لەبارەی نیگەرانییەوە

(نیگەرانی وەک چەمکێکی بوونگەرایانە لای هایدیگەر)

نیگەرانی کێشەدارترین چەمکی نێو فەلسەفەی بوونگەرایییە و کەم فەیلەسووفی بوونگەرا هەیە نەیکردبێتە کرۆکی فەلسەفەکەی خۆی، لەنێو فەیلەسوفە بوونگەراکانیشدا هیچیان هێندەی هایدیگەر بە قووڵی لە بابەتی نیگەرانی نەکۆڵیوەتەوە. مارتن هایدیگەر فەیلەسووفی ئەڵمانی و یەکێک لە ڕێبەرانی قوتابخانەی بوونگەرایی، لەبارەی ‘نیگەرانی’یەوە دەڵێت: “بەو پێیەی مرۆڤ بوونێکی ناتەواوی هەیە، بوونێکە بە ناتەواوییەوە پەیدا بووە و دەیەوێت لە ڕێگەی نیگەرانییەکانییەوە، بوونی خۆی تەواو بکات، بەم پێیەش ئەوە حاڵەتێکی ئاسایییە کە مرۆڤ نیگەران و دڕدۆنگ بێت هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا بژێت، چونکی مرۆڤ پرۆژە و بەرنامە و پلانی هەیە بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی نیگەرانییەکانی خۆیەوە پرۆژەکانی تەواو بکات، ڕوو لە داهاتووکردن و هەڵبژاردنی پرۆژەکان بۆ خۆ تەواوکردن مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەکات”. 1مارتن هایدگەر، بوون و کات، و: دکتۆر محەمد کمال، سلێمانی، چاپی یەکەم- ٢٠١٣بەم پێیە مرۆڤ نیگەرانی ئەوە دەبێت کە چۆن پلان و ڕەنگڕێژی دابنێت، کە چۆن هەموو ئەو پرۆژە و کارانەی  لە زیهنی خۆیدا جێگیری کردووە بە ئاکامی بگەیەنێت. کەواتە لە کۆی تەواوی بوونەوەرەکان ئەوە تەنها مرۆڤه کە نیگەرانە، هەڵبەت نیگەرانی وەک چەمکێکی وجودی نەک وەک بابەتێکی دەروونی و سایکلۆجی. ئێمە لێرەدا باس لەو جۆرە بووانە دەکەین کە  بوویەکی ڕەسەن و هۆشمەندانەن، چونکە ئەوە تەنها مرۆڤە هۆشمەندەکانن کە بیر دەکەنەوە و نیگەرانن بۆ داهاتوو، بۆیە مادامەکی مرۆڤ هەیە ئەوا دەبێت نیگەران بێت. هایدیگەر بۆ ئەوەی نیگەرانی بکاتە شوناسی مرۆڤ، چیرۆکێکی خەیاڵی ناو ئەفسانەکانی گەلی یۆنانمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (ڕۆژێک خوداوەندی ‘نیگەرانی’ لە ڕووبارێک پەڕییەوە و تۆپەڵێک قوڕ دەدۆزێتەوە؛ بە سەرنجەوە هەڵیدەگرێت و پەیکەرێکی لێ دروست دەکات. لەو کاتەدا ‘خوداوەند جۆبیتەر[ژووپیتەر jupiter]’ کە خوداوەندی  ‘ڕووح’ە، جۆبیتەر بە ‘خوای نیگەرانی’ دەڵێت: کە ئەو واتا جۆبیتەر دەتوانێت ڕووح بخاتە بەر ئەو پەیکەرە،  پاشان گیانی بەو پەیکەرە دا، بەڵام کە نیگەرانی ویستی ناوی خۆی لێ بنێت، ئەوکات جۆبیتەر ڕازی نەبوو، ویستی ناوی خۆی لێ بنێت، بۆیە لەسەر ناوەکەی مشتومڕ دروست بوو، لەو کاتەدا ‘تیلۆس’ خوداوندی ‘زەوی’ پەیدا بوو. خوداوەند زەوی داوای کرد ناوی زەوی لێ بنێن، چونکە پەیکەرەکە لە قوڕ دروست کراوە، وە قوڕیش بەشێکە لە زەوی. لە کۆتاییدا ئەم خوداوەندانە پەنایان بۆ خوایەکی دیکە برد کە ناوی ‘ساتورن’ه بۆ ئەوەی ناوبژیان بکات و کێشەکەیان بۆ  چارەسەر بکات، ئەویش بەم شێوەیە کێشەکەیانی چارەسەرکرد، “ئەی جۆبیتەر تۆ مادام گیانت پێ بەخشیوە ئەوا لە دوای مردن گیانی دەگەڕێتەوە بۆ خۆت، وە مادامەکی زەوی لەشی داوەتێ و لەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو، بەڵام خوای نیگەرانی ئەم پەیکەرەی داتاشیوە هەتا ئەو ڕۆژەی دەمرێت ئەم پەیکەرە بۆ نیگەرانییە. لەبەر ئەوە کەستان لەسەر ناوەکەی ڕێک ناکەون و ئەمیش لە قوڕ درووست کراوە ئەوا ناوی دەنێم مرۆڤ چونکە قوڕە”).2مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٨٢ کەوابێت جارێکی تر دەبێت ئەو ڕاستییە گرنگە بڵێینەوە کە ئەوە  تەنها مرۆڤە  تووشی نیگەرانی دەبێت، بە پێچەوانەی بوونەوەرەکانی ترەوە، چونکی بوونەوەرانی تر تەنها جنسیان هەیە و خاوەنی ئاگایی نین، ئەوە تەنها مرۆڤە کە خودانی هەردوو تایبەتمەندیی جنس و ئاگایین. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مرۆڤ هەتا ئەوکاتەی دەمرێت بوونێکی نیگەرانە، هیچ مرۆڤێک نییە و نابێت بەبێ نیگەرانی، تاکێک لەم جیهانەدا نابینیتەوە تاکێکی خەمخۆر و نیگەران و دڕدۆنگ نەبێت. هەروەکوو بە هەمان شێوەش بیرمەندی دانیمارکی و دامەزرێنەری قوتابخانەی بوونگەرایی “سۆرین کیرکیکارد” تێڕوانینی خۆی لەبارەی چەمکگەلی وەکوو “نائومێدی و نیگەرانی و ئازارو دڵەڕاوکێ”وە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو: “پرسی نائومێدی و دڵەڕاوکێ خۆی لە خۆیدا پرسێکە پەیوەندی بە بوونەوە هەیە، پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە، پەیوەندی بەو مرۆڤانەوە هەیە کە لەنێوان کەش و هەوای ژیاندان، کەواتا مادامەکی مرۆڤ بوونی هەیە ئەوا کارێکی ئاساییە کە مرۆڤ تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی ببێتەوە، چونکە مرۆڤ بوونێکە خاوەنی  ئاگایی و بیرکردنەوەیە، هەموو ئەمانەش پەیوەستن بە واقیعی ژیانی مرۆڤەوە، بە واقیعی ئەوەی مرۆڤ لە نێو ژیانی خۆیدا ناچارە لەنێو کۆمەڵێک گریمانە و بیرکردنەوە و بۆچووندا یەکێک هەڵبژێرێت، هەڵبژاردنیش خۆی لە خۆیدا هەم بەرپرسیارێتی و هەمیش نیگەرانی و دڵەڕاوکێیە، لەو سەروبەندەدا مرۆڤ خۆی لەو نیگەرانییە دەبینێتەوە، کە ئایا کامیان هەڵبژێرێت، ئەم یان ئەو، ئەی ئەگەر هەڵبژاردنەکە ڕاست دەرنەچوو؟ ئەی ئەگەر هەڵبژاردنەکە ڕاست دەرنەچوو ئەو کات چی ڕوو دەدات”. 3ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، کیرکیگارد فەلسەفەو ژیان، هەولێر، چاپی یەکەم-٢٠١٣ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە بۆ ئەوەی بڕیار بدات دەبێت سەرکێشی بکات، ئاسایییە ئەگەر هەموو سەرکێشییەکیش هەڵگری دڵەڕاوکێ بێت، چ لە کاتی سەرکەوتن یان لە کاتی کەوتن و شکستهێنان، کەواتا ئاسایییە مرۆڤ لەنێو ژیاندا پڕ بێت لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و دڕدۆنگی، کەواتا نیگەرانی خاسیەت و تایەتمەندێتیی مرۆڤە، تاکە بوونەوەرێکیشە تووشی نیگەرانی دەبێت پێچەوانەی بوونەوەرەکانی تر بە هۆی ئەوەی مرۆڤ کەسێکی کۆمەڵایەتییە و بەرکەوتەی لەگەڵ مرۆڤەکان و سروشت و بوونەوەرەکانی تر هەیە و ناتوانێت بە تەنها ژیان گوزەر بکات، بۆیە لەو پێودانگەوە نێگەران بوونی دەبێتە دڕدۆنگی و نیگەرانییەکی حەتمی.


بۆ ئەم مەبەستە بە گرنگی دەزانین بۆچوونی مارتن هایدیگەر بخەینە ڕوو سەبارەت بە چەمکی “دازاین” و بوونی مرۆڤ، تا  لێیەوە لەوە تێبگەین کە چەمکی نیگەرانی لای هایدیگەر چۆن و بۆچی بەکار هاتووە. بوونی مرۆڤ بەو پێیەی بوونێکی ئاگامەندانەی هەیە، خاوەنی هزرین و تێفکرینە، بۆیە ڕاستەوخۆ بوونەکەی دەبەسترێتەوە بە جیهانەوە، لە فەلسەفەکەی “مارتن هایدیگەر”دا  جیهان چوار واتای هەیە، ئەوانیش:
١. مرۆڤ بوونێکی جیهانییانەی هەیە: ناتوانرێت لەدەرەوەی جیهان بژێت.
