چۆن «ڕەهەند» بخوێنینەوە؟

تەوەرێک دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی»

«ڕەهەند» و تۆمارى «مێژوو»

ڕەنگە ئاشکرا بێت کە «مێژوو» خۆى قسەکەرى کۆتاییی شتەکانە، ئەوەى مێژوو تۆماری دەکات سەرووترە لە ویستى ئەم کەس و ئەو کەس. بۆیە قسەکردن لەسەر «ڕەهەند»، قسەکردنە لەسەر شتێک کە مێژوو پێشوەخت قسەى تیا کردووە، بۆیە ئێستا باسەکە دێتەوە بەردەم زۆرێکمان و ئێمە بە نێوانگریی مێژوو هاتووینەگۆ. دیارە هەر لە سەرەتاوە وشەى «مێژوو»م خستە کەوانەوە، چونکە لە شوێنانى تردا ڕێژەیەک گومانمان هەیە لەوەى ئەو «مێژوو»ـەى بەکاری دێنین، هەموو خەسڵەتەکانى مێژووى مۆدێرنى خۆراوایی هەڵگرتبێت. گریمانەکەمان ئەوەیە لێرەدا باییی ئەوە کەڵەکەبوونى ڕووداو و ڕابردوومان هەیە، کە لە کەوانەشدا بێت چەمکى «مێژوو» بەکار بێنین. لەمە بترازێت ئەوا چەمکى «مێژوو» گەلێک گرفتدارە و هەموو ئەم گرفتانەى ئێرەشى لەخۆ گرتووە کە بریتیین لە مۆدێرنە، پانتاییی ڕۆشنبیرى، ئەرکى ڕۆشنبیر و هتد، کە سەرتاپا لە هەناوى «مێژوو»ـى مۆدێرنەوە دێنەدەرێ. خاڵەکە لەوێدا ئاڵۆز دەبێتەوە بۆمان کە ناچارین ئەو چەمکە مۆدێرنە مێژووییانە لە خۆراواوە وەربگرین، لە کاتێکدا خودى گەشە مێژووییە سروشتییەکە لاى ئێمە ئامادەیی نییە. خۆراوا خۆى چەمکى «مێژوو» بەرهەم دێنێت، فەلسەفەى هیگڵ خۆى بەڵگەیەکى ڕوونە لە فیکریى مۆدێرندا. بەڵام ئەم چەمکە یان بگرە هەموو مۆدێرنەى خۆراوا بۆ دەرەوەى خۆى وەک سەنتەرێکى غایب(Absent center)ـى لێ دێت، بەتایبەتیش بۆ ئێمەى کورد. هەر شتێکى خۆراوا لێرە بێت، ئەوا مۆدێرنەکەى وەک ڕووداوێکى تاقانە لێرە نییە. دەبێت لە ڕێگەى هاوشوناسبوون و خۆهاوشێوەکردنەوە، لێى نزیک بینەوە. گەر پانتاییی ڕۆشنبیرى وەربگرین بەو فۆرمەى زۆر کەس مەبەستێتى، ئەوا چەمکێکى مۆدێرنە و سەر بە خۆراوایە. بەڵام کۆمەڵگاکانى تریش گواستوویانەتەوە و دوو سەدە زیاترە لە قەیرانەکانیدا دەژیین. ڕیشەى قەیرانەکەش، بە پلەى یەکەم هەر ئەوەیە کە سەنتەرە غایبەکە لێرە نییە، بەڵکوو لە جێیەکى ترە. هاوکات ئەمە ڕێى لەوەش نەگرتووە کە کۆمەڵگاکانى تر پانتاییی ڕۆشنبیرى دروست بکەن، بەڵکوو بە هەموو قەیرانەکانییەوە ناتوانن دانیشن و دروستی نەکەن. بەڵام ئیتر ڕوونیشە دەبێت دەستوپەنجە لەگەڵ ناهاوسەنگییەکى بنەڕەتییدا نەرم بکەن کە بەرهەمى ئەو سەنتەرە غایبەیە. هەمووان دەزانن مۆدێرنە ناوێکى تاقانەیە بۆ ڕووداوێک لە خۆراوا، بەڵام ژمارەیەکى زۆر فۆرمیشى لێ دەکەوێتەوە و هەریەکە چارەنووسى خۆى دەگرێتەبەر(بۆ نموونە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست چارەنووسى جیاجیا و هاوکات هاوبەشیشى هەیە). جا لە خۆراوا مۆدێرنە لە ڕەوتى گەشەى خۆیدا بەرەو پۆستمۆدێرنە هاتووە و باس لە سستبوون و تەنانەت کۆتاهاتنى ئەرکەکانى مێژوو دەکرێت. بەڵام وێڕاى ئەمەش، مێژوو کۆمەڵێک ئەرکى ترى هەر دەمێنێت، چونکە سەرەنجام مرۆڤ وەک سوبێکت ناتوێتەوە، هەتا لەوپەڕى بێ‌ئاراستەیی و پشێوییشدا مێژوو جۆرە داوەرییەکى هەر دەمێنێت. بۆ ئەوەى لە باسەکە دوور نەکەوینەوە، ئاماژەکەمان لەسەر ئەم داوەرییەى مێژووە کە لە خۆراوا بێت یان نوسخە خۆرهەڵاتییە/کوردییەکەیدا، ئەوا لایکەمییەکەى دەنگێک و ئاسەوارێکى کاڵیش بێت هەر جێ دەهێڵێت. بۆ ئەوەشى چالاکییەکى تایبەت یان پرۆژەیەک لەناو کولتوورێکدا بخوێنینەوە، ئەوا پێم وایە هەرچەند گوماناوى و خەوشداریش بێت، ئەوا پێویست بەوە دەکات پێوەرەکە بەڕۆشنى بخەیتە ڕوو: واتێدەگەم «تەوقیت – کاریگەرى – بیرەوەرى» ئەو سێ توخمەن کە لە پرۆسەیەکى زەمەنیدا دەتوانن ناوى دیاردەیەک یان ڕووداوێک یاخود پرۆژەیەک تۆمار بکەن. واتە مێژوو جۆرە پاکانەحیسابێکى ناوەکی هەیە کە لەسەروو ویستى هەمووانەوە دەگوزەرێت. لە پانتاییی ڕۆشنبیریدا، زۆر جار قۆستنەوەى تەوقیتێک وادەکات کاریگەرى لە ئاستێکدا جێ بمێنێت و سەرەنجام ببێتە بیرەوەرى، واتە ئەم سێ توخمە شتێک تۆمار دەکەن. ئێستاش کە باسى گۆڤارى «ڕەهەند» دەکەین، پێم وایە بەرەنجامى ئەم سێ توخمەیە، بۆیە لە جێیەکى پانتاییە ڕۆشنبیرییەکەماندا تۆمار کراوە و ئەمڕۆ دێین قسەى لەسەر دەکەین. بەڵام قسە بکەین یان نا، «مێژوو» هەڵیکۆڵیوە و لەخۆیدا هێشتوویەتییەوە. ئەم داوەرییەى «مێژوو»، شتێکە لە دەسەڵاتى بکەرە مرۆییەکان بەدەرە. هەتا لە مانا پێشمۆدێرنەکەى مێژووشدا هەر بەم جۆرە بووە. دیارە ڕەنگە چینێک، توێژێک و بنەماڵەیەک کۆمەڵێک ڕاستى بەلاڕێدا ببەن، بەڵام هەموو ئەگەرەکانى ڕاستییەکە داناخەن و دەرفەتى دۆزینەوە و هەڵماڵینى هەر تیا دەمێنێت. ناڵێم «مێژوو» خوایەکى دادپەروەرە، بەڵکوو هیچ نەبێت کۆمەڵێک نۆرم و ڕێساى تایبەت بە خۆى هەیە کە تەوقیت و چرکەساتە مەرامدارەکانى خۆى تۆمار دەکات. جا بۆیە «مێژوو» گەرچى زۆر ڕەخنە کراوە و گوتراوە هەندێ لە ئەرکەکانى لەدەست داوە، بەڵام پێم وایە کۆمەڵێک ئەرکى ترى هەیە کە هەروا ئاسان لەناو ناچێت. مرۆڤەکان هەتا بەبێ ئاراستە و شێتانە و سوریالییانەش درێژە بە ژیانى کۆمەڵایەتیی خۆیان بدەن، ئەوا ڕێسایەکى مێژوویی دەمێنێت کە دادگایی کارەکانیان بکات. ئەم ڕێسایە لە ئاسمانەوە نەهاتووە، بەڵکوو گەر هەر وشەى ئاسمان خۆى بەکار بێنین لە ئاسمانى نێوسوبێکتى و پێکەوەیی مرۆڤەکانەوە خوڵقاوە. بەرەنجامى ئەو زێدەیاسایانەی ڕۆژانەیە کە کۆدەبنەوە و مەحکەمەیەک دروست دەکەن. مێژوو شتەکان تۆمار دەکات، بەڵام ئەو شتانەى کە پەیژە سروشتییەکانى گەشەیان بڕیوە. مێژوو خاڵى نییە لە چانسى کوێرانە، بەڵام چانسەکان تواناى ئەوەشیان نییە بۆ ماوەیەکى زۆر درێژ یاساکان بسڕنەوە و پەکی بخەن. چانس، ترازانێکە لە درزى یاساکانى ناو مێژوو خۆیەوە. ئەم یاسایانە، کۆمەڵێک یاساى پەستێنراون، هەزاران چرکەسات لێک دەدەن و چکاوەیەکى لێ وەردەگرێت. زۆر جار شتێک دەکەیت و پێت وایە گرنگە، بەڵام لە مێژوودا خاڵێکى زۆر بچوکیش نییە. مێژوو هەزاران خاڵ گرێ دەدات بە یەکترەوە و ساتێکى بچوکى لێ تۆمار دەکات. 

«ڕەهەند» چرکەساتێکى تۆماربووى ڕۆشنبیریمانە و بەر لەوەى ئاکارى مرۆیی تۆماری بکات، لە لایەن ئاکارە ناوەکییەکەى «مێژوو» خۆیەوە تۆمار کراوە.

بەنیسبەت پانتاییی ڕۆشنبیرییشەوە، سەربارى هەموو کزى و فەرامۆشى و ئاستەنگە کۆمەڵایەتى و کولتورییەکانى، دیسان جۆرێک لە فاکتى تاریخى هەیە چالاکییەکان تۆمار بکات. خاڵە فیکرییەکە لێرەدا بەسەریەکەوە بریتییە لەوەى کە «ڕەهەند» چرکەساتێکى تۆماربووى ڕۆشنبیریمانە و بەر لەوەى ئاکارى مرۆیی تۆماری بکات، لە لایەن ئاکارە ناوەکییەکەى «مێژوو» خۆیەوە تۆمار کراوە. دیارە «مێژوو» خۆى دیاردەیەکى بەتەواویى دەرەکى نییە، بەڵام کۆمەڵێک دیوى مرۆیی لەخۆیدا کۆدەکاتەوە و لە دەستى تاکەتاکەى مرۆڤەکان دەریدێنێت و هەر بەسەر خۆیشیاندا پیادەی دەکاتەوە. ئەم پیادەکردنەش، بە هۆى پرۆسەیەکى پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤانەوە تێدەگەین: پاش دوو دەیە زیاتر، ڕەهەند دەبێتە «ڕەهەند». هەمیشە کەمێک درەنگتر تێدەگەین چى ڕوویداوە. بە مانایەکى تر، لە کۆدا و بە چاوێکى گشتبینانەوە تێدەگەین چ ڕوویداوە. «مێژوو» لە بەشدا ناگیرێت و ناخوێنرێتەوە، تا ئەو کاتەى نەیبەستێت بە گشت و کۆى پرۆسەکەوە. ڕەنگە زەحمەت بێت لە نووسینێکى بچوک و سەرەتایی وەهادا، قۆناغێک هەڵسەنگێنین کە بەشێکى ئۆرگانى نەبوویت لێى، بەڵام پێدەچێت ئەو مافە سەرەتاییەمان هەبێت بەر لە هەرشت وەک جۆرە خوێنەرێکى «ڕەهەند» هەندێک جێکەوت و ئینتیباعى زەینیی خۆمان بخەینە ڕوو.

ناوى «ڕەهەند» جۆرە گەرمى و دڵگەرمییەکى ڕۆشنبیریى بە مرۆڤ دەبەخشێت. بەڵام ئێستا دۆخێکى هێند پەرت و ساردە، کە ئەو گەرمییە بە ڕێگایەکى کەمێک دووردا دەگاتەوە پێمان کە زمانە. زمان وێڕاى نزیکییەکەى، کەچى دوورییەکى تایبەت بە خۆیشى دروست دەکات. زۆر جار من لە “گەرمیی زمان” دەترسم. مەبەستم لە گەرمیی زمان ئەو ساتەیە کە دەست دەکەیت بە قسەکردن و لەگەڵ بەکارهێنانى زماندا ئەو فەزایە دەگۆڕێت کە کەمێک لەوەوبەر هەبوو. بۆ نموونە دەتەوێت واقیع و فەزا خۆى بدوێت، ساردى و نایەکانگیرییەکەى بگات، بەڵام کاتێک ملکەچى زمان دەبیت و دەتەوێت تەعبیرى لێ بکەیت ئیتر فەزاکە کەمێک دەشێوێت. ئەمە بۆ پرسى ڕۆشنبیرییش لاى خۆمان درووستە. بۆ نموونە کاتێک باسى ڕۆشنبیرى ناکەیت، شتێکى لەو جۆرە ئامادەییەکى ئەوتۆى نییە، باسى هەمووشت هەیە ڕۆشنبیرى نەبێت، ناوێکى سارد و پەراوێزى و غایبە. بەڵام کاتێک دێیتەگۆ و وشەى پانتاییی ڕۆشنبیرى بەکار دێنیت، ئیتر جۆرە وجودێکى سەیر دەگرێتە خۆى. وجودێک کە کەمێک لەوەوبەر هەستت دەکرد نییە، کۆمەڵێک ورتکەوێنەیە، خەیاڵێکە و هیچى تر. لە ساتى قسەکردندا، ئەم گەرمییەى زمان، فریودەرە. شتانێک دەنێت بەیەکترەوە کە لە دەرەوەى قسەکردنەکە خۆیەوە هێند یەکانگیر و بەهێزیش نین. بەڵام چاریشمان نییە ئەوە نەبێت لە ڕێى زمانەوە تەعبیر لە نەبوون و غیابى ئەو شتانەش بکەین کە نین یان هێجگار تەنک و لاوازن. ڕەنگە ئەم هەستە، نەک بۆ باسوخواسى ڕۆشنبیرى، بەڵکوو لاى زۆر کەس و بۆ زۆر بۆنەى تری ژیانیش لەئارادا بێت. بەهەرحاڵ، پێم وایە بمانەوێت و نەمانەوێت وشەیەکى وەک «ڕەهەندییەکان» گەر لە زۆر جێدا تەمومژ بێت و ماناى «نەبێت!»، ئەوا لە جێیەکدا هەر ماناى هەیە. ئەو مانایەش ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە زەقێتى و کاریگەریى لە فۆرمدا، نەک گەیشتنى وردودرشتى ناوەڕۆکى گۆڤارێک و پرۆژەیەک. «ڕەهەند» یەکسان نییە بە تاکەتاکەى بەشداربووان و هەڵگرانى ئەم ناوە، بەڵکوو کەمێک لەوە زیاتر یان بگرە کەمتریشە. ناوێکە، بەبێ ئەوەى وردەکارییە حەرفییەکانى ناوەڕۆکەکەى تێبگەین، هەیە و لە “ئارەزووى ڕۆشنبیرى”يمان ئاڵاوە.

