جوانیناسیی ئازایەتیی شیعر و دابڕانی مێژوویی
دەربارەى هۆڵدەرلین و سەكۆی مێژوو لای واڵتەر بنیامین
پوختە
ئەم وتارە هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەكات كە چۆن فریدریش هۆڵدەرلین (١٧٧٠-١٨٤٣) كێشە و پارادۆكسی ئازایەتیی شیعریی (poetic courage) لە چامەكەیدا بە ناوی “گەوجێتی” (Blödigkeit) دەردەخات، هەروەها شیكاریی تازە و ڕەخنەیی واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠) لەسەر چامەكە و نوسخەى پێشووی شیعرەكە بە ناوی “ئازایەتیی شاعیر” (Dichtermut) بەدەستەوە دەدات. بنیامین دەڵێت چامەى “گەوجێتی” ئەو شتە چارەسەر دەكات و گرێكەى دەكاتەوە كە خۆى پێی دەڵێت پارادۆكسی ئازایەتیی: كەسی ئازا هەم دەبێت مەترسیی بناسێت و هەم لە بیریشی بكات، لە هەمان كاتدا بترسێت و نەشترسێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، چامەكەى هۆڵدەرلین، ترس و ئازایەتی یان گەوجێتی/ترسنۆكی و جەبانێتی لە ڕێگای “بە تەواوی خۆبەدەستەوەدانیی بۆ پەیوەندییەوە” یەكدەخات، ئەمەش بە جۆرە وەستانێك ناسراوەتەوە. چەمكی وەستان، كە دەبێتە سەرەكیترین و ڕادیكاڵترین دابڕانی بنیامین لە نەریتی ڕۆمانتیكی ئەڵمانی، كە وەلائی بۆ بەهەشتی ونبووی ناو سەدەكانی ناوەڕاست هەبوو. هەروەها بەشێكی دیكەى ئەم لێكۆڵینەوە، تەرخانكراوە بۆ دیارترین ڕاڤەكانی هۆڵدەرلین لە سەدەى بیستدا: مارتین هایدیگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) و هەردوو تێگەیشتنی بنیامین و نووسەری كتێبی “بوون و كات” بەراورد دەكات، بە تایبەت لە خاڵە یەكتربڕە سەرەكییەكەدا: فەیلەسوفە ئایدیالیستە ئەڵمانییەكە، هۆڵدەرلین و شیعرەكانی وەك دەركەوتنی حەقیقی مێژوویی لە پێناوی بەردەوامیدا دەبینێت، كەچی بیرمەندە ماركسیست و ماتریالیستەكە، چەمكی شیعریی شاعیرە ڕۆمانتیكە ئەڵمانییەكە وەك وەستانێكی لەناكاوی مێژوویی دەبینێت.
وشە سەرەكییەكان: واڵتەر بنیامین، ئازایەتی، ترس، هۆڵدەرلین، هایدیگەر، وەستان، مێژوو، شیعر، گەمژەیی، ترسنۆكی.
بنیامین: دوو شیعرەكەى هۆڵدەرلین
بنیامین لەو وتارەدا كە بە ناوی “دوو شیعرەكەى فریدریش هۆڵدەرلین” (ZweiGedichte von Friedrich Hölderlin) بڵاوی دەكاتەوە، هەڵی ڕوونكردنەوەى توانا بنچینەییەكانی مەعریفە و زانینێكی نێو هەلومەرجەكانی بنچینەى فەلسەفی-مێژوویی ئۆبژێكت و بابەتی شیعرەكان ڕوون بكاتەوە. ئەم پێكهاتەیەش لەنێو ئەم ناكۆكییەدا ڕوودەدات كە دەیەوێت ئاسۆ بەرتەسكەكانی تەفسیر و ڕاڤەى ناونشینیی تێكستەكانی هۆڵدەرلین ڕەتبكاتەوە و شیكارییەكەى خۆى لەسەر بناعەى ڕاڤەی فۆرمی هونەری پێشمەرجە فیكری و مەعنەوییەكانی دەقەكان دابمەزرێنێت. لەم دەقەدا دوو گرفت ڕووبەڕووی لێكۆڵەر، ڕاڤەكار و هتد دەبێتەوە: كێشەى زاراوەناسی و كێشەى ناڕوونیی لە هەڵوێستی سیاسی و فەلسەفیی بنیامین لەو سەردەمەدا، بەڵام بە بەراوردكردنی بە قۆناغی دواتر، كاتێك هەمان ئەم چەمكانە لە قۆناغی دواتردا دووبارە دەبنەوە، بەڵام ئەمجارە عەینەكی ماتریالیزمی مێژوویی لەچاو دەكەن، ئەوسا لێكۆڵەر و ڕاڤەكار و خوێنەر دەتوانێت، ئاسانتر لەو هەڵوێستانە (هیچ نەبێت بە شێوەیەكی ڕێژەیی) تێبگات؛ بەڵام ئەم كارەش پێویستی بە پڕۆژەیەكی دوور و درێژتر هەیە و لەم لێكۆڵینەوەیەدا جێگای نابێتەوە، كە تایبەتە بە تەفسیری شیعر و شاعیریی و بە تایبەتیش هۆڵدەرلین، نەك ئەو هەموو شاعیرەى بنیامین كاری لەسەر كردوون. بە كورتی، با باسی كێشەى یەكەم بكەم.
بنیامین بە گشتی و زۆرجار بە شێوەیەكی خێرا دەپەڕێتەوە سەر كۆمەڵە زاراوەیەك كە بە شێوەیەكی تەكنیكی ئاسان نین تەعبیریان لێ بكرێت، ئەمەش دیسان پڕۆژەیەكی دوور و درێژتر دەخوازێت، بۆ نموونە لە زمانی ئەڵمانیدا هەمیشە پاشگرەكانی وەك (barkeit) لە ئینگلیزیدا (ability) بەكاردەهێنێت. بۆ نموونە، وشەى وەرگێڕان بە نموونە وەربگرین: Übersetzbarkeit (بە ئینگلیزی: translatability) كە بە مانای قابیلییەتی وەرگێڕان، یاخود هەموو تێكستێك لە ناوەوەى خۆیدا وزە و توانا و هێزی وەرگێڕانی هەڵگرتووە. ئەمە بۆ زاراوەكانی دیكەش ڕاستە[1].
“هیچ شتێك لێرەدا دەربارەى پرۆسەى دانانی غەزەلەكە، دەربارەى كەس و جیهانبینیی خوڵقێنەرەكە ناگوترێت”
“بەشیعریبوون بریتییە لە هاوشێوەبوون لەگەڵ ژیاندا”. وتارەكەى بنیامین ئاوا دەست پێ دەكات. ئەمە یەكەم وتاری بنچینەیی ئەویشە دەربارەى بابەتی ئەدەبی. مەبەستیی وتارەكەش لە ڕێگای ناونیشانە پەخشانی و هاوكات ماندووكەرەكەیەوە دەردەكەوێت. ئەوەى لە ڕاستیدا بنیامین دەیەوێت قسەى لەسەر بكات، كەمتر ڕاڤەكردنی شاعیرە ڕۆمانتیكە ئەڵمانییەكەیە، پێویستە ئەوە ڕوون بكەینەوە كە بۆچوونە ئێستاتیكایی و فیكرییەكەى بنیامین شتێك نییە دەربارەى ڕۆحییەتی شیعری یان جوانیی چۆنایەتییە ئێستاتیكاییە شیعرییەكان. بۆ تێگەیشتن لەوەى ئەو دەیەوێت چی بكات، سەرەتا پێویستە بە تەواوی لەوە تێبگەین كە ئەو چی ناكات. بەمجۆرە، بنیامین خۆی ڕێنماییمان دەكات: “هیچ شتێك لێرەدا دەربارەى پرۆسەى دانانی غەزەلەكە، دەربارەى كەس و جیهانبینیی خوڵقێنەرەكە ناگوترێت”[2]. ئەگەر فۆرمی ناوەكیی پەیوەندیی بە پرۆسەى دانانی غەزەلەكەوە نییە و ئەگەر پەیوەندیی بە هیچ سەرچاوەیەكی دەرەكی وەك جیهانبینیی نووسەر/خوڵقێنەری غەزەلەكەشەوە نییە، كەواتە ئەوەى بنیامین لەم وتارەدا باسی دەكات بانگەشەكردنە بۆ شیعر كە سنوورەكانی میتۆدی تێپەڕاندووە و بەسەر ڕاڤەى ئەدەبیشدا زاڵ بووە. لەبەر ئەوە، جدییبوون دەربارەى پێگە و گرنگیی زمانی شیعری، وتارەكەى بنیامین دەكاتە هەوڵێكی دیاریكراو بۆ تێگەیشتنێكی دەقیق لەوەى بە ڕاستی “ئەركی شیعری” چییە. هەڵبەت ئێمە دەزانین بنیامین لە دەستپێكی وتاری بەناوبانگی “ئەركی وەرگێڕ”دا، كە ساڵی ١٩٢٣ وەك پێشەكییەك بۆ وەرگێڕانی “تابلۆ پاریسییەكان”ی شارل بودلێر نووسیویەتی، دەڵێـت: “لە كاتی هەڵسەنگاندنی كارێكی هونەری یان فۆرمێكی هونەرییدا، بیركردنەوە لە وەرگر (بەربێژ)[3] هیچ بەرهەمێكی نییە و بە كەڵكی هیچ نایەت. نەك تەنها هەر گەڕانەوەیەك بۆ گشتێكی دیاریكراو یان نوێنەرەكانی، فریودەرانە و بەلاڕێدابردنە، بەڵكو تەنانەت چەمكی وەرگرێكی “ئایدیال”یش لە بیركردنەوەى تیۆرییانەى هونەردا زیانبەخش و كێشەسازە، لەبەر ئەوەى هەموو ئەو شتەى ئەم چەمكە گریمانەى دەكات، بوون و سروشتی مرۆڤە بەگشتی یان وەك ئەوەى هەیە. هونەریش، بە هەمان شێوە، بوونی فیزیكیی و ڕۆحیی مرۆڤ وەك گریمانە وەردەگرێت، بەڵام هیچ یەكێك لە كارە هونەرییەكانی بیر لە كاردانەوەكانی ئەو ناكاتەوە. شیعر بۆ مەبەستی خوێنەر نەنووسراوە، هیچ تابلۆیەك بۆ بینەر نەكێشراوە، هیچ سەمفۆنییەك بۆ گوێگر دانەهێنراوە”[4]. وردەكارییەكانی ئەم ئەركە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی دوور و درێژ هەیە و ڕەنگە سەر لە خوێنەریش تێك بدات، چونكە تەنانەت خودی دەقەكە پڕیەتی لە چەمك و شەرحی چەمكەكان (وتارەكە خۆی لە فۆرمەكانی فرمان و بكەر نادیاردا نووسراوە).
