خودا کێیە؟

گفتوگۆ لەگەڵ ژان سۆلێ

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

لە خۆرئاوادا زۆر جار تۆیژینەوەی زانستی بوێرانەی ئەو توێژەرانە فەرامۆش دەکرێن و دەسڕدرێنەوە کە دوور لە دیدی باو، قسەیان لەسەر ئایینە یەکتاپەرستییەکان کردووە. ئەم فەرامۆشکردن و خۆ لێ گێل کردنانەیش تەنها یەک مانایان هەیە: نقوومبوونی ئەو جیهانە لە دەریای ئایدیۆلۆژیی یەهودیزم و مەسیحیەتدا و بێدەسەڵاتییە درێژخایەنەکەیان لەوەی کە بتوانن لە ئەفسانە ئەقڵچەوسێنەوەرەکانی ئەو ئایینانە، ڕزگاریان بووبێت. ژان سۆلێ سەر بە یەکێک لەو بیریارە دەگمەنانەیە کە ڕاشناڵانە لە دیاردەی ئایینییان کۆڵیبێتەوە و لە ڕوانگەی مێژووییەوە توند و بێبەزییانە ئەو کتێبانەیان توێ توێ شیکارکردووە کە گوایە پیرۆزن و موقەدەس. سۆلێ وەک گفت و وتەگەلێک مامەڵەی ئایینەکان ناکات کە هاتبێتنەخوارەوە و لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤ نێردرابن، نا، بەڵکو تەنها وەک ئەدەبێکی مرۆیی دەیانبینێت و هیچی تر. ئەو زۆربەی ژینی سەرقاڵی وەگێڕان و خوێندنەوە، شیکارکردن و پشکنینی دەقەکانی ئایینە یەکتاپەرستییەکان بووە بە زمانە ڕەسەنەکانی خۆیان. کۆی هەوڵە بەردەوامەکانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە دوور لە چاوی خەڵکی، چەند بەرهەمێکی زۆر ورد و بێپێچ و گرێیان لێ سەوز بووە کە لە کتێبە گەورە و زەبەلاحەکەیدا بە ناونیشانی (توێژینەوەیەک دەربارەی بنچینەکانی تاقە خودایی) بڵاوبووەتەوە و لە سێ بەش پێکهاتووە: یەکەمیان، بە ساختە خوڵقاندنی یەکتاپەرستی (٢٠٠٢)، دووەمیان، یاسای موسا (٢٠٠٣) و سێهەمیشیان، ژین و مەرگ لە تەوراتدا (٢٠٠٤). لە ساڵی ٢٠٠٩یشدا کۆی دەرەنجامەکانی ئەو توێژینەوانەی بە ناونیشانی (توندوتیژیی ئایینە یەکتاپەرستییەکان) بڵاوکردەوە. هەر لە ساڵی ٢٠٠٩یشدا کتێبێکی بە ناونیشانی (خودا کێیە؟) دەرکرد، دوا کتێبیشی کە ساڵی ٢٠١٦ چاپکرا بریتی بوو لە: (خودا و من، چۆن دەبین بە ئاتیست و بۆ هەروایش دەمێنینەوە).

وەک بە ناونیشانی کتێبەکانیدا دەردەکەوێت، سولێ هەندێک مەلەفی زۆر هەستیاری ورووژاندووە و چەندەها گریمانەی دژ بە هۆشیاری باو خستۆتە بەرچاو کە بوونەتە هۆی ئەوەی زانکۆ خۆیانی لێ بێبەری بکات و ئەو دەزگایانەی بڵاوکردنەوەیش کە هەژموونیان بە سەر بازاڕدا هەیە و قۆرخیانکردووە، دەستنووسەکانی ڕەت بکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی لە لایەن ئەو سەنتەرانەی ساختەکارانە پێیان دەوترێت بنکەی لێکۆڵینەوە و ئەو دەزگای ڕاگەیاندنایشەوە کە گوایە خولیای ئازادی و هەمەرەنگیی فیکرین، بەردەوام فەرامۆش و وەلاخراوە.

