تۆتالیتاریزمی عەرەبی: بنچینەکانی، فۆرم و پەیوەندییە خێزانی و خێڵەکییەکانی

دیالۆگی نێوان کەنعان مەکیە و حازم ساغیە

بەرایی

لەم دیالۆگەدا، هەریەک لە نووسەر و ڕۆشنبیری لوبنانی (حازم ساغیە) و نووسەر و ڕۆشنبیری عێراقی (کەنعان مەکیە) لەبەر ڕۆشنایی دراوەکانی ئەو سەرچاوە “بنچینە”یەدا کە کولتووری تاک و گروپەکانی جیهانی عەرەبییان لێوە هەڵدەقوڵێت، گفتوگۆ لەبارەی واقیعی تۆتالیتاریزمی عەرەبییەوە دەکەن. نووسەران تیشک دەخەنە سەر ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵ و ئۆرگانیکییەی فەرمانڕەوایەتی تۆتالیتێری ـ مۆدێرن بە جومگەکانی ژیان و کولتووری خێڵەکییەوە دەبەستێتەوە، وەکچۆن لە چوارچێوەی گفتوگۆکەشدا قسە لەسەر میکانیزمەکانی پێکهاتن و دروستبوونی تۆتالیتاریزم، ژینگە و فاکتەرە بەهێزکەرەکانی و دواجاریش ئەو سیما و فۆرمانە دەکەن کە لە تۆتالیتاریزمی ئەوروپی جیای دەکاتەوە.

دەقی ئەم دیالۆگەی نێوان ساغیە و مەکیە لەبارەی تۆتالیتاریزمەوە لە جیهانی عەرەبیدا “بە تایبەتی عێراق و سوریا” ساڵێک پاش ڕووخانی رژێمەکەی سەدام حسێن (٢٠٠٤) لە یەکێک لە قاوەخانەکانی “لەندەن” ئەنجامدراوە.

پێشتر لە کتێبی “کۆماری ترس”دا کە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو نووسیویەتی، مەکیە  ڕای وابووە سیستمی فەرمانڕەوایەتی بەعس سیستمێکی تۆتالیتارییە، بە پێچەوانەی ساغیەوە کە پێیوایە تۆتالیتاریزم پەیوەستە بە مۆدێرنەوە لە فیکری رۆژئاواییدا، لە کاتێکدا سیستمی بەعس لە عێراقدا تێکەڵەیەک بووە لە تۆتالیتاریزم و دیسپۆتیزمی خێڵەکی و خێزانی.

سەرباری تێپەڕینی ٩ ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و ئەو واقیعە ئازاربەخشەی سیستمی تۆتالیتاریی ئەسەد لە سوریا بەر لە ڕووخانی خستویەتیەوە، پێدەچێت دڵڕەقیی یەکەمین و دواهەمین کار و کردەوەی بەئەمەکترینی ڕەگەزەکانی دەوڵەت بێت بۆ ئایدۆلۆژیای بەعس: مەبەستم لەو ڕەگەزانەش “شەبیحە”یە.  دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ئەم دیالۆگە زیاتر مۆرکێکی فیکریی شیکاری هەیە و پەیوەندی بە ڕووداوە هەنوکەییەکانی سوریاوە نییە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان پێشبینییەکیشی تێدایە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ئێستا ڕوودەدەن، بە تایبەتی سروشتی سیستمەکە، کۆتاییەکەی و ئەو دابەشبوون و کەرتکەرتبوونەی دەکەوێتە نێو جەستەی کۆمەڵگەکەوە.

دەقی دیالۆگەکەیە:

 ساغیە: کەواتە با باسی تۆتالیتاریزم بکەین.

مەکیە: تۆتالیتاریزمی سیستمەکەی حافز ئەسەد و بەراوردکردنی بە تۆتالیتاریزمی سەدام حسێن.

ساغیە: دەمەوێت باسی ئەوە بکەین کە ئایا ئێمەی عەرەب، بە تۆشەوە، چۆن قسەمان لەسەر تۆتالیتاریزم کردووە؟ هەروەها دەتوانین باسی کارەکەی تۆش بکەین لەبارەی ئەو تەلار و پەیکەرانەی وەک سیمبولی یادگاری (میمۆریاڵ) دروست کراون. بە ڕای من ڕاست نییە بڵێین ڕژێمەکەی حافز ئەسەد تۆتالیتاری یان نیمچە تۆتالیتارییە. من وام پێ باشترە بڵێم سیستمێکی دیکتاتۆریی سەربازییە. 

