دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند

"ڕێبین هەردی" لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن

سازدانی: ڕۆزا شێخانی، بەرهەم ئەحمەد؛ ژنەفتن

پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیر “ڕێبین هەردی” وەک کەسێکی سەرەکیی ناو گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند.

ڕێبین ئەحمەد هەردی (١٩٦٦- ) نووسەر و ڕؤشنبیری کورد

ژنەفتن: ڕەهەند چۆن سەری هەڵدا؟ ئایا ئیوە پیتان وایە ئەو قوناغە میژووییە وەک پێویستییەکی مێژوویی ڕەهەندی هێنایە ئاراوە؟ یاخود ئەمە پلانیكی توكمەی پیشوەختە داڕیژراوی ئەو گروپە بوو؟ گەر پلانیکی توکمەی ڕۆشنبیریی بووە، ئێوە وەک کەسی سەرەکیی “ڕەهەند” باسی ئەو پلانەمان بۆ بکەن؟

هەردی: من لەو کەسانەم بروام بەوە هەیە هیچ دیاردە و شتێک ڕووی نەداوە و ڕوو نادات گەر هۆکاری مێژوویی-کۆمەڵایەتی لەپشتەوە نەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕوام بە بیرۆکەی ناچاری و زەروورییەت و ئەم جۆرە مانایانە نییە. واتە دەکرێت هەموو هۆ و ئامراز و کەرەستەکانی ڕوودانی شتێک ئامادەبن و بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕوو نەدەن و بە پێچەوانەوە هەمیشە ئیرادەی مرۆڤەکان دەوری حساب بۆ نەکراو و چاوەرواننەکراوی لە بەرهەمهێنان یان نەهێنانی ڕووداو و دیاردەکاندا هەیە.

سەرەتا باسی مێژووی دروستبوونی ڕەهەند بکەم:

ڕەهەند دەرئەنجامی یەکگرتنی دوو گۆڤار و هەندێک کەسایەتی بوو کە پێشتر بە جیا کاریان دەکرد. لە سەرەتای ڕاپەڕیندا گۆڤاری “ئازادی” دەرچوو کە هاوڕێیان “بەختیار عەلی، مەریوان وریا قانع، ڕێبوار سێوەیلی، فاروق ڕەفیق و لاوک ساڵح” دەستەی نووسەرانی بوون و خۆشم لە ژمارەی سێی ئەو گۆڤارەوە بووم بە دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە. کاک “ئاراس فەتاح” گەرچی وەک دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە کاری نەدەکرد، بەڵام هەوڵی ئەو بۆ پەیداکردنی کۆمەک بۆ گۆڤارەکە یەکجار بەرچاو بوو. کاک ئاراس فەتاح گۆڤارەکەی بە چەندان ڕێکخراوی مەدەنیی ئەڵمانی ناساند کە گرنگی بە کاری ڕۆشنبیری دەدەن و ئەو ڕێکخراوانەش هاریکارییان کردین بۆ ئەوەی گۆڤارەکە بەردەوام بێت. گۆڤارەکە پێنج ژمارەی لێ دەرچوو… بەڵام پاشتر بە هۆی کۆچی زوربەی هاوڕێیان بۆ دەرەوەی وڵات و مانەوەی تەنیا من لە وڵاتدا گۆڤارەکە وەستا. لە دەرەوەش گۆڤاری “یەکگرتن” دەردەچوو کە هاوڕێیان کاک “هەڵکەوت عەبدوڵڵا” و چەند هاوڕێیەکی دی دەیانبرد بەڕێوە. لەوێ بڕیار درا هەوڵی هەردوو گۆڤارەکە لەگەڵ چەند نووسەرێکی دی یەکبخرێت و گۆڤارێکی تازە دەربچێت کە دواتر ناونرا “ڕەهەند”.

بەڵام بۆ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی دروستبوونی ئەم گۆڤارە بزانین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی کۆنتر و بە تایبەتی بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. هەست دەکەم یەکەم و سەرەکی ترین هۆکاری دروستبوونی ڕەهەند پەیوەندیی بە دەوڵەمەندبوونی کتێبجانەکانەوە هەیە. بە هۆی فێربوونی زمانی عەرەبی و تەنانەت فارسی، بەشێکی زۆر لە خوێندەوارانی ئێمە دەستیان بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کتێبخانە گەیشت کە لە بەردەست نەوەی پێشوودا نەبوو. پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی بەغدا یەکێک بوو لەو ناوەندە گرنگانەی کە خوێندەوارانی ئێمە لە ڕێگەیەوە دەستیان بە سەدان سەرچاوەی خوێندنەوە گەیشت کە پێشتر نەزانراو بوون. پیشانگاکە دەرفەتێکی زێرین بوو بۆ ناسینی دەیان سەرچاوەی فیکریی سیاسی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی تازە کە دەوڕێکی گەوەرەی لە فراوانبوونی ئاسۆی ڕوانینی خوێنەرەکاندا هەبوو. پرۆسەیەکی وەرگێڕان لە کتێبجانە عەرەبییەکاندا دەستی پێ کردبوو کە بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئاشنابوون بە چەندان تیۆرەی فیکری و فەلسەفی و دەروونزانی کە زانیاریی لەبارەیانەوە یەکجار کەم و دەگمەن بوو. بۆ نموونە خودی خۆم یەکەمجار لە ڕێگەی ئەم پیشانگایەوە ‘فرۆید’م ناسی و لە ڕێگەی وەرگێرانەکەی ‘جۆرج ترابیشی’یەوە بە بۆچوون و تێزەکانی ئەم بیریارە ئاشنا بووم. لە ڕێگەی خوێندزانانی تونس و مەغریبەوە هاوڕێیان دەستیان بە هەندێک سەرچاوەی دەگمەنی کتێبخانەکانی ئەوێ گەیشت کە گرنگی بە بیریاران وەک میشیل فوکۆ و ڕۆلان بارت و ئاڵتۆسێر و چەندانی تر دەدا کە پێشتر هیچ لەبارەیانەوە نەدەزانرا. ئێستاش لە کتێبخانەکەی مندا زۆرێک لە وەرگێڕانی ئەو بیریارانە بە کۆپیکردن لە بەردەستمە کە کاک مەریوانی وریا قانع و کاک بەختیار عەلی لە ڕێگەی خوێندزانە تونسی و مەغریبیەکانەوە دەستیان کەوتبوو و منیش لە دوای ڕاپەڕینەوە لە ڕێگەی ئەوانەوە بە دەستم گەیشت. ئەمە جگە لە ئاشنابوون بە کتێبخانەی فارسی کە ئەویش سەرچاوەی گەورە و دەگمەنی خستە بەردەست خوێنەرانی ئەو سەردەمە. گەر ئەمە بەراورد بکەیت بەو کتێبخانەیەی پێشتر لە بەردەست نەوەی پێشوودا بوو، بۆت دەردەکەوێت کە جیاوازییەکە چەند گەورە و بەرفراوانە.