خاڵێکى بابەتى کە لە گفتوگۆکەى ئەم فایلەوە لاى “بەختیار عەلى” ورووژێنرا، کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لەوەى پانتاییی ڕۆشنبیریى لاى ئێمە کەوتووەتە کوێوە؟ ئەو دەنووسێت هەر لە قۆناغى «دامەزراندن»داين. لە پێش ڕەهەنددا، گەر بەشێک لە کارەکانى “کۆڕى زانیارى” وەربگرین ئەوا ئەویش هەر جۆرە هەوڵێکى دامەرزاندن بوو، تەنانەت هەوڵى زۆرێک لە ڕۆژنامەوانانى سەدەى بیستى کورد و شاعیرانى نیوەڕۆشنگەر و سیاسییە ڕووناکبیرەکانیش هەر کۆمەڵێک هەوڵى پەرتەوازەن و نائاگایانەشن بۆ پێکەوەنانى کایەى ڕۆشنبیرى. ڕەنگە ڕۆژنامەى کوردى هەر لە سەرەتاکانى خۆیەوە لاى ئێمە ژێستێکى ڕۆشنبیرى بووبێت. کەرەستەى دەستى هەر قۆناغێک، کەرەستەیەکى جیاواز بووە. هەمووى پێکڕا جۆرە هەوڵێکى خەسڵەتپێدان بووە بە «مێژوویەک کە نییە». لە حەفتاکان بەدواوە، ئەو گرینگیدانە بە زمان و ڕێزمان و ڕێنووس و وشەناسى و هتد، لە ڕواڵەتدا جۆرێک لە خەم و خۆخەریککردن بووە بە دیوە تەکنیکى و ئاگاییەکەى کورد و زمانى کوردییەوە، بەڵام لەکۆدا و بەپێى دۆخى کورد، ڕۆڵێکى لەوە جیاوازترى گێڕاوە. دواتر لاى «ڕەهەند» و هەوڵى ترى ئەو قۆناغەوە، ئەم ئاگاییە بەرەو جۆرێک لە خودئاگایی و خۆناسین دێت لە ڕێگەى فیکریى مۆدێرنى خۆراواییەوە. لە قەڵەمبەدەستانى سەردەمى کۆڕى زانیاریی کورددا، جۆرێک لە باوەشکردن و هاوکات شیکردنەوەى زمانى کوردى هەبووە، جۆرێک لە خۆپاراستن و ڕزگارکردن و ئیشکردن لەسەر زمانەکە، بەڵام دواتر ڕەهەندێکى فیکرى بۆ سەر ئەم دیوە تەکنیکى و زانستییە زیاد دەکرێت و زمانى کوردى خۆى دەخرێتە خزمەتى شتێکى ترى جیا لە خۆیەوە. هەر لەم قۆناغەى نووسین و بڵاوکردنەوەدا، زمانى کوردى دیوى ترى خۆى دەناسێت کە تەعبیر و بەرکەوتنێتى بە ئەوی تر. ئەو شەپۆلە وردکردنەوە و توێژینەوەیەى لەپاش بەیانى ئازارى حەفتاوە بڵاو دەکرێتەوە، هەڵگرى خاڵێکە کە سەرووترە لە تەکنیکێکى زانستى: جۆرێک لە تاسە و بێزووە بۆ زیندووڕاگرتنى زمانێک کە پێشتر نکۆڵی لێ دەکرا. هەتا هەر خۆماندووکردنێک بەوەى فڵان دەنگ کوردییە یان عەرەبى، لە ناواخندا بەرهەڵستییەکى سیاسى و وجودى بوو لە ڕووبەرێکدا کە ڕاستەوخۆ چەک و تەقوتۆقى تیا نەبوو. خەڵکانێک سەریان کردبووە نێو زمانى کوردیدا و لەوێوە جۆرە خەباتێکى نەستەکیی تریان ئەنجام دەدا. واتە زمان ئەو ڕووبەرە بوو کە تەرکیزێکى شاقووڵی خرابووەسەر، کنەیەکى وردى تیا دەکرا، وەک بڵێى هەرچى لیبیدۆی سیاسییە لایداوەتەوە بەرەو ناو زمان و گەرەکە خەباتەکە لەوێدا بکرێت. کەمێک تیۆرییتر بیڵێین، دەبوو جەستەى کوردى لە ڕێى دیاردەیەکى زەینیى کوردییەوە ڕزگار بکرێت کە زمانە. گەر لە واقیعدا کورد ڕاکەڕاکى بوو بۆ بەدەستهێنانى حوکمى زاتى و تیمارکردنى پەرتەوازەییەکانى، ئەوا دەبوو لەنێو زماندا بوونێکى یەکانگیر بۆ کورد دروست بکرێت و نکۆڵییەکى شاراوە لە دۆخە سیاسییەکەى بکرێت. لە ئاستى ئەپستمۆلۆژیی ئەو سەردەمانەشدا، ئەو زەینە لەئارادا بوو کە کورد دەبێت لەڕێى خۆیەوە خۆى بناسێت نەک ئەوی تر. گەر ئاماژە بە سەرچاوەیەک یان ناوێکى فیکریی غەیرەکوردییش بکرایە، پتر زانیارى بووە نەک دەرگیربوون. دەبوو هەرچى زووە بوونێکى مەیلەو یەکانگیر و یەکگرتوو بۆ کورد لەنێو زمانەکەیدا دروست بکرێت، تا بکرێت سەرەتا خۆى ڕۆڵى ئەوی تر بگێڕێت بۆ ئەوانی تر. زانینێکى بێ‌نێوانگر بووە، کە لە ڕواڵەتدا کۆنکرێتى دەردەکەوێت بەڵام کارکردەکەى ئەبستراکتە، واتە دەرخستنەوەى ئەوە بووە کە هەبووە. هەر لەو میانەیەدا شەوق بۆ لێکدانەوە و گەڕانەوە سەر شاعیرانى کلاسیکى کوردیش، پتر پشتبەستوو بوو بەو خاڵە دەروونشیکارانەیەى کە کورد تا کوێ توانیویەتى ئارەزووى بوون بکات لە ڕێى زمانەکەیەوە؟ گەر نکۆڵى لە بوونى کورد دەکرێت، بەس «سەیرکەن کورد چی لەسەر بوون دەڵێت بەگشتى!». بە مانایەکى تر: ئاخۆ کورد چی وتووە و کەشف نەکراوە، لە قوڕگ و زەینى شاعیراندا چ توحفەیەک هەیە و دەرنەخراوە، زمانى کوردی لە کلاسیکدا چەند بە پارێزەوە لەپاڵ عەرەبى و فارسیدا خۆى گرتووە و نەشتواوەتەوە. بە دیوێکى تردا ساغکردنەوەى دیوانى شاعیرانیش، وێڕاى بارە تەکنیکییە-ڕۆشنبیرییەکەى، ڕزگارکردنى بەشێک لە بوون و ئەرشیفى کوردە، نەجاتدانى کۆمەڵێک گوتە و شایەتییە کە لە پاژێکى تاریخدا کورد گوتوونى. هەتا ئەلفوبێى کوردیى بۆ مناڵى کورد لە لایەن “ئیبراهیم ئەمین باڵدار”ـەوە، مانیفێستێکى پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی کۆى ئەو هەوڵانەیە کە زمانى کوردى بڕژێنێتە سەر زارى مرۆى کورد(باڵدار خۆى ئامادەییەکى لە گۆڤارەکانى کۆڕى زانیاریی کورددا هەیە). ڕەنگە شێوازى ئیشکردنى باڵدار کەمێک جیا بووبێت، بەڵام سەرەنجام مانیفێستێکى نەستەکی ترى ئەو هەوڵانەیە کە دەیانەوێت بیسەلمێنن کوردیش بوونەوەرێکى ڕەمزى و زمانى هەیە و دێو نییە و قسەش دەکات. زمان ئەو چرکەساتەیە کە مرۆڤ دۆخى قسەنەکردن و پێشڕەمزیبوون و لاڵێتى جێ دەهێڵێت. هەتا بە درێژاییی سەدەى بیست و هەموو هەوڵەکانى دەرکردنى گۆڤار و ڕۆژنامە، پتر ڕۆڵێکى فۆرماڵ و فۆرمەکی هەبووە تا ناوەڕۆک: واتە چاپەمەنییەکان فۆرمى بەرەنگارى بوون، بەرەنگاریی ڕووت، نەک ئەوەى سەرنجى تەواو لەسەر ناوەڕۆکى نووسراوەکان و گوتەکان و بڵاوکراوەکان بێت. تا ئەمڕۆش ئەم فۆرمالیزمە لاى ئێمە درێژەى هەیە و کایەى ڕۆشنبیرى باجەکەى دەدات، بەڵام لە پێناوى بەرەنگاریی نەتەوەیی و ئەوانەدا نا، بەڵکوو هەرچى دەکرێت و دەنووسرێت ڕۆڵێکى فۆرماڵ وەردەگرێتەوە- پتر وەک ناو دەمێنێتەوە نەک ناوەڕۆک.

وەلید عومەر؛ ڕۆشنبیر و نووسەری کورد

گومانى تیا نییە هەموو ئەو هەوڵانە هەوڵى بەپێز بوون، زمانى کوردى ڕەنگە تا دیاردەیەکى سەر بە کورد بێت کە بەبێ گوێدانە دۆخى سیاسیی کورد، گەشە و ڕێسا و نوێبوونەوەى ناوەکیی خۆى دەبڕێت و زۆر باکى بە دۆخى بابەتى نییە. زۆر پرۆژە و گۆڤار لە پێشوودا و لە پاشیشدا، بەشێکن لە جووڵەى زمانى کوردى بەبێ ئەوەى چاوەڕێى واقیعێکى سیاسى بن. بەم پێیە، گەر ڕۆشنبیرانى پێش «ڕەهەند»، ویستبێتیان یەکانگیرییەک لە ڕێى زمانى کوردییەوە بۆ کورد دروست بکەن و وێنەیەکى کەمتازۆر فەنتازى دروست بکەن ئەوا «ڕەهەند» هەوڵى جۆرێک لە هەڵوەشاندنەوەشە، ڕەخنەى پایە کۆنکرێتى و ڕەقەکانى ئەم وێنەیە، گومان خستنە سەر پیرۆزیی نیشتمان و حیزبى کوردى و هەروابێتەوە ماناى دەق و خوێندنەوەش کە پتر لە بازنەى تەفسیردا بوو نەک تەفسیرى تەفسیر(هێرمیونۆتیک). ئەمڕۆ یەک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە ئاخۆ ئێمە «مێژوو»یەکى بونیادى و چوارچێوەدار و هێند تۆکمەمان هەیە هەوڵى هەڵوەشاندنەوە و بنکۆڵکردنى بدەین؟ گەر نیمانە ئەوا دەبێت ڕەخنە  بگرینە کوێ؟ گەر هەشمانە و تووشى چەقین و نەجووڵان هاتووە، بۆچى هەر بەردەوام ژیانێکى سنووردار بەرهەم دێتەوە؟ ڕەنگە ئەمڕۆ ئیتر پاراستنى زمانى کوردى بەو واتایەى سەدەى پێشوو بەس نەبێت، کوتان و لێکشیتاڵکردنى ئەو بڕە ڕەگەزەش کە هەن و دیارە چەقیون، هەر بەس نەبێت. بۆیە هەمیسان پرسیارێکى تر دێتەوە بەردەم ڕۆشنبیریی ئێمە: ماهیەتە مێژووییەکەى کورد چییە کە لەوێدا هەموومان چڕ دەبینەوە و دەپەستێنریین و لە هەمووشماندا وەک بووەوەرێک هاوبەشە؟ ئەو شتە چییە کە کورد دەکات بە کورد؟ ئەم پرسیارانەش پتر بۆ ئەوەیە لە زۆر بوارەوە کورد شیتەڵ بکرێت و ئەو توخمانە بدۆزرێتەوە کە ئێمە لەوانی تر جیا دەکاتەوە. ڕەنگە کورد یەک شوناسى یەکپارچەى نەبێت و لەناوەوە لە چین و وردەمێژووى تریش پێک بێت، ئەوەى کە مارکسیزم و هەندێ قوتابخانەى تر ڕەخنەی دەکەن، بەڵام پێم وایە ژێستێکیش هەیە لە کوردبووندا کە چەندە مێژوویی بێت، هەر خۆى نامێژوویی دەنوێنێت و تێکەڵ نابێت لەگەڵ ئەوانی تردا. بەسادەیی با دیقەتى حاڵەتێک بدەین: دەوترێت مۆدێرنە دەریخست فەڕەنسییەکان ڕووەو دەرەوە بوون و دەیانویست دونیا درک بکەن، ئەڵمانییەکان ڕووەو ناوەوەى عالەمى ئینسان شۆڕبوونەوە و دەیانویست ناخ تێبگەن. بەڵام سەیرى کورد دەکەیت جۆرێک لە بێباکى هەیە بۆ دونیا، جۆرێک لە تێپەڕین بەسەر ناوەوە و دەرەوەشدا، کورد ئەو کاتەى ڕوو لە دونیاى دەرەوەیە هەر تا سنوورێک تاقەتى وردبوونەوەى هەیە، ئەو کاتەشى بەسەر ناخدا کڕ دەکەوێت و بگرە شیوەن دەکات، هێشتاش تەواو شیوەنگێڕ و ناخەکى نییە، هێشتاش جۆرێک لە خۆنەدانەست دەمێنێتەوە. کورد وەک کۆیەک، وادەردەکەوێت نە نەخۆشە و نە تەندرووستیش. نەخۆشى ساتێکە مرۆڤ دەوەستێت و شتێک لە مرۆڤبوونى خۆى هەڵدەکۆڵێت، تەندرووستیش ئەوەیە کە ئەگەرەکانى چێژ و لەزەتى دونیا دەپشکنێت و خۆى لەبەرامبەر هەندێک ئیمکانى چێژدا هێند ڕەق ڕاناگرێت. ڕەنگە زۆر جار لەبەر خۆمانەوە بڵێین کورد خەمگینە، ئەمە تێرمان نەکات و بشڵێین کورد هەر خەریکى جووڵە و هەڵپەڕینە، بەڵام ئەمەش لە جێیەکدا زەینمان تێر ناکات و دەپرسین ئەى گەر شادە بۆچى وەک مرۆیەکى تەواو دونیایی ناژى؟ ئاخۆ ئێمە میتۆدێکمان نییە یان ونکردووە بۆ تێگەیشتن لە خۆمان لە پانتاییی ڕۆشنبیریدا یان چى؟