٢. بوونی مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا: مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی لە ڕێگەی سروشتەوە فەراهەم دەکات، بۆ ئەو جیهانەی دەگۆڕێت کە خۆی دەیخوازێت، بۆ نموونە کورسی-مێز-قەڵەم-پەرتوک، قەدی ئەو درەختانەن که لە سروشت-دارستانەکانەوە بڕڕاونەتەوە، مرۆڤ بۆ مەبەستی خۆی گۆڕیونی.
٣. بوونی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی جیهانییانە، کە مەبەست لێی کەلوپەلەکانی دەوروبەرمانە.
٤. بوونی مڕۆڤ لەگەڵ نیشتمان، مەبەست کۆی گەردوونە.4دکتۆر محەمەد کەمال، هایدگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، سلێمانی، چاپی یەکەم-٢٠٠٧

تابلۆی نیگەرانیی شێوەکاری نەروێژی ئەدڤارد مونک(١٨٦٣-١٩٤٤)

ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە مرۆڤ بوونێکی کەموکورت و ناتەواوی هەیە، لە ڕێگەی کەلوپەل پێداوایستییەکانی خۆی کەسانی دەوروبەر و جیهانەوە، دەتوانێت خۆی تەواو بکات، بەبێ ئەو خاسیەتانە شتێک نامێنێت بە ناوی بوون و ژیانەوە پێداویستییەکانی خۆی لە ڕێگەی چواردەوری خۆیەوە بە ئەنجام دەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی کەموکورتییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە هەمیشە نیگەرانی ئەوەیە کە چۆن بەرنامە دابنێت بۆ تەواوکردنی پرۆژە و جێبەجێکردنی بیرکردنەوەکانی.
هەرخودی هایدیگەر پێی وایە: “نیگەرانی دەلالەتێکی بوونگەرایانەی لەبارەی دۆزینەوەی خود و کرانەوەی بە ڕووی جیهاندا هەیە. هەستکردنیش بە نیگەرانی حەقیقەتی بوونی خود ئاشکرا دەکات، بەم شێوەیەش نیگەرانی لە ‘ترس’ جیا دەکاتەوە، پێی وایە ترس بەهۆی مەترسیی شتێکەوە دروست دەبێت، لەگەڵ نەمانی ئەو شتەش ئەوکات مەترسییەکەش لەناو دەچێت، بەڵام نیگەرانی جودایە و ڕووی لەو شتەیه کە هێشتا ڕووی نەداوە، بۆیە خاسیەتی چاوەڕوانیکردن بە خۆ دەگرێت، چاوەڕوانیش حاڵەتێکە بۆ ئایندە، کە لەسەر چاوەڕێ لێکردن دامەزراوە؛ بۆیە ئێستای تێدایە”.5مەجدی کامل، بوونگەرایی”وجودیەت”، و:ئیسماعیل کوردە، چاپی یەکەم- ٢٠١٩
ئەگەر بێتوو چەمکی نیگەرانی نزیکتر بکەینەوە و ڕوونتر لە بارەیەوە بئاخڤین، ئەوا دەبێت لە تێگەیشتن لە چەمکی “دازاین”ی هایدیگەرەوە تێڕوانیەکانمان لەبارەی نیگەرانی و نائومێدییەکانی تاک بخەینە ڕوو. هەڵبەت ئێمە لێرەدا چەمکی نیگەرانی بە مانا فیکری و ڕەسەنەکەی باس دەکەین نەک وەک حاڵەتێکی دەروونی. هەر لەو تێڕوانینەی هایدیگەریشەوە دەتوانین ئەوە هەڵهێنجێنن کە دەبێت تاک لەوە تێبگات، ئەوە نیگەرانییە، دەتوانێت وای لێ بکات  زیاتر بیر بکاتەوە و ڕزگاری ببێت لەو ڕەوشە ناهەموارەی کە بەزۆر سەپێنراوە بەسەر تاکدا. دەتوانێت ڕزگاری بێت بەو مەرجەی  پێشمەرج و نۆرمە جڤاکییەکان توڕ بدات. ئەو بارودۆخ و نائومێدی و دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەی کە ڕووبەڕووی تاک دەبێتەوە، بە تەنها تایبەت نابێت بە تاکەوە بەڵکوو تەواوی کۆمەڵگاش بە هەمان ئاقار و بارودۆخدا دەبات، کەوایە تاک لە ڕێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خودی