کورد ئەکتەر یان کورد عەنتەرەکان؟


چەند سەرنجێکم بۆ هاوڕێیانم لە لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەی کورد ئەکتەر، بە تایبەتی شوان و پێشڕەو، چونکە من تەلار ناناسم:

هاوڕیێانم، بەرنامەکەتانم زۆر پێ باشە بۆ دۆزینەوە و بونیادنانی ئەکتەری نوێ، بەڵام هەندێک کێشەی گەورەی تێدا دەبینم کە وەک زیان بە پڕۆژەکەتان دەیبینم و زۆرجار هەست دەکەم دەبێتە مایەی خوڵقاندنی ئەکتەری ناخپوچ و بێهونەر:

بەرنامەی (کورد ئەکتەر) بەرنامەیەکی پێشبڕکێی تایبەت بە ئەکتەرە تەلەڤزیۆنی کەناڵی nrt2 پەخش دەکرێ.

یەکەم: بەشێکی زۆری ئەوانەی کە هەڵیاندەبژێرن، سەریان لێتێکچووە لەنێوان نمایشکردن و دەردەدڵدا: مەبەستم لە دەردەڵ درێژکراوەی ئەو فۆرمە لە گێڕانەوە و هەژموونیەتی بەسەر هونەر و ئەدەبی کوردیدا کە شەکوا و دەردەدڵکردنی سیاسی و ئابوورییە: کڕوزانەوەیە.

دووەم: بەوەی کە ناچارتان کردوون تاک تاک بێنە سەر شانۆ، فێری جوینەوە و مۆنۆلۆگی تاکئەکتەریان دەکەن کە یەکێکە لە پەتا کوشندەکانی خودی ئەدەبی کوردی.

سێیەم: هەموو دیمەنێکی شانۆیی بۆئەوەی لە دیمەنێکی کۆمەڵایەتی جیای بکەیتەوە بە پێناسە گۆفمانیەکەی بۆ ئەکتەری کۆمەڵایەتی، پێویستی بە زیاد لە ئەکتەرێکە، واتە هیچ ڕۆحیەتێکی بەرەنگاریتان بۆ دەربڕین و بەرجەستەکردن لە نێوانیاندا نەخوڵقاندووە تا ئەو ئەکتەرانە بکەونە کێبەرکێوە بۆ خۆماندووکردن و داهێنانی زیاتر. لێرەدا زۆر بە تایبەتی جەخت دەکەمەوە سەر خەسڵەتی فرەگێڕانەوە بە مانا (باختین)یەکەی.

چوارەم: ناکرێت ئێوە بەس دابنیشن و خەڵک هەڵبسەنگێنن، دەبوو بەر لە ئامادەکردنی بەرنامەکە، خۆتان ڕۆژانە سیمینارتان پێشکەش بکردنایە ئینجا بتانزانیایە کە داخۆ کێ سوودی لەو زانین و زانیاریانە لەسەر رۆڵبینین و نمایشکردن وەرگرتووە و هەر بۆ فشقیات و پۆز نەهاتووە.

دەبێت شارەزایانی بوارەکانی تریشیان تێدا بێت، نەوەک هەر ئێوە قۆرخی بکەن.

خاڵی پێنجەم: دەبێت بگەنە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەوە بەتەنها ئێوە نین کە ئەکتەر هەڵدەسەنگێنن، دەبوو لانیکەم، سەماکارێک، دیزاینەرێک، شێوەکارێک، موزسیانێک، سۆسیۆلۆژێک یا ئەنترۆپۆلۆژیستێکیشتان لەگەڵدا بووایە، تا چاوی تر لە کایەی تریشەوە سەرنج و ڕەخنەی خۆی بدات بۆ هەڵسەنگاندن.

خاڵی شەشەم: دەبێت ئەو گەنجانە مەشقیان پێبکرێت لەسەر دەقی شانۆیی. ئێمە میراتێکی گەورە لە ئەدەبمان هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە دەبوو ناچاریان بکەن بەوانە دەست پێ بکەن نەک ببێت بە هەڵڕشتنی خەم و خۆخواردنەوە.

خاڵی حەوتەم: هیچ هاندانێکم بۆ نمایشی هونەری کۆمیدیا نەبینی لە ئێوەوە وەک هەڵسەنگێنەر، هەمووی هەر خەمباری و تراژیدیای دەروونی بوو. لە کاتێکدا بەشێکی گەورەی میراتی هونەری دەربڕینی کۆمیدیانەیە لە تراژیدیا، مۆلێر بۆ نموونە. هاندان هەر ئەوە نییە وەک لە چەند شوێنێکدا بینیم، هەمووتان داوا دەکەن کە زۆر ئاسان، لاوێک یەکسەر لە ماری شیلیەوە بیگۆڕێت بە مۆلێر!

دوو کچم نەبینی لەسەر ئیسلامی سیاسی و تابۆ سێکسییەکان نمایش بکات و ڕۆڵ بنوێنێت.

