ئەو شارانەی کە هیی ژنان نین

((شوێنی ژن لە شاردایە!)) ئەمە ناونیشانی وتارێک بوو کە گێردا وێکرل یەکێک لە پێشرەوانی شیکردنەوەی فێمینیستی فەزا و ژینگەی شار، لە ساڵی ١٩٨٤ بڵاویکردەوە و هەر زوو بووە وتەیەکی بەناوبانگێک. ئەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە شار و بە تەنیا شارە کە وەکوو فەزایەکی گشتی دەتوانێت پێداویستییە بێ شومارە ئابووری و کۆمەڵایەتی، کولتووری، شوناسیی و پشتگیری لە ئازادیی کردەوە و بزاڤی ژنان بەدی بهێنێت. ئەگەرچی شارە گەورەکان فەزا و دەرفەتگەلێکی وایان بە ژنان داوە کە لە ژینگەکانی دیکەی ژیاندا ناکرێ وێناش بکرێ، بەڵام هەر ئەم شارانە – کە بەزۆری پیاوان دیزاینیان دەکەن و بەڕێو و بنیادی دەنێن- فەزای سەرکوت و پشتگوێ خستنی نیاز و پێویستییەکانی ژنانیش بووە. لێسلی کێرن مامۆستای جوگرافیای شار، ژینگە و رەگەزناسی (gender studies) لە تازەترین کتێبیدا ))شاری فێمینیستی: داواکردنی بەشی خۆم لە فەزای لە جیهانی دروست کراوی پیاواندا)) ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن شارەکان شوێنێکی نائەمن و نەشیاون بۆ ژنان و، پێویستییەکان تیایدا نایەکسان و کەمن و کەمیش دەبن.

کێرن لە کتێبەکەیدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە بە چ شێوەیەک پەیوەندییە ناهاوسەنگەکانی دەسەڵات لە سیستەمی  دیزاین و داڕشتن و میعماری لە شارەکاندا پێکدێت. ئەو پەیوەندییانەی کە ژنان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، کۆچبەران، پەنابەران و کەمینە سێکسواڵ و جێندەرییەکان هەموو ڕۆژێک زۆرتر بەرەو پەراوێز پەنا و گۆشەکان ڕاودەنێن و ژیانی ڕۆژانەیان لە فەزای شارەکاندا لەگەڵ ترس و نیگەرانییەکی زۆرتر بەڕێ دەکەن. ئەو لە جین دارک، مامۆستای بەناوبانگی جوگرافیای فێمینیستی، ئەم وتەیە دەگێرێتەوە: ((شارەکانی ئیمە دەرخەری ئاشکرای پیاوسالاریین. پیاوسالارییەک کە لەسەر بەردەکان، خشتەکان، ستوونەکان، کۆنکرێتەکان و دیوارە شوشەییەکاندا هەڵکۆڵراوە)). ئەم پیاوسالارییە تەنانەت بە یەکسانی خێر بە پیاوانیش ناگەیەنێت، لەبەر ئەوەی شاریان لەسەر پێوەرێکی خەیاڵی لە “پیاوی بە توانا” دیزاین کردووە: پیاوانی جیاڕەگەزخواز، بەهێز و دوور سەقەتی و لەگەڵ بەژن و باڵایەکی مامناوەند یاخود بەرز. تەنزە تاڵەکە لەوەدایە کە هەرچەندە دیدگای نەریتی پیاوسالارانە نێو ماڵ بە شوێنی ژن دەزانێ، بەڵام هەمان ئەو ماڵانە بە نیاز و پێویستی ژنان دیزاین و دروست ناکرێن. بۆ نموونە باڵکۆنی چێشتخانەکان و بەرزی رەفەکان ساڵانێکە لەگەڵ پێوەرێکی خەیاڵی ئەندامی “پیاوی بە توانا” دیزاین کراوە و داڕێژراوە. وەکبڵێی کە زۆرێک لە ژنان دەبێت ئەوە قبوڵ بکەن کە ئاساییە کە دەستیان بە رەفەکانی سەرەوەی کاوانتەر نەگات و سرووشتییە کاوانتەری چێشتخانەکان بەرزتر بێت لە ئاستی ناوەندی باڵایان بۆ تێپەراندنی ئاسانی ئیشەکانی چێشتخانە.

