بۆچی گۆرانی خەمناک؟

پرسیارت لێ دەکەن بۆچی ئەو هەموو خەمە لە گۆرانی عێراقیدا هەیە؟ وەڵامیان دەدەیتەوە:

“مێژووی عێراق بخوێننەوە.”

ئەمە وەڵامی هەدیە حسێنـە، لە پرسیارێکدا بۆ ؛ڕۆژنامەی الرأی’ ئەردەنی. هەدیە نووسەرێکی عێراقییە و دانیشتووی عەممانە.

“مێژووی عێراق بخوێننەوە”، کورتترین و قووڵترین وەڵامە تاوەکو لێیەوە شۆڕببینەوە بەناو مێژوویەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئیتنۆگرافی، تیۆلۆژی… هتد.

هەر چمکێکی ئەم مێژووە بگرین، لەپێش پرسیارەکەوە، دەرچەیەک هەمیشە ئامادەگی هەیە، کە دەبێت لێیەوە بڕۆینە ناوەوە، ئەویش ژینگەی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگەیەیه کە پرسیاری (بۆچی گۆرانی غەمگین؟) لێیەوە دروست دەبێت، واتا کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و کۆمەڵگەی عێراقی بە تایبەتی، گەر سەرنج بدەین دەبینین بە پلەی یەکەم وردبوونەوە لە چۆنیەتی ژیان و ژیوار و پەروەردەکردنی تاک لە ژینگەی خێزانی ئەم کۆمەڵگەیانە وەڵامن بۆ سەرجەم لایەنەکانی تر کە بەشێک بوون لە تەواوکەری ئەو مێژووە، بارهێنانی تاک لەم ژینگە خێزانییە لەژێر دەستی سیستمێکی پاتریارکی یان دینی، یاخود کولتووریی و خێڵەکی، کە هەریەکەیان هۆکارێکی گەورەن بۆ لێدانی زەبرێکی توند بە دەروونی تاک، چونکە ئەمانە مۆرکێکی خۆسەپێن و سەرکوتکەر و چەپێنەرن، چاودێرێکی هەمیشەیی و شەڕەنگێزن کە لە هەر کاتێکدا ئامادەی هێرشکردنن، هێرشکردن بۆ سەر تاک، کۆی ئەم سیستمانە لە خێزانەوە بۆ دەرەوەی خێزانیش دەگوازرێتەوە، واتا ژینگە کۆمەڵایەتییەکە ـ واقیعی بەرجەستەکراو.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم مێژووە پێویست بوو سەرەتا لە بەشەوە بڕۆین بۆ گشت، واتا لە خێزانەوە بۆ ژینگە کۆمەڵایەتییە گشتییەکە، لێرە بەدواوە سیاسەت و مێژوو و لایەنەکانی تر دێتە ئاراوە؛ ئەگەر سادەتر بدوێین دەڵێین:

ئاوڕدانەوە لەو مێژووە لە هەر لایەکەوە لێی دەڕوانیت هەر ناسۆری و بێ ئومێدییە، ڕیشەی هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتکاری و بارودۆخی جەنگ و چەپاندنی تاک لە هەموو ڕوویەکەوە، تەنانەت لە مافە زۆر سەرەتاییەکانیشی، هەمیشە پیشاندانی کەتوارێک کە ترووسکایی لەچاو دەبڕێت، هەموو ئەمانە تاکێکی پاسیڤ دروست دەکات، لە ڕووی دەروونیشەوە تێکشکاو.

هیچ ئەگەرێکیش نییە کە پێ دابڕین لەو ژینگە و بارودۆخە کۆتاییهێنان بێت بە جۆرێک لە ڕەفتار و بیرکردنەوە،وەک دەستپێک دەتوانین بڵێین گۆرانی کەشێکی خودییە، کەسی گۆرانیبێژ کە گۆرانییەک دەچڕێت واتا سۆز و ئەندێشە و ئارەزوو و نۆستالژیای خۆی لە ڕێگەی چڕینـەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوانی تر، واتا گۆرانی جۆرێک لە ئاخاوتنە، یان دەربڕینە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕیتمیی، ڕیتم لە دەنگ، لە ئاواز، لە وشە.

 زۆر جار گۆرانیبێژ دەڵێ:

“گۆرانیگوتن ئارەزوو و مەیلێکی تایبەت بە خۆمە، لە منداڵییەوە ئارەزووم لەو هونەرە هەبووە”.