مەکیە: پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ڕژێمەکەی ئەسەد تۆتالیتارییە؟

ساغیە: من پێم وایە زیاتر سیستمێکی دیکتاتۆریی سەربازییە. ئەگەر لە سروشتی ئەو سیستمانە وردبینەوە دەبینین کە لە توانایاندایە لەیەک کاتدا لە ڕابردوو، لە ئێستا و لە داهاتووش بدەن: ئەوانە لە ڕێگەی سیستمە جێگیرەکەیانەوە گورز لە ئێستا دەوەشێنن، لێدانیشیان لە ڕابردوو پەیوەستە بە ساختەکردن و شێواندنی مێژووەوە، وەکچۆن کێشەگەلێکی ئەوتۆشت لە ئایندەدا بۆ قوتدەکەنەوە کە سەخت دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزیتەوە. بۆ نموونە بەشار ئەسەد: گەر ئیش لەسەر کرانەوەی سیاسی و لیبراڵی و دیموکراتی بکات ئەوا دەوڵەت لاواز دەکات، گەر هەمان ڕێچکەی باوکیشی بگرێت وڵات پڕ کێشمەکێشتر و لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە لاواز دەبێت. چارەسەر نییە. بۆ نموونە بڕوانە عێراق، بە سەدامەوە کارەسات بوو، بەبێ سەدامیش هەر کارەساتە، لەناو کۆمەڵگەکەدا بڕێکی زۆر ناکۆکی و کینەگەلێک نەشونمایان کردووە کە زۆر سەخت و دژوارن.. 

گۆڕانکاری پێویستی بە خەندە و پێکەنینە هاوشانی بێت، چونکە گۆڕانکاری خۆی کردارێکە دەمبەخەندە و گەشبین

مەکیە: کە دێینە سەر مەسەلەی گەشبینی ـ دیارە ئەم بابەتی گەشبینییەش بۆ خۆی گفتۆگۆیەکی درێژی نێوانمانەـ ئایا ناکرێت بە ڕۆیشتنی ئەسەد و سەدام لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە، یان دەروازەیەکی نوێ بکەینەوە. بە ڕای من لەسەر ئاستە بابەتییەکە ئەمە یەکەمین بەربەستە، ڕاستە بارودۆخەکە تەواو ڕماوە و شێواو، بەڵام ئەگەری گۆڕانکاری و وەڵامدانەوەشی هەمیشە هەر نێگەتیڤ نییە، واتە بەو مانایە نییە کە بڵێیت دەبێت باجەکە بەم شێوەیە یاخود بەو جۆرە بدرێت.

ساغیە: بەڵام گۆڕانکارییش پێویستی بە خەندە و پێکەنینە هاوشانی بێت، چونکە گۆڕانکاری خۆی کردارێکە دەمبەخەندە و گەشبین. هەمو شۆڕشەکان بەڵێن و مژدە بە میللەتان دەدەن، لە کاتێکدا رزگاربوون لە دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزم بەرەو کۆکردنەوەی تەرمەکانمان دەبات، واتە گۆڕان بە ئازار و تاڵییەوە، لە خراپترین حاڵەتیشدا دەڵێیت: خەڵک کەمتر دەمرێت…

مەکیە: وەک دەزانیت زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی سوریا سوننەن کە لەنێویاندا بڕێکی زۆر فەندەمێنتالیست هەن، ئایا دوای سی ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی سیستمێکی نیمچە تۆتالیتێر، سەرکردایەتیەکی سونیی ئەڵتەرناتیڤ نییە بۆ ئەو بارودۆخە؟ ئایا هەر عەلەوییەکان لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە؟

ساغیە: ئەم جۆرە جەنگە ناوخۆییانە نە پێویستی بە بڕوایە نە بە سەرکردایەتی. بە دیوێکی دیکەدا، کۆمەڵگە پێویستی بە سازدان و مۆبێلایزکردنە، هەر بۆیە ئەو لایەنەی هەڵدەستێت بە پرۆسەی مۆبێلیزەکردنێکی خێرا بەسەر هەمو شتێکدا زاڵ دەبێت. بە درێژایی سی ساڵ حافز ئەسەد توانی سوریا لەبەریەک هەڵبوەشێنێت تا هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدا بێت. 

مەکیە: لە عێراق زیاتر؟

ساغیە: لە عێراق زیاتر نا، چونکە فۆرمی سوریا جیایە لە فۆرمی عێراقی، لە سوریادا سەرکوتکردن کەمترە، بەڵام کۆنترۆڵکردنی مەرجەع تیایدا زیاترە. حافز ئەسەد دەستی بەسەر هەموو ئەو مەرجەعانەدا گرت کە بە شێوەیەکی تەقلیدی سوننی، عەرەبخواز و یەکخواز بوون و دەیانویست فەڵەستین ئازاد بکەن، بەمەش بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزتری خوڵقاند. لە کاتێکدا مەسەلەی عەرەبخوازیی لە عێراقدا بە شێوەیەکی تەقلیدی سونییانە بووە و پەیوەست بووە بە دەوڵەتەوە. 

