كانییە مۆمیاكراوەكانى نەرسیس

دەربارەى زانست و سەلەفییەت لە دنیاى ئیسلامدا

١

ماوەیەكى كورت بەر لەوەى كەشتیى ئاسمانى پێرسەفێرەنسى ئەمریكى لەسەر هەسارەى مەریخ بنیشێتەوە، گالیسكەى “الأمل”ـى وڵاتى ئیمارات بەرەوى هەمان هەسارە هەڵدرا. ئامانجى گەشتی گالیسكە عەرەبییەكە، وەك گەشتەكانى تر، گوایە كۆمەڵێك ئامانجى زانستین. گۆرانیى فەرمیى پرۆژەكە هونەرمەندى ناسراوى عێراقى كازم ساهیر چڕى و شیعرەكەیشى محەمەد بنڕاشد ئال-مەكتومى سەرۆكى ئیمارات نووسیویەتى. هۆنراوەكە سادەیە و تاڕادەیەك لە نەوەیەكى عەرەبیى شیعرى “تەیارە”ى فایەق بێكەس دەچێت. بێكەس لە شیعرەكەیدا زانستى وەك بەرهەمى ئەوانى بێگانە و ڕۆژئاوایى وەسف كردووە كە هەر خۆیشیان ناویان لێناوە؛ لە شیعرەكەى ئال-مەكتومدا بەرهەمەكە تا ئەندازەیەك ئاشنایە، شتێك لەو دیوە سەیروسەمەرەى ون كردووە كە دەشێت میللەتێكى نامۆ بە زانست تووشى سەرسوڕمان بكات، لە برى ئەمە ستایشەكە دراوەتە پاڵ خودى نەتەوەى عەرەبى كە بە ئاستێك گەیشتووە بتوانێت بەرەو مەریخ بڕوات؛ وەك بڵێى دەستیان بە مەحاڵێك گەیشتووە كە سەنگ  و پێگەى عەرەب لە جیهاندا دەگۆڕێت.

لە شیعرى كوردیى كۆتایى سەدەى نۆزدە و سەرەتاى سەدەى بیستدا، پێگەى زانست ستایش كراوە و میللەت زۆر هان دراوە چراى زانست دژ بە دواكەوتوویى هەڵبگرن، بەڵام ئەم ستایشە تەنانەت نەبۆتە ژێستیش، پتر ڕیابازییەكى زمانەوانى بووە كە هەرگیز نەگەیشتە شوێنێك ڕوخسارى تاریكایى تیغ بكات. هۆكارى ئەمە، لە لایەك ئەوەیە كە لە سەدەى ڕابردوودا منەوەرانى كورد خۆیان تەنیا دەستیان بە ڕووناكیى شیعر گەیشتووە كە بۆ ڕۆشنكردنەوەى هەموو شتێك، لەوانەیش زانست، بەرزى بكەنەوە. پرۆژەى ڕۆشنگەریى كوردى تاكڕەهەند و كاڵوكرچ لەنێو شیعردا دەركەوتووە و نەبۆتە پرۆژەیەكى هەمەلایەن، بۆیە هیچ ناوەڕۆكێكى زانستى بۆ زانستى مۆدێرن خۆى لە ئارادا نەبووە؛ شیعر تاكە زمانى گەشەكردووى ئێمە بوو كە بشێت لە غیابى زانستدا ببێتە جێگرەوەى و قسە لەسەر ئەو شۆكەیش بكات كە لەو سەردەمەدا كۆمەڵگە پێش-مۆدێرنەكانى وەك ئێمە لە بەركەوتنیاندا بە جیهانى نوێ هەستیان پێ دەكرد. لە لایەكی تر، گەر لەسەر ئەوە كۆك بین كە شیعر كەوشەن و یاساى دیاریكراوى نییە و پتر لە زمانەوە پانتایى ئازادیى فراوان دەكات، واتە بە شكاندنى یاساكانى دووبارەبوونەوە پەشۆكان لە خودى نەزمى زماندا دروست دەكات و دەرفەتى دەرە-ئاسۆ و پێشبینینەكراوەكان دەڕەخسێنێت، ئەوا دەبینین لە ڕۆژئاوا ئەم مانایەى شیعر دەكەوێتە بەرامبەر گوتارى زانستیى پۆزەتیڤیزمەوە كە دەیویست ژیانى كۆمەڵایەتى میكانیكییانە دابڕێژێتەوە. ئەمە بەو مانایەیە كە شیعر خۆى لەوە دوور گرتووە ببێت بە “شیعرى زانستى”؛ نەیویستووە بە ڕێسا باس لە ناوەڕۆكێكى زانستى بكات، دەنا خۆیشى وەك شیعر هەڵدەوەشێنێتەوە. بە پێچەوانەیشەوە، لە ئیپستیمەى كۆتاییەكى سەدەى بیست و بەراییەكانى سەدەى بیست و یەكدا كە دەكرێت بە ئیپستیمەى ڤێرتوێل ناوى ببەین، دنیاى مەجازى بە كاریگەریى هەندێ لایەنى تیۆرى ڕێژەیى و سەرهەڵدانى تیۆرى دیكەى وەك فیزیاى كوانتەم و فرەگەردوونى و تیۆرى كایۆس لە زانستدا بە تەواوى گەشەى كرد، بەم جۆرە زانست دەربارەى جیهانە گەورەكەمان كۆك و گونجاو لەگەڵ مەجازیبوونەوەى جیهانە بچووكەكەماندا كەمێك خۆى مەجازى/شیعرى كردەوە. ئەم بەشیعربوونەى زانست قسەى زانستە لەسەر خۆى بە زمانى شیعرى وەختێك هاوكێشەى بیركارى دەرەقەتى خستنەڕووى ئەوە نایەت كە كەشف كراوە؛ ئەوەى زانست بینیوویەتى جیهانێكە زیاتر لە شیعرەوە نزیكە تاوەكو لە فاكتى ڕووت، زیاتر ڤێرتوێلییە تاوەكو واقیعى. ئەمەیش جیاوازە لەو دۆخە پێش-زانستییەى وا لاى ئێمە هەبووە كە قسەى شیعر بووە بە زمانى شیعرى لەسەر زانست. ئەى كەواتە ئەم ستایشە بێ بەرهەمەى زانست لە شیعرى ئێمەدا لە كوێوە هاتووە؟ وەڵامەكەى سادەیە: ئەوەى شاعیرانى ئێمە وەك زانست لێكیانداوەتەوە، لە ڕاستیدا تەكنۆلۆژیایە؛ تەكنۆلۆژیا وەك بەكەرەستەبوونەوەى زانست لە دوایین دەرەنجامە عەمەلییەكانى خۆیدا، وەك شتێك كە دەكرێت ببینرێت و بە كار بهێنرێت. لێرەوە هەر تێگەیشتنێك لە زانست لە ستایشى تەكنۆلۆژیادا ماوەتەوە و هەرگیز نەگۆڕاوە بۆ فزووڵیەكى مەعریفى و نەبووە بە پاڵنەرى كەشفكردنى زانست. بۆ ڕۆژئاوا، هابەرماس دروست بۆی چووە كە لاى وایە زانستى نوێ تەنیا بۆ ئەوە هەیە تەكنۆلۆژیزە ببێت، بەڵام بۆ كۆمەڵگەیەكى وەك ئێمە لەو سەردەمەدا كەشفكردنى پشتى تەكنۆلۆژیا بەهادارتر دەبوو، چونكە نەك تەنیا لە ڕووى بازاڕ و تەكنیكەوە بەڵكو لە ئاستى كولتووریدا پێویستیمان بە زانست بوو، واتە لەوێدا كە زانست دەیتوانى بەشدار بێت لە ململانێیەكى ڕیشەییدا دژ بە عەقڵى ئایینى و خورافى كە دەمێكە  زانست لە ڕۆژئاوا بە سەركەوتوویى لێى هاتۆتە دەرەوە. بە كورتى شیعر وەك كەرەستەى ئێمە بۆ ئەزموونكردنى جیهان لە زماندا، پتر سەرسوڕمان بووە بەرامبەر بە تەكنۆلۆژیا نەك خودى زانست؛ خاڵى دەستپێكى ئەم تەكنۆلۆژیایە لە شیعرەكەى بێكەسدا “شتى ڕووت”ـە، واتە مادەى خام، ڕەق و تەق و بێ شێوە: “شتێكى بێڕۆح و گیان”: دواتر فۆڕمى پێدەدرێت: “دوو باڵى پێوەیە، جوان”؛ سیحر و سەرسوڕمانەكە ئەوەیە كە ئەم شتە بێگیان و ڕووتە دەتوانێت بفڕێت؛ بەو مانایەى فڕین كە لە ڕووى زانستییەوە كۆمەڵێك ڕەگەز ڕۆڵى تێدا دەگێڕن، لەوانە هەوا و یاساى ڕاكێشان هاوسەنگى، بە تەواوەتى فەرامۆش كراون و تەنیا ئامێرەكە لە كاتى كاركردندا لەبەرچاو گیراوە. بە گشتى شیعرەكە تەنیا لە وەسفێكى دەرەكیى فۆڕمى بەرهەمە زانستییەكەدا گیرساوەتەوە.

