نەوەی تیکتۆک، لە دێوەزمەوە بۆ پاڵەوان

(چەند سەرنجێک دەربارەی تیکتۆک و پەیوەندی بە دونیای ئێمەوە)


ئەگەر کەمێک بە وردی سەیری زۆرێک لەو نووسینانە بکەین، کە لە پەراوێزی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و وەک پاڵپشتییەک بۆ ڕابوونی خوێندکارانی زانکۆ و خۆپیشاندانە فراوانەکەیان نووسران، دەبینین خاڵێکی هاوبەش و تێڕوانینێکی باو لەنێوان هەموو ئەو نووسینانەدا هەیە و هەمووان بە شێوەیەک لە شێوەکان گەڕاونەتەوە بۆی. بۆ نموونە: زۆرینەیان لەوەدا کۆک و تەبان کە ئەم نەوەیەی ئێستا(ئەوەی پێشتر بە دەربڕینێکی پڕ لە ئیستیهزازییەوە پێیان دەوتن “نەوەی تیکتۆک”) بەم توانای خۆڕاگری و بەرگرییە کەموێنەیەوە، بەم مکوڕبوونە سەختەوە، بوون بە هێما و ڕەمزی خۆڕاگری و یاخیبوون و تەواوی ڕوانینەکانی پێشتر دەرهەق بەم نەوەیە، تاوانبارکردنیان بە تەنبەڵی و هیچ لەبارا نەبوویی، ڕوانینگەلی هەڵە و نەزانانە بوون!

کەواتە با بپرسین، چی وای لە زۆرینەی نووسەران و ڕۆشنبیر و خوێندەوارانی کورد کردووە، کە بەو شێوە خراپ و ناچیزە لە نەوەی تیکتۆک بڕوانن؟ هەر خۆی لە خۆیدا بەستنەوەی ناوی نەوەیەک بە ئەپێکی دیاریکراوەوە، چی واتایەک دەگەیەنێت؟ بۆچی ناوبردنی ئەم نەوەیە بە نەوەی تیکتۆک، زیاتر وەک سووکایەتی پێکردن و نزم لێڕوانین لێک دەدرێتەوە؟ ئایا خراپییەکە لە تیکتۆکدایە وەک ناوەندێکی تەرفیهی کە عەقڵی نەوەیەکی کۆنترۆڵ کردووە و بەرەو ڕووکەشگەرایی و ناوبەتاڵی ئاڕاستەی کردوون؟ یاخود نەخێر، خراپی و مەترسییەکە لە خودی ئەم نەوەیەدایە کە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی هەموو مۆدێکی نوێ، بەبێ هەبوونی هیچ مەرج و فلتەرێکی خودی و ناوەکی!