مەکیە: بەو مانایەی کە ڕژێمەکە سەرکەوتوو نەبووە لەوەی بە شێوەیەکی سەراپاگیر خۆی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.

ساغیە: لە کاتێکدا شیعە (بە تایبەتی لە ڕێگەی نەجەفەوە) مەرجەعی تایبەت بە خۆیان بەرهەم هێناوە،   لێرەدا جیاوازیان لە کەلامی سوننە تەواو ئاشکرایە. بەڵام عەلەوییەکان لە سوریا سوننیەکان وەک ئەو کەسانە پیشان دەدەن کە هەستی عەرەبایەتی خۆیان لەدەستداوە. 

مەکیە: خۆ سەدام حسێنیش لەسەر هەمان مەسەلە ئیشی کردووە، سیمبول و ئیکۆنە تایبەتەکانی شیعەی هێنا و لە سیاسەتەکانیدا بەکاری هێنان.

ساغیە: بەڵام ئەم مەسەلەیە لە عێراقدا مۆرکێکی سیاسی کاڵتری هەبوو بە بەراورد بەوەی کە لە سوریا دەبینرا، واتە کەڵکەڵەی عەرەبخوازیی و عەرەبچێتی شیعی بەمانای عەرەبخوازییەکە کە لە دەوڵەتی مۆدێرن و سیستمەکەی ڕزگاری بووە، عەرەبچێتی بن و بنەچەیە، بارگاوی بە شەرەف و سەربەرزی و ئاکار، تێكەڵ بە خوێنی عەرەبی. ئەم شتانە لای شیعە هەن، لە کاتێکدا لای سوننە نین. بە مانایەکی دی، عەرەبچێتی سوننە سیاسییکراوە، بەو مانایەی کە شیعی وا خۆی بەسەر سوننیدا با دەدات کە لەو عەرەبترە، وەکچۆن سوننی بە پیسبوو بە خوێنی تورکی دەزانێت، لە کاتێکدا کە سوننی کار لەسەر یەکێتی (یەکێتی عەرەبی) لە سیاسەتدا دەکات، شیعی ئەو یەکگرتن و یەکێتییەی بۆ گرنگ نییە. بەڵام سەدام توانی مەرجەعەکانی شیعە لەبەریەک هەڵوەشێنێت و ئەوەی خۆی بەدڵیەتی بیبات. ئەو دەیویست بڵێت ئێوە بنچینەی ڕەسەنی عەرەبن، دە وەرنە ناو ماشێنی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەوە. سەردەمانێک ئەمە لە بەعسدا ئیشی دەکرد، بەپێی قسەکانی “حەنا بەتاتۆ”ش، هێزی حیزبی بەعس لە سەرەتاکانیدا لەنێو شیعەکاندا هیچی کەمتر نەبوو لە هێزی لەنێو سوننییەکاندا. 

blank
کەنعان مەکیە (١٩٤٩-) نووسەر و ڕۆشنبیری عێراقی

مەکیە: بە ڕای من حەنا بەتاتۆ لەم وەسفە مێژوییەیدا زیادەڕۆیی کردووە..

ساغیە: بەڵام کە بەعسییەکان گواستیانەوە بۆ قۆناغی میلیتاریزەکردن “بەسەربازیکردن”. ئیدی کێش و قورسایی سوننەکان زیاتر بو لە شیعەکان. دیارە دەزانیت ناوەکانی وەک (فؤاد الركابي، طالب الشبيب، حازم جواد، سەعدون حماد و هاني الفكيكي) کە لە سەرکردە سەرەکییەکانی حیزبی بەعس بوون هەموویان شیعە بوون. بە گشتی پرسیارەکە لای من ئەوەیە کە چۆن دەکرێت لە تۆتالیتاریزم لەسەر ئاستی کولتوور و هونەر شانبەشانی هەموو ئەو فۆرمانەی لە کولتووری خۆماڵیدا هەن، بکۆڵینەوە. کە وا دەڵێم ماڵی ئەسەد و ماڵی تکریتیم لە خەیاڵدایە.

