تۆرشتەین ڤێبلن و چینی خۆشگوزەران

بیروباوەڕ و کەسایەتی ڤێبلن

“تۆرشتەین ڤێبلن” ئابووریناس و کۆمەڵناسێکی کێشە لەسەر (زیاتر گەورە ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی)، بەردەوام سەرنجی لە لای پێوەندی نێوان ئابووری، کۆمەڵگە و کولتوور بوو، ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی بەردەوام هەوڵی وابەستەکردنی تیۆرییەکانی ئابووری بە ڕەفتار و نەریتەکانی کۆمەڵەوە بدات. ئەو بە توندی دژی تیۆرییە کلاسیکییەکانی ئابووری وەستایەوە و تیۆرییە ئابوورییە تازە پەیدابووەکانی ئەو سەردەمەشی، وەک تیۆری ئابووریی کلاسیکیی نوێی (Neoclassical Economics) ڕەتکردەوە. لە هەمان کاتدا بە ڕەخنەگرێکی توندی دژە-سەرمایەداری ناسراوە، بەهۆی ئەم تێڕوانینە و لەژێر کاریگەری قوتابخانەی مێژوویی ئەڵمانی، دژی تیۆری لێسێ فێی ئابووری (Laissez-faire Economics) وەستایەوە، کە بنەمای سەرەکی ئەم تیۆرییە دوورکەوتنەوەی حکوومەتە لە کاروباری ئابووری و جێهێشتنییەتی بۆ بازرگانان، بە بیروڕای ئەو، خاوەندارێتی دەوڵەت (State Ownership) پێویستییێکی بنەڕەتی بوو و. پێی وایە دەبێت کەسانی وەک ئەندازیاران ڕابەرایەتی بازرگانی بکەن، چونکە ئەوان لە چۆنییەتی کارکردنی سیستەمی پیشەسازی دەگەن و باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵگەش لەبەرچاو دەگرن.

ئەو بابەتەی بە بەردەوامی هزری ڤێبلنی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە؛ ئەو جیاوازییەی نێوان بازرگانی (Business) و پیشەسازی (Industry)یە. ئەو وا پێناسەی بۆ بازرگانان کردووە کە کەسانێکن هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان داهاتی کۆمپانیاکانیان بەرزتر بکەنەوە و بۆ گەیشتن بەوەش، پەنا دەبەنە بەر کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمەکانیان. ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات لە چەندین ڕووەوە؛ وەک کەمکردنەوەی هەلی کار و بەرزکردنەوەی بەرچاو و نادادوەرانەی نرخی بەرهەمە سنووردارکراوەکان، سەرەنجام سەرهەڵدانی دیاردەی خەرجیی سەرنجڕاکێش (Conspicuous Consumption)، ئەو چەمکەی ناوبانگی ڤێبلنی پێوە وابەستەیە، بەڵکو ئەوەندە بە ناخی کۆمەڵگەدا ڕۆچووە، “ئەوانەش کە هەرگیز ناوی ڤێبلنیان نەبیستووە، پێی ئاشنان”(Reinert & Viano 2012: 297). خەرجی سەرنجڕاکێش بە واتای خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کڕینی بەرهەمێک کە شایستەی ئەو بڕە پارەیە نییە، دێت، لە پێناو پیشاندانی دەوڵەمەندی لە لایەن چینی خۆشگوزەران، و دروستکردنی ئەندێشەی هێز و دەسەڵات لە چاوی چینی کرێکاران یان چینەکانی خوارەوە.

ڤێبلن کەسێکی پڕاگماتیک بوو. لە سەردەمێک کە بڕوابوون بە ڕاستی ڕەها و چارەنووسی خواکرد دیاردەیەکی باو بوو، ئەو بڕوای بە ئازادی خود بوو و لەسەر ئەم بنەمایەش بیردۆزەکانی جێگیر کرد. ئەو لە هەمان کاتدا کەسێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن دیدگەیەکی تایبەت بوو سەبارەت بە تیۆرییە ئابوورییەکان. لە کاتێکدا ئابووریزانانی ئەو سەردەمە لایان وا بوو کە ئابووری شتێکی وەستاو، جێگیر و سەربەخۆیە، ئەو پێچەوانەی ئەوان وەک بوارێکی پێوەست بە کات و کۆمەڵگە سەیری دەکات و بە بوارێکی بەردەوام گۆڕاو لە قەڵەمی دەدات. بە ڕەتکردنەوەی جێگیری و نەگۆڕی ئابووری، ڕاستەوخۆ بۆچوونەکانی بەلای ئابووریی تەکامولی (Evolutionary Economics)دا کێش بووە، بەوەش کەوتووەتە ژێر کاریگەری مارکس و داروینەوە، لەو ڕوانگەیەوە کە ڕەفتار و سروشتی مرۆڤ شتانێکی گۆڕاون و کاریگەرییان بەسەر سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەوە هەیە، سەرەنجام لە ئەگەری گۆڕانیان، گۆڕانکاری بەسەر سیستەمی ئابووریشدا دێت.

دووکەرتبوونی ڤێبلن

بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی گۆڕانی ئابووری و کاریگەری کولتوور و کۆمەڵ بەسەرییەوە، ڤێبلن لە گۆشەیەکی دیکەوە سەیری ئەو گۆڕانانەی کردووە و، بەو تێڕوانینەش دەگوترێ ئابووریی دامەزراوەیی (Institutional Economics).

ئابووریی دامەزراوەیی سەرنج دەخاتە سەر ڕۆڵ و پێوەندی گشت پێکهێنەرە ئابوورییەکان، وەک: دامودەزگاکان، ڕێکخراوەکان، کەسەکان و نەریتە ئابوورییەکان، لە دروستکردنی شێوەڕەفتارە ئابوورییەکانی کۆمەڵدا. ئەو تێڕوانینەی وای کردووە چەمکی دووکەرتکردنەکەی ڤێبلن (Veblenian Dichotomy) بێتە کایەوە. دووکەرتبوونەکەی ڤێبلن، یەکێک لە چەمکە دیار و ناسراوەکانی چوارچێوەی زاستی ئابووریی و تیۆرییەکانی ئابووری کۆمەڵایەتییە؛ گەڕان بەدوای ڕۆڵی دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان لە دیاریکردنی پێکهاتە و ئەدای ئابوورییدا، زیاتر لەوە، وابەستەیی تێڕوانین و بیرکردنەوەی مرۆڤ، بە شوێنگەی ئەو لە پانتایی ئابوورییدا(Harvey, 1994: 69 ). لێرەوە نەریت و ڕێوڕەسم و بیرکردنەوەی تاکەکەسان، لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییدا جێگیر دەبێت، کە کۆمەڵگەکە پەسەندی کردووە، واتە کۆدەنگی لەسەر هەیە.

