شاری فێمینیستی

شار، پانتایی و پێگەیەکی بێ هاوتایە بۆ دەرفەتەکان و ڕەهایی. لەم ڕۆژگارەدا زۆرێک لە خەڵکان لە شارەکاندا لەدایک دەبن و گەورە دەبن. یاخود دواتر بۆ ژیان، گەشت، خوێندن و کار بۆ شارەکان دەڕۆن. شار شوێنی کۆبوونەوە و بەریەککەوتنی کولتوورەکانە، شوێنێکە کە تۆوی ئایدیا و بیرۆکەکان لەوێدا دەچێنرێت. شارەکان لەبەر ڕەخساندنی هەلومەرج و توانستی پیشە جۆراوجۆر و جیاوازەکان و، دەرفەت و ئیمکانی سوودمەند بوون لە ئەزموونە کولتوورییەکان و فێربوونی جۆراوجۆر، فەزا و پانتاییەکە بۆ دەرفەتەکان و ئازادییەکان.

 بەڵام دۆخی ئێستای شارەکان لە زۆربەی ناوچەکانی دنیادا بە جۆرێکە کە تیایدا پێداویستییەکان، دەرفەتەکان و ئازادییەکان ناهاوسەنگ و نادادپەروەرانە دابەش کراوە و دەست پێراگەیشتنی یەکسان پێیان  بوونی نییە. شار سەرچاوەی هاوشێوە و گونجاو لەگەڵ پێویستییەکانی تاک پێشکەشی هەمووان ناکات. ژنان، کەمینە سێکسواڵ و جێندرییەکان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، چینی کەم دەرامەت و پەراوێزخراوەکان بە بەراورد لەگەڵ پیاوانی سێسجێندەر لە چینی ناوەند بەرەو سەرەوە و لەگەڵ جەستەیەکی  ستاندارد و بەبێ پیویستی تایبەت، بە ئاشکرا خزمەتگوزارییەکی کەمتر و بە کواڵێتیەکی کەمتریان لەبەر دەستە.

شارێک کە لەنێویدا پێداویستی هەموو تاکەکان بەدەر لە دۆخی جەستەیی، نەتەوەیی، ڕەگەزیی، مەیلی سێکسی، باری دارایی، تەمەن و بەستێنی کولتووریی، لە دیزاین، پێکهاتە و بونیاد و بەڕێوەبردنیدا ڕەچاو بکرێت، شارێکی فێمینیستییە.

شاری فێمینیستی لە کوێیە و تایبەتمەندییەکانی چین؟

شارێک کە لەنێویدا پێداویستی هەموو تاکەکان بەدەر لە دۆخی جەستەیی، نەتەوەیی، ڕەگەزیی، مەیلی سێکسی، باری دارایی، تەمەن و بەستێنی کولتووریی، لە دیزاین، پێکهاتە و بونیاد و بەڕێوەبردنیدا ڕەچاو بکرێت، شارێکی فێمینیستییە.

شاری فێمینیستی کەس وەدەرنانێ و کەسیش پەڕاوێز ناخات. شاری فێمینیستی تایبەتمەندیەکی زیاتری لە ڕزگاربوون لە گێچەڵ سێکسییەکانی شەقامەکان هەیە. لە ڕاستیدا ئازادیی بنەڕەتی بۆ دەست پێڕاگەیشتنی دەرفەتەکان و سەرچاوە شارییەکان بە چاوپۆشین لە تایبەتمەندییە پارێزراوەکان وەک ڕەگەز، نەژاد، چین، توانایی جەستەیی، ئاژۆکی سێکسی دابین دەکات.

پشکی ژنان، کچان و کەمینە زایەند و جێندەرییەکان لە پێگەکانی شاردا:

کچان و پەلکەزێڕینەکان بەزۆری زۆر زوو و لە تەمەنێکی کەمدا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە دەبێت لە فەزای شارەکاندا پارێزگاری لە خۆیان بکەن. ئەوان زۆر زوو لەوە تێدەگەن کە تەنیا ئامادەبوونیان لە شارەکاندا رووبەڕووی مەترسیان دەکاتەوە.