مێژووی شار وەکوو شوێنێک کە پیاوسالاری تیایدا بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە شوێنی “بێ ئەخلاقی” ژنانە.

لە باسە جیاوازەکانی کتێبەکەدا، کێرن بە بیرمان دەهێنێتەوە مێژووی شار وەکوو شوێنێک کە پیاوسالاری تیایدا بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە شوێنی “بێ ئەخلاقی” ژنانە. یەکێک لە نموونەکانی “چارلز دیکێنز”ی نووسەری بەناوبانگی بەریتانی-یە کە لە ڕەفتاری لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بیگرە تاوەکو نامەنووسینەکانی، بەڵگەگەلێکی جۆراوجۆر لە بیرکردەی دژە ژنانە و توندوتیژیانە پێشان دەدات. دیکێنز یاداشتێکدا دەنووسێت؛ دەبێت ئەو ژنانەی کە لە شارەکاندا “زۆر دەسوورێنەوە” و لە ئەنجامدا دەبنە “داوێن پیس”،  دەستبەسەر بکرێن؛ بیانخەیتە کەشتییەک و بنێردرێنە موستەعمەرەکانی بەریتانیا، تا ڕەنگە یەکێک لە “پیاوە دڕندەکانی موستەعمرەکان” ئامادە بێت لەگەڵ ئەم ژنانە هاوسەرگیری بکا و کەمێک لەو “ئابڕووچوونە”یان بۆ بگەڕێنێتەوە. دیکێنز جەخت دەکاتەوە کە بوونی ئەم ژنانە لە “شارە خاوەن شارستانیەتەکانی بەریتانیا” بۆ ژنانی دیکە بەدئاکاری هەیە! لە نموونەکانی هاوچەرخدا، كێرن ئاماژە بۆ شارەکانی وەکو ئەمستردام، هامبۆرگ و بانکۆک دەکات کە هەر پلە و پۆستێکی نوێی شار بەدوای ئەوەیە کە گەڕەکە ناودارەکانی “رێد لایت” ببوژێنێتەوە. یاسا تازەکانی شار بە کردەوە بۆ قورسترکردنی ژیان و بەرتەسک کردنەوەی کارکردن و بێ دەرامەت کردنی ژنانی ئەو گەڕەکەیە. ئەم کارە بە ناوی “بوژانەوەی فەزای شار” ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە ئاراستەی کۆنترۆڵ کردنی هەرچی زیاتی جەستە و جوڵەی ژنان لە شارەکاندا بووە و هەیە.

کێرن هەندێک لە نموونەکانی ئەم پیاوسالارییە ئاشکرایانە دەژمێرێت. ژنان هاندەدرێن بۆ لەپێکردنی پێلاوی پاژنە-بەرز (لە هەندێک لە پیشەکانیش ئەوەیان لێ چاوەروان دەکرێت) بەڵام  بەردرێژی شەقامەکان ناڕێک، خز و پڕ لە درز و کەلێنە بۆ ڕۆیشتن لەگەڵ ئەم جۆرە پێلاوانەدا. پلەی گەرمی شوێنی کارەکان لەسەر بنەمای گەرمی جەستەی پیاوان ڕێکخراوە و ژنان چارەیەکی تریان نییە لەوەی کە هەمیشە  چەرچەفێک یان چاکەتێکی زیادەیان پێبێت و لە کاتی گرژبوونەوەدا بە کارامەییەکی کەمتر ئیش دەکەن. پشکی ژنان لە تەواڵیتە گشتییەکاندا کەمترێکە لە پیاوان، لە کاتێکدا پێویستی ژنان بە تەواڵێت زۆر زیاترێکە لە پیاوان.

