ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

جوانەیلی میونیخ

نووسەر سلڤیا پلات
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

شۆخیی دەردە، ناتوانێ منداڵی ببێ

سارد وەک هەناسەی بەفر، هێلکەدان دەپەستێ

لەوێ کە دار سنەوبەران وەک ئەژدیها گڕ فڕێ دەدەن

داری ژیان و داری ژیان

هەیڤیان بەرهەڵدەدەن، مانگ دوای مانگ، بۆ بێمەبەست

شەپۆلی خوێن، شەپۆلی خۆشەویستییە،

قوربانیدانی ڕەها

واتە: یا من یا کەس،

من و تۆ،

جا، لە گۆگردی شۆخبوونیاندا، لە خەندەیان،

 جوانکیلانە دەچەمێنەوە ئەمشەو

لە میونیخن، 

 لەنێوان پاریس و ڕۆماش لە ساردخانە

ڕووت و کەچەڵ لەناو تووکیان

چلوورەی پرتەقاڵی بە سەری وشکەدارێوە،

بەرگەنەگیراو، بێمێشک

بەفر کولوە ڕەشەکانی خۆی بەردەداتەوە و

کەس دیار نییە،

لە هۆتێلان، 

دەستان دەرگایان دەکەنەوە و 

پێڵاوانێ ڕیز دەکەن بۆ بۆیاخکردن

کە سبەی پەنجەپێی زەبەلاح تێیاندا دەڕۆن

ئای لە ماڵیبوونی ئەم پەنجەرەیلە 

لە کۆچکی* مەلۆتکە، تا نوقڵی هەمیشە سەوز

تا ئەڵمانی پرخەکەری دژە جوو 

پاشان دەسکی ڕەشی تەلەفۆنان لەسەر ڕاگریان

درەخشان

دەدرەوشێنەوە و 

نەبوونی دەنگ هەرس دەکەن

بەفر بێدەنگە

٢٨ی کانوونی دووەم ١٩٦٣

* کۆچک، پەڕۆی تەنکی سپی نەخشدار دەکرێتە کڵاو بۆ مەلۆتکە. 

blank
دەربارەی نووسەر
سلڤیا پلات

لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٢ لە بۆستن، ماساچوسێتس لەدایکبووە. سلڤیا شاعیر و رۆماننووس و چیرۆکنووس بوو. لە ١١ی فێبریوەریی ١٩٦٣ خۆی کوشت. سلڤیا رەوتی شیعریی دانپێدانانی بەرەوپێشبردووە. رۆژگاری خۆی بە خەمۆکی بەسەربردووە. پێشتر چەندین هەوڵی خۆکوشتنی داوە، ساڵی ١٩٥٣ ژمارەیەکی زۆر حەب دەخوات، ساڵی ١٩٦٢ خۆی هەڵدەداتە بەردەم ئۆتۆمبێلێک. بەڵام ساڵی ١٩٦٣ لە ماڵی خۆی لە لەندەن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. کچێکی هەیە، فریدا هیوز، شاعیر و وێنەکێشە. ساڵی ١٩٨٢ خەڵاتی پولیتزەری پێ دەدرێت. یەکەم نووسەرە، دوای مردنی، ئەو خەڵاتەی پێ درابێت. ساڵی ٢٠٠٣ فیلمێک لەبارەی ژیانی بەرهەمهێنرا بەناوی Sylvia . گوینێت پاڵترۆ رۆڵی ئەو نووسەرە دەگێڕێت.

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە