تێڕامان لە درۆ هاوبەشەکان و باجی ڕاستبێژی

هیچ کات قسەکردن لەسەر درۆ نابێتە قسەیەکی جیدی و مانادار، گەر لە ناواخنیدا جێیەک بۆ هەقیقەت و ڕاستبێژی نەهێڵرابێتەوە. هەمووان لەوەدا هاوڕان کە درۆ لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە شاردنەوەی هەقیقەت و دوورکەوتنەوە لە ڕاستبێژی، بەو پێیەی کە بە نزیکەیی تەواوی ڕێچکە و ڕێبازه سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان بڕوایان بەم ناساندنەیە و لەسەری کۆکن. بەڵام ئەوەی کە ناکۆکی دروست کردووە، نەبوونی کۆڕاییە لەسەر خودی هەقیقەت و ڕاستبێژی، وەک پێوانەیەکی گشتگیر بۆ ناسینەوەی درۆ. ئایا کاتێک شتێک وەک هەقیقەت پێناسە دەکەین و گوتنی بە ڕاستبێژی و شاردنەوەی بە درۆکردن دادەنێین، چۆن دەتوانین بیسەلمێنین کە ئێمە دەربارەی هەقیقەتی ئەو هەقیقەتە و ڕادەی ڕاستێتیی ئەو ڕاستبێژییە یەقینێکمان لە بەردەستدایە و هیچ گومانێکمان نەهێشتووەتەوە؟ ئایا ئەو پێوەرانە چین کە تێڕوانینەکانمان دەربارەی خودی هەقیقەت خۆی لەسەر بنیاتناون؟ ئەی ئەو پێوەرانە دانراوی کێن و لەمەدا پشتیان بە چ بەڵگەگەلێکی لۆژیکی بەستووە؟ چۆن بزانین ڕاستییەک لەم نێوانەدا هەیە و هێشتا نەدرکێنراوە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە گومانەکان ئێجگار قووڵتر دەکەن و ناچارمان دەکەن کەمێک بە مێژووی درۆدا ڕۆ بچین و زیاتر لەسەری بوەستین.
کێ بۆ یەکەم جار درۆی کردووە و هەوڵی شاردنەوەی هەقیقەتی داوە؟ تاوەکوو ئەمڕۆ هیچ کەسێک وەڵامی ئەم پرسیارەی نەداوەتەوە و ناوی هیچ کەسێک بە ڕوونی زەق نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە بە تەواوی ڕوونە کە یەکەمین پاڵنەری درۆکردن، خۆپارێزی و پاراستنی پێگەی خود بووە لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەدا. واتا درۆ زادەی بە کۆمەڵایەتیبوونی مرۆیە، کاتێک مرۆڤ کەسێکی لە بەرانبەر خۆیدا دیوە و له ترسی پاراستنی شکۆی خۆی؛ پاراستنی گیانی خۆی؛ پاراستنی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەوی دیکەدا، ناچار بووە ئەوەی کە لە دڵیایەتی و نیازی ڕاستەقینەی بووە، بیشارێتەوە و نەیڵێت. بەم شێوە دەتوانین بڵێین لە بنەڕەتدا
درۆ چەکی لاوازەکان بووە دژ بە بەهێزەکان بۆ خۆپاراستنیان لەو مەترسییانەی کە لەوانەیە بەهۆی گوتنی هەقیقەتەوە ڕووبەڕوویان ببنەوە. واتا درۆ بنەمایەکی خۆپارێزی هەبووە و لە ناچارییەوە سەری هەڵداوە، ناچارییەک کە دەرهاویشتەی بەریەککەوتنی لاواز و بەهێزەکان بووە و لەو نێوانەدا هەقیقەتی شتەکان وەکوو ئەوەی کە هەن، دەرنابڕدرێن و دەشاردرێنەوە. ڕەنگە هەندێک جار درۆکردن وەک حەز و هیوایەتێک لای هەندێک کەس دەربکەوێت و خوویان پێوە گرتبێت، بەڵام بە دڵنیایییەوە خودی ئەم هیوایەتەش بەهۆی ژینگە کۆمەڵایەتییەکەوە لە مرۆڤدا سەری هەڵداوە و دواجار بەهۆی نەبوونی ئازادی لە گوتنی هەقیقەت، درۆ وەک خوویەکی لێهاتووە و لەبری تۆمەتبارکردنی ژینگە کۆمەڵایەتییەکە، خاوەنی خووەکە تۆمەتبارکراوە. ژینگەی کومەڵایەتی کە دواتر دەبێتە هۆی شکڵگرتنی ژینگەی سیاسی و ئایینی و کولتوورییش، چونکە خودان پێوەرگەلێکی گشتین بۆ شێوازی دەربڕین و ئاخاوتن، هەرجۆرە لادانێک لەو پێوەرانە بە درۆ و دەلەسە و نەزانی دەداتە قەڵەم، ئەمەش وا دەکات کە تاکەکان خۆیان ببوێرن لە گوتنی شتانێک کە دەزانن دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ئەو پێوەرە گشتییانەی کە بۆ پیشاندانی ئاستی ڕاستێتیی دەربڕین و گوتەکان پەسەند کراون، کاتێکیش تۆ ئەوە ناڵێیت کە خۆت بەڕاستی هەستی پێ دەکەیت و زادەی باوەڕ و بۆچوونی ڕاستەقینەی خۆتە، ناچاریت بە گەڕانەوە بۆ ئەو پێوەرانە شتەکان بڵێیت و درۆیەک بە نرخی هەقیقەت دەرببڕیت کە خۆت بڕوات پێی نییە و تەنها وەک پلانێکی خۆپارێزی بەکارت هێناوە.

سەبارەت بە مێژووی درۆ؛ سێ بۆچوون

ساڵی (١٩٤٣ز) مێژوونووسی ناوداری فەرەنسی “ئەلیکساندەر کوارییە” نووسینێک بە ناوونیشانی: (تێڕامانەکان لەبارەی درۆوە)1الكسندر كوارییه: تآملات في الكذب، ترجمة: تاجة بوحجة، مجلة الحكمة، ١٢، ٢٠١٩ بڵاو دەکاتەوە. لەم وتارەیدا جەخت لەسەر (درۆی سیاسی) دەکاتەوە و ئاماژە بە مەترسییەکانی دەکات لە فریودانی ئینساندا، بەوەی کە چۆن مرۆڤ لە سایەی دەسەڵاتێکی سیاسیی خراپەکاردا دەبێتە کەسێکی درۆزن، چونکە خودی دەسەڵات نایەوێت هەقیقەتی شتەکان وەکوو خۆیان ببینرێن و بابەتییانە ڕوون بکرێنەوە، بەڵکوو بەگوێرەی مەرام و حەز و ویستەکانی خۆی شتەکان دەخاتە ڕوو. لەمەشدا کوارییە سەرنجمان بۆ لای مەسەلەیەکی وەکوو نهێنی پارێزی دەبات و ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە درۆ دەرهاویشتەی پاراستنی نهێنییەکانە؛ پاراستنی ئەو شتانەی کە ناگوترێن و نامانەوێت خەڵکی دی بیزانن، یاخود ئەوپەڕییەکەی کە هەر ئاشکراش بوو ژمارەیەکی زۆر کەم بیزانن. ئەمە ڕەنگە لەسەر ئاستی تاکەکەسی بتوانرێت سەربخرێت، چونکە ڕەنگە تاکەکەس ناچار نەبێت بەردەوام مەبەستەکانی دەرببڕێت، بەڵام بێ هیچ گومانێک لە ئاستی سیاسیدا هیچ سەرخستنێکی بۆ نییە، چونکە حیزبێکی سیاسی یاخود دەسەڵاتدارێک بۆ ئەوەی دەنگی بگاتە لایەنگرەکانی و فەرمانڕەوایەتیان بکات، ناچارە بەردەوام لە ڕێی وتەبێژەکانییەوە، یاخود نوێنەرەکانییەوە، یان لە ڕێی دەرکردنی بەیاننامەوە ئامانج و پلان و ڕێنماییەکانی خۆی؛ بیروباوەڕ و تێڕوانینەکانی خۆی بخاتە ڕوو، کاتێکیش ئەمە دەکات ناچارە پەنا بباتە بەر چەند کۆدێکی تایبەتی کە زیاتر درۆی پوختن وەک لەوەی گەیاندنی ڕاستی بن، چونکە حیزب و سەرکردە سیاسییەکان نایانەوێت مەرامی ڕاستەقینەی خۆیان بخەنە بەردەستی خەڵک، هەر بۆیە لە ڕێی ئەو درۆ و کۆدە تایبەتییانەوە پەیامەکانیان دەگەیەنن، خەڵکیش بە شێوەیەکی گشتی بڕوا بەم بەیاننامانە دەهێنن و وەک هەڵوێستێکی ڕاستەقینە لێی دەڕوانن، تەنها کەمینەیەکی لێزان و سیاسی نەبێت کە دەتوانن کۆدەکان بکەنەوە و لە پەیامە ڕاستەقینەکەی پشت هەڵوێستە درۆینەکە تێبگەن.

