ئەرکگەرایی نوێ و شیکردنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی
لە ئەرکگەراییەوە بۆ ئەرکگەرایی نوێ
ئەرکگەرایی بەراییترین پارادایم و ڕوانگەی تیۆرییە لە کۆمەڵناسیدا. هەر لە سەدەی نۆزدەمەوە ڕەگی لە پێشکەوتنە زانستییەکانی زانستە فیزیاییەکان داکوتاوە. ڕیشەی ئەرکگەرایی لە گریمانەیەکی زۆر گشتیدا کە لەگەڵ زۆرێک لە تیۆرییەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا باوە، دەدۆزرێتەوە (Adam 1947: 1).
هێربێرت سپنسەر (١٨٢٠-١٩٠٣)، سەرەکیترین و کاریگەرترین کەسایەتییە لە سەرهەڵدانی ئەرکگەراییدا. ئەو لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوە لە بونیادە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەی وێکچوونی ئۆرگانی (organic analogy) بە کار هێنا، کە جەختی لەسەر یاساکانی پەرەسەندن دەکردەوە. لە کاتێکدا ئۆگەست کۆنت هیچ کات وشەی ئەرکگەرا/کارکرد-ی بە کار نەبرد و زۆریش دوور بوو، دواتر لێکۆڵەران بیرۆکەکانی بۆ شێوەیەکی ئاشکرای کۆمەڵناسی کارکرد/ئەرکگەرایی وەک یەکەم ڕوانگەی تیۆریی دەگۆڕن (Turner, 1988: 111).
سپنسەر وەک لەش/جەستەیەک سەیری کۆمەڵگەی کرد. لە سادەترین شێوەدا، هەروەک چۆن هەموو ئەندامەکانی لەش بۆ ڕێکخستن و پاراستنی گشت سیستەمەکە کار دەکەن، بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگە (ئابووری، سیاسی، تەندروستی، پەروەردە و هتد.) پێکەوە کار بۆ ڕێکخستن و پاراستنی کۆمەڵگە دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا، سپنسەر چەمکی پێداویستییەکان یان پێداویستییە ئەرکگەراکانی خستە ڕوو، کە ئەرکگەرایی دروست دەکات و ئەوەش خۆی لە سێ پێداویستی بنەڕەتی دەبینێتەوە؛ ١. پێداویستی ئاسایش و دابەشکردنی سەرچاوەکان. ٢. پێداویستی بەرهەمهێنانی ئەو کاڵانەی توانای بەکارهێنانیان هەیە. ٣. پێداویستی ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی سیستەمەکە (Thompson, 2003: 43).
بەڵام بە پێچەوانەی سپنسەر، ئیمیل دۆرکهایم تاکە پێداویستییەکی ئەرکگەرا/کارکرد-ی ڕاگەیاند، ئەویش؛ پێداویستی ئاوێتەبوون/یەکانگیری کۆمەڵایەتی. بۆ دۆرکهایم، شیکردنەوەی کۆمەڵناسی لە هەڵسەنگاندن بۆ هۆکاری ئەو دیاردە و دەرئەنجام و کارکردەکانیان لە دابینکردنی پێویستییەکانی یەکانگیریی و ئاوێتەکردنی پێکهاتە/بونیادە کۆمەڵایەتییەکان پێکدێت (hill, 2017: 146).
سپنسەر کاریگەریی لەسەر ئیمیل دۆرکهایم کۆمەڵناسی فەرەنسی (١٨٥٨-١٩١٧) دروست کرد. دۆرکهایم ئەو جەستە ئۆرگانییەی وەرگرت و پوختی کردەوە بۆ ڕوانگەیەک کە دەبێتە ئەرکگەرایی پێکهاتەیی(structural functionalism). ئەو پارادایم یان ڕوانگەیە، کۆمەڵگە وەک سیستەمێکی ئاڵۆزی بەشە بەیەکەوەبەستراوەکان دەبینێت کە پێکەوە کار بۆ پاراستنی سەقامگیری دەکەن. بەگوێرەی ئەو ڕوانگەیە؛ ١. بەشەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی بەیەکەوەبەستراون. ٢. سیستەمەکە هاوشێوەی تەندروستی جەستە، باری “ئاسایی”ی هاوسەنگی تەندروستی هەیە. ٣. کاتێک تێکچوونێک ڕوودەدات، بەشەکانی سیستەم دەست بە ڕێکخستنەوە و گەڕانەوەی سیستەمەکە بۆ دۆخی هاوسەنگی دەکەن (Stolley, 2005: 23).
ڕادکلیف براون (A.R. Radcliffe Brown) نەریتی دۆرکهایمی پاراست، جەختی لەسەر گرنگی پێداویستییەکان لە ئاوێتەکردن و یەکانگیرییدا کردەوە، بە شیکردنەوەی چۆنیەتی بونیادەکان، بە تایبەتی سیستەمەکانی خزمایەتی، کە وەک پێداویستییەکی ئاوێتەبوون و یەکانگیریی کاردەکات. بە کورتی، پێکهاتەی ئەرکگەرایی رادکلیف براون لە لێکۆڵینەوەکانی دۆرکهایم لەمەڕ ئایین و خزمایەتی سەرچاوە دەگرێت (Taner, 2014: 630).
بە پێچەوانەوە، مالینۆسکی (Bronislaw Malinowski) شیکردنەوەی ئەرکگەرایی بە ئاراستەیەکی سپسنەرییدا فراوان کرد. ئەو، چوار پێداویستی لە ئاستی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا ڕاگەیاند؛ ١. بەرهەمهێنان و دابەشکردن. ٢. کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستن. ٣. پەروەردە و کۆمەڵایەتییبوون. ٤. ڕێکخراوەییبوون و ئاوێتەبوون. هەروەک جەختی لەسەر ئاستی جیاوازی سیستەم (بایۆلۆژی، کۆمەڵایەتی و کولتووری) کردەوە، کە هەریەکێکیان پێداویستی جیاوازی خۆی هەیە (Boon, 1983: 135).
چەمکی پێویستییە ئەرکگەراکان، بەو مانایەی کە کۆمەڵگاکان چەند پێداویستییەکی بنەڕەتییان هەیە و دەبێت دابین بکرێن، لە سەرەتاوە لە ناواخنی شیکاریی ئەرکگەرایی لە کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆجیادا دەرکەوتووە. پارسۆنز بە قووڵی کاریگەر بوو بە چەمکی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان، هەر چوار پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکەی، لە شێوەیەکی تەواو گۆڕاودا هێشتەوە و لە سیستەمی (AGIL)دا بەرجەستەی کردنەوە. مۆدێلی بەناوبانگی ئایجڵ، بەردی بناغەی هەموو سیستەمە تیۆرییەکانی پارسۆنز پێکدێنێت (Treviño, 2008: 322)، ئەوەش چوار پێداویستی ئەرکگەرایی/کارکرد ڕوون دەکاتەوە؛
١. خۆگونجاندن(adaptation)؛ هەر کۆمەڵگەیەک دەبێت پێداویستییە مادییەکانی ئەندامانی مسۆگەر بکات، کە خۆی لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سەرچاوەکانی بژێوی دەبینێتەوە و لە لایەن سیستەمی ئابوورییەوە جێبەجێ دەکرێت.
٢. گەیشتن بە ئامانج(goal-attainment)؛ هەموو کۆمەڵگەیەک چەندین ئامانجی هەیە، بەپێی ئەو ئامانج یان ئامانجانە، دامەزراوەکانی پێکدێنێت و هەوڵی بەدیهێنانیان دەدات. ئەوە بە کارکرد یان ئەرکی سیستەمی سیاسی و دەوڵەت دادەنرێت.
٣. ئاوێتەبوون(integration)؛ هەر کۆمەڵگەیەک پێویستی بە جێگیرکردنی کۆمەڵێک بنچینە و ڕێسا هەیە، لە پێناو بنیاتنانی هەستی هاوبەش و پێوەستی نێوان ئەندامەکانی، بە پێچەوانەوە، ئەگەر کۆمەڵگەیەک نەتوانێت ئەو سەقامگیرییە بنیات بنێت، هەڵدەوەشێتەوە. بەو شێوەیە، سیستەمی کۆمەڵایەتی ئەرکی ئاوێتەبوون لە ئەستۆ دەگرێت.
٤. پاراستنی نۆرمە کولتوورییەکان (Latency)؛ هەر کۆمەڵگەیەک بۆ ئەوەی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، یان پارێزگاری لە بوون و بەردەوامی خۆی بکات، پێویستی بە گواستنەوەی دابونەریت و ڕێسا و کولتوورەکەیەتی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە. ئەو ئەرکەش لە لایەن دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک قوتابخانە، میدیا، یاسا و دامەزراوە هاوشێوەکانەوە پێکدێت (Dillon, 2014: 159).
پارسۆنز بنەڕەتی ئەرکگەرایی لە شیکردنەوەی بەش/گشت جێگیر کرد. گشت (سیستەمی کۆمەڵایەتی)، پێویستی دیاریکراو، مەرج و پێویستییەکانی مانەوە، پێویستی هاوسەنگی، یان پێویستی دیکە کە لەڕووی سیستەمەوە (وەک دۆخی هاوسەنگی یان ئاوێتەبوون)ی سیستەمەکە وەک گشتێک دەردەبڕن. گشت لە سیستەمە لاوەکییە پەیوەستەکانی ناوخۆ پێکدێت، ئەو بەشانە(سیستەمە لاوەکییەکان) هەندێک کردەی مانەوە بۆ گشت(سیستەمی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵگە) جێبەجێ دەکەن. ئەو بەشانە (وەک سیستەمی پەروەردە) ئەگەر بە تەواوی ئەرکەکەی جێبەجێ نەکرد، لەوانەیە کۆی سیستەمەکە لە کەمترین ئاستدا تووشی لەرزین ببێتەوە، لە خراپترین حاڵەتیشدا کۆتایی بە مانەوەی دێت. بەو شێوەیە ڕوانگەی کۆدەنگی بۆ ئەرکگەرایی، کردەی پێکهاتەکانی ناوەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگی کۆمەڵایەتییە و بەو شێوەیەش مانەوەی کۆمەڵگە مسۆگەر دەبێت (Amoah, 2018: 109).
هەوڵەکانی پارسۆنز بۆ تێکهەڵکێشکردنی ئەو تیۆرانەی لەسەر بنەمای کردە و ئەو تیۆرانەیش لەسەر بنەمای پێکهاتەکان دامەزراون، بۆ زۆرێک لە ڕەخنەگران باوەڕپێکەر نەبوو. لەو ڕوانگەیەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٣٠-١٩٦٠، ڕوانگەی ئەرکگەرایی لە ئەمریکا و بەشەکانی دیکەی جیهان زاڵ بوو، بەڵام بوژانەوەی ڕوانگەی مارکسییەکان لە کۆمەڵناسیدا و دەرکەوتنی سەرکەوتووانەی تیۆری ململانێ، گورزێکی گەورەی لە تیۆری ئەرکگەرایی دا. چەندین ڕوانگە و تیۆریی، هەوڵیان دەدا ئەو بۆشاییانەی ئەرکگەرایی بەجێی هێشت بوون، پڕ بکەنەوە. تا دەهات، ڕەخنەکانی تیۆریی ئەرکگەرایی زیاتر دەبوون. بۆ زۆرێک لە ڕەخنەگران ڕوون و ئاشکرا بوو کۆمەڵناسی بەرەو قۆناغی پۆست ئەرکگەرایی یان پۆست پارسۆنزیی گەشەی کردووە. لێرەوە، ئەرکگەرایی نوێ لەسەر بناغە هزرییەکانی ئەرکگەرایی دەردەکەوێت، بەڵام ئەرکگەرا نوێیەکان ڕوانگەکە فراوان دەکەن بەو جۆرەی کە هەندێک لە بیرۆکەی تیۆریستەکانی ململانێ و هەروەک پەسندکردنی ڕوانگەی مایکرۆ(micro) لە خۆ بگرێت، لە کاتێکدا تیۆریی ئەرکگەرایی ڕووبەڕووی ڕەخنە دەکرێتەوە بەوەی مامەڵە لە ئاستی ماکرۆدا دەکات Eisenstadt,1985: 9))، ئەوان لەو باوەڕەدا بوون، بەو شێوەیە دەتوانرێت بەسەر بەشێکی زۆر لەو ڕەخنانە زاڵ بن کە ڕووبەڕووی ئەرکگەرایی دەکرێتەوە (Stolley, 2005: 25).
