«من دەپەیڤم کەوابوو من ئادەمم»
پرسی زمان و بوون بە ئینسان لە قورئاندا

لە ئینگلیزییەوە: حیسامەدین خاکپوور

پوختە

ئەم وتارە دەیھەوێ ڕۆڵی سەرەکیی زمان لە چیرۆکی قورئانی ئادەمدا وەکوو مرۆڤ یان ئینسان بداتە بەر لێکۆڵینەوە. بە پشتبەستن بە ڕوانینی قورئان لەسەر ئافراندنی ئینسان، ئادەم وەکوو بوونەوەرێک دەردەکەوێت کە تواناییەکی تایبەتی لە ناونانی شتەکاندا ھەیە. بە لێکۆڵینەوە لە جیاوازیی واتایی نێوان دوو چەمکی سەرەکیی ئینسان و بەشەردا، بە پێچەوانەی تێگەیشتنە باوەکان کە مرۆڤ وەکوو خەلیفە بە جێنشینی خودا دەزانن، دەیسەلمێنم کە جێنشینی بوونەوەرە بێ­زمانەکانە. پەیدابوونی چەمکی ئینسان لە مودێلی قورئانی ئافراندندا، پێش لە ھەموو شتێک ئاماژەیە بۆ ئافراندنی حەیوانی قسەکەر. کەوابوو بەکارھێنانی وشەی خەلیفە لە قورئاندا زیاتر لەوەی کە بەردی ­بنەما بۆ دامەزراوە سیاسییەکان مسۆگەر بکات، پێویستە وەکوو قۆناغێک لە پێگەیشتن و تەکامولی ژیانی کۆمەڵایەتیی مروڤ لەسەر گۆی زەوی، چاوی لێ بکرێت… تێگەیشتن لە چەمکی خەلیفە لەژێر تیشکی «خاوەن زمان­بوونی ئینساندا» لە جیاتی ئەوەی ڕێگە بۆ دەسەڵاتداری بەسەر مەخلوقە ئەم جیھانییەکانی خودا خۆش بکات، وێنەیەک لە دەسەڵاتداری سیاسی لە ئیسلامدا وێنا دەکات کە بە تەواوەتی جیاوازە لەو شێوەی کە لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی لەسەری تەبان.

وشە سەرەکییەکان:

ئینسان، بەشەر، خەلیفە، زمان، ئادەم، ویستی ئازاد، ئازادیی ھەڵبژاردن.

پێشەکی

لەم وتارەدا دەمھەوێ پەیوەندی نێوان دوو چەمکی خەلیفە (جێگر یا میرک) و لەدایکبوون و سەرھەڵدانی زمان لە قورئاندا تاوتوێ بکەم. بەپێچەوانەی تێگەیشتنە باوەکان لە چەمکی خەلیفە وەک جێگری خودا، بەڵگە دەھێنمەوە بۆ ئەوەی کە ئەم زاراوەیە ھێمایە بۆ قۆناغێک کە لەویادا بنیادەمەکان خاوەن توانای زمانی دەبن.

ئەم وتارە سێ بەش لەخۆ دەگرێت. لە بەشی یەکەمدا بەڵگەکانی خۆم بۆ پیشان­دانی جیاوازی نێوان بەکارھێنانی دو زاراوەی بەشەر و ئینسان لە قورئاندا، ‌ئاراستە دەکەم. بەپێچەوانەی زۆرینەی ڕاڤە و تەفسیرەکان؛ بەڵگە دەھێنمەوە کە زاراوەی ئینسان پەیوەستە بە زمان یان بەیانەوە. ئەم پەیوەندییە، وا نەبووە بێ­پێشینە بووبێت. بۆ وێنە ڕاڤەوانی قورئان؛ محەممەد عەلی ئەششەوکانی( 1760- 1834)، زاراوەی بەیان(البیان) بە زمانی ھەر ھۆز و دەستە و نەتەوەیەک وەردەگێڕێت کە دەلالەتە لەسەر پەیوەندی نێوان دوو چەمکی بەیان و ئینسان[1]. ھەروەتر زمان وەکوو فۆڕمێک لە پەیوەندیدان، بنەمایەک بۆ ئازادیی ھەڵبژاردن و ئەخلاق (ئاکا) دەڕەخسێنێت. لە بەشی دووھەمی ئەم وتارەدا ڕا و بۆچوونی ھەندێک لە ڕاڤەوانانی قورئان باس دەکەم کە خۆیان بە دوو زاراوەی ئادەم و خەلیفەوە سەرقاڵ کردووە. نیشان دەدەم کە ھەندێک لە ڕاڤەوانانی کلاسیک وا دەبینن کە ئادەم «جێگری» (خەلیفەی) بەرەی کەمتر پێگەیشتوو و کەمتر گەشەکردووی ئینسانە. لەم بارەدا گۆڕانی ماناییی زاراوەی خەلافەت (جێگیری) لە مێژووی تەفسیری قورئاندا دەخەمە بەر باس. لە بەشی سێھەمی ئەم وتارەدا خوێندنەوەیەکی ورد و بە سەرنج لە ھەندێک لە ئایاتی قورئان ئاراستە دەکەم کە پەیوەندی نێوان دوو چەمکی خەلیفە و زمان نیشان دەدەن. مەبەستی گشتی و سەرەکیی من ئەوەیە کە بە کەڵک‌وەرگرتن لە دەقە مودێڕن و کلاسیکەکان لە ڕاڤەوانانی قورئانەوە بگرە ھەتا شیعری عیرفانی، نیشان بدەم کە زاراوەی خەلیفە؛ زەروورەتەن بەو شێوەی کە زیاتر بۆچوونی بۆکراوە؛ بە واتای بەخشینی حوکم و دەسەڵاتی خوداوەندی – چ سیاسی و چ بە واتای سەروەری ژینگەژیان- بە ئێنسان وەک جێگری خودا نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە؛ دەگەرێتەوە بۆ سەرھەڵدان و ھاتنەکایەی ئینسانی قسەکەر (مرۆڤی خاوەن­زمان) وەکوو بکەرێکی عەقڵانی بە تایبەتمەندییە پێدراوەکانی خودایی کە بریتین لە ئازادیی ھەڵبژاردن و سروشتی ئەخلاقی.

ئینسان لە بەرانبەری بەشەردا

قورئان لەنێوان مرۆڤی بیۆلۆژیکی (بەشەر) لەگەڵ مرۆڤی زمان­پێدراو (ئینسان­) جیاوازی دادەنێت. کاتێ لە قورئاندا زاراوەی بەشەر بەکار دەبرێت؛ لە ناوکۆ و سیاقی مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی بیۆلۆژیکی بەکار بردراوە، «وَ إِذْ قالَ ڕبُّكَ لِلْمَلائِكَةِ إِنِّي خالِقٌ بَشَراً مِنْ صَلْصالٍ مِنْ حَمَإٍ مَسْنُونٍ»«کاتێ پەروەرەندەت بە فریشتەکانی گوت: وا من مرۆڤم (بەشەر) لە قوڕەڕەشەی بۆگەنیوی وشکەڵاتوو چێ کردووە»(حیجر: 28).« وَ ما جَعَلْنا لِبَشَرٍ مِنْ قَبْلِكَ الْخُلْدَ أَ فَإِنْ مِتَّ فَهُمُ الْخالِدُونَ» «وامان نەکرد ھیچ مرۆڤێک (بەشەرێک) بەر لە تۆ ھەبێ و نەمر بێ. ‌ئاخر چۆن ئەگەر تۆ بمری ئەوانە تا سەر دەمێنن؟». (ئەنبیا‌: 34) ئاوا­ ئایەتانێ ھێمایە بۆ بوونەوەری ئینسانی وەکوو ئەو شتەی وا بیۆلۆژیستە تەکامولگەراکان پێی دەڵێن«ئینسانی حەیوان­ئاسا». بەھەر حاڵ پێش لەوەی بەشەر بتوانێت ببێت بە ئینسان، پێویست بوو کە گەشەکردنی مرۆڤ، چاخگەلێگی بەرچاوی تێپەڕاندبایە. «هَلْ أَتَى عَلَى الْإِنْسَانِ حِينٌ مِنَ الدَّهْرِ لَمْ يَكُنْ شَيْئًا مَذْكُورًا» «بێگۆمانە ماوەیەک لەم ڕۆژگارە بەسەر مرۆڤ(بەشەر)دا تێپەڕی و ئەو شتێ نەبوو کە باس بکرێت» ( ئینسان:1). لە ڕووی ئایاتی قورئانییەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ھەر ئینسانێک بەشەرە، بەڵام ھەر بەشەرێک ئینسان نییە. بەپێی دەقی قورئان، ئینسان فۆڕمی گەشەکردووتری بەشەرە. گرینگترین خەسڵەتی ئینسان وەکوو مرۆڤی گەشەکردوو و پێگەیشتوو، توانای زمانیی ناونانە لە شتەکان. بە ناونانی شتەکان، بوونەوەری ئینسانی شتەکانی لە یەکدی جودا کردەوە. ئەم کارە یەکەم ھەنگاو بوو بۆ ناسین و فەھمی ئەو شتانە «وعَلَّمَ آدَمَ الْأَسْماءَ كُلَّها ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلائِكَةِ فَقالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْماءِ هؤُلاءِ إِنْ كُنْتُمْ صادِقِينَ‌« »خودا ھەموو ناوێکی فێری ئادەم کرد، ئەوسا ھەموو شتەکانی لەبەر فریشتەکان ڕانا و گوتی: ئەگەر ڕاستی بۆ چوون ناوی ئەوانەم بۆ ھەڵدەن.(بەقەڕە: 31)

قورئان سەرھەڵدان و دەرکەوتنی ئینسانی گرێ داوە بە بەخشینی توانای بەیان بە مرۆڤ لەلایەن خوداوە، تواناییەک کە ئەندێشە و ئاخاوتنی پێ دەردەبڕێ. « خَلَقَ الْإِنْسانَ‌، عَلَّمَهُ الْبَيانَ» «مرۆڤی ‌ئافراند. ئاخافتنی پێ فێر کرد».(ڕەحمان: 3و4) عەلی شەریعەتی( 1933-1977) یەکێک لە ھەوەڵ بیرمەندانی مۆدێڕنی موسوڵمان بوو کە ئاماژەی بە جیاوازی نێوان ئینسان و بەشەر کردووە. له ڕوانگەی شەریعەتییەوە، بە ئینسان­بوون پەیوەندی بەڕادەی گەشەی ڕۆحی و ئاستی ڕزگاری و ئازادیی ئینسان لە خەسڵەت و ئەدگارە سنوردارکەرەکانی بەشەرەوە ھەیە کە وەکوو«زیندانی بیۆلۆژیکی» ئیش دەکەن[2]. لە درێژەدا، ھەوڵ دەدەم خوێندنەوەیەکی جیاواز لەو چەمکە قورئانییە ئاراستە بکەم. داکۆکیی من زیاتر لەوەی کە لەسەر چۆنیەتی و تایبەتمەندی ڕۆحی مرۆڤ بێت، داکۆکییە لەسەر خاوەن­زمان­بوونی ئینسان کە وەکوو بنەماگەلێکیش بۆ ئەندیشەی ئەخلاقی ئیش دەکەن.

   کاتێ دەگەین بە واتای ئینسان، بە پێچەوانەی شەریعەتی، من وەکوو گەڕاندنەوە بۆ لایەنێک لە گەشەکردن و تەکامولی ئینسان چاو لەم زاراوە دەکەم، نەوەکوو دژبەری بەشەربوون[3]. ئینسان لەم واتایەدا، دەبێت وەکوو قوناغێکی گەشەکردنی نوێ لە سەرھەڵدان و لەدایکبوونی مرۆڤایەتی چاو لێ بکرێت؛ یان وردتر بڵێم قۆناغێک کە لەوێدا مرۆڤ وەکوو بەشەر دەگات بە توانای لێکجوداکردنەوە و ناونانی شتەکان لە ڕێگەی زمانەوە. گەر وا نەبێت ئەستەمە ڕوون بکرێتەوە کە چۆن ئینسان دەبێت بە خاڵی ناوەندی ڕەخنە و لۆمە قورئانییەکان لەسەر ئەو کەسانەی کە [بە تەعبیری قورئان]: « إِنَّ الإِنْسانَ لَفِی خُسْرٍ * إِلاَّ الَّذِینَ آمَنُوا و عملوا الصالحات…» «مرۆڤ گشتی زیانبارە، مەگین ئەوی بوونەتە خاوەن ئیمان و چاکە دەکەن…»(عەسر: 2و3) یان بوونەوەرێک کە خودا «… گەڕاندوویەتی بۆ پلەی ھەرە بەرەژێر»( تین: 5). ئەم نموونە ئایەتە قورئانییانە، ڕوونی دەکەنەوە کە ئینسان لە قورئاندا ئاماژەیە بۆ بوونەوەرێکی گەشەکردوو و موتەکامیل، بە بەرپرسیارەتییەکی قورس و گەورەوە. بەڵام ئەم بوونەوەرە زەروورەتەن لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیاریەتییانە ئیش ناکات. بەپێچەوانەوە ئەگەری ئەوە ھەیە کە ببێت بە بوونەوەرێکی شەیتانی و پەست­ترینی پەستەکان.

