دونیای دوای پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

دەربارەی ئازادی و تایبەتمەندییەکانی ئێمە لە دونیای دیجیتاڵیدا

پێش پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرفراوانبوونیان، مرۆ خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆی بوو، سنوورێکی بۆ ئەوانی دی دانابوو تا بەتەواوی نەیەنە ناو ژیانییەوە، لێ دوای پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی زۆری خەڵکی ئارەزوومەندانە دەستبەرداری ئەم تایبەتمەندییانە بوون. ئیدی ئارەزووەکان، جۆری پۆشاک و نان خواردن و بیرکردنەوە و تەنانەت پێکەنین و دڵتەنگییەکانیشی بە تەنها لەو سنوورە بەرتەسکەدا نەمانەوە و هاتنە نێو تۆڕەکانەوە، بوون بە بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر.

ئایا ئەمە کارێکی باش بوو ئێمە کردمان؟ ڕەخنەگر و نووسەری ناسراوی ئەڵمانی “ئەندریاس بێرنارد1(Andreas Bernard) ئەندریاس بێرنارد (١٩٦٩) کولتوورناس و پرۆفیسۆر و رۆژنامەنووسی ئەڵمانیاییە، پسپۆڕی بواری کولتووری دیجیتاڵییە، ئێستا پرۆفیسۆرە لە سەنتەری کولتووری دیجیتاڵییە لە زانکۆی لۆیفانا لە لۆمبێرگیەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی کە بەشێکی زۆری کتێب و توێژینەوەکانی خۆی بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردووە. ئەو لەو باوەڕەدایە کە دەستبەرداربوونی ئێمە لە تایبەتمەندییەکانی ژیانمان ئەوەندەش ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکوو ئێمە لە دۆخی ناجێگیری و گومان و ڕاڕاییەوە هاتووینەتە نێو ئەم تۆڕانە و بەردەوامیش بەو گومانەوە لەگەڵی ماوینەتەوە. کاتێک وێنەیەکی تایبەتی خۆمان، زانیارییەکی کەسی دادەنێین، یان لەگەڵ هاوڕێ و کەسانی نزیکماندا چات دەکەین، هەمیشە مەترسی بڵاوبوونەوە و دزەپێکردن و خراپ بەکارهێنانیانمان هەیە، بەڵام سەرباری ئەمانەش هەر بەردەوامین لە دووبارەکردنەوەیان.

ئەندریاس بێرنارد (١٩٦٩) کولتوورناس و پرۆفیسۆر و رۆژنامەنووسی ئەڵمانیاییە

کەواتە کاتێک ئێمە دەزانین لە شوێنێکداین کە تەنراوە بە گومان و چاودێری، بۆچی هەر بەردەوامین و لێی دوور ناکەوینەوە؟ چونکە ئەم جیهانە پۆلیسییە بەتەواوەتیی جیاوازە لە جیهانە پۆلیسییەکانی پێشتر، ئێمە بەوپەڕی ویست و ئازادیی خۆمانەوە هاتووینەتە نێو ئەم جیهانەوە و ئالودەی بووین و ناشتوانین بەئاسانی دەستبەرداری بین. ژەهرێکی شیرینە و هەمووانی فریو داوە.

یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی بێرنارد، کە دەربارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییەکانی سەر ئینتەرنێتە، کتێبی (سەردەمی کۆتاییهاتنی تایبەتمەندی)یە. بەشێکی گەورەی ئەم کتێبە تەرخان کراوە بۆ ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی cps لە دزەپێکردنی زانیارییە تایبەتییەکانی ئینسان و گەیاندنی ئەم زانیارییانە بە دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەت. ئەم لێکۆڵەرە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێن ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکا، کە چۆن ئێمە هەموومان لە ڕێی ئەم تۆڕانەوە، خراوینەتە ژێر چاودێریی ورد و سەرجەم تایبەتمەندی و نهێنییەکانمان لە بەردەستی دەزگا هەواڵگرییەکاندایە. ئەو ئاگادارمان دەکاتەوە لەو مەترسییەی کە چۆن هەموو چاتکردنێکمان، هەموو نامەیەکی ئێمە، هەموو وتووێژێکمان لە ڤایبەر و واتس ئاپ و ماسنجەر و ئەپەکانی دیکە، لەژێر چاودێری و ڕەحمی دەسەڵات و دەزگای ئاسایشی دەوڵەتدایە.

