خۆری فەلسەفەی زانست لە هەڵهاتنەوەدا

(ڕۆی باسکار) و قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەیی

تەوەرەکانی ئەم باسە:

یەکەم: قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی زانست بەگشتی

دووەم: قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەییی (ڕۆی باسکار)

سێیەم: نموونەی پرس و جیاوازیی سیاسیی کێشەی کورد لە باشوور و پارچەکانی تری کوردستاندا


کێشەی فەلسەفەی زانست جارێکی تر بەرۆکی فەلسەفە دەگرێتەوە. ئەو بەرۆکگرتنەوەیە ئاماژەیە بە هێزی فەلسەفە لە ئاڕاستەکردنەوەی زانست، کاتێک خۆی لەناو قەیرانە بێچارەسەرەکانی خۆیدا دەبینێتەوە. زانستخوازان بە دۆزینەوەی هەندێک لە ڕێچکە سروشتییەکان و بنەمای چەندبارەبوونەوەی دیاردە سروشتییەکان گوتاری مردنی فەلسەفە بەرز دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن، کە نازانستبوونی فەلسەفە بنەمای لەدایکبوونی زانستە. پرسی ئەوەی زانست چۆن دەبوو، ئەگەر فەلسەفە لە بنەڕەتدا نازانستی نەبووایە، ڕوونکردنەوە بۆ ڕەگوڕیشەی دۆزینەوە زانستییەکان و ئەو بنەمایانەی بۆیان گریاونەتەبەر، دابین دەکەن. (مارتین هایدیگەر) لە گوتاری (نامەیەک سەبارەت بە مرۆڤایەتی) سەرچاوەی ئەو جۆرە تێڕامانە لە فەلسەفە دەخاتە ڕوو، کە ڕەگەکەی بۆ (ئەفلاتوون) و (ئەریستۆ) دەگەڕێتەوە، بەوەی لەو کاتەوە ڕۆڵی بیرکردنەوە لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ‘تەکنیکی’ سنووردار کراوە. زیاتر لەوە، وەک خۆی دەنووسێت: ” لەو کاتەوە فەلسەفە بەردەوام لە پێگەیەکی سەختدا بووە بۆ ڕەوایەتدان بە بوونی پێش بوونی زانست.”1(Heidegger, 1998, p.240)هەر لەو ڕوانگەیەوە، خودی بابەتی بیرکردنەوە وەک بنەما بۆ ‘تیۆری’، بە دیدی (هایدیگەر)، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی تەکنیکییانەیە، وەک دەنووسێت: ”خەسڵەتی بیرکردنەوە وەکوو (تیۆری – theoria) و داکۆکیکردن لە ناسینی وەکوو هەڵسوکەوتی تیۆری هەر خۆی لە ڕاڤەی تەکنیکییانە بۆ بیرکردنەوە ڕوو دەدات. ئەو خەسڵەتە کاردانەوەیە بۆ ڕزگارکردنی بیرکردنەوە و پاراستنی سەربەستییەکەی دژ بە کردار و کردن.”2هەمان سەرچاوەی پێشوو یان (ibid)

بەڵام ئایا تیۆری چۆن دەتوانێت بوارێکی ناکرداری بێت، کاتێک خاوەنی هێزی ڕوونکردنەوە و پێشخستنی چارەسەرە بەرانبەر بە کردار و کردندا؟ ئێمە دەبینین، کە ئەوەی لە چوارچێوەی ‘لۆجیک’دا دەسەلمێنرێت، دووبارە لە بەردەم هەڕەشەی ڕەتکردنەوەدایە هەر بە خودی ‘لۆجیک’ خۆی. هەوڵدان بۆ بەگشتگیریکردنی دیاردە و ڕووداوەکان لەسەر بنەمای ‘لۆجیک’دا وا ڕەچاوی ڕاستەقینە یان واقیع دەکات، کە خاوەنی یاسای هۆکردی چەسپاو بێت. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، پێویستە ئاماژە بە دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانست بدەین. یەکەمیان، سروشتناسی (Naturalism)، یان پۆزەتیڤیزمە، کە (دەیڤد هیوم) بناغە بنەڕەتییەکانی جێگیر دەکات. دووەمیان، بنیادگەری (Constructivism)، کە یەکەم، لە ڕێگەی تێپەڕاندنی سروشتناسی بە ئایدیاڵیزمی باڵای (ئیمانوێڵ کانت) دەست پێ دەکات و دووەم، بۆ هەوڵی بنیادگەراکان بناغە زانستییەکانی خۆی دادەمەزرێنێت. بۆ سروشتناسەکان، ئامانج دۆزینەوەی یاسا هۆکردەکان(casual laws)ـە. ئەوەیش وا پێشنیاز دەکات، کە ڕاستەقینەی دەرەکی و یاسا هۆکردەکانی بڕیار لەسەر ڕووداو و دیاردەکان دەدەن، چ سروشتی بن، چ کۆمەڵایەتی. لەو ڕوانگەیەوە، دۆزینەوەی ڕێچکە سروشتییەکان و هێڵە چەندبارەبووەکان ئامانجی زانستە. (کانت) ئەو نەریتەی بیرکردنەوە ڕەت دەکاتەوە و لە جێگەی بەچەقزانینی ڕاستەقینەی دەرەکی، هۆش بە چەقی زانین و دۆزینەوەکان دادەنێت. ئەگەرچی ئەو جیهانی ڕاستەقینەی دەرەکی ڕەت ناکاتەوە، کە بە (نۆمینە)ی دادەنێت، بەڵام هۆش لە تێگەیشتن لێی کەمتوانایە و سنووری تێگەیشتنەکانی هۆش تەنیا دیاردەکانە. لەو ڕوانگەیەوە، هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ تێگەیشتن لەوەی لە دەرەوەی سنووری تێگەیشتنی هۆشە، لای (کانت)، بانگەشەیەکە لە دەرەوەی دروستێتی. تەنانەت (کانت) بۆ بەرزکردنەوەی ڕەخنە لە ئاست سروشتناسیی (هیوم)، یاسای هۆکردی بە ناپەتی دادەنێت ئەگەرچی لە پێشتریش (a priori) بن، وەک پێی وایە دەربڕینی (هەر گۆڕانێک هۆکردی خۆی هەیە) ئەو دەربڕینەیە، کە ئەگەرچی لە پێشترە، بەڵام ناپەتییە بەو هۆکارەی خودی چەمکی گۆڕان “چەمکێکە لە ئەزموونەوە دەرهێنراوە.”3(Kant, 2010, p.28) بەڵام ئایا خودی چەمک خۆی چۆن لە هۆشی مرۆڤدا دادەهێنرێت؟ وەڵامی (کانت) بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە، کە “بە کەرەستەکانی هەستکردن، لە ئاکامدا، بابەتەکانمان دەست دەکەون و هەر ئەوە گەشە بە دەرککردنی ئێمە دەدات؛ بە تێگەیشتن دەبن بە بیر و لەوەوە چەمکەکان سەر هەڵدەدەن.”4Ibid: p,43بۆیە دەبینین بۆ لەدایکبوونی چەمکەکان، کۆمەڵێک پێشمەرج هەن، کە دەبێت ئامادەییان هەبێت. سەرەتا پێویستە مرۆڤ خاوەنی کەرەستەکانی هەستیاری، یان هەستکردن بێت و ئەو هەستکردنەیش خاوەنی بابەت، یان ئۆبجێکتێک بێت بۆ هەستکردن. لە ڕێگەی پەیبردن، یان دەرککردن تێگەیشتن بۆ بابەتەکان دروست دەبێت و خودی تێگەیشتنەکە بیرە و لە ئاکامدا زنجیرەی بیرەکان لە یەکێتیی چەمکدا یەک دەگرنەوە. بەڵام خودی ڕەسەنێتیی هەستکردن، بە دیدی ئەو، لەپێشترە و ڕەگەکانی لە هۆشدان؛ لەو هۆشەی “ناوەڕۆکی تەواوی فرەلایەنییەکانی جیهانی دیاردە ڕێکخراون و لەژێر پێوەندیی دیاریکراودا دەبینرێن.”5Ibidخودی شوێن و کاتیش دووبارە، لەژێر ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی بۆ پێوەندییە دیاریکراوەکانی هەیە، لە هۆشدا ڕێکخراون. ئەگەر هەر چەمکی ‘گۆڕان’ جارێکی تر بە نموونە بهێنینەوە، ئەوە بۆ (کانت)، گۆڕان لەناو کاتدایە. بۆ ئەوەی گۆڕان شتێکی ڕاستەقینە بێت، پێشمەرجە سەرەتا کات شتێکی ڕاستەقینە بێت. ئەو نکۆڵی لە ڕاستەقینەییی کات ناکات، بەڵام بۆ ئەو “کات هیچ نییە، جگە لە فۆڕمێکی دەرککردنی ناوەکیمان.”6Ibid: p, 53 (کانت) زیاتر لەوە دەڕوات و دەنووسێت: “ئەگەر مەرجی تایبەتی هەستککردنمان [لە کات] جیا بکەینەوە، چەمکی کاتیش لەناو دەچێت؛ هەبوونی لە بابەتەکان لە-خۆیان-دا نییە، بەڵکوو بە تەنیا لە سەبجێکتەکەدا (یان لە هۆش)دایە، کە دەرکیان پێ دەکات.”7Ibid: p, 53-4 لەو ڕوانگەیەوە، مادام زەمینەی هەموو زانینەکان لەناو شوێن و کاتدان و ئەو دووانەیش وابەستەن بە هەبوونی هۆش، دەگەینە ئەو ئاکامەی، کە هەموو زانینەکان سەبجێکتیڤ، یان خۆیین. لە هەمان کاتدا، بە دیدی ئەو، دوو شێواز هەن بۆ زانین، یەکەمیان، لە ڕێگەی پەیپێبردنی هەستەکی و دووەمیان، لە ڕێگەی تێگەیشتن بە هۆی چەمکەکان. لەم ڕووەوە دەنووسێت: “لە دەرەوەی هەستکردن، ئێمە ناتوانین دەرککردنمان هەبێت؛ لە ئاکامدا، تێگەیشتن فاکەڵتی دەرککردن نییە، بەڵام بەبێ دەرککردن هیچ ڕێگەیەکی تری زانین نییە، جگە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە نەبێت؛ لە ئاکامدا، هەر تێگەیشتنێکی زانین، لانی کەم هیی مرۆڤ، زانینە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە – نەک ئەوەی دەرککردن بێت، بەڵکوو گوتارییە.”8Ibid: p, 74-5 خودی دروستبوونی چەمک لە ئاکامی، لە ئاستە پەتییەکەیدا، پڕۆسێسی ناڕێکخراو نین، بەڵکوو لە ئاکامی پڕۆسێسێکن، کە (کانت) ناوی دەنێت ‘سینتێسیس – synthesis 9Ibid: p, 80‘ بۆ ئەوەی سینتێسیس پەتی بێت، بە دیدی (کانت)، فرەلایەنیی توانستی زانین (cognition) لەسەر ئەزموون دانەمەزراوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای لەپێشتر، وەک خۆی دەنووسێت: “مەبەستم لە وشەی سینتێسیس لە دەربڕینە گشتییەکەیدا پڕۆسێسی یەکگرتنی ڕوونکردنەوە جیاوازەکانە بەیەکەوە و پەیبردنە بە فرەلایەنییان لە یەک توانستی زانیندا. سینتێسیسەکە پەتییە، ئەگەر فرەلایەنییەکە لەسەر بنەمای ئەزموون نەبێت، بەڵکوو هیی لەپێشتر بێت (وەک ئەوەی لە شوێن و کات بێت).”10Ibid