ئەلیکساندەر کوارییە (١٨٩٢-١٩٦٤) مێژوونووس و فەیلەسووفی فەڕەنسی

بیست و چوار ساڵ دوای نووسینی ئەم وتارە، خانمە فەیلەسووفی ئەڵمانی “هانا ئارێنت” بە ڕەچاوکردنی خوێندنەوە مێژوویییەکەی ئەلیکساندەر کوارییە2هانا ئارێنت ڕاستەوخۆ نەیگوتوە کە ئەم وتارەی وەک گەنگەشەکردنێک بۆ ڕوانینەکانی کوارییە نووسیوە، بەڵکوو لە پێشەکیی وتارەکەیدا دەڵێت کە هۆکاری نووسینی ئەم وتارەی زیاتر ڕوونکردنەوەی کتێبەکەی پێشتری خۆیەتی: ( ئێخمان لە ئۆرشەلیم) بڕوانە: هانا ارنت: آیشمن در اورشلیم/گزارش در باب ابتذال شر، ترجمه: زهرا شمس، چاپ بیست و دوم، نشر برج، وتارێکی گرنگ بە ناوونیشانی (هەقیقەت و سیاسەت)3حنا ارندت: الحقيقة والسياسة، ترجمة: الحسین سحبان، مجلة يتفكرون، عدد ٦، ٢٠١٥.دەنووسێت و تێیدا جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەو بۆچوونەی “کوارییە” و درۆ دەبەستێتە سیاسەتی دەوڵەتەوە. بەڵام ئەوەی ئەم بۆچوونەی “ئارێنت” جیاواز و سەیرتر دەکات، پیشاندانی ڕۆڵی میدیایە لە برەودان بە درۆ و فریودانی ئینسانەکان. میدیا دەتوانێت هەموو ئەو درۆیانەی کە هەن وەک هەقیقەت پیشان بدات و لە بەرانبەریشدا ڕاستییەکان سەراوژێر بکات و وەک درۆ بیانناسێنێت. سیاسەت لە دونیای نوێدا چیدی لەسەر درۆیەک ناژێ، بەڵکوو پێویستی بە هەزاران درۆی نوێ و جیاوازتر هەیە تاوەکوو ڕۆژانە لە ڕێی میدیاوە خەڵکی پێ فریو بدات. بە بڕوای ئارێنت ئەم فریودانە سیاسییە؛ ئەم لێشاوه لە درۆی سیاسی لە هیچ سەردەمێکدا هێندەی سەردەمی ئێستا بەو زەقییەوە نەبینراوە، کە ئەمەش جارێکی دی جەختکردنەوەیە لە سەر بۆچوونەکەی کوارییە. ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانییە مێژووی درۆی سیاسی دەکاتە دوو بەشی سەرەکییەوە، ئەوانیش:

یەک: قۆناغی کلاسیکییانەی درۆ/ لەگەڵ دروستبوونی شار و کۆمەڵگە گەورەکاندا دروست بوو، لەم قۆناغەدا سیاسەتوانەکان ناچار بوون بڕێک جار بۆ ماوەیەکی کاتی پەنا ببەنە بەر درۆ، زیاتریش لە بەرانبەر دوژمنی دەرەکیدا، نەک لەگەڵ هاووڵاتییە خۆجێیەکانیاندا. لەم قۆناغەدا هەرچەندە سیاسەتوان و فەرمانڕەواکان پەنایان دەبردە بەر درۆکردن و بگرە بە خاسیەتی دەوڵەتمەداری لێهاتوویان دادەنا، بەڵام هیچ کاتێک درۆی ڕەها و مەترسیداری گەورەیان وەکوو درۆی سیاسییەکانی قۆناغی هاوچەرخ نەدەکرد.

دوو: قۆناغی هاوچەرخیی درۆ/ لەم قۆناغەوە ئیدی درۆ بوو بە درۆیەکی جیهانی و گشتگیر و لەمەشدا دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیا لە ڕێی پروپاگەندە وشێواندنی بەردەوامی ڕاستییەکانەوە، هەقیقەت لەبەرچاوی خەڵکی دەگۆڕن بە درۆ. لەم قۆناغەدا سیاسەتوان سەرباری ئەوەی کە دەزانێت بەرانبەرەکەی درۆ و هەقیقەت دەناسێتەوە، کەچی زۆر بێباکانە درۆی بۆ دەکات، چونکە دەزانێت میدیا درۆکانی بۆ دەڕازێنێتەوە و بە نرخی هەقیقەت دەیداتەوە بە خەڵکی. بەمەش درۆ دەبێتە ناسراوترین کردەی سیاسەتوان و سیاسەتیش دەبێتە شوێنێک بۆ شاردنەوەی هەقیقەت و برەودان بە درۆی سیاسی.

باشە لە دۆخێکی وەهادا کە سیاسەت و دەسەڵات بە بەردەوامی خەریکی برەودانن بە درۆ، چ ڕێگایەک هەیە بۆ ڕزگاربوون؟ چی بکرێت بۆ ئەوەی  درۆ سیاسیە هاوچەرخەکان بۆ خەڵکی ئاشکرا بکرێت و نەهێڵرێت میدیا فریویان بدات؟ هانا ئارێنت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دوو ڕێگا دەستنیشان دەکات، کە بە لای ئەوەوە تەواوکەری یەکترن و بێ یەکدی هیچیان سەرناگرن، ئەوانیش:

ڕێگای یەکەم: جەختکردنەوە و پشتبەستن بە تاکگەراییی مرۆڤ، بەو پێیەی مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی سیاسی نییە.
ڕێگای دووهەم: ئارێنت پێی وایە چەند بوارێکی زۆر گرنگ هەن لە کۆمەڵگەدا، کە دەتوانن بەر بە برەودان بەم درۆ میدیایییە بگرن، وەکو یاسا و زانکۆکان، کە دەبێت خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە هەمبەر تاکەکاندا و درۆی سیاسی دەستنیشان بکەن و بۆ خەڵکی ڕوون بکەنەوە و ڕۆڵیان هەبێت لە ئاشکراکردنی ئەو درۆیانەی کە ڕۆژانە دەدرێن بە گوێی خەڵکدا.