دەرکەوتنی ئەرکگەرایی نوێ
لەماوەی ساڵانی ١٩٨٠دا، وردە وردە، بایەخ بە بوژاندنەوەی کارەکانی پارسۆنز دەدرا، کە هەندێک بە قۆناغی “دۆزینەوەی پارسۆنز” ناوی دەبەن (Varul, 2010: 79). بەدواداچوون و بوژاندنەوەی ئەرکگەرایی پارسۆنز سەرەتا لە ئەڵمانیا و پاشان لە ئەمریکا دەرکەوت. لە ساڵی ١٩٨٥دا، جێفری ئەلیکساندەر چەمکی “ئەرکگەرایی نوێ”ی بە ئامانجی پێداچوونەوە بە تیۆرییەکەی پارسۆنز، ناساند. ئەرکگەرایی نوێ ڕەخنەی لە پێشنیازە بنەڕەتییەکانی تیۆری بنەڕەتی ئەرکگەرایی گرت. لە چەند تیۆرییەکی دیکەدا تاقیکردەوە، کە هەندێکیان ناکۆکییان لەگەڵ ئەرکگەراییدا هەبوو، بە نموونە مارکسیزم، ئەوەش لە پێناو ئەوەی لەگەڵ ئەرکگەرایی نوێدا ئاوێتەیان بکات. لەبەرئەوە، ئەرکگەرایی نوێ، لە یەک تیۆرییدا بەرجەستە نابێتەوە، بەڵکو چەندین تیۆری جیاواز، پێکەوە لەژێر هەمان ناونیشاندا کۆدەکاتەوە. لە بەرانبەر ئەو پاشخانەدا، ئەلیکساندەر لە ساڵی ١٩٨٥دا، دووپاتی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەرکگەرایی نوێ کەمتر وەک تیۆرییەک و زیاتر وەک مەیلێکی هزری یان بزاڤێکی فراوان بناسرێت (Šubrt, 2019: 610).
سەرەتای دەرکەوتنی ئەرکگەرایی نوێ بۆ هەموو ئەو ڕەخنە جدییانە دەگەڕێتەوە کە لە چەندین ڕوانگەوە ڕووبەڕووی تیۆریی ئەرکگەرایی کرایەوە. لەڕووی میتۆدییەوە ڕەخنە لە تیۆری ئەرکگەرایی دەگیرا بەوەی هەرچەند ئەرکگەرایی میتۆدێکی لێکۆڵینەوەیە، بەڵام میتۆدێکی ڕاڤەکارانە نییە، چونکە شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی پێویستی تیۆرییەکی زانستی بە بەرهەم نەهێنانی سیستەمێکی پێشنیازکەرانە کە بتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە ئەگەر گۆڕانکاری لە تایبەتمەندی دیاردەیەکدا هەبێت، چ گۆڕانکارییەک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی دیاردەکەدا ڕوودەدات (Archibong, 2014: 354).
لە هەمان کاتدا ئەرکگەرایی ناتوانێت وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بکات، چونکە ئەو تیۆرییە هەموو توخمەکانی کۆمەڵگە وەک تەواوکەری یەکتر دەبینێت، بەوەش شکست دەهێنێت لەوەی چۆن ئەو توخمانە دەتوانن بەشداریی لە گۆڕانکارییدا بکەن. لەبەرئەوە زۆرجار دەگوترێت ئەرکگەراکان وەک “ڕووبارێکی بەستوو” وێنای کۆمەڵگە دەکەن کە هیچ لەبارەی جوڵە و ڕەوتەکەی نازانرێت. ئەرکگەرایی بە شێوەیەکی کاریگەرانە مامەڵە لەگەڵ پرۆسە هاوچەرخەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا ناکات. کەواتە لە جەوهەردا، لەبەرئەوەی نەتوانای خوێندنەوەی ڕابردووی کۆمەڵگەکانی هەیە و نە پرۆسەی گۆڕانی سەردەم، زیاتر وێنای کۆمەڵگەیەک دەکات وەک ئەوەی جێگر و سەقامگیر بێت، کە لە واقیعشدا، ڕەنگە هەر بوونی نەبێت (Archibong, 2014: 354).
ئەرکگەرایی بەهۆی وێکچوونی ئۆرگانی لە چەمکسازیی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا و جەختکردنەوە لەسەر هاوسەنگیی پێکهاتەیی و شیکردنەوەی ئەرکگەراییانەی نەزمی کۆمەڵایەتی، ڕەچاوی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ناکات. بە هەمان هۆکار، ئەرکگەرایی بە ڕوانگەیەکی کۆنزەرڤاتیڤ تۆمەتبار دەکرێت، بەهۆی جەختکردنەوە لە ئاوێتەبوونی سیستەم، جێگیریی و کۆدەنگی کۆمەڵایەتی کە وا دەکات دژیەکییە ناوخۆییەکانی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان ڕەچاو نەکات. زیاتر لەوەش دەبێت هەموو شیکردنەوەکانی ئەرکگەرایی تیتۆلۆژی بێت(بوونی کارکرد وەک وەڵامێک بۆ پێویستییە پێکهاتەیی/بونیادییەکان شی دەکاتەوە، لە کاتێکدا پاراستنی پێکهاتەکە وەک ئەنجامی کردارەکان شی دەکاتەوە)، یان تیلۆلۆژی (دەرکەوتنی پێکهاتەکان وەک وەڵامدانەوەی مەبەست و پێویستییەکانی سیستەمێکی دیاریکراو، شی دەکاتەوە). دەتوانین ئەو خاڵە، بە نموونەیەک ڕوون بکەینەوە؛ ئەگەر ئایین بوونی هەبێت، دەبێت ئەرک یان کارکردی هەبێت، ئەگەرنا، بوونی نامێنێت، دەبێت ئەرکەکەی بەشداریکردن بێت لە هاوبەندی کۆمەڵایەتی، چونکە بەبێ ئەوە، کۆمەڵگە ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە (Castro, 2009: 281). ئەو ڕوانگەیە، ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، زۆر لە ڕەخنەگران ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەرکگەرایی بە دەست لۆژیکی بازنەیی(circular reasoning) گیری خواردووە؛ بە نموونە، کۆمەڵگە وەک “فاکتیکی کۆمەڵایەتی” دابەشبوونی کار شی دەکاتەوە و بە پێچەوانەوە، دابەشکردنی کار بەشداری لە پاراستنی هاوبەندی لە کۆمەڵگەدا دەکات. ئەوەی لێرەدا ڕوودەدات ئەوەیە کە گشت لە ڕووی بەشەکانییەوە پێناسە دەکرێت و دواتر لەڕووی گشتەوە بەشەکان پێناسە دەکرێت. چونکە یەکێکیان لە ڕووی ئەوی دیکەوە پێناسە دەکرێت، لە ڕاستیدا هیچ کام لەوان – نە گشت و نە بەشەکانی – پێناسە ناکرێن (Turner, 1988: 116).
ڕەخنەیەکی دیکە لە تیۆری ئەرکگەرایی ئەوەیە کە ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ ململانێدا بکات. ئەرکگەراکان زۆر جەختیان لە پەیوەندییە هاوئاهەنگەکان کردووەتەوە. ئەوان بە زیادەڕۆییکردن لە کۆدەنگی، سەقامگیریی، هاوسەنگی و ئاوێتەبوون، لە بەهای هێزەکانی ململانێ، ناکۆکی و گۆڕان کەم دەکەنەوە. ململانێ و گرژی بە تێکدەرانە و لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمەڵگە دەبینن. ئەوە وایکردووە، تیۆری ئەرکگەرایی سروشتێکی کۆنەپارێزانە وەربگرێت کە سەرنج لەسەر دۆخی زاڵ چڕ دەکاتەوە، هەروەها تیۆرەکە ئەو جۆرە شێوازە کۆمەڵایەتییانەی وەک جیاکاری، چەوسانەوە، زاڵبوونی سیاسی لەلایەن چینی هەڵبژێردراو یان حوکمڕان، کە بەرژەوەندییان لە مانەوەی دۆخی زاڵ و دەسەڵات و هەژموونیان هەیە، پشتگوێ بخات (Giulianotti, 2015: 27).
جگە لەوانە هەندێک ڕەخنەی میتۆدی و لۆژیکی گرنگ ڕووبەڕووی ئەرکگەرایی کرایەوە. بەباوەڕی ئەرکگەرایی “تاکە تیۆریی single theory” هەیە کە دەتوانرێت لە هەموو بارودۆخێکدا بە کار بهێنرێت، ئەوەش وەهمێک بوو. زۆرێک لە لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوت کە جێبەجێکردنی ئەرکگەرایی بەسەر کۆمەڵگە ئاڵۆزەکاندا کارێکی زەحمەتە، کە گۆڕان نەک هەر بە خێرایی تیایاندا ڕوودەدات، بەڵکو تووشی ململانێیش بوون. بیرۆکە ڕێژەییەکان کە واتای ئەوەیە شتەکان لە چوارچێوە کولتوورییە پەیوەستەکانی خۆیان مانایان هەیە و ئەرکگەراکان پاڵپشتییان دەکرد، شیکردنەوەی بەراوردکارییان قورس دەکرد. ئەگەر “شتەکان” تەنیا لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی کە بەشێکن تێیدا، توانای لێتێگەیشتنیان هەبێت، ئیتر چۆن دەتوانین بەراوردی بکەین لەگەڵ شتی “هاوشێوە” لە سیستەمەکانی دیکەدا؟ بە نموونە ئەگەر “فرەژنی” تەنیا لەچوارچێوەی کۆمەڵگەی کوردیدا مانادارە، چۆن دەتوانین بەراوردی بکەین بە “فرەژنی” لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا؟ ئەو بابەتە، وایکردووە هەندێک لە لێکۆڵەران بانگەشەی نەبوونی بەراوردکاری لە ئەرکگەراییدا بکەن. واڵتەر گۆڵدشمیت لە کتێبەکەیدا؛ “ئەرکگەرایی بەراوردکاریی-گوتەیەک لە تیۆری ئەنترۆپۆلۆژیادا” لە ساڵی ١٩٦٦دا، ڕوانگەیەکی بە ناوی “ئەرکگەرایی بەراوردکاریی” خستە ڕوو؛ بەگوێرەی ئەو ڕوانگەیە، کارکردەکان یەکبوونێکی جیهانییان هەیە، هەموو کولتوورەکان پێویستیان بە هەمان کردارە، بەڵام هەر چۆنێک بێت، ئەو دامەزراوانەی ئەو ئەرک و کارکردانە جێبەجێ دەکەن، لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازن (Lewis, 2012: 177).
جێفری ئەلێکساندەر و ئەرکگەرایی نوێ
لە دەیەکانی ڕابردوو، هەوڵی نوێ درا بۆ نوێکردنەوەی ئەرکگەرایی لە لایەن شەپۆڵێکی نوێ لە تیۆرڤانە ئەرکگەرا نوێیەکانەوە. وەکوو جێفری ئەلێکساندەر، نیکلاس لۆمان، یۆرگن هابرماس و کەسانی دی. جورعەیەکی بەهێز لە تیۆری ململانێ و تیۆری سیستەمیان لە جەستەی مردووی تیۆری ئەرکگەرایی کردووە و جەختیان لەسەر ڕۆڵی پەرەسەندن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان کردووەتەوە، هەروەها جەختکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر هێزی سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا. لەو چوارچێوەیەدا ئەلێکساندەر، لەگەڵ تیۆرە نوێیە ئەرکگەراییەکەی مایەوە بۆ بونیادنانی تیۆرێکی فرەڕەهەندی کۆمەڵایەتی کە توانای ئەوەی هەبێت بۆشاییەک بۆ ململانێ و کۆدەنگی (consensus) بدۆزێتەوە، هەروەها هێشتنەوەی کاری تیۆرە ئەرکگەراییە کۆنەکە لەسەر کردە مێژووییە سەرەکییەکان وەک جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتی (social differentiation). لە کاتێکدا لۆمان بەردەوام هەوڵی بەستنەوەی ئەرکگەرایی لەگەڵ تیۆری سیستەمەکان و ڕوانگەکانی پەرەسەندن دەدا، پێداگیریی لەسەر ڕۆڵی هێز و لە هەمان کاتیشدا متمانە لەناو کۆمەڵگەدا دەکردەوە (hill, 2017: 151).
لە ساڵی ١٩٨٥دا، جێفری ئەلێکساندەر لەپاڵ پۆل کۆلۆمی (Paul Colomy) کە بە گوتیارانی سەرەکی ئەرکگەرایی نوێ لە ئەمریکا دادەنرێن، لە یەکێک لە بڵاوکراوە هاوبەشەکانیان، پێناسەی ئەرکگەرایی دەکەن بە ڕشتەیەکی خۆ-ڕەخنەگر لە تیۆری ئەرکگەرایی کە بەدوای فراوانکردنی مەودای هزری ئەرکگەراییدایە، لە کاتێکدا کە کرۆکە تیۆرییەکەی دەپارێزێت. ئەوان لەژێر ناوی ئەرکگەرایی نوێدا، هەوڵیاندا بەسەر کێشەکانی ئەرکگەرایی پێکهاتەییدا زاڵ بن. بە دەربڕینی ئەو دووانە؛ ئەرکگەرایی پێکهاتەیی وێناکردنی تاکە، هەموو نەخشە و پلانێکی چەمکسازیی لە خۆ دەگرێت کە وا بڕیارە لە هەموو کاتێک و لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا جێبەجێ بکرێت. بەراورد بەوە، ئەرکگەرایی نوێ، نەرمە پاکێجێکی زیندووە، کە لە دەوری لۆژیکێکی گشتیدا بنیات نراوە. خاوەنی ژمارەیەکی سەربەخۆیە لە فرەییبوون و جیاوازییەکان؛ کە لە ئاستی جیاواز و لە چوارچێوەی ئەزموونکاری جیاوازدا کار دەکەن. ئامانجی ئەرکگەرایی نوێ، بنیاتنانی تیۆرییەکی زیاتر سێنتاتیکە (synthetictheory). گومانی تێدا نییە پارسۆنزییەکان لە تیۆریی گەورە و ئەرکگەرایی پێکهاتەییدا کۆکەرەوەیەکی پتەوی سێنتاتیکیان هەیە (turner, 1996: 118).
