ڕۆمان و جەنگی نێوان مێژوو و یادەوەری

دەربارەی ڕۆمانی «نیشتمانی سارا»ی میران ئەبراهام

١

سەرهەڵدانی ڕۆمان:

بۆ ڕۆمان لە زمانی کوردیدا بە درەنگەوە سەرهەڵدەدات؟ لە سەدەی هەژدەدا ڕۆمان لە ئەوروپا سەرهەڵدەدات، بەڵام لە هەمان سەدەدا ئێمە ڕۆمانی چینییمان نییە؟ هۆکارەکەی چییە؟ زۆربەی ڕۆمانەکانی سەدەی هەژدە حیکایەتی سەرکێشیی، پاڵەوانپەرستیی و هتدن، بەڵام لە هەمان سەدەدا ئێستاتیکا لە ئەوروپا سەرهەڵنادات. ڕۆمانی کوردیی بە فۆرم و ناوەڕۆکە سادەکەیەوە، لە سەردەمی ئینتیدابی بریتانییدا سەرهەڵدەدات، ئەمەش ئەو تێزەی واڵتەر بنیامین لە وتاری «حیکایەتخوان: چەند ڕامانێک دەربارەی نیکۆلای لیسکۆڤ»دا پشتڕاست دەکاتەوە کە سەرهەڵدانی ڕۆمان دەبەستێتەوە بە سەرهەڵدانی ئامرازەکانی چاپەوە. ئینگلیزەکان کە چاپخانەیان هێنایە سلێمانی، دەرفەتی سەرهەڵدانی ڕۆمانیان ڕەخساند، لەنێو ڕۆمانە کلاسیکەکاندا دەتوانین ناوی «لە خەوما»ی جەمیل سائیب و «مەسەلەی ویژدان»ی ئەحمەد موختار جاف بهێنین.

ڕۆمان بەرهەمی سەردەمی سەرهەڵدان و دەركەوتنی بۆرژوازییە لە مەیدانی هونەر و كولتووردا، واتا بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنیتەیە. هەڵبەت بەو مانایە نایەت تەنها بۆرژوازیی دەتوانێت ڕۆمان بنووسێت، بەڵكو بەو مانایە بۆرژوازیی ڕۆمان دەكڕێت و پڕوپاگەندەى زیاتری بۆ دەكات. بەڵام كاتێك سایكۆلۆژیا سەرهەڵدەدات، لە پاڵیشیدا، سایكۆئەنالیسس (دەروونشیكاریی)، ئیتر بۆرژوازی هەموو جوڵە و ئەندامە موقەدەسەكانی خۆى لە دەستدەدات، چونكە دەروونشیكاریی ئیتر دەچێتە ناو ناخودئاگا (لاشعوور)ی موقەدەسی خێزانی موقەدەسی بۆرژوازییەوە. لەم ڕووەوە ڕۆمان بە گشتی بەرهەمی سەردەمی زانیارییە (information)، بەرهەمی سەردەمی گەشەى جۆرنالیزمە. كۆتایی سەردەمی حیكایەتخوانیی و گواستنەوەى حیكمەتەكانە. كۆتایی سەردەمی حەماسەیە. كۆتایی سەردەمی كاری پێكەوەیی و دەستەجەمعییە، سەرەتاكانی سەرهەڵدانی فەردانییەتی گۆشەگیرە (كە بۆرژوازیی لە ڕێگای باڵادەستیی بەسەر هێزی كار و نامۆكردنی هێزی كار و ئینسان و سروشت بەرهەمی هێناوە و بانگەشەى بۆ دەكات). ڕۆماننووسان هەمیشە بۆ ئەوەى ببن بە ڕۆماننووس، دەبێت خەرمانەیەكی موقەدەسی زێڕین بە دەوری خۆیاندا بكێشن: فەردانییەتی گۆشەگیر. واتا فەردانییەتی گۆشەگیر بەهەشتی لەدایكبوونی ڕۆمانە، كە چیتر ناتوانێت خۆى لە ڕێگای پێدانی نموونە بەرجەستەكانەوە دەرببڕێت. بۆیە بۆ نووسینی ڕۆمانێك پێویستت بە ئاڵۆزكردن، فراوانكردنی وەسفی ژینگە و سروشت و گەشەدان بە ناكۆكییەكان لە فۆرمە ڕووت و ئەبستراكتەكاندا هەیە. تا ئێرە لەگەڵ زیاتر گەشەسەندنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە کوردستان و زیاتر بوونی بە بەشێک لە بازاڕی جیهانی، زۆرینەی ڕۆماننووسان لەگەڵ زیاتر گەشەدان بە تەکنیکەکانی ڕۆمان، بەڵام لەم بازنەیەدا دەخولێنەوە. ڕۆمان وەک نواندنەوەیەکی تاکایەتیی موتڵەق و دوور لە هەموو پەیوەندیی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی، مێژوویی، سیاسیی و کولتوورییەکان. هەڵبەت دیسان ئەمەش بەو مانایە نایەت لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە ڕۆماننووسی دیکە بوونیان نەبێت کە هەوڵی تێکشکاندنی ئەم بازنە داسەپاوە دەدەن.

ڕۆماننووس زیاتر سەر بە سیستەمی پیشەسازییە نەك هونەری دەستی، فەردانییە، نەك كۆیی، توانای گواستنەوەى ئەزموونی خۆی نییە بۆ خوێنەرەكانی.

