دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند

"بەختیار عەلی" لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن

پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر و ڕۆشنبیر “بەختیار عەلی” وەک کەسێکی سەرەکیی ناو گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند.

بەختیار عەلی (١٩٦٠- ) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد

ژنەفتن: (ڕەهەند) بە چ ئامانج و مەبەستێک دەستی پێ کرد؟ سەرەتا تەنیا ئامانجی دەرکردنی گۆڤارێک بوو، یان وەک لە بەردەوامیدا بینیمان، پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری بوو؟ ئاخۆ ئەمە خەونیکی دێرینتر و پێشتری بە پلانی ئێوە بووە؟ دەکرێ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاوڕێکی پێویست لەو مێژووە بدەیتەوە؟ ئێستا کە ئاوڕ لەو قۆناغە دەدەنەوە، خۆتان وەک کەسی سەرەکی، چ ناوێک لە “ڕەهەند” دەنێن؟ (مەبەستمان ئەوەیە ئایا پرۆژەیەکی ڕۆشنگەریی بوو، بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی ڕەخنەیی، یان …)؟

بەختیار عەلی: ڕەهەند تەنیا پڕۆژەی گۆڤارێک بوو، ئێمە کە هاتینە ئەوروپا پێشتر لە کوردستان “گۆڤاری ئازادی”مان هەبوو، بە توانایەکی کەم و چاپێکی خراپ چەند ژمارەیەکی کەمی بڵاو بووەوە. برادەرانیش لە ئەوروپا، بە تایبەت کاک هەڵکەوت عەبدوڵا “گۆڤاری یەکگرتن”ی دەردەکرد کە یەکێک بوو لە گۆڤارە زۆر باشەکان، کوالێتییەکی بەرزی هەبوو، پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین خوێنەرێکی زۆری لە ئەوروپادا هەبوو، بەڵام ژمارەکانی بە دەگمەن لە کوردستان دەست دەکەوتن. بیرۆکەکە ئەوە بوو ئازادی و یەکگرتن لە گۆڤارێکی نوێدا کۆ بکەینەوە. گۆڤارەکە هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی مینبەرێک بۆ نووسەرانێک کە لە تاراوگە دەژین. لەو سەردەمەدا ژیانی ڕۆشنبیری تا ئەندازەیەک وەستابوو، شەڕی ناوخۆ ژێرخانی وڵاتەکەی هەڵتەکاندبوو، جەنگ و کینە و ڕکەبەرییەکی زۆر لەنێوان هەندێک لە نووسەراندا دروست بووبوو، ڕۆژنامە یان گۆڤارێکی وەها دەرنەدەچوو بتوانێت هەموو دەنگەکان کۆ بکاتەوە یان بوار بە هەموو دەنگەکان بدات بە ئازادی بەرهەمی خۆیان بڵاو بکەنەوە. هیچ جێگا و مینبەرێکی وەها دیار نەبوو، بکرێت مرۆڤ بە ئاسانی بەرهەمی خۆی تێدا بڵاو بکاتەوە. هەر یەک لە “گۆڤاری ئازادی و گۆڤاری یەکگرتن”یش پێشتر سروشتێکی فیکری ـ تیۆرییان هەبوو، بیرۆکەی گۆڤارەکە لەوەوە هات کە ئێمە وەک ژمارەیەک نووسەری ئەو سەردەمە، گۆڤارێک بۆ بڵاوکردنەوەی کارەکانمان دابمەزرێنین. لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە دانیشتبێتین و بەنیاز بووبین «پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەری» دابمەزرێنین، ڕاست نییە. پڕۆژەیەکی ڕۆشنگەریی لەناو کورددا دەبێت چۆن بێت؟ نەوەک ئەوسا، بەڵكو بە ئێستاشەوە هێشتا ڕوون نییە، پڕۆژەیەکی وەها دەبێت چۆن بێت.

زاراوەی ڕەهەند یان ڕەهەندی تا ئەو شوێنە ڕاستە کە تەنیا ئاماژەیە بۆ گۆڤارێک، لەوە دەرچێت سەختە جگە لە کۆمەڵێک خەسڵەتی گشتیی شتێکی قووڵ و هاوبەش لە فیکر و بابەت و شێوەی ئیشکردنی نووسەرەکانیدا بدۆزینەوە

ئێمە لە سەرەتاوە کۆمەڵێک نووسەری جیاواز بووین، هەندێک لە هاوڕێیان لە گروپ و هێزی سیاسیی زۆر جیاوازدا کاریان کردبوو، ژێرخانی فیکری و کایەی ئیشکردنیشمان وەک یەک نەبوو، ئەو بابەتانەی جێگای سەرنج و کارکردنمان بوون جیاواز بوون، هەتا لەسەر شێوە و دیزاین و چۆنێتی ئیدارەدانی گۆڤارەکە یەک نەبووین، بەڵام هەموو لە یەک خاڵدا بەشدار بووین، گۆڤارێکی جیدی دەربکەین، هەمووانیش بە دڵسۆزی و هەر یەک بەپێی توانای خۆی وەفاداری ئەو ئامانجە بوون. دیارە کۆمەڵێک هەڵوێستی سیاسیی گشتی و هاوبەشیش لەنێوان هەندێک لە نووسەرەکاندا هەبوو، بەڵام ئەوانە هەڵوێستی گشتی بوون، سەدان هەزار خەڵکی تریش هەبوون هەمان بیرکردنەوە و هەمان تێڕوانینی سیاسییان هەبوو، بۆیە سیاسەت شتێک نەبوو بکرێت بە نیشانە بۆ دەستنیشانکردن یان ناسینەوەی ڕەهەند.

بۆ من ئەو کات و ئێستاش، ڕەهەند گۆڤارێک بوو، مرۆڤ دەبێت وتارەکانی وەک وتاری نووسەرانی جیا تەماشا بکات. جگە لە کۆمەڵێک هەڵوێستی گشتی و سیفاتی گشتی، شتێک نییە نووسینەکان و نووسەرەکانی ڕەهەند پێکەوە گرێ بداتەوە. زاراوەی ڕەهەند یان ڕەهەندی تا ئەو شوێنە ڕاستە کە تەنیا ئاماژەیە بۆ گۆڤارێک، لەوە دەرچێت سەختە جگە لە کۆمەڵێک خەسڵەتی گشتیی شتێکی قووڵ و هاوبەش لە فیکر و بابەت و شێوەی ئیشکردنی نووسەرەکانیدا بدۆزینەوە. مرۆڤ دەتوانێت باسی کاک فاروق ڕەفیق بکات، باسی کاک مەریوان وریا بکات، باسی هەر یەک لەو برادەرانەی دی بکات… هتد. بەڵام باسی ڕەهەند وەک ڕێبازێکی فیکری یان خەتێکی فیکری، بە بڕوای من دروست نییە، کۆمەڵێکی زۆر تێکستی جیاواز ناشێت بە زۆرەملێ بخرێنە ژێر یەک ناوەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە گۆڤارێکدا بڵاو بوونەتەوە. دەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگرین زۆربەی ئەو نووسەرانەی لە ڕەهەند وتاریان نووسیوە، ڕەنگە بەشێکی زۆر کەمی بەرهەمەکانیان لە گۆڤارەکەدا بڵاو بووبێتەوە، بۆ نموونە کۆی ئەو نووسینانەی من لە ڕەهەند بڵاوم کردوونەتەوە، لە سەدا پێنجی سەرجەمی کارەکانم نییە، لەسەروو لە سەدا نەوەد و پێنجی بەرهەمەکانم و نووسینم ناچنە ژێر ئەو خانەیەوە. بۆیە زاراوەی ڕەهەندی، ڕەهەندییەکان، گەر مەبەست لێی خەتێکی فیکری بێت، یان هەندێک بیانەوێت وەک گروپێکی هۆمۆجین یان ڕێبازێک یان هەتا وەک شێوازێکی یەکگرتووی نووسینیش وێنای بکەن بە هەڵەدا دەچن، چونکە شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە. لە ڕاستیدا زاراوەی «ڕەهەندی» هیچ مانایەکی دەستنیشانکراو و کۆنکرێتی نییە. وشەکە هەندێک جار هەندێک کەس بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی کۆمەڵێک نووسەر و تێکستی زۆر جیاواز بئاخننە ژێر یەک ناوەوە و خۆیان لە ئەرکی پۆڵێنکردن و خوێندنەوە و جیاکردنەوە بپارێزن، جۆرێک لە تەمەڵی لە پشت بەکارهێنانی وشەکەوە هەیە کە پەیوەستی خواستی کڵێشەتاشین و لە قاڵبدانە کە لە دونیای ئێمەدا خواستێکی زۆر بەهێزە و کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئەوانە دەکات کە نایانەوێت کاری ورد و جیاکاریی ڕاستەقینە بکەن. هەندێک جاریش لەبەر ئامادەگی و بەهێزیی ناوەکە هەندێ کەس وشەکە بۆ دەستکەوتی ڕەمزی بەکار دەهێنن. بە گشتی لای من ڕەهەند گۆڤارێکی جیدی بوو کە بایەخی سەرەکیی بە نووسینی تیۆری لەسەر واقیعی کوردی دەدا، گۆڤارێک نەبوو بۆ وەرگێڕان، گۆڤارێک نەبوو بۆ شەرح و ناساندنی فیکری ئەواندیدی، بەڵکوو گۆڤارێک بوو بۆ دامەزراندنی بیرکردنەوەیەکی تیۆری کوردییانە دەربارەی واقیعی خۆمان، پشت ئەستوور بە پاشخانێکی تیۆری و فەلسەفی، قورسایی گۆڤارەکە لەوەدا بوو کاری بۆ تیۆریزەکردنی واقیعی کوردی دەکرد. دوای نەمانی بە داخەوە، هیچ گۆڤارێکی دیکەی لەو جۆرە و لەو ئاڕاستەیەم نەبینییەوە.