بە کورتی ڤێبلن هەستاوە بە دابەشکردنی تەکنەلۆجیا لە ڕووی کارکردنییەوە بۆ دوو بەش؛ یەکەمیان، کە بە ئامرازەکی (Instrumental) ناوی بردووە، ئەو کاتەیە کە تەکنەلۆجیا بە کاریگەرترین شێوە و بێ زیادەڕۆیی و بەفیڕۆدان بە کار دەبردرێ و گشت کەموکوڕییەکانی پێکهێنەرەکان دیاری دەکرێن؛ دووەمیان، بەکارهێنانی نەریتییانەی تەکنەلۆجیا (Ceremonial)، کە تێیدا پشت بە ئەزموون و نەریتە کۆنەکان دەبەسترێت لە بەکارهێنانی و هەندێک کردەی ناپێویستی تێدایە، کە وا دەکەن پڕۆسەکە بە چوستترین شێوە بەڕێوە نەچێت (Veblen, 1904:340)،

زەقکردنەوەی دووکەرتبوونی ڤێبلن، بۆ “کلارێنس ئەیرێس” دەگەڕێتەوە، ئەو بانگەشەی ئەوەی دەست پێ کرد، کە ڤێبلن دووکەرتبوونی تەکنەلۆجیا و نەریتخوازی وەک پرەنسپی سەرەکی خۆی، وەرگرتووە. زیاتر لەوەش پێداگیریی کرد بەوەی ئەو جیاکارییەی نێوان تەکنەلۆجیا و دامەزراوەکان یان ڕوونتر ئامرازگەرایی (instrumentalism) و نەریتگەرایی (Ceremonialism) خاڵی دەستپێکە لە هەموو شیکردنەوەیەکی ئابوورییانەدا(Mayhew, 2010: 215). بەڵام، “جێفری هادسۆن” یەکێک لە پێشەنگانی “ئابووری دامەزراوەیی”ی مۆدێرن، هەر کەرتبوونێکی گشتی لە لای ڤێبلن بەتوندی ڕەت دەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە نووسینەکانی ڤێبلندا کەرتبوونێکی گشتی لەنێوان دامەزراوەکان و تەکنەلۆجیا نادۆزرێتەوە، بەڵکوو دووبەرەکی نێوان جۆرە دامەزراوەیەکی دیاریکراو و چەند جۆرێک لە پێکهاتەی پێشکەوتووخوازە، بە نموونە بازرگانی و پیشەسازیی لە تیۆری کۆمپانیاکانی بازرگانییدا. هەروەک پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە بە پێچەوانەوە هیچ بەڵگەیەک نییە ڤێبلن جیاکاری نێوان تەکنەلۆجیا و نەریتەکانی وەک “خاڵی شیکردنەوە” بە کارهێنابێت؛ بەڵکوو ڤێبلن توخمە دامەزراوەییە بەهێزەکانی لەناو خودی تەکنەلۆجیادا بینیوە(Knoedler& Prasch, 2007: 127).

ئەوە هەر تەنیا مشتومڕی دوو لە بەشدارە سەرەکییەکانی “ئابووری دامەزراوەیی” وەک “ئەیرێس و هادسۆن” نییە، بەڵکوو بۆ زۆرێک لەوان، ڤێبلن لە زۆر ڕووەوە کێشەلەسەر و مشتومڕهەڵگرە. بەڵام ڕوانگەی نوێی “ستپان مێسترۆڤیچ” کۆمەڵناسی ئەمریکایی، لەبەرانبەر دووکەرتبوونەکەی ڤێبلن، بە تەواوەتی سەرنجڕاکێشە. ئەو لە ڕوانگەیەکی دیکەوە “کەرتبوون” لە کارەکانی “ڤێبلن”دا، شیدەکاتەوە و ئەو کەرتبوونەش لە پێشکەشکردنەوە و ناساندنی ڤێبلن وەک “کۆمەڵناسێکی کولتووری” بە کار دەهێنێت. لەبەر ئەوە ڤێبلن پێشبینی هاتنی کولتوورێکی نوێ و نامۆی “نارسیزم”ی دەکرد، کولتوورێک تیایدا هەست لە هۆش دادەبڕێت، خەڵک و شتەکان نموونەیین و لە هەمان کاتدا کەم نرخن، بەربەریزم هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ڤێبلن خاسیەتی کولتووری ئاشتیخوازانەی پێ دەڵێت؛ نارسیزم کەرتبوونێکە لەباری دەروونی و کۆمەڵایەتیدا و ئەوەش بەو میکانیزمە دەروونییە دەستنیشان دەکرێت، کە دەروونناسان “کەرتبوون”ی پێ دەڵێن(Mestrovic,2003: 3).

تۆرشتەین ڤێبلن (١٨٥٧-١٩٢٩) ئابووریناس و کۆمەڵناسی ئەمریکی

چینە خۆشگوزەرانەکەی ڤێبلن

ناسراوترین کاری ڤێبلن، لانیکەم چەند ئاراستەیەکی بنچینەیی لە بیرکردنەوەی ئەو ڕوون دەکاتەوە؛ ڕادیکاڵیزمی ڤێبلن کە خۆی لە دژایەتی توندی دامەزراوەکانی خاوەندارێتی تایبەت و سیستەمی چینایەتی دەبینێتەوە. فێمینیزم وەک پاڵپشتیکردنی لە ڕزگاریی ژنان و ئایکۆنۆکلاسم کە خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تیۆرییە ئابوورییە زاڵەکاندا دەبینێتەوە، لەپاڵ ئەوانەشدا یۆتۆپیایی ڤێبلن، پێوەست بە غەریزەی کار، سروشتی دەستەجەمعی مەعریفە، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کاڵا(Edgell, 2015: 118).

لێرەوە ئەوەی پەیوەندی بە خودی چینی خۆشگوزەرانەوە هەبێت، تێڕوانین و چەمکە زێڕینییەکانی ڤێبلن، لە خاڵێکەوە سەرچاوە دەگرن کە ڤێبلن تێیدا چینەکانی کۆمەڵ بەسەر دوو چینی دیاریکراو دابەش دەکات، ئەوانیش چینی خۆشگوزەران و چینی کرێکارانن.

بە تێڕوانینی ڤێبلن، کۆمەڵگەی مرۆیی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆیدا، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەڕووی پلەوپایەوە تێدا نەبووە، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی کارامەیی لەنێوان کرێکاردا، دابەشبوونێکی سەرەتایی لە کاردا دەردەکەوێت کە بۆ کاریگەریی گەشەکردن لە بەکارهێنانی ئامێرەکان دەگەڕێتەوە، لەو قۆناغە سەرەتاییەی پێشکەوتنی کولتووردا، کاتێک بەکارهێنانی ئامرازەکان و فەرمانی تەکنیکی هێزە مادییەکان بە پلەیەکی دیاریکراو لە کاریگەریی دەگەن، دوو گرووپی جیاوازی دامەزراندن لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا دەردەکەوێت، کە دامەزراوە شەرافەتمەندەکان و دامەزراوە ڕیسواکانن و بەدڵنیاییەوە چینە خۆشگوزەرانەکە لەوەی یەکەمیاندا جێگیر دەبێت(Camic & Hodgson, 2011: 2014).

چینە خۆشگوزەرانەکەی ڤێبلن، چینێکی بێبەرهەمن و ئەو کارانەی دەیانکەن سوود بە کۆمەڵگە ناگەیەنن، پەنا دەبەنە بەر بەهەدەردانی پارە و کات بۆ دروستکردنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی،

چینە خۆشگوزەرانەکەی ڤێبلن، چینێکی بێبەرهەمن و ئەو کارانەی دەیانکەن سوود بە کۆمەڵگە ناگەیەنن، پەنا دەبەنە بەر بەهەدەردانی پارە و کات بۆ دروستکردنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا، چینی کرێکاران، چینێکی بەرهەمدارن و کار دەکەن بۆ ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی کاری بەرهەمدارەوە بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. ڤێبلن چینی خۆشگوزەرانی پێناسە کردووە وەک چینێک کە خاوەنی دوو تایبەتمەندیی بنەڕەتیین، ئەوانیش:

١. ئەندامەکانی چینی خۆشگوزەران دوورن لە کارە پیشەسازییەکان. ئەوان چەند هەلێکی سنوورداری دامەزرانیان هەیە و لە مەودایەکی کورت و دیاریکراو کار دەکەن. کارەکانیان لەوانەن کە لەناو کۆمەڵەکەیان بە کاری شەرەفمەندانە ناو دەبردرێت، لەوانەیش: پۆستە حکوومییەکان، جەنگییەکان و ئایینییەکان، لەپاڵ ئەوانیشەوە وەرزش.