هەردوو ئەم نووسینە پڕ بایەخەی نێو مێژووی فیکر، واتا هەم نووسینەکەی ئەلیکساندەر کوارییە و هەم لێکۆڵینەوەکەی هانا ئارێنت 4هێڵی سەرەکی ئیشکردنی ئارێنت، لە زۆرێک لە نووسین و کتێبەکانیدا، وردبوونەوە و ڕامانە لە سروشتی ئەو پەیوەندییەی کە سیاسەت بە ژیانی مرۆڤەوە دەبەستێتەوە و هەوڵی داوە کاریگەریی سیاسەت و درۆی سیاسی و سیاسەتوانەکان لەسەر پانتاییی ژیانی گشتی دەربخات. بۆ نموونە بڕوانە: (حنة ارندت: ما السياسة؟، الترجمة و تحقيق: الدكتور زهير الخويلدي، آ. سلمی بالحاج مبروك، دار الآمان، منشورات الضفاف، ط۱، بيروت، ٢٠١٤.) هەروەها ( هانا آرنت: اندیشیدن و ملاحظات اخلاقی، ترجمه: عباس باقری، نشر نی، چاپ پنجم، ١٣٩٩).  ڕەنگە ئەم کتێبەی ڤیلیب هانسن باشترین سەرچاوەیەک بێت تا لێیەوە لە ڕوانینەکانی ئارێنت دەربارەی ئەو مەسەلانە باشتر تێبگەین. فيليب هانسن: حنة ارندت السياسة والتآريخ والمواطنة، ترجمة: خالد عاید آبو هدیب، المركز العربي للآبحاث و دراسة  السياسات، ٢٠١٨، بوون بە ئیلهامبەخشی وانەیەکی فەلسەفی ئێجگار گرنگ لە لای فەیلەسوفێکی وەکوو “ژاک دێریدا“. ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە بە گەڕانەوە بۆ ئەو دوو بیریارەی پێش خۆی، بەدووی مەسەلەیەکی گەورەی وەکوو درۆدا دەچێت و دەیەوێت لە ڕێی دۆزینەوەی مێژوویەکەوە بۆی، لێی ڕابمێنێت و شی بکاتەوە. ئەمەش نەک بۆ ئەوەی حیکایەتی درۆزنە ناسراوەکان و درۆ گەورەکانی نێو مێژوو بگێڕێتەوە، بەڵکوو لە پێناوی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە چییەتی درۆ و ئەو تێگەیشتنانەی کە لەبارەیەوە هەن و دروست بوون. بۆ پیشاندانی ئەمەش دێریدا دەمانباتەوە بۆ یۆنانی کۆن و گەشتێک دەکات بە نێو مێژووی فیکردا، لە ئەفلاتۆن و ئەرستۆوە تا دەگاتە ئۆگەستین و کانت و ڕۆسۆ و نیتشە و زۆرێکی دی، ئەوەی کە چییان لەبارەی درۆوە گوتووە و، دێریدا خۆی چی دەڵێت دەربارەی ئەو بۆچوونانەیان، هەموویمان بۆ دەخاتە ڕوو. بۆ نموونە دێریدا ئاماژە بەو بۆچوونەی “ئۆگەستین” دەکات کە پێی وایە گرێدانەوەیەک لەنێوان قەناعەت و  بیروباوەڕدا هەیە و ئەگەر قەناعەتمان وابوو ئەوەی دەیڵێین ڕاستە و بڕوامان پێیەتی، کەواتە ئێمە درۆزن نین، تەنانەت ئەگەر ئەو شتەش کە دەیڵێین هەڵە بێت و ڕاست نەبێت. ئەمە بۆ خۆی ڕێگەدانە بەوەی ئینسان بۆی هەبێت ڕای خۆی پێچەوانەی ڕاستییە باوەکانەوە بڵێت و مادامەکێ بڕوای پێیەتی وەک ڕاستی سەیر بکرێت. وەک چۆن “ڕۆسۆ“یش جیاوازی دەکات لەنێوان جۆرەکانی درۆدا و پێی وایە گەر قسەیەکی ناڕاست زیان بە کەس نەگەیەنێت و بە مەبەستی فریودان و لێدان لە ڕاستی نەوترابێت، کەواتە پاک و بێگەردە و نابێت وەک درۆ سەیر بکرێت، با لە ڕووکەشیشدا وەک درۆ دەربکەوێت. بە شێوەیەکی گشتی لە ئەنجامی خوێندنەوەی مێژووی فیکرەوە، دەگەین بەو باوەڕەی کە لای زۆرێک لە فەیلەسوفانی پێشین، درۆ بەو ڕادەیە بە درۆی مەزن دانراوە کە مەترسی بێت بۆ سەر ئەوانی دی و بە ئامانجی فریودان و فێڵکردن لێیان کرابێت، ئەگینا نەگوتنی هەقیقەت لە پێناوی پاراستنی تایبەتمەندییە کەسییەکان و پاراستنی گیانی ئینسان ناچێتە چوارچێوەی درۆوە، هەرچەندە بە ڕووکەشیش وەک درۆ ببینرێت.

ژاک دێریدا لە (مێژووی درۆ)5جاك دريدا: تآريخ الكذب، ترجمة و تقديم: رشيد بازي، المركز الثقافي العربي، الطبعة الآولی، ۲۰۱٦.دا بە پلەی یەک گفتوگۆ لەگەڵ بۆچوونەکانی هانا ئارێنتدا دەکات و لە زۆر ڕووەوە ئیزافە دەخاتە سەر بۆچوونەکانی، هەروەک ئەویش ئاماژە بە ڕۆڵی میدیا و سیاسەت دەکات لە خوڵقاندنی درۆی زیاتردا. لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت لە مێژووی درۆ ڕابمێنێت، بۆ ئەمەش دەپرسێت: چۆن دەکرێت درۆ مێژوویەکی سەربەخۆی هەبێت، لە کاتێکدا مێژووی سیاسی پڕە لە درۆ؟ بۆیە دێریدا گومانی هەیە لەوەی کە بتوانین بگەین بە مێژوویەکی تایبەت بە درۆ، تەنها لە دۆخێکدا نەبێت کە بتوانین بە ڕەچاوکردنی چەند مەرجێک، مێژوویەکی بۆ بنووسینەوە، لەوانەش دوورخستنەوەی “ئامۆژگاریی ئەخلاقییانە” لە مێژووی درۆ بەپێی دەربڕینی ئارێنت، یان بینینی لە “دەرەوەی ئەخلاق” بە گوزارشتە نیتشەییەکەی. کە لە ڕاستیشدا ئەمانە کارێکی گەر نەکردە نەبن، ئەوا زۆر ئەستەم و قورس دەبن، بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا و میدیا گەیشتوون بەوپەڕی گەشەسەندن و واقیعی مەجازی جێی واقیعە ڕاستەقینەکەی گرتووەتەوە، هەموو ئەمانە دواجار دیرێدا نائومێد دەکەن و دەیگەیەننە ئەو بڕوایەی کە پێی وابێت ئەستەمە مێژووی درۆ بنووسینەوە، لە کاتێکدا درۆ بۆ خۆی مێژووی خوڵقاندووە. واتا هەر ئەوەی کە خودی درۆ ڕۆڵی لە شکڵگرتن و نووسینەوەی مێژوودا هەیە، وا دەکات کە ئەستەم بێت بگەین بە مێژوویەکی تایبەت و سەربەخۆی درۆ.

blank
هانا ئارێنت (١٩٠٦-١٩٧٥) فەیلەسووفی ئەڵمانی

ئازادی و درۆ

گوتنی هەقیقەت و سڵنەکردنەوە لە ڕاستییەکان بەرهەمی ژینگەیەکی ئازادە، ئەو جێیانەی کە ئازادییان داوەتە ئینسان بۆ دەربڕینی ئەو نیاز و بۆچوونانەی کە زادەی بیرکردنەوە و تێڕامانی کەسییانەی تاکن، زۆرترین هەقیقەتیان تێدا بەیان دەکرێت و کەمترین درۆ دەدەن بە گوێی یەکدیدا. نامەوێت ئەم وتەیە بەو ئاڕاستەدا ببەم کە خوێنەر وا هەست بکات لە کۆمەڵگە ئازادەکاندا، درۆکردن بوونی نییه و ئەوان لەناو هەقیقەت و ڕاستبێژییدا نقوم بوون. ئاخر درۆ یەکێکە لە سیفەتە دێرینەکانی مرۆڤ، کە لە هەر جێیەکی ئەم دونیایەدا بێت و سەر بە هەر کۆمەڵێکی مرۆیی بێت، مادام بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە مەحکومە بە درۆ. بەڵام درۆکردن لە کۆمەڵگە ئازاد و پێشکەوتووەکاندا پۆڵێن کراوە و ئاستەکانی دیاری کراوە، ئینسان لەوێدا ئەوەندەی خۆی درۆ دەکات نیو هێندە ناچار ناکرێت بە گوتنی درۆ، بە پێچەوانەی کۆمەڵگە نائازاد و سەرکوتکراوەکانەوە کە تاک تێیدا ناچارە بەردەوام لەنێو درۆ و وەهمی گەورە گەورەدا بژێت و بڕوای پێیان هەبێت و خۆی و ئەوانی دیکەشی پێ فریو بدات. لە ڕاستیدا درۆیەک کە بە ناچاری بە مرۆڤ دەکرێت درۆ نییە، بەڵکو نمایشکردنی درۆیە لە بەرگی ڕاستیدا. کە ئازادیی قسەکردن و بیرکردنەوە نەبوون، درۆکان دەبنە هەقیقەت و هەمووان بڕوایان پێ دەهێنن، وەک چۆن ڕاستییەکانیش دەشاردرێنەوە و گەر لێرە و لەوێ کەسێک زاتی ئەوە بکات بیاندرکێنێت، کۆمەڵگە بە هەموو هێزێکیەوە دەکەوێتە دژایەتی کردنی و وەک درۆ دەیناسێنێت.