یەکێکی تر لە نەریتەکانی بیناسازیی پیاوانەی شار ئەوەیە کە ناوەندی کارگێرییەکان و بازرگانییەکان زۆر دوورترن لە شوێنی نیشتەجێ بوونەکان. زۆرجار مەودای نێوان ماڵ تا ئەم ناوەندانە دوورودرێژن. ژنان یان دەبێت لەپاڵ ئەنجامدانی ئەرکە گرانەکانی ماڵداری و منداڵداری، ئەم مەودا دوورانەش بۆ کارکردن ببڕن یاخود لە کۆتاییدا بە شەکەتی و ماندوویەتی دەست لە کارکردن بکێشنەوە. هێشتا هەندێک لە پاسەکان لە هەندێک لە شارەکاندا ڕێگە بە ژنان نادەن کە لەگەڵ عەرەبانەی منداڵدا سەرکەون. زۆرێک لە کۆڵانەکان و شەقامەکان و پردەکانی پەڕگەی پیادە لە سەعاتە تاریکەکاندا ڕووناکی پێویستیان نییە و ژنان یان دەبێت بە ترسەوە لە ڕووبەڕووی ئازارپێگەیەنەران لەو شوێنانە تێپەرن یان بە تەواوی لە ئامادەبوونیان پاشگەزبنەوە.


شاری فێمینیستی: داواکردنی بەشی خۆم لە فەزا لە جیهانی دروست کراوی پیاواندا.
نوسەر:لێسلی کێرن، چاپەمەنی: ورسو،٢٠٢٠

کێرن ڕوونی دەکاتەوە کە هۆکارە جیاوازە باوەکانی شار- لە دیزاین و بیناسازی بگرە تا شێوازی بەڕێوەبردن و گواستنەوە گشتییەکان- ژیانی ڕۆژانەیی ژنان لە شاردا لەگەڵ ترسێکی زیاتر بەڕێ دەکرێت. بەڵام بە بۆچوونی ئەو، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تەنیا بە گۆڕینی  دیزاین و بیناسازی شارەکان و شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە بەرنامەیەکی بنچینەی و چەند لایەنەیی هەیە: ((تەنانەت ئەگەر لە تەواوی کۆڵان و لارێکاندا رووناکی دابنرێت، کێشەی ترسی شاراوەی ژنان بە تەنیا ڕۆشتنیان لەم کۆڵانەدا چارەسەر ناکرێت. ناتوانین ڕاستییە باوە کۆمەڵایەتییەکان لە نەژادپەرەستی و تێڕوانینی چینایەتی بگرە تا سێکسیزم لە فەزا و ژینگەی شار بە هەموو نیشانە و هێماکانییەوە جیا بکەینەوە)).

لەبەر ئەوەشە کێرن لە کتێبەکەیدا ڕەخنە لە شێوازە باوەکانی زۆرێک لە شارەکان بۆ “چارەسەرکردنی ئەم کێشانە” دەگرێت. شێوازێک کە زۆرجار بۆتە هۆی ئەوەی کە “فەزای ژنانە” یان “ئەو فەزایانەی لەبارن بۆ دایکان و منداڵان” دروست بکرێن و دیوار هەڵچنین لە فەزا گشتییەکاندا زۆرتر بێت. لە لایەکی ترەوە هەندێک لەم هەوڵانە کە بڕیار وایە کە شارەکان بۆ “ژنانی لە سەرتر و لە پێشتر” (کە زۆربەی ئەم ژنانە سپی پێست، خوێنەوار، جیاڕەگەزخواز و خاوەن پیشەن) پارێزراوتری بکا، بە بەهای بێگاری پێکردنی سەرشانی ژنانی تر کە ئەم لە سەرترە و تایبەتمەندیانەیان نییە یان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە کەمینە دادەنرێن.