نیشتەجێ‌بوونی ئادەم(ئینسان) لە سەرزەوی

ژمارەیەک لە ئایەتە قورئانییەکان ئاماژە بە نزیکی و پەیوەندی نێوان سەرھەڵدانی بوونەوەرێک وەکوو ئینسان و خەسڵەتە جیاواز و تایبەتمەندەکەی زمان یان توانای ناونانی شتەکان دەکەن. کاتێک کە زمان دێتە ئاراوە، بەشەر دەبێت بە ئینسان. قورئان لە (بەقەڕە: 30)دا کە یەکێک لە ئاشکراترین ‌ئایەتەکانە، پەیوەندی نێوان چیرۆکی ئادەم و توانای ئەو لە ناونانی شتەکاندا ڕوون دەکاتەوە:

«ئەو کاتەی پەروەرەندەی تۆ بە فریشتەکانی ڕاگەیاند: من دەمەوێ بریکارێک لەسەر زەوی دیاری بکەم، گوتیان: تۆ کەسێ وادێنی لەوێدا خراپە بکا و خوێن برێژێ؛ کەچی ئێمە ھەر شوکرانەی تۆ دەکەین و پەسنی پیرۆزی تۆ دەکەین، گوتی ئەوی من دەیزانم ئیوە ئاگاتان لێ نییە».(بەقەڕە: 30)

لەم ئایەتەدا ئادەم وەکوو خەلیفە و جێنشین ناوبراوە. ھەندێک لە ڕاڤەوانانی قورئان بەڵگەیان ھێناوەتەوە کە ئادەم ھەوەڵین نیشتەجێی سەر زەوی نەبووە. بۆ وێنە مەحەمەد ئەلقوڕتوبی(١٢٧٣ک)ئیددعا دەکات کە وشەی خەلیفە لەم ئایەتەدا نیشان دەدات کە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتی بوونی ھەبووە، ڕاست وەکوو ھەر ئەو کۆمەڵگای وا خۆمانی تێداین کە بە ڕیز، یەک لە دوای یەک و پشتاوپشت ھاتوونەتە ئاراوە[4]. ڕاڤەوانانی دیکەیش بەڵگەیان ھێناوەتەوە کە مەبەستی قورئان لە زاراوەی خەلیفە؛ ئەوە بووە کە ئادەم بە حەتمتاکێکی تەنیا نەبووە. گەورە بیرمەندی سۆفی مەحیەددین بن عەرەبی(١٢٤٠ک) جۆرێک خوێندنەوەی ئەفلاتوونی لەو ئایەتە ھەیە و پێی وایە کە دەستەواژەی (جعل)(دانان) بە واتای گواستنەوە لە جیھانیی ئایدیاکان بۆ جیھانیی فیزیکی و ماتڕیالە[5]. توێژەری میسری سەدەی نۆزدەھەم؛ محەممەد عەبدۆ (١٨٤٩-١٩٠٥) دەستی بانتر دەگرێت و زیاتر دەچێتە پێشەوە و دەبێژێت: ئادەم ھەوەڵ جۆری بوونەوەرە عەقڵانییەکان لەسەر زەوی نەبووە، بەڵکوو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئادەم جۆرێکی نوێ لە حەیوانی قسەکەرە کە بەس لە خەسڵەتە جەستەیییەکاندا، لەگەڵ جۆرەکانی پێشوو و سەرەتاییتردا وێکچوویی ھەیە. بە ھەر حاڵ بە لوتفی ناوەرۆکی کەسایەتی و ئەخلاقییەوە، مرۆڤ وەکوو ئینسان دەبێتە سەرپشک و ھەڤیازی جۆرەکانی پێشووتر[6].

محەممەد ڕەشید ڕەزا( ١٨٦٥-١٩٣٥) قوتابی محەممەد عەبدۆ، ئاوا ڕای خۆی دەردەبڕی کە سەرجەمی ڕوانگەی ڕاڤەکاران لەسەر ئەم بابەتە، دەتوانرێت دابەش بکرێت بە سەر دوو بۆچووندا: یەکێک لەو بۆچوونانە ئەوەیە کە پاشماوەی جۆرە پێشووترەکانی مرۆڤ، پێش لە سەرھەڵدانی ئادەم بنەبڕ بووە[7]. سەرەڕای ئەمە؛ بە پێچەوانەی بیر و باوەڕی گشتیی موسوڵمانان، لە قورئاندا ھێچ ئاماژەیەکی ڕۆشن بەوە نەکراوە کە ئادەم ھەوەڵین پێغەمبەر بووبێت. قورئان بە ڕۆشنی ‌ئاماژە دەکات کە نووح ھەوەڵ کەسێک بوو کە وەحی لە خودا وەرگرت[8]. بەم ھۆکارەیە کە ڕاڤەوانی ناسراوی قورئان، فخر الدین ڕازی( ١٢١٠ک) بەڵگە دھێنێتەوە کە نووح دەبێت ھەوەڵ پێغەمبەر بووبێت[9]. بە پێچەوانەی پێغەمبەرانێک کە بەتایبەتی لە قورئاندا ناوبردە کراون، «وَ عَصى‌ آدَمُ ڕَبَّهُ فَغَوى‌««ئادەم لە فەرمانی پەروەرەندە لایدا و لە ڕێ دەرچوو».(تاھا: 121) ھەندێک لە توێژەرانی موسوڵمان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نێزیکەی سی « ئادەم» پێیان لەسەر گۆی زەوی ناوە[10]. ھەر بەو شێوەی کە لە لاپەڕەکانی داھاتوودا بەڵگەی بۆ دھێنمەوە، لە زاراوە قورئانییەکاندا ئادەم وەکوو نموونەی سەرەتاییی ئینسان یان ئینسانی خاوەن زمان، دەناسرێت. ھەروەھاش کە “ئیبنو عەرەبی” ئاماژەی پێ دەدا، ڕەنگ­دانەوەی کەماڵی ئیلاھی ئا لەم فۆڕمی سازکردنی ئادەمەدایە[11].

دەستەواژەی خەلیفە لە قورئاندا بە واتای ڕیشە عەرەبییەکەی دەکار کراوە و لە ڕیشە عەرەبییەکەیەوە (خلف) دێت و واتای «جێنشینی» دەگەیەنێت. بەگشتی ئەم دەستەواژەیە بە جێگیربوون و جێنشینی کەسێک یان دەستەیەک یان کۆمەڵگایەک، لە جێگەی کەس و دەستە و کۆمەڵگایەکی دیکە دەلالەت دەکات. بە شێوەیەکی تایبەت، خەلیفە دەتوانرێت ئاوەھا فەھم بکرێت کە بەرەکان یەک لەدوای یەک، لە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتیدا جێنشینی یەکدی بوون، کە بۆ دەست پەیدا کردن بە ھەموو پتانسێلە ئینسانییەکان، پێویستیان بە ئاستێکی قووڵتر لە ڕۆچوون و بیرکردنەوەی ئینسانی بووە. پێویستیی سەرنج­دان بەم جۆرە لە گۆڕانی مێژویی و گەشەیییە، بە ھەندێک لە توێژەرانی موسوڵمان سەرۆ دەکات کە لە دەستەواژەی خەلیفە وەکوو نیشانەیەک بۆ باوەر بە تەباوڕەبا بوونی گێڕانەوەی قورئانی ئافراندن، لەگەڵ تیۆرییە نوێکانی تەکامول کەڵک وەرگرین. بۆ وێنە ئیقباڵی لاھووری( ١٨٧٧- ١٩٣٨) لە کتێبی چاکسازیی ئەندێشەی ئایینی لە ئیسلامدا ئاوا دەنوسێت:

جاحز(٧٦٩ ک) یەکەم کەس بوو کە ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە ژیانی حەیوانیدا بە ھۆی کۆچکردن یا بە گشتی [بە جۆری] ژینگە کردووە. ئیخوانوسسەفا ڕوانگەکانی جاحزیان شرۆڤە کرد و پەرەی زیاتریان پێ دا. بە ھەر حاڵ ئیبنو میسکەوەی‌ه( ١٠٣ ک) ھەوەڵ بیرمەندی موسوڵمان بوو کە سەبارەت بە ڕەچەڵەکی مرۆڤ، تیۆرییەکی ڕۆشن و لە زۆر ڕووەوە مودێڕنی بەدەستەوە داوە. ئەمە سازیاری و تەبابوونێکی سروشتی و تەواوی لەگەڵ ڕۆحی قورئاندا ھەیە، ھەر بۆیە مەولانا جەلالەددینی ڕۆمیوەکوو گەشەیەکی بیۆلۆژیکی چاو لە پرسی ھەرمان و تاھەتایی ئینسان دەکات و ئەمە بە پێچەوانەی باسی فەیلەسووفە ئیسلامیەکانە کە پێیان وایە باس لەم بارەوە پێویستی بە بەڵگەھێنانەوەی فەلسەفی پەتی ھەیە[12].

   بەدوای ڕچەشکێنی ئیقباڵ و بیرمەندانی پێشووتر کە ئەو ئاماژەی پێیان داوە، بەڵگە دەھێنمەوە کە ئادەم لە قورئاندا، نمانای بەرەیەکی نوێتر و دوایینی ئافراندنی ئینسانە کە بە توانا زمانییەکەیەوە لە بەرە پێشووترەکانی بەشەر جودا دەبێتەوە. ھەروەھا کە لەسەرەوە باسی لەسەر کرا، قورئان لە (بەقەڕە :٣٠)دا نیشان دەدات کە ئادەم و بنەچەکەی، بەرەیەکی نوێ دەخەنەوە کە بە تەعبیری ئیبنو عەرەبی توانای زمانییان لە بەرھەم­ھێنانی مانادا ھەیە[13]. زانستی ئادەم لەسەر أسماء(ناوەکان) یا خەسڵەتی سەرەکیی شتەکان، ئەو لە بەرە پێشووەکانی خۆی جیاواز دەکاتەوە. لێرەدا خەلیفە وەکوو جێگر، بە مانای ئەوەیە کە ئادەم جێنشینی دەستەیەک لە بوونەوەرە بەشەرییەکان بوو کە زانستی ئەسماءیان نەبووە. بە واتایەکی تر ئادەم وەکوو خەلیفە، جێنشینی ئافراندراوەکانی پێشوو (بەشەر) بووە کە توانای بەخشینی «تەکووزی بە شتەکان» و ڕۆشن دەڕبڕینی مانا لەناو ئاخاوتنە پەیوەندی ھێنەرەکانیان نەبووە. ھەندێک لە ڕاڤەوانە مودێڕنەکانی قورئانکە ھۆگرییان ھەیە بەوەی کە کۆنە سەرمەشقەکانی مودێلی سیاسی لە قورئاندا پەیدا بکەن، وشەی خەلیفە کە ڕەنگ و بۆی جێنشینی پێوە دیارە؛ بە واتای جێگری خودا وەردەگێڕن[14]. بۆ وێنە مەھدی بازەرگان (١٩٠٧-١٩٩٥) لە تەفسیری خۆیدا لەم ئایەتە بە ئێمە دەڵێت: بوونەوەرە ئینسانییەکان لێوەشاوی تایبەت و تاقانەی ئەوەیان لێدەکاڵێتەوە کە نوێنەری خودا بن. (خلیفة الله)[15]. بە ھەر حاڵ بە پێچەوانەی ئەو شتەی ئایدیۆلۆگە موسوڵمانەکان پرۆپاگاندایان بۆ کردووە، دەستەواژەی خەلیفە لەم ئایەتەدا زەروورەتەن بە واتای «جێگری خودا لەسەر زەوی نیە». ڕاڤەوانی ئێرانی قورئان، ئایەتوڵڵا ئەبولفەزلی بورقەعی (١٩٠٨-١٩٩٣) بەڵگەی ھێناوەتەوە کە موسوڵمانان ئەگەر داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەن کە ئادەم جێنشینی خودایە، دەبێ قەبووڵیشی بکەن کە خودا تاوانبارە. ئەو بەم چەشنە بەڵگە دەھێنێتەوە کە قورئان ئاماژە دەکات کە بنەچەی ئادەم لەسەر زەوی جەنایەت دەکەن و خوێن دەڕێژن[16]. محەممەد حسێنی تەباتەبایی (١٩٠٤-١٩٨١) فەیلەسووف و ڕاڤەکاری سەرامەی ئێرانی سەدەی بیستەم؛ بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێدۆزێکی جیاواز دەبێژێت: ئینسانێکە نوێنەری خودایە؛ دەبێ ئەرکی دامەزراندنی دەسەڵاتداریەتی ئیلاھی لەسەر زەوی لەئەستۆ بگرێت[17]. وەڕگێڕەکانی ڕاڤەوانی قورئان، سەید قوتب بۆ سەر زمانی ئینگلیسی، لە کاتی وەرگێڕانی ئەم ڕستە قورئانییە «‌إنی جاعل فی الأرض خلیفة» کەوا دیارە نوێنەرایەتی مافی دەسەڵاتداریەتی خودا ئاشکرا دەکات، دەڵێن: “I am appointing a vicegerent on Earth»«من جێگر لەسەر زەوی دیاری دەکەم[18]». ئەم وەرگێڕانە لەگەڵ ڕوانگەی سەید قوتبدا ھاوساز و تەبایە، چونکە سەید واتای خەلیفەی بە دۆخێک لێک دەداوە کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە ئەرکەکانی جێنشینی خۆی لەسەر زەوی بە ئینسان ئەسپاردووە[19]. زیاد لە ھەموو شتێک؛ ئەم نموونانە، گرینگایەتی دەوڵەت نەتەوەی مودێڕن و کاریگەریەکەی لەسەر ھزر و بیری موسوڵمانان لە دووبارە خوێندنەوەی سیاسی­کراوی (politicized reinterpretation) دەقە ئایینییەکان، نیشان دەدەن.