جا بەسادەیی مەبەستمان لە «ڕەهەند»، کۆمەڵێک قەڵەمى پاش ڕاپەڕینە لەژێر ناوێکدا، پاشتر قسەکردن لەسەر سەروو سەد کتێب و گۆڤار و نامیلکە کە وێڕاى هەموو جیاوازى و داوەرییە تایبەتەکان، بە ڕێیەکدا دەچنەوە سەر ئەم ناوە. بە قسەى دامەزرێنەرانى گۆڤارەکە، «ڕەهەند» سەنتێزى دوو هەوڵى ترى وەک گۆڤارى “یەکگرتن” و “ئازادی”یە. من تەنیا نوسخەیەکى “ئازادی”م دیوە و هیچى تر. چەند بەشێکى زۆرى ژمارەکانى «ڕەهەند»یش. بەڵام بەشێکى زۆرى ئەو کتێبانەم لە تەمەنى جیاجیادا خوێندووەتەوە کە کۆى ئەو نووسەرانە نووسیویانە. واتە جۆرێک لە وێنەم لەسەر کارەکانیان هەیە. بەرمەبناى ئەم وێنەیەشە دەتوانین هەندێک هەڵێنجانى سەرەتایی بخەینە ڕوو.

«ڕەهەند» لە بۆشاییەکدا تەوقیتى گونجاو دەدۆزێتەوە و قسەى خۆى دەکات، بۆیە وەک بیرەوەرییەکى ڕۆشنبیرى دەمێنێتەوە بۆمان. واتە وەک ناو هەیە، بەڵام وەک ناوەڕۆک زۆر گفتوگۆى دەوێت بزانین چییە و چیی وتووە و وانەکانى بۆ ئەمڕۆمان چییە. نەک هەر ڕەهەند، بەڵکوو وادەردەکەوێت پانتاییی ڕۆشنبیریى کوردى لە سەد ساڵى ڕابردوودا بە هەموو هەوڵە سەرەتاییە پەرتەوازەکانەوە، تەنیا وەک ناو گەیشتوون نەک ناوەڕۆک.

«ڕەهەند» لە بۆشاییەکدا تەوقیتى گونجاو دەدۆزێتەوە و قسەى خۆى دەکات، بۆیە وەک بیرەوەرییەکى ڕۆشنبیرى دەمێنێتەوە بۆمان. واتە وەک ناو هەیە، بەڵام وەک ناوەڕۆک زۆر گفتوگۆى دەوێت بزانین چییە و چیی وتووە و وانەکانى بۆ ئەمڕۆمان چییە. نەک هەر ڕەهەند، بەڵکوو وادەردەکەوێت پانتاییی ڕۆشنبیریى کوردى لە سەد ساڵى ڕابردوودا بە هەموو هەوڵە سەرەتاییە پەرتەوازەکانەوە، تەنیا وەک ناو گەیشتوون نەک ناوەڕۆک. هۆى ئەمەش بە شێوەیەکى سەرەکى ئەو سەنتەرە غایبەیە کە باسمان کرد(خۆراوا)، چەند هۆکارێکى لاوەکیش کە پەیوەندیی بە بەرکەوتنى ئێمە و مۆدێرنەوە هەیە کە پانتاییەکى ڕۆشنبیریی تەواو سرووشتی نەخوڵقاندووە. زۆرێک لە مەرج و پێناسە و میکانیزمەکانى پانتاییی ڕۆشنبیریى لاى ئێمە لە سەرەتادان و زۆرێک لە ئەرکەکانى ناڕوونن و پێناسەکانیشى خەفەکراون. هۆکارەکان هەرچى بن، ئەوا ئەنجامەکان هەن و لەمسیان دەکەین. بۆ نموونە، ئەوەى لە ڕابردووى ڕۆشنبیرى دەمێنێتەوە لاى ئێمە پتر دەنگێکە، ناوێکە، وێنەیەکى کپە، بۆیە ناوەڕۆک و گوتراوەکان و نووسراوەکانیش دەبنە قوربانی. ئاخۆ چەمکى نوخبە، خوێنەر، ڕەخنەگر، دەق، دەقئاوێزان، داوەریی بابەتى، گەڕانەوە و هەڵدانەوەى میرات کە کۆمەڵێک توخمى سەر بە پانتاییی ڕۆشنبیریین، چەندە گەشەى سرووشتییان لاى ئێمە بڕیوە؟ ڕەنگە هەر ئەو گومانە بێت وابکات، بڵێین «ڕەهەند» پتر وەک ناوێک گەیشتووە نەک ناوەڕۆکێک، وەک چرکەیەکى تۆمارکراوى مێژوو دەگاتە لامان نەک کاریگەرییەکى هەڵسەنگێنراو و جێگرتوو لە هەموو پانتاییەکانى ترى ژیانماندا. زۆر جار وا هەست دەکەم چەمکى کاریگەرى(influence)، بەو واتا مۆدێرنە خۆراواییە لێرە لەدایک نەبووە. مەبەستم لە کاریگەرى، ئەو وەڵامە مێژووییەیە کە دیاردەکان وەریدەگرنەوە و چەشنى ئارەزوویەکى تاریخى تێر دەبن. واتە، کار و کاردانەوەکان لەناو چوارچێوەیەکدا دەگەنە ئەنجام و ئەوەى دەکرێت و دەوترێت و دەنووسرێت، بە زایە ناچێت. کاریگەرى، وزەیەک نییە زوو بەتاڵ بێتەوە، بەڵکوو شوێنەوارێکى مێژوویی و بابەتییشە کە دەتوانێت لە چەندین ڕێگاوە بێتەوە بەردەممان. کاتێک چەمکێکى لەم جۆرە بەتەواوى حازر نەبێت، ئەوا ئاساییە چاوەڕێى ئەوە بین پرۆژەکان و چرکەساتە تاریخییەکان وەک ناوێک بگەنە ئێمە نەک ناوەڕۆکێک. گەر سەبارەت بە «ڕەهەند» نموونەیەک بێنمەوە، باسکردنى ئەوەى کە کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەى گۆڕان هەبووە، خۆى دەریدەخات هێشتا چەمکى کاریگەرى لە سیاسەتەکەشدا تەواو لەدایک نەبووە. چونکە هەر جووڵە و دیاردەیەکى سیاسییش زوو لەبار دەچێت و گەشەى سرووشتیى خۆى نابڕێت. بۆیە ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین ئەو کاریگەرییەى لە سیاسەت و هەموو پانتاییەکانى تریشدا هەیە، پتر کارتێکردنێکى مەیلەو فیزیاییە و خاڵییە لە ڕەهەندە مێژووییە مۆدێرنەکانى و هەمیشە بەر لە دروستبوون، دەپوکێتەوە. بۆ نموونە هەرئەوەى کە پەیوەندیی سیاسەت و «فیکر» لاى ئێمە غایبە، بە پلەى یەک دەریدەخات سیاسەت پێویستى بە «فیکر» نییە. سیاسەتێک هێشتا شەڕ بێت لەسەر پێویستییە سەرەتاییەکان، ئەوا دیارە پێویستى بە «فیکر» نییە. خەڵکێکیش کە دەرگیرى سیاسەتێکى وان دیسان پێویستیان بە «فیکر» نییە. «فیکر» کاریگەرییەکى هێواش و ڕاوێژکارانەى لە پشتخانى مێژوودا هەیە. بەڵام لاى ئێمە شەڕێکە لەسەر هێزى ڕووت و کاریگەریى ڕووت. بۆیە خاڵى یەکتربڕینى «فیکر» و سیاسەت و حیزبایەتى لە جێیەکدا، تەنیا بۆ هەڵمژینى ئەو بڕە کاریگەرییە ڕووتەیە و هیچى تر. لەبرى «فیکر»، قسە و قیژە و نمایشێک هەیە کە تەنیا بۆ دەرخستنى کاریگەریی فیزیایی و ڕووتن. لەبرى «فیکر»، حیزبەکان لە کوردستان و عێراقیش، کادرى خۆیان دەنێرنە بەر خوێندنێک تاکو لە ڕێیەکى ترەوە و بەبێ سەرێشەتر، کاریگەریی ڕووت و هێزى ڕووت بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. «فیکر» شتێکە دەبێت تێکەڵى پەروەردەى کۆمەڵایەتى بووبێت و مرۆڤەکان پێشوەخت باوەڕیان پێهێنابێت. واتێدەگەم ئەم پرسە ڕیشەیەکى تیۆلۆژى و دینییشى هەبێت لە واقیعى کولتوورەکانى ئێمەدا. تا چەمکێکى دەرەکاتى وەک “قیامەت” لە کۆنەستى خەڵکدا ئیش بکات، ئەوا چەمکى «کاریگەرى» و ژیانکردنى دونیاییش دروست نابێت. «کاریگەرى»، چەمکێکە لەخۆیدا هەر جۆرە دونیایەکى دووقات و جووت-نهۆم و ئێرە و ئەوێ تێک دەشکێنێت. ناکرێت دونیایەکى ترت هەبێت و هەموو وجودیشت بۆ ئێرە تەرخان بکەیت. چەمکى «کاریگەرى»، پێویستى بە جۆرە نیشتەجێبوونێکى تایبەتە لەم دونیا. جا بیرى خۆمانى دەخەینەوە کە خۆراوا وەک سەنتەرێکى غایب، ناهێڵێت بەتەواوى بزانین چى لەسەر خۆمان دەڵێین. ئەمە لەلایەک، لەلاکەى تریشەوە، پێویستمان بە جۆرە خۆڕەخنەکردن و پیاچوونەوەیەکە کە ستراتیژمان بەم سەنتەرە غایبەوە ڕێکخەین: ئەرکێک کە کات و مشتومڕ و تەرحى بێشومارى دەوێت.

