نزمی ئەو بەرهەمانەن کە ڕەخنەت لێگرتوون. لەم پرسیارەدا بۆچوونی شەخسی خۆم دەخەمەڕوو لەسەر ڕەخنە و پرسیارەکەش وەک ڕۆژنامەنووسێک ناکەم. من پێم وایە ڕەخنە ململانێیە لەگەڵ پتەوترین و بەهێزترین و لە هەمان کاتدا شاراوەترین لایەن و ڕووەکانی دەق بۆ بەرهەمهێنانەوەی مانا و دەقێکی سەربەخۆی پتەو و بەهێزی دیکە. تا ئەمەش نەکرێت ڕەخنە نابێتە دەقێکی سەبەخۆ، دەبێتە پاشکۆی دەقەکە. تۆ ئەگەر سەیر بکەی دەقەکانی تۆ نەبوونەتە دەقی سەربەخۆ ڕیک پاشکۆی کۆمەڵێ دەقی ترن (ئینجا خۆیشت دەڵێی کۆمەڵێ بەرهەمی ئاست نزمن!). دەی لە هەر کەسێ بپرسی دەقێکی ڕەخنەیی هەیە لەسەر فڵانە دەق(ناوی دەقێکی ئاست نزم بهێنن)، یەکسەر بیری بۆ ئەوە دەچێ کە ڕەخنەکەش ئاستی نزمە و ناچێ بە دوایدا. منیش پێموایە ڕەخنە هەڵوەشاندنەوە و هەڵتەکاندنە بەڵام کون و کەلەبەرەکانی دەق نەک ئەجداد و ئابای نووسەرەکە. بەڵام تۆ ناو و ناتۆرە لە نووسەرەکە دەنێت. هەر وەک پێشتریش باسمان کرد هیچ شتێک بۆ دیالۆگ ناهێڵیتەوە.

ئەمینی: ١. کێشەکە ئەوە نییە من لەنێوان چەندین دەقدا، نزمترینیانم هەڵبژارد بێت. بە پێچەوانەوە، لەو دەقانەدا کە دەکرا بێنە ناو پرۆژەکەوە من گرنگترین و جیددیترینیانم هەڵبژارد. ئەوە کێشەی من نییە کە جیددیترینی ئەو دەقانە، دەقانێکی بەرز نین. ئەوە هەر سەلمێنەری قسەکانی منە کە بەناو نوێخوازانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ئەوەی لافی پێشەنگی و ڕادیکاڵبوون لێ دەدەن، شتێکی ئەوتۆیان بۆ گوتن نییە. بمانەوێ و نەمانەوێت ئەو دەقانەن کە ئەمڕۆ ڕەخنە و شیعری کوردی ڕۆژهەڵاتیان پێکهێناوە.

من چەند پرسیارێک دەکەم: ئاخۆ کورد گرنگە؟ ئاخۆ ئەدەبی کوردی گرنگە؟ ئاخۆ شیعری کوردی گرنگە؟ ئاخۆ ئەو دەقانە بەناوی شیعر و ڕەخنەی کوردی، ئەویش هی بەرەی ئاڤانگارد، بڵاو ناکرێنەوە؟ ئەگەر وای دابنێین ئەو دەقانە – لەبەر نزمی – نەدەکرا گوێیان پێ بدرێت و بخوێنرێنەوە، دەتوانین بەو پەیژەیەدا کە هاتینە خوار، بچینە سەر و دواجار بگەینه ئەو ئەنجامەی؛ مادام هەرچی شتی کوردە ئاستی نزمە، پێویست ناکات گوێی پێ بدرێ! گەیشتن بە دووڕێیانی بەکوردی کارکردن یان نەکردن، دۆخێکی جیددییە و بۆ هەر کەسێک کە فیشقیاتچی نەبێت، دێتە پێش. من لە ئێستادا بۆم پێش هاتووە. لە خۆم دەپرسم: کارکردن لە ئەدەبێکدا کە بەناو شاعیران و نووسەرانی پاساوی کوردینەزانین بەوە دەدەنەوە کە گوایە لە قوتابخانە کوردی فێرنەبوون! ڕەوایە یان نا؟

