لەنێوان «کاڕڵ مارکس و شاڕل فۆریە»دا
دەربارەی واڵتەر بنیامین
لە ١٩٣٥ لە میانەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی گروپی «هێرشی پێچەوانە»(Contre-Attaque)دا – کە پێک هاتبوو لە تێکەڵەی گروپبەندییەکی ماوەکورتیی کەسانی وەک ئەندرە بریتۆن و ژۆرژ باتای – واڵتەر بنیامینم بینی. دواتر بنیامین بوو بە ئەندامێکی کۆششکەر و دڵسۆزی بەشدارانی کۆلیژی سۆسیۆلۆژی –لقی کۆمەڵەیەکی نهێنی و داخراو بەڕووی دەرەوەدا – (کە دوای دابڕانی لە بریتۆن، لە دەوری ژۆرژ باتای دروست بوو). لەو کاتە بەدواوە، بنیامین جاروبار بەشداریی کۆبوونەوە بچووکە تایبەتەکانمانی دەکرد.
واڵتەر بنیامین بەهۆی بێزاربوون و ناڕەحەتبوونی لە ناڕوونی و لێڵییە تیۆلۆژیا و ئیلاهیاتییەکانی کۆمەڵە نهێنییە ناوبراوەکە، هەندێک ڕەخنەی خۆی پێشکەش کردین کە لە شیکاریی خۆیەوە بۆ گەشەی ڕۆشنبیریی بۆرژوازیی ئەڵمانییەوە سەرچاوەیان گرتبوو، واتا لە «سەرهەڵدان و بەرزبوونەوەی کۆڵەکە میتافیزیکی و سیاسییەکانی ئەو شتەی مەحاڵە شان بە شانی ناکۆکییەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەرمایەداری بگواسترێنەوە و لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەدا بگونجێن»، ئەو شتانەی هەرێمێکی دەروونی و ڕۆحییان ئاوەڵا کردبوو کە بە کەڵکی نازیزم دەهات. هەر لێرەوە بوو هەوڵی دەدا شیکارییەکەی خۆی بەسەر هەلومەرجی ئێمەشدا پیادە بکات. بە شێوەی جۆراوجۆر داوای لێ دەکردین بەرانبەر بەم «نقوومبوونە» بووەستینەوە؛ سەرەڕای دەرکەوتە و دیاردەی نەگونجاوێتیی کورتنەکراوەمان، مەترسیی ئەوەمان لەسەر بوو خەریکین چاوشارکێ و سەرەتاتکێ لەگەڵ «ئێستاتیکای پێش-فاشیستیی»دا دەکەین. لە بەکارهێنانی ئەم ستایلە ڕاڤەکارییەیدا بنیامین بەقووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی تیۆرەکانی گیۆرگ لۆکاچ، تا بتوانێت بەسەر ناخۆشی و نائارامییەکانی خودی خۆشیدا زاڵ ببێت، و هەوڵی دەدا لە ناوەوەی ئەم مەتەڵەدا پەرژینێکمان بۆ دروستکات تا بمانپارێزێت.
لەم خاڵەی شیکارییەکەیدا کە پێشگریمانەکانی لەگەڵ بنچینەکان و مێژووی سەرەتای گروپە یەک بەدوای یەکەکانی بریتۆن و پاشان باتای، بەتایبەت کۆمەڵەی نهێنییدا نەدەهاتنەوە، نەدەکرا بە ڕێککەوتن بگەین. لە بەرانبەردا زۆر سەختگیرانەتر سەبارەت بە ڕەسەنترین قووڵاییی ڕوانینی ئەو، خستمانە ژێر پرسیارەوە، واتا، ڕوانینی کەسیی خۆی چییە بەرانبەر بە نوێبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی ڕوانگەی «فالانستەری» [تیۆری شاڕڵ فۆریە بۆ کۆمەڵی هاوبەش-وەرگێڕ]. هەندێک جار سەبارەت بە فالانستەریزم وەک جۆرێک «ناواخنگەرایی» (esotericism) «هەم ئیرۆتیکی و هەم پیشەکاری» بۆمان دەدوا، شتێک لە ناوەوەی تێگەیشتنە ڕوون و ڕاشکاوە مارکسیستییەکانی ئەودا هەن. خاوەندارێتیی هاوبەشی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات کۆمەڵگەیەک شوێنی چینە کۆمەڵایەتییە هەڵوەشاوەکان بگرێتەوە کە لە داهاتوودا بە چینە کاریگەرەکان دەناسرێتەوە و لە قەڵەم دەدرێت. بەرهەمهێنانێکی پیشەسازیی ڕزگارکراو، نەک بەرهەمهێنانێکی کاریگەرانە بەپاشکۆکراو، ڕێگە خۆش دەکات فۆرمەکانی بدرەوشێنەوە و خۆی ئاڵوگۆڕەکانی ڕێک بخات، بەو مانایە کار لە هاوپەیمانێتییدا لەگەڵ ئارەزووە تێرنەبووەکان ئەنجام دەدرێت و ئیتر کار لەوە دەکەوێت پاداشتێکی سزادەرانە و ئەشکەنجەکارانەی کرێکاران بێت.