چەند منەورێکی کورد ساڵانی (١٩٣٤-١٩٣٨) پیرەمێر، حوزنی موکریانی، گۆرانی شاعیر و فایق بێکەس، فۆتۆ ڤ. ف. مینوڕسکی

٢

لە مێژووى زەینى عەرەبیدا لایەنیكەم سێ جۆرى فڕین هەن كە هەرچەندە داهێنراوى تەكنیكى نەبوون، بەڵام دەكرا بەشداریى لە بەرەوپێشبردنى كولتووریدا بكەن ئەگەر بێتوو فیكر و هونەر وەك پێویست لەو زەینەدا ڕێزیان لێ بنرایە: یەكێكیان ئایینییە (بۆراق)، ئەوی تریان ئەدەبییە (فەرشەكەى سندیباد) و سێیەمیان هەوڵێكى ناسەركەوتووى زانستییە (عەباسى كوڕى فیرناس). بۆراق ئەو باڵدارە خوداییەیە كە محەمەدى پێغبەمبەر گەشتە ئاسمانییەكەى خۆى پێ دەكات. وێناكردنى گیانەوەرێكى دووڕەگ لە شێوەى ئەسپدا بە دوو باڵەوە كە بە خێراییەكى بروسكەئاسا دەڕوات، هەر لە پێشترەوە لە میزۆپۆتامیا لە شێوەى گاى باڵداردا وێنا كرابوو و لە كولتوورە ئاینییەكانى دیكەیشدا هەبووە، لەوانە لە میسر و ئەفسانەكانى یۆناندا كە پڕن لە وێناى بوونەوەرى لێكدراوى وەك مرۆڤ و ئەسپ، ئەسپ و هەڵۆ و بزن و مرۆڤ. بەڵام بۆراق لە شارستانێتى ئیسلامیدا، هەرگیز نابێتە ئوبێكتێكى هونەرى كە لە نیگاركێشان و پەیكەرتاشیدا دەربكەوێتەوە، وەك ئەوەى لە شارستانێتییەكانى تردا دەیبینین. لە ئەدەبیاتدا گۆڕانێك ڕوودەدات: لە چیرۆكەكانى هەزار و یەك شەوەدا ئەوەى دەفڕێت چیتر بوونەوەرێكى نادیاریى خەیاڵى نییە، بەڵكو فەرشێكى مەلموسى جادووییە. فەرشە فڕیووەكەى سەردەمى عەباسییەكان، لە لایەك پێدەچێت ئیلهامبەخشى داهێنانى گسكى فڕیووى جادووگەران بێت لە خەیاڵى ئەوروپیدا كە مەسیحییەت و زانست پێكەوە سەركوتیان دەكەن، لە لایەكى تر ئیزافەكردنى سیفەتى فڕین، وێناكردنى ئامێرێك نییە كە تواناى فڕینى هەبێت؛ بەڵكو پتر لە پەیوەندیدایە لەگەڵ قووڵایى مرۆڤدا، لەگەڵ كۆدەكانى عاتیفە و هەستى مرۆڤدا كە پێیان دەكەوێتە جووڵە، بۆ نموونە ڕەنگە بەهرەیەكى تەواو عاشقانەى نهێنى لە دروستكردنیدا بەكارهێنرابێت، بە تایبەتیش كە ئێمە دەزانین هونەرى فەرش چنین لە كولتوورى ئێرانیدا هەمیشە گرنگییەكى تایبەتى هەبووە. لێرەدا فەرشە فڕیووەكەى سندیباد لە خەیاڵى ڕۆژهەڵاتیدا دەكەوێتە بەرامبەر خەیاڵى زانستیى دەفرى فڕیووەوە كە دوو وێناى جیاوازن بۆ ئەو شتەى كە دەفرێت لە دوو باكگراوندى دەروونى و مێژوویى ناچوونیەكەوە. فەرشەكەى سندیباد پەیوەستە بە هێڵى هەڵهاتنى كۆچەرییەوە، لە كاتێكدا دەفرى فڕیووى خەیاڵى زانستیى ڕۆژئاوایى پتر بەرهەمى زینۆفۆبیا و خواستە ئیمپریالیستییەكانە. لە قۆناغێكى دیكەدا پیاوێك ئارەزووى فڕین لەنێو تاقمێكى داهێنراودا ئەزموون دەكات كە نە جووتێك باڵى خەیاڵییە و نە جادووە و نە ئامێرێكى “بێڕۆح و گیان”ـیشە؛ ئەو خۆى دەكات بە باڵندە، واتە خۆى وەك مرۆڤێك لە پێكەوەبەستنێكدا لەگەڵ هەندێ بەشى تردا كۆدەكاتەوە و تاقمى فڕینى عەباسى كوڕى فیرناس پێكدەهێنێت. ئەم تاقمە كە مرۆڤ خۆى لەنێو سەنتەرەكەیدایە، نەك سوارى ببێت، پتر كۆكە لەگەڵ عیرفانى ڕۆژهەڵاتیدا، بەڵام لەوێدا لە عیرفانیش جودا دەبێتەوە كە عەباس دەیەوێت بە واقیعى بفڕێت و بۆ ئەمەیش ناچارە مامەڵە لەگەڵ یاساكانى فیزیادا بكات. لێرەدا ئەزموونە تاقانەكەى عەباس لە عەقڵى ئامێریى ڕۆژئاوایى جیاوازە كە فڕۆكەى داهێناوە. عەباس دەیویست خۆى تواناى فڕین بەدەست بهێنێت، نەك لەنێو شتێكدا دانیشێت و شتەكە بفڕێت. تەكنۆلۆژیا بریتییە لەمە: دروستكردنى كەرەستەگەلێككە لە برى ئێمە كارەكان بكەن و ئێمە سوودیان لێ وەربگرین، بە مانایەكی تر، تواناگەلێك بەوان ببەخشین كە ناتوانن بە خۆمانى ببەخشین. ئەمە لە هۆشى دەستكرددا دەگات بە خاڵێكى لابەلابوونەوە، كە چیتر ئەوە “شتێكى ڕووت” نییە، بەڵكو تەكنۆلۆژیایەكى هۆشمەندە كە هۆمۆساپیەنس بە جۆرێك دایهێناوە و خستوویەتییە سەر ڕەوتێكى پێشكەوتن كە ڕەنگە لە داهاتوودا مەخلوق شوێن بە خالقەكەى خۆى لێژ بكات.