ژنەفتن: ئایا ڕەهەند (وەک ئەوەی لەسەرەوە ناوت ناوە) کۆتایی هاتووە؟ گەر کۆتایی هاتووە، بۆ و چۆن کۆتایی هات؟ گەر کۆتایی نەهاتووە، هێڵی درێژەپێدەری چۆن دیاری دەکەن؟

بەختیار عەلی: بێگومان ڕەهەند گۆڤارێک بوو، ڕەنگە هەر برادەرێک و جۆرە خەیاڵ و خولیایەکی تایبەت بە خۆی هەبووبێت، بەڵام هەوڵی من لە گۆڤارەکە و دواتریش بەو ئاڕاستەیە بوو، ئەو تێکەڵییە ڕەها و بێبەربەستەی لەنێوان سیاسەت و ڕۆشنبیریدا هەیە بوەستێنین. لە سەردەمی ئێمەدا، کاتێک سەرەتا دەستمان پێ کرد، قۆناغی دوای ڕاپەڕین بوو، سەردەمی شەڕی ناوخۆ بوو، پاشەکشەی چەپ و دەرکەوتنی هەرچی زیاتری ڕوخساری دزێوی ناسیۆنالیستی کوردی بوو. لەو ساتەدا پێویستیمان بە پەیوەندییەکی نوێ هەبوو لەنێوان «سیاسەت» و «ڕۆشنبیری»دا، ئەم پێداویستییە تا ئەمڕۆش لە مەیداندایە، زەقتر و پێویستتر بووە و کەمتر نەبووەتەوە. لە قۆناغەکانی پێشوودا، سیاسی و ڕۆشنبیر بە جۆرێک لەناو یەکدا توابوونەوە جیاکردنەوەیان ئەستەم بوو. ڕۆشنبیران هەموو بۆ شوناسێکی سیاسی دەگەڕان تا پێگەی ڕۆشنبیریی خۆیانی پێ بەهێز بکەن. ئەم مۆدێلە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە بەو جۆرە هاتبوو. لە کتێبی ئایدۆلۆژیستدا هەوڵێکی بچوکم داوە هۆکانی ئەو دیاردەیە «لایەنی کەم لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا» ڕوون بکەمەوە. ساتێک هەیە لە مێژووی ئێمەدا ڕۆشنبیران «بەتایبەت شاعیران» دەبنە بەرهەمهێنی سیاسەت. دواتر ئەمە دەبێتە ڕێسا، نەوەی یەکەم لەژێر زەبرێکی مێژوویی دیاریکراودا دەبنە بەرهەمهێنی سیاسەت. بەڵام دواتر ئەمە دەبێتە بنەما بۆ هەڵسانگاندنی ڕۆشنبیر، سیاسەت دەبێتە وەزیفەیەکی دانەبڕاو لە ڕۆشنبیر، وەزیفەی ڕۆشنبیر وەک داهێنەر و وەک بەرهەمهێنی فیکر دەکشێتە دواوە و کورت دەبێتەوە بۆ هەڵوێستی سیاسی. من بۆ خۆم کاتێک بیرم لە گۆڤارێکی فیکری دەکردەوە، تەنیا بەو ئاڕاستەیە دەمڕوانی، ببێتە شوێنی جیاکردنەوەی «ڕۆشنبیر» لە «سیاسی»، جیاکردنەوەی «فیکر» لە پاشکۆیەتیکردنی هیچ غایەتێکی سیاسی. ئەمە بەو مانایە نەبوو، ئێمە قسە لە سیاسەت نەکەین، بەڵکوو بەو مانایە بوو، ئەوە جەوهەری کارەکەمان نییە. ئێمە وەک مرۆڤ، وەک هاووڵاتی، هەتا وەک کۆمەڵێک نووسەر دەبوو کاردانەوەمان لەگەڵ سەردەمی خۆماندا هەبێت، بەڵام ئەوەی شوناسە سیاسییەکەمان، شوناسە ڕۆشنبیرییەکەمان دیاری بکات، ئەوەی ئەو سوڕە دووبارە بکەینەوە نەوەکانی پێش ئێمە تێی کەوتبوون، واتە وەک ڕۆشنبیر کورت بینەوە بۆ قسەکەرێکی بەردەوام لەسەر سیاسەتی ڕۆژانە… ئەوە بۆ من ترسناک بوو.

خەونی من لە گۆڤارەکەدا شکاندنی ئەو دووبارەبوونەوەیە بوو.

بێگومان دەشێت هەر یەک لە هاوڕێیان خەونی تریان بووبێت، خەونی پێچەوانەی خەونی من. ڕەهەند بە هیچ جۆرێک بەو نیازە دانەمەزرا نووسەرەکانی وەک یەک بیر بکەنەوە، ئێمە حیزب نەبووین، گروپ نەبووین، لە کۆمەڵێک بیرکردنەوەی جیاواز دروست بووبووین. جۆرە غرورێکی پۆزەتیڤیش لەلای هەموو نووسەرەکان هەبوو کە پێداگر بن لەسەر شێوازی ڕوانین و بیرکردنەوەی خۆیان. گۆڤارەکە بۆ ئەوە بوو هەر یەک بە شێوازێکی جیدی گەشە بە بیروبۆچوونی خۆی بدات. لێرەوە ڕەهەند وەک گۆڤارێک کۆتایی هاتووە، ڕەهەند وەک هەر گۆڤارێکی تری دونیا لە ساتێکدا دەبوو بوەستێت و نووسەرەکانی هەر یەک بە لایەکدا بڕۆن، هەر یەک ڕێگای خۆیان بگرن. ڕەهەند بۆ من شتێکی ئەبەدی یان موقەدەس نەبووە، نەکرێت دەستی لێ هەڵبگرم. ڕۆشنبیران تیپی دوو گۆڵی نین بە یەکەوە یاری بکەن، ڕۆشنبیران بۆیە لێرەن تا بە جیاوازییان، ڕوانگە جیاواز و ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیان و نووسینمان پیشان بدەن. بە بڕوای من قەدەری ڕۆشنبیری ڕاستەقینە ئەوەیە تەنها بێت و لە دەستە و گروپدا نەتوێتەوە. بە درێژایی مێژووی فیکر و ئەدەبیات و هونەر کە ژمارەیەک نووسەر یان هونەرمەند لە دەوری ئایدیایەک، پڕۆژەیەک، گۆڤارێک کۆ بووبێتنەوە زۆری نەبردووە، دەرەنجامی گەشەکردن لە یەکدی ترازاون و هەر کەس ڕێگای خۆی گرتۆتەبەر. ئەم دۆخە دەیان جار لە مێژووی ئەدەب و هونەر و فیکردا دووبارە بۆتەوە. گۆڤارەکە لە سەرەتادا گرنگ بوو تا لەوێدا بنووسین، مینبەرێکمان هەبێت، جێگایەک هەبێت بە گوژمەوە لێوەی دەست پێ بکەین، بەڵام لە جێگایەکدا دەبوو کۆتایی بێت و هەر کەس بکەوێتە سەر پڕۆژە و کاری خۆی. ئێستا شتێکی هاوبەشی ئەوتۆ و گرنگ لەنێوان زۆربەی نووسەرەکانی ڕەهەنددا نەماوە. ڕەنگە زۆر کەس ئەمە وەک شتێکی نیگەتیڤ ببینن، بەڵام من زۆر پۆزەتیڤ دەیبینم. لەوەتەی نووسەرەکانی ئەوسای ڕەهەند هەر کەس بە تەنیا بۆ خۆی کار دەکات، هەندێکیان چالاکتر بوون و بەو جۆرەش کار دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت. ئەو ڕێگا جیاوازانەی هەر یەک لە ئێمە گرتمانە بەر، تا ئەندازەیەک نیشانەیە بۆ ئەوەی ڕەهەند گۆڤارێکی سەرکەوتوو بوو، چەند ڕۆشنبیرێکی لێ کەوتەوە، بە هێڵی فیکری و تێڕوانین و ستایلی جیاوازەوە. پێم وایە ئەوەش تەنیا فەرمانێکە گۆڤارێک بتوانێت جێبەجێی بکات. بەش بە حاڵی خۆم هەست دەکەم هەموو کارێکی جیدی کە ئێستا دەکرێت، نووسەرەکانی لە ڕەهەنددا بووبێتن یاخود نا، بەردەوامیدانە بەو خواستەی لە بنەڕەتەوە ڕەهەندی بۆ دامەزرا.


ژنەفتن: ئێوە وەک کەسی بنەڕەتی و سەرەکیی (ڕەهەند)، ئێستا کە ئاوڕ لەو قۆناغە دەدەنەوە، چۆن باسی گوتارەکانی ڕەهەند بە تایبەت گوتاری ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەریی رەهەند دەکەن و تایبەتەندییەکان ئەو گوتارە چین؟

بەختیار عەلی: لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی لە بایەخی گۆڤارەکە تێبگەین، دەبێت ئاوڕێک لە ساڵانی پێشووتر بدەینەوە، پێش ڕەهەند. لەگەڵ ڕوانگەدا شیعری کوردی نوێبوونەوەیەکی لە فۆرمدا بەخۆیەوە بینی، بەڵام ژیانی ڕۆشنبیریی کوردی بە گشتی لە سستییەکی گەورەدا دەژیا. لە سەرەتای نەوەدەکاندا «ئەگەر بەرهەمە شیعرییەکان بخەینە ئەولاوە» بە نووسراو و وەرگێڕدراوەوە بە کۆ پەنجا کتێبی باشمان لە کتێبخانەی کوردیدا نەبوو. هێڵی زاڵی ناو نووسینی کوردیش جۆرە نووسینێکی مارکسیستی بوو، کە مامەڵەیەکی زۆر سادە و ڕووکەشبینی لەگەڵ تێکست و دونیادا دەکرد. بیرکردنەوەی تیۆری ئامادەگی نەبوو، سەرچاوەکانی خوێندنەوە لای ڕۆشنبیرانی کورد بە گشتی کەم و سنووردار بوون.