بەڵام ئەم هەوڵانە بۆ ژنانی سەرتر و خاوەن تایبەتمەندی دەردەسەری تازەی دروست کردووە. کێرن ئاماژە بە کولتوورێکی تازەی دایکایەتی کردن دەکات کە پێی دەڵێت “تازە پێداکەوتوو” (gentrified)[1]. کولتوورێکە کە لە پڕۆسەی تازە دروستکراو (gentrification)[2] لە گەڕەکە کۆنە لەناوچووەکانی شاردا پەیابووە کە دانیشتوانی هەژار بە ناچاری لە شار وەدەردەنرێن و لە جێیاندا خێزانەکانی چینی ناوەند دادەنرێن کە تازە بوونەتە خاوەنی سامان و دارایی، لە دیزاینی فەزای ئەم گەڕەکە تازەدروستکراوانە خزمەتگوزاری و کاری پەیوەست بە منداڵداری لە پێشینەدایە. تەواوی سەرنجی ژنانیش لەسەر پەروەردەی منداڵە.

blank

منداڵ لە پۆڵێک بۆ پۆڵێکی تر دەبەن. باشترین و تازەترین یاری و جلەکان لە فرۆشگاکانی گەڕەک بۆ منداڵەکە دەکڕێ. بۆ هەموو کاروبارەکانی منداڵەکە پسپۆر و ڕاوێژکار دادەمەزرێنن. تۆڕی گواستنەوەش تووشی گۆرانکارییەکی بن پێستی دبن تاوەکو دایک و باوک خێراتر بتوانن منداڵەکەیان لە قوتابخانە بۆ وانەی پیانۆ و لە وانەی پیانۆ بۆ خولی وێنەکێشان و پاشانیش بۆ گۆرەپانی باسکە و … بگەیەنن. کێرن روونی دەکاتەوە کە ئەم جۆرە دایکایەتییە، کە لەنێوان نەوەی ئەم هەزارەیەدا بڵاوبۆتەوە، ژنانی شەکەت و ماندوو کردووە ئەگەرچی لە شارەکاندا نیشتەجێن، بەڵام بەردەوام نیگەران و خەمگینن. دایکانێک کە بەردەوام وەکوو هەلیکۆپتەر بەردەوام بەسەر سەری منداڵەکانن و ئاگاداریانن بەڵام هەمیشە هەست دەکەن کە بە بەراورد بە دایکانی تر لە دواوەن و کەم و کورتییەکیان هەیە.