جیاوازی نێوان کۆمەڵگەیەک کە ئازادیی ڕادەربڕین و ئاخاوتن تێیدا بۆ هەمووان فەراهەم کراوە و بە گوتنی ڕاستی ژیانی کەس تێیدا ناکەوێتە مەترسییەوە، لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێێدا کۆمەڵە پێوەرێکی گشتی دانراون و مرۆڤ ناچار دەکرێت بە ڕەچاوکردنی ئەو پێوەرانە قسەکانی خۆی بکات، لەوەدایە، یەکەمیان درۆکردن تێیدا کردەیەکی تاکەکەسییە و تاک ئازادە لەوەی ڕاستی بڵێت یان درۆ، بەڵام لەمەی دووهەمیاندا درۆکردن بووەتە پێوەری گشتی؛ بووەتە ناسنامەی کۆمەڵگە و کەس ناتوانێت باس لە درۆبوونی بکات، نەک هەر ئەوەندە، بگرە کەس بۆی نییە هیچ ڕاستییەک بڵێت کە بۆنی دژایەتی کردنی ئەو درۆ گەورەیەی لێ بێت. لە دۆخێکی وەهاشدا کۆمەڵگە دەبێتە کارگەی بەرهەمهێنانی درۆی گەورە و بەردەوام تاکەکانی لەسەر بڕواهێنان بەو درۆ گەورانە کۆ دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەر خودی ئەو کۆمەڵگەیە خۆی، بەردەوام ئامۆژگاریی تاکەکانی دەکات کە درۆ نەکەن، چونکە درۆکردن پێچەوانەی بیروباوەڕە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیە و ئینسانی پێ ناشرین دەبێت. مرۆڤ تووشی شۆک دەبێت کە دەبینێت لە کۆمەڵگەیەکی وەهادا تا چ ئاستێکی ترسناک درۆ و ڕاستی جێگۆڕکێیان پێ کراوە و شوێنەکانیان گۆڕیوەتەوە! یان تا چ ئاستێکی ترسناک ناچارە درۆ بە ڕاستی ببینێت و ڕاستیش وەک درۆیەکی قێزەون تەماشا بکات.

درۆ هاوبەشەکان

ڕاستە پەیوەندییەکی گەورە و مێژوویی لەنێوان درۆ و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا هەیە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمەڵگە ئازادەکان و کۆمەڵگە نائازادەکانمان لەیەکدی جیاکردەوە و نەمانویست هەمووی بە یەک چاو سەیر بکەین. بەڵام هێشتاش ئەم دوو تایپە لە کۆمەڵگە، کۆمەڵێک درۆی هاوبەشیان هەیە، کە بەشێکیان زادەی ویستە بنەڕەتییەکانی مرۆڤن بۆ نەگوتنی هەقیقەت و بەشێکیشیان پەیوەستن بە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و بازرگانییەکانی مرۆڤ. تۆ لە هەر کوێیەکی دونیادا بیت و سەر بە هەر کۆمەڵێکی مرۆیی بیت، هێشتا لەو خاڵەدا لەگەڵ تەواوی مرۆڤەکانی دیکەدا هاوبەشیت، کە مەحکوم بیت بە کردنی درۆگەلێک و دەرنەبڕینی هەقیقەتی ناخی خۆت وەک ئەوەی کە هەیە. بۆ نموونە درۆی کۆمەڵایەتی و نەگوتنی هەندێک ڕاستی و کەمێک مەراییکردن لە پێناوی دڵڕاگرتنی ئەوی دیکە، نموونەیەکی هەرە دیاری درۆی هاوبەشە. لە درۆی کۆمەڵایەتیش گشتگیرتر، درۆی سیاسییە. ئەمڕۆ لە سەرتاسەری جیهاندا درۆی سیاسی باوترین جۆری درۆیە و بە بەردەوامیش سەدان و بگرە هەزاران دەزگای میدیایی خراونەتە خزمەتی درۆ سیاسییەکانەوە. تۆ لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بیت، بێ ئەوەی خۆیشت بتەوێت، ڕۆژانە ناچاریت گوێت لە دەیان درۆی سیاسیی گەورە بێت و بەر چەندین هەواڵی هەڵبەستراو و ناڕاست بکەویت. ئەم درۆ هاوبەشانە دەرخەری ئاماژەیەکی شەرمهێنەرن، ئاماژەی ئەوەی کە مرۆڤ بوونەوەرێکە ناتوانێت دەستبەرداری درۆ بێت و لە هەر کوێیەکی دونیا و لەژێر هەربارودۆخێکدا بێت ئارەزووی کردنی هەندێک درۆی هەیە.

ڕیکلام پایەی سەرەکیی برەوسەندنی ئەم درۆ هاوبەشەیە، ڕیکلام چیدی بە تەنها وەک ڕۆژگارە دێرینەکان پشت بە پروپاگەندەی زارەکییانە نابەستێت، بەڵکوو داچۆڕیوەتە نێو میدیا و بەشێکی هەرە گەورەی میدیای بۆ تەرخان کراوە

درۆیەکی دیکەی مەترسیدار، کە لە سەدەی بیستەمەوە و لەگەڵ گەیشتنی سیستەمی سەرمایەداری بە دوا ئاستی گەشەسەندنی خۆی، زۆر بە خێرایی لە درۆیەکی لۆکاڵییەوە گۆڕدرا بۆ درۆیەکی جیهانی و هاوبەش، درۆی بازرگانییە. ڕیکلام پایەی سەرەکیی برەوسەندنی ئەم درۆ هاوبەشەیە، ڕیکلام چیدی بە تەنها وەک ڕۆژگارە دێرینەکان پشت بە پروپاگەندەی زارەکییانە نابەستێت، بەڵکوو داچۆڕیوەتە نێو میدیا و بەشێکی هەرە گەورەی میدیای بۆ تەرخان کراوە. ئەمڕۆ لە جیهاندا هیچ میدیایەک نییە نەئاخێنرابێت لە ڕیکلامی بازرگانی و هیچ دیوار و پانتایییەکی گشتیی نەماوەتەوە نەخرابێتە خزمەتی درۆکانی نێو بازاڕەوە. تەنانەت بەشێکی گەورەی فیکر و ئەدەبیات، زانست، شانۆ و هونەر بەگشتی، تەنانەت سیاسەت و ئایینیش لەمڕۆدا زۆر بە توندی لکێنراون بە ڕیکلامەوە. ڕیکلام بازاڕی فراوان کردووه و لەوە دەرچووە بە تەنها ئامانجی ناساندنی بەرهەمەکان و ڕاکێشانی کڕیار بێت بۆیان، بەڵکوو بووەتە کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی درۆ و ساختەکاری، ئیشی ڕیکلام لەمڕۆدا بووەتە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی زۆرترین کەس. ڕیکلامی بازرگانی لە ئێستادا ئامانجی هەرە گەورەی کۆنترۆڵکردنی ژیان و خوڵقاندنی بەردەوامی درۆیە، تاکوو لەو ڕێیەوە بگاتە زۆرترین داهات و ڕکابەرەکان تێکبشکێنێت، بۆ ئەوەی ئەمەش بکات دەبێت کەسانێک هەبن پسپۆڕی درۆزان بن و هەموو درۆیەکی نوێ بە نرخی (ڕاستیی کاتی) بدەنەوە بە خەڵکی، بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدات درۆ نوێیەکان درۆ کۆنەکانی ئاشکرا دەکەن، چونکە دەزانێت هەمیشە کەسانێک هەن بڕوا بە درۆ نوێیەکانی دەکەن. ڕاستیی کاتی درۆیەکە بۆ ماوەیەکی کاتی وەک ڕاستی خۆی نمایش دەکات و تا ئەوکاتەی ئامانجی ڕیکلامەکە دەپێکێت بەردەوام دەبێت، دواتر هەر خودی ئەو لایەنەی ئەو درۆیەی بە نرخی ڕاستیی کاتی بڵاو کردبووەوە، دێت و لەگەڵ بەرهەمێکی نوێتردا، درۆیەکی تر لە ڕێی ڕیکلامەوە دەکات بە ڕاستیی کاتی و ڕاستییە کاتییەکەی پێشتر پووچەڵ دەکاتەوە. ئەوەشی لەمەدا یاریدەی دەدات، میدیا و تۆڕە بەرفراوانەکانی ئینتەرنێتە وەک ناوەندێکی بەهێزی ڕیکلامکردن، میدیا و تۆڕەکانیش چونکە لەسەر بنەمای “نوێترین” دەبرێنە ڕێوە، بۆیە ڕیکلامە نوێیەکان ڕۆڵی خۆراکێکی سەرەکی دەبینن بۆیان. ڕیکلام کە بڕبڕەی پشتی درۆی بازرگانییە، لە ڕێی دەزگا میدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە درۆی بازرگانی کردووەتە درۆیەکی هاوبەشی جیهانی و لە توانایدایە لە یەک کاتدا ڕیکلامی کۆمپانیایەک بگەیەنێتە تەواوی کۆمەڵگەکانی سەر زەوی، واتا بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کۆمپانیەکەت لە کوێیە و خۆت لە کوێ دەژیت، دەتوانیت شتەکانت کە هاوپێچ کراون بە درۆی بازرگانیی گەورە، لە یەک کاتدا بناسێنیت بە کەسێک کە لە نیو یۆرک یان لە هەولێر یان لە مۆسکۆ دەژێت و لە جێی خۆتەوە فریوی بدەیت. کەوایە با تۆ سڵ لە درۆکردنیش بکەیتەوە، بەڵام چونکێ بینەری میدیایت و بەکارهێنەری ئەپەکانیت، ئەوا ناچاریت ڕۆژانە بەر ئەو درۆ هاوبەشە جیهانییانە بکەویت. لە دونیایەکی وەهادا، بەخت یاوەرتە، گەر نەبیتە قوربانی هیچ درۆیەکی مەترسیدار.

