سیاسەتی ڕزگاری یان سیاسەتی بەخشین؟

دەربارەى پۆڵ سیلان

پوختە

پۆڵ سیلان یەكێكە لەو شاعیر و نووسەرە دیارانەى سەدەى بیست كە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، زۆرترین خوێندنەوەى بۆ كراوە. جارێك لە مارتین هایدیگەر نزیك كراوەتەوە، جارێكی دیكە، وەك خاوەن سیاسەتی بەخشین لەقەڵەم دراوە؛ كە هەموو كارەساتی هۆڵۆكۆست و ئاوشڤیتزی بەخشیوە و لە فەیلەسوف و بیرمەندەكانی پشتیشی خۆش بووە بەتایبەت هایدیگەر، كە بەقووڵی لە پشتی فاشیزمی ئەڵمانییەوە وەستابوو. لەلایەكی دیكەوە، سیلان وەك هاوڕێگا و هاوفیكری واڵتەر بنیامین لەقەڵەم دراوە، بەتایبەت شیعرەكەى “پۆرتبۆ-ئەڵمانی”، “ئاناباسیس”، “كریستاڵی هەناسەدان” و هتد، خودی شیعرەكانی وەك كەرەستەى “ناوەرگێڕان” لەقەڵەم دراوە و تەفسیر كراوە. من لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم سەرەتا لەسەر چەند تێمێك هەڵوەستە بكەم، لەوانە كرۆكی شیعریی سیلان و قابیلییەتی وەرگێڕان یان وەرنەگێڕان، ماتریالیزمی شیعریی سیلان، پەیوەندیی سیلان و هایدیگەر، خوێندنەوەى ئالان بادیۆ بۆ سیلان دژی هایدیگەر و هتد.

پۆڵ سیلان (١٩٢٩-١٩٧٠) شاعیری ڕۆمانیایی و ئەڵمانیزمان

كەس و كات: ژیانی پۆڵ سیلان

پۆڵ سیلان، ناوی ڕاستەقینەى پاوڵ ئەنتشێل بوو، لە چەرنۆڤیتزی ڕۆمانیا لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ١٩٢٠ لەدایك بووە. كوڕی سیلانی جووى ئەڵمانیی زمان بووە، و كە زمانەكانی ئەڵمانی، ڕۆمانی، ڕووسی و فەڕەنسییان زانیوە و سیلانیش بەم زمانانە پەروەردە بووە. تەنانەت لە عیبریش تێگەیشتووە. ناوی خێزانەكەى “ئانچل” بووە، كە پاشان گۆڕییان بە “چیلان” (لە زمانی ڕۆمانیدا و “سیلان” لە زمانی ئەڵمانیدا). باوكی پاوڵ، لیۆ، لایەنگر و هەواداری فێركاریی زایۆنیزم بوو و پێداگریی لەسەر ئەوەش دەكرد كوڕەكەى دەبێت عیبری بخوێنێت و؛ دایكی سیلانیش، فریتزل، یەكێك بوو لە شەیدایانی ئەدەبیاتی ئەڵمانی و، جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت لە ماڵەوە بە ئەڵمانی قسە بكەن. سیلان پزیشكی لە پاریس لە ١٩٣٨ خوێند، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم لە دەستپێكی جەنگی جیهانیی دووەم گەڕایەوە ڕۆمانیا. خێزانەكەى گیرابوون و تەسلیمی كەمپی كاری زۆرەملێی نازییەكان كرابوون، هەر لەوێش گیانیان لە دەستدابوو؛ سیلانیش خۆی بۆ ٨ مانگ زیندانی كرابوو تا ئەو كاتەى ڕایكرد و پەیوەندیی بە سوپای سوورەوە كرد.

لە ١٩٤٥ چووە بوخارێست و بوو بە هاوڕێی نووسەرە ڕۆمانییە دیارەكانی ئەو سەردەمە. وەك خوێنەرەوە و وەرگێڕ لە چاپەمەنییەكدا دەستبەكار بوو. هەروەها دەستی كرد بە بڵاوكردنەوەى شیعرەكانی و وەرگێڕانەكانی بە نازناوی جۆراوجۆر. لە ١٩٤٧ نازناوی سیلانی هەڵبژارد، كە گۆڕاوی دەنگی ڕۆمانیی ئانچڵ بوو بۆ سیلانی دەنگی ئەڵمانی. بۆ ماوەیەكی كورت لە ڤییەننا ژیانی گوزەراند تا لە ١٩٤٨ لە پاریس نیشتەجێ بوو و دەستی كرد بە خوێندنی فیلۆلۆژی و ئەدەبیاتی ئەڵمانی. لە ١٩٥٠ دیپلۆمی وەرگرت و لە ١٩٥٢ هاوسەرگیریی لەگەڵ هونەرمەندی گرافیك، گیزلە دو لیسترانژە كرد. لە ساڵی ١٩٥٥ منداڵێكیان بوو و ناویان نا: ئەریك.

یەكەم كتێبی سیلان لە ساڵی ١٩٤٧دا بڵاو كراوە؛ زۆر كەم ئاوڕی لێدرایەوە. دووەم كتێبی بەناوی “خەشخاش و یادەوەری” (Mohn und Gedaechtnis) چاپ كرد، ئەم كتێبەیان ناوبانگێكی زۆری بۆ هێنا و ستایشێكی زۆر كرا. لەنێو گوڵچینی بەناوبانگترین شیعرەكانی لەو كاتەدا، بریتییە لە كتێبی “فۆگی مەرگ” (Todesfuge). شیعرەكە بەم ڕستانە بەیتانە دەست پێ دەكات:

“شیری ڕەشی كازیوە،

بەڵام ئێمە

لە ئێواراندا،

دەیخۆینەوە

لە بەیانیاندا

لە نیوەڕۆیاندا

لە شەواندا دەیخۆینەوە و دەیخۆینەوە،

لە هەوادا گۆڕێك هەڵدەكەنین،

لە هەوای تەنگدا ئارام ناگرین

ئەو پیاوەى لە ماڵەوە دەژیت لەگەڵ مارەكاندا

یاری دەكات، دەنووسێت،

دەنووسێت، كاتێك خۆرئاوا دەبێت، بە ئەڵمانی پرچی زێڕینی نێو مارگارێتە

دەنووسێت و دەچێتە دەرەوەى ماڵ

فیكە بە ڕووی ئەستێرە درەوشاوەكاندا لێ دەدات

بانگی سەگەكانی دەكات

فیكە لێ دەدات

بانگی جووەكانی دەكات

تا گۆڕێك هەڵكەنن

ئێستا فەرمانمان پێ دەكات

گۆرانی بچڕین و سەما بكەین”

هەروەها شیعرەكە بەردەوام دەبێت و دەڕوات تا دەگاتە سەر باسی كەمپەكانی مەرگ لەنێو پیشەسازیی مەرگی نازییەكاندا.

لە ١٩٥٩، وەك خوێنەرەوەى زمان و ئەدەبیاتی ئەڵمانی لە ئیكواڵ نۆرمال سۆپەریۆری زانكۆی پاریس دادەمەزرێت، لەو پێگەیەدا دەمێنێتەوە تا ساتی مردنی لە ١٩٧٠دا. هەروەها تا ڕۆژی كۆچی دوایی، سەرەڕای نووسینی شیعرەكانی خۆى، وەك وەرگێڕی بەرهەمەكانی هێنری میشاو، ئۆسیپ ماندڵستام، ڕێنێ شار، پۆڵ ڤالێری و فێرناندۆ پێسوا بەردەوام بوو. لە ١٩٧٠، سیلان خۆی دەكوژێت.

سیلان و پرسی وەرگێڕان

بیر لەوە بكەنەوە یەكێك خۆی لە بەناوبانگترین وەرگێڕی دەقە شیعرییەكان بێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمكی وەرگێڕاندا دەكات؟ واڵتەر بنیامین، كە خۆشی وەرگێڕی دەقە شیعری و پەخشانییەكانی شاڕڵ بودلێر بووە بۆ زمانی ئەڵمانی، دەگات بەو دەرەنجامەى هەموو دەقێك لە جەوهەری خۆیدا، هێزەكییانە توانای وەرگێڕانی هەڵگرتووە و بۆ ئەم مەبەستەش بنیامین چیتر بەسادەیی چەمكی وەرگێڕان بەكار ناهێنێت، Übersetzung (یان بە ئینگلیزی: Translation)، بەڵكوو پاشگری barkeit (ability) دەخاتە سەر چەمكی وەرگێڕان و ئەم داڕشتەیەى لێ بەرهەم دەهێنێت: Übersetzungbarkeit(translatability)، كە بە مانای قابیلییەت و توانای وەرگێڕانی دەق، یاخود، وەك گوتم هەموو دەقێك لەناو خودی خۆیدا توانای وەرگێڕانی هەڵگرتووە و هەر دەقێك وەرنەگێڕدرێت، دەق نییە، چونكە دەق لە زمانی دووەمدا لەدایك دەبێت. بەڵام با بپرسین، كە سیلانیش بە هەمان شێوەى بنیامین لەسەر وەرگێڕان و تیۆری وەرگێڕان كاری كردووە و پاشانیش خۆی وەك یەكێك لە خوێنەرەوەكانی بنیامین ناسراوە و شیعری “پۆرتبۆ-ئەڵمانی” لە بەناوبانگترین دەقەكانییەتی، بۆچی هەمیشە بەرانبەر بە چەمكی وەرگێڕان و خودی وەرگێڕانی دەق بەرەنگاری نواندووە؟