                  چۆن ئەم نەوەیە بناسینەوە؟
تیکتۆک ئەپێکی زۆر تازە و جیاوازە، وەک چۆن زۆرینەی بەکارهێنەرانیشی نەوەی نوێی دوای دوو هەزارەکانن. کاتێک (بایت دانس)1دانس: کۆمپانیایەکی چینییە و ساڵی ۲۰۱۲ لە “پەکین”ی پایتەخت دامەزراوە، بەهای ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ۲۰۲۰ بە ۳۷ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. لە بواری ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای زانیارییدا کار دەکا و تیکتۆک بەناوبانگترین داهێنراوێتی و لە ساڵی ۲۰۱٦ خستویەتیە بازاڕەوه. ئەم ئەپە دەخاتە بازاڕی ئەلیکترۆنییەوە، بە ماوەیەکی زۆر کەم دەبێتە یەکێک لە ناوداترین ئەپەکانی نێو جیهانی ئینتەرنێت و بە ملیاران دۆلار قازانجی دەست دەکەوێت. کۆمپانیا چینییەکە دان بەوەدا دەنێت داهێنانەکەی ئەو ڕووەو نەوەیەکی تازەیە، کە هەست دەکات دەنگیان کپ کراوه و ئەم هەلی بۆ ڕەخساندوون خۆیانی تێدا بەرجەستە بکەن. ئەم ئەپە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ خواستی ئەم نەوە نائارامە هاتۆتە ئاراوە. لێرەدا دەبێت ئیستێک بکەین و بڵێین: خەسڵەتەکانی تیکتۆک چین کە هێندە بە تامەزرۆییەوە ڕۆژانە بەکارهێنەری زیاد دەبێت و زۆر بەئاسانی نزیک دەبێتەوە لە ملیارێک کەس؟ ئەم پرسیارە بێ ئەندازە گرنکە، نەک تەنها لەبەر ناسینی ئەپە نوێیەکە، بەڵکوو لەبەرئەوەی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەتوانێت ڕێگا خۆشکەریش بێت بۆ ناسینی خواست و خولیاکانی ئەم نەوە تازەیەی ئێستا و تێگەیشتن لێیان ئاسانتر دەکات.
ئەوەی تیکتۆک ئیشی لەسەر دەکات، خێرایی و ڕاگوزەرییە. تیکتۆک لەگەڵ نەوەستان و بەردەوامیدایە و قووڵبوونەوە و تێڕامان دوژمنی ئەم ئەپەن. ئەوە بۆیە گرتەکانی لەنێوان سێ چرکە بۆ سێ خولەکدایە! هەموو ئەو گرتانەش پشت بە دیمەنی کورتبڕ و ڕووکەشکار و کاتکوژ دەبەستن و دژی تەرکیز و لێوردبوونەوەن. لەگەڵ هەر گرتەیەکدا دەنگێک، ئاوازێک، گۆرانییەک، یان هەر شتێکی دیکە کە بەکارهێنەر بیەوێ دەتوانێت دایبنێت و بە هەزاران کەس لێی وەربگرن و زۆر بەئاسانی ببنە بەشێک لێی. لە تیکتۆکدا سەرنجڕاکێشان و هاندان کۆڵەکەی سەرەکیین، هەر گرتەیەک بێ بەش بێت لەم دوو خەسڵەتە جێگای نابێتەوە و لە لایەن بەکارهێنەرەوە سزا دەدرێت(سزادان بە مانا دیجیتاڵییەکەی). تیکتۆک پێویستی بە لێزانینی زۆر نییە، تەنانەت پێویستی بە خوێندەواری زۆریش نییە. هەموو کەسێک، هەر لە منداڵێکەوە تا دەگاتە پیاوێکی پیری سەد ساڵە و بێ حەوسەڵە، دەتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە و بەکاری بهێنن. ئەم هەل ڕەخساندنە بۆ هەمووان، تا بتوانن بێ هیچ چاودێری و فلتەرێک خۆیان بە دیار بخەن، کرۆکی سەرکەوتنی ئەم ئەپە نوێیەیە.
خاڵی هەرە گرنگ و جیاوازی تیکتۆک، شێوازی مامەڵەکردنێتی بە هەستەکانی مرۆڤەوە. بێزاری و وەڕسبوون دوو لەو هەستە باوانەی مرۆڤن کە تیکتۆک چارەی بۆ دۆزیونەتەوە. بەکارهێنەری ئەم ئەپە دەزانێت ئەو لە بەردەم جیهانێکدایە هەمیشە شتی نوێ و شۆکهێن و سەرنجڕاکێشی پێیە و هەمیشەش بە دووی خۆیدا کێشی دەکات. لە هەر گرتەیەک بێزار بووی، دەتوانیت زۆر بە خێرایی بەسەریدا بڕۆیت. بەڵام مەرج نییە هەمیشە ئەم گرتانە لە چوارچێوەی ویستی تۆدا بن، بە بەراورد بە فەیسبوک و بەشێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تیکتۆک خۆسەپێنتر و داگیرکەرترە. تیکتۆک تۆ بتەوێ و نەتەوێ گرتەکانت پیشان دەدات، لێ لە هەمان کاتدا سەرپشکیشت دەکات لە مانەوە بە دیاریانەوە، یاخود دوورخستنەوە و پشتگوێخستنیان!
گەر ئەم خەسڵەتانە ورد بکەینەوە و گرێی بدەینە خەسڵەتی ڕووکەشویستی ئەم نەوەیەوە، دەبینین لێکچوونێکی سەیر و شۆکهێنەر لە نێوانیاندا هەیە. هەروەک چۆن ڕوونتریش لە ئامانج و مەبەستی “بایت دانس” تێدەگەین. ئێمە ئەوە دەزانین کە بزنس و کاری بازاڕگەریی بۆ ئەوەی زیاتر بمێنێتەوە و سەرکەوتوو بێت، پێویستی بە بەئامانجگرتنە. خاوەنی بزنسە گەورەکان دەزانن چ چینێک و چ بۆشاییەکی دەروونی لە چ کاتێکدا دەکەنە ئامانج و لێیەوە قازانج بەدەست دەخەن. ئەم نەوەیە نەوەی پاش جەنگە گەورەکان و داڕمانی ئایدۆلۆژیا و هیوا گەورەکانی مرۆڤە، نەوەیەکە هیچ شتێک نایبەستێتەوە بە ڕەچەڵەکێکی دێرینەوە و پشتی کردۆتە مێژوو، بۆیە بە بەردەوامی چاوی لە سەر داهاتووه، چاوەڕوانی شتێکی نوێترە کە بێت. پەلەکارە و یاخییە لە دۆخی ئێستای، بەڵام ئەم یاخیبوونە یاخیبوونێکی وجودییانە و هۆشمەندانە نییە، بەڵکوو وەڕسبوونە لە جێگیری و حەزکردنە لە گۆڕانکاری. بەلای ئەم نەوەیەوە ژیانی ئێستا ساختەیە و داهاتوو دەشێت لە خۆیدا ژیانە ڕاستەقینەکەی هەڵگرتبێت، بێ ڕەچاوکردنی زەرورەتی زانینی وەڵامی هەردوو پرسیارە گرنگەکەی ژیان: (چۆن ئێستا بگۆڕین؟) و (چی ژیانێک بێنینە کایەوە؟). ئەم ناڕوونییە، ئەم نەپرسینە، ئەم نەزانینی وەڵامە وای کردووە ئەم نەوەیە هەمیشە وەک نەوەیەکی سەرگەردان و تەڵخبین لێی بڕوانرێت، کە نازانێت چی دەکات و خۆی بە ڕاستی چی دەوێت و بەرەو کوێ ئاڕاستە دەکرێت. بۆیە لەگەڵ هەر ڕابوونێکیدا، لەگەڵ هەر خۆنمایشکرنێکیدا لەسەر شەقام، هەرا دەنێتەوە و بە زووییش کپ دەبێتەوە. بە جۆرێک کە مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ لە خێرایی و توندبوونی سەرەتای هەراکە و خاوبوونەوە و دامرکاندنەوەی کۆتایییەکەی.