لە قووڵایی ئیشکردنی گۆڤارەکەدا هەندێک شتی پۆزەتیڤ بەرچاو دەکەوێت کە بە بڕوای من ئەو مافەی پێ دەبەخشێت ئێستێکی جددی لەسەر بکرێت. بەر لە ڕەهەند پرسیارەکان ئاڕاستەیەکی سیاسیی ڕاستەوخۆیان هەبوو، بۆ نموونە پرسیارە تیۆرییە گەورەکان لەم جۆرە بوون: «ئاخۆ ڕێکخراوە سیاسییەکانمان کوردستانی یان عێراقی بن؟».« شۆڕشی کورد دەبێت شۆڕشێکی کرێکاری بێت یان بۆرژوازی نیشتمانیش تێیدا بەشداری بکات؟» «ئەدەب دەبێت زاتی بێت یان مەوزوعی؟» «تێڕوانینی لینین بۆ مەسەلەی نەتەوەیی چییە؟».. هتد. بە گشتی ئەو پرسیارانەی ڕۆشنبیرانی کورد لە ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتاکان لە خۆیان دەکرد، بۆ نەوەی ئێمە هیچ مانایەکی نەمابوو. لەو سەردەمەدا بە گشتی چ من و چ هاوڕێیانی ئەو سەردەمە هەستمان بە پێداویستی گۆڕانکاریی گەورە دەکرد. گەر زۆر کورت خۆم کۆ بکەمەوە، نیشانە سەرەکییەکان لە چەند خاڵێکدا کۆ دەکەمەوە.

یەکەم: باوەڕمان بەوە بوو، بۆ ئەوەی رۆشنبیرییەکی پتەو و بەرفراوان و دیدە واڵامان هەبێت، تەنیا بە خوێندنەوەی لینین و بلیخانۆف و ئینگڵس و ماوتسی تۆنگ، ناتوانین ئەو ڕۆشنبیرییە نوێیە دابمەزرێنین. ئیشکردن لەسەر فراوانکردنی جۆری سەرچاوەکان، گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ تێکستە فەلسەفییەکان، کرانەوە بەسەر زانستە کۆمەڵایەتی و دەروونییە نوێکاندا، خواستی سەرەکیمان بوو. دیارترین نیشانەیەک ڕەهەندی پێ بناسرێتەوە، شکاندنی بوو بۆ تاک مەرجەعییەتی فیکری. ئەو گۆڕانکارییە لەو ساتەدا بایەخێکی گرنگی هەبوو، کاریگەریی زۆر پۆزەتیڤیشی لەسەر ئێستای ڕۆشنبیریی ئێمە دانا.

دووەم: باوەڕمان بەوە بوو ڕۆشنبیریی کوردی پێویستی بە بابەتی تازەی تێڕامان هەیە، بە پرسیاری نوێ. پرسیاری سەرەکیی لای من لەو سەردەمەدا بە ئاڕاستەی خوێندنەوەی بونیادی عەقڵی پشت ئەو ئیفلیجییە بوو کە لە ئاستی فیکری و تیۆریدا تیا دەژیاین. بۆ ئێمەی کورد نەمانتوانیوە یاخود بۆ ناتوانین بیر بکەینەوە و فیکرێکی تیۆری بەرهەم بهێنین؟ ئەوە پرسیارێکی سەرەکیی من بوو. بەڵام بە گشتی ئەو هەستەمان هەبوو کە فیکر پێویستە چاوێک بخولقێنێت قووڵتر ناخی کۆمەڵگای خۆی ببینێت. چاومان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی نوێ بوو کە پێشتر نووسەرانی کورد بە دەگمەن خۆیان لێ دابوو وەک «مەعریفە چییە؟»، «دەسەڵات چییە؟»، «نەتەوە چییە؟»، « بونیادی ڕۆشنبیریی کوردی چۆن ئیش دەکات؟»، «بەعسیزم چییە؟»، «ناسیونالیزمی کوردی بۆ کار ناکات؟»، «بۆ بونیادی سیاسەت بە گشتی بونیادێکی دینییە؟»، «پەیوەندیی ئێمە و جیهانی دەرەوە دەبێت چۆن بێت؟»، «پەیوەندیی ئێمە و کولتووری خۆراوا دەبێت چۆن بێت؟»… ئەم جۆرە پرسیارانە بۆ ئەو کات زۆر نامۆ بوون، دەبێت بڵێم بە داخەوە تا ئێستاش هەر نامۆن، تا ئێستاش لە گرنگی و هەنوکەیی ئەو پرسیارانە کەم نەبۆتەوە. ئەم گۆڕینە لە بابەتدا، ئەگەر تەواو گۆڕینی ئاڕاستەی بیرکردنەوەش نەبووبێت، گۆڕینی ئاڕاستەی ڕوانین بوو.

ڕۆشنبیری تایبەتمەند کە تەخەسوسی لە بوارێکدا هەیە، دەتوانێت مامۆستایەکی باشی زانکۆ بێت، بەڵام ناتوانێت ڕۆشنبیرێک بێت بە ڕوانینێکی پانۆرامی.

سێهەم: بە بڕوای من ڕەهەند گرێ کوێرەیەکی گرنگی کردەوە. تا ئەو سەردەمە بڕواهێنان بەوەی مرۆڤی کورد دەتوانێت بیر بکاتەوە، تیۆریزە بکات، زاراوەی خۆی هەبێت، دیدگایەکی ڕەخنەیی خۆی هەبێت، جیهانبینییەکی فەلسەفی هەبێت… کارێکی سەخت بوو. بۆچوونی باو لە ئەوسا و ئێستاشدا ئەوەیە ئێمەی کورد هەر دەتوانین کاری وەرگێڕان بکەین، یاخود ئەو تێکستانەی خۆراواییەکان و خەڵکانی تر نووسیویانن دووبارەیان بکەینەوە، ڕاڤەیان بکەین و ڕوونیان بکەینەوە. بەڵام ئەگەر بە ئینساف بین و بێ هیچ کێشەیەکی دەروونی کاری ڕەهەند و هەندێک لە کارەکانی دواتری نووسەرانی ڕەهەند ببینین، هەڵبەت هاوشان بە ڕەهەند کۆمەڵێک نووسەری دیکەش، دەبینین هەوڵێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ تیۆریزەکردنی دونیای کورد و کێشەکانی. ڕاستە ڕێگاکانی ئەو بیرکردنەوە و تیۆریزەکردنە زۆر لە یەک دوور دەکەونەوە، بەڵام سەلماندنی ئەوەی دەشێت و دەکرێت فیکرێکی تیۆریمان هەبێت، بتوانێت تیۆریزەی دۆخی مێژووییی ئێمە بکات و زادەی بیرکردنەوەی خۆمان بێت، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو.

چوارەم: پەیوەندیی بە ئەویدییەوە. هەست دەکەم گرنگترین خاڵێک لە سەرەتاکانی ڕەهەنددا، پچڕاندنی پەیوەندیی ئایدۆلۆژی بوو بە ئەویدییەوە. واتە بتوانین “مارکس” بخوێنینەوە و بەکاری بهێنین بێ ئەوەی پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژی بمانبەستێتەوە بە مارکسیزمەوە. بتوانین “فرۆید” بخوێنینەوە، تێی بگەین و بەکاری بهێنین بێ ئەوەی فرۆیدی بین. بتوانین “ئیبن عەرەبی” بخوێنینەوە و بەکاری بهێنین، بێ ئەوەی پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژی و مەزهەبی بە دینەوە بمانبەستێتەوە. بە داخەوە دواتر ئەم جۆرە پەیوەندییە لای هەموو نووسەرانی ڕەهەند بەو جۆرە نەمایەوە، بەڵام یەکێک لە نیشانە گرنگ و سەرەکییەکانی ڕەهەند ئەو جۆرە پەیوەندییە بوو. واتە ڕزگارکردنی پەیوەندیی مەعریفیمان لەگەڵ ئەویدیدا لە هەر جۆرە وابەستەگییەکی ئایدۆلۆژی.