جۆن فیلستنەری نووسەری پاوڵ سیلان: شاعیر، بەجێماو، جووە و لەوێدا بەوردی خاسییەتەكانی سیلان هەڵدەسەنگێنێت و بەتایبەت لەسەر چەمكی وەرگێڕانیش دەوەستێت، بەڵام لە شیكارییەكەیدا بۆ كتێبەكە، میشایل ئەندرێ بێرنشتاین دەنووسێت: “دەبێت بڵێین قورسی و سەختیی ڕادیكاڵی پاوڵ سیلانی شاعیر، بەتەواوی ناقابیلی وەرگێڕانە”. ئەمەش بووەتە بۆچوونێكی باو و گشتی و هاوبەش و لە زۆر شوێندا دووبارە كراوەتەوە و لە دوو بۆ سێ دەیەى ڕابردوودا بەردەوام بەرهەمهێنراوەتەوە. بەتایبەت ئەم پرسە لەنێو زمانی ئینگلیزیدا سەری هەڵداوە، نەك فەڕەنسی و ئەڵمانی، چونكە سیلان خۆی بە هەردوو زمانەكە نووسیویەتی. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین وەرگێڕانی جیاوازی دەقەكانی سیلان لە زمانی ئینگلیزیدا هەن. ئەمە وادەكات گومانمان بۆ پێچەوانەى ئەم بۆچوونە باوانە بچێت. بۆ نموونە، مارك ئەندرسن، دەنووسێت كە شیعری سیلان “لەسەر لێواری ناقابیلییەتی وەرگێڕان وەستاوە و لە هاتن و چووندایە”. ڕۆبەرت پینسكی دەڵێت: “زەروورەتی وەرگێڕان، سنووردارێتییە سەخت و بەرتەسكەكان” و جۆن ماكسوێل كۆتزی پێی وایە كە “وەرگێڕانی دواتری شیعرەكانی [سیلان بۆ زمانی ئینگلیزی] بەگشتی فەشەلیان هێناوە”.1Coetzee, J. M. 2001. “In the Midst of Losses.” New York Review of Books, July 5. http://www.nybooks.com/articles/archives/2001/jul/05/in-the-midst-of-losses/. تەنانەت كەسێكی وەك ژاك دێریداش لە وانە و وتارەكانیدا دەربارەى سیلان، باسی تارمایی ناقابیلییەتی وەرگێڕان لە شیعری سیلاندا دەكات و دەڵێت: “واپێدەچێت هەموو شتێك لە بنچینەدا، قابیلی وەرگێڕان بێت، جگە لە نیشانەی جیاوازیی نێوان زمانەكان لەنێو هەمان ڕووداوی شیعریدا”.2Derrida, Jacques. 2005. Sovereignties in Question: The Poetics of Paul Celan. Translated byThomas Dutoit, Outi Pasanen, Philippe Romanski and Joshua Wilner. Edited by ThomasDutoit and Outi Pasanen. New York: Fordham University Press, p.21 بێگومان سیلان بە بەردەوامیی زمانی جۆراوجۆری لەنێو یەك تاكە شیعردا بەكارهێناوە، بۆ نموونە لە شیعری “Schibboleth”، ئەم شیعرە بووە بە یەكێك لە نموونە سەرەكییەكان لای دێریدا تا تیۆرەكەى دەربارەى ناقابیلییەتی وەرگێڕان لای سیلان بونیاد بنێت. بەڵام تەنانەت سەرەڕای ئەم هۆكارانەى وایكردووە شیعری سیلان بە ڕووی زمانە جیاوازەكاندا بەرەنگاری بكات لە وەرگێڕان، كەچی ناوبانگی ناقابیلییەتی وەرگێڕان لە هەمان كاتدا بووەتە هۆكارێك بۆ قبوڵكردن و پێشوازیكردن لە سیلان لەنێو جیهانی بەتایبەت ئینگلیزیزماندا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، من بە تێگەیشتن و پشت بەستن بە بنیامین پێموایە هەم هەڵە تێگەیشتن لە سیلان هەیە و هەم كارەكانی و ئامانجەكانی وەرگێڕان. چونكە بەڕاستی سیلان لە پێناوی وەرگێڕاندا دەنووسێت.

بەگشتی ئەو ڕەخنەگرانەى كارەكان و شیعرەكانی سیلان وەك ناقابیلی وەرگێڕان وەسف دەكەن بە شێوەیەكی دووبارە تەنها یەك یان دوو ئەرگومێنت بۆ پشتیوانیكردن لە ڕوانگەكانیان دەهێننەوە. یەكەم بریتییە لە دەستنیشانكردنی كارە سەرەكییەكانی سیلان وەك ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ماوەدرێژ لەگەڵ خودی زمانی ئەڵمانیدا –ئەمەش بەگوێرەى خوێندنەوەكەى دێریدا كە ئەڵمانی هەمیشە “نیشانەى جیاوازی” ناقابیلییەتی وەرگێڕان لە شیعری سیلاندا دەخاتە ڕوو. دووەم بریتییە لە پیشاندانی شیعری دواتری سیلان وەك بە شێوەیەكی ڕوولەهەڵكشان هێرمسیی، پڕ لە سەرچاوە كەسییە ناڕوونەكان و بە شێوەیەكی فراوان وادەكات خوێنەرانی دەرەوەى ئەو زمانە دەستیان پێی نەگات. سەرەڕای ئەوە، هیچ یەكێك لەم ئاراستە ڕەخنەییانە بناغە و هۆكارێكی گونجاو سەبارەت بە بانگەشەی ناقابیلییەتی وەرگێڕان بەدەستەوە نادەن كە بەشێوەیەكی بەردەوام بۆ پشتیوانی لە ڕوانگەكانی خۆیان بەكاریان هێناوە. بەپێچەوانەوە، ئەو شیعرییەتەى سیلان دواتر گەشەى پێداوە، بناغەیەكی گونجاو بۆ ئاراستەى وەرگێڕان بەدەستەوە دەدات كە تیایدا سەختێتی، ڕێگا بۆ دیالۆگ و مشتومڕ خۆش دەكات. بە وردبوونەوە لە كارەكەى سیلان، دەتوانین بڵێین شیعرەكانی دواتری ئەو دەكرێت بە شێوەیەكی هێرمسییانە بەرانبەر بە خوێنەرانی دەرەوە بەرەنگاری دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی ڕادیكاڵ كراوەن بە ڕووی خوێنەری نازمانی یەكەمدا، بانگهێشتی وەرگێڕانەكان دەكەن تا ببینن كە چەندە هەڵگری ڕەهەندی جیاواز و كراوەن. بەڵام شیعرییەتە دیالۆگییەكانی وەرگێڕان و نموونەش لێرەدا شیعری “لە تاریكییەوە بۆ تاریكی”یە.3Von Dunkel zu Dunkel” – “From Darkness to Darkness”

تۆ چاوەكانت كردەوە – من تاریكایەتیم دەبینم دەژیت

من دەیبینم لەسەر زەوییەكە:

بەڵێ لەوێش ئەوە منم و دەژیت.

ئایا ئەمە گوێزەرەوەیەكە؟ كە دەگوازێتەوە [دەپەڕێنێـتەوە]، ڕادەبێت؟

كە ڕۆشنایی بەشوێن پێكانمدا دێت،

تا كەشتییەوانێك4 لێرەدا كەشتییەوان دەكرێت تەعبیر بێت بۆ خودی كەسی وەرگێڕ، كە دواتر زیاتر ڕوون دەبێتەوە.دەركەوێت؟

Von Dunkel zu Dunkel

Du schlugst die Augen auf – ich seh mein Dunkel leben.

Ich seh ihm auf den Grund:

Auch da ists mein und lebt.

Setzt solches über? Und erwacht dabei?

Wes Licht folgt auf dem Fuß mir,

daß sich ein Ferge fand?

شیعرەكە ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەنێوان دوو كەسدا دەخاتە ڕوو  -“من”ێك و “تۆ”یەك– و تیایدا هەمان ئەگەر و توانای تێگەیشتنی هاوبەش لە پرسیارەكە هەیە. قسەكەر لە سەرەتادا تاریكایەتی خۆی لە چاوانی ئەوی دیكەوە دەبینێت؛ بەڵام بەندی دووەم خۆی لەم خۆناساندنە كاتی و زووتێپەڕە جیا دەكاتەوە. بڕگەى “Setzt solches über? Und erwacht dabei?”وەك پرسیارێك دەردەكەوێت كە ئایا لە ڕاستیدا دەكرێت ئەم تاریكاییە لەكوێوە بەسەر شاعیردا ببارێت یان بپەڕێتەوە، ئایا دەكرێت ئەم تاریكاییە هاوبەش بكرێت یاخود بەتەنها هەڵبگیرێت.