ئەندریاس بێرنارد‘ پێمان دەڵێت چیدی ئێمە لەنێو دونیایەکی پارێزراودا نین، ئێمە بووین بە بەشێک لە سیستەم و دەوڵەت خاوەنداریمان دەکات، هەر خۆیشی خاوەنی کۆدی نهێنی و تایبەتمەندییە زۆر کەسییەکانیشمانە. دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەرگیز دونیای پێش پەیدابوونی ئەم تۆڕانە نییە. پێشتر دەوڵەت (وەک لە ڕۆمانی ١٩٨٤ جۆرج ئۆرێڵ دەیبینین) دەبوو تاکەکان بکاتە چاودێر بەسەر یەکترەوە و متمانە لە نێوانیاندا نەهێڵێت، بەڵام ئێستا دەوڵەت کاری بە تێکشکاندنی ئەو متمانەیەوە نییە، بەڵکوو خۆی ڕاستەوخۆ چاودێرییەکە ئەنجام دەدات و زووتر و خێراتریش دەرئەنجامی دەگاتە دەست، لەوەش سەیرتر ئێمە بەکارهێنراوی یەکەمین بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاودێرییە ڕاستەوخۆکە.

کەنارگیریی کۆمەڵایەتی و دابڕان لە تۆڕەکان     

لە دۆخێکی وەهادا؛ تاکی ئازاد‌ ئەوەی کە نایەوێ کۆتوبەندی دەوڵەت و چاودێرییەکەی بیگرێتەوە و ناشخوازێت دەستبەرداری تایبەتمەندییەکانی خۆی بێت، چارەنووسی چی لێ دێت؟ بێگومان دەکەوێتە دۆخی جۆرە بەرگرییەکەوە کە دەشێت ناوی بنێین “بەرگریی نائومێدانە”. تاکی بەرگریکار دەچێتە جەنگێکەوە دژی هەمووان، کە لە یەککاتدا ناچارە دژی دەوڵەت و تۆڕە بەرفراوانەکانی سۆشیال میدیا و خەڵکانی دەستەمۆکراو، کە زۆرینەی ڕەها پێک دێنن، بجەنگێت. دەرئەنجامی ئەم جەنگەش گۆشەگیری و نائومێدی و زاڵبوونی هەستە نەرێنییەکانە بەسەر باری دەروونی و جەستەیی و هزری کەسی بەرگریکاردا؛ ئەوەی کە “ئەندریاس بێرنارد” پێی دەڵێت “گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی” و پێی وایە چارەنووسی هەموو ئەوانەیە کە دژایەتی ئەم چاودێرییەی دەوڵەت دەکەن و ڕووبەڕووی دەبنەوە.

تۆڕەکان، چەکی هەرە گەورەی دەستی دەوڵەتن بۆ لێدان لە تاکی ئازاد و بەرگریکار. لە ڕێی ئەم تۆڕانەوە کەشێکی ترسناکی وەها دەخوڵقێنرێت کە کەس نەتوانێت بە ئاسانی زەفەرییان پێ ببات. خاڵی هەرە ترسناکی ئەم تۆڕانە بەخشینی پانتاییەکی فراوانە لە ئازادیی وەهمیی بە تاک. ئازادییەک، کە لە توانایدایە ئاسوودەییی ئەوەمان بداتێ کە ئێمە لە شوێنێکی ئارام و بێوەییداین و لەدەستدانی ئارامیشمان پەیوەستە بە لە لەدەستدانی ئەم تۆڕانەوە. بە واتایەکی دیکە تۆڕەکان پێمان دەڵێن ئێوە لە داکەوت(واقیع)دا ژێردەستەیی و ملکەچی ئەزموون دەکەن، لێ لای ئێمە ئازادی و سەربەستی! بۆیە ناتوانن لێمان دابڕێن و لە هەر کوێیەک بن پێویستتان بە ئێمەیە و بۆمان دەگەڕێنەوە.