سەبارەت بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، (ماکس ڤیبەر) لەسەر هەمان ڕێباز ڕاڤە بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. بە دیدی (ڤیبەر)، بۆ دیاردە سروشتییەکان مێتۆدۆلۆجیای سروشتناسی دەشێت گونجاو بێت، بەڵام چونکە مرۆڤ بریکارێکی کۆمەڵایەتییە، ئێمە ناتوانین لە ڕێگەی دیاردە سروشتییەکان، تەنانەت لە ڕێگەی سروشتی مرۆڤ خۆیشیەوە، لە کردارە کۆمەڵایەتییەکانی تێ بگەین. ئەوەیش پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە مرۆڤ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەوەرێکی واتابەخشە و واتائافرێنەرە. (ڤیبەر) چەمکی (Verstehen)، کە بە واتای تێگەیشتنی ڕاڤەیی دێت، بۆ ئەو لایەنە بە کار دەهێنێت. مرۆڤ وەک بریکارێکی کۆمەڵایەتی و لەناو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، واتە لەناو پێوەندیی هێزەکاندا، ڕاڤەی سەبجێکتڤیانەی بۆ کرداری خۆی و ئەوانی دیکە هەیە. مادام تێگەیشتنەکانیشی سەبجێکتیڤانەن، هەرگیز لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا تەواو نین. مرۆڤ بەو توانستەی هەیەتی، هەرگیز ناتوانێت تێگەیشتنی تەواوی بۆ ڕاستەقینە هەبێت، بۆیە هەمیشە تێگەیشتنەکانی بابەتن بۆ سنووردارێتیی هۆش لە ئاست ڕاستەقینەدا. نیۆ-کانتییەکان لە ئاست ئەو کێشەیەدا هۆشـمەند بوون، بەڵام چارەسەریان بۆ ئەوە دابەشکردنی پارچەکانی ڕاستەقینە بوو بۆ دۆزینەوەی بەرانبەرەکانیان لە هۆشدا. ئەویش لە ڕێگەی پێکهێنانی چەمک (concept formation) بە هۆکاری ئەوەی هەرسکردنی تەواوی ڕاستەقینە بە یەکجار ئەرکێکی نەکردەیە بۆ هۆش. (ڤیبەر)، بە پێچەوانەوە، پەنا بۆ پێکهێنانی جۆری نموونەیی (ideal formation) دەبات وەک کەرەستەیەکی مێتۆدۆلۆجی لەپێناو تێگەیشتن لە هەر کەیسێک، کە توێژەر مامەڵەی لەگەڵ دەکات. جۆری نموونەیی واتە باڵاترین ئامانج و ئاکامی کرداری کۆمەڵایەتی بۆ گرووپێکی دیاریکراو لە شوێن و کاتی دیاریکراودا. ئەگەرچی جۆری نموونەیی دەشێت هەرگیز لە ڕاستەقینەدا نەبێت، بەڵام بنیادنانی، یارمەتیی ئەوەمان دەدات، کە تێبگەین ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو چیدا کردارەکانیان ئاڕاستە دەکەن و چ لایەنێکە وا دەکات لە هێنانەدیی ئەو ئامانجەیان سەرکەوتوو نەبن.