قورئان ھەروەھا ئاماژە دەکات کە مرۆڤ پێش لەوەی لە بەشەرەوە ببێت بە  ئینسان، پێویستی بە مەودایەکی بەرین بووە، چونکە خودا یەکەم جار بەشەری ئافراند، دواتر ھێدی ھێدی  فۆڕمی تەواوی بە بنیادەم بەخشی. «وَلَقَدْ خَلَقْنَاكُمْ ثُمَّ صَوَّرْنَاكُمْ ثُمَّ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ…»«ئێمەین ئێوەمان خولقاندووە، لە پاشانا بەو شکڵەمان دەرھێناون، پاشان بە فریشتەکانمان گوت: سەر بۆ ئادەم نەوی بکەن…»( ئەعراف:١١) ئەندێشە و داڵغەی ئافراندنی مرۆڤ لە چەن قۆناغی یەک لەدوای یەک، لەناو ئیسلامدا بە چەشنێکی زۆر بەر­بڵاو پەسەند کراوە. توێژەری ئیسلام‌خوازی ئاسیای باشوور؛ ئەبۆلعەلای مەودوودی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئافراندنی مرۆڤ لە سێ قۆناغدا ڕووی داوە:١) دەسپێکی ئافراندن. ٢) فۆڕماسیۆن یان تەواو­کردنی جەستەی مرۆڤ. ٣) ھاوردنی بنیادەم بۆ ناو ژیان[20].

قورئان زێدەتر بە ئێمە دەڵێت: کە لە قۆناغەکانی دیدا، خودا بنیادەمی لەسەر ڕوواڵەتی ئینسان، ڕاست بەو جۆرەی مەبەستی خۆی بوو، ڕاستەوپاستەی کرد و لە ڕۆحی خۆی دەماندی بە ڕۆحی ئەودا(سوژدە: 9) محەممەد بن عاشوور(1879- 1973) ڕاڤەوانی توونسی قورئان وای بۆ دەچێت: کە بۆ مەودایەکی درێژخایەن و بەرین، ئینسان ناوی لێ نەنرابوو و لەبارەیەوە باسێک نەکرابوو[21]. بە واتایەکی دیکە گۆڕانی بە تەواوی بنیادەم وەکوو بەشەر، بەس کاتێک ئەنجامی گرت کە بە فۆڕمی ئادەم وەکوو ئینسان دەرھات. ئەمە کاتێ ڕووی دا کە بنیادەم گەشەی زمانی کرد و توانای ناونانی لە شتەکان بەدەست ھێنا. ئێمە دەزانین کە ئافراندنی بنیادەم لە چەن فۆڕمو قۆناغی یەک لەدوای یەکدا ئەنجامی گرت، ئەمەش قورئان بە ئێمەی دەڵێت: (خودا) ئیوەی پلەپلە وەدی ھێنا.(نووح: 14) لە درێژەدا ئەم ئایەتە دەلالەت لەسەر ئەوە دەکات کە کردەی وەدیھێنانی کامڵی مرۆڤ بەو شکڵە فیزیۆلۆژیکییەی بەشەر، خاڵی کۆتایی نەبووە، بەڵکوو گۆڕان و گەشەکردنی بۆ قۆناغی ئینسان، بەشێک لە پرۆسەیەکی درێژخایەن بووە.  …ثُمَّ أَنْشَأْنَاهُ خَلْقًا آخَرَ… لە پاشانا کردمانە چێ­کراوێکی تر.(مۆئمینوون: 14) وادیارە فەیلەسووفی ئاڵمانی واڵتێر بێنیامین(١٨٩٢- ١٩٤٠) لەگەڵ ئەم جۆرە سێناریۆیەدا ھاوڕایە: «ئافراندنی بنیادەم لەسەر دەستی خودا،[تەنیا] کاتێک ڕاستەوپاستە و تەواو بووە کە شتەکان لەلایەن ئینسانەوە ناویان لێ­نراوە و بەس لە ڕێگەی زمانی ناونانەوە پەیڤاندوویانە»[22]. مەحەمەد ئەسەد (1900- 1992) لە وەرگێڕانەکەی خۆیدا لە ئایەتی سی تا سی و دووی سووڕەتی بەقەڕەدا بە ڕەچاوگرتنی گرینگایەتی سەرەکیی زمان لە چیرۆکی ئادەمدا، تەفسیرێکی ڕۆشنگەرانە وەبەر دەست دەخات. ڕوانگەی ئەسەد لەسەر ئەم ئایەتانە، تیشک دەخاتە سەر ئەو پەیوەندییانەی وا لەنێوان ئادەم وەکوو بەکەسایەتی­بووی (personification) بوونەوەری قسەکەر و لەدایکبوونی زماندا ھەیە. ‌ئەسەد لە لێکۆڵینەوە لەسەر دەستەواژەی عەربی ناو (اسم) ئیددعا دەکات کە ھەموو وشەناسەکان لەگەڵ ئەم بۆچوونە ھاوڕان کە وشەی اسم بە واتای بەیان و گوواستنەوەی زانستی (شتەکانە)… کە بۆ نیشان­دانیماددەکان و ڕووداوەکان و سیفەتەکان بەمەبەستی جیاوازی­دانان لەنێوان زاراوە و چەمکە فەلسەفییەکان بەکار دەبرێت[23].شایانی باسە کە زۆربەی ڕاڤەوانانی کلاسیک و مودێڕنی قورئان بە ڕاشکاوی و بە ئاماژە ددانیان بەوەدا ناوە کە لە ئایەتی سی و دوی سوڕەتی بەقەڕەدا، دەستەواژەی عەرەبی أسماء،بێجگە لە زمان مانایەکی دیکە نابەخشێت[24]. ڕەشید ڕەزا ئیددعا دەکات کە ‌أسماء، ئەونیشاندەرانە دەنوێنێت والە ڕێگەی ئەوانەوە؛ واتا بەیان دەکرێت و دەلالەت دەگرێت[25]. ھەروەتر؛ سەید قوتب، ‌أسماء بە واتای «توانای ناونان» لێک دەداتەوە و ئەوەی کە زمان وەکوو ئامرازی زەبەند و سەرەکی پەیوەندیدان کە لە بەر دەستماندایە، ساز دراوە[26]. سەید باوەڕی وایە کە توانای ناونانی شتەکان بە پێزترین و قووڵترین کاریگەری لەسەر ژیانی ئینسان لەسەر گۆی زەوی بووە. بۆ پێزانینی نرخی ئەم ئامرازی پەیوەندیدانە، تەنھا ئەوندە بەسەکە ژیان بەبێ ئەم ئامرازە وێنا بکەین[27]. ئیبنو­عاشوور ھەنگاوێک زیاتر ھەڵدەگرێت و بەڵگە دەھێنێتەوە کە «فێرکردنی ناوەکان شێوەیەکی دی لە بۆ بەیانی ئەوەیە کە خودا بنەماکانی زمانی بە ئینسان فێر کردووە[28]. کەوابوو ئیبنو­عاشوور داکۆکی دەکات کە ڕستەی «خودا ھەموو ناوەکانی فێری ئادەم کرد» زێدەتر ڕستەیەکی زیادەبێژانەی زۆر پێوەنراوە، بۆ ئاماژە بە گیرۆیی و داگریزمان[29]. جیا لەو شتانەی کە دەتوانڕی لە چەمکی «فێرکردنی ناوەکان» ھەڵبھێنجرێت، قورئان پەیوەندییەکی زیاتر لەنێوان خولقاندنی ئینسان و دەست پەیداکردنی ئادەمیزاد بە زانست، لە ڕێگەی بەکارھێنانی دەستەواژەگەلێک وەک عیلم و قەڵەم ساز دەکات[30]. لە شوێنێکی دیکەدا قورئان دوو دەستەواژەی عیلم و بەیان پێکەوە بەکار دێنێت؛ تاکوو زۆر بە ھێزوپێزەوە داکۆکی بکات لە سەر پەیوەندی نێوان خولقاندنی ئینسان و توانای زمانی مرۆڤ: «خَلَقَ الْإِنْسانَ‌، عَلَّمَهُ الْبَيان»«مرۆڤی ئافراند. فێری ئاخافتنی کرد»(ڕەحمان: 3و4). محەممەد ئەسەد زۆر کارامە و لێزانانە، ئەو شتەی کەوا فیلۆلۆژیستەکانی سەدەی ناڤێن لەبارەی دەستەواژەی بەیانەوە گوتویانە، کۆرت دەکاتەوە و دەڵێت: ئەم دەستەواژەیە ھەم بۆ ئەندێشە و ھەم بۆ ئاخاوتن بەکار دەبرێت، لەو ڕووەوە کە داگری توانای دروستکردنی شتێک یا ئایدیایەکە بۆ زەین کە لە ڕووی چەمکییەوە جیاوازە لە شتەکان و ئایدیاکانی دی[31]. بەکارھێنانی وشەی بەیان لەو ئایاتەی سەرەوە (ڕەحمان: 3و4) بە واتای «توانای بەیانی ڕۆشنی ئەو زانستە بە زمانی ئاخاوتن یا نووسین بەکار دەھێنرێت، ھەروەھا ساخت و پاختی ئەندێشە و ئاخاوتن و یادەوەریی زانستی ھەموو ناوەکان کە بە واتای توانای ئەندیشەی چەمکڕێژە Conceptual (مەفھوومیە) و تایبەتمەندە بۆ ئینسان[32]. چەمکی بەیانی بەڵگەھێنانەوە لەلای دیاردەناسانێک وەک ئێدمۆند ھوسێرل(١٨٥٧- ١٩٣٨) تەقریبەن ھەر ھەمان چەمکی زمانە. ھوسێرل کاتێک باسی دەربڕین (بەرھەمھێنانی بەیان) دەھێنێتە گۆڕێ، مەبەستی «نیشانە واتادارەکانە» کە ئاگاییی [مرۆڤ] لەو نیشانانە، بۆ بەیان و دەربڕینی ویستەکانی یا ئەو شتانەی ئەیھەوێت بیڵێت، کەڵک وەردەگرێت»[33].