بەڵام ئەگەر ناواخنی گۆرانی خۆی شیبکەینەوە دەبینین بەبێ تێکستێکی شیعریی هونەرێک دروست نابێ بە ناوی گۆرانی، بەو پێیەش شیعر ژانرێکی ئەدەبییە، سەر بە زمان و ئاستە باڵاکەی ئەدەبیاتە، ئەدەبیش بەو پێیەش ئەدەب خۆی “هەموو ئەو دەربڕین و نووسراوانە دەگرێتەوە کە لە ناخ و دەروونی مرۆڤ هەڵقووڵاون لە ڕۆژگاری دێرینەوە تاوەکو ئەمڕۆ نووسراونەتەوە و دەنووسرێن” ناچینە سەر پۆلێنکاریی جۆرەکانی ئەدەب، تەنها هێنده بەسە بڵێین، تێکستی گۆرانی، سەر بە ژانرێکی ئەدەبیی وەک “شیعر”ـە، “سۆز و ئەندێشە” وەک دوو ڕەگەزی تایبەتی لە ئەدەب لە شیعریشدا ئامادەگییان هەیە، بە تایبەت ئەگەر شیعرێک لە ئازارەوە هەڵقووڵابێ، یاخود ڕەنگڕێژکردن و پێشاندانی ئازار بێت لە شێوەی هۆنینەوەی وشە بۆ تێکستێکی شیعریی، کە دواتر وەک تێکستێک لەناو گۆرانییدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لێرەدا ئەم تێکستە بەر چوار شێواز لە واقیع دەکەوێت:

 یەکەم: نووسینەوەیەتی لە لایەن کەسی شاعیر، بەو ماوەیەی کە پێویستیەتی.

 دووەم: هەڵبژاردن و ئیشکردنە لەسەر تێکستەکە لە لایەن کەسی گۆرانیبێژ ـ سترانبێژ.

سێیەم: دانانی ئاوازێکی گونجاو، کە هارمۆنی و هەماهەنگ بێت لەگەڵ کەشی تێکستەکە، لە لایەن ئاوازدانەرەوە.

چوارەم: کاریگەریی گۆرانییەکەیە بەسەر گوێگرەکانییەوە، یان باشتر وایە بڵێین ئەوانەی کە پەسن و پەسەندی دەکەن.

لێرەدا ئاسانتره لە ڕێی ئەم چوار بەرکەوتنەوە، ئاماژە بە لایەنی سایکۆلۆژی بکرێت، هەریەک لە توانستی ئەو کەسانە لە (نووسینی تێکستەکه، هەڵبژاردنی تێکستەکە، دانانی ئاوازێک بۆ تێکستەکە، گوێگران و پەسنکارانی تێکستەکە) دەتوانین لە بازنەیەکی سایکۆلۆژی تاڕادەیەک سنوورداردا جێ بکەینەوە، کە هەریەکە لەمانە کەسێتییەکی سادۆمازۆشی ـ Sadomasochistیان هەیە، واتا {ئازاردەر و ئازاردراو}. ئەڵبەت بە پشتبەستن بەو گەڕانەوە مێژووییەی لە سەرەتاوە ئاماژەی پێکراوە دەتوانین بگەین بەم دەرئەنجامە، هەریەک لەو چوار واقیعەی کە ئامادەیی هەیە لە هەموویاندا کەسەکان ـ تاکەکان ڕۆڵە سەرەکییەکە دەگێڕن، هونەریش بەشێکە لەو لایەنەی کە دەروونشیکاری لە ڕێگەیەوە کەسایەتی مرۆڤ شی دەکاتەوە، سەمپتۆمەکانی هەر جۆرێکیان لە دۆخێکی پاتۆلۆژی دەستنیشان دەکات. مرۆڤ ئەگەر مێژوویەکی لە پێشینەی دەربارەی ئازار و خەم نەبێت، ئەستەمە بتوانێت بیاننووسێتەوە ئەمە ئەگەر وەکوو تێکست وەریبگرین، وەکوو هەڵبژاردن و ئاوازدانان و گوێگرتنیش هەر بە هەمان شێوەیە. ئەم چوار کەسە بەشداری لە میهرەجانێکدا دەکەن کە لە لایەک ئازاردەرە بۆیان لە لایەکی دیکەشەوە ئازاری لێوە پەخش دەکەن بە دەورووبەریاندا.

هونەرێکی وەک گۆرانی خەمناک خێراترین ڕێگایه تاوەکو نۆستالژیا سەربخات بۆ سەرەوە، واتا بۆ زەین و ئاگایی، کە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ”ئازاردانی خود“

یان ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سروشتە نۆستالژییەکەی مرۆڤ، لایەنی ”وەبیرهێناوەوەی یادەوەری“ وەربگرین، یادەوەری وەک شوێن، وەک کات، وەک برین، هونەرێکی وەک گۆرانی خەمناک خێراترین ڕێگایه تاوەکو نۆستالژیا سەربخات بۆ سەرەوە، واتا بۆ زەین و ئاگایی، کە ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ”ئازاردانی خود“ لەبەر ئەوەی پێشووتریش ئاماژەمان پێکرد کە گۆرانی “گۆرانی خەمناک” کەشێکی خودییه. دەکرێت ئەم تەعبیرە لە کاتی جیاواز و دۆخی جیاوازدا بەسەر جۆرەکانی تری گۆرانی داببڕێت، بەڵام بۆ دوورنەکەوتنەوە لەو جۆرەی کە لەسەری دەدوێین و دەمانەوێ بیخەینەبەر تیشکی سایکۆلۆژیا، هەر هێندە بەسە و زیاتر ناڕۆین.