تیکتۆک و نووسین
لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا ئەوە ڕوون نەبۆتەوە کە یەکەمین کەسێک نووسینی داهێناوە، کێ بووە و چۆن دایهێناوە؟ لێ ئەوە یەکلاکراوەتەوە کە مێژووی پەیدابوونی نووسین دەگەڕێتەوە بۆ دۆڵی دوو ئاوان و وڵاتی سۆمەر، لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین. سۆمەرییەکان بۆ یەکەمین جار لە شاری ئۆروک(وەرکا) نووسینی بزمارییان داهێناوە، تاکوو سەرگوزشتە و یاسا و نەریتەکانی خۆیان لەسەر تابلۆ قوڕینەکان بنووسنەوە و لە فەوتان ڕزگارییان بکەن. کاتێک “وەرکا” وەک شارێکی دێرین دەبێتە سەنتەری شارستانیەتی جیهان و حکومڕانییەکی حیکمەتدارانەی تیا بەرقەرار دەکرێت، هەست بەو بۆشاییە گەورە زمانییە دەکات کە لە غیابی نووسیندا هەیەتی. ئۆروک دەزانێت پێویستی بە زمانێکی هاوبەش و نەمر هەیە تا لە ڕێیەوە دەسەڵات و فەرمانەکانی بمێننەوە و  ئاسانتر بگەنە هەمووان. ئەمە جگە لە پاڵنەرە ئابووری و بازرگانییەکەی، چونکە لەو سەردەمەدا مرۆڤ هەم خەریکی کاری کشتوکاڵی و ئاڵوگۆڕکردنی بەرهەمەکان بوو، هەمیش مامەڵەکردن بە زەوی و زارەوە پەرەی سەند و خاوەندارێتی تایبەت پەیدا ببوو، بۆ ئەمەش پێویستیان بە زامن و بەڵگەیەکی ڕێکخراو و شایستە بوو تاکوو لە ڕێیەوە  مامەڵە دارایی و قەواڵەکانی خۆیانی تیا بپارێزێن. بەم شێوەیە ئەم پێویستییەی ئینسان بە تۆمارکردنی زانیاری و دەستەبەرە هزرییەکانی، بوو بە هۆکاری داهێنانی نووسین و مانەوەی وەک گرنگترین داهێنان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. ڕاستە شێوازی نووسین بەپێی قۆناغبەندیی مێژووییی لەو سەردەمەوە تا ئێستا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لێ مەبەست و ئامانجەکانی پەیدابوونی نووسین زۆریان وەکوو خۆیان ماونەتەوە. ئاخر نووسین لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا هۆکاری ڕاستەقینە و سەرەکیی گەیاندنی پەیام و خواستەکانی مرۆ بووە.
هەرچەندە پێشتر خوێندنەوە و نووسین تا ڕادەیەکی زۆر مۆنۆپۆڵ کرابوو، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی و فراوانبوونی پیشەسازیی کاغەزی و زۆربوونی چاپخانە و گەشەسەندنە فەرهەنگی و کولتوورییەکانی دونیادا، مافی خوێندنەوە و نووسین وردە وردە بوو بە مافێکی گشتی و بەخشرا بە هەمووان. ئەم کورتە مێژووییەی نووسین، بۆ دەرخستنی ڕادەی گرنگی نووسین بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، تاکوو بزانین کرۆکی گەشەی ژیارییانەی مرۆ پەیوەستە بە پەیدابوون و ئامادەگی بەردەوامی نووسینەوە لەنێو مێژوودا. ئەم ئامادەگییە بە شێوەیەک زاڵ بووە بەسەر ڕەوتی مێژوونووسیدا، کە بۆتە پێوەرێک و لێیەوە مێژووی گشتیی جیهان دابەشکراوەتە سەر دوو بەشی سەرەکی: (مێژووی پێش پەیدابوونی نووسین، مێژووی دوای پەیدابوونی نووسین.)