تێبینیی وەرگێڕ: ئەم تێبینییە چڕەی کلۆسۆڤسکی لەوەوە هاتووە کە بنیامین لە سەروبەندی ١٩٣٣ تا ١٩٣٦ لە پاریس چاودێریی ڕۆشنبیرانی فەڕەنسی دەکرد بزانێت لە کوێدا ئەو تێما مێتافیزیکی و ئەفسانەیییانە و بەئێستاتیکاییکردنی ڕووداوە واقیعییەکان و توندوتیژی دووبارە دەبنەوە، ئەو تێما و ناوەرۆکانەی لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەدا، ڕێگەیان بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە ئەڵمانییەکان خۆش کردبوو. بنیامین و ڕۆشنبیرانی دیکەی ئەڵمانی، بەتایبەت چەپە هەڵاتووەکان، پێشتر چاودێریی ئەوەیان کردبوو چ ئەفسانە و فەلسەفە و میتافیزیکێک کۆمەکی نازیزمی کردووە. کلۆسۆڤسکی کە خۆی وەرگێڕی بەرهەمەکانی بنیامین بووە بۆ زمانی فەڕەنسی و ساڵی ١٩٣٥ وتاری «کاری هونەری لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیدا» وەردەگێڕێت بۆ فەڕەنسی، ئاشنای یەکەم تێزی وتارەکەیە کە تێیدا هاتووە «نابێت هیچ بڕگەیەکی ئەم نووسینە خزمەت بە فاشیزم بکات، چونکە تیۆرەکانی دیکە تا ئێستا هەموویان یان خزمەتیان بە فاشیزم کردووە یان لە بەرانبەریدا شکستیان هێناوە»، بیست ساڵ دواتر کراکاوەر کتێبی «لە کالیگارییەوە بۆ هیتلەر: مێژووی سایکۆلۆژیی فیلمی ئەڵمانی» دەنووسێت و دەڵێت یەکەم فیلمی کابینەکەی دکتۆر کالیگاریی تا فیلمی سەرکەوتنی ئیرادەی لێنی ڕیفنشتال، لە ماوەی سیانزە ساڵدا، هیچ نەبوون جگە لە ئامادەکردنی سایکۆلۆژییانەی کۆمەڵگەی ئەڵمانی تا لە ١٩٣٣دا هیتلەر لە باوەش بگرن. گیۆرگ لۆکاچ کتێبی «وێرانبوونی عەقڵ» لە ١٩٥٤دا دەنووسێت و دەڵێت فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی لە شیللینگەوە تا هایدیگەر ڕێگەخۆشکردن بووە بۆ گەشەسەندنی بیر و بکەری فاشیستی. ئەوەی جێگای ئاماژەیە کلۆسۆڤسکی لەم نووسینەدا، باس لەوە دەکات کە بنیامین لەژێر کاریگەریی لۆکاچدا ڕەخنەی لە ئەوان گرتووە، بەتایبەت «ئێستاتیکای پێش-فاشیستی»، کلۆسۆڤسکی لە ١٩٦٩دا ئەم تێبینییەی نووسیوە، بنیامین لە ١٩٤٠دا خۆی کوشتووە و لۆکاچ لە ١٩٥٤دا کتێبەکەی نووسیوە، ناڕوونییەک لە ئاماژە زەمەنییەکاندا هەن و کلۆسۆڤسکی هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات. بڵێیت پێش ئەوەی کتێبی «لەدایکبوونی عەقڵ» لەلایەن لۆکاچەوە نووسرابێت، بنیامین ئاشنای ناوەرۆکەکەی بووبێت، یاخود ئەوە بنیامین خۆشی پێش کتێبەکەی لۆکاچ بەم بیرۆکانە گەیشتووە؟
ئەوەی کلۆسۆڤسکی دەیەوێت ئاماژەی پێ بکات، و بەرگری لە گروپەکەیان بکات لە بەرانبەر ڕەخنەکانی بنیامین، یان زەنگەکانی مەترسی، ئەوەیە کە بنیامین خۆشی بەدەر نەبووە لەوەی پەنا بۆ هەندێک میتافیزیک و خەیاڵ ببەستێت، بەتایبەت وەک دەزانین بنیامین قووڵ کاریگەر بووە بە شاڕڵ فۆریە، ئەمە ئەو شتەیە کلۆسۆڤسکی دەیەوێت ناڕاستەوخۆ و بە نهێنیی بڵێت ئەگەر ئێمە بەهۆی کاریگەربوونمان بە فەنتازیا میتافیزییکییەکانی فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی، خەریکین «سەرەتاتکێ لەگەڵ ئێستاتیکای پێش-فاشیستییدا دەکەین»، ئەوا خۆ فالانستەریزمی فۆریەش هەر خەیاڵییە. بەڵام دەشڵێت کە بنیامین لەمەدا خۆی بە قەرزارباری مارکس دەزانێت تا فۆریە، جگە لەوەش، دەزانین، مارکس خۆی، سەرەڕای ڕەخنە زۆرەکانی لە شاڕڵ فۆریە، ئەو بە پێشینەی خۆی دەزانێت و ئەوەش دەزانین ڤیشییەکانی فەڕەنسا، هیتلەرییەکانی ئەڵمانیا و موسۆلینییەکانی ئیتاڵیا، ڕقێکی زۆریان بەرانبەر بە فۆریە هەبوو، کەواتە با بپرسین: بڵێی نیشانەی تیرەکەی کلۆسۆڤسکی هەڵە بێت؟
سەرچاوەی وەرگێڕان:
لەم جۆرناڵەدا بە ئینگلیزی بڵاو بووەتەوە و ئەندریو مەک گێتیگەن لە فەڕەنسییەوە کردوویەتی بە ئینگلیزی:
Peixoto, Renato Amado. (2020) Abismo. História da Historiografia: International Journal of Theory and History of Historiography, 13.