بەڵام ڕستەى “Setzt solches über?”ی ئەڵمانی گەلێك تەفسیری جیاواز هەڵدەگرێت. ئەگەرچی چاوگی “übersetzen” بە مانای “پەڕینەوە لەمبەر ڕووبار بۆ ئەوبەر” دێت، لە هەمان كاتدا “übersetzen” بە مانای “وەرگێڕان”یش دێت.5پێویستە لێرەدا ئاگاداری ئەوە بین كە “übersetzen” (وەرگێڕان) فرمانێكی لێكدابڕاو یان جیاكراوە نییە، بەڵام هەمان  “übersetzen” (پەڕینەوە یان گواستنەوە) فرمانێكی جیاكراوە و لێكدابڕاوە ئەمەش لە ئەڵمانیدا پێیدەگوترێت، (trennbare verben) و فرمانی لێكجیانەكراوەش پێی دەگوترێت (untrennbare verben) واتا ئەو فرمانانەى لەیەكتر جیا ناكرێنەوە، وەك “ئوبەرزێتسن” (وەرگێڕان)، یان فرمانی جیاكراوە “زێتزت زۆلشەس  ئوبەر” (پەڕینەوە بەكام لادا). بۆ نموونە، فرمانێكی دیكەى لێكجیاكراوە لە زمانی ئەڵمانیدا، anrufen، (تەلەفونكردن)، كاتێك من تەلەفون بۆ كەسی دووەمی تاك دەكەم ئاوای لێدێت: “Ich rufe dich an” (من تەلەفونت بۆ دەكەم). فرمانی تەلەفونكردن لە كوردیشدا جیا دەكرێتەوە، “تەلەفون+كردن” (تەلەفونت بۆ دەكەم). فۆرمی فرمانی جیاكراوەى “setzt …über” بەحەرفیی بە مانای “پەڕینەوە یان پەڕاندنەوە بە[بۆ نموونە قەیاغ]” دێت، و وەرگێڕانێكی دروستە لەم سیاقەدا. بەڵام هەروەك ژاك دێریدا تێبینیی كردووە ئەمە هەروەها بەشێوەیەك كە ناكرێت هەڵەى تیادا بكرێت بەسەر “übersetzen”یشدا پیادە دەبێت. لە زۆر شیعری دیكەى سیلاندا ئەم دووانە ماناییانە دروست دەبن و ڕوو دەدەن.لە سیاقی شیعرەكەدا، ئەم بڕگەى دووەمە پێشنیاری مانایەك دەكات ئامرازی گواستنەوەكە خۆى دەبێتە پرسێكی فرمانی، و قسەكەر بۆ زمان دەگەڕێت كە تیایدا دەكرێت تاریكایی هەڵبگیرێت و باربكرێت. بۆ وەرگێڕان، تەحەدای ئەم پەرەگرافە ئەوەیە دەستەواژەیەكی تاقانە بدۆزیتەوە كە لە زمانی مەبەستدا (زمانی بۆ وەرگێڕدراو) هەردوو ماناكە پێشنیار بكات لەیەك كاتدا: “ئایا ئەمە دەگوازێتەوە یان دەگوازرێتەوە؟” من پێم وایە لە زمانی كوردیدا دەكرێت ئەم مانایە هەڵبگرێت: گواستنەوە (transition) هەم بە مانای گواستنەوەی شتێك لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە هەم بە مانای گواستنەوەى دەقێك لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی دیكە دێت. ئەگەرچی مایكڵ هامبۆرگەری وەرگێڕ و لێكۆڵەری دیاری پاوڵ سیلان لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ ئەم بڕگەیە پێشنیاری “Is that a ferry? Which, crossing, awakens?”ی كردووە، بەڵام ئەگەر بكرێت بەسانایی ئەم بڕگەیە پێشنیار بكرێت لەوانەیە لەم قەیرانە ڕزگارمان ببێت: “Does this carry over?” كە بە مانای گواستنەوە یان هەڵگرتن دێت. بۆ نموونە “خەونەكان بەرەو بەدیهاتن دەچن یان دەگوازنەوە” (dreams carry over into reality). پێم وایە بەم جۆرە ستراتیژییەتێكی باشمان دەستگیر دەبێت. ئەگەر جارێكی دیكە ئەم بڕگەیە دابنێینەوە: “Setzt solches über?” و بە حەرفی وەریبگێڕین “ئایا شتێكی ئاوا هیچ شتێك دەپەڕێنێتەوە یان دەگوازێتەوە؟” بەڵام لە وەرگێڕانەكەی هامبۆرگەردا (كە منیش پشتم پێبەستووە) بەسانایی ئاوای لێهاتووە: “Is that a ferry?” (ئایا ئەمە قەیاغێكە؟) كە ڕاستەوخۆ بابەتێكی بەرجەستەیی و فیزیكی بە شێوەیەكی كۆنكریتی و دیار پیشان دەدات. ئەگەر بەم جۆرە ستراتیژییە بڕۆینە پێشەوە بۆ چارەسەركردنی پرسی ئەو تەحەدایەى پۆڵ سیلان دەیخاتە بەردەمی خوێنەر و وەرگێڕەكانەوە، ئەوا ئەوەى لەو نێوەدا لەدەستماند دەچێت، خودی وەرگێڕان خۆیەتی.

كەواتە بە بۆچوونی من بۆ ئەوەى باشتر لە فرمانی لێكجیاكراوەى “übersetzen”ی ناو شیعرەكە تێبگەین، كە هامبۆرگەر بە قەیاغ یان ئامراز و بەلەمێكی گواستنەوەى ئەم بەری ڕووبار بۆ ئەو بەری ڕووبار جێگای بۆ كردۆتەوە، ئێمە بێین و لەناو چەمكی “وەرگێڕان”دا دەركی بكەین، بەڵام هاوكات ئاگاشمان لە حاڵەتی فرمانە لێكجیاكراوەكە بێت، ئەوا دەتوانین بەسانایی وەك گواستنەوە لەقەڵەمی بدەین و ئەوسا دەتوانین بڵێین كە لە گفتوگۆی ناو شیعرەكە تێگەیشتووین ئەویش ئەركێكی هەیە: ئەركی گواستنەوە، ئەركی وەرگێڕان. ئەوسا دەتوانین ئەم بۆچوونەى واڵتەر بنیامین بەهەند وەربگرین و بەسەر پۆڵ سیلاندا پیادەى بكەین كە دەڵێت: “قابیلییەتی وەرگێڕانی دەق تایبەتمەندیی جەوهەریی بەشێكی زۆر لە بەرهەمەكانە، ئەمەش بەو مانایە نایەت بڵێین جەوهەری ئەو دەقانە ئەوەیە كە دەبێت وەربگێڕدرێن؛ بەڵكوو بەمانای ئەوە دێت كە ئەو ئاماژە تایبەتەى لەناو دەقی سەرەكیدا هەیە خۆى لەنێو قابیلییەتی وەرگێڕانی خۆیدا ئاشكرا دەكات”. كەواتە دەق بۆ ئەوە دەنووسرێت، وەربگێڕدرێت تا لە زمانی دووەمدا لەدایك ببێتەوە. سیلانیش ناڕاستەوخۆ، تەنانەت دەكرێت ڕاستەوخۆش، ئاماژەى بەوە كردووە و بانگی كردووین كە وەرن وەرمبگێڕن یاخود بمگوازنەوە. ئەم مامەڵەیەش كاتێك ڕوونتر دەبێتەوە، كە بگەڕێینەوە بۆ مامەڵەى پۆڵ سیلان خۆی لەگەڵ شیعری ئۆسیپ ماندلشتامدا كە وەریگێڕاون بۆ زمانی فەڕەنسی و ئەڵمانی. بۆیە با ئەم پرسیارە بەتایبەت لە ژاك دێریدا بكەین (یەكێك لە گەورەترین و دیارترین تیۆریزەكەرانی ناقابیلییەتی وەرگێڕانی پۆڵ سیلان)، كە ئایا چۆن دەكرێت كەسێك خۆى بانگمان بكات بۆ وەرگێڕان و خۆشی وەرگێڕ بێت، بەڵام ناقابیلی وەرگێڕان بێت؟

لێرەدا دەرفەتی ئەوەم نییە هەم هەڵوەستە لەسەر ژاك دێریدا بكەم و هەمیش لێكۆڵینەوە لە پێشنیارەكانی مایكڵ هامبۆرگەر بكەم. بۆیە من لێرەدا دەگوازمەوە بۆ چەند پرسێكی دیكەى ناو شیعر و ئەدەبیاتی سیلان، كە ڕاستەوخۆ شیعر بە سیاسەت و سیاسەتیش بە سیاسەتی ڕزگارییەوە دەبەستێتەوە. هەوڵ دەدەم دوو تێما و ناوەڕۆكی دیكە بخەمە ڕوو، پەیوەندیی ماتریالیزمی مێژووییی واڵتەر بنیامین بە سیلانەوە و سیلان و خوێندنەوەى بنیامین و هەروەها ئایا ئاراستەى سیلان بەرانبەر بە هایدیگەر چۆن بووە. بۆ ئەم مەبەستەش لەم بەشەدا پشت بە تەحەداكانی ئالان بادیۆ دەبەستم بەتایبەت لە كتێبی “سەدە”دا.