– لە ناونیشانی کتێبەکەتدا (خودا کێیە؟)، مەبەستت لە بەکارهێنانی وشەی خودا چی بوو؟

سۆلێ: لەو ناونیشانەدا (خودا کێیە؟)، مەبەستم لەو تاقە خودایە بوو کە لە لایەن جوو، مەسیحی و موسوڵمانەکانەوە بە چەندەها ناوی جۆراوجۆرەوە (ئیلۆهیم، گەد، ئەڵا)، پەرستراوە. خەڵکی هەموو باوەڕیان وایە کە دەزانن خودا کێیە، ئەو خودایەی کە سەرەتا بۆ ئیبراهیم و پاشتریش بۆ موسا دەرکەوت، وەک ئەوەی کە لە دۆگمی هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکەدا دەیبینین. بەڵام من هەر لە بەشی یەکەمی ئەو کتێبەمدا بە ناونیشانی (هەندێک ڕاڤەی هەڵە بۆ خودای تەورات) ڕوونی دەکەمەوە کە وا نییە، بە تایبەتی کە پاش ڕوونکردنەوە و توێکاریکردن دەیسەلمێنم کە هەر دوو کەسایەتی ئیبراهیم و موسا ئەفسانەیی بوون و ئەو خودایەیشی کە گوایە دەیاندوێنێت و قسەیان لەگەڵ دەکات – وەک ئەوەی کە تەورات دەیڵێت – خودا نەبووە، بەڵکو خودایەکە تایبەت بە گەلی یەهود لە پاڵ ڕستێک خودای تردا.

بیرۆکەی خودای تاکوتەنها (تاقە خودا) لە داهێنانی گەلی یەهودە کە دۆخێکی مێژوویی دژوار دەژیان و لەبەر هەڕەشەی لەناوچوونی شوناسیاندا بوون

– ئایا دەکرێت ناو، شوێن و مێژووی لەدایکبوونی خودای تاکوتەنها بزانین؟

سۆلێ: خۆی یەکتاپەرستی ڕاستەقینە یان تاکوتەنیایی خودا بەو مانایەی کە جگە لە یەک تاکەخودا، هیچ خودایەکی تر بوونی نییە، بیرۆکەیەکە بەر لە سەدەی چوارەمی پ.ز، بوونی نەبووە. بیرۆکەی خودای تاکوتەنها (تاقە خودا) لە داهێنانی گەلی یەهودە کە دۆخێکی مێژوویی دژوار دەژیان و لەبەر هەڕەشەی لەناوچوونی شوناسیاندا بوون. خۆی ناوی نیشتمانیانەی خودای گەلی یەهود (یەهوە) بووە و پێیان وا بووە مەزنترین خودایە، بەڵام باوەڕیان بەوە نەبووە کە تاقە خودایە. هەر ئەوەیش نا، بەڵکو پێیان وا بووە کە یەهوە هاوەڵ یا ژنێکی هەیە بە ناوی (ئەشیرا). لێ پاشتر بۆیان دەرکەوت ئەو خواوەندەی کە گەلی یەهود دەپارێزێت، زۆر بێدەسەڵاتترە لەوەی کە بتوانێت لە سەرەتای سەدەی شەشەمی پ.ز دا لە بەردەم هێرشی بابلییەکاندا بەرگرییان لێ بکات، بە تایبەتی کە پەرستگای ئۆرشالیم دەڕوخێنن، فەرمانی نەفیکردن بەسەر هەڵاوێردەکەیدا دەدەن و دەربەدەر دەبن. دواتر و پاش ٥٠ ساڵ، کاتێک گروپە هەڵاوێردەکەی یەهودییەکان لە لایەن فارسەکانەوە ڕزگار دەکرێن و دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئۆرشالیم، لێ جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتۆچکەیەک بەبێ سەربەخۆیی، بەبێ سوپا و بە دوور لە بوونی هەر جۆرە خۆشگوزەرانییەک، هیچی تریان نابێت. ئەوان لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریای مەزنی فارسیدا دەژین کە تا میسر درێژبۆتەوە، کەواتە چۆن باوەڕ بەوە بکەن کە خوداکەیان (یەهوە)، مەزنترینی خوداکان بووە؟