خۆیەوە دەتوانێت پەی بە نیگەرانییەکانی جڤاکیش ببات، چونکی ئازادی و سەربەخۆیەتی تاک قەتیس نابێت بە تەنها لە خوددا، بەڵکوو بەرسیارێتیی دەوروبەریشی دەکەوێتە سەر، چونکی مرۆڤ بوونێکی جیهانییانەی هەیە و بوونی بەستراوە بەوانی ترەوە، بۆیه هەموو فەلسەفە و تیۆرە هزرییەکان و هەموو مەعریفە و زانستەکان و هەموو تیۆرە سایکۆلۆژی و سۆسۆلۆژییەکان، بۆ ئەوە هاتوونەتە بوون تاکوو چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە ناوەکییانە بدۆزنەوە. ئەو مرۆڤەی کە لە پەراوێزی بووندا دەژێت و کە بەردەوام هەست بە نیگەرانی و نائومێدی و دڵەڕاوکێ دەکات. بۆیە لەم سەروبەندەدا دەبێت هزر بکەینە پراکتیزەیەکی کردارەکییانەی ڕۆژانە. وەک چۆن پێوستە ئاین لە ئاینێکی غەیبی و نادیارییەوە بگۆڕین بۆ کردارەکی و هزری ئاینی لەنێو ژیانی ڕۆژانەی تاکدا. دەبێت تاک ڕاستەوخۆ خۆی لە ئاین تێبگات و شیکردنەوەی بۆ بکات، چونکە پیاوانی ئاینی ناتوانن ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان تاکەکان و خودادا بگێڕن چونکە ئەوان فەرمانبەری دەوڵەتن، موچە لە دەوڵەتەوە وەردەگرن، کەوایە ئەگەر فەرمانبەر موچەی لە دەوڵەت وەرگرت، ئەوا بێشک بیرکردنەوە و ڕوانینەکانیان، ڕوانینێکی سیاسییانە دەبێت، بۆیە لەم نێوەندەدا  تاک نیگەرانی ئەوە دەبێت کە چۆن خۆی لەو نۆرمە بێنێتە دەرەوە تەرکیز و هزری خۆی بکاتە نێوەندگیر لەبری پیاوانی لاهوت و ئاین، کەوایە یەکەم ئەرکی تاک ئەوەیە شۆڕشێکی فکری گەورە لە هەمبەر خودی خۆیدا ئەنجام بدات و خۆی ڕزگار بکات، لەو کۆتوبەندەی کە ئاین بەسەریدا سەپاندوونی تێدا لە ڕێگەی دەقەکانەوە بە ناوی پیرۆزییەوە قفڵ لە مێشکی تاکەکان دەدات، لە ئەنجامی بەدەستهێنای خوددا، ئەوکات بەرپرسیاریش دەبێت لە بەرانبەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاش، چونکی تاک تاوەکوو سەربەخۆییی خۆی بە دەست نەهێنێت ناتوانێت ڕێنوێنی کەسانی دەوروبەری خۆی و کۆمەڵگاکەی بکات، هەرکات خود هەستی بەوە کرد کە ئاینیش وەکوو سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگا بە بازرگانیکراوە و بۆی دەرکەوت کە ئامانجی ئاین خەفەکردن و بەنجکردنی تاکە و دەسەڵاتی سیاسی بە مەبەستی لەناوبردنی هزری تاکەکان پیاوانی ئاینی بەکار دەهێنێت تاکوو مەعریفە و فەزیلە و ڕیفۆرم لە زیهنی تاک بکاتە دەروەوە، ئەگەر هاتوو تاک هەستی بەم جۆرە گەوجاندنە کرد، ئەوکات تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی و جۆرێک لە سترێس و دڕدۆنگی وجودی دەبێتەوە، نیگەرانی ئەوە دەبێت چۆن لەو باردۆخە ناهەموارە خۆی ڕزگار بکات، بە هیچ شێوەیەک بە واقیعی باو ڕازی نابێت و خۆی تەسلیمی چارەنووس ناکات، یەکەم کاری تاک دەبێت سەربەخۆیی بێت و خودی خۆی لەو بازنەی گەوجاندن و بەنجکردنە بکاتە دەرەوە، خۆی لەو کابووسە ڕزگار بکات و ئازادیی خۆی بەرهەم بهێنێت، خۆی خوێندنەوە بۆ دەقەکان بکات و شیکردنەوەیان بۆ بکات و بەدواداچوونی بۆ بکات ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە پێویستی بە ڕێنیشاندەر و ڕێنوێنیکەر هەبێت.