لێسلی کێرن لەملا و ئەولای کتێبەکەیدا ئەزموونەکانی ژیانی خۆی لە فەزاکانی شاردا لەگەڵ تۆژینەوەکانی زانکۆ پێکەوە دەبەستێت: وەکوو هەرزەکارێکی سپی پێست لە ڤێلایەک لە پەراوێزی شاردا، وەکوو ژنێکی سەڵت و خوێندکار لە شارێکی گەورەدا، وەکوو ژنێکی هاوسەردار و دایکی ساوایەکی بچووک کە دەبێت بە بەردەوامی عەرەبانەی منداڵەکەی لەگەڵ خۆی لەم شوێن بەرێت بۆ ئەو شوێن و، دواتریش وەکو ژنێکی تەلاقدراو و دایکێکی تەنیای منداڵێکی چەند ساڵە. ئەو ناونیشانانەی کە بۆ بەشەکانی کتێبەکەی هەڵدەبژێرێت بە گوێرەی ئامادەبوون لە شارەکاندا: شاری پیاوان، شاری دایکان، شاری هاوڕێیان، شاری تەک و تەنیا، شاری ترس… . کێرن ئاگاداری ئەوەیە کە خۆی ژنێکە لەگەڵ تایبەتمەندی فراوان: سپی پێست، جیاڕەگەخواز، ژنێکی خوێندەوار لەگەڵ ئەندامێکی باریکەڵانە و بەبێ سەقەتی. تایبەتمەندیگەلێک کە ژیانی ڕۆژانەیی ئەوی لە شاردا لە چاو ژنانی تر ئاسنتر کردووە. لە هەمان کاتدا ئاگادارە کە تا ئەو جێیەی کە لە ترس، جیاوازی و سەرکوت کردنی ژنانی تر و پەڵکەزێرینەکان و کەمینەکان دەنووسێ، بابەتەکە لە زاری ئەو کەسانەوە بگێرێتەوە و لە پێگەی “ژنێکی سپی پێستی مامۆستای زانکۆ” لە جێی ئەوان نەبێتە گێڕەرەوە. ئەو لە ڕوانگەی :فێمینیزمی لەیەک ئاوێتەبوو” کێشەکانی ژیانی شار بۆ ژنان شی دەکاتەوە. ئاگاداری ئەوەیە کە هەموو ژنان بە یەکسانی یەک جۆر هەڵاواردن و سەرکوت کردن ئەزموون ناکەن. بەڵکو پەیوەستە بە باری دارایی و کۆمەڵایەتی، نەژادی، ئایینی، کۆچبەر بوون یان نەبوون، ڕادەی خوێندن و پێگەی کۆمەڵایەتیان، دەتوانن ڕوبەرووی زۆرجۆر لە سەرکوت و جیاکاری ببنەوە.

“شاری فێمینیستی” شارێکی بە تەنیا موڵکی ژنان و بۆ ڕەچاوکردنی پێویستییەکانی ژنان نییە. شارێکە لەگەڵ هەموو هاوڵاتیانیدا لە چوارچێوەی خەیاڵی “پیاوی بە توانا” رەفتار ناکات. شارێکە کە بە هەمان ئەندازە کە بیر لە ژنان دەکاتەوە، سەرنجی داوەتە بارودۆخی منداڵانیش، بیر لە بارودۆخی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، باری پیاوانی بە کێش و باڵا و ناسنامە کولتووری، نەتەوەیی، رەگەزی جۆراوجۆر…یش دەکەنەوە.

بەشی کۆتایی کتێبەکە خوێنەر بانگهێشت دەکات بۆ هاوهزری بوون بۆ دروست کردنی شوێنێک کە لەگەڵ هەموو دانیشتوانیدا بە ڕەوایی ڕەفتار بکرێ. کێرن لەم بەشەدا نموونەگەلێکی سەرکەوتووانە لە بەشداری کردن و هاوهزری بوونی کۆمەڵێک لە سەرانسەری دنیادا باس دەکات، بۆ نموونە ئەزموونی چاکسازی لە سیستەمی گواستنەوەی شاری ڤیەننای نەمسا لە ساڵی ١٩٩٩ زایینیدا. لەنێو ژنانی ڤیەننا ڕاپرسییەک کرا تا پێویستییەکان، کەموکورتییەکانیانی خۆیان لە بەکارهێنانی هۆیەکانی گواستنەوە گشتییەکان باس بکەن. دەرکەوت کە پێویستییەکانی ژنان لە بەکارهێنانی گواستنەوە شارییەکاندا، چەند شێوەیەکە و جۆراوجۆرتریشە لە هیی پیاوان. بۆ نموونە، ژنان لەبەر ئەو بەرپرسیاریەتیانەی لە ماڵەوە و دەرەوەی ماڵدا هەیانە (لە منداڵداری و بردنی منداڵ بۆ قوتابخانە و دایەنگە تا چاودێریکردنی دایک و باوکە بەساڵاچووەکانیان) بە درێژای ڕۆژ زیاتر لە پیاوان جەندین جار و لە مەودا کورتەکاندا پێویستیان بە بەکارهێنانی گواستنەوە گشتییەکان هەیە و دەبێت جۆرەها تێکتی میترۆ و پاس بگۆڕن. چونکە ژنان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە پارەیەکی زیاتر دەدەن بە دابین کردنی ئەو تێکتانە لە چاو ئەو ڕێگەیەی کە دەیبڕن. دەرکەوت کە دەبێت تێکتی هەرزانتر بۆ مەودا کورتەکان دابین بکرێت.