شۆکی یەکەمجارێک کاتێک کەسێک دەست لە جەستەیان دەدات، هەست کردن بە ترس، شەرمەزاری و تەریق بوونەوەیان لەوەی کە کەسێک بەدویان کەوتووە و، داوەری توندوتیژانەی ئەوانی دی کە بۆ هەموو ئەم ژانانە ئەوان بە خەتاکار دەزانن، هەمووان دەبنە هۆی ئەوەی کە کچان و پەلکەزێڕینەکان زوو لەگەڵ فەزایی شارەکاندا هەست بە نامۆیی بکەن. ئەم کەسانە ئەگەر ئەندامی گروپە وەدەرنراو و پەراوێزخراوەکانیش بن، زۆرتر و قوڵتر لەژێر مەترسی و جیاکردنەوەدان.

ئەو هەڕەشە بەردەوام و هەمەجۆرانەی کە بەرەوڕووی ژنانی گەنج و پەلکەزێڕینەکان دەبێتەوە، ئەم پەیامە بە ژنان دەگەیەنێت کە شار هی ئەوان نییە. ڕێ تێچوونی دەست تێوەردانی ڕێبواران کاتێک دەبینن ژنێک یاخود کەسێکی پەلکەزێڕینە لە شەقامدا رووبەڕووی ئازاردانێک دەبنەوە، زۆرکەمە. زۆرجار پۆلیس لە ئاست کەیسی ئازار پێگەیاندنیان کەمتەرخەمە و بەدوا داچوون دادوەریانە بۆ ئازاردەرەکان ناکات.

تەنیابوون لە گۆڕەپانەکانی شاردا بۆ ژنانن و کچان دەبێتە هۆی ئەوەیکە سەرنجی و چاوتێبڕینی بە ئازار بەرەوڕوویان ببێتەوە و ئەم جۆرە “سەرنجە نەویستراو بەبێ ڕەزامەندییە” هەستی ڕەهایی و پیاسەکردن و گەڕان و نەناسراوبوونیان لێ دەسێنێتەوە.

بەڵام سێکسیزم بوونی فەزای شار ڕەهەندی فیزیکیی ژینگەی دەستکردیشی هەیە. بۆ نموونە شەقامە تاریکەکان لە شەودا دەبێتە هۆی هەست کردن بە نائاسودەی لەلایەن ژنان و پەلکەزێڕینەکان، یاخود قەڕەباڵغ بوونی هۆکانی گواستنەوە گشتییەکان دەبنە هۆی ئەوەی ئازاردانەکان نەبینرێن. نەبوونی شوێنی گشتی ئەمن و پارێزراو بۆ حەسانەوەی ژنان و کچان لە شارەکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی تەنیا ئامادەییە لە شوێنێکی دیاریکراو و بە هۆیەکی دیاریکراو بەدەرە لە سەرگەرمی و پیاسەکردنیان و گەڕان.

کێن شارەکان بنیات دەنێن؟

پسپۆران، بنیاتنەران و نەخشەداڕێژان، شارەکان درووست دەکەن. بەڵام ئەم گروپانە بە زۆری لەبارەی کاریگەریی کۆمەڵایەتی دیزاین و نەخشەکێشانەکانیان و ڕەفتاری گروپە کۆمەڵاتییەکان، هیچ فێر نەکراون. پیشەسازی بنیاتنان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا لەژێر دەستی پیاوان لەگەڵ توانای جەستەی و دارایی دایە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە ئێمە بە شێوەیەکی سرووشتی لە داڕشتن و دیزاین بۆ ئەزموونەکانی خۆمان دەگەڕێینەوە و کاریگەرین بە ئەزموونی ژیانیی خۆمانین. بەم پێیە لە نەبوونی پەروەردە و فێرکارییەکی هەمەلایەندا، ئەگەر گروپە جۆراوجۆرە کۆمەڵاتییەکان وەک ژنان و کچان و کەمینەکان نوێنەریان لە نەخشەدانان و بڕیارداندا نەبێت، ناتوانین دڵنیابین کە پێویستییەکانیان بۆ بەکارهێنان و دەست پێڕاگەیشتن بە مەیدان و گۆڕەپان و فەزاکانی شار لە  بەڕەێوەبردن و دیزاینی فەزای شار لەبەر چاو گیرابێت.

