ئازادیی ڕادەربرێن

وەرگێڕانی: ساماڵ ئەحمەدی

ئازادیی ڕادەربڕین یەکێک لە پەژراوترین بنەماکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمی نوێیە. سێ هۆ کە بۆ هێنانە گۆڕی ئازادیی ڕادەبڕین زۆر وەپیش دەخرێن بریتین لەوەی کە ئازادیی ڕادەربرێن: ١) بنەمای سەرەکیی گەڕان بەدوای ڕاستیدایە؛ ٢) یەکێکە لە تخمە بنچینیەییەکانی دێموکراسی و، ٣) یەکێکە لەو ئازادییانەی کە لە دیدی بەڕێزی و بەختەوەریی مرۆڤەوە چۆنایەتییەکی دیاریکەری هەیە.

ئەوانەی بەرگری لە ئازادیی ڕادەبڕین دەکەن هەردەم ئەو خاڵە وەبیر دێننەوە کە ڕێدان بە پشکنینی وتە و نووسراوە لە لایەن حکوومەتەکانەوە مەترسیدارە. سەرباری ئەوەش، بە گشتی هاوڕاییەک لەسەر ئەوە هەیە کە ڕادەربڕینیش دەبێ سنووری خۆی هەبێت. زۆربەی ئەو مشتومڕەی کە ئێستا دەربارەی ڕادەبڕین دەکرێت لەسەر ئەو سنوورەیە. کەسانێک سرنجیان خستووەتە سەر ئەو پرسەی کە هەرخۆی ”ڕادەربڕین” چییە و، خەڵکی دیکەش لەوەی ورد دەبنەوە کە بڵێی ”ڕادەربڕین” چ خەسار و زیانەیلێکی لێ بکەوێتەوە.

لە باسوخواسی ئەم بابەتەدا واتایەکی باوی کە لە وشەی ”ڕادەبڕین” هەڵدەوێنجرێت لە بەرانبەر تۆرەی وشەکەدا لە لایەکەوە داوێنێکی بەرینی هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە داوێنەکەی بەرتەسکترە. لە لایەکەوە هەم وتە و هەم نووسراو وە خۆی دەگرێت و لەوانەیە دەربڕینی بەدەر لە گوتن وەکو وێنە و هێما و جووڵەش بگرێتەوە و، لە لایەکی دیکەشەوە، بەشێک لە شێوەکانی دەربڕین دەکەونە دەرەوەی کەوشەنی ڕێپێدراو، وەکو سوێندی بەدرۆ و وەرگرتنی باجی دەمچەوتی کە سەرباری ئەوەی لەوانەشدا ڕادەربڕین لەکار هاتووە، بەڵام قانوون ڕێیان پێ نادات.

ئەو بەشەی ”ئازادی” کە لێرەدا مەبەستە، ئازادیی ”قانوونی”یە، واتا نەبوونی بەربەستی قانوونی بۆ ڕادەبڕین. بەڵام بەشەکانی دیکەی ئازادییش لەوانەیە بێنە نێو باسەکەوە، وەکو ئازادی لەهەمبەر گوشارە کۆمەڵایەتییەکان، یان هەڕەشە ئابوورییەکاندا.

بابەتی ئازادیی ”ڕادەبڕین” لەوانەیە لە بواری سیاسەتی بڵاوکراوەکانی زانستگەدا بۆ بڵاوکردنەوە، یان بڵاونەکردنەوەی بەشێک لە وتارەکان، یان سیاسەتی کتێبخانەکان سەبارەت بە کڕین، یان نەکڕینی بەشێک لە کتێبەکان و بڵاوکراوەکانیش بێتە ئاراوە. هەروەها ئەو بابەتەش لە گۆڕێیە کە ئاخۆ خەڵک بەڕاستی دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدرێت بۆچوون و بیرکردنەوەی خۆیان دەربارەی نایەکسانییە ئابوورییەکان لە ڕێی ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانەوە، یان لە باسە سیاسییەکاندا دەرببڕن، یان نا.

