دەقی ئەم چاوپێکەوتنە، خاتوو (رۆزانا گرینستریت)ی رۆژنامەنووس لەگەڵ فەیلەسوفی مارکسی سلۆڤینی (سلاڤۆی ژیژەک)دا ئەنجامیداوە، بەرواری ٩ی ئابی ساڵی ٢٠٠٨ لە ڕۆژنامەی (گاردیان)، بڵاوکراوەتەوە.

* کەی لە ترۆپکی خۆشبەختیی خۆتدا بوویت؟
ژیژەک: زۆر بەکەمی، مەگەر ئەو کاتانەی کە تامەزرۆی چرکەساتێکی شاد بووبێتم یان خوازیاربووبم بێتەوە یادم. بەڵام بێگومان لە کاتی ڕوودانیاندا نا.
* گەورەترین ترسی تۆ چییە؟
ژیژەک: ئەوەی کە لە پاش مەرگم زیندوو ببمەوە، هەر بۆیەیشە داوام کردووە کە دەمودەست بمسووتێنن.
* دێرینترین یادگاریت چییە؟
ژیژەک: دایکمم بە ڕووتی بینی، دڵمبێزرا و قێزمهاتەوە.
*ئەو کەسەی کە زۆر پێی سەرسامیت کێیە و بۆچی؟
ژیژەک: (جان برتران ئەرستيد)ی سەرۆکی هایتی کە دوو جار ڕووخێنرا. هەست دەکەم یەکێکە لەو نموونانەی سەرکردە کە پێویستە لە دۆخەکانی نائومێدبوونی خەڵکدا هانای بۆ ببەیت و کاری پێ بکەیت.
* زۆرترین سیفەت یا خوویەک کە لەخۆتدا حەزت لێی نەبێت چییە؟
ژیژەک: بایەخ نەدان بە کۆست و نەهامەتییەکانی ئەوانی تر.
* ئەی لە خەڵکیدا؟
ژیژەک: ئەو ئامادەنیشانیە کەمنرخ و پووچەی بەوەی کە گوایە دەتوانن یارمەتیم بدەن، لەکاتێکدا من نامەوێت و پێویستیم پێی نییە.
* شەرمهێنەرترین چرکەسات بە لاتەوە چییە؟
ژیژەک: ئەو کاتەی کە خۆم بە ڕووتی لەبەردەم ئافرەتێکدا دەبینمەوە بەبێ ئەوەی خۆشمویستبێت.
* جگە لە خانوو، گرانگترین شتێک کە کڕی بێتت چییە؟
ژیژەک: چاپە نوێیە ئەڵمانییەکەی کۆکارەکانی هیگڵ.
* لەو موڵک و ماڵەی کە هەتن، کامیان بە لاتەوە بەهادارترینن.
ژیژەک: بڕوانە وەڵامەکەی پێشوو.
* چ شتێک دەبێتە مایەی ئەوەی کە هەست بە خەمۆکی بکەیت؟
ژیژەک: ئەوەی کە گەمژەکان دەبینم شادمانن.
* ئەی لە ڕووخسارتدا، بەزۆری ڕقت لە چییە؟
ژیژەک: ئەوەی کە وایکردووە خۆم ببم بە شێوە ڕاستەقینەکە.
* ئەی خوویەکی ناچیز کە هەست دەکەیت زۆر دووبارەی دەکەیتەوە؟
ژیژەک: جووڵە بێماناکانی دەستەکانم لە کاتی قسەکردندا.
* ئەی خوازیارترین جل و بەرگێک کە بخوازیت بیپۆشیت چییە؟
ژیژەک: پۆشینی دەمامکێکە تا خەڵکی وا بزانن ئەوە من نیم و کەسێکی ترە خۆی کردووە بە من و لاساییم دەکاتەوە.
* گەورەترین چێژێک کە وات لێ بکات هەست بە گوناه بکەیت چییە؟
ژیژەک: ئەوەیە کە زۆر شەرمەزارانە سەیری فیلمێکی خەمگین و بەدبەخت بکەم وەک (دەنگی موزیک).
* قەرزاری چی دایکت و باوکتیت؟
ژیژەک: هیوادارم هیچ. هەرگیزیش هەستم بەوە نەکردووە کە ستایشی مەرگیان بکەم.
* ئەی دەخوازیت داوای لێبووردن لە کێ بکەیت و بۆ؟
ژیژەک: مناڵەکانم، چونکە باوکێکی باش نیم.
* هەستکردن بە خۆشەویستی چییە؟
ژیژەک: موسیبەتێکی گەورەیە، هۆڤێکی دڕندە و مشەخۆرە، دۆخێکی لەناکاوی هەتاهەتاییە کە هەموو چێژە بچکۆلەکان ويران دەکات.