لە دەرئەنجامی ئەم ئازادی و سەربەخۆیییە، ئەو کات تاک لەهەمبەر جڤاک و دەوربەریش بەرپرسیار دەبێت، پێویستە وەک چۆن لە هەوڵی بێوچان و خوێندنەوەی ورددا بوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییی خۆی، ئاوهاش دەبێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی ناو جڤاک و هانیان بدا بۆ خوێندنەوە و بۆ ئاشنابوون بە دەقێک یان تێکستێک یان شیکردنەوەی ڕووداوێک ئەوا پێویستیان بە لایەنی سێیەم نابێت، واتا سەرچاوەی زانیارییان بریتی دەبێت لە هزرو ڕوانینی خۆیان، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەکی ساخڵەم و تەندرووست. هەمووان کۆکین لەسەر ئەوەی، کە نیگەرانی مرۆڤانەیە و تەنها مرۆڤ بە نیگەرانییەوە دەژێت، ئەمەش وا دەکات جگە لە پەیوەندیی کردارەکی و مەعریفی لەنێوان ئاگامەندی بووندا دەخاتە ڕوو، بوونی مرۆڤ لەگەڵ جیهان و دەوروبەر و خەڵکیدا، دەکاتە بوونێکی خەمخۆر و نێگەران، چونکە جیهان بۆ مرۆڤ دەبێتە نیشتمان، بۆیە نیگەرانی بۆ بوون بڕاوەتەوە، بۆ نموونە مرۆڤ لەبەر ئەوەی دەمرێت، وادەکات بوونی ببێتە بوونێکی کاتی و دەبێت هەر ڕۆژێک بوونی کۆتایی پێ بێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەر و خەڵکیدا، دەپچڕێت. لەم سەروبەندەدا، بە هۆی ئەوەی ژیانی مرۆڤ کاتییە، ئەوکات بوونی دەبێتە بوونێکی ڕاڕا و نیگەران و وای لێ دێت ترسی هەبێت و هەمیشە لە هەوڵ و کۆششی بەردەوامدا بێت، بۆ ئەوەی پرۆژە تەواونەکراوەکانی جێبەجێ بکات، ئەمەش وادەکات هەتا ئەو کاتە دیاریکراوەی کە لە ژیاندا ماویەتی وای لێ دەکات هەمیشە بە نیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر و خەڵکیدا بکات. بە پێچەوانەوە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە مرۆڤ هەمیشەیی بووایە، مردن بەشێک نەبووایە لە چارەنووسی مرۆڤ، ئەوکات مرۆڤ بەم شێوەیە تووشی نیگەرانی نەدەبوو، هەڵوێستی لە بەرانبەر خۆ تەواو کردن و نیگەرانی بەرانبەر تەواوکردنی پرۆژەکانی و خەم خواردن بۆ ئایندە و جیهان و کەسانی دەوروبەر و خۆی وەک ئێستا نەدەبوو، شێوەیەکی تری وەردەگرت. هەرچەندە بابەتی مردن لەنێو مرۆڤدا لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بۆ نموونە ئەو تاکانەی کە نەرێنییانە بیر دەکەنەوە پێچەوانەکەی وەردەگرن، بۆ کەسانی ناهۆشمەند نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئەم جیهان و بوونە نین، چونکی پێیان وایە مادام مردن هەیە ئیتر پێویست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ ناکات، واتا ئەو جۆرە خۆیان تەسلیمی قەدەر و چارەنووس کردووە، بۆیە لەو سەروبەندەدا ناتوانین وەک بوونەوەرێکی هۆشمەند و ڕەسەن وێنایان بکەین، چونکی ئەو جۆرە لە تایپی بوونە، خودانی جۆرێک لە بیرکردنەوەی سنووردارن، ناتوانرێت بیرکردنەوەکەیان ئەو سنوورەی کە بۆ خۆیان کێشاویانە تێی پەڕێنن، هەمیشە ئەو جۆرە لە بوون هەموو خەونێکی گۆڕانکاری و ڕیفۆرم لە ناخی خۆیاندا کپ دەکەن و هەموو ئەو هیوایەی کە دەبێتە هۆی ناسینی خود لە ناوەوەی خۆیاندا زیندەبەچاڵ دەکەن، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی ئەم ژیانە کاتییە ڕۆژێک دێت مرۆ تیایدا بەرەو فەنابوون و لەنێوچوون دەچێت ئەو هەموو ئەو هیوایانەی کە گرنگن بۆ تاکێکی ساخڵەم و تەندرووست دەگۆڕدرێت بۆ تاکێکی نائومێد و بێئیرادە و بێهیوا، لەو ڕێگەشەوە ڕێگە خۆش دەکات، بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەکی داتەپیوو و ئفلیج، بەڵام ئەم پرسە بۆ تاکێکی دڕدۆنگ و نیگەران و خاوەن هزر پێچەوانەکەی دەسەلمێنرێت، تاکێک کە خاوەن تێڕوانێنێکی بێسنوور و خاوەن ئاگامەندییە، هەمیشە بەهۆی ئەوەی ڕۆژێک دەبێت دەمرن، هەمیشە نێگەرانی ئەوەن کە وەک تاک خۆی بینا و دروست بکات، ناتەواوییەکانی خۆی تەواو دەکات، خەون و هیوا هیومانیستییەکەی بە ئەنجام دەگەیەنێت و لەوێشەوە بەرپرسیاریەتییەکەی خۆی جێبەجێ دەکات کە ئەویش بڵاوکردنەوە و هۆشیارییەکانە بۆ جیهان و کەسانی دەورووبەر بەهۆی ئەوەی بوونی مرۆڤ بوونە لەنێو جیهاندا و لەگەڵ دەوروبەر و کەسانی تردا.

وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، تاک ناتوانێت بەتەنها دوور لە کۆمەڵگا بژێت، هەمیشە بوونی بەوانی ترەوە بەستراوەتەوە. باشترین نموونەش نیگەرانبوونە بۆ ژینگە و سروشت و پاراستنیان، مرۆڤ دەزانێت بەرەوپێشچوونی پیشەسازی و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئامێرەکان وەک بەرهەمێکی پیشەسازی فاکتەرێکە لەو فاکتەرانەی کە هەڕەشەی لەنێوبردنی ژینگە و سروشت دەکەن، بۆیە مرۆڤ لەهەمبەر ئەم لەنێوچوون و داڕووخان و کۆتاییهاتنە هەمیشە خەم دەخوات و نیگەرانی ئەو فەوتان و لەنێوچوونەی ژینگەیە، ئاشکراشە تەنها ئامێر و کەرەستەی پیشەسازی نین، کە هۆکاری داڕووخانی ژینگە بن، بەڵکوو کۆمەڵگا و تاکەکانیش فاکتەرن بۆ ئەو لەنێوچوونە، بەمەبەست ژینگە و سروشت پیس دەکەن و دەیسووێنن و پێشێلی کارە مۆڕاڵییە ئیسانییەکان دەکەن، ئەمەش وادەکات لە بەرانبەر ئەم لەنێوچوونە تاک هەمیشە نیگەران بێت، ئەم نیگەڕانییەشی دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی تاکەکان هۆشیار بکەنەوە و ڕێز لە سروشت بگرن و ژینگەکەیان بپارێزن، چونکی چەند ژینگە پاک و تەمیز بێت هێندەش کۆمەڵگایەکی ساخڵەم بەرهەم دەهێنێت، چونکی بیرکردنەوەی باش و ئەرێنییانە موڵکدارێتی خاوەنەکەیەتی، بە پێچەوانەوەشەوە بیر و هزری قەڵپ سەر بەساحیبیەتی. بۆیە دەتوانین بڵێین مرۆڤ هەر لە بنەڕەتەوە هەمیشە بوونێکی نیگەرانە، نیگەرانیش یەکێکە لە خاسیەت و تایبەتمەندییە ئەرێنی و پۆزەتیڤەکانی مرۆڤە، بۆ نموونە پاراستنی منداڵ لەلایەن دایک و باوکیانەوە وە پەرژین دروست کردن بەدەوری سەربەستیی منداڵەکەیدا وەک هێزێکی نەرێنی تەماشا دەکرێ، چونکی ئازادی و سەربەستیی منداڵەکە داگیر دەکرێت، بەهۆی ئەو هێڵ و سنوورکێشانەی کە بە دەوری منداڵەکەدا دەکێشرێت. بۆیە نیگەرانی نابێت هێندە زیادەڕۆی تێدا بکرێت بە ناوی پاراستن و دڵسۆزییەوە پەل بهاوێژێت بۆ نیگەرانییەکی سلبی و نەرێنی. مرۆڤێک گەر زیادەڕۆی لە نیگەرانیدا بکات یان کەسانی دەوروبەر پشتگوێ بخات خۆی بەرپرسیارە و خۆی هەڵیبژاردووە، بەڵام ئەو مادامەکی لەنێو جیهاندایە و لەگەڵ کەسانی دیکە پەیوەندی هەیە و لەگەڵیاندا دەژێت، ئەوا بوونێکی بڕاوەی هەیە و نیگەرانیشە. هەمیشە دەبێت نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و شڵەژان و ترسەکانی مرۆڤ بۆ ئەوە بێت کە بیر لەو کێشەو دیاردە و پرسانە بکاتەوە، کە وجودین و لە واقیعدا بوونیان هەیە و بەشێکی دانەبڕاوە لە جڤاک و کۆمەڵگا، دەبێت هەموو کێشە و گرفتە وجودییەکانی ناو کۆمەڵگا بخرێتە ژێر میکرۆسکۆبەوە و چارەسەریان بۆ بدوزرێتەوە، مرۆڤ پیویستە هەمیشە نیگەرانی ئەوە بێت کە چۆن تاک بتوانێت خۆی بدۆزێتەوە. ئاسایییە مرۆڤ خۆی ون بکات و، دەتوانێت خۆشی بدۆزێتەوە بەو مەرجەی خاوەنی خودێکی هۆشمەندانە بێت، چونکی خودی هۆشمەند و هۆشیار ئەو کەسەیە کە هەوڵ و کۆششێکی زۆر دەدات تاکوو خودی خۆی بناسێت، بە پێچەوانەی خودی ناهۆشیار ئەو خودەیە بە ئەنقەست هەوڵی ئەوە دەدات لەنێو هاش و هوشی جیهاندا خۆی ون بکات، فاکتەری فەسادی و گەندەڵی لەم قۆناغەدا بریتییە لە سڕینەوەی تاک، گەندەڵی و فەسادی یەکێک لەو نیگەرانی و ترسانەیە کە تاک