ئایا دابڕان لەم تۆڕانە و هەڵبژاردنی گۆشەگیریی کۆمەڵایەتیی بۆ مرۆ ئەوەندە ئاسانە؟ لە دونیایەکدا کە سەرتاسەری تەنراوە بە تۆڕەکانی پەیوەندی، چ شوێنێک دەمێنێتەوە بۆ تاکی ئازاد تا مومارسەی ویست و خولیا و کردە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بکات و بتوانێت کاریگەریی بخاتە سەر دەورووبەر؟ کە دێینە جیهانی دەرەوەی تۆڕەکان و دەمانەوێت لێیان هەڵبێین، دەبینین ئەمە بەو سادەییە نییە کە پێشبینیمان کردبوو، ئاخر ئەو جیهانە دەرەکییەش بۆ خۆی ڕەنگدانەوەی ئەو دونیا دیجیتاڵییەیە، ئێمە لەوێش بەردەوام لە بەرکەوتنداین لەگەڵ ئەو جیهانبینییە بەرفراوانەی ئەو تۆڕانە خوڵقاندوویانە. لەوێش ناتوانیت بە بەردەوامی خۆت لەوانە داببڕیت کە گرێدراوی جیهانە دیجیتاڵییەکەن. بۆ نموونە سەروەختێک کە تۆ لەگەڵ دەورووبەرەکەت، یان لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکەویتە گفتوگۆوە؛ ناخودئاگا بابەتە سەرەکییەکانتان لە پنتێکدا هەر دەچێتەوە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جیهانە دیجیتاڵییەکە. لەوێوە جارێکی دیکە کۆنتاکت و پەیوەندییت بەو تۆڕانەوە دەبێتە ئەمری واقیع. تۆ کە وای دادەنێیت لە دەرەوەی ئەم تۆڕانەیت، زۆر جار بەبێ ئەوەی بە خۆت زانیبێت کەوتوویتە داوەکانیانەوە. تۆ دەبێت ئەوە بزانیت کەوا تۆڕەکان لە ئاڕاستەکردنی هزر و ڕوانینی بەرامبەرەکانتدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان دیوە، ئەوان تەرجومەی ئەو ئاڕاستەکارییەن ڕووەو تۆ، لێیەوە دەستکاری دونیابینی و ئاڕاستە هزری و غەمە گشتییەکانت دەکەن. تۆ لە جێگایەک دانیشتوویت و کەسێک هەر لە ڕێی مۆبایلەکەی دەستییەوە، هەواڵێکت بۆ دەخوێنێتەوە کە سەرنجت ڕادەکێشێت، تۆ ئەمە دەبینیت و بەشدار دەبیت لە شەن و کەو کردنی ئەم هەواڵەدا، لەوێدا تۆ بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک و ناڕاستەوخۆ چوویتەتە نێو ئەو دونیایەوە و ئەو هەواڵە ڕۆڵی هەبووە لە ڕاکێشانی تۆ بۆ نێو بابەتێک کە پێشتر نیازی قسە لەسەرکردنیت نەبووە. بەم شێوەیە ئێمە هەموومان، چ لەنێو تۆڕەکان و چ لە دەرەوەی تۆڕەکان لەوەدا یەکدەگرینەوە کە خزێنراوینەتە نێو سیستەم و چوارچێوەیەکی دەرەخۆییەوە و ناخودئاگا ئاڕاستە دەکرێین.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستیی تاکەکان

یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە “ئەندریاس بێرنارد” لە کتێبەکەیدا وروژاندوویەتی، پرسی تەندروستیی تاک و پەیوەندییەکانێتی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. گومان لەوەدا نییە زۆر مانەوە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، جەستە و ئاوەز و دەروونی مرۆ ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشیی ترسناک دەکاتەوە. بۆ سەلماندنی ئەمە بە تەنها گەڕان و سێرچی نێو کتێبەکان بەس نییە، بەڵکوو دەبێت بچینە نێو واقیعەوە و سەیرێکی دۆخی ئێستێی کۆمەڵگەکان بکەین؛ بڕوانینە دەورووبەرمان و بچینە نۆڕینگە پزیشکییەکان و قوتابخانەکان؛ بپرسین لەو مامۆستایانەی کە دەناڵێنن بە دەست ئالوودەبوونی قوتابییەکانیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە؛ بڕۆینە لای پزیشکانی چاو، سەیری ئەو سەدان و بگرە هەزاران گەنج و منداڵانە بکەین کە بە هۆی زۆر ڕوانینان لە شاشەی مۆبایل و ئایپادەکانیان، لە دەرئەنجامی زۆر مانەوەیانەوە لە خەت، چ باجێکیان داوە و چۆن خەریکە بیناییان بەتەواوی لە دەست دەدەن! زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانی ئەمڕۆ، بێ هیچ سڵەمینەوە و هەڵاواردنێک پەیوەستن بە ئامادەیی بەردەوامی تۆڕەکانەوە لەنێو ژیانماندا. کە دواجار هەموو ئەمانە پێکەوە، کۆمەڵگەیەکی داڕماو و وێران دێننە ئاراوە، کە تاکەکان تێیدا نەک بە دوای ماف و ئازادییەکانی خۆیاندا ناچن و عەوداڵی نین، بەڵکوو لە ئاست پاراستنی جەستە و ئاوەز و دەروونی خۆیشیاندا دەستەوەستان و بێباکن.

       پەیوەندیی پەڕاوی تایبەتیی بە تاوانناسییەوە

لە کۆندا تاوانباران بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە و لەبەرچاو ون بن، ناچاربوون مەلەف و پەڕاوی کەسیی خۆیان گومناو بکەن تاوەکوو بە ئاسانی نەناسرێنەوە. هەرکاتێک دەستگیر بکرابان و بخرانایەتە زیندانەوە، پەڕاوێکی کەسییان بۆ دروست دەکرا و سەرجەم زانیاری و  نهێنی و تایبەتمەندییە کەسییەکانیانی تێدا کۆ دەکرایەوە. لێ لە دونیای نوێدا، لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، داوای پەڕاوی کەسیی لە هەمووان دەکرێت و هەمووان بە دڵخۆشییەوە بەرەو ئەم داوایە دەچن. لێرەوەیە کە هەموو ئەوانەی نایەنە نێو ئەم تۆڕانەوە، بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێن بۆ سەر سیستەم و دەزگا دەوڵەتییەکان و وەکو تاوانبار دەبینرێن. بۆ ئەمەش وەهمی ئەوەیان خستۆتە ڕوو، کە زۆرێک لە تاوانبارە گەورەکانی جیهان و تیرۆرستە بەناوبانگەکان هیچ  کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار ناهێنن و لە هیچ شوێنێکدا پەڕاوی کەسی و زانیاریی کەسییان نەخستۆتە ڕوو. ئەمە بۆ خۆی جۆرە هاندانێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ڕاکێشانی ئەو کەسانەی ملکەچ نەبوون تاکوو بخزێنرێنە نێو ئەم تۆڕانەوە. بە بڕوای “ئەندریاس بێرنارد” ئێمە لە ڕێی پەڕاوی کەسیمانەوە داگیر کراوین، هەموو ئەو شتانەی کە دەکرێت لە لای پۆلیس و دادوەر وەک پێناس باس بکرێن، لە ئەپەکاندا هەن و بەردەستن. ئیدی دادوەران و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت دەتوانن تەنها لە ڕێی پەڕاوی کەسیی نێو تۆڕەکانەوە، هەم شوێنمان بدۆزنەوە و هەمیش وەک بەڵگەی یاسایی لە دژمان بەکاری بهێنن. دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان، دیارترین نموونە و نزیکترینیانە لە ئێمەوە. زۆر بەسادەیی هەموومان لە ڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حیزب و حکومەتەوە بینیمان کە چۆن گفتوگۆ و چاتکردن لە ڕێی ماسنجەر و ڤایبەرەوە کراون بە بەڵگە بۆ پیلانگێڕی و سیخوڕێتیی چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک! لە ڕێی ئەم دۆسیەیەوە حکومەت و دەزگا هەواڵگرییەکانی پێیان وتین: گەر بمانەوێت زۆر بەئاسانی دەتوانین بچینە نێو بچووکترین وردەکاری پەڕاوی کەسییتانەوە و دەست بگرین بەسەر چات و پۆست و پەیوەندییە زۆر کەسییەکانیشتاندا؛ دواجاریش بیانکەینە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و دژی ئێوە بەکاریان بهێنینەوە. لەم سەردەمەدا چیدی تاوان تەنها تاوانێکی کردەییانەی نێو واقیع نییە؛ بەڵکوو دەشێت مەسجێکی ماسنجەر و ڤایبەر یان نامەیەکی واتس ئاپ بێت، دەشێت پۆستێکی فەیسبوک بێت، یان تەنانەت کۆمێنتێک بێت و ببێتە بەڵگەی سەرەکی بۆ ناساندنی هەریەک لە ئێمە وەک تاوانبار و پیلانگێڕ!