بەو جۆرەی تۆ باسی ڕەخنە دەکەی؛ نەدەبوو مەسعوود محەممەد بەشێکی زۆر لە نووسینەکانی بنووسێت. چون بە دەربڕینی تۆ ئەوانە دەقی پاشکۆن و سەربەخۆ نین. سەیری وتارەکانی ناو کتێبی “کەوچکێک شەکر بۆ قاوەیەکی تاڵ” بکە. بڕۆ سەیری وتاری “نامەیەک” بکە. بۆ کابرایەکی نووسیووە:

“ناکرێ وشەی “مەند”، “ئەفەندی”، “دەربەند” بکرێنە “مەنگ”، “ئەفەنگی”، “دەربەنگ”. بە نموونە دەڵێم لە فەرەنسیدا شێوەی پاریس هەرە پێشکەوتووی ئاخاوتنی میلـلەتی فرەنسەیە. خەڵقی پاریس دەنگی “ر” بە “غ” دەخوێننەوە. بەڵام لە نووسینی فەرەنسیدا دەنگی “ر” هەر بە “ر” دەنووسرێت با خەڵقی پاریسیش بە “غ” بیخوێننەوە.

مەسعوود محەممەد کۆی لەوە نەکردووەتەوە، هەڵەی هێندە سادە بۆ کابرایەک ڕاست بکاتەوە؛ چون ڕەخنە لای ئەو ڕێککردنەوەی ناڕێکییەک بووە کە بینیوویە. دەکرا بە خۆی بڵێت: ئەو نووسینە ناهێنێ من لەسەری بە جواو بێم. کە دواجار نەهێنانی ئەو نووسینە دەگاتەوە بە نەهێنانی کورد. دیارە لای ئەو کورد هێناویە کات و توانایی بۆ دابنێت. لای منیش دوو ساڵ پێش وەها بوو. بەڵام ئێستا لە لام پرسیارە. شتێک کە لەنێوان سەردەمی من و سەردەمی مەسعوود محەممەددا گۆڕاوە ئەمەیە؛ ئێستا زۆر کەس کوردبوون بە مەبەستی شاردنەوەی لێنەزانینی خۆی بەکاردەهێنێ. ئێستا زۆر کەس خاڵیبوونی مەیدانەکە دەقۆزێتەوە. دەچن کۆلکەشاعیرێکی فارس دەدۆزنەوە و دەبن بە لقی کوردستانی ئەو کۆلکەشاعیره. یەکێ لقی کوردستانی یەدوڵڵا ڕوئیاییە، یەکێ هی عەلی باباچاهییە!

ئەگەر دەقێک کە لەسەر دەقێکی تر نووسراوە، بە پاشکۆ بزانین؛ بەشێکی زۆری فەلسەفە پاشکۆیە. بەوجۆرە دەتوانین بێژین نووسینەکانی دریدا، پاشکۆی نووسینەکانی سووسێرن! ئاخر دریدا لە differenceی سووسێرەوە دەستی پێ کرد گەیشت بە differance.

٢.تۆ کە دەڵێی ڕەخنە ململانێیە لەگەڵ پتەوترین دەقدا، پێمان ناڵێیت لە ڕەخنەی شیعری کوردیدا، پتەوترین دەقەکان کامانەن؟ پێت وایە دەقانێکی تر هەن کە لەو دەقانەی من لەسەریانم نووسیوە، جیددی تر بن؟ ئەوانەی من لەسەریانم نووسیوە، ئەوپەڕی توانستی ڕەخنەی کوردییە. من لەم هەنگاوەدا ئاستی نووسینەکانم دیاری کرد و هەوڵم دا بڕێک باسەکان لەو فیشقیاتە دەربهێنم.   