لەگەڵ کۆکردنەوەی دونیا و کردنی بە گوندێکی بچووک لە ڕێی تۆڕەکانەوە، واتا و دەلالەتەکانی خوێندنەوە و نووسینیش گۆڕانیان بەسەردا هات. فەیسبوک وەک دەستپێکێکی ئەم بەرکەوتنە (هەرچەندە قۆرخکاری نووسینی تا ڕادەیەکی زۆر نەهێشت) بەڵام نووسینی سنووردار کرد و خوێنەری خێرا و نەوەی فاست فوودی هێنایە مەیدانەوە. وەختێک تیکتۆک دێت، نەک ئەم سنووردارێتییەی فەیسبوک پەسەند ناکات، بەڵکوو ئەو ڕووکەشگەراییەشی نەهێشتەوە کە فەیسبوک برەوی پێدابوو. تیکتۆک دێت نووسین دەکات بە پەراوێزێک بۆ گرتە و ڤیدیۆ چەند چرکەییەکانی خۆی، بەمەش بەکارهێنەرانی خۆی بە تەواوی دەڕەتێنێتەوە لە نووسین و خوێندنەوە و سەرچاوەی مەعریفیشیان دەگۆڕێت بۆ گرتە تیژپەڕ و کاتکوژەکان.

تیکتۆک بۆچی وای کرد؟ چونکە خواستی بازاڕ و پێداویستییە ئابوورییەکانی کۆمپانیا ئەوەی دەوێ. لە جیهانی سەرمایەداری و بەتایبەتتر لە دونیای دیجیتاڵیدا، نووسین بە شێوەیەکی  توند بەستراوەتە داهاتەوە. لەم جیهانەدا، وا سەیری نووسین دەکرێت کە تا چەندە سوود بە داهاتی گشتیی کۆمپانیا دەگەیەنێت و چۆنچۆنی دەبێتە هۆی دەستخستنی داهاتی زیاتر. دەشێت بڵێین وەک چۆن لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا پێداویستییە ئابووری و بازرگانییەکان یەکێک بوون لە گرنگترین هۆکارەکانی پەیدابوونی نووسین و زاڵکردنی دەسەڵاتی نووسین بەسەر دونیادا، ئاوهایش لە سەردەمی نوێدا پێداویستییە بازرگانی و ئابوورییەکانی بازاڕی دیجیتاڵی هۆکارن بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی نووسین و تا ڕادەیەکی زۆریش پەراوێزخستنی.