* خۆشەویست و دڵخوازی ژیانی تۆ چییە؟
ژیژەک: فەلسەفە. گەر وەک نهێنییەک بدرکێنم، ئەوا دەڵێم واقیع بوونی هەیە تا لە فەلسەفەدا لێی ڕابمێنین.
* خۆشترین بۆن بە لاتەوە؟
ژیژەک: بۆنی سرووشتە کاتێک کە بۆگەن دەکات: بۆنی ڕزینی درەختەکان.
* ئایا پێشتر بە کەست وتووە خۆشم دەوێیت بەبێ ئەوەی مەبەستت بووبێت؟
ژیژەک: هەموو کات هەر وابووە. من کاتێک کەسێکم بە ڕاستی خۆشدەوێت، ئەوەندە بە تێبینی توندوتیژانە دەریدەبڕم کە هیچ تامێکی تێدانامێنێت.
* بەزۆری ڕقت لە کێیە و بۆچی؟
ژیژەک: ڕقم لەو پزیشکانەیە کە یارمەتی جەلادەکان دەدەن کاتێک ئەشکەنجەی قوربانییەکانی ژێر دەستیان دەدەن.
* خراپترین ئیشێک کە وەک پیشە کردبێتت چییە؟
ژیژەک: مامۆستایەتی. من ڕقم لە خۆێندکارانە، ئەوانیش وەک زۆربەی تری خەڵکی دەبەنگ و بێتامن.
* گەورەترین نائومێدی بە لاتەوە کە لە ژیانتدا ڕوویدا بێت چییە؟
ژیژەک: ئەوەی کە ئالان بەدیۆ پێی دەڵێت: کارەساتە ئاڵۆزەکەی سەدەی بیستەم، شکستی کوشندانەی کۆمۆنیزم.
* ئەگەر بتوانیبایە دەستکاری ڕابردووی خۆت بکەیت، چ شتێکت دەگۆڕی؟
ژیژەک: لەدایکبوونم. من تەواو هاوڕای سۆفۆکلیسم کە دەڵێت: خۆشبەختترین کەس ئەوەیە کە هێشتا لەدایک نەبووە، بەڵام نوکتەکە درێژەی هەیە: بەدەگمەن کەسێک ببینیت شانسی ئەو خۆشبەختییەی هەبێت.
* ئەگەر بتوانییایە کات بۆ دواوە بگەڕێنیتەوە، دەگەڕایتەوە بۆ کوێ؟
ژیژەک: بۆ ئەڵمانیای سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم، تاوەکو لە پۆلێکی زانکۆدا ئامادەبم کە هیگڵ وانەی تێدا دەڵێتەوە.
* بە چی و چۆن ئارام دەبیتەوە؟
ژیژەک: کاتێک بە بەردەوامی گوێ لە ڤاگنەر دەگرم.
* چەند جار سێکس دەکەیت؟
ژیژەک: دەکەوێتە سەر ئەوەی کە مەبەستمان لە سێکس چییە. ئەگەر مەبەستمان لە دەستپەڕێکی ئاسایی بێت لەگەڵ کەسێکدا، ئەوە من هەرگیز نامەوێت بیکەم.
* مەترسیدارترین ئەو کاتانە کەی بوون کە ڕووبەڕووی مەرگ بوویتەتەوە؟
ژیژەک: ئەو جارەی کە تووشی زەبرێکی لەناکاوی تا ڕادەیەک مامناوەندی سنگ بووم. هەستمکرد ڕقم لە جەستەم دەبێتەوە، چونکە وەک جاران کوێرانە نەیدەتوانی خزمەتم بکات و بە ئەرکەکانی خۆی هەڵبسێت.
* هەست دەکەیت چ شتێک دەتوانێت مۆرک و کوالتی ژیانت چاک بکات؟
ژیژەک: ئەوەی کە وام لێ نەیەت بیرکۆڵ ببم و شتم لەبیر بچێتەوە.
* بە ڕای خۆت باشترین داهێنانەکانت چین؟
ژیژەک: چەند بەشێکن لە کتێبێک کە هەست دەکەم تیایدا دەتوانم گەشە بە ڕاڤەیەکی باش بۆ هیگڵ بکەم.
* گرنگترین وانەیەک لە ژیانەوە فێری بووبیت چییە؟
ژیژەک: ئەوەی کە ژیان دەبەنگ و بێمانایە، بە ئەندازەیەک ناتوانێت هیچت فێر بکات.
* مژدەیەک یان هەواڵێکی خۆشم بدەرێ!
ژیژەک: کۆمۆنیزم سەر دەکەوێت.