لە شێوە ئەرکگەرایی پێکهاتەییەکەیدا، پارسۆنز هەوڵیدا بۆ ئاوێتەکردنی مەودایەکی فراوان لە تێکردنی تیۆریی (theoretical inputs) بەدەستەوە بدات. هەروەک ویستی لەسەر کێشانی پەیوەندی نێوان سیستەمە جیاوازەکان بوو کە جیهانی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن، وەک؛ سیستەمی کولتووری، کۆمەڵایەتی و کەسایەتی. ئەلێکساندەر و کۆلۆمی دەڵێن؛ ئەرکگەرایی پێکهاتەیی لە دەستپێکدا زۆر بەڵێنی هەڵگرت بوو، بەڵام وردە وردە، ڕوانگەی پارسۆنز، زۆر بەرتەسک و سنووردار بووەوە. ئەو دەستی کرد بە تەماشاکردنی سیستەمی کولتووری وەک دیاریکەریی سیستەمەکانی دیکە. هەروەها خۆخەریککردنی زۆر لەگەڵ کێشەی نەزم (order) وایکرد سەرنج و بایەخی تەواو لەسەر ململانێ و تەنگژە نەبێت. ئەلێکساندەر و کۆلۆمی لەو باوەڕەدا بوون کە کەموکوڕییەکانی ئەرکگەرایی پێکهاتەیی ئەوەندە کۆنەپارێزانە نین، دەشێت ئاراستە ڕاستەکەی بەدەست بهێنرێتەوە. دەکرێت چەمکەکانی ململانێ و مانا بابەتییەکان بناسرێن. دەتوانرێت ئاوێتەبوونی سیستەم و دەستێوەردانی سیستەمە لاوەکییە جۆراوجۆرەکانی وەک مەیل (tendency) لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت نەک وەک پێدراو(given) یان گریمانەی واقیعی (Alexander, 1985: 12-14).
ئەلێکساندەر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە کەمکردنەوەی چەمکی داخوازییە ئەرکگەراکان لە ئەرکگەرایی نوێدا، مامەڵەی لەگەڵ ڕەخنەکانی تاتۆلۆژی (tautology) و تیلیۆلۆژی (teleology) دەکرد. لە بری ئەوە ئەرکگەراییەکەی سەرنجی لەسەر بابەتی دیکە چڕ دەکردەوە، کە کەمتر جێی مشتومڕی وەک جیاکاری کۆمەڵایەتی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی بوون. ئەوەش بەو مانایە نییە کە بڵێین، بیرۆکەی گشتی لە داخوازییە ئەرکگەراکان بە تەواوەتی لە لایەن کەسانی ئەرکگەرا یان تیۆریستەکانەوە جێهێشتراوە. بێگومان بە هەمان شێوەی شیکردنەوەی ئەرکگەراکانی پێشوو، بەڵام دوورکەوتنەوە لە ڕەچاوکردنی پێکهاتەیی ماکرۆ و بەرەو تاقیکردنەوەی ئەو پرۆسە مایکرۆیانە کە دەبێتە هاندەری کارلێکی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوەی جۆناتان ئێچ تێرنەر (Jonathan H. Turner) لە (٢٠٠٢)دا پێداویستی مامەڵەکردن (transactional needs)ی ڕەچاو کردووە. بەم شێوەیە کێشەی داخوازییە ئەرکگەراکان (functional requisites) هێشتا زۆر زیندووە لەمڕۆدا و تاڕادەیەک لە تیۆری سۆسیۆلۆژیدا وەک کێشەیەکی کراوە دەمێنێتەوە (Treviño, 2005: 321).
تێرنەر بە دڵنیاییەوە پێداگیریی لەسەر پارێزراویی ئەرکگەرایی دەکاتەوە، بەپاساوی ئەوەی “چونکە ڕێکارە کردارییەکانی سپنسەر و دۆرکهایم ڕوونکردنەوە سەرەکییەکانی تیۆرییەکانی پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانیان دابین کردووە. کەواتە ڕێگای ڕزگاری تەواوەتی ئەرکگەرایی، ئەوەیە کە ئەو شێوازە دەربڕینانەی کە کۆنت و سپنسەر و دۆرکهایم پێشنیاریان کردووە، لەبەربگرن، لە کاتێکدا ڕزگاربوون لە بیرۆکەی پێداویستی و پێویستییە ئەرکگەراکان، لانیکەم لەو فۆرمەدا کە لە زۆربەی تیۆرییە ئەرکگەراکان جەختی لەسەر کراوەتەوە” (Turner, 2014: 27).
دەتوانرێت ئاراستە سەرەکییەکانی ئەرکگەرایی نوێ دەستنیشان بکرێت؛ ئەرکگەرایی نوێ کار بە مۆدێلێکی وەسفی لە کۆمەڵگەدا دەکات. بۆ ئەوەش کۆمەڵگە ئەو توخمانە پێکدەهێنێت کە بەردەوام لە کارلێکدان لەگەڵ توخمەکانی دیکە و پێکەوە قالبێک pattern پێکدەهێنن. بەهۆی ئەو قالب/شێوازەوە کۆمەڵگە لە ژینگەکەی جیا دەبێتەوە، کە بەبێ وەستان کارلێکی لەگەڵ دەکات. بەشەکانی سیستەم بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی symbioticallyی گرێدراون-هەر یەکێک کۆمەک بە ئەویتر دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ هێزێکی زاڵ کارلێکی ئەوان دیاری ناکات. ئەرکگەرایی نوێ سنوورە دیاریکراوەکان تێپەڕ دەکات؛ کراوە و فرەییە. هەروەک لە مانفێستێکی کورتدا ئەلێکساندەر بۆ ئەرکگەرایی نوێ، دان بەوەدا دەنێت؛ “هەرچەندە مۆدێلێک بە مانایەکی روون دابین ناکات، بەڵام ئەرکگەرایی وێنەیەک لە پەیوەندی بەشە کۆمەڵایەتیەکان دەستەبەر دەکات”. پاشان دەچێتە سەر لیستی تایبەتمەندییە گشتییەکانی دیکەی ئەرکگەرایی نوێ وەک نیگەرانییەک لە کردە و بونیاد/پێکهاتە؛ داننان بە دیالیکتیکی نێوان کۆنترۆڵ، هاوبەندی و لادان؛ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی لە فشارەکانی سیستەمدا؛ پاراستنی جیاکارییەکانی نێوان؛ کەسایەتی، کولتوور و بونیادی کۆمەڵایەتی، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر جیاوازی وەک مۆدی سەرەکی گۆڕانکاری (Turner, 1988: 118).
ئەرکگەرایی نوێ، بایەخێکی یەکسان بۆ کردە و نەزم دادەنێت. بەبڕوای ئەلێکساندەر ئەو چەمکە “پێشمەرجی گفتوگۆی ڕاستەقینەی کۆمەڵناسی” دروست دەکات. ئەرکگەرایی پێکهاتەیی، مەیلی ئەوەی هەیە کە بە شێوەیەکی تایبەت تیشک بخاتە سەر سەرچاوەکانی ئاستی ماکرۆ لە نەزمی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان و کولتووردا. کەمێک سەرنج لە کردەکانی ئاستی میکرۆ دەدات-ئەو کردانەی کە لە ئاستی ناوخۆدا ئەنجام دەدرێن. لە شیکردنەوەی خۆیدا، ئەرکگەرایی نوێ، عەقڵانیەت و هەروەها کردە دەربڕاوەکان لە خۆ دەگرێت. دوور لەو ڕوانگەیەی کە کردارەکانی مرۆڤ تەنیا عەقڵانیەت، فرەسوود و قازانجگەرا و زانستیین. یەکێک لە کارکردە سەرەکییەکانی کولتوور ئەوەیە دەرفەت بە خەڵک دەدات گوزارشت لە خۆیان بکەن، هەندێک کات لەڕووی ئیستاتیکییەوە. بۆ ئەلێکساندەر، گۆڕانکاری لە هێڵی جیاوازدا ڕوودەدات؛ درێژەپێدان (elaboration)، فرەبوون (proliferation )، پێداچوونەوە (revision)، بنیاتنانەوە (reconstruction )، نەریتسازی (tradition-creation) و لەکارخستنی نەریت (traditiondeconstruction)ە. هەرچەند نەریتخوازیی مانای هەڵسوکەوتی خووگرانەی هەیە، بەڵام ئەوە مانای نەبوونی گۆڕان نادات. ئەو دان بەوەدا نانێت کە ئەو هێڵانە باس لە پێشڕەوتی واقیعی ناکات. گواستنەوەکان (تەحاولات-shifts) بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و جیهانی گرنگ ڕوودەدات. کێبڕکێش ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا (ÇAM, 2014: 630).
ئەرکگەرایی نوێ، ئەوە دەخاتە ڕوو کە بۆ دەوڵەمەندکردنی تێگەیشتنمان لە پرۆسەکانی نەزم و کردە لە کۆمەڵگەدا، دەبێت بیر لە وەرگرتن لە تیۆریی و ڕوانگەکانی دیکە لە کۆمەڵناسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بکەینەوە. وەک ئەوەی ئەلێکساندەر و کۆلۆمی هەوڵیاندا ئەرکگەرایی پێکهاتەیی لەگەڵ نەریتە تیۆرییەکانی دیکەدا بەیەکەوە گرێ بدەن. بۆ زاڵبوون بەسەر لایەنگیریی ئایدیالیستی لە ئەرکگەرایی پێکهاتەییدا، ئەرکگەرایی نوێ تەشویقی ڕوانگەی ماتریالیستی دەکات. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەرکگەرایی پێکهاتەیی، لە جەختکردنەوە لەسەر نەزم، وای لە ئەرکگەرایی نوێ کردووە هەوڵی کەشفکردنی تیۆرییەکانی کولتوور بدات، کە ئەلێکساندەر لە ڕوانگەی ڕێژەیی کولتوورییەوە سەیری کۆمەڵگەکان دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەڵگە هاوچەرخەکان ئۆتۆنۆمین و خاوەنی مۆدێلی نەریتی تایبەت بەخۆیانن (CôtéI, 2019: 63).
تێگەیشتن لە ڕوانگەکانی وەک تیۆری ئاڵوگۆڕ، کارلێکی هێمایی، پراگماتیزم و دیاردەناسی، بۆ قەرەبووکردنەوەی لایەنگیرییەکانی ئاستی ماکرۆ لە ڕوانگەی ئەرکگەرایی نەریتیدا داڕێژراوە. داهاتووی ئەرکگەرایی نوێ لە گوماندا هێشتراوەتەوە، بەو ڕاستییەی ئەلێکساندەر دووپاتی لەسەر کردووەتەوە کە ئەو زیاتر گەشەی بە ئاراستەکردنێکی پیشەییانە لە ئەرکگەرایی نوێ داوە و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوە بووە کە گرنگی تیۆری پارسۆنز دەربکەوێت، لە کاتێکدا بە دەربڕینی خودی ئەلێکساندەر؛ “داکۆکیکارانی هاوسۆزی پارسۆنز؛ ڕاستکردنەوەیەکی بێبەهایان بۆ ئەو جۆرە هەڵە ڕەخنەییانە دەستەبەر کردووە… وەک لە لێکدانەوەکانی مارکس و دۆرکهایم و ڤێبەردا، کێشە و سەرلێشێواوییەکانی لێکدانەوەی پارسۆنزییەکان، دواجار تەنیا لە هەڵە خوێندنەوە و هەڵەی جەمسەریی لە لۆژیکی تیۆریدا دەرناکەوێت. بەڵکو ڕیشەی کێشەکان لە خودی تیۆرەکەدایە”(Alexander,1983: 308).