ئەگەر لەبیری نەکەین دەبێت بڵێین ”خۆونکردن“ فاکتێکی ترە کە بەشداره لە دروستبوون و زیادکردنی گوێگرانی گۆرانی خەمناک، بەو پێیەی ئێمە زۆر جار بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی شێواوی دەروونمان، یان وەڕزیی و بێزاریمان پێمانوایه خۆمان لەناو ئەو گۆرانییانەدا دەدۆزینەوە، وەک قیبلەنمایەک لێی دەڕوانین و تێگەیشتنمان بۆی هەیه، بەڵام ڕاستییەکە بەو جۆرەیە کە خۆونکردنە گەورەکە لێرەوەیە کە شۆڕدەبێتەوە بەناو ساتە تاقانەییەکان. بۆیە دەڵێین تاقانە، چونکە وەک تاقانەی ئازار، جا هەرجۆرە ئازارێک بێت، لە بیرەوەریمان هاوشێوەیان نابینین.

ئەگەر گەڕانەوەیەکی مێژوویی بکەین بەناو ئەدەبیاتی کوردیدا، پۆلێنکردنی شیعر وەربگرین وەک کۆنترین و سەرەتاییترین جۆر، دەبینین دابەشکراوە بۆ: «شیعری ئایینی و شیعری گۆرانی» بەم پێیەبێت شیعری ئایینی یەکەم جۆری شیعری کوردییە کە لەپێش جۆرەکانی ترەوەیە و شیعری گۆرانی لەدوای ئەو دێت، یەکەمیان بە مەبەستی لاواندنەوە و دڵدانەوە و پیاهەڵدان و بەباڵاداگوتنی کەسایەتییه ئایینییەکان، چ وەک ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیان، چ وەک پیاداهەڵگوتنیان لە دیوەخان و مەجلیس و دێر و تەکیە و مزگەوتەکان.

کۆمەڵگەی ئێمه کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی بووه، مێژووی کشتوکاڵکردنیش لەپێش مێژووی هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا

هەرچی جۆری دووەمیشە کە شیعری گۆرانییە، لە ئیشکردنی بە هەرەوەزی کشتوکاڵی و دروێنەکردن و هاوچەشنەکانی تری گوتراوە، کە لە کاتی کارکردندا بەپێی جۆری کارەکە «هێواش یان خێرا» گۆرانییەکانیان گوتووه و ڕیتمەکانیان بۆ گونجاندوون، دەکرێ لە کاتی پشوودانیشدا بووبێت، بەڵام لەم دوو ڕوانگەیەوە ڕاستییەکی گرنگیش هەیه، کە ئەوەیه کۆمەڵگەی ئێمه کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی بووه، مێژووی کشتوکاڵکردنیش لەپێش مێژووی هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، کەواتە زیادتر ڕوانگەی دووەم پەسەندتره کە شیعری گۆرانی کۆنترین جۆری شیعر بووه لە مێژووی ئەدەبیاتی ئێمەدا.

لەم گەڕانەوە مێژووییەوە خاڵێکی گەوهەرییمان چنگ دەکەوێت، ئەویش ئەوەیه کە مێژووی گۆرانی خەمناک لەناو میللەتی ئێمەدا هاوشانه بە مێژووی شیعری ئایینی، واتا ئەمە تەنها گریمانەیەکە، بەڵام دەتوانین وەک هۆکارێکیش وەریبگرین، کە لەدوای ئەمجۆره شیعرەوە جۆری تێکستەکە کە زۆربەی جار خەمناکە، دزەیکرد بەناو ژیانی خودیی و کەسیی دەقنووس، کە ئەمجاره لەجیاتی ئەوەی لاواندنەوە و دڵدانەوەی ئەوانیتر بکات، هی خۆی دەکات.

ئەمانە تەنها چەند وێستگەیەکی بچوکن بۆ گەڕانەوە و درککردن بە مێژوو و هۆکاری گۆرانی خەمناک، کە هەندێکمان بە بەڵگە پشتڕاستکردەوە و هەندێکی تریشیان بە ئەگەر و گریمانە، دەکرێت کەسانی تر هەبن وردتر و جددیتر کار لەسەر ئەم لایەنه بکەن و  توێژینەوەی لەبارەوە بکەن.