تۆتناوبێرگ یان سیاسەتی بەخشین؟

دەربارەى پەیوەندیی پۆڵ سیلان و مارتین هایدیگەر

تۆتناوبێرگ (Todtnauberg) ناونیشانی شیعرێكی پاوڵ سیلانە، ئەویش حەفتەیەك دوای سەردانەكەى سیلان بۆ لای هایدیگەر ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٦٧، ئەم شیعرەى نووسیوە. ناونیشانەكە ئێستا ناوی شارۆچكەیەكی ئەڵمانیشە. ئەم ناونیشانە لە دوو بڕگە پێكهاتووە كە هەم لە شیعری سیلان و هەم لە فەلسەفەی هایدیگەردا گرنگییان هەیە: “بێرگ” (Berg) واتا “شاخ یان چیا”، و “تۆت” (todt) واتا “مەرگ”. شاعیرەكە و فەیلەسوفەكە بەناو دارستانەكەدا پیاسەیەكیان كردووە، دیار نییە لە ساتی پیاسەكردندا باسی چییان كردووە. ئایا چی ڕوویداوە لەنێوان شاعیرێك كە یەكێك بووە لە بەجێماوانی هۆڵۆكۆست و فەیلەسوفێك كە لە بەناوبانگترین هەوادارانی نازیزم بوو؟ زۆر كەس سەردانەكەى سیلان بۆ لای هایدیگەر، وەك سیاسەتی بەخشین دەخوێننەوە، واتا سیلان سەرەڕای سەرجەمی بنەماڵەكەى، هەرچی جووى ئەوروپایە لە كەمپی نازییەكاندا لەناوبران و خۆشی ڕاكردوو و بەجێماوی هۆڵۆكۆست بووە، چۆن لە فەیلەسوفێك خۆش بووە كە لایەنگری ئەم تاوانە بووە و ئەندامی نازییەكانیش بووە؟ لە كاتێكدا هایدیگەر هەتا مردنیش داوای لێبوردنی نەكرد و نەیگوت ئەوەى نازییەكان كردوویانە دژی مرۆڤایەتی بووە؟ بەكورتی هەرگیز باسی جینۆسایدی جووی بە دەستی نازییەكان نەكردووە. هەرگیز دژی كۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی ئەڵمانی نەوەستاوە و قسەى لەسەر نەكردووە و بەپێچەوانەوە، بیركردنەوەى ڕاسیستی دژی مرۆڤایەتی، بەشێك لە فەلسەفەكەى پێكهێناوە.

من لەم بەشەدا، ئەم بۆچوونانە ڕەت دەكەمەوە كە پێیان وایە سیلان سازشی بۆ هایدیگەر كردووە و شیعرەكانی هەڵگری سیاسەتی بەخشین و هاوسۆزی بووە. لەم بەشەشدا، پشت بە فەیلەسوفێكی وەك ئالان بادیۆ دەبەستم بەتایبەت لە وتاری “ئاناباسیس”ی كتێبی “سەدە”دا كە لەم ڕێگایەوە پەلاماری هایدیگەر دەدات.

“چیاكانی مەرگ”

ئارنیكا، درەخشان،

وەرگیراو و نووسراو بەدروستی

بە ئەستێرەى مردوو لەسەرەوە،

لەنێو

كوخەكەدا،

نووسراو لە كتێبی میوانیدا

– ناوی كێ پێشتر تۆمار كرابوو

پێش ناوی من؟ –

لەم كتێبە

دێڕەكە دەربارەى

هیوایەك، ئەمڕۆ،

بۆ وشەیەكی

بیرمەندێك

كە دێت

لە دڵەوە.

چیمەنی دارستان، تەنانەت ڕێكنەخراو،

فریز و گیا و فریز و گیا، بەتەنها

ئاڵوگۆڕە پێنەگەییوەكان، پاشان، كەنێك ڕۆیشتن،

بەڕوونی،

ئەوەى ئێمەى پاڵ دەنا

مێنش (خەڵك)،

ئەویش گوێی لەوە دەبێت،

نیوە

هەنگاو بەسەر

زەوی بەپیتدا

شێداریی/

زۆر.

سیلان بۆچی سەردانی هایدیگەری كرد؟ هەندێك دەڵێن لەبەر ئەوەى شاعیرەكە ستایشی فەلسەفەى هایدیگەری كردووە و بە هۆی ئەوەى چێژی لە پەیوەندیی فیكریی بە بیرمەندەكەوە بینیوە بۆیە چووەتە دیداری ئەو. زۆربەى ئەمانەى خاوەن ئەم بۆچوونانەن، ئەم ڕستەیەى سیلان لە شیعرەكەدا دەهێننەوە كە دەڵێت:

“لە كتێبی میوانیدا

ناوی كێ پێشتر

تۆمار كرابوو

پێش ناوی من”.

هەندێكی دیكە دەڵێن سیلان باسی جینۆسایدی جووەكانی بۆ هایدیگەر كردووە. لە كاتی گەڕانەوەدا، لەنێو سەیارەكە، دەنگێكی نامۆ دەبیسترێت، كە سیلان وشەیەك بەكار دەهێنێت و لە ئەڵمانیدا باو نییە و شاعیر فزوڵیی ئەوەى بۆ دروست دەبێت ئایا شۆفێرەكەش بیستوویەتی یان نا. شیعرەكە ئاوا كۆتایی پێدێت: “شێداری/زۆر”. فیلیپ لاكو-لابارت ئاماژەى بەوە كردووە كە “ئەمە شیعری نائومێدییە؛ بە ڕاستی، بەم جۆرەیە، نائومێدبوون لە شیعر پیشان دەدات”. ئەمەش نزیك لەو دێڕە بەناوبانگەى ئادۆرنۆیە كە دەڵێت: “بە ڕاستی شیعری لیریك دوای ئاوشڤیتز بێ مانایە”. ئایا بەڕاست سیلان كەیسی هۆڵۆكۆستی لەگەڵ هایدیگەردا باس كردووە یان نا؟ ئەگەر سەیرێكی شیعرەكە بكەین بەئاسانیی تێدەگەین، سیلان ڕەنگە باسی هۆڵۆكۆستی كردبێت، بەڵام هایدیگەر بێدەنگی هەڵبژاردووە و مۆریس بلانشۆش لەم بارەیەوە دەڵێت: “هەڵەى قەرەبوونەكراوەى هایدیگەر بێدەنگییەتی بەرانبەر بە ‘چارەسەری كۆتایی‘ [لەناوبردنی جووەكان]. ئەم بێدەنگییە، ئەویش كاتێك سیلان ئاماژەى پێكردووە، یان خۆبەدوورگرتنی هایدیگەر لەوەى داوای بەخشین لە شتێك بكات كە قابیلی بەخشین نەبووە، مانای ئەو ڕەتكردنەوە و ئینكاركردنەى بەخشیوە كە سیلانی نوقمی نائومێدی كردووە و بارودۆخیشی شێواندووە، چونكە سیلان دەیزانی ‘شۆوا‘ [هۆڵۆكۆست] دەركەوتەى جەوهەری خۆراوا و ئاشكرابوونی ئەو جەوهەرە بوو”.

ئالان بادیۆ و هایدیگەر: پۆڵ سیلان

ئالان بادیۆی فەیلەسوفی چەپی ڕادیكاڵی فەڕەنسی، لە كتێبەكەیدا بەناوی “سەدە” (٢٠٠٥/٢٠٠٧)ـەوە كە شیكاری بۆ شیعری سیلان و شیعری سان ژۆن پێرسی دەكات، لەو كتێبەدا نیشانەیەكی سەرەكیی بە ئامانج دەگرێت تا تیرەكانی خۆى تێبگرێت: مارتین هایدیگەر. بادیۆ لەم ڕێگایەوە و لە ڕێگای شیعری سیلانەوە دەیەوێت دژی جووڵەی “ماڵ/نیشتمان” (Heimat) بووەستێتەوە كە لە خوێندنەوە بەناوبانگەكەى هایدیگەردا بۆ شیعرەكانی هۆڵدەرلین دەبینرێنەوە. لێرەشەوە دەتوانین خۆمان لەو بۆچوونانە ڕزگار بكەین كە پێیان وایە سیلان ستایشی فەلسەفەى هایدیگەری كردووە، بەپێچەوانەوە بۆ بادیۆ، شیعری سیلان دابڕانێكی ڕادیكاڵە لەو دیدگایانەى لەسەر ئەم پرسە هەن. هایدیگەر لە شیكاریی هۆڵدەرلیندا چەمكی یۆنانیی “ئاناباسیس”ی زەینەفون وەك گەڕانەوە بۆ ماڵ وەردەگێڕێت و هەمووشمان دەزانین چەمكی “ماڵ” یان “نیشتمان” (Heimat) پێگەیەكی سەنتڕاڵی لە فەلسەفەى ئەو فەیلەسوفەدا هەیە. دەفتەرە ڕەشەكانی هایدیگەر (٣٤ دەفتەر كە لەنێوان ساڵانی ١٩٣١ تا ١٩٧٦ نووسراون) گەواهین لەسەر دیدگای نەژادپەرستانە و ڕاسیستانەى فەیلەسوفەكە بەرانبەر بە جوو و تەنانەت ڕەوایەتیی تەواو ئایدیۆلۆژییش دەهێنێـەوە. لە بەرهەمەكانی هایدیگەردا، دەتوانین بە بەردەوامیی چەمكەكانی “ماڵ” و “نیشتمان” بدۆزینەوە. ئەم چەمكە لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە باس لە “ڕیشەداربوون لەنێو شوێن”دا دەكات؛ و بەڵام لە مانا سیاسییەكەیدا جۆرێكی ناسیۆنالیزمی پریمیتیڤ و سەرەتاییە. هایدیگەر باسی لە “خاك و خوێن” دەكرد، كە بەتەواوی لەگەڵ پروپاگەندە سیاسییەكەى نازییەكاندا دەهاتەوە. بۆیە هایدیگەر تەنانەت دەیگوت “ئاژەڵانیش ڕاستە بێ زمانن بەڵام بێ شوێن و بێ ماڵ نین”، بەڵام جووەكان “بێ دونیا و بێ ماڵ و بێ شوێنن”. دەیگوت “دونیای ئاژەڵان كەمترە”، بەڵام لەبەرانبەردا “جووەكان هەرگیز لە دونیادا نەبوون، هەرگیز هیچ شوێنێكیان نەبووە”. لە كتێبی بوون و كاتدا باس لە نموونەى بەرد دەكرێت وەك شتگەلێك كە “دونیا”ی نییە. بەڵام بەرد ئەگەر بێ دونیا و بێ شوێنیش بێت، ناتوانێت هەڕەشە بێت بۆ سەر شارستانێتی و كۆمەڵگا، بەڵام جووەكان هەڕەشەن.