قوربانییەکان لە دونیای دیجیتاڵیدا   

دونیای پێش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر دونیای ئابڕووپارێزی و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی بوو. کاتێک کەسێک شێوە ژیانێکی جیاوازی تاقی بکردایەتەوە، یان کارێکی ئابڕووبەرانەی (بە واتا کۆمەڵایەتییەکەی) ئەنجام بدایە، لە جوغزێکی بچووکی جوگرافییدا دەمایەوە و دوای ماوەیەک چاوپۆشیی لێ دەکرا و بیردەچووەوە؛ یاخود لە خراپترین دۆخدا ئەو جێیەی جێدەهێڵا و دەچووه شار و ناوچەیەکی دیکە و دەستی دەکردەوە بە ژیانی ئاسایی خۆی، بەوپەڕی شکۆپارێزیی و قەدرزانییەوە. بەڵام لەگەڵ هاتن و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکانی پەیوەندیی بە شێوەیەکی گشتی، ئەمە بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هات. هەموو ئەوانەی خوازیاری پراکتیزەکردنی شێوە ژیانی جیاواز و نائاسایین لە دیدی کۆمەڵگەوە، کاتێک کارێکی نائاسایی ئەنجام دەدەن و کۆمەڵگە پەسەندی ناکا، زۆر بەئاسانی دەنگدانەوەی ئەم کارە نائاساییە بە مەبەست فراوان دەکرێت و دەچێتە جوگرافیایەکی زۆر گەورەتر، کە ئەستەمە ئیدی کەسی شکۆشکێنراو و قوربانیی بتوانێت بەو ئاسانییە لێی دەرباز بێت. ئاخر ئەو هێندە دەناسرێت، بچێتە هەر شوێنێک و لە هەر کوێیەک بێت خەڵکی لێی ناگەڕێن و بیری دەخەنەوە کە ئەو شکۆشکێنراو و ئابڕووتکاوە. لێرەدا ئەم کەسە دەکەوێتە بەردەمی چەند بژاردەیەکی سەخت، یان داننان بەو واقیعە تاڵەی تێیدایە و هەڵکردن لەگەڵیدا؛ یاخود پەنابردن بۆ خۆکوشتن(کە بەداخەوە هەندێکیان ئەم ڕێگایە هەڵدەبژێرن)، یانیش هەڵگیرساندنی جەنگێک لەنێو تۆڕەکانەوە دژی هەمووان، کە ئەمەشیان هێندە ئاسان نییە و کەسی قوربانی دەبێت بەردەوام ئامادە بێت بۆ هێرشێکی دەستەجەمعی و سووکایەتی پێکردنی بەردەوام تا دەگاتە هەڕەشەی جیدی کە دوور نییە ترۆری فیزیکی لێ نەکەوێتەوە.

قوربانییەکان لە دونیای دیجیتاڵیدا بە تەنها ئەمانە نین، بەڵکوو زۆر جار کەسانی ئاسایی و بێزیانیش دەبنە قوربانی و لە ڕێی چاوپێکەوتنێکەوە، قسەیەک دەکەن و لە پڕ دەبنە فیگەرێکی دیاریی تەرفیهیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەمووان قسەکەی دووبارە دەکەنەوە، تاکوو دواجار ژیانی لێ تاڵ دەکەن و ناهێڵن بحەسێتەوە و ژیانی ئاساییانەی خۆی بژێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا کۆمەڵگەی ئێمە زیاد لە قوربانییەکی وەهای خستۆتەوە، قسە باو و نەستەقەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە قسە و گوزارەی کەسانی زۆر ئاسایین و خزێنراونەتە نێو دونیای بێ ڕەحمی دیجیتاڵییەوە. (مەعاشەکەو جوانە گەواو، سەعاتەکەی ئاوات، با ماڵمان بە قوڕ نەگیرێ و دواهەمینیشیان کچەکەی کەژاڵی؟) هیچ نین جگە لە ترۆری کەسایەتیی و کردەییەکی قۆشمەبازانەی بێ مۆراڵ، کە تێیدا هیچ حسابێک بۆ دۆخی دەروونی و شکۆی مرۆییانەی قوربانییەکان نەکراوە و ناکرێت. ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا، هەموو ئەو فیگەرە دیارانە کاتێک ئەم قسانە دەکەن، لە ناواخنی تراژیدیاوە دەدوێن و لە ڕێی هەڵچوونە دەروونییە کۆنترۆڵنەکراوەکانیانەوە قسەی وەهایان بە زاردا دێت، کەچی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دێن و ئەم نەفەسە تراژیدییە بۆ کۆمیدیایەکی بێتام دەگۆڕێت.