لۆكاچ لە كتێبی “تیۆری ڕۆمان“دا شیعری داستانی وەك دەركەوتن و دەربڕینی فۆرماڵی گشتێتی (totality) و ڕۆمان وەك فۆرمێكی هونەریی سەردەمی مۆدێرن دەبینێت، سەردەمێك كە بریتییە لە “بێماڵییەكی باڵانشین”. ئەگەرچی لۆكاچ لەم قۆناغەدا ڕۆمانتیكێكی دژەسەرمایەدارییە تا سۆسیالیستێك، و لەم گۆشەنیگایەشەوە حەسرەتی سەردەمی لەدەستچووی كۆمەڵگای یۆنانی دەخوات؛ ئەم لەدەستچوونە، ڕۆمان شوێنەكەى پڕ كردۆتەوە، بەڵام لۆكاچی سۆسیالیست ڕۆمانی ڕیالیستیی وەك سەنتێزێك دەبینێت، كە دەیەوێت لەنێوان فۆرمێكی نوێی هونەری (ڕۆمان) و حەماسە، یاخود چامەى داستانی دابمەزرێت. ئەگەرچی بنیامین پشت بە “تیۆری ڕۆمان” لە وتاری “حیكایەتخوان”دا دەبەستێت، بەڵام بەدوای بەهەشتی لەدەستچوودا ناگەڕێت، وەك پێشتر بینیمان و دواتریش زیاتر هەڵوەستەى لەسەر دەكرێت. وەك خۆى لە نامەیەكیدا بۆ گێرشەم شۆلەم ئاماژەى پێ دەكات، دەیەوێت “تیۆرەیەكی نوێ بۆ ڕۆمان” نەك تیۆری ڕۆمان، بەدەستەوە بدات، بەڵام نزیك و بەسوود وەرگرتن لە لۆكاچ. بنیامین لە تیۆرەكەیدا، كە بەگوێرەى مۆدێلی لۆكاچ داڕێژراوە، بە شێوەیەكی مێژوویی و سیستەماتیك پێگەى فۆرمی حیكایەت دەخاتە نێوان داستان و ڕۆمانەوە، هەردوو جەمسەرەكە پێشتر لە لایەن لۆكاچەوە دامەزرێنرابوون. لای بنیامین، حیكایەتخوانیی، “بە گشتی فۆرمێكی شێوە پیشەگەریی پەیوەندیگرتن” پیشان دەدات. ئەمەش پێش هەموو شتێك واتا حیكایەت دەبەسترێتەوە بە كۆمەڵگای پێش-پیشەسازییەوە، بە ژیانی جووتیاران، پیشەگەران و بازرگانانەوە – كە دواتر باسی دەكەم. ئەمە واتا، وەك بێرن ڤیتە باسی دەكات، چیرۆكەكان خۆیان خاوەنی یەكسانیی هونەری دەستین[1]: ئەوان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەستاودەست دەكەن، وەك چۆن هونەرێكی دەستی لە نەوەیەكەوە فێری نەوەیەكی دیكە دەكرێت و دەگوازرێتەوە. ڕۆماننووس زیاتر سەر بە سیستەمی پیشەسازییە نەك هونەری دەستی، فەردانییە، نەك كۆیی، توانای گواستنەوەى ئەزموونی خۆی نییە بۆ خوێنەرەكانی. ڕۆماننووس، وەك پێشتر باس كرا، بەگوێرەى ڕێسا چەسپیوەكان كار دەكات و ناجوڵێت. لە سەردەمی نوێدا، چەند ڕۆماننووسێك ویستیان گۆڕان بەسەر سیستەمی ڕۆماندا بهێنن، لەوانە گۆتە، بەڵام هەموویان دەبوو دەستكاری فۆرمی ڕۆمان بكەن. تەنها كافكا ئاوارتەیە و لەم ڕێسایە دەردەچێت. بەگوێرەى بنیامین، كافكا تەنها حیكایەتخوانی سەردەمی مۆدێرنە. نیشانەى سەردەمی نوێش، بە زاراوەكانی بنیامین بریتییە لە “سەرهەڵدانی ڕۆمان لەگەڵ دەستپێكی سەردەمی مۆدێرندا”. بەپیشەسازییبوون بە تەنها وردە وردە لە ڕێگای گۆڕینی پیشەكاران و جووتیارانەوە بۆ نێو گروپە كۆمەڵایەتییە پەراوێزخراوەكانەوە پێشمەرجە كۆمەڵایەتییەكانی بۆ حیكایەتخوانی لەناو نەبرد، بەڵكو هەروەها لە هەمان كاتدا پێشمەرجە تەكنیكییەكانی بۆ ژانرێكی داستانیی نوێ هێنایە ئاراوە، كە ڕۆمان بوو. “ئەوە تەنها داهێنانی چاپەمەنی بوو ڕێگای بۆ سەرهەڵدانی ڕۆمان خۆشكرد”. سەرهەڵدانی چینی نوێ و هاوكات بەشۆڕشگێڕیی بوونی تەكنیكەكانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سەر بەو چینە، لای بنیامین، كۆمەڵە مەرجێكن كە ڕێگا بۆ فۆرمێكی نوێی حەماسەى داستانی خۆش دەكەن. ئەگەر سەرمایەداریی خەڵكان لە كۆت و بەندی زەوی ڕزگار بكات و بیانكاتە كاری كرێگرتە و وایان لێ بكات بەگوێرەى ڕێساكانی ئامێر لە كارگەیەكدا كار بكەن، ئەوا ڕۆمانیش وەك بەرهەمێكی سەردەمی سەرمایەداری، خوێنەر بەگوێرەى ڕێساكانی پاڵەوان دەستنیشان دەكات و وەك چۆن كرێكارێك لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە لە ڕێگای ئامێردا توانای دەستكاریكردنی ڕێساكان و دیاریكردنی چارەنووسی ئامێرەكەى نییە، ئەوا خوێنەری ڕۆمانیش ناتوانێت هەم پێشبینیی چارەنووسی پاڵەوانەكەى بكات هەمیش دەبێت سەرجەمی ڕێسا لەپێشەوە دیاریكراوەكان قبوڵ بكات.


ڕۆمانی «نیشتمانی سارا»ی میران ئەبراهام

بەگوێرەی ئەو تێزانەی لەسەرەوە باسکران، ڕۆمانی کوردی لە جەنگەڵەکانی نەریتی کلاسیکیی ڕۆماندا دەخولێتەوە. زۆربەی ڕۆمانی نوێی کوردییش لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە کە پاڵەوانەکەی بڕیار لە چارەنووسی خوێنەر دەدات، چونکە زۆربەی ڕۆماننووسان باوەڕیان بە چارەنووسێکی لەپێشدا دیاریکراو هەیە کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەیدابوونە بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی بۆرژوازی. ئەگەر ئاوڕێک لە تێما و ناوەڕۆکەکانی ڕۆمانی کوردی بدەینەوە دەکەوینە بەردەم کێشەی فۆرم و ناوەڕۆک، زۆربەی ڕۆمانی کوردی، عاشقی فۆرمە و نەریتی پۆستمۆدێرنیستی بێ ناوەڕۆکی کردووە بە بەهەشتی گێڕانەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی لە پاڵەوانەکانی باردەکات، کە نە خوێنەر بۆی هەڵدەگیرێت نە پاڵەوانیش توانای ئەنجامدانی هەیە. هەروەها زۆربەی پاڵەوانەکانی ڕۆمانی کوردی، لەنێو پێگە بەرزەکانی کۆمەڵگاوە هاتوون کە زۆربەیان لە واقیعی کۆمەڵایەتییدا بوونیان نییە، وەک پرۆفیسۆر، فەیلەسوف، دەروونشیکار، ئەریستۆکرات و بە کورتی، زۆربەی پاڵەوانەکانی ڕۆمانی کوردی، لە پێگەیەکی سەروو مرۆییەوە دەوەستن: دەیانەوێت بەرزەمرۆڤی نیچە وەربگێڕنە سەر فیگوری پاڵەوان لەناو ڕۆمانی کوردیدا تا لە دوا دەرەنجامی لۆژیکییدا وێنەی خۆیان وەک ڕۆماننووس بەسەر خوێنەردا بسەپێنن. ڕۆماننووس دیکتاتۆرە و وەک کۆیلە سەیری خوێنەر دەکات. بەڵام ڕەوتی نووسینی ڕۆمانی کوردی لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە: فیگورەکانی پەنابەر (لەدەرەوەی ڕۆمانتیزەکردن یان زەلیل نیشاندان)، هۆمۆسێکسوال، هەژار، دەربەدەر، فیگوری گەمژە، لەسەنتەرخستنی پاڵەوان و دواجار هەڵدانەوە و زەقکردنەوەی فیگوری جوو، نموونەی تازەی ناو ڕۆمانی کوردین.لەم ڕووەوە ئەم مۆدێلەی ڕۆمان دەکرێت وەک دابڕان لە مۆدێلی باوی پێشوو دابنرێت. ئایا ئەبراهام و چەندانێکی دیکە دەکرێت وەک دابڕان سەیربکرێن. لەم ڕووەوە ئەم مۆدێلەی ڕۆمان دەکرێت وەک دابڕان لە مۆدێلی باوی پێشوو دابنرێت. ئایا ئەبراهام و سەلمان و چەندانێکی دیکە دەکرێت وەک دابڕان سەیر بکرێن؟ جارێک تۆلستۆی گوتبووی «پێم سەیرە ڕووسەکان دۆستۆیڤسکی دەخوێننەوە، لە کاتێکدا ئێمە نیکۆلای لیسکۆڤمان هەیە». ئەگەر ئەم وتەیەی تۆلستۆی ئاوا لێ بکەین: «بۆ کوردەکان تەنها ئەو نەوەیەی ڕۆمانی کوردی دەخوێننەوە کە لەسەرەوە باسمان کرد، لە کاتێکدا ئێمە ئەو قۆناغە وا تێدەپەڕێنین؟» ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لە خودی دەستپێکی ئەم نووسینەدا بدۆزنەوە، چونکە تا ئێستا خاڵ و هۆکاری سەرهەڵدانی ڕۆمانی کوردی بە باشی دیاری نەکراوە. ئەم نووسینە لەو پەیوەندییەدا هەڵوەستە لەسەر ڕۆمانی «نیشتمانی سارا»ی میران ئەبراهام دەکات.

blank
واڵتەر بنیامین

٢

پرسی جوو:

بە گشتی فۆرمێکی ڕۆمان دابەش دەبێتە سەر نەریتی گێڕانەوە و نەریتی ئاڵۆزی: واتا مێژوو و تیۆر. لە نەریتی گێڕانەوەدا مێژوو باڵادەستە و لە نەریتی ئاڵۆزیشدا تیۆر. بەشێکی زۆری ڕۆمانی کوردی کە هەوڵی بە فەلسەفیکردنی پاڵەوانەکەی دەدات، دەیەوێت بچێتە ناو بڕگەی ئاڵۆزییەوە، بەڵام نەریتی گێڕانەوە هەمیشە بەسەر نەریتی ئاڵۆزییدا باڵادەستە، بەوەدا چونکە زۆربەی کات ڕۆماننووس هێڵی گێڕانەوەی پاڵەوان باڵادەست دەکات و لەو ڕووەشەوە کە دەیەوێت پاڵەوان لە واقیعی کۆمەڵایەتی داببڕێت، دەیەوێت پێگەی بۆ تیۆرەیەکی ڕووت بەرز بکاتەوە. ڕۆمانی «نیشتمانی سارا» لەنێوان مێژوو و یادەوەریدا دێت و دەچێت، مێژوو وەک نەریتی گێڕانەوە و یادەوەری، وەک نەریتی بونیادنانی تیۆر. مادام تێمای ڕۆمانەکە پرسی جووە، ڕۆماننووس ناتوانێت خۆی لە قەرەی هەردووکیان نەدات، بەڵام دەبێت وریا بێت لەوەی پێی نەخزێتە ناو مێژووەوە، واتا مێژوونووسییەوە، چونکە هەمیشە مێژوونووس خیانەت لە چەمکی یادەوەری دەکات. لێرەدا بۆ ئەوەی نموونەکەم ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بە ڕۆمانەکەی ئەبراهامەوە ڕوون بکەمەوە، کە پەیوەندی بە هەمان تێماوە هەیە، دەگەڕێمەوە سەر نەریتی نووسینەوەی مێژوو و گێڕانەوەی یادەوەریی پرسی جوو.

لەنێوان جەنگی یەکەمی جیهانی و کۆتایی دەیەی ١٩٨٠دا ئێمە ئەو سەدەیەمان تێپەڕاند کە ئەریک هۆبزباوم پێی دەگوت «سەدەی بیستی ماوەکورت» (١٩١٤-١٩٩١)، ئەم سەدە ماوەکورتە کە دوو جەنگی جیهانی، چەندین جینۆساید: ئەرمەن، جوو، کورد، ڕواندا، سرب و بۆسنیا، و هەروەها جۆرەکانی دیکەی توندوتیژیی سیاسی کە لانیکەم بە تێچوونی ١٨٧ ملیۆن قوربانی، کۆتایی پێهات. سەدەی بیستی ماوەکورت دووبارە ئەو تێزەی دیکەی بنیامین لە «تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژوو» (١٩٤٠)دا پشتڕاست دەکاتەوە کە دەیگوت: «هیچ بەڵگەیەک لەسەر شارستانێتی بوونی نییە لە هەمان کاتدا بەڵگە نەبێت لەسەر بەربەریزم و وەحشیگەری». هەموو ئەو تاوانە ناوبراوانە لەناو دڵی پێشکەوتووترین سەردەمی مێژوویی تەکنەلۆژیا و کولتووری مرۆییدا سەریانهەڵدا. لە کەمپەکانی «داخاو، ماریادنێک، ماوتهاوزن، ئاوشڤیتزی یەک و هتد» کاتێک نازییەکان جووەکانیان بە کاری قورس تا سەرەمەرگ ناچارکردبوو، ئەفسەرە پلەباڵاکان لە کاتی سووتاندنی جووەکاندا و خنکاندنیان بە تازەترین پێشکەوتنی زانستی کیمیایی، گوێیان لە مۆتزارت و ڕیچارد ڤاگنەر دەگرت.

ئەبراهام هەوڵدەدات سەرەڕای بە «تاقانەیی کێشەی جوو» نیشان بدات، بەڵام هێشتا بەهۆی زۆرترین خەختکردنەوەی لەسەر نیشتمانی سارا دەیەوێت هاوکات ئەم کێشەیە تەریب بکاتەوە لەگەڵ کێشەی کورددا. هەم ڕاستی و هەمیش کێشە لەم نەریتی گێڕانەوەیەدا هەیە.

هێڵی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام لەسەر هەمان تەریب و پاراڵێڵ دەڕوات، قەیران و کارەساتی جووەکانی کوردستان و عێڕاق بە دابڕاو نازانێت لە هەمان ئەو قەیرانەی لەناو دڵی پێشکەوتووترین سیستەمی کولتووری و شارستانێتیی ئابووریی و تەکنەلۆژییەوە سەری هەڵدابوو. ئەگەرچی ئەبراهام هەوڵدەدات سەرەڕای بە «تاقانەیی کێشەی جوو» نیشان بدات، بەڵام هێشتا بەهۆی زۆرترین خەختکردنەوەی لەسەر نیشتمانی سارا دەیەوێت هاوکات ئەم کێشەیە تەریب بکاتەوە لەگەڵ کێشەی کورددا. هەم ڕاستی و هەمیش کێشە لەم نەریتی گێڕانەوەیەدا هەیە. کێشەی جوو تاقانەترە لە کێشەی کورد، بەڵام هاوکات کێشەی کوردیش خۆی لە ناوچەکە بڕێکی زۆر تاقانەیی بەردەکەوێت. هەردوولا هەم کورد و هەم جوو کەوتوونەتە بەردەم قڕکردنەوە، بەڵام قڕکردنی جوو لە سەردەمی نازییەکاندا و بەیۆلۆژییکردنی ڕاسیزم، کارێک بوو هیچ کات ئەوانەی هەوڵی قڕکردنی کوردیان داوە، بیریان لێ نەکردۆتەوە. نازیزم دەیویست سەرجەمی جوو لەناو بەرێت. هەڵبەت سەرەتا بە سێ قۆناغدا تێپەڕدەبێت: قۆناغی یەکەم بە داگیرکردنی پۆڵەندا دەست پێ دەکات و بە کردنەوەی گیتۆی وارشۆ (ڤارشاو) دەست پێ دەکات کە هیتلەر و نازیزم دەیانەوێت سەرجەمی جووەکانی ئەوروپا لەو گیتۆیەدا نیشتەجێ بکەن، ئەم قۆناغە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە، لەوانە کێشەی سەرهەڵدانی تاعون و پەتاکانی دیکە لەناو گیتۆکەدا، بێ شوێنی، ناچاربوون بە دابینکردنی خۆراک، ترسی کۆمەڵگای پۆڵەندیی و دواجار یاخیبوونی ناو جووەکان، زەروورەتی قۆناغی دووەم لە ١٩٤١ بە پڕۆژەی باربارۆسا یان هێرش بۆ سەر یەکێتیی سۆڤێت لە لایەن نازییەکانەوە دێتە ئاراوە، چونکە پێیانوابوو بە داگیرکردنی خاکی بەرفراوانی ڕووسیا دەتوانن هەموو جوو و سلاڤەکانی ئەوروپای خۆرهەڵات لەوێ نیشتەجێ بکەن و دەست بکەن بە بەئەڵمانیکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، دوای شکستی هێرش بۆ سەر ڕووسیا، زەروورەتی قۆناغی سێیەم دێتە ئاراوە کە لە مێژوودا بە «دوایین چارەسەر» (Endlösung) یاخود «چارەسەری دوایی پرسی جوو» (Endlösung der Judenfrage) ناسراوە. واتا قڕکردنی یەکجارەکیی سەرجەمی جووەکان بە منداڵ، ژنان و پیاوانەوە. ئامادەکردنی ژوورەکانی خنکاندن و پاشان سووتاندنیان لە کورەکاندا.