 لە پەیوەندی لەگەڵ ئافراندنی ئادەمدا، دەستەواژەی بەیان دەگەڕێتەوە بۆ توانای بەیان و ناونانی شتەکان، کە ئینسان بە بۆنەی ئەمەوە لە پێشینیانی خۆی جیاواز دەبێتەوە. ھەروەھا کە لە سەرەوە باسی لێ کرا، ئەسەد بە دروستی ئیددعا دەکات کە چەمکی «زانینی ھەموو ناوەکان» دەلالەت دەکاتە سەر توانای پێناسەی لۆژیکی و ئەندێشەی چەمکڕێژ. ئەسەد ھەروەھا بە دروستی ئاماژە دەکات کە مەبەستی خودا لە ئادەم لە ئایەتی سی سورەتی بەقەڕەدا، ھەر ھەموو ڕەگەزی مرۆڤە. بە سەرنج بە ئاماژەی پێشوو، ئاشکرایە کە «ئینسان، بوونەوەرێکە کە لە سەر زەوی فەساد دەکات و خوێن دەڕێژێت». ھەروەتر بە ئاوڕدانەوە لە دەقی قورئان (ئەعڕاف:11) کە بە وردەکاریی زیاتر لە بەشی داھاتوودا، دەیخەینە بەر باس، ئەم ڕاستییەمان بۆ ڕوون­تر دەبێتەوە[34]. کەوابوو نابێت ئاماژەکانی قورئان بە ئادەم، بەس وەکوو ئاماژە بە یەک تاکەکەس دەرک بکرێت؛ بەڵکوو ھەروەھا کە ئیبنوعەرەبی داکۆکی لەسەر دەکات: ئادەم نمانای فۆڕمی تەواوی ھەموو مرۆڤە[35].

چەمکی زمان و دەرکەوتەکانی لە ڕێگەی بەیانەوە، مرۆڤ لە بونەوەرێک وەکوو بەشەرەوە، دەگۆڕێت بۆ سەر فۆڕمی مرۆڤی تەواو یان ئینسان. بە واتایەکی دی ئەو شتەی کە ئینسانی ڕاستەقینەی ساز کرد، توانای بە کارھێنانی زمان بوو. بە پێچەوانەی پێشینیانی خۆی کە لە فۆڕمی حەیوان یا فۆڕمگەلی ئینسان­نوێندا بوون، ئادەم توانی ناو لە شتەکان بنێت و بیانناسێت. ھەروەھا کە واڵتێر بێنیامین دەڵێت: «زانستی شتەکان لە دڵی ناونانی ئەو شتانەدایە[36]». کەوابوو بەپێی ئایاتی قورئانی ئەوە زمانە کە ئینسان دەھێنێتە دونیاوە؛ یان ھەروەھا کە مارتین ھایدگێر(١٨٨٩- ١٩٧٦) بەڵگەی ھێناوەتەوە «– زێدەتر لە شێوەگەلی دی – ئەوە زمانە کە ئینسان دێنێتە قسە، بەو واتایەی کە شتەکان ناوزەد دەکات و دەیانخولقێنێ و بەو شێوە، جیھانی دازاین ساز دەکات[37]». ئادەم وەکوو ئینسان لە ڕێگای بەکارھێنانی زمان و بەیانەوە، خودی خۆی و مێژووی خۆییی لە ڕێگای توانای کۆددانان و نیشاندار­کردنی بوونی خۆی، سازکردوە. جۆرجیۆ ئاگامبێن، فەیلەسووفی ھاوچەرخ دەڵێت: «ئادەم یەکەمین نیشان­دانەرە» چونکوو نیشانەکارگێڕی بڕیاردەری زانستە و جیھان چێ دەکات و بێدەنگ و بێ ھیچ ھۆیەک دەیکاتە شیاوی تێگەیشتن[38]. ژان پۆل سارتر، فەیلەسووفی ئێگزیستانسیالیستی فەڕانسایی؛ باوەڕی وایە کە زمان ‌ فۆڕم دەدات بە «ھەوێنی بوون .The dough of existence [39]» و لە ڕێگەی ناوگەلێک کە تەرخان کراوە بۆ شتەکان، ڕەمزیان بۆ دادەنێت. ھەروەھا کە واڵتێر بێنیامین دەڵێت «ناونان لە دەڤەری زماندا وەکوو تەنیا مەبەست و واتای ھەرەبەرز و بێ‌وێنە، کاکڵەی سروشتی زمانە». ناونان شتێکە کە ھیچ شتێک سەرووتر لەو بەیان ناکرێت و پەیوەند نادرێت، و زمان لەناو خۆیدا بە ڕەھایی خۆی بەیان دەکات و پەیوەند دەگرێت[40].

    پێش لە پەیدا­بوونی ئینسانی خاوەن ­زمان و قسەکەر، جیھان جوداوازی­نەکراو(undifferentiated)، پۆلێن­نەکراو(unclassified) و دەستەبەندی­نەکراو(uncategorized) بوو. زمان نمانا و دەرکەوتەی توانای ناونانی مرۆڤەکانە و کەپاسیتیەکە کە لە ڕێگای ئەوەوە جیھانی شتەکان (الأسماء کلها) شیاوی فەھم و تێگەیین دەبن. بەشەر وەکوو بوونەوەرێکی نازمانی لە ڕێگەی گەشەی زمانی و گۆڕانی چەمکییەوە، تەکامول پەیدا دەکات و لە خۆی و دەوروبەری ئاگا دەبێتەوە. کەوابوو بەشەر لە ڕێگەی گەشەی زمانییەوە دەبێت بە ئینسان یا ئەو شتەی کە واڵتێر بێنیامین پێی دەڵێت «ناودانەر»[41]. بەپێی ئایاتی قورئانی ھیچ بوونەوەرێک جگە لە ئینسان توانای جیاوازی­دانان، دەستەبەندی­کردن و ناونانی ھەموو شتەکانی جیھانی نییە، تەنانەت فریشتەکان و شەیتانیشی لەسەر بێت[42].

     ھەروەھا سەرھەڵدانی ئادەم و ئینسانی خاوەن­زمان، دەسپێکی پارادۆکسی ئازادیی ھەڵبژاردنە. سەرھەڵدان و پەیدابوونی ئینسان بە مانای لەدایک­بوونی بوونەوەرێکی مێژوویییە. ھەروەھا کە پێشتر ئاماژەی پێ درا بەپێی ئایاتی قورئانی، سەرھەڵدانی ئینسان، پرۆسەیەکی درێژخایەن بوو. (ئینسان:1) کەوابوو مێژوومەندی گەشەی ئینسانی لە ئاکامی گەشە و تەکامولی زمانیدا بووە کە تواناییەکی تایبەت و بێ­وێنەی بە بنیادەم بەخشیوە. بە ھۆی ئەم گەشەکردنەوە، توانای تایبەتی ئینسان بۆ چەمکڕێژ کردنی شتەکان لە ‌ڕێگای زمانەوە، ئینسان لە خۆی و دەورووبەری بێگانە دەکاتەوە. چونکە ئینسان بە لوتفی زمانەوە ڕۆ دەچێتە ناو شتەکان و لێیان ڕادەمێنێ و بنەماکانی توانای ھەڵبژاردن بۆ ئەو مسۆگەر دەکات. کەوابوو ئینسان تەنیا بوونەوەری خاوەن مێژووە کە لەو ڕێگەوە، ھەستی و بوونی خۆی دیاری دەکات و ھەم وەسڵ دەبێت بە کات و ھەم دادەبڕێت لە کات و بە تەعبیری قورئانی دەبێت بە «شتێکی شایانی باس».(ئینسان: 1) ئینسان لە ڕێگەی زمانەوە ھەم بوو بە خاوەن مێژوو، ھەم بوو بە خاوەن یادگەی مێژوویی. سروشتی وجودی ئینسان کە [جۆرێک] لە لەخۆڕامانە، ئینسان دەکات بە ھەڵگری ئەمانەتێک کە باری بڕوا ومتمانەی خودایە لەسەر ڕووی زەوی.(‌ئەحزاب:72)

     داکۆکی کرا لەسەر ئەم بابەتانە کە بنیادەم وەکوو بەشەر لە جیھانێکی بێزماندا دەژیا. بەڵام لەگەڵ تەکامول و گەشەی ئینساندا، مرۆڤ ھەنگاو دەنێتە ناو پاڕادایمی پەیوەندییەوە. ئێستە ئینسان دەتوانێت ناوبنێت لە شتەکان و بیانناسێت و فەھمیان بکات. لە دوای توانای ناو­بەخشین بە شتەکان، خەسڵەتی جوداوازینەری(بەیان) سەر ھەڵدەدات. لەگەڵ سەرھەڵدان و ھاتنەئارای ئەم خەسڵەتە، ئینسان وەکوو خەلیفە، ھەنووکە جێگری بەرجەستەی حەیوانی بیۆلۆژیکی پەتی، (مرۆڤ وەکوو حەیوان) شێلگیرانە ھەنگاوەکانی لەسەر زەوی دادەنێت، ناو ­دەنێت لە ھەموو شتێک و بەپێی ئەو ناو­لێنانە، دەستەبەندییان دەکات. بەم شێوە، ئینسان دەست دەکات بە گۆڕانی ماھییەتی جیھانێک کە پێشتر فەھم­نەکراو (unintelligible) و خامۆش لەگەڵ ئینسان ڕووبەڕوو دەبۆوە. توانای ناونان بەشەر دەکاتە ئینسان، چونکە بەو شێوەی کە تیۆریستی(بیرۆکەوانی) ئەدەبی ن. و. تیۆنگۆ دەڵێت: وشە ئاخاوتنییەکان (ناوەکان) پەیوەندی نێوان مرۆڤ و زمانی ئاخاوتن، فۆڕمڕێژ دەکەن[43]. زمان جیھانێکی شیاوی تێگەیین ساز دەکات کە «ناوەکان‌‌» لە ڕێگەی بەکارھێنانی نیشانەگەلێک کە شتەکان لە یەکدی جیاواز دەکەنەوە، پەیوەندی لەنێوان ئەو شتانەدا دروست دەکەن. ئاگامبێن بەڵگە دەھێنێتەوە کە زمان، ئارشیوی لێکچوونە نامادییەکانە و خەزێنەی مەدلوولەکان[44].

ھەروەھا لە ڕوانگەی ئەخلاقیشەوە، مرۆڤ لە ڕێگەی ناونانی کردەکانی خۆی و دەستەبەندی ئەوان بە چاکە و خراپە و ڕەحمانی و شەیتانی، لە بەشەرەوە بوو بە ئینسان. بەم شێوەیە پتانسێلە ڕەحمانی و شەیتانییەکانی کە­ تا ­ئێستە نەناسراو بوون، فەھم­کراو و وەدیھاتوو دەبن. سەرھەڵدانی ئینسانی قسەکەر بووە ھۆی ئەوەی دونیای ساکاری گوێ­لە­مستانەی فریشتەکان لە ھەمبەر خودادا شوێنەواری نەمێنێ. ئەرەستوو دەڵێت: ئینسان تەنیا حەیوانێکە کە (خودا) توانای پەیڤینی پێ خەڵات کردووە و ئەم توانای پەیڤینە بە مەبەستی دیاریکردنی چاکە و خراپەیە[45]. ھەروەھا کە شاعیری سۆفی مەسلەکی فارس؛ حافز دەڵێت:

من ملک بودم و فردوس برین جایم بود     آدم آورد در این دیر خراب آبادم[46]

بابم ئاوا منی ھێناوەتە ئەم وێرانە     من دەنا خەڵکی ئەوین باخی مەلەک ئابادم

(تاڤگەی ئەوین:غەزەلی ژمارە 317)