مەکیە: جارێ با مۆدێرنە بخەینە ئەولاوە، سیستمی تۆتالیتاریی سادە و ساکارە لە پێکهاتەکەیدا و زۆر ئاڵۆز نییە، وەکچۆن پێویستیشی بەو میکانیزمە ئاڵۆزە نییە کە سۆشیال دیموکرات کاری لەسەر دەکات. سیستمی تۆتالیتێر بۆئەوەی ئیش بکات پێویستی بە سەفسەتەگەری و گەمەی شێوێنەر نییە. نە هیتلەر و نە ستالینیش سۆفیست نەبوون، واتە تۆتالیتاریزم لە سروشتێکی ناوەکییەوە دروست دەبێت کە هەیە و پێویستی بە تیۆریزەکردنێکی ناوەکیی ئاڵۆز نییە.

ساغیە: بەڵام پێویستی بە ڕێککەوتنە لەسەر وەرگرتنی هەندێک سیمای مۆدێرنە، واتە بە تەنها زیندانەکان و ئەشکەنجەدان نا، بەڵکو بایەخدان بە بناغەی حیزب و سیستمی فێرکاری و .. هتد.

مەکیە: ئەمە لە سوریا و عێراقدا جێی بایەخ نەبووە. خێزان ناکۆک نەبووە لەگەڵ ئەو جۆرە شتانەدا، ئەمەش دۆخێکی گرنگە و دەبێت وریای بین. بۆ نموونە فەرمانڕەوایەتی سەدام لەیەک کاتدا هەم خێزانی بووە و هەم ناخێزانیش! ئەو لەناو خێزانەکەی خۆیشیدا سەرکوت و داپڵۆسینی کردووە و کەسانی لەدەرەوەی خێزانەکەیەوە هێناوەتە ناوەوە. بەڵام لە ساڵانی کۆتایی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا زیاتر پشتی بە خێزان بەستووە. ئەوەی کە لێرەدا گرنگە ئەو ڕاستییەیە کە ڕژێمی عێراقی بەر لە هەڵگیرساندنی جەنگەکانی، واتە بەر لە ١٩٨٥، لە قۆناغی تۆتالیتاریزمێکی پەتی و ڕووتدا بووە، دیارە ئەم قۆناغەش زۆر گرنگ بووە چونکە تێیدا دەزگای ئاسایش کۆنترۆڵی سوپا دەکات. لە سیستمی تۆتالیتێردا پۆلیس و هەواڵگریی کۆنترۆڵی سوپا و دەزگاکانی تر دەکەن، ئەمەش لە عێراقدا هەبووە. من خۆم لە کتێبی “کۆماری ترس”دا ئەو دۆخەم بە ژمارە هەڵسەنگاندووە، هەروەها قسەم لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن ئەو دەمە دەسەڵات پراکتیزەکراوە لە کاتێکدا هێشتا سەدام کوڕەکانی مناڵ بوون و لە دیمەنە سیاسییەکاندا دەرنەکەوتون، واتە ئەو دەمە فەرمانڕەوایەتییەکە خێزانی نەبووە.   

ساغیە: ئاه، بێگومان. بە دڵنیاییەوە، هەر سیستمێکی تۆتالیتێر یان تەنانەت دیکتاتۆریی سەربازیی سنوورەکانی فەرمانڕەوایەتی خێزان تێدەپەڕێنێت. بەڵام شتێکی تیۆری زۆر گرنگیش هەیە. لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا تۆتالیتاریزم ئەفسانەی خێزان لەناو کۆمەڵگەدا دادەهێنێت، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئێمەدا خێزان هەیە، خێڵ هەیە، هەر بۆیە هیچ بیرکردنەوەیەکی ڕاسیستییانە یان بیرکردنەوە لێی بوونی نییە، چونکە لە بنەڕەتدا خێڵ هەیە.

لە خۆرئاوا چەمکی خێڵیان وەرگرتووە و خستویانەتە نێو ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەوە. لە خۆرهەڵاتیشدا و سەرباری بوونی خێڵ تێیدا، هەمان شت ڕوویداوە، بەڵام جودا لەوەی کە لە سیستمە تۆتالیتارییە خۆرئاواییەکاندا پشتی پێبەستراوە

مەکیە: هەست دەکەم باش لە قسەکانت ناگەم، تۆ تیۆریزە بۆ شتێکی تر دەکەیت.

ساغیە: من باس لە شێوەیەکی تایبەتمەندی تۆتالیتاریزم دەکەم لەو کۆمەڵگانەدا کە ئەوروپی نین، بەتایبەتی مەبەستمە بڵێم لێرەدا “هانا ئارێنت” سوودمان پێناگەیەنێت و هیچ کەرەستەیەکی دەوڵەمەندی ئەوتۆمان سەبارەت بەم حاڵەتە خێڵەکییە پێشکەش ناکات.