گۆڤارى «ڕەهەند»، و زۆر کاروچالاکیی تریش لە ڕابردووى ڕۆشنبیریی ئێمەدا بەشێکن لە پرۆژەى مۆدێرنیزە، مۆدێرنیزەیەکى ڕۆشنبیرى و کولتوورى. کاریگەرییەکەى چ بووە یان لێڵ بوو یاخود لە عەدەمێکى کۆمەڵایەتیدا ژیاوە، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە بەپێى پێوەرەکانى ڕۆشنبیرى هەڵگرى سیماى مۆدێرنەن. بە مانایەکى تر، «ڕەهەند» گەر لەسەر فیکرى پۆستمۆدێرنەش هەڵوەستەى کردبێت، ئەوا هەر دەبێتەوە بە بەشێک لە پرۆژەى مۆدێرنیزە. واتە بۆشاییەک هەبووە، هەر ئایدیا و پرۆژەیەکى خۆراوایی تێ بخرایە، ئۆتۆماتیکى لێرە ڕۆڵى پرۆژەیەکى بەمۆدێرنکردنى وەردەگرت. مەبەستم ئەوە نییە هەروا بەئاسانى گۆڤارێک ژیانى ئێمەى لەبنڕا مۆدێرن کردبێت، بەڵکوو باسى ئەو بۆشاییە ڕۆشنبیرییە دەکەین کە وەک بۆشاییەک بۆ بەرکەوتن بە مۆدێرنە هێڵراوەتەوە. ئەو بۆشاییەى کە شوێنى هەڤدژى و بەرکەوتن و نوێبوونەوە و تەنانەت ناکامییەکانیشە بە مۆدێرنە. پێم وایە لەپێش «ڕەهەند»ـەوە و لەپاش «ڕەهەند»یشەوە ئەم پرۆسە درێژخایەنەى بەمۆدێرنکردن هەر بەردەوامە. تۆ ئەگەر باسى هابەرماس و دێریداش بکەیت، ڕۆڵەکەى جیایە لەو ڕۆڵەى وا لە خۆراوا گێڕاویەتى. لێرە ئەم دوو دژە، هەردووک دەبنەوە بە بەشێک لە مۆدێرنیزەکردنى ڕۆشنبیرى. ئەم خاڵە، خاڵى گرێدانى هەموو نەوە ڕۆشنبیرییەکان و پرۆژە جۆراوجۆرە کولتوورییەکانى تریشە. واتێدەگەم مۆدێرنە ئەو پرسیارەیە کە بۆ چەندین دەیە دەتوانێت پانتاییەکى ڕۆشنبیرى بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات. تا قۆناغێک و ڕەنگە هەتاهەتایەش هەر پێویستمان بە فیکریى مۆدێرن و باسوخواسى مۆدێرنە بێت(ئە ڕووداوە هەردەم لە ڕوودانەوەدایە و ماهیەتە گەردوونییەکەى لە کرژى و فراوانبوونەوەیەکى بەردەوامدایە). چەمکى سوبێکت چەمکێکى ناو فەلسەفەى مۆدێرنە و بۆ مرۆى مۆدێرن و خوێندنەوەى مرۆڤ لە ساتە مۆدێرنەکەیدا بەکار دێت. من هەر لە سەرەتاوە چەند ساڵێکە پێم وایە دەبێت لە چەند لاوە بڕۆینە گیانى باسى مۆدێرنە. هەتا ئەفلاتوون و پێشمۆدێرنەکان و دیکارت و هیگڵ و ژیژەک و فرۆید و کێ و کێ، جگە لە هەندێ ڕووکارى مۆدێرن بۆ من هیچى تر نین. بۆ نموونە، ژیژەک چەپە و ئایدۆلۆژییە و ئەم قسانە لاى من کورتکردنەوەن، ژیژەک نەیشاردووەتەوە کە فەیلەسوفێکى مۆدێرنە. هەتا ماوەیەک گەڕامەوە سەر ئەوەى کە کێ دەرگیربووە لەگەڵ کێشەى سوبێکت و زاتدا لە ڕابردووى مەدا. یەکێک لە گرنگییەکانى «ڕەهەند» بۆ من لێرەوەیە. بەر لەوەى بچمە سەر تەوەرى دواتر، جێى خۆیەتى لەسەر ناوى «ڕەهەند» بوەستمەوە و بڵێم ئەم ناوە خۆى گشتێکە کە لە بەشى جیاجیا پێکهاتووە. لە جێیەکدا دەتوانیت وەک کۆ بەکاری بهێنیت و لە جێیەکى تریشدا هەر نووسەرێکى ئەو چەند دەیەیە بە جیا بخوێنیتەوە و داوەریی عەقڵانی لەسەر بدەیت. پێم وایە ئەوە هەر ئیشى «مێژوو»شە کە پرۆژەیەک بە هەردوو قەوارەى گشت و بەش دەخاتە ڕوو. بۆ نموونە، کامۆ یان سارتەر یاخود هایدێگەر کۆک نەبوون لەگەڵ ئەوەى بە «بوونگەرا» ناو ببرێن، بەڵام دیوە عامییانەکەى «مێژوو» سەرەتا ناوەکان یەکدەخات و تۆماری دەکات و زەحمەتە کەس بتوانێت لێى دەربچێت. ئەوە هەنگاوى دووەم و دواترە کە دەکرێت کەسەکان جیا بکرێنەوە و بە جیا وردبکرێنەوە. هەموو دەزانین فیکرى کامۆ و سارتەر و هایدێگەر لە وردەکارییدا تەواو جیان، بەڵام سەرەتا و لاى خوێنەرێکى ئاسایی، هەر وەک بوونگەرایەک وەردەگیرێن. زۆر جار تایبەتمەندیی نووسەران لەو شوێنە ورد و بچوکانەدایە کە مێژووى گشتى نایبینێت، بەڵام خاڵە هاوبەش و گشتییەکانیش جەبرێکن مەحاڵە لێى دەربچین- چونکە بڕیارە هەموومان لەناو زەمەنێکى مێژووییدا بژین. ناونان پرۆسەیەکە بەشێکى لە دەستى ئێمەدایە، بەڵام دواتر دەکەوێتە دەست «مێژوو» و دواتر بە ڕێژەیەک دەکەوێتەوە ژێر ڕکێفى ئێمە- بەڵام بەتەواوەتى نا. ڕەنگە یەک لە ئەرگۆمێنتەکان ئەوە بێت، بۆ نموونە، بەختیار عەلى یان هەر نوسەرێکى ترى ڕەهەند، شتێک بۆ جێیەکى تر بنووسێت و بەشدار بێت، بەشدارییەکە جەوهەرى نییە، واتە بەختیار عەلى لەو قۆناغە مێژووییە جیا ناکاتەوە کە تێیدا بووەتە بەختیار عەلى. ئەو هەر بەو قۆناغەدا دەناسرێتەوە کە ماهیەتە مرۆیی و مێژووییەکەى کردەکی بووەتەوە. دیارە مەبەستم ئەوە نییە ماهیەتەکەى شتێکى نەگۆڕ بێت، بەڵکوو مەبەستم لە جێیەکدا لکاوە بە ناوێک و قۆناغێکەوە کە بەتەواوى یەکسان نییە بە قۆناغێکى تر. ئەو لە پنتێکى زەمەنی‌دا ئەکچواڵ بووەتەوە کە هەمیشە بۆ ئەو پنتە دەگەڕێینەوە. وەکچۆن کولتوور ناو لە مناڵەکان دەنێت بەر لەوەى بەئاگا بێنەوە کێن، لە گەورەییشدا کولتوور و مێژوو دەستمان لێ هەڵناگرن لەوەى بەبێ ویستى خۆمان ناومان لێ بنێن.

blank
بەختیار عەلی (١٩٦٠- ) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد؛ یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی

«ڕەهەند» و خاڵەکانى داکوتانى

هەر دیاردە و گۆڤار و پرۆژەیەک، کۆمەڵێک سنوور و سیماى خۆى هەیە. دەتوانین ئەم سنوور و سیمایانە ناو بنێین خاڵى داکوتان، واتە کۆمەڵێک تەقەڵى ڕەمزى و ڕووبەرى مانا و سیفەتى جیاکەرەوەن کە وەک بونیاد(ستراکتۆر)ێکى لێ دێت(گۆڕانکارییەکان و فراوانبوونەوەکان و هەمەڕەنگییەکان لەسەر بنەماى کۆمەڵێک ڕێساى شاراوە دووبارە دەبنەوە کە زۆر جار بە بونیاد ناو دەبرێت). باسەکەمان بونیاد و بونیادگەرى نییە، بەڵکو دیاریکردنى کۆمەڵێک خەسڵەتە کە دەشێت لەپشت هەمەڕەنگییەک و فرەییەک و کۆمەڵێک نووسین و گوتەوە بدۆزرێتەوە و بەشێک لە دیاردەیەکمان پێ بناسێنێت. خاڵەکانى داکوتانى «ڕەهەند»، ئەو خاڵانەن کە وادەکەن «ڕەهەند» هەر «ڕەهەند» بێت و شتێکى «تر» نەبێت.

یەکەم؛ بەر لەهەر شت پێم وایە بوونى هەوڵێکى وەک «ڕەهەند»، خۆى تێستێکى تاریخى بوو تا کۆمەڵێک کێشە و گرفتمان بە خۆراواوە تێبگەین. واتە «ڕەهەند» جۆرە قوربانیدانێکیش بوو لە کارکردندا، تاکوو بزانین چەندە دەتوانین لە خۆمان ڕامێنین و دەکەوینە کوێى بیرى ئەوی ترەوە و خۆراواش چەندە دەستمان دەگرێت لە خۆمان تێبگەین. بۆیە ڕەتکردنەوەى خێراى «ڕەهەند» گوایە سەر بە ئێرە نین، هەڵەیەکى تیۆرییە، چونکە گەر «ڕەهەند» خۆى نەبووایە ئەوا دەبوو بە ئەزموونێکى تردا بمانزانیایە کێشەکانمان چین. بە زمانێکى ئاسانتر، تا کار نەکرێت، نازانین کێین و ئاریشەمان چییە. گەر کەسانێک بەهەڵەدا نەچن، ئێمە نازانین فڵان شت هەڵەیە. بۆیە لێرەدا و بەر لەوەى بچینە سەر هەندێک وردکردنەوە، ئەوا ڕەهەند وەک کۆیەک و وەک فۆرمێک ڕۆڵێکى ڕوونکەرەوەى هەبووە بۆمان. دیارە لەپاڵ «ڕەهەند»دا چالاکی تر هەبووە، ڕەنگە لە هەندێ جێگەشدا کارى ورد و گرنگ کرابێت، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆى تایبەت بە مێژوو خۆى، ئاراستەى ترى وەرگرتبێت. پێم وایە لە کولتوورى ئێمەدا، کۆمەڵێک جەبر هەن تاکو تاقی نەکرێنەوە بڕواى پێ ناهێنین. نموونەیەکى سیاسى کە زۆر جار دەهێنرێتەوە، بزووتنەوەى گۆڕان بوو. گوایە وزەى خەڵکى بەفیڕۆداوە و نائومێدییەکانى لەبار بردووە. بەڵام گەر بە چاوێکى گشتبینانەوە سەیرى خۆمان بکەین، ئەوا دەبوو تێستێکى ماتریاڵیی دۆخەکە بکرێت بۆ ئەوەى بزانین ئومێدەکە خۆى گەورە نەبووە. «مێژووەکە» خۆی بەماهیەت شکستێکى هەڵگرتووە کە بەپێى ئەو هەلومەرجەى کە تێیداین هەردەم ئیمکانى دووبارەبوونەوەى تیایە. واتە هەر خۆمان بەشێکین لەو سیناریۆ تاریخییەى کە پێمان وایە تێیدا فریودراوین. تا بوونەوەرێکى سیاسى و ڕۆشنبیرى بەناو تاقیکردنەوەیەکدا نەڕوات، نازانین دەرەنجامەکانى ئەو تاقیکردنەوەیە چییە(مرۆڤ ئەودەم بوارى ڕەخنەى بۆ دەکرێتەوە کە بپرسێت بۆچى هەمووکات لە یەک جێوە تووشى هەمان هەڵە دەبین). بەپێى ئەم لۆژیکە، «ڕەهەند» تێستێک بووە بۆ هەموومان تا ئەو دیوانەى ڕاکێشین کە بەرهەمێکى پۆزەتیڤترى هەیە بۆمان. ڕەنگە ئەمە ئەمڕۆ بۆ زۆرکەس گرنگ نەبێت، هەر بیریش نەمابێت، بەڵام یەک لە پرسە زیمنییەکانى مێژووى ڕۆشنبیرییە. «ڕەهەند» یان هەر پرۆژەیەکى «x»ـى تریش بووایە، بەشێک لەو تێستە تاریخییە پێک دەهێنێت کە پێم وایە بە چەندین جۆرى تریش پێوستمان بە دووبارەکردنەوەیەتى تا پەیوەندیی خۆمان بە خۆمان و پاشان خۆراواشەوە بناسین. بەر لەوەى لە بەش(جزء) و وردەکارییدا بزانین فڵان ژمارەى «ڕەهەند» بەدەقیقى چیی وتووە و لەکوێدا پیکاویەتى و کام جۆرە میتۆد و ئەرگۆمێنتى گرتووەتەبەر، ئەوا لە گشت(کل)دا ئەزموونێک خۆى بە ڕووماندا دەکێشێت کە باش و خراپى، بەشێکە لە چارەنووسى پانتاییە ڕۆشنبیرییەکە هەمووى. ئەم تێستە، شتێکە دەکەوێتە ئەودیوى دۆستایەتى و دوژمنایەتییشەوە، چونکە دوژمنایەتییەکانیش لە کۆدا دەبنەوە بە بەشێک لە پرۆسەى تێگەیشتنەکە. مەبەستم ئەوەیە گەر دوژمنایەتى و بگرە دۆستایەتییەکى ساویلکانەى «ڕەهەند»یش هەبێت، هەموو جێى خوێندنەوەن کە ئەم تێستە جێى ‌دێڵێت و کۆى سەمپتۆم و نەخۆشییە کۆمەڵایەتى و کولتوورییەکانمان پێ دەناسێنێت. لەوێشەوە بەرەو پەیوەندیی ئەخلاق و ڕۆشنبیرى، ڕەخنە و ڕۆشنبیرى، نوخبە و ئەخلاق و زۆر پرسى دیکە دەچین. هەندێک پرۆژە بۆیە فراوانتر و جێگیرتر لە «مێژوو»دا دەمێننەوە چونکە پەیوەندیی بە ڕووبەرى زۆر کەسى تریشەوە هەیە بە یار و نەیارەوە. لە کۆتاییی ئەم خاڵەدا با نموونەیەکى کۆنکرێتیی ئەو تێستە وەربگرین کە سوودبەخش بوو: با یەکێک لە ڕووەکانى ئەم تێستە وەربگرین کە سوودى خۆى هەبوو: «دزيى ئەدەبى(کە هەموو جۆرە وەرگرتنێکى فیکرى و تیۆرییشى تیا مەبەستە)»، بە شێوەیەکى سەیر واقیعێک بوو نەک تۆمەتێک. لەو قۆناغەدا، بەحوکمى ئەوەى بە ڕووى دونیادا نەکرابووینەوە، ئەوا پێمان وابوو هەر لێکچوونێکى سەرەتایی لەنێوان دوو دەقدا بریتییە لە دزى. پاش کرانەوەمان، زانیمان سەرتاپاى جیهان خۆى لە «دزی»یەکى سەرتاپاگیر و مێژووییدا دەژى. واتە دەقەکان درێژکراوە و کارلێک و دەرهاویشتەى یەکترن. هەموو دەقەکان کۆپیی یەکن، داهێنەریش لە پنتێکى بچوکدا وەک داهێنەر دێتەبوون. دەق ئەوە نییە سەرتاپا نوێ بێت، بەڵکوو نوێبوون لە بەشێکدا دەتەقێنێتەوە کە تەناقوز(هەڤدژى) لەگەڵ دەقەکانى تردا دروست دەکات. داهێنان لە شوێنە گەورەکاندا نییە، پرۆسەیەکى پڕاوپڕیش نییە، بەڵکوو لە جێیەکى بەشەکى(جزئى)دایە کە زۆر جار کۆیەک و کۆپەیوەندییەک هەڵدەگێڕێتەوە. دەربڕینى دزیی ئەدەبى، بەر لەوەى مەبەستێکى سەلبى بووبێت، جۆرێک لە ساویلکەیی بوو لکابوو بەم مەبەستەوە. ئەم ساویلکەییەش ڕەنگە وێنەیەکى لە دینەوە بۆ ئێمە هاتبێت کە دەبێت داهێنان لە عەدەم و سفرەوە بخوڵقێت. «ڕەهەند» تێستێکى نیمچەحەتمى بوو تا هەندێک شتمان بۆ ڕوون بکاتەوە. دیارە ئەم تێستە لە فۆرمى جۆراوجۆردا هەر هەیە و بەر لە «ڕەهەند»یش بە قەبارە و هەلومەرجى خۆى هەبووە. ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین لە هەموو بوارەکانى ژیاندا، خەریکى تێستێکى دەستەجەمعین، ئەویش نەک بەو مانایەى کە بە ئیرادەى خۆمان و بە شێوەیەکى خودئاگایانە دەمانەوێت خۆتاقیکەینەوە و بگۆڕێین، بەڵکوو هەر بوونمان لەناو زەمەنى مۆدێرندا خۆى تێستێکە و بەسەرماندا سەپێنراوە. تێستى پانتاییە ڕۆشنبیرییەکە کەمێک لەو ڕووەوە جیاوازترە کە بکەرى ڕۆشنبیری تیایە و سەروکارەکە لەگەڵ فیکر و ئاگاییدایە. ئەم تێستە بۆ چالاکییەکى ڕۆشنبیرى لەو ڕووەوە دەبێتە خاڵى داکوتان، کە سنوورى لە تێستێکى تر جیا دەکاتەوە.