دەتوانی لە جیاوازیی من و ئەوانی تر ورد ببیتەوە. هەموو دێن بە ڕاوێژێکی باقیارکەرانە دەڵێن: ئێمە ڕەخنەی کوردیمان نییە. من هاتووم بەناو ڕەخنەی کوردیم تاوتوێ کردووە کە بزانم چییە و کێشەی چییە. پێم وایە دوای پرۆژەکەی من ئەوەی حەیای هەبێ، ئەو جۆرە لە نووسین بە ناوی ڕەخنە بڵاو ناکاتەوە.

٣.من ئابا و ئەجدای کەسم هەڵنەوەشاندووەتەوە! ئەوەیش تۆ بەناو ناو و ناتۆرە ناوی دەهێنی؛ دەوڵەمەندکردنی ئەدەبی کوردییە بە داهێنان. ئەو داهێنانانە کۆرسی فێربوونی مامەڵەکردنن لەگەڵ زمان!

ژنەفتن: دوو تێبینی: من ناڵێم ڕەخنە پاشکۆیە، دەڵێم چۆن ڕەخنە ببێتە دەقێکی سەربەخۆ و لە پاشکۆیەتی دەقی ڕخنە لێگیراو دەربچێ. تێبینییەکەی تریش کاتێ دەڵێم ئاست نزم لە زمانی تۆوە گواستومەتەوە، ئەگینا ئەسڵەن من نەک پێموانییە ئەو قۆناغەی تۆ ڕەخنەی دەکەی، دەقەکانیان ئاست نزم بن، بەڵکو بە یەکێ لە قۆناغە باشەکانی دەزانم.

ئەمینی: سەبارەت بە تێبینییەکەت کە گوایە ئەو قۆناخە یەکێکە لە قۆناخە باشەکان، داوا دەکەم کە فایلەکانی من هەموویان بخوێنیتەوە. پێشبینی دەکەم دوای خوێندنەوەی وتارەکان بۆچوونت بگۆڕێت.

بابەتی کوردینووسین بابەتێک جیددییە کە کۆڵێک خەساری تێدایە.

ژنەفتن: با هەر بۆ ڕوونکردنەوەی پرسیارەکەی پێشووم، ئەمەش بڵێم بۆ نموونە”لەو دەقانەی تۆ بخەینە بەردەم خوێنەرێکی باشوور(کە تا ئەم ئاخیرانەش بە تاک و تەرا نەبێت، ئاگایان لە ئەدەبی ڕۆژهەڵات نەبووە)، چی لەو دەقانە فێر دەبێت، (دەڵێم لەو دەقانەی تۆ، یانی مەبەستم کۆی کارەکانت نییە).

کاک بیلال، لە باشووریش ئەو ڕەخنانەی کە خەریکی ڕێک کردنەوەی ناڕێکی زمانی دەقەکانن، زۆر بووە. گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئێستا دەستەواژەی (پاسەوانانی زمانی کوردی) بووەتە گاڵتەپێکردن، گوتارێک لە بەرانبەر ئەم ڕەخنانە سەریهەڵداوە و کە چەند خاڵێک لە خۆ دەگرێ لەوانەش (زۆرینەی ئەوانەی بوونەتە پاسەوانی زمانی کوردی لە زمانی ناوچەکەی خۆیەوە قسە لەسەر دەق و نووسراوەکانی تر دەکات، ڕێگرن لە گەشە کردنی زمانی کوردی و؛ دەیانەوێ زمانی کوردی لە سنوورێکی گوندیانەدا بمێنێتەوە، ناتوانن و نازانن خویندنەوە و ڕاڤە بۆ دەقەکان بکەن و تەنیا چەند هەڵەیەکی زمانی دەکەنە پێوەر بۆ ڕەتکردنەوەی دەقەکە و بە نووسەر دانەنانی نووسەرەکە… چەندانی دیکە). بۆ کێشەی ڕێنووسیش کە تۆش لە ڕەخنەکانتا باسی دەکەی، هەر ئەوانە پێیانوایە ئەوە کێشەی نووسەر نییە، کیشەکە لەوەیە کە هێشتا ڕێنووس بە ستاندارد نەکراوە، یان دەڵێن ئەوە کێشەی دەزگاکانە کە دەبێ ئەدیتۆری پیشەگەریان لەو بوارەدا هەبێ و بە دەقەکاندا بچێتەوە. ڕایەکیش هەیە کە پێیوایە ئەوانە ناچنە خانەی ڕەخنەوە هێندە ڕێک کردنەوەی هەندێ ناڕێکی ڕینووسیییە. بە کورتی بۆ ئەو جۆرە لە ڕەخنە چەندین پاساو دەهێنرێتەوە.