ئازادیی ڕادەبڕین بە جۆرە ”ماف”ێک دادەنرێت، هەر بۆیە پێگەیەکی ئەخلاقی و سیاسیی بژاردەی هەیە و یەکێکە لە تخمە پەژراو و پێوانەکانی بەشی مافەکانی نەتەوە لە دەستوور (قانوونی بنەڕەتی) و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤدا. وەکو باوە مافی ڕادەربڕین بە هی ئەو کەسانە دادەنرێت کە دەخوازن شتێک بێژن، یان بنووسن، بەڵام لەوانەیە بۆ کەسانێکیش داوای ئەو مافە بکرێت کە دەخوازن شتێک ببیستن، یان بخوێننەوە، جا گرینگایەتیی ئەم مافەش لە هی ڕادەربڕین کەمتر نییە.

شیکاران جاری وایە هەوڵ دەدەن بە شرۆڤە و شیتەڵکردنی چەمکەکانی ”ئازادی” و ”ڕادەربڕین” واتای ئازادیی ڕادەربڕین دیاری بکەن؛ بەڵام لە دیدی فەلسەفییەوە واتای ماف لە پاساودان و سەلماندنەکەی هاوێر ناکرێت. ئێمە کاتێک دەتوانین دیاریی بکەین کە مافی ئازادیی ڕادەربڕین کام بەشانەی ڕادەبڕین بگرێتەوە و چ جۆرە ئازادیگەلێک مسۆگەر بکات و دەبێ چ پێگەیەک بە پێگەی ئازادی دابنرێت، کە بزانین ئازادی بۆچی گرینگە. 

گوتمان سێ هۆ بۆ هێنانە گۆڕی ئازادیی ڕادەبڕین زۆر وەپیش دەخرێن:

١.گەڕان بەدوای ڕاستیدا: ئازادیی ڕادەربڕینیان زیاتر بە کەرەستەیەکی دۆزینەوەی ڕاستی داناوە و بەرگرییان لێ کردووە. گوتوویانە ئەگەر مەبەست پێشڤەچوونی درک و تێگەیشتن و زانین بێت، ئەوە خەڵک دەبێ لە ڕادەربڕین و باس و ڕەخنەگرتن سەبارەت بە بیروڕاکان و زانیارییەکان ئازاد بن، چونکە ڕاستی تەنیا لە گۆڕەپانی ئازاد و ئاشکرای گۆڕینەوە و دانوستانی بیروڕادا دەرفەتی ئەوپەڕی خۆدەرخستنی بۆ دەڕەخسێت. لەوانەیە بڵێین پاش ئاشکرابوونی ڕاستی ئیدی ئازادیی ڕادەربڕین کەلکی نامێنێت و دەبێ وەلا بنرێت، بەڵام بەهەڵەداچوون لە باوەڕەکانمانداهەمیشە یەکێک لە هۆیەکانی بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین بووە.

لەوانە بیر بکەینەوە کە ڕێ لە سەرهەڵدانی بیرێکی ناڕاست و درۆینە دەگرین، کەچی مێژوو نیشانی داوە کە زۆر جار بەهەڵە ڕاستی بە ناڕاستی دانراوە و ناڕاستی جێی ڕاستیی گرتووەتەوە. بێجگە لەوە، هەروەکو جۆن ستیوارت میڵ هۆکاری بۆ هێناوەتەوە، تەنانەت ئەگەر باوەڕێک ڕاستیش بێت هەتاکو ئەوکاتە دەتوانین باوەڕی پێ بکەین کە بتوانێت لە کاتی دەهەڵمەتگرتناندا (خستنە چاڵنجەوە) بە سەربڵندی دەرباز بێت و، تەنانەت ئەگەر باوەڕێکی ڕاستیش لە دەهەڵمەتگرتن دوور بخرێتەوە، دەبێتە بیروشکییەکی دۆگماتیکی مردوو.

ئەمە بەرگرییەکی بەهێزە، بەڵام ڕێی چەند ڕەخنەیەکی تێ دەچێت. یەکەم ئەوەی کە بەرگریکەران ئازادیی ڕادەربڕینیان تا ئەو جێیە بەلاوە بەهادارە کە بە بەهای ڕاستیی دەزانن. هەڵبەت هەمووان ئەوە دەسەلمێنین کە زانین باشترە لە نەزانین و ڕاستی بەپێزترە لە ناڕاستی؛ بەڵام جاری وایە لەوانەیە بەهۆی ڕەچاوکردنی پێداویستیی دیکەی وەکو ئاسایشی گشتی و دڵنیابوون، زانین و ڕاستی لەگەڵ یەکدی بکەونە ناکۆکییەوە. کەسانێک بەگومانن لەوەی کە دەبێ ڕاستی هەمیشە بەهای زاڵ بێت.