لە لایەکی ترەوە سوودی ئابووری و بەهرەی ماددی بەڕێوەبەرانی شاری دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم کەسانە لە خەرجکردنی بودجە بۆ هەمەلایەنەکردنی شار بۆ کۆمەڵ و گروپە جیاوازەکان خۆیان بدزنەوە.

باڵادەستی ئایدیۆلۆژی پیاوسالاری کە ژنان و کەمینەکان و پەلکەزێڕینەکان بەرەو فەزای تایبەتی دەبات و پیاوانی جیاڕەگەزخواز و سیسجێندەر بۆ فەزا گەشتییەکان، ئەمەش بەربەستێکیشە بۆ هاتنەئارای شارێک بێ ڕەگەز، پێداویستییەکان بە یەکسانی بۆ هاووڵاتییەکانی بخاتە ڕوو. شارەکان بەزۆری لەسەر بنەمای ڕێوشوێن و ڕیسای پیاوسالاری بنیاد و دیزاین دەکرێن و بەم شێوەیە هەمیشە پێویستی و مافەکانی کۆمەڵ و گروپگەلێک لە کۆمەڵگە لەبەر چاو ناگیرێت.

هەمەلاینە کردنی فەزای شار لە بری جیاکردنەوە

ئاسایش و ئاسودەیی لە گواستنەوەدا زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی کە دەست پێڕاگەیشتن بە دەرفەتەکانی کار، پەروەردەیی و سەرگەرمی زیاتر دەکات و ناوچە جیاوازەکانی شار بەیەک دەگەیەنێت. ژنان و کچان و کەمینەکان کاتێک هەست بە نائاسودەی دەکەن دوور دەکەونەوە لە ڕۆیشتن بۆ فەزا تایبەتەکان یان لە کاتە تایبەتەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نابێت کەس ناچار بێت لەنێوان مافی هاتوچۆ بە ئازادانە و مافی هەست کردن بە ئاسودەیی یەکێکیان هەڵبژێرێت. کەواتە جیاکردنەوەی ناوچەکان کارێکی دروست نییە چونکە ئەم گروپانە لە شوێنە گشتییەکان بە دوور دەگرێت. لە ڕاستیدا لە بڕی چارەسەرکردنی بابەتە توندوتیژی و ئازارپێگەیەنەرەکان بەرانبەر بە ژنان و کچان، کەمینە و پەلکەزێڕینەکان، ئەوان لە شوێنێکی داخراو دەهێڵێتەوە و پاساو بۆ توندوتیژی دەهێنێتەوە.

هەر ئەمێستا کاتی گۆڕانکارییە!

لەمڕۆدا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان لە شارەکاندا دەژین و، تا کۆتایی ئەم سەدەیە نزیکەی لە سەدا ٩٠ی دانیشتوان لە شارەکاندا نیشتەجێ دەبن. کەواتە ئەو بڕیارە نەخشەیی و دیزاینی و جێبەجێکاریانەی بۆ شارەکان دەدرێن، تا کۆتایی ئەم سەدەیە نزیکەی لەسەدا ٩٠ی خەڵکی دەخاتە ژێر کاریگەری.بۆ دادپەروەرانەتر کردنی هەلومەرجەکانی ژیان و دابەشکردنی سەرچاوەکان لە شارەکاندا لە ڕێڕەوەی گەشەسەندنی تۆکمە و پایەدار لە ساڵەکانی دادێ، کاتی گۆڕانکاری هەر ئا ئەمێستایە.