زمان، ئازادیی ھەڵبژاردن و کێشەی چاکە و خراپە

ئێستە ئەگەری ئەوە ھەیە ئەم پرسیارە بورووژێت کە ئەگەر خودا ناوەکانی بە ئادەم فێر کرد، ڕۆڵی چاوەڕوانکراو لە ئینسان چییە؟ ئەگەر خودا ھەم ناوەکان و ھەم زانستی ئەو ناوانە بە ئینسان ڕادەگەیەنێت؛ ئیدی چۆن ئینسان دەتوانێت «ناونەری شتەکان» بێت؟ بەپێی ئایاتی قورئانی خودا ناوی تەواوی شتەکانی بە ئینسان فێر کرد و بەیان و فەھمی پێ خەڵات کرد. پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئایا ئادەم گەشەی کرد و بوو بە ئینسان؛ یان ئایا خودا ڕاستەوخۆ ھەموو ناوەکانی فێری ئینسان کرد و ئەمەش لە ئاکامی ئەوەدا بوو کە خودا بە یەکجارەکی ڕۆحی ئیلاھی وەبەر ئادەم کرد. ئەم سیناریۆیە چۆن لەگەڵ ماھییەتی پاڕادۆکسیکاڵی ئینسان کە ھەڵگری ھەم چاکە و ھەم خراپەیە و ئەمەش ڕیشەی لە توانای بەکارھێنانی زماندا ھەیە، تەبا دەبێت؟ بە پێچەوانەی ئەوەی کە قورئان، ئینسان وەک بوونەوەرێکی خاوەن ویستی ئازاد و بەرپرسیارەتی بە فەرمی دەناسێت، کردەوەکانی ئینسان ھێشتا لەناو کۆنتێکستێکی گەورەتر و بەربڵاوتر لە سوننەتی ئیلاھیدا ڕوو دەدات. ھەر کردەوەیەکی ئینسان دەرکەوتە و شوێنھاتی تایبەتی خۆی ھەیە و لەناو دەڤەری ھۆ و ھۆکرد­دا ڕوو ­دەدات و ھەر­وەھا کە قورئان ئاماژەی پێ دەکات، یاساکانی لەلایەن خوداوە دیاری دەکرێت[47]. بۆ وێنە لە ئایەی حەڤدەی سوڕەتی ئەنفالدا؛ خودا کاتێک ھەوەڵ سەرکەوتنی موسوڵمانان بەسەر مۆشریکینی(چەنپەرەستەکان) مەککە لە شەڕی بەدردا وەسف دەکات؛ بە کەسانێک کە لەو شەڕەدا بەشدارییان کردووە دەڵێت: «فَلَمْ تَقْتُلُوهُمْ وَلَٰكِنَّ اللَّهَ قَتَلَهُمْ…»«ئێوە ئەوانتان نە­کوشت، خوا کوشتنی…»(ئەنفال: 17) ئەم ئایەتە پتر وەکوو یادەوەری ئەوە بۆچوونی بۆ دەکرێت کە خاوەن ئیمانێکی ئایینی بەھێز بوون و بوون لەپاڵ حەقیقەتدا، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە خوداش لە پاڵی باوەڕمەنداندا بوەستێت. فەزلوڕڕەحمان لە شرۆڤەی زاراوەگەلێک کە بۆ وەسفی ڕووداوە گرینگە مێژوویییەکان بەکار بردراوە دەڵێت: «قورئان لە گێڕانەوەی دیاردە ھاوشێوەکاندا، ھۆی ڕوودانیان بە خودا و سروشت دەزانێت کە ئەم دوانە ھۆکارێتی جیاواز و وێک­نەچوویان نییە؛ بەڵکووو ھەر­دوو، وەک یەک ھاوشێوە و ھاوسانن. «بەم پێیەش ھێشتا جیاوازی واتاییان ھەیە»[48]. فەزلوڕڕەحمان زێدەتر باسی لێ دەکات ودەڵێت: «کاتێک کە قورئان، زمانی سروشت بەکار دەھێنێت، باس لە ئیدیۆمە ئایینیەکان لە­سەر بنەمای ھۆکردی خوداییەوە ئاراستە دەکات»[49].

قورئان کاتێک کە دەگات بە خاڵی بەیەک‌گەیشتن و یەکبڕی کردەکانی خودا و کردەکانی ئینسان، دوئالیسمێکی سەرنجڕاکێش پیشان دەدات. ھەر کات ئەگەری ئەوە ھەبێت کە باوەڕمەندان لە ئامۆژەی تیولۆژیکی تاقانەیی و بێھاوتایی خودا، تووشی ھەڵە­تێگەیشتن ببن، قورئان بە وەبیرھێنانەوەی باوەڕمەندان بەوەی کە خودی ئینسانەکانیش ئافراندراوی دەستی خودان، خودا وەک ھۆکاری ھەموو شتێک؛ بگرە کردەوەکانی ئینسانیش پێناسە دەکات. بە ھەر حاڵ خودا کاتێک لە گوتاری قورئانیدا، داکۆکی لەسەر بەرپرسایەتیی ئینسان دەکات، لەگەڵ ئینسان وەک کارگێرێکی بەرپرسیار ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لە­ناوکۆیەکی دیکەدا ئەوەی بۆ ئینسان ڕوو دەدات، ئاکامی دەسکەوتە ئاکارییەکان و کردەوەکانی خۆی لە ئەژمار دەدرێت:«كُلُّ نَفْسٍ بِمَا كَسَبَتْ ڕهِينَةٌ» «ھەموو کەسێک لە گرەوی کردەوەکانی خۆیدایە».(موددەسسیر: 38) بە وتەی توێژەری ژاپۆنی ئیسلام توشیھیکۆ ئیزۆتسۆ: «ئیمە دەبێ لە­بیرمان بێت کە قورئان دەکرێت لە سوێنگە­نیگا جۆراوجۆرەکانی تیولۆژیکی، فەلسەفی، کۆمەڵناسانە، دەستووری، تەفسیری و… توێژینەوەی لەسەر بکرێت و ئەم کتێبە لایەنگەلێکی جۆراوجۆر، بە گرینگایەتی بەرانبەرەوە، وەبەر دەست دەخات»[50]. بەگشتی ئەم ئاماژانە لە ناخی خۆیاندا پێکەوە ھاوپەیوەندن و دەبێ لەناو کۆنتێکستێکدا کە ئەو دەقانە بەیان کراون، فەھم و ڕاڤە بکرێن. وەکوو یەکێک لە ستراتێژیە ڕەوانبێژییەکانی قورئان، ئیزۆتسۆ دەڵێت: «جیھان­بینی قورئانی، دەتوانرێت وەکوو سیستمێک، بنوێندرێتەوە کە لەسەر بنەمای دژبەری چەمکی ساز کراوە»[51]. کەوایە بەپێی ئەو شتەی ئیزۆتسۆ بە جیھانبینیی قورئانی ناوزەدی دەکات، فێربوون و بەدەستھێنانی زمان و توانای ناونانی شتەکان، زەروورەتەن لەگەڵ ڕۆڵی خودا وەک فێرکاریی ناوەکان، دژیەکی و یەکناکۆکی نییە.

    بەڵام ئەم پرسیارە ھەر بەردەوامە، کە ئەگەر فریشتەکان خاوەن زمان نە­بوون، چلۆن دەتوانن بەرتەکی و ناڕەزایی خۆیان لە ھەمبەر پێگەی بەرزی ئادەم وەکوو ئینسان دەرببڕن؟ قورئان بە ئێمە دەڵێت: «خودا ھەموو ناوێکی فێری ئادەم کرد؛ ئەوسا ھەمو شتەکانی وەبەر فریشەکان ڕاناو گوتی: ئەگەر ڕاستی بۆ چوون، ناوی ئەوانەم بۆ ھەڵدەن. گوتیان ھەر تۆی لە کەمایەتی بە دووری، ئێمە بەدەر لەوەی کە تۆ فێرت کردووین ھیچ نازانین…» (بەقەڕە:31-32) لە قورئاندا ئایەتانی دیکەش ھەن کە ماھییەتی میتافۆریکی ئەو شتەی کە دەتوانرێ پێی بگوترێ پەیوەندی  «بان­زمانی» فریشتەکان، ڕوون دەکەنەوە و لەسەر ڕۆڵی زمان وەکوو بنەمایەک بۆ بەرپرسیاریەتی و ئازادیی ھەڵبژاردنی ئینسان داکۆکی دەکەن. ھەروەھا کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا؛ قورئان، ئینسان وەکوو تەنیا ھەڵگری باری ئەمانەتی خودایی لەسەر زەوی پێناسە دەکات. فەزلوڕڕەحمان ئەم گێڕانەوە، ئاوا شرۆڤە و ڕاڤە دەکات: خودا باری ئەمانەتی «عەقڵ و ئیرادەی» ڕانایە بەر ئاسمانەکان و زەوی و کێوەکان، ھیچیان لە خۆیان ڕانەدی بچنە ژێری و ملیان نەدا…» (ئەحزاب: 72)[52]. بەم پێیە ئەم ڕەت­کردنەوە چۆن بەیان کرا؟ لە ڕووبەڕووبوونەوە تەک ئەم بابەتەش دا، ئەوەی وا ئاسمانەکان و زەوی ڕەتیان کردەوە کە ھەڵگری باری ئەمانەتی خودا بن؛ دەکرێ لەگەڵ ناڕەزایی و گازەندەی فریشتەکان لە ھەمبەر پێگەی بەرزی ئادەمدا، بەراوەرد بکرێ کە لە سووڕەتی (بەقەڕە:31 و 32) ناوی لێ براوە. لە ھەر دو گوتارەکەدا وا دیارە قورئان ئاماژە بە چۆنایەتییەکی سەرتر دەکات کە بە ھۆی زمان و مەودای چەمکییەوە، جیھانی بێ­زمان لە ئینسانی قسەکەر، جیا دەکاتەوە. ئەو ناڕەزایەتییەی ناو جیھانی غەیرە­ئینسانی، وەکوو ئەو نموونە نارەزایەتییەی وا جیھانی فریشتەکان دەریان بڕی، وا دیارە شێوەیەکی ئایرۆنیکی بووبێت، بۆ جەخت­کردن لەسەر ئەو جیاوازییە. بە پێچەوانەی ئاسمانەکان و زەوی کە ملیان نەدا بە ھەڵگڕتنی باری ئەو ئەمانەتە، ئینسان خۆی وەبەر نا و قەبووڵی کرد. ھەر چەند کە قورئان ڕەخنە لە ئینسان دەگرێت وەکوو کەسێکی ستەمکار و نەزانکار (ظلوما جهولا)، [بەڵام] بەپێی بۆچوونی فەزلوڕڕەحمان، بەو حاڵەش، بەڕێوەبردنی ئەو کارە، ڕاستەوخۆ نرایە سەر شانی ئینسان؛ چونکە لە نەزمی خیلقەت­دا؛ ئینسان بوونەوەرێکی بێھاوتایە و ئازادیی ھەڵبژاردنی پێ خەڵات کراوە[53]. شاعیری فارس زمان حافز ئاوا ئاماژە بەم بابەتە دەکات:

آسمان بار امانت نتوانست کشید      قرعەی فال بە نام من دیوانە زدند[54]

ئاسمانیش لەژێر باری ئەمانەت چووە دەر     وەی کە ئەم بارە بە کۆڵی منی دێوانە درا

(تاڤگەی ئەوین : غزل 184)

«باری قورس» کە لەو دێڕە شێعرەی حافزدا ئاماژەی پێ دراوە، ویستی ئازاد و خواستی ھەڵبژاردنە کە بە لوتفی توانای چەمکسازی و لە ڕێگەی بەخشینی زمانەوە، خەڵاتی ئادەم وەکوو ئینسان کراوە. ھەروەھا کە ئەرەستوو ئاماژە دەکات: خەڵاتی زمان ئەو تواناییە بە ئینسان دەدات کە خاسە و خراپە لە یەک جودا بکاتەوە. کەوایە ئەمانەت کە لە (ئەحزاب: 72)دا ناو براوە؛ دەتوانرێت وەکوو بەرپرسیاریەتیی تایبەت و تاقانەی ئینسان وێنا بکرێت، چونکە بوونەوەرە بێزمانەکان، توانای تەفسیر و بەیانیان نییە هەتا ئەگەری ئەوەیان پێ­بدا کە ھەڵگری ئەو متمانە و ئەمانەتە بن. خاوەن­زمان­ بوون؛ لەگەڵ دیکەی قازانج و باشییەکانی، ھەم توانای ھەڵگرتنی باری متمانە بە جیھان و ھەم توانای ھاوژینی و پێکەوەبوونی چاکە و خراپەی تا قامی قیامەت مسۆگەر کرد.(حیجر: 32-40) پێش لە سەرھەڵدانی ئینسان، جیھان لە دۆخێکی پێش­جیاوازی­نراودا (‍Pre-differentiated) بوو؛ کە لەو دۆخەدا ھەڵبژاردنی ئەخلاقی لەنێوان چاکە و خراپەدا ھێشتا بوونی نەبوو. محەممەد ئێقباڵی لاھووری لەم بارەوە، پەیدا­بوونی ئینسان وەکوو ئاژاوە و شڵەژانێک بۆ جیھانی پێش­بەیان (.Pre-articulable world) وەسف دەکات:

فطرت آشفت که از خاک جهان مجبور            خودگری، خودشکنی، خودنگری پیدا شد.[55]