– کەواتە تاکخودایی، بایۆگرافی و مێژووی خۆی هەیە. ئایا بەشداری بنەڕەتییانەی تۆ لە نووسینەوەی بایۆگرافی ئەو خودا تاکوتەنیایەی یەکتاپەرستەکان چییە؟

سۆلێ: من پێم وایە بەشدارییەکەی من لە ڕاڤەکردنەکەمدا پشتی بە هەندێک هۆکاری مرۆیی بابەتییانە بەستووە، نەوەک پەنای بردبێتە بەر هیچ چەشنە پاڵنەرێکی هێزی دەرە سرووشتی دەربارەی ئەوەی کە چۆن و بۆچی و بە تایبەتی لەو کاتەدا گەلی یەهودی ئەو بیرۆکە شۆڕشگێڕانەیەیان بۆ هاتووە دەربارەی ئەوەی کە تەنها یەک خودا بوونی هەیە. زۆر بە کورتی، خۆ فارسەکانیش خودایەکی نیشتمانییان هەبووە، خودایەکی تایبەت بە خۆیان کە ئاهورامەزدایە و پێیان وا بووە مەزنترین خوداوەندە، خوڵقێنەری ئاسمان و زەوییە و بەڵێنی بە گەلەکەی داوە کە بەسەر جیهاندا زاڵیان بکات. ئەمەش خۆی هەمان ئەو دۆگمەیە کە یەهودییەکان لەبارەی خوداکەیانەوە هەیانبووە و باوەڕیان پێی بووە. هەر بۆیە چەندە مێژوو جەختی لە دروستیی باوەڕی فارسەکان کردبێتەوە، هێندەیش دۆگم و باوەڕی یەهودییەکانی بە خوداکەیان، بە درۆ خستۆتەوە. هەر بۆیە یەهودییەکان تا واز لە خوداکەی خۆیان نەهێنن و شوناسی خۆیان لە دەست نەدەن، لە قۆناغێکی دیاریکراودا باوەڕ بە خۆیان دەهێنن کە هەردوو یەهوە و ئاهورامەزدا هەمان خوداوەندن و جگە لە یەک تاقە خودا، هیچ خودایەکی تر بوونی نییە.

– بە ڕای ئێوە، ئایا گرنگترین درۆیەک کە دەربارەی خودای یەکتاپەرستەکان بەربڵاوە، چییە؟

سۆلێ: بێگومان گەورەترین درۆی هەڵبەستراو بریتییە لەو مانایەی کە بە گێڕانەوەی تەوراتی بەخشراوە و دەگێڕێتەوە کە پاش ئەوەی موسا ڕوو بە ڕوو لەگەڵ خودادا لە شاخی سینا، ٤٠ ڕۆژ بەسەردەبات، لەو سەرەوە بە خۆی و دوو تابلۆی بەردینەوە دێتەوە کە خودا بە دەستوخەتی خۆی و بە زمانی عیبری ١٠ فەرمایشتەکەی لەسەر نووسیوە، تۆزێک پاشتر لەوەیش، موسا بە زمانی عیبری ئەو فەرمایشتانەی تری کۆپی کردووە کە خودا لەسەر پەڕە و بەرگی زۆر تەنک، بۆی نووسیونەتەوە. ئەمەیش خۆی درۆیە، چونکە ئەوەی کە قسەی لەگەڵ موسا کردووە، خودای تاک و تەنها نەبووە، بەڵکو یەهوە بووە، خودای نیشتمانیی یەهودییەکان کە بێ هیچ ئایدیایەکی پێشوەخت ئامادەکراو، زۆر بە ئاسانی لە دەقی عیبرانیی تەوراتدا دیارە و خۆی دەنوێنێت. لەوەیش زیاتر بڕۆین، ئەو گریمانەیە بۆیە درۆزنانەیە و ڕاست نییە چونکە زمانی عیبری لە سەردەمی موسادا وەک ئەوەی کە گوایە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزەیەمی پ. ز، زمانێکی نووسراو نەبووە، بەڵکو نزیکەی پاش ٤ یان پێنج سەدە لەو کاتە، نووسراوەتەوە. کەچی سەرباری هەموو ئەو درۆ شاخدارانەیش، دەبینیت ئەو چیرۆکە خەیاڵییەی وەک سرووشێکی دامەزرێنەرانە پێشکەش کراوە، سەرچاوەی هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکەیە.