ڕوونكردنەوەى ئەركی شیعری پەیوەندیی بە پرسی میتۆدەوە هەیە: چۆن دەكرێت بە شێوەیەكی شایستە ڕەهەندی شیعریی شیعرێك جەختی لەسەر بكرێتەوە بەبێ پەیوەستبوون و پشت بەستن بە هۆكارە دەرەكییەكانەوە یان شیكردنەوەكانی وەك ئەوانەى لە لایەن مێژوو، كۆمەڵگا، سیاسەت و هتدەوە بەدەستەوە دراون؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، بنیامین ئەركی شیعری وەك شتێك دەخاتە ڕوو كە بە شێوەیەكی تاقانە لەهەر شیعرێكدا ڕوودەدات. بەمجۆرە، خوێندنەوەى واقیعییانەى بەرهەمێك وەك شتێكی حەتمی بۆ بنیامین دەمێنێتەوە – لەمڕووەوە بە پێچەوانەى ناونیشانی بێ ڕۆح و وشكی وتارەكەوە: “دوو شیعری فریدریش هۆڵدەرلین”.
لای بنیامین، پەیوەندیی ژیان بە بەرهەمی هونەرییەوە لە چەقی شیعردا وەستاوە. ئەوەى لەم پەیوەندییەدا گرنگە ئایدیایەكی تاقانە نییە – بنیامین ئەمە وەك نكوڵیكردنی ژیان دەبینێت. بە پێچەوانەوە، ئەوەى گرنگە بریتییە لە “بازنەى پەیوەندیی”. ئەم مەیدان و بازنەیەی پەیوەندیی، وەك بنیامین باسی دەكات، بریتییە لە فۆرمی ناوەكیی شیعر. لەناوەوەى ئەم مەیدانەدا، ژیان و كاری هونەری لەنێو یەكێتیدا دەژیت. ئەم یەكێتییە بریتی نییە لە پەیوەندییەكی وەستاو یان خاڵ و پنتی گەڕانەوە (ئەمەش دیسان نكوڵیكردن دەبێت لە ژیانی دەق). تێگەیشتنێكی دیكەى یەكێتی لێرەدا بوونی هەیە، كە ڕیشەى لەنێو ژیان دایە.
بۆیە ئەوەى بنیامین دەیەوێت لێرەدا باسی بكات، دەكرێت بە تێگەیشتن لە شیعرییەت هەڵبسەنگێنرێت كە لەسەر پەیوەندییەكانی ژیان و بەرهەم دامەزراوە. بە مانایەكی دیكە، ئەوە مەحاڵە هەموو ئەگەرەكانی ناو ژیان و بەرهەم بەتاڵ بكرێنەوە، كە هەر یەكێكیان لەسەر ئەویدیكەیان دامەزراوە. ئەگەر وابووایە، ئەوا ئەم شیعرە، یان هیچ شیعرێك، هیچ شیعرێكی ئایدیال بوونی نەدەبوو. بە كورتی، ئەوەى بنیامین لەم وتارەدا دەربارەى هۆڵدەرلین دەیەوێت دایبمەزرێنێت، بریتییە لە گرنگیی شیعرییەت بەبێ پشت بەستن و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەى دەرەكیی مانا، ئینجا ئەمە لەنێو سیاقی كۆمەڵایەتیی شیعر یان ژیانی نووسەردا بدۆزرێتەوە یاخود لە چەند ئایدیالێكدا[5]. هەڵبەت ئەوەى لێرەدا باسكرا، ڕەهەندی یەكەمی شیعرەكەیە، كە ڕەهەندە میتۆدۆلۆژیی و ئەو شێوازی نووسینەیە كە بنیامین گرتوویەتیە بەر؛ بەڵام لە تێگەیشتنی بنیامیندا بۆ شیعرەكانی هۆڵدەرلین، گەلێك ڕەهەندی دیكە هەن دەبێت كەشف بكرێن.
پارادۆكسی ئازایەتی
ئەوەى بنیامین وەك پارادۆكس دەربارەى ئازایەتی دەیبینێت، بریتییە لەو ناكۆكییە دەركەوتوویەى پێویستی بە وشیارییەكی هاوكات و ئیهانەكردن بە مەترسییەكی زانراو هەیە – بە مانایەكی دیكە، ئەمە پێویستی هەم بە ترس و هەم چاونەترسی هەیە. بنیامین بانگەشەى ئەوە دەكات دەكرێت كەسێك چارەسەری ئەم ناكۆكییە بكات لە ڕێگای فراوانكردنی ئەو مەترسیانەى وەك تاكەكەسێك ڕووبەڕووی بوونەتەوە – داوەشان و مەرگ – بۆ هەڕەشەیەكی ئاراستەكراو بۆ جیهان و لە ڕێگای خۆبەدەستەوەدانێكی خۆویستانە بۆ ئەم مەترسییە و مردن لە پێناوی ئەو جیهانەى تیایدا هەموو ناكۆكییەكان، بە ململانێی نێوان ژیان و مەرگیشەوە، تواونەتەوە[6]. بنیامین ئەو مەترسیانەى ڕووبەڕووی تاكێك دەبنەوە وەك “هێزە ناونشینەكان وەسف دەكات، كە هەموو ڕۆژێك، لە فۆرمی شتە كۆت و بەندكراوەكاندا، دەورى جەستە دەتەنن”، و هەڕەشە لە لەناوبردنی تاكەكە دەكەن. ئەو كەسەى تەنها دژی هێزە تەریككارەكان دەجەنگێت كە دەوریان تەنیوە، بە حەتمیی دەكەوێتە نێو پارادۆكسی ئازایەتییەوە و لەنێوان تێگەیشتن و متمانەدا دووكەرت دەبێت، بەڕادەیەك ئەو كەسە دەبێت هەم ئاگای لەو هەڕەشەیە بێت كە ڕووبەڕووی بووەتەوە و هەمیش فەرامۆشی بكات. بە پێچەوانەوە، ئەو كەسانەى خۆویستانە خۆیان داوەتە دەستی مەترسیی سەرجەمی جیهانەوە، چالاكیی ئازایەتیی ئاوێتەى ناچالاكێتیی ترس دەكەن و، بۆ هەمیشە لە خەمۆكیی نەجاتیان دەبێت. لەبەر ئەوە، بەگوێرەى بنیامین، ئەم كەسە هەموو هێزەكان لە ڕێگای خۆبەدەستەوەدانەوە “ئازاد”، “سەقامگیر” و “هێمن” دەكاتەوە، بە دەسەڵاتەكانی خوداشەوە. “هەموو پەیوەندییە ناسراوەكان” لە مەرگی شاعیردا “یەكیان گرتووە”؛ ئەو “فۆرمی ناكۆتایی و چاونەترسی، نەرمی نواندنی كاتی و بوونی ڕۆحانی، ئایدیا و هەستیارێتیی” ژیان و مەرگ یەكدەخات. سنوورەكانی جەستەى تاك دەتوێتەوە و بە خۆبەدەستەوەدانی مەترسییەكان دەردەكەوێتەوە، كە بەمجۆرە كارەكتەری هەڕەشەئامێزی خۆیان لەدەست دەدەن: “فیگوری تەریك” لەنێو “نەزمی فەزا-زەمەنیدا” هەڵدەگیرێت و گۆڕانی بەسەردا دێت[7].