مەکیە: هانا ئارێنت وا سەیری وشەی خێڵایەتی کردووە کە بردویەتیە ناو چەمکی نەتەوایەتییەوە. لە خۆرئاوا چەمکی خێڵیان وەرگرتووە و خستویانەتە نێو ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمەوە. لە خۆرهەڵاتیشدا و سەرباری بوونی خێڵ تێیدا، هەمان شت ڕوویداوە، بەڵام جودا لەوەی کە لە سیستمە تۆتالیتارییە خۆرئاواییەکاندا پشتی پێبەستراوە. لێرەدا نابێت ئەو جیاوازیەت لەبیر بچێت کە لەنێوانی خێڵی مەزهەبی و ئەو خێڵەدا هەیە کە ئارێنت باسی کردووە. لە حاڵەتی هیندیدا بۆ نموونە ڕقی خێڵێک لە خێڵێکی دی بوونی جیاوازی ئەوی دی ڕەتناکاتەوە.

ساغیە: لە ئەوروپادا خێڵ ئەوەندەی حاڵەتێکی زەینییە، ئەوەندە ڕیاڵ و واقیعی نییە، واتە گەڕانەوەیەکی ڕۆحییانەیە بۆ خێڵ، یا گۆڕینیەتی بۆ ئایدیایەک وەک ئاماژەیەک بۆ بەر لە مۆدێرنە.

مەکیە: خۆی ئەمە کێشە مەترسیدارەکەیە، لەنێوان خێڵ لە سەدەی نۆزدەیەم و خێڵی ئەمڕۆدا هیچ پەیوەندییەک نییە. دیاردە نوێکە لە خۆرئاوادا پشت بەو ئامرازانەی پەیوەندیکردن دەبەستێت کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا نەبوون.

ساغیە: بە ڕای من لای ئێمە دۆخەکە جیاوازە و بە شێوەیەکی ترە. چونکە ئێمە ئەم خێڵە نوێیەی کە هەمانە دەیبەستینەوە بەو خێڵەی بەر لە ٨٠٠ ساڵ هەبووە، لە کاتێکدا هیتلەر دەیبەستەوە بە ئامرازی پڕوپاگەندەوە. دیارە لە حاڵەتی هەر یەکە لە ڕژێمەکانی حافز ئەسەد و سەدام حسێنیشدا بە بەراورد لەگەڵ دۆخە زەینییەکەی هیتلەر، مامەڵەکردن لەگەڵ هۆز و خێڵدا واقیعیتر بووە.

مەکیە: بەڵام لە یادیشت نەچێت کە هۆز و خێڵ لە تۆتالیتێرە عەرەبییەکاندا خێڵی عەرەبیین.

ساغیە: لەسەر ئاستی گوتار، هەرگیز هیتلەر وەک “برایان” لەگەڵ جەماوەرەکەی نادوێت، بەڵکو وەک “هاوڕێیان”، لە کاتێکدا لای ئێمە وەک برایان لەگەڵ جەماوەر دەدوێن. ئێمە پێویستمان بە کۆششێکی زۆر نییە بۆ ئەوەی بونیادە قوڵەکانی خەیاڵدان جۆش بدەین و ببزوێنین، لە کاتێکدا هیتلەر پێویستی بە کۆشش و ماندووبوونێکی زۆر بوو بۆ جوڵاندن و شڵەقاندنی ئەو گۆمە مەنگە. بەڵام لەوەش گرنگتر ئەو ڕاستییەیە کە دەشێت حیزب لە ئەڵمانیا زۆر مۆدێرنتر بێت وەک لەلای ئێمە، چونکە ئاستەکانی مۆدێرنە لە حیزبی نازییدا زۆر زۆر زیاترە لە ئاستەکانی مۆدێرنە لەلای حیزبەکانی ئێمە، بە هەمان شێوەش بۆ بەکارهێنانی ئامرازی مۆدێرن لەناو حیزبی مۆدێرندا.

بزاوتە ئایینییەکان کە ئێستا گۆڕاون و وەک جاران نەماون، ئەمێستا لە فۆرمێکی دیکە و بە ڕەنگێکی ترەوەن، جارێک بە ناوی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و جارێک بە ناوی ئایینەوە، ئەمانە فۆرمی دیکەی نوێی خێڵەکین.

مەکیە: ئەوەیان پەیوەندی بە گەشەی پیشەسازییەوە هەیە لای ئەوان..

ساغیە: ئەوەش زۆر گرنگە..