دووەم؛ زمان خۆى هەمیشە یەکێکە لە خاڵەکانى داکوتان و جیاکردنەوەى کەسێک لە کەسێکى تر، نووسەرێک لە نووسەرێکى تر، پرۆژەیەک لە پرۆژەیەکى تر و هتد. بەڵام ئەو زمانەى لێرەدا باسی دەکەم، تەنیا زمان نییە وەک ستایلى نووسین بەڵکوو باسکردنە لە کۆمەڵێک خاڵ کە لە جێیەکدا یەکتردەبڕن و ئەو جێیەش زمانە. گەر لە ئاستە سەرەتاییەکەوە دەست پێ بکەین، «ڕەهەند» جۆرە کەشوهەوایەکى زمانەوانیی تایبەتى هەبوو. ڕەنگە زۆر نووسەرى جیا تێیدا نووسیبێتیان، بەڵام سەرەنجام دۆخێکى زمانییمان هەیە هى «ڕەهەند»ـە. کاریگەریی ئەم جۆرە زمان و گوزارشتە لەکوێوە هاتووە باسێکى ترە، بەڵام زمان لە کارى «ڕەهەند»دا، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆى هەیە وەک: وەسفکردن، ڕوونێتییەکى ڕێژەیی لە دەربڕیندا، گوڕخواردنەوە بۆ گوتەیەک کە دەبێت بگوترێ، تەماسى کۆنکرێتیی بە دونیاى کوردەوە، و هتد. سیفەتى یەکەم جێى سەرنجمانە: لە «ڕەهەند»دا دیاردەیەک یان باسێک لە ڕێى وەسفەوە دەخرێتە ڕوو، ڕستە لەسەر ڕستە دەرگیربوونێک دروست دەبێت، جۆرێک لە لێزمەى تەعبیر و وێنە کە بەشێکیان مورادیفى یەکترن. خۆم وەک خوێنەرێکى ناوەڕاستى دووهەزارەکان، ئەم ڕەهەندە وەسفییەى زمان کارى تێکردم. لەوێوە ئەو شتەى پێ ناساندم کە زۆر جار بە شێوەیەکى گشتى پێى ‌دەڵێین فیکر. فیکر کەمێک گشتیتر و جیایە لە زمانى فەلسەفى کە نەفەسگیرتر و ئەبستراکتتر و چەمکبارترە. هێندەى ئاگادار بم، بەر لە «ڕەهەند» کۆمەڵێک ئیمکانى ترى وەسف هەبووە لە پەخشان و نووسینى کوردیدا کە جیاوازترە. ڕەنگە بتوانین بڵێین وەسف پێشتر وێنەى سەرڕاست هەبوو بۆ وەسف، بەڵام دواتر ئەو وێنەیە تێکشکێنرا و وەسف وردکرایەوە. بۆ نموونە دەوترا ئادەمیزاد قەرزاربارى مەرگە. ئەمان کردیان بە: ئەگەرێک لە ئەگەرەکانى بەردەم مرۆڤ، پشتگوێخستنى ئەگەرى مردنە. خۆم ئەو زمانە وەسفییەم هەڵگرتەوە و ڕەهەندێکى کەمێک تیۆریتر و شیکاریترم بۆ زیاد کرد و هەستم دەکرد دەتوانێت وەک نیمچەستایلێکى لێ بێت بۆم. وەک زمانێک کە ڕستەکانى خۆى بە دەلالەتى چڕ بار بکات. لەم ڕووەوە زۆرکەسمان قەرزارى ئەو زمانە وەسفییەین. لێرەدا دەمەوێت لە ئاستێکى شاراوەترى زمان بدوێم کە «ڕەهەند» پێیدا تێپەڕیوە، ئاستێک کە لە ڕواڵەتدا پەیوەندیی بە مەسەلەى زمانەوە نییە: ژێست.

«ڕەهەند» جۆرێک لە ژێستى نووسەربوونى هێنایەگۆڕێ کە لە کایەى ڕۆشنبیریدا بە ڕۆشنبیر دەناسرێتەوە. لەپاش «ڕەهەند»ـەوە زۆر گەنج حەزى نووسەربوونیان تیا دروست بوو.

ژێست یەک لەو چەمکانەیە دەتوانین لەپاڵ ژمارەیەکى زۆر چەمکى تردا بۆ نوێکردنەوەى کایەى ڕۆشنبیرى و زمانەکەى بەکاری بێنین. ژێست لە تێگەیشتنى مندا ئەو جۆرە گوڕخواردنەوەیەیە کە بۆ ئەنجامدانى کارێک دەیخۆیتەوە، ئیدى ئەنجامەکە هەرچى بێت، ژێستەکە جۆرێک لە حوکم و نواندن و بەجێگەیاندنیشە. دەکرێت لە پرسى ژێستدا حسێب لەسەر خودى گوڕخواردنەوەکەش بکەین، نەک هەر ئەنجامەکە. ئەوەى دەگاتە زەینى ئێمە، تەنیا ئەنجامى کردارەکان نییە، بەڵکوو ئەو پرۆسە و ژێستە پێشوەختەشە کە لە ئێمە دەوەشێتەوە و لە ئێمەدا هەڵدەگیرسێت. «ڕەهەند» لەم ڕووەوە جۆرێک لە ژێستى نووسەربوونى هێنایەگۆڕێ کە لە کایەى ڕۆشنبیریدا بە ڕۆشنبیر(intellectual) دەناسرێتەوە. لە کۆمەڵگایەکدا کە قورسە زمان و جووڵە و بیرکردنەوەى خۆت جیا بکەیتەوە، و دواییش ڕۆڵى نووسەر بگێڕیت تەنیا بۆ ڕێژەیەک لە خەڵک هەرس دەکرێت. لەپاش «ڕەهەند»ـەوە زۆر گەنج حەزى نووسەربوونیان تیا دروست بوو. ئیدى جیا لەوەى ئاخۆ دەتوانن دیسپلینە قورسەکانى نووسەربوون هەڵبگرن یان نا. بە ئێستاشەوە، ڕقێکى شاراوە لە مرۆى نووسەر لە زەینى زۆرینەدا هەیە. خاڵێکى فیکرى لێرەدا هەیە: زۆر جار کەسانێک تا دواسنوور دواى فیکر و فەلسەفە و تەنانەت ئەدەبیاتێکى قووڵیش ناکەون، ئەو تارماییە کۆمەڵایەتییەیە کە لەپشتەوە هیچ توێژێکى جیاوازى پێ قبوڵ ناکرێت. خاڵەکە ئەوەیە کەسەکان خۆشیان بە شێوەیەکى نەستەکى و کۆنەستەکى، بە لاى کایە ئاسانەکانى تردا دەڕۆن، ئەوانەى کە ڕاستەوخۆ ستایشى ڕەشەخەڵکە. ژێستى نووسەربوون لەپاش «ڕەهەند»ـەوە ڕێخۆشکەر بوو بۆ شکاندنى هەندێک لەو تابۆ کۆمەڵایەتییە. بەڵام هێشتا وەک بونیاد ماوە و شەڕى گەورەترى دەوێت. بۆ ئەمەش ئاڵنگاریی شەخسى، ڕۆڵى خۆى هەیە. نووسەر دەبێت پێشوەخت لە کولتوورى فلیستەر دەرچێت، سەرەتا شەڕى تەنیایی فیزیکى و پاشان تەنیاییە ئێستاتیکى و مەعریفییەکەى خۆى بکات. کتێبگەلى وەک ترسان لە فەلسەفە(ڕێبوار سیوەیلى)، بەختەوەرى و بێدەنگى(مەریوان وریا) لەو کتێبانە بوون ناڕاستەوخۆ ڕەخنەى ئەم تابۆیانەیان کردووە. لێرەدا هەوڵدەدرێت زمانى تابۆیەک بشکێنرێت، دیوێکى تر بۆ زمانى کوردى بکرێتەوە کە کەسايەتییەکى نوێى وەک “نووسەر” بگرێتەخۆى، ڕەهەندێکى کۆمەڵایەتى ئاوەڵا ببێت تا نووسەرى تیا لەدایک ببێت. لێرەدا زمان کۆمەڵێک ڕستە و مەدلول و هتد نییە، بەڵکوو جۆرێک لە دەقگرتنى کۆمەڵایەتییە بە یاسا مردووەکانى خۆیەوە. لێرەدا دیسان ئێمە هێشتا لە بەردەم ناوداین نەک ناوەڕۆک، دەبوو سەرەتا نووسەربوون وەک ناوێک دەرکەوێت بەجیا لەوەى ناوەڕۆکەکەى دەگات یان نا. ئێمە زۆر جار پێویستمان بە گۆڕینى هەندێ دەربڕین و ڕستەى ناو زمان نییە، بەڵکوو دەبێت کۆى ئەو باگراوەندە بخەینە ژێر پرسیارەوە کە زمانى ڕۆژانە و ڕێساکانى تیا ئیش دەکات. هاوشوناسبوون لەگەڵ هەندێک ناوى ڕەهەندییەکاندا، کە وەک خراپە سەیر دەکرا، سەرەتاى ژیانێکى نوێى ڕۆشنبیرى بوو، بەڵام دەرکەوت خراپە ڕاستەقینەکە ئەوەیە تا کۆتاییی ئەم وێنەیە ڕانەکێشیت. مێژووى مۆدێرنى خۆراوایی، مێژووى ڕاکێشانى وێنەکانە تا دواسنوورى لۆژیکى و ئەقڵانیی خۆى.

خاڵێکى ترى داکوتانى «ڕەهەند»، کە پەیوەندییشە بە پرسى سیاسەتەوە، بریتییە لە حیزب. ڕەخنەکردنى حیزب لە لایەن «ڕەهەند»ـەوە، خاڵێکى بنەڕەتییە. ئەوان لەبرى چین(class)، ڕەخنەى حیزبیان کرد. ڕەخنەکەش لە زۆر دیوى حیزب بوو کە دەتوانین ناوی بنێین “پان‌حیزبى”، واتە ئەو دەسەڵاتە گشتگیرەى حیزب بەسەر ژیان و زمان و کایەى ڕۆشنبیرى و ئاسایشى مرۆى کوردیشەوە. ڕەنگە یەکێک بپرسێت کۆمەڵگا لە چین پێک دێت نەک حیزب، ئەرگۆمێنتەکەشى ئەمە بێت: چایچییەکى ناو حیزب چەوساوەیە، بەڵام کەسى ناحیزبیش هەیە چەوسێنەرە. بەڵام پێم وایە دەتوانین ئەو ڕەخنانە لەسەر “پانحیزبییەت” درێژ بکەینەوە و بڵێیین: حیزب لاى ئێمە ڕۆڵى چینایەتییش دەگێڕێت. لانیکەم وەک قۆناغێک کە تێیداین و ئەزموونی دەکەین. ئاشکرایە حیزب تەنیا وەک فۆرم مۆدێرنە لاى ئێمە، گەرنا وەک ناوەڕۆک چیرۆکێکى ترى هەیە و ئاخنراوە لە قەیرانى خۆماڵى. واتێدەگەم «ڕەهەند» لە ڕێگەى ڕەخنەکردنى پانحیزبییەتەوە، ویستبێتى هەرسێ بازنەى پێکداچووى “حیزب و خێڵ و دین” ڕەخنە بکات. ئەمڕۆ بەراورد بەو قۆناغە، کێشەکانمان لە هەندێ ڕووەوە هەر بونیادیین و هەندێک نۆرمیش هەن پتر مردەڵە و ڕەقهەڵاتوون. تەنیا جووڵەیەک هەبێت لەسەر بژێوییە و ڕەهەندە زەینییەکانى مرۆى کورد بە جۆرێک لەبیرچووەتەوە. پرسى مووچە و بژێوى کەم نین، بەڵام کۆى کێشەکان نین. هەتا ئەمڕۆ کە خەڵک بایکۆتى هەڵبژاردن دەکات، پتر لە ئیرەییەکەوە دێت کە نابێت هەروا ئاسان کەسانى تر دەوڵەمەند بن، نەک بەرەنجامى مەدەنییەتێکى ڕسکاو و گەشەکردوو. ئیرەیی ڕۆڵى لە هۆشیاریی سیاسیدا هەیە، بەڵام هۆشیاریی سیاسى هەمووى لە پێناوى ناندا نییە. ڕەخنەکردنى حیزب تەنیا لە پێناوى ناندا نەبوو، بەڵکوو لەو پێناوەدا بوو تا ڕەهەندێکى نوێى کۆمەڵایەتى بکرێتەوە کە زۆر چەمکى ترى وەک ئازادى، تاکێتى، کەرامەت و هتد گەشە بکەن. هاوکات ڕەخنەکردنى حیزب، زەمینەیەک بوو بۆ لەدایکبوونى ڕۆشنبیر بە واتا کەمتازۆر ستانداردەکەى کە مەوداى خۆى لە دەسەڵات دەپارێزێت.