– باشە، ئەی دەرەنجامی ئەو درۆ هەڵبەستراوانەی یەکتاپەرستی و تاک و تەنهایی خودا چییە، ئایا هیچ کاریگەریەکیان لەسەر ژیانی مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی هەبووە بە گشتی؟

سۆلێ: یەکتاپەرستی، دەمارگیریی و نالێبووردەیی هێنایە ناو ژیانی مرۆڤایەتییەوە. بۆچی؟ کاتێک کەسێک باوەڕی وا بێت جگە لە یەک تاکە خودا زیاتر، کە هاوکات واتای یەک تاکە ڕاستی و یەک چاکەیش دەگەیەنێت، هیچ خودایەکی تر بوونی نییە، ئەو کەسە خۆبەخۆ و تەنانەت لە ڕووی لۆژیکیشەوە باوەڕی وا دەبێت کە هەموو ئایینەکانی تر هیچ نین جگە لە ڕستێک هەڵە و خورافات. ئەم جۆرە هزر و مێنتاڵتییە شتێکە کە تەنانەت دەرەنجامەکانی لە پەیوەندیەکانی نێوان هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستییەکان خۆیشیاندا دەبینین. بە ئاشکرا دەبینین کە باوەڕدارانی هەر یەک لەو ئایینانە باوەڕیان وایە کە تەنها ئەوە خۆیانن خاوەن تاکە ڕاستیین دەربارەی ئەوەی کە دەبێت شێوەی ڕاستەقینەی پەرستنی خودا چۆن بێت. هەر یەک لەو ئایینانە، دوو ئایینەکەی تر بە لەئاینهەڵگەڕاوە (هێرتیک) دەزانن کە دەبێت بە ناوی هەمان ئەو خودایەی کە گوایە لە نێوان هەر سێکیاندا هاوبەشە، دژایەتی بکرێن. ئەمەیش تەواو پێچەوانەی ئەو ئایینانەیە کە فرەخودان.

ژان سۆلێ (١٩٣٣-٢٠١٩) فەیلەسوفی فەڕەنسی

– گەر بە ئەرک نەبێت، ئایا دەتوانیت تۆزێک فراوانتر بۆمان لێکبدەیتەوە؟

سۆلێ: ناکۆک و پێچەوانە بەو یەکتاپەرستییە و دەرەنجامە نەرێنیەکانی، گەر بۆ نموونە لە ئایینێکی فرە خواوەندی وەک گریکەکان بکۆڵینەوە -وەک ئەوەی کە من لە هەردوو کتێبەکەمدا (توندوتیژیی یەکتاپەرستی) و (زەردەخەنەکەی هۆمیرۆس)دا کردوومە – دەبینین لە جیهانێکی ئایینیدا کە لە فرە خواوەندی، بۆچوون و سایکۆلۆژی جیاواز و هەر دوو ڕەگەزەکە دروست بووبێت، کەس ناتوانێت بەسەر مرۆڤیدا بسەپێنێت بە تەنها ڕێز لە یەک باوەڕ و ئەو کۆمەڵە فەرمایشتانەی باوەڕەکە بگرێت کە دەبێت لە پێناو پیادەکردنیان لە واقیعدا، بە کار بهێنرێن. تەنانەت دەسەڵاتی (زیۆس) خۆیشی کە شای خواوەندەکان بووە، لە لایەن چەندین خواوەندی ترەوە ڕێگیری لێکراوە، دوور نەڕۆین لە لایەن (هیدرا) ی ژنی خۆیەوە لە سەرەتادا. هەر لەم دەروازەیەیشەوەیە دەتوانین لەو نهێنییە تێ بگەین کە بۆچی میللەتی یۆنانی خاوەنی ئەو مانا ڕێژەگەراییەن کە بێگومان بەرەو تۆلێرانت و قبوڵکردنی جیاوازیمان دەبات. فەیلەسوف (پرۆتاگۆراس) کە لە ئەتینای سەردەمی پیرکلسدا زۆر بەناوبانگ بووە، نووسیویەتی: ((چاکە شتێکی فرە ڕەنگە)). هەر بۆیەیشە کە تەنها بۆ تاکە یەک جاریش چییە، نابینیت لەناو گریکییەکاندا ململانێیەک بە ناوی خودا یا دۆگمێکی ئایینییەوە هەبووبێت.