 مامۆستایەکی ئاسایی بە نیازی بازاڕکردنێک لە ماڵەوە دەچێتە دەر، لە پڕ دەبینێت کۆمەڵێک گەنج خۆپیشاندان دەکەن و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانیش کە بێ مووچەن و بە چەند مانگ جارێک مووچەیەکیان دەدرێتێ، ڕووبەڕووی ئەو گەنجانە دەبنەوە و ئازاریان دەدەن، ئەم مامۆستایەش هەر بەو عەلاگەیەی دەستییەوە کە بازاڕییەکەی پێکردووە و لە سووچێکی کۆڵانەکەوە کە ئەم دیمەنی پێکداهەڵگژانە دەبینێ، تووڕە دەبێت و بە پۆلیسەکە دەڵێت: مەعاشەکەو جوانە گەواو! مامۆستا دەچێتەوە ماڵ و وەک ڕۆژانی ئاسایی مۆبایلەکەی بەدەستەوە دەگرێت و دەبینێت ئەم قسەیەی ئەو وەک بۆمبێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا تەقیوەتەوە و هەمووان دەیڵێنەوە، ئەمە چییە؟ من بەناوبانگ بووم! بەڵام بەناوبانگبوونێکی خۆنەویستانە و سەخت، بەناوبانگبوونێک کە خۆم نەمویستووە و بەسەرمدا سەپێنراوە، ناوبانگێکی موزەیەف و گاڵتەجاڕانە! ئەوانەی هەڵگری ئەم جۆرە لە ناوبانگن، لە هەموو کەس زیاتر کۆکن لەگەڵ ئەو وتەیەی “سارتەر”دا کە پێی وایە ( ئەوانی دیکە، دۆزەخن)، ئاخر ئەوان ڕۆژانە ئەزموونیی ئەم واتایە دەکەن و بەدەستییەوە دەتلێنەوە.

دونیای دوای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاوها مرۆ دەکاتە قوربانیی، لە پێناو گەرمگردنی بازاڕەکەی خۆیدا. لە پێناو دابینکردنی ساتەوەختێکی خۆش و چێژبەخشانە بە بەکارهێنەرانی خۆی. ئەمە دەبێتە بابەتێک بۆ سەرقاڵی و کاڵبوونەوەی حەماسە شۆڕشگێڕی و دۆخە تراژیدییەکەش. بەم شێوەیە لە ناواخنی تراژیدیاوه کۆمیدیا لەدایک دەبێت و هەمووان کەیف خۆش دەبن و دەوڵەت و دەزگا میدیاییەکانیش سوودمەندی یەکەمن‌، بەڵام لەسەر حسابی کێ؟ قوربانییەکان وەڵامی ئەمەیان لایە، تەنها ئەوە نەبێت ئەوان نایانەوێ لەوە زیاتر باس بکرێن، بۆیە وەڵاممان  نادەنەوە!


پەراوێزەکان

  • 1
    (Andreas Bernard) ئەندریاس بێرنارد (١٩٦٩) کولتوورناس و پرۆفیسۆر و رۆژنامەنووسی ئەڵمانیاییە، پسپۆڕی بواری کولتووری دیجیتاڵییە، ئێستا پرۆفیسۆرە لە سەنتەری کولتووری دیجیتاڵییە لە زانکۆی لۆیفانا لە لۆمبێرگ