سێ جار جوو ڕزگاری بوو: یەک لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩دا، کە مافی هاووڵاتییبوون بە جوو دەبەخشێت، بەڵام چیتر نابێت خۆی وەک جوو ببینێت بەڵکو وەک هاووڵاتی، لە جەنگی ناپۆلیۆنیدا و بردنی ئەم ڕێسایانە و سەپاندنی بەسەر ئەڵمانیای پروسیادا، جوو بە مەرجی توانەوەی لەناو مەسیحییەتدا دەتوانێت وەک هاووڵاتی بژیت، جاری دووەم بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا، کە نەک هەر جووەکان ڕزگار دەبن بەڵکو ڕابەرانی شۆڕشەکە خۆیان جوو بوون، لە لینینەوە بۆ ترۆتسکی (ترۆتسکی نموونەی بەرجەستەبوونی ئەنتەرناسیۆنالیزمی ڕۆشنگەرییە) و جاری سێیەم کۆماری ڤایمار لە ١٩٢٩-١٩٣٣، لەوێدا دەرفەتی بەشداریکردنی جوو لە ئەڵمانیا لە مەیدانی کولتوور و سیاسەتدا دەڕەخسێنرێت. بەڵام ناسیۆنالیزمی ئەڵمانی و ڕادیکاڵیزەبوونی بۆ نێوم نازیزم نەک تەنها دەرفەت بەوە نادات جوو بە خواستی خۆی واز لە شوناسەکەی بهێنێت و هاووڵاتیبوونی ئەڵمانی بە مەسیحییەتەوە قبوڵ بکات، بەڵکو لە دەوڵەت و شووناس دادەماڵرێت، سەرەتا ڕووت دەکرێتەوە بۆ کاری زۆرەملێ، پاشان بڕیاری قڕکردنی سەرتاسەری. هیتلەر دەیویست یەک جوو بە ژن و منداڵ و پیاوەوە نەمێنێت. وەک مێژوونووسی ئەڵمانی، ێبەرهارد یێکل لەسەروبەندی «مشتومڕی مێژوونووسان» لە دەیەی ١٩٨٠ لە ئەڵمانیا دژی ئێرنست نۆڵتە، دیارترین مێژوونووسی کۆنزەرڤاتیڤی ئەڵمانی کە دەیویست کوشتاری جووەکان وەک شتێکی لاوەکی ببینێت[2]، ئاماژەی پێ کردووە:

«کوشتنی جووەکان ل ەلایەن نازییەکانەوە، شتێکی تاقانە (einzigartig) بووە، چونکە هیچ کاتێک پێشتر دەوڵەتێک لەژێر دەسەڵاتی باڵاترین ڕابەریدا بڕیاری نەداوە و ڕاینەگەیاندووە کە دەبێت گروپێکی تایبەتی مرۆیی قڕ بکرێت، تا ئەو شوێنەی ڕێی تێدەچێت بە تەواویی قڕ بکرێت، بە خەڵکانی بەساڵاچوو، ژنان، منداڵان و مەلۆتکە و تازە لەدایکبووانەوە؛ بڕیارێک کە ئەم دەوڵەتە بە هەموو ئامرازەکانی بەردەستی، دەست دەکات بە جێبەجێکردنی»[3].

ئەمە ئەو شتەیە پرسی جوو دەکاتە پرسێکی تاقانە و جیای دەکاتەوە لە هەموو کێشەکانی دیکە. ئەوە ڕاستە کە کوردەکانیش هەمیشە کەوتوونەتە بەردەم قڕکردنەوە، دیارترین نموونەش کە نزیکی دەکاتەوە لە پرسی جوو، «ئەنفال»ە کە بە هەمان شێوە ژن و منداڵ و پیر و پیاو و تەنانەت تازە لەدایکبووش بەر شاڵاوەکان دەکەون، بەڵام هیچ کاتێک هیچ ڕژێمێک بڕیاری نەداوە کۆی کورد بە تەواوی قڕ بکات. ئەبراهام لەوەدا دروست ئەم پەیوەندییە دادەمەزرێنێت کە نیشانی دەدات ڕاستە جوو و کورد هەردووکیان قوربانین، دەبێت یەک بگرن، کاتێک «خایم» و هاوڕێکانی هەوڵی زیندووکردنەوەی «پارتی خەڵتووز» دەدەن و نەک بە شێوە نەریتییەکە وەک پارتێک تەنها بۆ جووەکان بەڵکو هەروەها بۆ سەرجەمی چەوساوە و سەرکوتکراوان، بە کورد و جوو و مەسیحییەکانەوە و لە خەونی سالاریشدا بۆ بوون بە کۆمۆنیست و پەیوەندیکردن بە کۆمەڵەوە. بەڵام بەوەدا کە میران ئەبراهام جوو هەرگیز وەک شتێکی سەربەخۆ ناو نابات و بەڵکو هەمیشە خەیاڵی لای جووی کوردە، لە لایەکەوە کەمێک لە تاقانەییبوونی کێشەی جوو دادەماڵێت و لە لاکەی دیکەوە، لە ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی ئیسرائیل دووردەکەوێتەوە بەوەدا کە تەنانەت ناڕاستەوخۆ زایۆنیستەکانیش بە بەشدار لەسەر کێشەی جوو دەبینێت، ئەم خاڵە پێشکەوتووخوازە کە سەرجەمی فەیلەسوف و بیرمەند و هونەرمەند و ڕۆماننووس و نووسەرانی جوو لە سەرەتای سەدەی بیستدا بەشدار بوون و هەرگیز باوەڕیان بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل نەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش زۆربەیان بوونە قوربانی. مەرگی بنیامین لە ٢٧ی سێپتێمبەری ١٩٤٠ لە پەڕینەوەیدا بۆ ئیسپانیا لە فەڕەنساوە، لە کاتێکدا چەندین جار زانکۆی ئۆرشەلیم بانگهێشتی کردبوو وەک پرۆفیسۆر، نیشانەی ئەو خاڵە گەردوونییە هاوبەشەی نێو جوو شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوخوازەکانە کە میران ئەبراهامیش خۆی لەگەڵ ئەو نەریتە دەوڵەمەندەدا گرێدەداتەوە.

blank
میران ئەبراهام (١٩٧٠- ) ڕۆماننووس

٣

جەنگی نێوان مێژوو و یادەوەری:

ئەوەی وایکردووە پرسی جوو ببێتە پرسێکی هەم تاقانە و هەم کاریگەر و هەروەها ببێتە تێمای ملیۆنان نووسین و ڕۆمان و فیلم و بەرهەمی مێژوویی، بریتییە لە گەشەی «کولتووری یادەوەریی جوو» (Jüdische Erinnerungskultur): هەرکە یادەوەریی جوو چووە نێو مەیدان و دیمەنی گشتییەوە، بە تایبەت لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستی ماوەکورتدا. زۆر هۆکار بوونە هۆی سەرهەڵدانی ئەم بابەتە، لەوانە، مێژووی زارەکی، ئەرشیڤە دەنگییەکان و هتد. لەسەر ئەو بنەمایەش نەریتەکانی دیکەی گێڕانەوە و پیشاندان سەریان هەڵدا: فیلم و ڕۆمان. لە ڕاستیدا ئەوە یادەوەرییە وادەکات مێژوو ببێتە شتێکی تاقانە نەک بە پێچەوانەوە. لەو شوێنەدا کە مێژوونووسان تەنها یەک هەنگاو لە پرۆسە یان وردەکاریی ناو ئاڵۆزییەک دەبینن، ئەوا شایەتحاڵی لەڕێگای یادەوەرییەوە وێنەکە دەگۆڕێت، دەتوانێت ڕووداوێکی ئێجگار گرنگ ببینێت کە بە شێوەیەکی بێ پێشینە و بێ وێنە سەرتاپای ژیانی گۆڕیوە. ئەگەر سەیری وێنە فۆتۆگرافییەکانی قڕکردنی جوو لە کەمپەکان بکەین ئەوا مێژوونووس لەو وێنانەدا دەتوانێت خەریکی کردنەوەی کۆد، شیکاریی و ڕوونکردنەوەیان بێت کە لە کەمپی ئاوشڤیتزەوە ماونەتەوە؛ مێژوونووسان دەزانن ئەو خەڵکانەی کۆکراونەتەوە و سواری قیتارەکان کراون جووەکانن و یونیفۆرمەکانیش سەربازە نازییەکانن وا سەیریان دەکەن. بەڵام لای یادەوەریی وێنەکان شتێکی زۆر زیاتر لەمە دەڵێن: وێنەکان بۆ یادەوەری ئامرازی هەستکردنیان هەیە، سۆز و هەستیان هەیە، دەنگیان دێت، بۆنیان دێت، ترسیان لێدەبارێت. بە کورتی وێنەیەک لای یادەوەری بانگەواز بۆ سەیرکردن و ڕوانینێکی سەرتاپا تاقانەی ڕووداوەکان دەکات کە مێژوونووسان هەرگیز ناتوانن بەو ئاسانییە بیبینن. وێنەی جووەیەکی ناو ئاوشڤیتز لە چاوی مێژوونووسەوە قوربانییەکی بێناوە؛ بەڵام بۆ ئەوانەی ماونەتەوە، ئازاریان چەشتووە، ئەزموونیان کردووە، ئەندامانی بەجێماوی ناو وێنەکە، هاوڕێیانی قوربانییەکە و هتد، جیهانێکی بە موتڵەقیی تاقانە و جیاواز بەبیر دەهێنێتەوە کە مێژوونووس نایبینێت. بەڵام هەروەها بۆ چاودێر و شایەتحاڵێکی دەرەکیی (بۆ نموونە میران ئەبراهام) کە لەڕێگای وێنەکانەوە ئەزموونی قوربانیان دەکات، وەک زیگفرید کراکاوەر باسی دەکات، ئەم وێنەیە تەنها واقیعییەتێکی «ناڕزگارکراو» (unerlöst) پیشان دەدات کە دەبێت ڕزگار بکرێت و حەقی قوربانیان و بێناوان بدرێت[4]. ڕۆماننووس وەک چاودێرێکی دەرەکی و ئەزموونکردوو لە ڕێگای میدیۆمی مێژووەوە، ئەو ئەرکە تەواو دەکات کە مێژوونووس ناتوانێت ئەنجامی بدات.