– جارێک نووسیبووت کە خۆگێلکردن و چاوپۆشین لە توندوتیژیی ئایینە یەکتاپەرستییەکان کوێربوونێکی ئیرادییە و بە مەبەست. ئایا دەتوانیت زیاتر ئەوەمان بۆ ڕوون بکەیتەوە؟

سۆلێ: وەک دەزانیت کۆی خەباتگێڕانی هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستیەکە، هەموو ئەوانەی کە لە لایەکەوە دەڵێن توندوتیژی لە هەموو ئایینەکاندا هەر هەبووە و لە لایەکی تریشەوە دەڵێن، ئەو توندوتیژییەی لە لایەن ئایینە یەکتاپەرستییەکانەوە پەخشکراوە هیچ نییە جگە لە لادان لەو دۆگمە ڕەسەنەی کە لە جەوهەری خۆیدا ئاشتیخوازە، لە لایەن هەموو هەوادارانی ئەو جۆرە بۆچوونانەی کە باسم کردن، دژایەتییەکی زۆر دڕندانەی ئەو بیرۆکەیە دەکرێت کە دەڵێت: ناتوانیت توندوتیژی لە باوەڕکردن بە بوونی یەک تاکە خودا، داببڕیت و لێی جیابکەیتەوە، بەڵکو هاوشانیەتی و پێویستیشی پێیەتی. من خۆم ڕام وایە، ئەوانەی کە ئەم قسانە دەکەن نە گەمژەن و نە هەڵگەڕاوە لە ئایین، نا، بەڵکو بە ویست و مەبەست دەیانەوێت خۆیان لەو شتانە گێل بکەن کە دەشێت دۆگم و باوەڕە ئایینییەکانیان وەک بەخشەری مانایەک بە ژیانیان، وێران بکات.

سێکیولاریزم بەرپاکردنی جەنگ نییە لە دژی ئایینەکان، بەڵکو دانانی سنوورێکە بۆیان تاوەکو بەرپاکردنی توندوتیژی بە ناوی ئەم یان ئەو ئایینەوە، ببێتە کارێکی نەکردە و مەحاڵ.

– تۆ چۆن لە سێکیولاریزم تێ دەگەیت؟

سۆلێ: سێکیولاریزم یەکێکە لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی یاسای فەرەنسی، کۆرپەلەی فەلسەفەی ڕۆشنگەریی فەرەنسی و شۆڕشی ١٧٨٩یە. هەر لە ڕێگەی یاسای (جیاکردنەوەی کەنیسەکان لە دەوڵەت)یشەوەیە کە ساڵی ١٩٠٥ شێوەیەکی فەرمی بەم پرەنسیپە دەبەخشرێت. ئامانجیش لەو پرەنسیپە کۆتاییهێنان بوو بەو هاوەڵیەی کە لەنێوان عەرش و سەربڕگەدا، هەبوو، هەروەها کۆتاییهێنان بە هێزی کەنیسەی کاتۆلیکی کە لە سیستمی کۆندا خۆی بە خودا و خاوەنی مافی یەزدانی، دەزانی. پاشتر لە ساڵی ١٩٠٥دا یاساکە لە ئامانجە سەرەتاییەکانی یەکەمی بەرفراوانتر کرا  تاوەکو هەموو ئایینەکان بگرێتەوە، هەر بۆیە لە یاساکەدا دەیخوێنیتەوە کە سێکیولاریزم واتای جیاکردنەوەی کەنیسەکان لە دەوڵەت، نەوەک کەنیسە بە تەنها. دیارە مەبەست لە سێکیولاریزم بەرپاکردنی جەنگ نییە لە دژی ئایینەکان، بەڵکو دانانی سنوورێکە بۆیان تاوەکو بەرپاکردنی توندوتیژی بە ناوی ئەم یان ئەو ئایینەوە، ببێتە کارێکی نەکردە و مەحاڵ.