مەکیە: لای من مەترسی تێزەکەی تۆ ئەوەیە کە پێت وایە ئەو سیستمە خێڵەکییە مەزهەبیەی لای ئێمە هەیە گۆڕانی بەسەردا نایەت، لە کاتێکدا من پێم وایە دەگۆڕێت، وەک بزاوتە ئایینییەکان کە ئێستا گۆڕاون و وەک جاران نەماون، ئەمێستا لە فۆرمێکی دیکە و بە ڕەنگێکی ترەوەن، جارێک بە ناوی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و جارێک بە ناوی ئایینەوە، ئەمانە فۆرمی دیکەی نوێی خێڵەکین.

ساغیە: من ناڵێم کۆنن، بەڵکو توانای گەڕانەوەیان بۆ کۆن هەیە. با دیاردەی پەیکەرەکان بە نموونە بهێنینەوە، دیارە بە تەنها مەبەستم لە پەیکەرە مادییەکان نییە، بەڵکو پەیکەرەکان وەک دۆخێکی زەیینی. لە جیهانی عەرەبیدا حیزب زۆر بە ئاسانی دەستی بە پەیکەرە کۆنەکان دەگات. چونکە کۆمەڵگەکان لە کۆندا دەژین (تا ئێستاش موتەنەبی لەسەر ئاستی هونەری هەر وەک خۆیەتی). دیارە ئەم دیاردەیە لە خۆرئاوادا نەماوە، ئەڵمانیاش بە فۆرمی مۆدێرنتر و ڕێکخراوتر گوزارشتی لە تۆتالیتاریزمەکەی کردووە.

مەکیە: دەتوانیت پێم بڵێیت ئەو شتانە چین کە بە بەراورد بە سیستمە تۆتالیتێرەکانی خۆرئاوا لە دیاردەی سیستمە تۆتالیتێرە عەرەبییەکاندا ناگۆڕێن؟

ساغیە:  هەمو شتێک دەگۆڕێت، بەڵام ڕێگەی داخراویش هەن کە هەندێکجار دەگەنە قۆناغێک کە بەری دەکەوێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و دیسانەوە بەردەوام دەبێتەوە. دیارە ئەم چیرۆکە لە دۆخی ئەوروپیدا جیاوازە، چونکە خۆی لە ئاوێنەکەی خۆیدا دەبینێت، لە کاتێکدا ئێمە خۆمان لە ئاوێنەی ئەوروپی و ئاوێنەی کۆندا دەبینین، چیرۆکەکە تەواو ئاڵۆز و پێکداچووە.

مەکیە: با بگەڕێینەوە بۆ سیستمە تۆتالیتارییەکانی لای خۆمان (لە سوریا و عێراق)، هەروەها ئەو خاڵە جیاوازانەی تۆ باست کردن. تۆ وتت سیستمی تۆتالیتاری لە سوریا، کۆمەڵگەی لەبەریەک هەڵوەشاندووە و بەندی هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پچڕاندووە. ئەی کەواتە چۆن ئەم سیستمە دەتوانێت ئەم پارچە لەبەریەکهەڵوەشاوانە کۆبکاتەوە، واتە یاسایەک کە هەموویان یەکبخات؟

ساغیە: با کتێبی کۆماری ترس بە نموونە بهێنینەوە، تۆ دەڵێیت سەدام حسێن گەندەڵ نییە چونکە عاشق و مەستە بە مێژوو. لێرەدا هەست دەکەم وێنەیەکی خۆرئاواییت وەرگرتووە، چونکە هیتلەر و ستالینیش شەیدا و عاشقی مێژوو بوون، مەبەستم لەوەیە کە تۆ لایەنە تایفی و خۆماڵییەکەی بابەتەکەت فەرامۆش کردووە و بە تەنها پشتت بە کۆپی سیستمە تۆتالیتێرە مۆدێرنەکان بەستووە.

مەکیە: ئەمەی  تۆ دەیڵێیت لەسەر ئاستە ئاکارییەکە ڕاستە، بەڵام لەسەر ئاستی زیرەکی…

ساغیە: جیاوازی من و تۆ لەوەدایە کە تۆ بە تەنها کار لەسەر مۆدێرنە دەکەیت، تۆ پێت وایە تۆتالیتاریزم کۆمەڵگە دەگونجێنێت، کە ئەمەش دیسان کاریگەری مۆدێرنەی خۆرئاواییە، بەڵام کۆمەڵگەش تۆتالیتاریزم دەگونجێنێت. هیتلەر کێشەی خێزان و مەزهەبی نەبووە، کێشە ئایینییەکانی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانتیش لە ئەڵمانیادا چارەسەر کرابوون، لە کاتێکدا کێشەکە لە عێراقدا تەواو جیاوازە و تایفەگەری و مەزهەبگەری لە هەموو شتێکەوە هەڵدەقوڵێن و نائاگایانە و بە زیاد لە شێوەیەک کاریگەریان لەسەر هەموو شتێک هەیە. لەژێر ئەم کاریگەرییە نائاگاییەشدا ڕژێمەکە زیاتر مەیلی بەلای پشتبەستن بە پەیوەندییە خێزانییەکانە، بەڵگەش بۆ ئەمە پتەویی دەزگای برایەتی و ئامۆزایەتییە، لە کاتێکدا ئەمە لە ئەڵمانیادا نەماوە.

