سینەما چییە؟

دوو پرسیار لە ئەنتۆنین ئارتۆ

ئەنتۆنین ئارتۆ (١٨٩٦-١٩٤٦) نووسەر و شاعیر و ئەکتەر و دەرهێنەری شانۆیی فەڕانسایی.

– حەز بە چ چەشنە فیلمێک دەکەیت؟

ئارتۆ: حەزم لە هەموو چەشنە فیلمێکە، بەڵام کە وا دەڵێم، مەبەستمە بڵێم هێشتا هەموو ئەو چەشنانە لەدایک نەبوون و بەرهەم نەهاتوون. بە ڕای من سینەما تەنها ڕێگە بە چەشنێکی دیاریکراو لە فیلم دەدات: چەشنێک کە خۆی هەموو ئامرازەکانی کردەی هەستەوارەنەی بۆ بەردەست خستووە تا بەکاریان بهێنێت.

بە لای منەوە، سینەما واتە ژێرەوژوورکردنی تەواوی بەهاکان، شۆڕشێکی سەرتاسەری لە دیدگە و تێڕوانین و لۆژیکدا. سینەما لە فۆسفۆر درەوشاوەترە، لە خۆشەویستی قەشەنگترە. مرۆڤ ناتوانێت تا سەر هێزە دنەدەر و بزوێنەرەکانی خۆی وێران بکات، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بابەتدا و هەر بە هۆ و لە ڕێی هەندێک بابەتیشەوە بەکاریان بهێنێت کە لە بنەڕەتدا ڕیشە سەرەکییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شانۆ.

– ئەی وەک خۆت، حەز بە بینینی چ چەشنێک لە فیلم دەکەیت؟

ئارتۆ: حەزم بە بینینی فیلمی خەیاڵییە، فیلمی شیعری بە مانای تەواو وردی فەلسەفییانەی وشەکە. خوازیاری بینینی فیلمی دەروونیم، ئەو فیلمانەم دەوێت کە دەروون و خۆشەویستی یا نمایشکردن لە ناڵە و هەستە مرۆییەکان، داناماڵن. بەڵام وەک دەزانیت ئەو فیلمانەی کە جۆرێک لەو ئاوێتە-گیراوەیەیان تێدایە، مەبەستم لە بوونی تێکەڵەیەکە بۆ سەرلەنوێ یەکخستنەوەی هزر و جەستە تا تایبەتمەندێتی (کوالتی) و ڕەونەقێکی سینەماییانەیان پێ ببەخشێت، جارێ لەدایک نەبوون. سینەما واتە زیادەڕەویکردن لە بوون و هەبوونی بابەتەکاندا، لە وردەکارییە دەروونییەکاندا، بەڵام لە سەروو هەموویشیانەوە پێویستی بە خێراییە، پێویستی بەوەیە کەمکوڕ بێت لەسەر بابەتەکانی. سینەما هەم دووبارەکردنەوە دەخوازێت و هەم پوختکردنەوەیش. سەرچاوەی سەرەکیی سینەما بریتییە لە ڕۆحی مرۆڤ، بە هەموو لایەنەکانییەوە و لە هەموو ڕوانگەکانەوە.

لە سینەمادا، ئێمە هەموومان دڵڕەق و توند، هاوکات کاتی و تێپەڕیشین. باڵادەستی و یاسای بەهێزی ئەم هونەرە لەوەدایە کە ڕیتمەکەی و خێراییەکەی تەواو دوورن لە ژیانەوە، لایەنە وەهمییەکەی ژیانمان نیشان دەدەن کە پێویستی بە پشکنینێکی وردی توخمەکانی و دڵۆپاندن و تنۆکاندنێکی بە سەلیقەی تەواوی ڕەگەزەکانیەتی. هەر ئەمەیشە کە وا لە سینەما دەکات بایەخ بە بابەتی نائاسایی بدات، بە کەشێک لە دیدگە و ڕوانگە، بەو دۆخانەی کە تێیدا هزر لە ترۆپکی خۆیدان.

سینەما، وریاکەرەوە و بەئاگاهێنەرەوەیەکە ئاوارتە و دانسقە، ڕاستەوخۆ کار لە مادە خۆڵەمێشییەکەی مێشک دەکات. کەی تواندرا تاڕادەیەکی پێویست تام و چێژی هونەر تێکەڵ بەو پێکهاتە دەروونییە بکرێت کە تێیدا پەنهانە و هەڵگریەتی، ئەوی دەمێ بەرەو شتێک ڕۆیشتووین کە لە شانۆ زیاترە، بەرەو ئاستێکی باڵا، شانبەشانی شکۆمەندی و سەروەریمان. شانۆ بە سروشتی خۆی جۆرێکە ساختە و ناپاکە. ئێمە کە زۆر دەچین بۆ شانۆگەرییەکان، زیاتر لەبەر ئەوە دەچین کە نمایشکارەکان ببینین نەوەک خودی نمایشەکە، لانی کەم و زۆر بە تایبەتییش ئەو نمایشکارانەی کە کاریگەرییان لە سەرمان هەیە. بەڵام لە سینەمادا وا نییە. نمایشکار لە سینەمادا ئاماژەیەکە زیندوو. ئەو خۆی بە تەنها کار بۆ هەم ئامادەکردن و هەم بیرۆکەی دانەر و دواجار زنجیرەبەندیی ڕووداوەکانیش دەکات. ئا لەبەر ئەم هۆیەیشە کە ئێمە بیری لێ ناکەینەوە. ئێمە پێمان وایە چاپلن نمایشی چاپلن دەکات، پیکفۆرد ڕۆڵی پیکفۆرد و فەیربانکس هی فەیربانکس، دەبینێت. ئەوان خودی فیلمەکەن، هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ بوونی ئەوان وێنای بوونی فیلمەکە بکات. مەبەستمە بڵێم کە تەنانەت لەو کاتەیشدا کە بەردەم و ڕێگەی کەسیان نەگرتووە، هەر لە پێشی پێشەوەی فیلمەکەدان. ئەمەیش خۆی هۆکاری نەبوونیانە، هۆکاری ئەوەی کە بوونیان نییە. هەر بۆیە ویستم بڵێم کە هیچ شتێک لەنێوان ئێمە و کارەکەدا ڕوو نادات. دەمەوێت بڵێم کە سینەما خاوەن هێزێکە وەک ژەهرێکی ڕاستەوخۆ و ناکوشندە، وەک دەرزییەکی مۆرفین کە لەژێر پێستەوە لێت دەدات. هەر ئەمەیشە کە وا دەکات بڵێین: نابێت بابەتی فیلم، ئاست نزمتر بێت لە کاریگەرییەکانی، بەڵکوو دەبێت خاوەن ڕەگەزێکی ئەفسوناوی بێت.

سەرچاوە:

Susan Sontag:Antonin Artaud: SELECTED WRITINGS.Translated from the French: HELEN WEAVER, 1976 by Farrar, Straus and Giroux, Inc.. لاپەڕەکانی: ١٨١ – ١٨٢.