هەر لە پەیوەند بەم ڕەخنەکردنە پانحیزبییەوە، خاڵێکى ئەرێنیی «ڕەهەند» و بە پلەى یەک بەختیار عەلى، پاراستنى ئەو ڕووبەرە بوو کە ڕۆشنبیرى لە سیاسەت و زمانى سیاسیدا کورت نەبێتەوە و نەتوێتەوە. ئیتر سیاسەت لێرە بە چ مانایەک هەیە، فەرق ناکات. ڕەنگە بگوترێت هەموو شت سیاسییە و سیاسەت هێزى کاراى بن هەموو کایەکانە. ئەمە ڕاستە، هەر ئەم باڵکێشییەى سیاسەتە کە دەبێت لێى بترسین. ئێمە کە کەلەپوورى نووسین و عەقڵانیەت تێماندا لاوازە، بۆیە پاراستنى ئەم ڕووبەرە خۆى لە قۆناغى تردا ڕەنگە خزمەت بە سیاسەت بکاتەوە. سیاسەت چۆنە و جڵەوى دەسەڵات لاى کێیە، هەقى بەسەر ئەوەوە نییە ک پانتاییی ڕۆشنبیرى دەبێت لەلاوە ئیشى خۆى بکات. پانتاییی ڕۆشنبیرى هەمیشە شتانێکى زۆرتر لەوەى لەخۆیدا هەڵگرتووە کە یەکسان بێت بە واقیع و سیاسەت. ئایدیا هەر لە کۆنەوە لە فەلسەفەدا، شتێکى سەرووترە لە واقیع. ئەمە جگە لەوەى کە فیکر خۆى دیاردەیەکى گەردوونییە و مرۆڤ ناچار نییە هەموو چرکەیەک خەریکى فیتکردنى واقیع و فیکر بێت. وەک خۆم هەندێ ساتەوەخت هەیە هیچ ئینتیمایەکم بۆ واقیعى خۆم نییە. ناکرێت خۆم لە چێژى فیکرێکى گەردوونى بێبەش بکەم هەر لەبەر ئەوەى لێرە ڕیشەى نییە و دیاردەیەکى پێ ناخوێنرێتەوە. وردتر بیڵێم، فیکر هەمیشە زۆرتر و ئاوستر و دەوڵەمەندترە لە واقیع. واقیع ناوى جۆرە مەنگى و سنوردارێتییەکە کە مرۆڤەکان بە هۆى هەندێک میکانیزمى دووبارەوە شاردوویانەتەوە و خستوویانەتەگەڕ. بەڵام هەر ئەم واقیعە مەنگ و سنووردارەیە کە بێشومار شتى لەسەر نووسراوە. ئەمەش وادەکات پێشوەخت بەشێکى فیکر بە واقیع نەخوات، یان ڕاى جیاواز دروست بکات. سیاسەت کە یەکێکە لە خانە هەڵسوڕێنەرەکانى واقیع، خاوتر و ڕووکەشترە بەراورد بەو هەموو ئایدیایەى لە دونیاى فیکر و ڕۆشنبیریدا هەیە. بەڵام خاڵە سەیرەکە لەوێدایە کە هەر ئەم سنووردارێتییەى واقیعە وایکردووە بە شێوەیەکى بێسنوور شتى لەسەر بگوترێت و بنووسرێت. لەم کۆمەڵگایانەى ئێمە شتەکە ئاڵۆزتریشە. دەکرێت عومرێک خەریک بیت و واقیعى سیاسى بەرەو خراپتر بڕوات(بۆ نموونە جۆرج تەرابیشى پاش بەهاى عەرەبى لە سوریا و بەر لە مردنى، نائومێدبوونى خۆى لە دەرەوەى سوریاوە ڕاگەیاند). هەتا لەوەش سەمەرەتر، دەشێت کۆمەڵگاکەت بخوێنیتەوە و بایی سەرەدەرزییەک سوودى پراکتیکی نەبێت و ئەگەرى پیادەکردنى نەبێت.

blank
مەریوان وریا قانع (١٩٦٦-) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەهەند و نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی

«ڕەهەند» وەک گفتوگۆیەکى تەواونەکراو

«ڕەهەند» چ لەگەڵ خۆیدا و چ بۆ دەرەوەى خۆیشى گفتوگۆیەکى تەواو نەکراوە. مەبەستم لە گفتوگۆ یەک گفتوگۆى دیاریکراو نییە، بەڵکوو کۆى ئەو پرسیارانەیە کە دەرهەق بە کایەى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵگاکە بەکراوەیی جێیان هێشتووە. «ڕەهەند»، وەک دیاردەیەکى ڕۆشنبیرى ڕۆڵى گفتوگۆیەک دەگێڕێت. خەڵکانى بەر لەوانیش دیسان هەر لە گفتوگۆدان لەگەڵمان. لێرەدا نموونەیەک لەسەر ئەم پرسەى گفتوگۆ دێنمەوە: ئێمە چەند ساڵێکە کێشەیەکى وەک “سوبێكت(سەبجێکت)” بووەتە پرس بۆمان. بۆ ئەمە هەم کتێبێکى وەک “سێوى سێهەم” ڕۆڵى هەبوو لە گەڵاڵەبوونەکەدا، هەم گەڕان و بەدواچوونى خۆیشمان. سوبێکت چەمکێکى مۆدێرنە و بۆ پێناسەکردنەوە و نوێکردنەوەى مرۆڤ بەکار دێت. مادام کایەى ڕۆشنبیرییش کایەیەکى مۆدێرنە، ئەوا هیچ ڕۆشنبیرییەک ناتوانێت خۆى لەم پرسە تیۆرییە سەرەکییە لابدات. سوبێکت سەرەتا کۆمەڵێک گفتوگۆى درێژە لە هەناوى هەر ڕۆشنبیرییەکدا. بەو دواییە گەڕانەوەیەکى بچوکم هەبوو بۆ خوێنەوارەکانى سەدەى پێشوو تا بزانم کێ پتر خۆى لەم کێشەیە خولقاندووە. ئەوەى بەریکەوتم، ئەوە بوو کە “مەسعود محەمەد” بەپێى کەرەستە و ئیمکانى خۆى و لەژێر باسى «زات و مەوزووع»دا بە جۆرێک دەرگیرى کێشەکە بووە. لەوێوە دەبوو بچینە گفتوگۆوە لەگەڵ ڕۆشنبیرێکى وادا تا بزانین لەبن ئەم چەمکەدا چۆن مامەڵەى بە زۆر کێشەى مۆدێرنى ترى وەک دیموکراسى، هاووڵاتى، مێژوو، هتدەوە کردووە. سەرەنجام لەو دەرەنجامە نزیک بوومەوە کە بە مانا مۆدێرنەکەى، مەسعود محەمەد دۆزەرەوەى قاڕەى مێژووە لە ڕۆشنبیریی کوردیدا. هەر ئەوەى کە ئاڵتۆسێر مارکس بە دۆزەرەوەى قاڕەى مێژوو دادەنێت و لە زەینى خەڵکیشدا کۆڵۆمبس بە قاڕەى ئەمریکا، لاى ئێمەش نووسەرێکى ئەودەم لەناو نەریتى ڕۆشنبیریدا نەک سیاسى، پێداگرییەکى تایبەت لەسەر پەیوەندیی کورد و مێژوو دەکات. بەم مانایە، ئێمە لە گفتوگۆیەکى تەواونەکراوداین لەگەڵ هەموو ڕابردووماندا. نامەوێت بڵێم ئێمە بەرامبەر بە هەر بیرکەرەوەیەکى خۆراوایی، دانەیەکى خۆماڵیمان هەیە، بەڵکو لە هەندێ چەمکى گشتیی مۆدێرندا دەکرێت ڕۆڵى کەسێک لەوەدا لەبەرچاو بگرین کە دەستى بۆ پرسێک بردووە و “تەوقیت” ڕۆڵێکى مێژوویی بەسەردا داوە.

چەمکى «نەوە» هەرچى بێت، تەمەن و بایۆلۆژیا بێت، کاتمەندى و جەبرى کات بێت، داهێنان و تەوقیتى درووست و دەسپێشخەرى بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە گفتوگۆکان بۆ ئێمە بەکراوەیی دەمێننەوە. ڕەنگە هەر نەوەیەک بە ناوێک و پرسیارێک و کێشەیەکى تایبەت دەست پێ بکات، بەڵام ئەم دەسپێکە کۆتاییی یەکجارەکیی ڕابردوو نییە، بەڵکوو سەرلەنوێ چالاک کردنەوە و ڕاکێشانەوەى ڕابردووشە. بۆ کورد کە زنجیرەیەکى مێژوویی پەیدەرپەی نییە، ئەوا کایەى ڕۆشنبیرى وەک کایەیەکى خۆنشین(ئیمانێنت) دەمێنێتەوە. واتە پرسەکان و پرسیارەکانى یەک لەناو یەکتردان، لە لۆچ و هاوکات بنبەستى تایبەتیشدا دەژین. هێند هەیە گفتوگۆ بەرەنجامى ئەم بنبەستانە بێت.نەوەکان دەکرێت سەربارى هەر چالاکییەکى تر، هەمان کات خەریکى یەک کێشەش بن. بۆ نموونە کێشەیەکى مەیلەو نەگۆڕى وەک کورد، بەناو چەند نەوەیەکدا تێدەپەڕێت. کورد کە ناگۆڕێت، تۆ چەندە ڕوانین و میتۆدیشت بگۆڕیت، ئەو جارێ هەر وەک نەگۆڕێک دەمێنێتەوە. لێرەوەیە هیچ ڕۆشنبیرێکى ناو کایەکە لە ڕابردووى ئێمەدا وەک ئۆنتۆلۆژیا تێناپەڕێت، بۆیە وشەیەکى وەک “تێپەڕاندن” وشەیەکى ئیرادەگەرا و سادەیە. کات خۆى تێدەپەڕێت، بۆیە هیچ تێپەڕاندنێک لەوەى کات سەرووتر نییە. ڕەنگە لە وەڵامى پرسێکدا کەمێک تێپەڕین، بچینەپێش، بەڵام ئەگەرى هەیە لە پێچێکدا ناچار بین بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاى سەرەتاکان. بگرە ئەمە نەک هەر خەوش نییە، بەڵکوو کۆتاوێنەى پانتاییی ڕۆشنبیرییە کە بکرێت دروست بکرێت. ئەمڕۆ گەڕانەوە بۆ ئەفلاتوون، واتاى کامڵکردنى ئێستایە لە فیکری خۆراوادا.

دەکرێت یەک لە ڕەخنەکان ئەوە بێت کە بەشێک لە«ڕەهەند» کەمێک پەلەیان کرد لە بەکارهێنانى چەمکى نوێبوونەوە. ئەو نوێبوونەوانەى لێرە ڕوویانداوە پتر عەرەزیین نەک جەوهەرى، پتر لەناو کاتدان نەک مێژوو، زیاتر میکانیکین و لەژێر فشارى تردا دروستبوون نەک دیالەکتیکى و بەرهەمى ناوەکیی خۆمان بن.

دەکرێت یەک لە ڕەخنەکان ئەوە بێت کە بەشێک لە«ڕەهەند» کەمێک پەلەیان کرد لە بەکارهێنانى چەمکى نوێبوونەوە. ئەو نوێبوونەوانەى لێرە ڕوویانداوە پتر عەرەزیین نەک جەوهەرى، پتر لەناو کاتدان نەک مێژوو، زیاتر میکانیکین و لەژێر فشارى تردا دروستبوون نەک دیالەکتیکى و بەرهەمى ناوەکیی خۆمان بن. سەیرکە مرۆى ئێمە دەمێکە لەناو جیهاندایە بەڵام بەجەوهەر زۆر نەگۆڕاوە. گۆڕان پەیوەندیی بە چەمکێکى وەک ئەوی ترى گەورە(The Big Other)وە هەیە، نەک جوگرافیا. ئەوی ترى گەورە ئەو نیگا گریمانە کۆمەڵایەتى و زەینییە کە زۆر لە جوگرافیاکان قایمتر و فراوانترە. پۆرنۆى بەناو کوردى لەبەر ئەوی ترى گەورەى کوردى ڕەتکرایەوە، گەرنا ئەو کچە خۆى لە کولتوورێکى تردا گەورە ببوو. نوێبوونەوە بەرهەمى جۆرە کۆنییەکى دیالەکتیکە، بەس ئاخۆ ئێمە کۆنیی لەم جۆرەمان هەیە؟ بۆچى پرۆژەکان بەتەواوى لەناو کۆنییە مێژووییەکەدا ناڕسکێن و بیر بهێنرێنەوە و ونیش دەبن؟ “مەریوان وریا” لە کتێبێکى کۆنیدا شتێکى شیاو دەڵێت کە پێدەچێت دواتر لەبیر کرابێت. ئەو دەنووسێت مارکسیزم باسى گۆڕان دەکات، بەڵام پرسیارى من ئەوەیە بۆچى دنیاى ئێمە ناگۆڕێت؟ لەسەر ئەم ڕیتمە دەپرسین: بۆچى وەڵامێکى تۆکمە و پرۆژەئاسا و ڕەخنەیی بە واتا مۆدێرنەکەى دەرهەق بە ڕەهەند دروست نەبوو؟ چونکە خەلەلێک هەیە، خەلەلێکى گەورە. ڕەخنە بەدیاریکراوى بە نموونە وەربگرە. بۆچى هیچ مرۆیەکى کورد، بە ئاڵنگارییەوە ئەم حوکمە دەدەم، ڕەخنەى قبوڵ نییە؟ چونکە پرسەکە شەخسى نییە. ڕەخنە پەیوەندیی بە ڕەخنەلێگیراوەوە نییە، وەک چۆن ڕەخنەى”ڕەخنەگر”ـەکەش لە زۆر شتى پەنهان ئاڵاوە. ڕەخنە پەیوەندیی بە ئەوی ترەوە هەیە، کۆى نیگاى ئەوی ترى گەورە، ئەو پانتاییە ڕەمزى و کۆمەڵایەتییەى کە ئاڵوگۆڕە ڕەخنەییەکەى تیا ڕوودەدات. ئێمە بایی ئەوە مێژوومان نییە بتوانین قسە لە قسەکەر جیاکەینەوە، بۆیە قسەکەر و قسەلەسەرکراو دەچنە پەیوەندییەکى گرژەوە کە پتر بریتییە لە ناپەیوەندى. مرۆى مۆدێرن، بە هەموو تەنگژەکانى خۆیەوە واتە پەیوەندى. ڕەخنە جۆرێکە لە خەسڵەتپێدانى مێژوویی، واتە هێند قسە و دەق کەڵەکە دەکەیت کە دەبێتە مێژوو، مێژووش قسەکان و دەقەکان دەخاتە پەیوەندییەوە و گرژییەکە شەخسییەکان کەم دەبنەوە. دیارە مەبەستم لە چەندایەتى و ژمارە نییە، بەڵکوو مەبەستم ئامادەیی و یادەوەری و جێگیربوونى کۆمەڵایەتییە کە بایی ئەوە «مێژوو» بسازێنێت کە مرۆڤ کەمێک بەبابەتى ڕەخنە وەربگرێت. مێژوو گەرچى خۆى دیاردەیەکى تەواو بابەتى و دەرەکى نییە، تەواویش ناوەکى و سوبێکتیڤ نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکى دیالەکتیکى و بگرە کەمێک ئاڵۆزتریشە. لاى ئێمە هێشتا شتەکان ئەو هێزەیان نییە ببنە ئۆبێکتیڤ، ببنە بابەتى مێژوویی، ببنە شتى ناشەخسى بەڵکوو لەسەر شەخس و کەسەکان چڕ دەبنەوە و ئەوانیش ناتوانن گوژمى ڕەخنە قبوڵکەن و ئەو بینەرانەشى لەناو ئەو زمان و پانتاییەدا بینەرن، هەمان دۆخ بەرهەم دێننەوە. لە فیکرى مۆدێرندا گەرچى “سوبێکت” جێى چەمکێکى کۆنترى وەک “جەوهەر” دەگرێتەوە، بەڵام دۆخى بابەتى و پانتاییی ئۆبێکتیڤیش دروست دەبێت. مرۆف کە ناوى سوبێکتى بەسەردا دەبڕدرێت، دەشبێتە بەرهەمى ئەو پانتاییەى وا لە دەرەوەى ئەوەوە دەگوزەرێت و ناچارە وەڵامگۆى ڕەگەزەکانى ناو ئەو پانتاییە بێت. لێرەشەوە ناوێکى وەک «ڕەهەند» زیاتر هەر وەک ناوێک دەمێنێتەوە. ناوێک کە ناوەڕۆکەکەى تەواو ڕووناک نەبووەتەوە و زۆر جار نووسەرەکانى خۆیان ناچارن باسى نووسینەکانى خۆیان بکەن. ئەمە چارەنووسى کۆى پانتاییەکەیە.