ئەرکی مێژوونووسان بەشداریکردنە لەگەڵ ئەزموونی ژیانکردووی قوربانیان و بردنی بۆ نێو سیاقی گشتیی مێژووییەوە. ئەمە واتا فێربوون لە یادەوەرییەوە، بەڵام هەروەها نەک بە تەواوی خۆتەسلیمکردن پێی، بەڵکو پاڵاوتنیشی.

ڕۆماننووس بە گەڕانەوە بۆ دۆکۆمێنتە مێژووییەکان، دووبارە لە ڕێگای یادەوەرییەوە کێشەی جووەکانی سلێمانی هەڵدەداتەوە. هەموو ئەمانە وادەکەن یادوەریی جوو بە سەرجەمی لە زەین و هەستی ئێمەدا دروست ببن. مێژوونووسان ناتوانن ئەم یادەوەرییە فەرامۆش بکەن. ئەوان دەبێت ڕێزی بگرن؛ ئەوان دەبێت بە ڕادەیەکی فراوان شی بکەنەوە و لێشی تێبگەن. ئەوان ناتوانن و مافی ئەوەیان نییە ئەم وێنە نکوڵی لێنەکراوە، تاقانە ڕەوایەی یادەوەری ببەنە نێو گێڕانەوەیەکی نۆرماتیڤەوە لە ڕێگای نووسینەوەی مێژووەوە. ئەرکی مێژوونووسان بەشداریکردنە لەگەڵ ئەزموونی ژیانکردووی قوربانیان و بردنی بۆ نێو سیاقی گشتیی مێژووییەوە. ئەمە واتا فێربوون لە یادەوەرییەوە، بەڵام هەروەها نەک بە تەواوی خۆتەسلیمکردن پێی، بەڵکو پاڵاوتنیشی. لە یادەوەریدا وێنەیەک بە موتڵەقی دەکرێت تاقانە بێت؛ لە مێژوودا تاقانەییبوون هەمیشە ڕێژەییە. لای سالار و سارا و خایم ئەزموونی جووەکانی سلێمانی بە شێوەیەکی مەترسیدار تاقانەیە، کە چاودێرێکی دەرەکی (ڕۆماننووس، هەڵبەت لێرەدا دەرەکیبوون بە مانای بێلایەنبوون نایەت بەڵکو ئەبراهام خۆی لەناو نەریتەکەدایە) لە ڕێگای فیکشنەڵایزکردنی یادەوەرییەوە دەتوانێت لێی تێبگات، بەڵام لای مێژوونووسێکی سەردەمی شێخ مەحمود و ڕاپەڕینەکانی سلێمانی، ئەوەی بەهای نەبێت ئەم وێنەی یادەوەرییەیە. لای جوویەکی سلێمانی، دەرکردنی جووەکان، لە مرۆڤ داماڵینیان، لە ماڵ و موڵک خستنیان و، بێ بەهاکردنیان (و پێشتریش بۆ چەندین دەیە کورتکردنەوەیان بۆ بکەرێکی ئابووریی ڕووت) شتێکە مێژوونووس ناتوانێت هەم لێی تێبگات و هەم وەفاشی بۆی هەبێت، ئینجا ئەگەر ئەو مێژوونووسە خۆی بەشێک بێت لە ئاگری شەڕی دژ بەو خەڵکە. لەبەر ئەوەیە لە کوردستاندا تا ئێستا هیچ مێژوونووسێک نەیتوانیوە کتێبێکی باش دەربارەی پرسی جوو بنووسێت: هەم بەهۆی ئەوەی لەسەرەوە باسمانکرد و هەم بەهۆی بەرژەوەندییە چینایەتیی، سیاسیی، کولتووریی و ئایینییەکانەوە. لەبەر ئەوە ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام دەبێتە بەرهەمێکی تاقانە لەناو ئەم نەریتەدا کە بە دەوری جەنگی نێوان مێژوو و یادەوەریدا دەخولێتەوە.

خاڵێکی دیکە پێویستە لە پەیوەندیدا بە ڕۆمانەکەوە باسی بکەم، ئەوەیە کە ئەبراهام دەرگای «بەکارهێنانی گشتیی مێژوو و یادەوەری» دەکاتەوە. بەڵام هاوکات ئەوەی جێگای سەرنجێکی گرنگە لەو ڕۆمانەدا، ئەبراهام خەریکی بەئایینکردنی یادەوەریی جوو نەبووە، ئەو شتەی بە گشتی لە زۆربەی گێڕانەوە مێژووییەکاندا ڕوودەدات. بە ئاسانی هەم دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەخنە دەکات و هەمیش کارەکتەر و بکەرەکانی لە نەریتی زایۆنیزم جیا دەکاتەوە. ئارنۆ مایەری مێژوونووسی مارکسیستی بە ئەسڵ جوو باسی لە کولت و ڕێوڕەسمێکی ئایینییانەی پەرستنی یادەوەریی جووەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە کردووە کە بووە بە ئامرازێک هەم بۆ خیانەتکردن لە قوربانیان و هەم بۆ بەکارهێنانی وەک ئامرازێکی جەنگخوازیی. کەواتە «ئەو ڕووداونووسەی ڕووداوەکان بەبێ جیاکردنەوەی نێوان شتی گەورە و بچووک لە یەکتری، دەنووسێتەوە، دەتوانێت لە حەقیقەت تێبگات: هەموو ئەوەی ڕوودەدات، هیچ شتێکی نابێت بۆ مێژوو وەک شتێکی لەدەستچوو لەقەڵەم بدرێت. بێگومان تەنها مرۆڤایەتییەکی ڕزگاربوو دەتوانێت ببێتە خاوەنی ڕابردووی سەرکوتکراو» (واڵتەر بنیامین).

یەکێک لە یادەوەرییە زۆر زیندووەکانی نەریتی جوو کە هەم لە پاسیڤیزم و ناچالاکیی جیای دەکاتەوە و هەمیش کاردانەوەیەکە بە ڕووی زوڵم و ستەمدا، خۆکوژییە لە دۆخە سەپێنراوەکاندا. نموونەی خۆکوژیی ماتانی پەیکەرتاش بە قارچکی دومەڵان خۆکوژییەکی هونەری بەڵام ڕادیکاڵە بە دژی ئەو هەموو بارە قورسەی لەسەر شانی جوو بارکراوە، ئەو کەسە لەڕ و لاوازەی لەژێر ئاسمانێکدا وەستاوە کە هەموو شتەکانی گۆڕاوە هەورە چڵکنەکان نەبێت، واتا هەموو سیستەمی دام و دەزگایی و وەک ئەبراهام باسی دەکات جامانە و مەندیلی گۆڕاوە و بووە بە قات و ڕیبات، بەڵام عەقڵییەتە ڕەشەکەی ماوەتەوە. حەز دەکەم خۆکوژیی ماتانی پەیکەرتاش بەراورد بکەم بە خۆکوژیی شەموێل زیگیلبۆیم، لە ١٩٤٣ کە بەجێماوێکی یاخیبوونی گیتۆی وارشۆ بوو و پاشان ببوو بە نوێنەری حکومەتی پۆڵەندا لە تاراوگە، ئەو ڕاپەڕینەی کەم لە مێژوودا باسکراوە، بەڵام گەورەترین ڕاپەڕینی ٥٠٠ جووە بە دژی سوپایەکی ملیۆنی نازییەکان. زیگیلبۆیم لە دوا نامەی خۆکوژییەکەیدا دەنووسێت:

«چیتر ناتوانم بێدەنگ بمێنمەوە. چیتر ناتوانم بژیم کاتێک خەڵکی جوو لە پۆڵەندا کە من نوێنەریانم، بە قورسیی و بە ئاگر و ئاسن قەتڵ و عام دەکرێن. هاوڕێکانم لە گیتۆی وارشۆ لە دوایین خەباتی پاڵەوانانەدا بە چەکەکانی ناو دەستیان بەر زەوی کەوتن. بەختی ئەوەم نەبوو وەک ئەوان بمرم و لەگەڵ ئەوان بمرم. بەڵام من سەر بە ئەوانم و سەر بە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەوانم. بە مەرگی خۆم ئارەزووی دەربڕینی بەهێزترین ناڕەزایەتیی دژی ئەو بێباکیی و خەمساردییەی جیهان سەبارەت بە کوشتاری جووەکان دەکەم».[5]

بێگومان خۆکوژیی ماتان وێنەیەک لە زەینماندا دروست دەکات، کە ڕیشەی لەنێو واقیعی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و سیاسییماندا هەیە: هەم بێهەستیی و بێباکیی خەڵک و بوون بە بینەری ناچالاک و هەم بەشدارییان لە قەتڵ و عامی جووەکاندا. یادەوەرییەکەی ماتان و نامەی خۆکوژییەکەی زیگیلبۆیم لە جیهانێکدا کە ئێستا تێیدا دەژین، بەردەوام دەبن لە ڕاوکردنمان. کاتێک لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا ئارۆن لەبەر خۆیەوە دەڵێت: «دەبێت ئێمە شتێک… ئیتر مەبەستم لە هیوایەکە تاوەکو لە پێناویدا بژین، ئەگینا هەموومان وەکو سارا و مەحموود بەرامبەر بە ژیان ڕەشبین دەبین». ئەم دێڕانە مەرگی داهێنەرانەی ماتان و نامەکەی زیگیلبۆیمیان ڕاستەوخۆ بە زەینمدا هێنا کە دەبێت بۆ تێگەیشتن و هەڵدانەوەی ڕابردوو هەمیشە ڕەشبین بین، بەڵام ئیرادەیەکی گەشبینمان هەبێت، ئەمەش ئەو دێڕانەن هەموو خۆکوژیی و هیواکان بە ڕزگاربوونی مرۆڤایەتییەکەوە دەبەستنەوە بتوانێت وەفای بۆ ڕابردووی قوربانیان هەبێت.

٤

مارکسیزم و جوو

سەرجەمی ڕۆمانەکە جەخت لەسەر مارکسیستبوونی کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەکاتەوە، هەم لە نیشانە و ناوهێناندا هەم لە خەبات لە پێناوی چەوساوان و قوربانیاندا، هەم لە هەوڵی خایم بۆ زیندووکردنەوەی پارتی خەڵتووز و دامەزراندنەوەی لەسەر بنەمای ئەنتەرناسیۆنالیزم و هەم لە بە کۆمۆنیستزانینی سالار و هەروەها پەیوەندییکردنی بە کۆمەڵەشەوە. خایم کە بە گەنجی لە بەغدا دەبێت، سەردانی کتێبخانەیەک دەکات و دواجار خاوەنی کتێبخانەکە کتێبی سەرمایەی مارکسی پێ دەدات کە ڕۆماننووس بە عەرەبی بە «راس المال» ناوی دەبات، واتا ناوونیشانە عەرەبییەکە. هۆکار چییە جوو و مارکسیزم هەمیشە یەک شت بن تا سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسرائیل یان ئەوەی ئێنزۆ تراڤێرسۆی فەیلەسوف و مێژوونووسی جووی ئیتاڵی، سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسرائیل بە «کۆتایی مۆدێرنیتەی جوو» ناودەبات؟

جوو ڕزگاریی خۆی لە مارکسیزمدا دەبینییەوە، ئەمەش وایکردبوو سەرجەمی کولتووری شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوخوازی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، لەسەر دەستی جوو دابمەزرێت.

پێشتر باسمان لەوە کرد کە لە ئەوروپا جوو کورتکرابووەوە بۆ بکەرێکی ئابووری، هەمیشە سەرکوت دەکرا، لە کوردستان موسڵمانەکان و لە جیهانی مەسیحیشدا کڵێسا و مەسیحییەکان. ئایدیای کۆمۆنیزم کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە وەک منداڵێکی ڕادیکاڵی ڕۆشنگەریی سەرهەڵدەدات و لای مارکس هەم ڕەهەندی شۆڕشگێڕیی و زانستیی و هەم ئەنتەرناسیۆنالیی وەردەگرێت، سەرنجی زۆرینەی جولکەکانی دونیا بە تایبەت ئەوروپا بۆخۆی ڕادەکێشێت. ئەوەشمان لە بیر بێت کە مارکس خۆی جوو بوو، هەروەها ڕابەر و فەیلەسوفە دیارەکانی دواتریش هەر جوو بوون: ترۆتسکی، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، واڵتەر بنیامین، زیگفرید کراکاوەر، گونتەر ئەندەرس، و هتد. لە مارکسەوە تا بنیامین دەیانویست گەردوونگەرایی ڕۆشنگەریی بگۆڕن بۆ ئەنتەرناسیۆنالیزمی سۆسیالیستی و ڕزگاریی مرۆیی ببەستنەوە بە خەباتی قوربانیان لە پێناوی ڕزگاریدا. ئەوەی لینین پێی دەگوت فیستیڤاڵی سەرکوتکراوان و بنیامین پێی دەگوت کەرنەڤاڵی شکستخواردوان[6]. جوو ڕزگاریی خۆی لە مارکسیزمدا دەبینییەوە، ئەمەش وایکردبوو سەرجەمی کولتووری شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوخوازی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، لەسەر دەستی جوو دابمەزرێت. ڕزگاربوون و یۆتۆپیای جیهانێکی نوێ خەونی جووە سۆسیالیست و پێکهێنەری بیری لیبەرتاریانی جووی ئەوروپای ناوەندی بوو. لەخۆوە نەبوو بنیامین دەیگوت: «لەسەر ئەم گۆی زەوییە، كەسانێك چاوەڕوانیی ئێمە بوون». مەبەستی بنیامین سەرهەڵدانی خەونی یۆتۆپیی و ڕزگاریخوازانەی سۆسیالیزم بوو.

چەمکی کولتووری جووی ئەڵمانی زمان، ئاماژەیە بەو سەردەمە زێڕینەی لەگەڵ هاینریش هاینە، مارکس، فرۆید، کافکا، ئێرنست بلۆخ، واڵتەر بنیامین، کراکاوەر و سەدان ناوی دیکە دەست پێ دەکات، کە نازیزم بۆ ئەبەد لەسەر سەکۆی مێژوو سڕییەوە. ئەگەرچی کوشتاری ستالین و هیتلەر بە هیچ شێوەیەک قابیلی بەراورد نین، چونکە هی هیتلەر لەسەر بنەمای قڕکردنی سەرتاپای گرپێکی مرۆیی دامەزراوە، بەڵام کوشتاری ستالین زیاتر بۆ نەیارانی سیاسی بوون بەبێ هەبوونی فاشیزم، بەڵام ستالین و هیتلەر پەیوەندیی مارکسیزم و جوویان ترازاند، هیتلەر بە قڕکردنی جوو و دەرپەڕاندنی هەموو پێکهێنەرەکانی کولتووری مرۆیی و ستالین بە کوشتنی ڕابەرە دیارەکانی مارکسیزم کە ئەوانیش خۆبەخۆ جوو بوون.

مارکسیزم باجی نیوەشەوی پڕ لە کوشتار و تۆتالیتاریزمی سەرکوتکارانەی ستالینیزمی داوە و ئێستاش لەژێر بارە قورسەکەیدا دەناڵێنێت، بە کورتی ستالین خەونی مارکس و مارکسیزمی کردە تارمایی و ترس و تۆقین، هیتلەر ڕەگەزێکی سەرتاپای مرۆیی قڕکرد.

ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام لەسەر ئەو هێڵی خەونە یۆتۆپییەی ڕزگاری و پەیوەندی بەناویەکداچووی مارکسیزم و جوودا دەڕوات، کارێک کە ئەبراهام هێندە بە جوانی ئەنجامی داوە لە نەریتی نووسینی کوردیدا تاقانەیی خۆی وەرگرتووە. بەرەی ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵ هەم لە پرسی جوو خۆیان بە دوور گرتووە و هەمیشەش سێرەیان لە بیری مارکسیزم گرتووە و بە داخیشەوە بەرەی ڕۆشنبیرانی چەپ لە کوردستان هێندە لاواز بووە توانای ناسینەوەی ئەم پەیوەندییە بنچینەییەی نەبووە. ئێستا کاتی ئەوەیە هەردوو بەرەکە ئاوڕ لەم خاڵە بنچینەییە بدەنەوە.

٥

پۆگرۆم، زەمەنی ئێستا، ئەلیگۆریی ڕۆشنبیران

پێدەچێت هەمووتان بزانن پۆگرۆم چییە. بە حەرفی بە مانای کوشتاری بەکۆمەڵ، قەڵاچۆکردن و هتد دێت. ئەم وشەیەش بۆ یەکەمجار لە پەیوەندیدا بە هێرشێکی نازییەکان بۆ سەر بازاڕ و موڵک و ماڵی جوو لە ٩-١٠ی نۆڤەمبەری ١٩٣٨ بەکارهاتووە، و ئەو هێرشە بە «کریستاڵ ناخت» (Kristallnacht) ناسراوە کە دەکرێت بە «شەوی شووشە شکاوەکان» (Night of Broken Glass) وەربگێڕدرێت و لە زۆر شوێن و سەرچاوەی دیکەش بە «قەڵاچۆکانی نۆڤەمبەر» ناو دەبرێت. قەڵاچۆکردنێک بوو سوپای میلیشیای ئێس ئەی نازییەکان لە دژی خەڵکانی مەدەنیی جوو لە سەرتاسەری ئەڵمانیا ئەنجامیان دا. ناوی «شەوی کریستاڵی» لەوەوە هاتووە کە تیشکدانەوەی شووشە و جامە شکێنراوەکانی ماڵ و دوکانەکانی جوو ئەڵمانییەکان، باڵەخانەکان و سیناگۆکەکان (میران ئەبراهام بە کنێسەت ناوی دەبات) بە جۆرێک تێکشکێنران کە شەو لە شەوێکی کریستاڵی شووشەیی دەکرد. میران ئەبراهام تەریب لەگەڵ ئەم ڕووداوانە پۆگرۆمی سەر جووەکانی عێڕاق و کوردستان لە وێنەیەکی فیکشناڵی وەها جواندا دەگێڕێتەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و نووسەرانی ئەو کات و کاربەدەستان ئاشکرا دەکات.

ڕۆمانەکەی ئەبراهام تۆڵەکردنەوەیەک نییە لە ڕابردووی خەڵکی سلێمانی، چونکە بەشێک لە ڕەگەز و کارەکتەرە شۆڕشگێڕەکانیش زەق دەکاتەوە.

بێگومان هیچ قەڵاچۆکردنێک بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگا بوونی نییە، ئەگەرچی ناتوانین سەرجەمی کۆمەڵگا تۆمەتبار بکەین، وەک میران ئەبراهامیش لە پەیوەندیی نێوان خەباتگێڕان و هاوڕێیانی سالار هەمان کار ئەنجام دەدات، واتا گەشبینیی ویست و ئیرادە و خەونی شۆڕشگێڕان کە دواتر دەبنە قوربانیی خەبات، بەڵام ناشتوانین هاوکات بێدەنگی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کۆمەڵگا و نووسەران و هونەرمەندان و ئەکادیمیان لە پۆگرۆمەکان لەبیر بکەین. ئەوەی میران ئەبراهام لە زۆر ڕۆماننووسی دیکە جیادەکاتەوە، ڕاشکاویی، ڕاستگۆیی و جورئەتییەتی بەرانبەر بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگا. بێگومان بەبێ وشیاریی دەستەجەمعیی خەڵکی سلێمانی و چاندنی تۆوی ڕق و کینە بەرانبەر بە جووەکان کە تا سەردەمی ئێمەش مابووەوە، پۆگرۆم و قەڵاچۆکردنەکان ئاسان نەدەبوون. لەلایەکی دیکەوە، ڕۆمانەکەی ئەبراهام تۆڵەکردنەوەیەک نییە لە ڕابردووی خەڵکی سلێمانی، چونکە بەشێک لە ڕەگەز و کارەکتەرە شۆڕشگێڕەکانیش زەق دەکاتەوە.

پێویستە ئەم ڕۆمانەی ئەبراهام وەک ڕۆمانێکی مێژوویی نەخوێنرێتەوە، ئینجا ئەگەر خۆشی ئەم مەبەستەی هەبێت، وەک لە چاوپێکەوتنێکدا (ئەگەر دروست بیرم مابێت) باسی دەکات، بەڵکو وەک قومبەلەیەک بۆ نێو زەمەنی ئێستا بخوێنرێتەوە. چەمکی ئەلیگۆریی، یاخود تەمسیل کە واڵتەر بنیامین لە کتێبی «سەرچاوەی درامای ماتەمی ئەڵمانی» بۆ درامای بارۆکی ئەڵمانیی سەدەی شانزە و حەڤدە بە کاری هێناوە، کۆمەکمان پێ دەکات ئەم ڕۆمانەی میران لەمێژووییبوون ڕزگار بکەین. سەرەتا با بپرسین ڕۆمانی مێژوویی چییە و کێشەکانی چین؟

blank
گیۆرگ لۆکاچ (١٨٨٥-١٩٧١) فەیلەسوف و ڕەخنەگری ئەدەبی مەجارستانی

یەکەم کەس لە مێژووی نەریتی مارکسیستیدا بە قوڵی پرسی ڕۆمانی مێژوویی کردەوە گیۆرگ لۆکاچ بوو کە کتێبێکی بە هەمان ناو نووسی[7]. لۆکاچ پێیوایە فۆرمی کلاسیکی ڕۆمانی مێژوویی پیشاندان و نواندوەیەکی حەماسیی گۆڕان و وەرچەرخانێکی ژیانی جەماوەرییە لە ڕێگای دانانی زنجیرەیەک لە تایپە مرۆییە نوێنەرایەتییەکانەوە کە ژیانیان لە ڕێگای هێزە گۆڕاوە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبێت. فیگور و کارەکتەرە بەناوبانگە مێژووییەکان لەنێو کەسایەتییە دراماییەکاندا خەسڵەتێکی بنچینەیی وەردەگرن بەڵام لە هەموو ئان و ساتێکدا ڕۆڵیان لە حیکایەتدا پەراوێزییە. لە بەرانبەردا گێڕانەوەکان تەرکیزی سەرەکی دەخەنە سەر کارەکتەرە مامناوەندییەکان، بەبێ هەبوونی جیاکەرەوەیەکی گەورە کە ئەرک و وەزیفەیان بە دەستەوەدانی تەرکیزێکی تاکەکەسییە بۆ پێکدادانی دراماتیکی بەرە ئێکستریم و پەڕگیرە دژەکانی نێوان ئەوانەی ئەون نوێنەرایەتیی دەکەن و ئەوانەی بە گشتی لە هەڵبەز و دابەز دان. کەواتە ڕۆمانەکانی واڵتەر سکۆت خستنەڕووی پێکدادانی تراژیدیایەکی نێوان فۆرمە کەوتوو و هەڵکشاوەکانی ژیانی کۆمەڵایەتین، بە ڕوانگە و خەونێکی ڕابردووەوە شانازیی بە دۆڕاوان دەبەخشێت، بەڵام هاوکات زەروورەتی مێژوویی براوەکان دەپارێزێت. ڕۆمانی مێژوویی کلاسیکی تەئیدکردنێکی پێشکەوتنی مرۆییە لەنێو و لە ڕێگای ئەو ململانێیانەوە کە کۆمەڵگاکان و تاکەکانی ناوی دابەش دەکات.