لای بنیامین، ئازایەتیی ئەو كەسەى لە ڕێگای خۆقوربانیكردنەوە “یەكێتیی پەیوەندییەكان” دروست دەكات، لە چامەى “گەوجێتی”ی هۆڵدەرلینی شاعیردا بە باشی دەرك دەكرێت. بنیامین دەڵێت:
“شاعیر ترسی لە مەرگ نییە؛ ئەو پاڵەوانە، چونكە لەنێو كرۆك و چەقی هەموو پەیوەندییەكاندا دەژیت… هەموو پەیوەندییە ناسراوەكان لەنێو مەرگدا یەكیان گرتووە، كە ئەمەش جیهانی شاعیرە”[8].
وەك لەسەرەوە باسكرا، خۆبەدەستەوەدانی شاعیر، لە ڕوانگەى بنیامینەوە، دژی ترس نییە، بەڵكو، ئاوێتەكردنی ناچالاكی و چالاكی، بریتییە لە ئازایەتی و “گەوجێتی” لە هەمان كاتدا – ئەو ڕوانگەیەى ڕێگا بە بنیامین دەدات ڕوونكردنەوە بۆ ناونیشانی فزوڵیانەى چامەكەى هۆڵدەرلین بەدەستەوە بدات.
“گەوجێتی” ئێستا بووەتە دۆخی ڕەسەنی شاعیر. لەو كاتەوەى چووەتە ناوەڕاستی ژیانەوە، هیچ شتێك چاوەڕوانی ناكات، جگە لەبوونێكی وەستاو، ناچالاكییەكی تەواو، كە بریتییە لە جەوهەری ئازایەتییانەى مرۆڤ – هیچی دیكە جگە لە خۆبەدەستەوەدانی خۆی بە تەواوی بۆ پەیوەندیی[9].
بنیامین ڕێگاچارەى شاعیر بۆ پارادۆكسی ئازایەتیی – خۆبەدەستەوەدانی بێ باكانە و نیگەرانانەى هاوكاتی ئەو بۆ دامەزراندنێكی گەردوونی، پەیوەندییە یەكگرتووەكان – وەك دەركەوتەى “پرەنسیپی بەشیعریبوون” یان “ئایدیالی لەپێشینە”ی شیعر بە گشتی دەبینێت، كە خۆى وەك “باڵادەستیی موتڵەقی پەیوەندیی” [AlleinherrscaftderBeziehung] پێناسەى دەكات. بۆیە خۆبەدەستەوەدانی شاعیر، كە لە شیعر یان “گۆرانی” [Gesang] جیاناكرێـتەوە، دەبێتە “نێوەنجی لەمسنەكراوی هەموو پەیوەندییەكان” و هەمان “پرەنسیپی فۆرم”. بنیامین دەڵێت: “وەك ئەوەى شیعر هەرگیز بۆ بەشیعریكردنی سەرتاپایی پیشان نادرێت و خوێنەر هەرگیز ناتوانێت بە تەواوی تێی بگات”[10]، كەواتە شاعیر بە گشتی وەك پرەنسیپی فۆرم دەردەكەوێت، واتا لەو شوێنەدا كە دیار نامێنێت: ئەویش لە ڕاكێشانی برێك یان ڕاوەستان(Zäsur)، كە هەم دژ و هەم لكێنەری هەرێمە مرۆیی و یەزدانییەكانە. ئا لێرەدا نووسینی سەرەتایی بنیامین پەیوەندیی بە نووسینی دواتری خۆیەوە دروست دەكات، لە چەمكی وەستاندا. ئەگەرچی بنیامین لە سەردەمی ڕۆمانتیسیزمدا، ئەم وەستانەى وەك دابڕانێك لە سەرمایەداریی لە شاعیردا دەبینییەوە، بەڵام هەر ماوەیەك دواتر بەرەو فریدریش شلێگل دەڕوات و تا ئەو كاتەى دەگات بە ماتریالیزم، بەڵام پەیوەندییەكی نەپچڕاو هەیە و من لە بەشەكانی دواتردا باسی دەكەم.
شیكاریی بنیامین بۆ چامەى “گەوجێتی”ی هۆڵدەرلین لەوانەیە هەم ئاڵۆز و هەم بێباكانە بێت، بەڵام ناكرێت بەوە تۆمەتبار بكرێت كە بە هەڵە تەفسیری چامەكەى كردووە، لە كاتێكدا هێشتا خودی ئەم كارە وەك “تەفسیر” دەركنەكراوە بەڵكو وەك “لێكدانەوەیەكی ئێستاتیكایی” دەیبینێت. لای بنیامین، ئامانجی ئەمجۆرە لێكدانەوەیە كەشفكردنی بەشیعریبوونی شیعرەكەیە، كە خۆى ئەمەش وەك “ئەرك”ێك پێناسە دەكات، كە هەر شیعرێك دەبێت ئەو ئەركە ئەنجام بدات. بەشیعریبوون بە شێوەیەكی كورت لە كۆتایی لێكدانەوەكە بە ئیقتیباسكردن لە داڕشتەى “باڵادەستیی تەواویی پەیوەندیی” پێناسە كراوە، كە لە چامەى “گەوجێتی”دا بنیامین “داڕشتن [یان دروستكردن gestalt] وەك ئازایەتیی” لەقەڵەم دەدات[11]. بۆ ئەوەى هێندەى ڕێی تێدەچێت لە ناسینەوەى بەشیعریبوونی شیعر یان حوكمڕانیكردنی پەیوەندیی لە “یەكێتیی ئەركدارانە”ی ڕەگەزەكانی خۆی نزیك ببینەوە، ئەوا لێكدانەوەى ئێستاتیكی دەبێت “خەسڵەتە” دیاریكراوەكانی نێو شیعرەكە و پۆتێنشیاڵە زیادەكانی “دیكە” فەرامۆش بكات. سەرەڕای ئەمە، ئەو ڕوانگەیەى بنیامین – كە هۆڵدەرلین شیعر وەك یەكێتیی پەیوەندییەكان دەبینێت – خۆى لە ڕێگای وەستانـەوە بەیان دەكات، پشتیوانی بۆ سەلماندنی خۆى نەك تەنها لە چامەى “گەوجێتی”ی هۆڵدەرلیندا دەبینێتەوە، بەڵكو هەروەها لە “تێبینی”یە گرنگەكانی خۆیدا دەربارەى تراژیدیای ئەنتیگۆنە و ئۆدیپوسی سۆفۆكلیسدا پەیدا دەكات، كە لێرەوە تێگەیشتن و چەمكی شیعری مۆدێرن وەك mechane دەرككراوە[12].
چامەكەى هۆڵدەرلین ناكرێت وەك پیشاندانی ئایدیاڵی شیعرییەت لە دروستبوونی ئازایەتیدا تەفسیر بكرێت كە ناكۆكیی ناوەكیی خۆی لەنێوان ئاگاداربوون و بێ ئاگایی بەرانبەر بە مەترسیی، لەنێوان ترس و چاونەترسیدا چارەسەر كردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم وتارە دەڵێت كە فۆرم و زمانی چامەى “گەوجێتی”ی هۆڵدەرلین، لە كاتێكدا بناغەیەكی پتەو بۆ لێكدانەوە و ڕاڤەكەى بنیامین بەدەستەوە دەدات، كەچی بەرانبەر بە پاڵاوتن و خەسڵەتی بەرزكەرەوانە دەوەستێتەوە. وتارەكە، كە بە شێوەیەكی ڕەخنەیی لەسەر بنەمای تێگەیشتنەكەى بنیامین دامەزراوە، ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە “گەوجێتی” بە شێوەیەكی وریایانە ڕێگا بەرەو mechane خۆشدەكات كە ئەمەش ناتوانێت بەتەنها كورتبكرێتەوە بۆ ئایدیای یەكێتیی هەموو پەیوەندییەكان. بەمجۆرە چامەكەى هۆڵدەرلین ناكرێت وەك پیشاندانی ئایدیاڵی شیعرییەت لە دروستبوونی ئازایەتیدا تەفسیر بكرێت كە ناكۆكیی ناوەكیی خۆی لەنێوان ئاگاداربوون و بێ ئاگایی بەرانبەر بە مەترسیی، لەنێوان ترس و چاونەترسیدا چارەسەر كردووە. “گەوجێتی” دەكرێـت وەك ئاراستەیەكی وشیارانە بەرانبەر بە چارەسەركردنی پارادۆكسی ئازایەتیی شیعری لێكبدرێتەوە.