ئازادی و ڕەخنە دوانەیەکن کە پێکەوە لکاون و لەدایکبوون، ناشکرێت لەژێر هیچ جۆرە ناوێکدا لە یەکتری جیابکرێنەوە.

وەکو خۆم، من بە دڵ و گیان لەگەڵ پرەنسیپی سێکیولاریزم دام. من دەتوانم سێکیولاریزم وەک پرەنسیپێک کە بە داخەوە زۆر جار لە دەرەوەی فەرەنسا بە هەڵە تێی دەگەن، وا پوخت بکەمەوە: دەوڵەت ڕێگە بە پیادەکردنی هەموو ئایینەکان دەدات و دەیشیان پارێزێت، بەو مەرجەی کە دەستوەرنەدەنە دەسەڵاتی سیاسی، قبوڵیان بێت لەگەڵ ئایینەکانی تردا هەڵبکەن و بژین و جیاکاری لەنێوان هیچ ئایینێکیشدا نییە. هاوشانی ئەمەیش، دەبێت ئازادیی ویژدان و باوەڕ هاوەڵ و هاوشان بێت لەگەڵ ئازادیی فیکر و ئازادیی ڕادەڕبرینێکدا کە دەوڵەت ڕێگەیان پێ دەدات و پارێزگاریشیان لێ دەکات. ئا بەو شێوەیەیش دەبینیت کە هەموو تاکێک مافی خۆیەتی بە هەر ئامرازێک بووە، ڕەخنە لە هەر جۆرە ئایینێک بگرێت. چونکە دواجار ئازادی و ڕەخنە دوانەیەکن کە پێکەوە لکاون و لەدایکبوون، ناشکرێت لەژێر هیچ جۆرە ناوێکدا لە یەکتری جیابکرێنەوە.

– بۆچی میدیای فەرەنسی بەردەوامە لەسەر بێدەنگیکردنێکی زۆر گوماناوی بەرامبەر بە بیروبۆچوون و کتێبەکانت؟

سۆلێ: ئەو تێزانەی کە من پێشکەشیان دەکەم و ئەو دەرەنجامانەیشی کە پێیان دەگەن و دەریاندەخەن، باوەڕی زۆر میدیاکاری لەقکردووە و تووشی شۆکی کردوون، بە ڕادەیەک کە لە جیاتی ئەوەی بێن بە دژە ئارگیومێنت وەڵامی ئارگیومێنتەکانم بدەنەوە، وایان پێ باشترە بە بێدەنگی هێرش بکەنە سەرم: بێدەنگی وەک چەکی ترسنۆکەکان. دیارە تیایشیاندایە کە خۆیان کۆنترۆڵ کردووە تا بەشێک لە خوێنەر و بینەرەکانیان لەدەست نەدەن، وەک ئەوەی لە دڵی خۆیاندا بڵێن: کتێبەکانی پڕن لە لوغم و دینامێت، باشترە خۆمانیان لێ بە دوور بگرین. ئێدگار مۆران، کە ئەنترۆپۆلۆگێکی بەناوبانگی فەرەنسییە و لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراوە، بۆی نووسیبووم: ((هێندەی ئەوەندەی کە دادپەروەریت و لەسەر هەقیت، منیش هێندەی ئەوە، خۆمم لێ بە دوور گرتوویت)).