blank
مەسعود محەمەد (١٩١٩-٢٠٠٢) هزرڤان و نووسەری کورد

بەختیار عەلى بۆ من تا ئێستاش جۆرێک لە تاقانەیی تیایە، بەڵام دەشکرێت کۆمەڵێک شت ببرێتە نێو گفتوگۆ و مشتومڕەوە. یەک لە گرفتە تیۆرەکانیان ئەوەیە کە پێیانوایە گەر تۆزێک پێداگرییت لەسەر مارکس یان فرۆید یان هایدێگەر و هەرکەسێکى تر کرد، ئیتر تۆ ئایدۆلۆژیت. پێم وایە ئەمە حوکمێکى ورد نییە. کۆکم کە فەزاکەمان هێند ورد و عەقڵانى نییە بوارى حوکمدانى وردتر بکاتەوە، بەڵام دەشکرێت جۆرێک لە ئەرگۆمێنتى کراوە بهێڵرێتەوە. بۆ نموونە من کە پێداگرى لەسەر فرۆید یان بگرە سارتەر یان هەتا نووسەرێکى خۆماڵى دەکەم هەمووکات ماناى ئایدۆلۆژیبوون نییە، بەڵکوو جۆرێک لە پێداگریی هێرمیونۆتیکییە. واتە سووربوونە لەسەر ئەوەى بتوانین لەو بیرمەندە تێبگەین، چەمکەکانى بە دیاردەکان بپێوین، ناکۆکیی بە بیریارانى ترەوە دەربخەین. بۆ نموونە لاکان کە نەیارى دۆڵوز بووە شتێک نییە ئێمە کەشفمان کردبێت، بەڵکوو واقیعێک بووە لە خۆراوا قسەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە. من بڕوام بە کراوەیی و گەڕانى بەردەوامە، بەڵام کەمێک گومانیشم لەو فرەییە هەیە کە بەشێک لە ڕەهەندییەکان بەردەوام دەیڵێنەوە. خۆراوا خۆى کە لانکەى ئەم بیرانەیە، تا دواسنوورەکان شەڕ و پێکدادانى فیکرى ڕوویداوە بەبێ ئەوەى شەخسى بێتەوە، بەڵام لێرە یەک تۆز پێداگریکردن بۆ ناسینى بیریارێک وەک ئایدۆلۆژیبوون لێکدەدرێتەوە. پێم وایە ئەم حوکمە خۆى لە جێیەکدا ئایدۆلۆژییە، ئایدۆلۆژیاى نەناسین و نەگیرسانەوە و وەفادارنەبوون بە هیچ فیکرێکەوە. هەر بیریارێک سنوورێکى چەمکایەتی هەیە کە لەوە زیاتر بترازێت چیدى هى ئەو نییە. بۆیە ناسینى ئەو سنوورە، ناسینێکى ئەپستمۆلۆژى و هێرمیونۆتیکى و تەنانەت ئەخلاقییشە. ناکرێت بە خەیاڵى خۆت هەمووشت لەسەر بیریارێک باربکەیت. هەر بیریارێک لە ناوەوە دنیایەکى چەمکایەتیی زۆر دەوڵەمەندى هەیە، ناتوانیت بڵێیت ئەوە بەرتەسکبوونە و خۆگەمارۆدانە. هەر ئەو دونیا ناوەکییە دەوڵەمەندەیە کە وادەکات لە خۆراوا بێشومار تێکست و شەرح و ڕاڤە لەسەر بیریارێک بێتەدەرەوە. ئێمە تا دەرگیر نەبین، ناشتوانین دڵنیابینەوە لەوەى کرۆکى ئایدیاى بیریارێک چییە. ناڵێم تا ئەبەد لە مەنهەجێکى وشکدا بچەقیت، بەڵکوو پێویست دەکات لەوە زیاتر دەرگیرى فیکر بین کە هەیە. من خۆم لە ڕێى جۆرە دەرگیربوونێکى سەرەتاییەوە بۆم دەرکەوت کە ئەوە ئەدەبیاتى بەختیارعەلییە بە پلەى یەک باوککوژە نەک شێرزاد حەسەن. گەر مەبەست لە ئایدۆلۆژیاش خولیاى وەرگێڕانە لەسەر بیریارێک یان دەروونشیکارێک، ئەوا دەبێت هەڵوێستمان لەسەر یەک ڕوون بێت: وەرگێڕان هیچ نووسەرێکى خۆماڵى ناسڕێتەوە، بەڵکوو زۆر جار ڕێخۆش دەکات ڕۆشنتر بیبینین و نرخ بۆ کارەکانیان بگەڕێنینەوە. واتە مەزەندەیەکى تیۆرییمان بکەوێتەدەست تاکو بیانناسین و مافى ئەو کارانەشى بدەین کە نەبینراون. قسەیەک کە نووسەرێکى خۆجێى و کوردزمان دەکات، زۆر جار لە تێزێکى دەرەکى گرنگتر دەکەوێتەوە. لە هەندێ جێدا قسەیەکى مەسعود محەمەد یان بەختیار عەلى بۆ من لە هەر نووسەرێکى خۆراوایی گرنگترە، چونکە دەمەوێت خودئاگایی هاوزمانەکەم بپشکنم و تێبگەم و دەرگیر بم. لە یەکێک لە سەروتارەکانى «ڕەهەند»دا هاتووە کە هیچ ڕۆشنبیرییەک بەتەنیا لەسەر وەرگێڕان ناژى و دروست نابێت، ئەمە درووستە. وەرگێڕان تەنیا یەکێکە لە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان. وەک خۆم حەز دەکەم زەینم ئازاد بێت و شوێن پرسیار و وەسوەسەکانم بکەوم. زۆرتر بخوێنمەوە و بگەڕێم، شت یاداشت بکەم و دایانڕێژمەوە، بەڵام وەرگێڕان لە ئاستى کاتبردندا وەک دیلێتییەکى زەینى وایە بەخۆیەوە دەتبەستێتەوە. دایم لە خەمى زنجیرەکەتدایت، خەمى کارەکە، نیگەرانى و دیقەت، بەراوردى چەندین دەق و زمان، هەوڵدان بۆ جێکردنەوەى لەناو کوردیدا و چەندین سەرێشەى تر. بەڵام سەرەنجام هەریەکە لە نووسین و وەرگێڕان لەو پێناوەدان پرسیارەکانى ناو کایەى ڕۆشنبیرى چین و دەبێت چى بن؟ لەکوێدا و چۆن ڕاى گشتى دروست دەبێت؟ گەر ڕاستەوخۆ ڕایەکە دروست نەبێت، چۆن دەتوانیت پشتێنەیەکى مەعریفى و زمانێکى مەعریفى بۆ دەربڕینى ڕایەکە ئامادە بکەیت. دەکرێت لە کایەیەکى ڕۆشنبیریدا چەندین پرس و چەندین ڕا بەتەنیشت یەکەوە بژین و بەدواى وەڵامدا بگەڕێن. لەم ڕووەوە نووسین و وەرگێڕان دەتوانن لەو خاڵەدا یەکترببڕن کە ئاریشە زەینییەکان و کێشە فیکرییەکانمان چین و چۆن بیانکەین پرس و پرسیار؟

هەست دەکەم لەپشت باسى فرەییەوە، جۆرێک لە لەبەرڕۆیشتن و نەزیفى ئەدەبى هەیە کە پەیوەندییەکى زاتیی بەوەى خۆراواوە نییە. زۆر جار دیقەتى ئەوە دەدەم ئاخۆ لەپشت دیاردە کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرییەکانمانەوە، چەندە ڕیشەیەکى کوردییانە نوستووە. بۆ نموونە لێرە لەجیاتیی فرەیی، فرەییەک هەیە بەرەنجامى نامۆبوون نەک ناسینى یەکتر. پەرتییەکى ئۆنتۆلۆژى لەناو کورددا هەیە کە جیایە لەو پەرتییە بەماهیەت ڕێکخراوەى لە خۆراوا هەیە. لێرە فرەحیزبى بەرهەمى پەرتییە نەک فرەییە بەماهیەت ڕێکخراوەکەى ئەورووپا. لەوێ هەرچەند باسى فرەیی بکرێت، ماناى فەوزا نییە، و گشتێک هەیە پەیوەندیی بەشەکان ڕێک دەخات. لێرە هێشتا لەنێو بونیادى قسەکەى هێمن موکریانیداین کە دەشێت دەرهەق بە هەموو کورد شمول بکات. شوکر مستەفا لە کۆتاییی گفتوگۆیەکى درێژدا کاتى خۆى ئەم دێڕەى هێمن دێنێتەوە: «خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیایی، هەر ئەژنۆکەمە/بۆیە ڕۆژ و شەو. وەها گرتوومەتە نێو باوەشم». لە ڕاستیدا کورد وەک پێکهاتەى کۆمەڵایەتى و زەینى، توخمێکى کەمتازۆر سەمەرەیە. هیچ شتێک بەتەواوى نابێتە بونیادى ئەم پەرتییەى. بۆ نموونە، مارکسیزم هەمیشە تەماسێکى بە ڕۆشنبیریی کوردییەوە هەبووە لە سەدساڵى ڕابردووى ڕۆشنبیریدا بەڵام دواتر کاڵ بۆتەوە و ون بووە. کورد زۆر جار تاقەتى بارى مێژووى نییە و پرۆژەیەکى ناسیۆنالیی ڕوونى نییە. لە ڕووى فیکرییەوە، زۆر لەگەڵ ئاڵۆزیدا نایەت و لە جێیەکدا داڵغەى تاک و کۆیشى دەڕوات. بۆیە ئاساییە هەندێجار پەیوەندییەکى ئەوتۆ لەنێوان فیکر و واقیعدا نەمێنێت و ڕۆشنبیر ئەو مافەى هەیە لەسەر ئایدیایەکى گەردوونى بوەستێت و چێژى لێ ببینێت و ئەو چێژە لە خۆى مەحرووم نەکات کە مادام لەگەڵ واقیعەکەیدا نەگونجێت ئیتر دەستهەڵگرێت. ئەمە هیچ پەیوەندییەکى جەوهەریی بە چەمکى فرەییەوە نییە، بەڵکوو جۆرە تاکتیکێکى مەعریفییە مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا بینوێنێت.