لە ڕاستیدا تێگەیشتنی بنیامین بۆ ئازایەتیی وەك خۆ-قوربانیكردن لە پێناوی جیهاندا، بە تایبەت لە قۆناغی ڕۆمانتیسیزمدا، وا دەردەكەوێت كە پێكهاتەى پارادۆكسییانەى ئازایەتی بكرێتە شتێكی هەمیشەیی. لێرەدا ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات كە تاكە كەسێك دەتوانێت متمانەى بەرفراوان بەخۆ و جیهان بكات كە پێویستی بەوە دەبێت لە پێناوی زاڵبوون بەسەر مەرگدا، ئاگاداریی لەسەر ئەو مەترسییە بڵاوبكاتەوە كە هەڕەشە لەسەرجەمی گەردوون دەكات؟ ئایا پێناچێت لەو قۆناغەدا خۆ-قوربانیكردنی شاعیر ڕیسكێك بێت دابەشبوون و مەرگ بهێنێت لەبری ژیانی هەمیشەیی و یەكێتیی هەموو پەیوەندییەكان؟ ئایا ناكرێت ئەو لەبری ئەوەى ئازا بێت، بەڵام ئاگای لەو مەترسییە بێت و لە هەمان كاتدا پشتگوێی بخات، پشت بە دەسەڵاتەكانی خۆى ببەستێت، هەروەها لە هاریكاریدا بێت لەگەڵ مرۆڤەكانی دیكەدا؟ نابێت لە هەمان كاتدا بە تەواوی ترسابێت و هاوكات بە شێوەیەكی پێشبینی نەكراو بەهێز بێت بەبێ ئەوەى بتوانێت لەگەڵ ئەم گرژییەدا ئاشت ببێتەوە، بەڵام دووبارە لەنێو ناكۆكییەكانی ئازایەتیدا پێی بگات و بیگرێت؟ ئایا پێناچێت سروشتی توندی ئەم گرژییە تەنانەت كاریگەرییەكی وێرانكەری هەبێت كە ببێتە ڕێگر لەبەردەم هەر چالاكییەكی شاعیرانەدا؟
سەرجەمی شیعری بودلێر، گەڕانە بۆ دۆزینەوەى بەهەشتی ونبوو، لەو قۆناغەدا بەهەشتی ونبوو، بریتییە لە كۆمەڵگای بێ چین،
ئەم پارادۆكسە لای بنیامین لە سەدەمی شیكاریی هۆڵدەرلیندا دەمێنێتەوە، تا – وەك باسم كرد – بنیامین دەگات بە ماتریالیزم، لەوێوە ڕوون دەبێتەوە، بە تایبەت لە شیكاركردنی شارڵ بودلێر وەك نۆستالژیا و حەسرەتی بەهەشتی ونبووی قۆناغی پێش مێژوویی، یان بەو چەمكانەى لە باخۆفن و فریدریش ئەنگڵس وەریدەگرێت، قۆناغی كۆمەڵگای پێش چینایەتی. سەرجەمی شیعری بودلێر، گەڕانە بۆ دۆزینەوەى بەهەشتی ونبوو، لەو قۆناغەدا بەهەشتی ونبوو، بریتییە لە كۆمەڵگای بێ چین، و گەڕانەوەیە (بەڵام نەك گەڕانەوەى تەكنیكی)ی بۆ قۆناغی پێش مێژوویی، بەڵام لەسەردەمی هۆڵدەرلیندا، ئامانجە هێشتا هەر گەڕانە بۆ بەهەشتی ونبوو و پەیداكردنەوەى، بەڵام ڕۆمانتیسیزم، ئەم بەهەشتەى لە سەدەكانی ناوەڕاستدا دەبینییەوە، بە چەمكە خەیاڵییەكانەوە. سەرەڕای ئەمە، تەفسیرەكەى بنیامین بۆ شیعرەكانی هۆڵدەرلین، بەتەنها بریتی نین لە شیكردنەوەى ئازایەتی و گەوجێتی، وەك شتێكی پارادۆكس و پاشان چارەسەركردنی لە ڕێگای خۆبەدەستەوەدانی شاعیرەوە بۆ ئامانجێكی گشتیتر، كە گەڕانە بۆ ئەو بەهەشتە، دژی دۆزەخی ئامادە.
ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانی و ئێستاتیكای هۆڵدەرلین
وتارەكەى بنیامین یەكەم كاریەتی كە دامەزراندنی تیۆرییەكەى خۆی دەربارەى زمان، هەم فەسەفەى هونەری ئەو – بە تایبەت شیعر – و میتۆدەكەى دەربارەى “لێكدانەوەى ئێستاتیكی” بەدەستەوە دەدات. ئەم میتۆدەش پشت بە فیلۆلۆژی یان بایۆگرافی نابەستێت، هەروەها تێگەیشتنی نووسەریش بۆ جیهان لای ئەو گرنگ نییە. ئەمە جۆرێكی بەهێزی “خوێندنەوەى ناونشین”ـە كە دوای پرەنسیپەكانی ئێستاتیكای ڕۆمانتیسیزمی سەرەتای ئەڵمانی دەكات. ئەوەى گرنگە بریتییە لە “فۆرمی ناوەكیی” شیعر، “ئەوەى گۆتە وەك ناوەرۆكی خۆى پێناسەى دەكات”. لە نیگای یەكەمدا، ئەم “ناوەرۆك”ـە – كە بەزوویی دەبێتە “ناوەرۆكی حەقیقەت” – قورسە لە ڕوانگەى جیهان جیابكرێتەوە؛ بنیامین باس لە “پێكهاتە دەكات كە دەكرێت بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن زەین، زەینی جیهانەوە بۆ ئەو شتە دەرك بكرێت، كە شیعر شایەتحاڵەكەیەتی”. بەڵام ئەوەى ئەم پێكهاتەیە لە ڕوانگەیەكی شایستە لە دانەرێك یان یەكێكی دیكە جیادەكاتەوە بریتییە لە زەروورەتێكی بابەتیی كە شتێكی جەوهەریی و ناوەكییە بۆی و بنیامین بەمەش دەڵێت: “ئەرك”: “ئەم ئەركە بریتییە لە پەیبردن و دەرەنجامگیریكردن لەخودی شیعرەوە. پێویستمان بە تێگەیشتن لێی هەیە وەك پێشگریمانەى شیعریی، وەك پێكهاتە كە دەكرێت لە لایەن زەینی جیهانەوە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەرك بكرێت، كە شایەتحاڵەكەیەتی. ئەم ئەركە، واتا پێشگریمانەكردن، بریتییە لەوەى ئێمە وەك دامەزراندنی دوایەكییانەى شیكارییەك دەركی دەكەین كە دەتوانین پێی بگەین”[13].
بنیامین هەوڵدەدات ئەم “ئەرك”ـە، وەك پێوەری شیكارییەكی ناونشین بەرەو ئەو شتە پێناسە بكات كە ئێستاتیكاكەى خۆى لەسەر دامەزراندووە. بەناوی چەمكێكی شكۆمەندانەى حەقیقەتەوە، ئەو “مەیدان و بازانە”ی تایبەتی هەر شیعرێك جیا دەكاتەوە و وەك “بەشیعریبوون” (das Gedichtete)[14] دیزاینی دەكات كە فۆرمە بابەتیی و ئۆبژێكتیڤییەكەى خۆى لە شیعردا دۆزیوەتەوە: “تیایدا ئەو قەڵەمڕەوە شایستەیە ئاشكرا دەبێت كە حەقیقەت و شیعر لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. ئێمە ئەم ‘حەقیقەت‘ـە كە زۆرینەى نووسەرە جدییەكان بە شێوەیەكی ڕاست و جەخت خستوویانەتە پاڵ خوڵقاندنەكانیانەوە، وەك فۆرمێكی بەبابەتیكراوی (Gegenständlichkeit)[15] ئەكت و كردەى داهێنەرانەى ئەوان دەرك دەكەین، واتا بەدیهاتنی تەكمیلەكراوی هەموو ئەركێكی هونەرییانە”.
هاوشێوەى نۆڤالیس، كە بنیامین دووبارە لە كارەكەیدا بەناوی چەمكی ڕەخنەى هونەریی لە ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانی ئیقتباسی دەكات (“هەر كارێكی هونەری لەخودی خۆیدا ئایدیالێكی لەپێشینە هەڵدەگرێت، واتا زەروورەتێك بۆ ئامادەبوون و لێرەبوونەكەى”)، دەكەوێتە شەڕكردن لەگەڵ خەسڵەتی ڕەقی ئێستاتیكای پۆست-كانتی: واتا پێناسەكردنی فەرمانێك یان شێواز و مۆدێلێكی زەرووری كە شایستەى بەرهەمێكی هونەرییە و واتا كە نابێت لەگەڵ فەرمان و سەپاندنی حەقیقەت لەمانا بەرتەسكەكەیدا بەهەڵە وەك یەك سەیر بكرێت. چۆن بەرهەمێكی هونەریی خۆى بەسەرماندا دەسەپێنێت، چۆن داوامان لێ دەكات بە شێوەیەكی ڕەوایەتیپێدراوانە بیناسینەوە؟ بنیامین هەوڵی دەرهێنانی هونەر لە ستەمكاریی موتڵەقی دەربڕینی سوبژێكتیڤ و زەینیی دەدات لە ڕێگای پەیبردن پێی لەنێو یاسایەكی سەختدا. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، ئەو ناچاربوو دووبارە ئایدیاڵی شیعری بونیاد بنێتەوە و پاشان “خەسڵەتە دیارەكان بخرێنە كەوانەوە تا ڕۆشناییان لەسەر بنەمای پەیوەندییە ناوەكییەكان، یەكێتیی كردەكییانەى ڕەگەزەكانی دیكەوە بخرێتە سەر”.