٢. دیاردەی کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش (Conspicuous Leisure) تێدا بەدیار دەکەوێت. ئەوەش جۆرێکە لە پیشاندانی دەوڵەمەندی و پێگەی کۆمەڵایەتی، بەمەبەستی نیشاندانی پلەیەکی سەرتر لەوانی دیکە.

مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەندامانی چینی خۆشگوزەران پارە و سامانەکەیان لە کڕینی کاڵای گرانبەها خەرج دەکەن کە بەشێوەیەکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بە کاری ناهێنن، چونکە مەبەستی سەرەکی لە کڕینی ئەو کاڵایانە ئەوەیە کە یارمەتیان بدات بۆ دەرکەوتنیان بە شێوەیەک کە هێما بێت بۆ پێگەی چینایەتییان و لە باقی کۆمەڵگە جیایان بکاتەوە، بە نیشاندانی شانازی بە کاڵای بەنرخ کە پلەوپایە بۆ کەسەکە دیاری دەکات(کشک، ٢٠١٩: ٨٨).

ڤێبلن، لە نووسینەکانیدا ئەو کەلتوورەی بۆ یەکەم جار چینی خۆشگوزەران لێوەی سەریهەڵداوە، بە کەلتوورێکی بەربەری ناوزەد دەکات. جێگەی سەرنجە، ئەو دروستبوونی چینی خۆشگوزەران دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە کار دابەشکراوە و خاوەندارێتی تاک پەیدا بووە. ئەمەش واتا تەنانەت مرۆڤە سەرەتایییەکانیش چینێکی خۆشگوزەرانیان هەبووە، ئەگەرچی لەڕووی شێوە و کارکردنەوە جیاوازییەکی ئێجگار زۆریان هەبووە لەگەڵ چینی خۆشگوزەرانی مۆدێرن. لە قۆناغە بنەڕەتیییەکانی کولتووری بەربەری، سنووری نێوان چینی کرێکار و چینی خۆشگوزەران هێندەی قۆناغە نوێیەکان ئاشکرا نەبووە. ئەو کاتە، جیاوازی ئەو دوو چینە دەگەڕایەوە بۆ ڕۆڵی ژنان و پیاوان لە کارکردن، ئەگەرچی ئەو کارانەی پیاوان دەیانکرد لەڕووی ماندووبوونەوە هیچی کەمتر نەبوو لە هی ژنان، بەڵام بە تێڕوانینی ئەو کاتەی ئەوان، کاریان نەدەکرد کاتێک دەچوون بۆ ڕاو، هەروەها ئەو کارانەی دەیانکرد جۆرێک لە کارامەیی و لێهاتوویی تێدابوو کە بە هیچ شێوەیەک بەراورد نەدەکران لەگەڵ کارە ڕۆتینی و بێزارکەرەکانی ژنان .(Veblen, 1899: 12)

بە کورتی لە قۆناغە سەرەتاییەکەدا، شێوەیەک لە ئابووری “بژێوی” زاڵە، کە بە کەمترین دابەشکردنی کار و خاوەندارێتی هاوبەش دەناسرێتەوە، لە ئابووری بژێوییدا، بە پێچەوانەی ئابووریی سەرمایەدارییەوە کە پاڵپشت بە لۆژیکی قازانج، لە پێناو کەڵەکەکردنی کاڵا و سامان مل دەنێت، ئەوە لە “ئابووری بژێوی”دا، بەدەستهێنانی کاڵا، وەک دابینکردنی لانیکەمی پێویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان لێکدەدرێتەوە. ئەو بارودۆخە لەگەڵ دەرکەوتن و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا دەگۆڕێت، تەکنەلۆجیا دەبێتە هۆی “بەرهەمهێنانی زیاد لە پێویست”، بەوەش هاتنەئارای هەلومەرجێکی نوێکە تیایدا ناکۆکی، کێبڕکێ و خۆزاڵکردن دەبێتە تایبەتمەندی زاڵی ژیان و جیاکارییەک لەنێوان چالاکییەکانی پیشەسازی و ناپیشەسازیی سەرهەڵدەدات، وەک چۆن ئەو جیاکارییە لە سەرەتادا لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی/جێندەر (زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژناندا) و دواتر لەسەر بنەمای چینایەتی، ئەندامانی چینی خۆشگوزەران خەریکی ئەو چالاکییانە دەبن کە تایبەتمەندییەکی “شەرافەتمەندانە”یان وەرگرتووە، وەکوو؛ “سیاسەت، شەڕ، ئایین و وەرزش” و بەوەش لە پیشە بە سوودەکان وەکوو “بەرهەمهێنانی خۆراک” دوور دەکەونەوە، لێرەوە چالاکییە بەرهەمهێنەرەکان کە بە “ناشایستە” دادەنرێن، لە لایەن ژنان و پیاوانی چینەکانی خوارەوە ئەنجام دەدرێن(Edgell, 2015: 119).

ئەو بیرکردنەوەیەی ڤێبلن، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەلای زۆرینەی فێمینیستەکانی دژە-سەرمایەداریی وەک “ماریا میس، کلاودیا ورلهەف و ڤیرۆنیکا تۆمسن” دەردەکەوێتەوە، بەتایبەت لە خاوەندارێتی ئەوان لە ڕوانگەی بژێوی (Subsistence Perspective) و پێشکەشکردنەوەی وەک جێگرەوەی سیستەمی پیاوسالاریی-سەرمایەداریی. لەو خاڵەوە کە ڕوانگەی بژێوی دژی بەرهەمهێنانی کاڵایە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کاڵا ئامانجی سەرمایەداریی و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە؛ “ئێمە باس لە بەرهەمهێنانی ژیان دەکەین، نەک بەرهەمهێنانی کاڵا”(Mies, 2005: 1). وەک چۆن هەمان ئەو تێگەیشتنەی ڤێبلن کە پێداگیریی لەسەر پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بەدوایدا هەڵکشانی بەرهەمهێنانی کاڵای زیاد لە پێویستی ژیان دەکات (بە ئامانجی کەڵەکەکردنی سەرمایە)، جارێکی دیکە لە لای “ورلهەف”دا دەردەکەوێتەوە؛ ئابووری بژێوی تەنیا ڕێگە بە تەکنەلۆجیایەک دەدات، خزمەت بە ژیان بکات، بەرهەمهێنانی بژێوی لە “کێبڕکێ” و “پێشبڕکێ” دوور دەکەوێتەوە و لە جیاتی ئەوە “هاریکاریی”، ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان مسۆگەر دەکات(Werlhof, 2007: 20).

کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش (Conspicuous Leisure)

سەرەڕای ئەوەی لە بەهادارترین چالاکییە ئابوورییەکان کارکردن و بازرگانی و وەبەرهێنانن، بەڵام لە چاوی ڤێبلن، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەمیشە ڕێزی لەو چالاکییانە گرتووە کە بە تەواوی پێچەوانەیانن، وەک، جەنگ و داگیرکاری و بەفیڕۆدانی کات. ئەو مرۆڤانەی دەبێ زۆرترین ڕێزیان لێ بگیرێ، ئەوانەن کە لە هەمووان سەختتر کار دەکەن و بەرهەمدارترن بۆ کۆمەڵگە، کەچی ئەوانەی ڕێزی بێ پایانی کۆمەڵیان وەرگرتووە، ئەوانەن کە زۆرترین کاتی خۆیان بە چالاکی بێ بەرهەمەوە بەفیڕۆ دەدەن.