سەرەنجامیش لە یەک جێدا کەمێک هاوڕایی و تێگەیشتنم بۆ ئەو دیدە هەیە کە واقیعى خۆمان ساکار و جیاوازترە و پێداگرى لەسەر بیریارێک ئەگەرى کۆمەڵێک مەترسییە کە دەشێت زۆر حاڵەتى وەک کورتکردنەوە، دەمارگیریی دەرەتیۆرى، تەمەڵى و هتدى لێ بکەوێتەوە. بەڵام ناشتوانم ستایشى ئەو پێداگرییە نەکەم کە بیریارێک پێم دەبەخشێت. هەر بیریارێکى خۆراوایی مودەتێکى باشى دەوێت تێى بگەیت، زۆر جار ناشڵێم تێگەیشتن بەڵکوو ناوی دەنێم نزیکبوونەوە. ئینگڵیزەکان کە وشەى approach بەکار دێنن، مەبەستیان نزیکبوونەوەیە لە چەمکێک یان بیریارێک. ئێمەى کورد و خۆرهەڵاتى چەندیش هەوڵبدەین هەر لە پرۆسەى نزیکبوونەوەداین لەوان، چونکە ١) ئەو فیکرە لە مێژوویەکى تردا ڕسکاوە و من لە ڕووى ئۆنتۆلۆژییەوە بەشێک نیم لەو مێژووە. ٢) گەر وەک مرۆیەکى گەردوونى، مافى خوێندنەوە و تێگەیشتنى ئەو بیریارەشم هەبێت، ئەوا پێویستم بە کات و پێداگرییە. پێداگرییش هەمیشە لەسەر ئەو بیرمەند و نەریتە نییە، بەڵکوو گەشتە بەناو فیکرى تریشدا تا دوورى و نزیکیی بیریارەکە بەوانی ترەوە تێبگەین. جا پێم وایە سیفەتگەلى وەک ئایدۆلۆژى، زۆر ورد نیە و بگرە هەڵەیەکى تیۆرییشە. چونکە زۆرجار باییی ئەوە فاکتمان دەستدەکەوێت تێبگەین مرۆى کورد بەئاسانى ناتوانێت ئایدۆلۆژى بێت، ئایدۆلۆژیا هەم فۆرمە و هەم ناوەڕۆک، هەم مێژووییە و هەم کۆمەڵێک بەهاشى لەپشتەوەیە کە لە ڕابردوویەکى تەواو تیۆرییەوە دێت. ئەوەى لێرە هەیە تەعەسوبێکى زۆر جار ڕووکەشە بۆ بەرژەوەندییەک یان بەهایەکى خێڵەکى. ئایدۆلۆژیا، بەتایبەت لەناو پانتاییی ڕۆشنبیریدا شتێکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە ڕابردوویەکى دوورى نووسین و فیکرت هەبێت و یەکێک لە فیگەرەکانى مێژووەکەت بووبێتە بت. من کاتێک بتەکانى فرانسیس بیکەن دەخوێنمەوە، هەست ناکەم کورد بت و ئایدۆلۆژیاى ڕۆشنبیری هەبێت. بیکەن کە ڕەخنەى ئەرستۆ دەکات و وەک بتێک سەیری دەکات، ئەوە دەریدەخات ئەرستۆ کاریگەرییەکى فیکرى و مێژوویی لەسەر زەینى مرۆى خۆراوایی جێهێشتووە. بەڵام ئاخۆ ئەم دۆخە لەرزۆک و ناجێگیرەى کورد توانستى ئەوەى هەیە کە بت و ئایدۆلۆژیاى ڕۆشنبیرى دروست بکات؟ سەردەمانێک دەوترا فڵان خوێنەر دەروێشى فڵان نووسەرە، بەڵام ئاخۆ شێخێکى هێند جێگیرمان لەناو مێژوودا هەیە دواى بکەوین و لەوەش گرنگتر ئاخۆ هێند پشوودرێژیمان تیایە هەموو گوتراوەکانى شێخێک ڕاکێشین و شیتەڵیکەین و وازى لێ نەهێنین؟ باسەکەم دین نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکە لە ڕاکێشان و درێژکردنەوەى عەقڵانى کە گوتە بەسەر گوتەبێژدا زاڵ دەکەیت و بیر دەکەیتەوە و ڕەوتێکى ڕەخنەیی دەخەیتەڕێ. بۆیە دەکرێت بەردەوام بپرسین ئاخۆ ئەوەندە خەڵکت هەیە لە دەقى نووسەرەکاندا بچەقن و ڕۆبچن و ئەرگۆمێنتى لێ دروست بکەن و درێژەى پێ بدەن؟ لە ڕاستیدا، لاى کەمییەکەى، گومانم لەم مەسەلەیە هەیە. ئێمەى کورد، تێکڕا زەینێکى پەرتمان هەیە کاتێک ڕووبەڕووى فیکر دەبینەوە، بۆیە هەر ئەم پەرتییە تووشى کۆمەڵێک چەمکمان دەکات کە بەڕواڵەت فیکرییە بەڵام ناواخنەکەى حوکمێکى بەهاییە و هەڵگرى سەمپتۆمەکانى کوردبوونمانە و هیچى تر. چەمکى ئایدۆلۆژیا زۆر جار یەکێکە لەو چەمکانەى کە لە لایەن بەشێکى نوسەرانى ڕەهەندەوە بەکار هاتووە. لەلایەکەوە پێمان وایە لە سەرەتاى شتەکاندا دەژین و لەلایەکى تریشەوە پێمان وایە فڵان و فیسار قۆناغ و کەس ئایدۆلۆژیین. هەتا لە ڕووى سیاسیشەوە حیزبى کوردى(بۆ نموونە لە باشوور کە تیا ژیاوین) خاوەنى ئایدۆلۆژیایەکى ڕوون و مێژوویی نییە، هەتا لە کۆى ئەم کولتوورانەى ئێرەدا ئایدۆلۆژیا بە ماناى تەواوى وشەکە ئیش ناکات. هەمیشە دەق و پەیڕەو هەیە، بەڵام بەتوندى لە واقیع جیا دەبێتەوە. ئایدۆلۆژیا لەناو دنیاى ڕۆشنبیریدا بە مەرجێکەوە بەستراوەتەوە کە دەبێت کاریگەرییەکەى لەسەر واقیع ببینیت. لە کۆمەڵگاى ئێمەدا گەر ئەو شتەش بسڕیتەوە وا بەحسێب نوخبەیە، پێم وانییە شتێکى ئەوتۆ ڕووبدات. نوخبە چەمکێکى مێژووییە و کارلێکێکى دیالەکتیکیی بە واقیعەوە هەبووە. هەتا زۆر جار کە باسى نالى و مەحویش دەکرێت، هەست دەکەم خەڵکانێک بوون لە سووچێکدا بەبێ ئەوەى دەرهاویشتەى واقیعێک بن و بگرە زۆربەى خەڵک هەر نەیناسیون. لە یۆنان کەسێکى نوخبەیی بەناو بازاڕدا دەگەڕا و پرەنسیپەکانى دایالۆگى دادەڕشت، لێرە هەرکەس شتى وابکات دەکرێتە گاڵتەجاڕ. ئەمە خۆى دەلالەتە لەوەى کە تا نوخبە و پانتاییی ڕۆشنبیرى و چەمکەکانى ناو ئەم پانتاییە بەوردى نەخوێنرێنەوە، ئەوا تۆمەتگەلى وەک ئایدۆلۆژى شتێکى زۆر ڕوونمان پێ ناڵێت. هەتا ئەوەى بە ئایدۆلۆژیاى چەپ دادەنرێت لەم کەلتورانەدا، واتێدەگەم لە ناوەڕۆکدا ڕەقهەڵاتنى دەمارگیرییە خیڵەکییە خۆماڵییەکە بێت و هەر ئەوەى واقیع بوارى پیادەکردنى نادات، هەندێک لە باوەڕدارەکانى تووشى متبوون و ڕەقبوونى دەروونى دەکات کە هیچى لەو چەپە ناچێت لە خۆراوادا بە کۆمەڵێک قۆناغى گەورەتر و مێژووییتردا هاتووە. گەر لێرە ئایدۆلۆژیاش هەبێت، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆى هەیە کە کارکرد و دەرەنجامى ترى لێ دەکەوێتەوە. زۆرجاریش ماهیەتى شتێک بریتییە لە کارکرد و دەرەنجامەکانى. گەر بڕیار بێت ئەو مانا فۆرماڵە سەرەتاییەى ئایدۆلۆژیا بەسەر شتەکاندا پیادە بکەین، ئەوا پێم وایە کەسى لێ دەرناچێت: ئەدەب و ژۆرنالیزمى سیاسى و زۆر بوارى تریش ئایدۆلۆژیاى تایبەت بە خۆیان بەرهەم دێنن. گەر نەشڵێم ئایدۆلۆژیا، کڵێشە بەرهەم دێنن. مرۆڤ دەتوانێت یەک کتێب لەسەر ئەو کڵێشانە بنووسێت کە ئەدەب لە واقیعى ئێمەدا ڕایاندەگرێت و لقەکڵێشەى تریشیان لێ دروست دەکات و ئەرکەکانیشان تازە دەکاتەوە و لە هەندێ جێگاشدا لەگەڵ دیندا یەکتر دەبڕن. تاکە مەبەستم لەم قسانە ئەوەیە پێم وایە پێویست دەکات بچینە ئاستێکى ترى گفتوگۆوە کە چەمکەکانى وردتر و مافبەخشتر بن. ئایدۆلۆژیا لەم حاڵەتەدا و زۆر جاریش لە دونیادا وەک میکانیزمێکى بەرگریی دەروونی لێهاتووە و دژ بەو ساتانە بەکار دەهێنرێت کە کۆئەندامى دەروونیی کەسەکە پێ وەڕسە. واتە جۆرێک لە دەرهاوێژیی تەنگژەیەکى دەروونى تا لە خۆ دووربخرێتەوە. ئەم باسانە زۆریان دەوێت و خەون بەوەوە دەبینم ڕۆژێک دۆخێکى ئۆبێکتیڤ و بابەتى و عەقڵانى بڕەخسێت تا هەموومان سەرنجى عەقڵانیی خۆمان بخەینە ڕوو. لە فەزایەکى وەک ئەمڕۆ هەموو ڕەخنە و سەرنجێک یەکسەر وەردەگەڕێتە سەر خراپە(evil)، سەر کورتبوونەوە و نەگەیشتن، سەر دەرگیربوونى شەخسى.

من بڕوام بە فرەیی هەیە وەک ئاشتییەکى کۆمەڵایەتى، بەڵام ژیان خۆى فرەیی ڕووت نییە. ژیان هەمیشە تراومایەک و فرەییەکە. واتە لە بن فرەییەکاندا سنورێکى توندوتیژ نوستووە، جۆرێک لە شۆرتى بەزەبر، شێوازێک لە تێکدانى فرەییەکە. زۆر جار کەسێک بۆیە داکۆکى لە فرەیی دەکات تاکوو خاڵێک لەو نێوانەدا ون ببێت. ئەم ونبوونە زۆرجار ئاساییە و مافى هەرکەسێکە، بەڵام هەندێ جار شتى چارەنووسساز ون دەکات. گەر نمونەیەک بێنمەوە: کە دەوترێت وەستان لەسەر یەک فەیلەسوف دۆگم و دین دروست دەکات، ئەوا ڕێک خۆمانین دینى بیردەکەینەوە. چونکە تووشى شوبهاندنێکى دینى-ئەدەبى هاتووین و هەر جۆرە هەڵوەستەیەکى شاقووڵى بە دۆگم و دین دادەنێین. لە کاتێکدا فرەییەکى تایبەت لە هەناوى فیکرى هەر فەیلەسوف یان بیریارێکدا نوستووە. فرەییەک کە بێگومان سنوورى جیاکەرەوەى بە فرەیی ناو سیستەمێکى تیۆریی ترەوە هەیە. وا گومان دەکەم ئەم فرەییەى لێرەدا باس دەکرێت پەیوەندیی بەو فرەییەى خۆراواوە نەبێت، بەڵکوو فرەییە کوردییەکەیە و تێکەڵ بە زمان و زارى قسەکەرەکە بووە. واتە جۆرە فرەییەکە کە هەڵهاتنە لە خۆکۆکردنەوە و تێگەیشتن لە بیرمەندێک. فرەییی ڕاستەقینە ئەوەیە بتوانیت فرەییە چەمکایەتییەکەى بیرمەندێک لە هەموو دیاردەکانى ژیاندا بدۆزیتەوە و تێى بگەیت. ئەم جۆرە حوکمدانەى سەرەوە ناهێڵێت ڕێیەکى وا بگریتەبەر، چونکە لە ئەسڵدا داکۆکى لە زەینێکى ئەدەبى دەکات کە ئەم زەینەش لە سەروەختى تراوما و بنبەستەکاندا لەبرى دانپیانان، کەچى بۆ لایەکى تر دەگوازێتەوە و چرکەساتەکە ساڕێژ دەکات. هەتا تێگەیشتن لە مارکس بە ماناى چەقبەستن نایەت، بەڵکوو توانایەکى زۆرى دەوێت مرۆڤ تا کۆتاییی بیرى مارکس بڕوات و جیهان لە ساتە وردەکانیدا تێبگات. مارکس تووشى کورتکردنەوە هاتووە کە یەکسەر دەبەسترێت بە شەڕى بۆرژوا و پرۆلیتارەوە، گەرنا مارکس بەئیمتیاز فەیلەسوفە، ئیش بە چەمکانێکى پەیوەست دەکات، میتۆدێک بۆ تێکشکاندنى دژەچەمکەکان بەکار دێنێت، ئەو ئەنجامەى لێرەدا پێى گەیشتووە هەڵیدەگرێت تا لە جێیەکى تردا و لەناو فرەییەکى چەمکایەتیدا بیانلکێنێت بەیەکترەوە. فرەییی بیرمەندان، بەگشتى فرەییەکە لەناو یەکدا، نەک وەک ئەم فرەییە شیعارییەى ئێمە کە فرەییەکە لە فەزایەکى ئەبستراکت و بێ‌چوارچێوەدا.

«فۆرم»ـى کەسایەتى لە بێشومار ڕەگەز پێکهاتووە، شتانێک کە بەشێکى بۆ کەسەکە خۆیشى نەبینراوە. کەسایەتیی شەخسى و کەسایەتیی ڕۆشنبیرییش. پێم وایە کەسایەتى لەسەر کۆمەڵێک هێڵى پانى و درێژى گەشە دەکات. هەیە بە هێڵێکى هەڵەدا شۆڕدەبێتەوە و گەشە سەرەتاییەکەى خۆیشى تێک دەدات. نووسەرمان هەیە بە چەند کارێکى باش هێناى، بەڵام ئێستا کەوتووەتە ناو هێڵێکى هەمەپەسەند و بەربادەوە کە وردەوردە وێنەى ڕابردووى خۆیشى کاڵ دەکاتەوە. نووسەربوون خزمەتکردنى ئەو هێڵانەیە کە لە مێژووى نووسین و سانسۆرەکانى دوور ناکەونەوە. هەر دوورکەوتنەوەیەک، باجى خۆى هەیە. ئەم خاڵە ڕەنگە لەلاوە تێپەڕێنرابێت، بەڵام ڕۆڵى هەبووە لەوەى نووسەرانى «ڕەهەند» بمێننەوە. ئەو چەند ساڵەش فەزاى مەجازى، لە هەندێ ڕووەوە پانتاییی ڕۆشنبیری بەرەو سادەیی و ژۆرنالیزمێکى گشتى برد، بەڵام بەشێک لە کارى «ڕەهەند» وەک کاغەز مایەوە و پەیوەندیی بە واقیعەوە نەپچڕا. ڕۆشنبیرى لە کرۆکى حۆیدا، سەرەنجام لەسەر کتێبى کاغەز دروست دەبێت نەک فەیسبوک. لە کۆتاییدا خاڵێک هەیە، تەکنیکى دەردەکەوێت، بەڵام ناوەڕۆکێکى سیاسى و ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتییشى هەیە. مەبەستم بۆ فیکر و کارى ڕۆشنبیرى دەبێت دیسپلینت هەبێت، قوربانیدان و یەکلابوونەوە، ژیانت دابین بێت، مەودا کۆمەڵایەتییەکەت زۆر گرژ نەبێت، جۆرێک لە تەنیاییت هەبێت. سپێنۆزا کاتى خۆى وتى تەنیاییەکم لە سووچێکدا بدەنێ و هەموو شت بۆ ئێوە. ماهیەتى نووسەر، بە مانایەک، نووسینە. لەم ڕووەوە گۆڤارى «ڕەهەند» زیاد لە جارێک هەڵوێستى ڕوون و ئەرێنی هەبووە. داواکراوە کەمینەیەک لە خەڵکى نووسەر لە کارى لاوەکى و دەوامى زیادە و وەزیفەى سیاسیی بێکەڵکدا بەهەدەر نەدرێت. ئەمە خۆى دەلالەت لە کێشەیەکى گەورەتر دەکات، ئەوەى کە نوخبە شوێنێکى کۆمەڵایەتیی جێگیرى لە سیاسەتدا نییە. ژیانى کۆمەڵگایەک، بە هەموو پەرتییە ناوەکییەکانیەوە، هێشتا ناچارمان دەکات وەک کۆیەک لێى بڕوانین.

تێبینی: بەشێک لە نووسینێکی درێژتر