ئەلێکساندەر پێشنیاز دەکات کۆمەڵناسی دەبێت لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی پۆست پۆزەتیڤیستی بێت لە زانستدا، واتە دەتوانین لە جیهانی دەوروبەرمان تێبگەین بەهۆی ڕوونکردنەوە تیۆرییەکان وەک لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی ئەزموونکارانەوە. ئەم ڕوانگەیە دژایەتی پۆزەتیڤیزم دەکات، چونکە تیۆری بۆ داتای ئەزموونکراو کورت دەکاتەوە؛ بە گوتەیەکی دیکە، ناتوانرێت تیۆرییەک لە ڕاستییە ئەزموونکراوەکان جیا بکرێتەوە. پۆزەتیڤیزم جیاکارییەکی تەواو لەنێوان تێبینییە ئەزموونگەرییەکان و پێشنیازە نائەزموونگەرەکان دەکات. ئەوەی دواترینیان بواری فەلسەفە و میتافیزیکا دروست دەکات، کەواتە هیچ شوێنێک لە زانستی ئەزموونگەرییدا ناگرن. پۆست پۆزەتیڤیزم ئەوە پێشکەش دەکات کە دەکرێت تیۆرییەک باس بکرێت، تاقی بکرێتەوە، ساخ بکرێتەوە و درێژەی پێبدرێت بە ئاماژەدان بە تیۆرییەکانی دیکە نەک توێژینەوەی ئەزموونگەری. ئاماژەکردنی تیۆرییەک، ڕەنگە تیۆرییەکی دیکە بێت، نەک کۆمەڵێک فاکت. تیۆرییەکان وەک ئەوەی نوێنەرایەتی “تێبینییە ئەزموونکراوەکان” بکەن، نیشان دراون. ئەلێکساندەر ڕەخنە لە بنەمای ئەزموونگەریی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگرێت، لەسەر ئەو بنەمایەی تیۆری کۆمەڵناسی، دەکرێت زانستییانە و بە بایەخ بێت، بەبێ ڕەچاوکردنی توانای ڕوونکردنەوەی تێبینییە ئەزموونییەکان. لەدواتردا، ئەلێکساندەر پێی وایە، تیۆری گەورە دەبێت لەسەر بنەمای پۆست پۆزەتیڤیزم بونیاد بنرێت. کەواتە تەواو بە پێچەوانەی مێرتۆن بۆ داکۆکیکردن لە تیۆرەکانی مەودا-ناوەند (middle-range)، سەرنجی لەسەر ئاستێکی زیاتر ئەبستراکت چڕ کردەوە. لە ڕوانگەی ئەودا، زۆرێک لە ململانێکانی نێوان تیۆرییە جیاوازەکان لە ناتەبایی و دژیەکی لە گریمانە سەرەکی و بنچینەییەکاندا دروست دەبێت، کە ڕەنگە بە ڕاشکاوی دانی پێدا نەنرابێت. ئەو بێبایەخکردنەی گریمانە تیۆرییەکانی کە ڕاستەوخۆ تاقی ناکرێنەوە، پەیوەندی بە سەرنجدانە ورد و بەهێزەکانی کۆمەڵناسی ئەمریکییەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرنج نەدان لەسەر ئەم گریمانە بنچینەییانە وا نیشان دەدات تیۆریستەکان لە ئاستەکانی شیکاریی جیاوازدا یان جۆرە جیاوازەکانی پرۆسە کۆمەڵایەتییەکاندا کار دەکەن و لە بنەڕەتەوە وێنە یان تێڕوانینی جیاوازیان لەسەر سروشتی جیهانی کۆمەڵایەتی هەیە. بەو شێوەیە ئەلێکساندەر گفتوگۆی لۆژیکی تیۆریی “پۆست پۆزەتیڤیزم” دەکات کە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پێش گریمانە بنچینەییەکان کە زۆر گشتگیرتر و ئەبستراکترن بە بەراورد بەوانەی کە لە ڕوانگە تیۆرییەکانی دیکەدا هەیە (Johnson, 2008: 351).
بە دەربڕینی ئەلێکساندەر، بەهێزبوونی بەشداریی پارسۆنز بۆ ئەوەی مشتومڕی ئەوە بکات کە گریمانەکانی سەلمێنەری ڕەوابوونی تێڕوانینێکی فیکری میانڕەوی دژە ڕادیکاڵە و تیۆرییە گشتییەکەی گوزارشت لە ڕەنگدانەوەی بابەتییانەی دنیای ئەزموونگەری دەکات، لە مشتومڕێکی وادا دادێکی دیاریکراو بە بانگەشەی ڕەخنە فیکری و پۆزەتییڤەکان دەدات، وەک ئەوەی ئەلێکساندەر باسی دەکات: “ئەگەر پارسۆنز خۆی پێشبینییەکانی بە ئایدیۆلۆژیاوە یەکسان بکات، ئەی بۆ بە تەنیا بەپێی ئایدیۆلۆژیا حوکمیان پێ نادات؟! وەک ڤێبەر، کاری پارسۆنز لە ناوخۆیدا ناکۆکە و بە شێوەیەکی هاوشێوەش پاڵپشتی بۆ چەند لێکچوونێکی بەشەکی، زۆرجار لێکدانەوەی دوولایەنەی دژبەیەک دەستەبەر دەکات. تاکە ڕێگە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشەیەدا، هەنگاو هەڵگرتنە لە دەرەوەی کێشەی هەردوو پارسۆنز و وەرگرەکانی؛ بە پەرەپێدانی ستانداردێک کە ئەوەندە فراوان بێت کە خەمی ڕەخنەگران و بەرگریکاران وەک یەک لە خۆ بگرێت، دەتوانرێت جۆرێکی دیاریکراوی پۆست پۆزەتیڤیزم بەدەست بهێنرێت، فرە ڕەهەندی ستانداردێکی دروستکراوی لەو شێوەیەیە” (Alexander,1983: 309).
کەواتە ئەو تیۆرییە، فرەڕەهەند دەبێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی جەمسەرە جیاوازەکان لە کۆمەڵناسی کلاسیکدا، وەک ماکرۆ و میکرۆ، نەزم و ململانێ، بەڵام تەنانەت دوای دووڕەگکردن (hybridization)، ئیعتماد لەسەر ڕوانگەی تیۆریی جودا، ئەرکگەریی نوێ نابێت بە پارادایمێکی جیاواز، زۆر کەمتر تیۆریی گەورە. بە دەربڕینێکی دیکە؛ گومانەکان بە سەر داهاتووی ئەرکگەرایی نوێدا زاڵ دەبن. لێرەوە دەتوانرێت بگوترێت ئەرکگەرایی نوێ، لە جیاتی ئەوەی تیۆرییەکی یەکگرتوو بێت، مەیلییە. بەو پێشنیازانەی خوارەوە کارا کراوە؛
١-وەسفێکی کراوە و فرەییانەی کۆمەڵگە وەک هەموو/گشت.
٢- بەکارهێنانی کردە لە بەرانبەر بونیاد یان کردە بەرانبەر نەزم.
٣- ئاوێتەبوون وەک ئەگەرێک سەیر دەکرێت، بەڵام لادان و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بە واقیعیەت دادەنرێن.
٤- جیاکردنەوە لەنێوان کەسایەتی، کولتوور و کۆمەڵگە.
٥-جیاوازیکردن (Differentiation)؛ وەک هێزی بزوێنەری ناوەندی بەرهەمهێنانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت.
٦- گەشەکردنی تیۆری و چەمکەکان بەسەربەخۆ دادەنرێن لە هەموو ئاستەکانی شیکردنەوەی کۆمەڵناسیدا.
لێرەدا ئارگومێنتی بنەڕەتی ئەلێکساندەر لە چوارچێوەی تیۆریی فرەڕەهەند ئەوەیە کە شیکردنەوەی کردەی کۆمەڵایەتی، دەبێت ڕەنگدانەوەی نیازە بابەتییەکان و هەروەها مەرجە بابەتییەکان بێت، لەوانەش هەم ماتریالی و هەم ژینگەی کۆمەڵایەتی. دامەزراندن و پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی بریتییە لە سیستەمی سزا ئەرێنی و نەرێنییەکان کە شێوەی کردەکانی تاک بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە بەردەوامی بە نەزمی کۆمەڵایەتی دەدەن (بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵسوکەوتی تێکدەرانە یان لادان). واتە، کردەی تاکەکان ڕەنگدانەوەی خۆگونجاندنیانە لەگەڵ ئەم سزا دەرەکییانە نەک بژاردەی خۆویستانەی خۆیان. لە بەرانبەردا ئەوانەی جەخت لە پابەندبوونی نۆرماتیڤی خۆکردانە بۆ ڕوونکردنەوەی نەزمی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، پێداگیریی لە بژاردەی تاک لە کردەی کۆمەڵایەتیدا دەکەن، بەڵام جەختکردنەوە لەسەر ویستی خۆکردانە، زیادەڕۆیی لە مەودای ویستی ئازادانەی تاک دەکات (Johnson, 2008: 353).
چەند جیاوازییەک لە وەڵامی هەوڵەکانی پارسۆنز و ئەوانی دیکە لە زیندووکردنەوەی ئەرکگەراییدا دیاری کراوە. هەندێکیان بەشداریی ئەلێکساندەر لە نەریتی ئەرکگەرایی بە زۆر لێڵ و ناڕۆشن دەبینن. هەروەها پرسیار لە بەردەوامیی سوودوەرگرتن لەنێوان ئەرکگەرایی و ئەرکگەرایی نوێ دەکرێت، چونکە وا دەردەکەوێت کە ئەرکگەرایی نوێ، هەموو شتێکی ئەرکگەرایی لە خۆ دەگرێت، ئەوەش وەک کەموکوڕی ڕەخنەی لێگیراوە. سنوورێک هەیە بۆ درێژبوونەوەی هەر ڕوانگەیەکی تیۆریی، دەتوانێت بەرەو هاوتاکردنی بیرۆکە نەگونجاوەکان بچێت، بەڵام هێشتا پارێزگاریی لە ناو و بنەچەکەی دەکات. بۆ هەندێک لە ڕەخنەگران ئەو گۆڕانکارییانەی لە ئەرکگەرایی پێکهاتەییدا خراونەتە ڕوو، زیاتر جوانکاریین تا بە واقیعی. ئەرکگەرایی نوێ هێشتا سەرڕێژە لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییانەی ئەرکگەرایی دەستنیشان دەکەن. بۆ نموونە ئەو ڕوانگەیەی کە کۆمەڵگاکان دەکرێت بە شێوەیەکی بابەتییانە بخوێندرێتەوە بەردەوام لە زاڵبووندایە. تاکەکان هێشتا بە “کارتێکراوی سیستەم” دادەنرێن، نەک “کارتێکەرێکی دینامیکی”. ئەرکگەرایی نوێ ململانێی ناساندووە، بەڵام لە شوێنێکی لاوەکی تیۆرەکە ماوەتەوە؛ بێگومان، ڕەچاوی شۆڕش ناکرێت، کەواتە ئایا ئەرکگەرایی نوێ، شەرابی کۆن نییە لە بوتڵی نوێ دا؟! (Morrow, 1995: 89).
جێفری ئەلێکساندەر: بواری مەدەنی
بەشوێنهەڵگرتنی نەریتی دۆرکهایم و پارسۆنز، ئەلێکساندەر بە گرنگییەوە پرسیار لە ئاوێتەبوونی کۆمەڵ دەکات، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە، وای دانانێت کە ئەو بوار و دامەزراوە جیاوازانە پێکەوە بوونیان هەیە و کار دەکەن لە ئاڵوگۆڕی هاوئاهەنگدا. ئەو لە جیاتی ئەوە، لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتی هاوبەندی و بە دامەزراوەیی کراوە، بە نموونە (بازاڕە ئابوورییەکان و دەسەڵاتی سیاسی) و هێزە کولتوورییەکان(کردەی کۆدە هێماییەکان کە هەندێک گرووپ بە کەم دادەنێن، وەک “ئەوانی تر پیسن”)، کە دەتوانن لە هەر کۆنتێکستێکی کۆمەڵایەتی-مێژوویی زیندوودا هەڕەشەی لێ بکەن. ئەلێکساندەر جیاوازی دەکات لەنێوان ئەو شتانەی بە نامەدەنی ناویان دەبات. بواری مەدەنی جیهانێکە لە بەها و دامەزراوەکان کە لە هەمان کاتدا توانا و دەرفەت بۆ ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و ئاوێتەبوونی دیموکراسی دروست دەکات. بوارێکی ئاوا پشت بە هاوبەندی دەبەستێت (Dillon, 2014: 180).
ئەلێکساندەر هەوڵدەدات یارمەتیی مۆدەیەکی نوێ لە تیۆری کۆمەڵایەتی ڕەخنەیی بدات، کە دەتوانێت کۆمەک بە “ڕەنگدانەوەی تیۆری نوێ و لێکدانەوەی ململانێی کۆمەڵایەتی و کاری سیاسی” بکات. کە ئەو جۆرە تیۆرانەی پۆست مارکسیستی وەک کۆهین (Cohen) و سێلا بنحەبیب (SeylaBenhabib) دوو دەیە لەمەوبەر بانگەشەیان دەکرد، بەڵام وەک ئەلێکساندەر ئاماژەی بۆ دەکات؛ “ئەوە کەمتر دڵنیایی پێوە دیاربوو. لە دەرەوەی ڕوانگەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ ئەوەی کە من پێی دەڵێم “بواری مەدەنی”ی کۆمەڵگا، من ئەوەم پێناسە کردووە کە پێم باشە بیر لەوە بکەینەوە کە بوارێک بۆ بابەتی نوێی کۆمەڵناسی، یەک سەنتەرکردن لەسەر فراوانبوون و گرێدانەوەی هاوبەندییەکی دیموکراتی، لە ڕێگەی زنجیرەیەک لە درێژەپێدانی چەمک و لێکۆڵینەوەی ئەزموونکارییەوە، من دەستم کردووە بە نەخشەکێشانی پێکهاتەکانی لەم “بوارە مەدەنییە”. ئەم گرێدانە کولتووری و دامەزراوەییانە لە بنەڕەتەوە ناڕوونن و پەیوەندی دژ بەیەک لەگەڵ ئەو بوارە “نامەدەنییانە” دروست دەکەن کە دەوری بواری مەدەنییان پێ دەدات (Alexander, 2001: 371).