خاڵێکی دی کە دەکرێت باسی بکەین ئەوەیە نەوەی پێشوو نەوەی شۆڕشی سیاسی و بەرگریکردن بوو لە مافەکانی کوردستان و ئەمەش ئەولەویەتی بیرکردنەوەیانی داگیر کردبوو. لە بەردەم ڕژێمێکدا کە جینۆسایدی دەکرد و لە هەوڵی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەییدا بوو، خەمی سەرەکیی ئەو نەوەیە بوو بە پاڕێزگاریکردن لە کولتوور و زمانی نەتەوە.  ئەو سەردەمە بەعس تەنانەت لە قوتابخانەکاندا دەستی برد بۆ گۆڕینی هەندێک مادەی خوێندنی وەک جوگرافیا و مێژوو بە زمانی عەرەبی. ئەم دۆخە ترسی ئەوەی لای هەمووان دروست کرد کە زمانی کوردی لە بەردەم ئەگەری لەناوچوون و دەستدرێژیدایە. هەر لەبەر ئەوەش خودی نووسین تەنیا بە زمانی کوردی بەبێ گوێدانە ناوەڕۆکەکەی هونەرێکی گرنگ بوو. زوربەی نووسینەکانیش لە دەوری ئەوە دەسووڕاندەوە کورد وەک گەلێک بوونی هەیە و کولتوور و مێژووی خۆی هەیە. بەشێکی زۆری کاری ئەو نەوەیە بوو بە ئەرشیفیکردنی کولتوور و نووسینی کوردی و تەنانەت بڕێکی زۆریش لە لێکۆڵینەوەکان بریتی بوو لە کۆکردنەوە و ناساندن و پاراستنی کولتووری کوردی بە مانا فراوانەکەی. گەر سەرنجی لێکۆڵینەوەکانی ئەو سەردەمە بدەیت، دەبینی زوربەیان بریتی بوون (بۆ نموونە) لە نووسینەوەی ژیاننامە و کۆکردنەوەی کارەکانی شاعیرێک و لە چ بوارێکدا نووسیوێتی.

ڕەهەند هەوڵێکی ڕۆشنبیری بوو کە دەیوست لە زیاد لە ڕوویەکەوە تەماشای دنیای تێکست و واقیعی کوردستان بکات

 کارەکانی ئەم نەوەیە یەکجار گرنگ بوو بۆ ئەرشیفیکردن و پاراستن و ناساندن و زیندووکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی ترسێکی گەورە هەبوو لەوەی لە ناو بچن. تاکە قوتابخانەیەکی فیکری کە کەمتازۆر بەکار دەهێنرا بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە چ لە واقیعی کۆمەڵایەتی و چ لە دەقی ئەدەبی، مارکسیزم بوو کە پێشتر وەک ئایدۆلۆژیایەکەی سیاسی لە لایەن بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانەوە بەرز کرابووەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم قوتابخانە فیکرییەش لە قەدەغە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە بوو، هیچ سەرچاوەیەکی ڕاستەقینە و ئاسان بۆ زیاتر ئاشنابوون پێی نەبوو. سەردەمی نەبوونی سەرچاوە بوو. ئەو شتانەی لەسەر ئەم قوتابخانەیە لە بەردەستا هەبوو، هەمووی قاچاغ بوو و گرتنیشیان لەهەر ماڵێکدا، خاوەنەکەی تووشی زیندانی و گرتن و ئەشکەنجەی دەکرد. لە یادمان بێت لە وڵاتێکی دراوسێماندا شاعیرێکی گەورە بە ناوی ‘گولسورخی’یەوە بە هۆی گرتنی کتێبێکی مارکس لە ماڵەکەیدا زیندانی کرا و دواتر لە سێدارە درا. لەو سەردەمەدا کتێبەکانی مارکس و قوتابخانەکەی لە ترسناکترین ئەو شتانە بوون کە دەشێت کەسێک هەیبێت. ئەم دۆخە سیاسییە وای کردبوو، زانیاری لەبارەی ئەم قوتابخانەیەوە کەم و دەگمەن بن و ژمارەیەکی یەکجار کەم دەستی پێ بگات. ئەوەی لە بەردەستا بوو زۆرتر بەشە سیاسییەکەی فیکری مارکس و ئایدۆلۆژیای مارکسی بوو بە شێوەیەکی تاڕادەیەک ڕووکەشیانە. بەڵام هەشتاکان لەگەڵ گۆڕینی خەریتەی کتێبخانە و دەستگەیشتن بە سەرچاوەی جیاواز و ئاشنابوونی خوێنەرانی ئێمە بە دنیایەکی فیکریی جیاواز لە مارکسییەت یان سەر بەو بیرانەی مارکس کە ڕێگەپێدراو بوون، وەک بیریارانی قوتابخانەی فرانکفۆرت و بە تایبەت هربرت مارکویزە، ئاسۆی بینین و ڕوانینی بەشێکی زۆر لە خوێنەرانی ئێمەی کردەوە. گەر بۆ سەرەتا و هۆکارەکانی دروستبوونی ڕەهەند بگەڕێین، بە بڕوای من دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەم هەلومەرجە. زوربەی نووسەرانی ڕەهەند بە هۆی دەستگەیشتنیان بەم سەرچاوەنە و خوێندنەوەیان، زەخیرەیەکی ڕۆشنبیریی جیاواز لە نەوەی پێشوویان هەبوو. ئەمەش وای کردبوو لە نووسین و لێکۆڵینەوەکانیاندا بە چاوێکی دیکەوە شتەکان ببینن و بخوێننەوە. لە ڕاستیشدا ئەوەی ئەم نووسەرانەی کۆکردەوە هەر ئەم خاڵە بوو. ئەوەی کە بە چاوێکی جیاواز لە نەوەی پێشوو و لە ڕوانگەی قوتابخانەی فیکریی جیاوازەوە تەماشای هەم جیهانی واقیع بکەیت و هەمیش جیهانی ناو ئەدەب.

گلەییەکی زۆرمان لە نەوەکانی پێشوو هەبوو کە کەمتەرخەمییەکی زۆریان لەم بوارەدا کردووە. ئەگەرچی کە هەنووکە تەماشای ئەو کاتە دەکەم هەست دەکەم ئەو گلەییانەی ئێمە زۆر ورد نەبوون و گەلێک هۆکار هەبوون کە دەستیان لەم فەقیرییەدا هەبوو، کەمترینیان تەمەڵی فیکری بوو.