ھەروەھا کە ئێقباڵ ئاماژەی پێ دەکات، توانای ناونان و جودا­کردنەوەی شتەکان لە یەکدی، بوو بە ھۆی ئەوەی ئینسان بەسەر بێ­ئەنوایی، دژداماوی و چارەنووسگەری(Fatalism)دا زاڵ بێت، یان بەو شێوەی فەیلەسووفی فەڕانسایی ئەلجەزایەری؛ ژاک دریدا (١٩٣٠- ٢٠٠٤) بابەتەکە ئاوا باس دەکات: «ناو­نان، سەربزێوی و لادان وھەڵوەشاندنەوەیه»[56]. کەوابوو سەرھەڵدانی ئینسان، سەرھەڵدانی بوونەوەرێکە کە «بۆ خۆی سازێنەر، تێکدەر و بینەرە»[57]. بە واتایەکی دی سەرھەڵدانی ئینسانی خاوەن­زمان، بێ­واتایی لە بن دەبات، چونکە زمان ھەم پەردەکان لا دەبات و ھەم بەگشتی مانا دەبەخشێ بە بوونی ئینسان:

خبری ڕفت ز گردون به شبستان ازل         حذر ای پردەگیان پرده­دری پیدا شد[58]

بەم پێیە؛ گۆڕدرانی جیھان بە ھەبوونێکی فەھم­کراو و ڕەمزسڕاوە، کاریگەرییەکی بەنرخی ھەیە، چونکە پرۆسەی جیاوازی چەمکی، تەفسیرە ھاڤڕک و جۆراوجۆرەکان ساز دەکات. سەرھەڵدانی ئینسان وەک کارگێڕی ڕەمزسڕینەوە لە جیھانی ماددی، دەبێتە ھۆی ھاتنەئارای ھەبوونێکی نوێ کە کۆتایی بە دژداماوی و یەکجۆری و فەرمانبەری ھەتاھەتاییی فریشتەکان دێنێت:

ساختەی خویش ڕا درشکنم ڕیزریز     تا زغبار کھن پیکر نو آورم[59]

(دەسکردی خۆم ورد و خاش دەکەم  تا لە گەرد و تۆزی کۆن، جەستەیەکی نوێ بھێنمە ئاراوە)

سەرھەڵدانی دەنگە یەکناکۆک و دژیەکەکان لەنێو جیھانی­ قسە­نە­کەری پێش­زمانیدا؛ یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی لەدایک­بوونی زمان بوو، چونکە لەگەڵ ئینسان شەڕ و خراپەش ھاتە مەیدانی بوونەوە. شەڕ و خراپە دەتوانێ بوونی ھەبێت، چونکە ئینسانی خاوەن­زمان ئەو تواناییەی ھەیە، ھەروەھا کە قورئان دەڵێت: « وَعَصَى‏ آدَمُ ڕبَّهُ فَغَوَى‏» «…ئادەم لە فەرمانی پەروەرەندەی لای­دا و لەڕێ دەرچوو» (تاھا:121). کەسایەتی شەیتان سەمبولی شەڕ و خراپەیە و لەگەڵ ھەوەڵ کردەوەی لادان لە فەرمانی خودا، ھاتە ناو جیھانەوە. ئەو بەم کردەوەیە ملی نەدا کە سوژدە بۆ ئادەم بەرێت، ئادەم کەسەمبول و نموونەی چەمکی ئینسان بوو. ئاماژە بەم خاڵەیش گرینگە کە قورئان ھیچ چەشنە بێ­فەرمانییەکی دژ بە خودای، پێش لە ھاتنەئارای ئادەم وەکوو ئینسان، گوزارشت نەکردووە. کەوایە لەو کاتەوە، خودا تێکەڵاوییەکی یەک‌ناکۆک لە ھۆگری بە خراپە و لە ھەڵوەدایی بە لە خوا­ترسی و پارێزگاری وەشاندووەتە ناو دەروونی ئینسانەوە. «فألهما فجورها و تقواها»«ئەوسا ھەمو تاوانباری و پارێزگاری لە ویژدانی گەیاندووە».(شەمس: 8) ھاتنەئارای شەڕ و خراپە ھاوکات بووە لەگەڵ ھاتنەئارای زمان؛ چونکە پتانسێلی ئینسان بۆ سەرکێشی، یەکێک لە لایەنەکانی کاریگەریی خواستی ئازاد و ئازادیی ھەڵبژاردنە کە ئەویش لێکەوتەی توانای جیاوازی‌دانانی زمانە. ھەر­وەھا کە فەزلوڕڕەحمان ئاماژەی پێ دەدا کە شەیتان «کاری خۆی لەگەڵ ئینسان دەست پێ دەکات و دەبن بە ھاواڵ­دوانە»[60].

جیھانی فریشتەکان یا بە تەعبیری ئیقبال «جیھانی لە پێش­دیاریکراو»( The predetermined world) بۆ ھەوەڵ جار، تووشی کێشە و شڵەژان بوو، کاتێ کە ئینسانی خاوەن­زمان و ئیبلیس ھەر دووک ھاتنەئاراوە. لەم قۆناغەدا ئیبلیس لە باقی فریشتەکان کە لە جیھانی لەپێش­دیاری­کراو و فەرمانبەردا بوون، نامۆ کەوت. ئیبلیس لە دیکەی ھاوجۆرەکانی خۆی بێگانە کەوت و سەربزێوی لەگەڵ خودا کرد و بوو بە کافر(بێ‌باوەڕ)« ‌أبی و استکبر و کان من الکافرین».(بەقەڕە:34) بە پێچەوانەی باوەڕی باو، وشەی «کان» لەم ئایەتەدا لە جیاتی ئەوەی حاڵەت و دۆخی ئیبلیس دوای مل­نەدان بە سوژدەی ئادەم وەسف بکات، بە واتای گۆڕانی جێگە و پێگەی ئەو ھاتووە. فێعلی ڕابردووی«کان» زۆر جار بەو واتایە فەھم دەکرێت کە ئیبلیس پێش سەرھەڵدانی ئینسان لە زومڕەی جین حەساوی بۆ دەکرا. لە عەینی حاڵدا ئایەتانێکی زۆر لە قورئاندا ھەیە کە بەکارھێنانە جیاوازەکانی فێعلی «کان» نیشان دەدات. بۆ وێنە وشەی «کان» لە (نیساء:1) دا «…إن الله کان علیکم ڕقیبا»«خوا ھەمیشە چاودێرە بە سەرتانەوە» و یا لە (ئەعراف: 103)دا «فانظر کیف کان عاقبة المفسدین» لە دوای گشتگیری و بڵاوبوونەوەی فەساددا. لەم نموونانەدا فێعلی «کان» بەردەوامی نێوان ئێستاو داھاتوو و گۆڕانی جێگە و پێگەیەک نیشان دەدات کە لە ڕابردوودا بوویەتی. کەوابوو دەقی ئایەتی سی و دووی سوڕەتی بەقەڕە دەتوانرێت بە جێگەی وەرگێڕانی بە «ئیبلیس لە جنییان بوو» بە [شێوەی] «ئیبلیس بوو بە جن» وەر­بگێڕدرێت. زاراوەناسانی کلاسیک ئاماژە بەوە دەدەن کە زاراوەی «الجن» بە واتای «تاریکی بەتەوژم و سەرلێشێوێنەرە»[61]. ھەروەھا ئەم زاراوەیە لە قورئاندا واتای جۆراوجۆری ھەیە و لە ناوکۆگەلی جیاوازدا، بەکار ھێنراوە. لە بڕێک شوێندا، ئەم زاراوەیە ئاماژەیە بە غەریب و نامۆکان یان ئەو کەسانەی ھەنووکە بۆ کۆمەڵگایەکی دیاریکراو نەناسراو و غەوارەن.[62] ھەر­وەھا شوێنگەلێک ھەیە کە وادیارە لەم زاراوەیەدا بۆ ئاماژە بەغەیرە مەککیەکان یا خەڵکانێک کە لە دەرەوەی مەککەدان بەکار ھێنراوە.( جین: 1-9).[63] لە یەک جێگەدا ئەم زاراوەیە ئاماژە بە تاقمێک لە غەوارە و بێگانەکانی نێو شوێن­کەوتووانی مووسا دەکات:

ھێندێکیش لە جندۆکانمان ناردە لای تۆ، ھەتا گوێ لەم قورئانە بگرن، کاتێ ھاتن، گوتیان: مات بن و گوێ بدەن! وەختێ بیستیان، ھاتنەناو خێڵەکەیان و ترسی خوایان وەبەرنان. گوتیان گەلۆ ناوەرۆکی کتێبێکیان بۆ وەخوێندووین، کە پاش مووسا ناردراوە؛ بڕوای بە کتێبەکانی پێشوویش ھەیە، ھانە بۆ ڕاستی دەدات و شارەزای ڕاستەڕێ دەکات.[64]

محەممەد ئەسەد بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات کە «ئاماژە­نەدان بە عیسا و ئاماژە بە قورئان وەکوو ئەوەی دوای مووسا دابەزیوە، دەلالەت لەسەر گفتوگۆی نێوان­خۆیی تاقمێک یەھوودی دەکات و من لەسەر ئەو باوەڕەم کە لێرەدا ئاماژەی ئەوان بەوەیە کە قورئان کتێبی تەوڕاتی پەسەند­ کردووە». تەبەری ڕاڤەوانی ناسراوی قورئان، ناوی ھەندێک لە شوێنە جوغرافییەکان دەبات کە خەڵکانی ئەو شوێنانە بە جین لە ئەژمار دەدران.[65]

بەڵگە دەھێنمەوە کە بەکارھێنانی وشەی جین لە سووڕەتی بەقەڕە ئایەی دووھەمدا؛ بە واتا ڕێتۆریکییەکەی، ئاماژەیە بەو گۆڕانەی وا لە پێگەی ئیبلیس­دا ڕووی­­دا و نامۆ­بوونی لە دیکەی فریشتەکان. فەزلوڕڕەحمان لەسەر ئەو باوەڕەیە، «چ شەیتان بنەمایەکی عەینی شەڕ بێت، چ یەک تاکەکەس بێت، وڵامدانەوە ئەستەم و دژوارە. بەو حاڵەیش؛ شەڕ به تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ چیرۆکی ئادەم­دا بە کەسایەتی­کراو(personalized) دەبێت».[66] فەزلوڕڕەحمان ھەروەھا درێژەدەدات: «شەیتان ھاواڵ­دوانەی ئینسانە، چونکە پێش لە ئادەم شەیتان بوونی نەبوو و سەربەخۆ لە ماھییەتی بەشەر؛ نەیدەتوانی ھەبێت».[67] ھەروەھا کە لە سەرەوە وترا گرینگە بزانرێت کە لە قورئاندا؛ بەس دوای ئەوەی کە ئینسان قسەی کرد و ناوی لەسەر شتەکان دانا و ھەڤیازی زمانی خۆی بەسەر دیکەی ئافراندراوەکاندا نیشان دا، شەیتان ھاتە ئاراوە. بە سەرنج بەم باسانە دەتوانین بیسەلمێنین کە ململانێ و مشتومڕی ئینسان لەگەڵ شەڕدا، لێکەوتەی ڕاستەوخۆی خاوەن زمان بوونە.