باجەکانی ڕاستبێژی؛ سڵکردنەوە لە هەقیقەت

لە مێژوودا هەمیشە درۆکردن و نەگوتنی هەقیقەت بە ناشیرینترین خاسیەتی مرۆیی ناوزەد کراون و هەمیشەش ئەو کەسانەی کە بە درۆزن ناوبانگیان ڕۆیشتووە، وەک کەسایەتییەکی شێواو و ناشیرین وێنا کراون و بوونەتە جێی تانە و پلاری کۆمەڵگە. لە بەرانبەریشدا، گوتنی هەقیقەت و بوێری وەک خاسیەتی پاڵەوانەکان و کەسێتییە ئازا و چاونەترس و شۆڕشگێڕەکان سەیر کراوە. هەرچەندە خودی کۆمەڵگە خۆیشی ڕقی لەو چاونەترسییە بووە و سڵی لێ کردووەتەوە، بگرە لە هەندێک دۆخیشدا کە زانیویەتی ڕاستبێژێک خەریکە درز دەخاتە باوەڕ و درۆ گەورەکانی کۆمەڵگەوە، زۆر بە توندی سزای داوە. واتا هەمیشە ڕاستبێژی لەسەر پرسە گەورەکانی نێو کۆمەڵگە باجی گەورەی خۆی هەبووه. وەنەبێت ئەمە کێشەیەکی هەنووکەیی و ئێرەیی بێت، بەڵکوو کێشەیەکی جیهانی و مێژووییە و لە هەموو کۆمەڵگە مرۆیییەکانی نێو مێژوودا هەبووە. لە یۆنانی کۆندا  “سۆکرات” دیارترین قوربانیی ڕاستبێژییە، نموونەی پشتکردنە لە درۆ و دەرخستنی هەقیقەتە، هەرچەندە کۆمەڵگەی یۆنانی ئەو سەردەمە ویستیان پەشیمانی بکەنەوە لە گوتنی هەقیقەتگەلێک کە دەیزانی و بڕوای پێیان هەبوو، چونکە لە ڕوانگەی کۆمەڵگەوە بۆ حاڵەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یاخیبوویەکدا لە نەریت و بیروباوەڕەکان، هەمیشە پەشیمانبوونەوە واتای داننان و بایەخدانانە بۆ ڕاستێتیی ئەو پێوەرانە، کە ئەمەش زۆر باشترە لە سزادان و کوشتنێک کە داننانی لەگەڵ نەبێت و گومان بخاتە سەر پێوەرەکان، سەرباری ئەو فشارەی لەسەری بوو، سۆکرات زۆر ئازایانە بیروباوەڕەکانی خۆی خستە ڕوو، دژ بەو درۆ گەورانەی کۆمەڵگەی یۆنانی وەستایەوە و ژەهرەکەی خواردەوە و مەرگی هەڵبژارد.
مێژووی ئەوروپا لە چاخە تاریکەکاندا و پێش ڕێنسانس، گێڕەرەوەی سەدان بەسەرهاتی تراژیدیی ڕاستبێژەکانە، ئەو ڕاستبێژانەی کە شتێکی جیاوازتریان دەوت لەو ژاوەژاوەی کە بە نێوی پێوەرە گشتییەکانەوە بەسەر خەڵکیدا سەپێنرابوو. لە ڕێی دادگاکانی پشکنینەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ڕاستبێژ سزای قورس دران “ڕاستبێژ بەو مانایەی کە ئەوەی لە ناخ و هزریاندا بووە، بێ سڵکردنەوە دەریانبڕیوە و درۆیان لەگەڵ خۆیان نەکردووە، نەک بە واتای پشتگیرکردن لە دروستی بۆچوونەکانیان”. ئەم باجی ڕاستبێژییە وەنەبێت تەنها پەیوەست بێت بە شوێنێکی دیاریکراو، یاخود کیشوەر و ناوچەیەکی دیاریکراوەوە، بەڵکوو مێژووی تەواوی کۆمەڵگە و نەتەوە و وڵات و کیشوەرەکان تەژییە لەو گێڕانەوانەی کە شاهیدی دەدەن بۆ نەبوونی ئازادی لە گوتنی هەقیقت و سزادانی ئەو کەسانەی کە پێچەوانەی باوەڕی باوەوە دواون.

لە مێژووی خۆرهەڵاتدا “مەنسووری حەلاج6حەلاج ناوی تەواوی حوسێن کوڕی مەنسووری کوڕی مەحمیە، لە ساڵی ٨٥٨ زایینی لە ئێران لەدایک بووە و لە واسیت گەورە بووە، لەبارەی ڕەچەڵەکییەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک لە مێژوونووسان بە فارسی دادەنێن و بەشێکیشیان بە عەرەب، بەڵام ئەوە یەکلا بووەتەوە کە حەللاج هەردوو زمانی فارسی و عەرەبی بە باشی زانیوە. لە مێژووی سۆفیگەرێتیی ئیسلامی و تەنانەت جیهانیشدا وەک بەناوبانگترین سۆفی ناسراوە. لە سەردەمی عەباسییەکاندا ژیاوه و بە ماوەیەکی زۆر کەم توانیویەتی شوێنکەوتەیەکی زۆر بۆ بۆچوونەکانی خۆی پەیدا بکات، لەبەر ناتەباییی بۆچوونەکانی لەگەڵ بۆچوونی پیاوانی ئایینی و ڕەوتی شەریعەت و بەهۆی ڕەخنە سیاسییەکانیەوە، وەک مەترسییەکی زۆر گەورە سەیر کراوە، ئاخر لە دیدی حەللاجەوە تەسەوف واتا جیهادکردن لە دژی شەڕەنگێزی و ستەمیی نەفسی خۆت و کۆمەڵگەکەت، ئەمەش واتای لێدانە لە پێوەرە گشتییەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات. بۆیە لەلایەن خەلیفە (موقتەدیر بیللا)وە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت و ساڵی ٩٢٢ زاینی بە بەرچاوی دانیشتوانی بەغداوە هەڵیدەواسن و بە تۆمەتی زەندەقە و بانگەشەکردنی پێغەمبەرایەتی و خۆناساندن بە خودا، دەست و قاچ و سەری دەپەڕێنرێت و جەستەکەی دەسووتێنرێت. بڕوانە: لويس ماسينیون: الآم الحلاج، شهيد التصوف الآسلامي، الجزء الآول، ترجمة والتحقيق: الحسين حلاج، من منشورات دار النینوی، ٢٠١٩.عاریف و سۆفی ناسراو کە لەنێوان ساڵانی ( ٨٥٨-٩٢٢) زایینی ژیاوە، یەکێکی ترە لەوانەی کە باجی ڕاستبێژی داوە و نەیتوانیوە لە پێناوی کۆمەڵگەدا درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات و ڕاستی بۆچوونەکانی خۆی بشارێتەوە. حەلاج دوای ئەوەی کە ( شطحات) و (طواسين)7بەشێکی زۆری نووسراوەکانی حەلاج لەژێر ناوی( الطواسین)دا نووسراون، هەڵبەتە ئەمە پەیوەندی بە (الطواسين)ی سێ سورەتەکەوە نییە، بەڵکوو دابەشکردنی دەقەکانە لە ڕێی گەڕانەوە بۆ بنەڕەتیترین بەشی زمان کە پیتەکانە. دواتریش لە ڕێی ئەم پیتانەوە ئاماژە و کۆدی تایبەتی دانراون، تاوەکوو ببێتە زمانێکی تایبەتمەند بە دەربڕینی هەقیقەت، بۆ نموونە: (طاسین السراج، طاسین النقطة، طاسين الدائرة، ….هتد). حەلاج ئەم کتێبەی لە زینداندا نووسیوە و قوتابییەکانی بردوویانەتە دەرەوەی زیندان و پاراستوویانە، لەبەر بایەخە زمانیی و مێژوویی و  فیکرییەکەی تا ئەمڕۆیش وەک گرنگترین کتێبی سۆفیگەری لێی دەڕوانرێت. بڕوانە: (الحسين بن منصور الحلاج: كتاب الطواسين، المحقق: محمد باسل، دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان، الطبعة الآولی، ٢٠٠٢.ەکانی و گوتەی (آنا الحق)8ئەم دەربڕینە کرۆکی بیرکردنەوە و تێڕوانینی حەللاج پێک دەهێنێت، کە بانگەشەی ئەوەی تێدا دەکات ئەو لەگەڵ خوادا بووەتە یەک و تواوەتەوە تێیدا، ئەوەی لەودا دەدوێت خودایە و کەسی دی نییە. هەر خودی ئەم دەربڕینەش (آنا الحق) بوو بە هۆکاری سەرەکی بە زەندیق زانینی و بە بانگەشەکردنی خۆبەخوازانین لێکدراوەتەوە. بڕوانە: لوئی ماسینیون، پل کراوس: اخبار حلاج/نسخەای کهن در سیرت حسین بن منصور حلاج، ترجمه: سید حمید طبیبیان، نشر اطلاعات، چاپ٧، ١٣٨٧.ی بە نێو خەڵکیدا بڵاو بووەوە؛ دوای ئەوەی کە سڵی لە گوتنی هەقیقەتێک نەکردەوە کە دەیزانی، لەلایەن نوێنەرە شەرعی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەوە، بە هەڵواسراوییەوە دەست و قاچ و سەری لێ کرانەوە و گڕ لە جەستەشی بەردرا. ئایا حەلاج درۆزن بوو؟ یان بوێژی ڕاستییەک کە خۆی درکی پێ کردبوو؟ گەر درۆ وا ببینین کە گوتنێکە پێچەوانەی پێوەرە گشتییەکان؛ پێچەوانەی ئەو پێوەرانەی کە بۆ گوتنی ڕاستی دانراون، ئەوا حەلاج درۆزنێکی گەورەی نێو کۆمەڵگەکەی خۆی بووە. بەڵام ئەگەر درۆ وا پێناسه بکەین کە بریتییە لە نەگوتنی ئەو هەقیقەتەی کە دەیزانی و شاردنەوەی باوەڕی ڕاستەقینەی خۆت، ئەوا بێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەتوانین بڵێین حەلاج نموونەیەکی دەگمەنی ڕاستبێژیی خۆرهەڵاتییە لە مێژوودا.

مەحوی” کە شاعیر و موتەسەوفێکی گەورەی کورد و  خۆرهەڵاتە، زۆر زوو درکی بەوە کردبوو کە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان جێگۆڕکێیان بە درۆ و ڕاستی کردووه و ئەوەی لەگەل پێوەرە گشتییەکانیاندا بێتەوە ڕاستگۆیە و ئەوەشی کە لەگەڵ پێوەرەکانی ئەواندا نەیەتەوە و هاوڕایان نەبێت، درۆزن و هەڵگێڕەرەوەی هەقیقەتە. دەشزانێت کە گوتنی هەقیقەتی ناخی خۆت و خستنەڕووی وەکوو ئەوەی کە هەیە، نەک وەکوو ئەوەی کە ئەوانی دی دەیانەوێت، باج و سزای گەورەی بەدواوەیە. کەچی سەرباری زانینی ئەم ڕاستییە تاڵەش، هێشتا مەحوی سوورە لەسەر گوتنی هەقیقەت و خستنەڕووی بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت، بۆیە لە شیعرێکدا دەڵێت:

بە حەق هەر حەق، بە ناحەق ناحەقم وتووە، لە ڕۆژێ بووم
وەکو مەنسوور ئەگەر بیشمکوژن، ناکەم لە حەق لادەم9مەحوی لە چەند جێیەکی دیکشدا باسی مەسەلەی ڕاستیگوتن و گرنگی سڵنەکردنەوە لە گوتنی هەقیقەت دەکات، بۆ نموونە لە شیعرێکیدا دەڵێت:(هەتا حەق ناصیرە، هەر حەقمە مەنظوور/وەکو مەنصور ئەگەر بمکەن بە دارا)… کە لێرەشدا جەخت لەسەر گوتنی هەق و ڕاستی دەکاتەوە، بەبێ گوێدانە باجەکەی، تەنانەت گەر وەکوو مەنسوری حەلاجیش لەسەر هەق گوتن لەسێدارەی بدەن. لە جێیەکی دیکەدا مەحوی دەڵێت:(موحەققەق هەر کەسێک مەسلەکیە حەقق و حەققیە مەنظوور/سولووکی چوونە سەردارە، تەریقەی پیریە مەنصور… واتا: بێگومان ئەوەی بە دوای حەقدا بگەڕێت و حەقی لا مەبەست بێ، بۆی دەچێتە سەردار و لە پێناویدا خۆی دەدا بە کوشت، ئەمە ئەو ڕێگایەیە مەنسوری حەلاج کە سەردەستەی حەق خواهان بووە گرتوویەتیە بەر و ‌پێیدا ڕۆیشتووە. بڕوانە: دیوانی مەحوی، لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و محەمەدی مەلا کەریم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا، ١٩٧٧

شتێک کە لێرەدا جێی سەرنجە و دەبێتە جێی پرسیار، ئەوەیە کە بۆچی کۆمەڵگە بەم جۆرە سڵ لە گوتنی هەقیقەتە فەردییەکان دەکاتەوە؟ ئایا درکاندنی ئەم ڕاستییانە ئەوەندە مەترسیدارە کە زیان بە پێوەرە گشتییەکانی هەقیقەت بگەیەنێت؟ کاتێک تەماشای پێوەرە گشتییەکانی کۆمەڵگەکان دەکەین، هەر زوو درک بە لەرزین و خۆنەگیری و سستی ئەو پایانە دەکەین کە پێوەرەکانی کۆمەڵگەی لەسەر ڕاگیرکراوه. ئەو پێوەرە لەرزۆکانە چونکە هەقیقەت نین و سێبەری هەقیقەتن؛ چونکە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و مرۆیانەی بەهێزیان نییە و تەنها لەسەر بنەمای ڕاگرتنی تەباییی کۆمەڵایەتی وەستاون، بۆیە بە بچووکترین تەقەلای ڕاستبێژێکی خۆکرد، پایەکان دێنە لەرزین و دەکەونە بەر مەترسی ڕووخان و لەناوچوون.