ژنەفتن: ڕەهەند لای ئێوە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری، سیاسی بوو، ياخود ړەوتيك يان پرۆژەیەکی ڕۆشنگەرییە لە قوناغيكي دياريكراودا؟ خۆتان ناوى لێ دەنین چی؟ بۆ؟

هەردی: هەوڵێکی ڕۆشنبیری بوو کە دەیوست لە زیاد لە ڕوویەکەوە تەماشای دنیای تێکست و واقیعی کوردستان بکات و خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەو شتانە بکات کە جێگەی گرنگیدانی بوون. هەوڵێک بوو بۆ خوێندنەوەی واقیع و دیاردەکانی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی ئەو تیۆرە و قوتابخانە فیکرییانەی نووسەرەکانی کەمتازۆر شارەزای بوون. خۆ ڕزگارکردنیش بوو لەو جۆرە لێکۆڵینەوەیەی کە بە تەنیا دیدێکی سیاسییەوە تەماشای واقیع و تێکستی ئەدەبی دەکات. ئەوەی نووسەرانی ئەم هەوڵەی بەیەکەوە دەبەستەوە کۆمەڵێک پڕەنسیپی ڕۆشنبیری بوون نەک سیاسی. ئەوەی ئەو نووسەرانەی کۆ دەکردەوە عەشقیان بوو بۆ خوێندنەوە و کتێب. بیرکردنەوە و خوێندنەوەی دنیا بە جۆری جیاواز و هەوڵدان بۆ دۆزینەوە ئەو نەزانراوانەی هەست بە بوونیان ناکرێت.

هەستێکی هاوبەش لەناو هەمووماندا هەبوو کە کۆمەڵگای ئێمە کەمترین کاری لەبارەوە کراوە. زۆر ڕووبەری دنیای ئەدەبی و کولتووری و سیاسیی ئێمە لە تاریکیدایە و شتێکی ئەوتۆی لەبارەیەوە نەگوتراوە. تەنانەت مارکسییەکانی کوردستان کە تاکە قوتابخانەیەکی فیکریی ئامادەبوون، کەمتەرخەمییەکی زۆریان لە لێکۆڵینەوە و باسکردنی کۆمەڵگای کوردیدا هەبوو. ‘دکتور عیزەدین مستەفا’ لەو کەم کەسانە بوو کە لانیکەم بە دیدێکی مارکسییانە هەندێک قۆناغی ئەدەبی خوێندبووەوە و شیکاری بۆ کردبوو، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی شتێکی گرنگیان بۆ گوتن هەبوو، لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین. تەنانەت شیکاریی مارکسییانە بۆ چینەکانی کوردستان و کێشەکانیان ون بوو. لەم فەقیرییە ڕۆشنبیرییەدا بوو کە ڕەهەند دروست بوو. نەوەیەک کە هەستێکی گەورەمان بەرامبەر بەم فەقیرییە ڕۆشنبیرییە هەبوو و لە هەوڵی ئەوەدا بووین شتێکی جیاواز بکەین. گلەییەکی زۆرمان لە نەوەکانی پێشوو هەبوو کە کەمتەرخەمییەکی زۆریان لەم بوارەدا کردووە. ئەگەرچی کە هەنووکە تەماشای ئەو کاتە دەکەم هەست دەکەم ئەو گلەییانەی ئێمە زۆر ورد نەبوون و گەلێک هۆکار هەبوون کە دەستیان لەم فەقیرییەدا هەبوو، کەمترینیان تەمەڵی فیکری بوو.

مەبەستمان لە ڕەخنە بریتی بوو لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە واقیع یان تێکست و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەشە شاراوەکانی و میکانیزمەکانی کارکردنی و خەسڵەتەکانی دیاردەکە

ژنەفتن: ئایا گوتاری سیاسییانەی ڕەهەند بەرپرسیارانە بوو لە ماوەی کارکردنیدا؟ بە تایبەت ئەو سەردەمە کە شەڕی ناوخۆ هەبوو؟

هەردی: ڕاستییەکەی ئەوەیە ئێمە هیچ گوتارێکی سیاسیی هاوبەشمان نەبوو و بیریشم نایەت بۆ جارێکیش باسی ئەوەمان کردبێت گوتاری سیاسیمان دەبێت چی بێت و چی نەبێت. چونکە لە بنەڕەتدا خۆمان بە هەڵگری دیدێکی سیاسیی هاوبەش نەدەزانی و ئەمەش ئەو خاڵە نەبوو کە کۆی کردبووینەوە. ڕەنگە تاکە چەمکێک کە کۆی کردبووینەوە چەمکی ڕەخنە بێت. بە گشتی هەمووان پێمان وابوو دەبێت دیدێکی ڕەخنەییمان بۆ دنیای دەوروبەری خۆمان هەبێت و بە چاوێکی ڕەخنەییەوە تەماشای دنیای تێکست و واقیع بکەین. لێرەدا دەبێت یەکسەر ئەوە زیاد بکەم مەبەست لە ڕەخنە ئەو پۆلێنکردنە سادەیە نەبوو کە بڵێین ئەم شت خراپە و ئەمە باشە. ڕەخنە لایەنگری نەبوو بۆ لایەک دژی لایەک… بەڵکو مەبەستمان لە ڕەخنە بریتی بوو لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە واقیع یان تێکست و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بەشە شاراوەکانی و میکانیزمەکانی کارکردنی و خەسڵەتەکانی دیاردەکە. هەر با باسی ئەو نموونەیە بکەم کە ئێوە هێناتانەوە: شەڕی ناوخۆ.

 شەڕی ناوخۆ بوو بە یەکێک لەو دیاردانەی کە سەرنجی ڕاکێشاین و هەریەکەمان لە دیدێکەوە باسی ئەم شەڕەمان کرد. پرسیارەکە لە بەردەم ئێمەدا ئەوە نەبوو کە شەڕەکە خەتای کێیە و کێ تیایدا تاوانبارە.. بۆ باسکردنیشی نەگەڕاینەوە بۆ هیچ بەیانێکی سیاسی و بۆ هیچ ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی، بەڵکوو هەریەکەمان هەوڵماندا بچینە دەرەوەی ئەو گوتارە سیاسییەی تاوانبار دەکات و هۆکارەکانی پشت شەڕەکە بخوێنینەوە و تەفسیری بکەین. بۆ نووسینەکانی دیشمان هەر وابوو. لەبەر ئەوە هەست دەکەم لەو دۆخەدا یەکجار بەرپرسیارانە ڕەفتارمان کرد و خۆمان لە زمانی تاوانبارکردن و بریندارکردن بە دوور گرت و لە بری ئەوە لەسەر ڕووداوەکە قسەمان کرد و هەریەکەمان لە ڕوویەکەوە باسی لایەنە شاراوەکانی ئەو شەڕەی کرد. بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیری چییە، جگە لە پابەندبوون بە ڕێساکانی بوارەکەیەوە و ڕاستگۆ بوون لەگەڵ خۆی و خوێنەرەکانیدا. ئێمە هەرگیز بۆچوون و ڕوانینەکانی خۆمان لە خوێنەرەکانمان نەشاردەوە و هیچ شتێکیش نەبوو وامان لێ بکات ئەوە نەڵێین کە دەبوو بیڵێین. لە ڕاستیشدا هچ شتێکی شاراوەشمان نەبوو، ئەوەی لە دانیشتنە تایبەتییەکانی خۆماندا دەمانگووت، هەمان شتیشمان لەسەر پەڕەی کاغەز و شاشەی تیڤی دەگووت. بەرپرسیارانە ڕەفتار کردن: ئاشکرابوون و ڕاشکاوی قسەکردنە. ئێمە هەرگیز نە لەبەر خاتری کەس شتمان نووسی و نە لەبەر خاتری کەسیش لە شتێک پەشیمان بووینەوە. بۆچوون و قسەکانی خۆمان دەنووسی و دەکرد بێ ئەوەی بیرمان لای ئەوە بێت قسە و نووسینەکان کێ دڵخۆش یان ناخۆش دەکات. پێم وایە بەرپرسیارێتیی ئێمە ئەم شتانە بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر پابەندبووین پێوەی.