وەك ڕۆمانتیكە ئەڵمانییەكان، بنیامین هەوڵدەدات لەم زەروورەتە لە ڕێگای زاراوەى “ئەفسانە”وە تێی بگات، واتا زاراوەیەكی هاوتای بەشیعریبوون. بۆ ئەوەى بەرهەمێكی هونەریی بوونی هەبێت، ژیان، كە تەنها “بناغە”ی شیعرە، دەبێت بۆ ئاستێكی پەیوەندیی (پێوەلكان) و مەزنێتی بگوازرێتەوە كە یەكسانە بەو ڕەگەزانەى پێوەرێك بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندنی خۆیان دروست دەكەن. ئەو “ئەفسانە”یەى بنیامین باسی دەكات، دەبێت لە “بەشیعریبوون”دا نەخشەڕێژ بكرێت – واتا لە ناوەرۆكێكی شیعریدا كە دەكرێت لەڕوانگەى فەلسەفیشەوە تەفسیر بكرێت و لێكبدرێتەوە – واتا ناوەڕۆكی شیعریی ژیانێكی ڕاستەقینە، ژیانێكی نموونەیی كە بە زاراوە مێژووییە تایبەتییەكان و هەلومەرجە فەردییەكانی خۆیەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. “ئەفسانە” پێچەوانەى “ئەفسانەناسی” (میتۆلۆژیا)یە وەك وابەستەیی خودی فۆرم كە دژی وابەستەیی هاوردەكراو و قەرزكراوە و تەنها لە ئاستی بابەتدا دەمێنێتەوە. بنیامین لە شیكارییەكەیدا بۆ دوو شیعرەكەى هۆڵدەرلین، هەوڵدەدات بە دەقیقی ئەوە پیشان بدات چۆن شیعر لە نوسخەى “میتۆلۆژیا”وە كە بریتییە لە ئەفسانەناسیی یۆنانی، دەگوازێتەوە بۆ نوسخەى “خەیاڵیی-ئەفسانەیی” كە تیایدا شاعیر خەیاڵ و ئەفسانەى خۆی، پەیوەندیی و وابەستەیی شیعرییانەى خۆی ڕوون دەكاتەوە: “وابەستەیی بە ئەفسانەناسی و میتۆلۆژیاوە دوور دەكەوێتەوە و هەڵبژاردنی خودی خەیاڵ و ئەفسانە جێگای دەگرێتەوە”[16].
ئەركی ڕەخنە ئەوەیە هێز و توندیی وابەستەیی بەدیهاتوو پیشان بدات و لە ڕێگایەوە زەروورەتی كاری هونەری دەربخات.
ئەركی ڕەخنە ئەوەیە هێز و توندیی وابەستەیی بەدیهاتوو پیشان بدات و لە ڕێگایەوە زەروورەتی كاری هونەری دەربخات. بۆیە بەم میتۆدەوە: “ئەو بڕیارەى ئێمە لەسەر شیعری غەزەلی دەیدەین، دەبێت، ئەگەر تاقیش نەكرابێتەوە، لانیكەم بە باشی دامەزرابێت”. بە فەرامۆشكردنی هێزی بەڵگەى زانستی لە ڕەخنەی ئێستاتیكیدا، لەگەڵ ئەوەشدا بنیامین بەدوای دامەزراندنی بنەمایەكدا دەگەڕێت كە دەكرێت لەسەر بنەمای حوكم و بڕیاری ئێستاتیكی دامەزرابێت. لە كتێبی شەقامی یەكئاراستەدا، قسە لەسەر ئەوە دەكات كە “بە ڕاستی ئێمە بەچی دەڵێین جوان”. بە پێچەوانەى ئێستاتیكی ئەمانوێل كانت، لای بنیامین، بەجواندانانی كارێكی هونەریی، دەكرێت پاساوهەڵگر بێت. لەبەر ئەوەى چالاكیی ڕەخنەیی بنیامین پشت بەم پرەنسیپە دەبەستێت، كە لە یەكەم وتاری خۆیدا دایڕشتووە، زەروورە ئاگامان لە گەشەسەندنی سەرجەمی كارەكانی ئەو هەبێت و ببینین چۆن كارەكانی ئەو وەك نەخشە ڕەخنەییەكەى خۆی لەم بیرۆكەیەوە دێت.
“بە ڕاستی ئێمە بەچی دەڵێین جوان” دەكرێت بە ئاسانی بڵێین كە لەسەر بنەمای ئێستاتیكا دامەزراوە، بۆیە حەقیقەت لەوە دەردەچێت بەتەنها وەك زاراوەیەكی تیۆریی سەیر بكرێت. حەقیقەت و هونەر، كە بنیامین لە كارەكانی داهاتوویدا زیاتر ماتریالیزەیان دەكات، بەیەكەوە بەستراونەتەوە. لە نامەیەكیدا بۆ گێرشەم شولەم لە ١٩١٨ بنیامین دەنووسێت:
“تەنها لە ڕۆمانتیسیزمدا، ئەم بۆچوونە بووەتە بۆچوونێكی بەرجەستە و باڵادەست: واتا بەرهەمێكی هونەری لەخۆیدا و بۆخۆی و بەبێ گەڕانەوە بۆ تیۆر یان ئەخلاقیات، دەكرێت بەتەنها لە بیركردنەوە و ڕاماندا دەرك بكرێت و ئەمەش واتا ئەو كەسەى لێی ڕادەمێنێت دەتوانێت عادیلانە ئەم كارە بكات. سەربەخۆیی ڕێژەیی بەرهەمێكی هونەری پێچەوانەى هونەر، یان بە شێوەیەكی باشتر، پێچەوانەى وابەستەییە ترانسێندێتاڵە فراوانەكەى خۆى لەسەر هونەر، بووەتە زەروورەتی ڕەخنەی ڕۆمانتیكی هونەر. بەرپرس دەبم لەوەى ئەمە بسەلمێنم، بەمجۆرە، ئێستاتیكای كانت جۆرە پێشگریمانەیەكی ڕەخنەى هونەری ڕۆمانتیكی لەخۆیدا جێكردۆتەوە”[17].
شیعرییەتی هۆڵدەرلین لە قۆناغی پێش ماركسیستبوونی بنیامیندا، ڕۆڵێكی گەورە لە دیاریكردنی تیۆری زمان و تیۆری وەرگێڕان و تیۆری ئەدەبیات لای ئەو دەگێڕێت.
لەبەر ئەوە ناونشینبوونی فۆرم و “حەقیقەت”ی بەرهەمی هونەری بەدەقیقیی هاوزەمانی یەكترن، چونكە حەز و ئارەزووی شاعیر حەز و ئارەزوویەكی فەلسەفی/ئێستاتیكیشە. تا ئەو كاتەى شاعیر گەرەنتیی یەكێتییەكەى خۆی بكات، ئەوا پاڵەوانە. بۆیە بنیامین ئازیزترین شوناسی شاعیر و جیهان، ئەو شوناسەى تیایدا هەموو شوناسەكانی ناوەوەى ڕەوتی هەستەكی و زەینی هی شیعرە و بەستراوەتەوە بە شیعرەوە، بناغەیەكە تیادا فۆرمی مۆنۆپۆلكراو دووبارە لە دیمەنێكی فەزا-زەمەنیی و ئەو شوێنەى تیایدا سەركوتكراوە، دووبارە گەشەى زەمەنیی و فەزایی خۆی دەگرێتەوە بەر. لە مەرگدا، كە بریتییە لە جیهانەكەی خۆی، هەموو پەیوەندییە ناسراوەكان یەكیان گرتووە.
ئەوە مەرگە كە شاعیر – وەك ئەمپیدۆكلیس – وەك پاڵەوانی مرۆڤایەتی قبوڵ دەكات. مەرگیش لێرەدا مانایەكی ڕەمزی هەیە، كە بنیامین لە وتارەكەیدا دەیەوێت بیبەستێتەوە بە چەمكی “وەستان”ـەوە. بنیامین دەنووسێت: “وەستانی سوور و پێداگری ئەم هێڵانە [مەبەست شیعرەكانی هۆڵدەرلینە] مەودای شاعیر پیشان دەدات كە ناچارە هەر فۆرمێك و جیهان بپارێزێت، لەبەر ئەوە ئەو لە یەكێتیی خۆیدایەتی”[18]. دواجار شیعرییەتی هۆڵدەرلین لە قۆناغی پێش ماركسیستبوونی بنیامیندا، ڕۆڵێكی گەورە لە دیاریكردنی تیۆری زمان و تیۆری وەرگێڕان و تیۆری ئەدەبیات لای ئەو دەگێڕێت.