چۆن بزانین هەقیقەت هەقیقەتە؟

لە کاتێکدا کە داڕێژەری پێوەرە گشتییەکانی هەقیقەت خودی تاکەکانی کۆمەڵگەن، کە دواجار هەر ئەوانن کۆڕاییان چێ کردووه و کردوویانن بە هەقیقەت، چۆن دەتوانین باس لەوە بکەین کە ئەم پێوەرانە خودی هەقیقەت نین و سێبەری هەقیقەتن! ئایا هیچ پاڵپشتییەکی لۆژیکی هەیە کە بیسەلمێنێت ئەوەی مرۆڤێک دەیڵێت و جودایە لە پێوەرەکانی کۆمەڵگە، خودی هەقیقەتە؟ ڕوونتر بڵێین بە چ پێوەرێک ئەوەی حەلاج گوتویەتی هەقیقەتە و ئەوەی کۆمەڵگە دەیڵێت سێبەری هەقیقەتە؟ بۆ ئەوەی لەو دۆشدامانە هزرییە دەربچین و بتوانین داوەرییەکی فینۆمینۆلۆجییانه بکەین، دەبێت هەموو پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دیاریکردنی هەقیقەت بخەینە لاوە و کار بە پێوەرێکی جیاوازتر بکەین. بەو مانایەی هەقیقەت لە هەموو پێناسەیەکی پێشوەختە دابماڵین و وەکو خۆی بیبینین. وەختێکیش هەوڵماندا هەقیقەت وەکوو خۆی ببینین، ڕەنگە کەمێک تووشی شۆک ببینین، ئەم شۆکە زادەی داماڵراوی هەقیقەتە لە داپۆشەرە درۆینەکان؛ زادەی بەرکەوتنە لەگەڵ هەقیقەتێکی ڕووت و قووت. ئیدی زۆر بەئاسانی ئەوە دەبینین کە هەقیقەت هیچ پێوەرێکی نییە و خۆیەتی، هەر بەو جۆرەی کە ڕێگە بدەین خۆی بەیان بکات، یەکسەری خۆی دەردەخات. گەر کۆی ئەم وتانە کۆ بکەینەوە و هەوڵ بدەین هەقیقەتی لێوە بناسین، دەگەین بەوەی کە هەقیقەت و ڕاستبێژی واتا گوتنی ئەوەی کە لە ناخ و هزردایە وەک ئەوەی کە هەیە، نەک وەک ئەوەی ئەوانی دی دەیانەوێت. هەقیقەت هەر ئەو وشانەیە کە به ئازادی و خۆییبوونێکی تەواوەتییەوە دەریدەبڕین بێ هیچ فشار و ناچارکردنێکی دەرەخۆیی، ئیدی ئەو شتانە ڕاست بن یان درۆ، ئەوە پێوەرە گشتییەکانی کۆمەڵگەیە ئەم دادوەرییانەمان پێ دەکات. دواجار گرنگە بزانیت تا ئەو جێیە هەقیقەت لای تۆیە کە بە ئازادانە ناخی خۆت دەربڕیت و بۆچوونەکانت بخەیتە ڕوو، بەبێ ئەوەی پێت وابێت ئەم بۆچوونانەی تۆ هەقیقەتی ڕەهان و لێیەوە بڕوانیتە بۆچوونی ئەوانی دی. کەی هەمووان توانییان ئازادانە بدوێن و ڕاستگۆیانه ئەوەی لە دەروون و هزریاندایە دەریببڕن، واتا ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە هەقیقەتی وەکوو خۆی ناسیوه و مامەڵەی لەگەڵ دەکات، واتا ئێمە کۆمەڵگەیەکین باوەشمان بۆ هەموو هەقیقەتەکان کردووەتەوە و تاکبین و خۆسەپێن نین، واتا ئێمە کۆمەڵگەیەکین هەقیقەتمان وەک ئەوەی کە هەیە قبوڵە، نەک وەک ئەوەی خۆمان دەمانەوێت هەبێت.

داهاتووی درۆ

پێویست ناکات ئینسان فاڵگرەوە و غەیبزان بێت تا بتوانێت پێشبینی بۆ داهاتووی درۆ بکات، چونکە هەم ڕیشە مێژووییەکانی درۆ و هەمیش ئەو بونیادە کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە درۆ هەیەتی، بە ڕەچاوکردنی گەشەی تەکنەلۆژییانە و پێشکەوتنی زیاتری تۆڕەکانی پەیوەندی، ئاماژەی ڕوون و ئاشکران بۆ بەردەوامێتیی درۆ وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژینگەی مرۆیی. بەو پێیەشی کە مرۆڤ بوونەوەرێکە بە سروشتی خۆی حەزی لە پاراستنی تایبەتمەندییەکان و ویستە ناوەکییەکانێتی، جا چ لەبەر خۆپارێزی و نەبوونی ژینگەی ئازاد بێت یاخود لەبەر هەر هۆکارێکی دیکە، ناتوانین موژدەی هاتنی سەردەمێک بدەین کە درۆ تێیدا کەمترین بەشداری هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بە بەردەوامی جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئینسان لەژێر سایەی هەر بارودۆخێکدا بێت و لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا بژێت، نابێت ناچار بکرێت بە شاردنەوەی هەقیقەت، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە خۆی خواستی دەربڕینی نەبێت. گرنگیشە بە بەردەوامی مرۆڤ لە مەترسی درۆ سیاسی و بازرگانی و ئایینی و میدیایییەکان ئاگادار بکرێتەوە و  ڕێگا لە فریودانی بگیرێت. بەمەش داهاتووی درۆ خاڵی دەبێتەوە لە مەترسییە کوشندەکانی درۆکردن بۆ سەر تاک و پانتاییی ژیانی گشتی.

لە دەستپێکدا گوتمان کە درۆ چەکی لاوازەکانە دژ بە بەهێزەکان، بەڵام گرنگه ئەم چەکە تەنها لە حاڵەتی خۆپارێزیدا بەکار بهێنرێت و نەهێڵرێت ببێتە خوو، ڕێگە نەدرێت درۆ ببێتە هۆکارێک بۆ مەترسی خستنە سەر ژیانی ئەوانی دی و فریودانیان بە بیانووی بەرژەوەندیخوازییەوە. گەر درۆ تەنها وەک چەکێک بۆ خۆپارێزی مایەوە ئەوا ناتوانین هەمان مامەڵەی درۆ ڕاستەقینە و مەترسیدارەکانی دیکەی لەگەڵدا بکەین و بە هەمان پێوەری ئەوان بە درۆی بزانین. کە ئەم دابەشکارییەمان کرد چیدی هەموو درۆکان نابنە درۆ و هەقیقەتیش ڕوونتر و ئازادانەتر خۆی بەیان دەکات، چونکە چیدی بە یەک چاوەوە سەیری هەموو درۆکان ناکەین و هەندێکیان تەنها لە چوارچێوەی زماندا بە درۆ ناو دەبرێن. لە ڕاستیشدا داهاتووی درۆ بەستراوە بەم دابەشکارییەوە؛ بەستراوە بە وەلاخستنی درۆ خۆپارێزییەکان و جەختکردنەوە لەسەر درۆ گەورەکان بەتایبەتی لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەیدا، کە ئینسان بە تەنێ ڕەچاوی بەرژەوەندی و چاوچنۆکیی خۆی دەکات و گوێ بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی نادات لەسەر ئەوانی دی. ڕێگدان بە بەیانکردنی هەقیقەتی ناخ و بیر، هەوڵدان بۆ بینینی ڕووداوەکان وەکو خۆیان بێ هیچ پێشبیری و پێشبڕیاریەک و لابردنی ئەو ڕووپۆشانەی کە لە ئەنجامی درۆ میدیایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکانەوە دراون بە سەر ڕاستیەکاندا و شاردراونەتەوە، وا دەکات کە لە داهاتوودا درۆ لە ئاستە بەرفراوان و مەترسیدارەکەیدا بەرەو کاڵبوونەوە بچێت و نەتوانێت وەکوو ئێستا هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی کایە سەرەکییەکانی ژیاندا بسەپێنێت و ببێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ڕاستبێژی و هەقیقەت.