ئەگەر نموونەییەکی پێوەندیدار بهێنینەوە و وای دابنێین ئامانجی گرووپێک ‘سەربەخۆیی’ە، ئەوە لێرەدا سەربەخۆیی ئامانجە نموونەییەکەیە، واتە جۆری نموونەیی. هەر بزووتنەوەیەک بۆ ئەو ئامانجە تێبکۆشێت، کردارەکانی لە جۆری نموونەییدا لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە ئایدیۆلۆجییە ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. دوژمن و دۆست هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە بڕیاریان لەسەر دەدرێت. چەمکەکان بۆ ئەو ئامانجە بنیاد دەنرێن و تێگەیشتن و پاڵنەری ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو جۆرە نموونەییەدا ڕاڤە دەکرێن. بەڵام ئەوە جۆری نموونەییە، واتە ئەو ئاستەیە، کە ئێمە وای دادەنێین هەموو کردارە کۆمەڵایەتییەکان لەوپەڕی هۆشمەندیدا بۆ ئەو ئامانجە ئەنجام دەدرێن، کە لە ڕاستەقینەدا ئەوە دۆخەکە نییە، بەڵکوو هەلومەرج و بەرژەوەندیی تر لە کایەکەدان، کە وا دەکەن گەیشتن بەو جۆرە نموونەییە لەژێر باری ئەو دۆخانەدا نەکردە بێت. لەو ڕووەوە، بنیادنانی ئامانجی نموونەیی یارمەتیی ئەوەمان دەدات هەم لە پاڵنەری کردارەکان تێبگەین، هەم بە دوای ئەو هۆکار و هەلومەرجانەدا بگەڕێین، کە بەربەست بۆ بەدیهێنانی جۆرە نموونەییەکە لە گۆی ڕاستەقینەدا دروست دەکەن. خودی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ بنیادنراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لێرەدا مرۆڤی واتابەخش واتا بە کردار و ئامانجەکانی دەبەخشێت، کە لەو کۆنتێکستەدا لەپێناو ‘سەربەخۆیی’یە.  مادام ئێمە باسی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ دەکەین، کە چەمکێکە لە ڕێگەی سروشتناسییەوە ناتوانین لێی تێبگەین، بەو پێیەی لە بنەڕەتدا لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا بنیاد نراوە، بۆچوونی (ڤیبەر) سەبارەت بەوەی، کە هەر دیاردەیەک لە خۆیدا دەگمەنە و پێویستە لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک ئەوەی لە ڕێگەی دۆزینەوەی یاسای گشتگیری گەردوونی کەم بکرێتەوە، بە تەواوەتی دروستە. هەر جۆرە ئایدیۆلۆجیایەکیش دووبارە جۆری نموونەییە و لە ڕێگەی چەمکەکانەوە وەک بنیادێکی کۆمەڵایەتیی نوێ بنیاد نراوە. کرداری تاکەکەسە چالاکەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو واتا و مەبەستەی هاوپێچی کردارەکانیان دەکەن، ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. لە دواتردا بە وردی بۆ ئەو باسە لە پێوەندیدا بە کێشەی کورد دەگەڕێمەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، دابینکردنی باکگراوندێکە بۆ ئەو باسە.

ماکس ڤیبەر (١٨٦٤-١٩٢٠) کۆمەڵناسیی ئەڵمانی

تێگەیشتن لە پاڵنەر و مەبەستەکانی مرۆڤ لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا، ڕوونکردنەوەی ڕێژەیی دابین دەکات، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداو و ئاکامانەی لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەدا ڕوو دەدەن، کەمتوانایە، چونکە لە ئاست دەستەکەوت و ڕووداوەکاندا، بە ڕەهایی گرنگ نییە پاڵنەرەکان چین و چۆن تاکەکەسەکان واتا بە کردارەکانیان دەبەخشن، ئەگەر ئەو پاڵنەرانە ئامانجی خۆیان لە ڕاستەقینەدا نەپێکن. بە واتایەکی تر، نەک هەر ئەوەی لە هەمبەر ڕاستەقینەدا چ واتایەک دەئافرێنین و چۆن لە ڕێگەی واتاوە چوارچێوە بە ڕاستەقینە دەبەخشین، وەک ئەوەی لای (ڤیبەر) پێداگریی لەسەر دەکرێت، بەڵکوو خودی ڕاستەقینە چییە و چۆن دەتوانین پەی بە مێکانیزم و بنیادە شاراوەکانی ببەین، دەبێت بە پرسێکی گرنگ و جێی بایەخ بۆ ئەوانەی نە لە چوارچێوەی سروشتناسی و نە لە هیی بنیادگەریی کۆمەڵایەتی تینیووێتیی دۆزینەوە و دامەزراندنی زانینان ناشکێت. لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا، کاتێک جیهانبینیی مرۆڤ دەبێتە پێوەر، دۆزینەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە خودی باوەڕ و جیهانبینیی مرۆڤ دەبن تا ئەوەی ڕاستەقینە خۆی چییە. ئەوەیش ڕێگە بۆ دیاردەیەک خۆش دەکات، کە پێی دەڵێن ‘دروستێتیی یەکسان – equal validity’. مەبەست لەو چەمکە ئەوەیە، کە هەموو شتەکان بە ڕەچاوکردنی جیهانبینی و پاڵنەری تاکەکەسەکان بۆ ڕاستەقینە دروستە. بۆ نموونە، ئەگەرچی باوەڕ و بۆچوونەکانیان هەرچەند لە بنەڕەتدا جیاواز بن، بۆ موسڵمانێک ئیسلام، بۆ مەسیحییەک مەسیحی و بۆ بێباوەڕێک بێباوەڕی بنەمای دروستێتی و ڕاستین، بەڵام بە گوێرەی پێوەری ‘دروستێتیی یەکسان’ هەر یەکێک لەو سێ باوەڕە بە هاوتای بنەماکانیان بۆ خۆیان دروستن. دەبینین لە ئاست ڕاستەقینەدا، بنیادگەریی کۆمەڵایەتی لە قەیراندایە. تەنانەت لەو بۆچوونەیشی، کە وا دەڕوانێت جیهان لە ڕێگەی ئایدیاکانمان دەگۆڕێت. نە دیدگای موسڵمان، نە هیی مەسیحی و نە هیی بێباوەڕ لە هەمبەر ڕاستەقینەدا یەکسان نین. نەک هەر لە بواری کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە هیی سروشتیش ئێمە ڕووبەڕووی بەربەستەکانی زانست دەبینەوە. چارەسەرێکی گشتگیر بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە نییە. ئەوەی بۆ نەخۆشێک چارەسەرە، دەشێت بۆ  نەخۆشێکی تر کاریگەرییە خراپەکانی زیاتر بن تا باشەکانی، چونکە بنیاد و مێکانیزمی نەخۆشیی نەخۆشەکان جیاوازە.

فەلسەفەی زانست پێویستی بە ڕێبازی تۆکمە و بەهێز هەیە لە هەڵسەنگاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی زانست، چ کۆمەڵایەتی بن، چ سروشتی بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاست دیاردەکان خاوەنی هێزی ڕوونکردنەوەییی زیاتر بێت.