لەدوای ئەم گرفتەی کە تیکتۆک دروستی کرد، نووسین و خوێندنەوەی قووڵ چییان بەسەر دێت؟ دەبێت بۆ وەڵامی ئەمە بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پەروەردە و خوێندن و بپرسین: ئایا لە ناوەندە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکانی دونیای نوێدا، چۆن چارە بۆ ئەم دابڕانە دۆزراوەتەوە؟ ئەوروپا و چین و تا ڕادەیەک ئەمریکایییەکانیش، ئەمڕۆ هەمان گرفتیان هەیە، گرفتی دابڕان لە قووڵبوونەوە و تێهزرین، گرفتی دروستبوونی نەوەیەک کە پشتی لە کتێب کردووە و سەرگەرمی ئەپە کاتکوژەکانە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانەش ئەم وڵاتانە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەدان، زیاد لە ڕێگایەک لە بەردەستی ئەواندایە بۆ دەرچوون و دەربازبوون لەم دۆخی پەشێوییە و بە بەردەوامییش ئیشی لەسەر دەکەن. لەم نێوانەدا کێ بێ چارە دەمێنێتەوە؟ بێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەبێت بڵێین وڵاتانی جیهانی سێ. ئەی ئەمانە کێن؟ ئەو وڵاتانەن کە تەکنەلۆژیا بردوونیەتە قۆناغی پۆستمۆدێرنەوە، کەچی بونیادی فیکری و کولتوورییان هێشتا لە قۆناغی پێش ڕێنسانسدایە! لەم بەشەی جیهاندا، کە دەشێت ناوی بنێین “بەشە بەجێماوەکە” قورسە بتوانرێت لێزانانە مامەڵە لەگەڵ گرفتگەلی وەهادا بکرێت و چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە. حاڵی ئەم بەشە بەجێماوانە لە مەلە نەزانێک دەچێ، کە بە نیازی مەلەوانی خۆی فڕێدابێتە ڕووبارێکەوە، ئاخۆ هیچ ئومێدێک هەیە بۆ نەخنکان؟!

                دێوەزمەکان چۆن کران بە پاڵەوان؟

لە دەستپێکدا ئاماژەمان بەو بەخۆداچوونەوەیە کرد، کە دوابەدوای ڕابوونی خوێندکارانی زانکۆوە ڕووی دا. ئەو نەوەیەی پێشتر وەک دەست و پێ سپی و تەنبەڵ و هیچ لەبارا نەبوو دەبینران و وەک دێوەزمەیەک وابوون بەسەر کولتوور و نەریت و یاساکانی کۆمەڵگاوە، لە پڕێکدا هەر خودی کۆمەڵگە خۆی ئەم وێنەیە دەگۆڕێت بۆ وێنەی پاڵەوانێک و بەوپەڕی ڕێز و ستایشەوە ناوی دەهێنێت. ئەم دید گۆڕینە، ئەم جێگۆڕکێکردنە لە وێناکردن و هەڵسەنگاندندا، پێش هەموو شت لەوانەیە پێوەندیی بە دونیابینی ئێمەوە هەبێت بۆ مرۆڤی پاڵەوان. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا کەسێک پاڵەوانە کە لە بری ئەوانی دی بێتە دەنگ و خۆی بکاتە قوربانی و ژیانی خۆی ببخاتە مەترسییەوە. پاڵەوانێک کە پشت لە ژیانی خۆی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ژیان بۆ ئێمە. بەڵام ئایا ئەم ڕوانینە کەمێک ڕۆمانتیکی نییە؟ کەم نا، زۆر، زۆریش ڕۆمانتیکییە! ئاخر کاتێک لە نزیکەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەین، سەیری پاشخانی ڕۆشنبیری و کولتووریی خوێندکارەکان دەکەین؛ لە هەردوو بارەکەدا زێدەڕەویکردن و موزەیەفکردنێکی گەورەی هەقیقەت دەبینین. ئاخر وەک چۆن بە دێوەزمەکردن بەرمەبنای نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتنە لەم نەوەیە، ئاوهایش ئەم دیدی ئەفسانەیی و پاڵەوانسازییە، دیدێکی تەواو هەژار و بێ مەعریفەیە و بەرئەنجامی بەدحاڵیبوونە لە تایبەتمەندییە کەسییەکانی نەوەی تیکتۆک.

لەم پاڵەوانسازییەدا، کۆمەڵگەی ئێمە لەوەدا کەوتۆتە هەڵەوە، کە کۆششی ئەم نەوەیەی بەراورد کردووە بە کۆششی فیدائییەکانی کۆن، ئەوانەی کە لە ڕووداوێکی بەرگریکارانەدا دەمردن و دەبوون بە پاڵەوان و ئەفسانەیان پێوە دەئاڵێنرا. ئەم بەراوردکردنە لەبەر زیاد لە هۆیەک، دەشێت بە هەڵە ناوی ببەین، لەوانە:

یەک: نەوەی تیتۆک، نەوەیەکی ڕووکەشگەرایە و ئاڕاستەی خولیاکانی ڕووەو ژیانێکی باشترە، ئەو نایەوێ لە پێناوی کەسدا، لە پێناوی هیچ شتێکی دەرەخۆییدا بمرێت. کاتێکیش دێتە سەر جادە و بە تووڕەییەوە دەدوێت و هەموو شتێک ڕەت دەکاتەوە، هیچی لە لا پیرۆز نییە و دەست لە کەس ناپارێزێت، بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی بزانێت دەیکوژن، بێدەنگ و کپ دەچێتەوە شوێنی خۆی بۆ لای مۆبایلەکەی و لەوێوە دەست دەکاتەوە بە ژیان. ئایا ئەم زوو دامرکاندنەوەیە لە ترسەوەیە؟ بێگومان نەخێر، لە ترسەوە نییە، بەڵکوو بە هۆی بەتاڵبوونەوەی سیحری وشەگەلی وەکوو (شەهید، خەبات، خۆفیداکردن و…. هتد)ەوەیە، کە کۆدی خۆقوربانیکردنەکانی نێو مێژووی ئێمە بوون. لە ڕاستیشدا ئەم نەوەیە هیچ شتێکی ڕاستەقینە و شایسته شک نابات تاکوو لە پێناویدا بمرێت. چونکه سەردەمی ئەم، سەردەمی دوای نەمانی پیرۆزییەکان و دونیای پاش نسکۆ گەورەکانە. هیچ بەهایەکی گەورە نەماوەتەوە، تاکوو مردن لە پێناویدا بە هەق بزانێت. کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی سەردەمی قوربانیدانەکانی کۆنە، پێشتر فیدائییەکان دەچوونە سەنگەرەوە و دەیانویست وەک پاڵەوانێک بمرن، چونکە دۆزێکیان هەبوو، بە ڕەوایان دەزانی و لە پێناویدا گیانی خۆیان دەبەخشی.

دوو: خەباتکردن ئێستا کورتکراوەتەوە بۆ خەباتێکی ڕووکەشگەراییانە و ئاسان، کە بە نزیکەیی هەمووان دەتوانن بەشدار بن تێیدا. خەباتێکی بێ مەترسی و مەدەنییانە. نەوەی تیکتۆک کە دێتە سەر جادە و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، چرکە بە چرکەی ئەم خەباتە تۆمار دەکا و دەیگوازێتەوە بۆ ئەکاونتەکەی و ڤیووی پێ بەرز دەکاتەوە. پاڵەوانێتی لای ئەو، دروستکردنی گرتەیەکی حەماسییانە و شۆڕشگێڕانەیە لە دونیای دیجیتاڵیدا. لە کاتێکدا پاڵەوان و فیدائییەکانی کۆن، دەچوونە بەرەکانەوە و لە چەقی مەترسییەکانەوە خەباتیان دەکرد، ئەوان بەڕاستی دەمردن.

سێ: خەبات و پاڵەوان دوو چەمکی کۆنن، بۆ تێگەیشتن لەم نەوەیە، لە شێوازی ناڕەزایەتیی دەربڕین و یاخیبوونەکانی دەبێت چەمکگەلی نوێ دابتاشرێن. ئێمە لە بەرامبەر نەوەیەکدا دەدوێین کە نایەوێ بمرێت لە پێناوی هیچ دۆزێکدا. خەباتکردن لای ئەو خۆبەکوشتدان نییە، وەک چۆن نایەوێ ببێتە پاڵەوانیش لە ڕێی فیداکارییەوە، بەڵکوو ئەوەی ئەو دەیەوێت ژیانێکی ترە، خێرا و تێپەڕ، بێت و زۆر نەمێنێتەوە و بگۆڕێت و شێوەی دی ئەزموون بکات. ئەو تاقەتی مانەوەی تاهەتایی کەسی نییە، بێزارە لە دووبارە و حەزی لە گۆڕانکارییە. ئەی قووڵبوونەوە و تێڕامان؟ ئەو دووەشی ناوێ، چونکە نەوەیەکە پشتی کردۆتە ڕابردوو، نە ئایندارە و نە بێ ئاین؛ نە لایەنگرێکی سەرسەختی دەسەڵات و نە بەرهەڵستکارێکی سەرسەخت، نە حەزی لە دونیای ئازادە و نەیش دەیەوێ وەک ژێردەستە بژێت، لە گرتەیەکدا ئیماندارە و گرتەی دواتر بێ ئیمان؛ لە شوێنێکدا شتێک دەڵێت و دواتر هەر خودی خۆی ئەو شتە ڕەت دەکاتەوە. ئەکاونتەکانی ئەم نەوەیە پڕە لەم دووجەمسەرییە، تەژییە لەم دژبەندییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕقی لە جێگیرییە و نایەوێت لە هیچیاندا جێگیر بێت. چاوی لە داهاتوویەکی باشتر و هاتنی ڕۆژێکی نوێیە. بەڵام ئاخۆ داهاتووی باش و ڕۆژێکی نوێ بێ خوێندنەوە و تێڕامان و قووڵبوونەوە، بێ تێپەڕاندنی ئەم ڕووکەشگەراییە دێتە دی؟