blank
پۆرترێتی فایەق بێکەس، لە هیچ ماڵپەڕێک و پێگەیەکی ئەنتەرنێت ئاماژە بە ناوی نگارکێشەکە نەکراوە.

٣

لە دواى كەوتنى ژیارى ئیسلامى بەدەستى مەغۆلەكان و پاشان پاشەكشەكەى لە بەرامبەر شارستانێتى ئەوروپیدا، جیهانى ئیسلامى پتر دەچێتەوە خۆى و تا ڕادەیەكى ترسناك نەریتى دەبێتەوە؛ ئیدى نەك تەنیا دژ بە هەموو پرۆژە ڕۆشنگەرەكان دەوەستێتەوە، بەڵكو ئەو هەوڵە كەمانەى پێشتریش لەنێو دەبات كە لە ئەدەبیات و زانست و تەكنیكدا دەكرا ببن بە بناغەى هەنگاوەكانى دواترى داهێنانى ژیارى، لە كاتێكدا لە لاكەى ترى دنیا، گەشەى زانستى بۆ ماوەى پێنج سەد ساڵ بەردەوام دەبێت و بە بردنەوەى لە شەڕى كۆنزەرڤەتیڤەكاندا، لە لایەك گۆڕان لە جیهانبینیى مرۆڤى ئەوروپاییدا وەدیى دێنێت و لە لایەكی تر لە تەكنۆلۆژیاى سەرسوڕهێنەردا ماتریاڵیزە دەبێت، كە ڕەنگە جێى شاگەشكەبوون و ترسیش بووبێت (تەنانەت كارەسات و جەنگیشى لێ كەوتۆتەوە) بەڵام، بەهۆى ئەوەى هیچ شارستانێتێك نەبوو وا بكات شارستانێتى ڕۆژئاوایى لە بەرامبەریدا شەرم لە خۆى بكات، نەبووە تراومایەكى قورس كە وەها بەسەر خۆیدا بیشكێنێتەوە لە ناوەوە تووشى پیشخواردنەوەى بكات و سەرجەمى كولتوورەكە بگۆڕێت بۆ نەخۆشێكى نیرۆسی. لە ڕۆژئاوا پرۆسەكە بەرەبەرە گەشەى كردووە و هەنگاوەكان هەندێك ڕۆشن و پێشبینیكراو بوون؛ لە كۆمەڵگەكانى ئێمەدا زانست (كە بە قەولى ڤێبەر بەشێكە لە “لەئەفسوونداماڵینى جیهان”)، خۆى وەك ئەفسوون كەوتۆتەوە، لێرەدا ئەفسوون بە ماناى جوانى و مەتەڵێك نییە لە شتەكاندا كە ببێتە بابەتى سەرنجڕاكێشان و شەیداییەكى داهێنەرانە، بەڵكو بە واتاى وێناكردنى شتەكانە وەك سیحر و پەرجوو لە دۆخێكدا كە پرۆسە مێژووییەكان لەبەرچاوماندا ڕوون نەبوون، هۆشمان لەگەڵیان ڕانەهاتووە و مەشقى لەسەر پێشبینیكردنى هاتنەدى وەها خەیاڵێك نەكردووە. بەم پێیە تراوماكە لە زمانى شیعریدا وەك پەرجوو كەوتۆتەوە. پەرجوو تەنیا فۆڕمێكە كە ڕوودات و هیچ تەفسیرێكى عەقڵیمان بۆى نییە، واتە نەك تەنیا هیچ هۆكارێكى ڕوون لە پشتییەوە نابینین، بەڵكو خودى زنجیرەى هۆبەندیى دەترازێنێت. هەروەها پەرجوو فۆڕمێكە ئاوەڵا دەبێت بەڵام نازانین ناوەڕۆكەكەى كامەیە؛ بەم پێیەى دالێكە كە هێندە پتەو و بەهێز نییە مەدلولوكەى بگوازێتەوە و ببێتە نیشانە، لەبەر ئەوەى فۆڕم خودى دالى پەكخستووە. بە بڕواى بارت نیشانە دال و مەدلولە، بەڵام دال خۆى فۆڕم و مانایە، دال كە دەبێتە فۆرم بە تەنها، ماناكەى هەژار دەكەوێت، دوور دەكەوێتەوە، دەچێتە دۆخى سەرە مەرگ. كەشتیى پڕسەفێرەنسى ناسا ئەفسانەیەكە كە بۆتە نیشانە؛ لە كاتێكدا دەتوانین كەشتییەكەى ئیمارات وەك فۆڕمى دالێك ببینین كە ماناكەى بە تەواوى هەژارە و لە دۆخى هەڵپەساردندایە، بەڵام ئەم هەژارییە نامرێت، لە برى ئەوە دەبێتە وزە بۆ بە ئەفسانەبوونێكى لێڵ و ناڕوون كە بەردەوامبوونە لەسەر كڕینى پەرجووى نوێ.

٤

وەسفكردنى داهێنانە تەكنۆلۆژییەكان وەك پەرجوو لاى ڕۆشنبیرانى كورد، بە پێچەوانەى گوتارى كینەدۆزیى فەندەمێنتاڵانە بەرامبەر ڕۆژئاوا، واتاى ئەوەیە كە گەرچى هیچ تێگەیشتن و ڕاڤەیەكى زانستی بۆ تەكنۆلۆژیاكان لە گۆڕێدا نەبووە، بەڵام نكوڵیشیان لێنەكراوە، بگرە بوون بە بابەتى شەیدایى. دواى ئەوەى لە سەد ساڵى ڕابروودا سەلەفیزم بەرەبەرە پرۆژە ڕۆشنگەرەكانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا تێكشكاند، پەرجووەكە لەوە لاوازتر كەوت ببێت بە تاسەیەكى مەعریفى بۆ كەشفى زانست. لەم ساڵانەى دواییشدا، تەنانەت كە تەكنۆلۆژیاكانى نوێى بینین دەرفەتى ڕوونبوونەوەى مەتەڵەكەیان ڕەخساند، سەلەفیزم لەوە بەهێزتر بوو ڕێگە بدات سەرسوڕمان بەرامبەر دەستكەوتەكانى زانست بگۆڕێت بۆ پرۆژەى زانستى. فەندەمێنتاڵیزم زەمینەى گونجاوى خۆى لەنێو زەینى عەوامى ئێمەدا بینییەوە، زەینێك كە دەرچوونى ستوونى لە زەوى وەك بەرەنگاربوونەوەى خودى ئاسمان دەبینێت، گوایە ئاسمانیش شوێنیى نهێنیى خودایە و ئەم دەرچوونەیش دەبێتە دەستدرێژى بۆ سەر قەڵەمڕەوییەكەى؛ بە تێرمینۆلۆژیى دەروونشیكاریى: ئاسمان هەمان پێگەى ڕەمزیى باوكە كە دەستدرێژیكردنە سەرى تابۆیە.

