ژنانی کورد و فێمینیزم

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (هاوژین زیبا)ە بۆ پرسیارێکی تەوەری (تەوەری فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی).

خەباتی ژنان و هەوڵەکانی ژنان لە پێناو ئازادی و ڕزگاربوون لە کۆتوبەندی پیاوسالاری مێژوویەکی زۆر دوور و درێژی هەیە بە درێژای ژیانی مرۆڤایەتی و دروستبوونی شارستانییەتەکان ژنان بەرانبەر بە ستەم و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری بێڕۆڵ و کاریگەر نەبوون و بە ئاسانی ئەم زیهنییەتە نەیتوانیوە ببێتە کولتوور و سیستەمی کۆمەڵایەتی ژیانی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەی  هەموو دەزگا، سیاسەت، بیر و باوەڕ و ئایینە تاک خوداییانەی ڕەوایەتی بەم زیهنییەتە داوە و بەردەوامن، بەڵام هێشتا ژنان لە هەوڵدان دانەبڕاون و هەمیشە کاریان کردووە بۆ شکاندن و ڕاستکردەوەی هەڵەکان کە بەرانبەریان کراون و دەکرێن لە جیهاندا و ئەگەر ژنانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە نموونە وەربگرین، ئەو بزوتنەوانەی کە لە ماوەی سێ نەوەی دوالەدوای یەک لە دەیەی ١٨٥٠ تا دەیەی ١٩١٠، بوونیان هەبوو، بەگوێرەی بارودۆخی سەردەمەکانیان ئامانج و پلان و پرۆگرامی تایبەت بە خۆیان هەبوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک سەبارەت بە خراپی دۆخی ژنان. لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجێکی بنەرەتی هەموو چالاکوانان بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە ئەویش: ژنان دەبێت ئامانجی خۆیان هەبێت لە ژیانیاندا و توانای بڕیاردان و کۆنترۆڵکردنی خۆیان و ژیانیان لە دەستی خۆیاندا بێت. ئەم داواکارییە سەرەتاییە بنەڕەتیانەی ژنان لەو مێژووەوە کە دەستی پێ کردووە تا ڕۆژی ئەمرۆش کە لە سەدەی ٢١دا دەژین ناتوانین بڵێین لە بەشێکی بچوکی ئەم سەرزەمینەشدا ژنان گەیشتبن بە ئەو ژیانەی کە سەربەخۆ و  ئازاد بن و ژن بوونیان نەبێتە بەربەست لەبەردەم کارەکانیان یان ڕەفتار و خواستەکانیاندا.

ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەتوانین لە هەندێک ڕووەوە باشتر بژین لە نەوەی پێش خۆمان بەرهەمی هەوڵەکانی ژنانە، نەک ئەوەی دیارییەکی دەستی پیاوان بێت و بە ژنان بەخشرابێت.

لە هەرێمی کوردستان ژنانێکی زۆر ماندوون و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان و باشترکردنی ژیانی ژنان دەدەن و بەرهەمیشیان هەبووە. بۆ نموونە ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەتوانین لە هەندێک ڕووەوە باشتر بژین لە نەوەی پێش خۆمان بەرهەمی هەوڵەکانی ژنانە، نەک ئەوەی دیارییەکی دەستی پیاوان بێت و بە ژنان بەخشرابێت. لەگەڵ ئەوانەشدا هەوڵەکانی ژنان بەبێ رەخنە نین و ناتوانین بڵێین کاری زۆر باش کراوە، بێگومان ئەمەش هۆکاری خۆی هەبووە. بە بڕوای من هۆکارێکی سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ ئاشنا نەبوون بە فێمێنیزم و چەمکی فێمێنیزم و دروستبوونی کەسایەتی فێمێنیست لەناو ژنانی کوردستاندا.