یەکێک لە کاریگەرییە بەرچاوەکانی ئەلێکساندەر لە کۆمەڵناسی کولتووریدا، خۆی لە پابەندبوونێکی دۆرکهایمیدا بۆ گرنگی هاوبەندی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە. بۆ ئەلێکساندەر، تیۆر بەرهەمی تەنیا داهێنەرێک و تاکە بلیمەتێک نییە، پڕۆژەیەکی هاوبەشە. لە بازنەی ئەلێکساندەردا هاوبەندی کار دەکات بە دروستکردنی ناسنامەیەکی هاوبەش و پڕۆژەیەکی هاوبەش و کۆمەڵێک گێڕانەوە کە ڕۆحی هاوبەندی بەهێز دەکات. وەک دۆرکهایم، ئەلێکساندەر هەموو کات زانیویەتی کە سیستەمێکی هێمایی هاوبەش ئاسانتر دەتوانێت هاوبەندی کۆمەڵایەتی پتەو بکات.
هەندێک کارەکانی ئەلێکساندەر بەسەر دوو بواری تیۆری گشتی دابەش دەکەن؛ ١. تیۆرییەکانی کولتوور و مانا. ٢. تیۆریی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژیانی گشتی. ئەوەی پەیوەندی بە تیۆرەکانی کولتوور و ماناوە هەبێت، لە ڕوانگەی ئەلێکساندەر پەیوەست بە کولتوور و مانا لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەموو شتێک لەو پێداگرییەوە دەست پێدەکات کە ناتوانین پێشوەخت بڕیار بدەین کام تایبەتمەندی ژیانی کۆمەڵایەتی بۆ تاک و گرووپ مانادار دەبێت. بۆ دڵنیابوون لە بابەتە گرنگەکانی شیکردنەوەی کۆمەڵناسی؛ ڕەگەز، چین، نەژاد، نەتەوە، ئەتنیک، ئایین – گرنگ و مانادارن، بەڵام ئێمە ناتوانین پێشوەخت بڕیار بدەین کە چۆن مانادار دەبن، یان چۆن لەگەڵ هاوپۆلەکانی دیکەی مانادا ئاوێتە دەبن. بۆیە ئەلێکساندەر سوورە لەسەر وەسفێکی پتەو، هەوڵدان بۆ دابینکردنی باشترین نەخشەی کولتووری گونجاوی جیهانی مانادار کە ئەکتەرەکان پشتیان پێ دەبەستن بۆ ڕێکردن بەناو جیهاندا. تیۆری (کۆد و گێڕانەوە)ەکانی ئەو، جەخت لەسەر بونیادە مانا قووڵەکان دەکاتەوە، کە دەرک و هەڵسەنگاندنەکانی بۆ تاک و گرووپ لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا بونیاد دەنێت. ئەم جۆرە مانا بونیادییانە بە درێژایی کات خۆڕاگر و بەردەوامن و بوونیان ڕێگە بە تاکەکان دەدات بە شێوەیەکی ستراتیژی و داهێنەرانە بجوڵێنەوە. تیۆرییەکەی ئەو بۆ تراوما کولتوورییەکان جەخت لەسەر وەڵامە کۆمەڵایەتییەکان بۆ قەیران و نادادپەروەری دەکاتەوە. لەسەر کاری پێشتری کۆد و گێڕانەوە بنیات دەنرێت، بەڵام لێرەدا جەختکردنەوەی سەرەکی ئەوەیە کە چۆن گرووپەکان کۆد و گێڕانەوەکان دەربارەی چاک و خراپ بە کار دەهێنن بۆ ئەوەی داخوازیی بۆ چارەسەریی مەدەنیەت و گۆڕانی کۆمەڵایەتی دروست بکەن. بە سوودبوونی سەرەکی تیۆری تراوما کولتوورییەکە، لانیکەم، ئەوەیە کە پەیڕەوێکی سۆسیۆلۆژیی کولتووریی زۆر سەرنجڕاکێش بۆ دیراسەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کاری دەستەجەمعی دەستەبەر دەکات (Jacobs, 2019: 262).
بوارە مەدەنییەکەش چەندین لە گوتارە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگا دەگرێتەوە (بۆ نمونە ڕای گشتی، یاسا، ئەخلاق و پرەنسیپە مەدەنییەکان، ناوەڕۆکی کولتووری جەماوەری، ناڕەزایەتی و داکۆکیکردن) و دەزگا جۆراوجۆرەکان کە ئاسانکاری و هاندانی ئەو جۆرە پەیوەندییانە دەکەن (بۆ نموونە، ڕاگەیاندنی هەواڵ، فیلم، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵە مەدەنییەکان – بۆ نموونە دایکانی دژی شۆفێری سەرخۆش). بواری مەدەنی کە لە لایەنی نامەدەنییەوە سنووری بۆ دەکێشرێت؛ “بەو جۆرە جیهانانە وەک دامەزراوە، ئابووری، ئایین، خێزان و کۆمەڵگە”. ئەلێکساندەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک بوارەکانی مەدەنی، بواری نامەدەنییش لەناوەڕۆکدا بۆ چۆنایەتی ژیان و فرەیین لە کۆمەڵگەدا. سەرەڕای ئەوەش، مەدەنی و نامەدەنیی بەیەکەوە بەستراون، هەرچەندە ئامانج و بەرژەوەندی و شێوەکانی ڕێکخستنی نامەدەنییەکان زۆرجار لەگەڵ دەستپێکردنی هاوبەندییەکی گشتگیر یان جیاجیان کە ئامانجی دادپەروەرییە بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە. ئەلێکساندەر خۆی دەڵێ:
“من پێم وایە هەموومان ئەو بیرۆکەیەمان هەیە، هەموومان لە هەموو کۆمەڵگەکان، جا چین بێت یان سوید بێت یان هیندستان یان کۆڵۆمبیا، ئاسۆیەکە بۆ هاوبەندی لەگەڵ هەموو کەسێک کە لەو شتەی کە گێرێتس ناوی لێ نابوو “کۆمەڵگەی تێرمیناڵ terminal community “. ئێمە ئەو هەستەمان هەیە کە هەموو کەسێک هەمان جۆری مرۆڤە، یان هیچ نەبێت توانای ئەوەی هەیە بە تەواوی مرۆڤ بێت. ئەوە هەستێکە کە دەزانین ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەن، وەک چ جۆرە کەسێک یان تاکەکەسێک کە لە ڕاستیدا دەتوانین بیناسیین و لێی تێبگەین. ویستم ڕێگایەک بۆ بە چەمککردنی ئەو هەستە بدۆزمەوە. ئەوەی کە لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت ئەوەیە کە ئەم هەستانە لە ڕاستیدا جیهانێکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو پێک دێنن، کە لە ڕاستیدا ئەم بوارەیە. تەنیا ئابووری و کەنیسە و خێزان و نەزمی یاسایی و دەوڵەت و بازاڕێک نییە. هەروەها شتی تریش هەیە، ئێمەش پێی دەڵێین “بواری مەدەنی” (Lund, 2020: 193).
ئەلیکساندەر واقعیی دەربارەی ئاستەنگەکانی بەردەم هاوبەندییە؛ ئەو بە تەواوەتی ئیدراکییە، بە نموونە؛ نایەکسانییەکان(وەک نایەکسانی لە بازاڕی ئابووری و جۆری کۆمەڵایەتی و نەژاد و بەو شێوەیە)، هەروەک کۆدە هێماییەکان (بە نموونە تایپە جەماوەرییەکان) و بەرژەوەندییەکان و بەها پارتیزانییەکان کە لەگەڵ هاوبەندی کۆمەڵگەی جیهانیدا ناکۆکن، بەڵام ئەو لە هەمان کاتدا گەشبینە بە بەدیهاتنی. ئەو باس لەوە دەکات کە زۆرجار لەسەر مەدەنی پێویستە کە نامەدەنی (داگیر) بکات بۆ ئەوەی چاکسازییەک مسۆگەر بکات کە دیموکراسی بپارێزێت و دادپەروەری بەدی بهێنێت. ئەو بە لێکۆڵینەوە لە کەیسە فراوانەکان دەیەوێت نیشانی بدات چۆن کۆمەڵگەی ئەمریکایی لە چەندین قۆناغی جیاواز لە مێژووی خۆیدا، نەک هەر توانیویەتی دابەشبوونی ئابووری و سیاسی و کولتووری تێپەڕ بکات، بەڵکو چاکسازیی مەدەنی بەدی بهێنێت. بەم شێوەیە بۆ ئەلێکساندەر لە کۆتاییدا “کۆمەڵگای مەدەنی پڕۆژەیە”، پڕۆژەیەکی بەردەوام بەرەو هاوبەندییەکی یەکسان و گشتگیر کە بە تەواوی بەدەست نایەت، بەڵام ئەو پڕۆژەیەش هەرگیز بە تەواوی سەرکوت ناکرێت (Dillon, 2014: 181).
نیکلاس لۆمان و ئەرکگەرایی نوێ
بوژاندنەوەی ئەرکگەرایی لە ئەڵمانیا، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە هەریەک لە نیکلاس لۆمان و یۆرگن هابرماسەوە. ئەو دووانە، لە سەرەتادا هاوڕا و هاوکاربوون لە سەر تیۆرییەکی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا، بەڵام دواتر بە جیا درێژەیان بە کارەکانی خۆیان دا (Sharrock, 2003: 56).
لۆمان بە دڵنیاییەوە یەکێک لە گەورەترین و ڕەسەنترین ڕێبەرانی هزری کۆمەڵناسی ئەڵمانییە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا(١٩٢٧-١٩٩٨). ئەو، بە تێکەڵکردنی چەند لایەنێک لە ئەرکگەرایی پێکهاتەیی پارسۆنز و تیۆریی سیستەمە گشتییەکان، گەشەی بە ڕوانگەی کۆمەڵناسی دا. هەروەها چەمکەکانی مەعریفەی بایۆلۆژی و سایبرنێتیک (cognitive biology and cybernetics)ی ناساند. لەگەڵ ئەوەشدا هاوڕای پارسۆنز نەبوو سەبارەت بەو بژاردانەی بۆ تاکەکان بەردەستن. پارسۆنز پێداگیری لەسەر کۆدەنگیی بەهاکان دەکردەوە، پێی وا بوو کە سیستەمی کۆمەڵایەتی هەژموون بەسەر سیستەمی کەسێتیدا دەکات، بژاردەی سنووردار بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوتیی تاک هەیە، بەڵام لۆمان ئەوە بە ڕاست نازانێت. ئەو تاک لە سیستەمی کۆمەڵایەتییەوە بۆ کۆمەڵگە دەگوازێتەوە، ئەوەی کە دەتوانرێت بە ژینگەی کۆمەڵگە (societal environment) دابنرێت (Turner, 1996: 119).
لۆمان بە تەواوەتی لەژێر کاریگەریی دوو تیۆرڤان بوو؛ ئیدمۆند هوسێرل(Edmund Husserl) و تالکۆت پارسۆنز(Talcott Parsons). لە هوسێرلەوە، جیاکردنەوەی توندی سیستەمە دەروونییەکانی (ئاگایی) و لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان (پەیوەندی)ی وەرگرت، کە بە شێوەیەک ڕادیکاڵی کرد پێشتر کەس نەیکردبوو. بە گونجاندنەوەی ئەو میکانیزمە ناوەکییەی لەنێوان هەردوو لایەنی سیستەمی دەروونی و کۆمەڵایەتی بە کار هاتووە؛ مانا وەک مۆدی دەستنیشانکردن/هەڵبژاردن. وەها سیستەمێک کە لەسەر بنەمای مانا بنیات نراوە، هەروەک ڕێگای مامەڵەکردنی لەگەڵ هەڵبژاردنەکان بە بەردەوامی لەنێوان ئاماژەکان بەرەو دامەزراوەکانی خۆی و ئاماژەکانی شتە دەرەکییەکان، جیاکارییەک کە لە چەمکی هوسێرل هەیە؛ لەلایەک جیاکارییەکی ڕادیکاڵانەی دەروونی/ کۆمەڵایەتی، لە لایەکەی دیکەوە، وەک مانا لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا بە کار هاتووە، هەروەها – وشەگەلی فەلسەفیی “ئاگایی” ئەورووپی دەبێتە ڕێنمایی بۆ تێگەیشتنی میکانیزم و بونیادەکانی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان. لە تالکۆت پارسۆنزیشەوە چەمکی سیستەمی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە، ئەو پرۆسەیەی وەرگرتنی پشکی پارسۆنز و ئاوێتەکردنەوەی پێکهاتەی چەمکی لە تیۆری سیستەمەکاندا دووبارە بە تەواوەتی داڕێژراوەتەوە. لۆژیکی مامەڵەکردنی لۆمان لەگەڵ پارسۆنز، بریتییە لە بەکارهێنانی نزیکەی هەموو ئەوەی لە لایەن پارسۆنزەوە داهێنراوە، بە دووبارە دەقکردن و داڕشتنەوەی هەر چەمکێک (Stichweh, 2015: 383).