ئەمینی: ١.ئەو دەقانە بە پلەی یەک، کاریان ناساندنی دۆخ و ئاستی شیعر و ڕەخنەی ئەو کۆمەڵە ئەدیبەیە. لەوە بترازێت، من لە پێناو ئەوەدا کە فایلەکان بێجگە ناساندنی خەسارەکان، سوودگەلی تری بۆ خوێنەر هەبێت؛ هەر جارەو باسێکی جیددی درێژە دەدەم. بۆ نموونە باسی بۆچوونەکانی ویتگنشتاین بۆ خوێنەر ڕوون دەکەمەوە. یان کە باسی پۆستمۆدێڕنیزم بوو، باسی دەقی پۆستمۆدێڕنیستی کوردی دەکەم. کە ڕەخنەگر چەمکە ڕەخنەییەکانی بە هەڵە بەکارهێنابوو، هەوڵ دەدەم بۆ خوێنەری ڕوون بکەمەوە. هەر نموونە شیعرێک کە لە وتارەکاندا باسی دەکرێ، هەوڵ دەدەم بە وردی باسی بکەم. باسی لایەنی زمانیش بەوردی دەکەم. ئەمانە ئەو شتانەن کە دەقەکانی من بە خوێنەری دەبەخشێت.

٢. بابەتی کوردینووسین بابەتێک جیددییە کە کۆڵێک خەساری تێدایە. لە سەرەتادا بڵێم من لەو پرۆژەدا قەد باسی ڕێنووسم نەکردووە. باسی ڕێنووسم نەکردووه؛ چون بابەتێکی سادەیە و هەر کەس بە خوێندنەوەی دە پانزە لاپەڕە دەتوانێت فێری ببێت. ڕێنووس، شتێکی ئەوتۆی نییە کە من لەسەری بنووسم. ئەوەی کە گوایە بیلال دەپەرژێتە سەر ڕێنووس، پێ دەچێت لەملاو لەولاوە بیستبێتت. دەتوانی بیر بکەیتەوە کە لەو فایلانەی خۆت خوێندوونەتەوە، قەد باسی ڕێنووست بینیووە یان نا؟ ئەوانەی کە ئەو دەنگۆیە بڵاو دەکەنەوە، بڕێکیان هەر فەرقی ڕێزمان و ڕێنووس نازانن. بڕێکیشیان بە ئەنقەست بۆ سووککردنی کارەکە دەیکەن.

ـ نەبوونی ڕێنووسی یەکگرتوو نابێتە پاساو کە بڕێک فەریکە و فەیکەنووسەر، هیچ تێبینییەکی ڕێنووسی ڕەچاو نەکەن. نابێت تۆ لە دەقێکدا بنووسی؛ “دەستملەکارکێشاوە”! لەو لاوە بێیت بنووسی: “بە هێز”!

لە زانکۆکەماندا خوێندکارێکی دەرمانسازی هەبوو؛ دوای شەش ساڵ هێشتا وانەکانی دوو ساڵی یەکەمی تەواو نەکردبوو. لەو لاوە لافی ئەوەی لێ دەدا کە خەریکە دەرمانێکی نوێ دەدۆزێتەوە! کۆلکەفەیکەفەریکەنووسەرەکانی! ئێمەش وسان. نازانن زمانەکەی خۆیان بەڕێکی بەکار بهێنن، ڕێنووسێکی سادەیان پێ ڕەچاو ناکرێ، لەو لاوە لافی ئەوە لێ دەدرێت شیاوی نۆبڵن!