پێنجەم: ڕەهەند سەرەتایەک و ڕێگایەکی کردەوە بۆ ئەوەی ببین بە ڕۆشنبیرییەک سیستمێکی زاراوەیی خۆمان هەبێت، واتە تەنیا چەمکەکان نەڵێینەوە، بەڵکو چەمک دروست بکەین. تەنیا زاراوە فیکرییەکانی ئەوانیدی ڕاڤە نەکەین، بەڵکو خۆمان زاراوە بسازێنین و وەک کەرەستەی بیرکردنەوە بەکاریان بهێنین. وەک لەوەوپێش لە زۆر وتار و جێگادا ئاماژەم پێداوە، کێشەی سەرەکیی ڕۆشنبیریی کوردی غیابی تەواوەتی کایە زانستییەکان بوو، بەڵام ئیشکردن لە تەنیا کایەکیشدا، تەواوی پڕۆژەکەی دەگۆڕی بۆ پڕۆژەیەکی ئەکادیمی بێسوود، بۆ نموونە گەر بە تەنیا کارمان لەسەر بواری کۆمەڵناسی یان دەروونناسی بکردایە، جگە لە هەندێ تێکستی ئەکادیمیی زۆر تایبەتمەند شتێکی زیاتر بەرهەم نەدەهات، بۆ خۆم لە ئەوسا و لە ئێستاشدا باوەڕم بە جۆرە مەعریفەیەکە لەنێوان کایەکاندا ئیش بکات، لەسەر کێشە گەورە و پرسیارە گشتییەکان کار بکات. ڕۆشنبیری تایبەتمەند کە تەخەسوسی لە بوارێکدا هەیە، دەتوانێت مامۆستایەکی باشی زانکۆ بێت، بەڵام ناتوانێت ڕۆشنبیرێک بێت بە ڕوانینێکی پانۆرامی. من باوەڕم بە ڕۆشنبیرێک هەیە پشت ئەستوور بە ڕۆشنبیرییەکی بەرفراوان، لەسەر پرسیار و کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بدوێت، ئەوەی بڵێیت فیکر لە خۆرهەڵات بەرهەم نایەت تێزێکی ڕاسیستی و فاشیستییە، بەڵام فیکرێک کە لێرە بەرهەم دێت قووڵ بە ئەزموونی ئێمەوە گرێ دراوە وەک خۆرهەڵاتی، تەواوکەری فیکری خۆراوا نییە، شەرعییەتیشی لەوەوە وەرناگرێت بە پێوەرە ئەکادیمییە غەربییەکان بپێورێت، بەڵکوو شەرعییەتی لەوەوە وەردەگرێت، چەند لە کێشە قووڵ و تایبەتەکانی ئێمە نزیکە. لای من گۆڕینی کێشەکانی خۆمان، وەک کورد، وەک خۆرهەڵاتی بۆ کێشەی مەعریفی، بۆ پرسیاری فیکری و فەلسەفی، سەرەتایەکی گرنگ بوو.

من کۆی پرۆسەکە وەک دابڕان نابینم، بەڵکوو وەک خۆ ئامادەکردن بۆ دەستپێکردن، وەک دانانی ڕێگا بۆ دامەزراندنی سەرەتایەکی تازە لە شێوازی جیهانبینیدا.

ژنەفتن: ئێوەش پێتان وایە کە(ڕەهەند) توانی دابڕانێک لە ڕۆشنبیریی کوردیدا دروست بکات و ئەو ڕۆشنبیرییە بکاتە دوو قۆناغی پێش و پاش ڕەهەند؟ 

بەختیار عەلی: ڕەنگە من وێنەکە بە جۆرێکی تر ببینم. بۆ نموونە، من وەک شاعیر کە ئەو کات شیعرم دەنووسی، دەمزانی لە چی دادەبڕێم. شیعری کوردی کەلەپوورێکی قووڵ و دەوڵەمەندی هەبوو. وەک شاعیر کە بیر دەکەیتەوە و دەتەوێت لێرەدا ببیتە شاعیر، کۆمەڵێک لوتکەی وەک خانی و نالی و مەحوی و گۆران و شێرکۆت لە بەردەمدایە. تۆ دەزانیت دەچیتە جیهانێکەوە پڕە لە لوتکە، پێشوەخت دەزانیت دابڕان لێرەدا سەختە، سەروکارت لەگەڵ کەلەپوورێکی دەوڵەمەنددایە. بەڵام لە ڕووی فیکرییەوە ئێمە خاوەنی شتێکی وا نەبووین، دابڕان لەگەڵ واقعێکی کولتووریی لاوازدا هیچ جۆرە پاڵەوانێتییەکی وەهای نەدەویست. بەش بە حاڵی خۆم ناتوانم ئەوە ناوبنێم دابڕان. دابڕان هەمیشە لەگەڵ شێواز و فۆرمێکدا دەکرێت کە جۆرە جیهانبینییەکی ڕوون و کامڵی هەبێت. ئێمە لەو ڕووەوە شەڕمان لەگەڵ جۆرە جیهانبینی یان سیستمێکی کامڵدا نەدەکرد، بەڵکوو شەڕمان لەگەڵ کایەیەکی ڕۆشنبیریدا دەکرد، نەیدەویست دەست پێ بکات و بیر بکاتەوە. من پێم وایە بە ئەوسا و بە ئێستاشەوە، بە ڕەهەند و بە ژمارەیەکی زۆر هەوڵی دیکەشەوە لە دەرەوەی ڕەهەند و دوور لە ڕەهەند، ئێمە هێشتا لە قۆناغی دامەزراندنداین. ئەو کات کۆمەڵگای کوردی و ڕۆشنبیریی کوردی گەیشتبووە ئاستێک، دەبوو هەوڵ بدات کێشەکانی خۆی تەنیا بە زمانی سیاسەت نەنووسێتەوە، دەبوو ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری نوێ ببینەوە. دەبوو دووبارە خۆمان پێناسە بکەینەوە، مەرجەع و سەرچاوەی نوێ بدۆزینەوە. بە بڕوای من ڕەهەند سەرەتای سەرهەڵدانی هوشیاری بوو بە هاتنە کایەی دونیایەکی نوێ، سەرەتای هەستکردن بوو بەوەی ئیتر کاتییەتی ڕۆشنبیرییەکی نوێ و جیدی و سەردەمیانە دابمەزرێنین، سەرەتای ئەوە بوو هەوڵ بدەین ڕەخنەگرانە ئاوڕ لە دواوە بدەینەوە. من کۆی پرۆسەکە وەک دابڕان نابینم، بەڵکوو وەک خۆ ئامادەکردن بۆ دەستپێکردن، وەک دانانی ڕێگا بۆ دامەزراندنی سەرەتایەکی تازە لە شێوازی جیهانبینیدا.


ژنەفتن: یه‌كێك له‌و ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ڕەهەندییەکان دەبێتەوە، ئەوەیە کە پێویست بوو لەگەل دەرکەوتنی ئەو پرۆژە و ناوەندەدا، لە لایەن کەسە سەرەکییەکانی ئەو پرۆژەیە هاوتەریب لەگەڵ تیۆریزەکردن و ڕەخنەکردن، گرنگییان بە وەرگێڕان بدایە، بە تایبەت ئەو سەرچاوە سەرەکییانەی کە خۆتان پشتان پێ دەبەست. ئینجا (تێڕوانێکی زاڵیش هەیە کە ڕەهەند ئاسۆیەکی نوێی بۆ زمانی کوردی کردووەتەوە)، بەڵام تا ئاستێک دەتوانین بڵێین وەرچەڕخان و ئاسۆی نوێ بۆ زمانێک ته‌نیا له كاتی وه‌رگێڕاندا ده‌رده‌كه‌وێت، چونکە تاكوو ئێمه‌ پێشتر له‌ ئاستی وه‌رگێڕاندا، زمانی ئه‌وی تر ئه‌زموون نه‌كه‌ین ناتوانین ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ نووسینیش…‌ هەروەها ڕەخنەیەکیش‌ هه‌یه‌ کە ده‌وترێت زۆربه‌ی نووسینه‌كانی ڕەهەند به‌ جۆرێك وه‌رگێڕانیان ئیقتیباسێكی ئازاده‌ بۆ ئه‌و شتانه‌ی كراوه‌.

بەختیار عەلی: لەگەڵ گرنگی و بایەخی وەرگێڕاندا بۆ هەموو کولتوورێک، دۆخی ئێمە لەمەدا کەمێک جیاواز بوو. بەشی زۆری ڕۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەمە زمانی عەرەبی و فارسییان دەزانی، لەم دوو زمانەدا زۆر لە تێکستە بنەڕەتییەکان هەبوون، ڕۆشنبیرانێکی کورد کە دەیانتوانی ڕەهەند بخوێننەوە و تێی بگەن، دەستیان بە هەموو ئەو سەرچاوانەدا دەگەیشت. لێرەوە تەرخانکردنی هەموو ژیانت، بۆ وەرگێڕانی هەمان ئەو سەرچاوانەی کە ڕۆشنبیرانی ئێمە خوێندبوویانەوە یان ئاسان دەیانتوانی دەستیان پێ بگات و بیخوێننەوە، کارێک نەبوو لە ڕیزی پێشەوەی ئەرکە هەرە گەورەکاندا بێت.

ئامانجەکە ئەوە نەبوو ئێمە گۆڤارێکی تایبەت بە ناساندنی فیکری خۆراوا دەربکەین، بەڵکوو هەوڵ بدەین زەمینەسازی بکەین بۆ جۆرە فیکرێکی خودبین و خود خوێنەوە.