   سادق جەلالەلعەزم فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەدەبی هاوچەرخ و خەڵکی سووریا، لە کتێبی ڕەخنە لە ھزری ئایینی­دا، تەفسیرێکی سەرنج­ڕاکێش لە چیرۆکی قورئانی ئادەم و سەرھەڵدانی ئیبلیس دەخاتە بەردەست.[68] ئەلعەزم بە پشت­بەستن بە بۆچوونەکانی شەھیدی سۆفی­مەسلەک، مەنسووری حەللاج ئەو شتەی کە پێی دەڵێ «تراژێدیای ئیبلیس» لێک دەداتەوە و ئیددعا دەکات کە چیرۆکی ئیبلیسلە قورئاندا و مل­نەدانی بە سوژدە­کردن بۆ ئادەم، لەسەر مشت­و­مڕ و کێشمەکێشی چاکە و خراپە نییە، بەڵکوو مشت­و­مڕی نێوان ئەندازەکانی ڕەھا و مەرجداری ئیتاعەت لە خودا نوواندنەوە دەکات، وا کە ئیبلیس ئیتاعەتی ڕەھا ھەڵدەبژێرێت. بە ئێمە وتراوە کە ئیبلیس وەکوو «گەورەترین تاقانەپەرەست» ئیتاعەتی ڕەھای خودای ھەڵبژارد و سوژدەی بۆ غەیری خودا، پەسن نەکرد.[69] ھەروەھا ئەلعەزم لەسەر بیرۆکە و بۆچوونەکانی نووسەری ناسراوی میسری عەباس مەحموود ئەلعەققاد(١٨٨٩- ١٩٦٤)، بەڵگە دەھێنێتەوە کە فریشتەکان باشترن لە ئینسان، چونکە ئەوان بەردەوام دروست ئیش دەکەن؛ بەڵام ئینسانەکان جاری وا ھەیە دروست ئیش ناکەن و بە ھەڵەدا دەڕۆن. کەوایە لە لای ئەلعەزم چیرۆکی ئیبلیس سەبارەت بە چاکە و خراپە نییە: بەڵکوو ئاماژەیە بەوەی کە خودا دەیویست قارەمانێکی تراژیک لە شەیتان ساز بکات.[70] ئەو شتەی لەم لێکدانەوەدا ڕەچاو نەکراوە، گرینگایەتی ئازادیی ھەڵبژاردنە کە دیکەی ئافراندراوەکانی خودا، جگە لە ئینسان ئەو ئازادییەیان نییە. بە سەر ئەمانەش­دا و لە ڕوانگەیەکی ئەخلاقییەوە «چاکبوونی» فریشتەکان کە نەیاندەتوانی کارێک جگە لە ئیتاعەت و بەندایەتی بکەن، پێش لە سەرھەڵدانی ئینسان، بێگومان دۆخێکی بێ­مانا بەسەر بوون­دا زاڵ بوو. ھەروەھا کە قورئان داکۆکی دەکات، فریشتەکان «… خوا چۆنیان فەرمان پێ بدا، لە فەرمانی خودا دەرناکەون و ھەر چی بەوانی دەسپێرێ جێبەجێی دەکەن»(تەحریم: 6)

 لێکۆلینەوەکانی ئەلعەزم بە ڕوونی لەژێر کاریگەریی ھۆگری ئەو بە بەرگری لە ھەڵوێستێکە کە لەودا وەزعییەتی زمانی عەرەبی وەکوو زمانێکی سامی، نابێتە بەربەست لە بەرھەمھێنانی دیرۆک. بەو حاڵەش ئەلعەزم لە درێژەدا ئیددیعا دەکات کە فەھمی ئێمە لە کەسایەتیی تراژیکی ئیبلیس، بۆ ھەتا­ھەتایە ناتەواو دەمێنێتەوە، چونکە تراژێدیا بە واتای ڕەھا و حەتمی خۆی، ناتوانێت لە چوارچێوەی سێ ئایینی سامی­دا بوونی ھەبێت.[71] لێرەدا وادیارە بۆچوونەکانی ئەلعەزم ڕەنگ و بۆی دژە­سامی­بوونی کەسانێک وەک ئێڕنێست ڕێنان (١٨٢٣-١٨٩٢) و ماکس موولێری (١٨٢٣-١٩٠٠) پێوە دیارە، کە لەسەر ئەو باوەڕەن؛ زمانە سامییەکان بە ھۆی ڕیشەی سێ پیتی پێکھاتەکانیان و ئەوەی کە وشە سامییەکان بەس بۆ واقعییەتە بینراو و ماتڕیالەکان بەکار دەبرێن، لە ڕووی چەمکییەوە سنوردارن و ناتووانن شتی بان­سروشتی بنوێنن.[72] ئەلعەزم لە تەواوی کتێبەکەیدا ھەوڵ دەدات کە وێکچوونگەلێک لەنێوان دیرۆک­ناسی یۆنانی و چیرۆکی ئیبلیس و دیکەی گێڕانەوە قورئانییەکان پەیدا بکات.[73] بەو حاڵەیش ئەلعەزم ئەو واقعییەتە لە پێش چاو ناگرێت کە لە چیرۆکی قورئانیدا، گرینگایەتی سەرەکی نە بە ئیبلیس؛ بەڵکوو بە سەرھەڵدانی ئادەم وەکوو ئینسان، دراوە کە توانای ناونانی شتەکانی ھەیە. شەڕ و خراپە دوای خاوەن­زمان­بوونی ئینسان، وەکوو بژاردەیەک لە دەروونی ئینساندا سەری ھەڵدا و ھاتە ئاراوە. کەوابوو پتانسێلی خراپە بەشێکی زاتی و سەرەکیی ئێنسانە وەکوو بوونەوەرێکی بەرپرسیار. ھەروەھا کە پێشتر ئاماژەی پێ درا خەسڵەتی جیاوازینەری ئینسان، تێکەڵاوێکی پاڕادۆکسیکاڵە کە ھاوکات ھەم ھەڵگری شەڕ و خراپەیە و ھەم ھۆگری پارێزگاریشە. ئەگەر وا نەبوایە ئێنسان لە دۆخی بەشەردا دەمایەوە و وەکوو دیکەی بوونەوەرە لەپێش­دیاری­کراوەکان، بۆ وێنە وەکوو فریشتەکان، نەیدەتوانی سەربزێوی بکات و شۆڕشێک ڕێک بخات.

دەرئەنجام

جیاوازییەک کە قورئان لەنێوان دوو زاراوەی ئینسان و بەشەر­دا دایدەنێت؛ بەس بەکارھێنانی دوو وشەی جۆرا­و­جۆر بۆ تەوسیفی مرۆڤ نییە. بەڵکوو ئەم دوو چەمکە ئاماژە بە دوو قۆناغی جیاواز لە واقعییەتی ئینسانی دەکات. بەشەر، ئاماژەیە بە مرۆڤێکی بیۆلۆژیکی یان ڕووە بیۆلۆژیکی و فیزیۆلۆژیکییەکانی مرۆڤ. ئادەمیش وەکوو ئینسان ھەر بەشەرە؛ بەڵام بەشەرێکی گەشەکردوو. ئینسان ھەموو تایبەتمەندی و کووالیتییەکانی بەشەری ھەیە و جگە لەوانە تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی و جیاوازیدانەریشی ھەیە؛ ئەویش خاوەن ­زمان و بەیان بوونە. ئینسان ھاوڕێ لەگەڵ لەدایکبوونی زمان، ھاتە ئاراوە و بوون بە خەلیفە یان جێگری کاتی حەیواناتی قسەنەکەر. بەم واتایە ئادەم وەکوو نموونەی سەرەتاییی ئینسان، جێگری خودا  نییە بەڵکوو نوسخەی گۆڕاوی بەشەرە کە سەرھەڵدانی ئەو بە واتای قۆناغێکی دیکە لە تەکامول و گەشەی ئینسانە (خلقا آخر). ھەروەھا کە لە سەرەوە نیشان درا، ھەندێک لە ڕاڤەکارانی ناسراو و سەرامەی مودێڕن و کلاسیکی قورئان، ئاماژەیان بە ئەگەری ئەوە کردووە کە پێش لە ئادەم مرۆڤ ھەر بووبێت. ئەوان لە­باتی ئەوەی لەسەر ئەو باوەڕە بن کە سەرھەڵدانی ئادەم وەکوو سەرڕێچکەی دەستپێکی ژیانی ئینسانی بێت، لایان وایە کە ئەم ڕووداوە چەشنێک لە گۆڕان و گەشەی بیۆلۆژیکییە. ئەو ڕاڤەکارانە بەپێچەوانەی ئەدەبیاتی ئەم دوایییانەی لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی لەسەر ئەم بابەتە، خیلافەتی ئادەمیان وەکوو ڕێکخراوەیەکی سیاسی وێنا نەدەکرد، بەڵکوو باوەڕیان وایە ڕوانگەی قورئان سەبارەت بە زمان، وێکچوونی لەگەڵ بۆچوونی ئەرەستوو ھەیە کە پێی وایە زمان، ئینسان لە دیکەی ئافراندراوەکان جیا دەکاتەوە. ئادەم وەکوو ئینسانی خاوەن­زمان، بوون بە بوونەوەرێکی بەرپرسیار، ھەڵگری ئەمانەتی خودا و بوونەوەرێک کە بە لوتفی خاوەن زمان بوون، لە دووڕێیانی خێر و شەڕ، ھوشیار بووەوە.

* کەمال سلێمانی پسپۆڕی مێژوو و سیاسەتی ئیسلامی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. سلێمانی دوکتۆراکەی لە بوواری میژووی ئیسلام و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2014 دا لە زانکۆی کۆلۆمبیا وەڕگرتووە و لە زانکۆکانی تورکیا و ئامریکادا وانەی وتوەتەوە. دوکتۆر سلێمانی نووسەری ژمارەیەک وتاری زانستی و کتێبێکە بە ناو ئیسلام و ناسیۆناڵیسمە ڕکابەرەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست­دا کە پەخشانگایPalgraveلە ساڵی 2016 دا چاپ و بڵاوی کردوەتەوە. لەم کتێبەدا سلێمانی مەعریفەناسییەکانی بنەڕەتی دەوڵەت نەتەوەی [مودێڕن] بە جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی و ھاودڵانەی ئیسلام لە سەرھەڵدانی دەوڵەت نەتەوەدا، دەباتە ژێر پرسیار. دوکتۆرسلێمانی نیشان دەدات چلۆن پێکدادان و کاردانەوە ھەڤبەرەکانی ناسیۆناڵیزم و ئەندێشەی ئایینی لە مێژووی مۆدێڕنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست­دا، ڕۆڵی نوواندووە. 

* حیسامەدین خاکپوور: دەرچووی دوکتۆرای زمان و ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی تاران.

پەراوێزەکان:


[1]. Muh. ammad Alī al-Shawkānī, Fath. al-Qādir, Vol.5 (Cairo: Dār al-Wafā, 1994), 131; Abū al-Futūh. al-Rāzī, Rawz. al-Jinān wa Rūh. al-Jinān (Qom: Mar‘ash Publishers, 1983), vol. 5, 204–5.

[2]. Alī Sharī‘atī, Chahār Zendān-e Insān (Ittih. ādiyya-ye Anjuman-e Islāmi-ye Dāneshjuyān dar Orūpā, 1977), 1–4.

[3]. Alī Sharī‘atī, Chahār Zendān-e Insān, 1–4.

[4]. Abū al-Fidā’ Ismā‘īl Ibn ‘Umar Ibn Kathīr, Tafsīr al-Qurān al-‘Az. īm. Vol. 1 (Riyadh: Dār al-T. ayba, 1997), 218.

[5]. Muh. yiddīn Ibn ‘Arabī / ‘Abd al-Razzāq al-Kāshānī, Tafsīr al-Qur’ān. Vol. 1 (Beirut: Dār al-Andalus, 1978), 36–7.

[6]. See Muh. ammad Rashīd Rid. ā, Tafsīr al-Manār (Beirut: Dār al-Kutub al-‘Ilmiyya, 1999), 214.

[7]. Muh. ammad Rashīd Rid. ā, Tafsīr al-Manār, 214.

[8]. See Qur’ān 4:163.

[9]. Sharī‘at Sanglajī. Klīd-e Fahm-e Qurā’n (Tehran: Danesh, 1978), 85.

[10]. Ibid, 85.

[11]. Muh. yiddīn Ibn ‘Arabi. Contemplation of the Holy Mysteries and the Rising of the Divine Lights. Trans. Cecilia Twinch and Pablo Beneito (Oxford: Anqa Publishing, 2008), 31.

[12]. Muhammad Iqbal, The Reconstruction of Religious Thought in Islam (London & New York: Oxford University Press, 1934), 114–115.

[13]. Muh. yiddīn Ibn ‘Arabī, Contemplation of the Holy Mysteries and the Rising of the Divine Lights, Trans. Cecilia Twinch and Pablo Beneito. (Oxford: Anqa Publishing, 2008), 46.

[14]. See for example, Nāsir-e Makārim-e Shīrāzī, Tafsīr-e Nomūneh (Tehran: Dār al-kutub al- Islāmiyya, 1996), 172 .

[15]. Mehdi Bazargan, Bazgasht be Qur’ān, Vol. 1 (Tehran: Sharikat-e Sahāmi-ye Inteshār, 1999), 130.

[16]. Abu’lfad. l-e Burqa‘ī, Tābesh-e Qur’ān, 1960, 241–42, Accessed May 5, 2017. http://wwwaqeedeh.com/book_files/pdf/fa/tabeshi-az-qoran-1-PDF.pdf.

[17]. Muh. ammad Hussein T. abat.aba’I, Tafsīr al-Mizan, Vol. 1 (Qom: Daftar-e Inteshārāt-e Islāmī, 1984), 177.