من ئەو جۆرە دەقانەی که نووسەرەکەیان خۆی بە کوردیپارێز بناسێنێت یان کەسی تر بە گاڵتەوە بەو جۆرە بیناسێنێت و لەگەڵ ئەوەشدا عەوامانە و سووک بێتم، کەم خوێندووەتەوە. ئەوەی من خوێندوومەتەوە لە پێشینەکان هێمن و مەسعوود محەممەد و حەسەنی قزڵجی، لەمانەی ئەم دواییەش حەمەسەعید و حەمەفەریق حەسەن بووگن. قسەی هەموویان ڕێک و ڕوون و بەجێ بوون. من ئەو جۆرە دەقانەی -کە خۆیان وەک کوردیپارێز ڕانێن و عەوامانە بن-م کەم بینیووە، بەڵام حاشا ناکەم کە دەشێت دەقی لەوجۆرە هەبێت و زۆر و کێشەداریش بن. ئەمانە ئەگەریش هەبن لەگەڵ ئەوانەدا کە دەیانەوێت باسکردن سەبارەت بە دروستنووسین، سووک و بێبایەخ نیشان بدەن، بەراورد ناکرێن. کێشەی هەرەگرنگ لای من ئەوانەن کە گەیشتوونەتە ئاستێک لە بێحەیایی کە بێمنەتن بە بابەتی دروستنووسین. بێمنەتن بە باسە دروست و دڵسۆزانەکان. من بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە لەسەر ئەم کێشەیە کار بکەم. نایشارمەوە بەو بێمنەتییە لە دین دەر دەچم!

ئەو جۆره لە بێمنەتی لە چییەوە دێت؟ بۆچی ڕەخنە بەجێ و دڵسۆزانەکان جێی خۆیان ناگرن؟ ئەم زمان و ئەدەبە چی لێ هاتووە کە بڕێک شەیاد دەتوانن بە چاوی سووک سەیری بابەتی گرنگی زمانی نووسین بکەن؟ نیشانەی زەقی نزمی ئاستی بەرهەمە کوردییەکان ئەو بێمنەتییەیە. تری ئیگڵتن لە کتێبی تیۆری ئەدەبییەکەیدا دەڵێ: ئەدەب لای فۆرمالیستەکان سیستەمێکی تایبەتی زمان بوو نەک شتێکی وەک ئایین یان دەروونناسی یان کۆمەڵناسی. دووبارە هەر ئەو، هەر لەوێدا دەڵێ: فۆرمالیستەکان زمانی ئەدەبییان بە کۆمەڵێک لادان لە زمانی پێوەر یان جۆرێک شۆڕشی زمانی دەزانی. دەپرسم: ئەگەر نەزانین دروست چییە و لە شوێنی خۆیدا بەکاری نەهێنین، لادان چۆن دەر دەکەوێت؟ کە ئەدەب هەمووی لادان بێت، ئەوکات بایەخی دروستنووسین دەردەکەوێت. چون تا نەزانی دروست چییە، نازانی لادان و داهێنانیش چییە. شتێکی سەیرت پێ بڵێم. لەو کۆمەڵە کەسەی کە من گەرەکمە نموونەیان زۆر نەبێت! یەکێکیان داهێنانی هەیه. سەیر ئەوەیە ئەوانی تر کاتێک لاسایی دەکەنەوە، لادانەکانی ئەو وەک پێوەر تەماشا دەکەن. مەبەستم ئەوەیە هێند کوردی نازانن، هێند کارەکانیان نابەئاگایانە و هەڕەمەکییە؛ داهێنانەکانی ئەو وەک ئەوەی بەشێکی ئاسایی زمان بێت، دووبارە دەکەنەوە. ئەگەر کابرا بە جێی “لێم دەپرسێ” بنووسێت “دەمپرسێ” کە لادانە و داهێنان، ئەوانی تر ئیتر لە دەقەکانیاندا هەر “دەمپرسێ” دەنووسن.