blank
حازم ساغیە (١٩٥١- ) نووسەر و ڕەخنەگری لوبنانی

مەکیە: تکایە لەم تەڵەزگەیە دەرمبهێنە، ئەگەر سەدام و دڵڕەقییەکەی لەو ماوە درێژەی فەرمانڕەوایەتیدا و بە هەموو ئەو جەنگانەوە کە عێراقی پێدا ڕۆیشتووە نەیتوانیبێت کۆمەڵگە لە خێڵەکی و مەزهەبگەری دەربهێنێت، ئەی چی بکەین باشە؟

ساغیە: کێشەکە لەوەدایە کە ئێمە نازانین برا و ئامۆزاکانی هیتلەر و ستالین کێن، لە کاتێکدا تۆتالیتاریزم لەلای ئێمە تەواو پشتی بە برا و ئامۆزا بەستووە.

مەکیە: بەڵام ستالینیش پشتی بە جۆرجییەکان بەستبوو..

ساغیە: ڕاستە پشتی بە جۆرجییەکان بەستبوو، بەڵام وەک خێزان نا، بەڵکو وەک هەموو بزووتنەوەی جۆرجی. دیارە سەدامیش هەرگیز لە تکریتی نەداوە، چونکە لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەکی تکریتی نەبووە، بە پێچەوانە تکریتیبوون گەشە و نەشونمای کردووە، لەگەڵ سەدامدا شتێک بە ناوی تکریتییەوە گەشەی کرد. من خۆم پێشتر و بەر لە سەدام وشەی تکریتیم نەبیستبوو، ئەگەرچی ئەو خۆی ناوی خێزانە بچوکەکانی هەڵگرتووە.

مەکیە: ئەوەیان سەپێنراوە بەسەر سەدامدا، گوایە ئەو بە بنەچە تکریتییە…

ساغیە: بەڵام ستالین سەرباری پشتبەستنی بە کۆمەکی جۆرجییەکان، لەهەر شتێکی داوە کە بۆنی بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی جۆرجی لێهاتبێت…

مەکیە: بەڵام جیاوازییەک هەیە لە دۆخی عێراقیدا و بە تایبەیش لە ترۆپکی سیستمی تۆتالیتاریی بەعسیدا، چونکە پاش جەنگی دووەمی کەنداو تۆتالیتاریزمی بەعسی تێکشکا، من ئەمەم لە پێشەکی چاپە نوێیەکەی کۆماری ترسدا نووسیوە، تێڕوانینی من وا بوو کە ئەو ڕژێمەی لە کۆماری ترسدا باسم کردووە بەسەرچوو، گۆڕا و نەما. ئەو ڕژێمەی بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆداڕێژراو خەڵکی دەکوشت، کەوتە بڕینی دەست و گوێی خەڵکی و مۆرلێدان و کوتینی نێوچەوان و سەریان. ئەو سیستمە تەواو لاواز بوو، هەر بۆیە پەنای دەبردە بەر ئەو جۆرە لە سزادان. ئاشکرایە کە تۆتالیتاریزم لاواز بوو، هەروەها گۆڕا بۆ شتێکی تەواو جیاواز. دیارە ئەم گۆڕانە دەرەنجامی شۆڕش یان شتێکی لەو جۆرە نەبوو، بەڵکو زادەی ئەو گۆڕانکارییانە بو کە بەهۆی جەنگی دووەمی کەنداوەوە بەسەر وڵاتەکەدا هاتن. سێیەکی وڵات “کوردستان” کەوتە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانەوە، کۆنترۆڵیش بەسەر باشووردا وەک جاران نەما. بە مانایەکی دی، ئەو کۆنترۆڵە ڕەهایە بەسەر وڵاتدا نەما و ڕژێمەکە وەک سیستمی فەرمانڕەوایەتی ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانی یەکەمی لێهات.