لەوەش بترازێت وەرگێڕان جۆرە کارێکە کە کارەکتەری خۆی دەوێت، هەر کەسێک لە بواری فیکر و ڕۆشنبیریدا کاری کرد مەرج نییە بتوانێت ببێتە وەرگێڕ، من بۆ خۆم لەو کەسانەم ناتوانم ببمە وەرگێڕ، کارەکتەری وەرگێڕم نییە. بە بڕوای من پرۆسەی وەرگێڕان تەنیا کاتێک مانای هەیە کە لە تەنیشت پرۆسەی بیرکردنەوەوە بڕوات. ئەو تێزەیەی پێی وایە وەرگێڕان دەبێت پێش نووسین و بیرکردنەوە بکەوێت، بۆچوونێکی دروست نییە. کەلەپووری فەلسەفی و کتێبخانەی کتێبە گرنگەکان بە ئەندازەیەک بەرفراوان و گەورەیە گەر پرۆسەی بیرکردنەوە ببەستینەوە بە پڕۆسەی وەرگێڕانەوە، دەبێت نزیکی دوو سەد بۆ سێ سەد ساڵ خەریکی وەرگێڕان بین بێ ئەوەی بیر بکەینەوە. من ئەوسا و ئێستاش بڕوایەکی پتەوم هەیە کێشەکانی ئێمە تەنیا بە خوێندنەوە و وەرگێڕان یان بە گواستنەوەی چەمکە خۆراواییەکان ناخوێندرێنەوە. ئێمە لەسەر ئەوەوە بینا ناکەین کە خۆراوا بونیادی ناوە، بەڵکو لە سفرەوە لەسەر زەمینێکدا ئیش دەکەین تیۆریزە نەکراوە، لەسەر واقیعێک دەنووسین هیچ ڕەهەندێکی ڕۆشن نەکراوەتەوە، هەندێک ئایدیا دەخەینە کار ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو دونیایەن کە خۆمان تێیدا دەژین. خۆراوا دەتوانێت تەنیا هەندێک کەرەستەی بیرکردنەوەمان بداتێ، نەوەک لە بری ئێمە بیر بکاتەوە. خودی ڕەهەند «لایەنی کەم وەک من لە ڕەهەندم دەڕوانی» بۆ ئەوە نەبوو فیکری خۆراوا بە خوێنەری کورد بناسێنین، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە بوو، کەرەستەگەلێکی فیکری تاقی بکەینەوە تا لە خۆمان و کێشە گەورەکانمان بڕوانین. ئەم ڕەخنەیە ڕەنگە زیاتر ڕەخنەی ئەو برادەرانە بێت کە کاری نووسەرەکانی ڕەهەندیان نەخوێندۆتەوە، بەڵکو لە دوورەوە ئەو وێنە گشتییەیان بینیووە، کە نووسەرانی ڕەهەند بە گشتی زۆر چەمکی فیکر و فەلسەفەی خۆراوایی بەکار دەهێنن. بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجەکە ئەوە نەبوو ئێمە گۆڤارێکی تایبەت بە ناساندنی فیکری خۆراوا دەربکەین، بەڵکوو هەوڵ بدەین زەمینەسازی بکەین بۆ جۆرە فیکرێکی خودبین و خود خوێنەوە. من بەش بە حاڵی خۆم، ڕاڤەکەر یان شەرحکەری فیکری خۆراوایی نەبووم. شوێنی ئیشکردنی من بە پلەی یەک مێژوو و ستراکتوری سیاسی و عەقڵی کورد و خۆرهەڵات بووە، هەندێک کێشەی ئەدەبی و فیکری بووە کە وەک نووسەر بوونەتە خولیام. زۆر گەڕاومەتەوە بۆ چەمکە خۆراواییەکان، بۆ ئەوەی وەک کەرەستەی بیرکردنەوە، وەک ئەدات، وەک بەهێزکردنی ژێرخانی مەعریفی بەکاریان بهێنم، بۆ ئەوەی پیشانی خوێنەرانی بدەم لەبەرامبەر هەمان گرفتدا نووسەرانی دیکە چ بۆچوونێکیان هەبوو، بۆ ئەوەی پیشانی بدەم لە ئاگاییەکی ڕاستەقینەوە بە ڕەهەندە فەلسەفی و فیکرییەکانی ئەو کێشەیە دەنووسم و لەسەر لم کۆشک و تەلار دانامەزرێنم. مەبەستی سەرەکیش لەو جۆرە پەیوەندییە، شکاندنی هەر شێوە فۆرمێکی عەبدایەتی و کۆیلەیەتی مەعریفی بووە لەنێوان ئێمە و خۆراوادا. بۆ ئەوە بووە ڕوون بێت، خۆراوا نابێت و ناتوانێت لە بری ئێمە بیر بکاتەوە. ئەوەی خۆراوا دەینووسێت، دەشێت کەرەستەی یاریدەدەرمان بداتێت، بەرچاو ڕوونییەکی مەنهەجیمان پێ ببەخشێت، یارمەتیمان بدات فۆرمێکی زانستی ببەخشین بە تێڕوانینمان، بەڵام خۆراوا ناتوانێت هۆکانی ئەو ناعەقلانییەتەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە لێرە دروست بووە، ناتوانێت لە کاریگەرییە ناوەکییەکانی مۆدێرنە لەسەر فۆرمی شارەکان و خێڵەکانمان تێبگات، یاخود ناتوانێت ئەنفالمان بۆ تەفسیر بکات، ناتوانێت کلیلی تێگەیشتنمان لە فاشیزمی خۆرهەڵاتی بداتێ. بە گشتی ئاڕاستەی ئیشکردنی من وەها بوو، خۆراوا نەگوێزینەوە بەڵکوو بەکاری بهێنین. بۆ نموونە، گرنگی کارەکە ئەوە نەبوو تەنیا ئەوە بگێڕینەوە مارکس چۆن پەیوەندیی پێکهاتی چینایەتی و سیاسەت دەخوێنێتەوە، بەڵکوو ئەوە بوو تێبگەین، بۆ هەمان کێشە لە خۆرهەڵات فۆرمێکی تەواو جیاوازی هەیە لە فۆرمە ئەوروپییەکەی.

لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیمدا وەک نووسەر زۆر جار چەمکی «غەیبانییەت»م بەکار هێناوە، چەمکێک ئێستاش جار جار دەگەڕێمەوە سەری، مەبەستم لە غەیبانییەت بەکارهێنانی ئەویدییە وەک ئەلتەرناتیڤێک لە بری بیرکردنەوەی خۆمان. بەکارهێنانی ئەویدییە وەک کەرەستەیەک تا غیاب و بێواربوونی عەقڵی خۆمان بشارینەوە. وەک چۆن مارکسیستەکان، مارکسیزمیان بەکار دەهێنا تا خۆیان بیر لە ستراکتوری کۆمەڵایەتی خۆرهەڵات نەکەنەوە. بە داخەوە لای ئێمە وەرگێڕانیش هەندێ جار جۆرێک لە پرۆسەی خۆشاردنەوە بووە لە پشتی ئەویدییەوە. لە نەوەی پێش ئێمەدا پرۆسەیەکی زۆر زۆر بچوکی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی مارکسی هەبوو، وەرگێڕان بەشێک بوو لە بونیادە ئایدۆلۆژییەکە، گەر مارکس یان برێشت یان گۆرکیت وەربگێڕایە ئەوە تۆ مارکسی بوویت، گەر کامۆ یان سارتەرت وەربگێڕایە وجودی بوویت. پرۆسەی وەرگێڕان لای ئێمە تا ئەمڕۆش ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژی هەڵاوێردکاری هەیە، وەرگێڕ لە ڕێگای فەیلەسوفێک یان دەروونشیکارێکەوە دەیەوێت شەڕی بیرکردنەوە و فەلسەفەکانی تر بکات. لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ کاری وەرگێڕەکان، بەڵام بەش بە حاڵی خۆم، هەمیشە دەخوازم نووسینی نووسەرانی کورد بخوێنمەوە نەوەک وەرگێڕانیان، دەمەوێت بیرکردنەوە و شێوازی تێڕوانینی خۆیان ببینم. وەرگێڕان شتێکی زۆر گرنگم لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤێک دەربارەی دونیای خۆی پێ ناڵێت، نووسینی ڕاستەقینە بەرهەمهێنانی فیکرە، نەوەک تەنیا گواستنەوەی فیکری ئەوانیدی. خۆرئاوا كه‌ له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وە بە چڕی له ‌ڕێگه‌ی گه‌ڕیده‌كانییه‌وه‌ ده‌ست ده‌كاته‌ وەرگێڕانی تێکستە خۆرهه‌ڵاتییەکان و ئه‌مڕۆش كه‌ باوه‌ش بۆ كتێبی خۆرهه‌ڵاتی ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ له ‌بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی خۆرهه‌ڵاتی تێبگات، وه‌رگێڕان كاتێك مانای هه‌یه‌ وه‌ك خۆراوا پشت ئه‌ستور بیت به‌ تیۆر و بیركردنه‌وه‌ی خۆت. وەرگێڕان جۆرێکە لە خوێندنەوە، جۆرێکە لە ڕاڤەکردنەوە، بەبێ هێزی خوێندنەوە و ڕاڤەکردن ئامانجی خۆی ناپێکێت.


کار نەکردنم وەک شاعیر و ڕۆماننووس زۆر ئازاری دەدام، من هەمیشە خۆم زیاتر لە ئەدەبیاتدا بینیوەتەوە تا هەر شتێکی تر. دڵنیاش بووم لە توانامدا نییە هەم کاری ئەدەبی خۆم بکەم و هەم گۆڤارەکەش بەڕێوەبەرین،

ژنەفتن: ئازادی و دواتر ڕه‌هه‌ند كوڕی سه‌رده‌می ڕزگاربوونن له‌ به‌عس و له‌ هه‌ناوی شه‌ڕی ناوخۆشدا گه‌شه‌یان كرد، بۆیه‌ به‌شی زۆری ڕه‌خنه‌كانی نووسه‌ره‌كانی له‌ حیزبی كوردی و بواری ڕۆشنبیری و ته‌نانه‌ت په‌روه‌رده‌ی كوردی نادیموكراتی بوونی بووه‌، بۆیه‌ بە جۆرێک دەکرێ بڵێین گوتاری سه‌ره‌كیی ڕه‌هه‌ند له ‌پێناوی دیموكراتیزه‌كردنی سه‌رجه‌می ژیانی كورددا بووه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ باشوور، ڕه‌هه‌ند سه‌رنجی زۆری خستۆته‌ سه‌ر ڕاڤه‌كردنی نادیموكراتی بوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان و (فاشیستیبوونی) حیزبی كوردی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی، به‌ڵام له ‌سه‌روبه‌ندی ده‌ركه‌وتنی ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلی و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا سه‌رنجی گه‌وره‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی بووه‌ نه‌ك نادیموكراتیبوون، خه‌ڵكی ناڕازی گوتارێكی تریان له ‌بری گوتاری دیموكراتیزه‌كردن هه‌ڵگرتووه،‌ گوتاری دژه‌گه‌نده‌ڵی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ وا قسه‌ ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌ركه‌وته‌كانی ڕۆشنبیری و به‌ره‌نگاری سیاسیی سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی دووه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلی و ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان به‌رهه‌می ڕه‌هه‌ند بن، ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندی دیالێكتیكی نه‌بوونی دیموكراتی و بوونی گه‌نده‌ڵی تێده‌گه‌ین، به‌ڵام شرۆڤه‌تان بۆ ئه‌م دوو گوتاره‌ چییه‌؟