لێرەدا، قوتابخانەی سێیەم، کە (ڕیالیزمی ڕەخنەیی – Critical Realism)یە، بۆ فەلسەفەی زانست لەلایەن (ڕۆی ڕام باسکار، ١٩٤٤-٢٠١٤) دادەمەزرێت. جگە لەو دەستەواژەیە، ڕیالیزمی باڵا، یان ڕاستەقینەی باڵا (Transcendental Realism)یش بۆ هەمان فێرگە بە کار دێت.  پێویستە ئەوەیش بگوترێت، کە چۆن (هایدیگەر) لە پەرتووکی (بوون و کات)دا ئاماژە بە قەیرانی زانستەکان دەدات، بەو پێیەی توێژینەوەن لە هەبووەکان تا ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوە ڕووەو بوونناسی و لەوێدا دەنووسێت: “ئەمڕۆ جۆرە ئارەزووکردنێک بۆ دانانی توێژینەوە لەسەر زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا سەری هەڵداوە”11(هایدیگەر، 2013، ل. 47), بەو شێوەیە (باسکار) بەدوای داوای هاوشێوە دەکەوێت بۆ دامەزراندنی ‘زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا.’ بێهۆکار نییە، کە لە دامەزراندنی قوتابخانەکەیدا، پەنا بۆ ئۆنتۆلۆجیایەکی هاوشێوە دەبات، ئەویش ئۆنتۆلۆجیایەک، کە لەسەر بنەمای ئۆنتۆلۆجیای بوون دامەزراوە و پشتگیری لە بەبنەڕەتدانانی بوون لە توێژینەوە و بیرکردنەوە، سەربەخۆ لە سیستەمەکانی زانین، دەکات. ئێمە دەزانین لە ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت)دا چەقی تێگەیشتن تێگەیشتنە لە هۆش. سەرەتا لە ئاستە پەتییەکەی و دواتر ئەو دەرکەوتانەی لێ دەکەونەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینەیەک لە دەرەوەی هۆشدا هەیە. بەبێ بوونی مرۆڤ، کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە، بێژمار دیاردەی گەردوونی ڕوو دەدەن؛ شەپۆلی دەنگەکان لە گەشت بەردەوام دەبن، باران هەر دەبارێت، بوونەوەرانی تر دەشێت بژین و زۆر نموونەی تر، بەڵام تاکە جیاوازی ئەوەیە، کە مرۆڤی تێبینیکار لەوێدا نابێت. خەسڵەتی تێبینیکردن، کە سەرچاوەکەی هۆشە، بڕیار لەسەر بوونی ڕاستەقینە نادات، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت لە ئاستیدا ئاگامەند بێت. بە دیدی (ڕۆی باسکار)، ڕاستەقینە لە سێ ڕێگاوە خۆی مانیفێست دەکات. سەرەتا بە سادەیی دەردەکەوێت، بەڵام دواتر ئاڵۆز و تا دەگاتە سروشتی خۆی، کە گرێیەکە و ئەگەری کردنەوەی تەواوەتی نییە. ڕووداوەکان ئاکامی سەرسووڕهێنەر نین، بەڵکوو دەرئەنجامی مێکانیزم، هێز و بنیادی شاراوەن. ئەوەی لە کات و شوێنێکدا ڕوو دەدات، هیچ مەرج نییە لە کات و شوێنێکی تردا ڕوو بداتەوە، ئەگەر هەمان مێکانیزم، بنیاد و هەلومەرجەکان ئامادەیییان نەبێت. لەو ڕوانگەیەوە (باسکار) ڕیالیزمی ڕەخنەیی لە ڕاستەقینەی ئەزموونی (Empirical Realism ) جیا دەکاتەوە، بەوەی، کە هیی دووەمیان هەمیشە لە ڕێگەی ئەزموونەوە خوێندنەوە و ڕاڤەی خۆی بۆ ڕاستەقینە بنیاد دەنێت، لە کاتێکدا ڕاستەقینە مەودایەکی کراوەیە و لە ڕێگەی ئەوەی ڕووی داوە، سنووردار ناکرێت، چونکە خۆی گۆڕەپان و بەرهەمهێنەری ڕووداو و ئەزموونەکانە. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا پێویست دەکات خشتەی بناغەی سیستەمەکەی ئەو وەک خۆ، کە لە پەرتووکی (تیۆری ڕاستەقینەی زانست)دا کێشاویەتی، بخەینە ڕوو:(12Bhaskar, 2008, p. 56)

 پانتاییی ڕاستەقینەپانتاییی ڕاستیپانتاییی ئەزموونی
مێکانیزمÖ  
ڕووداوەکانÖÖ 
ئەزموونەکانÖÖÖ
    

وەک دەبینین و وەک خۆیشی ئاماژەی پێ دەدات، مێکانیزمەکان تەنیا لە پانتایی، یان کڕۆکی مەودای ڕاستەقینەدا هەن و سەربەخۆن لە ئەزموون و ڕووداوەکان. نەک هەر ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە ڕووداو و ئەزموونەکان، ئێمە پێویستیمان بەوەیە بۆ خودی مێکانیزمەکان بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی سەرچاوەی ڕووداو و ئەزموونەکان بدۆزینەوە، کە مێکانیزمەکانن، بەڵام هەرگیز بە تەنیا ناتوانین لە ڕێگەی ڕووداو و ئەزموونەکانەوە لە تەواوی مێکانیزمەکان تێبگەین. بە هەمان شێوە، وەک خشتەکە ڕوونی دەکاتەوە، ڕوودانی ڕووداوەکان سەربەخۆن و بوونیان لەسەر ئەزموونەکان نەوەستاوە، هەر وەک چۆن ئەزموونەکانیش وابەستە نین بە ڕووداوەکانەوە. هەم ڕووداوەکان، هەم ئەزموونەکان، لەو ڕوانگەیەوە، دەرکەوتەن، وەک خۆی دەنووسێت: “جیهان لە شتەکان پێکهاتووە، نەک لە ڕووداوەکان. زۆربەی شتەکان بابەتی گرێدارن  (complex objects)، کە بە هۆیەوە خاوەنی یەکێتییەکن لە ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکان. بە گەڕانەوەیە بۆ پێڕۆکردنی ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکانیان، کە دیاردەکانی جیهان ڕوون دەکرێنەوە.”13(Bhaskar, 2008, p. 51)

blank
ڕۆی باسکار (١٩٤٤-٢٠١٤) فەیلەسووفی بەڕیتانیایی و داهێنەری قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەیی

پێچەوانەی چەمکی یاسا هۆکردەکانی سروشتناسەکان (naturalists)، (باسکار) چەمکی مێکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان (generative mechanisms) بە کار دەهێنێت. بە پێناسەی ئەو، مێکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان “هیچ نین، جگە لە شێوەی کرداری شتەکان.”14Ibid: p, 14کێشەی سیستەمی زانینی (هیوم)، بە دیدی (باسکار) ئەوەیە، کە (هیوم) یاسا هۆکردەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی داخراو ڕەچاو دەکات، یان بە واتایەکی تر، بۆچوونی وایە، کە ڕاستەقینە سیستەمێکی داخراو و ڕێچکەدار، یان خاوەنی یاسای هۆکردی بڕیارلەسەردراوە، کە تێیدا ڕووداوەکان بەردەوام چەندبارە دەبنەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینە تۆڕێکی کراوەیە و لەو سێ ئاستەی، ئاماژەم پێی دا، خۆی مانیفێست دەکات. جگە لە ڕەتکردنەوەی قوتابخانە ئەزموونگەراییی (هیوم)، (باسکار) قوتابخانەی ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت) ڕەت دەکاتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی، کە ئایدیاڵیزمی باڵا وا لە جیهانی سروشتی دەڕوانێت، کە بنیادێکی هۆشەکی بێت تا بوونێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی هۆشدا.15Ibid: p, 25(باسکار) ئاماژە بە قەیرانێکی تری ئەو دوو ڕێبازە دەدات، کە ناوی دەنێت ئیپستیمیی چەوت (epistemic fallacy). مەبەست لەو چەمکە کەمکردنەوەی بوونە بۆ زانین، یان ئۆنتۆلۆجیا بۆ ئیپیستیمۆلۆجی، وەک بەرانبەر ئەو دیاردەیەی ڕاستەقینەی ئەزموونی دەنووسێت: “… کە پرسیارە ئۆنتۆلۆجییەکان هەمیشە دەتوانرێت جێگۆڕکێیان لەگەڵ تێرمە ئیپیسیمۆلۆجییەکان پێ بکرێت.”16Ibid: p, 36 ئەو کێشەیە لەوە بەرفراوانترە، بەو پێیەی، کە زانین گوتاری ڕەهای خۆی، کە بە دیدی ئەو لەسەر بنەمای ئیپستیمیی چەوت دامەزراوە، بەرانبەر بە بوون بەرز دەکاتەوە و هەرچەند لە بنەڕەتیشدا لاواز بێت، لەسەر بنەمای دروستێتی لە چوارچێوەی ئەو فێرگەیەی زانین ڕەوایەتی و هێزی پێ دەبەخشرێت. بە بۆچوونی (باسکار)، (کانت) کە پێی وایە کاتیگۆرییەکان ئەگەر لەسەر بنەمای هەست، یان ئەگەری بوونیان بە ئەزموون بنیاد نەنرێن، هیچ واتایەکیان نییە، تووشی دامەزراندنی ئیپستیمیی چەوت دەبێتەوە، کاتێک بوون بۆ بابەتی زانین کەم دەکاتەوە. 17Ibid: p, 37بەڵام ئەنجامدانی ئیپستیمیی چەوت لە دامەزراندنی هەر سیستەمێکی زانین تەنیا پێوەندیی بەو دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانستەوە نییە، بەڵکوو بە دیدی ئەو، بوارەکانی گرتووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ (باسکار)، زانین دەبێت وا ڕەچاو بکرێت، کە کەرەستەیەکە بۆ بەرهەمهێنان و زانستیش وەک چالاکییەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی، کە لە پرۆسێسی گواستنەوەی بەردەوامدایە.18Ibid: p, 17زانین بۆ ئەو دوو جۆر زانینە. یەکەمیان، زانینی پراکتیکی، یان زانینی چالاکییەکانی مرۆڤ. واتە زانینێک، کە پێوەندیی بە وەبەرهێنان و پیشەوە هەیە. بۆ نموونە چۆنیەتیی دروستکردنی فڕۆکە. دووەمیان، زانینە سەبارەت بە بوون و دیاردەکانی. مرۆڤ دەتوانێت دەستکاریی زانین بکات و گەشەی پێ بدات، بەڵام لە ئاست زانینی دووەمیاندا کەمتوانایە و هێزی گۆڕینی نییە، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت بوونەوەرێکی تێبینیکار و دۆزەرەوە بێت لە بەرانبەریدا. ئێمە زانینمان سەبارەت بە بوون هەبێت، یان نا، هیچ لە باڵادەستیی بوون کەم ناکاتەوە.

ڕاستەقینە چییە و ئێمە چۆن دەتوانین هێزی تێگەیشتنمان بەسەر ڕاستەقینەدا هەبێت؟ لەو ڕاڤانەدا هیچمان بۆ دەرنەکەوتبێت، ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، کە چەندبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە، تەنیا ڕێکەوتن بە گوێرەی بنیاد و مێکانیزمەکانە، نەک حەتمی. ئەوەی لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا ڕوو دەدات، پێوەندیی بە کۆنتێکستی ئەو شوێن و کاتەوە هەیە، نەک هیی کات و شوێنی تر بە گوێرەی بنیاد، مێکانیزم و هەلومەرجەکان. پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، کە ئەویش ڕۆڵی هەلومەرجەکانە و دواتر لە نموونەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتر دابین دەکەم. مێکانیزمەکان پێویستیان بە هەلومەرجی خۆیان هەیە، بۆ ئەوەی ئاکامی دیاریکراو بدەن بە دەستەوە، بەڵام ئەو هەلومەرجانە ئاکامی کراوەییی ڕاستەقینەن. لەو ڕووەوە، ڕاستەقینە وەک تۆڕێکی کراوە خاوەنفرەڕێچکەیە. (باسکار) چەمکی (demi-regular) بۆ ئەو دۆخە بە کار دەهێنێت، کە چەمکێکی بیرکارییە بۆ ئەندازە و شێوەکان بە کار دێت؛ ئەوەی لە ئاستێکدا چوارگۆشەیە و ڕێچکەی چەندبارەبوونەوەی چوارگۆشەییی هەیە لە ئاستێکی تردا دەشێت بازنەیی و سێگۆشەیی بێت بە تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاستەقینە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەمیشەییی نییە و بەردەوام لە گۆڕانە پێشبینینەکراوەکانی خۆیدایە.

نموونەی کێشەی کورد و هەرێمی کوردستان

ئەگەر ئێمە سەیری کێشەی سیاسیی کورد بکەین و بمانەوێت تێگەیشتنێک لەسەر بنەمای فەلسەفەی زانین دابمەزرێنین، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبینەوە. ئامانجی سیاسیی کورد بۆ چەندین دەیە بریتی بووە و بریتییە لە سەربەخۆییی کورستان، بەڵام تەنیا لە کوردستانی باشوور ئەو ئامانجە تا ڕادەیەکی سنووردار بەدەست هاتووە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی کوردستانی باشوور زۆر کەمترە لە هیی باکوور و ڕۆژهەڵات. ئێمە چۆن دەتوانین وەها کەیسێک ڕاڤە بکەین؟ بە بۆچوونی من، ئێمە دەتوانین لە ڕوانگەی دوو فێرگەی بنەڕەتیی فەلسەفەی زانستەوە لەو کێشەیە تێ بگەین، ئەوانیش بنیادگەریی کۆمەڵایەتی و ڕیالیزمی ڕەخنەیین. بنیادگەریی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوە گرنگە، کە ئێمە جۆری نموونەیی بۆ ئەو کێشەیەی کورد بنیاد بنێین، کە پێشتر ئاماژەمان پێی داوە. جۆری نموونەیی بۆ کێشەی سیاسیی کورد دەوڵەتە، واتە کورد لە بنەڕەتدا و لە ئاستە ئایدیاڵەکەیدا بۆ دەوڵەتبوون تێدەکۆشێت. چەمکی دەوڵەت لێرەدا چەمکێکی بنیادگەریی کۆمەڵایەتییە. واتە کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەو چەمکەیان داهێناوە و ڕێکخراوێکی سیاسییان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، کە دەوڵەتە. بە پێناسەکەی (ماکس ڤیبەر) بێت، “دەوڵەت ڕێکخراوێکی مرۆڤە [سیاسییە]، کە سەرکەوتووانە گوتاری قۆڕغکردنی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا بەرز دەکاتەوە.”19Weber, 1946, p.78). ئەو پێناسەیە فرەدیوە. بۆ ئەوەی دەوڵەت هەبێت، دەبێت ئەو دەوڵەتە توانای قۆڕغکردنی گوتاری توندوتیژی بەسەر خاک و کۆمەڵدا هەبێت. واتە لە ئاستە نموونەیییەکەیدا، دەوڵەت دەبێت سوپا و هێزی چەکداری هەبێت و ئەو سوپا و هێزە چەکدارە سەرکەوتووانە هێزی خۆی بەسەر خاکدا بسەپێنێت. لە هەمان کاتدا، دەوڵەت پێویستە تاکە ڕێکخراوی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بێت بەسەر خاک و کۆمەڵدا. بە پێناسەیەکی کورتتر، دەوڵەت واتە، قۆڕغکاری، توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو و خاکێکی دیاریکراو. ئەو پێناسەیە، کە جۆری نموونەییە، یەکێکە لە پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی شکست و سەرکەوتووییی دەوڵەت بەسەر خاک و کۆمەڵدا. ئەو دەوڵەتانەی توانای سەپاندنی هێزی سوپایان بەسەر خاکدا نییە، بۆ نموونە سۆماڵیا، سووریا و تەنانەت عێراقیش، بە دەوڵەتی شکستخواردوو هەژمار دەکرێن و هێزی دەرەکی ڕەوایەتیی هەیە لە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو دەوڵەتانەدا.