ساغیە: لێرەدا فۆرمێکی دیکە لە جیاکاریکردن لەنێوان سیستمە تۆتالیتێرە خۆرئاواییەکان و ئەو تۆتالیتێرانەی دیکە سەر هەڵدەدات کە خۆرئاوایی نین. تۆتالیتاریزمی خۆرئاوایی سەر هەڵدەدات، دەدۆڕێت،  دەڕمێت و هیچ خاڵێکی نییە بۆی بگەڕێتەوە. ئەگەر کاتی خۆی گریمانەی ڕووخانی ستالینیزممان بکردایە، ئەوا شیاو نەبوو ستالین داوای کۆمەک لە جۆرجییەکان بکات، ناشزانین ئایا هیتلەر بەر لە ڕووخانی پەنای بۆ یارمەتی و کۆمەکی کەس بردووە.

لە ئەوروپا بە چاویلکەی دەوڵەت دەڕوانرێتە تۆتالیتاریزم، واتە دەوڵەت یەکسانە بە کۆمەڵگە و بەسەر ئەویشدا زاڵ دەبێت، بەڵام لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا لەلایەکەوە دەوڵەتمان هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە نزیکەکان

مەکیە: لەمەیاندا هاوڕاتم..

ساغیە: هیتلەر پشتی بە پلەوپایەیەکی خێزانی یا پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی نەبەستووە، لە کاتێکدا تۆتالیتاریزمی عەرەبی، یان گەر وردتر قسە بکەین نیمچە تۆتالیتاری، لەسەر دوو هێڵ ئیش دەکات: لەلایەکەوە گەشە بە کەڵکەڵە و تەندێنسی ناوخۆیی و خۆماڵی دەدات، لەلایەکی دیکەشەوە دەست بەسەر تەواوی وڵاتدا دەگرێت. لە سوریا لازقییە و دراوسێ ڕیفییەکەی دەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا سوریایەکی تۆتالیتێر بونیات دەنێت. گەشە بە ڕەگەزەکانی لایەنگیری خۆماڵی دەدات کە ئەوەش بنەما سەرەکییەکەیە، بۆئەوەی گەر ئەزمونە تۆتالیتێرەکە لە سەنتەردا ڕووخا، لەملاوە لازقییە و تکریتی هەبێت، بنەمایەکی هەبێت کە بۆی دەگەڕێتەوە. ئەم ئاڕاستەیە لای هەر یەکە لە حافز ئەسەد و سەدام حسێنیش هەبووە.     

مەکیە: لەمەیاندا لەگەڵتدا نیم، چونکە داڕمانی سیستمی تۆتالیتاری بە سروشتی خۆی داڕمانێکی تەواو و یەکجارەکییە.

ساغیە: لە ئەوروپا بە چاویلکەی دەوڵەت دەڕوانرێتە تۆتالیتاریزم، واتە دەوڵەت یەکسانە بە کۆمەڵگە و بەسەر ئەویشدا زاڵ دەبێت، بەڵام لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا لەلایەکەوە دەوڵەتمان هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە نزیکەکان. لە سوریا و عێراق فەرمانڕەوا تۆتالیتێرە، بەڵام لەبەر هۆیەک کە گەمارۆ دەدرێت، ڕادەکاتە ناوچەکەی خۆی و گەمەی نزیکایەتی و خزمخزمێنە دەکات، کە بەمەش کێشەیەکی گەورە هەم لە یاسای دەوڵەتدا و هەم لە هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆدا دەخوڵقێنێت. دیارە ئەمە لای هیتلەر وا نەبووە. هیتلەر بۆ کوێ بچوایە، بۆ نەمسا؟ ئەو خۆی لە بنەڕەتدا کەسێکی بێڕیشە و هەڵکەنراو بووە. ئەی ستالین، بچوایە بۆ جۆرجیا؟ بەڵام سەدام و ئەسەد دەچن بۆ تکریت و لازقییە، لەوێ بونیادیان هەیە، لەوێ تایفە و ناوچەی جوگرافی تایبەت بە خۆیان هەیە.

مەکیە: ئایا ئەمە مانای وایە هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام ئەوەشت لەیاد نەچێت کە یەکێتی سۆڤێت هێدی هێدی گۆڕا و یەکسەر وەک ئەڵمانیا دانەڕما، لەنێوان مێژقوی داڕمانەکە ١٩٨٩ و نێوانی ماوە کلاسیکییەکەی تۆتالیتاریزم چەند دەیەیەکی خایاند، وەکچۆن داڕوخانێکی بەردەوامیش هەبوو لەگەڵ کرانەوەیەکی لە سەرخۆ و سادە. بە ڕای من هەمان شت لە سوریاش شیاو بوو، بەڵام عێراق شتێکی دیکەیە.