کەواتە بەگوێرەی لۆکاچ بێت، ڕۆمانی مێژوویی بریتی نییە لە ژانرێکی تایبەت و دیاریکراو یان نیمچەژانرێکی ڕۆمان. بەڵکو، بە سادەیی ڕچەشکێن یان پێشەنگێکی ڕۆمانی گەورەتری ڕیالیستی سەدەی نۆزدەیە. نەوەیەک دواتر، بۆ نموونە، ئۆنۆرە دو بەلزاک، بە شێوەیەکی بنچینەیی تەکنیک و ڕوانگە و بینینی واڵتەر سکۆتی بۆ جیهان هەڵگرتەوە تا لە بری پیشاندان و نواندنەوەی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ فەڕەنسای سەردەمی گەڕانەوەی نەزم یان پاشایەتیی تەممووز (١٨١٤-١٨٤٨) بە هەمان ئەو شێوەیە بکات کە سکۆت لای خۆیەوە لە ڕێگای تەکنیکی مێژووییەوە دەستی کردبوو بە نواندنەوەی سکۆتلەندای ناوەڕاستی سەدەی ١٨ یان بریتانیای سەدەی ١٢. لای لۆکاچ، گەورەترین جێگرەوەی بەلزاک، تۆلستۆی بوو، کە ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی نواندنەوە و پیشاندانی لوتکەی هاوشێوەیی ڕۆمانی مێژوویی و ڕیالیستیی سەدەی نۆزدەیە. لە لایەکی دیکەوە، لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووترەکان بەراورد بە ڕووسیا، گەشەسەندنی سەرمایەداریی لەو کاتەدا کە پێشتر لە لایەن چینی کرێکاری شۆڕشگێڕەوە دژی بۆرژوازی دەستی پێ کردبوو، چیتر باوەڕی بەوە نەبوو داهاتوو لەناوەوەی ڕابردووەوە لەدایک دەبێت و ئەو چینە دەیویست هەر جۆرە نیشانەیەکی ئەم جۆرە نواندنەوەیە لەناو بەرێت.

لەم ڕوانگەیەوە و لە ڕێگای چەمکی ئەلیگۆریی و زەمەنی ئێستاوە دەتوانین ڕۆمانی «نیشتمانی سارا» وەک ڕادیکاڵیزەکردنی یادەوەری ببینین تا ڕۆمانێکی مێژوویی. ڕاستە لەوێدا کە باسی قەڵاچۆی سەر جووەکان دەکات و لە گفتوگۆی نێوان سارا و سالار و ساباتدا باس لە شاعیران و نووسەرانی ئەو سەردەمە وەک گۆران و ئەحمەد هەردی و ئەوانی دیکە دەکات کە لەناو دڵی کارەساتدا ئەم ڕووداوانە هیچ کاریگەریی لەسەر هەست و نەستیان دانانێت و باسی شیعر و دڵداری و دڵ و تیر دەکەن، ئەمەش ڕاستە کە ئەو سەردەمەی هیتلەر پەلاماری جووەکان دەدات دەیان بیرمەند و فەیلەسوفی وەک مارتین هایدیگەر ستایشی هیتلەر دەکەن و بە باڵایدا هەڵدەڵێن، بەڵام هاوکات ئەم ڕووداوانە دەکرێت قەیرانەکانی سەردەمی ئێستاشمان پێبڵێن.

بۆ نموونە کاتێک لە ١٩٩٤دا بەکر عەلی شاعیر تیرۆر دەکرێت، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و نووسەری درێژکراوەی هەمان ئەو شاعیرانەی ئەبراهام ناویان دەبات، هاوشانی بکوژانی بەکر عەلی باسی مارتین هایدیگەر و فۆکۆ و شیعر و شانامە دەکەن، کاتێک ساڵی ٢٠٠٠ هێرش دەکرێتە سەر پێنج پێشمەرگەی کۆمۆنیست لە سلێمانی و تیرۆر دەکرێن، هەمان ئەو ڕۆشنبیرانە و نەریتەکانیان لە هۆڵە داخراوەکان و گۆڤارەکاندا باسی شیعری دڵداری و فەلسەفەی نیچە و هایدیگەر و فوکۆ دەکەنەوە. ساڵی ٢٠١١ لە گەرمەی ڕووداوەکانی ١٧ی شوبات هەمان ئەو ڕەوتە کاتێک دەیان گەنج تیرۆر دەکرێن و لەسەر شەقامەکان شەقیان بەردەکەوێت، لە هۆڵە داخراوەکاندا باسی نیچە و هایدیگەر و فوکۆ دەکەنەوە و ڕۆژگار دێت و دەڕوات و لەم ڕۆژانە دەردەکەونەوە، گاڵتە بە خەونە بەدینەهاتووەکانی ئەو گەنجە قوربانیانە دەکەن و تەنانەت یەکێک لە ڕۆشنبیران بە «بیجامەلەپێ» ناویان دەبات.

چەمکی ئەلیگۆریی ئەو شتەیە دەتوانێت هەم ڕۆمانەکەی میران ئەبراهام لە مێژووییبوونەوە بکات بە یادەوەریی ڕادیکاڵ و هەمیش فیگورە مێژووییەکان بە ئاسانی وەربگێڕدرێنە سەر فیگورەکانی ئەمڕۆ. وەک واڵتەر بنیامین دەیگوت داهاتوو بۆ بێناوانە و پاراستنی یادەوەرییان، گەورەترین شۆڕشە ئەم نەوەیە ئەنجامی بدات. ڕۆمانی «نیشتمانی سارا» بەشدارییە لەم نەریتەدا.

پەراوێز و سەرچاوەکان:


[1]Bernd Witte, ‘Benjamin and Lukács. Historical Notes on the Relationship Between Their Political and Aesthetic Theories’, New German Critique, 5, 1975, p.19.

[2]ئێرنست نۆڵتە بە دیارترین مێژوونووسی سەدەی نۆزدە و مێژوونووسی نازیزم دادەنرێت لە ئەڵمانیا کە پاشان لەلایەن هابەرماس و زۆربەی بیرمەندان و مێژوونووسانی دونیاوە وەک پاساودەرێک بۆ نازیزم و ئاساییکردنەوەی ڕابردووی نازیزم تۆمەتبار کرا تا کار گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٩ ئۆتۆمبێلەکەی بتەقێننەوە و هەروەها بایکۆتی خوێندکارانی زانکۆی بەرلین بەوەدا کە دەبێت وانەگوتنەوەی لێ قەدەغە بکرێت. ئەمڕۆ نۆڵتە وەک کۆنزەرڤاتیڤترین و دیارترین مێژوونووسی لایەنگری ناڕاستەوخۆی نازیزم لە قەڵەم دەدرێت، و شایانی باسە نۆڵتە خوێندکاری مارتین هایدیگەر بوو. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر نۆڵتە و کاریگەریی لەسەر فاشیزمی نوێی ئەڵمانی لە سەدەی ٢١دا بگەڕێنەوە بۆ وتارێکی من بە زمانی ئینگلیزی:

Peshraw Mohammed, Ernst Nolte, the Holocaust and the AfD

https://www.theleftberlin.com/post/ernst-nolte-the-holocaust-and-the-afd

[3]Eberhard Jäckel, ed.,‘Die elende Praxis der Untersteller’,in: ‘Historikerstreit’: Die Dokumentation über die Kontroverse um die Einzigartigkeit der nazionalsozialistischen Judenvernichtung, Munich: Piper, 1987, s.118.

[4]بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم پرسە بگەڕێنەوە بۆ بەشی کۆتایی کتێبەکەم بەناوی: پێشڕەو محەمەد: لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم: دەروازەیەک بۆ فێنۆمێنۆلۆژیی ماتریالیستیی زیگفرید کراکاوەر، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠ (لەژێر چاپدا، لە لەم مانگەدا چاپ دەبێت).

[5]Gutman, Yisrael, The Jews of Warsaw 1939–1943: Ghetto, Underground, Revolt, Brighton: Harvester Press, 1982, p.363.

[6]بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەم: پێشڕەو محەمەد: کەرنەڤاڵی شکستخواردوان: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژووی واڵتەر بنیامین، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.

[7]Georg Lukacs, The Historical Novel, translated by Hannah Mitchell and Stanley Mitchell with an introduction by Fredric Jameson, University of Nebraska Press,1983.