                  هەڵپەی ناوبانگ، ناوبانگێکی ڕووت

ساڵی ۱۹٦۸ نیگارکێشی ئەمریکایی “ئەندی وارهوڵ”2ئەندی وارهۆڵ(۱۹۲۸-۱۹۸۷) هونەرمەند و نیگارکێشێکی ئەمریکایییە، ناودارترین کارەکانی ئەو لە بواری پۆپ ئاڕتدان. تێکەڵکردنی هونەری سینەما و جیهانی ڕۆشنبیریی بە تابلۆ و نیگارەکان و هەوڵدان بۆ بەستنەوەی هونەر بە بزنسەوە، لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم نیگارکێشەن. بڕوانە: ( جوز‌ف د کتنر: شاهزاده پاپ اندی وارهول، ترجمه: سحر دولتشاهی، نشر نظر، چاپ۱ ٖ ۱۳۹۹).لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت: (لە داهاتوودا، هەمووان دەتوانن تەنها لە ماوەی پانزە خولەکدا، ناوبانگێکی جیهانی بەدەست بهێنن.) ڕاستە ئەم پێشبینییە بۆ ئەو سەردەمە وەک نموونەیەکی خەیاڵپڵاوانە و گاڵتەکردن و تەنەبوئێکی نوکتەئامێز لێی دەڕوانرا. لێ دوای تەنها شەش دەیە لەم پێشبینی و دوورخوێنییە، ئێمە ئەمەمان بە چاوی خۆمان بینی. تەنانەت تیکتۆک ئەو پانزە خولەکەی کرد بە پانزە چرکە و هەندێک جار گرتەیەکی سێ چوار چرکەییش بەسه بۆ ئەوەی خاوەنەکەی بەناوبانگ بکات و بە دونیای بناسێنێت.

بێگومان مێژووی هەڵپەکردنی مرۆڤ بۆ ناوبانگ مێژووییەکی دوورودرێژە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش پەیدابوونی نووسین. کە بە دەقە کۆنەکانی بزماری و هیرۆگڵیفیشدا دەچینەوە، دەبینین تەژییە لە هەوڵدان بۆ جێ قایمکردن و بەدەستهێنانی ناوبانگی زیاتر. لانیکەم هەردوو شارستانیەتی بابل و ئاشوور لە میزۆپۆتامیای کۆن و شارستانیەتی دۆڵی نیل و گریگەکانیش بایی ئەوە نووسین و شوێنەواریان بۆ جێهێشتووین تا دڵنیابینەوە لەم بۆچوونەمان. بۆ نموونە: لە میتۆلۆژیای سۆمەریدا، سەرنجڕاکێشترین داستان (داستانی گلگامێش)ە3گلگامێش داستانێکی شیعرییە کە بە کۆنترین دەقی ئەدەبی و تا ڕادەیەک ئاینیش دادەنرێت لە مێژووی جیهاندا. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە کتێبخانەکەی “ئاشور پانیپاڵ” دا دۆزراوەتەوە. بڕوانە: ( دكتور نائل حنون: ملحمة جلجامش، ترجمة نص المسماري مع قصة الموت جلجامش والتحلیل اللغوي للنص آلاكدي، دار الخريف، دمشق، الطبعة الاولی،۲۰۰٦). لەم دەقەدا یەکێک لە بەناوبانگترین پاشاکانی وەرکا کە ناوی گلگامێش بوو، عەوداڵی نەمری دەبێت و دەیەوێ ناوی تاهەتایە بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش ڕێگایەکی دوور دەگرێتە بەر و بە هەموو توانایەوە هەوڵ و تەقەلای خۆی دەدات و دەکەوێتە ململانێوە لەگەڵ خوداکان. گلگامێش نەمری لە پێناو ناوبانگدا دەوێ، ئەو نایەوێ ناوی و بوونی مرۆیانەی وا بە ئاسانی لە بیر بچێتەوە.