هەمیشە هەست بە بوونی دەکات، چونکی لە ئەگەری خراپ ئاڕاستەکردنی دەوڵەت و بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی و سڕینەوەی ئینتمای تاک بۆ گەل و پەراوێزخستنی کەرتی پەروەردە و لەنێوبردنی ڕۆڵی قدوە و شکاندنی شکۆی تاک و بێئیرادەکردنی تاک وادەکات هەمیشە نیگەران و دڕدۆنگ بێت لە هەمبەر ئەو باردۆخە نەخواستراوەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵ بووەتەوە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێر و تەکنۆلۆجیا و پێشکەشکردنی بەرنامەی بێسوود و، سەرقاڵبوونی کۆمەڵ بۆ حەزی تایبەتی و هەندێ خۆشی لاوەکییە، بۆ ئەوەی تاکەکان بە دوای ماف و ئازادییەکانی خۆیان نەکەون و هەمیشە بیریان پەرتەوازە بێت وادەکات تاک هەمیشە هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بکات، نیگەرانی ئەوە دەبێت کە لەم ژیانەدا چارەنووسێکی نادیاری هەیە، وادەکات نازانێت لە پێناو چیدا دروست کراوە، بۆچی هاتووەتە نێو ژیانەوە، ئەرک و فەرمان و مافەکانی چین. مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت، سروشت هیچ بوونێکی بە کۆیلایەتی دروست نەکردووە، ئەوا تاک خۆیەتی بڕیار دەدات سەربەخۆ بێت یان بە کۆیلایەتی بمێنێتەوە، گەرچی مرۆڤ سروشتێکی ئازادانەی هەیە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی تەواوی ئازادییەکانی لێ داگیر کردوون، ئەو باردۆخە و ناهەموارییە وادەکات هەمیشە نیگەرانییەکانی بۆ ئەوە بێت چۆن هەموو ئەو کەموکورتییانە پڕ بکاتەوە، یەکەم ئەرکی خود ئەوە دەبێت، کە ئازادی سەربەستی و خۆی بەدەست بهێنێت و خۆی خاوەندارێتیی خۆی دەکات و سەر بەخۆی دەبێت، بوونی خۆی بەدەست دەهێنێت، هەموو ئەو نیگەرانییەی دەبێتە هۆی لەدایکبوونی داهێنان و پابەندبوون و گرنگیدان بە ژیان، نەک خۆ بەدەستەوەدان، واتا نیگەرانییەکی ئیرادەگەرایییانە، چونکی خۆدۆزینەوە و سەربەخۆبوون هەروەکوو داهێنان و بەدەستهێنانی زانست  پێویستی بە هەوڵ و کۆشش و هەوڵی بێوچان و ئیرادەگەرایییانە هەیە، بەهۆی ئەوەی تاک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بوونی ڕاستەوخۆ بەستراوە بە بوونی ئەوانی ترەوە، بۆیە هەر لەگەڵ بەدەستهێنانی و خود و خۆناسینەوە و خاوەندارێتیکردنی خود، ئەوکات ئەرکێکی ویژدانی مۆڕاڵییە، هەوڵی دۆزینەوەی کەسانی دەوروبەر و خەڵک و جیهان بدات، چونکی مرۆڤ تەنها و ئازاد و سەربەست نییە بۆ خودی خۆی بەڵکوو ئازادی نابێت و تەواو نییە بەبێ بەرپرسیارێتی، واتا بەرپرسیار دەبێت لە هەمبەر دەوربەری خۆی هەوڵی هۆشیاری بێدارکردنەوەیان بدات، بۆ دەربازبوون لەو زنجیرەی بەهۆی نەزانی و دڵسافی خۆیەوە دەسەڵات لە گەردنی کۆمەڵی ئاڵاندووە، کەوابوو لێرە تێدەگەین چەمکی نیگەرانی بە تەواوەتی نیگەرانییەکی وجودییە و هیچ پەیوەندی بە لایەنی سایکۆلۆجی و ترسەوە نییە، ئەوەی هەیە خەمخواردن و هەوڵدانە بۆ ژیانێکی باشتر و پڕسوود، کەوابوو مادامەکی مرۆڤ بونێکی نێگەرانە جیاوازە لە فریشتە و ئاژەڵ چونکی هەر بە تەنها مرۆڤ خاوەنی هەردوو تایبەتمەندێتیی جنس و ئەقڵە، بۆیە نیگەرانبوونی ئەگەرێکی حەتمییە، بۆیە یەکەم مرۆڤ نیگەرانی خۆی بێت وەکوو تاک، پاشان نیگەرانی جیهان و کەسانی