بەختیار عەلی: بێگومان ئێمە گەرمەی کارکردنمان وەک ڕۆشنبیر کەوتە سەردەمێکی زۆر هەستیاری مێژووییەوە، سەردەمی کۆتایی هاتنی بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان، سەردەمی هەرەسی ئەخلاقی و سیاسیی بزووتنەوەی ناسیونالییستی کوردی، هاتنی ئەمریکا، ڕووخانی سەدام، سەرهەڵدانی چەندین فۆرمی جیاواز لە فاشیزمی دینی و تائیفی و نەتەوەیی … هتد. لە ڕۆژگارێکی وا جەنجاڵ و پڕ لە ڕووداودا هیچ مرۆڤێک ناتوانێت تەنیا سەیرکەر بێت. لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ڕەهەند کەمە کەمە بەرەو پاشەکشە و وەستان دەچوو. یەکێک لە هۆ سەرەکییەکان ئەوە بوو کە ڕەهەند وەک گۆڤار کارێکی زۆر و کاتێکی زۆری دەویست. من لەو ساڵانەدا کە لە ڕەهەنددا کارم دەکرد، زۆر لە پڕۆژە و لە خەونەکانی خۆم دواکەوتبووم. لە هەموو ئەو ساڵانەدا وەک کاری خۆم تەنیا “ئێوارەی پەروانە” و قەسیدەی “کتێبی پیاوکوژان”م نووسی بوو، خولیام بوو واز لە گۆڤارەکە بهێنم و بچمە سەر پڕۆژە ئەدەبییەکانی خۆم. کار نەکردنم وەک شاعیر و ڕۆماننووس زۆر ئازاری دەدام، من هەمیشە خۆم زیاتر لە ئەدەبیاتدا بینیوەتەوە تا هەر شتێکی تر. دڵنیاش بووم لە توانامدا نییە هەم کاری ئەدەبی خۆم بکەم و هەم گۆڤارەکەش بەڕێوەبەرین، ئەوەی بیرم بێت کاک مەریوان وریاش ئەو کات سەرقاڵی ئامادەکردنی دکتۆراکەی بوو لە زانکۆی ئەمستەردام. ڕاوەستانی ڕەهەند پتر هۆکارێکی تەکنیکی و شەخسی بوو، نەدەکرا لە یەک کاتدا هەم کار بکەین بۆ ئەوەی بژین، هەم پرۆژە تایبەتییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین، بخوێنین و بشخوێنینەوە، گۆڤارەکەش دەربکەین. کارێکی ئێجگار سەخت بوو کە ئیتر لە تاقەت و توانادا نەمابوو، بەتایبەت باری دارایی هەمووشمان زۆر لار بوو، تێچوونی گۆڤارەکەش تا دەهات دەچووە سەرێ. لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەی هاوڵاتی وەک یەکەم ڕۆژنامەی ئەهلی دەرچوو، بێگومان ئێمە وەک نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند، ڕۆڵێکمان لە بەهێزکردنی پێگەی ڕۆژنامەکەدا هەبوو، بەڵام ڕۆژنامەکە و سیاسەتەکانی ڕۆژنامەکە پەیوەندیی بە ئێمەوە نەبوو، ئێمە تەنیا کەسیش نەبووین لەوێدا دەماننووسی، زۆر نووسەرانی دیکەش لەوێ دەیاننووسی. بەڵام لەگەڵ وەستانی ڕەهەنددا ڕۆژنامەکە جۆرە هەناسەیەک بوو، کەمە دەرفەتێکی دەداینێ لەگەڵ خوێنەراندا لە پەیوەندیدا بین. هوشیاریی ڕەخنەیی لەو سەردەمەدا لە هەموو لایەکەوە هەڵدەقوڵا، واقیعی سیاسی و ئابووری بە جۆرێک ڕووی لە گەندەڵی بوو، کەس نەبوو نەیبینێت و دەرکی پێ نەکات. بەڵام لەو سەردەمەدا هێزە ناڕازی و ڕەخنەگرەکان پێویستیان بە دەنگێک بوو وشەکانیان و ناڕەزایەتییەکانیان بخاتە قاڵبێکی داڕێژراو و ڕوونەوە. ئێمە نووسەرانی ڕەهەند لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ڕۆڵمان لە دروستکردنی زمانێکی سیاسیی ڕەخنەییدا هەبوو، بەڵام ئێمە تەنیا دروستکەری ئەو هوشیارییە نەبووین، زۆر ڕۆشنبیرانی تری ئەو سەردەمەش تێیدا بەشدار بوون، جگە لەوە واقیعی سیاسیی کوردستان و هاوپەیمانی ستراتیژیی پارتی و یەکێتی خۆیان گەورەترین دروستکەری ئەو هوشیارییە ڕەخنەییە بوون. ئەوەی پێمان وابێت ئەگەر نوسەرانی ڕەهەند نەبووایە، خەڵک لە کۆتاییی نەوەدەکان و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا نەیاندەزانی پارتی و یەکێتی چین، هەڵەیەکی گەورەیە، بەڵام ئەوەی پێشمان وابێت نووسەرانی ڕەهەند لە بەخشینی زمان و داڕشتنی گوتاری ئۆپۆزسیۆندا لە کوردستان ڕۆڵێکیان نەبینیوە، ئەوەش بۆچوونێکی ڕاست نییە. ڕاستە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە جۆرێک تاڵ بوو، هەمووانی هوشیار کردبووەوە، بەڵام ئەم هوشیارکردنەوەیە بۆ زمانێک و فۆرمێکی گوزارشت لە خۆی دەگەڕا، نووسەرانی ڕەهەند و کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیری دیکەش لەوێدا ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی. بەڵام من ئەوە بە شتێکی هێند گرنگ و گەورە نابینم، بە تایبەت کە دەبینین ئەو جۆرە هوشیارییە، ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی لەم پرۆسەیە دروست بوو، نەبووە هێزێکی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە.

سیاسەت ئەو کایەیە بوو دەمویست سەرتاپای وەک کایە ڕەخنە بکەم، نەوەک ببم بە زمانحاڵی بەشێکی

ئەو کاتەی گۆڤارەکە وەستا، ئێمە وەک نووسەر لە گەرمەی چالاکیماندا بووین، هەر نووسەرە و دەبوو بۆ خۆی وەڵامی پرسیارەکانی سەردەمی خۆی بداتەوە. پرسیاری هەرە گەورەی ئەو ساتەش پەیوەندیی ڕۆشنبیر بوو بە کایەی سیاسییەوە. لای من گەندەڵی و نەبوونی دیموکراسییەتیش دوو دەرکەوتەن کە زادەی ئەو میکانیزمانەن کە لە کایەی سیاسیدا باڵادەستن. ئەو خورافەتەی گوایە دەکرێت گەندەڵی چاک بکەین، بێ ئەوەی کۆی کایەی سیاسی بخەینە ژێر پرسیارەوە، تێزێکی دروست نییە. من لەدوای 17ی شوباتەوە تەواو لام ڕوون بوو کە کایەی سیاسی بە تەنیا شتێکی گەورە ناخولقێنێت. ئەوەی ڕەخنەی فڵانە حیزب و فیسارە سەرکردە بکەیت، بەشێکی زۆر زۆر بچوکی پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و گەورەیە. چیتر کێشەکە ئەوە نەبوو، خەڵک هوشیار نین بۆیە دونیا ناگۆڕدرێت، بەڵکوو خەڵک بە ڕوونی دەیانزانی کێ و چۆن دەیانچەوسێنێتەوە و مافەکانیان دەخوات، لەگەڵ ئەوەشدا شتێکی گرنگ ڕووی نەدەدا. بۆیە لەو جوغزەدا وەستان ترسناک بوو. ترسناک بوو ئیشی من ببێتە ئەوەی، تەنیا گوزارشت لە هوشیارییەکی سیاسیی دیاریکراو بکەم. ئەگەر من وا وێناکرابام کە تەنیا خولقێنەری زمانێکی گوزارشتی سیاسیم و ئەوە بەرزترین ترۆپکێکە من پێی گەیشتبێتم، ئەوە دەرەنجامێکی زۆر غەمگین دەبوو. سیاسەت ئەو کایەیە بوو دەمویست سەرتاپای وەک کایە ڕەخنە بکەم، نەوەک ببم بە زمانحاڵی بەشێکی. لای من هێزی نووسەران لە کاریگەرە سیاسییەکەیاندا نییە، بەڵکوو لە هێزە مەعریفییەکەیاندایە، هەروەها هێزی مەعریفەش لەوەدایە بچێتە جەنگی ئەو جۆرە کایە سیاسییەوە نەوەک ببێت بە شەریکی. هەر دروست لەو قۆناغەشدا بۆ یەکەم جار زۆر بە ڕوونی بەر ڕاستییەکی تاڵ کەوتین «کە هەندێک تا ئەمڕۆ پێیان قەبووڵ ناکرێت و ناتوانن دانی پێدابنێن»، ئەویش ئەوەیە: کاریگەریی فیکر لەسەر سیاسەت کاریگەرییەکی بچوکە. کاریگەریی ڕۆشنبیر وەک ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیر بە تێزەکانییەوە، بە گوتارەکانییەوە، بە قووڵاییە فیکرییەکەیەوە لەسەر واقیعی سیاسی ئێجگار سنووردارە، چونکە مەحاڵە بە فیکر جەهل ڕیفۆرم بکەیت، مەحاڵە بە فیکر کار لە سیاسییەکی گەمژە یان کۆیلەیەکی حیزبی بکەیت کە هەرگیز ناتوانێت لە ڕستەیەک تێبگات بۆنی فیکری لێ بێت. مەحاڵە بتوانیت بە فیکر وا بکەیت ئەوانە جیهانبینیی خۆیان بگۆڕن یان دەستبەرداری قازانجەکانیان ببن. کەسانێک کە ئێستا باس لە ڕۆڵی ڕۆشنبیر دەکەن، ستایشی ئەو ڕۆڵە دەکەن یان گلەییان لێی هەیە، ڕاستییەکەی باس لە ڕۆشنبیر دەکەن کاتێک ڕاستەوخۆ دەبێت بە فیگەرێکی سیاسی، دەبێتە لایەنگر یان دوژمنی هێزێکی سیاسی، واتە مەبەستیان ڕۆشنبیرە کاتێک بەرگی فیکر دادەکەنێت و بەرگی سیاسەت لەبەر دەکات، لە شرۆڤەکاری فیکرەوە دەبێت بە شرۆڤەکاری سیاسەتی ڕۆژانە. بە بڕوای من ئەوە ئەو تاوانە گەورەیەیە کە نابێت ڕۆشنبیری کورد بیکات و دووبارەی بکاتەوە. ڕۆشنبیرێک بە بوون بە سیاسی بیەوێت مرۆڤدۆستی و هەڵوێستی خۆی بگەێنێت، ڕۆشنبیرێکە عەقڵی مەعریفی و تێزی فیکریی خۆی کردووە بە ژێردەست و کۆیلەی عەقڵی سیاسی.