ڤێبلن باوەڕی وا بوو کە خۆپەسندێتی و بەراوردکاری لە سروشتی خەڵکن و هەمیشە مرۆڤەکان بەدوای ئەوەن لە چینێکی سەرووتر بن، مەبەستەکە ئەوەیە مرۆڤ لە پێناو خۆپەسەندێتییدا، خۆی بەوانی دیکە بەروارد دەکات و دەیەوێت لەوانی دیکە سەرووتر بێت یان وا دەربکەوێت لەوانی دیکە باڵاترە. لە هەموو ئەو چالاکییانەشدا کە خەرجی لە پێناو “کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش”دا دروستیان دەکات، تایبەتمەندییەکی ئاشکرا هەیە، چونکە بابەتەکە بۆ سوودوەرگرتن نییە، لەبەر ئەوە ئەو چالاکییە، هیچ بەرهەمێکی مادی لەدوای خۆی جێناهێڵێت، بەڵکو بە گشتی کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش شێوەی کاڵای نامادی وەردەگرێت.(Veblen 1899: 47).

کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش تایبەتمەندییەکی ئاشکرای ئەو چینە خۆشگوزەرانەیە کە کارکردن و ماندووبوون بە ناشایستە لە قەڵەم دەدات

کەواتە کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێشیش یەک لە ڕێگەکان بووە بۆ پیشاندانی بەرزی پێگەی کۆمەڵایەتی. کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش تایبەتمەندییەکی ئاشکرای ئەو چینە خۆشگوزەرانەیە کە کارکردن و ماندووبوون بە ناشایستە لە قەڵەم دەدات. دیارە ڤێبلن ئەلێرە مەبەستی تەنیا ناچالاکی نییە بە واتای (کارنەکردن)، بەڵکوو چەندین چالاکی دیکەشی بە ناشایستە و کات بەفیڕۆدان هەژمار کردووە، لەوانەیش، فێربوونی زمانە مردووەکان، پەیداکردنی زانیاری لەسەر مۆسیقا و خۆراک و جلوبەرگ و ئاژەڵە ماڵییە سەرنجڕاکێش و گرانبەهاکان وەکوو سەگ و ئەسپی پێشبڕکێ، خۆخەریککردن بە فێربوون و جێبەجێکردنی ئەتەکێت و ئاکارە ناپێویستەکان و لەپاڵ هەموو ئەوانەش، بەشداریکردن لە یارییەکان و وەرزش. (Varul,2016: 110).

هەندێک بابەتی وەک پێشبڕکێی ئەسپسواری یان وەرزش، لەلایەن ڤێبلنەوە بەتوندی ڕەت کرانەوە، نەک هەر لەبەر ئەوەی بەفیڕۆدانی کات لەخۆ دەگرن یان “سەرنجڕاکێش”ی و لەدواییدا خۆ جیاکردنەوە، بەڵکو کردەیەکی کێبڕکێکارانە و هەستی زاڵبوون و خۆسەپاندن بەسەر ئەوانی دیکە دروست دەکات، بە نموونە غەریزەی وەرزشکاریی، بۆ شەڕکەرانی جەنگ دەگێڕێتەوە و بەڵکو میتافۆڕێک لەنێوان جەنگ و وەرزشدا دروست دەکات، لە کۆتاییدا هەردوو کردەکە، یەک شێوە و ئاراستەیان هەیە، گرووپێک گرووپێکی دیکە دەخاتە دەرەوە یان گرووپێک دەیەوێت بەسەر ئەوەی دیکەدا زاڵ بێت.(Eby 1993; 12).

کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش” ئەو چەمکە بوو کە ڤێبلن دایهێنا بۆ پێناسەکردنی ئەو چینەی لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕێگەی ناچالاکی و کاری بێبەرهەمەوە پێگەیەکەی کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، بەوەی بیسەلمێنن بۆ دەوروبەرەکەیان کە لە سەروو کارە سەخت و بێزارکەرەکانی چینەکانی خوار خۆیانن. هەڵبەت زۆربەی جار ئەو چینەی کە دیاردەی کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێشی تێدا دەردەکەوێ، لەناو کۆمەڵگەدا بە چینی سەروو ناودەبرێت و لە هەمان کاتدا زۆربەی جار چینێکی دەوڵەمەندیشە، بەڵام، ڤێبلن دەوڵەمەندی و خانەدانی ڕاستەوخۆ پێوەست نەکردووە پێیەوە، بەڵکوو: “بۆ ئەوەی ڕێزی خەڵکی بەدەست بهێنی، بەس نییە تەنیا دەوڵەمەند یان بەهێز بیت. ئەو دەوڵەمەندییە یان هێزە دەبێت پیشان بدرێت، چونکە ڕێز تەنیا ئەو کاتە دەدرێ کە بەڵگەیەک هەبێت.”(Veblen, 1899: 19) بێگومان ئەم دیاردەیە کاتێک سەر هەڵدەدا کە جیاوازییەکی چینایەتی بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی بەلانی کەم دوو چین دروست بکات، لە هەمان کاتدا، “ڕێز”ەکە، وەک بەهای کۆمەڵایەتی دەوڵەمەندییەکە، پێویستی بە بەڵگەدارکردن هەیە، لەبەر ئەوە، دەبێت “نیشان”ی ئەوانی دیکە بدرێت، ئەوە لە شێوەی “نمایشێکی شانۆیی”دا دەردەکەوێت کە “بینەر” وەک ئەوەی “کلاری ئیبی” گوزارشتی دەکرد؛ بە “چاوی سەرمایەداریی” دەبینێت(Lewis, 2000: 520).

خۆ دوورخستنەوە لە کاری بەرهەمدار ئەو کاتە بە زەقی سەری هەڵداوە کە مرۆڤایەتی پێی ناوەتە ناو ژیانی نیمچە شارستانییەتەوە، بە تایبەتی لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی قۆناغی پیشەسازیی بەشێوە-ئاشتییانە (Quasi-peaceable)، ئەو سەردەمەی کە کۆیلەی تایبەتی، ئاژەڵداری و شوانی سەری هەڵداوە، و پیشەسازی هێندە گەشەی کردووە کە بژێوی چیتر بە تەواوی پێوەست نەبێ بە ڕاوکردنەوە. لەو سەردەمەدا، کە سەردەمی پەیدابوونی ئاغا و دەرەبەگان بووە، ژیانێکی بێ کارکردن باوترین شێوەی پیشاندانی هێز و دەوڵەمەندی بووە. لەو کاتەدا دەوڵەمەندی خۆی لە هەبوونی کۆیلەی تایبەتی و زەوی بینیوەتەوە، هێز لە هەبوونی خزمەتکاری کەسیدا بینراوە و بەوەش کار نەکردن زیاتر ڕەمزی پایەبەرزی وەرگرتووە. بەهۆی ئەوەی دوورکەوتنەوە لە کار بووە بە نیشانەی دەوڵەمەندی و هێز، پێچەوانەکەی، کارکردنی بەرهەمدار بووەتە هۆی دروستکردنی پێگەیەکی نەرێنی بۆ ئەوانەی کاریان کردووە(Veblen, 1899:25).

لاساییکردنەوەی خەرجی (Pecuniary Emulation)

لە لای ڤێبلن، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پارە (Pecuniary Struggle) بزووێنەری پەرەسەندنی کۆمەڵگە و کولتوورە و، وا دەکات کۆمەڵ لە بارێکەوە بۆ بارێکی پەرەسەندووتر بگۆڕێت. هەرچەندە وا دەردەکەوێ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پارە وا لە مرۆڤەکان بکات زیاتر کار بکەن و خەرجییەکانیان باشتر ڕێکبخەن، بەڵام ڤێبلن وا بیرناکاتەوە. چونکە لای ئەو مەبەستی مرۆڤەکان لەم هەوڵدانە ژیانێکی بێ کەموکوڕی و دەستەبەرکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان نییە، ئەگەر وا با، ئەوا سنوورێک دەبوو بۆ ئەم هەوڵدانە و کاتێک پێداویستییە بنەڕەتییەکان دەستەبەر دەبوون، مرۆڤەکان ویستی کۆکردنەوەی مادەیان نەدەما.

لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا کە خاوەندارێتی تایبەت پەیدا بووە، بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی زۆر زیاترە لەوەی بۆ ژیان پێویستە، “هەوڵدان بۆ مانەوە لە ژیان” دەگۆڕێت بۆ: “هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ لە ڕێگەی مادەوە”

بەڵکوو لای ئەو، مەبەستی مرۆڤ لە کۆکردنەوەی سامان، لاساییکردنەوەی خەرجییەکانی چینی خۆشگوزەرانە. لاساییکردنەوەی خەرجی بریتییە لەو هەوڵانەی بۆ گەیشتن یان تێپەڕاندنی پێگەی کۆمەڵایەتی کەسێکی دیکە، دەدرێت، لە ڕێگەی خەرجییەوە. لێرەدا، ئەو ڕاستییە بە دیار دەکەوێت کە پێگەی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی کاری سەخت و کۆکردنەوەی سامانەوە بە دەست ناخرێت، بەڵکوو پیشاندانی سەروەت و سامان پێگەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. کەواتە خەرجکردنی پارە، هەر تەنیا بۆ دابینکردنی بژێوی نییە، بەڵکو ئەرکێکی کۆمەڵایەتی هەیە، کە خۆی لە دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە، ئەویش بە خۆجیاکردنەوە لەوانی دیکە مسۆگەر دەبێت، وەک دەردەکەوێت خەرجکردنیی سەرنجڕاکێش یەکێک لە ڕێگەکانی خۆجیاکردنەوەیە لەوانی دیکە.

وەک ئەوەی ڤێبلن پێداگیری لەسەر دەکات، لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا کە خاوەندارێتی تایبەت پەیدا بووە، بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی زۆر زیاترە لەوەی بۆ ژیان پێویستە، “هەوڵدان بۆ مانەوە لە ژیان” دەگۆڕێت بۆ: “هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ لە ڕێگەی مادەوە”، کە تیایدا ویستی “هەمووان بۆ دەستخستنی کاڵا” پەیدا دەبێت، لە پێناو ئەوەی ڕێزی کۆمەڵگەی دەستکەوێت و ڕێز لەخۆگرتن زیاد بکات.  (Edgell, 2015: 119).

لەبەر ئەوەی کارکردن و دروستکردنی سامان، لە جێگەی خۆی، بەهایەکی کۆمەڵایەتی نییە، ئەمەش وا دەکات کارکردن بەهای خۆی لەدەست بدات و بەڵکو وەک ئەزموونێکی ناشایستەی ژیان سەیر بکرێت، پێچەوانەکەشی، کە کات بەفیڕۆدان و کارنەکردنە، بە ئەزموونێکی شایستە دەنرخێندرێت یان بەهادار دەکرێت. لەبەر ئەوەی کات بەفیڕۆدان وەک بەڵگەی دەوڵەمەندی سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا کاری بەرهەمدار وەک پێویستییەک بۆ بەدەستهێنانی پارە و بۆیەش، هەژاری. لەبەر ئەوە، چینی خۆشگوزەران، بۆ هێشتنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتییان بە جێگیری، بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە کاری بەرهەمدار بەدوور دەگرن. (Corneo, 1999: 1670)، بەو شێوەیە، گەڕان بەدوای پێگەی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی خەرجکردنەوە، هەم چینی خۆشگوزەران لە کارکردن دووردەخاتەوە (چونکە کار، نیشانەی هەژارییە)، هەم چینەکانی خوارەوە، ناچار بە خەرجی سەرنجڕاکێش دەکات (چونکە خەرجکردن نیشانەی دەوڵەمەندییە) و ئەوەش بە چینی خۆشگوزەرانەوە گرێدراوە.

ڤێبلن سەرەتای دروستبوونی چینی خۆشگوزەران دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کاتەی موڵکداری پەیدا بووە. چونکە ئەم دووە، بە گوێرەی ئەو، “لە هەمان بزووێنەرە ئابوورییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.” جیابوونەوەی چینی خۆشگوزەران لە چینی کرێکار، لە قۆناغە زووەکانی بەربەرییەتدا، بۆ جیاوازی نێوان کاری ژنان و پیاوان دەگەڕێتەوە. بە هەمان شێوە، کۆنترین شێوەی موڵکداری بریتییە لە خاوەنداریکردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە؛ پیاوانی بەتوانا و بەهێز لە سەردەمی کۆن. خاوەندارێتیی ژنیش لە قۆناغە زووەکانی بەربەرییەتیدا، لە شێوەی دەستبەسەرداگرتنی ژنە بە دیل گیراوەکان خۆی دەنوێنێت، بە تایبەتی ئەوانەی لە کاتی شەڕ و جەنگدا گیراون. مەبەست لەم کارەش، پیشاندانیان بووە وەک دەستکەوت، ئەمەش بێگومان هەستی بەهێزی دروست کردووە لە لای هاوهێزەکانیان. ئەم کارە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی هاوسەرگیریی خاوەندارێتی (Ownership Marriage)، هەروەها ڕێگەشی خۆش کردووە بۆ بە کۆیلەکردنی دیلەکانی تری جەنگ و، سەرەنجام دیاردەی هاوسەرگیریی خاوەندارێتی درێژبووەتەوە بۆ ئەوەی تەنانەت ئەو کۆیلانەش بگرێتەوە کە دەستکەوتی جەنگ نەبوون(Veblen, 1899:17). ئەلێرەدا، کۆنترین شێوەی لاساییکردنەوە دەردەکەوێ، کۆیلەداری سەرهەڵدەدا و لەپاڵ ئەوەش شێوە هاوسەرگیرییەک کە لەسەر بنەماکانی زۆرلێکردن و بەکارهێنانی هێز بەندە(Bowles, Park, 2005).

blank
کتێبەکەی ڤێبلن (تیۆری چینی خۆسگوزەران)

خەرجیی سەرنجڕاکێش (Conspicuous Consumption)

چینی خۆشگوزەران بۆ ئەوەی ئەو پێگە کۆمەڵایەتییەی کە هەیەتی وەک خۆی بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا بەردەوامیش بن لە خۆدوورخستنەوەیان لە کارە ماندووکەر و ڕۆتینییەکانی کۆمەڵگە، پەنا دەبەنە بەر ئەو ڕێگەیانەی لەبەرچاوی خەڵک دەوڵەمەند و بەهێز پیشانیان دەدا، ئەوانیش کات بەفیڕۆدان و خەرجیی سەرنجڕاکێشن. ڤێبلن ئەو خەرجییانە دەخاتە قالبی خەرجی سەرنجڕاکێشەوە کە مەبەست لێیان پڕکردنەوەی بۆشاییەکی پێویست نییە لە ژیانی تاکەکاندا، بەڵکوو ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ دەرخستنی سامان و چۆنییەتی سەرفکردنی ئەو سامانە، هەر لەبەر ئەوە، زۆربەی جار ئەو بەرهەمانەی دەکڕدرێن، بەرهەمی گرانبەهان و شایستەی ئەو بڕە پارەیە نین کە بۆیان خەرج دەکرێت.