لە زەینى مرۆڤى ئەوروپیدا مەریخ دەبێتە كۆپییەكى زەوى، هەمان ئەو جیهانە مرۆییەى كە هەمانە و تێیدا دەژین دەیهاوێژینە سەر مەریخ

هەر لە درێژەى ئەم شرۆڤە دەروونشیكارییەدا دەتوانین بە تیۆرى “سەرهاویشتن” مەریخ لێك بدەینەوە: بە بڕواى ڕۆلان بارت لە زەینى مرۆڤى ئەوروپیدا مەریخ دەبێتە كۆپییەكى زەوى، هەمان ئەو جیهانە مرۆییەى كە هەمانە و تێیدا دەژین دەیهاوێژینە سەر مەریخ؛ مرۆڤى كۆن چۆن خوداى لەسەر شێوەى خۆى داتاشیوە، ئاوەهایش ئێمە مەریخمان لە شێوەى زەویدا داتاشیووە. مەریخ هەر لە پێشترەوە لە خەونە ئایدیاڵیزەكراوەكانى مرۆڤى ڕۆژئاواییدا هەیە؛ چونكە مەریخ ناوێكى دیكەیە بۆ “سۆڤییەت”، واتە بۆ جیهانێك كە لە دۆخى جەنگى سارددا، لە ڕوانگەى لیبراڵیزمى ڕۆژئاواییەوە، لە هەر ئامانج و مەبەستێك خاڵییە و پەڵەیەكى ناڕوون و تاریكى سەر بە جیهانێكى دیكەیە لە زەمیندا: بەم مانایە سۆڤییەت دەبێتە ڕووبەرێكى هەڵواسراو لەنێوان زەمین و ئاسماندا. جا بۆ ئەوەى ئەم “ئەوی تر”ەى مەریخ لە ئەوی ترێتیى بخرێت، لەسەر شێوەى زەوى دروست دەكرێتەوە، تەنانەت لە ڕووى ئایینییشەوە دەخرێتە نێو ئامێرى كۆپیكردنەوە. بارت باس لە بابەتێكى ڕۆژنامەىLe Progress de Lyon دەكات كە وا بڵاویكردۆتەوە دانیشتوانى مەریخ كریستیانن و مەسیحى خۆیان و پاپاى خۆیشیان هەیە، خۆ ئەگەر وا نەبووایە نەیاندەتوانى ژیارێك پێكبهێنن كە تواناى بەرهەمهێنانى دەفرى فڕیووى هەسارەبڕى هەبێت؛ بە گوێرەى ڕۆژنامەكە ئایین و پێشكەوتنى تەكنیكى هەمان چاكەى ژیاریى پێكدەهێنن و ئەگەر ئەو بوونەوەرانە بتپەرست بن ئەوا ناتوانن بگەنە لاى ئێمە.

blank
رۆلان بارت (١٩١٥-١٩٨٠) فەیلەسوفی فەڕەنسی

بە لاى بارتەوە فیكرى ڕۆژئاوایى فیكرێكى “هاوشێوەساز”ە؛ لەنێوان ڕەگەز و جۆرە جیاوازەكاندا هاوشێوەیى پێوانەیى پێكدەهێنێت، بەڵام لەژێر نیگاى سێیەم و بە هاوكاریى باڵاكردنەوەیەكى نێوانگیر كە لە ململانێى ویلایەتە یەكگرتووەكان و سۆڤییەتدا ئەم نێوانگیرە ئاسمانە. دەفرە فڕیووەكان خەیاڵكردێكى زەمینییە و ڕەنگە بەدەر نەبێت لە داڕشتنى ئەنقەست بە مەبەستى ترس و تۆقاندنیش، بەڵام لە ڕێڕەوێكى كەوانەییدا وێنا دەكرێت كە لە پنتە بەرزەكانەوە بەرەو خوارەوە لێژ دەبێتەوە؛ یەكەمجار دەنێردرێتە ئاسمان و دواتر لەوێوە دێتەوە بۆ سەر زەمین. ئەوە ئێمەین دەمانەوێت بە كەشتییەكانمان بچینە فەزا و سەر ئەستێرەكانى دیكە و ئەوە فەزاییەكانن لە خەیاڵى زانستیماندا لەسەر زەوى دادەبەزن. لە ڕۆژئاوا هەموو ڕەگەزە زانستى و مێژوویى و زەینى و دەروونی و سیاسییەكان ئامادەن تاوەكو خەڵكى بە ئاسانى نەك بڕوا بەوە بهێنن كە دەتوانین بچنە دوورترین گەلە ئەستێرە، بەڵكو دەتوانن بڕوا بە پێچەوانەكەیشى بهێنن، واتا بوونى بوونەوەرانێكى ئێجگار پێشكەوتووتر كە هەژموونیان لەسەر كەشكەشانەكانى دیكە كردووە و دەتوانن لە هەر ساتێكدا بێت لەسەر زەوى داببەزن؛ ئەمە خەیاڵى خودى مرۆڤى خۆرئاواییە دەرهەق بە خۆى؛ واتە داگیركردنى فەزا و كەشكەشانەكان ئامانجى ناوەكیى خودى ژیارى ڕۆژئاواییە كە ئاسمانیی كراوەتەوە و دراوەتە پاڵ بوونەوەرانێكى خەیاڵیى وەك مەریخییەكان. ئەم تەكتیكە لە ئاستى یەكەمدا هەمان فێڵى نا-ئاگایانەى سەرهاویشتنى فرۆیدییە كە لایوایە ئێمە نیازە نائاگایانەكانمان، خواستە شەرەنگێزەكانمان دەدەینە پاڵ مردووەكان، یان ڕۆحە خەیاڵییەكان.

blank
گالیسكەى “الأمل” بەشێكە لە هەمان زۆر بوونى زڕە-وێنە لە جیهانى نوێدا

٥

شۆكى بەركەوتنى سەرەتاكانى جیهانى ئیسلامى بە مۆدێرنەى ڕۆژئاوا، كە پتر تراومایى كەوتەوە، لە دواتردا بە دوو ئاراستەدا كاریگەریى دانا: لە لایەك لێوەى گوتارى دژە-ڕۆژئاوایى پەرەی سەند؛ لە لایەكی تر كاركردن بۆ ئاساییكردنەوەى شۆك و تراوماكە لە ئاستە فەرمییەكاندا، بە هەوڵدان بۆ تێگەیشتنى كرچ و كاڵ لە زانست و هاوردەكردنى فۆڕمەكان و پەرەدان بە مۆدێرنیزمێكى ڕووكەش، بەمەیش پڕكردنەوەى مەحاڵى كەلێنى پێشكەوتن لەنێوان شارستانێتى ئیسلامى و ڕۆژئاوادا. لە سەدەى بیستدا گوتارى یەكەم پتر لەو دەوڵەتانەدا هەژموونى هەبوو كە جاڕى دژایەتیى ئیپمریالیزمى ئەوروپییان دا، بە تایبەت كە سۆڤییەتیش وەك دكتۆر نا، بەڵكو وەك پەرستار و برینپێچ بەو ناوەدا دەسووڕایەوە. لە دواى ڕووخانى سۆڤییەتەوە هەندێك لە وڵاتانى ئیسلامى لە ئاستى فەرمیدا، بە تایبەت كەنداو، خۆیان بە گوتارى دووەمەوە لكاند: دۆستایەتیى ئابوورییانە لەگەڵ ڕۆژئاوادا و ڕووكەشگەرایى ساختە لە كایەى بیناسازى و گەشتیاریدا بە لاساییكردنەوە یان هاوردەكردنى هەندێ لە دەستكەوتە ماتریاڵییەكانى ڕۆژئاوا؛ بۆ نموونە كڕینى كۆپییەكى مۆزەخانەى لۆڤەر لە ئەبوزەبى. گالیسكەى “الأمل” بەشێكە لە هەمان زۆر بوونى زڕە-وێنە لە جیهانى نوێدا. گەشت بابەتێكە بۆ زڕەوێنە؛ ئەوەى لە جیهانى نوێدا دەكڕدرێت وێنەیە. بەم واتایە پرۆژەكەى ئیمارات فۆڕمێكە، وێنەیەكى لەبەرگرتنەوەیە كە ناوەڕۆكەكەى زانست نییە و بگرە هیچ ناوەڕۆكێكیشى نییە، فۆڕمێكە تەنیا وەك فۆڕم كڕدراوە و ناتوانێت “ئومێد/امل”ى شتێكى میتۆدى بێت؛ لە لایەكی تر جگە لە خواستێكى سیاسیى بنەماڵەى سەرمایەدارى ئال-مەكتوم، سەرجەم ئەو ڕەگەزانەى دیكە لە جیهانى ئیسلامیدا ئامادەنین كە دەبنە سیاقێكى گشتى بۆ گەشتێك بەرەو مەریخ، واتە هیچ ناوكۆییەكیشى نییە. ئەو لێكۆڵینەوە زانستییانەى ئەم كەشتییە دەیانكات و ئەو داتایانەى كۆیان دەكاتەوە، پێناچێت شتێكى هەستیارى وەك لێكۆڵینەوەیەكى تەواونەكراو، مەراقێكى مرۆیى، ئەڵقەیەكى ونبووى زنجیرەیەك ئیكتیشافى زانستیى عەرەبییان لەسەر بەند بێت، هەر لەبەر ئەمە خۆیشى لەسەر هیچ شتێك بەند نییە، كەواتە دەشێت لەسەر هەر شتێكیش خۆى دابكوتێت؛ بەم واتایە، گەرچى ئۆرگازمێكى زانستى لە ئارادا نییە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە هیچ كاریگەرییەكیشى نییە. دەكرێت هەر ڕەوتێك دەست بۆ گەشتەكەى ئیمارات ببات و هیچ دوور نییە لە داهاتوودا بیرى تووندڕەوى ئیسلامى وەك چۆن هەوڵى دەستخستنى ئەتۆم و چەكى بایۆلۆژى دەدات، ئاوایش دەست بەسەر گەشتى ئاسمانیدا بگرێت؛ یانیش بە پێچەوانەوە، ئەم هەنگاوەى ئیمارات ببێتە مایەى سەرپێكەوتنى پرۆژەیەكى ڕۆشنگەریى زانستى، گەرچى لە هەلومەرجى نزیك مەودادا ئەمە مەحاڵە. بێگومان دامەزراوەى ئاسمانى ئەمریكى بەشێكە لە تۆڕێكى گەورە، بۆیە ڕیشى ناسا هەزار جادووى پێوە ئاوێزانە و وەختێك دەچێتە سەر مەریخ كۆمەڵێك پرسى دیكەى پێ یەكلایى دەكاتەوە كە نەك تەنیا چارەنووسى ئەمریكا، بەڵكو داهاتووى جیهانیشیان پێوە بەندە؛ بەڵام گەشتە عەرەبییەكان لایەنیكەم لەم هەوڵە بەراییانەدا بێ هیچ بنكێكى تایبەت دەمێننەوە و ناچارن خۆیان بە تۆڕە جیهانییەكەوە بلكێنن. وێراى نەبوونى ئەم ناوكۆییەیش، هێشتایش ملیۆنان دۆلار لە وەها پرۆژەیەكى مەزن و سەركێشانەدا خەریج دەكرێت، چونكە بۆ كەنداو بابەتەكە پەیوەستە بە خودى “پارە”وە كە لە خووڕیى نەوت و گەشتیارییەوە هەڵدەقوڵێت، لە كاتێكدا وەها بابەتێك بۆ ڕۆژئاوا جووڵەى ئارەزوویەكى سیاسیى ئیمپریالیزمى گەردوونییە كە دەكرێت لە ئاسمانیش لە شێوەى ئیمپراتۆرییەتدا خۆى جێگیر بكات. ئەم ئارەزووە ئیمپریالیستییە، لە مێژوودا هەرگیز هێندەى ئەمڕۆ لە نەقس دوور نەبووە. ئێستا خووڕییەكى ئارەزووە كە بە تێكەڵبوونى لەگەڵ خوڕیى تەكنۆلۆژیادا دەچێتە سەر هێڵێك بەرەو دەرەوەى زەمین؛ بەمەیش تواناكانى دەسەڵات تا ئەوێ ڕادەكێشێت و جێگیر دەكات. مەریخ چیتر نە سەبلایمە و نە سەرهاویشتنى فرۆیدۆ-بارتى؛ بەڵكو ڕووبەرێكە بۆ بەقەڵەمڕەوییكردن، بۆ بیناكردن و دامەزراندن لەنیو ئیمپرتۆریەتەكانى وەكو ئەمریكا و چین و ڕوسیا. كەنداو فیچقەكردنى پارەى هەیە، ئەم سەڕێژكردنەى پارە، بە زمانى دۆلوز “خووڕیى نەختینە”یەكە كە بەرەو ئارەزووى نوێ و نوسان بە ماشێنى دیكەى ئارەزووەوە شەپۆل دەدات، بۆیە بە خووڕیى تەكنۆلۆژیاى ڕۆژئاواوە دەلكێت و هەردووكیان لە گەشتێكدا بەرەو ئاسمان تێكەڵ بەیەكتر دەبن.