ڕاپرسییەکە ئەوەی دەرخست کە نەک بەتەنیا یەک یان دووان لە کابینی شەمەندەفەرەکانی شاردا، بەڵکو دەبێت لە تەواوی کابینەکاندا کورسی تایبەت بە ژنانی دووگیان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕەچاو بکرێت و فەزایەک بۆ عەرەبانەی منداڵانیش دابین بکرێت.

جەند ساڵێکە کە هەوڵە گشتیی و بەکۆمەڵەکان بۆ وێنا، خەیاڵ و گۆرینی فەزاکانی شار بەو مەبەستەی کە شار تایبەت بێت بە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، لە لایەن ژنانەوە جیدیتر بووە. یەکێک لەم جوڵە بەکۆمەڵ و گشتییانە کە لە ناخی ئەم هەوڵانەدا هەڵقوڵاوە، گروپی ئاوربانیستایە، تۆڕێکی نێودەوڵەتی لە ژنان کە بە دوای هاندان و ئامادەبوونی بەربڵاوتری دەنگ و بیرۆکەی ژنان لە دیزاین و داڕشتن و بیناسازیی فەزای شاردایە. ئەم پێکهاتنە لە بەریتانیا هەڵقوڵا و دەیان وڵاتی تریشی گرتەوە. ئەوان باوەریان وایە دەنگی ژنان لە ئەزموونی دیزاینی شاردا لەبەر چاو نەگیراوە، یاخود لە گەشبینانەترین باردا کەمتر بیستراوە و بە پشتگیری و ڕیکلام، هاندان، فێرکردن و ڕیایی  بەدوای  ئامادەبوونی ژنان  لەسەر هەر مێزێکدا هەن کە سەبارەت بە دیزاین و پێویستییەکانی فەزا گشتییەکان و ناوخۆییەکان بڕیار دەدەن.

کێرن دووپاتی دەکاتەوە بە پێچەوانەی بیروباوەری گشتی “شاری فێمینیستی” شارێکی بە تەنیا موڵکی ژنان و بۆ ڕەچاوکردنی پێویستییەکانی ژنان نییە. شارێکە لەگەڵ هەموو هاوڵاتیانیدا لە چوارچێوەی خەیاڵی “پیاوی بە توانا” رەفتار ناکات. شارێکە کە بە هەمان ئەندازە کە بیر لە ژنان دەکاتەوە، سەرنجی داوەتە بارودۆخی منداڵانیش، بیر لە بارودۆخی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، باری پیاوانی بە کێش و باڵا و ناسنامە کولتووری، نەتەوەیی، رەگەزی جۆراوجۆر…یش دەکەنەوە. بە بۆچوونی ئەو “شاری فێمینیستی ئەزموونێکی بەردەوام و بێکۆتاییە کە چۆن بە شێوەیەکی تر بژین، بە شێوەیەکی باشتر، بە شێوەیەک کە شار وەک فەزایەکی گشتی و بەکۆمەڵ زیاتر کراوە بێت و لەگەڵ دادپەروەرییەکی زیاتر بۆ تاک بە تاکی ئێمەی دانیشتوان.”


[1] کەسێ کە هەژار بووە و دۆخێکی باشی نەبووە و بە هۆی ڕووداوێک یان پاداشتێکەوە دەگات بە شتێ و ئیتر ژیانی خۆی دەگۆڕێ …

[2] ناوچەیێ کە خەڵکی هەژاری تیان و لە ڕەوشێکی خراپ دایە و بە هاتنی کەسانی دەوڵەمەند بەرەبەرە ڕەوشێ ئەوێنە بەرەو چاکی دەڕوا