ژنەفتن: ئایا “ڕەهەند” لە لايەن لایەنێک یان کەسایەتییەکی سیاسییەوە پشتگیری مادی کراوە؟ ئەگەر نەکراوە چون چاپکراوەکانتان چاپ دەکرد، لە کاتیکدا ئەو ڕوژگارە ژیان و داهاتی کەسەکان زور سەخت بوو.

هەردی: ڕاستت بوێت گەلێک لایەن و کەسایەتی سیاسی (بە نیەتیێکی باشەوە) دەیانویست هاوکاری گۆڤارەکە بکەن، بەڵام ئێمە لەبەر ئەو دۆخە سیاسییە پڕ ناکۆکییەی لە کوردستاندا هەبوو، بە سوپاس و پێزانینەوە ڕەدمان کردەوە. بۆ ئێمە ئەوە زۆر گرنگ بوو کە سەربەخۆیی خۆمان لەو دۆخە سیاسییەی کوردستاندا بپارێزین و وەک هەوڵێکی ڕۆشنبیری بمێنینەوە کە گەرچی زۆر قسە لەسەر سیاسەت دەکات و ڕەخنەی دەکات، بەڵام لایەنگری سیاسی بۆ هیچ هێزێکی سیاسی نییە. بەڵام هەرگیز لە ترسی ئەوەی پێمان نەگوترێت لایەنگری لایەکین لە وتنی ئەو شتانە نەترساین کە بڕوامان پێی بوو. قسەگەلێکمان هەبوو، دەچووە خزمەتی یەکێتی یان پارتی، بەڵام لە ترسی ئەوەی تۆمەتبارمان نەکەن بەو لایەنگیرییە قسەکانمان نەدەگێڕایەوە، ئەوەی بڕوامان پێ بوو دەمانگووت و دەمانووسی بێ ئەوەی بیرمان لای ئەوە بێت قسە و نووسینەکە خزمەت بە کێ و چی دەکات. خۆمان بە بەرپرسیار لە بەردەم خۆمان و خوێنەرەکاندا دەبینی و مەرجی ئەم بەرپرسیارێتییەش لامان ڕاستگۆیی بوو. بێگومان ئەم دۆخە گەلێک سەرئێشە و تۆمەتبارکردنی لە لایەن هێزەکانەوە بۆ دروستکردین، ڕۆژێک دەیانگوت سەر بە یەکێتی  و دەزگای زانیاریین، ڕۆژێک دەیانگووت سەر بە پارتی و پاراستنن. ڕۆژێک شیوعی بووین و ڕۆژێکی دی ئیسلامی. وابزانم تا ئێستاش ئەم جۆرە قسەکردنانە لەسەر ئەو نووسەرانەی ڕەهەند بەردەوامە کە تا ئێستاش چالاکن و دەنووسن.

تیراژی گۆڤارەکە لە باشترین حاڵەتدا لە ٢٠٠ ژمارە تێپەڕی نەدەکرد و بە پارەیەکی ڕەمزیش دەفرۆشرا، کە پارەی تێچوونەکەی نەدەهێنایەوە، ڕاستت بوێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وەستانی ڕەهەند ئەم دۆخە ئابوورییە خراپە بوو.

گۆڤارەکە بە گیرفانی برادەران لە ئەوروپا و هەندێک لە خوێنەرەکانمان بەردەوام بوو. تیراژی گۆڤارەکە لە باشترین حاڵەتدا لە ٢٠٠ ژمارە تێپەڕی نەدەکرد و بە پارەیەکی ڕەمزیش دەفرۆشرا، کە پارەی تێچوونەکەی نەدەهێنایەوە، ڕاستت بوێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وەستانی ڕەهەند ئەم دۆخە ئابوورییە خراپە بوو. هاوڕێیان جگە لەوەی ئەو هەموو کاتانەی خۆیان بەبێ بەرامبەر بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە لە گۆڤارەکەدا تەرخان دەکرد، دەبوو لە گیرفانی خۆشیان بڕێکی زۆر لە تێچوونی گۆڤارەکە بگرنە ئەستۆ. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە وەک خۆت نووسیت دۆخی ئابووری یەکجار خراپ بوو و هەموو ئەو هاوڕێیانەش دەیان ئیلتزاماتی خێزانی و کەسایەتییان لە ئەستۆ بوو کە وای کرد نەتوانین چیدی بەو شێوەیە بەردەوام بین. تۆ بیهێنە پێش چاوت هەر نووسەرێکی ڕەهەند چەند مانگێک تەرخان بکات بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە و نەک لە پاداشتیدا هیچ وەرنەگرێت، بەڵکوو دەبوو لە گیرفانی خۆشی بگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین بڵاوی بکەینەوە. بێگومان نەماندەتوانی بەو شێوەیە بەردەوام بین و ئەمەش هۆی سەرەکیی وەستانی گۆڤارەکە بوو.


ژنەفتن: ئەو گرفتانەی کە هاتوونەتە بەردەم “ڕەهەند” چ وەک کۆی پرۆژەکە و چ وەک تاکەکەسی بۆ هەر یەک لە کەسە سەرەکییەکانی نێو “ڕەهەند” چی بوون، هەر لە گرفتی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی؟

هەردی: گرفتی پلەی یەکممان دۆخی ئابووری بوو. گۆڤارەکە گیرفانی هەموومانی کز کردبوو، بە تایبەتی ئەو هاوڕێیانەی لە دەرەوە بوون. چونکە ئەرکی سەرەکیی دابینکردنی خەرجی گۆڤارەکە دەکەوتە سەرشانی ئەوان. گەیاندنەوەی گۆڤارەکەش بۆ کوردستان کێشەیەکی تر بوو. چونکە ئەو سەردەمە هێشتا ئەنتەرنێت و هۆکارەکانی پەیوەندی نەبوون و من بۆ ئەوەی گۆڤارەکەم بە مۆناتجکراوی بە دەست بگات، دەبوو چاوەڕێ بکەم هاوڕێیەک لە هەندەرانەوە بگەڕێتەوە و لەسەر فلاش دیسکێک بۆم بهێنێت. منیش هەمان شت بەرم بۆ چاپخانە و چاپی بکەین. ئەم کارە هەموو جار بە ئاسانی تێنەدەپەڕی و کێشەی تیا دروست دەبوو.