خەرجی سەرنجڕاکێش کەلتووری “بەکاربەریی ڕوواڵەتی” دروست دەکات، کە بەڵگەیە لەسەر ئەندامێتیی بەکاربەر لە چینی خۆشگوزەران لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا.

بەو شێوەیە خەرجی سەرنجڕاکێش کولتووری “بەکاربەریی ڕوواڵەتی” دروست دەکات، کە بەڵگەیە لەسەر ئەندامێتیی بەکاربەر لە چینی خۆشگوزەران لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا. بەکاربردن لە پرۆسەیەکی ئابووری کە مەبەست لێی دابینکردنی پێویستییەکانی ژیانە، بۆ بەهایەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەگۆڕێت، کە تیایدا بەکارهێنانی کاڵا و دەستگەیشتنی بەردەوام بە زیاترین کاڵا، دەبێتە ئامرازی هەستکردن بە ڕێز، خۆپەسندێتی و پێگەی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی شێوەی خۆی لەو کردەوەگەل و بەهایانەی گرێدراو بە بەکاربردن جێگر دەکات، کە لە گرووپەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە(کشک، ٢٠١٩:٨٩).

لەو ڕوانگەیەوە، ئابووریناسان چەمکی کاڵا ڤێبلنییەکان (Veblen’s goods) بە کار دەهێنن بۆ وەسفکردنی ئەو بەرهەمانەی کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخیان، بڕی خواست بۆیان بەرز دەبێتەوە، پێچەوانەی یاسای خواست (Law of Demand)، کە دابەزینی خواستی پێوەست کردووە بە بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکان، بۆیە لە یاسای خواست ئەم دیاردەیە، کارتێکەریی ڤێبلن (Veblen’s Effect)، بە بارێکی شاز لە قەڵەم دراوە. هەر چۆنێک بێت، ئێستا “کاڵا ڤێبلنییەکان” وەک دیاردەیەکی بەرفرەوانی گرێدراو بە هەڵسوکەوت لە بازاڕ و ئابووریدا، لە توێژینەوە ئابوورییەکاندا پێش دەخرێت؛ هاوشێوەی توێژینەوەکەی “بانری” کە لە لایەن “بانکی نێودەوڵەتی”یەوە بڵاوکراوەتەوە، جیا لە هەڵوەستەکردن لەسەر کاڵا ڤێبلنییەکان، بەو ئەنجامە گەیشتووە، خەرجی سەرنجڕاکێش کاریگەریی زیاتر لەسەر هەژاران دادەنێت و نایەکسانی لە پانتایی کۆمەڵگەدا بەرفراوانتر دەکات (Banuri, 2020: 21).

کاریگەریی هەردوو کردەوەگەلی “کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش” و “خەرجی سەرنجڕاکێش” بەگوێرەی تایبەتمەندی کۆمەڵگەکان لە ڕووی کۆچەریی و جێگیرییانەوە، گۆڕانی بەسەردا دێت.

کاریگەریی هەردوو کردەوەگەلی “کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش” و “خەرجی سەرنجڕاکێش” بەگوێرەی تایبەتمەندی کۆمەڵگەکان لە ڕووی کۆچەریی و جێگیرییانەوە، گۆڕانی بەسەردا دێت. لە هەندێک حاڵەتدا کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت بۆ دروستکردنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەرز بە بەراورد لەگەڵ خەرجیی سەرنجڕاکێش، یەک لەو کاتانە هەبوونی کۆمەڵگەیەکە کە جوڵە و کۆچکردن تێیدا باوە، چونکە ئەوە وا دەکات خەڵکی کەمتر ئاگاداری چالاکییەکانی کەسانی دیکە بن و بایەخیان پێ بدەن، بەوەش ناوبانگ لە ڕێگەی کات بەفیڕۆدان ڕەنگە هێندەی خەرجی بە فراوانی بڵاو نەبێتەوە (Trigg, 2001: 112).

بە هەمان شێوە کاریگەریی هەردوو خەرجی سەرنجڕاکێش و کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش، بەپێی چڕی دانیشتووان، گۆڕانی بەسەردا دێت؛ کۆمەڵگەیەک کە ژمارەی دانیشتوانی زۆر بێت، دەبێت خەڵکەکەی زیاتر پەنا ببەنە بەر خەرجیی سەرنجڕاکێش وەک لە کات بەفیڕۆدانی سەرنجڕاکێش، بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەیەک ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر بێت، چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە چڕی دانیشتوان زۆرە، خەڵکی کەمتر ئاگاداری ژیان و چالاکییەکانی کەسانی دیکە دەبن و زیاتر بەلای خەرجکردنی ساماندا دەچن بۆ دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی. بێگومان لە هەمان کاتدا ئەو کۆمەڵگەیەی ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمترە، ڕێژەی کارکردن تێیدا نزمتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگە دانیشتوان زۆرەکە، چونکە لەم حاڵەتەدا بەدەستهێنانی پارە و خەرجکردنی بە شێوەیەکی سەرکێشانە تاکە ڕێگە نییە بۆ دروستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو کار نەکردن و کات بەفیڕۆدان ڕێگەیەکی کاریگەر و بەردەستە. (Frijters, Leigh, 2008: 1940)

ڤێبلن پێی وایە ئەم دیاردەیە لە قۆناغە سەرەتایییەکانی گەشەکردنی مرۆڤەوە سەریهەڵداوە لە شێوەی زیادەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوە. چینە خۆشگوزەرانەکەی مرۆڤی سەرەتایی، کە پیاوان بوون، دەستیان بەسەر بەرهەمە زیادەکاندا گرتووە و بە دڵی خۆیان خواردوویانە و خواردوویانەتەوە، لە کاتێکدا چینی کرێکار، کە ژنان بوون، تەنیا بایی پێویستیان خواردووە تاوەکوو لە ژیان بمێننەوە و لە کارەکانیان بەردەوام بن. بەم شێوەیە، خواردنە خۆش و دڵخوازەکانی ئەو کاتە وەک “تابوو”یەک لە قەڵەم دراون بۆ ژنان و دوای گەشەکردنی کۆمەڵیش، ئەم قەدەغەکردنە بووەتە نەریت و یاسا بۆ ڕێگریکردن لە چینی کرێکاران لە بەکارهێنانیان. بەم شێوەیە کۆمەڵێک بەرهەم دروست دەبن کە بەکارهێنانیان شتێکی ناپێویستە، بەڵام پێگەیەکی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن. لاساییکردنەوەی خەرجیش وا دەکات ئەم دیاردەیە تەشەنە بکات بە ڕێژەیەکی بەرز، چونکە پێچەوانەی کات بەفیڕۆدان، تەنانەت چینی کرێکاریش دەتوانێت زیادەڕۆیی بکات لە خەرجکردنی سامان بە مەبەستی دروستکردنی پێگە، لە کاتێکدا، ڕەنگە نەتوانێ بژێوی پەیدا بکات ئەگەر واز لە کارکردن بێنێت و کاتەکانی بە کاری بێبەرهەمەوە بەسەر ببات. .(Veblen, 1899: 33-48)

ڤێبلن باس لە دوو دیاردەی دیکەش دەکات کە سەرچاوەکانیان خەرجیی سەرنجڕاکێشن. یەکەمیان دیاردەی هاوسۆزیی سەرنجڕاکێشە (Conspicuous Compassion)، کە دروستکردنی ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و بەخشینە بە مەبەستی پیشاندانی پێگەیەکی بەرز لەناو کۆمەڵگە، و دووەمیان خەرجیی قێزەون (Invidious Consumption)، کە بریتییە لە خەرجکردنی پارە بە مەبەستی زیادکردنی ئیرەیی خەڵک، یان ئەوەتا بۆ زیادکردنی ڕق و سەرەنجام چڕکردنەوەی ڕکابەرایەتی لەگەڵ کەسانی هاوپێگە.