فێمینیزم و بزووتنەوەی فێمینیستی لە كوردستان لە هەژاری تیۆریدایە و ژنانی کۆمەڵی کوردستان نەیانتوانیوە خۆیان وەك بزووتنەوەیەكی گشتگیر و بەهێزی فکری بخەنە ڕوو

فێمێنیزم لە كۆمەڵی كوردیدا نوێیە، وەك چەمك لە لای كورد، چوار دەیەیە كاری پێ دەكرێت و پێشتر بە ئەدەبیاتی سیاسی و كۆمەڵایەتیمان نائاشنا بووە. جۆرێك ناتێگەیشتن لەم چەمكە دەبینین، سیستمی پیاوسالاری چەمکی فێمێنیزم وەک فکرەکەی بە بزووتنەوەیەكی دژەپیاو پێناسە دەكات لە حاڵێكدا بە پێچەوانەی ئەم بیركردنەوەیەوەیە فێمێنیزم دژ بە زیهنییەتی پیاوسالاری و ئیمتیازەکانی پیاوسالاریيە کە بەخشراون بە پیاوان بۆ پەراوێزخستنی ڕۆڵ و کەسایەتی ژنان.

یەکێکی تر لە  كێشەكانی بەردەم بزوتنەوەی فێمینیستی لە كوردستان كێشەی تیۆریيە. بەو مانایەی فێمینیزم و بزووتنەوەی فێمینیستی لە كوردستان لە هەژاری تیۆریدایە و ژنانی کۆمەڵی کوردستان نەیانتوانیوە خۆیان وەك بزووتنەوەیەكی گشتگیر و بەهێزی فکری بخەنە ڕوو و تەنانەت لەوەش دەترسن بە خۆیان بڵێن فێمینست، لە کاتێکدا فێمینیست بوون واتای ناڕازی بوون بەو ژیانە سەپاوەیە کە ژنان تیایدا بێ ناسنامە و بێ کەسایەتی سەربەخۆن.

بەشێک بڕوایان وایە مادام فێمینیزم و قوتابخانە فێمینیستییەکان بەرهەمی بیری ژنانی ڕۆژئاوایە، کەواتە ئەم بیرۆکەیە ناگونجێت لەگەڵ کولتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردستاندا! کەسانێکیش هەن کە هەر لە بنەڕەتدا پێیانوایە سرووشتی ژن بۆ ئەوە نابێت هەموو ئەو ماف و دەرفەتانەی پیاو هەیەتی پێی بدرێت. ئەمجۆرە لە بیرکردنەوەش بەشێکی لە ئایینی ئیسلامەوە سەرچاوە دەگرێت. جیا لەمانەش کەسانێک هەن کە پێیانوایە مافی یەکسانی ژن لەگەڵ پیاو دژایەتی هەیە لەگەڵ کۆمەڵی کوردستان چونکە ئایینی ئیسلام لەم کۆمەڵگایە پێڕەو دەکرێت و داخوازی فێمینیستەکان و مافی یەکسانی دژایەتی لەگەڵ هێڵە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام هەیە، چونکە بە بڕوای ئەوان ئایینی ئیسلام هەموو مافێکی یەکسانی بەخشیوە بە ژنان و پیاوان!

ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری دیکەش وای کردووە هەستی ناڕازی و هەوڵەکانی ژنان دژ بە زیهنییەتی پیاوسالاری و سیستەمی باڵادەستی نێرانە لەناو کۆمەڵ و داب و نەریت، سیاسەت، زمان، میدیا و حزبەکاندا زۆر بەهێز نەبێت و هەوڵەکانی ژنان لە چوارچێوەی چالاکی و یادکردنەوەی بۆنەکان و بەشداری کردن لە کۆڕ و سمینارەکاندا بمێننەوە و نەبن بە ڕێگەچارەیەکی ڕیشەیی بۆ چارەسەری دۆخی ژنان و دروستکردنی ژیانێک کە مرۆڤەکان تیایدا ئازاد بن و ژنان خاوەنی کەسایەتی و ناسنامەی سەربەخۆی ژن بوونیان بن.