کێشەیەکی تر کە زۆر لە هاوڕێیانی لە هەندەران ماندوو دەکرد، تایپکردنەوە و هەڵەبڕی هەموو ئەو نووسیانە بوو کە بۆ گۆڤارەکە دەهات. لەبەر ئەوەی هیچ توانایەکەی مادیمان نەبوو بتوانین ئەم کارە بە یەکێک بسپێرین و پاداشتیێکی لە بری ئەو کارە پێ بدەین، هاوڕێیان بە ناچار خۆیان هەم تایپی بابەتەکانیان دەکرد و، هەم هەڵەبڕی و مونتاجیان دەکرد. هەموو ئەمانەش گرفتی گەورە بوون و کاتێکی زۆری هاوڕێیانی دەگرت.

وەکووتر لەگەڵ بڵاوبوونەی بابەتەکان کە زۆرجاریش بە کۆڕ و سیمینار لە سلێمانی پێشکەشمان دەکرد، تووشی دەیان تۆمەت و هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن لە لایەن بەشێک لە ڕاگەیاندکارەکانی حیزبە سیاسییەکانەوە دەبووینەوە. کار گەیشتە ئەوەی وەک کەسانێک ناومان بێنن کە دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستانین و بڕوامان بە هیچ نییە و هەموو شت ناشیرین دەکەین، جارێک دەیانگوت سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی نیشتمان و بێڕێزی بەرامبەر خوێنی شەهیدان دەکەن… دەیان تۆمەتی ترسناک کە سزای یاسایی هەندێکیان تا لە سێدارەدان دەڕوات!! ئەمە لە کاتێکدا ئێمە تەنیا کۆمەڵێک نووسەر بووین کە بۆچوونی خۆمان بەبێ درۆ و بە ئاشکرا دەنووسی و دەگووت. ئەمە جگە لە هەندێک لە ئیسلامییەکان کە سەرەتا زۆر بە توندی دژی نووسین و گۆڤارەکە بوون و کار گەیشتە ئەوەی لە یەکێک لە جارەکاندا و لە مزگەوتی جیهادەوە تەکفیری کاک “بەختیار عەلی”یان لەسەر نووسینێکی کرد.

بەڵام ڕاستت بوێت هەموو ئەمانە بەشێکن لە ژیانی هەموو نووسەرێک کە بیەوێت قسەیەک یان شتێک بکات کە زۆر لەگەڵ دۆخی باودا نەگونجێت. لە سەردەمی “ئەمیل زۆلا”وە ئەو دۆخە بەردەوامە کە ئەو نووسەرانەی قسە لە بواری گشتی دەکەن و ڕەخنەی جیهانی خۆیان دەکەن، تووشی چەندان هەوڵی سڕینەوە و ناوزڕاندن و تەنانەت گرتن و کوشتن ببنەوە. خۆشبەختانە لە دۆخی ئێمەدا شتەکان تەنیا لە هێرشی ڕاگەیاندندا وەستا و زۆر تەشەنەی نەسەند.


ژنەفتن:  بۆچوونی زور هەیە لەسەر ئەوەی کە ڕەهەند و گوتارەکانی ڕەهەند، گوتاری ڕاڤە و تەحلیلی هەقیقی نین و نەبوون، هەمووی سیحری ڕیتوریکە. ئیوە چی دەڵێن؟

هەردی: دەزانیت زۆرێک لە نووسینەکانی هاوڕێیانی ڕەهەند ڕووبەڕووی بێویژدانییەکی زۆر بووەوە، بە تایبەتی لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان یەک دێڕ نووسینیان لەسەر هیچ شتێک ئەم وڵاتە نییە. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری ئەم جۆرە قسانە لە لایەن ئەو کەسانەوە دەکرا و دەکرێت کە خۆیان نەک هیچ لێکۆڵینەوەیەک بەڵکوو هیچ وتارێکیشیان نییە شایستەی ئەوە بێت لە بەردەم وتووێژێکی فیکریدا خۆی بگرێت. زوربەی ئەم حوکمانەش ئەوەندە گشتگیر و بێ بنەمان کە بە ڕوونی دیارە هاندەرەکەی ڕق و بێ نرخکردنە، نەک هیچ شتێکی دی. هەست دەکەم ئەو کەسانەی وا دەڵێن لە بنەڕەتدا نووسینەکانیان نەخوێندۆتەوە و تەنیا چەند دێڕێکیان تەماشا کردووە. بە پێچەوانەوە هیچ جارێک نەبووە نووسەرانی ڕەهەند شتێک بنووسن و پشتئەستور نەبێت بە چەندان تیۆرە و سەرچاوە و لە ڕوانگەی ئەو تیۆرانەوە خوێندەوەی بۆ واقیعی کوردستان یان دنیای تێکستی ئەدەبی نەکردبێت. بڕوایەکی تەواومان بەوە هەبوو بەشێکی زۆر لە کولتووری ئێمە (بە مانا فراوانەکەی کولتوور) خوێندنەوەی بۆ نەکراوە و قسەی زۆر ماوە لەسەری بکرێت. جیهانی ئەدەبی و شیعری ئێمە هێشتا ڕووبەرێکی نەزانراوە و کاری کەمی لەسەر کراوە: مرۆڤ، خێزان، کارکردنی دین لە کۆمەڵگا، پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی و… هتد، هەموو ئەم بوارانە پێویستیان بە قسەکردن و لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە. ڕاستە لە بەشێکی نووسینی هاوڕێیاندا زمانێکی شیعری هەیە، بەس کێ و لە کوێ وتوویەتی زمانی شیعری توانای دەربڕین و کەشفکردنی نییە؟ یەکێک لە فەیلەسوفە گرنگەکانی سەدەی بیست سەرلەبەری نووسینەکانی بە زمانێکی شیعری نووسی بوو: نیتچە.