حەقیقەتی جەخت
“حەقیقەت”ی شیعر، كە جددیترین هونەرمەندان و شاعیران بە شێوەیەكی جەخت و پێداگرەوە بۆ خوڵقێنراوەكانی خۆیانی دەبینن، دەبێت وەك ئۆبژێكتیڤیتە (بابەتێتیی) [Gegenständlichkeit]ی بەرهەمەكانی خۆیان، تەواوكردن و تەكمیلەكردن[Erfüllung]ی ئەركی هونەرییانە، بەهەر شێوە و شێوازێك، دەرك بكرێت و لێكبدرێتەوە. واتا، شیعر، حەقیقەتیبوون، یان تەكمیلەبوونی خۆی كاتێك بەدەست دەهێنێت كە پڕێتیی هەست و وردبینیی ئۆبژێكتی ئەزموونكراو بەرجەستە بكات بەبێ ئەوەى بگلێتە نێو چاڵ، وەهم و كڵێشەسازییەوە. ناوەڕۆكی دەرككردن، بیركردنەوە و حاڵەتی هەستیاریی لەنێو هەلومەرجێكی جیهانیدا هەموار و یەكسان دەبێت. بۆیە گەشەسەندنی ناوەڕۆكێك لەئارادایە كە لە سەرووی ڕەوتی زەمەنی شیعرییەوە پیشان دەدرێت، و ئەم پیشاندانەى گەشەسەندنی ناوەڕۆكیش لەناو شیعردا هاوشانە لەگەڵ كاركردن لە ڕێگای ئازادكردنییەوە لە پەرتەوازەیی و نەگونجاویی ڕەوتی ئەزموونی ناوەوەی هەلومەرجێكی جیهانی، كە دەبێت بەرەو یەكگرتوویی سەرجەمی پەیوەندییەكان بڕوات. بۆیە شیعر دەگات بە “یەكێتییەكی سەنتێزیی نەزمە فیكریی و دەرككردنەكان” لەنێو ڕەوتی بیكردرنەوە، ڕەوتی دەرككردن و ڕەوتی هەلومەرجە هەستەكییەكاندا. دەستكەوتێكی پڕێتیی هەست و وردبینی دەربارەى بەشی ئەزموونكردنێكی سەبژێكت بوونی هەیە، كە لە “یەكێتیی بنچینەیی ئێستاتیكای فۆرم و ناوەڕۆك”دا بەرجەستە دەبێت كە “یەكێتیی ئێستاتیكیی” پەیوەندییەكی هەمواركراو و گەشەسەندووی گونجاو لەنێو ڕەگەزەكانی دیكەدا پیشان دەدات.
بۆ ئەمەش، لەخۆیدا، گەیشتنە بە پڕێتیی ژیان وەك سەبژێكتێكی وردبین و هەستیار. “لای دانەر (creator)[مەبەست شاعیرە]، ئایدیای ئەرك و وەزیفە، هەمیشە بریتییە لە ژیان… لە [بەشیعریبووندا] ژیان خۆی لەڕێگای شیعرەوە دیاریدەكات، ئەرك لەڕێگای چارەسەركردنەوە دەردەكەوێت”. واتا، ژیانی سەبژێكت هێزێكی زیاتر، قەوارەیەكی پڕێتیی هەستیاریی و وردبینی لە ڕێگای دانان و پێكهێنانی شیعر و هەروەها هەمان چارەسەركردن وەردەگرێت كە ئەمەش لەخۆیدا چارەسەركردنی كێشەكە دەستنیشان دەكات كە دەبوو كاری لەسەر بكرێت. (“لەبەر ئەوە ئەرك و چارەسەركردن تەنها دەكرێت لە پوختە و ئەبستراكتدا جیابكرێتەوە”). تا ئەو كاتەى شیعرێك سەركەوتوو بێت – واتا خۆی لە پەرتەوازەیی، وەهم و كڵێشەسازیی بەدوور بگرێت – دەگات بە “هێزێكی فراوانی وابەستەیی ڕەگەزەكانی دەرككردن و ڕەگەزە فیكرییەكان” كە دەكرێت ئەمەش وەك دژی “فراوانكردنی لاوازی هەستكردن”، “”بڕیارێكی نەسەلمێنراو” سەیر بكرێت. لێرەوە ڕەخنە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە ڕێگای كاركردن لەسەر ئەزموونی ڕەگەزە جۆراوجۆرەكانی شیعرەوە. ئەمجۆرەى خودی ڕەخنە، لە ڕوانگەى شیعرییەوە ناوەڕۆكی پێكهێنراو و دانراوی شیعر لە ئاراستە و ئارەزوویدا بۆ پڕێتیی هەستیاریی و وردبینی [ژیان] ئاشكرا دەكات[19]. لەبەر ئەوە، هەم ڕەخنە و هەم شیعر وەك لێكدانەوە و ڕاڤەی ئاشكراكەر، ئامانجیان ئەوە نییە پرۆسەى حەقیقەت وەك پەیوەندیی بۆ ئۆبژێكتێك ئاشكرا بكەن بەڵكو دەیانەوێت “حەقیقەتی جەخت”[لێكراو] لەنێو پڕێتییدا لە ڕێگای دانان و پێكهێنانی ئەركی شیعرییەوە دەربخەن. حەقیقەتی جەخت لە خزمەتی تەكمیلەكردنی ژیانی پڕ و تەواودا، لەنێو بەرهەم و لە ڕێگای بەرهەمەوە پێی گەیشتووە و ئامانجی ڕەخنەى ئەدەبی، فەلسەفی و ڕەخنەى بەرهەمیش بە گشتی بەمجۆرەیە.
لای بنیامین، جگە لە فۆرمی پەتی، خوداكان بوونیان نییە، كە دەكرێت بگوترێت، دیۆنیسیۆس دژی پرەنسیپە ئەپۆلۆنییەكان نییە. بەدوور لە سەلماندنی سەقامگیریی خوداكان، بنیامین پێچەوانەكەى دەسەلمێنێت: خواكان “دەكەونە حاڵەتی نزاكردن بۆ ئەندامە شلۆق و نەرمەكانی خۆیان”.
خوا وەك ئۆبژێكت
كاتێك بنیامین پێناسەى بەشیعریبوون وەك مۆدێلێكی تایبەت و دیاریكراوی ئۆبژێكتیڤیتە دەكات، نازانین ئاگای لە فینۆمینۆلۆژیای ئیمۆند هوسەرڵ هەیە یان نا، جگە لەوە هێرمان كوهن بەشیعریبوون وەك چەمكێكی سنووردار، ئێرنست كاسیرەر بەشیعریبوون وەك جیابوونەوەى یەكێتیی كردەكیی لە یەكێتیی جەوهەریی دەبینێت و هێنری بێرگسن ئایدیای مەودا دەباتە نێو شیكارییەكەیەوە، ئەمەش دیار نییە ئایا بنیامین كاتێك وتارەكەى نووسیوە، نووسینەكانی ئەوانی خوێندۆتەوە یان نا، ناوی نیچە ناپەڕێتەوە ناو وتارەكەى بنیامین بە ناوی “دوو شیعری فریدریش هۆڵدەرلین”، كاتێك خواكانی گەردوونەكەى هۆڵدەرلین بە زاراوەكانی كارەكتەرە “نەرمەكانیان” وەسف دەكرێن. ئایا بنیامین بۆ بێدەنگیی بەرانبەر بە نیچە هەڵدەبژێرێت، ئەمەش خۆی گرنگییەكی تایبەتی هەیە، لەبەر ئەوە، غیابی چەمكی ئەپۆڵۆنیی پەیوەندیی بە غیابی هاوتا ئەفسانەییەكەیەوە هەیە – سەرەڕای ئەو حەقیقەتە بنچینەییەى كە دیۆنیسیۆس ڕۆڵێكی بچكۆلانە لە نوسخەى دووەمی شیعرەكەى هۆڵدەرلیندا ناگێڕێت، كە بەم ڕستەیە دەست پێ دەكات: “هەروەك لە كاتی پشوودا”. لەنێو هەوڵە سەرەتاییەكاندا بۆ ڕزگاركردنی هۆڵدەرلین لە فەرامۆشی و دانانی لە تەنیشت و یاوەرێتیی گۆتە و شیلەر، وەك ئەو نامیلكە بچكۆلەیەى فریدریش گوندۆلف لە 1912دا بە ناوی “كۆمەڵەدوورگەى هۆڵدەرلین” بڵاوبووتەوە، گوندۆلف هەوڵدەدان پیشیانی بدات كە هێلینیزمی هۆڵدەرلین زاڵبوونە بەسەر سنوورە بەرتەسكەكانی كلاسیسیزمی ئەڵمانی و هاوكات ڕێگاكەى بۆ هیلینیزمی دینامیكیی نیچە خۆشكردووە. كارەكتەری ئەپۆلۆنیی یۆنانی هۆڵدەرلین، هەروەك گوندۆلف ڕوونی دەكاتەوە، لە ڕوانینێكەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ نێو كارەكتەری بنچینەیی دیۆنیسیۆسیی جیهانی سروشتی وەك “سروشتێكی حەقیقییانە لەدروستبووندا”[20]. بنیامین لە وتارەكەیدا دەربارەى گۆتە بە ناوی پەیوەندییە هەڵبژێردراوەكان وێنەكەی گوندۆلف بۆ گۆتە وەك پاڵەوان بۆ ڕەخنەى وێرانكەر دەبینێت. بەڵام بە پێچەوانەوە لە وتارەكەیدا دەربارەى هۆڵدەرلین، ڕەخنەى ئەو شێوازە لێكدانەوەیەى گوندۆلف هەڵیبژاردووە، فۆرمی بێدەنگیی بەخۆیەوە دەگرێت: لای بنیامین، جگە لە فۆرمی پەتی، خوداكان بوونیان نییە، كە دەكرێت بگوترێت، دیۆنیسیۆس دژی پرەنسیپە ئەپۆلۆنییەكان نییە. بەدوور لە سەلماندنی سەقامگیریی خوداكان، بنیامین پێچەوانەكەى دەسەلمێنێت: خواكان “دەكەونە حاڵەتی نزاكردن بۆ ئەندامە شلۆق و نەرمەكانی خۆیان”.