ژنەفتن: ئەوەش بپرسم، کە ڕەنگە لە هەموو ئەوانە پتر کێشەساز بێت، ئەویش لەگەڵ بەرەوپێش چوونی وەرگێڕان و خوێندنەوە و راڤە و نووسینی کوردی لە هەموو بوارەکاندا، نووسەر و وەرگێڕی کورد بۆ بە کوردی کردنی چەمک و زاراوە و دەستەواژە هزری و ڕەخنەیی و زانستی و فەلسەفییەکان تووشی کێشە دەبێت و هەر کەسێک لە لایەکەوە بە گوێرەی تێگەیشتن و سەلیقەی زمانی خۆی و لە لایەکی تریش بە پشت بەستن بەو زمانەی چەمک یان … لێ وەردەگرێ (بۆ نموونە تا ئەم چەند ساڵەی دوایی بە زۆری لە فارسی و عەرەبییەوە وەرگیراوە) دەیکاتە کوردی. بەو پێیەی تۆیش لەسەر ئەو بە کوردی کردنانە ڕەخنەت هەیە، پێتوانییە ئەم کێشەیە زۆرتر گشتییە و هەموو ئەوانەی دەنووسن پریشکێکیان لەو ڕەخنە و ناڕێکییە بەر دەکەوێ.

ئەمینی: لە کوردینووسیندا، هەڵەکان چەندین جۆرن. من لە پرۆژەکەمدا هەموویانم ڕوون کردووەتەوە. بۆ هەر کامیشان کۆڵێک نموونەم دۆزیوەتەوە. ئەگەر کەسێک دروستنووسین بۆی گرنگە بێت؛ لێیان فێر دەبێ و دووبارەیان ناکاتەوە. ئەگەر ویستت هەر لەم وتوێژەدا کێشەکانت لەگەڵ نموونە بۆ ڕیز دەکەم.

نووسەر یان لە گێلییەوە – کە وا دەزانێ کوردی لەوەوە دەستی پێ کردووە – یان لەبەر تەمەڵی ناگەڕێت بزانێت ئەو چەمکە قەد کراوە بە کوردی یا نا.

کێشەی وەرگێڕانی چەمکەکان لە زمانانی ترەوە تەنیا یەکێکە لە کێشەکان. ئەوەی کە زمانی ئێمە ماوەیەکی کەمە زۆرێک لەو چەمکانە بە خۆیەوە دەبینێ و لەگەڵیان ڕانەهاتووە، پاساودەری بەکاربردنی هاوتای گێڕ و لار و سەقەت نییە. زۆر کۆلکەنووسەر ئەو چەمکانە بە مەبەستی ترساندن و سەرشێواندن لە خوێنەر دەقۆزنەوە. هەیانە بە ئەقڵە سەقەتەکەی خۆی هاوتایەک بۆ چەمکێک دادەنێ، جا بە ئەنقەست هاوتا ئینگلیزییەکەیشی ناهێنێ. دەیخاتە ناو ڕستەیەکی بێمانایشەوە. ئەو کات زانینی مانای وشەکە دەبێت بە مەتەڵ هەڵهێنان! ئەگەر خوێنەر ژیر نەبێ، ڕەنگە وابزانێ نەخوێندەوار و جێماوە و نووسەر فرە لە پێشە. ئەگەر نووسەر دڵسۆز بێ، ئەو بابەتە بۆ خوێنەر نابێ بە کێشه. لێرەوە پێشنیار دەکەم؛ هەر نووسەرێکی کورد چەمکێکی بەکار برد، ڕێک دوای هاوتا کوردییەکەی کە یان خۆی دایناوە یا کەسی تر هاوتا ئینگلیزییەکەی بە پیتی لاتین بهێنێت. جەخت دەکەمەوە؛ نە لە کۆتاییی دەقەکە نە لە پایینی لاپەڕەکە، بەڵکو ڕێک دوای هاوتا کوردییەکەی؛ بۆ ئەوەی کاتی خوێنەر بە فیڕۆ نەچێت. تازە پێویستیش نییە وشە ئیگلیزییەکە بخرێتە ناو کەوانەوه.