زۆرێک لە لێکۆڵینەوە و نووسینەکانی ئێمە شیکاری بوون، لە سەردەمێکیشدا ئەو کارانەمان دەکرد کە هیچ سەرژمێری و هیچ داتایەک بەردەست نەبوو، تا لێکۆڵینەوەکانی پێ دەوڵەمەند بکەین. سەرەتاکانی ڕاپەرین بوو و هێشتا هیچ دەزگایەک نەبوو بۆ نموونە سەرژمێری کوشتن، جیابوونەوەی خێزان، بێکاری، ڕێژەی ژن و پیاو، ژمارەی خوێندکاران و… هتد بخاتە بەردەست. لە نەبوونی ئەو داتایانەدا ئێمە ناچار بووین دیارەدەکان وەک چۆن دەیبینین، بخوێنینەوە و تەفسیر بکەین. بەشێکی زۆریش ناچار دەبووین بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی لە دنیای کولتووری خۆمان، بگەڕێنەوە بۆ  ئەدەب و لەوێوە هەندێک دەرئەنجام بەدەست بهێنین. هەندێک لێکۆڵینەوەی تیۆریمان لەسەر زۆر شت پێشکەش کرد کە هەست دەکەم تا ئێستاش سەرچاوەی گرنگن بۆ ناسینی زۆر چەمک و ڕێبازی فیکری.


ژنەفتن: ئایا پێتانوایە کە “ڕەهەند” کوتایی هاتووە یان هێشتا لێکەوتەکانی بەردەوامە؟ ئەگەر بەردەوامە، دەکریت باسی ئەو بەردەوامییەمان بۆ بکەیت؟ ئەگەر کۆتایی هاتووە، باسی جۆر و هۆی کوتایی هاتنەکەی بکەن؟

هەردی: گەر وەک گۆڤارێک تەماشای بکەیت کە ساڵانێک دەردەچوو و ئێستا دەرناچێت، ئەوا ڕاستە ڕەهەند کۆتایی هات. گەر مەبەستیش نووسەرەکانێتی، ئەوا ڕاست نییە و هەموو ئەو نووسەرانەی لە ڕەهەندا کاریان دەکرد تا هەنووکەش کار دەکەن و بەردەوامن لە نووسین و قسەکردن، نە وەستاون و نە کۆتاییشیان پێهاتووە. گەر مەبەستیش شێواز و ئاراستەی کارکردنی گۆڤارەکە بێت، ئەوە نەک هەر تەواو نەبووە و بەردەوام دەبێت، بەڵکو هێشتا لە سەرەتادایە: ڕەهەند چی بوو، جگە لە بانگهێشتێک بۆ کرانەوە بەسەر کولتووری دنیای دەرەوە و کرانەوەی کتێبجانەی کوردی بەسەر میتۆد و فیکر و تیۆرەی جیاوازدا. یەکێک لە خەمە سەرەکییەکانی زوربەی نووسەرانی ڕەهەند ئەوە بوو خوێنەری ئێمە بەسەر یەک قوتابخانەی فیکریدا دانەخرێت و هیچ پێشگریمانەیەکی ئایدیۆلۆژی وای لێ نەکات پێش ئەوەی بخوێنێتەوە و شارەزا بێت، باسی تیۆرە و فیکری دی بکات یان ڕەتی بداتەوە. دروشمی گۆڤارەکە سێ وتەزای سەرەکی بوو: تیۆرە، کولتوور، ڕاڤەکردن. تیۆرە بۆ خوێندنەوەی کولتوور و پێشکەشکردنی ڕاڤەکردنێک. ڕەهەند پێشنیاری نووسینێکی دەکرد کە پشتئەستور بێت بە تیۆرە. چونکە تیۆرەکان وامان لێ دەکەن جیهان بە جۆرێکی جیاوازتر ببینین لەوەی پێشتر بینیومانە، شتگەڵێکی تیا دەبینین و دەخوێنینەوە کە پێش زانینی تیۆرە هەستمان پێ نەدەکرد. لەبەر هەموو ئەمانە هەست دەکەم ڕەهەند چ وەک بانگکردنێک بۆ ئەم جۆرە ئیشکردنە و چ وەک ئەنجامدانی، بەردەوام دەبێت چ بە دەستی نووسەرانی ڕەهەند و چ بە دەستی نەوەی دوای ئەوان.


ژنەفتن: ڕەخنەیەکی واتان لەسەرە کە بەرانبەر ئەو کەسانە دەوەستانەوە کە ڕەخنەیان لێ دەگرتن و بە توندی وەڵامتان دەدانەوە؟ ئیتر ئەمە بۆ سیاسییەکان و ڕۆشنبیر و نووسەرەکانی نەوەی پێش خۆشتان و دوایی خۆشتان هەر ڕاستە. ئێوە هەم وەک کەسی سەرەکیی ڕەهەند و هەم وەک یەکێک لەو کەسانەی کە وەڵامی ڕەخنەکانتان دەدایەوە، ئێستا چۆن لەو تۆمەت و ڕەخنەیە دەڕوانی و پاساوی بۆ دەهێنیتەوە؟

هەردی: ڕاستت بوێت ئەوەی تۆ ناوی دەنێت ڕەخنە، من ئەوە ناو دەنێم سووکایەتی و تەشهیر.. کەسانێک بوون و ئێستاش هەن کە تۆمەتی بێ بنەما و بوختان و درۆت بە دەمەوە دەکەن و بێ شەرمیش ئەیڵێن. زوربەی نووسەرانی ڕەهەند ڕووبەڕووی شێواندن و بوختانی وا بوونەوە کە هیچ بنەمایەکی نە زانستی نە فیکری نەبووە و نییە. کەسانێک شتانێکیان دەخستە دەممان کە نە هەرگیز گوتوومانە و نە بڕواشمان پێ بووە. تووشی کەسانێکی دیش دەبووین کە بێ ئەوەی نووسینەکەتی خوێندبێتەوە، پێشوەخت بڕیاری لەسەر داوە و بەمەشی دەگوت ڕەخنە. ڕاستت بوێت ئەوانە ڕەخنە نەبوون تا مرۆڤ لای ئاسایی و بە بەشێک لە فەزای ڕۆشنبیری بزانێت. بەڵکوو پتر دەچوونە خانەی بوختان و سووکایەتییەوە.

کێشەیەکی دی کە ڕووبەڕوومان دەبووەوە پەیوەندی بە نەخوێندەوارییەوە هەبوو. ڕووبەڕووی کەسانێک دەبووینەوە بۆ نموونە باسی ‘فرۆید’یان دەکرد و هیچیان لەبارە نەدەزانی، ناوی ‘مارکس’یان دەهێنا و هیچیان لەبارەی فیکریەوە نەخوێندبووەوە. قسەیان لە بونیادگەری و پاش بونیادگەری دەکرد و سادەترین پێدراوەکانی ئەم ڕوانینانەی نەدەناسی و نەدەزانی. تۆ ڕاست دەکەیت بەرامبەر بەمجۆرە دەربڕین و کەسانە توند و ڕەق بووین، هێندەی ڕادەی بوختان و نەزانینەکانی بەرامبەر.