blank
فەتحی مسکینی (١٩٦١) بیرمەندی تونسی

٦

بیرمەندى عەرەبى فەتحى مسكینى، لە وتارێكى كورتدا بە ناونیشانى “نەرسیس و نابوود”، ئەم پرسیارەى وروژاندووە: “بۆچى ڕقمان لە خۆمانە؟” وەڵامەكەى مسكینى پتر ڕەخنەى فەلسەفى شوناسەكە دواجار لە كەوشەنى خودى شوناس تێناپەڕێت. ئەو لە سەرەتاى وتارەكەیدا جیاوازییەك لەنێوان بینین لە ئاو و بینین لە ئاوێنەدا دەكات. هەندێك لە گیانەوەرانى وەكوو ئەسپ و فیل و وشتر لەوە دەترسن لە ئاوێك بخۆنەوە كە بۆتە ئاوێنە، نایانەوێت وێنەى خۆیان لە ئاوى ڕوون و مەنگدا ببینن، بۆیە، بە پێچەوانەى وەسێتەكەى سوهراب سوپهەرییەوە كە داوامان لێ دەكات ئاوەكە لیخن نەكەین نەكا لەو خوارەوە گیاندارێك ئاوى لێ بخواتەوە، گیانداران خۆیان بەر لەوەى لێى بخۆنەوە، لیخنى دەكەن و لەوەى دەخەن ئاوێنە بێت؛ بەم جۆرە ئەوان وا ئاسوودەترن لە كاتى بینگرتن لە ئاوەكە وێنەى خۆیان لەبەرچاو نەبێت. لە دۆخى لیخنیدا، ئەو وێنەیەى بەسەر ڕووى جووڵاوى ئاوەكەوە یاریى دەكات و لەنێو لێڵییەكەدا بە ئاستەم دەردەكەوێت، وێنەیەكى تەواو هاوشێوەى ئەو بوونەوەرە نییە كە بەسەرییەوەیە. ئاوێنە، لە فۆڕمە ماتریاڵیییە ڕەقهەڵاتووەكەیدا، لەبەر ئەوەى ڕووكارێكى پتەو و وەستاوى هەیە لێڵ ناكرێت، كەوایە بوونەوەرەكەى بەردەمى دووبارە دەكاتەوە؛ وەستان لەبەردەم ئاوێنەدا خۆ-پاتەكردنەوەیە كە لە فەلسەفەدا بە بنەماى شوناس پێناسە كراوە؛ یاخود ئایكۆنەیە كە ئەسڵ لە وێنەیەكى تەواو هاوشێوەدا پێكدەهێنێتەوە. ئاوێنەى نەرسیست، تەڵەیەكە كە عاشقى خۆتت دەكات؛ بەڵام لەوەیش سەیرتر ئەم عەشقە تێكەڵ بە هەستێكى قووڵى ترسیشە بەرامبەر بە خۆت؛ چونكە وردەكارییەكانى خۆت و هەموو گۆڕانەكانى ڕوخسار و لەشولارت پیشان دەداتەوە؛ بەو مانایەى تەنیا جوانى نا، بەڵكو ناشیرینییەكانیشت بە ڕاشكاوى دەخاتە بەرچاو. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاوێنەییدا بەشێكمان دەردەكەوێت كە ڕقمان لێیەتى و نامانەوێت بیبینین، بەم پێیە ئاوێنە توانایەكى پارادۆكسیكاڵى وەڕزكەرى تێدایە كە هەم دەتوانێت وەك نەرسیست عاشقى جوانییەكەى خۆتت بكات و هەمیش وات لێ بكات وەك نابودێك ناشیرینییەكانى خۆت ببینیت لە كاتێكدا ناتەوێت بیانبینیت (بۆ نموونە فۆكۆ باس لە ئەزموونى وەڕزكەرى خۆبینینى دواى لەخەو هەستانمان لە بەیانیاندا دەكات)، بەڵام دواى بینینیان بۆمان دوور ناخرێنەوە، لێرەوە بینینەكە دەبێتە كینە بەرامبەر بە خۆمان. بە لاى مسكینییەوە، ئەم دەركەوتنەى ناشیرینى لە ئاوێنەدا، ئەزموونێكى نێگەتیڤ نییە، بەڵكو پۆزەتیڤە، بۆیە ناتوانین (یان نابێت) وەلاى بنێین. ناشیرینى واتە “ئەوی تر” لە ئێمەدا؛ ئەم ئەوی ترە بەشێكى دانەبڕاوە لە شوناسمان، بۆیە بینینى ناشیرینییەكانمان لە ئاوێنەدا ئەزموونێكى سەختى شێوازى ڕووبەڕوونەوەى ڕیشەییە لەگەڵ خۆماندا. بەم پێیە ئێمە دزێوییەكانمان بۆ نێو دوورگەكانى نەست نەفى ناكەین، بەڵكو دەیكەین بە بنەماى ئەنتۆلۆژیى بوون و تێگەیشتن لە خۆمان. هیچ شوناسێك نییە لە كینە بەرامبەر بە خۆ خاڵى بێت، چونكە ئەمە بە شێوەى ڕیشەییتر پەیوەستە بە خودى ئۆنتۆلۆژیایەكەوە كە ئەوی ترێكى نەخوازراو لە خۆیدا دەبینێت و ناچارە مامەڵەى لەگەڵدا بكات.

ئەو ئەوی ترەى لە ئاوێنەدا دەردەكەوێت، هەر ئەوی ترى خۆمـە، ناشیرینیى منـە كە ڕەنگە ببێتە مایەى ئەوەى ڕقم لە خۆم بێت، بەڵام بۆ ئەوەى دەست بە شوناسى خۆمەوە بگرم، ناچارم بیكەم بە بەشێكى سەرەكیى بوونسازییەكەم.

مسكینى گەرچى بیرمەندێكى قووڵە و شارەزاییەكى فروانى لە فەلسەفەدا هەیە، پێم وایە شرۆڤەكەى بۆ پرسى شوناس و ئەوی تر دواجار هەر لە بەرژەوەندى سوبێكت دژ بە ئەوی تر تەواو دەبێت، بە تایبەت كە ویستویەتى مانایەكى تەواو پۆزەتیڤ بە ئەزموونى ئاوێنە بدات. لە شرۆڤەكەى ئەودا، ئەو ئەوی ترەى لە ئاوێنەدا دەردەكەوێت، هەر ئەوی ترى خۆمـە، ناشیرینیى منـە كە ڕەنگە ببێتە مایەى ئەوەى ڕقم لە خۆم بێت، بەڵام بۆ ئەوەى دەست بە شوناسى خۆمەوە بگرم، ناچارم بیكەم بە بەشێكى سەرەكیى بوونسازییەكەم. لێرەوە، لە ڕوانگەكەى ئەودا (لایەنیكەم لەو وتارەیدا) ڕێگا نادرێت هیچ ئەوی ترێكى ڕادیكاڵ دەربكەوێت كە لە دەرەوەى كەوڵى سوبێكت بێت تاوەكو سوبێكتیش لە كەوڵى خۆى بهێنێتە دەرێ. لێرەدا ئەوی تر هیچ بەشدارییەكى لە ئەزموونى ئاوێنەدا نییە، مەگەر وەك ئەوی ترێك بۆ من. بە مانایەكی تر، من وەڵامى ئەوی ترى دەرەوە ناداتەوە، بەمەیش دەستى دەبێت لە مەرگیدا. بە كردنە دەرەوەى ئەوی ترى دەرەوە، شوناس بەسەر خۆیدا دادەخرێت و وەك ئاوێنە ڕەق هەڵدەگەڕێت. گەر وا بێ لێڵكردنى ئاوەكەى نەرسیس پێویستە، تا بتوانێت سەر هەڵبڕێت و ئیگۆ ببینێت. لێرەدا ئاوى لێڵ لە پێناو ئەوی تردا، یان ئاوێك كە ئەوی تر لێڵى كردووە، خۆى ماناكەى لە ئاوێنە پۆزەتیڤترە.