نیکڵاس لۆمان و تیۆری سیستەمەکان
ڕوانگەی تیۆریی سیستەمەکانی لۆمان، جیاوازییەکی تەواو بەرانبەر بە تێگەیشتنی پارسۆنز بۆ کۆمەڵگە وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، پێشکەش دەکات. هەرچەند لۆمان لە سەرەتای کاری زانستیدا، لەژێر کاریگەریی پارسۆنز بوو، بەڵام هەرزوو ئەو کاریگەرییەی تێپەڕ کرد. ئیلهامی لە دیسپلینەکانی وەک تێرمۆداینامیک(thermodynamics)، سایبرنێتیک (cybernetics)، تیۆری زانیاریی، بایۆلۆجی و زانستی دەمارناسی وەرگرت. لە کاتێکدا فیزیا و ئەسترۆفیزیک (astrophysics) سەرەکیترین دیسپلین نەبوون بۆ ئەو، بەڵکو بۆماوەیی و بایۆلۆجی مەعریفی(cognitive biology). ئەو کاریگەر بوو بە لۆژیکی کارپێکەرانەی جۆرج سپنسەر براون (George Spencer-Brown) و تیۆری بایۆلۆجی لە مەعریفەی زانستی دەماریی هۆمبێرتۆ ماتوورانا. لەگەڵ ئەوەشدا، تیۆرییەکەی لەسەر بنەمای پارادایمی سیستەمە خۆسازەکان داڕشت بوو-بەگوێرەی دامەزرێنەرەکەی- توانای ئەوەی هەبوو کە لەڕووی تیۆرییەوە باس لە لینک و کردەی زۆر بونیادیی، بوارە سەربەخۆ و جیاکراوەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکات (Šubrt, 2019: 609).
لەلای لۆمان، سیستەمی کۆمەڵگە پێویستە وەک ئەبستراکتێکی تەواو (کامڵ: هەموو پێداویستییەکانی لە خۆیدا هەیە)، خۆگۆڕ(self-regulating) واتە (دەستکاریکردنی خۆ لە ناوەوە و بەبێ بوونی کاریگەریی دەرەکی)، و خۆپێوەست (self referential) واتە (توانای ئەوەی هەبێت ڕاستیی دەرەکی لە خۆیدا ببینێتەوە و جەختی پێ لە خۆی بکاتەوە) شی بکرێتەوە. ڕوانگەی سیستەمەکانی لۆمان، زۆر تەکنیکی و دوورکەوتنەوەیەکی ڕادیکاڵانەیە لە ڕێوشوێنە جیاجیاکانی بیرکردنەوەی کۆمەڵناسان لە کۆمەڵگە و کردەی کۆمەڵایەتی(بە نموونە؛ دیاریکردنی ڕۆڵی گرنگی کولتوور، ئاراستەی نۆرماتیڤ، ئاوێتەبوونی کۆمەڵگە و …هتد). بە پێچەوانەی ڤێبەر و پارسۆنز، لۆمان مەیلی لەسەر هاندەرەکان (motivates) و بونیادی کردەی کۆمەڵایەتی نەبوو؛ ئەو لە جیاتییان، مشتومڕی ئەوەی کرد کە کۆمەڵگەی مۆدێرن زۆر جیاواز و ئاڵۆزە کە پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو پشت بە تایبەتمەندیی سیستەمی خۆسەریی (autonomous) و پرۆسەکانی خۆگۆڕیی سیستەم (system self-regulation) و بەرهەمهێنانەوە ببەستێت-هاوشێوەی پرۆسەی خۆسازیی لە بایۆلۆجیدا کە بە هەمان شێوە سیستەمەکانی ژیان خۆیان ڕێک دەخەن (Dillon, 2014: 179).
ئامانجی لۆمان لە دامەزراندنی تیۆری سیستەمەکاندا، پێشکەشکردنی زانستێکی جیهانی بوو بۆ کۆمەڵگە و دەربازکردنی کۆمەڵناسی لە قەیرانی تیۆریی، لە کاتێکدا ئەو پێی وا بوو، کۆمەڵناسی هاوچەرخ خۆی لە قەیرانی تیۆرییدا دەبینێتەوە. لەلای لۆمان ئەرکگەرایی نوێ مانایەکی تری هەیە، لۆمان لە هەوڵدایە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕوانگە پێکهاتەیییە-ئەرکگەراکەی پارسۆنز بە گۆڕینی پرسیارە بنەڕەتییەکە لە جۆرێتیی ئەو کارانەی پێویستە بکرێن لە لایەن سیستەمەکەوە بۆ کاردانەوەی ئەو کارانە چۆن دەبێت بۆ پێویستییەکانی کۆمەڵگە. بەم شێوەیە لە سیستەمێکدا پێویستییەکان بەهۆی کەموکوڕییە سروشتییەکانەوە پەیدا دەبن و سیستەمەکەش کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێویستییانە دەکات، سەرەنجام، سیستەمێکی خۆکرد دروست دەبێت کە توانای دروستکردنی بنەمای خۆیی و دۆزینەوە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی هەیە (Crubellate, 2007: 67).
لەو ڕوانگەیەوە، تیۆریی سیستەمەکانی لۆمان جەخت لەسەر سێ بابەت دەکاتەوە، کە لە تەواوی کارەکانیدا پێکەوە گرێدراون؛
١. تیۆری سیستەمەکان وەک تیۆریی کۆمەڵگە (Systems theory as societal theory)
٢. تیۆریی پەیوەندیکردن (Communication theory)
٣. تیۆریی پەرەسەندن (Evolution theory)
لەو چوارچێوەیەدا، توخمی سەرەکی تیۆری لۆمان لە دەوری ئەگەرەکانی “مانا”دا دەخولێتەوە و بەو هۆیە دەبێت بە تیۆری پەیوەندیکردن. سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان سیستەمی پەیوەندیین، کۆمەڵگەش زۆرترین سیستەمی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت. دەبێت بەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی کە لە تەنیا پەیوەندییەکان پێکدێت (Maurer, 2010: 3).
لە ڕوانگەی لۆمان، سیستەمەکان خۆسازن(autopoiesis)، واتە توانای خۆبەرهەمهێنانەوەیان هەیە و بەو هۆیەشەوە پارێزگاریی لە مانەوەی خۆی دەکات بە دروستکردنی بەشەکانی خۆی و دواجار پێکهاتەی دیکە. هەرچەند لۆمان چەمکی خۆسازیی (autopoiesis)ی لە هەمبێرتۆ ماتورانا (Humberto Maturana) و فرانسیسکۆ ڤارێلا (Francisco Varela) وەرگرتووە، بەڵام ئەو چەمکە لە بنەڕەتدا لە (auto-poy-E-sis)ی یۆنانی وەرگیراوە و بە مانای “خۆئافراندن” یان “خۆساز یان خۆکرد” دێت (Mattheis, 2012: 629). هەردوو نووسەر لە کتێبەکەیاندا ساڵی ١٩٧٢ ئەو چەمکەیان لە چوارچێوەی بایۆلۆجیدا بە کار هێناوە، ڕوونتر بۆ گوزارشتکردن لە توانای خۆبەرهەمهێنانەوەی خانە زیندووەکان و مانەوەیان. بە دەربڕینی هەردوو نووسەرەکە؛ سیستەمی خۆساز(ئۆتۆپۆتیکی) بەو شێوەیە پێکهاتەکانی خۆی بەرهەم دەهێنێت و بەردەوام دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی پێکهاتەی زیاتر بە شێوەیەکی بازنەیی، نموونەی خانەیەکی بایۆلۆجی کە سیستەمێکی خۆسازە، تۆڕێکی کاردانەوەی کیمیاییە کە لە گەردیلە پێکدێت، لە ڕێگەی کارلێکەکانەوە دروست دەبن و بەشداری دەکەن بە دووبارەبوونەوە لە هەمان تۆڕی کاردانەوە کە بەرهەمیان دەهێنێت. (Maturana& Varela, 1980: 188). کەواتە بۆ ئەوەی سیستەمێکی خۆساز هەبێت، دەبێت بتوانێت توخمەکانی خۆی، لە ڕێگەی کارلێککردنی خودی ئەو توخمانەوە بەرهەم بهێنێتەوە، بەو شێوەیە “خۆسازیی” لە تیۆری لۆماندا، وەک “سوڕی خۆبەرهەمهێنانەوە” لە بایۆلۆجیدا بە کار هاتووە.
ماتورانا و ڤارێلا بۆ نموونە ئەو بیرۆکەیە ڕەت دەکەنەوە کە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان سیستەمی خۆسازن، چونکە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان لە کارلێککردنی تاکەکان پێک دێت، کە دیارە لە لایەن سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانەوە و لە ناو خودی خۆیاندا بەرهەم ناهێنرێن، بەڵکو بە پرۆسەی فیزیکی و بایۆلۆجیی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سێکسی دێنە بەرهەم. لە کاتێکدا لۆمان ئەوە پەسند دەکات کە مرۆڤ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دووبارە بەرهەم نایەتەوە، بەڵام ئەو، مشتومڕی ئەوە دەکات کە لە ڕاستیدا کۆمەڵگا لە مرۆڤ پێک نایەت، بەڵکو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە، کە لە ڕوانگەی لۆمان، سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان بە “تۆڕەکانی پەیوەندییەکان پێناسە دەکرێت کە دووبارە لەلایەن پەیوەندییەکانی دیکەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە”. بە پێداگیریی لەسەر ئەوەی کە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندییەکان پێکهاتووە، لۆمان ڕوانگەی خۆی لە دوو جێگرەوەی سەرەکی جیاکردەوە: یەکەم؛ ئەو ڕوانگەیەی کە کۆمەڵگاکان لە تاکەکان دروست بوون. دووەم؛ ئەو ڕوانگەیەی کە کۆمەڵگاکان لە کردەکان دروست بوون (Taylor, 2020: 144).
بە دڵنیاییەوە پەیوەندی (Communication) یەکێک لە توخمە بنچینەییەکانی تیۆری لۆمانە، بەو ڕادەیەی کە لە تێگەیشتنی ئەودا، کۆمەڵگا تەنیا لەو شوێنەدا توانای بوونی دەبێت، کە دەرفەتی بوونی پەیوەندیکردن هەیە. لۆمان دەڵێت کە پەیوەندیکردن کۆمەڵگەیە و کۆمەڵگە پەیوەندییە. پەیوەندیکردن پرۆسەیەکی بەردەوامە، بەبێ ئەوەی وەستان لەو پرۆسە بەردەوامە ڕووبدات، کە خۆی بەرهەم دێنێتەوە. لە ڕێگەی سوڕی بەردەوامی کردەوەگەلی پەیوەندیکردن (پەیوەندی بۆ پەیوەندی) دواجار سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان پەرەدەستێنن (Mattheis, 2012: 628).
لۆمان بەردەوام بوو لە پێشخستنی تیۆرییەک کە کۆمەڵگە لە خۆ بگرت، ئەو تیۆرییەش لە پەیوەندی پێکدێت. لەو کارەدا ئەو بیرۆکەیەی وەلانا کە کۆمەڵگا لە مرۆڤ پێکهاتووە، هەرچەندە ئەمە لەوانەیە جێی مشتومڕ بێت، گرنگە بۆ ئێمە تێبگەین کە بۆ ئەو دەستبەرداری مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا بووە، هەرچەندە بەبێ مرۆڤ هیچ پەیوەندییەک دروست نابێت، بەڵام لۆمان باسی ئەوە دەکات کە مرۆڤ تەنیا ناوەندی داینامیکی سەرەکی کۆمەڵگە نییە، بێگومان ئەمە وای لێدەکات کە دژە مرۆڤایەتییەکی ڕادیکاڵ بێت. بۆ لۆمان کۆمەڵناسی ئەگەر بۆ گەیشتن بە تەماحی خۆی وەک زانستی کۆمەڵگە بێت، دەبێت بتوانێت بە شێوەیەکی پێویست باسی کۆمەڵگە بکات، لەوانەش داینەمۆی سەرەکی. بۆ لۆمان ئەم داینامیکانە لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا دەدۆزرێنەوە. بەو شێوەیە پێداگیریی لەسەر ئەوەی کۆمەڵگە لە پەیوەندییەکان پێکدێت، ”میتۆدۆلۆژی دژە مرۆیی” بۆ لۆمان دروست دەکات، ئەوەش بەرئەنجامی کۆمەڵناسییە گشتیگرەکەی ئەوە، هاوشێوەی کۆمەڵناسییەکەی دۆرکهایم، کە وەک زانستی فاکتە کۆمەڵایەتییەکانی کارەکتەری سەرووتاک (supraindividual) لە کۆمەڵناسی دەڕوانێت. بەوەش چەمکسازی دۆرکهایم لەگەڵ میتۆدۆلۆژیای دژەمرۆیی لۆمان دەگونجێنێت، کە سیستەمەکان لە پەیوەندیکردن پێکدێن و تاکەکان تەنیا بەشێکی دەوروبەر/ژینگەن (Šubrt, 2019: 611).