دووەمیش ئەوەی کە بەرگریکەران باوەڕیان وایە کە ئازادیی ڕادەربڕین بەڕاستی یارمەتیی پێشکەوتنی تێگەیشتن و ڕاستی دەدات. بەڵام کەسانێکیش هەن کە پێیان وایە ئەم باوەڕە لەڕادەبەدەر خۆشبینانەیە و بەگومانن لەوەی کە خەڵکی ئاسایی لە ڕاستیدا بتوانن ڕاستی لە ناڕاستی هەڵاوێرن و پێشگوتنی ناهۆشپەسند لە هۆکارهێنانەوەی ژیربێژانە جودا بکەنەوە. بەڵام لە هەڵسەنگاندنی ئەم ڕەخنەیەدا دەبێ دەرووی جێگرەوە لەبەرچاو بگرین. پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئاخۆ ڕاستی هەمیشە لە ئەنجامی وێککەوتنیباوەڕەکان و بۆچوونەکان وەدیار دەکەوێت، بگرە دەمانەوێت بزانین سانسۆری حکوومت زیاتر سوودی پێ دەگەیەنێت، یان وتووێژی ئازاد و بەبێ وەتەنگهێنان.

سێیەم ئەوەی کە بەشێک لە شێوەکانی ڕادەربڕین، وەکو جۆرەکانی هونەر، سەروکاریان لەگەڵ ڕاستی نییە و، لەبەر ئەمە، وەکو کەرەستەی گەڕان بەدوای ڕاستیدا لە بەستێنی ئەو بەرگریکەرانەدا ناگونجێت؛ بەڵام سەرباری ئەوەش، لایەنی چاکەیان تێدا هەیە، وەکو ”داهێنان” کە دەشێ بڵێین جێی ڕاستی دەگرێتەوە و بەرگریکردن لەسەر بنەمای دەرهاویشتە پەسندەکانی دۆزینەوەی ڕاستی، ئەویش لە خۆیەوە دەپێچێت.

٢. دێموکراسی: هزری بنچینەیی لە دێموکراسیدا حکوومەتی خەڵکە بەسەر خەڵکدا، ئەم بابەتەش بەدی نایەت ئەگەر خەڵک نەتوانن بۆچوونی خۆیان بۆ یەکدی بخەنە ڕوو. بڕیاردان بە شێوەی دێموکراتیک هەم پێویستی بە باس و مشتومڕ هەیە و هەمیش بە دەنگدان؛ بەرتەسککردنەوەی ڕەوتی ڕاوێژ و پێکەوەدووان، تایبەتمەندییە دێموکراتیکەکەیشی بە هەمان ڕێژە بەرتەسک دەکاتەوە. بێجگە لەمە، دێموکراسی دەخوازێت کە هیچ کەسێک بێجگە لە خودی خەڵک ڕێی پێ نەدرێت ئازادیی باس و وتووێژی نێوان خەڵک سنووردار بکات. دێموکراسی لەوپەڕی خۆیدا بەو واتایە دێت کە هەرکەسێک شوێنکەوتەی بڕیارەکانی دێموکراسییە مافی ئەوەی هەیە لە ڕەوتە پێوەندیدارەکانیدا بەشدار بێت، کەواتە دەبێ مافی یەکسانی ئازادیی ڕادەربڕینی پێ ببڕێت.

دێموکراسیی سەردەمی نوێ لە ڕێی نوێنەرانی خەڵکەوە، واتا بە شێوەی ناڕەستەوخۆ، لەکار دەکرێت. بەگوێرەی ئەم بابەتە، ئازادیی ڕادەربڕین لەو لایەنەشەوە گرینگە کە دەسەڵاتداران لە باوەڕ و خواستەکانی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆیان هایدار بن بۆ ئەوەی هەم دژبەران دەرفەتی خۆنواندیان بۆ بڕەخسێت و هەمیش ڕێ لە وەرگرتنی کەلکی ئاوەژوو لە حکوومەت بگیرێت. تەنانەت پێویستە بگوترێت کە بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین وەکو کەرەستەیکی ڕێگری لە وەرگرتنی کەلکی ئاوەژوو لە دەسەڵات شیاوی گشتگیرییە بەسەر بانتر لە سنوورەکانی حکوومەتی دێموکراتیکیشدا.