دەوروبەر. هەتا تاک نەتوانێت شۆڕشێکی فکری و مەعریفی بەسەر نۆرمه کومەڵایەتی و سیاسی و ئاینی، خێڵی و تیرەگەرایییەکان بکات، ئەوا هەرگیز ناتوانێت ئاڕاستەی جڤاک و دەوروبەریش بکات بۆ ڕێگایەکی ڕاستەڕێ، دەرچوون لە ناڕەسەنێتی و بوون بە خودان هۆشیاری و گەیشتن بەرەو لوتکە و باڵابوون نیگەران بوون بۆ خۆدۆزینەوە، خاسیەت و تایەتمەندێتیی مرۆڤە، کەوایە نیگەرانییەکانی مرۆڤ تەواو وجودییە(بوونخوازانەیە)، دژی ڕازیبوون خۆبەدەستەوەدانە و داننەنانە بە واقیعی باو، مرۆڤی نیگەران و دڕدۆنگ هەمیشە دوای ئەوەی خۆی هەڵدەبژێرێت، بە تەواوەتی بەرپرسیارێتی ئەوەش دەگرێتە ئەستۆ کە دەبێت کە کۆمەڵ و کەسانی دیکە لە تۆز و خڵتەی نۆرمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان بپارێزێت. بەڵام دەبینین بە ئەسەفەوە ئەوەی دەگوزەرێت لەنێو تاک نیگەرانییەکی نائومێدانەیە بەهۆی ئەو هەموو نادادی و نایەکسانییەی کە کۆمەڵگای کوردی تەنیوە، بە جۆرێکە سیستەمی سیاسی دەستی خستووەتە بیناقاقای تاک و هەموو ئەو خەونەی کە هەبوو بۆ گۆڕانکاری و ڕیفۆرم و هەمووی بە ئیغراکردنی بەرژەوەندیی تایبەتی لەبار بران، هەندێکی دیش دوای ئەوەی نەیانتوانی چەمکی نیگەرانی بکەنە چەمکێکی وجودی، خۆیان تەسلیمی واقیعی باو کرد، لەبری ئەوەی بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و نەوەیەکی چاکساز دروست بکەن، بەپێچەوانەوە نیگەرانییەکانیان، لەبری ئەوەی خاسیەتێکی ئەرێنییانە وەربگرێ بەپێچەوانەوە بە تەسلیمبوون و توانەوە لەناو ئاین و کۆمەڵدا کۆتایی دێت، ئەمەش وای کرد ئاینیش وەک درێژکراوەی سیستەمی سیاسییەکە تواناکانی تاک بکوژێت و چەمکی تاکگەرایی لەنێو چەمکی دەستەجەمعی بتوێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات خەونی گۆڕانکاری و چاکسازی لە زیهنی تاکەکان پوچەڵ بکاتەوە، بۆیە هەردوو سێکتەری ئاین و سیستەم بۆ ئەوەی تاک لە گۆڕانکاری پاشەگەز بکەنەوە، ئەوا بە دەیان ڕێگا دەگرنە بەر بۆ ساردکردنەوە و پەراوێزخستن، بەڵام ئەوەش شتێکی ئاشکرایە لەنێو هیچ کۆمەڵگایەکدا نییە، تێیدا تاکەکان بە تەواوەتی ئازادیی خۆیان فرۆشتبێت، هیچ کەسێک نەبێت خاوەندارێتی لە خۆی بکات، بە دڵنیایییەوە کەسانێک دەبینینەوە کە بوونێکی ڕەسەنیان هەیە، هەمیشە نیگەران و دڕدۆنگی ئەوەن کە چۆن کۆمەڵگا ساخڵەم بکەن، بەهۆی خوێندنەوە و دونیابینییان و خەمخواردن بۆ ئایندە و دابینکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ دەوربەریان هەمیشە خەڵکی هۆشیار دەکەنەوە هانیان دەدەن کە تاکەکان خۆیان بدۆزنەوە، لەو چەقبەستوویەی تێی کەوتوون، دەریان بهێنن.

 


پەراوێزەکان

  • 1
    مارتن هایدگەر، بوون و کات، و: دکتۆر محەمد کمال، سلێمانی، چاپی یەکەم- ٢٠١٣
  • 2
    مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٨٢
  • 3
    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، کیرکیگارد فەلسەفەو ژیان، هەولێر، چاپی یەکەم-٢٠١٣
  • 4
    دکتۆر محەمەد کەمال، هایدگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، سلێمانی، چاپی یەکەم-٢٠٠٧
  • 5
    مەجدی کامل، بوونگەرایی”وجودیەت”، و:ئیسماعیل کوردە، چاپی یەکەم- ٢٠١٩