لەبەر ئەوە، غیابی دیۆنیسیۆس لە “دوو شیعرەكەى هۆڵدەرلین”دا لە چەندین شێوازدا خۆی دەردەخات: وەك غیابی مۆتیفە مۆسیقییەكان، تەنانەت كاتێك بنیامین سەرنجی خۆی دەخاتە سەر خەسڵەتە تایبەتە فۆنەتیكییەكانی شیعرەكانی هۆڵدەرلینیش؛ هەروەها وەك غیابی هەرجۆرە ئاماژەكردنێك بە خولسە و حاڵ لێهاتن[21]، وەك غیابی سروشت كە پێشتر وەك كائۆس و ئاژاوەى یەكەمین دەرككراوە؛ وەك غیابی پارادۆكسیكەڵ و دژبەری شەو، بە پێچەوانەى ڕۆژەوە، بە “ڕۆژی بیركردنەوەشەوە” و بە تایبەتیتریش وەك غیابی “خودای داهاتوو”. غیابی دیۆنیسیۆس لە بەشیعریبوونی شیعرەكەى دواتری هۆڵدەرلیندا، بێگومان بەو مانایە دێت كە بنیامین متمانەى بە جۆرێكی هێلینیزمی پاڵەوانپەرستیی گوندۆلف نییە، تا لەنێو شتەكانی دیكەدا، بۆی بگەڕێت؛ بەڵام بەو گریمانەیەوە دەست پێ دەكات كە نوسخەى پاڵەوانییانەى هێلینیزم دەمێنێتەوە: ئەگەر بەحاڵی خۆیەوە، بەبێ نوێكردنەوەى دیۆنیسیۆسەوە بەجێبهێڵرێت، ئەوا جیهانی كولتووریی ئەپۆڵۆنیی، بە تەواوی وێران دەبێت. لەبەرئەوە یاسای شوناس داوای شتێكی كەمتر یان زیادتر ناكات. چونكە خواكان لە ئەزموونكردنی زەمەنی خۆیان ناسكترن، ئەوان لەجوڵە دەكەون، بۆیە ئەوان “فۆرمی مردوون” بەڵام نامرن. ئا ئەمەیە ڕێنیسانسی دیۆنیسیۆسیی دەست پێ دەكات. بەڵام بنیامین بە ئاراستەى تەواو جیاوازتردا دەڕوات: خوداكان تەنانەن نەمردوون؛ بە پێچەوانەوە، ئەوان بوونەتە ئۆبژێكتێك كە بەربوونەتەوە نێو دەستەكانی شاعیرەوە، كە شاعیر لەم ڕێگایەوە هەوڵی بە خواكردن و یەزدانیكردنی خواكان نادات، بەڵكو بە پێچەوانەوە، دەیانباتە نێو فەزا و هەرێمێكی سەرنجڕاكێش و نامۆوە، ئەویش ئەو شوێنەیە كە تیایدا: تاوانی دەبەنگی چیتر سزای لەسەر نییە.
ئەو بانگەشەیەى خواكان دەكاتە ئۆبژێكت، دوایین و ئازایانەترین بانگەشەیە كە بنیامین شیكارییەكەى خۆی لەسەری دەباتە پێشەوە. لە شیعری “گەوجێتی”دا ئەم خاڵە یەكاڵا كراوەتەوە:
“باوكانمان،
خودای ئاسمانەكان،
بیركردنەوەى ڕۆژ نابەخشن بە
هەژار و دەوڵەمەندان”.
لوغز و مەتەڵی ئەم وێنەیە، لای بنیامین، لە فرمانی gönnen دایە، كە بە گشتیی وەك شێوازی بەخشین، كردنە دیاری یان ڕێگاپێدان دەرككراوە و وەرگێڕدراوە، بەڵام بۆ بنیامین، چەمك و تێگەیشتنی كات وەك بەخشینێكی خوایی یان نیعمەتێك، پەیوەندیی بە نەریتی ئەفسانەناسییەوە هەیە كە “میتۆس” (ئەفسانە)ی شیعرەكەى دواتری هۆڵدەرین لێی جیادەبێتەوە. “خوداوەندی باڵا”، كە نوێنەرایەتیی نەزمی ئەپۆۆنیی دەكات، كاتێك هەمووان فانین و دەمرن، ئەو چیتر توڕە و عەسەبانی نییە. “دەوڵەمەند و هەژار”، دەكرێت بەو جۆرە ببینرێت كە ئەو دەیبینێت: “حەقیقیی”. لەبەر ئەوە فانییەكان لەپێگەیەكدان دەتوانن بەرگریی لە یەكسانیی خۆیان لەگەڵ خوداكاندا بكەن، بەڵام نەك لە ڕێگای خواستی تۆڵەكردنەوەیەكی شومەوە. هەموو ئەمانە بەو مانایە دێت كە “بیركردنەوەى ڕۆژ” ئەو كاتەیە كە تیایدا دەبەنگی بە ئاسانی بێ سزا تێناپەڕێت، ئەگەر وابووایە، تەنها ڕۆژێكی ئاوارتە، واتا ساتورنالیای جۆرەكان، خوداوەندی باڵا “ڕێگای دەدا” هیچ یاسایەكی باڵا لەسەر ئەم بنەمایە بوونی نەبێت كە هەموو كەسێك خۆی لە شوێن و كات جیادەكردەوە. بەڵام ئەگەر خوداكان خۆیان بەدوور لە بەكارهێنانی هێز بەدوور دەگرن كە خۆیان لە فانییەكان جیادەكەنەوە، ئەوا ئەوان بەتەنها “فۆرمی مردوو” نەدەبوون، بەڵكو ئەوان تەنها وەك خوداكان ئۆبژێكتن، كە هیچ ویستێكیان بۆ ئۆبژێكتەكانی خۆیان نییە، كە شاعیران دەتوانن “هەڵیبگرن”.
لەبەر ئەوە، تەنانەت تێگەیشتنی بنیامین بۆ خودا لە ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانیی و نەریتی مەسیحی و فەلسەفیشدا بە تەواوی جیاوازە، خودا ئۆبژێكتە. خودا ئەو كاتە (وەك ئۆبژێكتێك) كەشف دەكرێت كە شاعیر دەتوانێت بیهێنێت. دواجار بنیامین پێیوایە لای هۆڵدەرلین، شاعیر تەنانەت “نیمچە-خوا”ش نییە.
شیعر وەك بازدانێك بۆ ناو مێژوو
سەبارەت بە بنیامین و هایدیگەر
ئەم بەشە تەرخانكراوە بۆ تێگەیشتنی بنیامین لە هۆڵدەرلین و شیعر بە تایبەت وەك كۆمەكێك بە وەستاندنی بەردەوامێتیی مێژوو، كە بەرەو كارەسات ملی ناوە و لە ڕاستیدا، مرۆڤایەتی ئەزموونی كارەساتەكانیشی كردووە، هاوكات ئەم دیدگایە بەراوردی یەكێك لە دیارترین ڕاڤەكارانی هۆڵدەرلین لەسەدەى 20دا دەكرێت، كە ئەویش مارتین هایدیگەرە.