لە كتێبی “سەدە“دا ئالان بادیۆ شیعری “ئاناباسیس”ی سیلان بە وەرگێڕانی ئینگلیزیی مایكڵ هامبۆرگەر دەخوێنێتەوە. “ئاناباسیس” لای بادیۆ گرنگییەكی بنچینەیی ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەكردن ئاشكرا دەكات كە دەبێت چۆن ئێمە لەهەر جووڵەیەكی هەوڵ و گەڕانی سوبژێكت تێبگەین بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو خراپە هاوبەشانەى لەناوەوەى “گەڕانەوە بۆ ماڵ” سەپێنراوە.

هەروەك هەمووان دەزانن “ئاناباسیس” هەم ناوی كتێبێكە لە نووسینی زەینەفونی مێژوونووس، ئەدیب، نووسەر و فەیلەسوفی ئەسینایی و هەم ڕابەرایەتیكردنی گەڕاندنەوەى لەشكری ١٠ هەزار سەربازی یۆنانییە بۆ ناو خاكی ئەسینا بە ڕابەرایەتیی زەینەفون. لای هایدیگەر ئاناباسیس دەگۆڕێت بۆ “گەڕانەوە بۆ ماڵ” لە تەفسیری هۆڵدەرلیندا و مانای زیاتری “بوون بە ئەڵمانی”، “خزمەتكردن بۆ بوون بە ئەڵمانی” دەگەیەنێت. بەكورتی: “گەڕانەوە بۆ ماڵ بریتییە لە بەدیهێنانی نیشتمانی ئەڵمانی”. بەڵام لای سیلان “ئاناباسیس” دەبێتە جووڵەى “بەرەو ماڵ”ی ئەو كەسانەى ماڵیان لەدەستداوە، خراونەتە دەرەوەى شوێن و یاساوە.

شیعری ئاناباسیس

ئەمە

نیشانەی بچووكی نێوان دیوارەكان

حەقیقەتی ناهەموار و ناتێپەڕ

بەرەو سەر و گەڕانەوە

بۆ داهاتووی هاوشێوەى دڵ ڕۆشن

لەوێیە

مشكەكوێرەى هیجا و بڕگە

ڕەنگەكانی دەریا، دوور

بەرەو شوێنی ناقابیلی كەشتیوانی

پاشان:

سەرئاوكەوتووەكان،

تەختەكانی سەرئاوكەوتووە خەمبارەكان،

لەگەڵ ئەوانەى

بەئاسوودەیی هەناسە دەدەن، باز دەدەن و

بە حەز و خۆشییەوە بۆ ساتێك تەنها-: دەنگدانەوەى زەنگۆڵەى ڕۆشنایی

(دوم-، دون-، ئون-،

ئەندی سوسپیرات

كۆر

ئازاد بوو،

ڕزگار بوو،

ئێمە.

شتی بینراو، شتی بیستراو،

وشەى ناو چادر:

ئازادیی ڕوولەگەشە:

بەیەكەوە.6 لە کۆتایی باسەکە دەقە ئەڵمانییەکە دانراوە

وەك ئالان بادیۆ باسی دەكات لێرەدا سێ پێكهێنەری ناوەكیی ئاناباسیسی زەینەفون هەن– “دووبارە هەڵزنان بەرەو سەرچاوە”، “باڵەخانەى سەخت و دژواری تازەیی” و “ئەزموونی دوورخراوەی دەستپێكردن”  – لەنێو شیعرەكەى سیلانیشدا دووبارە بوونەتەوە، و هاوكات بوونەتە “سێ پەیوەندیی شلۆق و بەنزیكەیی ناقابیلی بەرگەگرتن: نیشانەی بەرتەسك، حەقیقەتی ناقابیلی تێپەڕین، داهاتووی هاوشێوەى دڵ ڕۆشن”. ئەم سێ پەیوەندییانە بەیەكەوە بریتیین لە “هەڵكشان بەرەو سەرەوە و گەڕانەوە”، واتا جوڵەى ئاناباسیسی سیلان. كاركردنە ناوەكییەكانی گرنگیی ئەم یەكەم خولانەوەیە زیاتر سروشتی دەقیق و وردبینیی ئەم “پەیوەندییانە” ئاشكرا دەكات. شیعرەكە بە وشەى “ئەمە” (Dieses) دەست پێ دەكات (this) “ئەمە، لێرە و ئێستا”. مایكڵ هامبۆرگەری وەرگێڕی شیعرەكە بۆ زمانی ئینگلیزی بۆ بەرزكردنەوەى ئامادەیی خودی شیعرەكە، دەیخاتە ڕیزی “نیشانەى بەرتەسك”، بەڵام دەقە ئەڵمانییەكە نەرمییەكی حەرفییانەى زیاتری وەك “بەرتەسكی نووسراوی نێوان دیوارەكان” پیشان دەدات. زمانی شیعرەكە پوخت دەبێتەوە بۆ نێو “نیشانە”یەكی تاقانە كە بەو دیوارانەى دەوری گرتوون، ڕێگای لێگیراوە و بەربەستی بۆ دروستكراوە. وشەى ئەڵمانیی Zwischen بەگشتی بە مانای “نێوان” (between) دێت و وەردەگێڕدرێت، بەڵام هەروەها پاشگرەكانی Zwischenbemerkung(interruption) و Zwischenruf بە مانای “دابڕان، هەڵپەساردن” دێت، ئەمەش مانای خۆی لە ئینگلیزیدا لەدەستداوە كە دەتوانین لەم لەدەستچوونە تێبگەین. نیشانەى بەرتەسك و تەنگەبەر، بەڕواڵەت وشەیەكی سەپێنراو و داتاشراوە، خودی وشەكە هەرچۆنێك بێت دابڕان و هەڵواسینێك بۆ سنووردارێتیی دیوارە داسەپێنراوەكان بەدەستەوە دەدات و لەگەڵ خۆیدا ڕێگا بەرەو “داهاتووی هاوشێوەى دڵ ڕۆشن” دەگرێتە بەر.

ئەم یەكەم وەرچەرخانە بەستراوەتەوە بە دروستكردنی وشەیەك لەسەر weg (وشەیەكی ئەڵمانی كە بە مانای ڕێگا دێت). Unwegsam مانای “ناهەموار” لە زمانی كوردیدا بە زەینماندا دەهێنێت یاخود وشەى “rough” لە زمانی ئینگلیزیدا. بەڵام وەرگێڕی ئینگلیزی، هامبۆرگەر، زیت و وریا و وشیارە لە مامەڵەكردن لەگەڵ وشەى weg لە پێكهاتە و دروستكراوی “unweg“دا، تەفسیكردن و تێگەیشتن لە unwegsam-wahre وەك شتێكی هاوشێوەى “حەقیقەتی ناهەموار و ناتێپەڕ”، و وەرگێڕانەكەى بۆ “حەقیقەتی ناقابیلی تێپەڕكردن” (impassable-true) [یاخود حەقیقەت كە نابڕدرێت]. بێگومان، لە ئەڵمانیدا، ئەو ڕاستییەى هەر ڕێگایەك لە شیعردا لە یاریی وشەكاندا تاریك و ناڕوون دەبێت، بانگمان دەكات بۆ بیركردنەوە لە سەختیی ڕێگا، واتا ئەو ڕاستییەى كە ڕەوت و ڕۆیشتن لەڕێگای ئاناباسیسەوە دەبێت بگیرێتەبەر، بەئێمە نەبەخشراوە و پێمان نەدراوە. زمان لەنێوان دیوارەكانی ناقابیلی تێپەڕكردن و دیوارە سەختەكاندا سەپێنراوە، ئەمەش ڕاستە، بەڵام ڕێگای ناهەمواری داسەپاو بە هۆی شوا [ئاوشڤیتز]یشەوە بوونی هەیە؛ زمان تەنها ئامرازی بەردەوامبوونە، بەڵام دەبێت ببێتە زمانێكی بەرەنگارئاسا، “نیشانەیەكی بەرتەنگ”.