لە ڕاستیدا ئەگەر درۆ لەگەڵ خۆماندا نەکەین، لە ئەوسا و لە ئێستاشدا، پرسیارە گەورەکە ئەوە نەبووە: ئاخۆ خەڵک هوشیارن یان نا؟ ئاشکرایە خەڵک هوشیار بوون و پێویستیان بە کەس نەبوو پێیان بڵێت کێ دەیانچەوسێنێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەبوو: بۆ لەگەڵ ئەوەدا کە خەڵك هوشیارن کایەی سیاسی شتێکی نوێ بەرهەم ناهێنێت؟ بۆ توندوتیژی بە جۆرێکی ترسناک پەرەدەستێنێت؟ بۆ پۆپۆلیزم هەموو جێگایەکی گرتۆتەوە؟ بۆ جەنگی هەمووان دژی هەمووان تا بێت ڕوونتر دەبینرێت و دەردەکەوێت؟ بۆ فیکری دینی توندڕەو و ناسیونالیزمی توندڕەو لە هەموو جێگایەک پەرەدەستێنن؟

ئومێد بە گۆڕانکاریی پەرلەمانی لەناو ئەو کایە سیاسییەدا، جگە لە سەراب و خەیاڵپڵاو زیاتر هیچی تر نییە.

بێگومان منیش سەرەتا جۆرە ئومێدێکی پڕ گومانم هەبوو، لەو باوەڕەدا بووم دوای ڕووخانی سەدام، دوای بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان ڕەنگە هەندێ بەرەوپێشچوون هەبێت، ئومێدێک هەبێت بۆ هەندێک ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی دیموکراسی، بۆ کەمبوونەوەی گەندەڵی، من لەو مرۆڤانەم باوەڕم وایە ئەگەر تروسکاییەک هەبوو نابێت فەرامۆشی بکەین، ئەگەر تروسکاییش نەبوو نابێت بانگەشە بۆ ڕۆشنایی درۆ بکەین. دواتر ڕوونبوو ئەو جۆرە ئومێدانە، بەتایبەت ئومێد بە گۆڕانکاریی پەرلەمانی لەناو ئەو کایە سیاسییەدا، جگە لە سەراب و خەیاڵپڵاو زیاتر هیچی تر نییە. ڕووخانی سەدام و هەرەسی ئۆپۆزسیۆنی کوردی دوو نیشانە بوون کە سیستمەکە گرێدراوی هەندێک کەس و هەندێک هێز نییە بە تەنیا، بەڵکو سستمێکی ڕیشەدارتر و بنجبەستووترە لەوەی دەبینرێت. لەو ساتەوە پرسیارەکان لای من گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هات. گرنگترین شتێک لای من ئەوە بوو، ئەو هێڵەی لە سەرەتاوە لە ڕەهەنددا لەنێوان کایەی سیاسی و ڕۆشنبیریدا کێشرا توختر بکرێتەوە. ئەگەر پرسیارەکە لای هەندێک ئەوە بووبێت، ئاخۆ ئێمە کاریگەریمان لەسەر کایەی سیاسی هەیە یان نا؟ پرسیارەکە لای من ئەوە بوو: بۆ کایەی سیاسی کاری تێ ناکرێت؟ سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا ئەکتێکی لاقەکردن (اغتصاب)ی کۆمەڵگایە، ئەگەر سەرنج بدەیت هەتا ئەو ڕۆشنبیرانەی بە شان و باڵی سیاسەتدا هەڵدەدەن تەنیا لەدەرەوەی کایەکەوە قسە دەکەن، چونکە دەزانن ئەگەر ڕاستەوخۆ خۆیان بچنە سیاسەتەوە، بە شکستێکی گەورەوە دێنەدەرێ. تەنیا دەرگایەک ڕۆشنبیر چیتر بتوانێت لێوەی بچێتەوە ناو سیاسەت، بە ڕەخنەکردنی تەواوی کایەی سیاسیدا دەڕوات وەک پایەیەک کە سیستمێکی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، ئابووری ڕاگرتووە، بە پاککردنەوەی خەیاڵماندا دەڕوات لەو وەهمانەی گوایە دەکرێت لەم کایەیەدا شێوازێکی هاوشێوەی لیبرالییەتی ئەوروپی دابمەزرێت، بە تێگەیشتنماندا دەڕوات لە ڕەهەندە فاشیستییەکانی هەموو هێزە سیاسییەکان، بە خوێندنەوەیەکی نوێی مێژووی خۆرهەڵاتدا دەڕوات. ئەوەی دەبێت سیاسەت شوناس بدات بە ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیر لە کایەی سیاسیدا و بە کرداری سیاسی دڵسۆزی خۆی بۆ کۆمەڵگا بسەلمێنێت، کۆمەڵێک بۆچوونی کلاسیکین دەبێت یەک جار و بۆ هەتاهەتایە کۆتاییان بێت. سیاسەت بەر لەوەی قەدەری مرۆڤەکان و کۆمەڵگای بدرێتە دەست، دەبێت بە ئەکتێکی خوێندنەوەی زانستی و فەلسەفی و مەعریفیدا تێبپەڕێتەوە. وەزیفەی ڕۆشنبیران چیتر لەناو کایەی سیاسیدا نییە، بەڵکوو لەدەرەوەی ئەو کایەیەیە، ڕەخنەکردنییەتی، دەرخستنی دەموچاوە فاشیستییەکەیەتی، دەرخستنی ئەو درۆ و وەهمانەیە کە ئەم کایەیە بڵاوی دەکاتەوە، فریو نەخواردنە بەو گەمە ناشیرینانەی سیاسییەکان بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و بەرگریکردن لە کۆمەڵگاوە پێی هەڵدەستن. من باوەڕم بەوە نییە کار لەسەر کایەی سیاسی بکرێت، بەڵکوو باوەڕم بەوەیە کار لەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگا بکرێت کە پڕن لە دوودڵی بەرامبەر هێزە سیاسییەکان، ئەو کەسانەی لەدەرەوەی کایەی سیاسین. ئەو گومانەی کە دەرهەق بە حیزبەکان هەیە لە تەواوی خۆرهەڵاتدا بەردەوام گەورە دەبێت، لە لوبنان، لە سوریا، لە عێراق، لە ئێران، لە کوردستان… خەڵکی تەواو باوەڕیان لەدەستداوە سیاسەت هیچ بگۆڕێت. خەڵکی کاتێک دەڕژێنە سەر جادە بە تەنیا دژی دەوڵەت یان حیزبێک خۆپیشاندان ناکەن، دژ بە هەموو کایەی سیاسی، دژ بە هەموو حیزبەکان خۆپیشاندان دەکەن. خودی ئەو بڕوایە تاکە ڕێگایەکە بشێت لێوەی شتێکی ڕادیکاڵ و نوێ بەرهەم بێت. سیاسەت دەبێت سەرلەنوێ و لەسەر ڕۆشنایی ئەم مێژووە بەردەوامە لە توندوتیژی و فاشیزم پێناسە بکرێتەوە، بەبێ پێناسەیەکی نوێ بۆ سیاسەت کە تێیدا فیکر مانای سیاسەت دیاری بکات، تا هەتاهەتایە لە بازنەیەکی بۆشدا دەسووڕێینەوە. ئەگەر ئەو خەڵکانەی لەدەرەوەی حیزبن و لەدەرەوەی هێزە سیاسییەکانن نەزانن کێشەکە لە کوێدایە، نەزانن سەدەیەکە گیرۆدەی فاشیزمێکی سیستماتیکن، نەزانن کایەی سیاسی تەنیا بە وابەستە لەگەڵ کایەی فیکر و هونەر و فەلسەفەدا دەشێت بتوانێت خۆی لە فۆرمی ئێستای ڕزگار بکات، ئەوا بێگومان بۆ هەمیشە لەو بازنە بۆشەدا دەمێنینەوە.