ئەگەر نووسەر خۆنوێن و کوردبەکەرزان و نەخوێندەوار نەبێ، ئەو بابەتە نابێت بە کێشە. کە دەبێت بە کێشە لەبەر نیازی پیسی نووسەرەکەیە نەک لەبەر دۆخی کوردینووسین. ڕەهەندێکی نەخوێندەواری، نەزانینی مێژووی چەمکەکەیە لە ناو زمانی کوردیدا. نووسەر یان لە گێلییەوە – کە وا دەزانێ کوردی لەوەوە دەستی پێ کردووە – یان لەبەر تەمەڵی ناگەڕێت بزانێت ئەو چەمکە قەد کراوە بە کوردی یا نا. دێت وەرگێڕدراوە فارسی یا عەرەبییەکەی بە ئەقڵی خۆی دەکوردییەنێت. لە پرۆژەکەی مندا زۆرجار کە باسی چەمکێک دەکرێت، من باسی وەرگێڕانی بۆ کوردیی دەکەم. باسی هاوتا دانراوەکان دەکەم. ئەگەر خۆیشم پێشنیارم هەبێ دەیخەمە ڕوو. ئەگەر بڕیارە دایالۆگێک هەبێ، یەکێک لە تەوەرەکان دەتوانێت، چەمکەکان و هاوتا کوردییەکانیان بن.

 

ژنەفتن: لەنێو هەندێ لە وڵامەکانتدا دەردەکەوت کە ئەم هەوڵانەت، پرۆژەیەت گەیاندووە بە کۆتایی و دەتەوێ لە هەوڵەکانی تر بازێک بدەی و جۆرێکی تر کار بکەی. پێم خۆشە وەک کۆتا پرسیار لەسەر ئەوە قسە بکەی.

ئەمینی: ئەگەر بڕیار بێت کار بکەم؛ حەز دەکەم چەند کاری جیاواز و بەسوود بکەم. حەز دەکەم کتێبێک لەسەر کوردینووسین بنووسم. حەز دەکەم لەوێدا جیاوازیی داهێنان و لەخۆوەدەرهێنان نیشانی خوێنەر بدەم. لە پرۆژەی “با نموونەیان…”دا ئەگەر باسی زمانی نووسین دەکرێت، زۆرتر باسی هەڵەنووسین و دروستنووسینە. بڕێکی زۆر کەم باسی دەوڵەمەندکردنی کوردی لە ڕێی داهێنانەوە دەکات. دەمەوێ لەو کتێبەدا بە خوێندنەوەی دەقگەلێکی زۆری کوردی، بە خوێنەری نیشان بدەم کێ کوردی بەرەپێشەوە بردووە، کێ نە تەنیا بەرەپێشەوەی نەبردووە بەڵکو بە هەڵە بە لاڕێیدا بردووە.

هەمیشە کلیپی کۆلکەنووسەرێکی کوردم بە بیردا دێت کە بەوپەڕی بێحەیاییەوە باسی زمانی نووسین دەکات و دەیەوێت ئەو هەموو گێلی و هەڵەیەی خۆی وەک داهێنان بە خوێنەر بفرۆشێت. ئەوە من زۆر ئازار دەدا. کەسانی تر لەسەر زمانی ئەو کۆلکەنووسەرەیان نووسیوە. ئەوەی من گەرەکمە بینووسم ئاستێک بەرزترە. گەرەکمە بێجگە هەڵە، باسی داهێنان و دەوڵەمەندکردنی کوردیش بکەم.