پەراوێزەکان

  • 1
    الكسندر كوارییه: تآملات في الكذب، ترجمة: تاجة بوحجة، مجلة الحكمة، ١٢، ٢٠١٩
  • 2
    هانا ئارێنت ڕاستەوخۆ نەیگوتوە کە ئەم وتارەی وەک گەنگەشەکردنێک بۆ ڕوانینەکانی کوارییە نووسیوە، بەڵکوو لە پێشەکیی وتارەکەیدا دەڵێت کە هۆکاری نووسینی ئەم وتارەی زیاتر ڕوونکردنەوەی کتێبەکەی پێشتری خۆیەتی: ( ئێخمان لە ئۆرشەلیم) بڕوانە: هانا ارنت: آیشمن در اورشلیم/گزارش در باب ابتذال شر، ترجمه: زهرا شمس، چاپ بیست و دوم، نشر برج
  • 3
    حنا ارندت: الحقيقة والسياسة، ترجمة: الحسین سحبان، مجلة يتفكرون، عدد ٦، ٢٠١٥.
  • 4
    هێڵی سەرەکی ئیشکردنی ئارێنت، لە زۆرێک لە نووسین و کتێبەکانیدا، وردبوونەوە و ڕامانە لە سروشتی ئەو پەیوەندییەی کە سیاسەت بە ژیانی مرۆڤەوە دەبەستێتەوە و هەوڵی داوە کاریگەریی سیاسەت و درۆی سیاسی و سیاسەتوانەکان لەسەر پانتاییی ژیانی گشتی دەربخات. بۆ نموونە بڕوانە: (حنة ارندت: ما السياسة؟، الترجمة و تحقيق: الدكتور زهير الخويلدي، آ. سلمی بالحاج مبروك، دار الآمان، منشورات الضفاف، ط۱، بيروت، ٢٠١٤.) هەروەها ( هانا آرنت: اندیشیدن و ملاحظات اخلاقی، ترجمه: عباس باقری، نشر نی، چاپ پنجم، ١٣٩٩).  ڕەنگە ئەم کتێبەی ڤیلیب هانسن باشترین سەرچاوەیەک بێت تا لێیەوە لە ڕوانینەکانی ئارێنت دەربارەی ئەو مەسەلانە باشتر تێبگەین. فيليب هانسن: حنة ارندت السياسة والتآريخ والمواطنة، ترجمة: خالد عاید آبو هدیب، المركز العربي للآبحاث و دراسة  السياسات، ٢٠١٨
  • 5
    جاك دريدا: تآريخ الكذب، ترجمة و تقديم: رشيد بازي، المركز الثقافي العربي، الطبعة الآولی، ۲۰۱٦.
  • 6
    حەلاج ناوی تەواوی حوسێن کوڕی مەنسووری کوڕی مەحمیە، لە ساڵی ٨٥٨ زایینی لە ئێران لەدایک بووە و لە واسیت گەورە بووە، لەبارەی ڕەچەڵەکییەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک لە مێژوونووسان بە فارسی دادەنێن و بەشێکیشیان بە عەرەب، بەڵام ئەوە یەکلا بووەتەوە کە حەللاج هەردوو زمانی فارسی و عەرەبی بە باشی زانیوە. لە مێژووی سۆفیگەرێتیی ئیسلامی و تەنانەت جیهانیشدا وەک بەناوبانگترین سۆفی ناسراوە. لە سەردەمی عەباسییەکاندا ژیاوه و بە ماوەیەکی زۆر کەم توانیویەتی شوێنکەوتەیەکی زۆر بۆ بۆچوونەکانی خۆی پەیدا بکات، لەبەر ناتەباییی بۆچوونەکانی لەگەڵ بۆچوونی پیاوانی ئایینی و ڕەوتی شەریعەت و بەهۆی ڕەخنە سیاسییەکانیەوە، وەک مەترسییەکی زۆر گەورە سەیر کراوە، ئاخر لە دیدی حەللاجەوە تەسەوف واتا جیهادکردن لە دژی شەڕەنگێزی و ستەمیی نەفسی خۆت و کۆمەڵگەکەت، ئەمەش واتای لێدانە لە پێوەرە گشتییەکانی کۆمەڵگە و دەسەڵات. بۆیە لەلایەن خەلیفە (موقتەدیر بیللا)وە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت و ساڵی ٩٢٢ زاینی بە بەرچاوی دانیشتوانی بەغداوە هەڵیدەواسن و بە تۆمەتی زەندەقە و بانگەشەکردنی پێغەمبەرایەتی و خۆناساندن بە خودا، دەست و قاچ و سەری دەپەڕێنرێت و جەستەکەی دەسووتێنرێت. بڕوانە: لويس ماسينیون: الآم الحلاج، شهيد التصوف الآسلامي، الجزء الآول، ترجمة والتحقيق: الحسين حلاج، من منشورات دار النینوی، ٢٠١٩.
  • 7
    بەشێکی زۆری نووسراوەکانی حەلاج لەژێر ناوی( الطواسین)دا نووسراون، هەڵبەتە ئەمە پەیوەندی بە (الطواسين)ی سێ سورەتەکەوە نییە، بەڵکوو دابەشکردنی دەقەکانە لە ڕێی گەڕانەوە بۆ بنەڕەتیترین بەشی زمان کە پیتەکانە. دواتریش لە ڕێی ئەم پیتانەوە ئاماژە و کۆدی تایبەتی دانراون، تاوەکوو ببێتە زمانێکی تایبەتمەند بە دەربڕینی هەقیقەت، بۆ نموونە: (طاسین السراج، طاسین النقطة، طاسين الدائرة، ….هتد). حەلاج ئەم کتێبەی لە زینداندا نووسیوە و قوتابییەکانی بردوویانەتە دەرەوەی زیندان و پاراستوویانە، لەبەر بایەخە زمانیی و مێژوویی و  فیکرییەکەی تا ئەمڕۆیش وەک گرنگترین کتێبی سۆفیگەری لێی دەڕوانرێت. بڕوانە: (الحسين بن منصور الحلاج: كتاب الطواسين، المحقق: محمد باسل، دار الكتب العلمية، بيروت، لبنان، الطبعة الآولی، ٢٠٠٢.
  • 8
    ئەم دەربڕینە کرۆکی بیرکردنەوە و تێڕوانینی حەللاج پێک دەهێنێت، کە بانگەشەی ئەوەی تێدا دەکات ئەو لەگەڵ خوادا بووەتە یەک و تواوەتەوە تێیدا، ئەوەی لەودا دەدوێت خودایە و کەسی دی نییە. هەر خودی ئەم دەربڕینەش (آنا الحق) بوو بە هۆکاری سەرەکی بە زەندیق زانینی و بە بانگەشەکردنی خۆبەخوازانین لێکدراوەتەوە. بڕوانە: لوئی ماسینیون، پل کراوس: اخبار حلاج/نسخەای کهن در سیرت حسین بن منصور حلاج، ترجمه: سید حمید طبیبیان، نشر اطلاعات، چاپ٧، ١٣٨٧.
  • 9
    مەحوی لە چەند جێیەکی دیکشدا باسی مەسەلەی ڕاستیگوتن و گرنگی سڵنەکردنەوە لە گوتنی هەقیقەت دەکات، بۆ نموونە لە شیعرێکیدا دەڵێت:(هەتا حەق ناصیرە، هەر حەقمە مەنظوور/وەکو مەنصور ئەگەر بمکەن بە دارا)… کە لێرەشدا جەخت لەسەر گوتنی هەق و ڕاستی دەکاتەوە، بەبێ گوێدانە باجەکەی، تەنانەت گەر وەکوو مەنسوری حەلاجیش لەسەر هەق گوتن لەسێدارەی بدەن. لە جێیەکی دیکەدا مەحوی دەڵێت:(موحەققەق هەر کەسێک مەسلەکیە حەقق و حەققیە مەنظوور/سولووکی چوونە سەردارە، تەریقەی پیریە مەنصور… واتا: بێگومان ئەوەی بە دوای حەقدا بگەڕێت و حەقی لا مەبەست بێ، بۆی دەچێتە سەردار و لە پێناویدا خۆی دەدا بە کوشت، ئەمە ئەو ڕێگایەیە مەنسوری حەلاج کە سەردەستەی حەق خواهان بووە گرتوویەتیە بەر و ‌پێیدا ڕۆیشتووە. بڕوانە: دیوانی مەحوی، لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و محەمەدی مەلا کەریم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا، ١٩٧٧