[18]. Sayyid Qut.b, In the Shade of the Qur’ān, Trans. M. A. Salahi and A. A. Shamis (Markfield, UK: The Islamic Foundation, 1999), 46–7.

[19] . Ibid, 49.

[20]. See Amina Wadud. Qur’ān and Woman: Reading the Sacred Text from a Woman’s Perspective (New York, Oxford: Oxford University Press), 16.

[21]. Muh. ammad T. āhir Ibn ‘Ashur, Al-Tah. rīr wa al-Tanwīr. Vol. 1 (Tunis: Dār Sah. nūn, 1997), 372.

[22]. W. Benjamin, One-Way Street and Other Writings (London: NLB, 1979), 111. Benjamin’s analysis of the Biblical story of the creation of man has some significant similarities with that of the Qur’ān. In his rendering, there is more than one version of human creation in the Old Testament, one of which has clearly to do with the creativity of language. Benjamin states, “the making of man did not take place through the word: God spoke—and there was but this man, who was not created from the word, but is now invested with the gift of language and is elevated above nature” (Ibid., 114).

[23]. M. Asad, The Message of the Qur’ân (Melksham: Redwood Press, 1993), 9.

[24]. See, for example, Ibn Kathīr, Tafsīr al-Qurān al-‘Az. īm, 223.

[25]. Rid. ā. Tafsīr al-Manār, 218.

[26]. Qut.b, In the Shade of the Qur’ān, 48.

[27]. Ibid.

[28]. Ibn ‘Ashūr, At-Tah. rīr wa al-tanwīr, 407–09.

[29]. Ibid., 409.

[30]. See for example, Qur’ān 96:1–5.

[31]. Asad, The Message of the Qur’ān, 824.

[32]. Ibid.

[33]. Arthur Bradley, Derrida’s Of Grammatology; An Edinburgh Philosophical Guide (Edinburgh: Edinburgh University Press, 2008), 25.

[34]. Asad, The Message of the Qur’ān, 9.

[35]. Ibn ‘Arabi, Contemplation of the Holy Mysteries and the Rising of the Divine Lights, 31.

[36]. Benjamin, One-Way Street, 119.

[37]. Bradley, Derrida’s Of Grammatology, 51

[38]. Giorgio Agamben, Infancy and History: On the Destruction of Experience (London and New York: Verso, 1993), 35–41

[39]. Quoted in Toshihiko Izutsu, Concept and Reality of Existence (Tokyo: The Keio Institute of Language Cultural Studies, 1971), 25.

[40]. Benjamin, One-Way Street, 111.

[41]. In the words of Benjamin, “He becomes the namer; by this we recognize that through him pure language speaks.” Benjamin, One-Way Street, 110.

[42]. See for example, Qur’ān 2:30–32.

[43]. Ngũgĩ wa Thiong’o, Decolonizing the Mind (Harare: Zimbabwe Publishing House (Pvt.) Ltd., 1981), 14.

[44]. Agamben, Infancy and History, 35.

[45]. Aristotle, The Politics, Trans. Benjamin Jowett (Kitchener: Batoche Books, 1999), 5–6.

[46]. Khwājeh H. āfez. -e Shīrāzī, Poetry Collection, Trans. Shahram Shahriyari, Ghazal no. 317. Accessed, May 22, 2017, http://www.hafizonlove.com/divan/04/184.htm

[47]. See for example, Qur’ān 33:38: “There is no reproach for the Prophet on what God made obligatory for him. This was God’s sunna for those who passed away of old; the command of God is an unwavering destiny.”

[48]. Fazlur Rahman, Major Themes of the Qur’ān (Beirut: Bibliotheca Islamica, 1980), 15.

[49]. Ibid.

[50]. Toshihiko Izutsu, God and Man in the Qur’ān (Kuala Lumpur: Academe Art & Printing Services, 2008), 1.

[51]. Ibid, 75.

[52]. Rahman, Major Themes of the Qur’ān, 15.

[53]. Rahman, Major Themes of the Qur’ān, 12.

[54]. H. āfiz. , Ghazal no. 184, Accessed May 22, 2017. http://www.hafizonlove.com/divan /04/184.htm.

[55]. Muhammad Iqbal, The Message of the East (1922). Accessed May 23, 2017. http://ganjoor .net/iqbal/payam-mashregh/.

[56]. Bradley, Derrida’s Of Grammatology, 87.

[57]. Iqbal, The Message of the East, Accessed May 23, 2017. http://ganjoor.net/iqbal /payam-mashregh/.

[58]. Iqbal, The Message of the East.

[59] . Ibid

[60]. Rahman, Major Themes of the Qur’ān, 12.

[61]. See for example, Asad, The Message of the Qur’ān, 995.

[62]. See for example, Q 46:29–32 and Q 72:1–15.

[63]. Asad believes that this is one of “a few instances (Q 72:1–15), where the term jinn may conceivably denote beings not invisible in and by themselves but, rather, “hitherto unseen beings” (The Message of the Qur’ān), 1325. Also, see Muh. ammad al-Bahi, Min Mafâhim al-Qurân fi al-‘aqi-dati wa al-Sluk (Cairo: Maktaba Wahbiya, 1994).

[64]. Asad, The Message of the Qur’ān, 1055.

[65]. Ibid., 899.

[66]. Rahman. Major Themes of the Qur’ān, 90.

[67]. Ibid.

[68]. S. ādiq Jalāl al-‘Az.m, Naqd al-Fikr al-Dīnī (Beirut: Dār al-T. alī‘a, 1970).

[69]. Ibid., 93–4.

[70]. Ibid., 106.

[71]. Ibid., 111.

[72]. See Maurice Olender, The Languages of Paradise Race, Religion, and Philology in the Nineteenth Century, A. Goldhammer Trans. (Cambridge, MA: Harvard University Press, 1992), 84.

[73]. See for example, Jalāl al-‘Az.m, Naqd al-Fikr al-Dīnī, 98–112.

سەرچاوەکان

  1. Muh ammad Alī al-Shawkānī, Fath. al-Qādir, Vol.5 (Cairo: Dār al-Wafā, 1994), 131; Abū al-Futūh. al-Rāzī, Rawz. al-Jinān wa Rūh. al-Jinān (Qom: Mar‘ash Publishers, 1983).
  2.  Alī Sharī‘atī, Chahār Zendān-e Insān (Ittih. ādiyya-ye Anjuman-e Islāmi-ye Dāneshjuyān dar Orūpā, 1977),.
  3. .Abū al-Fidā’ Ismā‘īl Ibn ‘Umar Ibn Kathīr, Tafsīr al-Qurān al-‘Az. īm. Vol. 1 (Riyadh: Dār al-T. ayba, 1997),.
  4. Muhyiddīn Ibn ‘Arabī / ‘Abd al-Razzāq al-Kāshānī, Tafsīr al-Qur’ān. Vol. 1 (Beirut: Dār al-Andalus, 1978).
  5. Muh ammad Rashīd Rid. ā, Tafsīr al-Manār (Beirut: Dār al-Kutub al-‘Ilmiyya, 1999).
  6. Sharī‘at Sanglajī. Klīd-e Fahm-e Qurā’n (Tehran: Danesh, 1978).
  7. Muhyiddīn Ibn ‘Arabi. Contemplation of the Holy Mysteries and the Rising of the Divine Lights. Trans. Cecilia Twinch and Pablo Beneito (Oxford: Anqa Publishing, 2008).
  8. Muhammad Iqbal, The Reconstruction of Religious Thought in Islam (London & New York: Oxford University Press, 1934).
  9. Nāsir-e Makārim-e Shīrāzī, Tafsīr-e Nomūneh (Tehran: Dār al-kutub al- Islāmiyya, 1996).
  10. Mehdi Bazargan, Bazgasht be Qur’ān, Vol. 1 (Tehran: Sharikat-e Sahāmi-ye Inteshār, 1999).
  11. Abu’lfad. l-e Burqa‘ī, Tābesh-e Qur’ān, 1960, 241–42, Accessed May 5, 2017. http://wwwaqeedeh.com/book_files/pdf/fa/tabeshi-az-qoran-1-PDF.pdf.
  12. Muhammad Hussein T. abat.aba’I, Tafsīr al-Mizan, Vol. 1 (Qom: Daftar-e Inteshārāt-e Islāmī, 1984).
  13. Sayyid Qutb, In the Shade of the Qur’ān, Trans. M. A. Salahi and A. A. Shamis (Markfield, UK: The Islamic Foundation, 1999).
  14. Amina Wadud. Qur’ān and Woman: Reading the Sacred Text from a Woman’s Perspective (New York, Oxford: Oxford University Press).
  15. Muhammad Tāhir Ibn ‘Ashur, Al-Tah. rīr wa al-Tanwīr. Vol. 1 (Tunis: Dār Sah. nūn, 1997).
  16. Walter Benjamin, One-Way Street and Other Writings (London: NLB, 1979)
  17.  Mohammad Asad, The Message of the Qur’ân (Melksham: Redwood Press, 1993).
  18. Arthur Bradley, Derrida’s Of Grammatology; An Edinburgh Philosophical Guide (Edinburgh: Edinburgh University Press, 2008).
  19. Giorgio Agamben, Infancy and History: On the Destruction of Experience (London and New York: Verso, 1993).
  20. Toshihiko Izutsu, Concept and Reality of Existence (Tokyo: The Keio Institute of Language Cultural Studies, 1971).
  21. Ngũgĩ wa Thiong’o, Decolonizing the Mind (Harare: Zimbabwe Publishing House (Pvt.) Ltd., 1981).
  22. Aristotle, The Politics, Trans. Benjamin Jowett (Kitchener: Batoche Books, 1999)
  23. Khwājeh H. āfez. -e Shīrāzī, Poetry Collection, Trans. Shahram Shahriyari, Ghazal no. 317. Accessed, May 22, 2017, http://www.hafizonlove.com/divan/04/184.htm.
  24. Fazlur Rahman, Major Themes of the Qur’ān (Beirut: Bibliotheca Islamica, 1980).
  25. Toshihiko Izutsu, God and Man in the Qur’ān (Kuala Lumpur: Academe Art & Printing Services, 2008).
  26. Muhammad Iqbal, The Message of the East (1922). Accessed May 23, 2017. http://ganjoor .net/iqbal/payam-mashregh/.
  27. Muhammad al-Bahi, Min Mafâhim al-Qurân fi al-‘aqi-dati wa al-Sluk (Cairo: Maktaba Wahbiya, 1994).
  28. Sādiq Jalāl al-‘Azm, Naqd al-Fikr al-Dīnī (Beirut: Dār al-T. alī‘a, 1970).
  29. Maurice Olender, The Languages of Paradise Race, Religion, and Philology in the Nineteenth Century, A. Goldhammer Trans. (Cambridge, MA: Harvard University Press, 1992)

أنا أتکلّم فأنا إنسان: قضیة اللغة و تأنسُن آدم فی القرآن

الملخص:

یدرس هذا المقال و یناقش تمحور اللغة و دورها الرئیس فی قصة آدم القرآنیة ککائن إنسانی.فباعتماد علی المنظار القرآنی إلی خلق الإنسان،انّهناکمقدرةلغویةخاصةفیتسمیةالاشیاءلآدماوالانسانالذیظهرککائنحیّعلیوجهالارض. و حینما نبحث عن الإختلاف الدلالی بین المفهومین الرئیسین أی الإنسان و البشر، نقیم ألأدلة علی صیرورة البشر إنساناً- أی کائناً ناطقاً – خلیفةً؛للکائنات التی لا لغة لدیهم، بدلا من أن یسیر خلیفة الله!

فظهور مفهوم الإنسان فی الأسلوب القرآنی، یشیر إلی خلق الحیوان الناطق. علی هذا إستخدام کلمة خلیفة فی القرآن أکثر من أن یمهد المجالات و الأسس للأنظمة السیاسیة؛ یجب أن یتلقی کمرحلة من مراحل تکامل الحیاة الإجتماعیة للإنسان علی وجه الأرض . إذن تفسیر مفهوم الخلیفة فی ضوء قضیة ( الإنسان الحامل لللغة ) عوضا أن یمهد الطریق لسلطة الإنسان وهیمنته علی الموجودات الأرضیة کلها، یؤدی إلی قراءة مختلفة تمام الإختلاف لموضوع الحکم السیاسی فی الإسلام الذی حظی بقبول تام عند هواة الإسلام السیاسی.

الکلمات الرئیسیة

الإنسان، البشر، الخلیفة، اللغة، آدم، الإرادة الحرة، حریة الإختیار.