خاڵی هەشتەم: جەختکردنەوەتان لەسەر  هاندانی مێیینە بۆ هاتنە سەر تەختەی شانۆ، پرەنسیپێکە من زۆر لام گرنگە، بەڵام چ مێیینەیەک؟ مێیینەیەک تەنها وەک ژنێکی تەڵاقدراو؟ وەک کارەکەری ماڵی باوکی؟ وەک عاشقێکی دیجیتاڵی یان کڵاوسوور و ئەو فیگەرانەی ئەنیمەیشن؟ بەداخەوە ئێوە لەم کایەیەدا هیچ شارەزاییەکی جێندەریتان نییە. ئێوە لیژنەی هەڵسەنگێنەرن یان بەردەوامیدان بە کۆنزێرڤەتیڤی کولتووری کوردی؟ چۆن ئەو هەموو ئەڵقەیەتان کردووە  و ئەو بودجەیەتان تێدا خەرجکراوە، کەچی من دوو کچم نەبینی لەسەر ئیسلامی سیاسی و تابۆ سێکسییەکان نمایش بکات و ڕۆڵ بنوێنێت. گەر ئامانجتان بەس ئەوەیە کچ بێتە ناو شانۆوە و نەترسێت (کە بە تایبەتی لێرەدا مەبەستم تەلارە)، خۆ دەبێت بە چەند ۆرکشۆپێک، ڕێنوێنیت بکردنایە بۆ ئازادبوونیان لە سترەکتورێکی نێرسالاری کە دڵنیام ئەوەیان بە ئێوە ناکرێت و کەسی پسپۆڕتری پێویستە و لێی بەرپرسە.

خاڵی نۆیەم: قسەم لەسەر هەڵسەنگێنەرە وەک نادادپەروەر و زاڵم. با نموونەیەکی واقیعی لە یەکێک لە بەرنامەکانتان بهێنمەوە کە تایبەت بوو بە توانایەکی هونەری وەک گەنجێک بە ناوی (مەتین هێژا). ئەو کوڕە جوانترین دراماتیزەی خۆپیشاندانەکان و بێگوێی دەسەڵاتی کوردیی کرد کە چۆن ئازاری لاوەکانی خۆی دەدات. هەر کە دەستی پێکرد، کورسییەکەی بە پێچەوانەوە دانا وەک گوێنەگرتن و نەبینینی دەسەڵات بۆ جەماوەرەکەی. ئەوە سادەترین ئاماژەی سیمۆتیکیانە بوو کە باس لە دابڕانی دەسەڵات لە واقیعەکەی دەکات. کارەکەی پانتۆمیمێک بوو وەک دەربڕین لە کوشتنی گەنجان لە خۆپیشاندانەکان و ١٧ ی شوباتدا بۆ نموونە. کەچی کەستان لێی تێنەگەیشتن و سەرتان سوڕما بوو، نەک هەر ئەوەیش لە بەرنامەکە کرایە دەرێ کە ئەوە بە منی وت، ئێوە ناتوانن تێمای سیاسی بخوێننەوە لەسەر شانۆ و وا دەزانن ئەکتەر هەر ئەوەیە کە دەنگی دلێر بێت و دوای هەندێک ڕێنمایی ستانسلاڤسکیانە بکەوێت، لە کاتێکدا لای من داهێنەرترین ئەکتەرەکان ئەوانەن کە بە ئاماژەجوڵە، بە گێسچەر و بەبێ دەنگ، مێژوویەکی شاد یا خەمناک دەگێڕنەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیەیشە کە لە خاڵی پێنجەمدا بۆم نووسیون: ئەو بەرنامانە دەبێت شارەزایانی بوارەکانی تریشیان تێدا بێت، نەوەک هەر ئێوە قۆرخی بکەن.

ئێوە خۆتان، لەو ئەکتەرانە زیاتر پێویستتان بە خۆئامادەکردنە و خوێندنەوە و خودڕەخنەکردن.

خاڵی دەیەم و کۆتایی، من هەست دەکەم بەرنامەکە سەرەتایەکی باشە، بەڵام وەک پرەنسیپ و ئامانج، گەر هەر وا بۆ تیڤی پڕکردنەوە نییە و مەبەست لێی گەشەپێدانی شانۆ و دروستکردنی ئەکتەرە، ئێوە خۆتان، لەو ئەکتەرانە زیاتر پێویستتان بە خۆئامادەکردنە و خوێندنەوە و خودڕەخنەکردن.

هیوادارم سەر و دڵتانم نەگرتبێت بەم تێبینیانە، دڵنیام کە هاوڕێیانە لێم وەردەگرن و من خۆم لە کاری هونەری هەمووتاندا وەک بینەر ئامادەبووم و هەرگیز ستەمم لە توانای نواندنتان نەکردووە، بەڵام وەک لیژنەی هەڵسەنگێنەر، بەداخەوە کە خۆتان زۆر پێویستتان بە بەخۆداچوونەوەی ڕادیکاڵیانەیە بە ئاستی ڕۆشنبیری خۆتاندا بۆ خوێندنەوەی شانۆ و نواندن و نمایش. بەڵام قەینا، هەر من لە ئێوە تۆلێرانتترم و وەک شانسێکی تر بۆ بەردەوامبوونتان لە وەرزێکی تردا، پێتان دەڵێم دەستتان خۆش و بەڵێ.