بادیۆ لە كتێبی سەدەدا خوێندنەوەكەى بۆ شیعری “ئاناباسیس” لە ڕێگای لابردنی پرسیارەكانی دیكە لە سنوورەكانی دەستەجەمعییەت، لە دیالەكتیكی “من” و “ئێمە”وە دەست پێ دەكات. بادیۆ دەڵێت:

“بۆ سەرجەمی دەستەی بیرمەندان، بەتایبەت لە سەردەمی بیركردنەوەى فاشیزمدا (و بەبێ هەڵاواردنی هایدیگەر)، “پیاوی نوێ” بەشێكە لە گەڕاندنەوەى پیاوی كۆن، ئەو پیاوەى كە دیار نەمابوو، بزر ببوو، گەندەڵ ببوو. لە ڕاستیدا پاڵاوتن و پاقژكردنەوە كەم و زۆر پرۆسەى توندوتیژئاسای گەڕانەوەى ڕیشە و سەرچاوەى لەڕیشەهەڵكێشراوە. شتی نوێ بریتییە لە بەرهەمهێنانی ڕەسەنێتی. لە شیكاری كۆتاییدا، ئەركی سەدەكە بریتییە لە بینینی ئێرە وەك دووبارە دامەزراندنەوە و گەڕاندنەوە(ی سەرچاوە) لە ڕێگای وێرانكاریی (ناڕەسەنێتییەوە)”.

blank
ئالان بادیۆ (١٩٣٧- ) فەیلەسووفی مارکسیستی و هاوچەرخی فەڕەنسی

لەژێر نیشانەى “ئاناباسیس”دا بادیۆ سەرچاوەكانی بیركردنەوە لە ڕێگای دروستكردن دەبینێتەوە، دوای جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە و مامەڵەكردنێكی سوبژێكتی زووتێپەڕی نادڵنیای خود دەبێتەوە – “ئێمە”یەك كە نایەوێت ببێت بە سوبژێكت. دیارە شیعرەكەى سیلان وەڵامێكە بۆ دینامیكییەتی ئەو ناساندنەى لە خوێندنەوەى هایدیگەردا بۆ شیعری هۆڵدەرلین دەبینرێت، كە ئەم شیعرەی سیلانیش گەلێك ڕەگەز و سەرچاوە بۆ فەلسەفەى بادیۆ دابین دەكات. دیارە بە پشت بەستن بە فەلسەفەى بادیۆ دەبێت لەوە تێبگەین كە لەنێو توندوتیژیی سەدەى بیستدا، سوبژێكت چیتر نابێت بە چەمك و زاراوەكانی هاوشوناسیكردن بیری لێبكرێتەوە بەڵكوو دەبێت وەك ڕووداو ببینرێت. كەواتە ئەو پرۆسەیەى ڕێنمایی دروستبوونی سوبژێكت دەكات دژی هاوشوناسیكردن و یەكخستن و وەك یەك لێكردن دەوەستێتەوە. ئەم چەمكە یەكێكە لە چەمك و زاراوە سەرەكییەكانی هایدیگەر لە شیكردنەوەى هۆڵدەرلیندا، كە سیلان دژی دەوەستێتەوە و وەك یەك لێكردن وەك شوا [ئاوشڤیتز] دەبینێت.

بۆیە وزە و هێزی هاوچەرخانەى “ئاناباسیس”ی سیلان بۆ ئالان بادیۆ، هەم لە ڕەتكردنەوەى هایدیگەرەوە سەرچاوە دەگرێت و هەم بەدەستەوەدانی سوبژێكتێكی نوێی بەرەنگاری. سوبژێكتی نوێی سیلان بۆ زاڵبوون بەسەر هایدیگەردا، بەتەنها تاوانباركردنی شەخسیی ئەو نییە وەك هاریكاری نازیزم، بەڵكو بەدەستەوەدانی سوبژێكتێكی نوێی بەرەنگارییە دژی “گەڕانەوە بۆ ماڵ” [نیشتەجێبوونی ئەڵمانی]یە لەڕێگای بەدەستەوەدانی كۆچ و جووڵەی “ئاناباسیس” “هەڵكشان بەرەو سەرەوە و گەڕانەوە”. ئاناباسیس جۆرە ڕەوتگرتن و ئاراستەى سوبژێكتە بۆ وەستاندن و دەستێوەردارن: ڕەتكردنەوەى ئایدیالە ئەفسانەیی/كولتوورییەكانی ئەڵمانیبوون و دروستبوونی سوبژێكتێكی پڕ لە جووڵە. ئەمەش لە تەفسیر و خوێندنەوەى بنیامینییانەدا زیاتر دەردەكەوێت كە لە بەشی دواتردا باسی دەكەم.

ماتریالیزمی مێژوویی-شیعریی سیلان لە ڕێگای بنیامینەوە

واڵتەر بنیامین یەكێكە لەو بیرمەندە دیارانەى بووەتە دەروازەیەكی گرنگ و ڕادیكاڵ بۆ لێكۆڵینەوە لە جیهانی ئەدەبی و هونەری و پەیوەندیی بە جیهانی ماتریالییەوە. من لەم بەشەدا هەڵوەستە لەسەر ماتریالیزمی مێژوویی بنیامین دەكەم و پاشان پەیوەندیی بە پۆڵ سیلانەوە دەخەمە ڕوو. هەروەها دەبێت ئەوەشمان لە یاد بێت كە سیلان خۆی شیعری بۆ بنیامین نووسیوە.

بنیامین دەنووسێت “خستنەڕووی هەموو مێژوویەك دەبێت لەگەڵ وشیاربوونەوە و بێداربوونەوەوە دەست پێ بكات”. “بێداربوونەوە” ئەو ڕووداوەیە كە ڕابردوو بە سەردەمی ئێستاوە دەبەستێتەوە. بۆیە پاساژەكانی پاریس و دانانی لە لایەن بنیامینەوە وەك كاری مێژوونووسیی ماتریالیستی، هەر لەبەر ئەمەش دەڵێت كە مێژوونووسیی ماتریالیستی: “بێداربوونەوەیە لە سەدەى نۆزدە”. بنیامین لەم كتێبەشدا پشت بە مۆنتاژ و وێنە دیالەكتیكییەكان دەبەستێت تا بونیادی مێژوونووسیی ماتریالیستی خۆى دابمەزرێنێت. بێ هۆ نییە كە نامیلكە شیعرناسییەكەى سیلان بەناوی مێریدیان، جۆرێكە لە پیشاندانی مێژوویی و ئامادەیی مێژوویی لە هەمان مانای بنیامینی وشەكەدا. بۆیە سەرەتا پێویستە ماتریالیزمی مێژوویی بنیامین بناسین ئەوسا وردتر تێدەگەین مەبەستی سیلان و پەیوەندیی بە ماتریالیزمی مێژووییەوە چییە.

blank
واڵتەر بنیامین (١٨٩٢-١٩٤٠) فیلەسوون و ڕخنەگری کولتووری و وەرگێڕی ئەڵمانی

یەك: ماتریالیزمی مێژوویی

“ماركس دەڵێت: شۆڕشەكان بزوێنەری مێژووی جیهانن. بەڵام لەوانەیە ئەمە بە شێوەیەكی دیكە بێت. پێدەچێت شۆڕشەكان ڕاكێشانی برێكی لەناكاوی قیتارەكە بێت لە لایەن سەرنشینانی قیتارەكەوە – واتا ڕەگەزی مرۆیی”.7Walter Benjamin: Marx sagt. Manuskripte – Entwürfe und Fassungen. In: Walter Benjamin: Über den Begriff der Geschichte. Christoph Gödde, Henri Lonitz (Hrsg.), Walter Benjamin Archiv, Suhrkamp, Berlin 2010, S. 153ئەم ئیقتیباسەى بنیامین ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ شۆڕش وەك دژی ئایدیای پێشكەوتن. ئەو بیرۆكەیەى هەر لە لیبراڵیزمەوە تا سۆسیال دیموكراسی و تا ماركسیزمی عەوامانەى ئەنتەرناسیۆنالی دوو باوەڕیان پێی هەبوو، بەتایبەت ماركسیستە حەتمیگەراكانی وەك ئەنتەرناسیۆنالی دوو لەو بڕوایەدا بوون گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەكان خۆبەخۆ دەبێتە هۆى سەرهەڵدانی سۆسیالیزم، بەڵام پێشبینیی مەترسییەكانی ئەم پێشكەوتنەیان نەكردبوو كە دەتوانێت شارستانێتیی مۆدێرنیتەى سەرمایەداری بەرەو هەڵدێرەكانی خۆی ببێت و تاوان و كارەسات و وێرانە بەسەر وێرانەدا كەڵەكە بكات. هەر لە ئاوشڤیتز و هۆڵۆكۆست و دوو جەنگیی جیهانییەوە تا كارەساتی گەورەى پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا لەسەر ناكازاگی و هیرۆشیما. تەنها ماتریالیزمی مێژوویی توانای پێشبینیكردنی ئەم كارەساتانەى هەیە و بە شێوەیەكی دروستیش ئاگادارمان دەكاتەوە. مێژووی ئەم چەند ساڵەش ئەمەى پشتڕاست كردۆتەوە.