نووسین وەک هەر بوارێکی تری ئەم ژیانە ڕێسا و ڕێکاری تایبەتی خۆی هەیە کە کێ ویستی دەستی بۆ بەرێت، دەبێت پەیڕەوی لێ بکات. هەوڵێکی زۆرمان دەدا ئەم بیرۆکەیە لای هەمووان بچەسپێت. بڕوایەکی تەواومان بەوە هەبوو کە دەبێت ڕێز لە نووسین بگیرێت و هەر کەس دەستی بۆ برد ڕێساکانی جێبەجێ بکات و پشتئەستور بە بەڵگە و ئەرگۆمێنت قسە بکات. ڕووبەڕووی ئەوە دەبووینەوە کە بە نموونە دەیانگوت (فلان نووسەری ڕەهەند گوتویەتی و بڕوای وایە…) بەبێ ئەوەی یەک دێر لە یەک نووسینی نووسەرەکە بهێنێتەوە کە قسەکەی پشتڕاست دەکەنەوە… نەیاندەهێنایەوە لەبەر ئەوەی یان هەر لە بنەڕەتەوە نووسینەکەی نەخوێندووەتەوە و هەروا قسە دەکات، یان خوێندوویەتییەوە و دەزانێت قسەکانی ڕاست نین، بۆیە ناتوانێت یەک ڕستە بۆ پشتگیری قسەکانی بدزۆێتەوە. یان دەیانگووت ئەم بیروڕای برادەرانی ڕەهەند چەواشەکارییە… ئیدی کام بیروڕا و لە کوێدا و کێ نووسیویەتی و لە چ ساڵێکدا… هیج.. هەر هیچ دیار نەبوو. دەی کاکی من ئەم جۆرە قسانە نەک ڕەخنە نین. بەڵکوو دەچوونە خانەی بوختان و نەزانینەوە. مەرجی سەرەکیی هەموو حوکمێک هێنانەوەی ئەرگۆمێنت و بەڵگەیە. ناکرێت و هەڵەیە حوکمێک یان ڕایەک بڵێت بەبێ ئەوەی ئەرگۆمێنت بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانت بهێنیتەوە. ڕاستت بوێت تووشی ئەم دۆخانە دەبووین، نەک ڕەخنەگرتن، ئەمەش توند و ڕەقی دەکردین.

لەناکاو بزووتنەوەیەکی سیاسی پەیدا بوو کە هەموو ئەو ڕەخنانەی ئێمە لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان هەمان بوو، کردییە بەرنامەی کارکردنی و بە دەنگی بەرز دەیگوتەوە.

ژنەفتن: دەگوترێت کە مانیفێستی بزووتنەوەی گۆڕان، لەژێر کاریگەری گوتارەکانی ڕەهەندییەکان بووە و، ڕەهەندییەکانیش پشتیوانیان لەم هێزه سیاسییە نوێیە کردووە، ئایا ئەمە خوێندنەوەیە یاخود لە ڕاستیدا وایە؟

هەردی: بەشێکی زۆر ڕاستی لەم قسەیەدا هەیە. لەناکاو بزووتنەوەیەکی سیاسی پەیدا بوو کە هەموو ئەو ڕەخنانەی ئێمە لە سیستەمی حوکمڕانی کوردستان هەمان بوو، کردییە بەرنامەی کارکردنی و بە دەنگی بەرز دەیگوتەوە. بەرنامەی سیاسیی ئەم هێزە و دەست خستنە سەر ئەو شوێنانەی دەبێت دەستکاری بکرێن، زۆر نزیک بوو لەو بۆچوون و خوێندنەوانەی ئێمە بۆ واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەمان بوو. لەبەر ئەوە بەڵێ زۆرێکمان (گەر نەڵێم هەمووی) بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیری بزووتنەوەکەمان کرد، بەڵام بەو ئاگاداری و وریاییەوە کە هەرگیز سەربەخۆییی خۆمان لەدەست نەدەین. پشتگیری بکەین لە بەرنامەیەک، بەڵام تا ئاستی ئەندامبوونی و ئیلتزامی حیزبی نەڕۆین. بە گشتی بڕوایەکی گشتگیر لەناو زوربەماندا هەبوو کە نووسەران وا باشترە هەمیشە بە سەربەخۆیی بمێننەوە. بەڵام سەربەخۆییەک نەک بە مانای پەیوەندی نەبوون بە کێشەکانی وڵاتەوە، بەڵکوو بە مانای خۆ دوورگرتن لە ئیلتزامی حیزبی و هەمیشە دانانی ئەو ئەگەرە کە دەشێت ئەوەی ئەمرۆ باش و دروستە، سبەی ڕاست و دروست نەبێت. ئەوە ڕاستە بە شێوەی جیاواز هاوکاری بزووتنەوەکە بووین و خودی خۆم لە برادەران زیاتر هاریکاری بزووتنەوەکە بووم و تا ماوەی هەشت ساڵیش یەکێک بووم لەو کەسانەی لە “کاک نەوشیروانی بەهەشتی”یەوە زۆر نزیک بووم و بەردەوام بۆچوونی خۆم و هاوڕێکانم لە هەموو ئەو شتانەدا پێ دەگووت کە دەهاتە پێشێ. هەر کاتێک ڕاوێژێکیان پێ کردبین، درێغیمان لە وتنی ئەو شتانە نەبووە کە بە پێویست و ڕاستمان زانیووە. بزووتنەوەکە خۆشی فەزایەکی سیاسیی پر ملاملانێی دروست کرد کە زوربەمان بە خاڵێکی پۆزەتیڤمان بۆ ژیانی سیاسیی هەرێم دەزانی. چونکە بڕوایەکەی تەواومان بەوە هەبوو بوونی ململانێی سیاسی، یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو ڕێگایانەی دەورێکی گرنگ لە باشترکردنی ڕەفتاری هێزە سیاسییەکان دەبنینێت. لەبەر ئەوە هەر دروستبوونی ئەو دۆخەمان بە گشتی بە پۆزەتیڤ دەزانی. کۆمەڵگای ئێمە پرە لە ناڕەزایی و توڕەیی، کاری ڕاست ئەوەیە ئەم ناڕازیبوون و توڕەییە بتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە تەعبیر لە خۆی بکات و ململانێیەکی تەندروست بە شێوازە ڕێگەپێدراوەکان لەگەڵ حیزبە سیاسییە باڵادەستەکاندا بکات. لەبەر ئەوە ڕاستە بەشێکی زۆرمان هاوکاری بزووتنەوەی گۆڕان بووین لە سەرەتای دروستبوونیدا، بەڵام هەمیشەش سەربەخۆییی خۆمان پاراست.