بەڵام چەمکی دەوڵەت وابەستەیە بە چەمکی سەروەری (sovereignty). ڕاستییەکەی سەروەری لە کایەی نێودەوڵەتیدا واتە دەوڵەت. بۆ ئەوەی دەوڵەتێکیش سەروەر بێت، دەبێت سەربەخۆ بێت. سەربەخۆیی لێرەدا دوایین هەنگاوە بۆ دروستبوونی دەوڵەت تا یەکەم هەنگاو، چونکە ددانپێدانان بە سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بڕیاری لەسەر دەدرێت تا لە ئاستی ناوەخۆدا. کاتێک (داعش) سەرکەوتووانە بەشێکی گەورەی خاکی سووریا و عێراقی داگیر کرد، لە ئاستی ناوەخۆ خاوەنی هەرە زۆری خەسڵەتەکانی دەوڵەتبوون بوو، بەڵام ددانپێدانەنانی نێودەوڵەتی بەس بوو بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانیی لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە پێک بهێنرێت. لە هەمان کاتدا، کاتێک بریتانیا، فڕەنسا و دەوڵەتانی تری داگیرکار دەستیان بە داگیرکاریی خاکەکانی خۆرهەڵات کرد، ئەوان هیچ دەوڵەتێکیان داگیر نەکرد، بەڵکوو خاکی بێسەروەرییان داگیر کرد، چونکە هیچ یەکێک لەو خاکانە خاوەندەوڵەت نەبوون. واتە خاکی کراوە بوون بۆ داگیرکاری، بەکارهێنان و تەراتێن. لەو ڕووەوە کاتێک دەوڵەت بوونی نییە، هیچ گرووپێک سەروەریی بەسەر خاکدا نییە، لانی کەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. دیاردەی دەوڵەتی نەتەوە لە سەدەی هەژدەوە لە ئەوروپا شێوە دەگرێت و بە پڕۆسێسکی درێژخایەن بەسەر تەواوی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە پشتگیری و ددانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگترین هەنگاوە بۆ تەواوکردنی دامەزراندنی دەوڵەت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، هەرێمی کورستان نموونەیەکی جیاوازمان پێ دەڵێت، چونکە سەرەڕای هەبوونی دەوڵەتێکی ڕەوایەتپێدراوی وەکوو عێراق، هێشتا ئەو دەوڵەتە توانای سەپاندنی هێزی بەسەر تەواوی خاکی خۆیدا نییە. بۆ کورد لە (عێراق) خاوەنی وەها دەستەڵاتێکە، بەڵام لە تورکیا بنەڕەتترین مافەکانی شوناسی لێ داگیر کراوە؟ بنیادگەریی کۆمەڵایەتی لێرەدا توانای ئەوەی نییە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە، چونکە ئەگەر باسەکە سەربەخۆیی بێت، کورد لە هەر چوار پارچە بۆ سەربەخۆیی تێدەکۆشێت. لەو ڕووەوە، ئێمە پێویستە پەنا بۆ قوتابخانەکەی (ڕۆی باسکار) ببەین لەپێناو دۆزینەوەی بنیاد، مێکانیزم و هەلومەرجەکاندا، کە وا دەکەن هەرێمێک بە نزیکەی شەش میلیۆن کورد دەستەڵاتی نەتەوەییی زۆر زیاتر بێت لە بەشێکی کوردستان، کە دانیشتووانی زیاتر لە بیست میلیۆنە. ئایا باسەکە ئەوەیە، کە کوردانی باشوور شۆڕشگێڕانەترن لە کوردانی بەشەکانی تر؟ بە دۆزینەوەی بنیاد و مێکانیزمەکان، دواتر هەڵسەنگاندنی هەلومەرجەکان، دەتوانین وەڵامێکی شایستە بۆ ئەو پرسیارە بدەینەوە.

یەکەمیان، سەبارە بە مێکانیزمەکان، کورد لە هەر چوارپارچە خاوەنی کۆمەڵێک مێکانیزمی هاوبەشە، بۆ نموونە هەبوونی خەونی سەربەخۆییی نەتەوەیی، پارتی سیاسی، هێزی بەرگریکار و چەکدار، کە توانای چالاکی سەربازی هەبێت، و زمان و کەلتوور. لە ڕووی ڕووداوەکانیشەوە، ڕووداوی سیاسیی پێوەست بە کورد لە هەر چوارپارچە ئامادەییی هەیە بۆ خەونی سەربەخۆیی، چ بە ڕاستەوخۆیی بێت، چ بە ناڕاستەوخۆیی. کەواتە لێرەدا مێکانیزم و بنیادەکان هاوبەشن. ئەگەر لە باشوور هێزی سەربازیی یەکێتی و پارتی هەن، ئەوە لە باکوور پەکەکە هەیە، لە خۆرهەڵات دیموکرات، کۆمەڵ و پژاک هەن و لە ڕۆژئاوایش هێزەکانی سووریای دیموکرات. لەو ڕووەوە، یەکێتی و پارتی تەنیا مێکانیزمی بەرهەمهێنراوی کۆمەڵگەی کوردین تا ئەوەی خۆیان داینەمۆ و چەرخی خستنەگەڕی سەربەخۆییی کوردستان بن. بە هەمان شێوەیش، کێشەکانی ئەو مێکانیزمە بەرهەمهێنراوە، وەکوو ئەو قەیرانانەی بەرهەمی ئەو حیزبەن، بە لەناوچوونی هیچ یەکێک لەوان کۆتاییی نایەت، ئەگەر هەر جۆرە بزووتنەوەیەک دووبارە بەرهەمی هەمان مێکانیزم بێت. ئێمە بینیمان، کاتێ بزووتنەوەیەکی وەکوو گۆڕان وێنەیەکی تۆقێنەرتر و فێڵبازانەتری ئەو مێکانیزمە بەرهەمهێنراوەی پێشانداین. لێرەدا دەبێت لە هەلومەرجەکان تێبگەین، کە وای کردووە کوردستانی باشوور نیمچەسەربەخۆ بێت، بە مافی بەشداریی سیاسی بەهێزی کورد لە کاروباری دەوڵەتی عێراقدا، لە کاتێکدا هەمان دۆخ بۆ کوردانی باکوور جیاواز بێت. لە ئاستە گشتییەکەیدا، ئێمە دەتوانین سێ هەلومەرجی سیاسی دیاری بکەین، کە ڕەنگە فاکتۆری ئەو جیاوازییە بن، کە ئەوانەن:

یەکەم، سیستەم و لاوازیی دەوڵەت: بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە دەوڵەتێکی دیاریکراودا بەرەو پێشەوە بڕوات، پێشمەرجە، کە ئەو دەوڵەتە لە ئاستی ناوەخۆدا یان سیستەمێکی دیموکراتی بەهێزی هەبێت، یان دەوڵەتێکی لاواز بێت. لە ساڵی 1991دا کورد لە باشوور لاوازیی دەوڵەتی عێراقی قۆستەوە و هێزەکانیان بە ڕاپەڕین دەرکرد. بەڵام هێزەکانی عێراق گەڕانەوە و کوردان ئاوارەی شاخ بوونەوە. نە هێزی یەکێتی، نە هیی پارتی و نە هیچ لایەنێکی تر نەیانتوانی ڕووبەڕووی سوپا ببنەوە. ئەوەی وای کرد ناوچەکانی کوردستان حوکمی چارەی خۆنووسینیان هەبێت، دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. لە هەمان کاتدا لە لاوازیی دەوڵەتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات هەلیان قۆستەوە و هێزی خۆیان بەسەر خاکدا سەپاند. هەمان هەلومەرج لە تورکیا و ئێران تێبینی ناکرێت، چونکە ئەو دوو دەوڵەتە هێزی بەهێزی سوپایان بەسەر خاکدا هەیە و هیچ کات بە شێوەی عێراق و سووریا لاواز نەبوون، جگە لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، کە سەردەمی زێڕینی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

دووەم، پشتگیریی نێودەوڵەتی: سەرەڕای دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ، بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە ساڵی 1976ەوە، لەگەڵ هەبوونی پارتی تری چەکدار، بە هێزەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستانیشەوە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەییی گرنگی لە ئاستی دەوڵەتداریدا بەدەست نەهێنا. هەڵەبجە کیمیایباران کرا و سەدان هەزار گوندنیشین و شارنشین زیندەبەچاڵ کران، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ یەکێک لەوانەی بە شایستەی ئەوە نەزانی ئاوڕ لە کێشەی کورد بداتەوە. تەنیا ڕووداوێکی نێودەوڵەتی، کە داگیرکردنی کوەیت بوو، واتە تەحەداکردنی سیستەمی نێودەوڵەتی بەس بوو، بۆ ئەوەی زلهێزێکی وەکوو ئەمەریکا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی تر وا لێ بکەن سیاسەت و بەرنامەڕێژییەکانی خۆیان بەرانبەر بە عێراق بگۆڕن. لەو ڕووداوەوە، کێشەی کورد سەرنجی نێودەوڵەتیی بەلای خۆیدا ڕا دەکێشێت. ئەوە پێوەندیی بە ڕووداوێکی سادەوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە گۆڕانی بنیاد و مێکانیزمەکانی سیاسەتەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە بلۆکی ئەمەریکادا هەیە. کێشە و ناکۆکیی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا و خۆرئاوا کێشەی کورد بەرەو پێشەوە دەبات، تا دەگاتە ڕووخاندنی ڕژێمی (سەدام حسێن) لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کە کورد هاوپەیمانێکی سەرەکی و پشتگیریکارێکی بێمەرج بوو بۆ ئەمەریکا؛ هەنگاوێک، کە ڕەوایەتی باشی بە سیاسەتی ئەمەریکادا. پشتگریی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتی، بە تایبەت هیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان ئەو هێزەیە، کە وای کردووە کورد بتوانێت حوکمڕانیی ناوچەییی خۆی هەبێت، نەک هێزەکانی کورد بە تەنیا. ئەو پشتگیرییە مەرجدارە، واتە وابەستەیە بە بەرژەوەندی و سروشتی پێوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ لایەنەکانی تر. هەمان هەلومەرج بەسەر کێشەی کورد لە سووریا ڕوونکردنەوە دابین دەکات. کشاندنەوەی پشتگریی ئەمەریکا بەسە بۆ ئەوەی خوێنی دەیان هەزار شەڕڤانی کورد ببێت بە بیرەوەرییەکی ڕێزلێنەگیراوی مێژوو، وەک ئەو مەترسییەی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی کورد لە سووریا بینیمان. هەمان هەلومەرج لە تورکیا بۆ کێشەی کورد ئامادەییی نییە، چونکە کێشەی کورد لە تورکیا خاوەنی پشتگیریی نێودەوڵەتی نییە، وەک ئەوەی لە عێراق و سووریادا هەیە، بەڵام چونکە کێشەی کورد لە باکووردا خاوەنی هەمان بنیاد و مێکانیزمی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانە، ئێمە لە تورکیا کێشەیەکمان هەیە بە ناوی کێشەی کورد. بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ ئێران ئەوەیە، کە ئەگەرچی پشتگیریی ئەمەریکا بۆ ‌هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، بەڵام چونکە هەلومەرجی یەکەم، کە لاوازیی دەوڵەتە، ئامادەییی نییە، ئەو پشتگیرییە بە تەنیا کارتێکی فشارە و بەکارهێنانی پێوەستە بە لاوازیی دەوڵەتی ئێران و سیاسەتەکانی لەگەڵ ئەمەریکا، ئەگەرچی بنیاد و مێکانیزمە سیاسییەکان لە چالاکیی بەردەوام و ڕێژەییی خۆیاندان.

سێیەم، سەرچاوە سروشتییەکان: نەوت لەو کۆنتێکستەدا لە گرنگترینیانە. خاکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلۆتیک و سەرچاوە سروشتییەکانی پێگەی حوکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەهێز کردووە. جگە لە دەستەڵات و بەرژوەندیی زلهێزەکان، بەرژەوەندیی گرووپە دیاریکراوەکان، کە خاوەنهێزی ڕێژەییی خۆیانن لە دروستکردنی کارتی فشار و کارێگەرێتیان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان، پاڵنەرێکی گرنگە لە هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی حوکوومەتی هەرێم و کەیسی کورد لە عێراقدا. بە هەمان شێوە، حوکوومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێت هیچ مامەڵەیەک بە سەرچاوە سروشتییەکانییەوە بکات، ئەگەر لەگەڵ هەرە دوژمنترین دەوڵەتی کورد، کە تورکیایە، نەچێتە ڕێککەوتنەوە (لەسەر خەرجی لەدەستدانی هەستیارترین بەرژەوەندییە باڵاکان، کە زۆر لەپێشتر و گرنگترن لە دەستکەوتی کورتمەودای هاوشێوە)، بەو پێیەی خاکی باشووری کوردستان داخراوە بۆ دەستگەیشتن بە بازاڕی نێودەوڵەتی. بە پێچەوانەوە، کورستانی باکوور ئەو سەرچاوە ستراتیجییانەی نییە، جگە لە ڕووباری دیجلە و فوڕات. هەر سەرچاوەیەکی سروشتیشی هەبێت، دووبارە لەبەر بەهێزیی دەوڵەتی تورکیا، ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکیان پێوە بکات، تەنانەت ئەگەر بتوانێت ئەو سەرچاوانەیش کۆنتڕۆڵ بکات، پێویستی بە دەوڵەتانی وەکوو عێراق، ئێران و سووریا دەبێت بۆ دەستگەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