جاری وایە بیر لەوە دەکرێتەوە کە دێموکراسی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین پەناگەیەکی پارێزراو نییە. وای دابنێن کە زۆرینە بخوازێت دەنگی کەمینە کپ بکات. ئاخۆ دێموکراسی ڕێی ئەوەی پێ دراوە کە ئازادیی ڕادەبڕێن لە کەمینە زەوت بکات؟ وەڵامەکە پێوەندیی بەوەوە هەیە کە باسی چ جۆرە ڕادەربڕینێک لە گۆڕێیە. چونکە لە دێموکراسیدا هەموو خەڵک دەبێ مافی سیاسیی یەکسانیان هەبێت، دێموکراسی ناتوانێت پاساو بۆ ئەوە بێنێتەوە کە زۆرینە مافی دێموکراتیکی بەشێک لە تاکەکانی خەڵک، لەوانە مافی دێموکراتیکی ئازادیی ڕادەربڕین سنووردار، یان زەوت بکات. بەڵام ڕادەربڕینی شیاوی بەرگریکردن بە پشتبەستن بە دێموکراسی لەو جۆرە ڕادەربڕینەدا سنووردار دەکرێت کە لە دیدی هاوبەشی لە پرۆسەی دێموکراسیدا بە بنەما دادەنرێت و ئەمە هەموو جۆرە ڕادەربڕینێک ناگرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت بەرگری لە مافی زانستمەندان بۆ بەگومانبوون لە بۆچوونی نەریتیی هاوکارەکانیان بکەین، بە پشتبەستن بە پێداویستییە لەپێشینەکانی هاوبەشیی دێموکراتیک ناتوانین بە شێلگیرانەترین شێوە بەرگری لەو مافە بکەین، چونکە بە ئاسانی و بەبێ ئەزموون ناکرێ بڵێین چ جۆرە ڕادەربڕینێک پێوەندی بە پرۆسەی دێموکراسییەوە پەیدا دەکات، یان نایکات.

ئازادیی ڕادەربڕین یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی وایە کە دامەزراوەکانی و باوەڕەکانی و بایەخەکانی دەرفەتێک بۆ تاک دەڕەخسێنن کە خۆی ژیانی خۆی ڕێک بخات و دەست بۆ هەڵبژاردنی هۆشپەسندانە بەرێت و لە بەرزترین واتای مرۆڤانەشدا بەختەوەری بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

٣. ئازادیی تاکەکەسی: ئازادیی ڕادەربڕین زۆر جار وەکو یەکێک لە پایەکانی ئازادیی تاکەکەسی دەنرخێندرێت، نەک هەروەکو یەکێک لە کەرەستەکانی گەیشتن بە ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان، یان یەکێک لەو دامەزراوانەی کە بە دیاریکراوی بە سیاسی دادەندرێن. جاری وایە شکۆ و کەسایەتیی تاکەکەسێک جێی تێڕامانە. دەگوترێت ئەگەر پێش لە کەسانێک بگیرێت بۆ ئەوەی نەتوانن ڕا و بۆچوونی خۆیان بە دیتران ڕابگەیەنن، ئەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر ئەو شکۆ و پێگەیەی کە مافی ئەو کەسانەیە. هەروەها ئەگەر ڕێی ئەوەیان لێ بگیرێت کە زانیارییان پێ بگات و ئەنجامی سەربەخۆ لە ڕای خەڵکی تر هەڵوێنجن، ئەوەش لەگەڵ کەسایەتی و شکۆی ئەوان یەک ناگرێتەوە. جاری وایە لەجیاتی ”مافی” ڕادەربڕین پێداگری لەسەر ”چاکی”ی ڕادەربڕین دەکرێت. ئیدیعای ئەوە کراوە کە پێوەندیی ئازاد لەنێوان مرۆڤەکاندا بنەمای پەروەردە و گەشە و کردەکیبوونی تواناییی مرۆڤە. ئازادیی ڕادەربڕین یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی وایە کە دامەزراوەکانی و باوەڕەکانی و بایەخەکانی دەرفەتێک بۆ تاک دەڕەخسێنن کە خۆی ژیانی خۆی ڕێک بخات و دەست بۆ هەڵبژاردنی هۆشپەسندانە بەرێت و لە بەرزترین واتای مرۆڤانەشدا بەختەوەری بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

لەم سەردەمی حازرییەدا تەوەرەی مشتومڕ دەربارەی ئازادیی ڕادەربڕین سنوورەکەیەتی؛ باسی سنوورەکەیشی دوو شت دەگرێتەوە: یەکیان ئەو پاناییەی ڕادەربڕین دەیگرێتەوە و، دووەمیان ئەو خەسارانەی لەوانەیە لە ڕادەربڕین بکەونەوە.

ئەوەی بەلای بەشێک لە خەڵکەوە ڕادەربڕینە و دەخوازن پارێزگاری لێ بکرێت، بەلای کەسانێکی دیکەوە بە هیچ  واتایەکی باوەڕپێکراو بە ڕادەربڕین دانانرێت. بۆ نموونە، ئەوانەی ویستوویانە نمایشتی وێنەگەلی پۆرنۆگرافی لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندا بگونجێنن ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنەیە بوونەتەوە کە ئەو کارە نە نێوەرۆکێکی پێوەندیدەری هەیە و نە بە هیچ واتایەکی هۆشپەسندانەش بە ڕادەربڕین هەژمار دەکرێت. بێجگە لەمەش، بەشێک لەو شتانەی کە لەوانەیە بە شێوەی باو لەنێو خەڵکدا بە ڕادەربڕین دابندرێن ڕەنگە ئەو مەرجانەیان تێدا دەست نەکەوێت کە بەناوی ڕادەبڕین لەلایەن قانوونەوە پشتگیرییان لێ دەکرێت. یەکێک لەو نموونانەی کە ئەم چەمکە وەڕاست دەگێڕێت ڕیکلامی بازرگانییە. لە بەرانبەریشدا، کۆمەڵێک کردەوە و جووڵەی وەکو سووتاندنی ئاڵا، یان دوورین و چەسپاندنی کۆمەڵێک ئاڕم و نیشان بە جلوبەرگەوە، هەرچەندە وەکو باوە لە واتاکانی ڕادەربڕین هەژمار ناکرێن، بەڵام لەوانەیە بەهۆی تایبەتمەندییە پێوەندیدەرانەکەیانەوە لە پرەنسیپی ئازادیی ڕادەربڕیندا جێ بگرن. کەواتە سەلماندنی ئازادیی ڕادەبڕین لەو دیدەوە کە دەبێ چ شتێک بە ڕادەربڕین دابنرێت کۆمەڵێک دەرهاویشتەی هەیە کە تاکو ڕادەیەک سنووری ئازادی دیاری دەکەن.

دووەم، ڕادەبڕین لەبەر ئەوەی کە زۆر جار زیانبارە و خەسارەتی لێ دەکەوێتەوە، سنووری بۆ دادەنرێت. جاری وایە دەڵێن ڕادەربڕین لەبەر ئەوەی دەربڕینە و کردەوە نییە، کەواتە ناتوانێت زیانبار بێت و خەسارەتی لێ بکەوێتەوە. بەڵام ئەم ئیدیعایە بەڕوونی دیارە کە ڕاست نییە. ئابڕووبردن، زیان بە ئابڕووی تاکەکان دەگەیەنێت و ئەو زیانەش دەبێتە هۆیەک بۆ ئەوەی ڕادەربڕینێکی تۆمەت و بوختانی تێدا بێت ڕێی پێ نەدرێت، هەڵبەت بەو مەرجەی کە ئەوەی گوتراوە نە ڕاست بێت و نە بۆچوونێکی دادپەروەرانەش بێت. ڕادەربڕینێکی کە سنووری تایبەتی تاکەکانیش ببەزێنێت هەر ڕێی لێ دەگیرێت ئەگەر بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی گشتیی تێدا بەستە نەبێت. لێرەدا تەنانەت ”ڕاستی”ش بە پاساوێکی پەسند دانانرێت، چونکە کۆمەڵێک کاروبار هەن کە لە بنەڕەتەوە هەموو خەڵک مافی ئەوەیان نییە سەری لێ دەر بکەن. چەوتوێژی و پۆرنۆگرافی و هاندانی توندوتیژی و وتەی وا کە ڕق هەستێنێت، بەتایبەت ڕق و قینی ڕەگەزی و نەتەوەیی، لەبەر ئەوەی کە دەڵێن خەساریان لێ دەکەوێتەوە، پتر بە ناقانوونی لەقەڵەم دەدرێن.