جیاکاریی ئەرکگەرایی (Functional Differentiation)
ئەگەر بەرهەمی لۆمان لە ڕووی قوتابخانە یان ڕوانگەکانی هزری کۆمەڵایەتییەوە پۆلێن بکرێت، ئەوا سێ مەرجی پێویستە: تیۆری سیستەم، ئەرکگەرایی نوێ و ئەرکگەرایی ڕادیکاڵی. تیۆری سیستەم، کۆمەڵناسی لەگەڵ بەهایەکی تایبەتی پیشەییانە و هاوکات فرەدیسپلین(بەستنەوەی کۆمەڵناسی بە زانستەکانی دیکەوە) دەستەبەر دەکات. لۆمان وەک تیۆرستێکی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان وەک “ڕیالیست” دەردەکەوێت، ئەو بانگەشە نموونەییەکەی دەکات، کە سیستەمی هەیە، گوزارشت لە بیرۆکەی خۆی دەکات کە سیستەمەکان تەنیا بونیادی هزریی یان مۆدیلی زانستی نین، بەڵکو شتی ڕاستەقینەن. لە دەیەی ١٩٦٠دا لۆمان لەژێر کاریگەریی هەوڵەکانی پارسۆنز بوو بۆ دامەزراندنی تیۆرییەکی کۆمەڵناسی جیهانی (تیۆرییەک بۆ هەموو دۆخەکان) لەسەر بنەمای سیستەمی نوێ. بەڵام دواتر بۆچوونی خۆی گۆڕی، لەکاتێکدا لە تیۆری پارسۆنزدا، پرسیاری بنەڕەتی پاراستنی بونیادەکان و ئاوێتەبوونی (integration) سیستەمەکە بوو، بۆ لۆمان خاڵی سەرەکی جیاکاری ئەرکگەرایی (functional differentiation) بوو. جیاکاری ئەرکگەرایی لۆمان بە ڤێرژنێکی تاکخوازیی ناوزەد کراوە، کە سەرنجی لەسەر پێکهاتنی سیستەمێکە کە لەسەر بنەمای سیستەمی نوێ/جیاکاری ژینگەیی لەمێژووی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرچاوە دەگرێت (Albert, 2013: 56).
لە کاتێکدا پارسۆنزییەکان باسی ئەوە دەکەن کە هەموو جۆرەکانی سیستەمی کردە، بە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چینێکی لاوەکیی کۆمەڵێک سیستەمی فراوانترن، کە بە “سیستەمی زیندوو” ناسێنراوە. چۆنیەتی پێناسەکردنی ئەم سیستەمانە ئەوەیە کە چالاکانە جیاوازی خۆیان بەرانبەر بە ژینگەی دەوروبەر دەپارێزن. لە تێگەیشتنی پارسۆنزدا هەموو سیستەمە زیندووەکان بە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەدوای پاراستنی هاوسەنگیدان، یان پاراستنی قاڵبە پێکهاتەییە دیاریکراوەکانیان لە بەرانبەر فشارەکانی گۆڕینیان. لە هەردوو تێگەیشتندا سیستەمەکان کار بۆ پاراستنی ڕێکخراوی ناوخۆیی خۆیان دەکەن و بەم شێوەیە وەک شتێکی جیا لە ژینگەی دەوروبەر بەردەوام دەبن. بەڵام جیاوازییەک لەگەڵ لۆمان هەیە؛ بۆ پارسۆنز سیستەمەکان ئەبستراکتی شیکردنەوەیین، کە بۆ مەبەستی تیۆری دروست دەکرێن، بۆ لۆمان سیستەمەکان وەک قەوارەی بەرجەستە و ئەزموونیی دەبینرێن (Taylor, 2020: 140).
جیاکاریی ئەرکگەرایی، بۆ لۆمان، شێوەی جیاوازی کۆمەڵگای جیهانی هاوچەرخە، کە لە سیستەمەکانی ماکرۆ بۆ پەیوەندی ئابووری، سیاسەت، یاسا، ئایین، زانست و چەندین چوارچێوەی دیکەی ئەرکگەرایی پێک دێت. هەموو ئەمانە سیستەمی ماکرۆی جیهانیین لە درێژەدانی پەیوەندی لە ئاستی جیهانیدا. لەنێوان یەکتردا بە جیاوازی کۆمەڵایەتی و کولتووریی توند جیا دەکرێنەوە، کە هەر ئەگەرێکی ڕێکخستن پلەیەک لە نێوانیاندا دوور دەخاتەوە، شتێک کە ئەوانە لە بونیادی بەشەکی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە هەموو ئەو سیستە ئەرگکگەرایانە، زۆر پێویستن. لۆمان بە نەزمی جێگرەوە ناوزەدی کرد، لە کاتێکدا هەر سەرچاوەیەکی ئەرکگەرا(وەک پارە، هێز)، ناتوانرێت بە سەرچاوەیەکی دیکە لە سیستەمێکی ئەرکگەرادا جێگەی بگیرێتەوە یان سەرچاوەیەکی دیکەی جێگرەوەی نییە. وەک گریمانەی “جیاکاری ئەرکگەرایی کۆمەڵگەی جیهانی” گریمانەی ناوەندی ئەزموونی لە تیۆری کۆمەڵگەی لۆمان پێکدێنێت (Stichweh, 2015: 388).
لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا، سیستەمە هەمەجۆرەکان بە شێوەیەکی خۆسەر کار دەکەن و دەست دەکەن بە تایبەتمەندکردن یان بە دەربڕینی لۆمان: بە شێوەیەکی کارکردی جیادەبنەوە. لە ڕێگەی جیاکاریی ئەرکگەراییەوە، تایبەتمەندیی سیستەمە جیاجیاکان دەردەکەوێت، کەواتە بۆ نموونە سیستەمی سیاسی تەنیا لە ڕووی لێکەوتەکانی سیاسییەوە توانای دۆزینەوەی کێشەیەکی تایبەتی هەیە، بەڵام ئەمە بە تەواوی و لە شێوەی ئاڵۆزیەکی باڵادا بەدەست دێت. لۆمان پەیوەندی یان چالاکییەک بە ئەرکگەرا یان کارکرد دادەنێت، ئەگەر خزمەت بە بەردەوامی یەکگرتنی پێکهاتە ئاڵۆزەکانی سیستەمێک بکات. هیچ کام لەم سیستەمانە ناتوانن کردارەکان یان خزمەتگوزارییەکانی سیستەمەکانی دیکە لە ئەستۆ بگرن. بۆیە پەیوەندییەکانی نێوان سیستەمە ئەرکگەرا یان کارکردەکان گرنگی تایبەتی هەیە (Mattheis, 2012: 630).
بەگوێرەی تیۆری سیستەمەکان، لە سیستەمدا پێویستە جیاکارییەکی ڕوون هەبێت لەنێوان کراوەیی (گەیشتن بە ناوەوەی سیستەمەکە) و داخراویی (سیستەمێکی جیاکراوە و دوورەدەست)، کە هۆکارەکانیان بگەڕێتەوە بۆ هۆکارە ژینگەیییەکان، بەڵام لەلای لۆمان سروشتە خۆکردەییەکەی سیستەم داوا دەکات لە سیستەم بڕوانرێت وەک ئەوەی لە هەمان کاتدا سیستەمێکی کراوە و داخراو بێت. لۆمان پێی وایە دوو بنەمای کارلێککردوون و لە کاتی خۆدروستکردن و گەشەکردنی سیستەمەکە وا دەکەن سیستەمێک دروست بێت کە خۆی لەگەڵیان گونجاندبێت بەگوێرەی هۆکارە ژینگەیییەکان. بەگوێرەی ئەم پێناسەیەی سیستەمەکان پێناسەی خۆکردەییش ڕوون دەبێتەوە، کردەیەکە کە تێیدا سیستەمەکان لە بازنەیەکی داخراودا خۆیان دروست دەکەن. لۆمان ئەو پێناسەیە جێبەجێ دەکات بۆ سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان، وەک، ئابووری، سیاسی، ئاین، هونەر، پەروەردە… هتد لەلای ئەو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت کاتێک جۆرێک لە گۆکردنی نوێ و خۆکردانە دروست دەبێت و خۆی جیا دەکاتەوە لەو گۆکردنە گونجاوانەی پێشتر هەبوون. بۆیە خاڵێکی بنەڕەتی سیستەمی کۆمەڵایەتی توانایەتی بۆ تێگەیشتن لە جۆرێک لە مانا و گفتوگۆ کە بەهۆیەوە سەرەنجام گەشە دەکات. سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان سیستەمانێکی خۆکردەن، بە مانایەکی تر، داخراون. سەرەڕای ئەوەی ناتوانرێت ژینگەی دەوریان ڕاستەوخۆ کاریان تێ بکات، بەڵکو پێویستە کاریگەرییەکانی ژینگەی دەوروبەر بە سنوورەکانیان تێپەڕببێت لە ڕێگەی ئەو جۆرە کارکردنەی کە تایبەتە بە سیستەمەکە و لە ناوەوەی سیستەمەکەدا هەیە. ئەو جۆرە کارکردنەش پێوەستە بە بنەمای مانا. بۆیە، سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان لەڕووی پێکهاتەیییەوە خۆگونجێن و کراوەن، چونکە لە هەمان کاتدا لەڕووی کارکردنەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی داخراون. لەگەڵ ژینگەی دەرەوەیان مامەڵە دەکەن تەنیا لە ڕێگەی دروستکردنی مانایەکی ناوەکی بۆ ئەو ماددە دەرەکییانەی کە بڕیارە کاردانەوەیان بۆیان هەبێت (Crubellate, 2007: 71).
بەو شێوەیە تیۆرییەکەی لۆمان، ئاڵۆزیی لە جیاکاریی سیستەمێک و ژینگەکەیدا دەردەخات، لە کاتێکدا زۆر تیۆریست سیستەم پشتگوێ دەخەن. ئاڵۆزی خودی سیستەمەکە هەمیشە لە ژینگەکەی کەمتر بووە. هاوکات ئەو ئاڵۆزییە دەناسێنێت و هەروەک چۆن دەتوانێت کاریگەریی لەسەر کردەوەکانی و مانەوەی خۆی وەک سیستەمێک بکات. لە کاتێکدا سیستەمەکان هەرگیز ناتوانن وەک ژینگەکەیان ئاڵۆزبن، بەڵام سیستەمی لاوەکی گەشە پێدەدەن و پەیوەندی جیاجیا لەنێوان سیستەمە لاوەکییەکان دروست دەکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ ژینگەکەیاندا بکەن. ئەگەر وا نەبێت بە ئاڵۆزی ژینگە دادەپۆشرێن. لە پێگەی تیۆرییەوە تایبەتمەندی سەرەکی کۆمەڵگەی مۆدێرن، زیادبوونی پرۆسەی جیاکاری سیستەمە وەک ڕێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵۆزیی ژینگەکەی. هەر سیستەمێک وەک لە سەرەتاوە دەبینرێت دەبێت سنووری خۆی لە پەیوەندی بە ژینگەوە بپارێزێت. ئەگینا بە جیاوازی ژینگەکەی خۆی دەپوکێتەوە و لە ناو دەچێت و بوونی نامێنێت. لەبەرئەوە سیستەمە گەورەکان بە هێواشی ڕێکدەکەون لە ڕێگەی جیاوازی کردن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ژینگەکەیاندا هەیە بۆ ئەوەی ڕزگاریان ببێت و بمێننەوە (Sharrock, 2003: 60). دەشێت ئەم گۆڕانکارییە ژینگەییانە گۆڕانکاریی سیاسی، چوارچێوەی یاسایی و زۆر گۆڕانکاری دیکە لەخۆبگرێت. لە ئەنجامدا پرۆسەی جیاکاری دەبێتە وەسیلەی زیاتر ئاڵۆزبوونی سیستەمەکە، چونکە هەر سیستەمێکی لاوەکی لەم نێوەدا دەتوانێت پەیوەندی جیاواز لەگەڵ سیستەمە لاوەکییەکانی دیکەدا ببەستێت. ئەوەش ڕێگە دەدات بە گۆڕانی زیاتر لەناو خودی سیستەمەکەدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر وەڵامی جیاوازییەکانی ژینگە بداتەوە. جیاکاری ئەرکگەرایی ئاڵۆزترین و زاڵترین جیاکارییە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، هەموو یەکەیەکی سیستەم بە ئەرکێکی تایبەت دەبەستێتەوە. لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە، ئەگەر یەک سیستەمی لاوەکی لە بەجێهێنانی ئەرکەکەیدا شکستی هێنا، تەواوی سیستەمەکە تووشی گرفتی گەورەی ڕزگاربوون یان مانەوە دەبێت. بەڵام سەرنجڕاکێشە، تا هەر کام لە سیستەمە لاوەکییەکان، کار و ئەرکی خۆی باشتر جێبەجێ بکات، سیستەمە لاوەکییە جیاوازەکان دەتوانن بە پلەی بەرزتر سەربەخۆ بن. سیستەمە جیاکراوە ئەرکگەراکانی لۆمان تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە پشتبەیەکبەستن و سەربەخۆیی (Amoah, 2018: 110).
بۆ لۆمان، ئاڵۆزی سیستەمەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن، لەتاک و کۆ و کارلێک تێپەڕ دەکات؛ ئەوە بەدەر لە لۆجیکی سۆسیۆلۆژییە. بەڵکو لە تیۆری سیستەمەکانی لۆماندا، ئەوەی لەمەڕ کۆمەڵگەوە گرنگە، تیۆریزەکردنیەتی وەک سیستەمێک لەناو خۆیدا، کە خۆی لە ئەنجامی هەندێک لۆژیکی سیستەمدا درێژە پێدەدات، نەک وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە بە شێوەیەکی گەورە لە ئەنجامی پرۆسە دامەزراوەییەکان و ئاژانسی مرۆیی-کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. ئەوەی گرنگە، سیستەمی پەیوەندییە نەک کردە. وەک ئەوەی لۆمان خۆی دەڵێت؛ کۆمەڵگە سیستەمێکی سەربەخۆ و لەڕووی کارەوە داخراوی پەیوەندیکردن و بەیەکگەیشتنە. سەرەنجام، تێبینی یان وەسفی هەر شتێک بکات (هەر شتێک کە باسی لێوە بکرێت)، ئەوا ئەو شتە خۆیییانە تێبینی یان وەسف کراوە. ئەمە بۆ وەسفی سیستەمی کۆمەڵگەیی خۆشی دەبێت، هەروەها بۆ وەسفی ژینگەی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەش دەگونجێت. وەک جیاوازی نێوان نەخشە و ناوچەی دەسەڵات بەسەر وایە -ئەو ناوچەیەی کە نەخشەکەی لێوە دروست دەکرێت- کە ناوچەکە خۆی پێویستە لەسەر نەخشەکە بنەخشێنرێت (Dillon, 2014: 179).