كرۆكی تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژوو بریتییە لە “ماتریالیزمی مێژوویی”، كە بنیامین بە بەردەوامی لە تیۆری مێژوونووسییە ماتریالیستییەكەیدا بەكاری دەهێنێت.8Walter Benjamin: Über den Begriff der Geschichte. Christoph Gödde, Henri Lonitz (Hrsg.), Walter Benjamin Archiv, Suhrkamp, Berlin 2010, S. 93 لە تێزی یەكەمدا بنیامین باس لە بووکەڵەیەك دەكات و دەڵێت: “ئەو بووكەڵەیەى پێی دەگوترێت “ماتریالیزمی مێژوویی” وادانراوە دەبێت هەمیشە براوە بێت. ئەو ئیتر بەئاسانی دەتوانێت دژی هەر نەیارێك ڕابێت و بیبەزێنێت”. بەڵام بە مەرجێك ئەگەر “بتوانێت خزمەتەكانی تیۆلۆژیا بەكار بهێنێت، هەر ئەو تیۆلۆژیایەى وەك هەمووان دەزانن بچووك و قڕێژ بووە و چیتر ناتوانێت ڕووی خۆى دەربخات”. یەكێك لە پرسیارە سەرەكییەكان ئەوەیە ئایا چۆن دەكرێت ئایدیای تیۆلۆژی لە مێژوونووسیی ماركسیستیدا بەكار بهێنرێت؟ لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە بە وردەكارییەوە لەسەر ئەم پرسە بووەستم بەڵام پاشان دەگەڕێمەوە سەری.

ڕووداوەكان بە هەموو چەشنەكانییەوە بە تێپەڕینی كات بە بەردەوامی كەڵەكە كراون و پاشان وەك ڕووداوی گرنگ و ڕووداوی ناگرنگیش پۆلێندبەند كراون. ئەوەى بۆ مێژوونووس یەكاڵاكەرەوەیە ئەوەیە كە ڕووداوی مێژوویی چ كاریگەرییەكی لەسەر هەلومەرجی ئێستا هەیە. مێژوونووسیی سەركەوتووان و براوەكان، ئەوانەى بە وریاییەوە دەزانن ڕابردوو لە بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا دووبارە ڕاڤە بكەنەوە، بنیامین لە تێزی چوارەمدا بەم جۆرە دەریدەبڕێت: “هەروەك گوڵەكان ڕوویان بەرەو خۆر وەردەچەرخێنن، ئەوەى تا ئێستاش هەبووە بە یارمەتیی جۆرێكی نهێنیی ڕۆشنەپێكهاتنـەوە هەوڵ دەدات بەرەو ئەو خۆرە وەربچەرخێت كە لە ئاسمانی مێژوودا دەدرەوشێتەوە”. لە هەمان كاتدا بنیامین باس لەوە دەكات كە ئەو مێژوونووسەى خۆی خستووەتە باوەشی ڕێبازی ماركسیستییەوە لە خەباتی چینایەتی تێدەگات و هەمیشە براوەی ئەم جۆرە مێژوونووسییەیە. بۆیە لە تێزی پێنجەمدا زۆر بەڕوونی دەریدەبڕێت، كە: “وێنەى ڕاستەقینەى ڕابردوو بە شێوەیەكی توند و خێرا (و ویزەویز) تێدەپەڕێت. تەنها دەكرێت وەك وێنەیەك ڕابردوو بگرین كە تیایدا ئەو ساتەكەى دەناسینەوە، دەدرەوشێتەوە و لەوە بەدوا بەخێرایی دەڕوات و نابینرێتەوە. “حەقیقەت هەرگیز لە چنگی ئێمە ڕاناكات” – ئەمەش كە دراوەتە پاڵ گۆتفرید كیلەرـەوە هەمان ئەو شوێنە داگیر دەكات كە تیایدا ماتریالیزمی مێژوویی خۆى لە وێنەى مێژووگەرایی بۆ مێژوو جیا دەكاتەوە و دادەبڕێت. هەر وێنەیەكی ڕابردوو بۆ ئەبەد دەڕوات و بزر دەبێت ئەگەر لە لایەن زەمەنی ئێستاوە وەك یەكێك لە كێشەكانی ئەمڕۆ نەناسرێتەوە و دانی پێدا نەنرێت”.

وێنەى ڕابردوو كە ئێستا مێژوونووسانی قوتابخانەى مێژووگەرایی باسی دەكەن و پیشانمانی دەدەن، وێنەى چینی حاكمان و سەركەوتووانە، كە وەك بنیامین بە زمانێكی شیعری دەڵێـت: “لە ساتی سەركەوتنی دوژمندا، تەنانەت مردووانیش لە ئەماندا نابن. ئەم دوژمنەش تا ئێستا جگە لە سەركەوتووان كەسی دیكە نییە و دوژمنە تا ئێستا بەردەوامە لە سەركەوتنی خۆى”. لەبەرئەوە، مێژوونووسیی سەركەوتووان، بەگوێرەى دیدگای ماركسیستی بریتییە لە چینی باڵادەست، كە ئیتر مێژوونووسییەكی نوێ جێگای دەگرێتەوە: ماتریالیزمی مێژوویی. ئەم ڕەوتە نوێیە هەوڵدەدات ڕابردوو بە زەمەنی ئێستاوە ببەستێتەوە نەك وەك بابەتێكی مێژوویی بۆ لێكۆڵینەوەى زانستی، بەڵكوو بۆ ڕزگاركردنی ڕابردووی تەواونەكراو لەپێناوی بونیادنانی داهاتوودا، چونكە تا ڕابردووی ستەملێكراو ڕزگار نەكەین، ناتوانین داهاتووی مرۆیی بونیاد بنێین. لەبەرئەوە ئیشی ماتریالیستی مێژوویی، بریتییە لە دابڕانی مێژوویی، چونكە مێژوونووسیی ماتریالیست مێژوو وەك ڕەوتێكی بەردەوامی ڕوولەسەر نابینێت، كە هەمیشە لە بەرژەوەندیی چینە باڵادەستەكان و دوژمنانی چینی كرێكاردا بەكار دەهێنرێت، بەڵكوو ئیتر مێژوو لە خوارەوە دەنووسرێتەوە، كە بریتییە لە نەریتی ستەملێكراوان. مێژوو هیچ كاتێك ڕەوتێكی ئارامی نەبڕیوە، هەمیشە چینەكانی خوارەوەى كۆمەڵگا ئەم بەردەوامێتییەیان وەستاندووە و گرفتیان بۆ دروست كردووە.

دوو: مێژوونووسیی شیعریی پۆڵ سیلان

وێنەى دیالەكتیكیی بنیامین بووەتە دەروازەیەك بۆ شیعری كریستاڵی هەناسەدانی سیلان. كریستاڵەكانی هەناسەدان بریتییە لە وێرانبوونی هەناسەدان، نیشانەیەكی “لەهەناسەكەوتنی نەخۆش” كە پێناسەى چارەنووسی مرۆیی دەكات لەنێو سیاقی مێژووی جیهانیدا. نەخۆشی و نیشانەى نەخۆشیی كریستاڵی هەناسەدان لە ژوورەكانی گازی كەمپەكانی قڕكردنی جووەكاندا بەكارهێنراوە. “كریستاڵی هەناسەدان، بریتییە لە كریستاڵی مەرگ، نیشانەى دوایین ساتی هەناسەدان”. لەگەڵ ئەوەى پێم وایە كریستاڵی هەناسەدان بریتییە لە نیشانەى دوایین ساتی هەناسەدان، بەڵام بۆ دانانی كریستاڵی هەناسەدان تەنها وەك شتێكی ڕووت كە لە لایەن هێزە مێژووییە دەرەكییەكانەوە دیاری كراوە، ئەوا لە هەمان كاتدا دەكرێت دامەزراندنەوەى لە ئینسانیخراوی مەرگێكی نەناسراو بێت. لە مەرگدا، تاك لە هەناسەدان دەكەوێت، كە لە ژیاندا، بریتی بوو لە درزێك دەبوو بەسەریدا باز بدات. و بۆیە، مەرگ بریتییە لە ئاوێتەبوون لەگەڵ نیشانەى هەناسەدانی كەسێك: مانا و ئاراستەی ژیان. ئەگەرچی ئەمە بریتییە لە نیشانەیەكی مەرگ، بەڵام شتێكی ئومێدبەخشانە لە وێنەى كریستاڵی هەناسەداندا هەیە. لە شیعری “گەندەڵبوون/وێرانبوون”دا سیلان كریستاڵی هەناسەدان بەم جۆرە وەسف دەكات:

قووڵ

لە هەڵكۆڵینی زەمەندا

لە لایەن

سەهۆڵی هەڵكۆڵراوەوە

لەچاوەڕوانیدایە، بۆ

كریستاڵێكی هەناسەدان،

شایەتی نەگەڕاوەى

تۆ.

بە مانایەك، كریستاڵێكی هەناسەدان، بریتییە لە ڕێگایەكی نامۆبووی دەربڕینی ئێمە “لێرە بووین” – بەتەواوی كراوە بەڕووی زماندا، جیهان، و بەشداریكردن لە ژیانی خۆماندا. بەڵام، ئەمە دەربڕینێكی تاقانەیە كە ئێمە فڕێ دەداتە بەردەم خۆمانەوە، ئەو كاتەش دەمێنێتەوە كە چیتر زمان، جیهانمان نەماوە، یاخود بوونمان مسۆگەر نییە بمێنێتەوە. ئەگەرچی ئەمە ناتوانێت مێژوو لە بەردەوامیی خۆی بخات، بەڵام دوژمنایەتیی لەگەڵ پیشاندانی ئاراستەیەكدا هەیە كە جیهان بەرەو هەڵدێر دەبات.

ڕەخنەی بنیامین لە مێژووگەراییی هایدیگەر و مێژووگەراییی بەگشتی كە لە “تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژوو”دا هاتوون، دەبێتە دەروازەیەك بۆ سیلان تا نەك سیاسەتی بەخشین، بەڵكوو سیاسەتی ڕزگاریی بگرێتەبەر.