ژنەفتن: به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و بوارانه‌ی نووسه‌رانی سه‌ره‌كیی ڕه‌هه‌ند كاریان له‌سه‌ر كردووه‌ ده‌بینین كه‌مترین گرنگی به‌ بابه‌ت و پرسی ژنان دراوه‌، ده‌زانین كه‌ زه‌حمه‌ته‌ نووسه‌رانێكی جیدی به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن بكرێت ئاوڕ له‌ هه‌موو پرسه‌كان بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ پرسی ژن به ‌تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پاشكه‌وتوو و تازه‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا له ‌هه‌ره‌ پرسه‌ گرنگه‌كانه‌، ئێوە چۆن شرۆڤه‌ی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟

بەختیار عەلی: هەموو قسەکردنێک لەسەر کێشەی ئازادی، عەشق، پەتریارکییەت، فاشیزم، عەقڵی خورافی…هتد قسەکردنە لەسەر ژنیش. کێشەکە لەو کەسانەدایە کە باس لە ژن دەکەن، بەڵام ڕوانینێکی ڕوون و جیدییان لەسەر چەمکی ئازادی، عەشق، مۆراڵ، خورافەت، ئایدۆلۆژیا … هتد نییە. باسکردن لە ژن گەر بە ناو باسکردندا نەڕوات لەسەر وێنەیەکی نوێ بۆ جیهان و دەسەڵات و پەیوەندییە مرۆییەکان، باسکردنێکی بێسوودە. قسەکردن لەسەر ژن دەبێت بە خوێندنەوەدا تێبپەڕێت لەسەر شێوە مۆدێرنەکانی کۆیلەیەتی و شێوازەکانی نزم ڕوانین لە مرۆڤ. کێشەی ژن گرێدراوی نیگای ئێمەیە بۆ ڕیزێک کێشەی بنەڕەتی دیکە. ئەستەمە بتوانین لەسەر چەوساوەکان بدوێین، بێ ئەوەی قسە لەسەر هەموو جومگەکانی چەوساندنەوە بکەین. ئەگەر بە ئینسافەوە سەیری کاری ئەدەبی و فیکریی من بکەیت، من لەو سی ساڵەی رابوردوودا بێوچان لەسەر ڕزگارکردنی مرۆڤ لە وەهم، لە کۆیلەیەتی، لە ئایدۆلۆژیا، لە شەڕانگێزی کارم کردووە، هەموو ئەو تەوەرانەش پەیوەندییەکی ڕوون و ئۆرگانییان بە کێشەی ژنەوە هەیە. ئەوەی بمانەوێت باس لە ژن بکەین، بێ ئەوەی ڕوانینێکمان هەبێت بۆ مرۆڤ بە گشتی، بۆ ئازادی، بۆ دەسەڵات، بۆ بونیادی کولتووری، بۆ بونیادی عەقڵ، بۆ پێکهاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوا ناتوانین لە هەندێ ڕستەی کڵێشەیی و هەندێک دروشم زیاتر هیچ دیکە بەرز بکەینەوە. تەنیا کاتێک دەتوانین خەباتی ڕاستەقینە بۆ ژن بکەین، کە دژ بەو تێڕوانینانە بجەنگین کە سیستمی کۆیلەیەتییان دامەزراندووە و درێژەی پێدەدەن. ڕەخنەگرتن لە مەرگدۆستی، لە موقەدەسگەرایی، لە کولتووری عەوام، لە فاشیزم، ڕەخنەگرتنە لە کۆی ئەو میکانیزمانەی ژنیش دەکەنە کۆیلە. نیگاکردن لە مەسەلەی ژن لە نیگاکردن لە کۆی میکانیزمەکانی ئیشکردنی سیستمەکە جیانابێتەوە. ئەوەی پێمان وابێت کە دەتوانین لەسەر کێشەی ژن قسە بکەین، بێ ئەوەی لەسەر کۆی سیستمەکە قسە بکەین، هەموو مانایەکی ڕادیکال و بایەخدار لە کێشەی ژن دەکاتەوە.

ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە بە جۆرێک پیسە، پیسبوونی ژینگەی سروشتی لە یاد بردووینەتەوە. فشاری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە، مرۆڤ بە زەحمەت دەرفەتی هەیە ئاوڕ لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سروشتدا بداتەوە.

ژنەفتن: پرسێکی تری زۆر گرنگ کە لە لایەن بیرمەندانی چارەکی کۆتایی سەدەی بیستەم ئاوڕی جیدیان لێدراوەتەوە، پرسی ژینگەیە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لەنێو نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی نەبووتە پرسێکی گرنگ، ئەمە بۆ بێ ئاگایی لە هزر و فەلسەفەی نوێی ڕۆژاوا و تەنانەت بزووتنەوە سیاسیی ڕۆژاوا ناگەڕێتەوە؟ بەشێکی گرنگی پشتگوێ خرانی ئەم پرسانە لە لایەن ئێوە و جەخت کردنەوە لەسەر کۆمەڵێ پرسی دیکە بۆچی دەگەڕێننەوە؟

بەختیار عەلی: ڕەخنەکەتان لە جێگای خۆیدایە، مەسەلەی ژینگە تا ئەندازەیەکی زۆر مەسەلەیەکی فەرامۆشکراوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە بە جۆرێک پیسە، پیسبوونی ژینگەی سروشتی لە یاد بردووینەتەوە. فشاری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە، مرۆڤ بە زەحمەت دەرفەتی هەیە ئاوڕ لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ سروشتدا بداتەوە. ڕەنگە کەم تا زۆر لێرە و لەوێ ئاماژەم بە هەندێک لە هۆکارەکان دابێت، بەڵام کارێکی زۆر تایبەت و جیدیم لەسەر نەکردووە. ئێمە لە سەردەمی «گۆران»دا، پەیوەندییەکی زۆر جوان و سروشتیمان لەگەڵ سروشتدا هەبوو. گۆران عاشقێکی گەورەی سروشتە، سروشت وەک خۆی باس دەکات، هەوڵدەدات چێژ لە هەموو جوانییەکانی ببینێت. بەڵام لەگەڵ بەهێزبوونی بزاوتی ناسیونالیستی کوردیدا شێوەی ئەو پەیوەندییە دەگۆڕێت، سروشت لای شێرکۆ، سروشتێکی تەواو بە سیاسی کراوە، بەشێکە لە جەستەی نەتەوە، توند بە ڕۆحی نەتەوەی کوردەوە گرێدراوە. لە شیعری شێرکۆدا کە مرۆڤی کورد ئازار دەچێژێت، سروشتیش هاوار دەکات، درەختەکان دەقیژێنن و زەوی لەگەڵ ئازارەکانماندا دەخرۆشێت. بە سیاسیکردنی سروشت دەرەنجامەکەی ئەوەیە ئێمە سروشت تەنیا وەک قەوارەیەکی سیاسی دەبینین، لە مانا سیاسییەکەیدا سەیری دەکەین نەوەک لە مانا گەورەکەیدا وەک جۆرێک لە ژینگەی هاوبەش بۆ هەموو بوونەوەران. ئەم بۆچوونەی شێرکۆ پەرچەکردارێکە تایبەت بە دۆخی مرۆڤی کۆلۆنیالیزەکراو. لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیدا، تاریق ئاکانسۆ کە دەیەوێت کوردستان داگیر بکات، نایەوێت تەنیا مرۆڤەکان ملکەچ بکات، بەڵکوو خواستێتی بگاتە ئەو بەشە نهێنی و تاریکەی لەناو سروشتیشدا هەیە. کۆلۆنیالیزم وادەکات پەیوەندیی مرۆڤ بە خاکەوە ببێت بە پەیوەندییەکی سیاسی ڕووت، ئەوەش بۆچوون و خەیاڵمان بۆ سروشت دەشێوێنێت، تا نیگامان بۆ سروشت لەو تێڕوانینە سیاسییە پاک نەکەینەوە، ناتوانین جارێکی تر سروشت وەک خۆی، وەک سروشت ببینین . لە ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە» و «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان»دا هەوڵمداوە کەم تا زۆر، جارێک سروشت وەک ڕزگارکەر و جارێکیش سروشت وەک شوێنی جوانی و حەقیقەتی ڕاستەقینە وێنا بکەم. عەشقستان لە ئێوارەی پەروانەدا، میتافۆرێکە بۆ سروشت وەک ڕزگارکەر، وەک دوا پشت و پەنا و پەرێزی مرۆڤەکان، ڕزگارکەرێک کە ناتوانێت بە تەنیا مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەگەر مرۆڤەکان بە ڕاستی یەکتریان خۆش نەوێت. لە کۆشکی باڵندەکانیشدا ناو سروشت تەنیا جێگایەکی ڕاستەقینەیە کە مرۆڤ تێیدا هێزی خۆی، عەشقی خۆی تاقی دەکاتەوە. بەڵام هەموو ئەمانە ئاماژەی ناڕاستەوخۆن، ئەمڕۆ کێشەی ژینگە سات بە سات و ڕۆژ دوای ڕۆژ جێگایەکی گرنگ وەردەگرێت کە مان و نەمانمانی پێوە بەستراوە و شایەنی قسەکردنی لەمانە قووڵتر و وردترە.