ژنەفتن: وەک کەسێکی سەرەکی و ئاگادار؛ لێکترازان و جیابوونەوەی کەسەکانی ڕەهەند لەسەر چی بوو؟ ئایا ئەو جیابوونەوەیە لەسەر جیاوازیی بیڕوڕا بوو؟ لە کاتێکدا گوتارێکی سەرەکی کە “ڕەهەند” بانگەشەی بۆ دەکرد، گوتاری جیاوازی بوو؟

هەردی: ڕاستت بوێت بەردەوام بۆچوونی جیاواز لەناو ئێمەدا هەبووە و بیرم نایەت هەمیشە و هەموو کات هەمان بۆچوونمان لەسەر شتەکان هەبووبێت. دەزانی کێشەکە چییە، کێشەی سەرەکیی ئەوەیە خەڵکێکی زۆر دوورکەوتنەوە و تەنانەت دابڕانی نووسەران لەیەک وەک جیابوونەوەی و ئینشقاقی حیزبی سیاسی تەماشا دەکەن و بە هەمان ئەو فەزایەش تەماشای دەکەن کە ئینشقاقی حیزبی پێ تەماشا دەکەن. نووسەران کە پێکەوە کار ناکەن، ڕێگە لە یەک ناگرن و یەکتر قەدەغە ناکەن. بۆچوونەکانیان چەند دژ بە یەکیش بێت سەر ناکێشێ بۆ سڕینەوە و حەرامکردنی یەکتر. جیاوازی و ناکۆکیی نێوان نووسەران بەرهەمهێنە و، وا دەکات هەریەکەیان پتر بنووسێت و پتر داکۆکی لە بۆچوونەکانی بکات، لە کاتێکدا ناکۆکیی ناو حیزب سەر دەکێشێ بۆ شەڕ و ماڵوێرانی و دابڕان. ئەم دوو جیابوونەوەیە هەرگیز یەک شت نین و هەرگیزیش دەرئەنجامی هاوشێوەیان نییە.

بەڵام سەبارەت بە قەبوڵکردنی جیاوازی و جیابوونەوە چەند تێبینیەکم هەیە:

بڕوابوون بە جیاوازی، بە مانای ئەوە نییە تۆ بۆچوونی بەرامبەرکەت بسەلمێنی، بەڵکو تەنیا بەو مانایەیە هەرگیز ئامادە نابێت لەبەر ئەوەی بەرامبەرکەت هەمان ڕای تۆی نییە، قەدەغەی بکەیت و ڕێگە لە دەربڕینی بۆچوونەکانی بگریت. بگرە گەر بە هەر هۆکارێک بووە ڕێگە لە بۆچوونێک گیرا کە بە دڵی تۆ نییە، داکۆکیی لە بوونی بکەیت و ڕازی نەبیت بەوەی سەرکوت بکرێت.

بیرۆکەی قەبوڵکردنی جیاوازی، زۆر بە هەڵە لێکدراوەتەوە. هەندێک وا دەزانن مادام تۆ بڕوات بە جیاوازی هەیە، کەوابوو نابێت بەرگری لە بۆچوونی خۆت بکەیت و ئەو ڕەخنانە بسەلمێنیت کە ئاراستەت دەکەن. بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی یەکجار هەڵەیە. مرۆڤ کە بۆچوونێکی هەبوو، ئەو بۆچوونەی لە دەرئەنجامی خوێندنەوە و بیرکردنەوەیەکی زۆر بەدەستهێناوە و بێگومان بەرگری لێ دەکات. نابێت هەرگیز ئەم بەرگریکردنە بە مانای دژایەتیی جیاوازی لێک بدرێتەوە. وەک گووتم قەبوڵکردنی جیاوازی، واتە قەبوڵکردنی ئەوەی هەموو کەس ئازادە بیروڕای خۆی هەبێت و داکۆکی لێ بکات و هیچ کەسیش ئازاد نییە بیروڕا یان بۆچوونێک قەدەغە بکات لەژێر هیچ پاساوێکدا.

ئەو جیاوازییەی لەنێوان بیرکردنەوەی هاوڕێیاندا هەیە، بێگومان جیاوازییەکی ڕاستەقینەیە کە لە دوو ڕوانگەی جیاوازە تەماشای دنیا و خوێندەوەی بۆ دەکەن. ئەمەش دۆخێکی زۆر ئاساییە و بگرە وەک وتم بەرهەمهێنە و قازانج بە دەوڵەمەندکردنی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە دەگەینێت. بەڵام ئەوەی کە ڕاستە و من دەیسەلمێنم ئەوەیە کە زۆر جار ئەم وتووێژە لەنێوان هاوڕێیاندا سەری کێشا بۆ قسەی زبر و بریندارکەر کە هیچ پێویست نەبوو. ڕاستگۆیانە بڵێم ئەم بەشەی کە پەیوەندی بە قسەی زبر و بریندارکەرەوە هەیە، هەندێک دوورکەوتنەوەی شەخسی و تایبەتی دەوری تیا هەبوو.


ژنەفتن: ڕەهەند تەنها بۆ نوخبە بوو یاخوود جەماوەری بوو؟ ئایا دەیتوانی کاریگەری لەسەر نوخبە دروست بکات یان ئامانجی هوشیاریی جەماوەری بوو بە گشتی؟ لە پەنا ئەمەشدا ئایا ڕەهەند هەوڵی دەدا دەست بۆ کێشە هەناوییەکانی کورد بەرێت؟

هەردی: گۆڤارێکی فیکری بوو نەک حیزبێکی سیاسی. لەبەر ئەوە بێگومان ئاراستەی ڕووی لە گروپێکی کۆمەڵگا دەکرد کە گرنگی بە کاری فیکری و تیۆری دەدا. ئەو خوێنەرانەش بەرەو پیری دەهاتن کە حەزیان بەم جۆرە کارانە دەکرد. ڕەهەند هەم بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئەو گروپە و هەم بوو بە هاندەرێک بۆ کارکردن و خوێندنەوەی دەیان خوێنەری تر. وەک جارێکی دیش نووسیومە ڕەهەند هیچی نەکردبێت، ئەوەی کردووە چەندان بیریار و قوتابخانەی فیکری بەو گروپە ناساند کە پێشتر هیچی لەبارەیانەوە نەدەزانی. هەر ئەم ناساندنە بووە هاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی لانیکەم خوێنەرانی ئێمە بەدوای کتێب و نووسینی ئەو بیریارانەدا بگەڕێن و بیخوێننەوە. یەکێک لەو شتانەی نووسینەکانی هاوڕێیانی ڕەهەندی پێ دەناسرێتەوە ئەوە بوو کە تەنیا ناوی بیریار و فەیلەسوفانیان ڕیز نەدەکرد و شەرحی بۆچوونەکانیان بکەن، بەڵکو هەوڵیدەدا ئەو تیۆرانە بەکار بێنن بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە دنیای واقیعی کوردستان و دەقی ئەدەبی.