شیعرەكانی پاوڵ سیلان فۆرمێكی بیركردنەوە دەخاتە بەردەستمان كە لە ماركسیزمی بنیامینەوە سەری هەڵداوە. ئەم فۆرمە خستنەڕووی مێژووە، مێژوونووسییەكی شیعری كە شوێنپێی لە پرۆسەى بێداربوونەوەدا هەیە كە بریتییە لە سوبژێكتی شۆڕشگێڕی. ڕەخنەی بنیامین لە مێژووگەراییی هایدیگەر و مێژووگەراییی بەگشتی كە لە “تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژوو”دا هاتوون، دەبێتە دەروازەیەك بۆ سیلان تا نەك سیاسەتی بەخشین، بەڵكوو سیاسەتی ڕزگاریی بگرێتەبەر. ئامانجی بنیامین لە نیگای ڕەخنەییی خۆیدا لە كارەساتی پێشكەوتنی مێژوویی كە دەیویست فۆرمی ماتریالیزمی مێژوویی وێران بكات، دووبارە لە لایەن مێژوونووسیی ماتریالیستییەوە زیندوو كراوەتەوە و بووەتە دەروازەیەك بۆ مێژوونووسیی شیعری لای سیلان. لە ڕێگای لەناوبردن و وەستاندنی جووڵەى بەردەوامی پێشكەوتنی مێژووییدا، بنیامین دەیویست ئەم ڕەوتەى بەرەو كارەسات و فاشیزم هەنگاوی ناوە بوەستێنێت كە پاشان بووە هۆى ئاوشڤیتز و كارەساتی سەدەى بیست. ئەگەر سەیری شیعرەكانی سیلان بكەین پڕیەتی لە وێنەى ڕابردوو، ڕابردوو نەك وەك نۆستالژیا، بەڵكوو وەك ڕابردووی سەركوتكراو، بۆ سیلان، قڕكردنی جووەكان وێنەیەكی ڕابردووە كە بووەتە مۆركێك بە ناوچەوانی سەدەى بیستەوە و هایدیگەر ستایشكاری بوو، بۆیە ناكرێت سیلان لە سەردانەكەیدا لە هایدیگەر، خۆش بووبێت.

پاشان سیلان بەڕاشكاوی لەگەڵ بنیامیندا یەك دەگرێت، ڕزگاركردنی ڕابردوو، بۆ دامەزراندنی داهاتوو، بریتییە لە خەباتی چینایەتی. بۆیە چەمكە بنچینەییەكانی خودی ماركسیش دێنە ناو شیعر و خەباتی سیلانەوە. بێ هۆ نییە كە كەسێكی وەك شانۆن هایسی لێكۆڵەری سیلان دەڵێت: شیعری سیلان بریتییە لە شۆڕش لە مانا و ئاراستەى بووندا. ئەمەش بەقووڵی بەستراوەتەوە بە خەباتی چینایەتییەوە. تەنها ئەگەرێك بۆ دووبارەنەبوونەوەى كارەسات، بریتییە لە گەیشتن بە كۆمەڵگای بێچین. لێرەشدا پەیوەندیی سیلان و بنیامین بەتەواوی ڕۆشن دەبێتەوە.

سەرچاوەكان

Benjamin, B. The Arcades Project. Translated by Rolf Tiedemman. Cambridge: Belknap Press, 1999.

Benjamin, B. The Correspondence of Walter Benjamin, 1910–1940. Edited by Theodor Adorno andGershom Scholem. Chicago, IL: Chicago University Press, 1994.

Benjamin, B. Illuminations. Edited by Hannah Arendt. New York: Schocken Books, 2007.

Benjamin, B. The Origin of German Tragic Drama. Translated by John Osbourne. New York: Verso,2009.

Walter Benjamin: Marx sagt. Manuskripte – Entwürfe und Fassungen. In: Walter Benjamin: Über den Begriff der Geschichte. Christoph Gödde, Henri Lonitz (Hrsg.), Walter Benjamin Archiv, Suhrkamp, Berlin 2010, S. 153.

Walter Benjamin: Über den Begriff der Geschichte. Christoph Gödde, Henri Lonitz (Hrsg.), Walter Benjamin Archiv, Suhrkamp, Berlin 2010, S. 93.

Coetzee, J. M. 2001. “In the Midst of Losses.” New York Review of Books, July 5. http://www.nybooks.com/articles/archives/2001/jul/05/in-the-midst-of-losses/.

Derrida, Jacques. 2005. Sovereignties in Question: The Poetics of Paul Celan. Translated byThomas Dutoit, Outi Pasanen, Philippe Romanski and Joshua Wilner. Edited by ThomasDutoit and Outi Pasanen. New York: Fordham University Press.

Alain Badiou, The Century, trans. By Alrberto Tsocano, Polity, 2007.

Celan, P. Breathturn Into Timestead: The Collected Later Poetry of Paul Celan. Translated by PierreJoris. New York: FSG, 2015.

Celan, P. The Meridian. Translated by Pierre Joris. Stanford, CA: Stanford University Press, 2007.

Celan, P. Selected Poems and Prose of Paul Celan. Translated by John Felstiner. New York: W.W.Norton, 2001.

Derrida, J. Specters of Marx: The State of Debt, the Work of Mourning, and the New International.Translated by Peggy Kamuf. New York: Routledge, 1994.


[6]ANABASIS دەقی ئەڵمانی شیعری ئاناباسیس

Dieses

schmal zwishhen Mauren geschriebne

unwegsam-wahre

Hinauf und Züruck

in die herzhelle Zukunft.

Dort.

Silbenmole,

meerfarben,

weit

ins Unbefahrne hinaus.

Dann:

Bojen-,

Kummerbojen-Spalier

mit den

sekundenschön hüpfenden

Atemreflexen-: Leuchtglockento

¨ne (dum-,

dun-, un-,

unde suspirat

cor),

aus gelöst,

eingelöst, unser.

Sichtbares, Hörbares, das

freiwerdende

Zeltwort:

Mitsammen.

پەراوێزەکان

  • 1
    Coetzee, J. M. 2001. “In the Midst of Losses.” New York Review of Books, July 5. http://www.nybooks.com/articles/archives/2001/jul/05/in-the-midst-of-losses/.
  • 2
    Derrida, Jacques. 2005. Sovereignties in Question: The Poetics of Paul Celan. Translated byThomas Dutoit, Outi Pasanen, Philippe Romanski and Joshua Wilner. Edited by ThomasDutoit and Outi Pasanen. New York: Fordham University Press, p.21
  • 3
    Von Dunkel zu Dunkel” – “From Darkness to Darkness”
  • 4
    لێرەدا كەشتییەوان دەكرێت تەعبیر بێت بۆ خودی كەسی وەرگێڕ، كە دواتر زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
  • 5
    پێویستە لێرەدا ئاگاداری ئەوە بین كە “übersetzen” (وەرگێڕان) فرمانێكی لێكدابڕاو یان جیاكراوە نییە، بەڵام هەمان  “übersetzen” (پەڕینەوە یان گواستنەوە) فرمانێكی جیاكراوە و لێكدابڕاوە ئەمەش لە ئەڵمانیدا پێیدەگوترێت، (trennbare verben) و فرمانی لێكجیانەكراوەش پێی دەگوترێت (untrennbare verben) واتا ئەو فرمانانەى لەیەكتر جیا ناكرێنەوە، وەك “ئوبەرزێتسن” (وەرگێڕان)، یان فرمانی جیاكراوە “زێتزت زۆلشەس  ئوبەر” (پەڕینەوە بەكام لادا). بۆ نموونە، فرمانێكی دیكەى لێكجیاكراوە لە زمانی ئەڵمانیدا، anrufen، (تەلەفونكردن)، كاتێك من تەلەفون بۆ كەسی دووەمی تاك دەكەم ئاوای لێدێت: “Ich rufe dich an” (من تەلەفونت بۆ دەكەم). فرمانی تەلەفونكردن لە كوردیشدا جیا دەكرێتەوە، “تەلەفون+كردن” (تەلەفونت بۆ دەكەم). فۆرمی فرمانی جیاكراوەى “setzt …über” بەحەرفیی بە مانای “پەڕینەوە یان پەڕاندنەوە بە[بۆ نموونە قەیاغ]” دێت، و وەرگێڕانێكی دروستە لەم سیاقەدا. بەڵام هەروەك ژاك دێریدا تێبینیی كردووە ئەمە هەروەها بەشێوەیەك كە ناكرێت هەڵەى تیادا بكرێت بەسەر “übersetzen”یشدا پیادە دەبێت. لە زۆر شیعری دیكەى سیلاندا ئەم دووانە ماناییانە دروست دەبن و ڕوو دەدەن.
  • 6
    لە کۆتایی باسەکە دەقە ئەڵمانییەکە دانراوە
  • 7
    Walter Benjamin: Marx sagt. Manuskripte – Entwürfe und Fassungen. In: Walter Benjamin: Über den Begriff der Geschichte. Christoph Gödde, Henri Lonitz (Hrsg.), Walter Benjamin Archiv, Suhrkamp, Berlin 2010, S. 153
  • 8
    Walter Benjamin: Über den Begriff der Geschichte. Christoph Gödde, Henri Lonitz (Hrsg.), Walter Benjamin Archiv, Suhrkamp, Berlin 2010, S. 93