دەبێ مافی قانوونیی ڕادەربڕین لە مافە ئەخلاقییەکەی بەرینتر بێت

باسی زیانباریی ڕادەربڕین لەسەر چوار تەوەرە دەسووڕێتەوە. یەکیان ئەو بابەتە ئەزموونییەیە کە فڵانە شێوەدەربڕینەی وا ئیدیعا دەکرێت زیانبارە، ئاخۆ لە ڕاستیدا خەسارەتی لێ دەکەوێتەوە، یان نا؟ دووەمیان ئەوەی کە ئاخۆ ئەو زیانەی ئیدیعا کراوە لە ڕاستیدا زیانە، یان نا؟ ئاخۆ ئەو وتارەی کە خەڵک هان دەدات فڵانە ڕێژیمی سیاسی بڕووخێنن، یان فڵانە قانوونی تایبەت هەڵوەشێننەوە، بە وتەکانی خۆی زیانێکی گەیاندووە؟ وەڵامەکەی ئێمە بە ئاشکرا پێوەندیی بە هەڵسەنگاندنی ئەو ڕێژیمە، یان ئەو قانوونە لەلایەن خۆمانەوە هەیە. سێیەمیان، با وای دانێین کە دەیسەلمێنین فڵانە بابەت خەساری لێ دەکەوێتەوە، ئاخۆ ئەو خەسارە بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین کیفایەتە؟ ئاخۆ کەسێکی کە هەر لەبەر ئەوەی بە وتەکانی خۆی هەستی بەشێک لە خەڵک دەڕەنجێنێت، مافی ئەوەمان هەیە نەهێڵین قسە بکات؟ بەگوێرەی پرەنسیپی ئازادیی ڕادەربڕین دەبێ خەسارەتەکە زۆر زۆر بێت تا مافێکی وا بە خۆمان ڕەوا ببینین. چوارەمیان، بابەتی وا دێتە پێشەوە کە لەوانەیە بەبێ ئەوەی مەبەستمان سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین بێت، وای بەباش بزانین کە جارێ ڕادەی سەرێتییەکەی (ئەولەویەتەکەی) کەم بکەینەوە.

دیاریکردنی هێڵی سنووری ئازادیی ڕادەربڕین بەکردەوە کارێکی دژوارە و، پێویست نییە سنوورە ئەخلاقییەکانی ڕادەربڕین لەگەڵ سنوورە قانوونییەکانی بەقەدەر یەک بن، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێ لە کەلکوەگرتنی ئاوەژوو لە دەسەڵات بگیرێت، دەبێ مافی قانوونیی ڕادەربڕین لە مافە ئەخلاقییەکەی بەرینتر بێت. لەوانەیە بەگوێرەی ئەخلاق، دەربڕینی کۆمەڵێک بابەت ڕێپێدراو نەبن، بەڵام بەپێی قانوون شیاوی ئەوە بن کە مۆڵەتی دەربڕینیان پێ بدرێت.

————————-‌

١-‌ پیتر جۆنس، مامۆستای فەلسەفەی سیاسی لە زانستگەی نیوکاسڵی ئینگلستان.

٢-‌ سەرچاوەی ئەم وتارە: کتێبی (فلسفە و جامعە و سیاست، مجموعە مقالە، گزیدە و نوشتە و ترجمە عزت‌اللە فولادوند، چاپ اول پاییز ١٣٨٧، تهران، نشر ماهی.)