لای هایدیگەر، شیعر حەقیقەتی بەردەوامێتیی مێژوویی ئاشكرا دەكات. بنیامین دەقاودەق ئەم تێگەیشتنە بۆ بەردەوامێتیی مێژوویی دەخاتە ژێر پرسیار و تەحەدای دەكات
جیاوازیی ئاراستەى فەلسەفیی هایدیگەر بۆ شیعر تاچەند جیایە لە دیدگای واڵتەر بنیامین؟ شیعر لای هەردوو بیرمەندەكە پێگەیەكی گەورەی داگیركردووە، بە تایبەت شیعر بۆ هەردووكیان بووەتە دەروازەیەك بۆ تێگەیشتن لە مێژوو. لای هایدیگەر، شیعر حەقیقەتی بەردەوامێتیی مێژوویی ئاشكرا دەكات. لەم بەشەدا دەمەوێت پیشانی بدەم كە بنیامین چۆن دەقاودەق ئەم تێگەیشتنە بۆ بەردەوامێتیی مێژوویی دەخاتە ژێر پرسیار و تەحەدای دەكات. بنیامین شیعر وەك دابڕانێك لە بەردەوامێتیی مێژوو، واتا بەردەوامێتیی مێژووی گوناه (گوناهی یەكەم) دەخوێنێتەوە، بنیامین كاتێك دابڕان لە مێژوو وەك دابڕان لە مێژووی گوناهباربوونی دەبینێت، وشەى Schuld بەكاردەهێنێت كە لە هەمان كاتدا بە مانای گوناهی یەكەم و هەروەها بە مانای قەرزیش دێت، پاشان درێژە بەم تێگەیشتنە دەدات و سەرمایەداری وەك ئایین دەبینێت، كە ئایین چۆن ئینسان بەگوناهەوە دەلكێنێت، سەرمایەداریش بە قەرزەوەی گرێ دەدات. لێرەدا لای بنیامین دابڕان لە مێژووی گوناه دابڕانە لە مێژووی سەرمایەداریش.
هەم لای بنیامین و هەم لای هایدیگەر، شیعر نیگایەكمان پێدەدات بۆچوونە ناو حەقیقەتەوە. بەڵام تێگەیشتنی هەردووكیان بۆ حەقیقەت، تەواو جیاوازە: هایدیگەر حەقیقەت وەك بەرەی بەردەوامێتیی مێژوویی دەبینێت، كەچی بنیامین پێیوایە ئەم بەردەوامبوونە بریتییە لە بەلاڕێدابردن و وێرانكردنی ئینسان. وەك ئادۆرنۆ بۆ تەفسیری بنیامین، لە شوێنێكدا دەڵێت: بەردەوامێتی مێژووی گەشەسەندنە لە تیروكەوانەوە بۆ چەكی ئەتۆم. لای بنیامین، ئەم بەردەوامبوونە ئاوێتەكردنی ژیانە بە گوناه (وەك گوتم هاوكات قەرزەوە).
شۆڕشی نازیزم، وەك هایدیگەر دەڵێت، هەوڵێكە لەلایەن ئەڵمانەكانەوە بۆ بەدیهێنانی خەونی هۆڵدەرلین.
لەبەر ئەوە لێكدانەوەى هایدیگەر و بنیامین لە خوێندنەوەى شیعرەكانی هۆڵدەرلیندا، دوو جیهانبینیی بە ڕادیكاڵیی جیاواز ئاشكرا دەكات سەبارەت بە پرسی فەلسەفە و ڕۆڵی ئەدەبیات لە كۆمەڵگادا. هایدیگەر پێیوایە خوێندنەوەى فەسەفیانەى شیعری هۆڵدەرلین بنچینەى بەردەوامێتیی مێژوویی و شووناسی گەلی ئەڵمانی دیاری دەكات. ئەگەر لێرەدا تێبینیی بكەن، هایدیگەر وشەى گەلی ئەڵمانیی (Volksdeutsche) بەكار دەهێنێت، كە چەمكێك بوو ئەڵمانیای نازیی بەكاری دەهێنا بە مانای “ئەڵمانەكان وەك گەل و وەك ڕەگەز”. نازییەكان ئەم چەمكەیان یەكسەر بۆ ئەڵمانەكان لەسەر بنەمانی “ڕەگەز” نەك هاووڵاتیبوون” بەكارهێناوە و كەواتە ئەڵمانەكان لەدەرەوەى ئەو سنوورانەوە دەژین كە جولەكەى تێدا نیشتەجێیە. لەبەر ئەوەش هایدیگەر پێیوابوو شیعر دەتوانێت هەڵگری پەیامێكی كۆمەڵایەتی و سیاسیی بێت. لێرەدا بیركردنەوەى بنیامین ڕۆڵی بەرچاوی خۆی دەردەخات كە بریتییە لە دابڕان لەم ئاراستەیە كە بەرەو جەنگ و كاولكاریی دەڕوات. لەبەر ئەوەش بوو لە ساڵی ١٩٣٣ هایدیگەر بە ڕەسمی پەیوەندیی بە نازییەكانەوە كرد، چونكە پێیوابوو ئەوان حەقیقەتی بەردەامێتیی مێژوویی “گەلی ئەڵمانی” و “شوناسی گەلی ئەڵمانی” دەردەخەن و بەڕێوەى دەبەن. لەبەر ئەوە شۆڕشی نازیزم، وەك هایدیگەر دەڵێت، هەوڵێكە لەلایەن ئەڵمانەكانەوە بۆ بەدیهێنانی خەونی هۆڵدەرلین. هایدیگەر دەڵێت: “ڕابەر بەتەنها نوێنەر و داهاتووی واقیعی ئەڵمانی و یاساكەیەتی. بژی هیتلەر”[22].
لێرەوە هایدیگەر كە هەوڵیدەدا ڕۆڵێكی سیاسیی-كۆمەڵایەتیی بەشیعر و بە تایبەت شیعری هۆڵدەرلین ببەخشێت، لە پێناوی بەدیهێنانی “خەونی گەلی ئەڵمانی”، ڕووبەڕووی تێگەیشتنی بنیامین دەبێتەوە. دیارە دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت، كە دیدگای بنیامین سەبارەت بە هۆڵدەرلین زۆر كۆنترە لە هی هایدیگەر و بە گشتیش بنیامین لە ١٩١٩ـەوە هەرگیز نەگەڕایەوە سەر هۆڵدەرلین، بەڵكو ئەمجارە بەرەو ڕۆمانتیكە ڕادیكاڵە دژەسەرمایەدارییەكان و پاشان بەرەو سوریالیزم ڕۆیشت. هەرچۆنێك بێت، بنیامینیش پێیوایە شیعر تەنها كاتێك هەڵگری پەیامێكی سیاسییە كە دابڕانێكی ڕادیكاڵ بێت لە ناعەدالەتیی و نایەكسانیی مێژووی ڕابردوو و مێژووی ئێستا[23]
پەراوێز و سەرچاوەکان:.
[1]بۆ وردەكاریی لەسەر پرسی تێرمینۆلۆژیی لای بنیامین، بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوە:
Peter Fenves, The Messianic Reduction, Walter Benjamin and the shape of time, Stanford University Press, California, 2011, pp.18-21.
[2]Walter Benjamin, Selected Writings1913-1926, vol.1, ed. Marcus Bullock and Michael W. Jennings, Cambridge, MA: Harvard University Press, 1996, p.18.
[3]Rücksicht (receiver)
[4]واڵتەر بنیامین: ئەركی وەرگێڕ، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، لە: وەرگێڕان كردەیەك زیاتر لە گۆڕینی وشە، ئامادەكردن و وەرگێڕان: ساڤان ئاكۆ و پێشڕەو محەمەد، ناوەندی كولتووریی دیدی من، سلێمانی، 2018.
[5]David S. Ferris, The Cambridge Introduction to Walter Benjamin, Cambridge University Press, New York, 2008, p.49.
[6]Walter Benjamin, Selected Works, vol.1, 33-34.
[7]بنیامین، هەمان سەرچاوە، ل34.
[8]هەمان سەرچاوە، ل34.
[9]هەمان سەرچاوە.
[10]Benjamin,Walter. Gesammelte Briefe. Vol. 3. Ed. Christoph von Gödde and Henri Lonitz (Theodor W. Adorno). Frankfurt am Main: Suhrkamp, 1997, s.108.
[11]Walter Benjamin, Selected Works, vol.1, 34.
[12]مەخانە، جۆرە ئامێرێكی بەرزكەرەوەی وەك كرێن وابوو لە شانۆی یۆنانی كۆندا بەكارهێنراوە بەتایبەت لە سەدەكانی 5 و 4ی پێش زایین.
[13]بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Rainer Rochlitz, the Disenchantment of Art, the Philosophy of Walter Benjamin, trans. Jane Marie Todd, the Guilford Press, New York and London, 1996, p.49-50.
[14]poetized
[15]objectified
[16]Walter Benjamin, Selected Writings, op.cit, p.114.
[17]Correspondence: The Correspondence of Walter Benjamin, 1910-1 940. Ed . G. Scholem and T. Adorno. Trans. M. R. Jacobson and E. M. Jacobson. Chicago and London: University of Chicago Press, 1994, p.119.
[18]Walter Benjamin, Selected Writings, op.cit, p.126.
[19]Richard Eldridge, Images of history: Kant, Benjamin, Freedom and the Human Subject, Oxford University Press, 2016.
[20]Peter Fenves, The Messianic Reduction, op.cit, p.33.
[21]Ecstasy
[22]Martin Heidegger, “German Students”, a speech delivered on 3 November 1933 at Freiburg university. English translation in R. Wolin, ed., The Heidegger Controversy (MIT Press, 1993), chapter 2.
[23]Michael Mack, Two Different Approaches to the Relationshipbetween Poetry, History and Philosophy:Walter Benjamin and Martin Heidegger, Durham University, New readings, 14, 2014, p.5.