تێڕوانینی ئەرکگەرایی نیکلاس لۆمان
ڕەوتی کارکردنی لۆمان بۆ کۆمەڵناسی و ئەرکگەرایی، گشتی یان هەمووەکی نییە. ئەو بە تایبەتی بە خستنەڕووی کۆمەڵگە بە سیستەمێکی خۆسەریی یان خۆساز بەناوبانگە. هەرچەند مشتومڕێکی زۆر هەیە کە ئایا کۆمەڵگەکان خۆسازن، بەڵام لۆمان بە تەواوەتی باوەڕی وایە کە بەو شێوەیەیە. لۆمان دەڵێت یەکەی گونجاو یان پێکهاتەی سیستەمی کۆمەڵایەتی؛ تاک، کردە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو لە جیاتی پەیوەندی (وتە utterance)یە. ئەو جۆرە پەیوەندییانە لە شێوەی وتەیەک، چەقی بوونی کۆمەڵگە و بنچینە پێکدەهێنن. بەڵام ئەو وتەیە هەمیشەیی نییە، کەواتە کۆمەڵگە لە دەوری ئەو جۆرە وتە کاتییانە بنیات دەنرێت، کە بە نزیکەیی یەکسەر ون دەبن، ئەوە مانای وایە کە کۆمەڵگە خۆساز یان خۆدروستکەرە و دەبێت بەردەوام خۆی بەرهەم بهێنێتەوە، بە بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتەکانی وتە یان شکستپێهێنان و فەرامۆشکردنیان. لێرەدایە کە ڕۆڵێکی بەهێزی (زمان) لە تیۆری لۆماندا دەردەکەوێت و ئەویش بە “ئاگایی”ییەوە گرێدراوە (Maurer, 2010: 4).
چەمکی خۆسازیی سوودی زۆری هەیە بۆ لۆمان و ئەوانەی پەیڕەوی دەکەن. ئەوە شیکردنەوەیەکی ڕوون بۆ دووبارە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی دەکات، هەروەها ئاسانکاری بۆ شیکردنەوەیەکی بەهێزی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەکات. هێشتا زیاتر بە وێناکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی هەم کراوە و هەم داخراو، لە شیکردنەوەی سیستەمە تەقلیدییە کراوە یان داخراوەکان تێدەپەڕێت. واتە لۆمان نوێنەرایەتی سیستەمێکی خۆساز دەکات کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو داخراوە. پرۆسەکانی ڕێکخراوەیی خۆسازی ناوەکی کە سیستەمەکە لەوە دڵنیا دەکاتەوە لە بەرهەمهێنانەوەکەی داخراوە بە ژینگەی دەرەکی و بە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. کەچی هێشتا سنووری سیستەمەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕەکانی وزە و زانیاریی لەگەڵ ژینگە دەرەکییەکەی (Dillon, 2014: 180).
مۆدێلی خۆساز ڕێگە بە لۆمان دەدات بۆ شیکردنەوەی بەش-گشتە کۆنەکەی ئەرکگەرایی، بە جەختکردنەوە لەسەر سیستەمی ناوەکی. سیستەمەکانی لۆمان لێرەدا جیاوازی تیۆریی تایبەت وەردەگرێت. لە کاتێکدا کە پێگەی تیۆری سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی پارسۆنز و تیۆری سیستەمە جیهانییەکانی سەرمایەداریی شرۆڤەیەکی بنەڕەتی بە شیکردنەوەی گشتی سیستەمەکان دەبەخشێت، بەڵام بۆ باشترین ڕوونکردنەوە لە پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان بەشەکانی سیستەمەکاندا کورت دەبێتەوە. بە بۆچوونی لۆمان هەموو کۆمەڵگەیەک دابەش دەبێت بەسەر سیستەمە خۆسازە جیاجیاکان و سیستەمە لاوەکییەکان وەک سیستەمی یاسایی، سیستەمی سیاسیی، سیستەمی زانستی، سیستەمی پەروەردەیی یان ئابووریی کە لە ژینگەیەکی زۆر ئاڵۆزدا چالاکن، چوارچێوەیەکی کەمتر ئاڵۆز، ناجیاوازیی مانادار و بەو شێوەیە توانای ئاراستەکردنی کردارەکانی هەیە (Treviño,2015: 338).
جێی تێبینییە، لە کاتێکدا لە ئەڵمانیای زێدی لۆمان، کە لە چەند دەیەی ڕابردوو کارەکانی پشتگوێ خرابوون، لە هەمان کاتدا مەیلێکی زۆریان بۆ کارەکانی پیەر بۆردیۆ، ڕێبەرێکی کۆمەڵناسی فەرەنسی هەبوو کە هیچ کات ئەوەندەی ئێستا، کاریگەریی لەسەر کۆمەڵناسی ئەڵمانی بەهێز نەبووە. بە لایەنی کەمەوە دوو هۆکار بۆ ئەوە هەیە؛ تێڕوانینی بۆردیۆ زۆر لە ئەزموونی ڕۆژانە نزیکترە، لە مۆدیلی ڕاڤەکارانەی ئەبستراکتی لۆمان؛ دووەم؛ ڕوون نییە چۆن چەمکەکانی لۆمان لە توێژینەوەی ئەزموونگەرییدا بە کار دەهێنرێت. بە پێچەوانەوە چەمکەکانی بۆردیۆ بە شێوەیەکی ئاشکرا بە توێژینەوەی ئەزموونگەرییەوە بەستراون(بۆردیۆ تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ئەزموونگەرانە پەرەی پێداون). هەرچەند لۆمان وەک گەورەترین زانا ئەڵمانییەکان ناوبانگی دەرکرد، بەڵام ئەمڕۆ زۆر کەس کە پێشتر پەرەیان بە ناوبانگەکەی دەدا، زۆر کەمتر باسی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران کارەکانیان بۆ ڕوونکردنەوە و پەرەپێدانی بیرۆکەکانی لۆمان تەرخان کرد، بەڵام ئەگەر لەماوەی ژیانی لۆماندا پێشوازییەکەیان زیاتر پشتڕاستکردنەوە و سەرسامبوون بێت، ئەمڕۆ ڕەخنەیەکی گەورەتر ڕووبەڕووی دەکرێتەوە (Šubrt, 2019: 610).
سەرچاوەکان؛
- Alexander, Jeffrey C. (1983) Theoretical Logic in Sociology, Volume Four, THE MODERN RECONSTRUCTION OF CLASSICAL THOUGHT: TALCOTT PARSONS, University of California Press, USA.
- Alexander, Jeffrey C. and Paul Colomy (1985), Toward Neo-Functionalism, American Sociological Association, Vol. 3, No. 2, pp. 11-23.
- Alexander, Jeffrey C. (2001) The Long and Winding Road: Civil Repair of Intimate Injustice, Sociological Theory, Vol.19, NO. 3, PP. 371-400.
- Adam, Leonhard (1946) Functionalism and Neo-Functionalism, Oceania, Vol. XVII. No. 1, pp. 1-25.
- Archibong, Esther P. & Anita, Christiana I. (2014) Structural– Functionalism: Its Relevance to Medical Profession, International Journal of Education and Research Vol. 2 No. 5. pp. 349-356.
- Amoah, Solomon Kofi &Ayim, Anthony(2018), The Theoretical Approaches of Durkheim, Parsons and Luhmann: Intra-traditional Differences, Interdependencies and Contradictions, Journal of Advocacy, Research and Education, Vol. 5, No. 3, pp. 107-114.
- Albert, Mathias, Barry Buzan and Michael Zürn(2013), Bringing Sociology to International Relations(world Politics as Differentiation Theory), CAMBRIDGE UNIVERSITY PRESS, United Kingdom.
- Boon, James A. (1983), Functionalists Write, Too: Frazer/Malinowski and the Semiotics of the Monograph, Semiotica, vol. 46, No. 2/4, pp. 131–149.
- Castro, Jose Esteban. (2009) Functionalism (Including Structural Functionalism). International Encyclopedia of Human Geography, Vol. 4, pp. 277–282.
- ÇAM, Taner& Mustafa KAYAOLU (2014) SOCIAL CHANGE FROM THE PERSPECTIVE OF SOME PROMINENT CONTEMPORARY SOCIOLOGISTS, The Journal of International Social Research, Volume: 7 Issue: 34. pp. 628-635.
- CôtéI, Jean-François (2019) Jeffrey C. Alexander on the theatricality of social life: Deepening the hermeneutics of cultural sociology, Sociologia&Antropologia, VO. 9. NO. 1, PP. 55–84.
- Crubellate, João Marcelo(2007) Three Neofunctionalist Conceptual Contributions to the Institutional Theory in Organizations, BAR, vol. 4, no. 1, art. 5, pp. 66-81.
- Dillon, Michele (2014) Introduction to Sociological Theory (Theorists, Concepts, and Their Applicability to the Twenty First Century), John Wiley & Sons, Ltd, UK.
- Giulianotti, Richard (2015) Routledge Handbook of the Sociology of Sport, (The Functionalist Perspective on Sport), Routledge, USA.
- hill, Joshua Mebard(2017), Functionalism and Neo-Functionalism: The genesis of Europe or the Trojan horse in the integration process, Journal of European Integration History, Vol. 1, No.2, pp. 145-153.
- Jacobs, Ronald N. (2019) JEFFREY ALEXANDER AND THE DEVELOPMENT OF CULTURAL SOCIOLOGY, Sociologia&Antropologia, VO. 9. NO. 1, PP. 259–265.
- Lewis, Herbert s. & Thornton, Thomas F. &Weisner, Thomas (2012), Walter Rochs Goldschmidt (1913–2010), American Anthropologist, Vol. 114, No. 1, pp. 173–180.
- Lund, Anna & Andrea Voyer (2020) Hope and a horizon of solidarity – An interview with Jeffrey C. Alexander, SverigesSociologförbund, Vol. 57, NO. 2, pP. 189-205.
- Maturana, Humberto R. & Varela, Francisco J. (1980) Autopoiesis and cognition: the realization of the living, by; Stafford Beer, D. Reidel Publishing company, USA.
- Mattheis, Clemens (2012), the system theory of NiklasLuhman and the Constitutionalization of the world society, Goettingen journal of international law, Vol. 4. No. 2, pp. 625-647.
- Maurer, Kathrin (2010) Communication and Language in NiklasLuhmann’s Systems-Theory, Pandaemonimgermanicum; www.fflch.usp.br/dlm/alemao/pandaemoniumgermanicum, 25/4/2021.
- Morrow, Raymond Allan & Torres, Carlos Alberto (1995), Social Theory and Education: A Critique of Theories of Social and Cultural Reproduction, New York Press. USA.
- Stichweh, Rudolf (2015) Luhmann, Niklas(1927-98), International Encyclopedia of the Social & Behavioral Sciences, 2nd edition, Vol. 14.
- Stolley, Kathy S. (2005), The Basics of Sociology, Greenwood Publishing Group, Inc. USA.
- Sharrock, Wes W. John A. Hughes, and Peter J. Martin(2003) Understanding Modern Sociology, SAGE Publications Ltd, UK.
- Šubrt, J. (2019), NiklasLuhmann’s system theory: A critical analysis, RUDN Journal of Sociology, Vol. 19, No. 4, PP. 607—616.
- Stichweh, Rudolf (2015), Luhmann, Niklas (1927–98), International Encyclopedia of the Social & Behavioral Sciences, 2nd edition, Vol. 14, pp. 382-389.
- Treviño, A. Javier (2005) Parsons’s Action-System Requisite Model and Weber’s Elective Affinity: A Convergence of Convenience, Journal of Classical Sociology, Vol. 5. No. 319, pp. 319-348.
- Turner, Jonathan H. (2014) Theoretical Sociology-A Concise Introduction to Twelve Sociological Theories, SAGE Publications, Inc. USA.
- Turner, Jonathan H. & Alexandra R. Maryanski (1988) “Is ‘Neofunctionalism’ Really Functional?”, Sociological Theory, Vol. 6, No. 1. pp. 110-121.
- Thompson, Ken(2003), Emile Durkheim, Taylor & Francis e-Library, New York, USA.
- Turner, Bryan S.(1996) The New Blackwell Companion to Social Theory, Wiley, UK.
- Taylor, Mitchell James(2020) The Concept of Functional Differentiation and the Logic of Comparative Functionalism, in fulfilment of the requirements for the degree of Doctor of Philosophy, Graduate School of Humanities and Social Sciences The University of Melbourne.
Varul, Matthias Zick (2010) Talcott Parsons, the Sick Role and Chronic Illness, Body & Society