بە خستنەڕووی ئەو سێ هەلومەرجە بنەڕەتییە (بەڵام نەک ڕەها)، دەبینین، کە پێشکەوتنی پرسی سیاسی و کەلتووریی کورد لە باشوور ئاکامی بە تەنیا مێژوو و بەرهەڵستییە سیاسی و سەربازییەکانی کورد نییە، بەڵکوو هەلومەرجی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی وەها کیانێکی لەسەر قاچەکانی خۆی هێشتووەتەوە. ئێمە بینیمان، کاتێ پڕۆژەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ بە ئاسانی شکستی هێنا، چونکە هەلومەرجەکان بە ئاشکرا بۆ وەها بازدانێک گونجاو نەبوون. لە ڕووی بنیادگەریی کۆمەڵایەتییەوە، هەموو لایەنەکان دەتوانن بۆچوونی جیاوازی خۆیان دەرببڕن و لۆمە و بیانوو بخەنەپاڵ یەکتر لە وەها شکستێکدا، بەڵام ڕیالیزمی ڕەخنەیی فێرمان دەکات، کە ئەو کێشەیە تەنیا لە چوارچێوەی هۆش و دیدی سنووردار و بچووکی خۆمان لە ئاست ڕاستەقینە نەبینین، بەڵکوو سەیری هەلومەرج، مێکانیزم و بنیادەکانی وەها شکستێک بخەینە بەر ڕۆشناییی باس. سەربەخۆیی لە ڕێفراندۆمێکەوە دەست پێ ناکات. ڕاستییەکەی، ڕێفراندۆم یەکێکە لە دوایین هەنگاوەکان. بۆ زانینی خواستی نەتەوەیەک، سەرکێشیی سیاسی لەسەر خەرجی لەدەستدانی بەرژەوەندییە گەورەکان هەڵبژاردەیەکی هەژارە، چونکە بە تەنیا سەیری پاڵنەرە سیاسییەکانی ئەو نەتەوەیە بکەین، بەسە، بۆ ئەوەی بزانین ئامانجی نموونەییی ئەو نەتەوەیە لە ئاستە نموونەییەکەیدا چییە. بێگومان ئەوە بە واتای ئەوە نایەت، کە تەنیا هەلومەرجەکان ڕۆڵیان هەیە، بەڵکوو بۆ ئەوەی هەلومەرجەکان بقۆزرێنەوە، بنیاد و مێکانیزمەکان دەبێت ئامادەیییان هەبێت. ئەگەر هەموو جیهان بیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات بە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو، ئەگەر بنیاد و مێکانیزمە ناوەخۆییەکان ئامادەیییان نەبێت، یان ڕووخێنەر بن، وەک مێکانیزمی خۆخواردن لەناو بزوتنەوە سیاسییە کوردییەکان، ئەوە ئەستەمە هەلومەرجەکان بە تەنیا هیچ ڕۆڵیکیان هەبێت. بە پێچەوانەیشەوە، بوونی مێکانیزمەکان، بۆ نموونە، لە کوردستانی باکوور، ژێرباری هەلومەرجی سەخت، کێشەی کوردی بە زیندوویی هێشتووەتەوە. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە، قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەخنەیی دەروازەی گەورەی تێگەیشتنمان لە کێشەکانی گۆی ڕاستەقینە بۆ دەکاتەوە و لە جیاتیی حوکمە کەمتواناکانی هۆش، ناچارمان دەکات ئاسۆی تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان لە بەرانبەر ڕووداو و پێشهاتەکان بەرفرەوان بکات و لە ئاست ڕاستەقینەدا خاوەنی گوتاری ڕەخنەیی بین تا گوتاری شۆڤێنی، کە ڕاستییەکەی لە ئاست ڕاستەقینەدا هەژار و کەمتوانان.

بەڵام لە دەرەوەی ئەو جۆرە نموونە پراکتیکییانەدا، کە تەنیا بۆ دابینکردنی زیاتری توانای ڕوونکردنەوەییی ئەو قوتابخانەیەیە، هێزی ڕاستەقینە هەمیشە باڵاترە لە هێزی تێگەیشتنی مرۆڤ، بەو پێیەی ڕاستەقینە مانیفێستی خستنەگەڕە شاراوەکانی بوونە، کە خشکۆکانە لە دەرەوەی بریکاری هۆشەکی لە کردار و ناکردارەکانی خۆی بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەو جۆرە پەیپێبردنە گوتاری ئازادبوونی مرۆڤ لە ئاست زیندانە هۆشەکییەکانی خۆی هەڵدەکشێنێت و وا دەکات بەرەو ئاسۆیەکی کراوەتر تیشکەکانی بیرکردنەوەی خۆی ئاڕاستە بکات بۆ دۆزینەوەی ئاقاری باڵاتری بوون بۆ تێگەیشتن. 

سەرچاوەکان بۆ پەراوێزە بەکارهاتووەکان:

Bhaskar, R. (2008). A realist theory of science (Radical thinkers 29). London: Verso.

Heidegger, M. (1998). Letter on Humanism (F. A. Capuzzi, Trans.). United States of America: University of Cambridge. http://timothyquigley.net/cont/heidegger-loh.pdf

هایدیگەر، م. (2013). بوون و کات (وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال). سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم.

Kant, M. (2010). The Critique of Pure Reason (J. M. Meiklejohn, Trans.). The Electronic Classics Series. http://www.metaphysicspirit.com/books/The%20Critique%20of%20Pure%20Reason.pdf

Weber, Max. (1978[1922]). Economy and Society: An outline of interpretive sociology. Vol. 1. (Roth, Guenther, & Wittich, Claus. Trans.). Berkeley: University of California Press.

Weber, M. (1946[1921]). From Max Weber: Essays in Sociology. (H. H. Mills, Trans.) New York: Oxford University Press.

سەرچاوەکانی تر:

Archer, M., Bhaskar, R., Collier, A., Lawson, T., & Norrie, A. (Eds.). (1998). Critical realism : Essential readings. Retrieved from https://ebookcentral-proquest-com.esc-web.lib.cbs.dk:8443

Bhaskar, R. (2000). From East to West: Odyssey of a soul (Critical realism: interventions).                                                                                London: Routledge.

Clark, Alex. (2015). Critical realism and realist evaluation: An overview for everyone [Video]. Retrieved April 27, 2020, from https://www.youtube.com/watch?v=8Y3oVV5KxeU

تێبینی:

ئەم بابەتە پێشتر هەم لە ماڵپەڕی کوردڕاوم و هەم دەنگەکان بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لێرەدا گۆڕانکاری لە بەشێکی بابەتەکەدا کراوە و هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندی کەم کراونەتەوە. لە هەمان کاتدا، ڕاستەقینەی ڕەخنەیی بۆ ڕیالیزمی ڕەخنەیی گۆڕاوە بەو پێیەی ڕیالیزم وشەیەکی دامەزراوە لە زمانی کوردی. 


[1](Heidegger, 1998, p.240)

[2]هەمان سەرچاوەی پێشوو یان (ibid)

[3] (Kant, 2010, p.28)

[4] Ibid: p,43

[5] Ibid

[6] Ibid: p, 53

[7] Ibid: p, 53-4

[8] Ibid: p, 74-5

[9]Ibid: p, 80

[10]Ibid

[11](هایدیگەر، 2013، ل. 47)

[12](Bhaskar, 2008, p. 56)

[13] (Bhaskar, 2008, p. 51)

[14] Ibid: p, 14

[15] Ibid: p, 25

[16] Ibid: p, 36

[17] Ibid: p, 37

[18] Ibid: p, 17

[19]Weber, 1946, p.78).

پەراوێزەکان

  • 1
    (Heidegger, 1998, p.240
  • 2
    هەمان سەرچاوەی پێشوو یان (ibid)
  • 3
    (Kant, 2010, p.28)
  • 4
    Ibid: p,43
  • 5
    Ibid
  • 6
    Ibid: p, 53
  • 7
    Ibid: p, 53-4
  • 8
    Ibid: p, 74-5
  • 9
    Ibid: p, 80
  • 10
    Ibid
  • 11
    (هایدیگەر، 2013، ل. 47)
  • 12
    Bhaskar, 2008, p. 56)
  • 13
    (Bhaskar, 2008, p. 51)
  • 14
    Ibid: p, 14
  • 15
    Ibid: p, 25
  • 16
    Ibid: p, 36
  • 17
    Ibid: p, 37
  • 18
    Ibid: p, 17
  • 19
    Weber, 1946, p.78).