دووباره ئەگەر بزانم خەڵک و خوێنەر و پانتاییەکە دەیهێنێ؛ حەز دەکەم کارێک بکەم کە نە تەنیا بە بیری کۆلکەنووسەرانی کورددا نایەت، بەڵکو ڕەنگە قەد لە ڕەخنەی ڕۆژئاوایشدا نەکرابێت. گەرەکمە یەک دوو دانە لەو بەرهەمە شیعرییانەی ڕۆژهەڵات کە بە شیعریان دەزانم بنووسمەوە. یانی گەرەکمە هەر لەو کەشوهەوایە و هەر بەو پرسۆناگەلە شیعرێکی تر بنووسم. گەرەکمە بەو کاره نیشان بدەم؛ دروستە من ئەو بەرهەمە وەک بەرهەمێکی بەرز دەناسێنم، بەڵام خودی بەرهەمەکەش جۆرێک کەمفرۆشی تێدایە. یانی لەگەڵ جوانی و داهێنانگەلێک کە تێیدایە، حەقی تەواوی بابەتەکە پێی نەدراوە.

ـ ئەم ماوەیە نازانم پێشەکی بوو یان ڕووبەرگی کتێبێکی کوردی بە فارسیکراویان بۆ هەناردم. لەوێدا کەسێک کە خۆی پێشتر وەک ئیمپراتوور لە ژانرێکدا ناوی هاتبوو، دەڵێت فڵانکەس لە فڵان ژانردا ئیمپراتووره! من کە بینیم یەکسەر گوتم: ئیمپراتوور لە بانی ئیمپراتوورە! ئەگەر بزانم چل ملیۆن کەس لێم نابێ بە دوژمن! ئەگەر بزانم ئەو ئەدەبە دەیهێنێ، ئەگەر بزانم پانتاییە کێشی ئەوەی هەیە؛ حەز دەکەم لەسەر ئەو ئیمپراتوورانە بنووسم. من هەست دەکەم ئەوانە زۆرتر ئیمپرا”توور”ن تا ئیمپراتوور! گەر لە ڕوانگەی منەوە تەماشا بکەی دەبینی پاژی “توور”ـەکە زۆر زەقترە!

من ئێستا پێم وایە؛ کایەی ئەدەبیاتی ئێمە فیشقیاتە. کەسێکیش فیشقیاتچی نەبێت یان دەبێ هەوڵ بدات لە فیشقیات دەریبهێنێ یان دەبێ سەری خۆی هەڵبگرێت و بڕوا. بەوجۆرەش کە لە ناو ئەم ئەدەبەدا تۆڕەکانی یەکترهەڵدان و پشتی یەکتر لێسان و کلکی یەکتر کڕاندن باوە، پێ ناچێ کەس بتوانێت لە فیشقیات دەربهێنێ. بۆیە باشتر وایە دەستی لێ هەڵبگرم و بڕۆم لە بواری سیاسەتدا ئیش بکەم. بڕێک دەڵێن تۆ کاری خۆت بکە و کارت نەبێ. من کارێک ناکەم کە بە چاوی خۆم نەتوانم کاریگەرییەکەی ببینم.

ـ کارێک کە ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ئەدەب و پانتاییەکە کەمترە، داهێنانە لە بواری شیعردا. من هەست بە لار و گێڕ کرانی سەلیقەی خوێنەری شیعری کوردی دەکەم. کابرا دەبینم ڕۆژانە شیعرانێکی پووچ بە دەنگی فڵان دەنگگڕ گوێ دەدات و قەد هەست بەوە ناکات ئەوەی ئەو پێی سەرمەستە، دەنگەکەیە نەک دەقەکە. من بڕێکی زۆر بەکارهێنەری شیعر دەبینم کە تووشی هەستگێلی و هەستگێڕی بووگن. کە ئەمە دەڵێم مەبەستم ئەوانە نین کە خوێنەری ئەو کەسانەن کە بە “شتنووس” ناویان چووە، بەڵکو ڕێک مەبەستم خوێنەری ئیمپرا”توور”ـەکانە. حەز دەکەم بە شیعری خۆم بەشێک لەو هەستگێڕییە ڕاست بکەمەوە. هەروەها دەتوانم بە ناساندنی بەرهەمانێک یارمەتیدەر بم بۆ ئەو ڕاستکردنەوەیە.