لۆركا لە شیعرێكیدا دەربارەى ئاوێنە دەڵێت: 

لەودیو هەر ئاوێنەیەكەوە

ئەستێرەیەكى مردوو هەیە

[]

ئاوێنە كانییەكى مۆمیا كراوە

وەكوو سەدەفى ڕووناكیى ئەوان

بە ڕووى خۆیدا داخراوە..

blank

٧

دواى تێپەڕبوونى ڕۆژئاوا بە ئەزموونەكانى فاشیزم و ڕاسیزمدا، سەنتراڵیزمى ئەوروپى زەبرى قورسى ڕەخنەیى بەركەوت و لەسەر بنەماى وەڵامدانەوەى پرسیارى “بۆچى ڕقمان لە ئەوانی ترە؟” فەلسەفە ئیگۆیستییەكان لەبەرامبەر فەلسەفە و ڕەوتە ئەوی ترخوازەكاندا پاشەكشەى گەورەیان كرد؛ لە ڕووى واقیعیشەوە وڵاتانى ڕۆژئاوا ناچاربوون هەنگاوى پراكتیكیى گرنگ بنێن بۆ پێشوازیی كردن لە ئەوی تر، گەرچى ئەم هەنگاوانە بەو ئەندازەیە نەچوونە پێشەوە كە جارێكى تر ئەمڕۆ دەستكەوتەكانى ئەو خەباتانە لەژێر هەڕەشەدا نەبن. جیهانى ئیسلامى هەرگیز ئەزموونێكى نا-نەرسیستى نەكرد و ڕۆشنبیرانى وەكوو عەبدولوەهاب موسیرى و فەتحى تریكى لە دەیەكانى ڕابردوودا بەرجەستەترین نوێنەرى نەرسیزمى ئیسلامى و كینەدۆزیى بەرامبەر ڕۆژئاوا بوون. حاڵى حازر پرسیارى گرنگ و سەرەكى بۆ جیهانى ئیسلامى ئەوەیە كە بۆچى ڕقى لە ئەوی ترى خۆرئاواییە؟ دنیاى ئیسلام جگە لەوەى وەك نەرسیس بۆتە ئەسیرى وێنەى خۆى بێ ئەوەى چیتر بزانێت جوانە یان ناشیرین؛ هاوكات بەدەم پەرەدان بە كینەوە لە ئەوی تر خەریكى پاسەوانیكردنە لە شوناسە ئاوێنەییەكەى. ساڵانێكى زۆرە لە ئاوێنەكەیدا ئەوی ترەكانى خۆى (واتە دزێوییە زۆر و زەبەندەكانى) زەقوزۆپ بە بەرچاوییەوە دەركەوتوون، بەڵام هەرگیز نەیكردوون بە بنەما بۆ دەستكاریكردنى ئۆنتۆلۆژیاكەى؛ ئەو عاشقى ناشیرینییەكانى خۆى بووە و نایشیەوێت لە ئاوەكە وەك ئاو، واتە وەك ڕووبەرێك بۆ لێڵكردن، تێبگات؛ بۆیە لە ئێستادا ئاوێنەكەى لە دۆخى ورد و خاشبوون و هەلاكەتێكى تەواودایە. ئەوی ترەكانى دەرەوەیشى گۆڕیووە بۆ دوژمنانى پیلانگێڕ و ئاژاوەچى و فیتنەباز، گوایە ئەوان بەرپرسن لە داغانبوونى دنیاى ئیسلام، لە داڕزانى كۆمەڵگەى موسوڵمانان. ئەم دوژمنسازییە چالاكانەیە كە خۆى بەرهەمى پاسیڤیزمێكى ڕەبەقە، هەمان “هاوشێوەسازی”ى نێو فیكرى ڕۆژئاوایى نییە. ڕەنگە بەرهەمهێنانەوەى وێنەى مەریخ لەسەر شێوەى زەوى، بەو جۆرەى بارت باسى دەكات، لە دەروونشیكارییەوە نزیك بێت (مەریخ سەبڵایمى زەوییە.)، بەڵام تەنانەت لە ئاستى ئۆنتۆلۆژییشدا، هاوتاكردنەوەى ئەوی تر لەگەڵ خوددا، واتە پرۆسەى هاوشێوەسازى، پێشمەرج بووە. وەك لێڤیناس شرۆڤەى كردووە، لە فیكرى ڕۆژئاواییدا ئۆنتۆلۆژیا هاوتاكراوە بە عەقڵ، عەقڵیش لە مەعریفەدا كورت كراوەتەوە كە هەمیشە ئیگۆیەك هەڵگرییەتى. ئیگۆى ڕۆژئاوایى بۆ ئەوەى مامەڵە لەگەڵ هەر ئەوی ترێكدا بكات، دەبێت سەرەتا ئەوی ترێتییەكەى لێ دابماڵێت و ئەو فۆڕم و كۆدانەى پێ ببەخشێت كە خۆى دەتوانێت بیانناسێتەوە. ئیگۆ لە ئاوى لێڵى ئەویتر دەڕوانێت، بەڵام تەنیا بۆ ئەوەى ئاوەكە سازگار ببێتەوە و لە ڕوونیدا خۆى تێدا ببینێتەوە. لە ڕۆشنایى ئەفڵاتوونییەوە تاوەكو لۆگۆس وەك “نەپۆشان” لاى هایدیگەر، بە تێپەڕین بە ڕوونیى میتۆدیى دیكارتى و پوختێتى كانتیدا، سازگارى و ڕوونى بنەڕەتى مەعریفەن كە زێدى ئەسڵیى سوبێكتە. فیكرى ڕۆژئاوایى لە پێگەى زاڵێتییەوە، تەنیا ئەوی ترى بۆ پشتى ئاوێنەكان نەفیى نەكردووە، بەڵكو كردوونى بە ئاوێنەى خۆیشى، وێنەى ئەوی ترى لەگەڵ وێنەى خۆیدا هاوتا كردۆتەوە؛ لەم پرۆسە هاوتاكارییەدا ئیمتیازات و موڵكەكانى خۆى نابەخشێت بە ئەوی تر، بە پێچەوانەوە، وێنەى ئەوی تر لەژێر وێنەى خۆیدا ون دەكات. بە زمانى لێڤیناس ئەمە شانشینى ئیگۆیە، هەمان ئەو شتەى ئەو ناوى دەنێت “تۆتاڵێتى”. وەختێك ئەم شانشینە لە زەوى دەچێتە دەرەوە، بەو جۆرەى هەندێ لە فیلمەكانى هۆلیوود وێنایان كردووە، ئەوا دەبێتە ئیمپریالیزمى گەردوونى. مەریخ تا چەند دەیەیەك لەمەوپێش ناوێك بوو بۆ “ناكۆتا”، ڕۆژئاوا دەیویست ڕایبكێشێتە نێو تۆتاڵێتییەوە، لەبەر ئەوە دەبوو بیكات بە سەبلایمى زەوى، دەبوو بوونەوەرى هۆشمەندى لێ بێت، مەسیحیان هەبێت، كەنیسەیان هەبێت، دەفرى فڕیوویان هەبێت. ئێستا چیتر مەریخ كۆپییەكى دەروونیى زەویى نییە، بەڵكو پانتاییەكى واقیعییە كە زەمینى بۆ ڕادەكێشرێت، واتە لە ڕێگەى كەرەستەكانى گواستنەوەوە وەك شوێن دەدرێت بەدەم زەوییەوە كە ئەگەر شتێكى لێ جێگیر بكرێت، ئەوا ئەو شتانەیە كە ئیپمپرتۆرییەتەكان دەیانەوێت لەوێ دایبمەزرێنن.