لاساییکردنەوە و بەفیڕۆدان

وەک لە بەشەکانی پێشەوە ڕوونمان کردەوە، ڤێبلن پێی وابوو دوو بزوێنەر هەیە بۆ گەورەبوونی بازاڕی کاڵاکان. یەکەمیان، لاساییکردنەوە، کە بەهۆی نایەکسانی باری ئابووری تاکەکان لە کۆمەڵگەدا سەرهەڵدەدات، لە کاتێکدا ئەم پێگە ئابوورییە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی. بۆیە، چینەکانی خوارەوە هەمیشە لە هەوڵی لاساییکردنەوەی چینەکانی سەرەوەدان، چینەکانی سەرەوەش، هەمیشە لە هەوڵی داهێنانی ئاکاری نوێ و ئاڵۆز و دروستکردنی بەرهەمی گرانبەهاترن بۆ ئەوەی لاساییکردنەوەکە زەحمەتتر بکەن.

زۆربەی ڕەخنەگران دژی “لاساییکردنەوە”ن و وەک بزووێنەری سەرەکی کەلتووری بەکارهێنەر یان بەکاربەریی، بە بیانووی ئەوەی داهێنانی چینەکانی خوارەوە و پڕۆسەی لاساییکردنەوەی پێچەوانە بەلاوە دەنێت، لە کاتێکدا داهێنان هەر تەنیا لە توانای چینەکانی سەرەوەدا نییە، بەڵکو چینەکانی خوارەوەیش توانای داهێنانیان هەیە. واش دەکات تەنیایەک کولتوور بوونی هەبێت، ئەویش کولتووری چینەکانی سەرەوەیە و هەمووان لە هەوڵی لاساییکردنەوەیدا بن، بەڵام ئەوە واقیعی نییە. بزوێنەری دووەم، کە هەردوو دیاردەی خەرجیی ئاشکرا و ناوبانگ لەڕێی لاساییکردنەوەی لەسەر بەندە، بەفیڕۆدانە، کە بنەمای سەرەکییە لە تیۆرییەکانی ڤێبلن دەربارەی بەکارهێنان، چونکە تەنیا ئەو کاتەیەکێک دەگات بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی ئەگەر لەبەر چاوی خەڵک بەرهەمەکەیان کاتەکەی بەفیڕۆ بدات، ئەم بەرهەمەش بۆ ئەوەی کاریگەرییەکە دروست بکات، پێویستە بەهای بەرهەمەکە و چۆنییەتی بەکارهێنانی ڕەزامەندی کەسانی هاوپێگەی لەسەر بێت و جۆرێک لە ڕێز لە چاوی کەسانی چینەکانی خوارەوە یان نزمتر دروست بکات(Varul, 2006: 108).

ئەلێرەدا گرنگی بەفیڕۆدان تەنیا لە شێوەی خۆدەرخستنەکەدا نییە (شێوە ڕەمزییەکەی)، بەڵکوو لە بەهای کاڵا بەفیڕۆدراوەکانیشە. جیاوازییەک هەیە لەنێوان توانا لە شێوەی خۆدەرخستنەکە و ئەو کاڵایەی کە کردەی خۆدەرخستنەکەی پێ ئەنجام دەدرێت. بۆ ئەوەی یەکێک وەک ئەندامێکی چینی سەروو بناسرێت، تەنیا ئەوەندە بەس نییە کە لاسایی ڕەفتار و ئاکارەکانی کەسانی چینی سەروو بکاتەوە، چونکە ئەم خۆدەرخستنە تەنیا ڕێگەیەکە بۆ پیشاندانی کاڵا بەهادارەکان، بۆیە، پێویستە کاڵا بەردەستەکەش بەهادار بێت. بۆ نموونە، خشڵ دەوڵەمەندی پیشان دەدات و لە هەمان کاتدا خۆیشی کاڵایەکی بەهادارە. ئەوە وەک ئەو جیاوازییەیە لەنێوان تابلۆیەکی ڕەسەن و وێنەیەکی لەبەرگیراوی هەمان تابلۆدا هەیە.

ئەو سێ بنەما بنچینەییەی ڤێبلن لە “تیۆری ئابووری پۆشاکی ژن-١٨٩٤”دا، بۆ پۆشینی جلوبەرگێک بەمەبەستی “بەفیڕۆدان” دەستنیشانی دەکات، سەرەڕای تایبەتکردنەوەی بە خودی پۆشاکەوە، بەڵام دەتوانرێت وەک بنەمای گشتی “بەفیڕۆدان” لێکدانەوەی بۆ بکرێت. بنەماکان پێکدێن لە؛

١. گرانبەهایی؛ جیا لە گرانبەهایی جلەکە، پێویستە پۆشاکێکی نائابووری بێت (واتە پۆشاکەکە هەمان ئەو سوودەی نەبێت کە پۆشاکێکی ئاسایی هەیەتی)، پێویستە پۆشاکەکە بەڵگەیەک بێت بۆ دەوڵەمەندی خاوەنەکەی، ئەو نرخەش پێی دەدرێت، زۆر زیاتر بێت لەو سوودەی بە جلپۆشەکەی دەگەیەنێت.

٢. نوێ؛ پۆشاکەکە پێویستە لە یەکەم بینینەوە ئەوە پیشان بدات کە بە دەگمەن لەبەر دەکرێت، هەروەک بیسەلمێنێت بەرگەی زۆر لەبەرکردنیش ناگرێت(دیسان زۆر کرداریی نییە)، بەڵام دوو حاڵەتی شازیش هەیە، هەندێک پۆشاک هەن، ئەوەندە گرانبەهان تەنیا کەسانی چینی سەرەوە دەتوانن بیکڕن، لەگەڵ جلێکی تایبەت کە لە باوباپیرانەوە وەک پۆشاکێکی کەلەپووری ماوەتەوە. ئەو جلە کۆنە، بەهایەکی تایبەت دروست دەکات؛ هەبوونی جلێکی تایبەت کە لە باپیرانەوە ماوەتەوە، بەهاکەی زۆر زیاترە لە جلێکی نوێ، چونکە دەیسەلمێنێت، باپیرانیشیان لە چینی سەروو بوون و هەروەک خەریکی بە فیڕۆدان بوون.

٣. ناکارایی؛ دەبێت جلەکە بە شێوەیەک بێت، جلپۆشەکە سنوودار بکات لە هەر کارێکی بە سوود، واتە تەواو ڕوون بێت کە جلەکە بۆ پیشاندانە، بە شێوەیەک کە جلپۆشەکە بەهۆی ئەو جلەی پۆشیویەتی، ناتوانێت هیچ جوڵەیەکی ئاسایی بکات(Veblen,1894: 204).