ئەوە ڕاستە کە ناوبانگ خدە و پاڵنەری سەرەکیی مرۆیە بۆ سەلماندنی بوونی خۆی لە جیهاندا، بەدەستهێنانیشی پاداشتێکە و دەدرێتەوە پێی. بەڵام هەر خودی ناوبانگ خۆیشی لە هیچ قۆناغێکی مێژووییی مرۆدا ئەوەندە نەشێوێنراوە و لە دەلالەتە ڕەمزییەکانی خۆی خاڵی نەکراوەتەوە. لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و بەتایبەتتر لە دونیای تیکتۆکدا، ناوبانگ ئاسانترین شتێکە، کە ئینسان بتوانێت بە دەستی بهێنێت. تۆ دەتوانیت بێ هەبوونی هیچ بەرهەمێک، هیچ کارێکی شایستە و جێی ڕێز، بێ هیچ ئەسەرێک، بەناوبانگ بیت و بناسرێیت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و تیکتۆک بەتایبەتی کانگای ئەم جۆرە ناوبانگەیە. وەنەبێ ئەم ناوبانگەش باجی خۆی نەبێت و مرۆ بێزیان لێی بێتە دەر، بەڵکوو ئەوەی لەگەڵ ئەم ناوبانگەدا دەدۆڕێنرێت و لە دەست دەدرێت شکۆ و کەرامەتی مرۆییانەی کەسە بەناوبانگەکەیە. ئەم شکۆشکاندنەش زۆر جار کەسەکە خۆی بە مەبەستەوە دەیکات، چونکە تیکتۆک زۆر کەمتر لە ئەپەکانی دیکە ئیش لەسەر دەرخستنی کەسی خاوەن ڕێز و شکۆ دەکات، مەرجی ئەو بۆ پێدانی ناوبانگ بە بەکارهێنەرانی زیاتر شکاندنەوەی کەسێتی و کورتکردنەوەیەتی لە چێژێکی ڕووتدا. بۆ ئەوەی گرتەکەت بەناوبانگتر بێت، لە پێناوی ڤیووی زیاتردا، ناچاریت تا ئەوپەڕی لێدان لە شکۆی مرۆییت بڕۆیت و سڵ لە هیچ شتێک نەکەیتەوە. تیکتۆک ئەمەی لە تۆ دەوێت، بۆی بکەیت ئەو زۆر بەئاسانی لە بەرامبەردا ناوبانگت دەداتێ. نەیکەیت، ڕێگاکەت لێ درێژ دەکاتەوە و زۆر نابات تێیدا وێڵ دەبیت. چونکە تۆ لە مەیدانێکی هەڵەدایت، لە شوێنێکدایت ئیشی جدی و قووڵ جێی تیا نابێتەوە. تۆ لە بەرامبەر دونیایەکی تیژپەڕدا وەستاویت. گرنگە تێبگەیت ئێرە شوێنی تۆ نییە، بەڵکوو شوێنێکە بۆ کوشتنی ئەو کاتانەی کە مرۆڤی ئەم سەردەمە بەدەستییانەوە گیری خواردووە و نازانێت چییان لێ بکات.


پەراوێزەکان

  • 1
    دانس: کۆمپانیایەکی چینییە و ساڵی ۲۰۱۲ لە “پەکین”ی پایتەخت دامەزراوە، بەهای ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ۲۰۲۰ بە ۳۷ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. لە بواری ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای زانیارییدا کار دەکا و تیکتۆک بەناوبانگترین داهێنراوێتی و لە ساڵی ۲۰۱٦ خستویەتیە بازاڕەوه.
  • 2
    ئەندی وارهۆڵ(۱۹۲۸-۱۹۸۷) هونەرمەند و نیگارکێشێکی ئەمریکایییە، ناودارترین کارەکانی ئەو لە بواری پۆپ ئاڕتدان. تێکەڵکردنی هونەری سینەما و جیهانی ڕۆشنبیریی بە تابلۆ و نیگارەکان و هەوڵدان بۆ بەستنەوەی هونەر بە بزنسەوە، لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم نیگارکێشەن. بڕوانە: ( جوز‌ف د کتنر: شاهزاده پاپ اندی وارهول، ترجمه: سحر دولتشاهی، نشر نظر، چاپ۱ ٖ ۱۳۹۹).
  • 3
    گلگامێش داستانێکی شیعرییە کە بە کۆنترین دەقی ئەدەبی و تا ڕادەیەک ئاینیش دادەنرێت لە مێژووی جیهاندا. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە کتێبخانەکەی “ئاشور پانیپاڵ” دا دۆزراوەتەوە. بڕوانە: ( دكتور نائل حنون: ملحمة جلجامش، ترجمة نص المسماري مع قصة الموت جلجامش والتحلیل اللغوي للنص آلاكدي، دار الخريف، دمشق، الطبعة الاولی،۲۰۰٦)