ئەوەى كێرڤى كینەى دژ بە ڕۆژئاوا زۆر بردە سەرێ، شكستى پرۆژەى ڕۆشنگەرى عەرەبى و دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل بۆ جووەكان بوون كە دەرفەتیان ڕەخساند بۆ بەهێزبوونى گوتارى تەوژمە ئیسلامییەكانى وەكو ئیخوانیزم و خومەینییزم بوو تاوەكو گەیشت بە قاعیدە و تاڵیبان و داعش.

٨

ئاكارى كینەدۆزیى جیهانى ئیسلام بەرامبەر بە ڕۆژئاوا، لە سەدەى ڕابردوودا لە سێ گوتارى جیاوازەوە پەرەی سەند. یەكەمیان گوتارى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیى نەتەوەیى، دووەم گوتارى ئینتەرناسیۆنالى سۆسیالیستى، سێیەم گوتارى ئیسلامى سیاسى. لە سەردەمى ئیمپریالیزمدا گوتارى ناسیۆنالیزم بە ماوەیەكى كەمتازۆر چالاكانەى خەباتدا بۆ سەربەخۆیى نەتەوەیى لە دەستى دەوڵەتانى ئیپمریالیستى تێپەڕى. لە ڕووى پرەنسیپەوە، خەباتكردن دژ بە دەوڵەتانى داگیركەر، كە لە سەدەكانى ڕابردوودا دەوڵەتە ئەوروپاییەكان بوون، نەك تەنیا ڕەوایە، بەڵكو دادپەروەرانەیشە. لەگەڵ ئەمەیشدا، گوتارى ناسیۆنالیزم وەك هەر خەباتێك، جۆرێك لە ڕقى تایبەتیشى بەرهەمهێنا كە گەر تەنیا لە ئاستى واقیعە مێژووییەكەى خۆیدا بمایەتەوە، ڕەنگە شایەنى كاڵبوونەوە بووایە. بەڵام لەپاڵ ئەمەوە گوتارێكى سەروو-نەتەوەییش لە ئارادا بوو كە پتر سەر بە سۆسیالیزمى سۆڤییەتى بوو دژ بە دەوڵەتانى سەرمایەدار، هەمان دەوڵەتانى ئیپمریالیست. ئەوەى كێرڤى كینەى دژ بە ڕۆژئاوا زۆر بردە سەرێ، شكستى پرۆژەى ڕۆشنگەرى عەرەبى و دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل بۆ جووەكان بوون كە دەرفەتیان ڕەخساند بۆ بەهێزبوونى گوتارى تەوژمە ئیسلامییەكانى وەكو ئیخوانیزم و خومەینییزم بوو تاوەكو گەیشت بە قاعیدە و تاڵیبان و داعش. ئیسلامییەكان لەنێوان گوتارى نەتەوەیى لۆكاڵى و گوتارى سۆسیالیستیى جیهانیدا، دەستیان بە ژیارى ئاینییەوە گرت و بە شێوەیەكى شارەزایانە دوو گوتارەكەى دیكەیشیان لە خزمەتى ئامانجى خۆیاندا بەكار هێنا. ئەوان ئیمپریالیزمیان وەك درێژەى شاڵاوى خاچپەرستەكان لێكدایەوە و هاوكات نەزمێكى گەردوونیشیان داڕشت كە (وەك پێشتریش كرابوو) بانگەشەى ئەوەیان دەكرد بۆ هەموو كات و سەردەمێك دەبێت، بۆ نموونە ئەوان “عەدالەتى عومەر”یان خستە بەرامبەر عەدالەتى كۆمۆنیزمەوە، چەمكى شوراى ئیسلامییان بەرامبەر شورا سۆسیالیستییەكان ڕاگرت. وێڕاى ئەوە، ئەم سێ گوتارە، بە پێچەوانەى ڕوانگەى باوەوە، تەنیا یەكترییان لە بەرامبەر داگیركەرى- سەرمایەدارى-بێ دییندا لاواز نەكرد، بەڵكو وزە و كەرەستە و زاراوەیشیان بە یەكتر بەخشى؛ لەبەر ئەمەیە بۆ نموونە چەمكى ئیمپریالیزم لاى هەر سێ گوتارەكە هەیە؛ ڕەخنەیش لە سەرمایەدارى لاى هەرسێكیان؛ بەڵام بێگومان جیهانبینییان بۆ حوكمڕانى لە یەكترى جیاواز بوون. لە دواى سەربەخۆیى هەندێ وڵاتان و شكستى دەوڵەت نەتەوەكان لە دابینكردنى ژیانێكى شایستە بۆ هاووڵاتیان، لە لایەكی تر لەدواى خاوبوونەوە و پاشان كەوتنى بلۆكى كۆمۆنیزم، هەلێكى گەورە بۆ ڕەوتە ئیسلامییەكان هاتە پێشەوە كە خۆیان لەنێو كۆمەڵگا ئیسلامییەكاندا بەهێزتر بكەن و گوتارى دژە-ڕۆژئاوایى بۆ ئاستێكى ترسناكى كینەدۆزانە پەرە پێ بدەن، كە چیتر تەنیا نكوڵیكردن لە ڕۆژئاوا نەبوو لە بەرامبەر پرسى ئیماندا، بەڵكو نكوڵیكردن بوو لە زۆربەى ڕواڵەتەكانى شارستانێتى ڕۆژئاوایى، هەر لە دەستكەوتە زانستییەكانەوە تاوەكو شێوازى جلپۆشین و خواردن؛ ئەم گوتارەیشیان لە ڕێگەى خودى تەكنۆلۆژیاى ڕۆژئاواییەوە پەرەپێدا كە وەك پێشتر باسمان كرد، هیچ كات بە شێوەیەكى ڕاستەقینە دژایەتیى نەكراوە. كارى هەرە ترسناكى ئیسلامییەكان ئەوەبوو چوونە نێو كایەى كۆمەڵایەتى و ژیانى ڕۆژانەى خەڵكەوە، واتە دابەزینە نێو زەمینێكەوە كە هەموو گوتارەكان جێیان هێشتبوو؛ لەوێوە كاریگەرییان لەسەر زەین و زمانى خەڵكى دانا و بگرە لە برى دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا یان لە برى بەرهەمهێنانى گروپێكى فەناتیك، سەرجەمى كۆمەڵگەیان بەرەو فەناتیزم برد، بەمەیش تاڕادەیەكى زۆر مامەڵە فەرمییەكانى دەوڵەتانى ئیسلامی (بۆ نموونە ئیمارات)ـیان لەگەڵ ڕۆژئاوادا بێبایەخ كرد. نكوڵیكردن لە چوونە سەر مانگ و مەریخ، یان تیۆرەى زەوى تەخت، بۆ ئیسلامییەكان چیتر پرسێكى زانستى و داتایى نییە، بگرە مەسەلەیەكى ڕووتى ئیمانیش نییە، بەڵكو بەرهەمهێنانى گەمژەیەتییەكى دەمارگیرانەیە لە ئاستە هەرە كۆمەڵایەتى و ڕۆژانەییەكەى خەڵكدا كە تێیدا ئیسلامیزم تابێ زیاتر ئاسۆییانە داگیرى دەكات و شاقووڵیانەیش بەنێویدا ڕۆدەچێت، لەم دوو ئاراستەیشەوە خولەك بە خولەك دەتوانێت دژ بە هەر ڕواڵەتێكى پێشكەوتن و كرانەوە فۆرمولەى بكاتەوە.