پاڵپشت بەو تیۆرییەی ڤێبلن، ئەمڕۆ لە توێژینەوەکانی بواری ئابووری کۆمەڵایەتی یان ئەو توێژەرانەی بە تایبەت گرنگی بە ڕەفتار و هەڵسوکەوت لە بازاڕ دەدەن، سەرنجەکانیان لەسەر هەموو ئەو جوڵەیە چڕ کردووەتەوە، کە لە پرۆسەی بە فیڕۆدان لە لایەن چینەکانی سەرەوە و لاساییکردنەوە لە لایەن چینەکانی خوارەوە دەگوزەرێت، پێوەست بە جۆر و بەهای کاڵاکان؛ بە نموونە کاتێک دەوڵەمەندەکە کاڵایەک بۆ خۆدەرخستن و خۆجیاکردنەوە بە کار دەهێنێت (ئەلێرەدا بەفیڕۆدان هەیە)، چینەکانی خوارەوە، هەوڵدەدەن هەمان کاڵای هاوشێوە بە کار بهێننەوە، بەڵام چاوەڕوانکراوە، ئەو کاڵایەی دەوڵەمەندەکە بە کاری دەهێنێت لەڕووی نرخەوە گرانبەها بێت، ئەلێرەدا ئەندامانی چینەکانی خوارەوە، هەوڵدەدەن سوود لە وێنەی کۆپیکراوی هەمان کاڵا وەربگرن، کە لە دەرکەوتن و ڕوواڵەتدا، هەمان دەرکەوتن و ڕوواڵەتی کاڵا گرانبەهاکەی هەیە، بەڵام ڕەسەن نییە و کۆپیکراوە، بەو حالەیشەوە، چونکە کاڵایەکە هاوشێوەیی هەیە، کاریگەریی خۆی دروست دەکات.

مۆرفی و بیکەر” لە توێژینەوەکەیاندا “هەڵسوکەوتی بازاڕ لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتییدا”، چەند ئەنجامێکی زۆر ورد و گرنگ پێشکەش دەکەن، ئەوان سەرسوڕمانی خۆیان ڕاگەیاندووە، لە نزیکایەتی و پەیوەندی پتەوی ئەو ئەنجامانەی لە توێژینەوەکەیاندا بەدەستهاتوون، لەگەڵ شیکردنەوەکانی ڤێبلن پەیوەست بە بەفیڕۆدان و لاساییکردنەوە. ئەوان، تێبینی ئەوەیان کردووە، کاتێک سەرکردەکان یان ئەندامانی چینە دەوڵەمەندەکان کاڵایەکی گرانبەها بە کار دەهێنن، ئەندامانی چینەکانی خوارەوە، وەک شوێنکەوتەی ئەوانی سەرەوە، پەنا بۆ کاڵای کۆپیکراوی هاوشێوە دەبەن، کە لە بازاڕەکاندا بە نرخی هەرزان دەست دەکەوێت، ئەوەش ئەندامانی چینەکانی سەرەوە ناچار دەکات، بەردەوام کاڵاکانیان بگۆڕن و کاڵای جیاوازتر و زۆر گرانبەهاتر بکڕن یان ستایلی خۆیان بگۆڕن، هەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆیان لە چینەکانی خوارەوە (لاساییکەرەوەکانیان) جیا بکەنەوە. بەو شێوەیە خۆجیاکردنەوەی ئەندامانی چینەکانی سەرەوە، لە ڕێگەی کاڵایەکی تایبەتەوە، شێوەیەکی کاتی وەردەگرێت، تا ئەوکاتەی شوێنکەوتووەکانیان لە ڕێگەی کاڵای هاوشێوەی کەمنرخ یان کاڵای کۆپی و ساختەوە، خۆیان لەگەڵ ئەوانەی سەرەوە یەکدەخەن، ئەلێرەدا ئەندامانی چینی سەروو واز لە کاڵاکەی پێشوو دەهێنن، وەک ئەوەی ئەو کاڵایانە لەگەڵ بەکارهێنانەوەیان لە لایەن چینەکانی خوارەوە پیس دەکرێت “polluted” و ئەوەش ئەوانەی سەرەوە هاندەدات بەدوای کاڵای دیکەی پارێزراو “protected”دا بگەڕێن(Becker & Murphy, 2000: 141).

وەک “مۆرفی و بیکەر” نیشانی دەدەن، کاتێک ئەوانەی سەرەوە، دەست بۆ کاڵای نوێ یان مۆدە و فاشیۆن دەبەن، لەبەر ئارەزوویان بۆ بەکارهێنانی کاڵای نوێ نییە، بەڵکوو بەهۆی ئارەزوویانە بۆ خۆجیاکردنەوە.

سەرچاوەکان

1-Becker, Gary S. & Kevin M. Murphy (2000) Social economics: market behavior in a social environment, the Belknap press of Harvard University press, USA.

2- Bowles S., Park Y. (2005) “Emulation, Inequality, and Work Hours: Was Thorsten Veblen Right?”, The Economic Journal, Volume 115, Issue 507, November, pp: F397–F412.

3- – Banuri, Sheheryar (2020) Borrowing to Keep Up (with the Joneses) Inequality, Debt, and Conspicuous Consumption, World Bank, the Development Research Group and the Office of the Chief Economist, Middle East and North Africa Region.

4- Camic, Charles and Geoffrey M. Hodgson (2011) Essential Writings of Thorstein Veblen, by Routledge, New York.

5- Edgell, Stephen (2015) Veblen in Perspective: His Life and Thought, by Routledge, New York, USA.

6- Eby, Clare Virginia (1993) Babbitt as Veblenian Critique of Manliness, American Studies, Vol. 34, No. 2, pp. 5-23.

7- Frijters P., Leigh A. (2008) “Materialism on the March: From conspicuous leisure to conspicuous consumption?” The Journal of Socio-Economics, Volume 37, Issue 5, pp: 1937-1945.

8- Harvey, John T. (1994), Circular causation and the Veblenian dichotomy in the General Theory: an introduction to institutionalist method, Journal of Post Keynesian Economics, Vol. 17, No. 1, pp: 69-89.

9- Knoedler, Janet T. , Robert E. Prasch, Dell P. Champlin (2007) Thorstein Veblen and the Revival of Free Market Capitalism, Edward Elgar Publishing, Inc. Massachusetts, USA.

10-Trigg, Andrew B. (2001) “Veblen, Bourdieu, and Conspicuous Consumption.” Journal of Economic, Issues, 35, pp. 99-115.

11-Veblen, T. (1899). The Theory of the Leisure Class: An Economic Study of Institutions. Introduction by Stuart Chase. New York: The Modern Library.

12- Mayhew, Anne (2010) Clarence Ayres, technology, pragmatism and progress, Cambridge Journal of Economics, Vol. 34, No. 1, pp: 213-222

13- Mies, Maria 2005, The Subsistence Perspective, translated by Lisa Rosenblatt, Transcription of a video by O. Ressler, recorded in Cologne, Germany, 26 min., 2005, The text has been edited by Harald Otto in the course of the project transform.

14- Mestrovic, Stjepan (2003) Thorstein Veblen on Culture and Society, SAGE Publications Ltd. London.

15- Reinert, Erik S. & Francesca Lidia Viano (2012) Thorstein Veblen Economics for an Age of Crises, by ANTHEM PRESS, London, UK.

16- Varul, Matthias Zick (2006) Waste, Industry and Romantic Leisure: Veblen’s Theory of Recognition, European Journal of Social Theory, Vol.9, No.1, pp:103-117. 

17- Veblen, t. (1894) The Economic Theory of Woman’s Dress, The Popular Science monthly, Vol. 46, pp: 198-205, New York.

18- Veblen, T. (1898) Why is Economics not an Evolutionary Science?, The Quarterly Journal of Economics, Vol. 12, No. 4, pp: 373-397.

19- Veblen, T. (1904) The Theory of the Business Enterprise. New Brunswick, New Jersey: Transaction Books. ISBN 0-87855-699-0.

20- Werlhof, Claudia von (2007) No Critique of Capitalism Without a Critique of Patriarchy! Why the Left Is No Alternative, Capitalism Nature Socialism, VO. 18, NO. 1.

٢١-كشك، د. حنانمحمدعاطف(٢٠١٩) التسوق الالكتروني ودوره في نشر ثقافة الاستهلاك: دراسة وصفية مطبقة في مدينة المنيا، مجلةكليةالآدابوالعلومالإنسانية، العددالثامنوالعشرون، الجزءالأول، ص٦٨-١٢١.